Draw Media

د. شێركۆ كرمانج وەک ئاگادارن کۆمەڵێک کەس، بەتایبەتی ئیسلامییەکان، لەسەر ئەو گرتە ڤیدیۆییەی ڕۆمانوس‌و نوسەرو مامۆستا شێرزاد حەسەن هاتونەتە دەنگ. لەملاو ئەولا هەندێکیش هەڕەشە دەکەن گوایە کاک شێرزاد سوکایەتی کردوەو گوتویەتی کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان داعش دروست دەکەن. سەرەتا دەبێ ئەوە ڕاستبکەمەوە کە کاک شێرزاد گوتی بەپێی توێژینەوەیەکی شێرکۆ کرمانج (بەندە) وانەکانی پەروەردەی ئیسلامی لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان داعش بەرهەم دێنن نەک خۆی بەم دەرئەنجامە گەیشتبێت.  لەبەرئەوەی گفتوگۆکان ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە چەند توێژینەوەو بابەت‌و چاوپێکەوتنی منەوە هەیە، بە باشمزانی کە سەرەتا بۆ وەڵامی ئەوانەی کە هاتونەتە دەنگ‌و دەڵێن شتی وا لە کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی نیە کە داعشدروستکەر بێت بە نمونە ئاماژە بە چەند دەق‌و پەیامێک لە کتێبەکان دەکەم، بەڵام هەر ڕۆژەی نمونەیەک دەخەمەڕوو. دواتر، لە دەرفەتێک کورتەی توێژینەوەکانم دووبارە بڵاودەکەمەوە.   سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم کاتێک کاک شێرزاد دەڵێت کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی داعش بەرهەمدێنێت مەبەستی داعشیزمە، واتە عەقڵیەتی داعش، ڕێک ئەوەی کە من لە توێژینەوەکان پێداگریم لەسەر کردون، ئەگینا ئەوکاتەی من توێژینەوەکەم ئەنجامدابوو داعش وەک ڕێکخراو بوونی نەبوو.  بۆ ئەم مەبەستە سەرەتا واچاکە پێناسەی عەقڵیەتی داعش، داعشیزم، بکەین. داعشیزم فۆڕمە هەرە توندڕەوەکەی ئیسلامیزمە، ئەو ئیسلامیزمەی کە میانڕەوانی وەک یەکگرتو و توندڕەوانی وەک داعش کۆدەکاتەوە. لێرە مەبەست لە میانڕەویی‌و توندڕەویی زیاتر لە بیرکردنەوە نیە بەڵکو لە ڕێبازو ئامرازو دەرکەوتە. هەرچۆنێک بێت، مەبەست لە عەقڵیەتی داعش تێگەیشتنێکی تاکڕەوانەو ڕەهاییگەرییانەیە بۆ حەقیقەت، بە مانایەکی دیکە، مرۆڤێک کە هەڵگری بیروباوەڕێک‌و جیهانبینییەک بێت کە پێیوابێت هەقیقەتەکان هەمووی لای ئەوەو ئەوانی دیکە دەبێت بێنە سەر ڕێچکەی ئەو یان لەناوببرێن، لە باشترین حاڵەتیشدا ببن بە پاشکۆ. هاوکات، لەبەرئەوەی هەقیقەتەکانی ئەو، مەبەست عەقڵ داعشئاسایە، هەقیقەتی دینین ئیدی پیرۆزن‌و لەدەرەوەی ڕەخنەن، هەر کەس‌و لایەنێک لێیان نزیکبێتەوە دەبێت سەریان پەلبدرێت. بەکورتی، ئیسلامیزم/داعشیزم ئەو تیۆرە‎‎‏ فیکری یان ئایدیۆلۆجیە سیاسییەیە کە لە ئاکامی هەوڵەکانی کەسێک (وەک سەید قوتب یان ئەبوبەکر بەغدادی)،‎‎‏ ڕێکخراوێک (وەک ‏ئیخوان موسلیمون) یان بزوتنەوەیەک (وەک داعش) بەرهەمدێت،‎‎‏ ئەویش بەخوێندنەوەی سەرچاوە سەرەکییەکانی دینی ئیسلام.‏ بەدەربڕینێکی دیکە، ئەو دیدەیە کە دین‌و سیاسەت لێکجیاناکاتەوە، واتە جیهانبینییەکە کە ئیسلام ‏تەنیا وەک دینێک نابینێت کە تێگەیشتنی تایبەت بەخۆی هەبێت بۆ بوونی ڕسکێنەرێک (خالقێک) لەگەڵ چەندین ڕێوڕەسمی ‏پەرستن وەک نوێژو ڕۆژو بەڵكو وەک ئایدیۆلۆجیاو سەرچاوە‌و ڕێنیشاندەر‌و ڕێنماییکەرێک بۆ تەواوی پرسە سیاسیی‌و کۆمەڵایەتی‌و ‏ئابورییەکان دەیبینێت‌و مامەڵەی لەگەڵدا دەکات. بەواتایەکی دیکە، وەک بیرمەندو تیۆریستە ئیسلامییەکان دەڵێن "ئیسلام شێوازێکی کامڵی ژیانە"و ‏‏"تاکە چارەسەرە" بۆ پرسە سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌و ئابورییەکان. هاوکات دەبێت ئەوەش بڵێم کە من، باوەڕناکەم کاک شێرزادیش، پێمانوابێت کە کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی تاکە بەرهەمهێنەری داعش‌و داعشیزم بن لە هەرێمی کوردستان. هیچ دیاردەیەک، فیکرێک، ڕووداوێک نیە کە یەک هۆکاری هەبێت. کاک شێرزاد قسەکانی لەسەر ڕۆڵی قوتابخانەو پەروەردە بوو، توێژینەوەکانی منیش تەنیا لەسەر کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی لە قوتابخانەکانی هەرێم بوو، بۆیە هەردووکمان ئاماژەمان بەو هۆکارە کردوە لە پشت داعش، دەنا دەیان هۆکاری دیکە هەن لە پشت دروستبوونی ئیسلامیزم/داعشیزم لە کوردستان‌و لە شوێنەکانی دیکە. دەبێت ئەوەش بڵێم کە لە نوسینی ئەم بابەتە ڕێساو ڕێکارە ئەکادیمییەکان بەکارنەهاتوە چونکە ئەمەی ئێرە توێژینەوە نیە بەڵکو خستنەڕووی هەندێک لە دەرئەنجامی توێژینەوەکانە، بۆ وردەکاری زیاتر دەبێت بگەڕێنەوە بۆ سەر توێژینەوەکان.   با بێینە سەر ناوەڕۆکی بابەتەکە. لەم کورتەبابەتەو لە ڕۆژانی داهاتو بە چەند نمونەیەک پشتڕاستی ئارگیومێنتی توێژینەوەکانم دەکەم، کە دەکرێت وەک بەرگرییەک لە کاک شێرزاد ببینرێت. نمونەی یەکەم لە کتێبی پەروەردەی ئیسلامی بۆ پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی چاپی ٢٠١١ لە لاپەڕە ٤٠، دانەرانی کتێبەکە دەڵێن: "شاندێکی کریستیانەکانی نەجران هاتنە لای پێغەمبەر (د.خ) ئەویش دوای خستنە ڕووی باسێکی چڕ و پڕی ئیسلام، پێی فەرموون، ئەوە ئیسلامە، یان وەریبگرن یان سەرانە بدەن، ئەگەر نا خۆتان ئامادە بکەن جەنگتان لەگەڵ دەکەین" (تەماشای وێنەی هاوپێچ بکەن). ئێستا دەزانم هەندێک کەس دەڵێن جا کێ دەڵێت ئەم چیرۆکە ڕاستە، یان ئەم فەرموودەیە سەحیحە. نەک بۆ ئەم نمونەیە بەڵکو بۆ هەموو نمونەکانی دیکەش ئەوە پرسی من نیە. پرسی من ئەوەیە داخۆ ئەم دەقە چ پەیامێک یان تێگەیشتنێک لای خوێندکار/منداڵ دروست دەکات.  بەکورتی‌و بەڕاشکاوی، ئەم دەقە داعش دروست نەکات، من نازانم چی داعش دروست دەکات ئەگەر دەقی وا دروستی نەکات. ئاخر ئەم دەربڕینە بە ڕاشکاوی بە منداڵان دەڵێت ئەو کرستیانانەی لەگەڵتاندا دەژین لەم وڵاتە دوو بژاردەیان هەیە، یان سەرانەی/باجی کرستیانبوونیان بدەن یان دەبێت شمشێر بە ڕوویاندا هەڵبکێشین‌و بیانکوژین.  لە ٢٠١٤ کاتێک داعش هات‌و دەشتی نەینەوای گرت، ڕێک بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ کریستیانەکان کرد، وەک ئەوەی بڵێیت هەموویان خوێندکار بوون لە قوتابخانەکانی کوردستان.  ئەوەی ڕاستی بێت ئەم دەقە لە چاپی ٢٠١٥ ی هەمان کتێب ڕەشکراوەتەوە، تەنیا ئەو چەند دێڕە نەک تەواوی بابەتەکە. ئەمەش دوو شت دەسەلمێنێت: یەکەم، ئەو ڕەخنانەی کە من گرتبووم لەو کتێبانە لە ساڵی ٢٠١٢ ـەوە، چ بە نوسین چ بە چاوپێکەوتن، لەگەڵ ئەو دیدارانەی کە لەگەڵ وەزیری پەروەردەو بەڕێوەبەری گشتی پڕۆگرام‌و چاپەمەنییەکان‌، هاوکات هەوڵەکانم لەگەڵ ڕێکخراوی یۆنیسکۆ، کاریگەرییان هەبووە، کە بۆ هەموومان جێگەی خۆشحاڵی‌و دەستخۆشییە. بەڵام زۆر بەڕاشکاویی دەیڵێم کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامیی دەیان‌و سەدان نا بەڵکو هەزاران پەیام‌و چیرۆک‌و دەربڕینی وای تێدایە کە مەرج نیە داعش دروستکەر بن بەڵام هێندە کرچ‌و کاڵن کە بە هیچ شێوەیەک هیچ پەیام‌و نرخێكی پەروەردەیی لە خۆناگرن، بگرە بە پێچەوانەوە پەیامی ناتەبایی‌و دژەپێکەوەژیان‌و پەراوێزخستن‌و بەکەمزانینی ئەوانی دیکە لەخۆدەگرن. دووەم: لادانی ئەو دەربڕینە لە چاپە نوێکە خۆی سەلمێنەری ئەوەیە کە تەنانەت دانەرانی کتێبەکانیش درکی مەترسیی بوونی دەقێکی لەم جۆرەیان لە کتێبەکان کردوە.  وەک لە سەرەتا گوتم، تا چەند ڕۆژێکی دیکە هەر ڕۆژەی لە کورتە بابەتێک بەخستنەڕووی نمونەیەک دەمەوێت ڕاستیی داعشدروستکەری کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی لە قوتابخانەکانی هەرێم بخەمەڕوو. بەڵام دەبێت ئەوە بڵێم کە ئەو نوسخانەی کە من لە ٢٠١٢ تا ٢٠١٥ ئیشم لەسەر کردون ئێستا لە کتێبخانەکەمدان لە ئوسترالیاو لێرە لەبەردەستم نین بۆیە کارکردنم زۆر ئاسان نابێت. بەهەرحاڵ هەر چۆنێک بێت هەوڵ دەدەم لانیکەم پێنج شەش نمونە بخەمەڕوو. چاوەڕوان بن.     


ئەبوبەكر عەلی  وتارەکەی  بەڕێزیشت ڕەتکردنەوەی بەرامبەری (ئیسلامی) لێ دەچۆڕێت و  دژبە سەرەتاکانی گفتوگۆیە کاك ئاراس فەتاح، لە ڕۆژی  چوارشەممە، 15/12 لەگۆشەھەفتانەکەی خۆی، لەدرەومیدیا،وتارێکی بەناونیشانی( ھونەری بێدەنگکردن ) نوسیووە و  وای دەرخستووە بەرگری لەلۆژیکی گفتوگۆدەکات. تیایدا بەشێوەیەکی زۆر سەیروسەمەرە تەماھی لەنێوان لۆژیکی دەسەڵات وگۆڕەپانە ئیسلامییەکە دەکات وزەربێکی ڕاست وچەپیش بەسەردووەمدا دێنێت وبەبێ ئاماژەکردن بەبچوکترین بەڵگە وخۆماندوکردن لەوڕوەوە، وەك ئەوەی ئاماژە بەجەوھەرێکی نەگۆڕبکات و بەڵگە نەویستێکی ماتماتیکیانە بیر خوێنەرانی بێنێتەوە، بێ ھیچ پۆڵێنکردن وجیاکردنەوەیەكی مەنھەجی وزانستی، کۆمەڵێ حوکمی ئەخلاقیی زۆر قورس بەسەر کۆی حاڵەتی ئیسلامیی کوردستانیدا دەدات؟! کە ھەوڵدەدەین لەخوارەوە ئاماژەیان پێدەکەین وڕەخنەو سەرنجەکانمان لەسەریان تۆمار بکەین:  یەکەم/ پێی وایەئیسلامییەکان گفتوگۆی بابەتەکان وفیکری بەرامبەر ناکەن، چونکە توانای ئەوەیان نیە؟! لە جیاتی ئەوە پەلاماری کەسەکان وخاوەن فیکرەکان دەدەن ومۆرکی زەندیق وکافریان لێدەدەن وفتوای کوشتنیان دەر دەکەن؟!!  ئەم  حوکمەشی بەسەر کۆی حاڵەتە ئیسلامییەکەدا داوە و گشتیە، باس لەوەنیە یەکێ یان چەند کەسێك یاخود گروپێکی بچوك بەوجۆرە لەناوئیسلامییەکاندا ھەبوبن یاخود ھەبن، بەوجۆرەبوون وھەن. کەئەوەیان دەکرێت وئاساییە جێگەی مشت وقسەلەسەرکردن بێت.   بائێمە لێرەدا دەساڵی ڕابردوو بەنمونە وەربگرین ولەکاك ئاراس بپرسین: ١- لەکوێ وکەی ئیسلامییەکان گفتوگۆی بابەتەکانیان رەتکردۆتەوە؟ ئەی لەچەند شوێن پێچەوانەی بۆچونەکەی ئەو لەگەڵ بەرامبەرە فیکری وسیاسی ودینییەکاندا گفتوگۆی کراوەیان کردووە؟ ٢- کوان  ئەوفتوایانەی بۆکوشتن دراون؟  ژمارەیان چەندە؟ دژبەکێ بوون؟ کێ داونی؟ چەند کەس لەو نێوەندەدا کوژراون وکێن؟ گریمان یەکێ فتوایەکی لەوجۆرەی داوە، ئایە ئەوە دەبێت بەبەڵگەی تەکفیرکردنی مودێرنانەی تەوژمێکی دەیان ھەزار کەسی فرەشەبەنگ و بەربڵاوو لێپرسراوکردنی لەوکارە؟ کارێکی لەوجۆرە بچوکترین دادپەروەریی تێدایە؟ چونکە ئەوگشتگیکردنە لۆژیکی  کارکردنی دەزگا ھەواڵگرییەکانی ڕژێمە تۆتالیتارو دیکتاتۆرەکانە، بۆسەرکوتکردنی نەیارەکانیان، نەك  ڕۆشنبیرو ئەکادیمی. ٣- بەڕێزت دەربارەی ئەوڕاستیە دەڵێی چی: کەلەچەندین ساڵی ڕابردوودا چەندین، سیاسەتمەدار، ڕۆژنامەنوس ونوسەرو یاسایی وزانای ئیسلامی وکەسێتی سەربازی وکۆمەڵایەتی، لەھەرێمدا تیرۆر کراون ولەھیچ کام لەوانەدا دەستی تۆمەت بۆێیسلامییەکان درێژ نەکراوە؟ واتە ئەو تیرۆرو توندوتیژیەی ھەبووە نائیسلامی بووە؟ ئایە ھەق نیە بەشانازیەوە ئەوە بۆ ئیسلامییەکانی وڵاتەکەت تۆماربکەی؟ ٤-  لەوتارەکەتدا بەوزمان وڕیبازە  قسە لە سەرئیسلامییەکان دەکەیت، کەئەوانت بەپەیڕە وکردنی تۆمەتبارکردووە! واتە قسەت لەسەر خۆیان کردووە نەك فیکریان. تۆمەتبارتکردون بە: فەندەمێنتالیست، بێکەفائەت، تەکفیری، پیاوکوژ وتوندوتیژ و حەڵاڵکەری خوێنی خەڵك. واتە تاڕاددەیەکی بەرچاو لە عەقڵ وئەخلاق وھاوڵاتیبون داتڕنیون و وەك کۆمەڵێ تاوانبار خستوتنە ڕوو؟! کەلە ڕاستیدا دەبێت دادگایی بکرێن! ٤- سەبارەت بەھەڕەشەکردنی کوشتن لەمامۆستا شێرزاد حەسەن وھەرکەسێکی تر دەڵێین. خودی ھەڕەشەکردنەکە بێساغبونەوەی نابێتە بەڵگە بۆ تاوانبارکردنی کەس، چونکە: دەکرێت ئەوکەسە ئیدیعای بکات و وانەبێت، دەکرێت دەزگایەکی ھەواڵگری ولایەنێکی سێھەم بێت ومەرامی خۆی ھەبێت. دەشکرێت توندڕەوێکی ئاینی بێت. ئەگەر شتی واڕویداوەو ڕاستە داواکارم شێرزاد حەسەن چاوپۆشی نەکات وسکاڵا تۆمار بکات، بۆئەوەی  ھەروەكوەکو کاتی خۆی کە سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمارکرابوو دەربارەی ھەندێ لێدوانی دەربارەی ئیسلام( کەلەڕاستیدا توندو ھەستبریندارکەربوون) چیمان پێکرا بۆ کێشانەوەی داواکەو چارەسەرکردنی کێشەکە بەجۆرێکی ترکردمان ئەمجارەش بەرگری لێبکەین. چونکە بۆکەس نیە لەدەرەوەی یاساوە ھەڕەشەی کوشتن لەکەس بکات لەسەر بیروڕایەك ھەیەتی.  دووەم/  بەڕێزت تۆمەتێکی تری بێ بەڵگەت خستۆتە پاڵ کۆی ئیسلامییەکان ووتووتە  ئیسلامییە توندڕەوەکان( کەلەم وتارەدا سەرجەم ئیسلامییەکان توند ڕەون وئیسلامی میانەڕەوو گفتوگۆخواز بوونی نیە !!)، داعش تاوانبار نیە بە ناشیرینکردنی ئیسلام، بەڵکو ئەوانە ی تەماھی لەنێوان ئیسلام وداعشدا دەکەن و ڕەخنەی دەکەن، لێپرسراویان دەکەوێتە ئەستۆ؟! سەرەتا ئاساییە لەکوردستانداو لێرەو لەوێ لەبازنەی ئیسلامیدا ھەبن وبەوجۆرە بیر بکەنەوە،  ھەروەك ئاماژەمان پێکرد باسمانکرد قسەی ئێمە لەسەر ئەوەنیە، چونکە ناوەندی ئیسلامیش وەك ناوەندەکانی تر کێشەی خۆی ھەیە لەوانەش بوونی بیرکردنەوەی توندڕەوانە، بەڵکو کێشەکە تاوانبارکردنی کۆی ناوەندە فیکری وئیسلامییە سیاسیەکەیە بەتوندوتیژی وتوند ڕەوی، کەقابیلی بێدەنگبوون نیە لەسەری. دەبێت بڵێین جێگەی داخە لێرەشدا  بێبەڵگە قسە دەکات، چونکە پێچەوانەکەی ڕاستە، لەسۆنگەی ئەوەی یەکەم کتێبی شیکاری وڕەخنەیی لەسەر داعش لەکوردستاندا چاپکرا ئێمە نوسیمان. دووەمیش ھەر ئیسلامی بوو ھی مامۆستا عەلی باپیربوو. جاباوازبێنین لەھەموو ئەوەی پێیدەڵێن نوسین وبەییاننامەو لێدوان لەم بارەوە کەپێچەوانەی بۆچونەکەی کاك ئاراسچدەسەلمێنن بپرسین: مەگەر ھەرئەوان نەبوون فتوای ئاینییان بۆ پێشمەرگە دەرکرد شەڕی داعش بکەن ولەناسنامە دینییەکەیان سەرنەکەنەوە؟ پشتیوانی بەرەکانی جەنگ نەبوون؟ داوایان نەکرد ئەگەر حکومەتی ھەرێم پێویستی پێیان بێت وچەکیان پێبدات ئامادەن بچنە بەرەکانی جەنگ ودژبەداعش بجەنگن؟  جا ئەگەر بەڕێزت ئاگات لەھیچ لەم شتانە نیە، ئەوا مەرجی قسەکردنت دەربارەی تێڕوانینی ئیسلامیەکان بۆ داعش تێدا نیە، چونکە  بێ زانیاری قسە دەکەی وئەوەش نابێت ودەبێتە پروپاگەندە، خۆئەگەرزانیاریت ھەیەو سەرە ڕای ئەوە ئەوجۆرە وەسفی پەیوەندی ودۆخەکە دەکەیت، ئۆباڵەکەی لەڕوی فیکری وئەخلاقیشەوە ئاسان نابێت، چونکە دەچێتە چوارچێوەی  شێواندنی وێناوە. لەڕویەکی ترەوە گەرپێت وایە تەماھی وتێکەڵاوی دروستکردن لەنێوان ئیسلام وداعشدا، کارێکی ناڕاست ونازانستی وتەنانەت خراپە نیە دەرھەق بە ئیسلام ومەسوڵمانان،  وەمافی خەڵکی باوەڕدار نیە ئەوە بە لەکەدارکردن وسوکایەتیکردن بە خۆیان و ئاینەکەیان بزانن وکاردانەوەیان ھەیبێت،  چاوەڕوانیەکەت لەشوێنی خۆیدا نیە. بۆیە ھەروەك چۆن ھەر باوەڕدارێك ڕێزی خۆی وئاینەکەی وناسنامە نیشتیمانی وئینسانییەکەی بگرێت، دەبێت بیروتێگەیشتنی داعش وھاووێنەکانی بۆ خوداوئیسلام وئینسان بەتاریك وساختەو نەخۆش بزانێت، بەھەمان شێوەش یەکسانکردنی داعش  بەئیسلام، شایستەی توندترین ڕەخنە لێگرتنە. چونکە جگە لەوەی لەجەوھەردا خزمەتکردنە بەداعش وپێدانی ڕەوایەتیەکی ئاسمانی وپیرۆزە پێی، وەتاوانبارکردنی ٩٩/ موسوڵمانانە بە لاڕێلادان وکەمتەرخەمی وجەھلی ئاینی، چونکە وەکوداعش ناکەن، ھەروەھا سوکایەتیەکی گەورەشە بەموسوڵمان وئاینەکەی، لەسۆنگەی تێکەڵاوکردنی ناوو ناوبانگ ووێنەی ھەردوکیان بە وەحشیگەری وتاوان وئەووێنەی داعش لە ئێستادا خاوەنیەتی. پوختە: بەپوختی ئەم وتارەو لۆژیکەکەی، دەچێتە خانەی ئەو نوسین وقسەکردنە بێ بەڵگەو حوکمی سەرپێیانەی  بەشێ لە نوخبە فیکری وڕۆشنبیریەکە بەگشتی وبەتایبەتیش بەرامبەر ئیسلامییەکان کاری پێدەکەن، ئاماژەمانپێکرد نازانستیبونی لۆژیکی قسەکردنەکە لەچەندین ڕوەوە دەردەکەوێت لەوانەش: ١- گشتگیرکردنی داوەریکردنەکان وگوێنەدان بەو جیاوازیی وفرەییەی لەناو  ناوەندەئیسلامییەکەدا بوونی. ناکرێت سەلەفییەکان وئیسلامییە حەرەکییەکان لەتای یەک تەرازودا کۆبکرێنەوە. چونکە زۆرێ لە سەلەفییەکان کاری حیزبیی ئیسلامییان پێ حەرامە. ڕەخنەی تێگەیشتن لەئیسلام وعەقیدەییان لەئیسلامییەکان ھەیە. تێڕوانینیان بەگشتی بۆ ئەھلی تەسەوف، دیموکراسی، دەوڵەتی نوێ، حیزبایەتی، ناسیۆنالیزم وئافرەت وتەکفیرو ناسنامەی ئیسلامی کۆمەڵگە جیاوازە. جگە لەفرە ڕەنگی ناوئیسلامیە حەرەکییەکان، لەبازنە سەلە فییەکەشدا چەندین دیدگاو ڕەوتی جیاوازمان ھەیە. ھەربۆیە لانی کەمی بیرکردنەوەی زانستی ڕێگا بە نەبینینی ئەم فرە رەنگیە نادات. ٢- قسەکردن وحوکمدان بێھێنانەوەی بەڵگە بۆ پشتڕاستکردنەوەیان. ٣- بەھەڵە بەکارھێنانی زاراوە لەوانەش فەندەمێنتاڵیزم.چونکە ئەمزاراوەیە بۆگوزارشتدانەوە لە تەوژمی ئیسلامی نازانستیە کەبەبەکانی ناسیونالیزم وزۆر بەھای تر متوربە بوەو بەبەرنامەی ھەڵبژاردنی سیاسیەوە بەشداری کێبڕکێی دیموکراسی دەکەن ولانی کەم لەھەندێ ڕوەوە نوێنەرایەتی قۆناغی پاش ئیسلامی سیاسی دەکەن. ٤- فەرا مۆشکردنی واقیعێكی بەرجەستەی بەیەکەوە ژیان وکارکردنی پێکەوەیی فیکری وسیاسی ئیسلامییەکان لەگەڵ بەرامبەرەکاندا. ناکرێت، پێکەوەبوون لەحکومەت، لیستی ھەڵبژاردنی ھاوبەشی ئیسلامی عەلمانی( لیستی چوارحیزبەکە٢٠٠٩) ، خەباتی ھاوبەش لەئۆپۆ زیسیۆندا، لەسەرشەقامبوونی پێکەوە ھەر لەھەڤدەی شوباتەوە تاکوئستا، پێکەوە نوسینەوەی دەستورو بەرگریکردن لەمافەنیشتیمانییەکان، سەدان چالاکی ھاوبەشی پێکەوەیی میدیایی و فیکری وسیاسی، نادیدە بگیرێت ولانی کەم ڕەگەزێکی ھەڵسەنگاندنی تەوژمێك نەبێت ولای کاك ئاراس وھاوشێوەکانی نمرەیان لەسەر نەبێت. حەزیش دەکەم ھەرلەم دەرفەتەدا سەرنجی کاك ئاراس بۆ ئەوە ڕابکێشم کە بەبڕوای ئێمە بەشێ لەنوسینەکانی لەبوارە سیاسیە گشتیەکەشدا، ھێندەی جەمسەرگیریەکانی ناوکۆمەڵگە قوڵدەکەنەوەو  رق ویەکتر قبوڵ نەکردن بەھێزدەکات، خزمەت بە پەرەدان بەفەرھەنگی ڕێزگرتن لەجیاوازییەکان نیە، کەکاك ئاراس وبرادەرەکانی لەگۆڤاری ڕەھەند دەوریان زۆربوو لەبانگەشە بۆکردنی. بەوەش کۆمەڵگەیەکی نیمچە ھەڵوەشاوی سیاسی زیاتر لەبەریەکھەڵدەوە شێت وھاوڵاتیان بەرەو سەرھەڵگرتن ونائومێدی قوڵ دەبەن. بەتایبەتیش کەدەرفەتی لەبەریەکھەڵتەکاندنی سیستم زۆربوونی نیەو گەرڕوشبدات مەرج بەدیلەکەی دیموکراسی ودڵخواز بێت.


ئاسۆس هەردی ئەوەندەی بیرم بێ لە ژیانی منداڵی و هەرزەکاری و لاویمدا، هەمیشە ئەوەی جێگای سەرنج و رێزم بوو ئەوەبوو، خەڵکی دیندارو شارەزای ئایین زمانشیرینترین و بەئەدەبترین خەڵک بوون. حەزت ئەکرد لە مەجلیسیاندا دانیشی و گوێیان لێبگری. ئەگەر لەگەڵ لێکدانەوەو تێگەیشتەکەشیان نە بوویتایە، شەرمت ئەکرد راستەخۆ قسە لەسەر بۆچوونەکانیان بکەیت. لە نموونەی ئەوانە: مامۆستا شێخ محمەدی خاڵ، مامۆستا مودەریس، مامۆستا شێخ محمەدی بەرزنجی و… هتد، خوا لێیان خۆش بێت. ئەمە جگە لەو خەڵکە ئاساییە باوەڕدارو پابەندی ئایینەی، دڵنیام هەر یەکێک لە ئێمە لە ژیانی خۆیدا دەیان نموونەی بینیون و لەیادی ناچێت. خەڵکێک ئەدەب و رێزیان لێ ئەباری. بەداخەوە! پێدەچێ ئەو جۆرە جوان و پڕ لە رێزو خاکیبوونە لە دینداری و خواپەرستی بەرەو لەناوچوون بچێت!  هەندێ هاوڕێی فەیسبووک چەند سەرنجێکیان لەسەر ئەو هێرش و هەڕەشانە نووسیبوو کە رووبەڕووی مامۆستا شێرزاد بۆتەوە. ئەوەی بۆ من مایەی تێڕامان و بێزاری بوو، ئەو کۆمێنتانە بوون، کە بەشی هەرە زۆریان جگە لە سووکایەتی و جنێوی ناشرین هیچ شتێکی دیکە نەبوون!  زۆر بە دەگمەن گفتوگۆ و وەڵامدانەوەم بینی. زمانێک کە هەرگیز لە سەردەمی مامۆستا منەووەرو شارەزاکانی ئایندا نەمانبیسیووە. ئەمە دیاردەیەکە پێویستی بە لەسەر وەستان هەیە. رەنگە یەکێک بڵێت ئەی بۆ باسی زمانی دزێوی “عەلمانییەکان” ناکەیت؟ پێم وایە بە درێژایی تەمەنی نووسینم دژی ئەو جۆرە قسەکردنە بووم و گەلێک جاریش قوربانیی ئەو زمانەی بەناو عەلمانییەکان بووم. بە لای منەوە کێشەی ئەوەی یەکەم لەوەدایە، بەناوی ئاین و خوداوە قسە دەکات و ئاینیش لای من سەرچاوەی رێزو ئەخلاقە، وەک لەو مامۆستا پایەبەرزانەوە فێری بووین.  پێم وایە ئەو زمانە توندو بێباکە بەرهەمی ئەو بەناو مامۆستایانەیە کە لە شاشەی تەلەفزیۆنەکان و پەیجەکانی سۆشیال میدیاوە، زۆر بە خوێنساردی و بێباکی، زۆر بە ئاسانی و بێ سڵکردنەوە تەکفیری خەڵک دەکەن، حوکمی کوشتن و هەڵگەڕانەوە دەردەکەن، بە زمانێک کە لە هەموو شتێک بچێت، ئەوا بێگومان لە زمانی ئەو ئیماندارو زانایانە ناچێت کە نەوەی ئێمە ناسیومانن و گوێمان لێگرتوون. زمانێک پڕە لە (ببوورن لەم تەعبیرەم) سەپاندنی مۆرکی “بێ ئەخلاقی” بەسەر هەموو ئەوانەدا کە لە خۆیان ناچن و تێگەیشتنی جیاوازیان هەیە. کاتێکیش کە “مامۆستاکان!” بەو جۆرە رەفتار بکەن، چاوەڕیی لەوە باشتر لە”قوتابییەکان” و گەنجە پڕ لە حەماسەتەکانیان ناکرێت. پێم وایە لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا ئەرکی گران و یەکەم دەکەوێتە سەرشانی ئە لایەن و رۆشنبیرانەی مەرجەعییەتیان ئاینەو خاوەنی تێگەیشتنێکی “میانڕەو” و سەردەمین بۆ ئاین. بەداخەوە ئەو بەڕێزانە، کە زۆریان هاوڕێی بەڕێزو ئازیزی خۆمن، تەنها ئەو دیوە دەبینن کە بە دڵی خۆیان نیە. هەر گفتوگۆ لەسەر ئەو بۆچوونانە دەکەن کە لەگەڵیدا ناکۆکن و بێدەنگن، یاخود لانیکەم بایەخێکی ئەوتۆ بەو هەموو ناشرینییە نادەن کە هەندێ کەس و تەوژم بەناوی ئایینەوە ئاڕاستەی خەڵکی خاوەن بۆچوونی جیاوازی دەکەن. نایشارمەوە من چاوەڕێی ئەوە بووم و چاوەڕێی ئەوەم ئەو بەڕێزانە داکۆکی لەمافی ئازادیی رادەربڕینی مامۆستا شیرزاد بکەن یا هیچ نەبێ راشکاوانە دژی هەڕەشە کردن لە مامۆستای بەڕێز بووستنەوە، ئەگەرچی لەگەڵ بۆچوونەکاینیشیدا نەبن، وەک چۆن خەڵکێکی زۆری “عەلمانی” هەر کاتێک ئەوان رووبەڕووی پەلامارو هەڕەشە بووبنەوە، پشتیوانییان لێکردوون، ئەگەرچی لەگەڵ فکرو بۆچوونەکانیشیان نەبووبن. رووبەڕوو بوونەوەی ئەو زمانە ناشرینەو ئەو عەقلییەتە تاریکە، ئەرکی هەموو لایەکمانە، سەر بە هەر بیروبۆچوون و قوتابخانەیەکی فکری بین. لەگەڵ رێزو خۆشەویستیم بۆ ئەو هاوڕێ ئازیزانەی خاوەن مەرجەعییەتی ئیسلامیشن و راشکاوانە رای خۆیان نووسیوەو ئازایانەش داکۆکییان لە مامۆستا شێرزادو ئازادیی رادەربڕین کردووە.


خالد سلێمان کۆمپانیاکانی نەوت لە دوورو نزیکەوە حەزیان لە پرانسیپ و مۆرالی ژینگەیی نیە، هەندێکیان لەلایەن وڵاتەکانی خۆیانەوە مەرجی ژینگەییان بەسەردا سەپێنراوەو لەکاتی هەڵکەندنی زەوی وێرانکردنیدا لەپێناو نەوتدا، دەبێت لەدەروبەری هەر چاڵە نەوتێک هەندێ دار بچێنن، وەک ئەوەی بەریتانیەکان لەسەدەی رابوردوودا لە کەرکوک کردیان. هەڵبەتە یاسای ناوخۆیی هەر وڵاتێکیش کە دەبێتە جێی سەرنجی کۆمپانیا بیانییەکان، ڕۆڵی لە سەپاندنی مەرجە ژینگەییەکاندا هەیەو دەکرێ کەمێک لغاو بکرێن لە تێکدانی سروشتدا. مەترسی گەورە لەوەدایە کە کۆمپانیای نەوت هی دەوڵەتێکی داگیرکەر بێت، ئیتر ئەو کاتە لەبری بیرکردنەوە لە چاندنی دارو درەخت لەچواردەوەری هەر چاڵە نەوتێک، دار سرووشتییەکانیش لەناو دەبات. ئەمەیان بەسەر کوردستاندا ساغ دەبێتەوە، بەو پێیەی هەرێمێکی دەرگا واڵایە بۆ داگیرکاری و بۆمباران و هەرچی جۆری کۆمپانیاو گەندەڵی هەیە. گەنەڵ ئێنێرجی، کە کۆمپانیایەکی تورکی-بەریتانییە یەکێکە لەو کۆمپانیایانەی نەوت کە سروشتی کوردستان تێکدەدات و ئەگەر لە کوردستان نەکرێتە دەرەوە، دوای ساڵانێکی تر چیاکانی قەرەداغ دەکاتە سوتماک. ئەم کۆمپانیایە بە یارمەتی هەندێ دەسەڵاتدارو دەستڕۆیشتووی ناوچەکەو زۆنی سەوز، دەستی گرتوە بەسەر چیاکانی قەرەداغدا کە تاکە شوێنە لە باشووری سلێمانی و باکووری گەرمیاندا وەک ڕووبەرێکی سەوز ماوەتەوە. ئەم زنجیرە چیا گرنگە لە ڕووی ژینگەیی و هەمە-چەشنییەوە ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە ناوچەکەدا هەیە. یەکەم: توانانی هەڵمژین و حەشاردانی ڕێژەیەکی زۆری دووەم ئۆکسیدی کاربونی هەیەو ئۆکسجین دەبەخشێتە ناوچەکە. دووەم: جێگەیەکی سروشتی لەبارە بۆ هەموو جۆرەکان، لە ئاژەڵی بڕبڕەدارەکانەوە بگرە تا باڵندەو خشۆکەو مێروو. سێیەم: لە خۆگرتنی درەختی جۆراوجۆر کە بەشێکن لە ناسنامەی سروشتی کوردستان. چوارەم: بەخشینی ڕێژەیەکی باشی هەوای شێدار کە سەرچاوەی بارانە.. ئەمانەو چەندەها خەسڵەتی تر کە زاناکان دەتوانن بەڕوونترو فراوانتر باسی بکەن. وەک لە وێنەکەدا دەیبینن، ئێستا بەشێکی قەرداغ دراوەتە دەست کۆمپانیایەکی نەوتی تورکی و لەناو دڵی قۆپیەکانداو لە پێناو نەوتدا، جینۆسایدی دارو درەختی کوردستان دەکات، پلانەکەشی ئەوەیە چالاکییەکانی لە هەڵکەندندا زیاتر بکات و ڕووبەری زیاتر لە دارو ڕووبەری سەوزایی دابماڵێت. وەک لە نەخشەکدا ڕەچاوی دەکەن، پرۆژەکانی گەنەڵ ئێنێرجی زۆربەی قۆپییەکان دەگرێتەوەو لە داهاتوویەکی نزیکدا، دڵی ناوچەکە وێران دەکات. هاوینی ڕابوردوو لەکاتی کاری مەیدانی و گەڕانمدا، لەجارێک زیاتر لە ڕێگەی تەلەفۆن و ئیمێلەوە پەیوەندیم بەم کۆمپانیایەوە لە سلێمانی کردو مەبەستم ئەوەبوو لە خۆیانەوە گوێم لێبێت و چی دەڵێن دەربارەی ڕیشەکێشکردنی هەزاران داری قۆپیەکانی قەرەداغ، بەڵام بەهیچ جۆرێک وەڵامیان نەدامەوە.  


  بەهرۆز جەعفەر لەهەموو ئاستێکدا، لە لای هەموو کەسێکەوە ڕوونە کە لە هەرێمی کوردستان ڕۆتین هەیە، داهات یەک نە خراوەتەوە، هێزی سەربازیی یەکدەست و یەک بەرگ نییە. ئاسایشی ووزە، ئاسایشی خۆراک، ئاسایشی ئەلیکترۆنی…و … تادوایی لەبەردەم هەڕەشەدان.  بەڵام نیەت لە هاتوهاوارو پەلاماردانی حکومەتی هەرێم چی یە؟ بۆ نمونە ئێستا ئێمە ئەڵێین پرۆسە نەوتییەکانی هەرێم کێشەی بونیادی هەیە، بۆ هەر هەموو ئاستەکانی توێژینەوەی زانستی و ڕاسپاردەو دەرئەنجاممان خستۆتە ڕوو، بۆ گرێبەستەکان، بۆ گەڕان و پشکنین، بۆ پاڵاوتن، بۆ هەناردەکردن، بۆ بازاڕیکردن، بۆ لۆبی بۆکردن. کە ئەڵێین قەیرانی ئاو و کەشوهەوا کاریگەری خراپی هەیە، بە هەر سێ زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی ئیشمان لەسەر کردوە، داومان بە هەموو لایەنەکان و میدیا… ئیتر بەوجۆرە لەسەر هەموو پرسەکان وەستاوین، بێ ئەوەی حکومەتی هەرێم سەلاموعەلەیکومێکیشی لێ کردبین.  نیەت لەوە چییە کەسێک دوو خول و سێ خول پەرلەمانتارە هەموو بونی ئەو، پرۆژەی ئەو پەلاماردانی حکومەتی هەرێمە؟. لە شنگالەوە، لە قەندیلەوە، لە بەغداوە، لە میدیای بیانییەوە، لە ناوخۆوە، لە پەرلەمانەکانەوە پەلاماری حکومەتی هەرێم ئەدرێت، هەر بە ڕاستی (نیەت) ەکە چی یە؟ لە (١٧ی شوبات) مۆڵەتێکمان وەرگرت، بەنیەتی ئەوەی ئێمەش پەیامێک بدەین بە کۆی دەستەڵاتی کوردیی ئیمڕۆ ڕیفۆرمێک بکات لە سبەی باشترە، هەر ئەوەندەمان زانی لە چەندین لایەنی ئۆپۆ!ز!س!یۆ!نەوە هاتن…هاتن بۆ سواربونی شەپۆلەکە. هێشتا دانەبەزیون، یەکێک لەو برایانە کە ئەوا سێ خولە پەرلەمانتارە لە دوای ١٧ ی شوباتەوە، خوا ئاگەدارە ئەیوت؛ ئەمە وا نابێت، ئەبێت خوێن لە شەقام بڕژێ، ئینجا میدیای بیانی بهێنین بڵێیین ئەوە دەستەڵاتی کوردیی خوێنی ڕژاندوەو ئینجا کەسوکاری خوێن ڕژاوەکانیش دێنە شەقام لەگەڵمان!. کە زانیمان لە دەستمان دەرچوەو دەرەقەتیان نایەین، جیابوینەوە لە ئەنجومەنەکە تا ئەو خوێنە نەڕژێ!. لای ئەوان نیەتەکە ئەوە بو حکومەتی هەرێم خوێن نەڕێژێ ئیتر ئەم کاکەیە خۆی ببێتە پەرلەمانتارو سەرۆک و وەزیرو چی و چی ئینجا ئەم خۆی خوێن بمژێ و بڕێژێ!؟ حکومەتی هەرێم، سەروو (٤٠٠) ملیار دیناری بۆ پرۆژەی شەقامی سەت مەتری سلێمانی و (١٦) ملیاری بۆ سایلۆی گەنم لە گەرمیان و، (٣٤) ملیاری بۆ فراوانخوازی و چاککردنی هاتوچۆی ناو دهۆک و چەند ملیارێک بۆ ئاوی چەمچەماڵ و (٧) ملیاری دیکە بۆ پرۆژەکانی هەڵەبجەو، لە ڕادیۆکەی ناو سەیارەکەوە گوێم لێ بو کە مشوری سەگەکانیش ئەخوات و لەو دوورەوە شوێنی مانەوەو پێداویستی بۆ سەگە بەرەڵاکانی هەولێر دابین ئەکات. ئەی نیەت و پلانی تۆ چی یە؟. حکومەت هێشتا ئەو شانسەی نەبوە کە بایی ئەوە بەرگری لە خۆی بکات. پلاتفۆڕمێک دروست بکات کە بزانین ئەوانەی تر چی لەو باشتریان پێیە پێشکەشی بکەن؟ ئەو شانسەی نەبوە قۆپچەی سەرەوەی کراسەکەی بکاتەوە و بڵێت خۆ نزیکەی (٤٥٠) هەزار بندیوار من دام نەمەزراندووە لەسەردەمی کێدا کراوە؟ کام حیزبی بچوک و گەورە هەیە بە هەزاران مووچە خۆری- خانەنشینی لەسەر شانی حکومەتی هەرێم نەبێت، حیزبی بچوک هەیە هەزاران کەسی بە پێشمەرگەی دێرین خانەنشینە بێ ئەوەی هیچ بەرپرسیارێتیەک هەڵبگرێت لە ئێستای کوردستاندا!. هەیە لەسەر بنەمای خودی ئەم خراپیەی حکومەتی هەرێم دروستبوەو ئۆپۆزسیۆنەو (٤) هەر کەناڵی ئاسمانی داناوە!. نیەتی چی یە؟ بۆچی پەلاماری حکومەتی هەرێم ئەدات؟ خۆی مانگانە پارەی ئاوو کارەباو سەکیۆرتی لە هەزاران شوققەو ڤیەللا وەرئەگرێت بەڵام بە خەڵک ئەڵێت پارەی ئاو و کارەبا بە حکومەت مەدەن!؟ خۆی ئەزانێت هێڵی بۆڕی کوردستان سەروو (١٠٠٠) کیلۆمەترە تا مینای جەیهان و لە کۆتایی (٢٠١٣) تەواوبوە، عێراقیش هێڵی نییەو لە مینای بەسرەوە سۆمۆ نەوتەکەی ئەفرۆشێت، کەچی بە نیەتی پەلاماردان ( گرنگ نییە ناڕاستە) ئەڵێت حکومەتی هەرێم کرێی گواستنەوە ئەدات بەڵام بەغدا نایدات!. حکومەتی هەرێم باجی ڕێک نەخستۆتەوە؟  خۆی حکومەت ئەم گاپەی دروست کردوە، تەنانەت زبڵ و خاشاکیش کە زمان و دەست بگرن پەلاماری ئەدەن، هەقە لە هەر شارو شەقامێکدا شاشەیەکی ئەلیکترۆنی گەورە دابنات، ڕاستەوخۆ خۆی لە ڕێگای ئەو شاشانەوە گفتوگۆ لەگەڵ خەڵک بکات.  هەر بەڕاستی خەڵک بێزارە، بێ دادە، لەسەروو ئەمەشەوە ناخۆشییەکەی ئەوەیە بە لا-ڕێدا ئەبرێن و بۆ موزایەداتی حیزبی و ئایدۆلۆژی و بۆ کامی دەروونی کەسانێک بەکارئەهێندرێن. سیستەمی پەروەردە خراپە (زۆریش خراپە) هەڵەی مەنهەج هەیە (زۆر وایە) نابێت شتێک هەبێت پێچەوانەی بنەماکانی ئاینی ئیسلام بێت، تۆزێک ڕاشکاویش بین ئەوەندەو نیوێکی وڵاتی ئەردەن لەم هەرێمە چکۆلانەیە مزگەوت هەیە، (٦٠٠٠) هەزار مزگەوت کارەبای تەواو سەرف ئەکات بێ ئەوەی وەزارەتی ئەوقاف یەک دینار بداتە حکومەتی هەرێم؟ هەروەک چۆن سەدان باخی بەرپرسان و سێبەرەکانی دەستەڵاتیش هەیە هەروەهایە. بۆ نمونە، تۆ بەم بیرو-ڕایەت ووت « مەبە بە موحامی حکومەت». من سەدان هەزار خوێنەر ئەزانێت نابم بە موحامی کەس، هەرگیز خۆم ناخەمە سوچێک یان بەرەیەک دژی بەرەیەک، لای توێژەر دواجار کەرەستەکانی نوسین  بڕیار ئەدەن. بەڵام ئەی ببم بە موحامی  بەغدا (تائێستاش بەغدا هێڵێکی بۆڕی چاک نەکردۆتەوە کە لە ٢٠١٤ ەوە داعش تەقاندویەتیەوە، بە بۆڕییەکەی کوردستاندا نەوتی کەرکوک هەناردە ئەکات). ببم بە موحامی حەشدی شەعبی؟ نەوەی نوێ؟ پەکەکە؟ حیزبەکانی ئێوە؟  بۆچی ! ئایا نیەتەکەی ئێوە وەک پرەنسیپێکی نیشتیمانی و زانستی و پرۆژەیەکی بەرجەستەکراو وایە، یان بۆ خۆ دەرخستن و کورسی بەدەستهێنانە لەسەر شانی خەڵکی ماندوو ی کوردستان؟ کابرا خۆی پزیشکەو ئەیەوێت ببێت بە بەرێوەبەری گشتی لەوەزارەتەکەدا، دێت سەت کەتنی تەندروستی باس ئەکا، لەبەرئەوەی نییە خەمی سێکتەری تەندروستی  وەک خەمێکی گەورە لە کۆڵ بنات.


