سروشت توڕەیە...

Draw Media

2022-01-14 18:56:32



  لوقمان حەوێز*
بۆچی بارانە بە لێزمەکان و بەخوڕەکان زۆرتر و توندتر بوون..؟ بۆچی شەپۆڵەکانی ووشکی و سەرما و گەرماش زۆرتر و توندتر و دورکێشتر بوون..؟ 
دیاردەکانی کەش و هەوا وەکو لافاو، ووشکی، شەپۆڵەکانی گەرما و سەرما، زریانەکان و گەردەلولە باراناویەکان دیاردەی سروشتین و بەردەوام ڕوویانداوە لەسەر ڕووی گەلێک شوێنی سەر هەسارەکەمان، بەڵام کاتێک پیاچوونەوە دەکەین بە تۆماری پێوانەکانی کەش و هەوای زۆربەی ووڵات و ناوچەکانی جیهان کە لەبەر دەستن و بەر لە پتر لە 150 ساڵ تاوەکو ئێستا تۆمارکراون و دەکرێن، سەرنجی ئەوە دەدرێت کە نزیکەی 25 ساڵ دەبێت بەگشتی ئەو دیاردانە توندتر و زۆرتر و دورکێشتر بوون، بە گشتی ئێستا گەلێک لەو دیاردانە کاتێک ڕوودەدەن پێوانەکانی ئەو ماوە دورو درێژە دەشکێنن، چاودێری ئەوەش کراوە کە دابارینە بە لێزمەکان کاتێک ڕوودەدەن زۆر بەخوڕترن و دەبنە هۆی لافاوی گەورە و وێرانکاری دەنێنەوە، ڕەشاباکان بەهێزترن، شەپۆڵەکانی گەرما و سەرما دور و درێژترن و پێوانەکان دەشکێنن، لە ساڵی ڕابردوو پلەکانی گەرما لە سەدەها شار و ناوچەی جیهان پێوانەکانیان شکاندوە، ئەمەش واتە لەوەتەی پلەکانی گەرما تۆمار دەکرێت لەو شوێنانە لە هەمان ئەو ڕۆژەی ساڵدا پلەی گەرما ئەوەندە بەرز نەبۆتەوە، لە وەرزی زستانیشدا بە تایبەتی لە گەلێک شوێنی نیوەی باکوری گۆی زەوی زریانەکان و دابارینی بەفر و دابەزینی پلەکانی گەرما چەند ساڵ جارێک هەموو پێوانەکان دەشکێنن...
بۆچی دیاردەکان لە 25 ساڵی ڕابردوو توندتر بوونەتەوە..؟
بەرگە هەوای هەسارەکەمان پێکەوە لەگەڵ زەریاکان زۆر چالاک و هەستیارن، لە دۆخە ئاساییەکاندا بە گشتی گۆڕانی بەردەوام لە پێوانە سەرەکیەکانی وەکو پلەکانی گەرما و ڕێژەی هەڵمی ئاو لە ناوچە جیاجیاکان کاردانەوە دروست دەکەن و دەبنە هۆی دروستبوونی دیاردەکانی کەش و هەوا، بەڵام بەگشتی کاتێک ئەو گۆڕانانە گەورەتر و توندترن دەبن ئەوا کاردانەوەکان و دیاردەکانی کەش و هەواش توندتر دەبن، لە ئێستادا ساڵانە ئەوە ڕوودەدات لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان...
یەکێک لە لێکەوتەکانی گۆڕانی کەش و هەوا کە ئێستا بەڕێوەیە لەسەر هەسارەکەمان بەهۆی کار و چالاکیەکانی مرۆڤ بریتیە لە بەرزبوونەوەی تێکڕای پلەکانی گەرما لەسەر ڕووی هەسارەکەمان، لەگەڵ ئەوەی تێکڕای بەرزبوونەوەکە لە نێوان 1 بۆ 1.5 پلەی سەدیە، بەڵام بەهۆی نا هاوسەنگی لەو بەرزبوونەوەیە لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان گۆڕانێکی بەرچاو لە کەش و هەوای سەر هەسارەکەمان لە ئێستادا بەڕێوەیە، ئەو بەرزبوونەوەیە بۆتە هۆی زۆربوونی ڕێژەی هەڵمی ئاو تا ڕادەی 7% زیاتر لە ڕێژە ئاساییەکان لەنێو تۆپەڵە هەوای زۆربەی ئەو نزمە پاڵەپەستۆیانەی دروست دەبن، بۆیە دابارینی بەخوڕ و توند یەکێک لە سیماکانی دیاردەی گۆڕانی کەش و هەوای سەر هەسارەکەمانە کە بۆتە هۆی زۆربوون و توندتربوونی لافاوەکان، جگە لەوەش بەرزبوونەوەی تێکڕای پلەکانی گەرما لەسەر هەسارەکەمان بۆتە هۆی گۆڕانی ڕێڕەوەکانی تەوژمەکانی با jet.streams ، ئەمەش بۆتە هۆی گۆڕانی جوڵە و ڕێرەوی بەرزە پاڵەپەستۆکان و نزمە پاڵەپەستۆکان، هەروەها بەهۆی جێگیربوون و مانەوەی بەرزە پاڵەپەستۆکان بۆ ماوەیەکی زۆر درێژتر لەهەمان شوێن شەپۆڵەکانی گەرما لە وەرزی هاویندا توندتربوون، لە وەرزی زستانیشدا هەمان ئەو کاریگەریانە لە هەندێک شوێن دەبنە هۆی کەمبوونەوەی دابارین، لە شوێنی تریش دەبنە بەهێزبوونی شەپۆڵەکانی سەرما و دابارینی بەفرێکی زۆر...
لەم 10 بۆ 15 ساڵەی ڕابردووش ئەگەر تۆ لەهەر شوێنێکی سەر ئەم هەسارەیە بووبیت ئەوا پشکێکی ئەم گۆڕانکاریانەت بەرکەوتووە ئەگەر لافاو و زریانی بەهێز بووبێت یان ووشکی توند، یان شەپۆڵەکانی گەرما یان سەرما، بەداخەوە پێشبینی ئەوەش دەکرێت لە ساڵانی داهاتوودا ئەو توندیانە هەر بەردەوام بن ئەگەر زۆر توندتریش نەبنەوە...
ئەوەی ڕوودەدات بە ئاشکرا کاردانەوە و توڕەیی سروشتە بەرامبەر کار و چالاکیەکانی ئێمە، هەموومان جارێ تەنیا یەک ماڵمان هەیە کە ئەم هەسارە شین و جوانەیە، بەدڵنیاییەوە خۆمان زەرەرمەندی یەکەم دەبین لە ئەنجامی تێکدانی هەر هاوسەنگیەک لەنێو بایۆسفیر و ئەتمۆسفیری سەر هەسارەکەمان، پێویستە هەموو ئێمەی مرۆڤەکان بەتایبەتی بڕیار بەدەستەکان و خاوەنکارەکان، هەموومان پەند لە ڕووداوەکان وەربگرین، هەر بەم دواییەش ڤایرۆسی کۆڕۆنا پێی ووتین لەئاکامی سەرهەڵدانی هەر مەترسیەکی سەرتاسەری لەسەر ئەم هەسارەیە ئەوا هاووڵاتیانی هیچ ووڵات و ناوچەیەک بەبێ زیان نابن...
بۆ دەستکەوتنی زانیاری زیاتر دەربارەی دیاردەی گۆڕانی کەش و هەوا دەتوانیت تەماشای ئەم ڤیدیۆیەم بکەیت:
https://www.facebook.com/Lukman.Hawez/videos/337177398038708

 

*ئەندامی کۆمەڵەی گەردوونناسی تێکساس

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand