لهتیف فاتیح فهرهج دوای راپهڕینی ساڵی 1991 ئهوانهی كهپێویست بوو سزا بدرێن و بدرێنه دادگا و لهوێ تاوانبار یان بێتاوان دهربچن ، موستهشارو ئامر مهفرهزهو خائین و خفرۆشهكان بوون ، ئهوانهی دهستیان ههبوو له كوشت و بڕو تاڵانی گوندهكان و هاوكاری بهعس له ئهنفال و جینۆسایدی گهله كهیاندا ، هاوڵاتیهكی جهله مۆرد پێی وتم ئهگهر جاش نهبوایه عهرهب و سوپا له كوێ "بابه ڕوشهیان" دهدۆزیهوه، بابه روشه پهناگهو شوێنێك بوو خهڵكی جهلهمۆرد پهنایان بۆ بردبوو. موستهشارو جاشهكان نهك سزا نهدران بگره زۆرێكیان كرانه خاوهن دیوه خان و ریش سپی حزب و خاوهن پێگهو جێگه له بهرانبهریشدا له بادینان و ههولێرو سلێمانی زۆرێك له ئازادیخوازان شههید كران ، نهوهدهكان جگه له شهڕی ناوخۆ ، گهواهیدهری كوشتن و تیرۆری زۆرێك بوون لهوانهی جیاواز له حزبهكانی دهسهڵات بیریان له ئایندهو دوا رۆژی میلهت دهكردهوه ، بكوژی ههمووئهوانیش كهسانی بهرپرس و باڵادهستی حزبهكان بوون ،له شهڕی ناوخۆیشدا سهدان پێشمهرگهی قارهمان و خهڵكی نیشتمانپهروهر كه گیرۆدهی شهڕهكه كرابوون به دهستی بهشێك لهو جاش و موستهشارانه كوژران . حزبهكان كێبڕكێ دهكهن له سهر ئهوهی كامیان زۆرترین خهڵكیان به كوشتداوه بۆ ئهوهی بڵێن زۆرترین شههیدمان ههیه ، ههڵبهت شانازیش به زۆری شههیدهكانیانهوه دهكهن ، ئهمه له كاتێكا پڕۆژهی حزب ، پڕۆژهی بونیاد نانی ژیانی باشتره بۆ خهڵك نهك به كوشتدان ، ئهم كارهی حزب دهكرێت وهك پڕۆژهی خوێن ناوی لێبنرێت ، یانی حزب بهردهوام دهبێت دهستی له خوێندا بێت جا خوێنی خۆی یان خوێنی ئهوانی تر به خوێنی خۆیهوه شانازی به ژمارهی شههیدهكانهوه دهكات و به خوێنی ئهوانی تریشهوه شانازی به كوشتنی ئهوان و ئازایهتی خۆیهوه . بێگومان له سهرهتای شهستهكانهوه ئهم پڕۆژهیه له كاردایهو له ناویدا جگه له شههیدهكانی حزب دهیان ئازادیخواز به دهستی خودی حزب و كارهكتهرانی حزب تیرۆر كراون ، رهنگه كوشتنه جیاجیاكانی وهك كوشتنی عوسمان عوزێری ، ماڵباتی فاخیر مێرگه سوری ، ئازادیخوازانی باكورو رۆژههڵات ، كارهساتی ههكاری و ههتادوای نمونهی ئهو كوشت و بڕهبن ، كه تا ئێستا درێژهیان ههیه ، پڕۆژهی خوێن كه حزبی كوردی كاری له سهر كردووه، له گهڵ یارو نهیار پڕۆژهیهكی مهترسیدارو جێی ههڵوهستهیه ، چونكه ئهم پڕۆژهیه زۆر ترین خهڵكی له دهستداوین ، تهنانهت دیلكوشتن و ئهتككردن و دێوی و قێزهونی زۆریشی تیا بووه كه مرۆڤ له گێڕانهوهشیان دڵی به یهكدا دێت . له نێو ئهم پڕۆژه قێزهونهدا مرۆڤگهلی جوانی وهك سهردهشت عوسمان ، بهكر عهلی ، سۆرانی مامه حهمه، كهریم عوسمان، رهوف ئاكرهیی و زۆری تر بوونهته قوربانی ، كه له ماوهی كهمی ئهو تهمهنی كردویانه نمونهی مرۆڤی خاوهن بیرو خاوهن قهڵهم و نیشتمانپهروهر بوونه، بهڵام حزب چ پێویستی به بوونی ئهمانهیه، به باوهڕی من وهك چۆن شهڕی ناوخۆ ، شهڕی براكوژی ، خراونهتهبهر نهشتهری رهخنهو توێژینهوه ، پێویسته له سهر ئهم پڕۆژهی خوێنهش قسهی ئهرێنی و بایهخدار بكرێت . مێژوی شهست ساڵی رابردوی ئێمه له سهر دهستی خۆمان هێنده ناشرینه تهنانهت كاتێك كارهكتهرهكانیش بیرهوهریهكانی خۆیان دهگێڕنهوه ناتوانن ئهو ناشیرینیه بشارنهوه ، ئهو ناشیرینیه وای كردووه ، ههموو جوانی و پاكیهكهش تۆزیان له سهر بنیشێت ، دهنا له نێو شهست ساڵ له قوربانی دان و شهڕی بوندا سهدان تروسكهو روناكی گهشاوه ههن ، كوشتنهكان ، به كوشتدانهكان ، تیرۆرو دیلكوژیهكان ئهو روناكیانهیان شاردوهتهوه .
ئەنوەر کەریم هەفتەی رابردوو بازاڕی نەوت زۆر دابەزی ، تەنها لە دوو ڕۆژدا زیاتر لە 10 دۆلار لە نرخی بەرمیلێک نەوت دابەزی . ئەمەش بەهۆی سەر هەڵدانی ڤایرۆسیكی تازە بە ناوی ( Omicron) ئۆمیکڕۆن کە گۆڕاوێکە لە ڤایرۆسی Covid -19 سەرچاوەی گرتوە، بەمەش بازاڕی خستە دڵە ڕاوكێیەکی گەورەوەو بازاڕەکانی جیهان نەوتیان فرۆشت بەو واتایەی کە خواست لەسەر نەوت نامێنێت ، کە گرنگترین فاکتەری ئابوریی ( خواست و خستنە ڕوو )لەسەر کاڵا و خزمەتگەزاریەکان بۆ باڵانسکردنی نرخەکان ، وە ک مانگی ئازاری ساڵی ڕابردوو بازاڕ ئەو ترسەی لێ پەیدا بوو کە جارێکی تر ئابوری جیهان دابخرێتەوە خواست لەسەر نەوت نەمێنێت بۆ سێکتەرەکانی ئابوری . هۆکارەکانی دابەزینی نرخی نەوت . 1- بۆ چی نەوت لە ڕۆژی هەینی رابردوودا بە رێژەیەکی زۆر دابەزی . هۆکارەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ڤایرۆسی (ئۆمیکڕۆن ) لە باشووری ئەفریقاوە سەری هەڵداوە کە لەم ووڵاتەدا (8.2) ملیۆن کەس هەڵگری ڤایرۆسی (HIV) واتە ڤایرۆسی( ئایدز) ئەگەر بێتوو ئەم ڤایرۆسە تازەیەی کۆڕۆنا لە و هەڵگرانە وەبن کە نەخۆشی( ئایدز) یان هەیە وە ڤایرۆسەکە بە خێرایەکی زۆر بڵاوببێتەوە ئەوە کێشەی گەورە بۆ جیهان دروست دەبێت، ئەم ترس و دڵە راوکێیە بازاڕەکانی جیهانیان بەتەواتی شێواند ، بۆرسەکان بە ژمارەگەورە دابەزین، لە ڕۆژی هەینی رابردوودا بەتایبەتی بازاڕی ئەمریکا. وە هەروەها هۆکارەکەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەڵئاوسان زۆر بەرزە لە ئەمریکادا کە ڕێژەکەی گەیشتوتە (6.2%) ، ئەو کاتە گەشەيی ئابوری خاو دەبێتەوە لە ئەنجامی ڤایرۆسە نوێیەکادا کەواتە ووڵات توووشی (Stagflation) دەبێت، واتە نرخی کاڵاو خزمەتگوزاریەکان بەرزن و ئابوریش گەشەی پێویست ناکات کە ئەمەش نەخۆشیەکی گەورەی ئابوریە . ئەم ترس و دڵە راوكێیە بازاڕی نەوتی دابەزاند . بازرگانەکانی نەوت نەوتیان فرۆشت 2- ئەمریکاو چین و هیندستان و یابان و بەریتانیا و کۆریای باشوور بڕیاریان داوە کە هەندێ نەوت لە خەزانەکانی (SPR) کە خەزانە ستراتیجیەکانیی یەدەکی نەوتی ئەو ووڵاتانەی تیدا هەڵدەگیرێت بفرۆشن بەڕادەیەک، کە ئەمریکا لە هەموویان زیاتر دەفرۆشێت کە بڕەکەی 50 ملیۆن بەرمیل نەوتە. ئەم بڕە نەوتەی ئەم ووڵاتانە دەیفرۆشن کاریگەری زۆر گەورە ناخاتە سەر نرخی نەوت وە بەڕێژەیەکی کەم نرخی نەوت دابەزی هەرچەندە دوای هەردەبێت ئەو خەزانانە پڕبکرێنەوە . 3- هەندێ ووڵاتی وەک بەریتانیاو ئەمریکاو سنگاپور هەرزوو بڕیاریان دا بۆ ماوەیەکی کاتی(Air travel) هێڵی فڕۆکەوانی لە ئەفریقای با شورو هەندێ ووڵاتی چوار دەوریان ڕابگیرێت بۆ ئەو ووڵاتانە ، وە لەوە دەچێت یەکێتی ئەوروپاش هەمان ڕەفتار بکات ، هێڵی فڕۆکەوانی پێش کۆڤید -19 ڕۆژانە ( 5 ) ملێۆن بەرمیل نەوتیان بەکاردەبرد . دەرئەنجام . نرخی نەوت هەر لەسەروو ( 70) دۆلارەوە دە مێنێت ئەگەر ڤایرۆسی ( ئۆمیکرۆن) ئەوەندە ترسناک نەبێت و ببێتە هۆی داخستنی سیکتەرەکانی ئابوری جیهان و جارێکی تر بازارەکانی جیهان دانەخرێتەوە. چونکە زۆر زووە بۆ ئەوەی بازاڕ ئاوا بشڵەژێت بە بێ زانیاری پێویست . ئەمەش هۆکارەکانی پاراستنی نرخی نەوتن 1- لە ئەنجامی نەبوونی وە بەرهینانێكی زۆر لە چەند ساڵی رابردوودا لە سیکتەری نەوت (Fossil Fuel ) و غازی سروشتیدا ، بە هۆی گواستنەوەی وەبەرهینان بۆ ووزەی پاک ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی بازاڕی نەوت خواستی لەسەر بێت . 2- بوونی ووشکەساڵی لە جییهاندا لە ئەنجامی گۆڕینی کەش و هەوادا ئەمەش وایکردوە کە جیهان بەرەو ووشکەساڵی بڕوات ووزەی کارۆ ئاوی ( Hydro Power) کەمبیتەوە کە لە بەنداوەکان و تاڤگەکەکانەوە پەیدا دەبیت بۆ بەدەستهینانی ووزە ، حکومەتەکان ناچاربن پلانتەکان بگۆڕن بۆنەوت و غاز . 3- هەندێ جار لە ئەنجامی نەبوونی ( wind blowing ) وە تە نەبوونی (با) دا ئەو کاتە ووزەی ( wind power) کەمە ، کە ئەو دیاردەیە لە ئەوروپا ڕووویدا ساڵی پار ، ناچار حکومەتەکان بۆ بەدەستهینانی ووزە پەنا ببەنە بەر سەرچاوەی نەوت و غاز ی سروشتی . 4- ئەگەر بێت و نرخی نەوت دابەزێت ئەوا ڕێکخراوی OPEC+ ئۆپێک پڵاس دەتوانن بۆ ڕاگرتنی نرخی نەوت، ئەو بڕە نەوتەی کە 400 هەزار بەرمیلە ڕۆژانە، کە مانگانە بڕیارە زیادیبکەن دەتوانن ئەو بڕە بوەستێنن. بەمەش هاوسەنگی بۆ نرخ دەگەڕێتەوە .
د. شێركۆ عەبدوڵا بەر لەوەی خوێ بگەنێ بڕۆن لە قسەی ئاگردا هەڵ بدەنێ مەزبەتە بکەنەوە لە تاعونی ڕق شار دروست بکەنەوە لای وەبەرهێنێکی کەمانچەژەن بە بەردی هەڵماقۆ بە سپیداری ئەوین بە عەتری نەستەرەن پەنجەرەکانی بە قۆنتەرات بدەن بە خۆر هەموو سەربانێک پەڵەهەورێکی لێ دانێن دەرگا لە پەڕەسێلکەکان بکەنەوە با بێن شەربەکان لێوان لێو کەن لە دڵنیایی ئاسایشەکان بکەن بە باخەوان خەیاڵ پڕ کەن لە بینایی بایکۆت بکەن بایکۆتی چاوەشەکانی شارەوانی و عەریزەنووسەکانی دائیرەی تاپۆ بە مریشکەکەتان بڵێ هێلکەی خۆی بکات نەک هی قاز بژی ئاگردان بڕوخێ دانەغاز قووقەی کەڵەشێرێک بەشی گەڕەکێک ئەکات ئەلارمی مۆبایلتان بۆچییە؟ سەیتەرە دانێن بۆ خەنجەری بەرپشتێن بۆ مەسئولی زیادە بۆ درعی بەگزادەی ئەم شارە کە پڕە لە هەڵوێستی بێ بار لە حەسحەسی ئەغیار دوعا بکەن پلەیستەیشنەکان بشکێن ئاسمان پڕ بێتەوە لە کۆلارە تانجییەک ڕابگرن سروودی کەروێشک لانەو لانەی لەبەر بێ ڤیزا بدەن بە ئاژاوە با هەمیشە لە سەفەر بێ پارێزگار فێر بکەن نائومێدی ببڕێ نەک قردێلە پێکەنین هاوردەکات نەک ترێلە دەرماڵە لە تریفە وەربگرن ڕەچەتەی سەبر لە شیرین بۆ تواناسازی بچنەوە بۆ فەرمانگەی عیشق ئەگینا قەت پەڵە نادات باران هەڵدێت لە تشرین باڵندە ئەتۆرێت لەفڕین ئەگینا لەم شەڕە قۆچەش خراپتر ئەبینین ئەوکاتە تۆ ئەڵێی ماڵئاوا پێکەنین ئەوکاتە دەمێکە قەڵەمم وەستاوە لە نووسین
دانا نەقی نەوت بنەمای خۆشگوزەرانی بۆهەندێك وڵات وهۆكارو ئامرازی وێرانكاری ڕوخانی ژێرخانی ئابوری و دواخستنی بەرەوپێچشونی سیستەمی سیاسی وكۆمەڵایەتی وئابوری هەندێ وڵاتی دیكە، هەرلەم سۆنگەیەوە لەگەڵ دۆزینەوەی ئەم كانزایە پرسیارێك هەمیشە لە هزرو زهنی تاكی شەرقیدا خۆی نمایش دەكات؟ ئایە نەوت سەرچاوەی خێروخۆشیە یان نەگبەتی وكارەسات ؟ هەڵبەتە نەوت وەك سەرچاوەیەك چی لەلایەن ئەو وڵاتانەی بەرهەمهێنی نەوتن،یان ئەووڵاتانەی كڕیاری نەوتن ،جیاوازن لەمامەڵەكردن لەگەڵ بنیات نانی گەشەی ژێرخان وپەروەردەو ئابوریەكەیان ، بەنموونەگەر تەماشای وڵاتەیەكگرتوەكانی ئەمریكاو وڵاتانی خۆرئاواو وبەشێك لەوڵاتانی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا ئەوا بەراوردێكی گەورە دەبینیت لەسەقامگیری سیاسی و ناسنامەی كەلتوری وگەشەی ژێرخانی ئابوری و هەڵتۆقینی زانست وتەكنۆلۆژیاو داهێنانی بەردەوام وبەدیسپلینكردنی پرۆسەی دیموكراسی لەكایەی سیاسی و كلتوری كۆمەڵگەدا، بەهای نەوت لەزۆربەی ڕۆژهەڵاتی ناوین جگە لەچەند وڵاتێكی بچوكی كەنداو یەكسانە بە جەنگ وماڵ وێرانی ومردنێكی لەسەر خۆ ، كەدەتوانین بەمردنی سپی ناوزەندی بكەین، بەو پێیەی نەوت لەعێراق وكوردستان تاكە سەرچاوەی داهاتە دەتوانین نابوت كردنی كەرتەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ وبەرهەمهێنانی مرۆڤی بەكاربەر بخەینەئەستۆی نەوت و بازرگانەكانی نەوت ،چونكە هاوشێوەی ئەم فۆرمە لەمامەڵەكردندن لەگەڵ ئەم جۆرە كەیسەدا زۆرن وەك كەیسی مادە هۆشبەرەكان لەئەفغانستان ونەوت لەتەیموری ڕۆژهەڵات كە خودی دەسەڵات بەچاوپۆشینی كۆڵۆنیاڵیزمی نێودەوڵەتی گەلەكانیان قوربانی دەستی نوخبەیەكی سیاسی دەستەمۆ و دروست كروای ڕۆژ ئاوان ، لەدوای بەدەست هێنانی سەربەخۆی تەیموری خۆرهەڵات لەساڵی ٢٠٠٢ فرۆشی نەوت زیاتر لە ٨٨٠ ملیارد بوە بەڵام بەپێی ئاماری ئابوری جیهانی ساڵی ٢٠١٥ گەندەڵترین دورگەی جیهان بوەو گەلەكەی لەوپەری نەهامەتی وشەڕو شۆڕدا ودەژین ، پەێیی ستانداری نێودەوڵەتی لەوڵاتانەی كەبەرهەمهێنی نەوتن لە پرۆسەی نەوتدا شەفاف نین و نەوت وەك ئامرازی مانەوەی دەسەڵاتی تاكڕەوی بەكاردەهێنن كۆمەڵێك دیاردەی دزێو نامۆ پەیدادەبێت ، وەك ; گەندەڵی و جەنگی ناوخۆو پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و هەڵتۆقینی سیاسی ناكارامەو بازرگانی ناشەرعی و ملیاردێری نابازرگان ، ئەمەش هەمووی لەسەر حسابی خەڵكو شێواندنی كلتورو وێران كردنی ژێرخان وسەرخانی چەندین چەندین نەوەی دواتریش ، هەڵبەتە ئەم داتاو فۆرمە بۆكوردستانیش جێگەی تێڕامان وهەڵوێستە لەسەر كردنە بەوەی دەبینین تارمایی مردنی سپی لەبەرگی كۆچ وجێهێشتنی نیشتمانئ ونەمانی ئینتیماو خۆكوشتن ونەمانی هیوا بۆژیان و شكانی شكۆی تاك لەبۆتەی حزبایەتی كەهەرجارەو بەشێوەو ئامانجێك تاكی كورد ئاراستەدەكرێت كەكۆی ئەم پرسانە گەواهی ئەو ڕاستیەن كە نەوت وسیاسەتی نەوتی بەشێكن لەپرۆسەیەكی مردنێكی لەسەرخۆو خۆڵەمێشی ،كەئەستەمە بەچەند دەیەیەك چارەسەری بنچینەی بۆ ئەم تێكچونەی ژیانی كۆمەڵگەی كوردی بكرێت.
پهیكار عوسمان یەکێ لە کێشەکانی گەلی بندەست، داگیرکاریی دووانەیی دوژمن و شۆڕشە. ئەم دووانە، تەنیا هاوداگیرکەری فیزیکیی خاك و خەڵكەکە نین، بەڵکو هاوداگیرکەری زیهنیەت و کەسایەتی ئینسانەکانیشن. ئیتر بە هەردوکیان، هەمان وڵات و هەمان دەماغ کاول ئەکەن! دوژمن و شۆڕش، دنیا دابەشی ڕەش و سپی ئەکەن و ئەمەش تەنیا ئەچێتەوە سەر توندوتیژی و بۆ هیچ لایەکی تر ناچێت. دنیا لەو دوو ئەگەرەدا قەتیس ئەکەن و تەنیا شوێنی ئەگەرەکانیان جیایە. ڕەشەکەی ئەم، سپییەکەی ئەوەو، سپییەکەی ئەو، ڕەشەکەی ئەمە. بەڵام لەوەدا هیچ فەرقیان نیە، کە هەمان وێنەی ڕەش و سپی لە عەقڵ و سلوکی ئێمەدا ئەنەخشێنن و بوارێك بۆ لێکتێگەیشتن و یەکترقبوڵکردن ناهێڵنەوە. ئەم عەقڵە رەش و سپییەش، هەر لە قۆناغی خەباتی ڕزگارییدا نا، بەڵکو دواترو لە قۆناغی گواستنەوەشدا، بەردەوامەو لێرەدا ئیتر شۆڕشگێڕەکان، ئەبنە داگیرکەرەکەو ناڕازییەکان، ئەبنە شۆڕشگێڕەکەو هەردوکیشیان بە هەمان عەقڵیەتی تەسکی شۆڕشگێڕانەوە، کە تەنیا جێی منی تیائەبێتەوەو تۆ هەڵئەداتە دەرەوە. ئیتر فەرخیزم، ئەبێتە ئایدۆلۆژیای قۆناغەکەو هەم پۆلیسەکان ئەیانەوێ خۆپیشاندەران مەحفکەنەوەو هەم خۆپیشاندەران ئەیانەوێ پۆلیسەکان مەحفکەنەوەو هەر یەکێکی ئەمیان، بکەوێتە دەس جەماعەتێکی ئەویان، هەمان شەقکاریی ڕووئەدا! یەعنی ئێمە، تەنیا لەبەردەم شەرعیەتی شۆڕشگێڕیی و نەوەی یەکەم و دووەمی شۆڕشدا نین، بەڵکو لەبەردەم شێرپەنجەی عەقڵیەتی شۆڕشگێریداین، کە گشتییەو هی هەموومانەو ئەبێ دانی پێدابنێین و لێ ی تێبگەین! جوانترین شتی ناڕەزایەتییەکانی ئەو ساڵەی مامۆستایان و ئەم چەن ڕۆژەی تەلەبەکانیش، ئەوەیە کە سەرەتاکەی، شتێکی تەواو مەدەنییەو هەنگاوێکی تەواو جدییە بۆ تێپەڕاندنی عەقڵیەتی شۆڕش و توندوتیژیی. بەڵام دواتر، لە هەموو لایەکەوە، گەنوگووی عەقڵە کۆنەکەی تێئەڕژێ و ئەبێتەوە بە شۆڕش! سادەترین سیفەتی عەقڵە نوێکەش، ئەوەیە کە ڕۆژانی یەکەم، ڕەنگاوڕەنگ و تێکەڵاوەو کچ و کوڕو ئەهلی شانۆ و کتێب و مەعریفە، پێشەنگن و شتەکە تەواو هاوڵاتییانەیەو بۆ ماف و عەدالەت و بەهاکانە.. لەوبەریشەوە پۆلیسی چالاکی مەدەنی هەیەو تا ئێرا وێنەکە جوانە. بەڵام دوای کەمێك، لەمبەرەوە، پۆلیسی چالاکی مەدەنی، ئەبن بە یاریزانی یەدەگ و بەڵتەجی و پیاوکوژ، ئەبنە تیمی سەرەکیی. لەوبەریشەوە کچان و ئەهلی هونەرو مەعریفە، ئەکشێنەوەو ئەهلی جڕت و جوێن و شەڕەبەرد، وێنەکە داگیرئەکەن و لە شۆڕشی فەرەنسییەوە دێینەوە بۆ شۆڕشی شەڕواڵیی! جا بۆئەوەی، گەنوگووەکەی ڕۆژانی کۆتایی، کە عەقڵیەتی شۆڕشە، سەرنەکەوێ و جوڵانەوە مەدەنییەکەی ڕۆژانی یەکەم قووتنەدا،، وەکو لە نوسینی پێشووشدا وتم، گرنگە کوڕو کچە هۆشیارەکان، بڕۆنەوە ماڵەوە. کە ئەوە خۆپیشاندانی دووەمە، دژی عەقڵە کۆنەکەو هیچی لە خۆپیشاندانی یەکەم کەمتر نیە! کە ئەوە هەنگاوی پاراستنی ئینسانە. ئاخر یەکێ لە سیفەتەکانی عەقڵە کۆنەکە، ئەوەیە کە مەرگدۆستەو پەمپت ئەدا بۆ خۆبەکوشتدان و ئینسان تیایدا، هیچ و تڕی بنگۆمە. بەڵام لە عەقڵە نوێکەدا، ئینسان خۆی بەهایە. کە ئەمەش سەرەتای ژیاندۆستییەو پێچەوانەی عەقڵیەتی خوێن و مەرگ و کاولکارییە. لە نێوان دوو معەسکەری عەقڵیەتی شۆڕشدا، خۆپیشاندانێکی مەدەنیی، چەنێك بوون و دەستپێکردنەکەی پێویستە، ئەونەش کۆتایی و چونە ژوورەوەکەی. ئەمەش بە مانای وازهێنان و تەسلیمبوون نا، بەمانای پاراستنی وزەی ژیان و دەنگی عەقڵ، لە شەپۆلەکانی مەرگسازیی. با لە گەنوگووی عەقڵیەتی شۆڕشگێڕییەوە، بچینە سەر گەنوگووی عەقڵیەتی وەعزیی. بەکورتی "عەقڵی وەعزیی" ئەوەیە کە ئینسانی دووڕوو دروست ئەکات. چونکە ئینسان پەرت ئەکات لە نێوان دۆخێکی نمونەیی و دۆخێکی واقعیی. مەسەلەن هەر ئەوەی کە کەس بەقەت ئێمە باسی ڕاستگۆیی ناکاو کەسیش بەقەت ئێمە درۆ ناکات، ئەوە خۆی نمونەیەکی وازحە! بەها باڵاکان، بۆ ئەوە نیە کە ئینسانی پێ بچێتە دۆخێکی نمونەیی و فریشتەیی، کە ئەمە خەیاڵیی و کاری نەکردەیەو تەنیا چەپاندن و نیفاقی لێ ئەکەوێتەوە. بەڵکو بۆ ئەوەن کە لەناو ئینسان و لەناو واقعدابن. عەقڵی وەعزیی، بەهاکان تەقدیس ئەکاو هێندە بەرزیان ئەکاتەوە،، کە ئیتر لە زەوی ئەپچڕێن و مرۆڤ خۆی لە دۆڵێکەو بەهاکان لە دۆڵێك. بەڵام عەقڵی ڕەخنەیی، بەهاکان لە خەیاڵی فریشتەییەوە، دائەگرێتە ناو واقعی ئینسان و ئیتر شتەکە، لە بری ئەوەی قسەیی بێت، کردەییە. وەکو یابان، کە لەوێ کەمترین باسی دەسپاکیی هەیەو دەسپاکترین مرۆڤی دنیاشن! ئەو خەیاڵات و نیفاقەی عەقڵی وەعزیی، ڕەبت بکەمەوە بە خۆپیشاندانەوە. بێگومان دۆخی قەرەباڵغی و بەتایبەت ساتی گرژییەکان، ساتێکی عەقڵانیی نیەو خواروخێچیی هەر ڕووئەدا. وەلێ ئێمە چاوەڕێ ی دۆخێکی فریشتەیی لە خۆپیشاندەران ئەکەین و هەر جوڵەیەکی بە نەوعێك، ئەکەین بە نوقتە لەسەریان. وەكئەوەی خۆمان فریشتەبین و قەراربێ ئەوانیش فریشتەبن! بە مەسیحیان وت، فڵان ژن زیناکارە، با بە شەرعی تەورات ڕەجمیکەین. وتی باشە، بەڵام کامتان فریشتەو بێ گوناهە، با ئەو بەردەکەی تێگرێت. هەر لەسەر ئەو ڕیتمە، ئێمەش کاممان فریشتەین و ڕۆژێك لە ڕۆژان شتێکمان فڕێنەداوەتە سەر ئەو جادەیە، با ئەوەمان گلەیی پیسکردنی شەقامەکان، لە خۆپیشاندەران بکات! ئەوەش هاندانی سوتاندن و تێکدان نیە، بەڵکو باسی واقعێکە، کە لە خۆپیشاندانی پاریس و لەندەنیشدا ئەبینرێ و لە یاریگاو ڤیستیڤاڵیشدا ڕووئەداو ئەوە تەبیعەتی قەرەباڵغییە.. ئەوەشی کە خۆپیشاندانی نمونەیی و بێ مووی ئەوێ، ئەوە لە واقعدا بوونی نیەو تەنیا وەهمێکی ناو عەقڵی وەعزییە. ئەوەی کە بۆ ئێمە گرنگە، خۆپیشاندانە مەدەنییە تێکەڵاوەکەی ساتی یەکەمە، نەك خۆپیشاندانێکی فریشتەیی و خەیاڵیی، یان خۆپیشاندانێکی شۆڕشگێڕانەو نێرانەی توندوتیژ. بەڵتەجییەکانی دەباشان و لالەزارو زانیاری و پاراستن، پۆپۆلیستەکانی موعارەزەی کۆن و موعارەزەی ئێستاو موعارەزەی داهاتوو، برایانی نوێژی جەماعەت و هاوڕێیانی شورای کرێکاریی، هەڤاڵانی کانتۆن، جەماعەتی شەڕەبەردو سوتاندن.. هەموویان لەو سەرجادەیە بەجێبهێڵن و خۆپیشاندانی پێچەوانە دەستپێبکەن بەرەو ماڵەوە. چونکە شتەکە بوو بە یاریی مناڵان نا، یاریی گرگنەکان. تەسفییە حساباتی بەڵتەجییەکان، خەیاڵپڵاویی ئایدۆلۆژیی، هەڵپەی پۆپۆلیستیی، نەفەسی توندوتیژیی.. ئەمانە پەیوەندی بە خواستە گشتییەکانەوە نیەو مرۆڤی هۆشیار، یارییەکەی خۆی لە هی ئەوان جیائەکاتەوە. وەکچۆن ئەوان یارییەکەی خۆیان لە خواستە گشتییەکانیەوە ئەپێچن! دەنگی عەقڵ، لەوپەڕی تووڕەیی و ناڕەزایەتیشدا، هەر وزەی ئاشتی و ژیانە. شەڕو توندوتیژی و مەحفکردنەوەی یەکتریش، عەقڵانی نیەو هێزانەیە، مرۆڤانە نیەو نێرانەیە. شەقامیش تا مرۆڤانەبێ، شوێنی کوڕو کچە جوانەکانەو ئەبێ لەوێبین. وەلێ کە نێرانەبووەوە، ئیتر شوێنی مەرگە و لەوێنەبوونمان ژیانە. (داری ئازادی بەخوێن ئاو نەدرێ بەرناگرێ) عەقڵێکی نوێ، لە فڕێدانی ئەو جوملەیەو هاوشێوەکانیەوە دروست ئەبێ. کە ئەمانە ئاشەکانی خوێن ئەگێڕن و مرۆڤی ئێمە ئەکەنە گای قوربانیی. نەخێر داری خوێن و مەرگ، هەرگیز داری ئازادیی نیە. داری ئازادیی و داری ژیان، یەکێکەو ئەوەیە کە ئینسان تیایدا "خەتی سورە"، نەك ئەوەی کە مێژوویەكی سوورە بە خوێنی ئینسان. ئەمەوێ بڵێم، ئەدەبیاتی بەرگریی ئێمە، ئەدەبیاتی مەرگە. بۆیە دوژمنیش نەبێ، هەر خۆمان ئەکەوینەوە گیانی یەك و بەرهەمهێنانەوەی مەرگ. ئێمە پێویستمان بە ئەدەبیاتی ژیانەو بەرگرییش ئەبێ ژیانیی بێت. "ستایشی مەرگ" ئەو شتەیە کە ئەبێ لە قاموسی بەرگریماندا بیسڕینەوە، بۆئەوەی ئاشەخوین بوەستێت. ئەوەش بە مانای نابەرگریی و قبوڵکردنی ستەم نا، بەڵکو بەو مانایەی کە مرۆڤ ئەبێ هەمیشە لە تێکۆشاندابێ بۆ ماف و عەدالەت و بەها گشتییەکان. بەڵام خودی مرۆڤ و خودی ژیان، لەناو چەقی بەهاکاندان و ئەگەر وا نەبێت، ئیتر ئەوە مەکینەی مەرگ و کاولکارییە، نەك داری ژیان و ئازادی. کێشەی عەقڵیەتی شۆڕشیش، هەر ئەوەیە کە مەرگسەنتەرەو خودی "مرۆڤ و ژیان"ی لە دەرەوەی بەهاکاندا داناوە. بۆیە هەرگیز خێری لێ نابینین و وەکچۆن قوڕ بەسەر ئەو دوژمنەی کە هیوای بە بەندیخانەیە، قوڕ بەسەر ئەو گەلەشی کە هیوای بە شۆڕشەو شۆڕشگێڕانە بیرئەکاتەوە! لە بواری نەزەرییدا پێناسەی شۆڕش و شۆڕشگێڕیی هەرچی بێت، لە نەتیجەو پراکتێکدا، شۆڕش هەر ئەوەیە کە توندوتیژەو دژەئینسان و دژەژیانە. ئەگەریش بەڕاستی شۆڕشێك هەبێ، ڕێك پێچەوانەی ئەوەیە، کە ئێمە بە شۆڕشی تێگەیشتووین و لە عەیامی کۆڵۆنیالیزم و شەڕی ساردەوە، عەقڵی دەسەڵات و موعارەزەو خەڵکی ئەم ناوچەیەی داگیرکردوە. خاڵی هاوبەشی چەكوەشێن و بەردوەشێن، ئەوەیە کە هەردوکیان "شۆڕشگێرن" بە مانا نامەدەنییەکە. ئێمەش پێویستمان بە شۆڕشێکی مەدەنییە دژی ئەو عەقڵیەتە نامەدەنییە. ئەوەش پێش شەقام، لەناو عەقڵدا ڕووئەدات. عەقڵیش ئەڵێ، ئێستا کاتی چوونەماڵەوەیە نەك هاتنەدەرەوە. ئەوەش لەبەرئەوە نا، کە چەك ئەوبەری شەقامی تەنیوە، بەڵکو لەبەرئەوەی کە بەرد ئەمبەری تەنیی. ئاخر قەرارە ئەمبەر جیاواز و مەدەنیی و ناتوندوتیژبێت،، کە هەردوکی هەمان تاس و حەمامبوو، ئیتر ئێمە پێویستە، لە شەقامەوە بگەڕێینەوە بۆ ناو عەقڵ.
د. شێركۆ حەمە ئەمین سەرۆکی حکومەت مسروربارزانی دەڵێت: لەدنیا شتی وانەبوەکەخوێندن بەبەلاش بێت ودەرماڵەبەخوێندکاران بدرێت. سەرەتا ئەم قسەیە دەربڕی ئەوڕاستییەکەسەرۆکی حکومەت ئاگاداری مێژووی عێراق نییە؟ئەم وڵاتە نەوتییە سیستم ئیشتراکییانە کە تا ۲٠٠۳ عێراق بەمجۆرەبوە و وڵاتانی هاوشێوەشی خوێندن بەخۆڕاییە و دەرماڵەی خوێندکارانیش هەبوە،من خۆم ساڵی ۱۹۹٠ یەک ساڵ پێش ڕاپەڕین مانگی ٥٠ پەنجادیناری ئەو کاتەمان وەردەگرت،تەنانەت دەرماڵە بۆ بەشێک لەخوێندکارانی قۆناغی پێش زانکۆش هەبوو،پاشان لە دوای ڕوخانی بەعسەوە هەر ئەم وڵاتەیە و لەهەرێم و ناوەڕاست و باشوری عێراق حوکمی بنەماڵەیی_تائیفی چەکداری هەیە،خۆداهات و نەوت هەرماوە ئەی بۆکوێ دەچێت؟ پاشان ئەی لەکویی دنیا هەیە: ۱_لە ۹٠٠ ملێۆن دۆلار پارەی نەوت تەنیا ۳٥٠ ملێۆن دۆلاری بدرێتە حکومەت _وەزارەتی دارایی؟ ۲_لەکوێی دنیا پاشەکەوتی موچە هەیە و نەشدرێتەوە؟ ۳_لەکوێی دنیا حکومەت بوجەی نییە و داهات و خەرجی لەتاریکی تاریکیدایە و پەرلەمانیش نازانێت چەندە و چۆن خەرجدەکرێت؟ ۳_لەکوێی دنیا هەیە بنەماڵە و خێزانە سیاسییەکان کۆمپانیا،هێزی چەکدار،میدیا،نەخۆشخانە،زانکۆی تایبەتی خۆیان هەبێت و سەرچاوەی داراییەکەشیان دیارنەبێت؟ مەگەر تەنیا لەمەشێخەنەوتییەکانی کەنداوکە میدیاو یانەی وەرزشی و ....، هەیە و دەسەڵاتی بنەماڵەیی هەرێمیش زۆر سەرسامەپێیان و دەیەوێت هەمان حوکم پیادەبکاتەوە! ٤_لەکوێی دنیا هەیە،حکومەت ۳۱ ملیار دۆلار قەرزاربێت و دیارنەبێت چۆن و بۆچی قەرزکراوە و خۆشی بەسەرکەوتوو بزانێت؟ ٥_ لەکوێی دنیا هەیە،خوێندکار لەسەر داواکردنی دەرماڵە بەگولە و گاز وەڵامی بدرێتەوە؟ ٦_ لەکوێی دنیا هەیە،زانکۆی ئەهلی لەداهاتی گشتی سودمەندبێت،وەک ئەوەی بۆزانکۆی ئەمریکی سلێمانی و دهۆک کراوە؟ ۷_ئێوە لەدەرەوە خوێندنتان تەواوکردوە،لەسەربنەمای شەفافییەت دەکرێت بەخەڵکی بڵێیت لەکام زانکۆبوە؟ کرێی خوێندنەکەت چەندبوە؟ کێ و لەکام پارە دراوە؟ ۸_لەکوێی دنیا حیزب و بنەماڵە و حاشییەکانیان کۆمپانیایان هەیە و لەئەرزەوە بۆ ئاسمان قۆرخیانکردوە؟ ۹_ لەکوێی دنیا حیزب لەسەرۆکی بەشەوە تا سەرۆکی زانکۆ و تا نوێنەری خوێندکاران و قوتابیان بەتەزکیە و وەلائی کەسی و حیزبی دایدەنێت؟ ۱٠_دەیان لەکوێی دنیای تریش... ئەگەر بڕیارە بەراوردبکەن دەبێت لە هەموو ئاست و کایەکاندابێت. ئێوە بەم قسانەخەڵک زیاتر توڕەدەکەن و هانیاندەدەن،لەلایەکی تریشەوە ململانێی ئامۆزاکانە،دەتەوێت بڵێیت ئەوەی لە چەندساڵی ڕابوردوکراوە خراپ بوە و حکومەتداری نەبوە،وەک چۆن ململانێی ئامۆزاکان لەسلێمانی بێبازاڕی و نائارامی و دڵەڕاوکێی دروستکردوەئەوەی ئێوەش هێندەی تر بارگرانی بۆخەڵک هێناوە. ئێمەباش دەزانیین ئێوە دیوەهەر خراپ و جەردەییەکەی سیستمی نیولیبراڵیزم لە هەرێم پەیڕەودەکەن وڕۆبەڕۆژ خەڵک ژیان سەختتر دەبێت وکەرتی حیزبی و بنەماڵە و خێزانەسیاسییەکانیش خوشگوزەران و دەوڵەمندتردەبن. دکتۆر شێرکۆ حەمەئەمین
محەمەد خۆشناو هەر لەسەردەمی ئەفسانەی«قابیل و هابیل»وە ترس هەبووە و قۆناخ بە قۆناخ بەپێی سەردەمەکە گۆڕانی بەسەردا هاتووە ، ترس لە تووڕەیی سروشت و بومەلەرزە و لافاو تا دەگاتە ترسی مرۆڤ لە برای خۆی مرۆڤ و ، لەکن خوای ترس و برسێتی وەکو یەکن و ، لەقوئاندا دەلێت «الذي اطعمهم من جوع و امنهم من خوف». کاتێک ترس دەبێتە قەدەری مرۆڤ و دڵەڕاوکێش دەبێتە سێبەری ، ئەوە هەستکردن بەدڵنیایی چارەنووس نامێنێت و ژیان دەبێتە دۆزەخ و توانای ئەوە لەدەستدەدات کە خەون و خۆزگە بەدواڕۆژێکی باش ببینێت ، کاتێک نشووستی و نائومێدی و خەفەت و هەستکردن بە ترس لەنادیاری ئایندە و پەستانەکانی ژیان کەڵەکە دەبن ژیان دەگاتە بنبەست و هەستەکان دەگاتە ترۆپی ئاهوبێزاری ، پەنا بۆ داروبەرد دەبات بۆ خۆڕزگارکردن لەو دۆخە بەئازارە ، کە یەکیان پەنابردنە بۆ کۆچ و هەڵاتنە لەو هەڕەشەیەی کە لەبوونی دەکات بۆ دەستەبەرکردنی پاروەنانێک و شوێنێکی ئارام و ، ڕێگای مردنێکی غەریب دەگریتەبەر ، خۆی بە سارای چۆلەوانی بێڕێگای سووتێنەر و شاخ وداخی بەستەڵەک و گەرداو و شەپۆڵی دەریای ترسناکدا دادەدات ، کە ڕۆژ نیە ئێمە ئەو شەپۆلە نەبینین کە چۆن جەستەی ئەو گەنجە هەڵاتوان هەڵدەلوشێت ، نازانم ئەو گەنجانە چۆن قبوڵی ئەوە دەکەن سوواری ئەو کەشتیە شڕوشەقانە ببن؟ تۆ لەسەر ئەو بەلەمانە هەموو ڕەنگ و ڕەگەز و زمانێک دەبینیت ، کورد ، عەرەب ، ئەفریقی….هتد ، هەریەک لەمانە تەسەوری ئەوە دەکات کە ئەو گەشت بۆ خەونی بەدەوڵەمەندبوون و زانست و شارستانیەت دەکات و ، کاتێک بەلەمەکەش نقووم دەبێت ڕوخساری دایکی بیر دیتەوە کە دەیبینێت و باوکیشی کە لەپشت شەپۆلەکانەوە بزر دەبێت. ئێمە لەبەردەم کێشەی پرسیارێکی گرنگداین: بۆچی گەنجان لە وڵاتانی خۆیانەوە هەڵدێن؟ ئەوان هەڵدێن لە هەژاری و نەخۆشی و دواکەوتوویی و جەنگی ناوخۆ و ناڕوونی پاشەڕۆژی خۆی و خیزانەکەی و نیشتیمانەکەی…قورسترین شت ئەوەیە کە لەترسان بێدەنگ بیت ، چونکە ئێمە دەتوانین مامڵە لەگەڵ هەموو شتەکان بکەین تەنها ترس نەبێت ، چونکە ترس دەبێتە هێزێکی ملهوڕو و دادپەروەریەکی لەخاچدراو. لەدێرزەمانەوە هاوڵاتی کورد لەناو قەڵایەکی ترس دایە ، بەجۆرەها ترس دەورەدراوە و ، کەس نەیتوانیووە ئەم قەڵایە ببڕێت و ڕزگاری بکات ، بۆیە لەهەموو شتێک دەترسیت ، ترس لەکوشتن ، لە نەبوونی ، نانبڕین ، ترس لە ترس ، لە زوڵم ، ترس لە ڕۆژانەی منداڵەکانی تا دەگاتە ترسی لە هەڕەشەی دوژمنان لە نیشتیمانەکەی و سەدان ترسی دیکە ، ئەمە ترس لە ترسە وڵات دەلەرزێنێت ، «فرانکلین رزفلت»ی سەرۆکی وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا قسەیەکی هەیە کە دەڵێت ، هیچ شتێک ترسناکتر نیە لە ترس تەنها خودی ترسەکە نەبێت. کاتێک ئەڵمانیا جەنگی جیهانی هەڵگیرساند و هەر دوای کۆتایی هاتنی جەنگ پەیمانی« ڤیرسا»یان پێئیمزا کرد ، لەو پەیمانە غەدر و زەرەرێکی زۆریان خستەسەر ئەو وڵاتە ، ئەو ستەمەی لێیکرا بریتیببوو لە: دابڕانی پارچەیەک لە خاکی ئەو وڵاتە کە هەندێکیان خستەسەر پۆڵەندا و بەشەکەی تریش خستراسەر تشیکۆسلۆڤاکیا و فەرەنساش هەردوو هەرێمی ئیلیزاس و لۆرین کە لەسەدەی هەژدەمەوە لەسەری ناکۆکن خستەسەر وڵاتەکەی و غەرامەیەکی 860 ملیار دۆلاریشیان خستەسەر ئەڵمانیا و ، ئەمە هاوکات بوو لەگەڵ برسێتی و قاتوقری و قەیرانی ئابووری جیهانی ساڵی 1928 ، ئەم هەموو شتە ترسێکی گەورەی دا ئەڵمانیا و لەدۆخێکی سایکۆلۆجی و ئابووری خراپ دابوو ، ئەو ترس و ستەمە بوو وای لەو گەلە کرد لەپشت« هیتلەر»وە بوەستن ، جەنگی دووەمی جیهان هەڵگیرسێنن و ، ئەم جەنگە ئەڵمانیان دابەشکرد و ، لەترسی یەکبوونەوەی ئەڵمانیا بەدەیان رێککەوتنامە و بڕیار و پەیماننامە ئابڵوقە و گەمارۆیاندا تا توانیان لەچواچیوەی وڵاتانی ئەوروپی بەخۆیەوە بگرن. خەڵک خۆشەویستی یەکیان دەخات ، هەندێک جار بێزاری یەکیان دەخات ، هەندێک جار ترس یەکیان دەخات ، هەندێک جار تووڕەیی یەکیان دەخات ، ترس و تووڕەیی و خۆشەویستی بیانۆی خۆیان هەبێت یان نا ، لەهەموو حاڵەتەکاندا خەڵک لەدەوری ئەو هەستانە لەناوخۆیاندا کۆدەکرینەوە و وایانلێدەکات وەک یەک کوتلە وابن ، ستەم بوو ئەڵمانیای یەکخست کە لەپشت هیتلەرەوە بن ، ترس بوو هەموو گەلی ڕۆمانیای والێکرد ڕقیان لە تشاوسیشکۆی سەرۆکی ئەو وڵاتە ببیتەوە و لەناوی ببەن ، دەڵێن ڕۆژێکیان پێیانگوتبوو ، خەڵک رقی لەتۆیە ، وەڵامی دابووەوە کە ئەمە لەکنەمن شتێک نیە تا ترسی من بە بەردەوامی دڵ و دەروونیان پڕ دەکات ، ئەمە بۆ شای ئیران و عێڕاق و لیبیاش هەمان شت بوو. لەسەرەتای نەوەدەکان لە رواندا جەنگێکی ناوخۆ لەنێوان دوو هۆز بەرپا بوو نزیکەی ملیۆنێک کەس زیاتر کۆژران و بەهەزارا کۆچیانکرد ، بەڵام سەرۆک« کاگامی» هات بەدوانزە ساڵ ڕواندای دواکەوتوو و جەنگ و کاولکاری کردە وڵاتێک کە پێی بڵێن سەنگاپورای ئەفریقیا. کەمبۆدیا جەنگێکی ناوخۆی بەسەرۆکایەتی پۆلپۆت کە نازناوی «برا ژمارە یەک» بوو بەخۆوەدیت ، لەسەردەمی حوکمرانی پۆلپۆتی کۆمۆنیستی توندرۆ کە سەرۆکایەتی خەمیرە سوورەکانی دەکرد سێ ملیۆن کەس زیاتر کوژران و نۆردەم سیهانۆکی پادشای ئەم وڵاتەی ناچار بەهەڵاتن کرد ، بەلام لەشەڕیکی لەگەڵ ڤیەتنامیەکاندا خەمیرەسوورەکان شکان پۆلپۆت لەسەر جیگا مرد ، لەسەرۆک حکومەتی کەمبۆدیایان پرسی بۆ نەتانکوشت؟ گووتی لەترسی کەمبۆدیا ، ئیستا ئەم ولاتە لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی ناوچەکەیە. بەداخەوە لە کوردستان خەڵک ترسی لە پەرتەوازەیی نێو ماڵی کورد و نەبوونی یەکگووتاری و یەکنەگرتنەوەی دامەزراوەکان و باڵادەستی دەستی حزب و دابەشبوون هەیە ، لەلایەکی دیکە نوخبەی دەسەڵات خۆی بەدوور گرتووە لە هاوڵاتی و دابڕانیکی تەواو لەنێوان هەردوولادا هەیە ، کۆمەلگا لەزۆر ئاستدا ئەمانە بە نامۆ لەخۆی دادەنێت ، ئەمەش بەکردەیی وای لە تاکی ئەم نیشتیمانە کردووە بترسێت و سەرهەڵگریت یا نارەزایی مەدەنیانە بە بەشدارنەکردن لە هەڵبژاردنەکان دەرببڕێت ، تاکە چارەسەر ئەوەیە کە حزبەکان لەگەل گەلەکەمان ئاشتببنەوە و ، بەخۆیاندا بچنەوە و ئامرازی نوێ لەجیاتی کۆنەکان کە لەگەڵ ئەو سەردەمەدا دێتەوە بەکاربهێنن و هەڵەکان ڕاستکەنەوە ، ئەمە موڕاجەعەبوو چین و رواندا و کەمبۆدیا ژاپۆن و ئەڵمانیا و دەیان گەل و وڵاتی دەرباز کرد.
جەبار ئەمین لە وڵاتانی دیموکراسی حکومەت دەرماڵەی مانگانە و ژیانێکی پڕ شکۆ بۆ خوێندکارەکانی دابین دەکات. با نمونەیەکی وەڵاتێكی دیموکراسی بۆ دەسەڵاتدارانمان باس بکەین. لە وڵاتێكی سکەندەناڤی وەك سوید حکومەت مانگانە نزیکەی (١٢٠٠) هەزار و دوو سەد دۆلار دەداتە هەموو خوێندکارەکانی، بەشێکی وەك یارمەتی و دوو بەشی وەك قەرز تا کاتی دەرچوونیان لە زانکۆ و دامەزراندنیان. ئەگەر هات و خوێندکارەکان بیانەوێت لە وەڵاتێکی تر بخوێنن ئەوا حکومەت جگە لە دەرماڵەکەیان، کرێی ساڵانی خوێندنیان لە زانکۆی وڵاتەکەی تریشیان بۆ دەدات. ساڵ لە دوای ساڵ تاکوو خوێندنەکەیان تەواو دەکەن. ئەگەر خوێندکار منداڵی هەبوو ئەوا حکومەت دەرماڵەی زیاتر دەداتە خوێندکار. جگە لەوە حکومەت داشکاندنی کرێی خانو بۆ خوێندکارانی گەنج دەکات. خوێندکار داشکاندنی لە بلیتی پاس و قیتار و فرۆکە بۆ دەکرێت. زۆر لە ڕێستۆرانتەکان داشکاندن بۆ خوێندکاران دەکەن. زۆرێك لە سەرتاشەکان داشکاندن بۆ خوێندکاران دەکەن، کۆمپانیاکانی موبایل داشکاندنیان بۆ دەکەن، زۆرێك لە ناوەندەکانی وەرزش داشکاندنیان بۆ دەکەن، هەندێك لە فرۆشگاکانی پێڵاو و جل داشکاندنیان بۆ دەکەن. و هتد. هاوکاری گشت ئەم لایەنانە لە سۆنگەی بەرپرسیاریەتی و بە مەبەستی دابینکردنی ژیانێکی شکۆمەند و خۆشگوزەرانە بۆ خوێندکارەکانیان، چونکە خوێندکار ئایندەی وڵاتە. گەنجانی هەژاری نیشتیمانی ئیمەش چاویان لە سەد دۆلارێكە حکومەت مانگانە بیانداتێ بۆ ئەوەی بتوانن لە خوێندنی زانکۆ بەردەوام بن و بەکولەمەرگی نەژین و بتوانن سەر لە خێزانەکانیان بدەن. بەڵام لە جیاتی پێدانی دەرماڵە بە خوێندکاران و دابینکردنی ژیانێکی ئاسودە بۆیان، حکومەتی پارتی و یەکێتی و گۆڕان بەرشەقیان دەدات و هێزی ئەمنی داپلۆسێنەریان تێ بەردەدات. ئەمە لە کاتێکدا هاوڵاتیان بێخەبەرن لەوەی ملیاردەها دۆلاری نەوەتفرۆشتن و داهاتەکانی تر چییان لێ دەێت و دەچێتە گیرفانی کام حوکمڕانی گەندەڵ. هۆ خوێندکارە گەنجەکانی نیشتیمان! ئێوە ئایندەی ئێمەن، مایەی شانازیمانن، پرۆتەستی ئێوە دەربڕینی مافێكی ڕەوای خۆتانە. پشتیوانتانین.
سارا قادر چاوەڕوانیەکان لە دنیای مۆدێرنەدا گەورە و درەوشاوە و پڕ ئۆمێد بوون، بەتایبەتی ئەو مەسەلانەی پەیوەندیان هەبوو بە مەسەلەی ژنان و دەستەبەرکردنی مافەکانیان .لانیکەم کەمبونەوەی ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەریان دەکرێت، مۆدێرنە لەگەڵ خۆیدا هوشیاریی و خوێندەواریی زانیاری زیاتری هێنا هەموانیش پێشبینی ئەوەیان دەکرد لەگەل ئەم فراوانبوونەی هوشیاری و زانینەدا ئاسۆیەکی نوێ لەبەردەم ژناندا بکرێتەوە ، لانیکەم ئەو توندوتیژیانەی بە درێژای مێژوو بەرامبەریان کراوە کەم بێتەوە. بڕیار بوو هوشیاری زیاتر توندوتیژی کەمتر بکاتەوە. زۆرێک لە شاعیرە ڕۆشنگەرەکانی کورد کە خەباتیان بۆ خوێندنی کچان لە قوتابخانەکاندا دەکرد و ئاسۆیەکی روونیان پێشبینی دەکرد، لەو بروایەدا بوون بە خوێدەواربوونی ژنان کۆمەڵگا کامڵ دەبێت و ژنان و پیاوان پێکەوە چەپڵە لێدەدەن. سەرەتاکان دڵخۆشکەر بوون، مۆدێرنە ژنانی بەشێوەیەکی بەربڵاو هێنایە ناو بواری گشتیەوە و زۆرێک لەو مافە سیاسیانەشیان بەدەستهێنا کە پێشتر لێیان قەدەغە بوو. مۆدێرنە ژنانی لە ماڵ هێنایە دەرێ و کردنی بە کرێکار، کارمەند، بەڕێوبەر، مامۆستا و بگرە سیاسیش. ژنان کە سەردەمێک مافی دەنگدانیان نەبوو، لەسەردەمی مۆدێرنەدا مافی خۆپاڵاوتنیان بۆ کایەیی سیاسی وەرگرت و زۆرێکیشیان بە پلەی بەرز و نزم گەیشتن. سەرەرایی ئەم گۆرانکاریە گەورانەش چیدی مەینەتیەکانی ژنان لە تاریکیدا نەمایەوە و بەردەوام چیرۆکی هەموو ئەو پێشێلکاری و توندوتیژیانە دەبیسترا و دەبینرا کە بەرامبەر بە ژنان دەکرێت. هیچ سەردەمێک هێندەی سەردەمی مۆدێرن زانیاری لەبارەی ئەو پێشێلکاریانەوە ئاشکرا نەکردووە کە بەرامبەر بە ژنان دەکرێت. بەڵام مەسەلەکە تەنیا ئەوە نەبوو زانیاریەکان زۆر و بەردەست بن ، بەڵکو مەسەلەی سەرەکیەكە وا بڕیار بوو ئەم زانیاریانە هوشیاری مرۆڤەکان دەستکاری بکات و لانیکەم دەوری هەبێت لە کەمکردنەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و ئاشنابوون بە مافەکانیان. بەڵام پرسیاری سەرەكی و گەورەی ئەمرۆ ئەوەیە ئایا دنیای مۆدێرن ئەو مرۆڤەی بەرهەم هێناوە هەستیار بێت بەرامبەر بە مافەکانی ژنان و لانیکەم دژ بە توندوتیژی ژنان هەڵوێست وەربگرێت؟ ئامارەکانی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، وێنەیەکی خۆشبینانەمان پێ دەبەخشن؟ بە دڵنییایەوە نەخێر چونکە ژنان تا هەنوکەش گەوەرەترین قوربانیەکانی توندوتیژین. بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە هەر سێ ژن یەکێکیان ڕووبەرووی توندوتیژی جیاواز دەبێتەوە، واتە نزیکەی ٧٣٦ ملێۆن ژن لەسەرتاسەری دنیادا بەشێوەی جیاواز ڕوبەرووی توندوتیژی جەستەی یان جنسی دەبنەوە. بەڕێوبەری ڕێکخراوی تەندورستی جیهانی دکتورە تیدۆرۆس ئەدحانۆم غیبریسۆس دەڵێت (توندوتیژی دژ بە ژنان لە هەموو ولات و کلتورێکدا ڕوو دەدات، کە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە ملیۆنها ژن و خێزانەکانیان. ئەم توندوتیژیە لەگەڵ پەتای کۆڤید ١٩ دا زیادی کرد، بەڵام بە پێچەوانەی کۆڤید ١٩وە تا ئیستا بە هیچ پێکوتەیەک ناتوانریت توندوتیژی دژ بە ژنان ڕابكیریت . دیاردەکە بەردەوامی هەیە و لەناو ناچێت بەهەوڵی حکومەتەکان و کۆمەڵگاکان و تاکەکان نەبێت بۆ گۆرانکاری و چاکسازی لە رەخساندنی هەلی كار و خزمەتگوزاری بۆ ژنان و کچان و بەهێزکردنی ئەو پەیوەندیە تەندروستانەی لەسەر بناغەی ڕێزگرتنی دولایەنە دابمەزریت . دنیای مۆدێرن زۆر فەزای ژیانی ژنانی گۆڕی، بەڵام تونوتیژی بەرامبەر بە ژنانی نەک کەمنەکردۆتەوە، بەڵکو بەشێوەیەکی ترسناک ڕووی لە پەرەسەندنی ترسناک کردووە. چیرۆکی ژیانی ژنان لەناو دنیای مۆدێرنەدا، هەمان چیرۆکی ژیانە لە پاش دروستبوونی توڕە کۆمەڵایەتیەکان و فەزای مەجازی. لەکاتێکدا هەمووان چاوەڕێی ئەوە بووین دروستبوونی ئەم پێگانە دەرفەتێکی زیاتر بخاتە بەردەم ژنان بۆ ئەوەی هاوکاریان بکات تا مافەکانیان باشتر لە جاران بەدەست بێنن، ئەوا خودی ئەم توڕە کۆمەڵایەتیانە لە زۆر شوێندا بوونەتە ئامرازێک بۆ توندوتیژی دەروونی بەرامبەر بە ژنان. ئەم پێگانە چەند دەرگای لە ژنان کردۆتەوە بۆ ئەوەی دەنگ و رەنگی خۆیان بگەیەنن، هێندەش بۆتە ئامرازێک بۆ سوکایەتی پێکردن و ناوزڕاندن و بێ بایەخکردنی ناو و ناوبانگ و کارەکانیان. هەموو ئاماژەکان دەڵێن هێشتا لەو سەردەمەوە دوورین کە توندوتیژی بەرامبەر بەژنان یەکێک لە چیرۆکەکانی رابردوو بێت کە بۆ نەوەکانمانی دەگێڕینەوە. وەک بەڕێوبەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت؛ ڕێگەیەکی زۆرمان لەبەرە بۆ ئەوەی کۆتایی بەم دیاردە قێزەونە بێنین. هەوڵی بەردەوامی هەموو تاکێکی هوشیار و دەزگا حکومیەکانمان پێویستە، بۆ ئەوەی ژیانێک بڕەخسێنین لە سەر بنەمای ڕێزگرتن لە یەک دوور لە توندوتیژی. *ئەندامی سەنتەری یەکسانی جێندەری زانکۆی سلێمانی
صلاح رەشید راپەرینی خوێندکاران و لاوان لە قۆناغ و کات و شوێنی جیاوازدا لەم ساڵانەدا، چەندەها جار دوپات بونەتەوە، راپەرینی ساڵی شەستەکان لە پێناوی یەکسانی مافی هاوڵاتیبون و دژ بە چەوسانەوەی رەشپێستەکان و دژ بە سیاسەتی رەگەزپەرستی لە ئەمەریکا و ئەوجا دژ بە شەڕی ئەمەریکا لە ڤێتنام. لە ماوەیەکی زۆر کورتدا ئەم راپەرین و خۆپیشاندانانە زۆر وڵاتانی تری گرتەوە، لەوانە لە سەرەتای ١٩٦٠ وە لە ئەڵمانیای رۆژئاوا، لە مایسی ١٩٦٨ لە فەرەنسا و ئینجا بۆ هۆڵەندا، ئینگلتەرا، یابان، ئیتالیا و مەکسیک و پراگی پایتەختی چیکۆسلۆڤاکیای جاران و پۆڵۆنیا. ئەم راپەرینانە تەنها خۆی لە داخوازی خوێندکاریدا نەدەبینیەوە، بەڵکو ناوەرۆکێکی سیاسیشی هەبو کە دژ بە شەری ڤێنام و سیستەمی سەرمایەداری جیهانی و پێشێلکاری مافی مرۆڤ و یەکسانی ژن و پیاو بو. دینەمۆی ئەم راپەرینانە خوێندکاران و لاوان بون، زوربەیان لە زانکۆکانەوە سەری هەڵدا کە جگە لە داخوازیە سیاسیەکان، داوای گۆرینی ریشەیی لە سیستەمی زانکۆ و خوێندن و شێوەی خوێندن و دابینکردنی زەمینەی لەباری خوێندن بو بۆ هەموان. ئەم خۆپیشاندانانە، هاندەرێک بون بۆ سەرهەڵدانی بزوتنەوەی کرێکاران لە فەرەنسا، هوڵندا و ئیتالیاش، هەروەها روداوە سیاسی و ئابوریە گرنگەکانی ئەو کاتانە لە جیهاندا، کاریگەری زۆریان هەبو لەسەر گەشەکردن و بەرەوپێش چونی بزوتنەوەی خوێندکاران و هێنانی خوێنی تازە و گەرم بە لەشی بزوتنەوەکەدا، لەوانە شۆرشی کوبای کانونی دوهەمی ١٩٥٩ و شەڕی دژواری ڤێتنام (١٩٥٥-١٩٧٥) و دروستکردنی دیواری بەرلین لە ١٩٦١ و کوشتنی بینۆ ئۆنەزۆر کە لە ٢حوزەیرانی ١٩٦٧ لە ئەنجامی خۆپیشاندان لە بەرلینی رۆژئاوا دژ بە هاتنی شای ئێران بۆ ئەو شارە، ئەم روداوانە و روداوی هاوشێوەی تر، هەموی وەک بەنزین وابون بەسەر ئاگردا بکرێ و ئەو خۆپیشاندانانە لە زوربەی زانکۆکانی ئەوروپا و بە تایبەتی لە فەرەنسا (پاریس) و ئەڵمانیا (بەرلین) هەنگاو بە هەنگاو گەرورە و گەشە دەکرد و دەسەڵاتداران ناچاربون کە مل بۆ زۆر لە داخوازیەکانیان شل بکەن.. ئەو راپەرینانەی کە لە ئەوروپا لە دوای خۆپیشاندانەکان رویاندا، کە بە شۆرشی ئیکۆلۆگی ناوبرا، داوای پەکخستنی وزەی ئەتۆمیان دەکرد و ئەم بزوتنەوەیە کاریگەری کردە سەر دامەزراندنی کۆمەڵێک هێزی سیاسی چەپ، لەوانە ( بزوتنەوەی سەوز) لە زۆر وڵاتی ئەروپا، تا گەیشتە ئەوەی کە لە هەندێ وڵات بۆ نمونە(ئەڵمانیا) ئەو هێزە نوێیە کە لە ئەنجامی خەباتی مەدەنی و خوێندکاری هاتبوە کایەوە، لە هەڵبژاردنەکاند بیباتەوە و لە هەندێ حکومەتی ناوچەکان یان مەرکەز بەشدار بن و پۆستی زۆر باڵایان بەر کەوێت و یەکێک لە رابەرە خوێندکارەکانی ساڵی شەستەکان ( یۆشکا فیشەر) لە ١٩٩٨-٢٠٠٥ ببێت بە جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا فیدراڵ. ئەو ریفۆرمەی ئێستا لە زانکۆکانی ئەڵمانیا و فەرەنسا و ئەوروپا هەیە، بەرهەمی ئەو ساڵانەیە کە بێ وچان خەباتی مەدەنیان کردوە.. لە هەندێ وڵاتی ئەوروپا و بە تایبەتی ئەڵمانیا، تا ئیستا خوێندن لە زانکۆ بەخۆراییە، هەمو خوێندکارێک کە باری ئابوری گونجاو نەبێت، مافی هەیە داوای یارمەتی خوێندن بکات لە حکومەت، ئەم یارمەتیە لە شێوەی قەرزدایە و کاتێ خوێندکارەکە دوای چەند ساڵێک کاری دەست دەکەوێت و داهاتەکەی باش و گونجاو دەبێت، ئەتونێت مانگانە بەشێ بداتەوە بە حکومەت، ئەگەر موچەکەی کەم بێت، ئەو هیچ ناداتەوە، وە ئەگەر پارەی هەبێت و بتوانێت هەمو بەیەکەوە بدات، ئەوا لە نیوەی قەرزەکەی خۆش دەبن. خۆپیشاندانی خوێندکاران و لاوان لە گۆرەپانی تیامین لە پەکینی پایتەختی چین لە ٤ حوزەیرانی ١٩٨٩، راپەرینێکی ئازایانەی کەم وێنە بو لەو وڵاتەدا، کە بوە هۆی کوشتن و لەناوبردنی زیاتر لە ٢٦٠٠ هاوڵاتی لە چەند ناوچەیەکی چین، ئامانجی ئەم راپەرینە ئەوە بو، کە ئەو گۆڕانە سیاسیانە لە وڵاتانی کۆمۆنیستی جارانی وەک یەکێتی سۆڤێت، پۆلۆنیا و هەنگاریا رویانداو، روو بکاتە چین و ئەمانیش دەست بکەن بە ریفۆرم، بەڵام دەسەڵاتداران بە ئاگر و ئاسن وەڵامیان دانەوە. مێژوی خۆپیشاندانی خوێندکاران و لاوان زۆر و بەرفراوانە، کەم وڵات هەیە کە جوڵانەوە و پرۆتێستی گەنجان و خوێندکارانی تێدا رونەدابێت.. بێگومان کوردستان بەدەر نیە لەم یاسایە، کە لاوان و خوێندکاران خەباتیان کردوە و ئەیکەن بۆ باشترکردنی سیستەمی خوێندن و ژیان و دابینکردنی فەزایەکی گونجاوی یەکسان بۆ وەرگرتن لە زانکۆکان و دوایش دابینکردنی فرسەتی کار.. خۆپێشاندانی خوێندکاران و لاوانی کوردستان لە ساڵەکانی ١٩٧٦، ١٩٨٢، ١٩٨٤ دژ بە رژێم و بە بەعسی کردنی سیستەمی خوێندن و ئەوجا دژ بەو چەوسانەوە نەتەوایەتیەی کە بەرامبەر بە گەلی کورد پەیرەوی دەکرد، واتا داخوازی پیشەیی بە ناوەرۆکێکی سیاسی.. ئەمە لە کاتێکدا کە نەک خۆپیشاندان بە فیشەک و گرتن وەڵام ئەدرایەوە، بەڵکو هیچ فەزایەکی ئازادی لە ئاسمانی کوردستاندا بەدی نەئەکرا. پرسیارەکە ئەوەیە، ئایە کە خوێندکاران لەو کات و ساتەدا، ئازایانە و جوامێرانە بەگژ دام و دەزگای بەعسدا چونەتەوە و داوای سادەترین مافی خۆیانیان کردوە، چۆن دەبێت خوێندکاری ئیمرۆ سڵ بکاتەوە لە خۆپێشاندان وەک ساڵەکانی حەفتا و هەشتاکان ترسیان لە پولیس و دەزگای دژە تێرۆر حکومەتی هەرێمی کوردستان و حیزبە کوردیەکان هەبێت؟؟ چەند خۆپیشاندانی خوێندکارانی سەردەمی بەعس رەوا بوە، بە هەمان شێوە ئەم خوپیشاندانی ئەم سەردەمەش رەوایە.. ئەم خۆپیشاندانانە، سەرەڕای ئەوەی کە هەوڵدانێکە بۆ ریفۆرم لە زانکۆکان و چاککردنی بژێوی ژیانیان و برینەوەی دەرماڵەیەک و چاککردنی بەشە ناوخۆیەکان و دابینکردنی پێداویستیەکانی ژیان تێیدا و ئەوجا داوایەکە بۆ چاوخشانەوەیەک بە پارەکردنی خوێندن لە زانکۆکان دروستکردنی ئەم هەمو زانکۆ تایبەتە کە ژمارەیان لە زانکۆی حکومی زۆر زیاترە کە بۆتە بەهۆی دروستکردنی دو توێژ لە خوێندکار و ئەوجا دوجۆر لە دەرچو لە زانکۆ و دو جۆر لە دامەزراندن دوای خوێندن. هەروەها خوێنکاران داوای دورخستنەوەی دەستی حیزب لە کاروباری زانکۆ و گەڕانەوەی هەیبەتی زانست دەکەن بۆ زانکۆ و ئەوجا چاودێری مامۆستایە لە وەرگرتنی پلە و پاییەی زانستی تێدا.. ئەم داخوازیانە هەموی لە پێناوی دوارۆژێکی روناکە بۆ زانکۆ و پێگەیاندنی خوێنکارێکی پڕ لە زانست و مەعریفە.. مێژوی خۆپیشاندانەکانی هەمو وڵاتان نیشانی دا، کە خواست و داوای رەوا، هیچ کاتێ و لە هیچ شوێنێک بە شەق و گازی فرمێسک رێژ و ریزە گولە چارەسەر ناکرێت و کۆتایی نایەت، کەمێ ئەوستێت، پشو ئەدا، جارێکی تر بە تەوژم و تینێکی ترەوە دەست پێ دەکاتەوە و سەرهەڵئەداتەوە تا ئامانجە رەواکانیان نەهێنە دی. داخوازی خۆپیشاندەران، سەرەڕای رەوایی، لە ناوەرۆکدا داخوزای هەمو میللەتە لە پێناوی ئایندەیەکی گەش بۆ گەلەکەمان، دوارۆژی روناک تەنها بە خوێندن دێتە دی و سەرکەوتنی خوێنکار بەستراوە بە دابینکردنی پێویستیەکانی خوێندنەوە. خوێندکاری سەرکەوتو، هیچ کاتێ لە جەوەی بێ دەرامەتی و نەگونجاو و دڵەراوکێدا سەرکەوتو نابێت، هەر کاتێ دوارۆژی خوێندکار تاریک بێت، ئەوا بە دڵنییایەوە دورۆژی گەل و نیشتیمانیش روناک نابێت. گرنگ و پێویستە هەر هەمومان پشتگیری داخوازیەکانی خوێنکاران بین، لەو روانگەیەوە کە ئایندەی گەشی گەلەکەمان لە بەشێکی زۆری لە داخوازیەکانی ئەواندا خۆی ئەبینێنەوە.. بە دەسەڵاتداران کوردستان هەوڵ نەدەن کە ئەم خۆپیشاندانە بەهێز و ترس دابمرکێنەوە و بە زۆر کپی بکەنەوە، چونکە بە دڵنییاوە سبەینێ نا دوسبەی بە شێوەی تر و لە کات و ساتی تردا سەرهەڵئەداتەوە.
فارس نەوڕۆڵی ئەم دۆخەی ئێستا،هەتا ئەو شوێنەی پەیوەندی بە داواکاری و مافی قوتابیان و خوێندکاران و فێرخوازان و فەقێیانەوە هەیە، هەتا ئەو شوێنەی پەیوەندی بە ماف و ژیانی خەڵکەوە هەیە،ئەوەی دژی بێت خوا دەیگرێت٫لە دوای ئەمەوە پێویستە هەموومان بە تێگەیشتن لە مێژووی کوردو ئەو پیلانانەی دژی کورد بەڕێوەچووە ئێستا بخوێنینەوە. هەر نەتەوەیەک لە مێژوودا چەندین قۆناغی سەختی تێپەڕاندووە، ئێستای هەر نەتەوەیەک ڕەنگدانەوەی بیرکردنەوەو جیهانبینی ئێستای ئەو نەتەوەیەیە. کورد ئەو نەتەوەیە زۆرترین قۆناغی سەختی تێپەڕاندووە. ئەو کاتەی لە لوتکە نزیک ببێتەوە هەر بۆ خۆی و لە ئەنجامی کورتبینی و نێرگسییەتی سیاسی ناوخۆیدا، لەبری ئەوەی هەوڵی سەرکەوتن بدات بە پێچەوانەوە بەربووینەتە یەکتر و کارتی دەستی ئەوانی دیکە. ئەمەش بۆتە هۆی شکستی هەر قۆناغێک. سەرچاوەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە نەمانتوانیووە خولیای مەزنایەتی بین، هۆکارەکەشی لە لاوازی پەروەردەوەیە٫ پەروەردە بە مانا فراوانەکەی٫ ئەو نەتەوانەش کە گەشتونەتە لوتکە بەهۆی سەرکردەکان و هەموو چین و توێژەکان و ڕۆشنبیران و بیرمەندانەوە بووە، کە لە ستراتیجدا هاوهەڵوێست بوون،سەرەڕای جیاوازییەکانیان! ئەم دۆخەی ئێستا زۆر هۆکاری بابەتی وخودی و ناوخۆیی و دەرەکی هەیە بۆیە پێویستە بە عەقڵانی و دوربینی هەموو لایەک چارەسەربکرێت، دۆخەکە زۆر ئاڵۆزوو توند نەکەین. ئەزمونمان هەیە هیچی لێ بەدەست ناهێنین باشترە نەرمتر ڕکابەری و داوای مافەکان بکەین،وەک مەولاناش دەڵێت(گوڵ لەسەر بەرد ناڕوێ ، ببە بەگڵ دەبێتە گوڵستان! ئێستا عێراق لە دۆخێکی هەستیاردایە ئەو هەستیارییەش پەیوەندی بە دەوڵەتانی خاوەن بەرژەوەندییەوە هەیە لە عێراقدا، لاوازترین ئەڵقەش کوردە کە بیکەنە قوربانی بەرژەوەندییەکانیان چونکە هیچ نەتەوەیەک لە دەرەوە ناکەوێ ئەگەر لە ناوەوە دانەڕزابێت! ئەگەر دان بە ڕاستیدا بنێین پەیوەندییەکانی نێوان کۆمەڵگەی کوردی لە ئاستی سیاسیدا داڕزاوە. لەم سۆنگەیەوە دەبێ ئەوە بزانین فەوزاو کەوتنی هەر جێگایەک٫ شارێک لە هەرێم کەوتنی تاک بە تاکی کوردستانیانە٫لە لایەکی دیکەوە زەرەرمەندی یەکەم هاوڵاتیانی شارەکەیە ئەگەرسەیری ئەم چەند ڕۆژە بکەین و پرسیار لە کاسبکاران بکەیت٫لەبازگانەکان ،لەسەرتاش ،لەبۆیاخچی ،لە کۆگای جل وبەرگ ،لە چایخانەکان ئەوجا دەزانین دۆخی بازاڕ لەچی وێرانەیەکدایە. بۆیە داوام لە هەموو حزبەکان و ڕۆشنبیران و خوێندکاران هەیە خاڵێک بکەنە نمونەی باڵاو هاوبەش، ئەویش پاراستنی ئاسایشی هەرێمە. بسمارگ ووتی (ئێوە دەتوانن بڕیاری ئەوە بدەن کەی و لە کوێ دەست بەشەڕ دەکەن بەڵام نازانن ئەوشەڕە لەکوێ و کەی کۆتایی دێت). نمونەش لە وڵاتانی ناوچەکە دیارە. بۆیە تکایە سەرەڕای هەموو داوا ڕەواکانتان وریابن ڕیسەکەمان نەبێتەوە بە خوری و لەم لاولاوە ئیستغلالی کێشەکانی ناوماڵی کورد نەکەن بۆ ڕوخاندنی ماڵی کورد، مێژووش بەزەیی بە کەسدا نایەتەوە!
رێباز جوامێر حوکمڕانی باش چەمکێکە لە شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات و دامەزراوەکانی بە ئاڕاستەیەکی دروستکردنی پایە سەرەکیەکانی خزمەتگوزاری یەکسان بۆ هاوڵاتیان پێناسە دەکرێت. حکومڕانی باش پابەندە بە دروستکردنی سیستمێک کە دادپەروەرە وە دامەزراوەکانی دەوڵەت ڕێزی مافی مرۆڤ و ئازادییە مەدەنییەکانی تاک ئەپارێزێت. چەند فاکتەرێک هەیە کە دیاریکەری شێوازی حکومڕانی لە خۆ دەگرێت لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتداریدا کە بریتین لە: بەشداری کردن: بەشداری کردنی هاوڵاتیان وە دادپەروەری گشتگیر باڵبکێشێت بەسەر بڕیارە گرنگەکانی حکومڕانی. بە مانایەکی تر بەشداریکردن پێویستی بەوەیە کە هەموو گروپەکانی کۆمەڵگە ڕاستەوخۆ نوێنەریان هەبێت بۆ سیستمەکانی حکومەت ئەمە وەک کۆمەڵگایەکی مەدەنی بەهێز و هاونیشتمانی بەئازادیی و دەربڕینی بیروو بۆچونەکانی دەردەبڕێت. پاراستنی شکۆی یاسا: یاسا واتە ڕێکخستنەوەی کارەکانی دادگا کە پەیڕەو بکرێت بەسەر هەر تاک و گروپێک دا بە بێ جیاوازی. شێوازی کارەکانی لەلایەن سیستمە یاساییە بێلایەنەکانەوە کە پارێزگاری لە مافی مرۆڤ و ئازادییە مەدەنییەکانی هەموو هاوڵاتیان دەکات ئەمەش لەلایەن لقێکی دادوەری سەربەخۆوە و هێزێکی پۆلیسی ئازاد دەستنیشان دەکرێت. هەبوونی شەفافیەت: شەفافیەت بەو مانایە دێت کە هاوڵاتیان تێدەگەن و دەستگەیشتنیان بەو شێواز و زانیاریانە هەیە کە حکومەت بڕیارەکانی لێوە دەدات، بەتایبەتی ئەگەر ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ژیانی هاوڵاتیان هەبێت. ئەم زانیاریانە پێویستە بە فۆرماتێکی تێگەیشتوو و بەردەست دابین بکرێت، بە شێوەیەکی ئاسایی لە ڕێگەی میدیاوە بگوازرێتەوە بۆ ناو کۆمەڵگە. وەڵامدانەوەی داواکاریەکان: وەرگرتنەوەی وەڵام واتە بە هەند وەرگرتنی هاوڵاتیان وە هەوڵدان بۆ تێگەیشتنی کارو دەرئەنجامەکان. ئەمەش ئەوە لەخۆ دەگرێت کە دامەزراوەکانی دەوڵات لە چوارچێوەی کاتی گونجاودا وەڵامی بەشدارەکانیان دەدەنەوە. هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی: ئەم فاکتەرە ئاماژە بە دامەزراوەکان دەکات کە لە کۆتاییدا لە بەرامبەر هەر تاکێکی کۆمەڵگە بەرپرسیارن. ئەمە دەزگاکانی حکومەت و کۆمەڵگەی مەدەنی و کەرتی تایبەت دەگرێتەوە کە هەمویان بەرپرسیارن لە یەکتری. کاریگەر و کارامەیی: ئەمەش لە ڕێگەی بەکارهێنانی بەردەوامی سەرچاوەکان بۆ دابین کردنی پێویستیەکانی کۆمەڵگا پەرە پێدەدات. ڕایی کردنی کارەکان بە شێوازکی کاریگەر و بە کاتێکی کەم بەڕێوە ببرێن کە بگونجێت لەژێر سەقفی داواکاریەکانی هاوڵاتیان. پرسیارە جەوهەریەکە ئەوەیە کە ئایا تاکو چەند حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم فاکتەرانەی بە هەند وەرگرتووە و کاری لەسەر دەکات! بەهەند وەرنەگرتنی بەشداری هاوڵاتیان لە دانانی بودجەی جێگرەوە کە هاوڵاتیان تیایدا بەشدار دەبن. بودجەی جێگرەوە بریتیە لە وەرگرتنی داواکاری هاوڵاتیان بۆ پرۆژە خزمەتگوزاریەکان. لە ئێستادا حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیڕەوی میکانیزمەکانی دارشتنی بودجەی بەکاربەر و بودجەی وەبەرهێنان کە هەر دوو وەزارەتی پلاندانان و دارایی بەو یٔەرکە هەڵدەستن کە ساڵانە ئامادە دەکرێت بە شێوازێکی کلاسیکی کۆن و لێکدانەوەی بابەتیانەی بۆ ناکرێت. زۆر پێویستە بودجەی جێگرەوە هەبێت کە هاوڵاتیان تیایدا بەشدار ببن لە ئاستی داواکاری تاک و گروپ و کۆمەڵگە وە بە پێی جوگرافیا و دیمۆگرافی خواستی هەر شارو ناوچەیەک بنەماکانی بودجە ئامادە بکرێت. وە لە هەمان کات دا پرۆژەکان لەسەر بنەمای (Feasibility Study) لێکۆڵینەوەی گونجاو هەڵبژێرێن و لە بودجەی گشتیدا جێی بکرێتەوە نەک لەسەر بنەمای ناوچەگەرێتی و زاڵبوونی نفوسی حیزبی کە تاکو ئێستا بەربڵاوە. نەبوونی شەفیافیەت لە داهاتەکانی نەوت، خاڵەسنوریەکان، داهاتەکانی تری وەزارەتەکان. ئەمە گەورەترین و بەربڵاوترین هەواڵە کە ڕۆژانە هاوڵاتیان لەسەر زاریانە و کە داوای شەفادیەت دەکەن کە داهاتی گشتی ئەم هەرێمە دیار نیە! کە هاوڵاتی داواکاری سەرەتایی هەیە بۆ زانینی داهاتەکان حکومەت ڕێگری دەکات لە ئاشکرابوونی داهاتەکان وە بگرە ئەندام پەرلەمان و ڕۆژنامەنوسان ناتوانن زانیاری دروست وەربگرن لەم بارەیەوە. هەڵگرتنی پەربرسیاری لە لایەن دامودەزگاکانی حکومەت تاکو ئاستێکی زۆر کەمە لە کوردستان بە واتایەک ڕایی کردنی کارەکانی کەرتی گشتی بۆتە دێوەزمەیەک کە هاوڵاتیان دەست بۆ هاوکاری و تەکلیفکردن درێژ دەکەن بۆ ئەوەی کارەکانیان بە خێرایی بۆ ڕایی بکرێت. کە پێویست بوو پرۆسەکانی مامەڵەکانی هاوڵاتیان بە شێوازی بنەمای گاریگەر و خێرا ئەنجام بدرێن لە کاتێکدا حکومەتی هەرێم ژمارەیەکی زۆری کارمەندی کەرتی گشتی هەیە. ئەم فاکتەرانە پێمان دەڵێن کە حکومەتی هەرێم زۆری ماوە بگات بە ئاستێک کە پێی بوترێت حکومڕانی باش لە چەمکی بەڕێوەبردندا.
عهبدولڕهزاق شهریف سەرەتا ئەبێ ئەوە بزانن حیزبەکانی ناو حکومەتی هەرێم، سەرکردەو کادرە دەسەنەخۆرەکانیان، هەمیشە لەکاتی نارەزایی دەربڕین و خۆپیشاندانی چین و توێژە جیاجیاکان، هیچ بەسەر خۆیانناهێنن، هەرێمەکە ئەکەن بەشامی شەریف و لەناو کۆشک و ئۆتۆمێلە گولەنەبڕو باخ و ئۆفیسی کۆمپانیاکانیانەوە لەهەموان ئەڕوانن و ئەڵێن کوردستان و کورد چ عەیبیان نیە ..! دەستی دەرەکی و دەستی دوژمنان لە پشت ئەو ئاژاوە گێڕانەوەیە، رۆژانی دوەم خۆیان بە تەماحی پوڵ و پۆست هەندێ بۆ لێدان و تیرۆرو تۆقاندن هەندێکیش بۆ گێرەشێوێنی ئەنێرنە ناو خۆپیشاندانەکان و ئیتر بەدکاری و بەدئاکاری ئەو کەسانە ئەکەن بەماڵ لەسەر خۆپیشاندەران و بەرێگەی ماکینەی گەورەی ئیعلامی و پەیوەندیە هەواڵگرییەکانیانەوە چاوی ئەخەنەسەر و خەڵکی نارازی کوردستان بە دێو و درنج ئەکەن. - بەهیچ جۆرێ بەشداری لێدان و سەرکوتکردنی مزاهەرەچیەکان ناکەم هەتا شەهادەی شەشی ئامادەییم بۆ دروست نەکەن و نەمکەن بە ئامر فەوج ... لە هەڤدەی شوبات و رۆژانیی دوایی ئەمە قسەی کەسێک بو کە تەکلیفی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانیان لێکرد . - مقەرەکەی خۆشمانم بەدەستی خۆم سوتان وتم بانەڵێن هەر مقەرەکەی خۆیان ماوە و دەستمان کەشف بێت ... ئەمەش قسەی هەڵسوڕاوێکی گۆڕان بو لە خۆپیشاندانەکانی کۆتایی ساڵی دوهەزار و هەڤدە. ئەو حیزبانەو کارەکتەرەکانیان پێیان وایە کەس رابردوی ئەوان نازانێ، ئەوان پێش راپەڕین و پێش تاڵانی دام و دەزگاکانی موڵکی گشتی هیچیان دەرماڵ و خوان و سفرەشیان لەماڵی باوکیانا نەبینیوە ، یان لەبنەڕەتدا، ماڵە باوکیشیان نەبوە، هەندێ لەتاو دروێنەو گۆل بڕین، هەندێ لە مەراق و گرێی دەرونی بێ کەسی و بێ پەروەردەیدا، رێگەی شاخ و پێشمەرگایەتیان گرتە بەرو بە پارەی دزراوی دوای راپەڕینیش دیسان لەبەر گرێ دەرونیە کۆمەڵایەتیەکانی خۆیان کەسانی نەجیب و خوێندەوارو تێکۆشەرە راستەقینەکانیان لە حیزب و حکومەت دورخستەوە. ئەوان لە شاخ سەری براکانی خۆیانیان پێش گیرفانەکان ئەبڕی ! بە شڕەخۆری پێشمەرگایەتی گەورە بون ! ئەوان لەشار لە تەلی کارەبای سەرئەرزو کێبڵی ژێر ئەرزەوە کەوتنە دزی هەتا ئۆتۆمبێلی ئاگر کوژاندنەوەو ئیسعافەکانی خەستەخانە. لە شەڕی دزینی گومرگدا، سەدان گوندو شارو شاخیان تۆپ بارانکردو سوتاند. ئێستا بەئێمە ئەڵێن کتێبخانەتان سوتاندوە !!! بەڵێ من سوتانم ! - منی کوڕە شەهید کە جاشێکی کوژراوتان هاوشانی باوکم خستۆتە لیستی شەهیدانەوە ... - منی خوێندکاری زانکۆ کە تەزکیەی کوڕە مەسولێکی پارتی و یەکێتیم پێ نەبێت مامۆستاکانیشم مەرحەبام ناکەن ... - منی کوڕە گوندیەک کە پیاوەکانی ئاغای ئێستاو کۆنە سەرۆک جاشی جاران پێم ئەڵێ مەرزەکەی سنور کۆنترۆڵی خۆمەو وەرە بەر بە نیوەیی ئیشم لەگەڵدا بکە ... - منی دایک ، کە بینیم کچ و کوڕەکانم لەبەر نادادی ئێوە جێیان هێشتم و لە ئاوی ئیجەدا گۆڕ بزر بون ... - منی باوک، کە بینیم رۆڵەیەکم سەری لەژێر پێی پاسەوانەکانی ئێوەدایە ... - منی خوێنەوار، کە بینیم نەخوێندەوارێ حوکمداریم ئەکا ... - منی هونەرمەند، کە بینیم جائیزەی باشترین هونەرمەندی ساڵ درا بە قەرەقۆزێک ... - منی شاعیر، منی نوسەرو منی ئەدیب ، کە بینیم زمان و وشەی کوردی لە دەرباری ئێوەدا، ئەتک ئەکرێ ... - منی زیندانی سیاسی و پێشمەرگەی راستەقینەی شۆڕش، کە ئەبینم مێژوی خۆم و شەهیدەکانی هاوڕێم ئەشێوێنرێ و هەراج ئەکرێ ... - منی ژن ، کە رۆژانە شکۆ و کەرامەتم لەبەردەم مەترسی دەزگا جاسوسیەکانی ئێوەدایە ... - منی کرێکار و دەستگێڕی ناو بازاڕ ، کە پۆلیس و ئاسایشەکەتان بۆ دەستکەوتێکی رۆژانەم داوای سەرانەم لێدەکا ... - منی مامۆستا و فەرمانبەر، کە داهاتی هەرێم و وڵات ئەبەن و بە منەتەوە موچەکەم بە چارەک و بە نیوە ئەدەنێ ... - منی کورد ، کە لەپارچەکانی نیشتیمانی دایکەوە هاتوم و شەڕتانە لەسەر ئەوەی کێ دەنگم کپ بکات و کامتان تەسلیم بە چەقۆی سەر ملی خۆمم بکەنەوە ... - منی قوربانی ناو زیندانەکانی پاراستن و زانیاری و ئاسایشی هەرێم ... بەڵێ من خۆم ئەسوتێنم و هەمو شتێکی ئەم حوکمڕانیەی ئێوەش لەگەڵ خۆما ئەسوتێنم ...
یەحیا بەرزنجی کە سەدام نەما، ڕژێمەکەی روخێنرا، دەستم کرد بە گریان، بەڵام لە خۆشیدا بوو، لەوەش کە بەخەونیش بڕوام نەدەکرد ئەوە روو بدات، سەدام نەما! بیرمە لە 1995 کە یەکەم منداڵم، رۆزا لە دایک بوو، تەنها ئەو رستەیەم لە خەیاڵدا بوو، "بمبوورە هێنامی بۆ دنیایەک سبەینێ تۆش پیر دەبیت، بەدەستی حوکمی عودەی، دوای ئەو قوسەی، یان حەلای کچی سەدامەوە، یان کورەزاو بنەچەی ئەو تایەفە تکریتییەوە . هەرچەندە ئەو دەمە شارەکەنی باکووری عێڕاق بە دەست ئەو حیزبە کوردیانەوە بوو کە لە دوای شەری کەنداوەوە لە تاراوگەوە، لە کەرەج و دیمەشق و ئەوروپاوە گەڕانەوە، دیمەنیان چەند سەیر بوو، لاتوو پووت. ئێستا لەو ناوچە سەربەخۆیەی پێی دەڵێن هەرێمی کوردستانی عێڕاق، شالیارەکانی سەردەمن. ئەو دەمەش هەرگیز بڕوام بەوە نەبوو، ئەم سەرکردانەی کورد هی ئەوە بن بمێننەوە، لای من وەها کەوتنە بەرچاو کە پارەی بانقەکە تەواو بوو، غەنیمەیان دابەش کرد، دەرۆن و جارێکی دی سەدام دێتەوە، چونکە مایەی بڕوا کردن نەبوو، بەناوشۆرشگێڕ، دوای ئەو هەموو ساڵە وا لە کوردستان بکات ! ئیدی زەمەن و سیاسەتی نێودەوڵەتی، ئەم گۆڕانەی هێنایە کایەوە، ئەوە 30 ساڵی رەبەقە حوکمڕانن. راستە سەدامی گۆر بەگۆڕ نەماوە وەلێ سیاسەتەکانی هەر ماوە، لەو دەسەڵاتەوە بۆ سەرکردەی بنەماڵەیی و سیستمی تایەفەگەری. بۆ کۆمەڵێک گیرفان کون، لەوەتەی دەیان بینین رۆژ بەڕۆژ دەبێت بێژی خۆزگەم بە پار، سیاسییەک هەر گیرفانی خۆی وکەسوکارو بنەماڵەکەی دەبینێت، قسەی مام حاجیشم بیر دێتەوە کە لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی دەڵێت : "ئەم دەسەڵاتە بە خوتو خۆڕا خەڵک برسی دەکەن، سەد خۆزگەم بەسەردەمی سەدام". ئێستا کە باوکێکی کورد منداڵێکی ببێت رەنگە هەمان رای هەبێت، بڵێ ببورە کۆرپەکەم هێنامیتە سەر زەمینێک، دەبێت چاوەروانی منداڵی مەلۆتکەی ماڵی مەسعود بارزانی و ماڵی تاڵەبانی و ماڵی برایم ئەحمەدو شانازو کۆسرەت رەسول و نەوشیروان موستەفاو دنیایەک سەرکردەی هەڵتۆقاوی تر بکەیت، حوکمت بکەن؛ ئای چۆن ئەو کۆرپەیەش تەمەن پیری دەکات. لە 1991 ەوە ئەم بە ناو دڵسۆزو سیاسیانە یەکەم شت کردیان داڕوتانەوەی سامانی ژێرخان و بنخانی ئەو سێ پارێزگایە بوو، پردی بێخمە بە واژۆی مەسعود بارزانی و مام جەلال بە کۆنە موستەشارێک فرۆشرا.. ئیتر تاقەتم نییە شتی تر بنووسم، بڕواناکەم لە کوردستان دەوڵەمەندوو خانەدان هەبێت، لە لایەن ئەمانەوە، سەرانەو سوکایەتیان پێ نەکرا بێت، جا چیان نەکردووە.... شەڕی نێوخۆو کوژرانی ئەو هەموو کوردە، لەدواجاردا نە تاڵەبانی و نە بارزانی خۆیان بەتاوانبار نەدەزانی... ئێ خۆ کورد زاکیرەی کوێرەو هەرگیز دادگای گەلیشی نابینێت، ئەوە تاڵەبانی و نەوشیروان لە بارەگای خوادان، مەسعود بارزانی و ئەوانی دیکەش جارێ سەریان زیندووە. ئەو دەمەش خەڵک هەر زوو لە ماهیەتی ئەم بەناو شۆڕشگێڕانە گەیشت، وەلێ بەدیل سەدام دەبوو، ئەو دەمە خەڵکی کورد لە نێوان سەدام و ئەم دەسەڵاتە کوردییە، ئەمانیان هەڵبژارد. وەلێ ئێستا بەدیلی ئەمان سەدام نییەو رەنگە بەدیل زۆر بن ! ئای بێشکچی ئازیز هەرگیز وانییە دەسەڵاتێکی خراپی کوردی، لە دەسەڵاتی داگیرکەر بۆ خەڵکی کورد باشتربێت، 30 ساڵی رەبەقە خەڵک دڵی گوشراوە بەدەست ئەم دەسەڵاتە کوردییەی عێڕاقەوە، ئای کە غەدری دەسەڵاتی کوردی بۆ کورد بە سوێو بەئازارە. ئەزانی بێشکچی بەڕێز، ئەو کێبڵەی سەردەمی بەعس خۆپیشاندەری پێ شینو مۆر دەکرایەوە، ئێستێ لەوە خراپترە، ئێستا فیشەکی زیندوی دەسەڵاتی کوردییە، لەهەمبەر خەڵکی سیڤیڵدا بەکاری دێنن، گەنجە ناڕازییەکان، ئەوانەی داوای ماف دەکەن، خەڵتانی خوێنیان دەکەن. کێ 17 شوبات، خوێنی رێژوانەکانی لە یاد کردووە؟ ئایا دەزانی بێشکچی چەند رۆژنامەنوسیان تیرۆر کرد، ئا هەر دەسەڵاتی کوردی بوو؟ سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامە حەمەو کاوە گەرمیانی و عەبدولستار تاهیر شەریف و رەئوف ئاکرەیی و ویداد حسێن، زۆری تر. ئایا دەزانی لە دەڤەری بادینان لەسەر رای جیاواز رەش بگیری دەکەن، ئەزانی گەر دەرفەتت هەبوو، تکا دەکەم لەو رستەیە پەشیمان بەرەوە...... لەوەتەی ئێوەمان ناسیوە، خەریکی کۆکردنەوەو کەڵکەڵە کردنی سامانن، لەچەند بانکی دنیا پارە کەڵکەڵە دەکەن و پارە سپی دەکەنەوە، لە کام وڵات خاوەنی ڤێلاو ئاپارت مانی گران بەها نین، لەوەتەی دەستی مامەو کاکە بە سوکانی هەناردەکردنی نەوت گیرسایەوە، دەوڵەمەندی زیاتر بۆ ئەوان و چەوسانەوەو بەش مەینەتیش بۆ دانیشتوانی هەرێمەکە؛ بەڵام پرسیارەکە لەوە دایە ئەم دۆخە بە کوێ دەگات؟ . رەنگە دەسەڵاتی خۆبەزل زانی هەرێمەکە بەکردنەوەی ئەو هەموو میدیا سێبەرو ماڵپەڕو نوسەری دەربارو گوێرایەڵ و سەرشۆڕە بیەوێ رای گشتی خەڵکی بەلاڕێدا ببات، ئەوەتا دەیبینن، کێ توانی جڵەوی خوێندکارانی زانکۆکاکانی هەرێم بکات، یان بینیتان کۆچی بەلێشاوی بێلا رووس چەند شەرم هێن بوو، ئەی خەڵک رابپەڕێت ئێوە لە کوێ دەبن؟ رۆژگارێک بوو جاش، موستەشار، ئەوانەی سەر بە موخابەرات بوون، ئەو کوردانەی لە ئەمن بوون، پیاوی ئەڵقە لەگوێی رژێمێکی سەرکوت کەری وەکو سەدام بوون... بڕوا ناکەم کەس بە بیریدا هاتبێت، ئەوانە لە سەدام و دارودەستەکەی هەڵگەڕێنەوە، بیرمە لە راپەڕینی 1991 ئەو موستەشارەی نزیک گەڕەکەکەمان بوو، نەمان دەوێرا سەیری ماڵەکەیان بکەین، کە کاتی هات، لە سەربازگەی سارداوی سلێمانی، شان بەشانی خەڵک فیشەکی بە بەعسەوە دەنا. ئیتر کاتی ئەوە هاتووە بیر بکەنەوە، پاسەوانی دەورتان، سوپاو سوپەرتان، پارەی کەڵەکەبوو، لە رۆژی حیسابی خەڵکدا بە پولێکە، ئێستا زۆرێک لەو کوڕی هەژارانەی چەکداری هەر لایەک بن، یان پاسەوانی بەرماڵی هەر بەرپرسێکی جەردەبن، لە نێو دڵیاندا زۆر ناهەقی بەرچاوی خۆیان لەبەرچاوە، رەنگە بژێوی وای لێ بکات هێشتا پاسەوانی بەر ماڵت بێت، وەلێ چیرۆکی ئەو کوردانەی سەردەمی رژێم کە بەدکاربوون، کەلاکێک بوون لەسەر شەقامەکان، هەرچی بەلایدا بڕوایە، تفێک کەم بوو بیدات بەرووی لاشەیەکی بێ گیاندا. مێژوو زۆری وتووەو هاوشێوەشی زۆر نیشان داوین، ژیرێتییەکە لەوەدایە پەند لە کامەیان وەردەگرین.
ئاسۆس هەردی رۆژی ٦ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٦ (سیدنی ستریت) کە چالاکوانێکی مەدەنیی رەش پێست دەبێت، لە رادیۆوە دەبیستێت یەکێک لە چالاکوانە دیارەکانی داکۆکیکار لە مافی ئەمەریکییە بە رەچەڵەک ئەفریقییەکان بە ناوی (جەیمس مێریدیت)، بە قەنناس تەقەی لێکراوەو هەوڵی کوشتنی دراوە. ئەم هەواڵە زۆر بێزارو تووڕەی دەکات. لەبەر خۆیەوە دەڵێت: دیارە "بە باشی نەیانپاراستووە". لە چەکمەجەی مێزەکەیدا ئاڵایەکی ئەمەریکای هەڵگرتووە کە لە بۆنە نیشتمانییەکاندا بە شانازییەوە هەڵیدەکرد. دەری دەهێنێت و دەچێت لە چوارڕیانێکی قەرەباڵغدا بە بەر چاوی خەڵکەوە دەیسووتێنێت. پۆلیسێک لێی نزیک دەبێتەوەو گوێی لە سیدنی دەبێت کە لەبەرخۆیەوە دەڵێت: "پێویستمان بە ئاڵایەکی نەفرەت لێکراو نیە". پۆلیسەکە لێی دەپرسێت: "ئاڵاکە هی خۆتە؟"، لە وەڵامدا دەڵێت: "بەڵێ هی خۆمەو سووتاندم. ئەگەر رێگە بدەن مێریدیت وای لێبکرێت، ئیتر ئاڵای ئەمەریکامان بۆچیە؟!" لەسەر ئەو رووداوە دادگا بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە ئاڵای ئەمەریکاو سووتاندنی، سیدنی حوکم دەدات. سیدنی لە دادگای باڵا داوای پێداچوونەوەو هەڵوەشاندنەوەی حوکمەکە دەکات. دادگای باڵا بڕیارەکە هەڵدەوەشێنێتەوەو دەڵێت "ناکرێت سیدنی لەسەر ئەو قسانە ئیدانە بکرێت کە لە دۆخی (شۆک بوون)دا کردوونی... چونکە بەپێی دەستوورەکەمان نابێ رێگە لە دەربڕینی بیروڕا بگیرێت تەنها لەبەر ئەوەی هەندێک لەوانەی گوێیان لەو بیروڕایە دەبێت پێیان ناخۆشە". بە واتایەکی تر، بە لەبەرچاوگرتنی سیاقی رووداوەکە، دادگای باڵا وەک سووکایەتی بە ئاڵای ئەمەریکا لەقەڵەمی نادات، بەڵکو وەک شێوازێک لە ناڕەزایی دەربڕین دژی هەوڵی کوشتنی چالاکوانەکە دەیبینێ. وەک ئەوە وایە سیدنی ناڕاستەوخۆ پێی وتبین، دەبێ ئەم ئاڵایە رەمزی پاراستنی ژیان و کەرامەتمان و، ماف و ئازادییەکانمان بێت. ئەگەر وا نەبێت بۆچیمانە؟ لە کوردستانیش نزیکەی سێ چارەکە سەدە لە مەوبەر، فایەق بێکەس دەیگوت: کورد ئەبەد ناگاتە مەقسەد نۆکەری بێگانەیە دوودڵن پیسن لەناویەک بۆیە وا بێ لانەیە...هتد. کەس هەیە جورئەت بکات بەو نیشتمانپەروەرە گەورەیەی کورد بڵێت سووکایەتی بە نەتەوەی کورد کردووە؟ ئاشکرایە بێکەس هەموو تەمەنی خۆی لە پێناوی نەتەوەکەی و مافەکانیدا بەختکرد. بە ژیان و گوزەرانی خۆیشی باجەکەی دا. ئەو شیعرە بەرهەمی تووڕەیی و بێزاریی خۆیەتی لە دۆخی پەرتەوازەیی و دواکەوتوویی میللەتەکەی. لە راستیدا بێکەس دەیەوێ پێمان بڵێ تا واز لە خۆخۆری، پارچەپارچەیی، قسەی بێ کردارو عەقلییەتی دواکەوتووی خۆتان نەهێنن، "ئەبەد ناگەن بە مەقسەد". بە کورتی، دەرهێنانی قسەو کردارەکان لە سیاقی خۆیان و یاریکردن بە سۆزو عاتیفەی خەڵک، ئەگەر هەوڵی چەواشەکردنێکی مەبەستداریش نەبێت، ئەوا بێگومان سادەگۆییەکە تووشی هەڵەی گەورەمان دەکات. وامان لێدەکات حوکمی هەڵە بدەین و ستەم لە خەڵک بکەین. تێبینی: ئەو وێنەیەی بڵاوکرایەوە کە گوایە خۆپیشاندەران سووکایەتی بە ئاڵای کوردستان دەکەن، درکەت کۆنەو پێچەوانەکەیشی راستە. ئەو گەنجانە ئاڵاکە کۆ دەکەنەوە بۆ ئەوەی کەس بەسەریدا نەڕوات.