Draw Media

دانا حه‌مه‌عه‌زیز ئۆکرانیا بەدرێژایی سەدەکانی ناوەڕاست واتە (ساڵی ٥٠٠ تا ١٥٠٠ی زاین)، مەڵبەندی سەرەکی کەلتوری سلاڤی نەژادەکانی خۆرهەڵات بووە، بەڵام هەمیشە پەرتەوازەو بەربڵاو بووە. لەسەدەی سیانزەی زایندا ئەوکاتەی ئۆکرانییەکان خەریكی خۆڕێکخستنەوە بوون، لەشکری مەغۆل بە پشتیوانی تاتارە تورکەکان وێرانیان کرد، لەوکاتەشەوە تا سەدەی هەژدە، ئۆکرانیا لەهەر چوارلاوە کەوتە بن دەستی (روسیای قەیسەریی، هاوپەیمانیی پۆڵۆنیا- لیتوەینیا، ئیمپراتۆریەتی نەمسا- هەنگاریاو عوسمانییەکان). بەڵام لەسەدەی نۆزدەوە تەنها بە ژێردەستەی (روسیای قەیسەری لە خۆرهەڵاتەوە، پۆڵۆنیا لە خۆرئاواوە) مایەوە. کەلتورو زمان و دیالێکتی ڕوس و پۆڵۆنیی، تا ئەمڕۆش زاڵە بەسەر خۆرهەڵات و خۆرئاوای وڵاتدا. پاش سەرکەوتنی شۆڕشی بەلشەفی و کۆتایهاتنی دەسەڵاتی قەیسەریی لە ڕوسیا، ئۆکرانییەکان دەرفەتیان هێناو کۆماری میللی ئۆکرانیا- یان دامەزارند، بەڵام تەمەنی ئەم کۆمارە تەنها سێ ساڵی بڕکردو، لەژێر گوشاری روسەکاندا کۆمارەکە خرایە سەر یەکێتی سۆڤیەت. لەگەڵ کۆتایهاتنی جەنگی جیهانی دووەم دا، خۆرئاوای ئۆکرانیا لەگەڵ خۆرهەڵاتدا یەکیانگرتەوەو تا ساڵی ١٩٩١ وەك دووەم گەورەترین کۆماری یەکێتی سۆڤیەت مایەوە. لەگەڵ کەوتنی یەکێتی سۆڤیەت، ئۆکرانیا سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند، بەدریژایی ٧١ ساڵ مانەوە لە ناو یەکێتی سۆڤیەتدا، ئۆکرانیا بەدەست برسێتی و قەیرانی یەك لە دوای یەكەوە دەیناڵاند. بەهۆی سیاسەتی توندوتیژی ستالینەوە لە (ڕێگرتن لە هاتوچۆ، دەستبەسەراگرتنی هەموو پێداویستیەکی ناوماڵ و ڕێگرتن لە گەیشتنی کۆمەکی نێودەوڵەتیی)، لەماوەی یەك ساڵدا (١٩٣٢-١٩٣٣) سێ ملیۆن و نیو ئۆکرانی لە برسا مردن. ئەم کارەساتە، بە گرانی دەستکرد یان جینۆساید ناسراوە کە ئۆکرانی و ڕوسەکان پێی دەڵێن Holodomor. بەدرێژایی شەڕی ساردیش، بەهۆی پێگەی جوگرافیی، ئۆکرانیا لە ڕیزی پێشەوەی بەرەنگاریدا بوو. ئۆدێسا وەك گەورەترین بەندەری سەر دەریای ڕەش، گەورەترین خاڵی ئاڵوگۆڕو بازرگانیی جەنگی بوو، ژێردەریاییەکانی سۆڤێت زۆریان ماڵی سەرەکییان ئاوەکانی ئۆکرانیا بوو. ١٩٠٠ کڵاوەی ئەتۆمیی یەکێتی سۆڤێت لەناو خاکی ئۆکرانیا چێنرابوون، چەندین کارلیکی ئەتۆمیی لە ئۆکرنیا ئەنجام درا. ساڵی ١٩٨٦ تەقینەوەی ویستگەی کارۆ- ئەتۆمیی چێرنۆبڵ لە باکوری ئۆکرانیا، گەورەترین کارەساتی ژینگەیی لێکەوتەوە کە تا ئێستاش ئاسەواری ماوە. ٣١ ساڵی ڕابردوو بۆ ئۆکرانییەکان سەردەمێکی سەخت بوو، دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ڕوسیا، پرۆسێسی گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری بۆ دیمۆکراسی و ئابوری ئازاد بە گۆجیی هێشتەوە. ئۆکرانییەکان، لە رۆژی سەربەخۆبونەوە، نامەیەکی سپیان بۆ ڕوسیاو بۆ خۆرئاوا ئیمزا کرد کە ئەوان تەنها ئاشتی و ئازادیی و پێشکەوتن ئامانجیانە، بۆ ئەم مەبەستەش سەرجەم چەکە ئەتۆمییەکانیان ڕادەستی ڕوسیا کرد، هاوپەیمانیی بازرگانیی و هاریکاری ئابورییان لەگەڵ ڕوسیاو ئەوروپاو ئەمریکا ئیمزا کرد. ئۆکرانییەکان زنجیرەیەك شۆڕشی ئاشتیخوازانەیان لەپێناو دیمۆکراسیی و دادپەروەریدا بەرپاکرد، بەڵام ڕاپەڕینی ئازاری ٢٠١٤ دژی سەرۆك ڤیکتۆر یانۆکۆڤیج، هەموو ڕیسەکەی لە ئۆکرانییەکان کردەوە بە خوریی. یانۆکۆڤیچ سەر بە ڕوسیا بوو، بڕیارو ڕاسپاردەکانی ڤلادیمیر پوتینی جێبەجێ ئەکرد، کۆسپ بوو لەبەردەم هەنگاوەکانی ئۆکرانیا بۆ نزیكبونەوە لە بازاڕی ئازادو سەرەنجام ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپادا. یانۆکۆڤیچ ڕایکرد بۆ مۆسکۆو، ئۆکرانییەکان کۆشکە شاهانەکەیان کرد بە مۆزەخانە. بەڵام ئەم ڕاپەڕینە، روسیای توڕەکرد. بەبیانوی بوونی کەمینەی ڕوس، ڤلادیمیر پۆتین دورگەی کرایمیاو بەشێك لە هەرێمەکانی لۆهانسك و دینیسك-ی داگیرکردو تائێستاش شەڕ لەو هەرێمانە بەردەوامە کە زیاتر لە ١٤ هەزار کەسی تیا کوژراوە. لەوکاتەوە ئۆکرنیا بەشێکی گەورەی لە بودجە لاوازەکەی بۆ جەنگ و کڕینی پیداویستیی سەربازیی تەرخان کرد. بەڵام کرانەوەی یەکێتی ئەوروپا بەڕووی ئۆکرانیادا، ئەم وڵاتەی خستە سەر هێڵی گەشەکردن، ژمارەی بێکاریی بەردەوام بەرەو دابەزینە دەڕوات، کۆی بەرهەمی ناوخۆ لە بەرزبوبەوەدایە، پرۆژەی خزمەتگوزاریی و ڕێگاوبان لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا پێشکەوتنی بەرچاویان بەدەستهێناوە. گەندەڵیی لەکەم بونەوەدایە، سیستەمی حوکمڕانی کە نیمچە سەرۆکایەتییە، هەنگاوی زۆرباشی ناوە لە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و لە سەربەخۆکردنی دەسەڵاتی دادوەریدا. دوای ڕوسیا، ئۆکرانیا (بە ڕوبەر) گەورەترین وڵاتی ئەوروپایە واتە لە فرەنساش فراوانترە، ژمارەی دانیشتوانەکەی ٤٢ ملیۆنە. بەهۆی تەختیی و بەپیتی خاکەکەیەوە، بەدرێژایی ٣٢ هەزار ساڵی ڕابردوو، یەکێك لە سەر زەمینە ئاوەدانەکان بووە، ئێستاش لە وڵاتە هەرە گەورەکانی جیهانە لە هەناردەکردنی بەرهەمی دانەوێڵەدا. هەڕەشەکانی ڕوسیا لەم وڵاتە تازە پێگەیشتووەدا، ڕاستین. ڕوسیا زیاتر لە سەد هەزار سەربازو هەزاران تانك و تۆپ و موشەكهاوێژی لەسەر سنورەکانی ئۆکرانیا کۆکردۆتەوە، لە دەریای ڕەشیشەوە ئۆکرانیای بەتەواوی داخستووە. بەپێی لێکدانەوە هەواڵگرییەکانی ئەمریکاو بریتانیا، داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕوسیاوە لە سەعات و ڕۆژ دایە. بەڵام وەك بۆ هەموو لایەنەکانی قەیرانەکە دیارە، هێرشی سەربازیی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بە کارەسات کۆتایی دێت و ڕوسیا ناتوانێت بەزەبری چەك دەسەڵاتێکی سەر بە مۆسکۆ بەسەر ئۆکرانییەکاندا بسەپێنێت!


 عەتا قەرەداخی ( بەشی چوارەم) باسکردنی نەتەوەو ناسیونالیزم و گێڕانەوەیان بۆ مێژوویەکی کۆنتر لەوەی مۆدێرنیستەکان دیاری دەکەن، زیاتر پشت بە هەندێ بنەما دەبەستێت کە وەکو رەگوڕیشەی ناسیونالیزم سەیر دەکرێن کە بریتین لە: یەکەم: کەلتورو نەریتی هاوبەش، مەبەست لە کەلتور کۆی خاسێتەکانی گروپێک لە خەڵک، یان پێکهاتەیەکی ئیتنیکیە کە لە درێژەی مێژوودا بەدەستیانهێناوەو رووبەری مادی و مەعنەوی دەگرێتەوە، لەوانەش زمان، ئایین، بیروباوەر، فەلسەفە، ئەدەب، گۆرانی، مۆسیقا، فۆلکلۆر، نەریت، شێوازی ژیان، میرات و کەلەپور، ئەفسانە و چیرۆک، بەیت و بالۆرەو سرووتی کۆمەڵایەتی بۆ هەردوو باری ئاسودەیی و خەمباری و شارستانی و کۆی بەرهەمەکانی تری هەر پێکهاتەیەک. ئەم رەگەزانە رووبەرێکی فراون لە بوونی هەر پێکهاتەو کۆمەڵگایەک داگیردەکەن و هەم بەرهەمی کۆمەڵگان هەم دەبنە پایەی بەهێز بۆ بوون و خۆنمایشکردن و ناساندن و پێناسەکردنی هەر پێکهاتەو گروپێک. کاتێ دەگوترێت کەلتوری هاوبەش، مەبەست لە کۆی ئەو رەگەزانەیە کە لەسەرەوە ناویانهێنراو تایبەتن بە ئیتنیکێکی تایبەت یان پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی تایبەت. رەگەزەکانی کەلتور ئەو خاسێتانەیان هەیە کە ئەو پێکهاتەیە بەرهەمیان دەهێنێت و بە کۆی خاسێتە ئەنتۆلۆجیەکانی خۆی بارگاویان دەکات. هەر لەبەرئەوەشە کە کەلتور وەکو بنەمایەکی سەرەکی دیاریکردنی شوناس سەیردەکرێت و پشتی پێدەبەسترێت. کەلتور ئاسایی لە هەر کۆمەڵگایەکدا بڕوای هاوبەش و شێوازو رێگای هاوبەشی ژیان دروست دەکات و رێککەوتن و رێکخستنێکی گشتی ژیان لە نێوان کۆی ئەندامانی ئەو پێکهاتە یان کۆمەڵگەیەدا دروست دەکات. کەلتور بەرهەمی مەعنەوی و مادی ژیانی کۆمەڵگایە و لەگەڵ رۆیشتنی کات و کارلێکی کۆمەڵایەتی نێوان تاکەکانی هەر پێکهاتەیەکدا بەرهەم دێت.  ئێمە باسکردن لە ئایین و زمان و هەندێ لەو رەگەزانەی تری کەلتور جیادەکەینەوەو سەربەخۆ لێیان دەدوێین، چونکە سەرباری ئەوەی کە کۆی ئەو رەگەزانە رۆڵی دیار دەبینن لە گەشەپێدان و پەرەسەندنی ناسیونالیزمدا، بەڵام زمان و ئایین وەکو دوو بنەما، یان دوو پایەی سەرەکی نەتەوەو ناسیونالیزم سەیردەکرێن. کەلتورو نەریتی هاوبەشی کۆمەڵگا وەکو ئاماژەی بۆ کرا زۆر رەگەز لەخۆدەگرن، بە تایبەتی بواری ئەفسانەو حیکایەت و خەیاڵی مێژوویی، کە لەم بوارانەدا زۆربەی کات رابردوویەکی گەش و پڕ لە بەها لە رێگای دروستکردنی ئەفسانەی هاوبەشەوە بۆ ئەو پێکهاتەیە دروست دەکرێت. کە پاڵەوانی ئەفسانەیی و ئەفسانەی مێژوویی و کۆمەڵایەتی لەخۆدەگرێت. ئایا ئەو جۆرە پاڵەوانە ئەفسانەییانە لە رابردووی کوردیدا تۆمارکراون و خاسیتی خەیاڵیان وەرگرتبێت؟ ئایا کاریگەری هێمای ئەفسانەیی و پاڵەوانی نموونەیی لەسەر کورد وەکو نەتەوەو وەکو ناسیونالیزم هەبووە هەیە؟ ئایا پاڵەوان یان هێمای ئەفسانەیی کوردی توانیوێتی لەسەر زەمینەی واقیع پاڵەوان و هێما بێت، یان تەنیا لە خەیاڵدا دروستکراون؟ ئایا ئەگەر هێمای ئەفسانەیی لەوجۆرە لە رابردووی کورددا هەن بۆچی خاسێتی کاریزمییان وەرنەگرتووەو نەیانتوانیووە ببنە هێمای نەتەوەیی و لە رووی مەعنەویەوە کورد پشتیان پێببەستێت؟  بۆ نموونە با سەرنجی چەند هێمایەکی ئەفسانەیی کوردی بدەین. با سەیری کەسێتی کاوەی ئاسنگەرو سەلاحەدینی ئەیوبی بکەین، کە بە ئاستی جیاواز وەکو هێمای ئەفسانەیی لە رابردووی کورددا سەیر دەکرێن. یەکەمیان کە گوایە لاوێکی کورد بووەو دژی پاشایەکی خوێنڕێژ راپەڕیووە، لە کۆنەستی کۆمەڵایەتی کوردیدا رووبەرێکی فراوانی داگیرکردووەو وەکو هێمای ئازایەتی و بەرخوردان و قوربانیدان سەیردەکرێت و نەورۆزو هێمای ئاگریش پەیوەست دەکرێن بەوەوە. بەڵام بۆچوونی لەوجۆرە هەیە کە ئەو مێژووە ئاوەژوو کراوەتەوەو ئەو پاشایەی کە بە خوێنڕێژ ناودەبرێت، دەشێت کورد بێت و کاوەی ئاسنگەر فارس یان رەگەزێکی تری ئێرانی بێت. رێگای تێدەچێت ئەم بۆچوونەیان لە چوارچێوەی ئەفسانەدا راست بێت، چونکە فارسەکان لە هەموو روویەکەوە ئەوەی باش و بەرهەمهێنە بۆ خۆیانیان تۆمارکردووەو ئەوەیشی خراپ و روخێنەرو دزێوە داویانەتە پاڵ ئەوانی تر بە تایبەتی کورد. ئەگەر کاوە کوردیش بووبێت ئاوا پێدەچێت دژی دەسەڵاتێکی کوردی راپەڕیبێت و مەرجیش نیە ئەو ئەفسانەیەی دەگێڕدرێتەوە سەبارەت بە ئەژدیهاک راست بێت، بەڵكو پێدەچێت بەرهەمی عەقڵ و مێژوونووسی فارسی بێت و زیاتر بۆ سووککردنی کوردو شێواندنی راستیەکانی مێژوو لە بەرژەوەندی خۆیان بەوجۆرە نووسیبێتیانەوە. بەهەرحاڵ سەرباری تەمومژاویبوونی ئەو رابردووە، بەڵام کاوەی ئاسنگەر وەکو پاڵەوانێکی ئەفسانەیی لە رابردووی کورددا سەیر دەکرێت و رۆڵی بنیادنەری لە هەست و پەیوەستبوونی تاکی کورددا دروستکردووەو دەشێت بگوترێت وەکو پاڵەوانێکی ئەفسانەیی رۆڵی هەیە لە پتەوکردن یان بەهێزکردنی گیانی ناسیونالیزمی کوردیداو وەکو وێنەی ئازایەتی و خۆڕاگری و ئیرادە سەیر دەکرێت. ئەویتریان کە سەلاحەدینە پاڵەوانێکی مێژوویی ئەفسانەییە کە بەڕەگەز کوردە، بەڵام لە روانگەی نەتەوەیی و ناسیونالیزمی کوردیەوە هیچ ئامادەبون و پێگەیەکی نیە، چونکە پەیوەست بە رابردووی کوردو کەسێتی کوردی هیچ رۆڵ و کاریگەرییەکی نەبووە، بەڵکو بە پێچەوانەوە رۆڵی ئەو لە رووی نەتەوەییەوە نەرێنیەو وەکو هێمای خزمەتکردنی ئەوانی تر سەیردەکرێت و لە دوای خۆیشیەوە زەمینەی بۆ ئاراستەیەک لە کۆمەڵگای کوردیدا خۆش کردووە بۆ خزمەتکردنی ئەوانی تر بە ناوی ئایین و ئایدیۆلۆجیا ئومەمیەکانەوە. تاکو ئیستاش ئاراستەیەک کە وەکو ناسیونالیزمی ئایینی خۆیان دەنوێنن، خۆیان لە شێوەی پارتی سیاسی ئایینیدا رێکخستووەو لە راستیدا نەتەوەیان لە پێناوی ئایینەکەیاندا دەوێت، بە جۆرێک سرۆش لە کەسێتی سەلاحەدین وەردەگرن، کە خزمەتی ئیسلام و عەرەبی کردووە. کەواتە لێرەوە دەتوانین بڵێین کەلتوری کوردی نەیتوانیووە پاڵەوانی ئەفسانەیی ئەوتۆ بەرهەمبهێنێت کە ببێتە هێمای بەهێز بۆ پتەوکردنی ناسیونالیزمی کوردی یان وەکو پایەیەکی ئەو ناسیونالیزمە دەربکەوێت و رۆڵی نموونەی باڵا ببینێت.    دووەم: ئایین وەکو بنەمایەکی ناسیونالیزم سەیر دەکرێت، ئەمە بێجگە لەوەی کە ناسیونالیزمێک هەیە بە ناوی ناسیونالیزمی ئایینی. ئاشکرایە ئایین ئەو بڕوایەیە کە زۆرینەی دانیشتوانی کۆمەڵگەکان پەیڕەوی دەکەن و بڕوایان پێیەتی، کە دەشێت ئایینێکی ئاسمانی یان زەمینی بێت. ئاشکرایە ئایین پانتایی رۆحیی کۆمەڵگا داگیر دەکات. ئەستەمە کۆمەڵگایەک ببینرێت لە دەرەوەی ئایین یان بەبێ ئایین. لەبەرئەوەی ئایین پەیوەندی رۆحیی تاکەکەس و کۆمەڵگەیە بە خودایەکەوە کە بە دروستکەرو جوڵێنەرو پارێزەری ژیان دەزانرێت و بە پیرۆز سەیر دەکرێت و دەپەرسترێت. مرۆڤ لە زۆربەی بنەماو رەگوڕیشەکانی تر زیاتر بە ئایینەوە پەیوەست دەبێت. سرووتە ئایینیەکان و یاساو رێساکانی ئایین لە هەر کۆمەڵگایەکدا رۆڵی کاریگەر دەبینن لە رێکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتیدا. هەروەک ئایین لە رووی رۆحیەوە بڕوادارانی پێکەوە دەبەستێت. لە رووی رەفتارو کەشە کۆمەڵایەتیەکانەوە جۆرێک لە هاوبەشی لە نێوانیاندا دروست دەکات و تەنانەت ئایین بڕوادارانی ناچاری یەکگرتن دەکات یان بێ هیچ سەپاندن و زۆرلێکردنێک لە رووی رۆحیەوە یەکیان دەخات و کاری هاوبەشیان پێدەکات و وایان لێدەکات کە هاوکاری یەکتری بن و خۆیان بۆ یەکتری تەرخان بکەن. بێگومان ئایین کە تێکەڵاوی رووبەری رۆحی و کۆمەڵایەتی دەبێت وەکو جۆرێک لە ئایدیۆلۆجیا کاردەکات و لە گەوهەریشیدا بەرنامەی یەکبوون و یەکگرتن هەڵدەگرێت. رەگەزی یەکگرتن کە ئایین لە رووبەرێکی فراواندا بەرهەمی دەهێنێت، دەبێتە خاسێتێکی دیاری ناسیونالیزم و لەم رووەوە ئایین وەکو پایەیەکی ناسیونالیزم سەیردەکرێت یان دەتوانین بڵێین دەبێتە یەکێک لە رەگوڕیشەکانی ناسیونالیزم، بەلام ناسیونالیزمی ئایینی. رەنگە ئەو پرسیارە سەرهەڵبدات کە دەڵێت: ئایا لە مێژووی کورددا ئایین توانیوێتی ببێتە بنەما یان پایەی ناسیونالیزمی کوردی؟ ئەگەر توانیوێتی چۆن؟ ئەگەر نەیتوانیووە بۆچی؟ ئایا رۆڵی گۆڕینی ئایین لە مێژووی کورددا لەم رووەوە چ کاریگەرییەکی هەبووەو تاکو ئێستا چی کاریگەرییەکی هەیە؟ رەنگە قسەکردن لە مەسەلەی ئایینیش لە کۆمەڵگەی کوردیدا تا ئەندازەیەک تەمومژاوی بێت. ئاشکرایە لە بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلامەوە کورد بەهەر شێوەیەک بێت بووەتە پەیڕەوکەری ئەم ئایینەو تەنانەت بەسەر مەزهەبەکانی ئەو ئایینەشدا دابەشبووە. هەروەک پێش ئایینی ئیسلامیش ئەوەی باوەو باس دەکرێت گوایە کورد پەیڕەوکەری ئایینی زەردەشتی بووە. کەمایەتی کوردی پەیڕەوکەری ئایینی جوو، فەلە بوون. ئەمە بێجگە لە پەیڕەوکەرانی ئایینی ئێزیدی و یارسان یان کاکەیی. لەناو ئیسلامیشدا کورد پەیڕەوکەری مەزهەبی سونەی شافیعی و شیعەن. هەروەها کورد لە بواری تەسەوفیشدا شوێنکەوتووی زیاتر لە رێبازێکی تەسەوفن. ئەگەر سەیری ئەم نەخشەی دابەشبوونەی ئایین و مەزهەب و رێبازی تەسەوف بکەین لە کوردستاندا، ئەوە راستەوخۆ ئەو نەخشەیە ئەم پرسیارەمان لەلا دروست دەکات: ئایا ئایین لە کۆمەڵگەی کوردیدا هۆکاری یەکگرتنە یان بە پێچەوانەوە هۆکاری دابەشبوونە؟ بێگومان ئەو نەخشەی دابەشبوونەو رەوشی ئایینی لە کوردستاندا زیاتر لە هۆکاری یەکگرتن و یەکبوون، هۆکاری دابەشبوون و پەرتکردنی زیاترە. ئەمەش دەریدەخات کە ئایین نەک نەیتوانیووە ئەرکی یەکخستن و یەکگرتن لە نێوان شوێنکەوتووانیدا دروست بکات، بەڵکو زەمینەی پەرتکردن و دابەشبوونی زیاتری ئامادەکردووە. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە ئایین لە کوردستاندا نەیتوانیووە زەمینەی تەنانەت یەکبوونی رۆحی لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگادا دروست بکات و لەو روانگەیەشەوە نەیتوانیووە ببێتە پایەیەکی دیارو فاکتەرێکی چالاک و رەگوڕیشەیەکی پەل هاوێشتوو بەناخی کۆمەڵگادا و دەرکەوتنی وەکو ئایینی ئیتنیکێکی دیاریکراو کە ئیتنیکی کوردیە. بەڵکو بە پێچەوانەوە ئیتنیکی کوردی چەندین ئایین دەپەرستێت و پیادەی سرووتەکانی ئایینی جیاوازو مەزهەبی جیاوازو رێبازی جیاوازی تەسەوف دەکەن، کە ئەوانەش نەک هەر جیاوازی لە نێوانیاندا هەیە، بەڵکو زۆرجار لەگەڵ یەکتر دژ و ناکۆکیشن. هەر بەوپێیەش کۆمەڵگا رێکدەخەن و ئاراستەی دەکەن و رووبەری رۆحی ئامادە دەکەن. بێگومان بە پێی سرووستی ئایینی و جۆراوجۆری و دابەشبوون لە رووبەری ئاییندا رۆحی کۆمەڵگاش دابەش دەبێت کە ئەو دەبەشبوونەش نەک لەگەڵ رۆح و ئایدیۆلۆجیای ناسیونالیزمدا کۆک نیە، بەڵکو دژو ناکۆکیشە. هەر لێرەوەیە کە ئایین لە مێژووی کورددا لە هیچ سەردەمێکدا نەیتوانیووە رۆڵی بوون بە رەگوڕیشەی یان پایەی بەهێزی ناسیونالیزم ببینێت. لەبەشەکانی دواتری ئەم بەرگەدا باسی ناسیونالیزمی ئایینی دەکەین.  سێیەم: ئیتنیک- Ethnic، یەکێکی تر لە رەگوڕیشەکانی یان بنەماو پایەکانی ناسیونالیزم ئیتنیکە. کەواتە مەبەست لە ئیتنیک چیە؟ ئیتنیک گروپێکە لە خەڵک کە وا دادەنرێت بە رێگایەک یان بە رێگای جۆراوجۆر هاوشێوە بن. هەمان رەچەڵەک و باوباپیرانیان هەبێت، بەهەمان زمان قسەبکەن و هەمان ئایینیان هەبێت و لەسەر هەمان خاک، یان نزیک لەیەکترو لەسەر خاکێکی دیاریکراو بژین و بنەما هاوبەشەکانی تری وەکو کەلتورو مێژوو دابونەریتی هاوبەشیان هەبێت. بنەمای سەرەکی بۆ ئیتنیک بریتیە لە رەگەز یان رەچەڵەکی هاوبەش، واتە کۆی ئەندامانی گروپێکی کۆمەڵایەتی نەوەی هەمان باپیرانن و رایەڵەی بەهێزی پێکەوەبەستنیان پەیوەندییەکانی خوێن و دەمارە. لێرەوە چەمکی هاوخوێنی دەبێتە پایەیەکی بەهێزی ئیتنیک. ئەگەرچی ئیتنیک لە رووی پەرەسەندنەوە وەکو شوێنگرەوەی دامەزراوە کۆمەڵایەتیەکانی پێش خۆی دێت لە بنەماڵەو تیرەو خێڵ یان عەشیرەت، بەڵام ئاستی فراوانبوونی دامەزراوەکەو خاسێتەکانی زیاتر گەشەیان کردووەو وەکو دامەزراوەی کۆمەڵایەتی پێش نەتەوە دەردەکەوێت و لە بنەڕەتیشدا پایەیەکی گرنگی نەتەوە یان ناسیونالیزمە. بەتایبەتی بەو خاسێتانەوە هەیەتی لە زمان و خاک و مێژوو نەریت و ئایین لە رووکەشدا وەکو نەتەوە دەردەکەوێت، بەڵام بە بێ ئەوەی سەروەریی هەبێت. ئاشکرایە رەچەڵەک لەخۆیدا وەکو جۆرێک لە خەیاڵ یان ئەفسانە دەردەکەوێت. هەروەک لێرەدا، لە چوارچێوەی خەیاڵ و خەیاڵی دروستکردندا تەنانەت هەندێجار بە پیرۆز سەیرکردنی رەچەڵەکیش سەرهەڵدەدات، کە ئەوەش رێگای بەرەو رەیسزم دەگرێتەبەر، ئەگەر نەوەستێندرێت. ئەفسانەی رەچەڵەک و تەنانەت دروستکردنی هێماو پاڵەوان لە چوارچێوەی ئەو ئەفسانەیەدا هەندێجار وەکو رەگەزی بەهێزو ئەرێنی بۆ پتەوکردنی پایەکانی نەتەوەو ناسیونالیزمیش سەیر دەکرێت. بە مانایەکی تر ئەفسانەی رەچەڵەک دەرکەوتن یان وانواندنی نەتەوەیی بەهێزدەکات و لەوێشەوە دیسان دەبێتە بنەمایەکی ناسیونالیزم، چونکە رەچەڵەک یەکێک لە بەهێزترین رایەڵەکانی پێکەوەبەستن و دروستکردنی یەکێتی و یەکبوون، کە وەکو ئەرکێکی سەرەکی ناسیونالیزم دادەنرێت و سەیردەکرێت. بەڵام سەرباری ئەوەی کە ئیتنیک وەکو پایە یان ریشەیەکی سەرەکی ناسیونالیزم دادەنرێت، بەڵام ئەوەش ئاشکرایە، گومان دەکرێت رەگەز یان رەچەڵەکی خاوێن هەبێت، ئەمە بێجگە لەوەی کە خودی رەگەزو رەچەڵەک وەکو جۆرێک لە بوویەکی لە خەیاڵدا دروستکراو یان شێوەیەک لە ئەفسانە سەیر دەکرێن.   چوارەم: خاک یەکێکە لە بنەما سەرەکیەکانی نەتەوەو ناسیونالیزم. خاک ئەو شوێنە جوگرافیە دیاریکراوەیە کە کۆمەڵە خەڵکێک یان گروپێکی ئیتنیکی یان کۆمەڵایەتی لەسەری دەژین و بەخاکی ئەوان ناودەبرێت. پەیەوەندی خاک و رەچەڵەک پەیوەندییەکی پتەو و لەیەکتر جیانەکراوەیە. زاراوەکانی خاکی باوک، خاکی دایک و پاشان خاکی نیشتیمان، ئەوە دەردەخەن کە مرۆڤ هەر لە سەرەتای نیشتەجێبوونیەوە بە تووندی بە خاکەوە پەیوەستبووە. پەیوەندی مرۆڤ و خاک پەیوەندییەکە خاسێتێکی ئەنتۆلۆجیانەی هەیەو تا ئەو ئاستەی کە جیاکردنەوەی مرۆڤ لە خاکەکەی لەو شوێنەی تیایدا لەدایکبووەو پەروەردە بووە کارێکی ئەستەمە. هەربۆیە دەتوانرێت بگوترێت پەیوەندی مرۆڤ و خاک دەکەوێتە سەرووی تەنانەت رایەڵەی بەهێزی پەیوەندی نەتەوە بە خاک یان بە نیشتیمانیشەوەو دەگوازرێتەوە بۆ چوارچێوەی بوون کە خاک رۆڵی پایەیەکی ئەو بوونە دەبینێت. بەهەرحاڵ سەرباری پەیوەستبوونی مرۆڤ بەگشتی بە خاکەوە، هەر پێکهاتەو گروپێکی کۆمەڵایەتی هەر لە سەرەتای بوونیانەوە پێداویستی ژیان پەیوەستیکردون بە رووبەرێک لە خاکەوەو سنوورەکانی ئەو گروپە کۆمەڵایەتیە، کە پێشتر بنەماڵەو تیرەو خێڵ و عەشیرەت بوون و پاشان ئیتنیک و نەتەوە، سنوورەکانی ئەو خاکە، یان ئەو رووبەرە جوگرایەیان دیاریکردووە. بەهەرحاڵ تەنانەت ئەگەر لە دەرەوەی مەسەلەی نەتەوەو نەتەوایەتی و ناسیونالیزمیش سەیری خاک بکەین، ئەوا ناتوانین ئەوە بشارینەوە کە بەگشتی مرۆڤ تەنانەت وەکو تاکەکەسیش بەخاکەوە پەیوەستە و ئەستەمە بە ئاسانی بەو گروپە مەعنەویەوە پەیوەست نەبێت کە لەگەڵیاندا نەوەی یەک خاکە. واتە هەموو تاکێک لە رووی نەستەوە بە زێدی خۆی و بە خاکی باوک یان دایک یان نیشتیمانەوە پەیوەستەو پەیوەندی تاکەکەس و خاک لە زۆر ئاستدا دەبێتە پەیوەندییەکی ئۆنتۆلۆجی. هەر لێرەوە شوێنی لە دایکبوون و پەروەردەبوون کە دەلالەتی نیشتیمان یان خاکی هەیە، لەخۆیدا بنەمای یەکگرتن و یەکخستنی ئەندامانی کۆمەڵگا یان نەتەوە هەڵدەگرێت. پێنجەم: زمان، زمان یەکێکە لە رەگوڕیشە یان پایە سەرەکیەکانی بوونی نەتەوەو هەروەها ناسیونالیزمیش. زمان ئامرازی پەیوەندیکردن و دەربڕینە. کاتێک باسی زمان دەکەین وەکو پایەیەکی ناسیونالیزم و نەتەوەش، سەرنجمان بۆ لای بوونی زمانێکی دیاریکراو دەچێت، واتە زمانێک ئەگەر کۆی دانیشتوانیش پێی نەدوێن و ئاخاوتنی پێ ناکەن، ئەوا دەبێت زۆرینەی دانیشتوان پێی بدوێن، بەجۆرێک کە بەتەواوی خاسێتی هاوبەش یان گشتێتی تێدا بێت و هەمووان قسەی پێبکەن و پێیبنووسن و پێی بخوێننەوە. زمان و ئەدەب کە ئەدەبیش لە رێگای زمانەوە دەردەبڕرێت و بەرجەستە دەکرێت و دەگات بەوی خوێنەر، هاندەری گرنگن بۆ ناسیونالیزم. لە ڕێگای زمانەوە خەڵک پەیوەندی بەیەکترەوە دەکەن و لەیەکتر تێدەگەن و ئاگاداری یەکتر دەبن و هەست بەیەکتر دەکەن. هەر لە ڕێگای زمانەوەو بەهۆی زمانەوە بیرو بۆچوون و تێڕوانین و بەها نەریتیەکان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر، لە قۆناغ و سەردەمێکەوە بۆ قۆناغ و سەردەمێکی تر دەچن و دەگوازرێنەوە. زمانی گشتی یان زمانی هاوبەش هۆکاری سەرەکی یەکگرتن و یەکبوونی کۆمەڵایەتیە، چونکە دروستبوونی هەست و بیرو ئەندێشە ئاسان دەکات و برەو بە پەرەسەندنی ئەدەبی نەتەوە دەدات و داب و نەریت بەهێز دەکات و هەموو ئەمانەش بێجگە لەوەی وەکو بنەمای شوناسی نەتەوەیی کاردەکەن، دیسان رۆڵی گرنگ دەبینن لە نەشونوماکردنی ناسیونالیزمداو وەکو بنەمایەکی سەرەکی ناسیونالیزم سەیردەکرێن و فاکتەرێکی بەهێزی پێکهێنەری ناسیونالیزمن و لەراستیشدا بە بیرو ئایدیۆلۆجیاو خەیاڵ و مەعریفەی نەتەوەیی بارگاوی دەکرێن و بەوپێیەش دەبنە رەگەزی بەرهەمهێنانی ناسیونالیزم و گوتاری ناسیونالیزم. ئەگەر لەم روانگەیەوە سەیری زمانی کوردی بکەین، ئەوا دەشێت ئەو پرسیارەمان لە لا دروست ببێت کە دەپرسێت: ئایا زمانی کوردی توانیوێتی ببێتە بنەما یان پایە یان بەشێک لە رەگوڕیشەی نەتەوەو ناسیونالیزمی کوردی؟ ئەگەر توانیوێتی ئەوە بکات، چۆن و کەی و بەرهەمەکانی چین؟ ئەگەر نەیتوانیووە ئەو ئەرکە جێبجێ بکات، هۆکار چیە؟ ئایا هۆکارەکان ناوخۆیین یان دەرەکی، بە دەربڕینێکی تر هۆکارەکان  زاتین یان بابەتین؟ گومانی تێدا نیە کە سەرباری نەبوونی دەسەڵاتێک کە بوونی کوردو هەموو پایەکانی بوونی بپارێزێت، بە لایەنی کەمەوە لە دوای روخاندنی دەوڵەتی مید، بەڵام هێشتا هەم کورد خۆی وەکو پێکهاتەیەکی ئیتنیکی، هەم زمان و پایەکانی تری بوونی لە سەرووی هەمووشیانەوە زمان، پارێزگارییان لە بوونی خۆیان کردووەو سەرباری هەوڵ و کۆششی بەردەوامی ئەوانی تر- فارس و عەرەب و تورک- بۆ تواندنەوەو لەناوبردنی تەواوەتی، بەڵام هێشتا لەوەدا سەرکەوتوو نەبوون، چونکە کورد وەکو پێکهاتەیەکی ئیتنیکی ماوەو زمانەکەشی سەرباری ئەو هەموو کۆسپ و تەگەرەیەی لەبەردەمیدا بووە، یان بۆی دروستکراوە، هێشتا وەکو زمان ماوەو توانیوێتی ئەرکی زمان کە پەیوەندیکردن و تێگەیشتن و گواستنەوەی بیرو بۆچوون و روانینەکانە، جێبەجی بکات. بەڵام دیارە نەبوونی دەسەڵاتێکی کوردی و پەرت و بڵاوی کۆمەڵگەی کوردی و بوون و ژیان و دواتریش نیشتەجێبوونی کورد لە جوگرافیایەکی فراون و لە تۆپۆگرافیایەکی ئاڵۆزدا بنەمای کۆمەڵایەتیبوونی گشتی و تێکەڵاوبوونی دواخستووەو ئەوەش سەرئەنجام کاریگەری نەرێنی هەبووە لەسەر ئامادەکردنی زەمینەی زمانی ستاندەر یان یەکگرتوو کە وا پێدەچێت بەگوێرەی نەتەوەیەکی وەکو کورد هەتا دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی لەسەر خاکی خۆی دروست نەکات، زەمینەی دروستبوونی زمانی یەکگرتووی کوردی پێکنایەت. ئەم دەوڵەتە لە رابردووداو تاکو ئێستاش پێکنەهاتووە. لە روویەکی ترەوە زمانی کوردی لە چەند دایەلێکت و زاری جیاوازی ئاخاوتن پێکهاتووە، کە هەندێ جارو لە هەندێ ئاستدا پەیوەندیکردن و تێگەیشتنی قسەکەرانی دوو زاری جیاواز لەگەڵ یەکتری و لەیەکتری زۆر گرانە. زۆرینەی قسەکەرانی کرمانجی بە ئاسانی لە سۆرانی تێناگەن و بە پێچەوانەشەوە. ئەم دوانەش هەردووکیان مەگەر بە دەگمەن یان تەنیا لە ئاستی وشەدا لە نیمچە زارەکانی گۆرانی و لوڕی تێبگەن، سۆرانی و زارەکانی لوڕی زۆر دوورن لە زازاوە. کەواتە ئاستی پەیوەندیکردن لە نێوان قسەکەرانی زارە جیاوازەکاندا زۆر لاوازە. ئەوەش بە بارێکی تردا ئەوە دەگەیەنێت کە ئاستی تیکەڵاوبوون و پەیوەندیکردن لە نێوان پێکهێنەرەکانی یەک پێکهاتەی ئیتنیکیدا کە کوردە زۆر لاوازەو لە رووکەشدا یان لە ئاستی بینراودا هەست دەکرێت کە ئاستی یەکێتی و یەکبوون لە نێوان پێکهێنەرانی هەمان پێکهاتەدا زۆر لاوازە، تا ئەو ئەندازەی لە هەندێ بارودۆخ و لە هەندێ ئاستدا لە رووی زمان و لە یەکتر تێگەیشتنەوە وەکو یەک نەتەوە دەرناکەوێت. فرە زاری زمان و لاوازی ئاستی تیگەیشتن لە یەکتری، لەبری هەستی لە یەکتر نزیکبوونەوەو تێکەڵاوبوون، جۆرێک لە هەستی بەیەکتر نامۆبوون و دوورکەوتنەوەی لە یەکتری دروست کردووە. لە راستیدا لە ئێستادا بێجگە لە دەستەبژێرێکی ناسیونالیست کە وەکو یەکەیەکی یەکگرتوو سەیری کورد دەکەن، لەسەر ئاستی گشتی ئەو هەستکردنە زۆر لاوازەو کوردی ژێرسایەی هەریەکە لە داگیرکەرەکانی کوردستان پەیوەندییان بە زمانی نەتەوە سەردەستەکەی دەوڵەتی کۆڵۆنیالیستی وڵاتەکەی خۆیانەوە لە رووی تیگەیشتن و پەیوەندیکردن و بەکارهێنانەوە، بەهێزترە لەگەڵ زاری ئاخاوتنی ئەو بەشانەی تری کوردستان کە زاری ئاخاوتنیان لەوان جیاوازە. بۆ نموونە کوردی سۆرانی لە باشوری کوردستان و لە رۆژهەڵات ئاستی تێگەیشتن و مامەڵەکردنیان لەگەڵ زمانەکانی عەرەبی لە عێراق و فارسی لە ئێران بەهێزترە لە ئاستی بەکارهێنان و مامەڵەکردنیان لەگەڵ زاری کورمانجی و بەهەمان شێوە کوردی باکورو رۆژئاوا ئەوەندەی پەیوەندییان بە تورکی و عەرەبیەوە بەهێزەو بەکاری دەهێنن و لێی تێدەگەن، ئەوەندە پەیوەندییان بە زاری سۆرانیەوە نیەو لێی تیناگەن و مامەمەڵەی پێناکەن. ئەم واقیعە ئەگەرچی زۆر تاڵە بەڵام تا ئاستێکی زۆر راستی تێدایەو ئەوە نیشان دەدات کە زمانی کوردی نەیتوانیووە سادەترین بنەمای زمانی هاوبەش یان گشتی دروست بکات. هەروەک نەیتوانیووە ببێتە هۆکاری یەکگرتن و یەکبوون و تەنانەت بەشێوەیەکی گشتی نەبووتە هەڵگری بیرو بۆچوون و دیدی هاوبەش لەسەر ئاستی کۆمەڵگا. راستە زمان پایەیەکی زیندووی نەتەوەو ناسیونالیزمە، بەڵام دیسان زمانی کوردی نەبووەتە بنەما یان پایەو ریشەیەکی بەهێزو پتەو بۆ ناسیونالیزمی کوردی چونکە زمانەکە خۆی دابەشبووەو بەوپێیەش زیاتر لەوەی لەخۆیدا پەیامی یەکگرتنی هەڵگرتبێت، هۆکاری دابەشبوون و لە یەکتر دوورکەوتنەوەی زیاتر بووەو تاکو ئێستاش بەو ئەندازەی یارمەتیدەری زیاتری دابەشبوونە ئەوەندە یارمەتیدەری یەکگرتن نیە. شەشەم: مێژوو، مەبەست لە مێژوو چیە؟ مێژوو بریتیە لە تۆماری زنجیرەی رووداوەکانی رابردوو کە پەیوەستن بە مرۆڤ و سەردەمەکەیەوە، کە لەخۆیدا تۆماری کرۆنۆلۆجیانەی ئەو رووداوانەیە کە پەیوەست بە مرۆڤ روویانداوە. بێگومان سەرباری ئەوەی مێژوویەکی گشتی هەیە کە مێژووی مرۆڤایەتیە، هەر گرۆپ و دەستەو پێکهاتەو چینێکی کۆمەڵایەتیش مێژووی تایبەتی خۆیانیان هەیە، کە مێژووی هەر پێکهاتەیەک دەشێت هێڵێکی کاتی درێژکراوە بێت و ئەو هێڵەش لە روانگەی تۆماری رووداوەکانەوە دەناسرێت و دەشێت لە مێژووی هەندێک لە میللەتاندا دابڕانی گەورە لەو مێژووەدا هەبێت بە تایبەتی کە تۆماری رووداوی گەورەو دیار سنووری نێوان قۆناغێک و قۆناغێکی تری دیاری کردبێت. مێژووی هاوبەش وەکو تۆماری رووداوەکانی رابردووی هەر پێکهاتەیەکی ئیتنیکی لە لایەک بوون و ئامادەبوونی ئەو پێکهاتە لە رابردوودا نیشان دەدات، لەلایەکی ترەوە تێگەیشتن لە رووداوەکانی رابردوو، شیکردنەوەی ئەو رووداوانە دەشێت وەکو ئەزموون ببێتە مایەی سوود لێوەرگرتن بۆ ئێستاو یارمەتی بدات بۆ پێشبینیکردنی داهاتووش. بێگومان لە رووی سروشتیەوە پێویستە هەر پێکهاتەیەک یان دانیشتوانی وڵاتێک، مێژوو یان رابردوویەکی هاوبەشیان هەبێت. ئەو مێژووە دەبێت ئامادەبوونی ئەوان لە رابردوودا بنوێنێت. ئەگەر لەم رووەوە سەیر بکەین، ئەوا زۆربەی رابردووی میللەتان یان پێکهاتەو گروپەکان نابێتە مێژوو، چونکە شتێکی ئەوتۆیان تێدا تۆمار نەکردووە، بە تایبەتی ئەوانەیان کە بەشداری بەرهەمهێنانی شارستانێتی مرۆڤایەتییان نەکرووە، یان بە لایەنی کەمەوە لە رابردوودا نەبوونەتە خاوەنی دامەزراوەی دەوڵەت و سەروەرییان نەبووە. بە گوێرەی کورد ئەوەی وەکو مێژوو سەیر دەکرێت، مێژووی سەردەمی میدە ئەگەر پێداگری ئەوە بکرێت کە مید دەوڵەتێکی کوردی بووە. بێگومان ئاشکرایە کە مید بەرهەمهێنی کەلتورو بەشێک لەو شارستانێتیەیە کە ئێستا پێی دەگوترێت شارستانێتی ئێرانی. لەراستیشدا ئێرانیەکان، واتە فارس هەوڵیانداوە ئەوەی مید بەرهەمیهێناوەو ئەوەی مێژووی میدە ناو و شوناسی میدی لێ بسڕنەوەو بەناوی ئەخمینی یان ساسانیەوە تۆمار بکرێت. ئەگەر ئەوەش بۆ هەموو شتێک سەری نەگرت کە بە شارستانێتی و مێژووی ئێرانی ناوببرێت، ئەوا گرنگ ئەوەیە ناوی میدی لێبکریتەوەو ئەو ناوە لەیاد بکرێت. ئامانج لە فەرامۆش کردن و پشتگوێخستنی ناوی مید هەوڵێکە بۆ سڕینەوەی رابردوویەک کە تیایدا کورد ئامادەبوونی هەبووە. ئەو تۆمارکردنەش بەناوی فارس یان ئێرانەوە، بۆ سڕینەوەی رووبەی یادەوەری کورد و تۆمارو ئامادەبوونی کوردە لە ڕابردوودا. ئەویش بۆ وادەرخستنی ئەوەی کە کورد لە رابردوودا بوون و ئامادەبوونێکی ئەوتۆی نەبووە تا ببێتە پاشخان و زەمینەو ئێستای خۆیی لەسەر بنیاد بنێتەوەو لەسەر ئەو بنەمایەش سەیری ئایندە بکات.  


ئەردەڵان عەبدوڵڵا ماوەیەکە تەواوی میدیاکانی جیهان باس لە بەرپابوونی جەنگێکی گەورە دەکەن لە ئۆکرانیا، بەپێی دوایین هەواڵیش بێت، وا پێشبینی دەکرێت کە لەم مانگەدا ، فلادیمیر پوتنی سەرۆکی روسیا دوا بڕیاری خۆی بدات و ئۆکرانیا داگیر بکات. لێرەدا پێخۆشە پێش ئەوەی بێمە ناو باسەکەوە، چەند زانیارییەکی مێژووی بە خوێنەران لەبارەی پەیوەندیی نێوان ئۆکرانیا و روسیا بددەم. هەردوو گەل سەر بە یەک خێزانن کە ئەویش سلاڤییە. لەرووی زمانیشەوە راستە دوو زمانی جیاوازن، بەڵام لەیەکترییەوە نزیکن. لەرووی مێژوویشەوە یەکەمین دەوڵەتی روسیا بەناونیشانی « کیفا روس» لەنزیک کیفی پایتەختی ئۆکرانیا دروست بووە. لە رووی ئاینیشەوە هەردووکیان سەر بە کڵێسەی ئەرتۆدۆکسی مەسیحین،راستە لە ئۆکرانیا بەتایبەتی لەبەشی خۆرئاوادا، کەمێک مەسیحی کاتۆلیکی هەن، لێ زۆرینە مەسیحی ئەرتۆدۆکسین. ماوەی چەندین سەدەیە ئۆکرانیا لەلایەن روسیاوە بەڕێوەبراوەو بەشێک بووە لە ئیمپراتۆریەتی روسیا. دواتریش کە یەکێتی سۆڤێت دروست دەبێت، دەبێتە یەکێک لە کۆمارەکانی ناو یەکێتی سۆڤێت. تەنها لەرووی سیاسیی و ئاینییەوە تێکەڵ نین، بەڵکو لە رووی ئەدەبیی و فەرهەنگیشەوە زۆر تێکەڵن، بۆ نموونە روسەکان گۆگۆل بە باوکی ئەدەبی روسی دادەنێن، گۆگۆلیش چ باوکیی و چ دایکی ئۆکرانی بوون و خەڵكی روسیا نەبوون. بەڵام هەمیشە ئۆکرانییەکان هەستیان کردووە کە روسیای براگەورە دەیانچەوسێنێتەوە یان مافیان دەخوات. لەپاش نەمانی یەکێتی سۆڤێتیش ئۆکرانیا بۆتە وڵاتێکی سەربەخۆ، بەڵام ئەم جیابوونەوەو سەربەخۆبوونەی ئۆکرانیا، بۆ زۆرینەی روسەکان زەحمەتە قبوڵ بکرێت. هەر ئەم قبووڵ نەکردنەش ئەم کێشە گەورەیەی دروست کردووە. دیارە ئەم جەنگە تەنها جەنگی نێوان دوو وڵاتی ئاسایی نییە، بەڵکو کاریگەری گەورەی بەسەر تەواوی جیهانەوە هەیە، چونکە لەلایەکەوە روسیا زلهێزێکی جیهانییە و لە ململانێیەکی سەختدایە لەگەڵ زلهێزێکی تری جیهانی کە ئەویش ئەمریکایە. کێشەی ئۆکرانیاش، یەکێکە لە کێشەکانی نێوان ئەم دوو زلهێزەی جیهان. لەپەنا ئەمریکاشدا، تەواوی ئەوروپا شڵەژاوە، چونکە ئەم وڵاتە دەکەوێتە سەر سنوورەکانی و بەشێوەیەکی راستەوخۆش کاریگەری گەورەی دەبێت بەسەر ئەوروپاوە.  لەلایەکی تریشەوە ئۆکرانیا پێگەیەکی ستراتیژی گرنگی هەیە بۆ جیهان بەتایبەتی بۆ روسیا و ئەمریکا و ئەوروپا. ئەمە یەکەمجاریش نییە کە روسیا پەلاماری ئەم وڵاتە بدات، پێش هەشت ساڵ دورگەی قرمی داگیرکرد و لە بەشی خۆرهەڵاتی ئۆکرانیاشەوە، مۆسکۆ پشتگیریی رووسەکانی ئۆکرانیای کرد، کە دژی حکومەتی ناوەندی بوەستنەوەو بەشێکی ئەو وڵاتە داگیر بکەن. واتە روسیا پێشتر بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پەلاماری ئۆکرانیای داوە، بەڵام ئێستا دەیەوێت بە راستەوخۆ پەلاماری بدات و هەموو وڵاتەکە داگیر بکات. هۆکاری سەرەکی ئەم جەنگەش دەگەڕێتەوە بۆ فراوانکردنی سنوورەکانی رێکخراو ناتۆ، کە هەمیشە بۆتە مایەی ترسێکی گەورە بۆ روسیا،چونکە لەپاش جەنگی دووەمی جیهانییەوە، زۆربەی چاودێرانی سیاسیی و سەربازیی روسیا لەو باوەڕەدان، نابێت بهێڵن چیتر مەترسی دوژمن بگاتە سەر سنوورەکانیان، هەمیشە ناتۆش وەکو مەترسییەکی گەورە بۆسەر روسیا سەیر دەکرێت. پێدەچێت هەندێک لەو بیانوانەی کە روسیا بۆ ئەم جەنگە دەیهێنێتەوە راست بێت، بەڵام زۆرێک لە چاودێریی سیاسیش پێیان وایە کە ئەم بیانووە راست نییە، چونکە پێشتریش وڵاتانی بەلتیک و ئەسکەندەناڤیا بوونەتە ئەندامی ناتۆ و ئەمانەش هەموویان لەسەر سنووری روسیان. بەڵکو بە پێچەوانە ئەمڕۆ زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا، روسیا بە مەترسی دادەنێن و رێکخراوی ناتۆ و ئەمریکاش، وەکو پارێزەر بۆ وڵاتەکانیان دادەنێن. لەلایەکی ترەوە ئەگەر بۆ روسیا بچێتە سەر کە ئۆکرانیا داگیر بکات، ئەوا ئاشتی جیهانی تێکدەچێت، چونکە لە جیهاندا کۆمەڵێک دەوڵەتی بچووک و لاواز هەن، کە دەکرێت بەهەمانشێوە لەلایەن دەوڵەتە گەورەکانەوە پەلامار بدرێن و بەمەش ئاشتی جیهانی تێکدەچێت. هەرچەندە لە ئێستادا دەنگی دەهۆڵی جەنگ زاڵترە، بەڵام کۆمەڵێک هەوڵی ئاشتیش هەیە، بەتایبەتی لەلایەن فەرەنسا و ئەڵمانیاوە، چونکە ئەوان نایانەوێت ئەم جەنگە دروست بێت و ئۆکرانیاش داگیر بکرێت. بەگشتی ئێمەی کورد حەزمان بە جەنگ نییە، چونکە مەینەتیی و ئازاری جەنگمان دیوە، هیوادارین هەوڵە جیهانییەکان بۆ ئاشتیی و هێورکردنەوەی رەوشەکە بەردەوام بێت و دواجاریش دەنگی ئاشتی لە دەنگی دەهۆڵی جەنگ بەهێزتر بێت.


عەلی کەریمی   چەند جوان و ڕاستی گوتووە سەعدی شاعیری مەزنی فارسی زبانی ئێرانی: تا مرد سخن نگفتە باشد                 عیب و هنرش نهفتە باشد واتا: تا پیاو قسەی نەکردبێت   عەیب و هونەری شاراوە دەمێنێتەوە مەبەستێتی بڵێ؛ ئەوە قسەکردن و دەربڕینە دەمانناسێنێت و بە وانی دیکە دەڵێ من بایی چەندم و لە کام دیار و  چەندەم پێیە بۆ هەڵڕشتن، لەکام فەرهەنگ و پایەی عیلم و زانستم و تەبەقەی شعور و هزر و تێگەیشتوویم لە کام پایە و ڕیزڕەوی سەردەمدا جێی بۆ دەکرێتەوە؛ شارستانی، ئاکادەمی، بورژوا، گوندیی یان بێسەواد وێنا دەکەم؟! ئەم ڕۆژانە چونكێ لە مێژە وازم لە دەزگای زەبلاحی کۆکەرەوەی هەموو شتوومت و وردەواڵەی ناو سندووقی عەتار، فەیسبووک هێناوە و ئاگام لە خۆ گیفکردن و خۆبادانی مرۆڤە لاواز و هیچ لەباراندا نەبووی بەشێک لە "ڕوشنبیر و نوخبەی" مەیدانی کوردایەتی و موزایدەچییەکان نەماوە و لە ڕێی سایتەکان و دۆستان تێگەیشتم دیسان جەنابی کاک مەسعودی سەرۆکی پێشوی کوردستان و دەسەڵاتی بەڕ و بەحری ئەمڕۆ و موهەندیسی ڕێفراندۆم و خۆ بە باوکی نەتەوەیی کوردزانین، کەتنی ناوەتەوە و دیسان بەربۆتە گیانی کوردی بەستەزمان و ئاوارە و بێدەسەڵات و مجێورەکانی بەر قاپی مزگەوتەکەی خۆی، کوردی ڕۆژهەڵات. دەڵێن شاخ ژان گرتی و مشکێکی بوو! کتێبی نووسیوە، ئەویش چ کتێبێک؛ مێژوو، چ مێژوویەک؟ مێژوویەکی چەواشەی ٤٥ ساڵ پێش، لەسەر چێ؟ لەسەر کوردە داماوەکەی پەنابەری خۆی و چاو لەدەستی خۆی لە ئوردوگاکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی، کوردی ئێران! هیچ پادشایەک و هێچ سەرکردەیەکی لای خۆمان ئەوەندە کاتی نییە دانیشێت و بە هەزاران لاپەڕە ڕەش کاتەوە بۆ پەروەردە و زانست و مێژوو بۆ نەوەکانی داهاتوو، لەمەڕ وڵاتانی لای خۆمان هەر لە دێرزەمانەوە باو بووە لە بارەگای سوڵتانەکان مەداحی جۆرواجۆری لێبووە و وەک ئەسپ و توتی و باڵندەکان بە خێویان کردوون و تەنانەت ئاخوڕیان ئەوەندە پۆشتە کردوون تەنیا ئیش و کاریان پێداهەڵگوتن بووە بە سوڵتان و پاشا! ئەم کاک مەسعودەی ئێمەش بە حەق کەمی نەهێناوە لە سوڵتان و پادشاکانی سەردەمی ئێستا نا، چونكێ زۆربەیان ئەوەی ئەو دەیکا، پێیان ناکرێ و بۆیان نالوێت، بەڵکو دەبێ بگوترێت و هەڵیانسەنگێنیت لە گەڵ ئەوانەی سەفەوی و عوسمانی؛ لە ئاست دەسەڵات، ڕێژەی ڕاگرتنی مەداح، سەروەت و سامان و بە گشتی لە گەندەڵی و خۆ بە زلزانینیش! ئەم کتیبە دەنگەی کە گوێم بۆ گرت و خێرومەندێک بە تێلگرامدا لە بۆی ناردم زۆر هونەری تێدا نییە کە بڵێم پاشاکەمان بۆ خۆی نەینووسیوە و بۆیان نووسیوە! پێمدەڵێن ئاگات لێ نییە لە فەیسبوکدا چ حەشرێکە، ڕۆژهەڵاتییەکانی سەردەمی ڕێفراندۆم کە ‌هێنایانییە سەر دم و زاران و بە هەزاران درۆ و بوختانی وەک پیاوی سەدام و وێنەی فۆتۆشۆپ لەگەڵ سەدام و پیاوی ئیتلاعاتی ئێران و بەدەستی هێزی سواتی ئەمریکا لە ناو بازاری سلێمانی گیرا و ڕفاندیان و چی و چی، ئێستا لەسەر ڕەقەم باسی چەواشەکاری و خیانەتەکانی پاشا و قیادەموقەتە دەکەن و چەند هەنگاو لە پێشمەوە دەڕۆن! جەنابی سەرۆک کاک مەسعود! لە منی ببیسە و ئەم چەند ڕۆژەی ماوتە بە بێدەنگی بەسەری بەری بۆ خۆشت و نەوە و دنیا و ئاخیرەتیشت مەسڵەحەترە! ئاخر پیم ناڵێی ئەوە چ کەتنێکە پڕ لە درۆ و چەواشەکاریی لەسەر کوردی داماوی ئەمڕۆکەی ڕۆژهەڵات ناوتەتەوە، بۆ نازانی خۆری ڕاستی و حەقیقەتگۆیی هەتا سەر لە ژێر هەوری چڵکنی عاسمانەکەی سەری ڕەشی تۆدا نامێنێتەوە؟! دەزانم و لە فیکەی خۆمان تێدەگەین و بۆمان ڕوونە دەنگ و وشە و ئینشا و ڕێنوسەکەت لە کامە مەداحەکانی "مێژوونووسی" دەربارەکەت هەڵقوڵاوە و خەریکی توکی سەگە هارەکە دەرخواردی خۆمان دەدەی. وریا بە ئەوانە ڕەنگە بە تەما بن تا ئاخرنەوەیان هەر بە ئێوە بەخێو بکەن، چونكێ دڵنیان لە باوەشی رۆژهەڵاتدا تازە جێیان نابێتەوە، ئاخر دەبوو هیچ نەبێ ئەوەندەیان نەسیحەت کردبای، کە مامۆستا شێخ عێزەدین و دوکتور قاسملو و کاک فواد زۆرت بۆ زەحمەت دەبێ بە سەر کاریزما و ڕابوردوویاندا باز بدەی. خراپت کرد لەم ئاخری عومرە بۆ جاری چەندووم دیسان خۆت تووش کرد لە گەڵ کوردی ئێران! قەت لەبیرت نەچێتەوە بۆیە بە سابڵاخدا نەتان دەوێرا هاتوچۆ بکەن جادە و دار و دیواری هەر بۆنی خوێنی سولەیمان و لاجانێکانی لێ دەهات، هاواری " قیادە گورگە لەناو میللەتا گوێی ئاسمانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کەڕ دەکرد، بۆیە زاتی هاتوچۆی شارەکەی پێشەواتان نەدەکرد! ئێمە هەموو باش دەزانین ئەوانەی تۆ لە ناو کتیبەکەت ددانی خێریان پێدا دێنی و بە ڕۆژهەڵاتیی باش ناویان دێنی و ئەوانەی ئەمڕۆ لە دیوەخانەکەتدا کەیفت پێیان دەبزوێ و مەداحانە بۆت دەنووسن، دڵنیا بە لەهەرە قێزەون و ڕیسواکانی ٤٣ ساڵی رابردووی مێژووی ڕۆژهەڵاتن. بریا سوخنەت نەگوفتە دەبوو ئەزبەنی!  


سەردار عەزیز  لە گەڕانەوەی لە ئۆکرانیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنوسیدا ڕستەیەکی ئاڵۆزی فڕێدا. ڕستەکەی لە کاتێکدا بوو کە چەند ڕۆژێکی کەمی پێشتر لە گەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا کۆبونەوەی هەبوو. ئەردۆگان بە ڕۆژنامەنوسانی گوت گوایە سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێی ووتوە: بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفتی گازی سروشتی، له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ند و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان گفتوگۆ ده‌كات. ئەم ڕستەیە لە چەند لایەکەوە شایانی لێکۆڵینەوەیە. یەکەم ئاست ئەوەیە کە ئێستا کە زستانێکی سەختە لە ناوچەکە، ئێران وەک یەکێک لە وڵاتانی دابینکەری غازی سروشتی بۆ تورکیا بۆ ماوەی دە ڕۆژ غازی لە تورکیا بڕی. بڕینی غازەکە خوێندنەوەی جیاوازی بۆ کرا، هەر لە سەرمای ئێران و زیادبونی پێداویستی ناوخۆیی، هەتا بەکارهێنانی غاز وەک کارتی فشار لە لایەن ئێرانەوە لە سەر تورکیا، بە تایبەتی پاش نزیکبونەوەی زیاتری تورکیا لە کەنداو و دەستوەردانی زیاتری لە سیاسەتی عێراق. دیارە بەکارهێنانی غاز وەک کارتی جیوپۆلەتیکی و سیاسی کارێکی نەکردە و نوێ نیە. ڕوسیا کە دۆستێکی ئێرانە، بەردەوام ئەو کارە دەکات. لێرەدا ئێمە گومانمان هەیە لەوەی کە ئێران ئامانجی ئەوە بوبێت کە فشار بخاتە سەر تورکیا، چونکە لە هاوسەنگی هاوکێشەکاندا ئێران زیاتر پێویستی بە فرۆشتنی غاز هەیە، لە بەر ئابلۆقە و پێداویستی بە دراوی سەخت و پەیوەندی دەرەکی، هەتا تورکیا. ڕەنگە بڕینی غاز کاریگەری کورتخایەنی هەبێت بەڵام لە مامناوەندا بە زیانی ئێران دەشکێتەوە. گرێبەستی ئێران و تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی نەوەدەکان بە تایبەتی سەردەمی هاتنی نەجمەدین ئەربەکان، کە بە لای ئێرانەوە وەک وەرچەرخانێکی پۆزەتیڤ لە سیاسەتی ئەو وڵاتەدا دەبینرا. تەمەنی کورتی سیاسی ئەربەکان هەر ئەوەندەی پێکرا کە رێککەوتنەکە واژۆ بکات. بە هاتنی ئاکەپە لە سەرەتای دوو هەزارەکانەوە زەمینەی ئەوە سازا کە ڕێککەوتنەکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.  تورکیا وەک کۆمەڵگایەک هەتا بێت زیاتر و زیاتر غازی شل بەکار دەبات، به هۆکاری زۆربونی دانیشتوان و بە شاربون و گەشەی ئابوری لە چەند دەیەی ڕابوردودا. رێککەوتنەکەی ئێران و تورکیا هەرگیز بێ کێشە نەبوە، هەر لە سەرەتاوە ئەمریکا پێی ناڕازی بوو، بەردەوام کێشەی بەردەوامیی هەبوە. ڕێککەوتنی ئێران و تورکیا لە چەند ساڵی ڕابوردودا بەرەو کۆتایی دەچێت. بە پێی زانیارییەکان ئەمریکاییەکان پێیان باشە کە غازی هەرێم بکەوێتە کێ بڕکێوە لە کاتی تەواوبونی ئەو گرێبەستە. وەزارەتی وزەی ئەمریکی هەڵسەنگاندێکیان بۆ غازی هەرێم کردوە لەمبارەوە.  مەبەستمان لە پێدانی ئەم پاشخانە ئەوەیە هەتا زەمینە بسازێنین بۆ تێگەیشتن لە لێدوانەکەی ئەردۆگان. ئایا ئەردۆگان لە بەر کام لەم هۆکارانەی خوارەوە ئەم لێدوانەی لەم کاتەدا دا: یەکەم، وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی ئەو فشارەی کە لە ناوخۆدا لە سەریەتی، چونکە لە ئەنجامی بڕینی غازی ئێرانی نرخی غاز دوو قات بەرزبوەتەوە لە وڵاتدا و تورکیاش لە ساتێکدایە کە بە هۆی هەڵاوسانەوە، نرخی دراوەکەی هێندە دابەزیوە کە خەڵکێکی زۆر ناتوانن نانی وشکیان بە ئاسانی دەست بکەوێت. سرەگرتن بۆ نان یەکێکە لە دیاردە بڵاوەکانی ئەم سەردەمەی ئەو وڵاتە. ئەردۆگانە ئاشنایە بەو جۆرە یاریە میدیاییە کە چۆن سەرنج لە سەر پرسە سەرکیەکان بگوێزێتەوە بۆ پرسی تر. ساڵانێکی زۆرە بە پرسی لاوەکی جەماوەرە باوەڕدارەکەی فریو دەدات. دووەم، ئایا ئەردۆگان مەبەستی ئەوەیە کە پەیامێک بۆ ئێران بنێرێت کە، ئەگەر خۆشی پێویستی بە غازبێت، غازی تورکیا نەبڕێت چونکە ئەلتەرناتیڤ هەیە، کە غازی کوردستانە.  سێیەم، ئایا ئەردۆگان بەڕاستی مەبەستی ئەوەیە کە غازی هەرێم و لە داهاتودا عێراقیش، بکاتە سەرچاوەی وزەی خۆی. دیارە غازی هەرێم بە بڕێکی کەم دەتوانرێت لە ماوەی کەمدا بگاتە سنوری تورکیا، بەڵام غازی عێراق، ئەگەر هەبێت پێویستی بە کات و سەرمایەی زۆرە.  چوارهەم، ڕەنگە ئەردۆگان مەبەستی هەموو ئەمانە بێت، لە هەمانکاتدا.  پرسیارێکی تر لێرەدا خۆی قوت دەکاتەوە ئەوەیە کە ئایا غازی هەرێم دەتوانرێت بگەیەنرێتە تورکیا؟ لە ڕۆژانی رابوردودا سایتی ناسراوی ڕاپۆرتی نەوتی عێراقیIraq oil report ، ڕاپۆرتێکیان بڵاوکردەوە کە بۆڕی غاز بەرەو سنوری تورکیا دەکێشرێت. ئامانجی یەکەمی ئەم بۆڕیە دابینکردنی غازە بۆ ویستگەی کارەبای دهۆک و پاشان گەیاندنی بە تورکیا.  پرۆژەی غازی هەرێم بڕێکی زۆر لە کێشەی هەیە، لەوانە سەرمایە، پاککردنەوە و چۆنتی مامەڵکردن لە گەڵ ئەو مادە کیمیاویانەی کە لە ئەنجامی پاککردنەوە دەردەهاوێژرێت. لە هەمانکاتدا پرسی بازاڕ پرسێکی سەرەکی بوە بۆ ڕاکێشانی سەرمایە. هەتا ماوەی ڕابوردوو عێراق وەک بازاڕێک دەبینرا بە تایبەتی لە بواری پێداویستی کارەبادا و بەکارهێنانی غاز بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.  ئەمریکاییەکان فرۆشتنی غازی هەرێمیان بە تورکیا پێباشە، چونکە دوو ئامانجیان بۆ دەپێکێت، یەکەم، سەرچاوەیەکی دارایی بۆ هەرێم دابین دەکات، کە فشاری دارایی لە سەر ئەمریکا کەم دەکاتەوە، وەک هاوپەیمانێک لە شەڕی تیرۆردا. ئەگەر هەرێم توانای خۆ بژێوی هەبێت ئەوا پێگەی باشتر دەبێت لە پەیوەندی لە گەڵ ئەمریکادا، بە تایبەتی لە کاتێکدا کە ئەمریکا دەخوازێت لە ڕوی دارایی و سەربازییەوە ئاستی تێوەگلانی لە ناوچەکەدا کەمبکاتەوە.  لە لایەکی ترەوە فشار لە سەر ئێران زیاتر دەکات، بە تایبەتی ئەگەر هاتوو نەگەشتنە ڕێککەوتن لە بواری چەکی ئەتۆمیدا. چونکە بەرنامەی ئەمریکا ئەوەیە کە نابێت ئێران ببێت بە خاوەن چەکی ئەتۆمی، بە هیچ جۆرێک. ڕەنگە هۆکارێکی ئاسانکاری تر لەم بوارەدا ئەوەبێت کە تورکیا لە گەڵ ئیماراتدا پەیوەندی باش بوە. وەک دەزانرێت کە کۆمپانیای گەورە بواری غاز لە هەرێم دانا غازە کە بنکەکەی لە وڵاتی ئیماراتە. وەک هەندێک سەرچاوە ئاماژەیان پێدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان میانگیربوە لە نێوان ئیمارات و تورکیادا، ڕەنگە پاڵنەری ئەم کارە غاز بوبێت. کەواتە ئەگەری ئەوە هەیە کە بتوانرێت غازی هەرێم بگەیەنرێتە تورکیا. بەڵام دەبێت ئەوە بزانرێت کە غازی هەرێم ناتوانرێت ببێت بە بەدیل بۆ هیچ کام لە سەرچاوەکان غازی تورکیا. تورکیا لە ڕوسیا و ئازەربایجان و ئێران و جەزایر و نەیجیریاوە غاز هاوەردە دەکات. بەم پێیە هەرێم ئەگەر ئەڵتەرناتیڤ نەبێت ئەوا سەرچاوەیەکە بۆ فرەکردنی سەرچاوەکان، دایڤێرسفای. لە ماوەی ڕابوردودا نوێنەری پێشوی یەکێتی ئەوروپا لە کوردستان لە تویتێکدا ئاماژەی بە ئەوەدا کە دەبوو یەکێتی ئەوروپا پاڵپشتی گەشەی غازی کوردستانی بکردایە لە بڕی هاوکاری دارایی لە هەندێک بواردا کە هیچ سودێکیان نەبوە. بە قسەی ئەو ئەو کاتە هەرێم دەبوە خاوەن داهاتی خۆی و سەرچاوەیەکی تری غازیش لە سنوری ئەوروپا زیادی دەکرد. دیارە ساڵانێک لەمەوپێش ئەورپا لە ڕێگای نابۆکۆوە پلانی ئەوەی هەبوو کە سود لە غازی هەرێم ببینێت، بەڵام ئەو پرۆژەیە مرد. لە لایەکی ترەوە کاتێک لە سەروبەری شەڕی داعشدا هەرێم پێویستی بە پارەبوو، ڕوسەکان ئەو دەرفەتەیان قۆستەوە و هاتنە ناو پرۆسەی غازی هەرێمەوە. هاتنی ڕوسەکان بە ئامانجی ئەوەبوو، هەتا ئەگەر بونی هەرێم بە سەرچاوەیەکی غاز، لە دەرەوەی ڕوسیا بۆ ئەوروپا بکوژن. هەتا ئاستێک لەو بوارەدا سەرکەوتوبون. ئایا پاش نەوت، گەیاندنی غاز بۆ تورکیا مانای چیە؟  غاز وەک نەوت نیە بە ئاسانی بگوێزرێتەوە، بە گشتی پێویستی بە بۆڕی و تێچون و ئینشورانسی زۆرە. لەبەرئەوانە گرێبەستی غازی هەمیشە گرێبەستی درێژخایەنن. بەم پێیە ئەگەر هەرێم و تورکیا گرێبەست بکەن ئەوا نابێت لە بیست ساڵ کەمتر بێت. ئەم پەیوەندییە لە گەڵ وڵاتێکدا کە ناتوانێت ناوی کوردستان گۆ بکات بێ کێشە نیە. لە هەمانکاتدا ئایا ئەمە بەشێکە لە ئەو گرێبەستەی کە لە ساڵی ٢٠١٣ لە نێوان هەرێم و تورکیادا واژۆ کراوە و بە ڕێککەوتنی پەنجا ساڵە دەناسرێت، کە هەتا ئێستا ناوەڕۆکەکەی بۆ زۆرینە بە نهێنی ماوەتەوە.


ئارام سەعید فەیسبوک ماڵێک بۆ سایکۆپاتەکان تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لەهەموو سوچ و قوژبنێکی ژیانماندا هەن، ئایا پەیوەندیکردن و دۆزینەوەی هاوڕێ لەسەر فەیسبوک و تویتەرو ئەنستاگرام هەمان پەیوەندییە کە لە واقیعدا هەن؟ وەڵامی ئەم پرسیارە دوو بەرە هەیە، یەکێکیان دژو ئەوی تر لەگەڵ ئەو هاوڕێەتییە، چونکە لەپشتی شاشەکانەوە هەندێک کەس خۆیان مەڵاس داوە بۆ بڵاوکردنەوەی رق و کینە، هەر بۆیە گرنگە بزانین ئەو هاوڕێانەی لەسەر فەیسبوک لە واقیعدا هەمانە تاچەند دەچنە خانەی سێکوچکەی تاریکییەوە، چۆن بیانناسینەوە؟ لە زۆر ناوەندی پزیشکیی و زانکۆ لە جیهاندا کار لەسەر ئەوەکراوە کە کاردانەوەی مێشکی سایکۆپاتەکان چۆنە لەکاتی روداوەکاندا یان ئەو بەشەی مێشکیان کە پەیوەندی بەسۆزدارییەوە هەیە لەکاتی بینینی تەنگژەکاندا کاردانەوەیان چۆنە. بۆ ئەوەی ئەو هۆکارە بدۆزنەوە کە بۆچی سۆزداریان نیە زۆر تاقیکردنەوەیان لەسەر نەخۆشەکان ئەنجامداوە، کە ئەنجامەکانی زۆر سەرنجڕاکێش بوون، لە یەکێک لە تاقیکردنەوەکانی زانکۆی شیکاگۆ وێنەیەک نیشانی کەسی سایکۆپات دەدەن کە وێنەی کەسێکە بۆ نمونە دەستی بووە بەدەرگایەکەوە، دوو پرسیاری لێدەکەن یەکێکیان ئەگەر تۆ وات لێ بێت، دووەم ئەگەر کەسێکی تر وای بەسەر بێت، لەکاتی پرسیاری یەکەم کە پەیوەندی راستەخۆی بەخۆیانەوە هەیە ئەو بەشەی مێشکیان کە پەیوەندی بە سۆزدارییەوە هەیە چالاکی تیا دروست دەبێت و هەستی پێدەکەن، بەڵام کاتێک دەپرسن ئەگەر کەسێکی تر ئەوەی بەسەر بێت ئەوکات مێشکیان و ئەوبەشەی کاردانەوەی سۆزداری تێدایە هیچ ناجوڵێت و کاریان تێناکات... سایکۆپاتەکان هەمویان پیاوکوژ نین و لە زیندانەکاندا بن، جۆریان زۆرە، هەندێکیان ئاستی بیرکردنەوەو مێشکیان نزمە بۆیە دەبنە پیاوکوژو لە زیندانەکاندان، بەڵام هەندێکی تر ئاستی بیرکردنەوەیان بەرزەو ئەوانە دەبنە بەڕێوەبەری گەورە یان سیاسی یان بزنزمانی گەورە. سایکۆپات رەنگە کەسێکی نزیکت بێت و رۆژانە بیبینیت، رەنگە بەڕێوەبەر یان بەرپرست بێت، یان خۆشەویستت بیت، چونکە ئەوان لە روخساردا هیچ جیاوازیان نیە لە کەسی ئاسایی بەڵام لەدەرونیاندا هیچ ویژدانێکیان نیە، هەربۆیە دەکرێت لەتەنیشتمانەوە سایکۆپات هەبێت و نەزانین. ئەوان خۆیان خۆشەویست دەکەن، هەلسوکەوتیان وایە کە سەرنجت رابکێشن، ئەو گۆرانییە دائەنێن لە سۆشیاڵ میدیا کە تۆ حەزی پێ دەکەیت، ئەو قسانە دەکەن کە تۆ بڕوات پێیەتی. هەمیشە هەوڵ دەدەن پێت بڵێن کە زۆر خاڵی هاوبەش هەیە لەنێوانتاندا، تا ئەوکاتەی بەو هەلسوکەوتانەی دەتکاتە هاوڕێ و ئیتر ئارامیی لەژیانتا ناهێڵێت. لەکۆتایی فیلمەکەی کەباسی تێد باندی سیاکۆپات دەکات نوسراوە "تاوانبارەکان شەو بە ددانی درێژەوەو لیکی زۆرەوە دەرناکەون، خەڵک نازانێت کە پیاوکوژێک لەناویاندایە، ئەو کەسانەی خۆشیان ویستووەو لەگەڵی ژیاون و کاریان لەگەڵ کردوون، تا ئەوکاتەی رۆژی دواتر کە ئاشکرا ئەبن ئەوکات ئەزانن لەگەڵ چ شەیتانێک بوون". ئەو کاتەی هاوڕێی سایکۆپاتیت ئیتر دوودڵی تۆ و دەسەڵاتی ئەو دەست پێدەکات.. سایکۆپات هەمیشە یاریت پێدەکات هەرکاتیش بەبەڵگەوە بۆت سەلماند کە یاری دەکات، ئەو بەتوندی رەخنە دەگرێت و رەتیدەکاتەوە کە ئەوکارەی کردبێت. کارێک دەکەن تۆ پێویستت پێیان بێت و بەئەنقەست فەرامۆشت دەکەن بۆ ئەوەی رابکەیت بەدوایانا... ئیتر هێمنی و ئاسایش لەناختدا ناهێڵن. ئەو هاوڕێیانەی بەردەوام درۆ دەکەن ئەوە بەلگەیەکی گرنگە بۆئەوەی بزانیت کە سایکۆپاتن، چونکە داهێنەرن لە دروستکردنی درۆدا، دەیان و سەدان چیرۆکی گەورەی درۆ هەیە کە دروستکراوی سایکۆپاتەکانە وەک ئەوانەی تێد باندی دەیکات و تەنها خۆی بەر لەسزای کورسی کارەبایی دانی نا بە کوشتنی ٣٠ کچدا کە رەنگە هەندێکیانی باس نەکردبێت کە دادگایی و تاوانبارکردنەکەی چەندین ساڵی خایاندو تۆمەتەکانی رەتدەکردەوە تا کورسی کارەبایی بووە هەڕەشەیەک ویستی تەمەنی دریژتر کات بەو دانپیانانە کە ئەویش فریای نەکەوت. ئەو جۆرە لە هاوڕێ لە فەیسبوک پاش ئەوەی بوون بەهاوڕێت ئیتر هەوڵ ئەدەن ئیرەییت تیادا بچێنن، دوای تۆ گرنگی بە کەسانی تر ئەدەن، ئەگەر پێشتر هەندێک گۆرانی لەبەر تۆ دانابێت ئیتر بیر لەوە دەکاتەوە ئەوگۆرانیانە دابنێت کە تۆحەزی پێ ناکەیت، ئەچنە ئەو لاپەرانەی ترەوە کۆمێنت دەنوسن و بۆ تۆی نانوسن، فەرامۆشت دەکەن، چونکە سایکۆپاتەکان زوو هەست بە بێزاری دەکەن و دوور دەکەونەوە لەوەی هاورێیەتی نزیک ودرێژخایەن و سۆزداری دروست بکەن کەسیش ناتوانێت ئەو بۆشاییەی رۆحی ئەوان پڕبکاتەوە، ئەوان خۆشەویستی دەگۆڕن بۆ ترس و دڵەڕاوکێ، هەموو بەیانیەک کە لەخەو هەڵدەسیت هەست بە نیگەرانی و دوودڵی دەکەیت... پارە و تواناکات نامێنێت هەموو ئەمانە ئەو سیفەتانەن کە کەسی سایکۆپات هەیەتی لە خۆشەویستی و هاوڕیەتیدا.... لەو نمونانەی کە تەواو بیرکردنەوەو هەلسوکەوتی سایکۆپاتمان نیشان دەدات زنجیرە درامای "تۆ- You"ی جۆ گۆڵدبێرگە کە ئێستا لە نێتفلێکس هەیەو چیرۆکی ئەو زنجیرەیە باسی کوڕێکی گەنج دەکات کە بەرێوەبەری کتێبخانەیەکەو چەند هەست و خولیایەکی سەیری هەیە و بەبینینی هەموو زنجیرەکە تێدەگەین بۆچی کەسێک دەکەوێتە داوی خۆشەویستی سایکۆپاتێکەوەو چی بەسەردێت لەو پەیوەندیەدا؟ گێڕانەوەی چیرۆکی ئەو پاڵەوانە وادەکات لەسەرەتاوە بینەر پشتگیری لە هەلسوکەوتەکانی بکات سەرەڕای فێل و کارە خراپەکانی چونکە هەمیشە پاساوی هەیە بۆ تاوانەکانی و دەبینیت چۆن لەهەموو ئەو تاوانانە خۆی قوتار دەکات...رەنگە زۆر لەو بینەرانەی زنجیرەکە حەزبکەن پەشیمان بێتەوە لەو کارانەی، بەبینینی زنجیرەی "تۆ" تەواو تێدەگەین لە تواناو ئاستی بیرکردنەوەی خۆشەویستی و هاوڕێی سایکۆپات... هاوڕێەتی سایکۆپات زیانێکی درێژخایەنی دەبێت کە هەندێک گومان و هەستی جیاوازت لا دروست دەکەن کە هەمیشە هەست بکەیت هەڵەیت، باشترین رێگاش بۆ دورکەوتنەوە لێیان ئەوەیە کە هیچ پەیوەندییەکی نامەو سۆشیاڵ میدیاو تەلەفونیت لەگەڵیان نەمێنێت تا رێگە بگریت لەو نائارامیەی لەدەرونتدا دروستی دەکەن.


ئەردەڵان عەبدوڵڵا یەكێک لەو وڵاتە ئەوروپییانەی کە مایەی سەرنج و بایەخ بوو بە لامەوە هۆڵەندا یان وەکو خۆیان دەڵێن نێدەرلاندە. ئەو کاتەی لە شاری ئاخنی ئەڵمانیا دەژیام، کە شارێکی سەر سنوور بوو، زوو زوو سەردانی هۆڵەندام دەکرد، لەو سەردانانەمدا، جیاوازیی زۆرم لە مامەڵە و پەیوەندیی خەڵکەکەیدا بەدی دەکرد، کە زۆر جیاواز بوون لە خەڵکی ئەڵمانیا. گەلێكی زۆر رووخۆش و مرۆڤدۆست، راستە لەم چەند ساڵانەی دواییدا لەوێش بزووتنەوەی فاشیستی دروستبووە، بەڵام خۆشبەختانە، هێشتا ئەم بزووتنەوانە نەیانتوانیوە بە تەواوەتی کۆمەڵگەی هۆڵەندی، بە فکری خراپیان ژەهراوی بکەن. ئەم وڵاتە، کۆمەڵێک خاڵی جوانی هەیە کە بۆتە مایەی گرنگیپێدانی جیهان. ئەمڕۆ هۆڵەندا یەکێکە لە وڵاتە جوان و گەشەسەندوەکانی ئەوروپا و جیهان، وڵاتێکی بچوک کە خاوەنی سیستمێکی تۆکمەی دیموکراسی و لیبڕاڵ و مۆدێرنە، لە هەمانکاتیشدا خاوەنی ئابوورییەکی خورت و بەهێزیشە. وڵاتێک کە رۆژانە لەگەڵ زەریای ئەتڵەسیدا لە جەنگێکی دەستویەخەدایە، ئەم جەنگەش وایلێکردووە، کە ببێتە یەکێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان لە بواری دروستکردنی بەنداو و ئاودێریدا، هەر ئەمەش وایکردووە کە لە رووی کشتوکاڵییەوە ببێتە یەکێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان کە پەیڕەوی میتۆدی نوێی کشتوکاڵی دەکات. جگەلەوەش، ئەم وڵاتە ئەمڕۆ لە مەیدانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، رۆڵێکی چالاکی هەیە، بە تایبەتی ئەو کێشانەی رووبەروی جیهان دەبنەوە لەوانە: پیسبوونی ژینگە، جەنگ لە دژی تیرۆر، هەژاریی لە جیهاندا. جگە لەوەش، ماوەی چەندین ساڵە باوەشی بۆ زۆر ئاوارەی جیهان کردۆتەوە و مافی پەنابەری بە زۆر کۆچەری جیهان داوە کە لە دەستی جەنگ و دەسەڵاتە ستەمکارەکانیان وڵاتی خۆیان جێهێشتووە. نابێت ئەوەشمان لە بیربچێت کە هۆڵەندا یەکەمین وڵات بووە لە جیهاندا کە لە ساڵانی شەستی سەدەی پێشووەوە، مافی پەنابەری بە گەلی کورد داوە، ئەمەش وایکردووە کە رەوەندێکی کوردی لەوێ هەبێت کە ئەمەش گوازرشت لە هاوسۆزی گەلی هۆڵەندی دەکات بۆ كێشەی رەوای کورد. لەم چەند ساڵەی دوایشدا هۆڵەندا لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەدا بووە، کە هاوکاریی گەلی کوردی کردووە، چ لە باشوور یان رۆژئاوا. لە ماوەی پێشوودا لە کەناڵی گەلی کوردستان، بەرنامەیەکی دۆکۆمێنتاریمان لە بارەی ئەم وڵاتە جوانەوە کرد. لە رێگەی ئەو بەرنامەیەشەوە، دەرفەتی ئەوەم بۆ رەخسا کە لە نزیکەوە بەڕێز هانس ئاکەربۆم کونسوڵی گشتی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان بناسم و لە رێگەی ئەم دیدارەشەوە، کۆمەڵێک زانیاری زۆرم لە بارەی هۆڵەنداوە دەستکەوت. دەبێت ئەوەش بڵێم کە هانس ئاکەربۆم، وەک بەشێکی زۆری هۆڵەندییەکان، کەسێکی رۆح سوک و میوان دۆست بوو، ئەو ماوەیەی لەگەڵیدا بووم، سوودی زۆرم لێوەرگرت. لێرەدا هەوڵدەدەم لە رێگەی ئەم وتارەوە، تیشکێکی خێرا بخەمە سەر ئەم وڵاتەی جیهان، بەو هیوایەی کەمێك بە خوێنەرانی بناسێنم. جوگرافیا و مێژوو هۆڵەندا دەکەوێتە خۆرئاوای کێشوەری ئەوروپاوە و رووبەرێکی جوگرافی بچوکی هەیە، کۆی گشتیی رووبەرەکەی دەگاتە 41.583 کم چوارگۆشە. بەشێکی زۆری وڵاتەکە لە ئاستی دەریاوە زۆر نزمە، هەر بۆیە ناوی وڵاتەکەش لەمەوە هاتووە «واتە وڵاتی نزم». لەگەڵ ئەوەشدا ئەم وڵاتە مێژوویەکی ئێجگار دێرینی هەیە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 50 ی پێش زاییندا رۆمەکان دەستیان بەسەر هۆڵەندا گرتووە و هەتا کۆتایی ئیمپراتۆیەتی رۆما، لە ژێر دەستی ئەواندا بووە. ماوەیەکی زۆریش لە ژێر دەستی فرانکییەکاندا بووە، پاشان لە ساڵی 1477 دا یەکەمین شانشینی هۆڵەندی دروست دەبێت، ئەمەش دەبێتە سەرەتایەک بۆ دروستبوونی نەتەوەی هۆڵەندی. لە سەدەکانی 16 و حەڤدەدا، ئەم شانشینە، رۆڵێکی زۆرباشی لە بازرگانی جیهانیدا هەبووە و ئەو ساڵانەش بە سەردەمی زێڕینی دەناسرێت. هۆڵەندییەکان داهێنانی باشیان پێشکەشی مرۆڤایەتی کردووە و رۆڵیان لە پێشخستنی شارستانێتی ئەوروپیدا هەبووە، ئەم مێژووە دێرینەش، رۆڵی بەرچاوی هەیە بەسەر ئەمڕۆی ئەم وڵاتەدا. کۆمەڵگە ژمارەی دانیشتوانی هۆڵەندا دەگاتە سەرو 17 ملیۆن کەس، جگە لە هۆڵەندییەکان، کۆمەڵێک نەتەوەی تر دەژین، کە بەشێکی زۆریان لە وڵاتانی تری جیهانەوە هاتوون. دەتوانین بڵێین کۆمەڵگەی هۆڵەندی، کۆمەڵگەیەکی ڤرە کەلتوورە. تاڕادەیەکی باشیش ئەم وڵاتە سەرکەوتوو بووە، لە سەپاندنی ئارامی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی. هەرچەندە لەم چەند ساڵەی دواییدا، بەهۆی دروستبوونی کێشەی کۆچەران و بزووتنەوەی ئیسلامییە توندڕەوەکانەوە، لە هۆڵەنداش، بزووتنەوەی راسیزم و دژە پەنابەر دروستبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئەو بزووتنەوە پۆپۆلیست و راستڕەوانە، نەیانتوانیوە، ببنە مەترسی بۆسەر ئاشتی کۆمەڵایەتی لە هۆڵەندا. ئەمەش بە هۆی بوونی سیستمێکی باشی حکومڕانییەوە بووە، جگە لەوەش رۆحی لێبوردەیی و تۆڵێرانس، لە ناو هۆڵەندییەکاندا زۆر بەهێزە. زمانی هۆڵەندی زمانی هۆڵەندی یەکێکە لە زمانە ئەوروپییەکان، زمانێکە کە خاوەنی تایبەتمەندی خۆیەتی و زمانێکی دەوڵەمەندە. جگە لە هۆڵەنداش، لە بەشێکی بەلجیکا و ئەڵمانیاشدا، زمانی هۆڵەندی بەکاردەهێنرێت، بە تایبەتی لە بەلجیکادا، نیوەی هاووڵاتیانی بەلجیکا، هۆڵەندین. سیستمی سیاسی هۆڵەندا خاوەنی سیستمێکی سیاسی زۆر بەهێزە، پێڕەوی سیستمی پادشایەتیی دەستووری دەکات و هەروەها پشت بە پڕەنسیبە دیموکراسییەکان دەبەستێت، پارێزگاریی لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە مەدەنییەکان دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا سیستمی سیاسی هۆڵەندا لە چاو وڵاتانی تردا جۆرە تایبەتمەندییەکی هەیە. نابێت ئەوەشمان لەیادبچێت، کە هۆڵەندا سیستمێکی پادشایی دەستووریی هەیە. بەپێی ئەم سیستمەش پادشا لە هۆڵەندا، تەنها پۆستێکی سیمبۆڵیی و تەشریفاتییە، دەنا دەسەڵاتی سیاسی لە لای سەرۆک وەزیرانە. ئابووری گەلی هۆڵەندی بەوە ناسراون کە گەلێکن حەزیان بە بازرگانییە و هەمیشە بازرگانیان لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهاندا هەبووە، کۆمپانیای هیندی خۆرهەڵاتی هۆڵەندی لە سەدەی 16 ەوە دامەزراوە، یەکێکە لە کۆنترین کۆمپانیا بازرگانییەکانی جیهان. ئامانجی سەرەکی ئەم کۆمپانیایەش، بازرگانییکردن بووە لەگەڵ هیندستان و کیشوەری ئاسیا. لەو کاتەشدا گەورەترین رکابەری کۆمپانیای هیندی خۆرهەڵاتی ئینگلیزی بووە لە ناوچەکە و جیهاندا. هەر بۆیە رۆحی بازرگانی لە ناو هۆڵەندییەکاندا، مێژووییەکی ئێجگار دێرینی هەیە. بەندەری رۆتەردام یەکێکە لە گەورەترین بەندەری کیشوەری ئەوروپا. لە ماوەی چل ساڵی پێشووشدا ئابووری هۆڵەندا بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر گەشەی گەورەی بەخۆوە بینیوە، لە ئێستاشدا کۆی گشتی بەرهەمی نیشتمانی بۆ ساڵی 2021 دەگاتە 1070 ملیارد دۆلار. لە رووی داهاتی تاکەکەسیشەوە لە ساڵێکدا دەگاتە سەرو 52 هەزار دۆلار، بەمەش دەبێتە 11 هەمین وڵاتی جیهان لە رووی بەرزیی داهاتی تاکە کەسەوە. رۆژ لە دوای رۆژیش ئابووریی هۆڵەندا هەنگاوی زیاتر بەرەو پێشەوە دەنێت و بۆتە یەکێک لە ئابوورییە زۆرباشەکانی ئەوروپا و جیهان. دیارە لەپشت ئەم ئابووریە بەهێزەشەوە بوونی سیستمێکی دیموکراسیی و شەفاف و ژێرخانێکی ئابووریی باش هەیە. نابێت رۆحێکی گەورەی بازرگانیی و کارکردنیش لای هۆڵەندییەکان لە بیر بکەین، کە بۆتە سیمایەکی گرنگی کەسایەتی هۆڵەندییەکان. وڵاتی بەنداو و گوڵە جوانەکان وەک پێشتریش وتم، هۆڵەندا لە رووی ئاستی دەریاوە زۆر نزمە بۆیە بە وڵاتی زەوییە نزمەکان دەناسرێت، بەڵام لە ماوەی 50 ساڵی پێشوودا حکومەتی هۆڵەندا لە رێگەی دروستکردنی کۆمەڵێک بەنداوی گەورەوە، رووبەروی ئەم کێشەیە بۆتەوە و تاڕادەیەکی باش توانیویەتی بەسەر ئەم کێشەیەدا زاڵبێت. لە لایەکی تریشەوە، ئەمە وایکردووە کە لە رووی سیستمی ئاودێرییەوە زۆر بەهێزبێت و بتوانێت ببێتە یەکێک لە وڵاتە بەهێزەکانی جیهان لە رووی کەرتی کشتوکاڵییەوە، بەتایبەتی لە هەندێک کەرتدا، بۆ نموونە لە چاندنی گوڵدا یەکەمی جیهانە و هەر ئەمەش وایکردووە کە بە وڵاتی گوڵ بناسرێت. ساڵی 2021 هۆڵەندا 1.7 ملیارد چەپکە گوڵی بەرهەم هێناوە، کە دەکاتە 60% بەرهەمی جیهان، بە بڕی 6.2 ملیارد یۆرۆش هەناردەی جیهانی کردووە. بەمەش بۆتە یەکەمین وڵاتی بەرهەمهێنی گوڵ لە جیهاندا. لە رووی بەرهەمی کشتوکاڵیشەوە، بە حوکمی بوونی سیستمێکی باشی ئاودێری و پەیڕەوکردنی میتۆدی مۆدێرنی کشتوکاڵی، وایکردووە کە ئەم وڵاتە ببێتە یەکێک لە وڵاتە گەورەکانی بواری بەرهەمی کشتوکاڵی لە جیهاندا، هەروەها داهاتێکی باشیشیان لە کەرتی کشتوکاڵی دەستبکەوێت. ساڵی 2021 هەناردەی بەرهەمی کشتوکاڵی ریکۆردی شکاند و گەیشتە بڕی 104.7 ملیارد یۆرۆ، بەرهەمی کشتوکاڵی هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کردووە. هۆڵەندا و جیهان هۆڵەنەدا ئەندامێکی چالاکی رێکخراوی یەکێتی ئەوروپایە، هەروەها ئەندامێکی چالاکی رێکخراوی ناتۆشە، جگە لەوەش ئەندامی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە و لە ماوەی پێشووشدا لە سیاسەتی نیودەوڵەتیدا رۆڵێکی زۆر چالاک دەگێڕێت، بە تایبەتی لە مەسەلەی پیسبوونی ژینگە و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەدا، هەورەها لە جەنگی دژ بە داعش و تیرۆریشدا رۆڵی بەرچاوی هەیە. هۆڵەندا و یەکێتی ئەوروپا هۆڵەندا یەکێکە لە دامەزرێنەرانی رێکخراوی یەکێتی ئەوروپا. ئەندامێکی سەرەکی رێکەوتنامەی رۆمای ساڵی 1957 ە، کە بووە بەردی بناغەی دامەزراندنی بازاڕی هاوبەشی ئەوروپیی و دواتریش یەکێتی ئەوروپا. بۆیە هۆڵەندا هەر لە پاش جەنگی دووەمی جیهانییەوە، رۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە سیاسەتی یەکێتی ئەوروپادا. لە هەمانکاتیشدا، لە سیاسەتی دەرەکی هۆڵەنداشدا، یەکێتی ئەوروپا، دەبێتە سەنتەری ستراتیژی ئەم وڵاتە. دیارە کیشوەری ئەوروپا لە رووی سیاسیی و ئابووریی و سەربازیی و ئەمنیشەوە، گرنگییەکی ئێجگار گەورەی بۆ ئەم وڵاتە هەیە. هۆڵەندا و ناتۆ هۆڵەندا یەکێکە لە دامەزرێنەرانی رێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە ساڵی 1949 دا، هەر لەگەڵ دامەزراندنییەوە رۆڵێکی بەرچاو و کارای هەبووە لەم رێکخراوە سەربازییەدا. هۆڵەندا لە رێگەی بەشدارییکردنی لە ناتۆدا، توانیەتی توانا سەربازییەکانی خۆی بەهێز بکات، لە هەمانکاتیشدا پارێزگاری لە ئەمنیەت و سەلامەتی خۆیی و ئەوروپاش بکات. لە ئێستادا لە پاش یەکێتی ئەوروپا، دووەمین مەیدانی سەرەکی کارکردنی هۆڵەندا ناتۆیە. هۆڵەندا و کێشەکانی جیهان ئەوەی مایەی خۆشحاڵی و لایەنی جوانی سیاسەتی دەرەکی هۆڵەندایە، بەشداریکردنیەتی لە دۆزینەوەی رێگا چارەدا بۆ کێشەکانی جیهان بە تایبەتی مەسەلەی ژینگەپارێزی و هاوکاریکردنی دەوڵە هەژارەکانی جیهان. هەمیشە هۆڵەندا سیاسەتێکی پەیڕەوکردووە، کە داکۆکی لە ژینگەپارێزی بکات لە جیهاندا. لە تەواوی رێکەوتنامە جیهانییەکاندا بۆ پارێزگارییکردنی ژینگە، هۆڵەندا رۆڵێکی باشی گێڕاوە. ئەمەش خاڵێکی جوانی تری سیاسەتی دەرەکی ئەم وڵاتەیە. هۆڵەندا و جەنگ دژی تیرۆر یەکێک لە خاڵە گەشەکانی سیاسەتی دەرەکی هۆڵەندا، بەشداریکردنیەتی لە جەنگ دژی داعش. هۆڵەندا یەکێکە لەو دەوڵەتانەی کە هەر لەسەرەتای ئەم جەنگەوە، رۆڵێکی جوامێرانەی بینییوە و سوپاکەی لەگەڵ هاوپەیماناندا بەشدار بووە لە جەنگ لە دژی تیرۆریستانی داعش لە سوریا و عیراقدا. دەتوانم بڵێم لە جەنگی رزگارکردنی شاری کۆبانیشدا، فرۆکە جەنگییەکانی هۆڵەندا، لەگەڵ ئەمریکا و فەرەنسادا، گورزی باشیان لە چەتەکانی داعش وەشاندوە. جگە لەوەش هاوکاری زۆری هێزی پێشمەرگەی کردووە، بە تایبەتی لە رووی مەشق و راهێنان و پێدانی چەک و تەقەمنییەوە. کورد و هۆڵەندا وەک پێشتریش وتم، هۆڵەندا پەیوەندییەکی مێژوویی لەگەڵ گەلی کورد دا هەیە و یەکەم وڵات بووە کە مافی پەنابەری بەو کوردانە داوە کە پەنایان بۆ بردووە. هەر ئەمەش وایکردووە کە رەوەندێکی باشی کورد لەم وڵاتەدا هەبێت. جگە لەوەش، لە ماوەی پێشوودا پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە و کونسوڵگەری لە هەرێمی کوردستان کردۆتەوە. لە ئێستاشدا هۆڵەندا هاوکاری زۆری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، بە تایبەتی هێزی پێشمەرگە، کە لە رووی پێدانی چەک و تەقەمەنی و مەشق و راهێنانەوە، هاوکاری زۆری هێزی پێشمەرگە دەکات. جگە لەوەش هەروەک کونسوڵی گشتی هۆڵەندا پێی راگەیاندم، لە رووی کشتوکاڵیشەوە، هاوکاریی زۆری حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە. کۆتایی هۆڵەندا رۆڵێکی گرنگی هەیە لە سیاسەتی یەکێتی ئەوروپا و رێکخراوی ناتۆدا، ئەم دوو رێکخراوەش رۆڵی بەرچاویان لە سیاسەتی جیهاندا هەیە. جگە لەوەش رەوەندێکی باشی کوردیش لەم وڵاتە دەژین، کە لە زۆر رووەوە دەتوانن خزمەتی هەرێمی کردستان بکەن. هەروەها ئەزموونی هۆڵەندا لە رووی سیاسیی و ئابووریی و کەلتوورییەوە زۆر گرنگە، هەر بۆیە پێویستە لە هەموو لایەکەوە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا بەهێزتر بکرێت، بە تایبەتی لە رووی سیاسیی و ئابووریی و سەربازیی و فەرهەنگییەوە. سەرچاوەکان: 1-www.holland.com/de 2-www.planet-wissen.de 3-www.Statista.de 4-www.fruchtportal.de  


 عەتا قەرەداخی بێگومان گفتوگۆی ئەوەی کە ئایا نەتەوە ناسیونالیزم بەرهەم دەهێنێت و دروستی دەکات، یان ناسیونالیزم نەتەوە دروست دەکات بابەتێکە هەتاکو ئێستا توێژەرانی مێژوویی و کۆمەڵناسی ئەو بوارەی کردووەتە دوو سەنگەرو هەریەکەش بۆچوون و لێکدانەوەی تایبەتی خۆیان بۆ ئەو بابەتە هەیە. دیارە کاتێک باسی رەگوڕیشەی ناسیونالیزم دەکەین، رووبەڕووی جیاوازی ئاشکرایی نێوان روانینی ئەو دوو ئاراستەیە دەبینەوە. هەر ئاراستەیەک لەسەر بنەمای روانینی خۆیی و ئەو کەرەستانەی کە کاری لەسەر دەکات بۆ سەلماندنی بۆچوونی خۆی، ناڕاستەوخۆ باسی رەگوڕیشەی ناسیونالیزم بە پێی ئەو ئاراستەی بڕوای پێیەتی دەکات. بەڵام دەبێ بزانین بنەماکانی نەتەوەو رەگوڕیشەی ناسیونالیزم بۆ هەر یەکێک لەو دوو ئاراستەیە بنەمای مادی و بەرجەستەن. ئەوەش وا دەکات هەر ئاراستەیەک بتوانێت بەڵگەی بابەتی بۆ سەلماندنی بۆچوونی خۆی بهێنێتەوە. ئەمە سەرباری جیاوازی بۆچوونی هەر ئاراستەیەک لە باسکردنی رەگوڕیشەی ناسیونالیزمدا، یەکتربڕین و تیکەڵاویش لە بۆجوونیاندا سەبارەت بە شوناسی نەتەوەیی دروست دەبێت. بەڵام ئەمە هەرگیز ئەوە ناگەیەنێت کە جیاوازی لە نێوان ناسیونالیزم و شوناسی نەتەوەیی، یان شوناسی نەتەوەیی و نەتەوەو نەتەوەییبوون و ئایدیۆلۆجیای نەتەوەیدا نیە. راستە سنووری نێوان ئەم چەمکانە زۆر پتەو و بەهێزنین، بەڵام سنوورگەلێکن کە دەتوانن ئەرکی جیاکردنەوەی پێناسەو گەوهەرو رەهەندی نێوانیان ببینن. ئێرنیست گیلنەر گفتوگۆی ئەوەی دەکرد کە: نەتەوەکان و شوناسی نەتەوەیی و ناسیونالیزم بەرهەمی مۆدێرنێتەن(١٤). هەروەک مۆدێرنیستەکان وای دادەنین کە نەتەوە لە گەوهەردا دیاردەیەکی سیاسیە(١٥). هانس کۆهن و ئیلیا خەدوری ناسیونالیزم وەکو ئایدیۆلۆجیایەکی سیاسی پێناسە دەکەن کە لە سەدەی نۆزدەیەمدا دەرکەوتووە(١٦). مەبەستمان لە هێنانەوەی ئەم وتانە کە پێداگری لەسەر رۆڵی مۆدێرنێتە لەسەر دەرکەوتنی ناسیونالیزم و پێکهاتنی نەتەوە دەکەن، بەو مەبەستەیە کە ئاماژە بۆ ئەوە بکەین لە روانگەی ئەم ئاراستەیەوە نەتەوەو ناسیونالیزم رەگوڕیشەیەکی دێرینی نیەوە بەرهەمی دوای شۆڕشی پیشەسازین. ئەم بۆچوونەش تەواو ناکۆکە لەگەڵ بۆچوونی نەریتخوازەکاندا، کە ئەوان مێژووی نەتەوە زۆر بە کۆن دەزانن و هاوکات نەتەوە بە یەکەم و ناسیونالیزم و دەوڵەتی نەتەوەیی بە دووەم دادەنێن.. نەریتیەکان بڕوایان وایە ناسیونالیزم زۆر پێش دەرکەوتن و هاتنی مۆدێرنێتە دەرکەوتووەو شێوەی خۆیی وەرگرتووە(١٧). ئەم بۆچوونەی نەریتیەکانیش پەیوەندی بە گەوهەری تێڕوانینی ئەوانەوە هەیە بۆ بوونی نەتەوە، کە پێیان وایە نەتەوە مێژوویەکی دێرینتری هەیە لەچاو شۆڕشی پیشەسازی و دروستبوونی دەوڵەتی نەتەودا.. لای زۆربەی ناسیونالیستەکان، نەتەوەکان ئەو رێکخراوە سروشتیانەن، کە بە سروشتی و زۆر لە پێش دروستبوونی دەوڵەتەوە هەن(١٨). لێرەوە تەواو ئاشکرا دەبێت کە رووبەرێکی فراون لە نێوان تێڕوانینی نەریتیەکان و مۆدێرنیستەکاندا هەیە بۆ دەرکەوتنی نەتەوەو ناسیونالیزم. بەوپێیەش وەکو لەسەرەوەش ئاماژەمان بۆ کرد دەشێ لە روانگەی هەر ئاراستەیەکیانەوە باس لە سەرچاوە، یان رەگوڕیشەی ناسیونالیزم بکرێت. دایڤد هیوم گفتوگۆی ئەوەی دەکرد کە کەسێتی نەتەوەیەک- بەو پێیە ناسیونالیزمەکەیشی- تەنیا وەستاوەتە سەر فاکتەرە رەفتاری و کۆمەڵایەتیە- سیاسیەکان و هەروەها هەندێ بنەمای تری کردووە بە پاشخان بۆ خاسێتی نەتەوەیی- ناسیونالیزم- وەکو زمانی هاوبەش و ئایینی هاوبەش و نەریتی کەلتوری و ژێردەستەیی و بوونی یەک حکومەت(١٩). دایڤد هیوم باس لەو بنەما هاوبەشانە دەکات کە لە روانگەی نەریتیەکانەوە وەکو بنەما یان رەگوڕیشەی نەتەوەو ناسیونالیزم دادەنرێن. ئەو بایەخ بە فاکتەرە رەفتارییەکان دەدات و تا ئەندازەیەک شۆڕدەبێتەوە بۆ قوڵایی بنیادی کەسێتی و ئەوەش دەبەستێت بە ئەو زەمینە جوگرافیەوە کە هەر پێکهاتەیەکی تێدا دەژی و رۆڵی جوگرافیاو کەش و هەواش لەسەر تاکەکەس و گروپەکانیش بەهێند وەردەگرێت. ئەو باس لەوە دەکات کە خەڵکی باشوری ئەوروپا بە تایبەتی ئیسپانیا و ئیتالیا ژیرترن لەچاو خەڵکی باکوری ئەو کیشوەرەدا، کە ئاو وهەوایەکی ساردی هەیەو هەتاوی لێهەڵنایەت و تەمومژاوی و خەماویە. ئەو پێیوایە خەڵکی باشور چالاکترن و ئارەزووی زیاتریان بۆ شەروشۆڕ هەیەو سەرئەنجام ئەو چالاکی و جوڵەیە رۆڵیان دەبێت لە زەمینەسازیدا بۆ نزیکبوونەوەو یەکگرتنی زیاتر، کە ئەوەش وەکو بنەمایەکی نەتەوەو ناسیونالیزم سەیر دەکرێت.  ئاراستەی نەریتیەکان زیاتر پێداگری لەسەر بوونی نەتەوەو بەو پێیەش سەرهەڵدانی ناسیونالیزم دەکەنەوە لە پێش شۆڕشی پیشەسازیداو لەوێشەوە دەیانەوێت بیسەلمێنن ئەو بۆچوونەی مۆدێرنیستەکان راست نیە کە پێیوایە نەتەوەو ناسیونالیزم بەرهەمی مۆدێرنێتەن. نەریتیەکان پێیان وایە کە نەتەوە لە قۆناغێکی زووتردا پێکهاتووەو شێوازی تایبەتی خۆیی وەرگرتووەو بووەتە دامەزراوەیەک یان کۆمەڵگایەکی سیاسی کەلتوری. بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونەش ئاماژە بۆ کۆمەڵگای ئینگلیزی و سویدی و فەڕەنسی و هۆڵەندی دەکەن. لەبارەی کۆمەڵگای ئینگلیزیەوە ئەندریان هاستینگ دەڵێت: ئینگلیز نموونەیەکی بنچینەیی لە نەتەوەو دەوڵەتی نەتەوە دەنوێنێت کە هەستی یەکێتی نەتەوەیی تیایدا لە کۆتایی سەدەی دەیەمەوە دەرکەوتووە(٢٠). ئاشکرایە کە سەرەتای شۆڕشی پیشەسازی لە بەریتانیا دەستیپێکرد و هەر بەوپێێەش لە روانگەی مۆدێرنیستەکانەوە دەوڵەتی نەتەوە لەو وڵاتە لە پێش شوێنانی ترەوە دروستبووەو نەتەوەو ناسیونالیزمیش ئەگەر وەکو بەرهەمی شۆڕشی پیشەسازی سەیربکرێن، ئەوا دیسان سەرەتای دەرکەوتنیان دەگەڕێتەوە بۆ بەریتانیا. لەپاڵ ئەم بۆچوونەدا لێکدانەوەی لەوجۆرەش دەکرێت گوایە لە سیستێمی فیودیالی و لە چوارچێوەی ئیمپراتۆرێتە خێڵایەتی و ئایینەکانیشدا کە خاسێتی دەوڵەتیان هەبووە، بە جۆرێک نەتەوەو دەوڵەتی نەتەوەش دەشێت ببینرێن، واتە نەتەوەو دەوڵەتی نەتەوە بەو پێیە دەگەڕێنەوە بۆ قۆناغی پێش شۆڕشی پیشەسازی.  هەر لەسەر بنەمای ئەم بۆچوونەی سەرەوە، رستەیەکی دیار لەسەر زمانی ناسیونالیستانەوە بەردەوام دەبیسترێت کە دەڵێت: هەستی نەتەوایەتی- ناسیونالیزم- رەگوڕیشەی بەقوڵی رۆدەچێتە ناو مێژووی مرۆڤایەتیەوە. ئەمەش بەو مانایە دێت کە گوایە نەتەوەو ناسیونالیزم مێژوویەکی کۆنیان هەیە.. گەڕان بە دوای دەسەڵات و سامان و هەژمووندا ئارەزووی مرۆڤە، کە زیاتر بەشێک لە پێکهاتنی بۆماوەیی-جێنەتیکی- مرۆڤ و بناغەی ناسیونالیزم پێکدەهێنێت کە لە مێژووی دوورو درێژی مرۆڤایەتیدا پێکهاتووەو دەرکەوتووە(٢١). لێرەدا بابەتی نەتەوەو ناسیونالیزم پەیوەست دەکرێت بە بنەمای بۆماوەوە، یان وەکو خاسێتی خۆڕسکی مرۆڤ سەیردەکرێت و بەلای ئەو بۆچوونەدا دەچێت کە مەسەلەی نەتەوەو هەستی نەتەوایەتی و ناسیونالیزم پەیوەندی بە هیچ قۆناغێکی مێژووییەوە نیە، بەڵکو دیاردەیەکە پەیوەندی بە بوونی مرۆڤەوە هەیەو وەکو خاسێتی دیاری مرۆڤ لێی دەڕوانرێت. باسکردنی نەتەوەو ناسیونالیزم و گێرانەوەیان بۆ مێژوویەکی کۆنتر لەوەی مۆدێرنیستەکان دیاری دەکەن، زیاتر پشت بە هەندێ بنەما دەبەستێت کە وەکو رەگوڕیشەی ناسیونالیزم سەیر دەکرێن.  


په‌یكار عوسمان - کێشەی "کۆمەڵگا" ئەوەیە کە ناوەوەو دەرەوەی هەیە. کاتێ ملکەچی یاساو مەرجەکانی بیت، باوەشێکی ئارامەو کاتێکیش وا نەبیت، ئیتر فڕێتئەداتە دەرەوە. دەرەوەی کۆمەڵگاش، یەعنی کوشتنی مەعنەوی و ڕەنگە کوشتنی فیزیکییش،، هەنیجاریش هیچت لێ ناکا، تەنیا ئیهمالت ئەکات، کە ئەوەش بۆ خۆی کوشتنێکە! - جا بۆ ئەوەی مرۆڤ، لە زەبری ئەم وەحشە دڵڕەقە بپارێزین، ئەبێ نەریت و یاساکانی کۆمەڵگا، دایمە لە ژێر پرسیارو ڕەخنەدابێ، لەپێناو دوو شت: یەکەم بۆئەوەی کۆمەڵگا "وەکو گشتێك" لە جوڵەی ئاسایی خۆیدابێ و بواری ئەپدەیت و تێپەڕاندنی نەرمی ئەو شتانەی هەبێ، کە پێویستە تێیپەڕێنێ. دووەمیش بۆئەوەی مەنفەس و دەرچەیەك هەبێ، بۆ پاراستنی ئەو تاکانەی کە بە هەر هۆکارێكی کۆمەڵایەتی، فیکری، بایۆلۆژی.. ئەکەونە دەرەوەی کۆمەڵگاو مەترسی ئەکەوێتە سەریان. - بەها کۆمەڵایەتییەکان، لەوێدا ژیانە، کە پەیوەندییەکان و "ژیانی کۆیی" ئێمە ڕێکئەخا.. لەوێشدا مەرگە، کە ئیرادەی فەرد زەوت ئەکاو ئیتر تۆ ئازادیی چوونە ئەودیو دیوارەکانت نیەو لەوێدا ژیان کۆتایی دێ. بۆئەوەشی بەهاکانی کۆمەڵگاو ئازادی تاك، هەردوکی لەسەر خەتی ژیانبێ و هیچیان نەبێتە مەرگی ئەویتریان،، پێویستمان بە "حیکمەتی هاوسەنگی"و خۆپاراستنە لە "حەماقەتی جەمسەرگیری"! - ئەوەشی کە کۆمەڵگای ئێمەی بردۆتە سەر خەتی مەرگ و بنبەست، هەر ئەوەیە کە زمانی هاوسەنگمان نیەو زمانی ڕادیکاڵ و جەمسەرگیر، ساحەکەی تەنیوە. بەجۆرێك کە ئیتر فەزای هاوبەشمان نەماوەو هیچ ئاڕاستەیەك، ڕەنگێك نیە لە تەنیشت ئەوانیتردا، بەڵکو هەر ئاراستەیەك، نەفەسێکی داگیرکاریی و کردنە دەرەوەی ئەوانیترە! - سەیرکە، ئێمە فیمینیست و ڕێکخراوی ژنانمان زیادیکردو ژنکوشتنیشمان هەر زیادیکرد! سەیرکە ئێمە بانگخوازو مامۆستای ئەخلاقمان زیادیکردو حاڵی ئەخلاقیش شڕتر بووە! سەیرکە ئێمە موعارەزەمان نەبوو، لە هەنێ ڕووەوە حاڵمان زۆر باشتربوو لە ئێستا! ئەمانە بۆ وایە، لەکاتێکا ئەبوو پێچەوانەکەیبێت؟ - چونکە بەرگریکردن لە ژن بە زمانی جەمسەرگیریی، ژن ئەباتە ناو شەڕێکی دۆڕاوەوە لەگەڵ پیاوسالارییداو کەڵبەو نینۆکی خێڵ زیاتر دێتە دەرەوە. چونکە بەرگریکردن لە ئەخلاق بە زمانی جەمسەرگیریی، ڕێك یەعنی قۆرخکردن و داگیرکردنی ئەخلاق، کە یەکێ لە لێکەوتەو کاردانەوەکانیشی، لادان و یاخیبوونە لەو ئەخلاقە داگیرکراوە ئایدۆلۆژییە. چونکە موعارەزە هات و جەمسەرگیرییەکی توندی سیاسیی بۆ دروستکردین، دەی لە سایکۆلۆژیای شەڕو دوژمنکارییشدا، لایەنەکان زیاتر ئەچنەوە ناو خۆیان و کەمتر دێنە دەرەوەی خۆیان بۆ ناوچەی چاکەی گشتی! - بێگومان کێشەکان فرەهۆکارەو مەبەستم ئەوەنیە کە منیش دیسان تاکڕەهەندانەو جەمسەرگیرانە، شتەکە کورت بکەمەوە لە تاکە هۆکارێکدا،، بەڵکو ئەمەوێ بڵێم، "یەکێ" لە هۆکارەکانی کێشەکانی ئێمە، ئەوەیە کە بە عەقڵیەتی جەمسەرگیریی کاریان لەسەر ئەکەین،، ئیتر هەمیشە کە ئەمانەوێ شتێك چاك بکەین، خراپتری ئەکەین و ئا لێرەدا نیەتی باش و خراپ فەرقی نامێنێ و هەردوکی هەر تێکگیران و خراپترکردنە! خۆ داعشێك شەرت نیە نیەتی خراپبێ و کەسێکی خراپ بێت، بەڵکو دیدە پەڕگیرو جەمسەرگیرانەکەی بۆ چاککردن، خۆی و دنیاکەش خراپ ئەکات! - سەرەتا وتمان، ڕەخنەو پرسیار لەسەر بەها کۆمەڵایەتییەکان با هەبێت، بۆئەوەی ئەپدەیتە نەرمە دوورمەوداکەی کۆمەڵگا بکەوێتە سەر سکەی خۆی.. هەروەها بۆ حاڵەتی طەواری و پاراستنی کەسانی خاوەن کەیسی تایبەت لە سزای کۆمەڵگا.. بەڵام کاتێ ڕەخنەو گفتوگۆ، ئەگۆڕێت بۆ پچڕان و جەمسەرگیریی توندی مەسەلەن نێوان مەلا و نوسەر، ئیتر ئەمە ڕەقهەڵاتنێکی زیاتری کۆمەڵگایەو فرسەتی ئەپدەیتەکە ئەکوژێ،، دەرگای تاوان و توندتیژییشە لە خۆمانی ئەکەینەوە! - "جەمسەرگیریی" فەزای لەباری توندوتیژییەو بە هەر فیکرو ئاڕاستەیەکەوە بۆ ئەوێ باژۆیت، ئاو ئەکەیتە ئاشی توندوتیژییەوە. یەعنی کاتێ گەنجێك لەسەر گۆڕینی ڕەگەز ئەکوژرێ، لەڕاستیدا هەموومان بەشدارین لە کوشتنیدا، چونکە هەموو ئاڕاستەکان لە دۆخی جەمسەرگیریداین، ئیتر ئەو کولتورەی کە خۆی توندە، توندیی تریشی ئەچێتە سەرو لە شێوەی تاوانێکدا بەرجەستە ئەبێ و دێتەوە بەردەممان! - لە دۆخێکی واشداو کە شتەکە هاتە سەر خوێن و ژیانی ئینسان، ئیتر چەلەحانێ و جەدەلە بێتامەکان زیادەن و چیتر پرسیارەکەش ئەوەنیە، کە پرسی ڕەگەزو گەوڵوگونی ئینسان، لای ئازادی تاكە، یان لای بەهاکانی کۆمەڵگا،، بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە، کە چۆن ژیان و کەرامەتی ئینسان پارێزراوبێ، بەبێ گوێدانە ئەوەی، کە چی لەناو دەرپێکەیدایە! - ڕاستی ئەوەیە کە تاك و کۆمەڵ، یان ئازادی و نەریت، لە دۆخی جەمسەرگیری و شەڕدا نین، بەڵام لە دۆخێکی نمونەیی و شامشەریفیشدا نین، بەڵکو لە پەیوەندییەکی بەناویەکداچوودان و ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە، ئەم پەیوەندییە ژیانیی بێت و هیچ جەمسەرێك تا ڕادەی مەرگ و پچڕان، شتەکە بەلای خۆیدا ڕانەکێشێ.


عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا  له‌م كات و ساته‌ هه‌ستیاره‌ی كه‌ عێراقی پیا تێپه‌ڕ ده‌بێت، هه‌ندێ پێشنیارو ره‌خنه‌ی دۆستانه‌ بۆ هه‌ردوو هێزی فه‌رمانڕه‌وا، پارتی و یه‌كێتی، پێویستن. له‌دۆخی نائاسایی و ته‌نانه‌ت شێنه‌یی_شدا، مرۆڤ دڵنیا نییه‌ ده‌نگی ده‌بیسترێت یان نا. دۆخه‌كه‌ ره‌نگه‌ له‌ شێوه‌ی كه‌شییه‌كه‌ی تایتانیك بێت!، پڕه‌ له‌ مه‌ردوم كه‌ له‌ حاڵی شپرزه‌یی‌ كه‌شتییه‌كه‌دا، چاره‌نووسیان، وه‌ك چاره‌نووسی هه‌مووانه‌، بگره‌ ره‌نگه‌ بۆ داماوان خراپتریش بێ له‌ خواپێداوان!.  هه‌موو دیومانه‌ كه‌ له‌ فیلمی تایتانیكدا، سه‌ر‌وه‌ختی نقومبوون سه‌روه‌ختی هه‌ركه‌س بۆ خۆی و په‌له‌قاژه‌ی رزگاركردنی گیانه‌!، ئه‌وه‌ی به‌له‌مێكی چنگ ده‌كه‌وێ نا‌خنكێ، ئه‌وه‌شی جێی نابێته‌وه‌‌، ده‌بێته‌ خۆراكی ده‌ریاو سه‌رگوزشته‌ی تراژیدیی سه‌رزاری قوتاربووان!.  میتافۆری تایتانیك، بۆ دۆخی هه‌رێم ئه‌گونجێ، به‌ جیاوازیی هۆكاری نقومبوونه‌وه‌، به‌ڵام ئاكام هه‌ر یه‌ك شته‌: كاپتن، ده‌بێ ئاگای له‌ جوگرافیای ده‌ریاو ستێرنی كه‌شتییه‌كه‌و كه‌ندو كۆسپه‌كانی بن ده‌ریاو كه‌ش و هه‌وا بێ به‌گشتی.  ئێمه‌ كه‌ پێشنیار ئه‌كه‌ین، ئه‌زانین ده‌شێت له‌گه‌ڵ هه‌ر دۆخێكی هه‌ستیاردا بۆ هه‌رێم، به‌شێك له‌ براده‌ران، پێش نقوومبوون ببنه‌وه‌ به‌ هاووڵاتی له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ ره‌گه‌زنامه‌ی پێ به‌خشیون!، به‌ڵام ئه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌م قورتارنامه‌یه‌ی پێ نه‌بوو، چی؟ چۆن رزگاری ببێ؟ تاكه‌ی به‌رگه‌ی ئاواره‌یی و ژێر ده‌واری په‌نابه‌ریی سه‌ر سنوره‌كان بێت؟ هه‌ر بۆیه‌، بیرۆكه‌كه‌، بۆ سیاچاره‌كانی ناو كه‌شییه‌كه‌ی هه‌رێم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا هاوار بكه‌ین كه‌شتییه‌كه‌ نقوم نه‌بێت. له‌ ره‌شه‌باو شاخی به‌ستوو و سه‌هۆڵبه‌ندان و زریان بیپارێزین ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئیشی ئه‌وانه‌ی به‌م جۆره‌ خه‌می كه‌شتییه‌كه‌ ده‌خۆن، بریتی بێت له‌ هه‌ڵڕشتنی خه‌ڵوز بۆی و به‌سه‌روچاوی ره‌شه‌وه‌ ئێشكگرتن بێ به‌دیار بزوێنه‌ره‌كانییه‌وه‌..! به‌ڵێ له‌ پێناوی ژیان و ئارامی، له‌پێناوی نقوم نه‌بوونی ئه‌و كه‌شییه‌ی كه‌  پێی ده‌وترێ قه‌واره‌ی هه‌رێم، پێویسته‌ به‌ پارتی و یه‌كێتی بڵێین: پانی ببینن و بوه‌ستن. با ته‌ماحی كۆنترۆڵكردنی هه‌موو پۆست و پایه‌كان و شه‌ڕكردن له‌سه‌ریان، به‌ شاخه‌ به‌ردێكتاندا نه‌دات!، كات له‌ ئێستادا له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی داگیركه‌رانی كوردستانه‌ به‌ گشتی نه‌ك ئێوه‌. له‌ناو ئه‌م گه‌مه‌ هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تییه‌دا، چ جیهان و چ داگیركه‌رانیش، كه‌سیان ئاماده‌ی پاراستنی قه‌واره‌كه‌ نین ئه‌گه‌ر به‌ ته‌ماحی هه‌ڵه‌و سیاسه‌تی یه‌كتر شكاندنی خۆتان كونی تێبكه‌ن و له‌ ململانێ له‌سه‌ر بابه‌تی لاوه‌كی، نقوم ببێت.  ئه‌وان له‌باشترین حاڵه‌تدا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی حزبیی په‌تی ره‌چاو ده‌كه‌ن كه‌ ته‌واو دژ بێ به‌ كۆڵه‌گه‌كانی یه‌كپارچه‌یی و خۆڕاگرتنی ئه‌و سه‌رزه‌مینه‌ی كه‌ پێی ده‌ڵێین كوردستان. ئه‌وان، تا ئێستا، یان بۆ چاوبه‌سته‌كی ناوی كوردستان ئه‌هێنن، یان له‌ بنه‌ڕه‌تدا به‌ باكوری عێراق ناوی ده‌به‌ن، یان شیمالونا‌لحه‌بیب!، كه‌ ئه‌وان دان به‌ خاوه‌ندارێتیی نیشتمانه‌كه‌تاندا نانێن ده‌بێ هه‌میشه‌ گومانتان هه‌بێ له‌وه‌ی رێزی هاونیشتمانییه‌كانیشی بگرن. كه‌س ئه‌وه‌نده‌ نه‌فام نییه‌ له‌ سیاسه‌تدا، خواستی به‌ گژا چوونه‌وه‌ی داگیركه‌رانی لێتان هه‌بێت، داواكاریی خۆتڕێنی وه‌ها له‌ ئارادا نییه‌!. خۆ ئه‌گه‌ر به‌ زمانی دیبلۆماسی پێیان ده‌ڵێن: دراوسێ، ئه‌وا ته‌نها داواكه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ زمانی بیر و دڵ بیرتان نه‌چێ كه‌ ئه‌وان كێن!. هه‌میشه‌ كه‌ ته‌وقه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، دواتر په‌نجه‌كانتان بژمێرنه‌وه‌!. دۆستایه‌تی ئه‌وان،(أخژ و عگا)ی تیا نییه‌ بۆ كورد، به‌ڵكو ته‌نها بردنه‌، رێككه‌وتن و هاوپه‌یمانێتیشیان له‌گه‌ڵ دۆسته‌كانیاندا تاسه‌ر ئێوه‌ی تیا نابێت!‌، ئه‌وپه‌ڕی شۆربایه‌كی سارد ده‌رخواردی هه‌ر هێزێك ده‌درێت كه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكات. بۆیه‌ باكی میلله‌ته‌كه‌تان هه‌بێ، له‌ پێناوی پۆست و پایه‌كاندا، ناڕاسته‌وخۆ، ده‌رگا به‌رووی جێبه‌جێبوونی پیلان و پرۆژه‌ی مێژوویی داگیركه‌راندا مه‌كه‌نه‌وه‌، كوردایه‌تی ئه‌وه‌ نییه‌ ماڵی خه‌ڵك رێك بخه‌یته‌وه‌ و هی خۆت بشوێنێ!، ئه‌مه‌ هه‌موو شتێكه‌ به‌س كوردایه‌تی نه‌بێ‌‌. پاشان، خه‌می خۆتان و میلله‌ته‌كه‌تان بخۆن، براده‌رینه‌‌!، سونه‌كان و شیعه‌كانی عێراق، بێ خاوه‌ن نین، ئه‌وان‌ ته‌نها له‌ هه‌ندێ كێشه‌ی ناوخۆی خۆیاندایه‌ كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی تێپه‌ڕ په‌كیان له‌سه‌ر ئێوه‌ كه‌وتووه‌..! ئێوه‌ باش ئه‌زانن كه‌ توركه‌كان چاویان له‌ ساڵی 2023ه‌! كه‌ په‌یماننامه‌ی یه‌ك سه‌ده‌یی لۆزان كۆتایی پێ دێ، ئێرانییه‌كان خه‌می شیعه‌كان و هه‌ژموونی خۆیانه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌مریكییه‌كاندا، رژێمی ئه‌سه‌د، بۆی بلوێ، ته‌نانه‌ت ئاماده‌ی سازشه‌ بۆ داعشیش بۆ ئه‌وه‌ی هه‌سه‌ده‌ له‌ناو به‌رێت و وه‌ك سه‌ركه‌وتووه‌یه‌كی جه‌نگ بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و كۆمكاری عه‌ره‌بییه‌وه‌.  پاشان، له‌ولاوه‌، ساڵ بۆ ساڵ، به‌ ئاشكرا، فه‌رمانڕه‌واییه‌كه‌ی خۆیشمان روو له‌ خراپییه‌‌. باج و خه‌راج له‌ سه‌ر هاووڵاتیان زیاتر ده‌كرێ، مووچه‌ له‌ كاتی خۆیدا نادرێ، خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ سوته‌مه‌نی، ئاو، كاره‌با، پرۆژه‌، ساڵ دوای ساڵ ئه‌چنه‌ ئاو و گرانتر له‌سه‌ر هاووڵاتی ده‌كه‌ون، گه‌نجان به‌ لێشاو وڵات به‌جێ ده‌هێڵن و ده‌یان كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌ردو نه‌خۆشیی ده‌روونی بڵاوبوونه‌ته‌‌وه‌، ته‌نانه‌ت شاره‌كانمان به‌رگه‌ی زریان و لافاوه‌كانیش ناگرن!.. له‌ولاتر ده‌بینین رێی خۆپیشاندان و ته‌نانه‌ت ته‌نفیسیشتان له‌ هاووڵاتی گرتووه‌، له‌ باری گوزه‌رانه‌وه‌، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌و نییه‌، ته‌نها مووچه‌كه‌یه‌‌، ئه‌و‌یش یان لێی ده‌بڕدرێت، یان دوا ده‌كه‌وێ، یان گرێدراوی خێراوه‌كه‌ی كازمییه‌!.  بۆیه‌ له‌وه‌ زیاتر ناخۆشی مه‌كه‌ن. ئینسانی كورد، به‌و هه‌موو نادادپه‌روه‌رییه‌، به‌ ناچاری، رازی بووه‌، به‌ڵام خۆڕاگری و ئارامیشی مه‌شێوێنن.  به‌ڕێزان، شاره‌كانمان به‌رگه‌ی كاتیۆشای میلیشیاكان و بۆمبارانی توركه‌كان و تۆپباران و فشاری ئێرانییه‌كان ناگرن. ئه‌گه‌ر بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا و توركیا له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی ململانێكانی ناوچه‌كه‌دا پارێزراو نه‌بن، ئه‌گه‌ر ریاز، ئه‌بو زه‌بی، ته‌لئه‌بیب، به‌یروت و باشووری لوبنان و دیمه‌شق، كاتیۆشا باران بكرێن و له‌ناو ئاڵوگۆڕی ئاگر باراندا بژین، چی رێگره‌ له‌وه‌ی پارێزگاكانی هه‌رێمیش بكرێنه‌ ئامانج؟.. كورتبینی و سه‌ره‌ڕۆیی له‌ سیاسه‌تدا هه‌‌ڵه‌یه‌، تكایه‌.. برای خۆتان بۆ كه‌سی تر مه‌شكێنن، ئه‌وه‌ی رێزی هاوزمانه‌كه‌ی خۆی نه‌گرێت، كه‌س له‌ ناخدا رێزی لێ ناگرێ، دڵنیابن هه‌موو رێككه‌وتنێكیش له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتردا بێ به‌هایه‌، كاتییه، پێویستیی هه‌لومه‌رجێكی دیاریكراوه‌و به‌س‌‌، ئه‌وپه‌ڕی به‌كارهێنانێكه‌ په‌ڕۆ ئاسا!، دوای ئیستهلاككردنی، فرێ ده‌درێت، ئاینده‌ش ئه‌م راستییه‌ ساده‌یه‌ زیاتر و زۆرتر روون ده‌كاته‌وه‌.  


له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج  هیچ كات هێنده‌ی ئێستا كوردی كه‌ركوك له‌ ده‌سه‌ڵاتی نه‌وتمژ و تاڵانچی كوردستان توڕو بێزار نه‌بووه‌، ئه‌گه‌ر سه‌یری  به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ین تێده‌گه‌ین كورد چه‌ند توڕه‌ن ، ئیتر ره‌نگه‌ پێویست به‌ هیچی تر نه‌كات ، له‌ مه‌ودای چوارده‌ ساڵی ده‌سه‌ڵاتی ره‌های كوردا هه‌ره‌ زۆری به‌رپرسان خه‌ریكی ڤێللاو ته‌لارو چێشخانه‌و به‌نزینخانه‌و بزنس بوون و كه‌سیان خه‌به‌رداری كه‌ركوك نه‌بوون ، ئه‌م په‌تاو دزیه‌ به‌شێك له‌وانه‌شی گرتبوه‌وه‌ كه‌ گوایه‌ دژی گه‌نده‌ڵین ، هه‌یه‌ هه‌زاران مه‌تر زه‌وی له‌ كه‌ركوك تاڵانكردوه‌و ده‌یان خانوی فرۆشتوه‌ ، به‌ڵام خێری فلسێكی قه‌ڵبی بۆ كه‌ركوك نه‌بووه‌ ، مێژوو هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ رۆژی خۆیدا ئاشكرا ده‌كات ، له‌ گه‌رمه‌ی شكستی سوپای عیراقیدا به‌رانبه‌رداعش عه‌ڕابه‌كانی كوردایه‌تی خه‌ریكی تاڵانی چه‌ك  ئۆتۆمبیلی سه‌ربازی و دزی سه‌ربازگه‌كان بوون ، ئێستا خۆیان وه‌ك فریشته‌ نمایش ده‌كه‌ن ، ئێستا كه‌ كه‌ركوك له‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌دایه‌ به‌رپرسی یه‌كه‌می ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ به‌رله‌وه‌ی كه‌سی تر بێت كورد خۆیه‌تی ، 14 ساڵ نه‌وتی كه‌ركوكیان تاڵانكرد ، زه‌ویان ته‌خشان و په‌خشانكرد ، له‌ سه‌ر پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌یه‌ك شه‌ڕی یه‌كتریان كرد ، یه‌كتریان به‌ دز ، خائین ، خۆفرۆش و تاڵانچی له‌ قه‌ڵه‌مدا ، نه‌یانهێشت خزمه‌تگوزاری و پاڵاوگه‌ی نه‌وت و پڕۆژه‌ی باش له‌ كه‌ركوكا دروستبكرێت ، جارێكیان بینیم یه‌كێك له‌ به‌رپرسه‌كانی كه‌ركوك خه‌ریكی دروستكردنی كۆگایه‌كه‌ له‌ سه‌ر ئه‌رزی حه‌رام ، وتم تۆ بۆ ، وتی بۆ داهاتوی خۆم كه‌ س ماوه‌نه‌یكات ، با ناوی به‌رپرسه‌كه‌ بمێنێ‌ بۆ مێژوو. ئێستاش به‌رژه‌وه‌ندی به‌شێك له‌ دزو گه‌نده‌ڵان وه‌ك خۆیه‌تی له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رۆژ به‌ رۆژ كه‌ركوك به‌ره‌و دواوه‌ ده‌چێت ، له‌ یه‌كدوورۆژی رابردودا سه‌ردانی زیندانی گرتن و گوازتنه‌وه‌ی كه‌ركوكم كرد ،هه‌ڵبه‌ت له‌ ده‌رگاوه‌ تا ناو زیندان له‌ زبڵخانێكی گه‌وره‌ زیاتر نیه‌ ، پیس و ناشرین و وێران ، خه‌ڵك بۆ سه‌ردان ده‌چێت شوێنی نیه‌ بۆ دانیشتن ، زیندانیه‌كان له‌ پشت دووته‌لبه‌ندی تاریك و چڕه‌وه‌ ته‌نانه‌ت ده‌م و چاویشیان باش نابینرێت ، له‌ سه‌رده‌می به‌عسیشا زیندانی ئه‌بو غرێب و شوێنه‌كانی تر به‌و جۆره‌ نه‌بووه‌ ، چه‌ند ناشرینه‌ كورد 14 ساڵ حوكمی ئه‌و شاره‌ی كردبێت و ئه‌وه‌ دۆخی شاره‌كه‌ بێت ، له‌ كاتێكا به‌رپرسه‌كان كێبڕكێ‌ و شه‌ڕی ئه‌وه‌یان بوو هه‌موو گرده‌كانی ناو شار بكه‌ن به‌ ته‌لارو ڤێی بۆ خۆیان ، ئێوه‌ بڕوانن خه‌ڵك هه‌یه‌ له‌ سه‌ر روبه‌رێكی فراوان  زه‌وی داگیركراو چێشتخانه‌یه‌كی مۆدێرن و پڕ ته‌نته‌نه‌و روناكی دروستكردوه‌، به‌ڵام گوێی له‌وه‌ نیه‌ چوار ده‌وری چێشخانه‌كه‌ی له‌ دیوی ده‌ره‌وه‌ زبڵخان و پیسیه‌ ، ئاماده‌ نیه‌ سه‌نتێك بۆ پاككردنه‌وه‌ی شار ببه‌خشێت ، به‌ڵام به‌رتیل و هاوكاری به‌رپرسانی سوپاو هه‌ندێك به‌رپرسی باڵا ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی چاو له‌ دزی و گه‌نده‌ڵیه‌كه‌ی بپۆشن . به‌رپرسێكی دۆست به‌ به‌رپرسێكی تری هاوڕێی وتبوو ، ئه‌رێ‌ به‌س نیه‌ ، له‌ وه‌ڵامدا پێی وتبوو ئه‌وه‌ی پاره‌و دۆلاری نه‌بێت پیاو نیه‌ ، بۆ ئه‌و گرنگ نیه‌ چۆن پاره‌و دۆلار كه‌ڵه‌ك ده‌كات ، بۆ ئه‌و گرنگه‌ هه‌یبێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ كه‌رامه‌ت و شه‌ره‌ف فرۆشتنیش بێت ، ره‌نگه‌ ته‌نها ئه‌م چیرۆكه‌ به‌س بێت بۆ ئه‌وه‌ی بڵێین له‌ 14 ساڵدا چی له‌ كه‌ركوك كراوه‌ چیرۆكی تێكدانی حه‌مام عه‌لی به‌گ و گۆڕستان و شوێنه‌كانی تر با بمێنێ‌ بۆ جارێ‌ تر .


ئاری محەمەد هەرسین گومان لەوەدا نیە کە ئەحزابی سیاسی وەک چۆن لە پێناو جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی هاوبەش دەچنە بەرەیەکەوە و دەبنە هاوکاری یەکتر، بە هەمان شێوە هەندێک جاریش بەرەو ڕوی یەکتر دەوەستنەوەو دەبنە ڕکەبەری یەکتر. نە لە حاڵەتی یەکەمدا (حیزبە کان) دەبنە عاشق و مەعشوق، نە لەوە ی دوهەمیشدا دەبنە دوژمنی یەکتر. لەوەتەی پرسی سەرۆک کۆمار و بەربژێرە جیاوازەکان بونەتە مژاری گەرمی ڕۆژ، تێکهەڵقژانێکی نابەجێ و نا تەندروست (بەتایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان) دەستی پێکردوە کە هەموو سنورێکی ئەخلاقی و ئینسانی تێپەڕاندوە. مەکتەب سیاسیەکانمان (ئێمە و یەکێتی) بەزمانی حورمەت و ڕێز لەگەڵ یەکتر دەدوێن، کەچی کۆمەڵێک کەس لە توێژی کەوادری هەردولا وەک بڵێی شەڕ لەسەر میراتی بکەن بەزمانێکی شەق و شڕ و دور لە ئەدەبی ئینسانی، نیشتیمانی و سیاسی هیچیان تێدا نەهێشتۆتەوە و تەنانەت دە ست لە کەرامەت و حورمەتی شەخسی و کەسایەتیش دەوەشێنن. هەرچی بۆ ئێمەی پارتیە، ئەم جۆرە لە بەدڕەوشتی لەدەرەوەی میتۆدی سیاسی و حیزبایەتی ئێمەیە و پێچەوانەی بنەماکانی ڕێبازی بارزانین. ئەم جۆرە لە دروشم بەخشینەوەو گوتاری (بێ حەیا) ئیجتیهادی تاکە کەسین و پێویستە وەک زبڵدان سەیر بکرێن و مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت. من دەمڕاست و نوێنەری یەکێتی نیم، چونکە هیچ ئیلتیزامێکی تەشکیلاتیم بە یەکێتیەوە نیە، بۆیە قسە کردن لەسەر زمانی گوتار لەلایەن کەوادری یەکێتیەوە بۆ برادەران لە یەکێتی بەجێ دەهێڵم. بەڵام بە دڵنیایەوە دەتوانم زۆر ڕاشکاوانە بڵێم، کە هەر کادرێکی پارتی زمانی جنێو، تەشهیر و ئیهانەکردن لەبەرامبەر مونافیسەکانی ئێمە بەکار بهێنێت ئەوا وەک بەکرێگیراو وایە و سەر بە ڕێبازی شکۆداری بارزانی نیە کە کوردایەتیە.  دواجار ڕاستە ئێمە کێبڕکێمانە لە سەر کورسیەکەی سەرۆک کۆماری عێراق، ئەمەش شتێکی ئاساییە و لەدەرەوەی عورفی سیاسی نیە. بەڵام باشتر نەدەبو لەپاڵ ئەو کێبڕکێیەدا وزەی خۆمان لە پێناو مسۆگەرکردنی یەکڕیزی ناو ماڵی خۆمان بەکار بهێنین. پۆست وەردەگریت و پاش ماوەیەک لێت دەسێندرێتەوە، ئەوەی هەمیشە دەمێنێتەوە گەل و نیشتیمانە. حورمەتی گەل و نیشتیمان لە سەرو هەمو شتێکەوەیە. بڵاوکردنەوەو هاندانی بێحورمەتکردنی سیاسەت و دامەزراندنی مەدرەسەیەک لە پێناو بێحورمەتکردنی کۆمەڵگا دەبێتە هۆی داڕمانی کەسایەتی کۆمەڵایەتیمان بۆیە، ڕێگەپێدراو نیە و دەبێت هەموان مەحکومی بکەین.


یاسین ته‌ها پێدراوەكان: ـ پارتی پشتئەستوورە بە بلۆكێكی جێگیری سەدری - پارتی كە لەسەروو 105 كورسییە، هەروەها دەنگیشی داوە بە حەلبوسی و هاوپەیمانییان هەیە لەگەڵ سوننەكان (هاوپەیمانی سیادە) كە زیاترن لە 70 كورسی و چاوەڕێی دەنگی ئەوانیش دەكات. ـ یەكێتی لەهەوڵی مسۆگەركردنی دەنگەكانی "چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە" دایە، پاش ئەمەش كار بۆ مسۆگەركردنی بلۆكێك دەكات لەسەرو 100 كورسی پەرلەمانەوە، دواتر هەوڵی ڕازیكردنی كاندیدە تاكەكان و لیستە پەرش و بڵاوەكان دەدات لەگەڵ چاوەڕێكردنی ئینشیقاق و ڕاجیایی ناو سوننەكان كە وەك سەدرییەكان یەكڕیزییەكەیان مەركەزی و تۆكمە نییە. ئەگەر و پێشهاتەكان: ـ سەرۆك كۆمار پرسیارێكی ناردووە بۆ دادگای فیدراڵی كە ئایا رێژەی ئامادەبوونی پێویست بۆ دەنگدانی 7ی شوبات، 2/ 3ی پەرلەمانتارانە بەگوێرەی مادەی 70ی دەستور یان 50+1، ئەگەر دادگا یەكەمیان پەسەند بكات (2/ 3)، بایكۆت و پەكخستنی پرۆسەكە و دواكەوتنی دەبێتە یەكێك لە ئەگەرەكان. ـ دەستپێشخەرییەك هەیە بۆ نزیككردنەوەی سەدرو لایەنە شیعەكان و لە هەولێریشەوە دەرچووە (4_ 5 وەزارەت بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی)، ئەگەر ئەمە سەربگرێت، گۆڕان بەسەر هاوكێشە سیاسییەكە دێت و رێككەوتنە گریمانكراوەكە ئاراستەی هاوپەیمانییەكانی داهاتوو دیاری دەكات كە قورسە پێشبینی بكرێت لە بەرژەوەندی كام لا دەبێت. ـ تا هەفتەی داهاتوو پێشهاتی یەكلاكەرەوە چاوەڕوانكراو نییەو چركەساتەكانی كۆتایی بڕیاردەرن، لە یارییەكەشدا سێ كارتێكەری تر ڕۆڵیان هەیە كە ئۆفەر، ئیغرائات، گوشاری دەوروبەرن جگە لە ویستە ناوخۆییەكان.


ئارام سەعید فەیسبوک ماڵێک بۆ سایکۆپاتەکان رەنگە زۆربەمان فیلمی هانیباڵ The Silence of the Lambs (1991)مان بینیبێت، کە یەکێکە لە بەرجەستەترین وێنەی کەسی سایکۆپات بەڵام لە شێوەی تاوانباردا، کە چۆن بەپلانەکانی لەچەندین زیندان خۆی رزگار دەکات و تاوانی گەورەو توندوتیژ ئەنجام دەدات، تەنانەت دەگاتە ئەوەی قوربانییەکانی بخوات، ئەم فیلمەو دەیان فیلمی تری هۆلیود لەسەر سایکۆپاتەکان بەرجەستەی ئەوە دەکەن کە سایکۆپات مانای توندوتیژی و خۆمەڵاسدانە بۆ قوربانییەکان، بەڵام ئایا سایکۆپاتەکان هەمویان دڕندەن؟ یان نەخۆشن و ئەوانیش قوربانی عەقڵێک و بیرکردنەوەیەکی شێواون؟ چەند زنجیرەیەکی تری تەلەفزیۆنی هەیە کە باسی سایکۆپاتەکان دەکات و پاڵەوانەکانی تەواو سەرنجی بینەران رادەکێشن، بەمدواییە نێتفلێکس دۆکیومێنتارییەکی لەسەر تێد بوندی بڵاوکردەوە کە چوار زنجیرەیەو یەکێکە لە سایکۆپاتە بەناوبانگەکان و تاوانبارە بە کوشتنی ژمارەیەکی زۆری کچ بەشێوەیەکی دڕندانە، بەڵام کاتێک گوێ لە تۆمارە دەنگییەکانی دەگریت زیرەکیی و وردبینی لەئەنجامدانی کارەکانی دەردەکەویت کە چۆن هیچ بەڵگەیەک لەدوای تاوانەکانی بەجێ ناهێڵێت. بەبینینی ئەو فیلمانە بۆمان ئاشکرا دەبێت سایکۆپاتەکان زۆر راستی دەزانن لەسەر مرۆڤ، زۆر زیرەکن لەسەرنجڕاکێشانی ئەوانی ترداو دەزانن چۆن مامەڵە بکەن، بەڵام ئایا لە سۆشیاڵ میدیا گوێیان لێدەگرین؟ بەردەوام باسی ئەوە دەکرێت کە ئەوان سۆزداریان نیە، مانای وایە ئەوان بە عەقڵ کاردەکەن، بۆئەوەی بڕیار بدەین لەسەر کارێک کە هەڵەیە یان راستە، پێویستمان بە عەقڵەو لەڕێگەی سۆزەوە ئەو بریاڕە بدرێت جیاوازە. لەبەرئەوە سایکۆپاتەکان هەمیشە لەپێشەوەن و ئەوان لەواقیعدا سەرکەوتون بەسەر ئەوانی تردا، لەسۆشیال میدیاش هەروا، نمونەی زۆر سیاسی و هونەرمەندی داهێنەرو بزنزمانی گەورە هەن کە سایکۆپاتن، هەربۆیە دەتوانین بڵێین گوێیان لێدەگیرێت. پرسیارەکە ئەوەیە لەکاتێکدا ئەوان عەقڵ بەکاردەهێنن ئەی بۆ ئامادەن ئازاری ئەوانی تر بدەن؟ لەبواری بزنزدا ئەو سیفاتانەی کەسی سایکۆپات هەیەتی دەیکاتە سەرکردەیەکی کاریگەر، ئەوەیه‌ گرنگی بەلایەنی سۆزداری نادەن دەتوانن وەبەرهێنانی تیا بکەن بۆ ئەوەی ببنە سیاسی بەتوانا، یان لە پۆلیس و دادگاکان کاری گرنگ بکەن، تەنانەت بواری پزیشکیش، بەگشتی ئەو پیشانەی کە پێویستە لە سۆزداریەوە دووربێت ئەوان تیایدا سەرکەوتون، مامۆستایەکی ئەمریکی لەبواری زانستی ئابوری و دەماردا کاردەکات وتەیەکی بەناوبانگی هەیە دەڵیت" بەهەڵەی مەزانن کاتێک دەبینن زۆربەی پارێزەرە بەتواناو بەناوبانگەکان و بەڕێوەبەرە جێبەجێکارە گەورەکان سیفاتی سایکۆپاتیان هەبێت" لەمبارەیەوە کیڤن دایتۆن لە کتێبیکدا لەسەر سایکۆپاتەکان دەڵێت" ئەو هەڵسوکەوتەی وادەکات سەرکەوتوو بن ئەوەیە توانایان لەخێرایی بڕیاردان و باشی بریارەکانیان هەیە، ئەمە جگە لەوەی توانایەکی بەرزیان هەیە لە زانین و خوێندنەوەی هەست و سۆزی ئەوانی تر بۆیە دەتوانن یاریان پێ بکەن". دەبێت جارێکی تر بیربکەینەوە لەوەی سۆزداری رۆڵی چیە لە ئاکاری مرۆڤدا؟ ئایا سایکۆپاتەکان ئەو نەبونی سۆزداریەیان هەڵەیە یان یان نەبونی توانایەکە کە لەوانی تردا هەیەو ئەوەش تاوانی ئەوان نیە، کەواتە چۆن سەردەکەون؟ وەڵامەکەی ئاسانە کاتێک کە ئامانجێکیان دەبێت ئامادەن بەبێ بەکارهێنانی سۆزداری کاری بۆبکەن و لەورێگەیەدا رەنگە لەناوبردن و نابوتکردن و ئەشکەنجەو کوشتنی ئەوانی تر بۆیان گرنگ نەبێت. زۆرکات زاناو دەرونناسەکان بەوە وەسفیان دەکەن کە لەژیانی رۆژانەدا ئەو کەسانە رێکپۆش و سەرنجراکێشن، ئەوەش لە سۆشیاڵ میدیاکانیاندا دەبینرێت، تەنانەت هەندێک دەڵین "بەهێزیان لەوەدایە ئەوان دەتوانن بەئاسانی سۆزداری کارپێبکەن و لەکوێدا ویستیان بییکوژێننەوە!!" ئەمەش خاڵی بەهێزی سایکۆپاتەکانە... بەکورتی کەسی ئاسایی یان سۆزدار ئاکاری رێگەی پێنادات بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتێکی شەخسی ئازاری ئەوانی تر بدات، هەوڵ دەدات هاوکاری ئەوانی تر بکات، بەڵام بۆ سایکۆپات ئەم هاوکێشەیە پێچەوانەیەو بۆ دەستکەوتی خۆیان ئازاردانی ئەوانی تریان پێ باشترە لەوەی یارمەتی و هاوکاری کەسێكی تر بکەن. بۆ ئەوەی کەسێک بڕیاڕ بدات بەئەنجامدانی کارێک سەرەتا ترس و نیگەرانییەک لەلای دروست دەبێت بۆ ئەو بڕیاڕە و ئەمەش لایەنی سۆزداری مرۆڤە، ترس دەچێتە نێوان عەقڵ و سۆزداری، بەڵام ئەو ترس و نیگەرانییە لای کەسی سایکۆپات نیە، گرنگ نیە لەئەنجامی ئەو بڕیاڕەی کێ چی بەسەردێت، گرنگ ئەوەیە خۆی بیباتەوە، لەبەرئەوە خێراتر بریاڕ دەدەن و پێشی ئەوانی تر دەکەون...


فارس نەورۆڵی  هەرکاتێک ناکۆکییەک دەکەوێتە نێوان هێزە سیاسیەکان بەتایبەتی ( یەکێتی و پارتی) مرۆڤی غەریب بە سیاسەت بێ هیچ لێکدانەوەیەک و بێ هیچ تێگەیشتنێک لە سیاسەت، بێ گەڕانەوە بۆ ئەو چیرۆکە تراژیدیانەی ئەم هەرێمەی دروستکردووە، دێنە سەر شاشەکان و هەموو شیکردنەوەو خوێندنەوەیەکی بۆ کێشەکان ئەوەیە دەڵێن: دەیکەین بە دوو ئیدارە. ئاخر ئەم کوردستانە موڵکی هیچکەس و هیچ حزبێک نییە، کە هەرکاتێک دەرفەتی هەبوو یاخود فشار لەسەر بەرژەوەندیەکانی هەبوو ئیتر تەنها چەکی دەست و ئارگۆمێنتی ئەوە بێت هەرێم دەکەین بە دوو ئیدارە. ئاخر کردیشمان بە دوو ئیدارە حاڵمان جوان بوو، دیسانەوە بگەڕێینەوە بۆ ئەو دۆخە ئەوانەی ئەم جۆرە قسەیە دەکەن نازانن سیاسەت بۆچی باشە. کێن ئەوانەی دەبێ سیاسەت بکەن نازانن سیاسەت قسەی ئەقڵە بۆ ئیدارەدانی کێشمەکێشەکان. بۆیە تەنها لە ڕۆحی شەڕەنگێزییەوە بابەتەکان دەبینن. ئەوەندە هەلپەرستن ئامادەن لەپێناو بەرژەوەندی و غەریزەکانی خۆیاندا وەکو نیرۆن بەدیار سوتانی ڕۆماوە مۆسیقا بژەنن. ئەگەر لەم کێشمەکێشی سەرۆککۆمارەوە سەیری ئایندەی پارتی و یەکێتی بکەن، ئەوا بە هەڵەدا چوون، چونکە پارتی و یەکێتی ناکۆکی زۆر قورستریان تێپەڕاندووە ئەوەندەش خەڵکی دڵسۆزو دووربین ماون ڕێگا نەدەن ئەوانە دڵخۆشبکەن کە خەون بە هەڵوەشانەوەی هەرێمەوە دەبینن. دواجار وەک ئەرستۆ دەڵێت:(ناکۆکی چۆنایەتی بەشێکی هەرە گرنگی کۆمەڵگای سیاسییە) بۆیە ئەوانەی حەز بە دوو ئیدارەیی دەکەن و بووە بە ویردی سەر زمانیان، لە میدیاکاندا ئەوە پێی دەڵێن بوێری نەفامی (جورئەتی جەهل) ئەم جورئەتی جەهلەش میدیای جەهل دورستی دەکات ئەگینا هەرگیز دەرفەتێک دروست ناکەن بۆ کەسانی نابەرپرس، کە بێن و قسە لەسەر تراژیدیترین بابەت بکات، کە بە دوو ئیدارەکردنی هەرێمە. لەکاتێکدا سەرۆک نێچیرەڤان بارزانی هەمیشە دەڵێت: (دوو ئیدارەی واتە سفر ئیدارە) لە ڕاستیشدا دوو ئیدارەیی نە لە ستراتیج و نە لە تاکتیکی پارتی و یەکێتیدا نییە. بۆیە هیچکەس و هیچ میدیایەک خەون بە دوو ئیدارەییەوە نەبینێت، چونکە زۆر فاکتەر هەیە نایەڵێ ببێت بە دوو ئیدارە، بەڵام کەمیش نین  ئەوانەی کار لەسەر ئەوە دەکەن ببینە سفر ئیدارە.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand