ئارام سەعید فەیسبوک ماڵێک بۆ سایکۆپاتەکان بەگوێرەی ئەو ریزبەندیەی دانراوە بۆ سایکۆپات لەنێوان نەخۆشییەکاندا، سایکۆپات بەنەخۆشی عەقڵیی دانەنراوە، بەڵکو وەک کەسێتییەکی دژ بە کۆمەڵگا وەسف دەکریت کە هەڵگری چەند سیفەتێکی کەسیتییە لەوبوارەدا. جگە لەم ناونانە لە پێناسە گرنگەکان بۆ سایکۆپات ئەوەیە کە ئەوان زۆر بەئەستەم بێ ئومیدی قبوڵ دەکەن و بەهیچ شێوەیەک حەزناکەن لەسەرەوە فەرمانیان پێ بکرێت، بۆنمونە لەکاتی مناڵیدا فەرمانی باوک، یان دادگا، یان دەسەڵات لەکاتی هەرزەکاریاندا.. لەکاتێکدا پێیان دەگوترێت "نا" توڕەییەکی زۆریان لێدەردەکەوێت و دوورنیە بگاتە توندوتیژی، بەئەستەم دەتوانن هەستی خۆیان دەرببڕن و وەک پێشتر وتمان هەرگیز هەست بەوەناکەن تاوانێک یان هەڵەیەکیان کردبێت و ویژدانیان بجوڵێت. ساڵی ١٩٩١ رۆبەرت هیر زانای دەرونناسی کەنەدی لیستێکی دروستکردووە لە بیست پرسیار بۆ ئەوەی بزانین کەسێک سایکۆپاتە یان نا، کە پێشی دەوترێت "پێوانەی هیر" لێرەدا بیست پرسیارەکەی هیر تەرجەمە دەکەین کە بۆ دەستنیشانکردنی کەسی سایکۆپاتە، کە دەتوانین بۆ وەڵامی هەر پرسیارێک نمرەی سفر تا ٣ ی پێ بدەین، ژمارە سفر مانای ئەوەی ئەو کەسە ئەو ئەو هەڵسوکەوتەی نییە، ژمارە ٣ مانای ئەوەیە تەواو لەگەڵ زانیاری پرسیارەکە گونجاوە. لەکۆتایی تاقیکردنەوەکە ژمارەکان کۆبکەرەوەو ئەگەر ئەنجامەکەی لە ٣٠ زیاتربوو یان ٣٠ بوو، ئەوا ئەو کەسە دەچێتە خانەی ئەو کەسێتیانەوە کە دەکریت بگوترێت سایکۆپات، ئەمەش پرسیارەکانە: 1. قسەکردنی زۆرو سیحری رووکەشی: ئایا ئەو کەسە قسەکەرێکی زمان شیرینە؟ 2. هەستێکی باڵا بە "من" : ئایا ئەو کەسە زۆر بڕوای بەخۆیەتی؟ 3. پێویستی هاندان: ئایا زوو هەست بە بێزاری دەکات؟ 4. نەخۆشی درۆ: ئایا درۆ زۆر دەکات، تەنانەت بۆ شتی بێماناش؟ 5. هەڵخەڵەتاندن و یاری پێکردن: ئایا یاری بەدەوروبەری خۆی دەکات؟ 6. نەبونی پەشیمانی وهەست بە گوناح: ئایا قەت هەستی بە تاوان کردووە؟ 7. کاریگەری روکەشیانە: ئایا هەستی دەجوڵیت یان ساردو سڕە؟ 8. نەبونی سۆزداری: ئایا هەست بەئازاری ئەوانی تر دەکات یان گرنگیان پێدەدات؟ 9. مەیلی بون بەئەرک بەسەر ئەوانیترەوە: ئایا کەسانی دەوروبەری بەکاردەهێنێت؟ 10. لاوازی خۆ کۆنترۆڵکردن: ئایا کهسێکی توڕەو توندوتیژە لەهەڵسوکەوتدا؟ 11. تێکەڵاوی سێکسی: ئایا دەچێتە سەرکێشی سێکسیەوە؟ 12. کێشەی هەڵسوکەوتی پێشتری: ئایا هەمیشە وابووە؟ 13. نەبونی ئامانجی دریژخایەن: ئایا ئەو کەسە هیچ ئامانجێکی هەیە لەژیاندا؟ 14. هەڵەشەیی: ئایا لە هەڵسوکەوتەکانیدا هەمیشە بەخیرایی کاردانەوەی دەبێت؟ 15. نابەرپرسیاریتی: ئایا بۆ هەڵەکانی خۆی هەمیشە ئەوانی تر تاوانبار دەکات؟ 16. نەبونی توانای هەڵگرتنی بەرپرسیاریتی لەهەڵەکانی: ئایا هەست بە گوناە دەکات لەئەنجامی کارەکانی؟ 17. ژمارەیەکی زۆری پەیوەندی کورت مەودا: ئایا ماڵێکی جێگیری هەیە؟ 18. تاوانی سەردەمی هەرزەکاری: ئایا لە هەرزەکاریدا هیچ کارێکی نایاسایی کردووە؟ 19. پاڵەوانانی ئازادبوون لە زیندان بە مەرجەوە: ئایا پێشتر هیچ کێشەیەکی یاسایی هەبووە؟ 20. هەمەجۆریی لەو تاوانانەی ئەنجامی دەدات: ئایا ئەو کەسە تاچەند تاوانێکی کردووە کە شێوازەکانیان جیاواز بێت؟ ئەو زانایە ئەو کەسانە ئاگادار دەکاتەوە کە ئەم تاقیکردنەوەیە دەکەن و دەڵێت" مەرج نیە ئەم تاقیکردنەوەیە کەسی سایکۆپاتمان بۆ دەستنیشان بکات! بۆ گەورە ساڵان دانراوەو ناکریت بۆ مناڵ و هەرزەکار بەکاربهێنریت، ئەم پێوانەیە لەسەر زیندانیکراوەکان پەرەی پێدراوەو ئامرازێکە بۆ پسپۆڕانی پیشەیی بوارەکە دروستکراوە. لەکۆتاییدا سایکۆپاتەکان مەرج نیە بەئاسانی بناسرێنەوەو بتوانریت تاقیکردنەوەیان لەسەر ئەنجام بدرێت مەگەر ئەوانەی لە زینداندان و ئەوانی تر لە پۆستی باڵاو پێگەی گرنگدان و ئاسان نیە دەستنیشانکردنیان.
شوان سدیق لەم ڕۆژانە بابەتێکم تاوتوێکرد لە زانکۆ بەتایبەتی فۆڕمەکانی دەوڵەتی دەستوری، دیارە عێراقیش دەوڵەتی دیموکراتی فیدڕاڵیە. بەڵام ئەم فێدراڵیەی عێراق وەکو فێدڕاڵی ئەڵمانیاو ئەمریکا نیە چونکە پاش دەوڵەتی نوێی عێراق ھیچ ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی دانەمەزراوە. دەوڵەتی فێدراڵی عێراق تەنیا بۆ ھەرێمی کوردستان دامەزراوە، بەڵام فێدراڵیەتی عێراق نە عێراق خۆی کاری پێکردوە نەھەرێمی کوردستانیش. کێ قازانجی کردوە لە دەوڵەتی فێدراڵی عێراق؟، لە پاش جێبەجێکردنی دەستوری وڵات ٢٠٠٥ ئەم وڵاتە سەقامگیری بەخۆیەوە نەبینیوە بەکۆمەڵێک قۆناغی خراپدا تێپەڕی بەتایبەتی شەڕی تیرۆر، ململانێی مەزھەبی و شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی داعش. ئەوەی پەیوەندی بەھەرێمی کوردستانەوە ھەیە سەرنج بدەنە بەشێک لەمافەکانی کورد مادەی ١١٧ دەڵێت: ئەم دەستورە، دان بە هەرێمی كوردستان و ئەو دەسەڵاتەی ئێستایدا دەهێنێ وەك هەرێمێكی فێدراڵی. لە مادەی ١٢٠ دەڵێت هەرێم دەستورێك بۆخۆی دادەڕێژێ، هەرەمی دەسەڵاتەكانی هەرێم و میكانیزمی بەكارهێنانی ئەو دەسەڵاتانە دیاریدەكات بەمەرجێك ناكۆك نەبێت لەگەڵ ئەم دەستوری عێراق. ھاوکات لەمادەی ١٢١ دەڵێت: هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك دەسەڵاتی ئیداری و ئابوری و سیاسی پێدراوە كە فاكتەری بەهێزبونی بووە لە ساڵانی ڕابردوودا.. کەوایە فێدڕاڵیەتی عێراق لەبەرژەوەندی ھەرێمی کوردستان تەواوبووە، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا عێراق و ھەرێمی کوردستانیش پابەندی دەستورەکە بوونە. یەکەم: عێراق و ھەرێم دیارە تائێستە نەھاتوونە لەسەر جێبەجێ کردنی دەستورەکە گفتوگۆی جدی بکەن.. واتە ھەرێم ئامادەی نیشان نەداوە بەفەرمی بگەڕێتەوە بۆ فێدڕاڵیەتی عێراق بەتایبەتی ھەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ نەوت دەفرۆشێ و عێراقیش وەکو خێزانێکی پەرتەوازە نەیپەرژیاوەتە سەر ئەوەی داوا لە ھەرێم بکات، ئایا ئێوە دەتانەوێ پابەندی فێدڕاڵیەت بن لەنێو دەوڵەتێکداو ئێمەیش پابەند دەبین مافەدەستوریەکانی کورد جێبەجێ دەکەین. لێرەدە قسەکە لە سەر کوردە، کورد لە پاش ڕاپەڕینەوە بارودۆخەکە بەقازانجیدا شکاوەتەوە، عێراق لە پاش جەنگی کەنداو و پاشان ڕووخانی ڕژێمی بەعس ھێشتا ئەم وڵاتە ھەڵنەساوەتەوە.. کورد خۆی ئیدارەی خۆی کردوە، بەڵام کێشەکەی کورد ئەوەیە فەشەلیان ھێناوە لە ئیدارەدان، نەیانتوانی خۆیان کۆبکەنەوە، خۆیان بەھێز بکەن ئەگەر لەداھاتوودا عێراق تەنانەت پەشیمانیش ببێتەوە لە فیدراڵیەت بەڵام گەر کورد ناوماڵێکی ڕێکوپێکی ھەبێ دەتوانێ ئالانگاری پێشھاتەکان دەبێتەوە. بەڵام پاش چەندین ساڵ تاھەنووکە دەستوری نییە، یەک ئیدارەی بەھێزی نییە بگرە دوو ئیدارەی لاوازە. ھەروەھا گەندەڵی، ناعەدالەتی، ھەرێمەکەی تووشی کۆمەڵێک کێشەو ئارێشەکردوە، ھەردوو حزبی دەسەڵاتدار (پدک و یەنک) خاوەن چەکداری خۆیانن و نایانەوێ کێشەکان چارەسەر بکەن. عێراقیش لەبەرامبەر کورد ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەھێز دەبێ وادیارە عێراق نایەوێ ھەرێم ئەو دەسەڵاتەی بەھێزەی ھەبێ کەھەیەتی ھەڵبەت ھەنگاوەکەنی عێراقیش بەپێی دەستووری وڵات نادەستوری نین!! *زانستەسیاسی و کۆمەڵایەتییەکان⁄ئیتاڵیا
عهدالهت عهبدوڵڵا بهپێی ئهو سوێند یاساییه بێت كه خواردووتانه و دهستهێنانیشتان به قورئانی پیرۆزدا، پاشان ئهو بهرپرسیارێتییانهی كه له فهرمانڕهواییدا دهكهوێته ئهستۆتان، بڕیار وایه كه ئهركی ههریهكه له ئێوه بریتی بێت له بهڕێوهبردنێكی نیشتمانییانهو پیشهییانهی ئهو ئهرك و پێگه سیادییانهی كه لهناو ههرێمدا خراوهته ئهستۆتان. بێگومان ههموومان له واقعی كوردستاندا ئهژین و كهسیش ئهوهنده گهمژهو خهیاڵپڵاو نییه كه چاوهڕوان بێت ههموو بهرپرسیارێتییهكان تهواو پێرفێكت و پرۆفیشناڵ بهڕێوهبچن و بێ عهیب و عاربن، بهڵام خۆ لانیكهم نابێ دهزگا دهوڵهتییهكان، پله به پله، وهك بارهگایهكی حزبییان لێ بێت و له چالاكیی ئهوانهی تێیاندا كۆبوونهتهوه، رهچاوی سیستهمی فهرمانڕهوایی ئیئتیلافیی تێدا نهكرێت و وا بزانرێت حكومهت و سهرۆكایهتی ههرێم، كه ئهمڕۆ ئهو دوو پۆسته لای بهڕێزتانه، تهنها موڵكی پارتێكی سیاسیی دیاریكراوه. ململانێی ئهم ماوهیهی نێوان یهكێتی و پارتی لهسهر پۆستێكی دیاریكراو، نابێ بهو رادهیه، زهق زهق، لهجموجوڵیی كاری فهرمانڕهوایی ئێوهدا رهنگبداتهوه. ئهگهر ئهتانهوێ خهڵكی ههرێم لههیچ كێشهو قهیرانێكی وڵاتهكهدا، به پلهی یهكهم، تهنها پارتهكهی ئێوه تاوانبار نهكاو له خۆشی و ناخۆشیدا هاوبهشتان ههبێت، ئهوا دهبێ ئهم ویسته به كردار له جموجوڵی كاری دهوڵهتمهداریشدا دهربكهوێت، له بڕیارو ههڵوێستهكانتاندا بهدی بكرێت، وهفدهكانتان بۆ وڵاتانی ناوچهكهو جیهان رهنگدانهوهی پێكهاتهی هێزه بهشداربووهكانی سیستهمی فهرمانڕهوایی ههرێمهكه بێت، نهك تهنها یهك رهنگ و یهك ئاراستهو یهك حزب كه جارێ ئهمه ههر بۆخۆی گومانی گهورهتان لهنێواندا دروست دهكات!.. باشه، ئهی كهوابێ بۆ رهخنه لهوه بگیرێت كه هاوبهشهكانتان بهرپرسیارێتیتان لهگهڵدا دابهش ناكهن و وهك ئۆپۆزسیۆن رهفتار دهكهن؟ پاشان، به راستی، نه خۆتان به سههودا بهرن و نه له رای گشتیشی بشارنهوه، ئهگهر بڕیارتان داوه كه ئاوها، به ئاشكرا، حساب بۆ هاوبهشهكانتان نهكهن و تهنها وهك دیكۆر و ههر بۆ ناو ناویان ببهن و ئهجندایهكی تایبهتیتان ههیه كه پارتهكهی خۆتان پێی سپاردوون، ئهوا راشكاوانه رای بگهیهنن، ئهگهر مهسهلهكهش وانییهو ئهوهی لهو بارهوه دهوترێ تهنها تۆمهتهو بۆتان ههڵدهبهسترێت ئهوا وهك دوو كاراكتهر كه ئهمڕۆ كهسی نمره یهكی ناو دهزگای دهوڵهتین له ههرێمدا نابێ رێگه به خۆتان بدهن كه ململانێی نێوان پارتهكهتان و یهكێتی لهسهر پۆستی سهرۆك كۆمار بهو رادهیه كار له جوڵهو وهزیفهی نیشتمانی و پیشهییتان بكات له دهزگاكانی ههرێمدا كه تهنها موڵكی یهك پارتی سیاسی نییه. كاك مهسرور، لهم ماوهیهدا، زیاتر له جارێك دهچێته وڵاتانی ناوچهكهو لهبری وهزیرهكانی هێزه هاوبهشهكانی له حكومهتدا، كهسی ناڕهسمیی نزیك له خۆی دهبات!، كاك نێچیریش وهك ئهوهی نوێنهری پارتێكی سیاسی بێت، حزبه عێراقییهكان و توركیا بهسهردهكاتهوه!، نوێترین جوڵهش رووداوی كۆنفرانسی ئاسایشی موینشن-ی ئهڵمانیایه كه دیسانهوه پێكهاتهی وهفدهكه، له سهرۆكایهتی ههرێم و حكومهتیش، دیسانهوه پێكهاتهیهكی نا ئاساییهو له سیماكانی تهنها یهك حزبی فهرمانڕهوا پێكدێت. ئهمه با لهوه گهڕێن ئاخۆ ئاكام و خێرو بێری ئهو جوڵهو سهردانانهش بۆ میللهتهكهمان و بۆ بهرژهوهندیی باڵای كوردی باشوور، چییهو چی نییه!. ئهم دهركهوتنه زهقهی دابهشبوون له ئاستی دهوڵهتداریدا، زیانی مهعنهویی یهكجار گهورهی بۆ سهر پێگهی ههرێم له عێراق و ناوچهكهو جیهانیش ههیه، واش مهزانن ئهو وهفدانهی دهیانبینن له مهعالمی ئهو دابهشبوونه بێ ئاگان!. ههرچی لهناوخۆیه، ئهوا بێگومان له دیدی گشتیدا، لهرووی مهعنهوییهوه، هێندهی تر سیفهتی رهسمیتان لێ وهردهگرێتهوه. بێگومان بهشبهحاڵی خۆم لهگهڵ ئهوهدا نیم كه تهنانهت كاك قوباد-یش، لهناو پێكهاتهی وهفدی حزبهكهیدا بێت لهو سهردان و دانوستانانهی كه یهكێتی بۆ بهدواداچوونی پۆستی سهرۆك كۆمار بۆ لای هێزه عێراقییهكان و لهگهڵ باڵوێزخانهو كونسڵگهریی وڵاتاندا بهڕێوهیان دهبات، ئهوهشیان باش نییه. راسته چ ئێوهو چ جێگری سهرۆكی حكومهتیش دهبڵ ئهركن، له حزبدا پێگهتان ههیهو لهناو سیستهمی فهرمانڕهواییش، ئهمه نهنگی نییه، بهڵام راستتر وایه كه ئهم دوو ئهركه بهتهواوی لێك جیا بكرێنهوه، بهناو دهوڵهتهوه كار نهكرێت و پێكهاتهكه حزبی بێت، یان وهفدی حزبی بیت و به سیفهتی رهسمیی پێی دهربكهویت. ئهمه دهبێته هۆكاری زیاندان له مسداقییهت و جیاكردنهوهی پیشهو بهرپرسیارێتییهكان و لێدانی ئاشكرا له نوێنهرایهتیكردنی وڵات. تا ئێره، ئێمه به زمانی بابهتی لهسهر دیارهكه دهدوێین، بێگومان خۆتان ئازادن لهوهی حساب بۆ هاوبهشهكانتان دهكهن یان نا، ئیشی هاوبهشهكانیشتانه كه ههڵوێستیان دهبێت یان نابێ؟ ئاخۆ پێتان دهڵێن پێگهكانی ههرێم تهنها مۆنۆپۆڵی هێزێك نین، یان بێدهنگی لێدهكهن. ئهمما خهمی ئێمه، خهمی ئاقیبهتی كهڵهكهبوونی ئهو دیاردهیهیه كه دهزانین، ئهگهر لهكات و شوێنێكدا نهوهستێت، ئاكامی خراپی دهبێت، دڵنیاین لهسهرخۆ زهمینهی فكری و سایكۆلۆژی و جهماوهری بۆ سهرلهنوێ دابهشبوونهوهی ئیداری خۆش دهكاتهوه له ههرێمی كوردستانداو دهمانباتهوه بۆ چوارگۆشهی یهكهم.. خۆ ئهگهر خۆیشتان، له بنهڕهتدا، ئهو ئهگهرهتان داناوهو بهرهو ئهو ئاراستهیهش كار دهكهن، ئهوا شاردنهوهی ناوێ، ناوی خوای لێ بهێنن و جاڕی بدهن.!
یاسین تەها پاش زیاتر لە 10 ساڵ لە دواخستن دادگای فیدراڵی هەفتەی ڕابردوو بڕیاری دا كە یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان نا دەستورییە، ئەمەش مشتومڕێكی گەورەی یاسایی و سیاسی دروستكردووە كە دەكرێت لێرەدا بەم جۆرە كورت بكرێتەوە: ـ شارەزایان هاوڕان لەسەر ئەوەی لە سیستمە فیدراڵییەكان باڵادەستی لە سامانی سروشتیدا ناوەندییە، بەڵام لە دەستوری عێراقدا بەكاریگەریی هاوپەیمانێتی و دۆستایەتی كورد و شیعە (2005)، هەندێ بڕگەو دەستەواژە دانراون كە ناڕوون و لاستیكین و بەجێھێڵراون بۆ تەفسیر و تەئویل (مادەی 111)، ئەمەش وا دەكات هەمیشە مشتومڕ هەبێت. لەهەندێ مادەشدا باسی ئیدارەی هاوبەش و مافی لەپێشینەی هەرێمەكان هاتووە (112 و 115 و 122)، ئەمەش زیاترە لە فیدراڵییە باوەكانی دنیا. ـ بەئەزموونی 15 ساڵی ڕابردوو هەمیشە هێز و پێگە لەپێش بڕگە و مادە دەستورییەكان بووە، تا ئەوكاتەی كورد لە بەغدا كاریگەربووە، بۆچوونی خۆی سەپاندووە و وەبەرهێنانی تاكلایەنەی لە كەرتی نەوت و گاز كردووە، لە 2009 سەرۆك تاڵەبانی بە ئاشكرا رەزامەندیی حكومەتی مالیكی لەسەر هەناردەی نەوتی كوردستان ڕاگەیاند، لە 2021 یش لە یاسای بودجەدا دان بەوەدا نرا هەرێمی مافی فرۆشتنی تاكلایەنەی نەوتی هەبێت و ئەم دوو پێشینەیەش ناكۆكن لەگەڵ بڕیاری ئێستای دادگای فیدراڵی. ـ لاوازبوونی هەڵوێستی هەرێم لە دۆسییەی نەوت دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆكارێك: دەركەوتنی لێكەوتەی خراپی گرێبەستەكان و هەرزانفرۆشیی نەوتی كوردستان و پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەكانی ناوخۆ لەو بارەیەوە، لێكەوتەكانی پاش ریفراندۆم و لەدەستچوونی كەركوك (2017)، پاشەكشەی دەستوەردانی ئەمەریكا و رۆژئاوا لە دۆسییەی عێراق، لەگەڵ ئەم پەرتەوازەیی دوایی لایەنە كوردییەكان لە بەغدا، سەرجەم ئەمانەش ئێستا تەرازوی هێزی بەلای بەغداو لایەنە شیعەكان لارەسەنگ كردووە. ـ بڕیارەكەی دادگا بنجبڕە و لە باڵاترین ناوەندی بڕیاری قەزاییەوە دەرچووە، بەڵام هەندێ گومان و مشتومڕی لەسەرە لەوانەش: كات و ساتە گوماناوییەكەی پاش 12 ساڵ و لەكاتی بەشداریكردنی پارتی لە هاوپەیمانی سێقۆڵی، لە دەمی وروژاندنی وەبەرهێنانە لە سامانی غازی كوردستان، ناڕەزایی دوو دادوەرە كوردەكە لەسەری، بازدانی بەسەر ئەو بڕگەو مادانەی ماف بەهەرێم و پارێزگاكان دەدەن لە دۆسییەی نەوتدا بەشداربن، بە نادەستوری لەقەڵەمدانی یاسای نەوت و گازی هەرێم بە جوملە بەبێ ئەوەی ئاماژە بەهیچ مادەو بڕگەیەك و لایەنێكی ناكۆك و دژ بكات كە ئەمەش پیشەییانە و زانستییانە نییە، بەڵام دادگا جەخت لەوە دەكاتەوە لە بەرژەوەندی عێراق ئەوەی كردووە، هەروەها ئەوەشی كردووەتە بەڵگە كە لە 2015 دادگایەكی ئەمەریكی بەهەمانشێوە هەناردەی سەربەخۆی نەوتی كوردستانی بە نایاسایی داناوە و تانەدانیش سوودی نەبووە تا هەرێم ناچاربووە بارە نەوتەكەی لە ئیسرائیل بەتاڵ بكاتەوە. ـ بەپێی دستور حوكمی دادگای فیدراڵی بنجبڕە و قابیلی تێهەڵچوونەوە نییە، بەڵام لەڕووی كردارییەوە جێبەجێكردنی بڕیارەكە ئاستەنگی زۆری لە پێشە چونكە بۆرییەكان و بیرەكان و گرێبەستەكان لە 13 ساڵی ڕابردوودا قۆناغی زۆریان بڕیوە، جگە لەوەش بەرژەوەندیی زۆری وڵاتانی تێكەوتووە و پاكتاوكردنی ئەو گرێبەست و بارودۆخەشی هەیە پرۆسەیەكی هونەری و یاسایی و قەرەبووكێشە و كات و هەوڵی زۆری لە بەغدا پێویستە كە ئێستا ئەو دەرفەتەی نییە و ئەمەش لەسەر حكومەتی ئایندە وەستاوە. ـ لەڕووی یاسایی و مەعنەوییەوە بڕیارەكە گورزێكی گەورەیە لە گرێبەستەكانی حكومەتی هەرێم و ئایندەی مامەڵەی تاكلایەنە بە دۆسییەی نەوت و لەپاش ئەوە بێگۆمان كۆمپانیاكان هەڵوەستە دەكەن و وەبەرهێنان لە نەوت و گازی هەرێم دەبێتە جۆرێك لە ریسك و سەركێشی، لە حاڵەتی توندبوونی ناكۆكییەكانیشدا دوورنییە هەندێ لایەنی عێراقی بەغدا هان بدەن هێز بجوڵێنێت بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی كێڵگەكان بەتایبەت هەندێكیان زۆر نزیكن لە سوپای عێراق و حەشدی شەعبییەوە، لەگەڵ ئەمەشدا هیچ دوور نییە دوو هێزە كوردییەكە لەگەڵ خولی نوێ (پێنجەم) خۆیان بگونجێنن و ئەوكات وەك پاش 2009 دۆسییەكە هەر لە گێژاودا دەمێنێتەوە. چارەسەر چییە؟ لەپاش دەرچوونی بڕیارەكە تەنها دەرچەی یاسایی بەردەست دەرچواندنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵییە بەجۆرێك ئەرك و مافی ناوەند و هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكانی تریش بەوردی دیاری بكات و لەوێدا سنوور بۆ دژیەكی مادە دەستورییەكان دابنرێت و رێگا لە تەفسیری تاكلایەنەش بگیرێت، بەڵام ئەمەش هەر ئاسان نییە و لەدوای 2007 وە سەرجەم هەوڵەكان شكستیانهێناوە بۆ ئەو مەبەستە، بۆ هەرێم كێشەیەكی تر هەیە كە لەپاش بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی هەڵوێستی لاوازتر بووە و سەقفی بۆ دانراوە. لەدەرەوەی مشتومڕی سیاسی و حیزبی بەپێی ئاماژە و پێدراوەكان بەرژەوەندی گەلی كوردستان لەوەدایە فرۆشتنی نەوت فیدراڵی بێت بۆ گرەنتی كردنی نرخی جیهانی و ڕزگاربوون لە فرۆشتنی قاچاخ و گرێبەستی ناڕوون و ناشەفاف وەك ئەوەی ئێستا هەیە لەگەڵ كەڵك وەرگرتنی لە ئەزموونی كۆنی عێراق لەم بوارە، ئەمەش داواكارییەكی جەماوەری بەربڵاوە لە ئێستادا، بەڵام گرنگە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت ئەم بەفیدراڵیكردنە نەبێتە هۆی ئەوەی بەغدا دەست بەسەر تەواوی دۆسییەی نەوتی هەرێمدا بگرێت وەك ئەوەی لایەنە ڕاستڕەوەكانی شیعە داوای دەكەن چونكە سامانی سروشتی و وزە تەنها كارتێكی بەهێزە بۆ مسۆگەركردنی مافە داراییەكانی خەڵكی كوردستان و ئەگەر نەوتەكەش نەما ئەوكات تەنها پاڕانەوە دەمێنێت.
د. کاروان حەمەساڵح (بەشی یەکەم) پێشەکی: ئێران و ئەمریکا چەندین ساڵ شەری سارد و هەواڵگریان کرد لەسەر "تۆی فستەق"! بۆیە لەسەر حەوشەی پێشەوەی شیعە لە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا (عێراق)، لەسەر شەشەم گەورەترین بەرهەمهێنی نەوت لە جیهاندا و پێنجەم ووڵات لە زۆریی ئیحتیاتی نەوتدا کە هەر عێراقە، لەسەر هەرێمی کوردستانەکەشی کە جگە لە نەوتەکەی، ناوچەیەیەکی چاوتێبڕاوە بۆ غازەکەی دوای قەتەر، بە دڵنیاییەوە ململانێ هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیەکانی ئێران و هاوبەشە سیاسیەکانی لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەسەر ئەو پێگە سیاسی و ئابوری و جوگرافیاییەی عێراق هەروا کورت و ئاسان نابێت. عێراق بۆ ئێران: زۆر بە کورتی عێراق بۆ ئێران تەنها پەیوەندی کلتوری و مەزهەبی نایبەستێتەوە، بەڵکو ئەو جوگرافیا گرنگەیە کە بەهۆیەوە بە ئاسانی هاتوچۆی سیاسیی و مەزهەبی و کلتوری و سەربازی دەکات بۆ سوریا و لوبنان. عێراق سەنگەرێکی ئابوری و سیاسیی ئێرانە بۆ سوککردنی سزاکان لەسەر خۆی. عێراق بە 42 ملیۆن هاوڵاتیەوە، بازارێکی گەورەی بەکاربەرە کە لە ماستەوە بۆ کارەبا و غاز و کەرتی گەشتوگوزاریی ئاینی و هتد، ڕێک باخێکی سیاسیی و ئابوری و مەزهەبیی ڕازاوەی پێشەوەی ئێرانە. ئەمریکا و عێراق: ئەبێت دان بەو ڕاستیەدا بنێین کە ئەمریکا سەڕەرای ئەوەی هێزی یەکەمی سیاسیی و ئابوری جیهانە (تا ئێستا)، بەڵام تا ئاکتێک بەرامبەر ئێران دەکات بە چەندین فلتەری ئیداریی و ئەمنی و سیاسی و توێژینەوەدا دەڕوات، پاشان بڕیاری لێدەدات. چونکە ووڵاتان جیاوازی لە دروستکردنی بڕیار لە دۆخی "موجازەفە" و دۆخی "ناڕوونیی" باش دەزانن. باش لە بەرژەوەنیەکانی ئێران و هاوپەیمانەکانیشی شارەزان و دەشزانن ئێران سەڕەرای هێزە گەورە سیاسییەکەی، بەڵام بە تەنها نیە. خۆ جیهان بینی کە تەنها بۆ ئەوەی ڕێڕەوی غازی ڕووسیا بۆ ئەوروپا نەگۆڕدرێت، ئێرانیش سەرەڕای ووزە، بۆ ئەوەی سنوری مەزهەبەکەی نەشێوێنرێت، بینیمان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هابەش لەگەڵ ڕووسیا، چۆن بەشار ئەسەدیان ڕزگارکرد و سوریاش گەیشت بەو دۆخە! کەواتە نە ئێران پاروویەکی ئاسانە، نە ئەمریکا و هاوپەیمانە عەرەبی و جیهانیەکانیش بێ ئاگان لەوە. عێراق لەسەردەمی ترەمپدا؛ لە سەردەمی ترەمپدا پێکدادانی نێوان ئێران و ئەمریکا گەیشتە لێدانی ڕاستەوخۆ. کە دواجار بە ئامانج گرتنی قاسم سولەیمانی لەلایەن ئەمریکاوە، وە بۆردومانکردنی چەند پێگەیەکی سەربازی و قوسولخانەی ئەمریکای لێکەوتەوە لە لایەن ئێرانەوە. بۆ یادخستنەوەش، سولەیمانی دوو ئامانجی ستراتیژی لە عێراقدا بەجێ دەگەیاند؛ یەکەم: مانەوەی حکومەت لە بەڕەی ئێراندا و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی. دووەم: پاراستنی یەکگرتوویی نێوان کوتلە شیعەکان. بەڵام لەدوای سولەیمانی، ڕێک ئەو دوو ئامانجە کەوتە مەترسیەوە. دوای ترەمپ و لەسەردەمی بایدندا؛ ستراتیژی نوێ ئەمریکا بوو بە شەری ناڕاستەوخۆی سیاسی و ئابوری لەگەڵ ئێران و هاوپەیمانەکانی بە ڕوسیاشەوە. ڕاستە ئێران لە زەمەنی شەری داعش لە عێراقدا، وە چەند ساڵێکیش دوای ئەوە گەیشتە لوتکەی بەهێزیی پێگە، کە بە هۆی پێشوازیی هاوڵاتیانی عێراقیی بوو لە هاوکاری سەربازیی ئێران و دواتریش بەهێزبوونی هێزە سەربازیە عێراقیەکانی سەر بە ئێران. بەڵام لە دوای 2018 ەوە، بەتایبەت لە دوای خۆپیشاندانەکانی تشرینی 2019 ەوە دۆخەکە بە دڵی ئێران نەبووە. لە سەنگەری ئەمریکا و سعودیە و ئیمارات و تورکیاوە هەمیشە فشار کراوە بۆ لاوازکردنی پێگەی ئێران و حەلیفەکانی لە عێراق. تا ڕادەیەکیش وەبەرهێنانی سیاسیی و ئابوری و کلتوری ئەو ووڵاتانەش بەرەو هەڵکشان چووە (نموونە: قەتەر ڕایگەیاندووە ئامادەیە بۆ دابینکردنی غاز وکارەبا بۆ عێراق بە نرخی کەمتر لە ئێران. وەبەرهێنانی ئیماراتی و تورکی لە عێراقدا زیادی کردووە، هاوپەیمانە حیزبی و سیاسیەکانیان زیاتر لە جاران پشتیوانی و هاوکاریی دەکرێن). بەڵام ئێرانیش تا ئێستا بە هاوکاری هاو-بەرژەوەندیەکانی "بە بێ سولەیانیی" لەبەرگری سەختدایە، ئەگەر چی تا ئێستا مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیران، لەم گرم و گاڵەدا ویستویەتی پەیوەندیە دەرەکیەکانی عێراق لەسەر بنەمای هاوسەنگی لە نێوان ئەمریکا و ئێران و سعودیە و ئیمارات و تورکیا بونیاد بنێت. (ماویەتی...)
عەتا قەرەداخی یەکێتی و پارتی لەسەر سەرۆکایەتی کۆمار ململانێی ناڕەوا دەکەن؟ پارتی دەبێتە هاوپەیمانی سەدرو سونەو یەکێتی دەچێتە تەوەری مالیکی و عامری و خەزعەلی و پرۆ ئێرانیەکانی ترەوە. دادگای بەناوفیدراڵی عێراق لەم بارودۆخەدا بڕیار بە دژی هەرێمی کوردستان دەردەکات. ئەمە دیمەنی سیاسی ئێستای عێراقە، کام عێراق؟ ئەو عێراقەی لەو کاتەوە بەریتانیای دوژمنی گەلان و بەتایبەتی دوژمنی کورد دروستیکرد، رۆژیک لە رۆژان چاوەڕوانی ئەوەی لێنەکراوە ببێتە رژێمێکی دیموکراسی تیادا دروستببێت و دەستبەرداری کوستن و بڕین و پاکتاوی رەگەزی کورد بێت؟ بێگومان ئاشکرایە لە ساڵی ١٩٢١ هەتا رۆژی روخاندنی رژێمی سەدام هیچ نیشانەو بەڵگەیەکی بوونی سادەترین بنەمای دیموکراسی نەبینراوە. لە روخاندنی ئەو رژێمەشەوە تەنیا بە رووکەش و ناونەبێت وەکو هەڵبژاردن و دەستاودەستکردنی دەسەڵات شتێکی ئەو تۆ نەگٶڕاوە. ئاشکرایە دیموکراسی و پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن بە بڕیارو لە لوتکەی هەرەمی کۆمەڵگاوە دروستنابێت، بەڵکو دیموکراسی و پێکەوەژیان دەرئەنجامی پەروەردەو پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی و گەیشتنی کۆمەڵگایە بە ئاستی کۆمەڵگای دامەزراوەیی کە تیایدا تاکەکەس بووبێتە تاکەکەسی خاوەن شوناس. هەرگیز لە کۆمەڵگای دواکەوتوو، خێڵەکی و تائیفی و مەزهەبیدا دیموکراسی و یەکتر قبوڵکردن و پێکەوەژیان دروستنابێت. بێگومان عێراق لەم جۆرە کۆمەڵگایەیە کە وەکو کۆمەڵناسی عێراقی عەلی وەردی باسی دەکات کۆمەڵگایەکی خێلایەتی تائیفی مەزهەبیەو لایەنە نەرینیەکانی عەقڵ و کەلتووری بەدوو تیایدا باڵادەستە. لەپاڵ ئەم کەلتوورە دواکەوتووەدا، بیری ناسیونالیزمی نەبەکام و ناسروشتیی عەرەبییش لە رێگای شامەوە لە سەروبەندی دروستکردنی دەوڵەتی ناسروشتی عێراقدا گەیشتە عێراق و تێکەڵاوی کەلتوری خێڵەکی تائیفی مەزهەبی بوو، ئەوەش تووندترین و دواکەوتووترین و شۆڤێنیستترین ئایدیۆلۆجیای لە عێراقدا بەرهەمهێنا کە ئایدیۆلۆجیای عروبە بوو. بەعس لە دروستبوونیەوە نوێنەرایەتی ئەو ناسیونالیزمە شۆڤینیەی دەکردو لەسەر ئەو بنەمایەش خۆی بە پارێزەری دەروازەی رۆژهەڵاتی نیشتیمانی عەرەبی دەزانی بە تایبەتی لەبەرامبەر ئەو فارسە مەجوسیانەی وەکو بەعس پێی دەگوتن و ئێستا فەرمانڕەوای ناڕاستەوخۆی عێراقن. واتە ئەو دەوڵەتەی لە دوای رژێمی سەدام دروستبوو، کە تیایدا دەسەڵات کەوتە دەستی پێکهاتەیەکی تائیفی مەزهەبی هەژار لە رووی دەوڵەتداریەوەو سەرەتایی و بێ کەلتوور لە رووی دیموکراسی و ئازادی و شێوازی ژیانی کۆمەڵگای سەردەمەوە. ئەو دادگایەی کە ئێستا لەم عێراقەدا بەناوی دادگای فیدراڵیەوە دامەزراوە، زۆرینەی ئەندامەکانی نوێنەری ئەو کەلتوورە نادیموکراسیەی ئەو پێکهاتە مەزهەبیە عەقڵ داخراوەن، بەشێکی تریشیان نوینەری سونەی عەرەبن واتە هەڵگری هەمان بیرو ئایدۆلۆجیای عروبەن. ئیتر چۆن دەبێت و دەشێت کورد بە دوژمنی خۆیان نەزانن چونکە ئەوان پەروەردەی دوو کەلتوورن، کەلتوری سونەو عروبە لەگەڵ کلتوری شیعەی عروبەی ژێر هەژموونی ئێران، کە هەردووکیشیان لەخاڵێکدا بەیەک دەگەن کە ئەویش خاڵی بەیەکگەیشتنی هەموو عەرەبە کە بیری ناسیونالیزمی عەرەبیەو بەکاریگەری باڵادەستبوونی عەقڵی ئایینی و خێڵایەتی تیایدا بووتە بیرێکی تەواو داخراوو کۆنەپەرست و سۆڤێنی. ئێستا ئەو دادگایەی لە عێراقدا فەرمان دەردەکات نوێنەری ئەم کەلتورەیە، کە لە دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە دژی کورد بووە، کەواتە چۆن چاوەڕوان دەکرێت ئەم دادگایە بڕیارێک دەربکات دژی کورد نەبێت کە ناسیونالیستی شۆڤینی عەرەبی بە سونەو شیعەوە بەدرێژایی مێژووی دروستبوونی، کوردی بە نەیاری خۆی و جەستەیەکی زیاد لە جوگرافیای نیشتیمانی عەرەبدا سەیرکردووە. کەواتە لەم رووەوە واپێشبینی دەکرێت ئەم دادگایە بۆ ئەمەودوا بەرپرسانی حیزبیی کوردستان بە تاوانی ناپاکی گەورە لە یەکێتی خاکی عێراق و کارکردن دژی سەروەری عێراقی مەزن بباتە بەردە م دادگاو لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات. ئەوەی بەلای منەوە ئاساییەو هیچ نامۆنیەو چاوەڕوانکراویشە ئەوەیە کە دادگای عێراقی هەر بەمشێوەیە کاربکات، بەڵام ئەوەی ئاسایی نیە، لەم بارودۆخەدا شێوەی سیاسەتکردنی پارتی و یەکێتیە. لە کاتێکدا کە سونەو شیعە ناکۆکن، لە کاتێکدا ناو ماڵی تیکچووی شیعە بە فشاری ئێرانی وەلی ئەمریشیان یەکناخرێتەوە، بەڵام هەموویان بە شیعەو سونەوە لەسەر دژایەتی کورد کۆکن، کەچی کاکی سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی بەشێکیان دەبنە هاوپەیمانی موقتەدا سەدر و بەشەکەی تریشیان دەبنە پاشکۆو هاوسەنگەری مالیکی و عامری و خەزعەلی. هەموو ئەوەش لە پێناوی پۆستیکی کارتۆنیدا دەکەن کە ناوی سەرۆک کۆماری عێراقە، کە لە رووی نەتەوەییەوە ئەو پۆستە نەک لەسەردەمی فوئاد مەعسوم و بەرهەم ساڵحدا بەڵکو لەسەردەمی مام جەلالیشدا بچوکترین سودی بۆ کورد نەبووە، بەڵکو لە رووی نەتەوەییەوە زیانی زۆریشی بۆ کورد هەبووە. هەڵبەت من باسی بەرژەوەندی کورد دەکەم نەک بەرژەوەندی کەسی و حیزبی لە رووی مادی مەعنەویەوە. هەرچەندە دەبێ ئەوەش بڵێم ئەوەی یەکێتی بەرەو داڕمان برد پشتگوێخستنی یەکێتی بوو لە لایەن مام جەلالەوە لەپێناوی سەرۆکایەتی عێراقدا، بە گوێرەی بەرهەم ساڵحیش حەزو ئارەزووی بۆ سەرۆکایەتی کۆمار مێژووی سیاسی ئەوی کۆتایی پێهێنا کە دەشیاو لەباریشیدا هەبوو رۆڵی گرنگ ببینێت لە کوردستاندا. کەواتە ئەگەر یەکێتی بە لۆجیکی عەقڵ بیربکاتەوە سەرۆکایەتی کۆمار بکوژی کەسە بە تواناکانی ئەم بووە کە مەبەستمان رەوانشاد مام جەلال و دوای ئەویش دکتۆر بەرهەم ساڵحە. هەروەها من وای بۆدەچم پارتی مەبەستی جدی نەبووەو نیە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستەو ئەو سێ کەسەشی کە تا ئێستا بۆ ئەو پۆستە پاڵاوتوونی زۆر بەلایەوە گرنگ نەبوون، ئەگەر دەرچوون باشە ئەگەر دەریش نەچوون ئەوەندە گرنگ نین بۆ پارتی. بەهەرحاڵ ئەمە ئامانجی ئەم باسە نیە، بەڵکو مەبەستی ئێمە ئەوەیە لە کاتێکدا عێراقی عەرەبی و عێراقی عەجەمی ئەوساو ژیر هەژموونی عەجەمی ئێستا هەر رۆژێک لە توانایدا بێت هەمان ئەو سیاسەتانە بە دژی کورد پیادە دەکاتەوە کە رژیمی بەعس کردوونی، کەچی لەم بارودۆخەدا پارتی و یەکێتی سەرقاڵی ململانین لەسەر پۆستی کارتۆنی- تەشریفاتی- سەرک کۆمار. ئەمەش دەرخەری باڵادەستی عەقڵ و گوتاری حیزبایەتی تەسکی دژ بە بەرژەوەندی نەتەوەیی کوردیە لە لای هەردوو حیزب. باشە باپرسین ئەو هەموو تەنازولاتەی یەکیتی و پارتی بۆ سونەو شیعەی عێراقی دەکەن و سەرئەنجامیش هیچیان بۆ بەرهەم ناهێنێت و لەبەرچاوی ئەوان و نەتەوەی خۆیشیان سوکترو بێ بەهاتریان دەکات، تەنازولات بۆ یەکتری بکەن باشترنیە، کە ئەمەی دووەمیان هەم لەبەرچاوی ئەوانی عەرەب بەهێزتر نیشانیان دەدات و بەلایەنی کەمەوە نابنە جێگای لۆمەی هاونیشتیمانیانی خۆیشیان لەسەر ئەوەی لەبەردەمی ئەوانی عەرەبدا دابەش دەبن و لاواز و بێهێز دەردەکەون. دەبێ یەکێتی و پارتی ئەو حیزبانەی تریش کە بە ناوی کوردەوە چوونەتە بەغدا بەو ئەندازەی لە یەکێتی کورد دووردەکەونەوە بەو ئەندازەیە سووک و بێ بەها دەبن، بەڵام دابەشبوونی یەکێتی و پارتی زیانەکەی هەر سووکبوونی خۆیان نیە بەڵکو زیانی بۆ پێگەی کوردو بۆ ئایندەی کوردستانیش دەبێت. هەربۆیە دەشێ بگوترێت، ئەگەر ئەم دوو حیزبە هەستی بەرپرسیارێتیان بەرامبەر بە ئێستاو ئایندەی نەتەوەکەیان هەبێت، ئەگەر گوێی بیستن و عەقڵی لێکدانەوەیان هەبێت، ئەوا تاکە وەڵامدانەوە بۆ بڕیاری دادگای بەناو فیدراڵی بەغدا ئەوەیە دەستبەرداری ململانێی پڕوپوچ و نانەتەوەییانەیان بن لەسەر پۆست و پلەو پایەی بەغداو دەست لەناودەست پێداگری لەسەر مافە دەستووریەکانی کوردستان دەکەن و هەرکەس و لە هەرلایەکیان هەرپۆستێک وەربگرێت وەها سەیری دەکەن نوێنەری هەردوولایانە لەوێ و دەبێ دڵنیاشبن کە پۆستەکانی کورد لە بەغدا کارتۆنین و هەر دابەشبوون و ناکۆکی و ململانێیەک لەسەر پۆست و پلەو پایە بۆ کورد سەرئەنجام بە زیان دەشکێتەوە بۆ پێگەی کورد. کەواتە ئەو پرسیارەی کە دەڵێت: کامیان بۆ کورد گرنگە یەکبوون، یان ململانێ لەسەر پۆستە کارتۆنیەکان؟ بێگومان لۆجیکی عەقڵ دەڵێت بەبێ یەکێتی و یەکبوونی کورد پۆستەکان نەک گرنگ نین بەڵکو بەدەستهێنانیشیان هەر دۆڕاندنەو ئەگەر کورد یەکگرتوو نەبێت، هەرچیش بەدەستبهێنێت،ناتوانێت بیپارێزێت و کاتیەو هیچ بەهایەکی نەتەوەیی و نیشتیمانیشی نابێت.
عومەر خدر ئێرانیەکان ستراتیژێک پەیڕەو دەکەن کە بریتیە لەوەی (( هەرچی ڕووبدات لە نێوان ئەفغانستان بۆ دەریای سپی ناوەڕاست دەبێت ئەوان لێی سودمەند ببن )) لە سەدەی شازدە مێژوو شاهیدی دەیان هێرشی ئێرانیەکانە بۆسەر عێراق هەندێ جار گەرشتۆتە داگیرکردنی بەغدا ، بەسرە ، و موسڵ . بەردەوام ئێرانیەکان قسەیان هەبووە لە کار و بارە ستراتیژیەکانی عێراق . عێراقیان بەسەنگەری پێشەوەی خۆیان زانیووە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی هەموو مەترسیەک لەسەر خۆیان . ڕوخانی ڕژێمی سەدام حسێن گەورەترین خزمەت و دەرفەتی مێژووی بوو بۆ ئێرانیەکان .هەرکەسێک کتێبەکەی عەبدولحەلیم خەدامی جێگری حافز ئەسەد و بەشار ئەسەدی کوڕی بخوێنێتەوە ، باشتر تێدەگات کە ئێرانی و سوریەکان ستراتیژیان چۆنە بەرامبەر عێراق بەگشتی و کورد بەتایبەتی . ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە هەناردەکردنی نەوت ودادگاو یاساوە نیە ، بەڵکو پەیوەندی بەتەنگ پێهەڵچنینی پارتی و سەدرەوە هەیە .ئێرانیەکان ڕازی نابن و ڕێگاش نادەن (( لەدەرەوەی بەرژەوەندکانی ئەوان و ڕەئی ئەوان )) ،سیاسەتی نوێی عێراق دابڕێژرێتەوە . لای هەمووشمان زانراوە کە ڕکابەرەکان لەکاتی پێویستدا لە حەساسترین تەوەوری بەرام دەدات ، کە بۆ ئەم هاکێشەیەو حکومەتی هەرێم هیچ شتێک وەک مەلەفی نەوت و فرۆشتنی حەساس و گرنگ نیە مانەوەی ڕەئی و بۆچوونی سەربەخۆی حکومەتی هەرێم بەڕادەیکی زۆر پەیوەندی بەو بڕە پارە و داهاتەوە هەیە کە لە فرۆشتنی نەوت دەستی دەکەوێت . لەسیستەمی تازەی جیهاندا باوی ناردنی سەربازو داگیرکاری بۆ سەر وڵاتان زۆر کەمبۆتەوەو لەبری ئەو هەموو هێزو هێرشە ، تەنها ئەوەندە بەسە کە لە ئابوریکەی بدەی. هەروەک ئەمریکا بەمبەر ئێران و تورکیاو ڕوسیا و..... دەیکات . ئێرانیەکان تا ئەوپەڕی لە سیاسەتی کوردستانی بوونی پارتی و سیاسەتی عێراقی بوونی سەدر ناڕازین ، بگاتە ڕادەی بەکار هێنانی زیاتر لەڕێگای ئاشتیش ئەوە قبوڵ ناکەن سەدرو پارتی سیاسەتی عێراق دوور لەچاوی ئەوان ڕێکبخرێتەوە . چونکە ئێرانیەکان لەبەرامبەر ئەمریکا ئەوەیان قبوڵ نەکرد. پێناچێت لەو هاوپەیمانیەشی قبوڵ بکەن ، بەتایەتیش کە سەدرو پارتی پێکەوە بن . ئاگادار نیم و نازانم پارتی و سەدر تاکوێ خۆیان بۆ ئەو ئەگەر و پێشهاتانە ئامادە کردەو لە حساباتی خۆیاندا حسابیان بۆکردووە .بەڵام پێدەچێ ئێرانیەکان هەر ئاوا سادەو ساکار ئەوە قبوڵ بکەن . هەردوولاش سەدر و پارتی تەجروبەی ئەوەیان دیتووە کەمالیکی لە 2008 لە کردەی سەولەتولفرسان چۆن پەلاماری سەدری داو هەمووشمان دیمەنی تانکەکانی عێراق و ئێرانیەکانمان لەبیرە لە سەر سنوری حاجی هۆمەران و برایم خەلیل . بۆیە کێشەکە لەگرێبەست و هەناردەکردنی نەوت دا نیە .ئەوەی ئێستا ڕوو دەدات سەرەتای یاریەکەیەو چاوەڕوانی کۆتای یاریەکە دەبین.
سەرکەوت شەمسەدین کۆتاییەکانی ساڵی ۲٠۲٠ و سەرەتای ۲٠۲۱ وە هاوپەیمانی هیوا رۆڵی گرنگمان بینی لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ پرسی نەوتی هەرێم بە یەکجاری، هەتا گواستنەوەی پرسی موچەش بۆسەر بەغداد، توانیمان هێزەکانی ناوەراست و باشور نزیک بکەینەوە لە رێکەوتن لەگەڵ هەرێم، وامانکرد رق و کینە بەرامبەر کورد و خودی هەرێم بگۆرێت بۆ ناکۆکی سیاسی لەگەڵ سیاسەتی نەوت. هەروەها زۆر هەوڵمان دا لەگەڵ پارتی و یەکێتیش بگەینە رێکەوتن و مەلەفی نەوت، کە بۆتە بەڵا بۆ خەڵک، لەکۆڵ هەرێمی بکەینەوە، خۆمن بۆ قۆناغەکانی تر و هەمواری دەستور و یاسای دادگای باڵای فیدڕاڵی ئامادە بکەین. لەبیرمە لەسەرۆکایەتی کۆمار چەندین کۆبونەوەی چڕ لە نێوان هاوپەیمانی هیوا و پارتی و یەکێتی سازکرا، خاڵی سەرەکی مەلەفی نەوت و پرسی ئازادی رادەربرین بوون، چەندین گرژی و پێکدادان و تورەبون پەیدا بوو لە نێوان ئێمە و شاندی حکومەت و هەندێ لەوەزیرەکانی سەر بە پارتی، پارتی لوتبەرزانە بێ گوێدان بەکەس وەک گای هار ملی نابوو قسەی کەس نەدەچوو بە مێشکیان دا، دەمزانی دەبێت بەجۆرێک ئەو لوتبەرزییەی بارزنی بشکێنرێت بەڵام یەکێتی و هەندێک هاورێ خۆمان لە هیوا رێگر بوو. جارێک بەشێک لە ئەندامانی هاوپەیمانی هیوا و یەکێتی( چەند بەرپرسێکی باڵای یەکێتیش بەشداربوون) کۆبونەوەیەکی گرنگمانکرد مەبەستمان بوو یەکێتی لە پارتی داببرین، بەتایبەت لە مەلەفی نەوت. باس هاتە سەر مەلەفی نەوت، یەکێتی زۆر نیگەان بوو لە مەفی نەوت بەڵام ئەوەی لە بەغداد لۆبی بۆ سیاسەتی نەوتی هەرێم ئەکرد قوباد تاڵەبانی بوو، پاشان یەکیتی نارازی بوو لە سیاسەتی نەوت بەڵام بەهۆی بێ روئیای و ترسیان لە تەخوینی پارتی لە کۆبونەوەکاندا زۆر شەرمنانە رای خۆیان ئەوت، دەیانووت "راستە نەوت لە کوردستان زۆر ناشەفافە، بەڵام خۆ نابێ نەوتەکەی خۆشمان بدەینە دەست قەیس خەزعەلی و هادی عامری." چەند جارێک ئەمەیان دوباتکردەوە. من بەم قسەیە دەهری بووم و ووتم " بەراستی ئەبێ خۆتان یەکلایی بکەنەوە، یان لەگەل سیاسەتی پارتی بن بەرونی، یان وەک ئێمە دژی سیاسەتی نەوت بن، ئیتر بیانو مەهێننەوە کە نەوت ئەکەوێتە دەست قەیس و هادی، ئەسڵەن نەوتی عێراق بەدەست قەیس و هادی یەوە نییە تا نەوتی کوردستان بکەوێتە دەستیان، بەڵکو لێرە موئەسەسە هەیە و پەرلەمان چاودێری لیتر بە لیتری ئەکات، پاشان نازانم جیاوازی چییە لە نێوان بارزانی و قەیس خەزعەلی و هادی عامری؟" گفتوگۆکەمان بەردەوم بوو، یەکێتی بریاریدا ئەگەر پارتی نەوتی تەسلیم نەکرد و رێکەوتن نەکرا، ئەوە یەکێتی پشتیوانی پشنیاری ئێمە دەکات بۆ بەستنەوەی موچەی هەرێم بە بەغداد، یان رێگە بدرێت هەر پارێزگایەک لە هەرێم لەسەر بنەمای داهات مامەڵە لەگەڵ بەغداد بکات." شەوی دەنگدان لەسەر بودجەی ۲٠۲۱، نوێنەری یەکێتی لە لیژنەی دارایی لەگەڵ پێشنیارەکەی ئێمە بوو، دەنگی دا و برگەی ئەوەی هەر پارێزگایەکی هەرێم داهات تەسلیم بکات ئەوە حکومەتی عێراق پشکی خۆی لە بودجە بۆ دابین دەکات. پاش ئەمە پارتی قیامەتی هەڵساند، قوباد تاڵەبانی هاتە لیژنەی دارایی و بەزۆر نوێنەرەکەی خۆیان لە لیژنەی دارایی ناچارکرد کە دەنگەکەی بکشێنێتەوە، حەلبوسی خۆی هاە لیژنەی دارایی، بۆیە جارێکی تر ئەو برگەیە خرایە دەنگدان و دەنگی نەهێنا، قوباد تاڵەبانی و یەکێتی جارێکی تر بویە فریاد رەسی پارتی. لە خولی پێشوو ئێمە زۆر ئازایانە و راشکاوانە مەوقیفی خۆمان دژی سیاسەتی نەوتی بارزانی راگەیـاند. چوینە دادگای باڵای فیدڕاڵی و بۆ بەدواداچون بۆ شکاتەکەی حکومەتی عێراقی لەسەر نەوتی هەرێم، چونکە دەمانزانی ئەو مەلەفە بەدەست بارزانی یەوە تەنیا و تەنیا بۆ چەوساندنەوەی خەڵک بەکاردەهێنرێت، راگرتنی گەورەترین خزمەتە بە خەڵکی کوردستان، بەڵام دوروی یەکێتی و شلۆقی دۆخی بەغداد لە قازانجی بارزانی بوو، بەڵام ئێمە توانیمان رایگشتی عێراقی هۆشیاربکەینەوە کە نەوتی کوردستان بۆ خەڵک نییە و خەڵک دژی سیاسەتی نەوت ە. بەڵام دەبینم ئێستا هەندێ "بەناو ئۆپۆزسیۆن" پێش پارتی پرمەگریان بوون و گوایە بەهۆی ناشەفاف بونی مەلەفەکەوە ئەوان بەرگری لێناکەن، لەبری ئەوەی ئازایانە پشگیری بریارەکەی دادگا بکەن، ئەو دادگایەی کورد بەشێکی گرنگییەتی و رۆڵی هەیە لە بریارەکانی دا. ئێستا دوای ئە بریارە دەفەتێکی زێرینە بۆ جێبەجێکردنی و بۆ گێڕانەوەی خۆشگوزەرانی ئابوری، کاراکردنەوەی پەرلەمان لە چاودێریکردنی بودجە، کۆتایهێنان بە دەسەڵاتی تاکڕەوی پارتی بەسەر هەرێم دا، ئەمە دەرفەتێکە بۆ کۆتایی هێنان بە چەوساندنەوەی سلێمانی و هەڵەبجە، رەنگە لە کوردستان روبارێک خوێنمان برشتایە نەمانتوانیایە مافە بۆ خەڵک بگێرێنەوە، بەڵام سەرەرۆییەکانی بارزنی ئەم دەرفەتە زێرینەی بە خەڵکی کوردستان بەخشی. مەسعود بارزانی بەم هەنگاوە بەچۆکدا هاتووە، بەجۆرێک تەنیایە کە ئەگەر یەکێتی و هێزەکانی تر نەبن فریادرەسی، کاتی مالئاواییکردنیەتی لە کایەی سیاسی، ودەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی سیاسی یە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دوای بارزانی.
ئومێد قهرهداخی یهكهم: دوای بریارهكهی دادگای فیدراڵی ، ههرێمی كوردستان لهبهردهم دۆخێكی دژواردایه ، حهماسهتی فووتێكراوی نهتهوهیی وعینادی سیاسی نه قهوارهی ههرێم و نه خوشگوزهرانی خهڵكهكهی به هیچ شوێنێك ناگهیهنێت ، بهڵكو پێویستمان به رهچاوكردنی عهقلانیهتی سیاسی ههیه ، عینادی سیاسی و حهماسهتی نهتهوهیی دوور نیه ههرێم بخاته بهردەم کارەساتی گەورە، کارەسات تا سنووری پهلاماری سهربازی عێراق ، بۆیه رێگه چارهی راستهقینه ئهوهیه مامهڵه لهگهڵ ئهم بریارهدا بكهن و بچنه دانوستاندنێكی جدییهوه ، مهلهفی نهوت و غاز رادهستی بهغدا بكرێتهوه ، بهرانبهر بهمه بهغدا بهشه بودجهی ههرێم وهك پێش ساڵی 2014 بنێرێت ، بهمه كورد و قهوارهكهی له ههرهشهیهكی جدی بهغدا رزگاری ئهبێت ،ههمیش خهڵكی كوردستان لهدهست بهڵای فرۆشتنی سهربهخۆی نهوت رزگاری ئهبێت و لهسایهی بهشه بودجهی ههرێمهوه كورد ئهتوانێت سودمهند بێت و لهرووی ئابووریهوه دهبوژێتهوه دووهم :گومان لهوهدا نیه ههریم بهخراپترین شێوهی ئیدارهی مهلهفی نهوتی كردوه ، كۆمهڵێك گرێبهستی خراپ بۆ فرۆشتنی نهوت ئهنجامدراون كه ههندێكیان زیاتر له 40% داهاتی نهوت ئهچێت بۆ كۆمپانیای بهرههمهێن، كرێی گواستنهوه و فرۆشتنی بۆرییه نهوتیهكان و مامهڵهی نارۆن لهگهڵ وڵاتانی ههرێمی سامانی نهوتی خستۆته خزمهت ئهجێندای ئهوانیترهوه ، نهبوونی لانیكهمی شهفافیهت له فرۆشتن و داهاتی نهوتدا ، گۆرینی سامانی نهوت له سامانێكی نیشتیمانییهوه بۆ سامانێكی حزبی و بنهماڵهیی كه لهسایهیدا كوردستان بوه به ژێر قهرزێكی بیست و چوار ملیاردۆلارییهوه ، ژێرخان و سهرخانی كوردستان وێران بوه، تهواوی پرۆژهی عومرانیهت و ئاوهدانی وهستاوه ، حكومهت ناتوانێت لانیكهمی پابهندییه داراییهكانی كه دابینكردنی مووچهی فهرمانبهرانه دابین بكات ، بهم هۆیهشهوه باج و خهراجێكی تاقهتپروكێن بهسهر هاوڵاتیاندا سهپێنراوه ، لهسایهی نا شهفافیەتی نەوتەوە جیاوازییهكی چینایهتی بێ وینه دروست بوه ،كهمینهیهكی نزیك له بازنهی دهسهڵات خهریكی رهیعخۆرین و زۆرینهش له ههژارییهكی كوشندهدا ئهژین ، تهسلیمكردنهوهی ئهم مهلهفی نهوت و ئابوریه سهربهخۆیه شتێكه م تهنها بۆ ئهو كهسانه مایهی ئهسهفه كه موستهفیدی پارهی به لێشاوی نهوتن یان كهوتونهته ژێر كاریگهری بانگهشهی كوردایهتییهوه كه بێگومان تهنها وهك دیۆجامهیهك بهكارهاتوه بۆ بارزگانی به سامانی نهوت و خۆدهوڵهمهندكردن و بههێزكردنی پێگهی سیاسی بنهماڵهوه سێیهم : كاتێكی یهكێتی و سهرجهم هێزهكانی دهرهوهی پارتی گفتوگۆی جدی لهگهڵ پارتی بكهن و فشاری لێبكهن به ئاراستهی تهسلیمكردنی مهلهفی نهوت ، سیاسهتی سهربهخۆی فرۆشتنی نهوت كوردی گهیاندۆته لوتكهی كارهسات ، تهنها نوخبهیهكی رهیخۆر سودمهندن و بهس
فارس نەورۆڵی لە كتێبی ئەفسانەی گریكدا لە نوسینی (د.عبدولمعطی الشعراوی)دا هاتووە، كە میسرییە كۆنەكان دەڵێن: ئەتڵەس كوڕی (بۆسیدۆن) و براكانی سوێندیان بۆ یەكدی خوارد بۆ هەمیشە دڵسۆزی یەكدی بن، هەتا ماوەیەك لەسەر سوێندو پەیمانی خۆیان بەردەوام بوون، بەڵام هێندەی پێنەچوو بێ ئەوەی هەستی پێبكەن كەوتنە ژێركاریگەری بریقەو باقی زێڕو زیو و مروارییەوە، سامان و دەستكەوت كاریگەری دانان، ئیدی دەسبەرداری سوێندو پەیمانەكەیان بوون. براكان لێكترازان و جیابوونەوە و هەڵوەشانەوە. هەر برایەك بە تەنها بۆ خۆی هەوڵیدەداو بۆ خۆی شەڕی دەكرد. ئەمە بووە خاڵی لاوازو سەرەتای شكستیان. بۆیە ئەسینییەكان یەك یەك پەلاماریاندان و تێكیانشكاندن، ئیتر خوداوەند تۆفان و با و بارانی بۆ ناردن و تەفروتونای كردن. ( دیارە خوداوەند شكاندنی پەیمانی نێوان ئەتڵەس و براكانی پێ خۆش نەبووە). گەلی كورد لە مێژوودا چەندجار ئەم ئەفسانەیەی بە واقیع ئەزموون كردووەو هیچ پەندیشی لێ وەرنەگرتووە. ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا لە ئەنجامی هەوڵدان بۆ بە دەسهێنانی دەستكەوتی تایبەتی چاكەی گشتیمان فەرامۆش كردووە، كە بەلای بەندەوە چاكەی گشتی واتە كەرامەتی تاك بە تاكی ئەم نەتەوەیە. ئەگەر سەیری سەقفی داواكارییەكانی هەرێم بكەین لە ۲٠٠٥هەتا ساڵی ۲٠۲۲، دەبینین سەقفی داواكارییەكانمان چەند دابەزیووە بۆ ئاستێكی زۆر سادەو هەتا ڕادەیەكیش بێمانا، هۆكاری سەرەكی ئەم پاشەكشە لە داواكاریی بۆ ئەو ترازانەی نێو ماڵی كوردو ماڵی حزبەكان دەگەڕێتەوە. ئەمڕۆ كوردستان لە دۆخێكی هەستیاردایەو پێویستی بە وردبینی سیاسی و گوتاری مانادار هەیە. كەواتە پێویستە ئەم گوتارە لەرزۆكەی ئێستا بگۆڕین بۆ گوتارێكی ستراتیجی ئاست بەرز، ئەمەش پێویستە لە ناوخۆدا هەرلایەك كەمێك لە داواكانی خۆی دابەزێ بۆ ئەوەی سەقفی داواكانی دەرەوەی خۆمان بەرزبكەینەوە. ئەمڕۆ ۱٥ی ۲ لە ساڵیادی كۆچی خوالێیخۆشبێت د. ڕۆژدا، سەرۆك نێچیرەڤان بارزانی وتارێكی پێشكەشكرد، پێش دەستپێكردنی گوتارەكەی وەك هەمیشە چاوەڕێ بووم بە قسەكانی دۆخەكە ئارام بكاتەوە. خۆشبەختانە لە گوتارەكەدا وتی: (بە پێكەوەبوون زۆر دەسكەوتمان دەستدەكەوێت، بە پێچەوانەوە بە ترازان و لێك دووركەوتنەوە دڵنیاتان دەكەمەوە هیچ لایەنێك لە كوردستان هیچی دەست ناكەوێت). بەندە لە هۆڵەكەدابووم بە وردی گوێبیستی گوتارەكەی بووم، بە قوڵی لە ڕووی دەرونییەوە دەمخوێندەوە دەمزانی چەند بە باوەڕێكی پتەو خەمێكی قوڵەوە دەیگوت: دڵنیاتان دەكەمەوە بە ترازان هیچ لایەنێك هیچ بە دەست ناهێنێت". ئەگەر بە چیرۆكی ئەتڵەس و براكانی و واقیعی داواكارییەكانی كورد لە ۲٠٠٥ لەتەك ئێستادا بەراورد بكەین و بخوێنینەوە، دەزانین گوتارەكەی نێچیرەڤان بارزانی ڕەهەندی سیاسی و ئابوری و سایكۆلۆژی هەیە، كە لە هەر سێ ڕەهەندەكەدا یاخود لە هەر سێ كایەكەدا كوردستان لە قەیرانی قوڵدایە، ئەم قەیرانانەش بەهۆی ترازانی ناوخۆیی نێوان حزبەكانەوە دروست بووە. ئەوەشی ئێستا لە نێوان بەغداو هەرێمدا دەگوزەرێ وەك یارییەكی شەترەنج وایە، ئەوان لە بەرامبەر هەرێمی كوردستاندا سەربازەكان و وەزیرەكان جوڵە پێدەكەن بۆ ئەوەی لە كۆتایی یارییەكەدا كش مەلیك لە هەرێم بكەن. هەرچەندە كورد ئەزموونی لەتەك ئەم جۆرە گەمانەداهەیە، بەڵام لە ڕاستیدا بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە جوڵەیەكی بەهێزی سەرۆكی هەرێمی دەوێت بۆ ئەوەی یارییەكە پێچەوانە بكاتەوە. پاڵپشتی ئەم جوڵەیەش دەبێت لە ئاستی سیاسی و جەماوەریدا بێت. ئەركی ئەخلاقی لەسەر حزبەكانە بۆ ئەوەی بە تێگەیشتنێكی واقیعی ئەم قۆناغە تێپەڕێنین، دەبێ بەرمەبنای ستراتیژی (دوور لە ڕق و ئینكاریكردنی یەكتر) لە مەسەلە ستراتیژییەكاندا خاوەنی یەك گوتاربین، تاكو بتوانین بێ جیاوازی بیركردنەوە لە ناوەوە و دەرەوە گوتارێكی هاوبەشمان هەبێت. ئەگینا وەك سەرۆك نێچیرەڤان دڵنیایی بە هەموولایەكدا، كە لە ترازان و لێكدابڕاندا هیچ لایەك هیچ بەدەستناهێنێ و گورزی كوشندەمان بەردەكەوێت.
سەرکەوتی جیهاز و بەختیار نامیق. ئەوەی ڕوو دەدا لە نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا تەنها نمایشێکی سەربازی نیە بەڵکو دنیایەک ڕەهەندی تری هەیە ، کە ئەگەر هەمو ڕەهەندەکانی نەخوێنرێتەوە ناتوانین قسە لەسەر ئەم گۆڕانکاریانە بکەین ، بە تایبەت ڕەگە مێژوییەکەی ، دەکرێ باس لە زیندوبونەوەی ورچە سپیەکە بکەین بۆ گەڕاندنەوەی وارشۆ و سەر لە نوێ داڕشتنەوەی جیوپۆلەتیکی یەکێتی سۆڤیەت ، ئەمەش بە کەڵک وەرگرتن لە هەڵەکانی هەردو جەنگە جیهانیەکە و دۆسەیی هاتنەپێشەوەی ئەژدیهاکەی چاینا (سین) و هەوڵی هەڵنوشینی دنیا بە هاوکاری ڕوس و کۆتایی هێنان بە تاک جەمسەری و لەسەرو هەموشیانەوە ڕێگای ئاوریشمی (یەک پشتێن و یەک ڕێگا) لێرەوە کێشەی ئۆکراین کێشەیەکە بۆ ڕوسەکان بڕیاری چارەنوس سازە ، بە تایبەت دوای دوگەی قرم کە ڕوسیای هێنایە ناو سوریا و عێراق ، بە هەمان شێوە ئۆکرانیا بۆ ڕوسیا بایەخی دەروازەیی هەیە و لە ناوخۆی ئۆکرانیاش بەشێکی تەواو ڕوسین و زیلینسکی دوای سەرکەوتنی پەیوەندی بە پۆتێن و کرملنەوە باش بو بەڵام کە چوە هاوپەیمانی ناتۆوە خراپ بو ، بەڵام دوای ڕێککەوتنەکانی ئەڵمان و ڕوس و تەواو بونی بۆری غازی نۆرد ستریمی دوو هێندەی تر ناتۆی توشی پەرتەوازەی کرد ، هێڵی غازی نۆرد ستریمی یەک بە ناو ئۆکرانیا دەڕوات بۆ ئەڵمان ، وا هێڵی دوش کۆتایی دێ ، ڕوسەکان لەوەدا گرەویان بردوەتەوە کە غازی ئەوروپا لە ڕێی ئەڵمانەوە دابین دەکەن و ئەمەش بەهێزترین کارتی دەستی ڕوسەکانە و ئەمریکاش لە پاشەکشەدایە و بۆ ئەمریکیەکان شەڕی چاینا لە پێشترە تا ڕوس بە تایبەت دوای ئەوەی لە حاڵەتی شەڕی ڕوسدا چاینا هەڕەشەی شەڕی تایوان دەکات ، ئەمریکیەکان دەیانەوێ لە ڕوس نزیک بنەوە یان هیچ نەبێ دوژمنیان نەبێ ، بۆیە ئەمریکا بە گشتی لە پاشەکشەدایە و ڕوسیش لە برەودایە ، خۆ ئەگەر ڕوس کارتی غاز بەکار بێنی کە ئێستە بە بۆریەکانی نابۆکۆ و تاناب و نۆرد ستریمی دوەوە لە کێشەدان و کێشەی غاز بۆ ئەوروپا دروست دەکات ، بۆیە ژینگە بۆ ڕوسەکان لەبارە کە دەروازەکەی کە ئۆکرانیایە داگیر بکات یان وەک بیلاڕوس دەستەڵاتێکی سەر بە ڕوس حکوم بکات ، کە پێ دەچێ بە لابردنی زیلینسکی و کودەتایەک تەواو بێت و ناتۆش هیچ نەڵێ ، یان وەک کامەران مەنتک دەڵێ ڕێککەوتنێکی ژێر بەژێر لە نێوان ئەمریکا و ڕوسدا هەبێت ، بە گشتی دەبێ ئۆکراین بچێتەوە ژێر هەژمونی ڕوسی و جا ئیتر شێوازەکە کودەتا بێت یان داگیرکردن ، لە بەرامبەردا ناتۆ بە هۆی کارتە بەهێزەکانی ڕوسیاوە ناتوانێ هیچ بکات . لە ئێستادا هەم لە جیهان و هەم لە تورکیا و ئێران کێشەی غاز هەیە ، بە تایبەت دوای ئەوی ئێران غازی لە تورکیا گرتەوە بە بیانوی ئەوەی بەشی پێویستی ناوخۆی ناکات ، غاز لە ڕوسیاشەوە بۆ تورکیا کێشەی تێکەوتوە ، هەم تورکیا و هەم ئەوروپا بە دوای بەدیلی تری غازدا دەگەڕێن ، یەکێ لە بەدیلەکان غازی چەمچەماڵە و هەر بۆ ئەم مەبەستەش نێچیرەڤان سەردانی ئەردۆغانی کرد ، تورکیا و ئێران هاوبەرژەوەندین ناشیانەوێ لە هیچ شوێنێک کە درێژکراوەی ئەم دوو زلهێزە ناوچەییە بن بنەمای دەوڵەتداری و دامەزراوەیی هەبێت و پشت بە حوکمی خێڵ و بنەماڵەکان دەبەستن ، خۆ ئەگەر غازی چەمچەماڵ بەدیلێکی کەم بێت هەم بۆ تورکیا و هەم بۆ ئەوروپا ئەوا ئەم کێشانە کە ڕودەدەن و هەموی پەیوەندی بە کێشەی ئۆکرانیاوە هەیە لە قازانجی کوردی هەرێم دەبێ و چی ئێران و چی تورکیاش نایانەوێ کوردی هەرێم لە خێڵ و بنەماڵەوە بە هۆی ئابوری غازەوە هەنگاو بۆ دەوڵەت بنێ بۆیە بۆ ئەوان ئاسانتر و باشترە لە ڕێگەی ناوەند و بەغداوە بێت ، بڕیارەکەی دادگای عێراق پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە کێشە هەنوکەییەکانی غازەوە هەیە لە دنیادا ، یەکەم هۆکاری بڕیارەکەش تورکیا و ئێرانە ، ئەگەر چی بۆ دەرباز بون لە کێشەی خێڵ و گەندەڵی بۆ کورد باشە کە پارتی یەکێتی پارە و چەکیان لێبسەنرێتەوە ، بەڵام گرنگە لە عێراقدا دوای لاوازبونی پێگەی پارتی و یەکێتی کورد بتوانێ ڕابەرایەتیەکی هەبێ بەرگری لە مافەکانی کورد بکات . بە گشتی کێشەی ئۆکرانیا لە بەرژەوەندی ڕوس کۆتایی دێ و کوردیش لە عێراق زیاتر دەچێتەوە بەغداد و تا ئاستێک دەستەڵاتی کوردی بەرەو بچوک بون دەچێ بە گریمانەی کۆتایهاتنیشەوە ، ئەمە دەرهاویشتە و بەرهەمی نەبونی یەکێتی ناوەکی کیانی سیاسی کوردیە و وە سود وەرنەگرتن لە بەریەککەوتنە ناوچەیی و جیهانیەکانە.
د. ئەحمەد فاتح ئەمڕۆ دادگای ئیتیحادی بڕیارێکی لێبڕاوانەی دەرکرد سەبارەت بە نەوت غاز کەچەندین ساڵە بۆتە مشتومڕی نێوان هەرێم وناوەند. ئەم بڕیارە بۆتەواوی پسپۆڕانی یاسای دەستوری شتێکی چاوەڕوانکراوبوو کەئەمڕۆبێت یاخود سبەی ئەم بڕیارە دەردچێت وبڕیارەکەش هەر ئەوە دەبێت کە لەدەستوردا هاتووە وڕێگانادات هەرێم بەویستی خۆی نەوت وغاز بفرۆشێت بێ ئەوەی ناوەند ئاگاداری هیچ تەفاسیلێک نەبێت. لەکوردستان بەشێوازی جۆراوجۆر پێشوازی لێکراوە ئەوەی دەمەوێت باسی بکەم تەنها لایەنی دەستوریی بونی ئەم بڕیارەیە نەک دیوی سیاسی کەبێگومان لایەنی سیاسی خۆشی هەیە، بەڵام ئەوەی بەسەر کۆی بڕیارەکەدا زاڵە لایەنی یاسایی ودەستورییەتی ولەتەوقیتی سیاسیدا بەکارهاتووە. زۆرێک دەڵێن بڕیارەکە بۆ لێدانە لەقەوارەی هەرێمی کوردستان وکۆت وبەندکردنییەتی کەبێگومان ئەمە بیانووە لاوازە. ماددەی ۱۱۲ی دەستوری عێراق بەهەردووبڕگەی یەکەم ودووەم باس لەوەدەکات هەرێم وهەموو ئەوپارێزگایانەی نەوت وغازیان تێدایە سود مەند دەبن لەم سامانە. جارێک بەوەی وەک خەڵکی عێراق لەبودجەی گشتی سود مەند دەبن جارێکی تریش وەک هەرێم کەبەشێک لەو داهاتە بۆ هەرێم دەگەڕێتەوە. لێرەدا دەبێت ئەوە شی بکەینەوە دەستور ناچێتە وردەکاری وتەفاسیل ئەوە کاری دادگای ئیتیحادییە کە تەفسیری دەق وبڕگە دەستورییەکان دەکات، ئیختیساسی دادگای ئیتیحادی پاراستنی دەستورە نەک ئەوەی بێت وسیاسەت تێکەڵ بکات. ئایا بڕیارەکەی دادگا لێدانە لەپێگەی هەرێم؟ بێگومان نەخێر چونکە هەرێم خۆی دەستوری نییە دوای زیاتر لە۳٠ ساڵ لەڕاپەڕین. هەرێم کۆمپانیای نەوتی هەرێمی نییە تائێستاش، بەڵێ عێراق یاسای نەوت و غازی نییە بەڵام ئەوە ڕێگا بەهەرێم نادات لەدەستوری عێراق لابدات وخۆی تاکڕەوانە مامەڵە بەنەوت غاز بکات، من باسی نەزاهەت وشەفافیەتی نەوتی هەرێم هەرناکەم. بۆیە باشتر وایە هەرێم وەک مافی شەرعی خۆی تانە لەبڕیارەکە بدات، بەڵام بیرمان نەچێت عێراق دەوڵەتە وخاوەنی پێگەی دەستوری خۆیەتی وخۆشمان وەک هەرێم دەنگمان بەو دەستورەداوە. تانە لێدانی هەرێم لەو بڕیارە دەبێت لەسەر بنەمای یاسایی بون بێت نەک سیاسی، چونکە بڕیارەکەی دادگای ئیتیحادی تەواو بڕگە دەستورییەکانی تەفسیر کردووە وئامانجەکەی پێکاوە.
ئارام سەعید فەیسبوك ماڵێك بۆ سایكۆپاتەكان ئەو كەسانەی لەناو كەسێتی سێكوچكەی تاریكدان هاوڕێیەتی بۆ ئامانجی ستراتیژی خۆیان دەكەن، خودی هاوڕێیەتیەكە بەلایانەوە گرنگ نیە ئەوەی لای ئەوان گرنگە بەكارهێنان و كۆنترۆڵكردنی هاوڕیەتیەكەیە بۆ ئامانجەكانیان. بۆ پەیوەندی لەگەڵ رەگەزی بەرامبەر حەزیان بەپەیوەندی رۆمانسی كورتخایەنە، هەربۆیە ئەو هاوڕێیەتیە بۆ سودو قازانجێكی كاتیی دەكەن لەوانە گەیشتن بە سێكسكردن، یان ئازاردان، هەندێكیشیان بۆ كێشانەوەی پارەیە هەربۆیە چەندین ئامرازی خراپ بەكاردەهێنن لەو پێناوەدا.هەربۆیە ئەو كەسێتیە تاریكانە هەوڵ ئەدەن بۆ پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ خۆشەویستی پێشویان. ئەگەر لەفەیسبوكدا هاوڕێی خۆشەویستی پێشووت بویت ئەوا كێشەیەكی دەرونیت هەیە، رەنگە هۆكارێك هەبێت بۆ هەر هاوڕێیەتیكردن و مانەوەت لەگەڵ خۆشەویستی پێشوو، یان پەیوەندییەكە كۆتایی هاتووەو كۆتایی بە هاوڕێیەتیەكە دەهێنیت. بەگوێرەی لێكۆڵینەوەیەك لە زانكۆی ئۆكلاند هاوڕێیەتیكردنی خۆشەویستی پێشوو لە فەیسبوك بەگشتی مانای ئەوەیە یەكێكیان كێشەی دەروونی هەیە یان هەردووكیان. بەگویرەی لێكۆڵینەوەكە كە گۆڤاری (Personalality and Individual Differences) بڵاویكردۆتەوە، چۆنیەتی مامەڵەكردنی كەسێك لەگەڵ خۆشەویستی پێشووی تاقیكردنەوەیەكی تازەیە بۆ دۆزینەوەی سایكۆپاتەكان، لەو لێكۆڵینەوەیەدا هاتووە سایكۆپاتەكان هەمیشە چاویان لە ئەزمونەكانی پێشویانە بۆئەوەی بگەن بە دەستكەوتی وەك سێكس، پارە، زانیاری. ئەو لێكۆڵینەوەیە كە ژمارەیەك لێكۆڵەری زانكۆی ئۆكلاند كردویانە لەسەر ٨٦١ كەس بووە، كە لەسەر مێژوی پەیوەندییەكانیان بووەو پرسیاریان لێكراوە لەسەر خۆشەویستی ئێستایان و ئایا پەیوەندیان بە خۆشەویستی پێشوویانەوە ماوە، كە دواتر فۆرمێكیان پێداون بۆ پركردنەوە تابزانن سیفەتی نەرجسی یان دەروون شێواویان هەیە. بەكۆی گشتی ئەوانەی سیفاتی كەسیتی سێكوچكەی تاریكیان هەیە لەگەڵ خۆشەویستی پێشوویان لەپەیوەندیدا بوون. لەراستیدا سایكۆپات و نەرجسیەكان هەمیشە كەسە سۆزدارەكان بەئامانج دەگرن و خراپ مامەڵەیان دەكەن چونكە ئەزانن هەر ئەمێننەوە لەگەڵیان ئەوسۆزداریە دەقۆزنەوە. جار جار ئومێدێكیان پێ دەبەخشن و دواتر بێ ئومێدیان دەكەنەوە. ئەوان لەهەمان كاتدا چەند پەیوەندییەكی سۆزداریان هەیە. پیەر بیتوا نیو كە پزیشكی دەرونی و پسپۆڕی كەسیتییە تاریكەكانە بۆ پێگەی بزنز ئینسایدەر دەڵێت" ئەوەی لە بیركردنەوەی سایكۆپاتەكاندایە، تۆو هەركەسی تر وەك پارچەیەك گۆشت سەیر دەكەن، تیمساح پارچە گۆشتەكانی لەژێر بەرد ئەشاریتەوە، ئەوكاتەی حەزی لێی بێت دەچێت گازێكی لێ دەگرێت" كاتێك لەگەل سایكۆپات بیت وەك ئەو پارچە گۆشتە دەبیت. رەنگە زۆركەس راوبۆچونی جیاوازی هەبێت لەسەر ئەوەی هاوڕێیەتی بمێنێتەوە لەگەل خۆشەویستی پێشوو، یان نەمێنێتەوە. كە رەنگە بارێكی كۆمەڵایەتی ئەوە بسەپێنێت، هەرچەندە هەندێك كەس كە ئەو پەتەی پچڕاند ئیتر ناچێتەوە سەری، كە رەنگە زانستێكی تەواو دروست نەبێت ئەو لێكۆڵینەوەیە كە هەموو ئەوانەی ئەو پەیوەندیەیان ماوە سایكۆپات بن، بەڵام حەزكردن بەهێشتنەوەی ئەو پەیوەندیە بەگویرەی ئەو لێكۆڵینەوەیە ئاماژەیە بۆ بوونی مەیلێكی تاریك. لەراستیدا دەستنیشانكردنی كەسی سایكۆپات كارێكی قورسە، لەبەرئەوەی زۆربەمان بەشێك لەو سیفەتانەمان هەیە كە لە كەسی سایكۆپاتەكاندا هەیە تەنانەت هەندێك لە زاناكان دەڵێن هەموو كەسیك لە یەكێك لە هەڵویستەكاندا دەكەویتە ناو چوارچێوەی جیهانی سایكۆپاتەكان، چونكە هەندێك لە سیفەتەكانیان باشن لەوانە بیركردنەوەكانیان بۆ خۆپاراستن یان ئەو كاریزمایەی هەیانە، هەر بۆیە زۆربەیان دەبنە بەڕیوەبەری جێبەجێكار چونكە بڕیارەكانیان دەدەن بەبێ گەڕانەوە بۆ سۆزداری.. لەسەر ئەم لێكۆڵینەوەیە بولێت شیرمان كە زانایەكی دەرونناسییە بەرۆژنامەی ئەندپێندت دەڵێت" پەیوەندیگرتن ئاڵۆزەو ناكرێت بڵێین هەرچی كەسێك پەیوەندی لەگەڵ خۆشەویستی پێشووی هەبوو ئیتر ئەوە سایكۆپاتە، یان ئامانجی تری هەیە، بەڵام بەگشتی ئەو دەرئەنجامەی لێكۆڵینەوەكە پێی گەیشتووە سەرنجڕاكێشە كە تیایدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە نیەتی هەندێك لەو كەسانە بۆ هێشتنەوەی ئەو پەیوەندیە بۆ خۆپەرستییە، بۆئەوەی بەردەوام بن لە سێكسكردن لەگەڵ خۆشەویستی پێشوو یان گەیشتن بە زانیاری یان دەستكەوتی تری شەخسی خۆیان، كە هیچ بیر لەكاریگەری سۆزداری بەرامبەرەكانیان ناكەنەوە". دواتر دەڵێت" هەندێك كەس هەیە دەیانەوێت پەیوەندیەكی ئاساییان هەبێت لەگەڵ خۆشەویستی پێشوویان بۆ هۆكاری سروشتی. رەنگە بیانەوێت هاوڕێی پێشوویان باش بژین و ئەوان پێیان خۆشە ئەو هاورێتییە هەبێت لەگەڵ خۆشەویستی پێشوویان و سنورێكی ئاشكرایان هەیە پێكەوە وەك هاوڕێ بەبێ ئەوەی ئارەزووی سێكسكردنیان هەبێت پێكەوەو رەنگە هاوڕێ تریان هەبێت و هیچ هەستێكی سۆزداریان نەبێت بەرامبەر یەكتر، رەنگە ئەمە ئاسان نەبێت بەڵام ناشكرێت بڵێین هەرچی ئەیەوێت هاوڕێی خۆشەویستی پێشووی بێت ئیتر ئەوە سایكۆپاتە.
ئاری محەمەد هەرسین ئێمەی پارتی، سیاسەتکردن بە هونەری مومارەسەی مومکینات ئەزانین لە پێناو خزمەتی خەڵک و سەروەری خاکی پیرۆزی کوردستان. جودا لەم ئوسلوبە، گەر هەر جوڵەیەکی سیاسیمان کرد، یان نیازمان هەبێت بیکەین، ئەوە تەواو بە پێچەوانەی کەڵتوری ڕێبازی کوردایەتی ڕابەری نەتەوەییمان سەرۆک مستافا بارزانیە. هەواڵێک بڵاوبۆتەوە کە گوایا دادگای فیدڕاڵی بڕیاری داوە فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەسەربەخۆ نا قانونی و نادەستوریە. ئەم بڕیارە، یان لێدوانەی دادگای فیدرالی کوێی دەستوریە؟… عەجەبا داگیرکردنی نیشتیمانی میللەتان قانونیە؟… جینۆسایدکردنی میللەتێک قانونیە؟… وەک میللەتی سەردەست، خۆت بکەیتە کوێخا بەسەر میللەتی بنددەست و، خۆت بە خوا بزانی و هەرچی مافی خوای یەکتایە کە پێی داوە لێی بسەنێتیەوە، ئەمە قانونیە؟… خۆت غیرەتی داگیرکردنی نیشتیمانی کوردانت نەبێت، ئینگلیز و فەڕەنسا لە سەر سینیەک ئەم بەهەشتی سەر زەویەت بە دوو دەست پێشکەش بکەن… ئێستاتازە بە تازەیی غیرەتت پەیدا کردبێت کە باس لە فرۆشتنی سەروەت و سامانی نیشتیمانی ئێمە بکەی؟… بە درێژایی دەیان دەیە، فرۆشتنی نەوتی کەرکوک و، بە پارەی هەمان نەوتی کورد، کڕینی تەیارەی سیخۆی، میگ، میراژ، سۆپەر ئەتاندارد، بۆمبای ناپاڵم و کیمیایی و دابارینی بەسەر میللەتی کورد دا، قانونیە؟… ئەی حەقی میللەتی کورد؟ دادگای فیدرالی کافرە، چونکە بە پێچەوانەی فەرمایشتەکانی خوای گەورە هەڵسوکەوت ئەکات (قورعانی پێرۆز، الحجرات، ١٣). ئێمە میللەتێکی سەربەخۆین و هیچمان لە میللەتانی دیکەی سەر زەوی کەمتر نیە. حەقم نیە بەسەر ئەو چوار خۆفرۆشەی کە لەبەر لاوازی شەخسیەتیان بونەتە نۆکەری هەندێک لە برا عەرەبەکان، بەڵام هەر کوردێک خاوەن شەرەف و کەرامەت بێت، نابێت میللەت و نیشتیمانی خۆی بە هەرزان بە جولەکە، ئینگلیز، تورک یان عەرەب یان هەر میللەتێکیتر بفرۆشێت. نیشتیمانمان موڵکی خۆمانە، بۆیە پێویستمان بە ئیزن نیە بۆ کڕین و فرۆشتن بە بە سەرچاوە خواکردەکانیەوە. سیاسەت لای ئێمەی پارتی ڕێزگرتنە لە میللەتانی دەوروبەر، ڕێزگرتنە لە خانەوادەی میللەتانی جیهان. بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە کە عەرە ب یان هەر میللەتێکیتر ئێمە بە خزمەتکاری خۆی بزانێت وئێمەش لەپێناو بەرژەوەندی بەرتەسکی حیزبی خۆمان بێدەنگی لێ بکەین. ئێمە بەو جۆرە سیاسەت ناکەین. چونکە بەرژەوەندی میللەت و نیشتیمان هەزار ئەوەندە لە پێش بەرژەوەندی حیزبەوەیە. * وتارەكان گوزارشت لە رای نوسەر خۆی دەكات و (درەو) بەرپرس نیە
د. جەعفەر عەلی بەشی یەکەم سەرەتا دیموکراسییەتی تەوافوقی بەرهەمی ئەوروپای رۆژئاوایە، ئەم چەمکە پاشخانێکی تیۆری نییە، بەڵکو بەرهەمی پێداویستییە پراکتیکییەکانی کۆمەڵگەی فرەییە، یان لە باری نەتەوەییەوە بەرهەمی کۆمەڵگەی ناهۆمۆجینە. تیۆرەی تەوافوقی، وەک تیۆرەی ناسیۆنالیزم دوای ئەزموونکردن هاتووە، نەک پێشتر. کێشەی ئێمە و زۆرێک لە گەلانی دیکەی دونیاش ئەوەیە، کە ئێمە بەبێ هیچ ئەزموونێک لەبەردەم پرۆسەی بیناکردنی تیۆرەیەکدا وەستاوین، کە ناوی تیۆرەی تەوافوقییە، هەمانکات ئامادەی سوودوەرگرتن لە ئەزموونە سەرکەوتووەکانی دونیاش نین. ئەزموونی تەوافوقی، کە بە کردەوە دوای جەنگی دووەمی جیهان لە دایک بوو، دانپێدانان بوو بە کەموکورتییەکانی دیموکراسییەتی زۆرینە. بە مانای ئەوە نا، کە دیموکراسییەتی زۆرینەی کۆتایی پێهێنابێت، بەڵکو بە مانای گەڕان بوو بۆ دۆزینەوەی فۆرمێکی دیکە لە دیموکراسی، فۆرمێک توانای کۆکردنەوە و بەیەکەوە ژیانی جیاوازییە سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتورییەکانی هەبێت، تایبەت لەو کۆمەڵگە سیاسییانەی کە سیستمی زۆرینە کێشەی قوڵ و نەبڕاوەی بۆ دروست دەکردن. دیموکراسییەتی تەوافوقی کۆمەڵێک بنەما و پرەنسیپی تایبەت و دیاریکراوی خۆی هەیە، کە هەوڵدەدات لە ڕێگەیەوە مافی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان، دیدگای سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆی کەرتە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی فرەیی بپارێزێت و سەرزەمینێک بۆ بەیەکەوە ژیانی ئاشتیانە و بردنەپێشی پرۆسەی سیاسی و گەشەی دیموکراسی بڕەخسێنێت. ئەم چەمکە بەشێوەیەکی گەورە لە عیراقی دوای کەوتنی بەعس بڵاوبوویەوە، چەمکێک کە دەرچوونێک بوو لەو کۆدەنگییە نەمەتییەی کە سیستمی زۆرینەی بریتانی، ئەمریکی و فرەنسی نوێنەرایەتی دەکەن. دیموکراسییەتی تەوافوقی وێڕای لایەنە پۆزەتیڤەکانی، لە پاراستنی مافی کەمینەکان، تا ڕادەیەک ڕاگرتنی هاوسەنگی کۆمەڵگەی فرەیی و رێزدانان بۆ سەربەخۆیی کەرتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، لایەنی نێگەتیڤیشی هەن. لە دیارترین لایەنە نێگەتیڤەکانی، کە پەیوەندی بە نادیموکراسیبوونی چەمکەکە خۆیەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە کەموکورتییە چاوەڕوانکراوەکانییەوە هەیە، بریتییە لە نەهێشتن، یان بێهێزکردنی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی، چونکە حکومەتی تەوافوقی وا دەکات، یان ئۆپۆزیسیۆنێکی بچووک، بێهێز و بێکاریگەری هەبێت، یان ئۆپۆزیسیۆنی فەرمی بوونی نەمێنێت. وێڕای ئەوەی پرۆسەی دروستکردنی بڕیار تا ڕادەیەکی زۆر توشی سستی و خاوبوونەوە دەکات. دیموکراسییەتی تەوافوقی، تیۆرەیەک نییە لە دەرەوەی دیموکراسیدا بوونی هەبێت، بەر لەوەی بیر لە تەوافوق بکرێتەوە، گرنگە بڕوات بە پرەنسیپ و بەهاکانی دیموکراسی هێنابێت. ئەوەی ڕێگە بەرەو تەوافوق و بەیەکەوە گونجان و سازانی جیاوازییەکان خۆش دەکات، دیموکراسی و بڕوابوون بە پرەنسیپەکانی دیموکراسییە. واتە پێشمەرجی سەرکەوتنی هەر تەوافوقێک لە کۆمەڵگەی فرەییدا، دیموکراسیبوونە. لە ئامادەنەبوونی هۆشیاری دیموکراسیدا، ئەگەر چوارچێوەیەکیش بە ناوی تەوافوق و دیموکراسییەتی تەوافوقییەوە بێتە بوون، سەرکەوتوو نابێت. عیراق، لە تەوافوقەوە بۆ زۆرینە لە دوای پێکهێنانی یەکەم کابینەی حکومەتەوە پاش کەوتنی بەعس، تەواوی حکومەتەکانی عیراق، حکومەتی تەوافوقی بوون، واتە لەسەر بنەمایەکی فراوان بەشداری بە کۆی پێکهاتە نەتەوەیی، ئایینی، مەزهەبی و سیاسییەکانی عیراق کراوە و هەمووان لە دەوری مێزی حکومەت و ئیدارەدا کۆبوونەتەوە. سێ پۆستە باڵاکەش، سەرۆک کۆمار، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، لەسەر بنەمای تائیفی و نەتەوەیی لە دەرەوەی دەستور و وەک عورفێکی سیاسی لە نێوان پێکهاتە سەرەکییەکانی وڵاتدا دابەشکراون. لەم دابەشکارییەدا، پۆستی سەرۆک کۆمار لە ساڵی (٢٠٠٥)ەوە تا ئێستا، کە لەبەردەم هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی سەرۆک کۆمارداین، هەر وەک پشکی کورد ماوەتەوە، کورد وەک نەتەوە، نەک وەک حیزب و بنەماڵە و تاقم و خێڵی سیاسی. کۆی کابینەکانی رابردوو لە ئەیاد عەلاوییەوە (٣ ئایاری ٢٠٠٥- ٢٠ ئایاری ٢٠٠٦) تا دەگاتە عادل عەبدولمەهدی (٢٥ تشرینی یەکەمی ٢٠١٨-٣٠ تشرینی دووەمی ٢٠١٩)، هیچیان لە کابینەی تەوافوقیدا سەرکەوتوو نەبوون، هیچیان نەیانتوانی نە حکومەت بکەن بە حکومەتێکی نیشتیمانی، نە دامەزراوەی نیشتیمانی بونیاد بنێن، نە تەوافوق لە پرسێکی تیۆری ڕووتەوە، بە پراکتیکی بگوازنەوە بۆ ناو دەوڵەت و سیستم و دامەزراوەکانی دەوڵەت. لە تەواوی کابینەکاندا، بە کابینەکەی مستەفا کازمیشەوە، عیراق بەردەوام لە ناو گرفتی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ناتەبایی نەتەوەیی و تائیفی قوڵدا ژیاوە. گرفتەکانی عیراق، گرفتی مێژوویی و بونیادین، گرفتی داخرانە بەسەر رووبەرە بچووکەکانی ئیتنیک و مەزهەب، گرفتی نەبوونی هۆشیاری دیموکراسی و کولتوری بەیەکەوە ژیان، گرفتی ئەو مێنتاڵیتییەی نە توانای تێپەڕاندنی سنورە سیاسی و کۆمەڵایەتییە بچووکەکانی خێڵ و دین و تائیفە و نەتەوەی هەیە، نە توانای ڕەخساندنی سەرزەمینێکی هاوبەشی نیشتیمانی بۆ قبوڵکردنی جیاوازییەکانی یەکدی و داننان بە بوونی بەرامبەر. واتە ئیلیتی سیاسی و دینی لەم وڵاتەدا لەوە کەمتواناتر بووە، بتوانن کەرتە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانی کۆمەڵگە لە ناو چوارچێوەیەکی هاوبەشی سیاسی و ئیداریدا کۆبکەنەوە و بەگوێرەی ئەو چەمکەی کە پێیدەگوترێت سیستمی دیموکراسییەتی تەوافوقی حوکمڕانی بکەن و بناغەیەک بۆ تەوافوق لە بەڕێوەبردنی نیشتیمانیدا دامەزرێنن. عیراق بە گووتەی فەیسەڵی یەکەم خۆی، وڵاتی تۆپەڵە مرۆڤی جیا جیایە. ئەم تۆپەڵە مرۆڤانە لە دروستکردنی دەوڵەتی عیراقەوە ناکۆکی و قینی مێژوویی جوڵەیان پێدەکات. دوای کەوتنی بەعس، ئەم قین و ڕقە مێژووییە لە دیوە ئاشکراکەی سیاسەت، لە گوتاری گۆڕەپانە سیاسییەکان و نێو شاشەی تیڤی و بەیاننامە حیزبییەکانی نوخبەی سیاسیدا وا دەردەکەوێت کۆتایی پێهاتووە و هەمووان خەریکی دروستکردنی کۆمەڵگەی بەهەشتین، بەڵام لە دیوە پەنهان و شاراوەکەیدا، دڕندەیەکە و لە ناخی سیاسییەکاندا خەوتووە، بۆیە دوای ڕوخانی بەعس، پێویستی بە کاتی زۆر نابێت تا بە خێرایی بێتەوە ناو دونیای سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێمە. بەشی هەرە گەورەی کەرتە کۆمەڵایەتییەکان، نوخبەی سیاسی، دینی و مەزهەبییە جیاوازەکان، لەبری کارکردن بۆ سڕینەوەی ڕق و دروستکردنی مێژوویەکی تازە و دونیایەکی سیاسی نوێ، قینی مێژوویی دەبێتە بزوێنەری کاری سیاسی و ئیداری و، تەواوی کایەکانی ئیدارە و دەوڵەت بە تەواوی دامەزراوەکانییەوە، دەخرێنە خزمەتی ئەم تۆڵە مێژووییەوە. ڕاستە بەشی زۆری وڵاتانی جیهان پێکهاتەی ئیتنیکی، دینی، سیاسی و کولتوری جیاوازیان تێدایە، بەڵام ئەوان، تایبەت لە ئەوروپای رۆژئاوا، ئەمریکا و کەنەدا، کە ژمارەیەکیان دیموکراسییەتی تەوافوقی و هەندێکیشیان دیموکراسیەتی زۆرینە پەیڕەو دەکەن، لەبری تۆخکردنەوەی ئەم ناکۆکییە بچووکانە و بەکارهێنانی دامەزراوەکانی دەوڵەت لە شەڕی سڕینەوەی ماف و بوونی ئەوانیدیکەدا، خودی ئەم دامەزراوانەیان دیموکراتیزە کردووە و بنەمایەکی دیموکراسی هاوبەشیان دۆزیوەتەوە بۆ قبوڵکردنی تەواوی ئەو جیاوازیانە و داننان بە ماف و بوونی سیاسی و کولتورییان. بە پێچەوانەوە لە عیراقدا دامەزراوەی دەوڵەت نەیتوانیوە ببێتە چەترێکی قانونی و سیاسی بۆ پاراستنی ماف و بوونی کۆمەڵایەتی و ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان. کۆلۆنیالیزمی ئینگلیزیش کە دەوڵەتی عیراقی دروستکردووە، نەک مافی سیاسی و کولتوری ئەم پێکهاتە و تائیفە جیاوازنەی وەک پێویست لەبەرچاو نەگرتووە، بەڵکو ڕەگی جیاوازی و ناکۆکییە مێژووییەکانی قوڵتر و پڕ برینتر کردووە، تەنانەت بردنەپێشی بەشێک لە ئەجێندای سیاسی خۆی لەسەر بنەمای تۆخکردنەی جیاوازییەکان و گۆڕینی بۆ ناکۆکی و بەیەکدادانی نەتەوەیی و تائیفی بونیاد ناوە. دوور نییە هەر لە بنەڕەتدا بڕیاری پشتیوانی ئینگلیز بۆ دروستکردنی دەوڵەتی عیراق بۆ عەرەبی سوننە مەزهەب، وەک سەرەتای وەرگرتنەوەی ئەو تۆڵە مێژووییە ببینرێت لە ئەوانیدی، تایبەت لە عەرەبی شیعە، وەک چۆن دەشێ بڕێک لە هەنگاوەکانی پشتیوانی و بڕیاری ئینگلیز بۆ لکاندنی ویلایەتی موسڵ بە دەوڵەتەکەوە، دیوێکی دیکەی ئەو تۆڵەیە بێت لە کورد و هەندێ لە پەیوەندی و جوڵەکانی شێخ مەحمود. واتە ئینگلیزیش لەم وڵاتەدا، لە داڕشتنی دەوڵەتەکە و مامەڵەی لەگەڵ پێکهاتە جیاوازەکاندا، رێگە دروستەکەی نەدۆزیوەتەوە، بەڵکو بووەتە لایەنێکی گرنگ و پڕ مەترسی بۆ تۆخکردنەوەی کێشە نەتەوەیی و تائیفییەکانی ئەم وڵاتە و سەرەنجامیش ناسەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی. لەوساوە بۆ ئێستا ئەم مێنتاڵیتی و ئەخلاقی تۆڵەیە، ئەم نەزیفی خوێن و نائارامی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتییە لەم سەرزەمینە جوگرافییەدا بەردەوامە و درێژەی هەیە. کاتێک ڕق مێژوو دەنوسێتەوە، دیموکراسییەت لە ژێر پرسیاردا دەمێنێتەوە، کاتێکیش دیموکراسی لەبەردەم پرسیاری بونیادیدایە، نە تەوافوق و نە حکومەتی زۆرینە مانایەکی دیموکراسیان نابێت. بۆیە نوخبەی سیاسی لە عیراق بەر لەوەی جارێکی دی بیر لە تەوافوق، یان حکومەتی زۆرینەی نیشپیمانی بکاتەوە، دەبێ بیر لە خودی دیموکراسی خۆی بکاتەوە. بەشی دووەم ئەمریکا و ئێران لەبەردەم پرسی تەوافوق لە عیراقدا دوای پرۆسەی ئازادی، پرسی هەوڵدان بۆ بەیەکەوە ژیان و رێکخستنەوەی ژیانی سیاسی لە عیراق، بوو بە بەشێکی گرنگ لە گوتاری نە تەنها ئەمریکا و ئێران، بەڵکو تەواوی نوخبەی سیاسی و دینی عیراقیش. لە ئاستی تیۆری و گوتاردا، هەمووان لە خەمی دۆزینەوەی چوارچێوەیەکی سیاسی و بەڕێوەبردندا بوون تا بتوانن کۆی پێکهاتە و تائیفە جیاوازەکانی عیراق بە پاراستنی مافەکانیانەوە لە ناودا جێگە بکەنەوە، بەڵام بە هۆی ئەوەی جەوهەری گوتارەکە، لە تیۆرەوە نەبوو بە پراکتیک، یان نەیدەتوانی گوزارشت لەو رۆحی ڕق و تۆڵە شاراوەیە بکات، کە لە ناوەوەی بەشێکی گرنگ لە نوخبەی سیاسی و دینی، لە ناخی بەشێک لە پێکهاتە و تائیفەکانی عیراق بە نهێنی بە دوای شمشێری خوێناوی مێژوودا دەگەڕا، یان هەر لە بنەڕەتدا خودی گوتارەکە بۆ خۆئامادەکردن و گەڕان بە دوای باشترین دەرفەت و پشتیوانییەوە بوو بۆ تۆڵەکردنەوە، ئیدی سەرەنجام کۆی ناکۆکییەکان، تەواوی بەریەککەوتنەکان، بەریەککەوتنی ئەمریکا و ئێران، گروپە چەکدارو میلیشیا عیراقییەکان لەگەڵ ئەمریکا، سوننە و شیعە، بەغدا و هەولێر، بەریەککەوتنی بەرژەوەندی و ئەجێندای سیاسی وڵاتانی کەنداو و تورکیا لە ڕێی پشتیوانیان بۆ سوننە و تورکمان و تەنانەت گروپە ئایدیۆلۆژییە توندڕەوەکانیش، لەگەڵ ئێران، هەموو ئەمانە یەک شت خۆراکی پێدەبەخشین و بەردەوام وزەی نوێی پێدەدان، ئەویش ئەو گیانی ڕق و تۆڵە مێژووییە بوو، کە لە رۆحی نوخبەی سیاسی و دینی عیراقیدا زیندوو دەژیا. ئەم ڕقە مێژووییە لە دوورترین گۆشەکانی دونیاشدا بە دوای کۆمەک و پشتیوانی تازەدا دەگەڕا، کۆمەک و پشتیوانی بۆ بەهێزکردنی پایە و بنەماکانی دەوڵەت نا، بۆ دروستکردنی دامەزراوەی نیشتیمانی نا، بەڵکو بۆ بەهێزکردنی گروپێکی تائیفی لەسەر حیسابی گروپێکی دی، بە ئامانجی بێهێزکردن، تەنانەت پاکتاوکردنی نەیارە مێژووییەکانیش. سەرەنجام هەمووان خەریکی ئامادەکاری بۆ بەریەککەوتن و سەرکەوتن بەسەر ئەویدیکەدا بوون، هەمووان خەریکی تیژکردنەوەی نوکی شمشێرەکانیان بوون تا تۆڵەی مێژوویی خۆیان لە گروپ و کەرتەکانی دیکە وەرگرنەوە، کەس خەمی سەقامگیری عیراقی بۆ عیراقییەکان نەبوو، کەس بە دوای دامەزراندنەوە و دروستکردنەوەی دەوڵەت لەسەر بنەڕەتی دەوڵەتی هاوڵاتی و پرەنسیپی هاونیشتیمانیبوون نەبوو، هەمووان سەقامگیری و ئارامی وڵاتیان لە دەرکردنی نەیارەکانیان لە پرۆسەی سیاسی، یان لانیکەم لە لاوازکردنی ئەویدیکەدا دەبینی. هەمووان لە دۆخی دروستبوونی مەترسی بۆ سەر جۆری بیرکردنەوە و نەخشە و پلانی ستراتیژی و سیاسییان لە عیراق، بێ هیچ دوودڵییەک ئامادەبوون هەر رێگە و شێوازێکی نادیموکراتی و دژ بە پرەنسیپ و بەهاکانی مافی مرۆڤ بگرنەبەر. کورت و پوخت، کتێبی (میر)ی مەکیاڤیللی لەسەر مێزی کۆی سیاسی و سیاسییە دینییەکانی عیراق، نە تەنها زیندوو دەژیا، بەڵکو قسەی لەگەڵ ناخی پڕ لە تاریکی هەمووان دەکرد. ئەمریکا لە دیدی تایبەتی خۆی و بەرژەوەندییەکانی خۆیەوە، جوڵەی سیاسی، دیپلۆماسی و سەربازی لە گۆڕەپانەکەدا دەکرد. ئێران، تورکیا، وڵاتانی کەنداو و کۆی تائیفە و نەتەوە و هێزە سیاسییەکانی ناوەوەی عیراقیش بە هەمانشێوە سەیری یارییە سیاسییەکەیان دەکرد. ئیدی عیراق بە تەنها گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێی مێژوویی نێوان تائیفە و خانە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانی ناوەوەی وڵاتەکە نەبوو، بەڵکو مەیدانی یەکلاکردنەوەی ناکۆکی و بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیش بوو. واتە جوگرافیایەک بە کۆی ناکۆکییە مێژووییەکانییەوە کەوتەوە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی تازەوە، تاقیکردنەوەیەک کۆی لایەنە عیراقی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان تیایدا بە دوای سەرخستنی مۆدێلی بەڕێوەبردن و سیستمی سیاسی و کۆمەڵایەتی دڵخوازی خۆیاندا دەگەڕان، هەمووان خەمی نوسینەوەی سەرکەوتنی خۆیان بوو، نەک دەوڵەت و گەلانی عیراق، چونکە هەر لە بنچینەدا پرەنسیپی ناسنامەی عیراقیبوون و نیشتیمانیبوون نەبووە بەشێک لە کاری سیاسی هیچ یەکێک لە لایەنە ناکۆکەکانی ناوەوە و دەرەوەی عیراق. ئەمریکا ئەجێندای تایبەتی خۆی هەبوو، سەرکەوتن بۆ ئەو بریتیبوو لە سەپاندنی دیموکراسییەت لە رێی هێزەوە، گەمارۆدان و خنکاندنی زیاتری ئێران لە ڕێی جوگرافیای عیراقەوە. دیموکراسییەت لە وڵاتێکدا، کە خاوەنی تاکە هێزێکی سیاسی دیموکرات نییە، هێزێکی سیاسی لە عیراقدا بە هەرێمی کوردستانیشەوە نادۆزیتەوە بە کردەوە کار بۆ پەروەردەی سیاسی و دیموکراسی ئەندام و کادیرانی خۆیشی بکات، چجای ببنە هێزی پێشەنگ لە گەشەی کۆمەڵایەتی، سیاسی و چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی و بەیەکەوە ژیان. ستراتیژی ئێران بریتیبوو لە شکستپێهێنانی ئەجێندای ئەمریکی و هاوپەیمانەکانی، هەرچی زیاتر دوورخستنەوەی مەترسییەکانی ئەمریکا لە سنورەکانی، وێڕای ڕەنگکردنی عیراق بە ڕەنگی ئایدیۆلۆژیای شیعەگەرێتی و فراوانکردنی هەڵمەتی سیاسەتی تەشەیوع، واتە گواستنەوەی ئایدیۆلۆژیای ژێر عەمامەی مەلا سیاسییەکانی تاران بۆ بەغدا و مسۆگەرکردنی دانیشتنی سێبەرە سیاسی و ئایدیۆلۆژییەکانی لەسەر کورسی دەسەڵات. ئەجێندای عەرەبی سوننە و تورکمانیش هەرچی زیاتر ڕوو لە تورکیا و وڵاتانی کەنداو بوو، تەنانەت تورکیا بە خەونی مێژوویی میساقی میللییەوە، هەمیشە وەک بابەتێکی ستراتیژی سەیری پرسی چارەسەرکردنی کێشەی کەرکوکی کردووە. پرسی ڕاپرسی لەم شارەدا، کە ماددەیەکی دەستورییە، سەبارەت بە تورکیا هێڵی سوور بووە و (ئەحمەد داود ئۆغلو) بە ڕوونی لە کتێبەکەیدا (العمق الاستراتیجی، موقع ترکیا ودورها فی الساحە الدولیە) ئەم مەترسی و دیدەی دەوڵەتی تورکیای سەبارەت بەم پرسە خستووەتەڕوو. دۆخی کورد و هێزە سیاسییەکانی کوردیش هەر وەک مێژووی ڕابردوو دابەشی سەر ئەجێندا و سیاسەتی پایتەختەکانی وڵاتانی دراوسێ، ئەنکەرە و تاران بووە. دەوڵەتانی گەورەی دونیا، وڵاتانی ناوچەیی و کەنداو، خەریکی یاریکردن بەپێی ویستی سیاسی و ستراتیژی خۆیان بوون، خەریکی هاوپەیمانی و بەشینەوەی چەک و پارە و تەنانەت دروستکردن و ناردنی گروپی چەکداریش بوون بۆ ناو عیراق بە ئامانجی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان و سەرکەوتن بەسەر نەیارە مێژووییەکانیاندا. تەواوی ئەو ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەش لە ڕێی جوڵە بە کارتی سیاسی، تائیفی، مەزهەبی و نەتەوەیی لە ناو خاکی عیراقدا ئەنجام دەدرا. دەتوانین بڵێین، هیچ یەکێک لە لایەن و گروپەکانی ململانێ و ناکۆکی، چ لایەن و گروپەکانی ناوەوەی عیراق، چ لایەنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، هەڵگری خەمی نیشتیمانی و دروستکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی، سیاسی و کۆمەڵایەتی هاوبەش نەبوون بۆ عیراق، هیچیان بە دوای چارەسەر و دۆزینەوەی ڕیشەی کێشە مێژوویەکانی گەلانی عیراقەوە نەبوون، بۆیە ئەوەی عیراق لە سەرەتای دروستبوونییەوە بە دەستییەوە دەناڵێنێت، ئێستایش و دوای سەد ساڵ لەو مێژووە لە فۆرم و شێوەی دیکەدا بە دەست هەمان ئەو گرفت و ناکۆکییە مێژوویی و کۆمەڵایەتییانەوە گیرۆدەیە، ئەوەیە کە کێشەی قوڵی لەگەڵ دیموکراسی، تێگەیشتن لە جیاوازی و دواتریش دیموکراسییەتی تەوافوقی هەیە، ناتوانێ چیتر بارمتەی مێژوو نەبێت و تەپ و تۆزی ڕابردوو بە خاتری بونیادنانی عیراقێکی ئارام بۆ هەمووان، تێپەڕێنێت. عیراقی دوای بەعس، لەسەر بنەمای تەوافوق بونیادنرایەوە، نە ئەمریکا و نە ئێران، نە نوخبەی سیاسی عیراقی و هێزە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە نەیانتوانی ئەم بنەمای تەوافوقە لە تیۆرەوە بگۆڕن بۆ بەشێک لە هۆشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی پێکهاتە جیاوازەکانی عیراق، نە توانیان پرسی نیشتیمانیبوون و ستراتیژی نیشتیمانی و کۆبوونەوەی هەمووان لە دەوری ناسنامەیەکی نیشتیمانی هاوبەشدا بکەنە پرسێکی دیموکراسی، ئەخلاقی، نیشتیمانی و هەمووان لە یەک چوارچێوەی نیشتیمانیدا کۆبکاتەوە. ئەم بناغەی تەوافوقە لە دامەزراندنی ئەنجومەنی حوکمی عیراقەوە لە (١٢ تەمموزی ٢٠٠٣) دانرا و دواتریش لە کابینەکانی حوکمڕانیدا درێژەی پێدرا. بەڵام کۆی ئەزموونی نزیک بە بیست ساڵی رابردوو، پەیامێکی کە ڕوون و ئاشکرا بە هەمووانی گەیاند، بریتیبوو لەوەی پرسی دیموکراسییەتی تەوافوقی لە وڵاتێکی نادیموکرات و لە ژێر ڕەحمەتی هەڕەشەی بەردەوامی وڵاتانی ناوچەیی و گروپە چەکدارە نادەوڵەتییەکانی ناوەوە، هەرگیز ناتوانێت سەرکەوتوو بێت. بۆیە ئێستا قسە لەبارەی فۆرمێکی دیکە و نموونەیەکی دیکەی دیموکراسی دەکرێت، تایبەت لەلایەن موقتەدا سەدر و گروپەکەیەوە، ئەویش دیموکراسییەتی زۆرینەی سیاسی، یان وەک سەدر ناوی ناوە "زۆرینەی نیشتیمانییە".