   هونەر شێخ لەنگەری   یاسای هاتوچۆی بەرکار لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەربارەی کەسێك بەبێ مۆڵەت (ئۆتۆمبیل، ماتۆڕسکیل) لێ بخوڕێت و شۆفێری بکات، جیاوازە لە روی سزاوە. لەساڵی 2004 تا ساڵی 2019  یاسای ژمارە (٨٦)ی ساڵی (٢٠٠٤) بەرکار بوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان، لە  هەرێمی کوردستان یاسای ژمارە (٨٦)ی ساڵی (٢٠٠٤) هەتاوەکو ئێستا بەرکارە، بەڵام مادەکانی (٢١٫٢٢٫٢٣٫٢٤) لە ساڵی  2018  هەموار کرایەوە، هەروەها لە  عێراقیش ساڵی 2018  یاساییەکی نوێ دەرکرا بەناوی یاسای هاتوچۆ ژمارە (٨) ی ساڵی (٢٠١٩).   لە هەردو یاساکە بەشێوەیەکی جیاواز باسی لێخوڕین دەکەن بەبێ مۆڵەت، بەجۆرێک لەعێراق باسی حاڵەتی دوبارەکردنەوەی لێخوڕین بەبێ مۆڵەت ناکات، بەڵام لە هەرێمی کوردستان باسی دەکات، هەروەها لە یاسا نوێکەی عێراق دەسەڵاتی داوە بە هاتوچۆ دەست بەسەراگرتنی ئۆتۆمبیل  بۆ ماوەی ١٠ رۆژ ،کەچی یاسای بەرکار لە هەرێم باسی دەست بەسەراگرتنی ئۆتۆمبیل ناکات لە حاڵەتی لێخوڕین بەبێ مۆڵەت.   لە یاسایی ژمارە (٨٦)ی ساڵی (٢٠٠٤)ی هەموار کرا لە هەرێمی کوردستان بەدیاریکراوی لە بڕگەی یەکەمی بەشی (٢١) هاتوە: "ئەگەر  کەسێك مۆڵەتەکەی کێشرایەوە  (سحب) کرابێت یان هەڵوەشێندرابێتەوە (ٳلغاء) کرابیتەوە یان  مۆڵەتەکەی تایبەت نەبێت بە جۆری سواڕۆیەک، ئەوە دادوەری کەتن سزای دەدات بە بڕی (250)هەزار دیناری عێراقی  کەمتر نەبێت و (1) یەک ملیۆن دیناری عێراقی  زیاتر نەبێ ، واتا ئەو کەسەی سواڕۆیەکە لێدەخوڕێت خاوەنی بێت (مالك) بێت یان لە ژێر دەستی دابێت (حائز)، لە حاڵەتی دوبارە کردنەوەی ئەم تاوانە  سزاکەی جیاوازتر و  توندتر دەبێت، بەگوێرەی بڕگەی (٢)ی بەشی (٢١) لە یاسای هاتوچۆی ژمارە(٨٦)ی ساڵی(٢٠٠٤)ی هەموار کراو و بەرکار لە هەرێمی کوردستان هاتوە: "بەسزادانی بەندکردن لە(١) یەک مانگ کەمتر نەبێت و لە (3) سێ مانگ زیاتر نەبێت و غەرامەی کردنی لە بڕی (٢٥٠٠٠٠) دوسەد و پەنجا هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە (١٠٠٠٠٠٠) یەک ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، هەروەها هەمان سزای سەرەوە دەدرێت ئەگەر هاتو رێگەبدات بە کەسێکی بێ مۆڵەت سواڕۆیەکەی لێبخـوڕێت.   بەڵام لە یاسایی هاتوچۆی عێراق  ژمارە (٨)ی ساڵی (٢٠١٩)ی بەرکار لە عێراق هەر کەسێک کە بەبێ مۆڵەت سواڕۆیەک لێبخوڕێت، بەپێی مادەی (٣٢) لە یاساکە سزا دەدرێت بە بەندکردنی (١) یەک مانگ کەمتر نەبێت و لە (٣) سێ مانگ زیاتر نەبێت یان بە غەرامەکردنی  بڕی(٢٠٠) دو سەد هەزار دینار و  ئۆتۆمبیلەکەشی دەستی بەسەر دەگیرێت لە (١٠) دە رۆژ زیاتر.   هەروەها سەبارەت بەو کەسەی ئۆتۆمبیلەکەی بداتە دەستی کەسێکی بێ مۆڵەت لە عێراق سزاکەی جیاوازە، ئەویش بە غەرامەکردن یان بەندکردن، بەندکردنەکەش لە (١) یەک مانگ کەمتر نەبێت و لە (٣) سێ مانگ زیاتر نەبێت، یان بە غەرامەکردنی بڕی (١٠٠) سەد هەزار دینار کەمتر نەبێت و زیاتر نەبێت و لە (١٥٠) هەزار دینار کەمتر نەبێت یان هەردو سزاکە پێکەوە بدات وەک لە دەقی مادەی (٣٣) لەهەمان یاسای سەرەوە هاتوە.    لە عێراق و هەرێمی کوردستان دادوەر دەسەڵاتێکی فراوانی هەیە بۆ جێبەجێ کردنی ئەحکامەکانی ئەم یاسایە، لەبەر ئەوەی زۆرینەی دەقەکانی ئەم یاساییە دادوەر دەسەڵاتی 'تقدیری' هەیە لە نێوان هەڵبژاردنی ئەم دو سزایە، بۆ نمونە (دەسەڵاتی سەپاندنی سزای پێبژاردن یاخود یانبەندکردنی هەیە).   هەروەها دادوەر دەسەڵاتی هەیە  کە سزای بەندکردنی دا بەسەر هەرکەسێکدا  (ٳیقاف تنفیذ)ی حکومەکەی بکات.    دەقی هەردوو یاسایی هاتوچۆ بەرکار لە عێراق و هەرێمی کوردستان.   بەشی  21ی  یاسایی  هاتــوچــۆی ژمارە (٨٦)ی ساڵی(٢٠٠٤) هەموارکراو لەهەرێمی کوردستان: بڕگەی یەکەم: هەر کەسێك سواڕەویەک(مرکبە) بەبێ مۆڵەتی لێبخـوڕێن یان مۆڵەتەکی لێخوڕینی لێ ڕاکێشراو کرابێت یان هەڵوەشێندرایەوە یان نا تایبەت  بەجۆری سواڕەوەکە لێبخوڕێت  ئەوا بە پێ بژاردن لە (٢٥٠٠٠٠) دووسەدوپەنجا هەزار دینارکەمتر نەبێت و لە (١٠٠٠٠٠٠) یەک ملیۆن دینار  زیاتر نەبێت سزا دەدرێت، ئەو کەسەی سواڕەویەک لەبەر دەستە ( خاوەنی بێت یان لە ژێر دەستی بێت) هەمان سزا دەدرێت، ئەگەر ڕێگە بدات کەسێکی مۆڵەت پێدراو  بەلێخوڕین ئەم سواڕەوە لێبخوڕێت.   بڕگەی دوەم: لە حاڵەتی دووبارە ئەنجامدانەوەی ئەو تاوانەی لە بڕگەی (یەکەم)ی ئەو مادەی دەقی لەسەر کراو، ئاوا سزاکەی دەبێتە بەندکردن بۆ ماوەیەک لە (١) یەک مانگ کەمتر نەبێت و  لە (٣) مانگ زیاتر نەبێت، بە پێبژاردنێک لە (٢٥٠٠٠٠) دوو سەدوو پەنجا هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە (١٠٠٠٠٠٠) یەک ملیۆن دینار زیاتر نەبێت .   یاسایی هاتوچۆ ژمارە (٨) ساڵی(٢٠١٩)    مادەی (٣٢): سزا دەدرێت بە بەندکردنی بۆ ماوەی (١) یەک مانگ کەمتر نەبێت و لە (٣) سێ مانگ زیاتر نەبێت یان بژاردنی بە بەبڕی (٢٠٠٠٠٠)دووسەد هەزاردینار کە هەر سوڕاوێک بەبێ مۆڵەت لێبخوڕێت یان مۆڵەتەکەی ڕاکێشرا بێت یان مۆڵەتەکەی هەڵوەشێندرایەوە، دەست بەسەراگرتن ئۆتۆمبیلەکەی بۆ ماوەی (١٠) دە رۆژ زیاتر نەبێت.   مادەی (٣٣): سزا دەدرێت بۆ ماوەی (١) یەک مانگ کەمتر نەبێت و لە (٣) سێ مانگ  زیاتر نەبێت یان سزا دەدرێت بە بڕی (١٠٠٠٠٠) سەد هەزار دینار کەمتر نەبێت لە (١٥٠٠٠٠) سەدو پەنجا هەزار دینار زیاتر نەبێت   یان بە هەردوو سزاکە، خاوەنی ئۆتۆمبیلەکە یان لە ژێر دەستی بێت ئەگەر رێگەیدا بە کەسێکی بێ مۆڵەت سواڕۆیەک لێبخوڕێت).


محەمەد عەلی  لە دوای گۆڕانكارییە خێراكان لە عێراق و ناوچەكەدا، بە تایبەتی لە نێوخۆی هەرێم، بەداخەوە جارێكی دیكە هەرێمی كوردستان كرایە ئامانج، بە شێوەیەك كە نەیاران و دوژمنان، هەرجارەو شێوازێك بۆ ئەم مەبەستە بەكار دەهێنن، بەڵام وەكو هەمیشە خۆڕاگریی گەل لە ژێر سەركردایەتییە حەكیمەكەیدا، وای كرد كە بەسەر گشت ئاستەنگەكاندا زاڵ بن.  ئەوەتا پێشتر بە سوودوەرگرتن لە ناكۆكییە ناوخۆییەكانی هەرێم و لە ڕێگەی حكوومەتی عێراقی و بڕینی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، فشارەكانیان بۆ سەر هەرێم دەهێنا، دواتر لە رێگەی دروستكردنی هەندێك هێزی نافەرمی، كێشەی جددییان بۆ ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا تایبەت بە بەڕێوەبردنی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دروست كرد، لە دوای ڕووداوەكانی ٨ی تەمموز و ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداش، ئیدی بۆشاییەك بۆ ئەم هەوڵانەی دژی هەرێم نەمایەوە، بەڵام ئەمجارە هەوڵەكانیان چڕ كردەوە بە ئاراستەی تێكدانی ئارامیی هەرێم و لێدان لە ناوبانگ و پێگەی هەرێمی كوردستان.  بە هەمان مەبەستی دژایەتیكردنی ئەم ئەزموونە، زۆرێك لە هێزە سیاسییەكان لە ماوەی ڕابردوودا بەربەست بوون لە بەردەم نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان، كە مەبەست لەم هەوڵانە، رێگریكردنە لە بەدامەزراوەییكردنی دەسەڵاتەكانی هەرێم، لە هەمان كاتدا هەمان ئەو  هێزە ساسییانە بەرپرسن لە پەكخستنی هەوڵێكی سەرۆكایەتیی هەرێم بۆ كۆبوونەوەی گشت لایەنەكان لە دوای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، كە مەبەست لەم كۆبوونەوەیە، بۆ دروستكردنی كۆدەنگی  بوو لە بەغدا، ئەمەش كاریگەریی راستەوخۆی دەبێت لەسەر پێگەی كورد لە عێراقدا، كە دەكرا پەرتەوازەیی ماڵی شیعە و یەكدەنگنەبوونی سوننەكان، وەك دەرفەتێك بۆ كورد هەژماری بكرێت بۆ جێكردنەوەی زۆرترین داواكارییەكانی لە بەرنامەی كاری حكوومەتی داهاتووی عێراقدا. ئەوەی نكۆڵیی لێ ناكرێت، داواكاریی مامۆستایانی وانەبێژ بە مەبەستی دامەزراندنی هەمیشەیی و قوتابیان بۆ پێدانی دەرماڵە، مافێكی ڕەوایە، بەڵام هەمووان باش دەزانن كە هەموو هەوڵەكانی حكوومەت لە ئێستادا بۆ دابینكردنی مووچەیە، لە كاتێكدا ڕێگریی جددی هەیە لە كۆكردنەوەی داهات و تەگەرە دەخرێتە بەردەم چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەم و، حكوومەتی فیدراڵیش سستە لە ناردنی بەشەبودجەی كوردستان. لەگەڵ هەبوونی ئەم ڕاستیانەدا، هاندان بۆ خۆپیشاندان بە جۆرێك بوو، كە لە میانەیدا  سوكایەتی بە پیرۆزییەكانی كوردستان بكرێت و هێرش بۆ سەر دامەزراوە حكوومیەكان ئەنجام بدرێت، ئەمە جگە لەوەی قوڵكردنەوەی ناكۆكییە كۆمەڵایەتییەكانی نێوان كوردستانیان بوو، بە تایبەتی لە مامەڵەی نێوان خۆپیشاندەران لەگەڵ هێزە ئەمنییەكاندا، ئەمەش دەریدەخات كە پیلانێكی هەمەلایەنی نێوان چەند هێزێكی جیاواز بۆ تێكدانی ئارامیی كوردستان لە ئارادایە، هاوكات  قەیرانی كۆچبەرانی كورد لە سنووری نێوان بێلارووسیا و پۆڵەنداش، بە پیلانی هەندێك هێزی دیاریكراوە بۆ لەكەداركردنی پێگەی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا. لە چەند رۆژی رابردووش، چڕبوونەوەی هێرشەكانی داعش بۆ سەر هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و گوندە سنوورییەكان بە بەرچاوی هێزە عێراقییەكانەوە بە تایبەتی چەكدارانی (حەشدی شەعبی)، كردنەوەی بەرەیەكی تری شەڕە، هەم بۆ سەرقاڵكردنی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و لەلایەكی تریش بۆ چۆڵكردنی ناوچە كوردستانییە دەوڵەمەندەكان بە نەوت و ئەو ناوچانەی بە سەبەتەی خۆراكی عێراق هەژمار دەكرێن، ئەمە جگە لە تەعریبێكی نوێ، كە دەكرێ بە فشارێك بۆ سەر هەرێم هەژمار بكرێت بۆ گۆڕینی  هەڵوێستەكانی سەبارەت بە پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق.   لە هەمان كاتدا، ئاماژە شاراوەكەی پشت ئەم ناكۆكیانە، بە ئاراستەی پێكدادانی نەتەوەییە، بە شێوەیەك كە نەتوانرێ كۆنترۆڵ بكرێت، بێگومان هاتنی خودی سەرۆكوەزیرانی عێراقیش بۆ هەولێر و سەردانی مەخموور، بۆ پوچەڵكردنەوەی ئەم پیلانەیە، بە شێوەیەك لە دوا وتاری (سەرۆك بارزانی) لە كۆنگرەی كۆنفیدراسیۆنی رەوەندی كوردی لە هەولێر، هۆشداریی دا كە نابێت خەڵكی كوردستان بۆ ئەم شەڕە نەخوازراوە پەلكێش بكرێت، ئەمە هاوكاتە لەگەڵ ئامادەكارییەكی چڕی میدیای نێوخۆیی بۆ شەڕێكی دەروونی لەگەڵ جەماوەری كوردستان و بێئومێدكردنیان لە حكوومەت و دامودەزگا سەربازییەكانی.  


رێبوار کەریم وەلی ھەر لەسەرەتای دەسبەکاربوونی بەڕێز مەسرور بارزانی وەکو سەرۆکی حکومەت، حکومەتەکەی حکومەتێکی ئاگرەسیڤ و توڕەیە. موچە بدات ھەر توڕەیە، موچەنەدات ھەر توڕەیە! پرۆژە دەکاتەوە توڕەیە، دەڵێن: بۆ توڕەی؟ دەڵێ: چۆن دەبێ بڵێن ئەمە ھی کابینەی پێشووە!؟  * کاردانەوەی حکومەت، بەتایبەتیش ئەو ستافەی کە لە نزیک سەرۆکی حکومەت وەکو کابینەیەکی بچوککراوە کاردەکەن، بەرامبەر رووداو و پێشھاتەکان زۆربەی کات ناعەقلانی و بەکارھێنانی ھێزی لە راددەبەدەرە. جۆری مامەڵەی حکومەت لەگەڵ کەیسی سزادراوانی بادینان نمونەیەکی سادەیە کە ھەق بوو جەنابی سەرۆک بۆ جارێکیش بێت، پرسیار لە وەزیری ناوخۆیەکەی بکات و بپرسێ ئەرێ مامۆستا بەدەل بەرواریمان لەسەرچی گرتبوو؟  * تەخوین کردن و تیرۆریزە کردنی نەیاران و رەخنەگرانی حکومەت بووەتە شتێکی زۆر ئاسایی. تەنانەت دەزگای دادوەریش کەوتۆتە ژێر کاریگەریی ئەو کاردانەوەیەی حکومەتەوە. بۆیە قانونیش سەری لێشێواوە کاتێک بە تۆمەتی تیرۆر خەڵک دادگایی دەکات و دواییش تەنھا چەند ساڵێک حوکمی دەدات کە دژی ناوەرۆک و ماددەکانی یاسای تیرۆرە! * رەخنەگرتن لە حکومەت و ھەر دامەزراوەیەکی وڵات وا وێنا دەکرێت کە ئەمە دژایەتیکردنی جەنابی سەرۆک وەزیرانە و ئەوانە چاویان بەسەرکەوتن و چاکسازییەکانی براگەورە ھەڵنایەت! ئەم تەمەلوق و چاپلوسییە بەناوی بەرگریکردن لە براگەورە وایکردووە کە ئیتر خودی جەنابی سەرۆک وەزیران بکەوێتە ناو تەختەی ھەدەفەوە، چونکە ئەم نووسینگەیەی جەنابیان ھیچ قەڵغانێکیان لە نێوان جەنابی و تەنانەت کێشە بچوک و سەرپێیەکانیش نەھێشتۆتەوە. * نووسینگەی سەرۆکی حکومەت کە وەکو ئەسحابی کەھف لەگەڵ کابینەی نۆدا بەدیار کەوتن، شەلم کوێرم ناپارێزم بەس پەلامار دەدەن و، حیساب بۆ ئەوە ناکەن کە دوایی چی لێدەکەوێتەوە. وەڵامەکەیان بۆ راپۆرتی رۆژنامەنووسە ئەمریکییەکە بەیەک وشە(سکانداڵ)ە. نابێ ئەوە بەسەر سەرۆک وەزیراندا تێپەڕ بێت. ئیدعایەک فڕێ دراوە و زۆریش ئاساییە و رێگەکەشی ئەوەیە کە کابرا بەرەوڕووی یاسا بکرێتەوە. بەڵام تۆمەت بە تۆمەتێک کە نە پەیوەندی بە باسەکەوە ھەیە و تەنانەت جۆرێکە لە تیرۆری کەسایەتی، وەڵام نادرێتەوە! * من چەند جارێک لە نزیکەوە سەرۆک وەزیرانم بینیووە، ھێمن لەسەرەخۆیە، بەڵام ئێستاش تێنەگەیشتم لەوەی کە ستافەکەی چۆن دەتوانن وێنەیەکی وا توڕە و رقاوی لێ دروست بکەن؟ یان چۆن دەتوانن تا سەر بەو تیۆری موئامەرە لەسەر برا گەورە درێژە بەکار بدەن. خەڵک خۆپێشاندان دەکەن پێیان دەڵێن خائین، خەڵک سەری خۆی ھەڵدەگرێ و دەمرێ، دەڵێن بە فیتی پەکەکەیە و یەکێکیش لەو سەری دنیا قسەیەک دەکات، نووسینگە لە جیاتی وەڵامی کابرا بداتەوە، دەچێ پەلاماری ناموسی نەوەی شەھیدێکی پارتیی سلێمانی دەدات! * رەنگبێ یەکێک لە باشترین چاکسازییەکانی کاک مەسرور ئەوە بێت کە بە خێرایی ئەو نووسینگەیە کە وەک پەیجی فەیسبوک ئیش دەکات، رابماڵێت و چوار کەسی خاوەن عەقڵی سەلیم لەوێ دابنێت.


دانا نەقی ئەم تایتڵە شیکار زۆر ھەڵدەگرێت، بەڵام واقعێکە بە تەواوی خەریکە ووڵاتی ئەمەریکا بە دەست نەیارەکانی ھەراسان دەبێت. ئەمەریکا لە ساڵی ١٩٧٣ وە جڵەوی جیھانی لە ڕووی سیاسەت، ئابوری، پیشەسازی گرتۆتە دەست و لە گەڵ کۆتای ھاتنی جەنگی سارد تەنھا سود مەند بوە لە سەروەت و خێرو بێری تەواوی جیھان. بە دورستی دوایی دە ساڵی یەکەمی سەدەی بیست و یەک ئەمەریکا جیتر ژمارە یەک نەماوە بەرامبەر ڕکابەرەکانی چین، ڕووسیا، بە شێوەیەک لە پاشەکشەیە بە تەواوی نزیکی کردۆتەوە لە کارەساتی دارای ساڵی ٢٠٠٨، لەوانەیە پرسیار بکرێت چۆن؟ لە وەڵامدا تێچوی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە دەست وەردانی سیاسی و، سەربازی خۆی لە شەسەد ھەزار ملیار نزیک کردۆتەوە، ئەمەش وایی کردوە ھەڵئاوسانی ئەمەریکا بگاتە ٣١٪‏ ئەمەش جیھان نزیک دەکاتەوە لە کارەستاتێکی قەیرانی دارایی دوو بەرامبەر بە ساڵی کێشەی دارایی ساڵی ٢٠٠٨. بە نمونە لە یەکەم ساڵی ئیدارەی ترەمپ زیاد لە ھەزارو حەوست ملیار بۆ دەمەزراندن دابین کراوە. ئەمەریکا تاکە ھێز نیە ئێستا لە نێو خێروو بێری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو ڕووسەکانیش ھەن و زۆر براوە ترن خۆشیان بۆ یاری گەورە تر ئامادە کردوە، ئەمەریکا چی تر خاوەنی گەورەترین پاڵاوگە نیە لە جیھاندا بۆ ئەوەی کاریگەری ھەبێت لە سەر نرخی نەوت و یاری پێ بکات، ئەوە ھیندستانە ئێستا خاوەنی پاڵاوگەی زەبەلاحەو نەوتی دەوێت و فرۆشیاران چاوەڕیی ھیند و، چین و ، یابان و، کۆریای باشورن، چین یەکێکی تر لە ڕکابەرەکانی ئەمەریکا لە ئەمڕۆدا توانای  بزنس و توانای مرۆیی زیاد لە ٣٥٪‏ بە سەر ئەوروپای دۆستی ئەمەریکایە، بۆیە ئەستەمە ئەمەریکا دۆستەکانی زۆر ھاوکاری بن بەرامبەر بەم دوو کابەرە ڕووسیا بە شەڕی غازو، چین بە پارەی  کاش لە پێشەوەن بۆ پێشبڕکێی ئەمەریکا لە ئەفریقای باکورو، ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست. ئەوەی من مەبەستمە ڕۆژ بە ڕۆژ ئەمەریکا لە پاشەکشەیە لە عێراق، ئێران، سوریا، تورکیا، بەشێک لە ووڵاتانی کەنداو.


 بەهرۆز جەعفەر بەم ڕۆژگارە بێنەوبەرەو هۆنینەوەیە، ئایا کۆمەڵگەی مرۆیی تیا ئەچێت؟. ئایا ئەمریکاو چین، ئەمریکاو رووسیا لە ئۆکرانیا، لە دوورگەی کریمیا، لە هەر شوێنێک لە بۆشایی ئاسمان بەیەکدا ئەکێشن؟. ئایا دۆخی عێراق و کوردوستان خراپتر- باشتر ئەبێت؟. ئێران ڕێک ئەکەوێ - ناکەوێت؟. شەڕی عەرەب ئیسرائیل، نرخی تمەن، دۆلار، دینار، ڕیاڵ ئەگات بە کوێ و ناگات بە کوێ!؟. چی ڕووئەدات؟.  باوکم، هەموو جار ئەڵێت باپیرەت سەردارو دێوەخانی شۆڕشی لە کۆڵ گرتووە، ئەوە خۆشم بەو ڕێگایەدا ڕۆیشتم، هەروا بوەو هەرواش ئەبێت، پەنجا ساڵ پێش ئێستا چۆن بوە ئێستاش هەروایە:  پڕۆفیسۆر سوسەن کرەین-SUSAN A. CRANE لەزانکۆی ئەریزۆنا سەرەتای (٢٠٢١) کتێبێکی بڵاوکردەوە بەناونیشانی هیج ڕووی نەدا (نادات)-Nothing Happened. کرەین  تێزەکەی لەسەر بناخەی (شتێک نییە-لا شىء-Nothing) داڕشتووە. لە نێوان ئەوەی ئەیبینین و ئەوەی لە کەلتوری هەموو لایەکدا هەیە پێویستمان بە ڕەچەتەیەکی تر هەیە بۆ بینینی مێژوو. هەندێ شت هەیە ئێمە ئەزانین، وە بەردەوام بیری خۆمانی ئەهێنینەوە، ڕابردوو ئەوە بو کە بو. ئەینوسین، دای ئەڕێژینەوە، بەردەوام ئاوڕی لێ ئەدەینەوە، بەڵام ئەوەتا هاتین و هیچیش لە ڕێگەکەدا نەبو…کاتێک شتێک ناگۆڕێت بەڵام ئێمە هەر پێمان وایە ئەبێت بگۆڕێت!. بە نمونە حیکایەتی دادپەروەری و ستەم مێژوویەکی زۆر دوورو درێژی هەیە، جموجوڵ و ڕەوڕەوە هەزاران ساڵییەکان هەر هێناویانە، کاتێک کەس قسە لەسەر کۆتایی ئەم جیهانە ناکات و ناکرێت و ناگونجێت و ناشێت، کەواتە ئێمە هەر بەردەوامین. شەڕی داعشە!. شەڕی تیرۆرە، تەکنەلۆژیا دونیای گۆڕیوە، کورد هێزەکانی ڕێک نەخستۆتەوە، کورد کەی هێزەکانی ڕێک خستۆتەوە؟. بە پێچەوانەوە ئێستای کوردستان و حکومەتی هەرێم گونجاوترین دۆخ و ڕێکخراوترین هێزی بونی مێژوویی کوردە لە گۆڕەپانەکەدا، وە لە ناوچەکەدا. لە شەستەکانی سەدەی ڕابردودا جەنگی ساردی سۆڤیەت و ئەمریکا هەبوە، ئێستاش هەر هەیە، لە شەست و حەفتاکاندا جەنگی گەرمی عەرەب- ئیسرائیل هەبوە ئێستا نەماوە یان هەر بونێکی هەڵواسراوە، لە حەفتاکاندا « شا» لە ئێران ئەڕوخێت و گۆڕانکاری ڕووئەدا لە ناوچەکەدا، ئێستاش بەزم و نەزمی ئێران هەر هەیە. لە حەفتاو هەشتاکان و نەوەتەکانیشدا تورکیا بەهۆی کودەتاو قەیرانی دارایی و گرفتی نێوان ئیسلامی سیاسیی و عیلمانی-ڕەگەزپەرستی-موتوربەکراوی خۆرئاواییەوە ئەیناڵاند، ئێستاش هەر وایە. لە هەموو تەمەنی سەت ساڵەی عێراقدا هەر شەڕو بێدادی و گێرەو بەرە بوە، ئێستاش هەروایە. مەلەکیەت هەر مەلەکیەتە لە سعودیە، ڕیالیزم و نیۆ-ریالیزم و لیبراڵیزم و نیۆ-لیبراڵیزم هەمان ئەو تیۆرانەن لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا کە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە ئەمریکاو ئەوروپا کاری لەسەر ئەکەن.  ووتەبێژی ووڵاتان، هەموویان ئەڵێن تیرۆر هەڕەشەیەکی گەورەیە،  وایە هەڕەشەیەکی گەورەیە، لە شەستەکانی سەدەی بیستەمیشدا جۆن-کەنەدی-John-F-Kennedy لەناو ئەمریکادا تیرۆرکراوە، لە دوو هەزارەکانیشدا ئەمە هەر هەیە.  قەیرانی داراییە؟. لە کوێ قەیرانی دارایی نییە؟.  یۆنان (٣٣٢) ملیار یۆرۆ و پرتوگال (٢٣٢) ملیار یۆرۆ و  تورکیا  سەروو (٤٠٠) ملیار دۆلار قەرزارە، چاودێران باس لەوە ئەکەن ئەگەر ئەمریکا قەرزەکانی بداتەوە ئەوا پێویستی بە (٨٠٠) هەلیکۆپتەرە بۆ هەڵگرتنی ئەو پارانە!.  چی ڕووئەدا!؟. چی ڕوویداوە؟. پێشمەرگە ئەگەڕێتەوە بۆ کەرکوک یان ناگەڕێتەوە؟. پێشمەرگە کەی لە کەرکوکدا بوە، ئێستا ئەوەتا باس لە گەڕانەوەی ئەکەین، کەواتە دۆخەکە تۆزێک باشتر بوە. شەڕ ئەبێت یان نابێت؟.  شەڕ هەموو کاتێک ئەبێت، جەنگ و ململانێ لە مێژوو دەربکەیت چی ئەمێنێتەوە؟.شەڕ جەستەی شارستانییەتەکانە. شەڕ ئەبێت و بە دڵنیاییەوە (شەڕ) ئەبێت هەر ببێت، ئاشتی تەنها پشوویەکی کورتی نێوان شەڕەکانە. ئەگەر شەڕ نەبوبێت چۆن کۆڵۆمبیەکان و دۆمینکایی و تشیلی و هیندۆراسیەکان بە زمانی ئیسپانی قسە ئەکەن!. ئەوە ئیسپانیاو ئیمپراتۆریەتەکەیەتی شەڕی کردوە. بۆچی تونسی و ڕوانداو کۆماری کۆنگۆ و بەشێکی زۆری ئەفریکا بە فەڕەنسی قسەئەکەن؟. بۆچی لە سلێمانییەوە لەگەڵ لەندەن و شیکاگۆ و قوبرس ئێمە بە زمانی ئینگلیزی و بە ئۆنلاین گفتوگۆ ئەکەین؟.  شەڕ ئەبێت ببێت، ئەبێت هەموکاتێک خۆمان بۆ شەڕ ئامادە بکەین، ئەی ئەوە نییە لەم کۆتایی (٢٠٢١) ەدا ئیمارات بۆندێکی بە بەهای (١٩) ملیار دۆلار بۆ کڕینی فڕۆکەی جەنگی (ڕافال) لەگەڵ فەڕەنسا واژۆکردوە، ئەمریکاش لەهەمان کاتدا بایی (٦٥٠) ملیۆن دۆلاری بە سعودییە فرۆشت. بە نهێنی و بە ئاشکرا خۆیان داعش و گروپە چەکدارەکانی ئەفریکاو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکارئەهێنن، بە هەلیکۆپتەر هەرجارەی لەناوچەیەکەوە ئەیانگوێزنەوە بۆ ناوچەیەکی تر.  کەواتە هیچ ڕوونادات.!. هەر شەڕ ڕووئەدات، ئەوەش هەر هەبوە. بۆچی شەڕ ئەبێت؟ چونکە گەلان هەموو کات بۆ پاراستن و فراوانکردنی (ناسنامە-ID)ەکەیان بەڕێگای جۆراوجۆر شەڕ ئەکەن. قەرزارن بەڵام ناسنامەیان هەیە.  دۆخەکە هەروایە…وا…کارل پۆپەر لە کتێبی هەژاریی مێژووگەرایی دا ئەڵێت، ئێمە چاوەڕێ ناکەین بەهەشتێک لە گۆی زەوی دروست ببێت، تەنها ئەوەی کە هەیە کەمێک باشتری بکەین.


د. حلمی رەسول رەزا لە ئێستادا کۆدەنگیەکی تەواو هەیە لەسەر ئەوەی هەرێمی كوردستان  لەرووی سیاسی و ئابوری و سەربازی و تەنانەت كۆمەڵایەتیشەوە لەدۆخێكی خراپدایە تا ئاستی مەترسیدار، هۆکارەی ئەم رۆچوون و مەترسیانەش دیارو روونە. گرفتە ناوخۆییەكان بەتایبەتی تر، خراپی دۆخی لایەنە سیاسییەكان و خراپی دۆخی ئابوری لەلایەك و نائومێدی و بێ متمانەیی خەڵك بەدەسەڵات لەلایەكی تر، بەشێك لەو هۆكارانەن كە دۆخەكەی توشی چەقبەستن كردوە و دەرگای ئەگەری مەترسیەكانی بەرووی هەرێمدا كردۆتەوە.  لەچەند مانگی رابردوودا دۆستەكانمان بەراشكاوی پێیان گوتین مەترسی لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە، بەڵام لەباتی خەمخۆری، بێ باكی لەلایەن حكومەتەوە نیشاندراو بەبەهانەی بێ ناوەرۆك پاساوی بۆ هێنرایەوە، لەوەش خراپتر نەشبیسترا كەسێك  یان لایەنێك یاخود سەركردەیەكی سیاسی پرۆژەیەكی جدی بۆ بەرگرتن بەومەترسییانە بخاتە روو. ئێستا پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی عێراق كۆتایی هاتوە، ئەم هەڵبژاردنە نەك چارەسەری بۆ عێراق و كوردستان پێنەبوو، تەنانەت دۆخەكەی ئاڵۆزتر كرد و مەترسیەكانیشی چەند هێندە كرد. لایەنە كوردیەكان بەتایبەت پارتی و یەكێتی لەباتی ئەوەی ئەم هەلە بقۆزنەوە بۆ بەخۆداچوونەوە بكەن، کەچی خەریكە لەسەر دوو كورسی پەرلەمان "كە هەر لای كوردە" شەڕی مان و نەمان هەڵدەگیرسێنرێت. سەركردایەتی سیاسی كورد لەباتی ئەوەی بەشوێن پرۆژەیەكی جدیدا بگەرێن بۆ رێکخستنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ بەغدا، لەباتی ئەوەی خەمخۆری بۆ قوتی خەڵك بكەن و لەوە بپرسنەوە ئەو هەموو خێزان و لاوانە بۆ ملی رێگەی هەندەرانیان گرتوە و نیشتمان بەجێدەهێڵن، لەباتی ئەوەی بەخەمی تۆكمە كردنی سەنگەرەكانی پێشەوەی پێشمەرگە بن و هێزو توانای بەرەنگار بوونەوەی مەترسیەكان بخەنە سەر مێزی گفتوگۆی راشكاوانە، لەلایەك لەسەر بەرزترین ئاستی پارتی دیموكراتی كوردستان خەریكی رێكخستەوەی ناو ماڵی سوننەن و لەلایەكی تریشەوە سەرقاڵی دژایەتی سەرۆك كۆمارە كوردەكەن و بەیاننامەی لەسەر دەردەكەن، هەرچی یەكێتییەكانیشە خەریكی میراتی بەشكردنن و تواناو وزەیان لەبەر حزبەكەیان بڕیوە و ناتوانن جوڵەیەكی گرنگ و سودبەخش بكەن.    لە ئێستادا هەرێم بەبێ بەغدا ناتوانێ بژێوی موچەخۆرەكانی بەتەواوەتی دابین بكات، بەتەنها توانای بەرەورووبوونەوەی ئەگەر و مەترسیەكانیشی نییە، جەنجاڵیەکانی ناوچەکە، ئەگەر و مەترسییەكان پێویستیان بەوەیە، كورد بە یەكگرتووی بچێتە بەغدا، یەكگرتویی كوردیش پەیوەستە بەچۆنیەتی مامەڵەی ناوخۆی هەرێم و شەراكەتی فیعلی لایەنە سیاسییە بەشداربوەكانی ناو حكومەت، بۆیە زۆر ئەستەمە بروا بەوە بكرێت، بەم پەرتەوازەییەی ئیستا، بەم بێ بەرنامەیی و ركبەرایەتییەی ناو لایەنەكان بتوانرێت سەنگو قورسایی كورد لە بەغدا و ئەنقەرەو تاران بپارێزێت، بەپێچەوانەوە كورد جگە لە هێزی پێشمەرگە پێویستی بە هێزو لۆژیكی دبلۆماسییە، پێویستی بەوەیە لەمەزاجیەتی شەخسی و بەشەخسەنە كردنی پرسەكان خۆی قوتار بكات، لەباتی پرسی حزبی پرسی نەتەوەی بباتە سەر مێزی گفتوگۆ، خۆگەر وانەكرێت لەچوار ساڵی ئایندەو لەحكومەتی ئایندەی عێراق، مەترسییەكان لەسەر هەرێم چەند هێندە دەبن و ناو ماڵی كوردی لەسەر دەستی ئەم لایەنانە لەئیستا زیاتر توشی پەرتەوازەی دەبێت و ئەوكاتەش مێژوو رەحم بەسەركردەكان و خاوەن بریارەكانی ئێستا ناكات، چونكە ئەگەر دۆخەكە وابروات هێزەكوردیەكان بۆمانەوەی خۆیان بەناچاری پێویستیان بەوە دەبێت وەك فەرمانبەری تاران و ئەنقەرو بەغدا مامەڵە بكەن، جا ئەگەر ئەوەشیان لێ قبوڵ بكرێت.


 دڵسۆز حەمە (بۆ  بەردەم هەر کەسێک کە ڕەوشتی بەرپرسیاری هەیە ) بەدرێژایی  مێژوو  مرۆڤ چی وەکو بونەوەرێکی سەربەخۆ ،چی وەکو بەشێک لە کۆمەلگایەکی گەورەتر ، لەهەردو ئاستەکەدا  ململانێ وخەباتی سەختی کردوە  ودەکات  لە پێناوی  ئەوەی پێیدەڵێن  ، ئازادی ! لێرەدا ناچمە  سەر شرۆڤەکردنی  چەمکی ئازادی وڕەهەند    وسنورەکانی ئازادی  وچۆنیەتی بەرجەستەکردنی ئازادیەکی بەرپرسیار لە ژیانی تاک  ولەژیانی گشتیدا ، بەڵکو تەنها  ئەو بەشەی ئازادیم مەبەستە  کە فەراهەمی کەرامەت و پاراستنی سنورەکانی  مرۆڤبونی مرۆڤ  دەکات وەکو بونەوەرێکی  شکۆدار  ،وەکو بونەوەرێکی ژیر وئەخلاقی . جیا لەهەمو  بونەوەرەکانی دی  لەم سەر ئەستێرەیە ،  مرۆڤ مەخلوقێکە کە  دەرکی هەیە ،  هەست وسۆزی هەیە و بەمەش لەهەمبەر ڕوداوەکان و گۆڕان و پێدراوەکانی ژیان ،  لەهەمبەر سەرکەوتن وشکستەکان ، خۆشی وناخۆشیەکان ،چەوسانەوەو ڕزگاربون ، خۆشەویستی و فەرامۆش کردن  هەمیشە   کاردانەوەی دەبێت ،  ئازادی  ئینسانی   ئەوکات  بەرجەستە  دەبێت کە  هەمیشە فەزایەکی ئازاد هەبێت بۆ ئەوەی مرۆڤ گوزارشت بکات لە  تەواوی قوڵایی هەستەکانی  خۆی بە ئامڕازە جیاوازەکانی گوزارشت کردن بە بێ ئەوەی  توشی  چەوسانەوە و سەرکوت ، یان بێڕێزی ببێت یان بکرێتە  کاڵایەکی  سیاسی هەرزان بۆ  وەبەرهێنانی سیاسی  وڕاگەیاندن لەلایەن ئەم  گروپ یان ئەو هێزەوە . پاراستنی  پریڤات و کەرامەت وژیانی تایبەتی  مرۆڤ بەشێکە لە بەرپرسیاری  دەسەڵاتی  سیاسی  وبەرهەمی  هۆشیاریی گشتی   کۆمەڵگا وئاستی پیشکەوتنی کۆمەڵایەتیشە . هۆشیاری  مرۆڤیش گرێدراوی  کۆمەڵیک نۆرم وبەها وئەو یاسا قسەلێنەکراوانەیە   کە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان ڕێکدەخات ، بەرخوردی   لەگەڵ ڕوداوە  خۆش وناخۆشەکاندا بە پێی ئەو نۆرمانە دەبات  بە ڕێوە   ، یەک لەوانە بەرخوردی  مرۆڤە لەگەڵ  کارەساتەکان ، لەگەڵ  پرسە و  ڕوداوەکانی  مەرگ و لەناوچونی ئازیزان ، لەگەڵ خەم و جەرگسوتان ولەدەستدانی  هاوسەر وخۆشەویست وئەوانەی کە دەچنە سەفەری یەکجاری مەرگ . هێشتا مەرگ و پرسەدانان لە کۆمەڵگایەکی  کۆلێکتیڤ و نیمچە خێڵەکی ئێمەدا ،ڕوداوێکی کۆمەلایەتی دڵتەزێنە هەمو ئەوانەی کە راستەوخۆ وناڕاستەوخۆ  پەیوەستن بە کەسوکاری مردوەکە دەگرێتەوە ، هێشتا ئەوەی بەرپرسە لە مەراسیمی پرسەو ناشتن  وبەڕێکردنی تەرمەکە هەمو بنەماڵە وکەسوکار وخێزان وبنەمالەکە دەرودراوسێش دەگرێتەوە ، چی جای ئەو جەنگاوەرانەی لە پێناوی پرسێکی گشتیتردا شەهید دەبن وتیادەچن ، پرسەو لەدەستچونیان دەبێتە  ڕوداوێکی گشتی  پەیوەست بەهەمومان ...... بەڵام   فەزای راگەیاندن  ومێدیای  کوردی  بەشێکە لەو  فەوزا سیاسی و کۆمەڵایەتی وئابوری وئەخلاقیەی کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئامادەیە ،   زۆر  لە مێدیاکان  ڕۆژانە ڕۆڵێکی ڕاستەوخۆیان هەیە  لە زیاتر داڕزان وهەلاهەلابون وپارچەکردنی زیاتری  ئەو کۆمەڵگایە ، لە بچوککردنەوەو  بێڕیزی کردن بە مرۆڤ ، لە ئاسایی کردنەوەی  توندوتیژی و زمانی زبر وجنێودان ، لە ئاسایی کردنەوەی تاوان  ودەستدرێژی ، ڕۆڵێکی  ڕاستەوخۆیان هەیە لە ناشرینکردنی  مرۆڤی ئێمە ، لە بێبەهاکردنی تێکۆشانی ئینسان ، لە پوچکردنەوەی  ماناکانی ئازادی  وبەرگری  ومانەوەو  فەزیلەت  وچاکەی گشتی ، لە سوک وتڕۆکردنی  مرۆڤی هەژار  ولێقەوماو ، لە مێدیای  هێچ  جێگایەکی دنیادا نەبوە  ونیە  کە هەژارەکان   بە وێنەی  خۆیانەوە  بخرێنە سەرشاشەکان  و بڵاڵێنەوەو بپاڕێنەوە وبکڕوزێنەوە   ،خێروسەدەقەیان پێ بدرێت وکەرامەت وشکۆیان بۆ ئەبەد  بشکێنرێت ، ئەم مەهزەلەیە تەنها لەو کۆمەڵگا بێخاوەنەی ئێمەدا هەیە ، کەهیچ دەسەڵات و دەزگایەکئ ئیداری نیە خۆی بە خاوەنی بزانێت ! ئەوەی  ئەم ڕۆژانە ڕودەدات  وڕۆژانی دواییش  هەر ڕودەدات ، بەرخوردی  دەسەڵاتی سیاسی ، دەزگاکانی  مێدیایە   لەگەڵ پرسی شەهیدەکانی  هێرشەکانی ئەم دواییەی داعش لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان ، دیسانەوە تاسەرئێسقان  بەرخوردێکی  نائینسانی ونائەخلاقی  و ناشارستانی وناپیشەییە ، لە مێژوی  هیچ  کۆمەڵگایەکدا  ڕوینەداوەو  ڕونادات کە دایکێکی پرسەدار ، دایکێک کە بەیەک چرکە  سێ جگەرگۆشەی کوژراوە  ،بەردەوام  لەناوجەرگەی  پرسەکەوە ڕایبکێشیتە بەردەم  مایک و شاشەکان  بۆ پرسیاری  بۆش وبێتام وبێناوەڕۆک لەگەڵ بێژەر وپەیامبەری  نەزان  وبێدەم  وپل و بێهەست ، ئەمە ئەگەر  بێڕێزی وگوزارشت نەبێت  لەو لێکترازانە ڕۆحی و ئینسانیەی ئێمە توشی هاتوین ،چی ترە ؟ دواندنی دایکێکی  سادەی لێقەوماو لەو ساتەوەختەی کە توشی شۆکێکی  جەرگبڕ  هاتوە چی پەیامێکی  مێدیایی وسیاسی وئینسانی  وکۆمەڵایەتی لە پشتەوەیە ؟   لە کوێی  دونیادا  مایکەکان دەبرێتە  پرسەی ژنان وهەمو ئازادیەکی ئەخلاقی و ویژدانی وئینسانی  ئەمانە پێشێل دەکرێت ؟لە کوێی  دنیادا  ڕەوایە  مایک  وکامێرا  ببرێتە  ناو هۆڵی پرسە کان ،  گریان وشیوەن ولە خۆدان  وئەو چرکە هێستری  وجەرگبڕ  وئەو ساتەوەختە  زۆر شەخسی  وتاڵانەی ئینسانێک وینەبگریت  وبیخەیتە سەر شاشەکان  کە زۆر تایبەتن بە خەمی ئینسان  خۆی و خەمێکی زۆر  پیرۆز وبەشکۆ وشایانی تەقدیس و پاراستنە نەک  بخرێتە بەرچاوی دەیان ملیۆن بینەر لە دنیادا! قێزەونترین  ونزمترین  گەمەی  سیاسی  ،وەبەرهێنانی  سیاسیە بە خوێنی شەهیدان  وبە ئازار  وخەمی ئەو خەڵکە  هەژار لێقەوماوەی کە هەمیشە دەبنە سوتوی شەڕەکان ، ئەوەی ڕودەدات دوورە لەهەمو نۆرم وبەهایەکی ئینسانی وئەخلاقی ، دورە لە ئەخلاقی  سیاسی ، دورە لە ئاکت و نۆرمی پیشەیی ڕۆژنامەنوسی  وهەر پیشەیەکی دی ، ئاخر  کارەساتێکی ویژدانی وئەخلاقی زۆر گەورەیە لەبەردەم  دایکێکی جەرگسوتاوی سادەو ساکاردا  دروشمی حیزبی لێدەن ، کارەساتە  لە پێش  ژنێکی گەنج  وسادەوە کە هاوسەرەکەی لەدەستداوە  مایک بەریتە پێش  وداوای لێدوان بکەیت ، لێدوان لە چئ؟ بێڕیزی  وبێحورمەتی لەمە زیاتر دەبێت چی بێت ؟ گەورەترین گورزێک کەبەر کۆمەڵگا بکەوێت ، شکانی  کەرامەت  وشکۆی ئینسانی مرۆڤەکانە ، مرۆڤی بێ شکۆ ناتوانێت  هەڵگری خەیاڵی گۆران  وبەرگری  وخەونی  دنیایەکی باشتر  بێت ،  دیارە هێزە سیاسیەکان   ودەسەلاتی  بەڕێوەبەری کۆمەڵگا میکانیزم وئامڕازی  زۆری لەبەردەستدایە  بۆ  شکانی شکۆی  ئینسانەکانی کۆمەڵگا ، بۆ بەرهەمهێنانی مرۆڤێکی بێئیرادە ، کەسایەتیەکی تێکشکاو ، دەرونێکی ڕوخاو  کە گیانی بەرگری وململانێ تێدا لاواز بێت  ویان هەر نەهێڵێت ،  هەقە وەزارەتی پێشمەرگە ، وەزارەتی ڕەوشەنبیری ، دەزگای شەهیدان  پارلەمانی کوردستان ، هەمو ئەوانەی پەیوەستن بە ئاسایشی  کۆمەڵگا ، لە پاراستنی شکۆ  وژیانی تایبەتی مرۆڤ ، خەیاڵی بەرهەمهێنانی مرۆڤێکی خاوەن شکۆ وئازاد وئازایان هەیە ، خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن وهەڵگری  وبەهای ئینسانین ، بە  زووترین کات   ئەم مەهزەلەی بردنە  ژورەوەی  کامیرا  ومایکەکان ڕابگرن بۆ ناو پرسەکان ، وێنەگرتنی خەڵکی تازیەبار  وشیوەنگێڕ  ولێقەوماو نەخەنە سەرشاشەکان  وئەوهەمو بێڕێزیە بە ئازار و خەمی   تایبەتی ئینسان نەکەن ، چونکە خەمیش شکۆ و ڕیزی  خۆی هەیە .  


گۆران عەلی كەریمپارتی و یەكێتی وەك دوو لایەنی خاوەن هێزو خاوەن بریار، زیاتر لە چارەكە سەدەیەكە ئیدارەو حوكمرانی كوردستانیان لەبن دەستە، بەهۆی هەڵكەوتە و جوگرافیای پێگەی جەماوەریان، ئەستەم بوو گەر ئەم دوو هێزە پێكەوە نەبونایە، لایەكیان بەتەنیا بیتوانیایە ئیدارەی ئەم هەرێمە بەرێوەبەرن، ئەو واقیعە دوای ئەم سی ساڵەی ئیدارەی هەرێم ئیستاش باقییە و هیچ لایەكیان بەتەنیا ناتوانن قەڵمرەوی حوكمرانیان بەسەر كوردستاندا فەرز بكەن. خۆگەر لەرابردوشدا هەوڵی شتێكی وادرابێت ئەوە بەرئەنجامێكی تاڵ و شەری خۆبەخۆی لێكەوتۆتەوە، بۆیە لەسەر ئەم واقیعە سیاسیی و كۆمەلایەتیە گرنگە هەردولایان گرەوەی پێكەوە بوون و پارستنی هاوسەنگی هێزیان ببەستنەوە بەمانەوەی واقیعی ئێستاو تەنانەت قەوارەی هەرێمی كوردستانیشەوە. گرفتەكە لێرەوە دەست پێدەكات، كە لەبەرامبەر ئەم واقیعەدا لایەكیان بیەوێت بەتەنیا حوكمرانی بگرێتە دەست و پشت لەلاكەی تربكات، یان لایەكیان هەوڵەكانی بەو ئاراستەیەدا بروات کەلاكەی تریان بخاتە بنهەنگڵی ئاراستە سیاسی و حزبیی خۆیەوە. دیارە هەردوو لایان بە باشی و خراپیەكانیانەوە، كۆڵەكەی راگری یەكترن و هەرهەوڵیك بۆ بچوك كردنەوەو شكستهێنانی لایكەی تریان، وەك ئەو هەوڵە وایە كەسێك داری ژێر خۆی ببرێتەوە. گرفتەكە لێرەوە دەستپێدەكات، بەپشت بەستن بەهێزی دەرەكی و هەرێمایەتی، ئەو دوهێزە دژایەتی یەكتر بكەن، رابردوو شاهیدی ئەو جۆرە هەوڵانەیە و باجەكەشی زۆر قورس بووە لەسەر خۆیان و خەڵكی كوردستانیش، بۆیە بەسود وەرگرن لەو ئەزمونە تاڵانەی رابردوو، پێویستە پارتی و یەكێتی، بۆ ئارامی و بەهێز بوونی هەرێم، پێش ئەوەی سەر بەدیوەخانی هەر وڵات و لایەنێكی تردا بكەن، پیش ئەوەی دەستی تەبایی و هەماهەگی بۆ ئەوی دی درێژ بكەن، پێویستە ناو ماڵی كوردی رێكبخنەوەو لە هەموشی گرنگتر بەپەیوەندیەكانی خۆیاندا بچنەوە و بەدەر لەرەوایەتی ململانێیەتی سیاسی و كێبەركێ لەسەر ئاوەدانكردنەوەو پیشكەشكردنی خزمەتگوزاری زیاتر، دەستبەرداری قۆڵبادانی یەكترو شكاندنی بەكتربن، چونكە دۆخەكەش هەر ئەوەیان لێ دەخوازێت كە بەیەكەوەبن. ئاشكرایە چارەسەری بەشێكی زۆر لەگرفتی ئیداری، ئەمنی، مالی و تەنانەت پاراستنی هاوسەنگی هێزیش لەهەرێم لای پارتی و یەكێتییە، ناكرێت ئەوان خۆیان لەو بەرپرسیارێتییە بدزنەوە كە بەسەر شانیانەوەیە. ئەمرۆ هەرێمی كوردستان لە قەیرانێكی قوڵدا دەژی، قەیرانێك كە ناوئومێدیەكی زۆری لای خەڵك دروست كردوە، بەم ئەقڵیتە حوكمرانیەی ئەمرۆ رۆژ بەرۆژ گرفتەكان قوڵتر و فراوانتر دەبنەوە و رێگای چارەسەریش دورتردەكەوێتەوە، ئەرك و بەرپرسیارێتی سیاسی و ئەخلاقی چارەسەریش لەسەر شانی ئەو دوهێزەیە و بەڵگە نەویستیشە بەتەنیا هیچ لایەكیان توانای چارەسەریان نییە.  چارەسەری كیشە گەورەكە لەناو گرفتەكانی ئیدارەو حوكمرانی پارتی و یەكێتیدا نوستوە، بۆیە گەران بەدوای چارەسەردا لێرەیە كە پارتی و یەكێتی چیتر لەچاویلكەی بەرژەوەندیە تایبەتەكانی خۆیانەوە لەلۆژیكی حوكمرانی نەروانن، پۆست و داهاتی حزبیان نەكرێتە ستراتیژ و دەستكەوتەكانی شەری ناوخۆ نەكەنە بنەمای حوكمرانی ئیستاو ئایندەیان، بەچێچەوانەوە پێویستە پێكەوە پرۆژەیەكی گشتگیر بۆ ئاشتی كۆمەڵایەتی لە هەرێم و پەیوەندیەكانیان لەگەڵ بەغداد دارێژن، بەهێزی ئەنقەرەو تاران نەبنە مەترسی بەسەر یەكەوە، بەجیا لەوە هەر پرۆژەیەك بخەنە روو پرۆژەیەكی حزبی زیاتر نابێت و ناتوانێت متمانەی زۆرینەی جەماوەرەكەیان بەدەستبهێنێت.  چارەسەر لێرەوەیە، پێش ئەوەی چاوەرێی ئەوە بكرێت لایەنی غەیرە كوردی دەستی یارمەتیان بۆ درێژ بكات، ئەم دوو لایەنە خۆیان دەستی كاری پێكەوەییان بۆیەكتر دریژ بكەن و دوربكەونەوە لە عینادی سیاسی، دوربكەونەوە لەوەی لەسەر دابەشكردنی پۆست بەیاننامە لەسەر یەكتر دەربكەن وپەیوەندیەكانیان بكرێتە بابەتی میدیایی، دیارە ئەوەی دەستپێشخەری كارێكی لەو جۆرەش دەكات وەك ئەوەی مام جەلال لەرابردودا بۆئاشتی نێوان پارتی و یەكێتی كردی، فەزڵی بۆ دەگەرێتەوە، چونكە سازش كردن بۆئاشتی و بۆمیللەت، لەپێناو سەرخستنی نەتەوەی خۆت، فەزڵە نەك سازش و چەمانەوە.


سه‌ردار عه‌زیز ئەگەر یەکێک لە چیرۆکە سەیرەکانی هەوڵی ئەمریکا لە عێراق، بەهێزبونی ئێران بوو، ئەوا بە هەمانشێوە بەهێزبونی موقتەداش هەمان جۆرە چیرۆکە. هەر لە سەرەتاوە ئامانجی ئەمریکا لە عێراق هەرچیەک بوبێت، ئەوە نەبوو کە کەسێکی وەک موقتەدا بکاتە حاکمی عێراق، پاتریک کۆکبۆرن لە ساڵی ٢٠٠٦ لە کتێبێکدا دەربارەی موقتەدا وەها دەنوسێت. بۆ تێگەیشتن لەم دیاردە سەیرە دوو قوتابخانەی بیرکردنەوە بونیان هەیە لە ناوچەکە: یەکەم، دەڵێت ئەمریکا و شیعە هاوپەیمانن، بۆ سەلماندی ئەم دیدە زۆر ڕوداو و دەرئەنجام دەهێنێننەوە. قوتابخانەیەکی تری بیرکردنەوە بڕوای وەهایە کە ئەمریکا بێ شارەزاو ساویلکەبوو لە ناوچەکە، بۆ ئەمەش بەڵگەی بێشومار هەیە، چ بە بنەمای هەڵسەنگاندنی دیدی ئەمریکا بۆ عێراق و ناوچەکە، چ بە ئەو خەڵکانەی کە ئەمریکا لە گەڵیاندا لە ناوچەکە مامەڵە دەکات. بەڵام بێگومان ئەم دەرئەنجامە تەنها یەک پاڵنەری نیە، ئیدارەی ئەمریکی، ئیدارەیەکی دیموکراتیانەیە. دیموکراتیانە یانی شپرزی، ململانێ، ڕکەبەری، خۆویستی، لە هەمانکاتدا هەوڵی ئەمریکا بۆ کۆتایی جەنگ بە خێرایی و بڕوابون بە چارەسەری خێراو بێ بنەما و بێ شارەزایی و خۆشباوەڕی هەموو هۆکاربون. کاتێک ئەمریکا دێت، موقتەدا لاوێکی خوار سی ساڵی بێ ئەزمونە. هاوەڵەکانی ئەمریکا، لە هێز و کەسایەتییەکانی دەرەوەی وڵات، خۆشییان بە موقتەدا نایەت. جارێک لە دانیشتنێکدا بە پۆل برێمەر دەڵێن سەرهەڵدانی موقتەدا دەرئەنجامی نەبونی خزمەتگوزارییەکانە، ئەگەر خزمەتگوزارییەکان باش بن ئەوا موقتەدا نامێنێت. بێگومان لۆجیکێک لەم بۆچونەدا هەیە، بەڵام واقیع تەواو جیاوازە. هۆکاری زۆر هەن لە پشت هەڵکشانی موقتەداوە وەک، هەبونی سەرمایەی ڕەمزی. موقتەدا لە خێزانی سەدرە، یەکێک لە خێزانە ناسراوەکانی ناو تایفەی شیعە لە عێراق و ناوچەکە. خێزانی سەدر لە سەدەی هەژدە لە لوبنانی ئێستاوە کۆچ دەکەن بۆ بەغداو لە کازمییەی ئێستا دەگیرسێنەوە. دوو شەهیدی ناسراو هەن لە خێزانەکەیدا کە بە شەهیدی یەکەم و شەهیدی دووەم ناسراون. ئەم سەربوردانە حیکایەتێکی وەهایان بۆ موقتەدا دروستکردوە، کە گرنگ نیە خۆی چیەو چۆنە، خەڵک لە هەناو چوارچێوەیەکی تردا دەیبینێت، بە تایبەتی شوێنکەوتوانی کە وەک دەروێشی وەهان. موقتەدا کۆمەڵێک خەسڵەت و بنەمای تریشی هەیە کە ئەوانیتر نیانە. بڕێکی زۆری شوێنکەوتوانی، کە لە شاری سەدرن، لە ناو شاری بەغدان. بوون لە پایتەخت گرنگترین پانتایی سیاسییە، بە تایبەتی بۆ وڵاتێکی پۆستکۆلۆنیالی وەک عێراق. بوون لە دەرەوەی پایتەخت بەتەواوی کاریگەری هەیە لەسەر تواناو پێگەو هێز. تەنها سەدر دەتوانێت هێرش بکاتە سەر ناوچەی سەوزو ڕسوای بکات. لە هەمانکاتدا سەدر وەک یاریدەرێکی پۆل برێمەر ناوی دەنێت ئیسلامییەکی بۆلشەڤیە. مەبەست لە بۆلشەڤی-بونی سڵنەکردنەوەیەتی لە بەکاردبردنی هەر ئامرازو ڕێگایەک بۆ گەیشتن بە دەسەڵات. دەسەڵاتیش لای ئەو دەسەڵاتی خاو یان ڕەهایە. سەدر دەکوژێت، اغتیالی سیساسی دەکات، شەڕی ناوخۆ بەرپا دەکات، بە قسەی کەنعان مەکییە، خواستی پاکتاوی تایفیشی هەیە، خاوەنی میلیشیایە. ئەمانە هەموی بەکردار. بەڵام بە قسە سەدر ناسیولیستێکی عێراقییە. خاوەنی چەمکی قح-ە، بەمانای ئەوەی کە دەسەڵات دەبێت بۆ کەسێکی تەواو تەواو عێراقی بێت. بەڵام ئەم عێراقە دەبێت لە سایەی شیعەدا بێت. دیارە بە هۆکاری دیموگرافی، شیعەکان براوەن. بەڵام ئەم دیموگرافیایە تەنها شوناسێکی تری قوڵتری هەیە، کە ماڵ یان بەیتی خۆی هەیە ئەویش شیعەیە. کەواتە بەپێی دەستوری عێراقی، تەفسیری کرداری مەبەستمان، عێراق وڵاتێکی فرەیی نیە، بەڵکو تاییفییە. چونکە چەمکی فرەیی، بەمانای قۆرخکردنی دەسەڵات نایەت بۆ گروپێک یان پێکهاتەیەک. لە عێراقدا دەسەڵاتی فیعلی بۆ شیعەیەو ئەو نیمچە دەسەڵاتەکانی تر وەک دیاری دەبەخشرێت. چۆن پارتی خۆی بە خاوەنی دەسەڵاتی هەرێم دەزانێت و بە ڕەزامەندی ئەو بەشەکانی دەسەڵات دەدرێت، شیعەش لە عێراقدا وەهان. موقتەدا بەشێکی زۆر کاریگەری سیستەمی دەسەڵاتی شیعەیە لە عێراقدا. ئەگەر بڕێک لە شیعە بڕوایان بە دەوڵەتی عێراقی نیە وەک سەروەر بەڵکو بڕوایان بە دەسەڵاتی شیعە هەیە لە ناوچەکە، سەرباری سنورەکان، کە دەتوانین ناوی بنێین سەروەری شیعی، ئەوا موقتەدا دەیەوێت عێراقێک دروستبکات کە ئەو خاوەنی بێت. بۆیە خوێندنەوەی موقتەدا بۆ تێگەیشتن لە دۆخی عێراق گرنگە. هەردوو لێکۆڵەری ئەکادیمی Kjetil Selvik & Iman Amirteimour چەمکی پیاوی گەورە بەکاردەبەن بۆ تێگەیشتن لە موقتەدا. ئەم چەمکە ئەمان بەکاری دەبەن لە بنەڕەتدا لە دەربڕینێکی زمانەکانی میلینێسا بەکارهاتوە bikpela man. ئەم دەربڕینە ئەو کەسە دەگرێتەوە کە بە گشتی پیاوە، یان نێرە، کاریگەری سیاسی لە ڕێگای پۆست و ئۆفیسەوە بە دەستنەهێناوە بەڵکو لە ڕێگای توانای خیتابە و قسەکردن، قەناعەت پێکردنی نافەرمیانە، بەکاربردنێکی بیژییانەی سامان و دەسەڵات. کەواتە پیاوی گەورە ئەو کەسەیە کە خۆی دەسەڵاتەکەی خۆی بونیادناوە. ئەم چەمکە لە هەناو تویژنەوەکانی دەسەڵاتی ئەفریقیدا زیاتر پەرەی پێدراوە. لەو هەناوەدا زیاتر بەمانای دەسەڵاتی شەخسی دێت، کە پانتاییەکی زۆری شێوازی دەسەڵاتی ئەفریقی پێک دەهێنێت. لی ئەندەرس ساڵانێکی زۆر لەمەوپێش، لە گۆڤاری نیویورکەر، پرۆفایلێکی بۆ سەرۆکی ئەوکاتەی عێراق جەلال تاڵەبانی نوسی ناوی Mr. Big بوو، کە جۆرێکە لەبەکاربردنی ئەو چەمکە. هەوڵی تێگەیشتن لە موقتەدا لە ڕێگای بیرو ئایدەلۆژیاو تەنانەت ئاینیشەوە هێندە سودمەند نیە. بێگومان ئەوەی دەستی پیایدا بگات بەکاری دەبات، بەڵام بەدەگمەن درێژەپێدەر یان هەڵگری هیچ باوەڕێکی سیاسییە. موقتەدا لاسایی باوکی دەکاتە، نەک بۆ ئەوەی ببێت بە باوکی بەڵکو بۆ ئەوەی ئەو خەسڵەتانەی لێ وەربگرێت و بەکاری بەرێت بۆ کارو ئامانجی ڕۆژانەی. کەواتە موقتەدا ئەو دەسەڵاتخوازەیە کە هەموو ئامرازێک بەکار دەبات بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و مانەوە. ئەم خەسڵەتە دەسەڵاتخوازییە، هیچ نوێ نیە لە ناوچەکەدا. لە مێژوی ناوچەکەدا هیچ دەسەڵاتێک نەبوە پیادەکەری ئایدیایەک بێت، بەڵکو هەمیشە ئایدیا ئامرازێک بووە. تێگەیشتنی سەدر بۆ دەسەڵات، لە هەناو ئەو هەموو ئامرازو سیمبول و جەماوەرو هەیەجانەدا، تێگەیشتنێکی ئێجگار ترسناکە. سەدر لە کاتێکدا دەسەڵاتخوازە، بەڵام هەرگیز ڕاستەوخۆ بەشداری دەسەڵات یان پۆست ناکات بۆ ئەوەی پیس نەبێت، هەروەها بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆ نەکەوێتە سەرشانی. ئەم بونی دەسەڵاتە بەبێ بەرپرسیارێتی، یەکێکە لە خەسڵەتەکانی دەسەڵاتی کوردیش. دەسەڵاتدارە ڕاستەقینەکان ئەوانە نین کە لە پۆستەکاندان، بەڵکو ئەوانەن کە نایەن بۆ سەر کورسی پشت مێزەکان. موقتەدا نەک هەر نایەوێت پیس بێت، بەڵکو دەیەوێت بە زەبر ئەوانیتر بە خودایی و پاک و بێگەرد و باڵا تەماشای بکەن. ئەمەشە پاڵنەر ئەو توندوتیژیانەیه کە سڵ ناکاتەوە لە هەڕەشەو کوشتنی ئەوانەی کە ڕەخنەی لێدەگرن. سەرباری هەموو ئەمانە موقتەدا کەسێکی عێراقی قوحە. عێراقییەک کە هەمیشە پریەتی لە دوفاقی، وەک عەلی وەردی جوان دەستنیشانی کردووە. بونی جیاوازی زۆر لەنێوان قسەو کرداریدا دیسانەوە خەسڵەتێکی تری کەسایەتی عێراقییە. هەڵچون و زیادەڕەویی و زمانی فوتێکراو هەموو بەشێکە لە ژینگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی عێراق. ئەم ژینگەیە دۆخێکی وەهای دروستکردووە سیاسی عاقڵ، لێرە عاقڵ بەرامبەر بێعەقڵ بەكارنابەین، بەڵکو مەبەستمان ئەو کەسەیە کە لە میانەی دید و پەیوەندیدا عەقلانیەت بەکاردەبات، بونی نیە. هەتا قسەی زل و زبرو توڕەبون و هەڵچون و داچون خەسڵەتەکانی ئەو کەسە بن کە خەڵک باوەڕی پێدەکەن بۆ ئەوەی دونیایان بۆ بگۆڕن، ئەوا بۆ سەردەمێکی زۆر کاک موقتەداو جۆرەکانی زاڵ دەبن بە سەر کێڵگەی سیاسی عێراقدا.


عەتا قەرەداغی سەرەتا: پەیوەندی نێوان ناسیونالیزم و ریفراندۆم چیە؟ ریفراندۆم چیەو بۆچی دەکرێت؟ لە بارودۆخی کوردستاندا، ئایا ریفراندۆم پێویست بوو؟ ئایا ریفراندۆم رەنگدانەوەی پەرەسەندنی ناسیونالیزمی کوردی بوو، یان کاری دەستەبژێر یان پارت یان تاکەکەسی ناسیونالیست بوو؟ بەشداریکردنی جەماوەریی لە ریفراندۆمدا لە چ ئاستێکدا بوو؟ نەخشەی بەشداریکردن چی ئاماژەیەک لەسەر گوتاری پارتە سیاسیەکانی کوردستان پێشکەش دەکات؟  ریفراندۆم چیە؟ ریفراندۆم میکانیزمێکە بوار بە دەنگدەران دەدات کە هەڵبژاردن بکەن لە نێوان رێڕەوی کاری جێگرەوەدا لەسەر بابەتێکی دیاریکراو(١). هەروەک لە ویکیپیدیادا هاتووە: ریفراندۆم بریتیە لە دەنگدانی راستەخۆ و گشتی کە تیایدا هەموو دەنگدەران بانگهێشت دەکرێن بۆ دەنگدان لەسەر پێشنیارێکی دیاریکراو کە دەشێت لەسەر ئاستی فراوانی نەتەوەیی- وڵات- بێت، یان لەسەر ئاستی ناوچەیەک بێت. هەروەک لە فەرهەنگی کامبیریجدا هاتووە: ریفراندۆم دەنگدانێکە تیایدا هەموو دانیشتوانی وڵات، یان دانیشتوانی ناوچەیەک پرسیاریان لێدەکرێت بۆ ئەوەی رای خۆیان سەبارەت بە پرسێکی سیاسی یان کۆمەڵایەتی گرنگ دەرببڕن، واتە لە ڕێگای دەنگدانەوە بڕیاری لەبارەوە دەدەن. ئاشکرایە لە ریفراندۆمدا ئەو پرسیارە دەخرێتە بەردەم دەنگدەران، کە تەنیا بە یەکێک لە دوو وەڵامی بەڵێ یان نەخێر وەڵام دەدەنەوە. ئەمەش ریفراندۆم لە هەڵبژاردن جیادەکاتەوە کە لە هەڵبژاردندا دەنگدەر دەتوانێت دەنگ بە کەسێک یێ‌ن بە لیستێک بدات یان دەنگ نەدات. وەکو دەزانین لە باشوری کوردستان دوو ریفراندۆم کراوە، کە یەکەمیان لە ٣٠-١- ٢٠٠٥دا لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی عێراقدا. لە دوای روخاندنی رژیمە سەدام، لە قەڵەمڕەوی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بزووتنەوەی ریفراندۆم کە ژمارەیەک رۆشنبیر دروستیان کردبوو، لە ٣٠-١-٢٠٠٥دا، ریفراندۆمێکی ناڕەسمییان ئەنجامدا سەبارەت بەوەی ئایا کوردی ئەو بەشەی باشوری کوردستان ریفراندۆمەکەی تیادا ئەنجام درا، دەیانەوێت سەربەخۆ بن، یان لەگەڵ عێراقدا بمێننەوە. ئەنجامی راپرسیەکە بەپێی ئەوەی راگەیەندرا ٩٨٪ ی بەشداربووان لە راپرسیەکەدا دەنگیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دابوو. راپرسی دووەم لە ٢٥/٩/ ٢٠١٧دا لە لایەن مەسعود بارزانیەوە بڕیاری ئەنجامدانی درا، کە بە ریفراندۆمێکی رەسمی دادەنرێت لەو رووەو ئەو کاتە مەسعود بارزانی کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو، بڕیاری ئەنجامدانی دا. هەرچەندە ئەو کاتە بۆچوونی لەوجۆرە هەبوو کە دەیگووت پێویستە لەناو پەرلەمان دەنگ لەسەر ئەنجامدان یان ئەنجامنەدانی ریفراندۆم بدرێت. پاساوی ئەم بوچوونەش ئەوە بوو کە پەرلەمان دامەزراوەی تەشریعیە و ریفراندۆم پێویستی بە دەرکردنی یاسایەو ئەوەش لە دەسەڵاتی پەرلەماندایە نەک لە دەسەڵاتی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتدا وەکو دوو دامەزراوەی جێبەجێکردن. ئایا ئەو هۆکارانە چی بوون کە وایان لە مەسعود بارزانی کرد بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم بدات؟ ئایا ناسیونالیزمی کوردی لەو قۆناغەدا تەواو پێگەیشتبوو، بەجۆریک کە بووبێتە هەڵگری گوتاری ناسیونالیزم، یان بە دەربڕینێکی تر بووبێتە خاوەنی پرۆژەی دەوڵەت؟ ئایا پەرەسەندنی ناسیونالیزمی کوردی گەیشتبووە ئاستێک کە بەسەر کۆسپ و بەربەستی پارتایەتیدا پەڕیبێتەوەو کۆمەڵگای کردبێتە یەکەیەکی یەکگرتوو، بە جۆرێک کە بووبێتە خاوەنی یەک بڕیارو یەک جوڵە؟ بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارانە ئاشکرایە. نە پێش ریفراندۆم و نە ئێستاش گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ بەسەر ناسیونالیزمی لاوازو پەراوێزیی کوردیدا نەهاتووە، کە گەیشتبێتە ئاستی بوون بە خاوەنی پرۆژەی سەربەخۆیی و دەوڵەت و بەسەر هەموو سنوورە ناوخۆییەکانی حیزب و خێڵ و عەشیرەت و ناوچەو هەرێمی جوگرافیدا پەڕیبێتەوەو هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگای کردبێتە یەکەیەکی یەکگرتوو. کەواتە لێرەدا دەتوانین بڵێین رێژەی دەنگدان لە هەردوو ریفراندۆمەکەدا بۆ سەربەخۆیی دەرئەنجامی هەستی سادەی نەتەوایەتی بوو لە یەکەمیانداو لە دووەمیشیاندا، دەرئەنجامی دەنگدەرانی پارتی و لایەنگرانی ئەو پارتەو دەستەبژێری ناسیونالیست و کەسانی سەربەخۆو ئازادیخوازو هەموو ئەو سەربەخۆو ناحیزبیانە بوو کە دژی دەسەڵاتی کۆڵۆنیالیستی ناوخۆی عێراقی بوون و هیواخواز بوون بە یەکجاری دەسەڵاتی کۆڵۆنیالیزم لە کوردستان هەڵبوەشێتەوەو کورد سەربەخۆیی خۆیی هەبێت و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی دروست بکات و سەروەری نەتەوەیی بەدەستبهێنێت. ئێمە پێشتر ئاماژەمان بۆ ئەوە کرد کە بەرنامەی پارتی دیموکراتی کوردستان بریتی بوو لە دیموکراتی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان. لە دوای پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەرلەمانی کوردستان کە لە یەکێتی و پارتی پێکهاتبوو، بڕیای چارەنووسی باشوری کوردستانی لەو قۆناغەدا لە چوارچێوەی فیدراڵیدا دا، کە ئەویش لە سنوری دەوڵەتی عێراقی و پاراستنی یەکێتی خاکی عێراقدا بەرجەستە دەبوو. لە دوای روخاندنی رژێمی بەعس و گەڕانەوەی کورد بۆ بەغداو لە نووسینەوەی دەستووری نوێی عێراقدا، ئەم بڕیارەی پەرلەمانی کوردستان و پێداگری سەرکردایەتی کوردی لەبەرچاوگیراو عێراق وەکو دەوڵەتێکی فیدراڵی پێناسە کرا. واتە لە دەستووردا ئەوە جێگیرکرا کە سیستێمی فەرمانڕەوایی لە عێراقدا سیستێمێکی فیدراڵیە. بێگومان پارتی و یەکێتی لەو رووەوە وەکو دوو پارتی کوردی کە نوێنەرایەتی کوردیان دەکرد، بەرنامەی هەردوو پارتەکە لەم قۆناغەدا بریتی بوو لە بوونی دەسەڵاتێکی فیدراڵی کوردی لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقیدا. ئەم بەرنامەیە هەتا دەوروبەری ساڵی ٢٠١٠ هیچ ناڕەزاییەکی لە لایەن پارتیەوە لەسەر نەبوو. بە گوێرەی یەکێتی بارودۆخەکە جۆرێکی تر بوو، ئەویش لەبەر ئەوەی یەکەم مام جەلال سەرۆک کۆماری عێراق بوو، کە بەپێی پێگەکەی پاراستنی دەستوورو جێبەجێکردنی لە ئەستۆی ئەو بوو. هەروەها خەونی سەرۆک کۆماری عێراق و پەیوەستبوونی مام جەلال بە عێراقەوە مێژوویەکی کۆنی هەبوو، کە لەهیچ قۆناغێکی ژیانیدا هەڵوێستی جیابوونەوە لە عێراقی نەبووەو بڕوای بە یەکێتی خاکی عێراق و عیراقیبوونی کورد هەبووەو سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردیشی بە خەیاڵی شیعری و خەونی شاعیران ناوبردووە. هەروەک نزیکی یەکێتی نیستیمانی لە جەمسەری ئێران و شیعەوە هۆکارێکی تر بووە بۆ ئەوەی مام جەلال وەکو عێراقیەکی دڵسۆز لەسەر کورسی سەرۆک کۆماری عێراق دابنیشێت و لەوێشەوە بڕوای وابێت و وای ببینێت کە کورد بەشێکە لە گەلی عێراق و لەو رووەشەوە هەمان شێوەی عەرەبی عێراق و کەمایەتیەکانی تر چۆن مافی عێراقیبوونیان هەیە، بەهەمان ئەندازە ئەرکی عێراقیبوونیشیان لە ئەستۆیەو دەبێ جێبەجێی بکەن. بێگومان دیدو بۆچوونی مام جەلال واتە دیدو بۆچوون و بەرنامەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان. کەواتە لێرەوە دەبێ ئەوە ئاشکرا بێت هەتا یەکێتی خۆی بە حیزبی مام جەلال بزانێت و مێژووی مام جەلال مێژووی یەکێتی بێت و یەکێتی دابڕان لەگەڵ قۆناغی مام جەلالدا نەکات، ئەوا بەرنامەی ئەم پارتە مانەوەیە لە چوارچێوەی عێراقدا.  لێرەوە ئاشکرایە کە بەرنامەو سیاسەتی واقیعی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و بەشداری تێداکردنی بەپشتبەستن بەو پاشخانەی باسمان کردو بە دەرئەنجامەکانی هەڵوێستی دواتری یەکێتی و رادەستکردنەوەی کەرکوک بە دەوڵەتی کۆڵۆنیالیستی عێراقی سەلمێنەری ئەو بۆچوونەن کە یەکێتی نە لەگەڵ ریفراندۆم بووەو نە هەرگیز لەگەڵ جیابوونەوە بووە. هەڵبەت تا ئێرە هەموو شتەکان ئاساییە چونکە هەر پارت و گروپ و تاکەکەسێک مافی خۆیەتی چ بەرنامەیەیەک خۆی دادەنیت و چۆن کاری بۆ دەکات. بەڵام ئەوەی نائاساییە بۆ یەکێتی بە پیی بروا بیروبۆجوونی خۆی کەری نەکرد بەڵکو بەناچاری بووە پاشکۆی گوتارێک کە بڕوای پێی نەبوو. لە راستیدا بە گوێرەی بەرنامەی کردەیی یەکێتی دەبوو نە بەشداری هیچ کوبوونەوەیەکی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بکردایە و نە بەشداریشی تیادا بکردایەو بە ئاشکراش رایبگەیاندایە کە ئەو بڕوای بە جیابوونەوە لە عێراق نیە، هەر لەبەرئەوەش بەشداری ریفراندۆم ناکات. بە گوێرەی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە ئەو پێشنیارکەرو بڕیاردەری ریفراندۆم بوو، ئایا بڕوای بە سەربەخۆیی کوردستان و دروستکردنی دەوڵەتی کوردی هەبوو؟ بێگومان بۆ ئەم مەبەستە دەبێ هەندێ سەرنج لەو بارودۆخە بدەین کە پارتی و بە تایبەتیش مەسعود بارزانی گەیاندە ئەو بڕوایەی کە دەبێت ریفراندۆم ئەنجام بدات. ئەوە ئاشکرایە کە سلێمانی وەکو شارێکی نوێ هەر لە سەردەمی میرنسینی بابانەوە ئاستێکی سادە لە هەستی نەتەوەیی تیادا دەرکەوتووە. لە سەروبەندی کۆتاییهاتنی جەنگی یەکەمی جیهانیدا، شێخ مەحمودی حەفیدزادە لەم شارەدا بانگەشەی دامەزراندنی دەسەڵاتی سەربەخۆی کوردی کرد. لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی عێراقی و لکاندنی باشوری کوردستانیش بەم دەوڵەتە تازە دروستکراوەوە، سەقامگیری لەم شارەو دەوروبەریدا دروست نەبووە. لە دوای جەنگی دووەمیش زەمینەی رابوونەوەو چالاکی سیاسی و حیزبی و رۆسنبیری بووەو لە روخاندنی رژێمی پاشایەتی و دروستبوونی کۆماری عێراقیشەوە بووەتە زەمینەی ململانێی و پێکدادانی سیاسی نێوان پارتی و حیزبی شیوعی و قورسایی راپەڕینی ئەیلولی ١٩٦١ زیاتر لەم شارەو دەوروبەریدا بووەو پێگەی ململانێکانی نێوان مەکتەبی سیاسی پارتی و سەرکردایەتی بارزانیش زیاتر لە شوێنەکانی تری کوردستان، ئەم شارەو دەورەبەری گرتووەتەوە. لە دوای شکستی ١٩٧٥یش، سەرەتای رابوونەوەو چالاکیەکانی کۆمەڵەی رەنجدەران و پاشان یەکێتی نیستیمانی کوردستان زیاتر لە جوگرافیای ئەم شارەدا بوو. لە دوای شکستی عێراقیش لە جەنگی کوەیتدا، یەکەمین شاری دیاری کوردستان کە راپەڕی و لە دوای لکاندنی باشوری کوردستان بە عێراقەوە، کۆتایی بە دەسەڵاتی دەوڵەتی کۆڵۆنیالیستی عەرەبی عێراقی هێنا، دیسان سلێمانی بوو. ئەمانە هیچی نە پیاهەڵدانە بەم شارەدا، نە شارچێتی و نە هەوڵدانە بۆ بەرزتر دەرخستنی سلێمانی لە هەر شارو شوێنێکی تری کوردستان، بەڵکو ئەمە راستی شاری سلێمانیە لە مێژوودا. هەر ئەوەش وایکردووە کە ئەم شارە وەکو پێشڕەوی خەباتی کوردایەتی و شاری رۆشنبیری بناسرێت و ناوببرێت. کەواتە لێرەدا ئەو پرسیارە سەرهەڵدەدات ئایا رۆڵ و کاریگەری سلێمانی لە ریفراندۆمدا چی بوو؟ واتە پەیوەست بە بارودۆخی باشوری کوردستان و تەنانەت عێراقیش هەتا راپەڕینی سالی ١٩٩١ سلێمانی بەشێک لە بنەماکان و خاسێتی شاری هەبوو، چی لە رووی کەلتوری و چی لە رووی پێشکەوتن و پەرەسەندنەوە. هەر بۆیە لە رووی راستیەوە پەیوەست بەو واقیعەی کە هەبوو، دەبوو پەرەسەندنی ناسیونالیزمی کوردی و خواستی سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەتی کوردی پێش هەر شوێنێکی تری کوردستان لەم شارەوە سەرچاوەی بگرتایە. بەڵام بوونی ئەم شارە بە زەمینەی یەکێتی نیشتیمانی و پەیوەستبوونی یەکێتی نیستیمانیش بە عێراقەوە وەکو لەسەرەوە باسمان کرد، رۆڵی هەبووە لەوەی سلێمانی سەرکردایەتی خۆی لە رابەرایەتیکردنی رەتکردنەوەی هەژموونی کۆڵۆنالیستی عیراقی لەدەست بدات و بکەوێتە دەست کەسانی ترو پارتی ترو شوێنی تر لە رووی دەنگدانەوە لەسەر سەربەخۆیی لە ریفراندۆمدا. پێشتر باسی گوتاری پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقمان کردو لەوەش دواین هەتا دروستبوونی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ دا، بەرنامەی ئەم پارتە ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان و دیموکراتی بۆ عێراق بوو، بەڵام لە رێگای دەنگدانی پەرلەمانەوە کە پەرلەمان لە یەکێتی و پارتی پێکهاتبوو، دروشمی ئۆتۆنۆمی گۆڕا بۆ فیدراڵی. واتە هەتا کۆنگرەی سیانزەیەمی پارتی کە لە مانگی کانونی یەکەمی ٢٠١٠دا بەسترا، پارتی هەڵگری دروشمی دیموکراتی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان و دواتریش فیدراڵی بۆ کوردستان بوو. بەڵام لەم کۆنگرەیەدا، پارتی لە بەرنامەی خۆیدا پەیوەست بە چارەنووسی کوردو نەتەوەکانی تر، باسی مافی بڕیاردانی چارەنووسی هێنایە پێشەوە. لەم رووەوە لە مادەی دووەمی پەیڕەوی پارتی دا، کە دیارە لە کۆنگرەی سیانزەدا ئەو گۆرانکاریە کراوە. هاتووە: پارتی دیموکراتی کوردستان، پارتێکی دیموکراتی نیشتیمانیە، بڕوای بە مافەکانی مرۆڤ و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئازادییەکانی تاک و مافی کوردو نەتەوەکانی تر هەیە لە بڕیاردانی چارەنووسیاندا(٢). بێگومان چەند هۆکارێک لەم رووەوە رۆڵیان بینیووە، کە پێکەوە بوونەتە هۆی جۆریک لە پەروەردەکردنی نەتەوەیی لە نێو پارتیدا، یان بەلایەنی کەمەوە بۆ دەرکەوتنی هەستێکی نەتەوەیی لە پێکهاتەی پارتیدا. ئەگەر تەنانەت ئەو هەستە ناسروشتی و دروستکراویش بێت و تەنیا لە شێوەی فەرماندا لە لوتکەی هەرەمی حیزبیی پارتیەوە گەیەندرابێتە هەموو پێکهاتەی پارتی و بەگشتی پێکهاتەی حیزب وتەو دەربڕینەکانی بارزانی لە رووی نەتەوەییەوە دووبارە بکەنەوە، دیسان ئەوە جێگای تێڕامان و لەسەر راوەستانەو ئەو پرسیارە دروست دەکات ئایا: سەرکردەی ناسیونالیست دەتوانێت پارت یان بزووتنەوە یان کۆمەڵگا هەمووی بکات بە ناسیونالیست و بەمەش ناسیونالیزم ببێتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی و هەموو جەستەی نەتەوە بگرێتەوە؟ کەواتە لەم روانگەیەوە ئایا لە قەڵەمرەوی پارتیدا ناسیونالیزمی کوردی زیاتر لە شوێنەکانی تری کوردستان گەشەی کردووە؟ ئەگەر وایە هۆکارەکان چین؟ ئەگەر ناسیونالیزمی کوردی لەو رووبەرەدا گەشەی زیاتری کردبێت، دەشێ بەشێکی پەیوەندی بەو پەرەسندنەوە هەبێت کە لە قەڵەمڕەوی پارتیدا روویداوە بەراورد بە قەڵەمڕەوی یەکێتی. دووەم مانەوەی سەرۆکی پارتی دیموکرات لە کوردستان و وەرگرتنی سەرۆکایەتی هەرێم و ئەوەش بۆچوونێکی لەو جۆرەی دروست کردبێت کە پارتی و بە تایبەتی بنەماڵەی بارزانی وەکو خاوەنی باشوری کوردستان سەیری خۆیان بکەن، هەروەها جۆرێک لە بەراورد لە نێوان خۆیان و شێخ و میرنشینە عەرەبیەکانی نیمچە دورکەی عەرەبی بکەن و لەو بەراودەشدا خۆیان لەو ئاستەدا ببینن کە شایانی ئەوەن ئەمانیش وەکو ئەوان ببنە خاوەنی دەسەڵاتی سەربەخۆو خاوەن شوناسی خۆیان. سێیەم هەوڵدان و حەزو ئارەزووی مام جەلال بۆ چوونە بەغداو بوون بە سەرۆک کۆماری عێراق و لە رێگای مام جەلالیشەوە پەیوەستبوونی زیاتری یەکێتی بە عێراقەوەو لاوازی یەکێتی لە سەر گۆڕەپانی سیاسی کوردستان لە غیابی مام جەلالدا و دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان کە هەم لە جەستەی یەکێتی جیابووەوە، هەم هیچ بەرنامەیەکی نەتەوەیی ئاشکراو جیاوازی لە بەرنامەی یەکێتی نەبوو، کە ئەمەش هەم هێزی جوگرافیای سەوزی زیاتر لاواز کرد، هەم جەماوەری جوگرافیای پێشتر سەوزی سەرقاڵکرد بە هەندێ دروشمی ناوخۆیی و ناوچەییەوەو بابەتی چارەنووسی نەتەوەی بەتەواوەتی گرێدا بە دروشمە ناوخۆییەکانی وەکو چاکسازی و لاوازکردنی دەسەڵاتی هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیەوەو ئەوەش وایکرد لە لایەک بزووتنەوەی گۆڕان خۆی وەکو بزووتنەوەیەکی ناوچەیی سنووری سلێمانی و گەرمیان و پشدەر دەربکەوێت و لەراستیشدا بزووتنەوەکە نەیتوانی بپەڕێتەوە بۆ قەڵەمڕەوی پارتی. لەگەڵ خۆیدا گۆڕان یەکێتیشی بە دروشمە ناوخۆییەکان و بە ململانێی ناوخۆوە خەریک کرد. ئەوەش هێندەی تر پێگەی یەکێتی لە بەرامبەر پارتیدا لاواز کرد. لە کاتێکدا یەکێتی و گۆڕان سەرقاڵی ململانێ بوون لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی سنووری سەوزو لەسەر پارێزگاری سلێمانی و لەسەر موچەی کابانی ماڵ و لەسەر ئەوەی کامیان هێزی یەکەمی ئەم رووبەرەیەو لەپاڵ ئەوەشدا یەکتری تاوانبارکردنی تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا بە کوشتنی نەیارەکانی یەکێتی لە پشتەوە. لەکاتێکدا یەکێتی و گۆڕان کە دوو لەتی هەمان هەمان پێکهاتە بوون و بەردەوامبوون لە ململانێی تایبەتی و شەخسی و نا نەتەوەیی و نا نیشتیمانی و تەنانەت ناسیاسی و لاوزکردنی پێگەی خۆیان لەبەرامبەر جەماوەرو  پارتیشدا ، پارتی بە وریاییەوە کەوتە قسەکردن لەبارەی مەسەلەی نەتەوایەتی و مافی کورد وەکو هەر نەتەوەیەکی تر بۆ سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەت. هەڵبەت لێرەدا مەبەست ئەوە نیە کە پارتی تا چ ئاستێک بڕوای بە مەسەلەی سەربەخۆیی هەبوو، کاری بۆ دەکرد یان نا. بەڵکو مەبەست ئەوەیە کە چۆن لاوازی بەرامبەرو نەیارە مێژوویەکەی لە لەراندنەوەی ژێیە هەستیارەکانەوە کە ژێی هەستی نەتەوەیی و بابەتی سەربەخۆیی بوو لەراندەوەو نەیارەکەشی لەم روانگەیەوە هەڵویستی لاواز بوو چونکە وابەستەیی بۆ عێراق و بۆ ئێرانیش وەکو پارێزەری عێراق پێگەی نەتەوەیی یەکێتی لاواز کردووە، هاوکات گۆڕانیش ئەو قورسیەی نەبوو لە بەرامبەر پارتیدا چونکە گۆڕان پرۆژە نەبوو، بەڵکو سەرئەنجام یاریی نێوان تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا بوو بۆ لەباربردنی ئەگەری دروستبوونی هەر ئۆپۆزسیۆنیکی سروشتی لە جوگرافیای یەکێتیدا.  هەروەها لە رووی خۆنمایشکردنی کوردستانیبوونەوە لەسەر ئاستی کوردستان، پێشتر پارتی و بارزانی کێبڕکێکەری تری بەهێزیان هەبوو کە ئەوانیش پارتی کرێکارانی کوردستان و عەبدوڵا ئوچالان بوون. پارتی کرێکارانی کوردستان و عەبدوڵا ئوچالانیش، پێش دەستگیرکردنی وەها وێنای خۆیانیان دەکرد کە پارتەکە واتە پارتی کرێکاران پارتی یەکەمی کوردیەو هەڵگری راستەقینەی گوتاری ناسیونالیزمی کوردیەو بەرنامەی دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی هەیەو سەرۆک ئاپۆش سەرکردەی یەکەمی هەموو کوردستانە. پارتی کرێکارانی کوردستان بانگەشەی یەکەمی بۆ خۆی و سەرۆکەکەی دەکرد. لە باشوریش تاکە کێبڕکێکەری مەسعود بارزانی، مام جەلال بوو. مام جەلال لەبەر ئەوەی پێیوابوو سەرۆک کۆماری عێراق گەورەترە لەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بێت، بۆیە هەموو هەوڵی ئەوە بوو ببێتە سەرۆک کۆماری عێراق، لەوەشدا مەسعود بارزانی پشتگیری کردو بەوەش مام جەلال بوو بە سەرۆک کۆماری عێراق و ئەو کێبڕکێیە خاو بووەوە.  هەرچەندە پێشتر واتە پێش دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئوچالان، مام جەلال و یەکێتیش هەم خوازیاری ئەوە بوون ئاپۆ ببێتە تاکە سەرکردەی بێ هاوتای کورد و هەم پارتی کرێکارانی کوردستانیش ببێتە پارتی یەکەمی هەموو کوردستان، بەتایبەتی کاتێ بۆیان دەرکەوتبوو کە پێگەی پارتی و بارزانی لەوە بەهێزترە ئەمان لە کێبڕکێدا پێشی بکەون. بەڵام نە ئاواتەکەی ئاپۆو پارتی کرێکاران و نە ئاوات و خواستەکەی مام جەلال و یەکێتی نیشتیمانی لەو روەوە نەهاتە دی. ئاپۆ دوای دەستگیرکردنی، لە چرکەساتێکدا وێنەکەی ئاوەژوو کردەوە ئەویش ئەو کاتەی کە هەر بە زووی لە بەردەم لێکۆڵەرو دادگای تورکیادا وەکو ئەوەی چاوەڕان دەکرا رانەوەستاو لاواز دەرکەوت. لێرەوە بارزانی و پارتی ئەو هەستەیان لادروست بوو کە ئیتر کیبڕکێکەریان نەماوە، بە تایبەتی دوای ئەوەی کە پارتی کرێکارانی کوردستان پاشەکشەی لە دروشمی دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانی گەورە کردو دروشمی پێکەوەژیان و دیموکراتی گەلان و کۆنفیدراڵی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتە ئاراوەو باسی سەربەخۆیی کوردستان و دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی پاشەکشەی لێکرا. فاکتەرێکی تری یارمەتیدەر بۆ ئەم هەڵویستەی پارتی، شێوازی کارکردنی هاوپەیمانە شیعەکانی کورد بوو لە بەغدا لە دەوڵەتداری و لە پێشێل کردنی جار لە دوای جاری دەستووردا. واتە حکومەتی نوێی عێراق تەنیا لە روکەشدا نوێ بوو، ئەگینا لە رووی عەقڵ و بەڕێوەبردن و بنەماکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و روانین بۆ ئەوانی غەیرە شیعە جیاوازییەکی ئەوتۆی نەبوو لەگەڵ دەسەڵاتی دەوڵەتە کۆڵۆنیالیستەکانی پێشتری عێراق سەبارەت بە کورد. ئەو بەندانەی دەستوور کە پەیوەندییان بە کوردەوە هەبوو هیچیان جێبەجێ نەدەکران، وەکو مادەی ١٤٠ و چەسپاندنی بنەماکانی فیدراڵی و دەرکردنی یاسا گرنگەکانی وەکو یاسای نەوت و گازو پشتگوێ خستنی ئەو تاوانانەی رژێمی پێشتر بەرامبەر بە کورد ئەنجامی دابوون وەکو بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و ئەنفال و کۆمەڵ کوژی و وێرانکردنی سەرجەم لادێ و شارۆچکەکانی کوردستان و نەک هەر ئەوانەش بەڵکو تەنانەت درێژەدان بە سیاسەتی راگواستن و بە عەرەبکردنی ئەو رووبەرە فراوانەی باشوری کوردستان کە هێشتا لە ژێر دەسەڵاتی کۆڵۆنیالیستی ناوخۆی عێراقیدا مابووەوە، بەردەوامبوو. ئەم سیاسەتانەی دەسەڵاتی حکومەتی نوێی عێراق یارمەتیدەر بوو بۆ ئەوەی بارزانی و پارتی باسی ئەوە بکەن کە شتێکی ئەوتۆ لە بەغدا نەگۆڕاوەو ئەو عەقڵیەتەی حکومەت بەڕێوەدەبات جیاوازییەکی ئەوتۆی نیە لەگەڵ عەقڵی ناسیونالیستی فەرمانڕەوای پێشتری عێراقدا. بۆیە ئەگەر ئەو دەستوورەی کە دانراوەو لە راپرسیدا دەنگی زۆرینەی جەماوەری عێراقی بەدەستهێناوە وەکو خۆی جێبەجێ نەکرێت، ئەوا سەرکردایەتی سیاسی کورد ناچاردەبێت بگەڕێتەوە بۆ لای خەڵک و لە رای ئەوان بپرسێت لەسەر مانەوە لە چوارچێوەی عیراقدا، یان بڕیاردانی جیابوونەوە. ئەم بارودۆخە لە نێوان بارزانی و پارتی لە لایەک و حکومەتی عێراقیدا لە لایەکی ترەوە بەردەوام بوو هەتا دەرکەوتنی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام. وەک دەزانین لە ماوەیەکی کورتدا دەوڵەتی ئیسلامی رووبەرێکی فراوانی لە عێراق داگیرکردو سوپای عێراق لەبەردەمی ژمارەیەکی کەم لە چەکدارەکانی ئەو هێزە تیرۆریستەدا هەرەسی هێنا. ئەم هێزە تیرۆریستیە بە درێژایی سنووری هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراقی کەوتە نێوان هەردوو لاوە. ئەو ناوچە جێناکۆکانەی کە لەراستیدا تا ئەو کاتە لە ژێر سایەی دەسەڵاتی کۆڵۆنیالیستی عێراقیدا بوون، کەوتنە بەردەم مەترسی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامیەوە. مەسعود بارزانی کە ئەو کاتە سەرۆکی هەرێم بوو، هاوکات فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی هەرێم بوو. لە ژێر فەرمان و سەرکردایەتی ئەودا، بە تایبەتی دوای ئەوەی کە دەوڵەتی ئیسلامی پەلاماری کوردستانی دا، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەرگرییەکی دلێرانەی کردو سەرئەنجام توانی بەشی هەرە زۆری ناوچە جێناکۆکەکان رزگار بکات و هێزی پێشمەرگەی کوردستان نزیک بووەوە لە سنووری جوگرافی نێوان باشوری کوردستان و عێراقی عەرەبی یان عێراقی عەجەمی. ئاشکرایە ئەو ناوچانە دەبوو بەپێی مادەی ١٤٠ی دەستووری عێراقی چارەنووسیان دیاری بکرایە، بەڵام حکومەتی عێراقی لە ماوەی دەسەڵاتی پێش هاتنی هێزەکانی دەوڵەتی ئیسلامیدا مادەی ١٤٠ پشتگوێ خست و نەیدەویست جێبەجێی بکات. ئێستا بەکردەوە ئەو ناوچانە کەوتنەوە ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگە، بەڵام هێشتا لە رووی بەڕێوەبردنەوە سەربە حکومەتی عێراقی بوون. لە راستیدا ئەگەر ئەو کاتە کورد لە رووی ئیداریشەوە ئەو ناوچانەی بخستایەتەوە سەر هەرێمی کوردستان، رەنگە سەرئەنجام رووداوەکان بە ئاراستەیەکی تردا بڕۆیشتنایە کە لەبەرژەوەندی کورد بوونایە. وەکو دەزانین کورد لەسەروبەندی پێش هاتنی دەوڵەتی ئیسلامیدا دەستیکرد بە فرۆشتنی نەوت. دیارە دەوڵەتی کۆڵۆنیالیستی ناوخۆی عێراق دەیزانی فرۆشتنی نەوت مانای دروستبوونی سەرچاوەی ئابووریە بۆ کوردستان و بوونی ئابووری و سەرچاوەی ئابووریش یەکێکە لە پایەکانی سەربەخۆیی و سەرئەنجام رەتکردنەوەی دەسەڵاتی کۆڵۆنیالیستی ناوخۆیە. حکومەتی بەغدا بودجەی کوردستانی بڕی، لە کاتێکدا ژمارەیەکی هێجگار زۆر لە عەرەبی موسڵ و ئەنبارو سونەی ناوچە شیعیەکانیش ئاوارەی کوردستان بوون. ئەوەی جێگای سەرنج بوو، حکومەتی عێراقی بودجەو موچەی موسڵ و ئەنبارو شوێنەکان تری نەبڕی کە کەوتبوونە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ئیسلامیەوە. کەواتە لەو بارەشدا کە هێزەکانی دەوڵەتی ئیسلامی رووبەرێکی هێجگار فراوانی عێراقیان داگیرکردبوو، سوپای عێراق لەبەردەمیاندا هەرەسی هێنابوو، هێشتا دەوڵەتی ناسیونالیزمی عەرەبی عێراقی دەوڵەتی خەلافەتی لە کورد لاپەسەندتر بوو، بێگومان هۆکاری سەرەکیش ئەوە بوو کە شوناسی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی هەم ئیسلامی و هەم عەرەبی بوو.  سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگە لە باشوری کوردستان و شەڕڤانانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان، شانبەسانی هێزەکانی هاوپەیمانان دژی هێزەکانی دەوڵەتی ئیسلامی و وەستانی مەسعود بارزانی لە لوتکەی بڕیاری هێزی پێشمەرگەی کوردستانداو بەشداری کاراو لەبەرچاوی هێزی پێشمەرگەی یەکێتی شانبەشانی هێزەکانی پارتی و سۆشیالیست و کەسانی خۆبەخش و ئامادەبوونی فەرماندە سەربازیە دیارەکانی یەکێتی کەمێک لە دوای شانی مەسعود بارزانیەوە لە رووکەشدا یەکێتی و یەکبوونی کوردی باشوری لە ئاستی بەرگریدا دەردەخست. ئامادەنەبوونی بزووتنەوەی گۆڕان و دوو پارتە ئیسلامیەکە، ئەوەی نیشان دەدا کە چارەنووسی کورد لە باشوری کوردستان پەیوەستە بە پارتی و یەکێتیەوەو بوون و نەبوونی ئەوانی تر رۆڵ و کاریگەرییەکی ئەوتۆی نیە، بە تایبەتی هەوڵەکانی گۆڕان و ئیسلامیەکان لە ناو پەرلەمان بۆ دوورخستنەوەی مەسعود بارزانی لە سەرۆکایەتی هەرێم لەو بارودۆخەداو تینەگەیشتنیان لە قەوارەی ناکارای خۆیان و لە هێزی یەکێتی و پارتی ئەگەر پێکەوە رێک بن.  سەرئەنجام هەڵوێستە لەسەر وەهم بنیادنراوەکانی گۆڕان و ئیسلامیەکان، گۆڕانی لە پەرلەمان و حکومەت بەدەرکردن دا. هەرەسی گۆڕان لەوێوە دەستی پێکردو روو لە هەرەسکردنی ئێستاشی دەرئەنجامی لە ئاستی یەکەمدا نەتوانینی خوێندنەوەی واقیع بوو لەو کاتەدا، لە ئاستی دووەمدا ئەوە بوو کە گۆڕان هێزێکی رێکخراو نەبوو لە رووی فیکری و ئایدیۆلۆجی و بەرنامەوە، بەڵکو زۆرینەی شوێنکەوتووانی دەروێشی نەوشیروان مستەفا بوون ئەویش لەبەر یەک هۆی سادە کە هەڵوێستی دژە ماڵی بارزانی بوو. هەر لەبەر ئەوەش بوو مردنی نەشیروان مستەفا مانای هەرەسی بزووتنەوەی گۆڕان بوو بەو شێوەیەی کە ئەو دایڕشتبوو. یەکگرتووی ئیسلامی وەکو حیزبێک کە لەو هەمان سەرچاوەیە ئاو دەخواتەوە کە فاشیزمێکی وەکو ئەردۆگان و پارتی دادو گەشەپێدان ئاوی لێدەخۆنەوەو پارتیش بە کاریگەری جوگرافیاو بەکاریگەری دابەشبوونی تەوەرەکانی شیعەو سونە لەهەمان تەوەرە، بۆیە ئەوەی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان کردی لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی نەیکرد. کۆمەڵی ئیسلامیش لەبەر ئەوەی سەربە ئێرانەو لەگەڵ یەکێتی لە هەمان تەوەری شیعەن، ئامادەبوونی ئێران و رەچاوکردنی پێگەو رۆڵی یەکێتیش نەیهێشت کۆمەڵی ئیسلامی بەدەردی گۆڕان بچێت. لەم بارودۆخەدا کە گۆڕان و ئیسلامیەکان باسی لابردنی مەسعود بارزانیان دەکرد لە لوتکەی دەسەڵات، مەسعود بارزانی و پارتی چێژیان لە سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگە وەردەگرت و باسی ئەوەیان دەکرد هیچ پەیوەندییەک لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا نەماوەو بەغدا بەتەواوی دەستووری پێشێل کردووە، بۆیە کورد مافی خۆیەتی بیر لە بڕیاردانی چارەنووسی خۆی بکاتەوە. بە پشتبەستن بەم هەڵوێستە، لە رووی راگەیاندن و لە زاری زۆرینەی بەرپرسانی پارتی و کادیران و تەنانەت جەماوەری پارتیەوە بەردەوام باسی سەربەخۆی و دەوڵەتی کوردی دەبیسترا. لە کاتێکدا ئەو دەنگە لەلای بزووتنەوەی گۆڕان و ئیسلامییەکان یان دژایەتی دەکرا یان گاڵتەو سوکایەتی پێدەکرا. کەمینەیەکی یەکێتی لایەنگری ریفراندۆم بوون و زۆرینەی یەکێتی بێدەنگ بوون، دەستەبژێرێکیش لەناو یەکێتیدا بە ئاشکرا دژایەتی ریفراندۆمیان دەکرد، کە سەرئەنجام لە پاداشتی ئەو دژایەتیکردنەداو لە دوا کۆنگرەی یەکێتیدا لایەنگرانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان لە ناو یەکێتی خرانە دەرەوەی بڕیارو نەیارانی سەربەخۆیی و ریفراندۆم کرانە خاوەنی یەکێتی و بڕیاری یەکێتی. ئەمان پێیان وایە کە شوێنکەوتووی راستەقینەو راستگۆی مام جەلال و بەرنامەی یەکێتین چونکە پێیان وایە مام جەلال و یەکێتی هەمیشە لەگەڵ پاراستنی یەکێتی خاکی عێراقدا بوون و هەر هەنگاوێک بە ئاراستەی دابەشکردنی عێراق لەگەڵ روانین و هەڵوێست و بەرنامەی مام جەلال و یەکێتیدا یەکناگرێتەوە. لە بەرامبەر ئەم هەڵوێستەدا کە شوناسی یەکێتی وەکو پارتێکی نیشتیمانی عێراقی و پارێزەری یەکێتی خاکی عێراق دووپات دەکاتەوە، لایەنگرانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی ناو سەرکردایەتی یەکێتی لە لایەن ئاراستەی عێراقچێتی یەکێتیەوە بەوە تاوانبار کران کە خۆیان فرۆشتووە بە پارتی.     لەم بارودۆخەدا مەسعود بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان کەوتنە باسی گەڕانەوە بۆ لای میللەت و پرس پێکردنی، هەتا بزانرێت ئایا کورد دەیەوێت لەگەڵ عێراقدا بمێنیتەوە یان نا. بۆ ئەم مەبەستەش بابەتی ریفراندۆم هاتە ئاراوە. بۆ ئەو ئامانجە لەسەر داواکاری سەرۆکی هەرێمی ئەو کاتە کە مەسعود بارزانی بوو، لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٧دا، کۆبوونەوەیەک بۆ پارت و لایەنە سیاسیەکان و پێکهاتەکانی کوردستان رێکخرا، کە بێجگە لە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی ئەوانی تر بەشداریی ئەو کۆبوونەوەیان کرد. لەو کۆبوونەوەیەدا یەکێتی بە شاندێکی باڵا بەشداریان کرد و هەر لەو کۆبوونەوەیەشدا رۆژی ٢٥ی ئەیلولی هەمان ساڵ بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم دیاریکرا. هەروەک بڕیار درا لە کەرکوک و ناوچە جیناکۆکەکانیش ریفراندۆم ئەنجام بدرێت. کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئامادەسازی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم کردو ریفراندۆم لەکاتی دیاریکراودا ئەنجامدرا. وەکو پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد لەسەر ئاستی ناوخۆ، بە تایبەتی راگەیاندنی پارتی کەوتە هاندانی جەماوەر بۆ بەشداریکردن و دەنگدان بە بەڵێ. مەسعود بارزانی لە شارە دیارەکانی کوردستان کۆبوونەوەی جەماوەری ئەنجامدا، لەناویاندا هاتە شاری سلێمانی و لە یاریگای سلێمانی وتارێکی پێشکەش کرد، کە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمد وەکو کەسی بڕیاربەدەستی یەکێتی لە شانی مەسعود بارزانیەوە راوەستابوو. بێجگە لە گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی بەرپرسانی پارتەکانی تر لە ئاستی جیاجیادا بەشداری کۆبوونەوە جەماوەرییەکانی سەرۆکی هەرێمیان دەکرد. لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی ریفراندۆمدا، هەڵوێستی یەکێتی بۆ پشتگیری ریفراندۆم پاشەکشەی دەکرد، کە بەئاشکرا دیاربوو لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆمدا نین، هەرچەندە پێشتر سووربوون لەسەر ئەوەی کە ریفراندۆم لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانیش ئەنجام بدرێت. بەڵام سەرباری پەشیمان بوونەوە کە دیارە فشاری ئێران و هاوپەیمانە شیعەکانی عێراقیشیان لەسەر بوو، یەکێتی نەیتوانی بە رەسمی رایبگەیەنێت کە لەگەڵ ریفراندۆم نیەو لەبەرئەوە بەشداری ناکات. بەڵام وەکو ئاستی دەنگدان دەریخست کە لە جوگرافیای سەوزو نیلیدا رێژەی بەشداریکردن گەلێک کەمبووە. بەهەرحاڵ لەسەر ئاستی کوردستان رێژەی دەنگدانی ئەوانەی بەشدارییان کرد، لەسەروی لە ٩٠٪ ەوە بە بەڵێ دەنگیان دابوو.  ئاشکرایە مەبەست لە ریفراندۆم ئەوە بوو تا بزانرێت ئایا خەڵکی کوردستان دەیانەویت لەگەڵ عێراق بمێننەوە یان جیاببنەوە. رێژەی دەنگدانی بەشداربووان بە بەڵی بۆ جیابوونەوە ئەوەی نیشاندا کە دانیشتوانی باشوری کوردستان نایانەوێت لە چوارچێوەی عێراقدا بمێننەوە. ئەم دەنگەش بۆ یەکەمجار هەم دەوڵەتی کۆڵۆنیالیستی ناوخۆی عەرەبی عێراقی و هەم سێ کۆڵۆنیالیستەکەی تری سێ بەشەکەی تری کوردستان و هەم دنیای بڕیاربەدەست کە هەمیشە بریتی بوون لە کۆڵۆنیالیستەکان و ئیمپریالیزمی جیهانی بۆ یەکەم جار بە ئاشکرا گوێیان لە دەنگی کوردی باشوری کوردستان بوو بە ناوچە جێناکۆکەکانیشەوە کە خواستی خۆیان بۆ دەرچوون لەژێر هەژموونی کۆڵۆنیالیستی عەرەبی عێراقی بەرزکردەوە. کە خاڵی هەرە گرنگیش بە گوێرەی ریفراندۆمەکە ئەوەیەو هەموو ئەوانەشی کە ئەو کات و دوای ریفراندۆمەکەو ئێستاش دژایەتی ریفراندۆمیان کردو دەیکەن، دژی خواستی راستەقینەی گەلی کوردن لە باشوری کوردستان و هەر پاساوێک و هەر بیانوویەکیان هەبێت، هیچ لەو راستیە ناگۆڕێت کە هەڵوێستەکەیان نا نەتەوەییانەیەو دژی خواستی کوردی باشور بووەو هاوکارو یارمەتیدەرو هاوهەڵوێستی داگیرکەرانی کوردستان بوون بۆ مانەوەی باشوری کوردستان وەکو کۆڵۆنیەکی ناوخۆ لە ژێر هەژموونی کۆڵۆنیالیستی عەرەبی عێراقیدا. هەروەک هەڵوێستی دژ بەرامبەر بە ریفراندۆم دەریخست کە خاوەنی ئەو هەڵوێستە لە بنەڕەتەوە خەباتیان لە پێناوی گۆڕینی سیستیمی فەرمانڕەوایی عێراقدا کردووە لە دەستی حیزبی بەعس و عەرەبێکی فاشیستی وەکو سەدام حسێنەوە بۆ دەستی چەند حیزبێکی مەزهەبی شیعەو سونەی ناسیونالیست و ریزێک عەمامە بەسەرو شیعەی ئەفەندی، واتە خەباتی کۆی ئەو پارت و کەسانەی دژی ریفراندۆم بوون خەباتی عێراق بووە بۆ گۆڕینی سەری رژێم نەک خەبات بۆ سەربەخۆیی باشوری کوردستان. بێگومان یەکەمین هۆی بەدینەهێنانی ئەنجامی ریفراندۆم رۆلی نەرێنی رووبەرێکی فراوانی پارتە سیاسیەکانی باشوری کوردستان خۆی بوو. هەمووش بینیوومانە کە چۆن لە کورتترین ماوەدا لە ژێر سەرپەرشتی ئێرانیەکاندا بەشێک لە کورد کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی تریان خستەوە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی کۆڵۆنیالیستی عێراقی. گرنگی گێڕانەوەی رووداوەکان وەکو خۆی، بە مەبستی ئەوەیە لەسەر ئەو بنەمایە بزانین ئایا ناسیونالیزمی کوردی تا چ ئاستێک ئامادەبوونی هەبوو لە ریفراندۆمدا؟ هەروەها تا بزانین ئایا گوتاری پارتە سیاسیەکانی باشوری کوردستان لە کوێی گوتاری ناسیونالیزمی کوردیدایە؟  ئێمە لە باسی گوتاری راپەڕینەکانی کورددا ئاخاوتنی ناسیونالیزم و ناسیونالیستمان کردووە. کە یەکەمیان واتە ناسیونالیزم وەکو ئایدیۆلۆجیای بزووتنەوەیەکی جەماوەریی ئامادەبوونی نەبووە، بەڵام ناسیونالیست وەکو تاکەکەس و لە ئاستێکی سادەو لاوازیشدا وەکو دەستەبژێر ئامادەبوونی هەبوو، بە تایبەتی لە لوتکەی راپەڕینەکاندا کەسانی ناسیونالیست هەبوون. شێخ عوبەیدوڵای نەهری، شێخ عەبدولسەلامی بارزانی، شێخ مەحمودی حەفیدزادە، ئیسماعیل ئاغای شکاک، شێخ سەعیدی پیران و ئیحسان نوری پاشا و سەید رەزای دەرسیم و مەلا مستەفای بارزانی و قازی محەمەد...سەرکردەی ناسیونالیست بوون لە نەبوونی ناسیونالیزمدا. هەر ئەوەش وایکردووە کە گوتاری راپەڕینەکان بە بەشێک لە رەگەزەکانی ناسیونالیزم بارگاوی بکرێن. لە ساڵی ٢٠٠٣ بەدواوە، لەبەر ئەو هۆکارانەی لە سەرەوە باسکران، هەستێکی ناسیونالیزمی سادە کە دەشێت بە ناسیونالیزمی شێوە پارتی ناوببرێت لە بەرنامەو پەروەردەی حیزبیی پارتیدا دەرکەوتووەو بە شێوەیەک رووبەری رێکخستن و لایەنگرانی ئەو پارتەی گرتووەتەوە. هەر ئەوەش وایکردووە لە رووی بەراوردەوە بە پارت و رێکخراوەکانی تری کوردستان، لە رووکەشدا پارتی وەکو پارتێکی ناسیونالیزم دەربکەوێت. بەڵام کە قوڵ دەبیتەوە بۆ شیکردنەوەی چەمکی ناسیونالیزم و بە تایبەتی ناسیونالیزمی نەتەوەیەکی کۆڵۆنیکراو، ئەوا ناسیونالیزمی شێوە پارتی دیدو تێڕوانین و ئامرازەکانی ناسیونالیزمێکی پێگەیشتووی بۆ دروست نەبووە. تەنیا لە بەئەنجام گەیاندنی پرۆسێسی یەکێتی و یەکبوون و یەکخستنی هەموو پێکهاتە چیانەیەتی و کۆمەڵایەتی و ئایینی و مەزهەبی و خێڵایەتی و عیشیرەتایەتی و حیزبایەتیەکاندا لە یەکەیەکی یەکگرتووی پتەودا کە ناسیونالیزم دەبێتە ئایدیۆلۆجیای ئەم یەکە یەکگریووە وەکو هێزێکی جەماوەری دژە کۆڵۆنیالیزم، ناسیونالیزمی خاوەن شوناس و پێگەیشتوو بوونی دەبێت و پێناسە دەکرێت. هەروەک رێگای گەیشتن بەم یەکێتی و یەکبوونە بە ئامرازکردنی هەموو شتێکە لە پێناوی نەتەوەو بەرژەوەندی نەتەوایەتیدا بە حیزب و بە هەموو بەرژەوەندیە تایبەتیەکانەوە. بەڵام ئاشکرایە کە پارتی ئەو گوتارەی وەکو گوتاری ناسیونالیزمی کوردی بەرزی کردۆتەوە، نەیتوانیووە بیکات بە گوتاری باشوری کوردستان، بەڵکو وەکو گوتاری پارتی یان لە باشترین باردا گوتاری جوگرافیای زەرد ماوەتەوە. کاتێک گوتاری شێوە ناسیونالیزمی پارتی دەشێت ببێتە گوتاری ناسیونالیزمی خاوەن شوناس و بەلایەنی کەمەوە ببێتە گوتاری باشوری کوردستان، کە ئەو گوتارە دیمەنی پارتایەتی پێوە نەمێنێت، بەڵکو دیمەنی کوردایەتی تەواو وەربگرێت. کەواتە لەم قۆناغەدا ناسیونالیزمێکی شێوە پارتی دەرکەوت کە زیاتر سرۆشی لە دیدی ناسیونالیستانەی مەسعود بارزانی و دەستەبژێری پارتیەوە وەرگرت و سەرهەڵدانی بیرۆکەی ریفراندۆم لەوێوە دەستی پێکرد. واتە بیرۆکەی ریفراندۆم لە هەناوی ناسیونالیزمی شێوە پارتیەوە لەدایکبوو. گرفتی یان کەموکورتی سەرەکی ئەوە بوو کە ئەم ناسیونالیزمە سادەیەی کە بیرۆکەی ریفراندۆمی هێنایە پێشەوەو ئامادەسازی بۆ کرد و کۆبوونەوەی بۆ رێکخست و کاتی بۆ دیاریکرد، پێداویستی سەرەکی ریفراندۆمەکە کە ئامادەکردنی زەمینەی یەکێتی و یەکبوون بوو، هیچ هانگاوێکی کردەیی ئەوتۆی بۆ نەنرابوو. ئەمەش راست و دروست پەیوەندی بە لاوازی ئەو ناسیونالیزمەوە هەبوو کە لە پشتی ریفراندۆمەکەوە بوو.،ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئەو ناسیونالیزمە نەیتوانیبوو لە سنووری رێکستنی پارتی بپەڕێتەوەو هەموو جەستەی کۆمەڵگا، یان نەتەوە بەگشتی لەسەر ئاستی جەماوەر بگرێتەوە. ئەم بێ توانایی و لاوازیەی ناسیونالیزمی کوردی کە لە پشتی ریفراندۆمەوە بوو، وایکرد کە ریفراندۆمەکە لە بری ئەوەی روخسارێکی نەتەوەیی وەربگرێت، زیاتر روخسارێکی پارتیانەی وەرگرت. هەر ئەمەش هۆکاربوو بۆ ئەوەی نەیارەکانی پارتی، ریفراندۆمەکە وەکو خۆنمایشکردنێکی پارتی باس بکەن و لە راستیشدا زۆرینەی پارت و رێکخراوەکانی تری کوردستان دەنگی پێنەدەن. بەڵام ئەو پارت و رێکخراوانەی تر لەوە لاوازترو ناکاراتر بوون، هەڵوێستی روونی خۆیان دیاری بکەن، بەڵکو لە کۆڕو کۆبونەوەکاندا وەکو پاشکۆی پارتی کێش دەبوون و لە روخساریشیاندا ناڕەزایی و بێزاری رەنگی دەدایەوە. هەژموونی پارتی و ناسیونالیزمی شێوە پارتی پشتی ریفراندۆم وایکردبوو، کە کادیرانی لایەنگری ریفراندۆم لە ناو پارت و لایەنەکانی ترو کەسانی ناسیونالیستی سەربەخۆ، بەشوێنکەوتووی پارتی بدرێنە قەڵەم.  لەم هەلومەرجەدا بە تایبەتی لە لایەن نەیارانی ریفراندۆمەوە هەڵەیەکی گەورە ئەنجامدرا کە سەرباری دژایەتیکردنیان بۆ ریفراندۆم، لەبەر رق و کینەیان لە پارتی و ناکارایی و لاوازییان لەبەردەمی پارتیدا، هەموو کۆمەڵگای کوردییان دابەش دەکرد بۆ سەنگەری پارتی و سەنگەری دژە پارتی. ئەوەش دەرئەنجامی ئەو روانینە تەسک و ئاسۆ لێڵەیە بوو کە بەردەوام دنیا دابەش دەکات بۆ دوو جەمسەر، دۆست و دوژمن. ئەم هەڵوێستە ناجۆرەی نەیارانی ریفراندۆم و کێشانی سنوورێک لە نێوان لایەنگرانی ریفراندۆم نەیارانی ریفراندۆمدا کە دەرهاوێشتەی عەقڵ و کەلتوری داخراوی ئایینی، خێڵایەتی، یان پارتە ئایدیۆلۆجیە داخراو و تەنانەت تۆتالیتارەکانە.  سەرباری نەتوانینی جێبەجێکردنی دەرئەنجامی ریفراندۆم کە بەپێی رێژەی دەنگدان دەبوو سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەتی کوردی رابگەیەندرایە، بەڵام ئەوە رووینەدا. لەبەر ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەسعود بارزانی وەکو سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی پارتی بڕیاردەر و ئەنجامدەری ریفراندۆم بوو، بێگومان کارنەکردن بە ئەنجامی ریفراندۆمیش لە ئەستۆی سەرۆکی هەرێم و پارتی بوو. بەڵام لە بەرامبەر نەتوانینی پارتی بۆ جێبەجێکردنی ئەنجامی ریفراندۆم، یەکێتی نیشتیمانی رێکەوتنێکی یەک لایەنەی لەگەڵ هێزەکانی کۆڵۆنیالیستی عێراقی و بە چاودێری ئێران کردو کەرکوک و خانەقین و رووبەرێکی فراوانی لە قەڵەمڕەوی خۆی خستەوە ژێر دەستی هێزەکانی داگیرکەری عێراقی. هەڵبەت ئامانجی یەکێتی لەم هەڵویستە لاوازو چاوەڕون نەکراوەی ئەوە بوو بە تەواوەتی پارتی لاواز بکات و لە بەرامبەریشدا داگیرکەری عێراقی پشتگیری بکات و  بەلایەنی کەمەوە بیکات بە خاوەنی راستەقینەی کەرکوک و خانەقین و ناوچە جێناکۆکەکانی ترو پشتگیریشی بکات بۆ زیاتر فشار خستنە سەر پارتی بەو ئومێدەی پارتی ناچار بێت زیاتر گوێ لە یەکیتی بگرێت. بەڵام یەکێتی لەم کارەی کردی، نەک هیچی دەست نەکەوت، بەڵکو ئەوەی پێشتر لە کەرکوک و خانەقین و هەندێ شوێنی تر هەیبوو ئەوەشی لە دەستداو لەبەردەمی پارتیشدا نەک پێگەی بەهێز نەبوو، بەڵکو لاوازتر بوو.  وەکو لێکدانەوە بۆ پێگەی پارتی لە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم، نەیارانی ریفراندۆم لە ناو یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و کەسانی تریش، پێیان وابوو پارتی لە هەڵبژاردنەکانی دواتردا بەهۆی ریفراندۆم و سوربوونی لەسەر ئەنجامدانی و ئەو کێشانەی کە بەهۆی ریفراندۆمەوە دروستبوون، دەنگەکانی تەواو کەم دەکات و ئەو پێگەو قورساییەی نامێنێت. ئەوەش وای لێدەکات نە لە کوردستان و نە لە عێراق هیج قورساییەکی نەمێنێت، بەڵام ئەم بۆچوونەش بە پێچەوانەی لێکدانەوەی نەیارانی ریفراندۆمەوە، ئاوەژوو دەرچوو. سەرباری یارمەتی ئێران بۆ دۆستەکانی، بەڵام دەنگەکانی پارتی پێگەی ئەوی زیاتر بەهێز کرد. سەرئەنجام، جارێکی تر هاریکاری سوپای داگیرکەری عێراقی لە لایەن بەشێک لە کورد خۆیەوە بۆ دەستگرتنەوە بەسەر کەرکوک و ناوچە جیناکۆکەکانی تردا، وێنەیەکی ناشیرینی کوردی نیشانی داگیرکەرانی کوردستان و جیهانیش دا. بەم شێوە ئیشکردنە پارتە کوردیەکان.. جارێکی تر دەریانخستەوە کە هێشتا ناسیونالیزمی کوردی بەشێوەیەکی بەربڵاو بەدەست ململانێی هێزە ناوخۆییەکانەوە ئازار دەچێژێت(٣). بەڵێ دەرئەنجامی رووداوەکانی پێش و کات و دوای ریفراندۆم دەری دەخەن، کە لە روخاندنی رژێمی فاشیزمی بەعسەوە تاکو ساتەوەختی ریفراندۆم و هەتا ئێستاش، ناسیونالیزمی کوردی نەبووەتە ئایدیۆلۆجیای بزووتنەوەیەکی جەماوەریی کە هەموو کۆمەڵگای کوردی کردبێتە یەکەیەکی یەکگرتوو. گوتاری ناسیونالیزمی کوردی لەم قۆناغەدا زیاتر بارگاوی بووە بە رەگەزەکانی ناسیونالیزم و ئەگەر لە ئاستێکی تا ئەندازەیەک شەرمن و رووکەشیشدا بێت وەکو پێشتر بە ناسیونالیزمی شێوە پارتی وەسفمان کرد، بەڵام جیاواز لە رابردوو باسکردنی سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەت دەبیسترێت.  ئەگەر ئەوە تاکو ئێستاش نەبووبێتە یەکەمین دەنگی بیستراو بەڵام دەنگێکە دەبیسترێت و بێگومان رۆژ لە دوای رۆژیش گەشە دەکات و پەرە دەسەنێت. ئەگەرچی لەسەر ئاستی پارتایەتی دوو ئاراستە لەسەر گۆڕەپانی سیاسی کوردی بە پێچەوانەی ئاراستەی راستەقینەی ناسیونالیزمی کوردیەوە کاردەکەن و دەجوڵێن. ئەو دوو ئاراستەش، یەکەمیان ئاراستەی خوازیاری پێکهێنانی یەک گەلە لەگەڵ عەرەبی عێراقدا کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و گۆڕان وەکو ئاراستەی نائایینی نوێنەرایەتی دەکەن. دووەمیان ئاراستە ئیسلامیەکانن کە ئەگەر بانگەشەیشی بۆ نەکەن ئەوان بڕوایان بە ئومەمیەت هەیەو ئینتیمای ئایینی بۆ ئەوان لە پێش ئینتیمای نەتەوەیی یان ئیتنیکیەوەیە. ئەوان ئاواتەخوازی ئەوەبوون کە بیانتوانیایە ببنە ناسیونالیزمی ئایینی وەکو پارتی دادو گەشەپێدان یان ناسیونالیزمی مەزهەبی وەکو شیعەی ئێرانی دەسەڵاتیان بەسەر باشوری کوردستاندا بکردایە. ئەگەر ئەوەیان پێبکرایە، ئەوا دەوڵەتی ئیسلامی کوردییان دروست دەکرد. بەڵام لە بارودۆخی باشوری کوردستاندا ئەوە ئەگەرێکی تەواو لاوازە، بە تایبەتی کە پێگەی ئیسلامی سیاسی لێرە بەرەو لاوازی دەچێت نەک بەهێزی. هەر لەم روانگەیەوە، لەبەرئەوەی پارتە ئیسلامیەکانی کوردستان ناتوانن سیستێمێکی ئیسلامی هاوشێوەی ئێران، تورکیا یان عێراق دروست بکەن، پێیان باشە باشوری کوردستان سەربە عێراق بێت ئەگەر لە عێراقدا دەوڵەتێکی ئیسلامی هەبێت کە ئەو دەوڵەتە لە روانگەی یەکگرتووەوە وەکو دەوڵەتی پارتی دادو گەشەپێدانی تورکیا بێت، یان لە روانگەی کۆمەڵی ئیسلامیەوە  هاوشێوەی ئێران بێت بەڵام لەبری مەزهەبی شیعە، مەزهەبی سونە تیایدا فەرمانڕەوا بێت.، باشترە لەوەی دەولەتێکی کوردی عیلمانی لە کوردستاندا هەبێت.  وەکو گوتمان ناسیونالیزمی کوردی، کە بێگومان بە گوێرەی زەمینەو واقیعی کۆمەڵایەتی باشوری کوردستان پێشبینی ناسیونالیزمێکی عیلمانی دەکرێت، تا ئێستا نەبووەتە ئەو هێزە یەکلاییکەرەوە کە هەموو بەربەستەکان رابماڵێت و دەوڵەتی نەتەوە دروست بکات و لەوێشەوە بە چەمکی مۆدێرن نەتەوە دروست بکات. نەتوانینی بڕیاردان لە دەرئەنجامەکانی ریفراندۆم پەیوەستبوو بە لاوازی ناسیونالیزمی کوردیەوە. ئەو ناسیونالیزمە لاوازەش کە لە پشتی ریفراندۆمەوە بوو، پارتی دیموکراتی کوردستان نوێنەرایەتی دەکات، کە نەیتوانی ئەنجامەکانی ریفراندۆم لەسەر زەمینەی واقیع پیادە بکات. کەواتە ئاشکرایە، هەتا ئێستا ئەو ناسیونالیزمە خاوەن شوناس و خاوەن پرۆژەیە لە کوردستاندا دروستنەبووە کە دەرئەنجامەکانی ریفراندۆم لەسەر زەمینەی واقیع جێبەجی بکات.   سەرچاوەکان: 1-     Iain Mclean and Alistair Mcmillan, Oxford Conscise Dictionary of politics, 3rd edition, Oxford University press, 2009, p. 453. 2-    پەیڕەوی ناوخۆی پارتی دیموکراتی کوردستان، مادەی دووەم، پەسەندکراوی کۆنگرەی سیانزەیەم. 1-    مارتین ڤان پرۆنیسین و رۆبێرت ئۆڵسن و نووسەرانی تر،دەربارەی کوردو ناسیونالیزمی کوردی، سلێمانی، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، ٢٠٢٠، ل ١٧١.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand