نووسینی: باقر جەبر زوبەیدی وەرگێڕانی : نامیق رەسوڵ حزبی دەعوەی ئیسلامی نامەیەكی بۆ سەماحەتی مەرجەعی باڵا بەڕێز عەلی سیستانی نارد، داوایلێكرد هەڵوێستی شەرعی خۆی روونبكاتەوە دەربارەی ئەوەی مالیكی خولی سێییەم پۆستی سەرۆك وەزیران بگرێتەوە دەست، لە ناو بوونی بڕێكی زۆر لە رەخنە و ناڕەزایەتی نەك تەنها لە گۆڕەپانی نیشتمانیدا، بەڵكو لە ناو خودی هاوپەیمانی نیشتمانیدا بە شێوەیەكی وردتر لەناو ریزەكانی حزبی دەعوەدا. دوای مانگێك لە نامەكەی حزبی دەعوە، كە كۆپییەكیمان بەدەست نەگەیشت، سەماحەتی سیستانیی وەڵامی دایەوە كە لە خوارەوە دایدەنێم، ئەو گڵۆپی سەوزی بۆ دەعوە و هاوپەیمانی نیشتمانی هەڵكرد گۆڕانكارییەكە بكرێت و لەوەڵامەكەیدا مەرجەعی باڵا جەختی لێكردەوە. ئەوەی روویدا ئەوەبوو كە وەڵامەكەی مەرجەعی باڵا بۆ مانگێكی تەواو لای حزبی دەعوە بە پێچراوەیی مایەوە و ناكۆكییەكی توندیش لە ئارادابوو خەریك بووە حزبی دەعوە نغرۆی دابڕان ولێكترازانێكی توند بكات، بەڵام گروپێك لە دەعوە سەركەوتوو بوو لە كۆكردنەوەی 38 ئیمزای ئەندامی دەوڵەتی یاسا لە پێناوی دەستكردن بە كۆكردنەوەی ئیمزا بۆ بەدەستهێنانی زۆرینە لەناو هاوپەیمانی نیشتمانیدا. رۆژی 11/ 8/ 2014 كۆبوونەوەیەك لە ماڵی دكتۆر جەعفەری رێكخرا، بە سیفەتی ئەوەی سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی بوو، دوو كاتژمێری خایاند و تێیدا ئیمزای سەرۆك كوتلەكان كۆكرایەوە بۆ هەڵبژاردنی ئەوەی كە زۆرینەی حزبی دەعوە لەسەری رێككەوتون كە عەبادی وەك كاندید بۆ سەرۆك وەزیران پێشكەشدەكەن. ئەوانەی ئیمزایان كردبوو، لە پێشبڕكێدا بوون لەگەڵ كاتدا، چونكە وادە دەستورییەكان لە كاتژمێرەكانی كۆتاییهاتنیان نزیكدەبوونەوە، تەنها 90 خولەك كات مابوو بۆئەوەی جوڵە بكەین بە ئاراستەی وەڵامدانەوەی وادەی دەستوری بۆ ئەوەی عەبادی وەك سەرۆك وەزیران دیاریبكرێت و وەك وەڵامدانەوەیەكیش بۆ بانگەوازی مەرجەعەیەتی باڵا لە گونجان لەگەڵ ئەوەی بە رەزامەندیی نیشتمانی ناونرابوو. پێش ئەوەش چەند گفتوگۆیەكمان لەگەڵ سەركردەی كوتلە سیاسییەكانی گۆڕەپانی نیشتمانیدا كردبوو، بۆئەوەی بۆچونیان بەرامبەر گۆڕانكارییەكە بزانین، هەموو كوتلەكان پشتیوانیان كرد لە بۆچونی بەڕێز مەرجەعی باڵا و ویستی هاوپەیمانی نیشتمانی بۆ گۆڕانكاری. بە كاروانێكی دوورودرێژ بەرەو سەرۆكایەتی كۆمار كەوتینەڕێ، كاتژمێر یەك و نیوی نیوەڕۆ بوو، لە كۆبوونەوەكەمان لەگەڵ سەرۆك نەهاتینەدەرەوە هەتا مەرسومی كۆمارییمان بۆ راسپاردنی عەبادی وەك كاندیدی گەورەترین كوتلە نەهێنایەوە.
كەمال چۆمانی ... وانەیەک لە ریفراندۆمی دەستوریی تورکیا وەربگرن دەنگدان لەو هەڵبژاردنەدا، ئەگەر ئامرازێكیش نەبێت بۆ باشتر بون، ئامرازێکە بۆ خراپتر نەبون. پێویستمان بە گۆڕینێکە لە شێوەی سیاسەت و پەیوەندییەکانی هەرێم و کورد لەگەڵ بەغداد و نەتەوەکانی دیکەی عێڕاق، لەپێش هەمویانەوە عەڕەب. پێویستمان بە دونیابینییەکی نوێیە کە دونیابینیی پارتیی و یەکێتیی، بەتایبەتتر هی پارتیی، بۆ عێڕاق و هەرێمی کوردستان تێبپەڕێنێت. نمونەیەکی سادە لە دەنگدان وەک ئامرازێک بۆ رێگریکردن لە خراپتر نەبون: لە ١٦ی نیسانی ٢٠١٧، ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا ریفراندۆمێکی دەستوریی بەسەر تورکیادا سەپاند. سیستەمی پارلەمانیی ئەو وڵاتەی گۆڕی بۆ سیستەمی سەرۆکایەتیی، رونتر سیستەمێکی سوڵتانیی کە لەگەڵ ویستە پاوانخوازییەکانی خۆی دەگونجێت. بەشداریکردن لەو هەڵبژاردنەدا ٪٨٥.٤٣ بو، بەڵێ ٪٥١.٤١ بو، نەخێر٪٤٨.٥٩ بو. ئەوانەی بەشداریی ریفراندۆمەکەیان نەکرد، بەدڵنیایی دۆستانی ئەردۆغان و سیستەمی سەرۆکایەتیی نەبون. بەڵام بە هەر هۆکارێک بێت بەشداریی ریفراندۆمەکەیان نەکرد. ئەگەر لەو ٪١٥یە نیوەی بەشداریی بکردبوایە، بەدڵنیایی رێژەی دەنگدان دەگۆڕا لە بەرژەوەندیی نا کە وای دەکرد خەونە سوڵتانییەکانی ئەردۆغان کۆتایییان پێ بێت. ئەو ٪١٥یە دەیتوانی رێ لەوە بگرێت دۆخی تورکیا خراپتر نەبێت. دوای ٢٠١٧، بە هۆی سیستەمی سەرۆکایەتیی تورکیاوە، کۆمەڵگای تورکیا و ئابوریی و سیاسەتەکەی، توشی دابەشبون و دڵڕەقیی و تیرۆر و گرتن و کوشتنی زیاتر بۆتەوە. خەونی بەدیموکراتیبونی تورکیا تا رادەی مردنە. پەیوەندیی کورد و تورک هێندەی تر مەودای تێکەوتوە. تەداخولی تورکیا لە سوریا و عێڕاق زیاتر بوە، پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەوڕوپا و ئەمریکا تێكچوە، هیچی لە بەرژەوەندیی تورکیا و گەلانی تورکیا نەبوە. بۆیە، بەشداریکردنت لەوانەیە زۆر شت نەگۆڕێت لەو قۆناغەدا، بەڵام ئەگەر خەونی گۆڕانکارییت هەیە لە داهاتودا، بڕۆ دەنگبدە تا خراپتر نەبێت. دەنگبدە بۆ ئەوەی لە داهاتودا باشتر بێت، نەک لە پێتوابێت لە ئێستا هەمو شتێک بە هەڵبژاردن چاک دەبێت. گۆڕانکاریی و چاکسازیی لە عێڕاق و هەرێمی کوردستاندا پشودرێژیی دەوێت، خەبات و تێکۆشانی زیاتری دەوێت، قۆستنەوەی دەرفەتەکانی دەوێت، بێهیوانەبون و بەردەوامیی دەوێت. دەبێت وانەیەک لە ریفراندۆمی دەستوریی تورکیا فێرببین و هەمو هەوڵێک بدەین بە شێوەیەکی گەورە بەشدار بین، نەک بۆ باشتربون، بەڵکو بۆ خراپترنەبون. کاتێک خەونی پاسەوانانی سیستەمی کۆنت راگرت کە دەیانەوێت دۆخی هەنوکەیی بهێڵنەوە، قۆناغی چاکسازیی و گۆڕانکاریی دەستپێدەکات. بۆیە، بڕۆ بۆ دەنگدان ئەگەر لە پێناو ئێستاش نەبێت، لە پێناو داهاتو.
ئاسۆس هەردی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارە تا ئەم ساتەی ئەم دێڕانە دەنوسم، زۆر بەسستیو ساردوسڕی بەڕیوە دەچێت. هاوڕێیەکم پێی وایە ئەم “هێمنی”و ساردییە نیشانەی ئەوەیە حیزبەکان (بەتایبەت دەسەڵاتدارەکان) بۆیان دەرکەوتوە بەهاشوهوشو شەڕە پەڕۆو پەلاماردانی یەکترو یەکتر بێزارکردن هیچیان دەستگیر نابێت، بۆیە بانگەشەی ئەم جارە “هێمن”ە! ئەگەرچی لەناخی دڵەوە هیوادارم ئەو بۆچونە راست بێت، بەڵام پێم وایە لەپاڵ گەلێک هۆکاری تردا، هۆکاری سەرەکیی ئەم ساردییە تۆرانی خەڵکو بێهیواییانە بەرامبەر پرۆسەی هەڵبژاردنو دەنگدان. کەم نین ئەو هاوڵاتییانەی دەڵێن “چەند ساڵە بەشداری لەهەڵبژاردندا دەکەین، بەڵام بارودۆخی ژیانو وڵاتمان نەک باشتر نابێت، بەڵکو بەردەوام بەرەو خراپتر دەڕوات…. حیزبەکان وەک یەکنو بێ بەڵێنو گەندەڵن… شەڕیان بۆ پلەو پایەو دەسەڵاتی خۆیانە، نەک ئێمە…هتد، کەواتە بۆ بچین بۆ دەنگدان؟”. لەراستیدا پاش ئەزمونی هەڵبژاردنەکانی رابردو، نابێو ناتوانین ناهەقی خەڵک بگرین، بەڵام با دور لەتوڕەیی کەمێک بیر بکەینەوە. کێن ئەوانەی توڕەو ناڕازینو نایانەوێ بچن بۆ دەنگدان؟ بەنەچونیان چییان دەستدەکەوێ؟ کێ لەم بێهیواییەی ئەوان قازانج دەکات؟ لەهەمو شوێنێکی دنیادا هەمیشە رێژەیەکی بەرچاو لەخەڵک لەبەر هەر هۆیەک بێت بەشداریی هەڵبژاردنەکان ناکەن، بۆیە ئەگەر لەشوێنێک رێژەی بەشداری لەسەدا شەست تێپەڕێنێت، بەسەرکەوتنو بەشدارییەکی گرنگی خەڵک لەقەڵەم دەدرێت. من قسەم لەسەر ئەم بەشەیان نیە. ئەوەی مەبەستی منە ئەو رێژەیەیە کە لەساڵانی رابردودا لەمەیدانەکەدا بونو ئێستا لەبەر بێهیواییو بێ متمانەییان بەسیاسەتمەدارو حیزبەکان، نایانەوێ دەنگ بدەن. پێم وایە زۆرینەی هەرەزۆری ئەمانەی دوایی، خەڵکە ناڕازییەکەن. ناڕازی لەدۆخی ئێستا، لەقسەو کردەی دەسەڵاتداران، لەبەڵێنە بێناوەرۆکەکانیان، لەشکستە گەورەو بچوکەکەنیان، لەگەندەڵیو ناعەدالەتی… هتد. بەواتایەکی تر، زۆربەی هەرەزۆری ئەو ناڕازییانە خەڵکە ئاساییەکەن نەک ئەندامو لایەنگرانی حیزبەکان. ئەمانەی دوایی وەک ئیلتیزامێکی حیزبی هەر دەچنە سەر سندوقو هەر دەنگیش بەحیزبەکانی خۆیان دەدەنەوە. ئەگەر ئەوەشمان لەبیر بێت کە هەمیشە خەڵکی ناحیزبی زۆرینەی کۆمەڵگە پێکدێنن، بەحسابێکی زۆر سادە بۆمان دەردەکەوێ بەشدارینەکردنی خەڵکی ئاسایی- ناڕازی، راستەوخۆ خزمەت بەحیزبەکانو بەتایبەت خزمەت بەحیزبەدەسەڵاتدارەکان دەکات. چونکە ئەو کاتەی ناڕازییەکان دەست لەمافی دەنگدانی خۆیان هەڵدەگرن، بیانەوێ یان نا، رازی دەبن بەوەی خەڵکە حیزبییەکە لەجیاتی ئەوان بڕیار لەسەر چارەنوسیان بدەنو سەرکردەکانی خۆیان بکەنەوە بەئاغای مەملەکەت! رێژەی بەشداری کەم بێت یا زۆر، ئەوەی لەسندوق دێتە دەرەوە، بەبڕیارو ئیرادەی خەڵک لەقەڵەم دەدرێت، بەوانەشەوە کە ناچن بۆ دەنگدان. جگەلەوەش پێم وایە دیسان خزمەتێکی گەورەی حیزبەدەسەڵادارەکان دەکەین ئەگەر بڵێین هەمو حیزبەکان وەک یەکنو وەک یەک بەرپرسیارن لەم دۆخەی پێی گەیشتوین. زۆر بەکورتی هەر ئەوەندە بەسە لەخۆمان بپرسین ئەم هەمو ساڵە بڕیاری سیاسی، ئابوری، ئیداریو ئەمنی بەدەست کێ بوە، بۆ ئەوەی بزانین کێ بەرپرسیارە لەم وێرانەیەی ئێستا. بۆیە هاونیشتمانیی بەڕێز، ئەگەر تۆش وەک من لەم دۆخە ناڕازیت، دودڵ مەبەو لەئێستاوە بڕیاری خۆت بدە. چونکە بەشداری نەکردنت، تەنها خزمەتی ئەوانە دەکات کە لێیان ناڕازیتو کوردستانیان بەم رۆژە گەیاند. رۆژنامەی ئاوێنە
تارمایی ئەوەیە کە لێرەیە و لێرە نیە. لێرەیە و ئێمە هەوڵئەدەین کە لە گەڵیدابین، بەڵام هەوڵەکانمان هەرگیز ناگاتە ئامانجی ئەوەی کە بە تەواوی ئەوەی کە تارماییە، چیدی لە دۆخی تارماییدا نەمێنێت. بەڵام تارمایی ئەو بونەیە کە پاش دەرکەوتنی دەبێتە بەشێک لە ئێمە، هەمیشە بێ جەستەیە، تەنها ڕۆحێکە، بە دوای ئەو جەستانەدا دەگەرێت کە بە دوایدا دەگەڕێن. کاتێک جەستەکان بە ڕۆحی ئەم تارماییە ئاشنا دەبن، ئیتر پچڕانێک دروست دەبێت لە نێوان خۆیان و دونیادا، کات دەپچڕێت، چونکە ئەو ساتەوەختەی کە بە جۆرێکی تر بیرمانکردەوە ئیتر هەرگیز هەمانکات نیە، هەمان پلەبەندی شتەکان نیە، دونیا هەرگیز بە هەمانجۆر نیە. ئەو پیاوەی کە ئەم جۆرە تارماییەی لە دونیای ئێمەدا دروستکرد نەوشیروان مستەفا بوو. پێش هاتنی ئەو، زمانی گۆڕان، خەونی گۆڕان، خواستی گۆڕان، دووربوو لە ڕۆحی گشتی، لە هێز، لە نۆرم. ئەو هات پچڕانێکی لە حەکایەتە گەورەکانی شاخ و خەبات و چەکداردا دروستکرد و وەک لیوتار ووتی سەردەمی چیرۆکە گەورەکان تەواو، ساتی ئەوەیە گوێ لە چیرۆکی هەریەکێک لە ئەندامانی ئەم کۆمەڵگایە بگرین و گورزەیەک لە ووردە چیرۆک دروست بکەین، بۆئەوەی ڕەنگی هەمومان و ئاهی هەمومان و خواستی هەمومان ئامادەیی تیادا هەبێت. بەڵام لە بەگشت بوونی ئەم رۆحە، جارێکی تر، دەبێتەوە بە تارمایی. تارماییەک کە ترس دەهێنێت. ترس لە هەناوی ئەو جەستانەی کە ڕۆحیان تیادا نەماوە یان توانای وەرگرتنی ڕۆحێکی تریان نیە. بۆیە وەک درێدا دەڵێت، تارمایی هەمیشە تارماییەکانە. بەڵام تارمایی چی ئامادەییەکی هەیە؟ یان ئەوە چ ئێستایەکە کە ئامادەییەکی تارماییانەی هەیە؟ ئامادەیی تارماییانە ئەو ئامادەییە کە بونی هەیە بەڵام ئاگایی نیە بەرامبەر بونی، یان نکوڵی دەکرێت لە بونی یان رێگری دەکرێت لە بونی. بۆ نمونە داهاتوی گەنجان و لاوان تارماییەکە بەدوامانەوەیە، لە پێشمانەوەیە، ئەگەر ئێستا هەستی پێنەکەین ئەوا هەرزوو ڕاوەدومان دەنێت. بۆیە گۆڕان ئەو پرۆسەیەیە کە تارماییەکان دەناسێتەوە، جەستە ئامادە دەکات بۆ ڕۆحەکان. نەوشیروان مستەفا ئەو تارماییەیە کە لە هەموو ئاگاداربونەوەیەکمان لە تارماییەکان دێت تارماییانە سەرەتاتکێیەکمان لە گەڵدا دەکات. تارماییەکان لەوێن، کە هەستمان پێکردن دەبنە هاوەڵمان، کە لێیان ترساین دەبنە دێوزەمە بۆمان، کە لە بیرمانکردن جارێکی تر دەبنەوە تارمایی و راوەدومان دەنێن. بۆیە هەمیشە ئێستایەک هەیە کە هەرگیز تەواو ئێستا نیە، ئێستایەک هەیە کە ماسیانیکە.
دانا هەڵەبجەیی پرۆسەی دەنگدان، لە کوردستان سیما و ڕەزمێکی سەیر و سەمەری لە خۆگرتووە. ساڵی 1992 کە یەکەم جار کورد لە باشوور بە تاس وجۆشەوە ئەم ئەزمونەی تاقیکردووە، بۆ بەگەڕخستنی یەکەم پەرلمانی کوردستان،. ئەوەندەی نەبرد شەڕی نەگریسی حیزبە کوردستانییەکان دەستی پێکرد و بە هێنانی تانکی دوژمن بۆ سەر پەرلمان، ئەنجامی ئەوهەڵبژاردنە پەنجا بە پەنجایەمان بینی. ئەوەندەی ئەم هەڵبژاردنە بۆ برابەشکردن(گومرگ) و ڕێگڕی لە هەڵگیرساندنی شەڕی یەکێتی و پارتی بوو، چارەکە ئەوەندە فڕی بەسەر دیموکراسی و مافی دەنگدانەوە نەبوو. ئەمانە مێژوویەک لە شەڕی دەسەڵات و دارییان هەیە، کە لە جەلالی و مەلاییەوە بگرە تا ئەوەی کە ئێستا ڕۆیان چوانەتە ناو ماڵی هەموو کوردێک. لە شاخ بە چەک و پاوانکاری، حەق و حسابیان لەگەڵ یەک ئەکرد، ئێستاش بۆ هەمان ئامانج، بە ڕێگەی هەڵبژاردن و میدیاکانیان ئەیکەن. ئەگەر شەرمی میللەت و ترسی بەغدا و دەوڵەتان نەبوایە،هەمان شەڕیان بۆ ئەکردینەوە دیاری،. بەڵام خۆشبەختانە بەشێکی فرەی میللەت لە مەرام و مورادی ئەمانە گەیشتوون. ئەم 27 ساڵە ڕووی شاراوەی خۆیان و بنج وبنەوانیان بە تەواوی دەرکەوت، کە ئەمانە چ کانزایەک و چ بونەوەرێکی نامۆن بە جەستەی میلەتێکی ستەمدیدەی کوردەوە. ئەمانە تا ئێستاش شەڕە پەرۆ و شایی و لۆغان و خۆنمایشکردنێکی ساویلکانە ئەکەن، وا ئەزانن ساڵەکانی نەوەدەکانی سەدەی پێشووە. جگە لە هەڵدانەوە پەڕە خویناوی و هەڕەشە و گوڕشە و زمانی چەکی یەکترکوشتنەکانیان کە دەیان هەزاریان لەیەکتر کوشت و ماڵوێرانکرد، بەناوی شەهید و شاخ و شۆڕشەوە، هیچی تازەیان پێ نییە، بۆ ئەو میللەتە داماوە. ئەوان ئەوەندەی قاڵبووی شەڕ و شۆرن، ئەوندە بە تەنگی بە مەدەنیکردنی کۆمەڵگە نین. ئەوەندەی باس لە ئامڕاز و ئامانجەکانی شۆڕشی چەکداری ئەکەن ئەوەندە باسی یاسا و داد و خزمەتگوزارییەکانی کۆمەڵگە ناکەن،. ئەمان لە ئاشتی و ئاوەدانی و لە ناو میللەتێکی تێر و تەسەلدا، خەرمانیان بەرکەت نایات. ئەگەر وەک چاودێرێکی بیانی گوێقوڵاغی وتارە ڕەق و تیژەکانیان بین، وا هەست ئەکرێت کە تا ئێستا پێشمەرگە بە شاخەوەیە و دژی دوژمنێک ئەجەنگێت. ئەمانە جگە لە پەرچە کردار و خۆ بە ئۆپۆزیسێۆنزان و پارتی پێشەڕەو زیاتر، هیچیان لە هەگبەدا نییە، ئەگەر هەبوایە لە کەمپینەکانیاندا ڕەنگی ئەدایەوە. تازە باسی دەسکەوتی زیاتر و دروستکردنی ئایندە ئەکەن، وەک بڵێی پێشتر بۆیان نەلوابێت ئەمانە بکەن. بەڵام لە سایکۆلۆژی سیاسەتدا لە خودی دروشمەکەدا ئەبینرێت، کە بەڵێ، دەسکەوت و ئایندەیان بۆ خۆیان بە زیادەوە فەراهەم کردووە، ئەوە میللەت و دۆزی کوردە کە بێ بەشە لەو دەسکەوت و ئایندەیە. هەربۆیە، ڕەنگاندنی زەمین و ئاسمانی شەقامەکان، و گرداندنی ڕەشە ئەندامانی حیزب لە مەیدان و گۆڕەپانەکاندا، دادی کاڵبونەوە و هەڵوەڕاندن نادات، میللەتی هۆشیار ئەمجارە ئەزانێت بێدەنگانە چۆن دەنگ ئەدات، وەهەرچەندە دەنگی قەوانە سواوەکان، بگاتە کەشکەلانی فەلەک، بەڵام نابێتە مێشە میوانێکی خەڵکی هۆشیار. ئەو کولتوورەی حیزبی چەکدار و شەڕوشۆڕی سەدەی بیست، فریای خەباتی مەدەنی و عەقڵانی و سیاسی ئەم سەردەمە ناکەوێت، چونکە خەرمانی دەیان ساڵەمان نە بە مشت، بەڵکو بە سایلۆش بینیوە و چەشتووە. بێدەنگانە دەنگە هۆشیار و ژیرەکانی میللەت، چیدی توخنی زۆربڵێ بێ بەرهەمەکان ناکەوێت، بەڵکو دوای خەڵکی دەوڵەت و دەوڵەتداران ئەکەوێت، کە گوزەران و ژیانی ئاسودەی بۆ مسەوگەربکات. نەک شانامەی بۆ بخوێنێتەوە.
نیاز عهبدوڵڵا..... ئهفسانهی دهسهڵات له رێگای تاوان و ههڵهكانی دهسهڵات خۆیهوه تێكدهشكێت. یهكێك لهو ههڵه مێژووییانهی دهسهڵاتی خۆ بهڕێوهبهری كوردی له تێكشكاندنی ئهو ئهفسانهیهی خۆیدا كردی كه چهندین ساڵ به خهرجكردنی پاره و بهكارهێنانی چهك دروستی كردبوو، تیرۆركردنی رۆژنامهنووسی لاو سهردهشت عوسمان بوو. ئهو هێزانهی پایهكانی دهسهڵاتیان له رێگای ترساندن و درۆكردنهوه راگرتووه ئاسانتر گوتاری ساختهیان له پهنای بانگهشهكردن بۆ سیستهمێكی دیموكراسی ئاشكرا دهبێت. تیرۆركردنی سهردهشت عوسمان لهژێر فهرماڕهوایی سهربازی پارتی دیموكراتی كوردستان له شاری ههولێر، ههردوو پایهكهی دهسهڵاتی لهق كرد كه ئهوكات تهمهنی 19 ساڵ بوو. ئهوان لهپێناو درزتێنهكهوتنی پایهكانی ترس و درۆی حوكمڕانیان تیرۆریان كرد، كهچی 8ساڵه ناڕهزایهتی له مهرگی ئهو سیمبولهی ئازادی شهپۆلی بههێز دهدات بۆ خستنی پایهكانی ستهمكاری له كوردستان و بونیادنانی ژیانێكی دادپهروهرانهی پڕ له كهرامهت. لهو كاتهی سهردهشت وتاری "یهكهمین زهنگی كوشتنم لێی دا"ی نووسی و وتی "له چهند رۆژی رابردوودا بۆ یهكهمین جار پێیان گوتم ژیانت چهندی نهماوه، یان به گوتهی خۆیان مۆڵهتی ههناسهدانم لهم شاره نهماوه، بهڵام من نهباكم به مردنه و نهئازاردان، لهچاوهڕوانی كۆتاییهاتنی مۆڵهتهكهمم تا به دیداری بكوژهكانی خۆم بگهم" ئهو باش ناسنامهی سیاسی بكوژهكانی دهناسی، دهیزانی چۆته ههناوی چهقبهستووی سیاسییان و له دیدگایان "ئهمنی قهومی وڵاتهكهی بهزاندووه و دهكهوێته بهر رهحمهتی تفهنگ و قهڵهمهكانی ئهوان" و چیتر ئهو "وهك ئهوهی شوفێرێك" بێت و "له ترافیكی سوور"ی دابێت چاوهڕوانی سزای "ئهم دهسهڵاته بووه، كه باكی به مردنی نهوهكانی خۆی نییه". بكوژناسی ئهو دهگهڕێتهوه بۆ ناسینی ئهو سیستهمه سیاسی و بنهماڵه سیاسییانهی له كوردستان رهخنهیانی دهكرد و دهیزانی له نێو ئهفسانهی سیاسیی ئهواندا "نابێت به سهرۆكهكهت بڵێی مووچهكهت چهنده؟ بۆ كوڕ و نهوه و خزم و كهسوكارت ئهو ههموو پۆسته سهربازی و حكومییهیان پێدراوه؟". ئهو باش زانیبووی مهترسییهكانی نووسین چین، بۆیه ههر خۆی دهیپرسی "ئهبێ مهترسییهكانی نووسینێك چی بێت، بهشێوهیهكی كۆمیدیا كه رهگهزێكی گرنگی ئهدهبیات و هونهره باس له سهرۆك بكهین؟". دوای تێپهڕبوونی 8ساڵ بهسهر تیرۆركردنی، وانهیهك كه له سهردهشتهوه بۆ ئازادیخوازان جێدهمێنێت جگه له ناسینی سیستهمی سیاسی و راددهی چاوهڕوانیمان له پهرچهكرداری ستهمكارانهی ئهم حوكمڕانییه، راددهی خۆڕاگری و بهرگری ئێمهیه له بیروباوهڕی ئازادیخوازانه و دادپهروهری و كهرامهتی گشتی و تاك. نهگهڕانهوهمانه بۆ دواوه له خهباتی مهدهنی و بهرگریكردن له ئازادی رادهبرین و ئازادی كاری رۆژنامهوانی و دروست كردنی پایهكانی حكومڕانییهكی دیموكرات له كوردستان.
لاوك سەڵاح تێگەیشتن لە هەیکەل و بەرنامە و بونیادی پارتەکان فاکتەرێکی سەرەکییە یارمەتی دەنگدەر دەدات بۆ ئەوەی رۆژی هەڵبژاردن بریار بدات دەنگ بە کێ دەدات. بۆ نموونە، دەنگدەر، دوور لە هاوار و قیرە قیر، ئەو پرسیارە لە خۆی بکات کە لە کوردستاندا چ جۆرە سیستمێکی حوکمرانی دەوێت؛ پەرلەمانی یان سەرۆکایەتی؟ ئەم هەڵبژاردنەی عێراق وەک راهێنانێک وایە بۆ هەڵبژاردنی کوردستان. ٢. دەنگدەر دەبێت ئەو پرسیارە بکات کێ دیاردەیەکی عەرەزی و سەرپێیانەیە لە دونیای سیاسیماندا؟ کێ هەڵگری پرۆژەیەکی ریفرۆمکردنی سیاسییە؟ رەنگە تێروانین و رای جیاوازمان لەسەر ئەم مەسەلەیە هەبێت. کێ بە مردنی سەرۆکی لیستەکەی تیپ هەڵدەوەشێتەوە؟ ٣. بەرێوەبردنی دارای هەرێم پێویستی بە گیانێکی ماراسۆنی هەیە، هەر بۆ نموونە بەرێوەبردنی پرۆژەی تایبەت زۆر جیاوازە لە بەرێوەبردنی پرۆژە گشتییەکان، یاساکانی جیاوازە، ئامانجەکانی جیاوازە، کەسایەتییەکانی جیاوازن..هتد هەر لەبەر ئەوە، دەنگدەر دەبێت ئاگادار و وریا بێت کە بۆ ئاییندە کێ دەخوازێت ئابووری لە سیاسەت و دەستەڵات جیا بکاتەوە. ئەمە کارە ماراسۆنییەکەیە، ئەمە جەوهەری مەسەلەکەیە. ٤. دوور لە فۆبیای بەکارهێنانی میدیا، کێ دەتوانیت لە گەرمەی هەڵمەتی هەڵبژاردندا لە تێروانینی دەنگدەرەوە بڵی من هەڵەمکرد وفێربووم و جارێکی تر ئەو هەڵانە ناکەمەوە، بێگومان ئەمە جیاوازە لە تاوانی ستراتیژی، ئەویان دەکەوێتە خانەی نەبوونی ئەزموونی ئیداری وهەڵبژاردنی کەسەکان. ئەم فاکتەرە جەوهەرییە بۆ ئەوەی هێشتا بە دەنگدەر بڵێت من لە سەنگەر و ریزی تۆم. ٥. کێ دەتوانیت لەسەر هێلێکی بیانی تا رادەیەکی جێگیر پرۆسەکە بەرێوەبەرێت، کێ دەتوانێت پرۆژەیەکی نیشتمانی بە دەنگدەر بناسێت دوور لە رەنگدانەوەی سایکۆلۆژیەتی دیاریکراو بە گیانێکی پیشەییانەوە و دوور لە تۆمەتبازی بەڵام پشتئەستوور بە راستگۆیی وحەقبێژی کە رەنگدانەوەی ماف پاراستنی هەموو پێکهاتە کۆمەڵاتییەکان بێت هەر لە ئیسلامییەوە تا دەگاتە عیلمانییەکان، دواجار ئەم نیشتمانە هی هەموومانە.
کۆمەڵێک خوێنەر پرسیاری ئەوەیان لە من کردوە ئایا ھەڵبژاردن لە ھەرێمدا ھیچ دەگۆڕێت؟ ئایا بەشداربوون لە ھەڵبژاردندا چ سودێکی ھەیە؟ ئەمەش وەڵامێکی کورتی من بەو دوو پرسیارە. بە بۆچونی من وەڵامی پرسیاری یەکەمیان پابەستە بەوەوە چ مانایەک بە ”گۆڕان“ ئەدرێت؟ ئەگەر مەبەست لە گۆڕانکاریی کەمکردنەوەی ڕوەکارە زینابەخشەکانی سیستمە سیاسییەکەی ئەمڕۆکە بێت و ھەوڵدانبێت بۆ بەگژاچوونەوەی کێشە ھەرە سەرەکیی و گەورەکانی، لەوانە بۆ نموونە بەگژاچوونەوەی دەسەڵاتی خێزانی و ھێنانەدەرەوەی بڕێکی بەرچاوی دەسەڵات لە ژێر دەستی ئەو خێزانانە، بەھێزکردن و چالاککردنی پەرلەمان وەک دەزگای شەرعی ژمارە یەکی ھەرێم، بەگژاچوونەوەیەکی جدیی و ڕاستەقینەی دیاردەی گەندەڵیی، بەرقەرارکردنی شەفافیەت و ڕوونی لە ئابووریی نەوتدا، داڕشتنەویە پەیوەندییەکانی ھەرێم بە بەغدا و وڵاتە ئیقلیمییەکانەوە لەسەر بنەمایەکەی نیشتیمانیی و بەشێوەیەکی دەزگایی، ھەوڵدان بۆ سەربەخۆکردنی دادگاکان و وەگەڕخستنی میکانیزمێکی چالاکتر بۆ لێپرسینەوە لە تاوانباران، ڕێکخستنەوەی ھێزە چەکدارەکان و دەستکردن بە دامەزرادندنی سیستمێکی تر لە ئاسایش بۆ پاراستنی ھەرێم و دانیشتوانەکەی، دەڵێم ئەگەر ئەمانە خاڵە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی گۆڕانکاریی بن، ئەمانە ئەو تەوەرانە بن کە کردەی گۆڕانکاریی لە ھەرێمدا ڕووبەڕوویان ببھتەوە، ئەوا ئەگەری دەسکاریکردن و گۆڕانکارییان لەئارادایە و شتێک نییە مەحاڵ بێت. ئەمانە ھەموویان بە بڕیاریی سیاسیی و لەپاڵ کۆمەڵێک تەماح و خەونی سوڵتانیدا دروستکراون، بۆیە بڕیاری سیاسیی تر و خەونی سیاسیی و کۆمەڵایەتی تر دەتوانێت بیانگۆڕێت. بێگومان ئەم دۆخە کە بە لەزیاد لە چارەکەسەدەیەک و بە سەدان و ھەزاران بڕیار دروستکراوە ناکرێت لە دەورەیەکی پەرلەمانیدا کۆتایی بە ھەموو دەرکەوتە خراپەکانی بھێندرێت. بەڵام دەکرێت سەرەتایەکی ڕاستەقینە بۆ گەیشتن بەو کۆتاییە دەستپێبکرێت، بە بۆچوونی من بەشێک لەو سەرەتایە خۆشی لەگەڵ دروستبوونی ئۆپۆزیسیۆندا ھاتۆتەکایەوە و دروستبووە، ئەوەی گرنگە بەردەوامیدان و پتەوکردن و فراوانکردنی ئەو سەرەتایەیە. خاڵێک کە دەبێت لای ھەمووان ئاشکرابێت ھیچ گۆڕانکارییەک نییە بێکێشە و لەسەر ھێڵێکی ڕاست بڕوات و دروستببێت، کردەی گۆڕانکاریی کردەیەکی مێژوویی ئاڵۆزە و پڕیەتی لە ھەڵبەز و دابەز و چوونەپێشەوە و پاشەکشەکردن. ئەوەی گرنگە بوون و ئامادەگیی ئەو ئیرادە و خواستەیە کە دەیەوێت گۆڕانکاریی بکات، بوونیکۆمەڵێک بکەرە کە لەو پێناوەدا کاردەکەن. ئامادەگیی کۆمەڵگایەکیشە کە نایەوێت بەو شێوەیە بژی کە تا ئێستا ژیاوە. سەبارەت بە وەڵامی پرسیاریی دووھەمیان دەڵێم: دەسەڵاتدارانی ھەرێم و سیستمە سوڵتانییەکەیان گیریان بەدەستی پەرلەمانێکەوە خواردبوو، وە ناچاربوون دایبخەن کە خۆیان زۆرینەیان لەو پەرلەمانەدا ھەبوو. ئەگەر دۆخێک بێتەکایەوە ئەوان ئەو زۆرینە پەرلەمانییە لەدەستبدەن و نەتوانن حکومەت تەشکیلبکەن، ئەودەم گیرخواردنەکەیان دەقات دەبێت. پەرلەمان لای نوخبە دەسەڵاتدارەکە دیکۆرێکی سیاسیی بێڕۆح بوو، بەڵام لە دوو دەورەی پەرلەمانیدا ئەم دەزگایە لە گەشەی خۆیدا گۆڕان بۆ ھێزێک کە ناچاربن دایبخەن. بۆیە من پێموایە ھەوڵدان بۆ ھێنانەکایەی پەرلەمانێک کە دوو پارتە حوکمڕانەکەی ئەمڕۆکە، لەناویدا زۆرینە نەبن ھەنگاوێکی ھێجگار گرنگ و سەرەتایەکی تازەی ترە. ئەمەش داوای ئەوە لە دەنگدەران دەکات بەشداربن لە دروستکردنی ئەو واقیعە سیاسییە نوێیەدا و دەنگبدەن. ئەو ھێزەی کە دەتوانێت پەرلەمانێک دروستبکات کە تیایدا پارتی و یەکێتی زۆرینە نەبن دەنگدەرانن. ھەمووان دەزانین ھەڵبژاردنی ئەمجارە بۆپەرلەمانی عێراقە، ئەم ھەڵبژاردنە ئەگەر و توانای ئەوە بە خەڵکی ھەرێم ئەدات نوێنەرایەتیکردنی خۆیان لە بەغدا لە دەستی دوو بنەماڵە سیاسییەکەی ھەرێم دەربھێنن و سەرەتایەکی نوێ بۆ نوێنەرایەتیکردنێکی تر بھێننەکایەوە.
ههڵیژاردنی پهرلهمانی عێراق دابهشكردنی كورسی و كۆتای ئافرهتان دڵشاد نامق فهرهج ههڵبژاردن له عێراقی دوای سهدام بهچهند قۆناغێكدا تێپهڕی، سهرهتا له یاسای دهسهڵاتی هاوپهیمانان ههموو عێراق وهك یهك بازنهی ههڵبژاردن حسابكرابوو، وه ژمارهی كورسیهكانی 275 كورسی بوو، كه 230 كورسی بهشێوهی كێبهركی دهبراو (40)كورسیشی بهسیستهمی (HARE) دابهش دهكرا. بهڵام لهیهكهم گۆڕانگاری و ههمواری یاسای ههڵبژاردندا له ساڵی 2009 سیستهمهكه له یەك بازنەییەوە گۆڕا بۆ فرە بازنەیی و عێراق بوو بە ١٨ بازنەی هەڵبژاردن، ئەمەش واتە کوسیەکانی پەرلەمان دابەشی سەر پارێزگاکان کرا و هەر پارێزگایەك ژمارەیەك کورسی بەرکەوت کە لیستەکانی ئەو پارێزگایانە تەنها لەسەر ئەو ژمارە کورسیەی پارێزگاكهی خۆیان کێبەرکێ دەکەن، بۆ نمونە سلێمانی ١٨ کورسی بەرکەوتووه، وە کۆی گشتی کورسیەکانی پەرلەمانیش کرا به ٣٢٥ کورسی. لە ساڵی ٢٠١٣ گۆڕانکاریەکی تر لە ڕویدا، کە سیستەمی دابەشکردنی کورسیەکان کرا بە (سانتلیگۆی هەموارکراو١.٦)، وە ژمارەی کورسیەکانیش بوو بە ٣٢٨ کورسی. کۆتا هەموارکردن کە لەیاسای هەڵبژاردنەکانی عێراقدا کرا ساڵی ٢٠١٧ بوو، کە سەرەڕای بەلیکترۆنیکردنی هەژمارکردنی دەنگدان، دوو بابەتی تریش زیادکرا، سیستەمی سانت لیگۆی هەموارکراو کرا بە ١.٧ و کورسیەکیش بۆ کۆتای کوردی فەیلی زیادکرا. سانت لیگۆ و سانت لیگۆی هەموارکراو: ئەم بابەتە لە بنەڕەتدا هاوکێشەیەکی بیرکاریە کە بەناوی خودی زاناکەوە ناونراوە، بریتیە لەوەی کە کورسیەکان ڕاستەوخۆ بەپێی دەنگی لیستەکان دابەشی سەر لیستەکان ناکرێت، بەڵکو دەنگی دروستی لیستەکان دابەشی سەر ژمارە تاکەکانی (١ ، ٣ ، ٥ ، ٧ ،....) دەکرێت و پاشان کورسیەکان لە گەورەترین ژمارەوە دابەشی سەر لیستەکان دەکرێت سانتلیگۆی هەموارکراو: لەم سیستەمەدا دەنگەکانی هەرلیستێك لەجاری یەکەمدا لەبری ژمارە (١) دابەشی یەك و کەسرێك یاخود پۆینتێك دەکرێت، بۆ نمونە لە عێراق بۆ جاری یهكهم (1.7) دانراوه، وەپاشان دابەشی ژمارە تاکەکانی (٣ ، ٥ ، ٧ ، ٩ ،٠٠٠٠٠) دهكرێت، وەبەهەمان شێوە بهپێی دهرهنجامهكان لە گەورەترین ژمارەوە کورسیەکان دابەش دەکرێت. جیاوازیەکە ئەوەیە کە لە سانت لیگۆی هەموارکراودا هەتا کەسرەکە-پۆینتەکە- زیاتر بێت ژمارەی یەکەمی لیستەکان بچوکتر دەبێت، هەروەها ئەم سیستەمە لە سود و بەرژەوەندی لیستە گەورەکانە و لە زیانی لیستە بچوکەکانە، وەك لە نمونەکاندا دەردەکەون. دابەشکردنی کورسی بەسەر کاندیدەکاندا: دوای ئەوەی هەر لیستێك بەپێی ڕێژەی دەنگی خۆی کورسی بەرکەوت، ئیتر پێوەرێکی تر هەیە بۆ دابەشکردنی کورسیەکانی لیستەکە بەسەر کاندیدەکانیدا، ئەویش بەم جۆرە: ١- جارێکی تر لەسەر بنەمای ژمارەی ئەو دەنگانەی بەدەستیان هێناوە کاندیدەکانی ناو ههرلیستێك لهسهرهوه بۆ خوارهوه ڕیزبەندی دەکرێنەوە. ٢- گوێ بەپۆستی ناولیستەکان و ڕیزبەندی پێشویان نادرێت، واتە ڕەچاوی ئەوە ناکرێت کە سەرۆکی لسیت بخرێتە پێشەوە...، بەڵکو کێ لەناو لیستەکە زۆرترین دەنگی هێنا دەبێتە یهكهم كهس. ٣- خاوەنی زۆرترین دەنگ یەکەم کورسی لیستەکەی خۆی دەبات و خاوەنی دووەم زۆرترین دەنگیش دوەم کورسی و...وەهەروەها..... . 4- ئهگهر دوو كاندید یهكسان بوون لهژمارهی دهنگدا ئهوا بهتیروپشك یهكلایی دهكرێتهوه. ٤- لەهەموو حاڵەتێکدا پێویستە ٢٥٪ ی ڕێژەی ئافرەت بپارێزرێت، کە ئێستا باسی دەکەین. کۆتای ئافرەت: بە پێی دەستوری عێراق پێویستە ٢٥٪ ئەندامانی پەرلەمانی عێراق ژن بێت، کەواتە پێویسته له كۆی (329) ئهندامانی پهرلهمانی عێراق (83) كهسیان ئافرهت بێت، چهسپاندنی ئهم ڕێژهیهش لهڕێگهی هاوكێشهیهكی دیاریكراوهوه دهبێت كه كۆمسیۆنی باڵای ههڵبژاردنهكانی عێراق له ڕێگهی پهیڕهوی ژماره (12) وه دیاریكردووه و بهم شێوهیهی خوارهوه دهبێت: 1- له حاڵهتی ئاساییدا لهدوای ههر 3 پیاو ژنێك دهبێته خاوهنی كورسی. 2- ئهگهر بهو شێوهیه نهگونجا وهاوكێشهكه جێبهجێنهبوو، بۆنمونه لیستهكه كهمتر له 4 چواركورسی هێنابوو، ئهوا ئهم خاڵانه جێبهجێ دهكرێت بۆ مسۆگهركردنی ڕێژهی ئافرهت: أ- ژمارهی كورسیهكانی ههرلیستێك دابهشی ژماره 3 دهكرێت، ئهو ژمارهیهی كهدهردهچێت یهكسانه به ژمارهی ئهو ژنانهی كه لهو لیستهدا دهبنه خاوهن كورسی. ب- ئهگهر ژنێك به مافی خۆی كورسی هێنابوو، بهبێ كۆتا، ئهوا لهو ژمارهیه دهردهكرێت و كهم دهكرێتهوه. ت- لهدوای ههر 2 پیاو ژنێك دادهنرێت. ث- ئهگهر بهم شێوهیهش نهتوانرا كۆتای ئافرهت مسۆگهر بكرێت، ئهوا ئهو لیستانهی كه 2 كورسیان هێناوه یهكێكیان دهدرێت به ئافرهت. ج- ئهگهر بهم شێوهیهش نهتوانرا كۆتای ژنان مسۆگهر بكرێت، ئهوا ئهو لیستانهی كه تهنها یهك كورسیان هێناوه دهدرێت به ئافرهت. بهم شێوهیه دهبێت و مهرجه کە كۆتای ئافرهت وهك خۆی جێبهجێ بكرێت و بهێنرێتهدی، بۆ نمونه لهپارێزگای سلێمانی دهبێت (5) كهس له ئهندامه دهرچووهكان ژن بێت لهكۆی 18 كورسیهكه.
د. سەردار عەزیز ........ پۆستەری کاندید پانتاییەکی تایبەتە بە پەیام و سیمبول و ئاماژە و هەوڵی پەیوەندی. ئەم پانتاییە ئەگەر خوێندنەوەیەکی پانتاییانەی (سپەیشاڵ) بۆ بکەین زۆر شتمان پێدەڵیت کە ئایا کاندیدێک چۆن دەیەوێت بکەوێتە پەیوەندیەوە لە گەڵ کۆمەڵگا، دەنگدەر و کێبەرکێکەرەکانی.، هەروەها کۆمەڵگای ئێمە چۆن دەبینێت، دەکەوێتە ژێر هەژەمونەوە و کێ خاوەن دەسەڵاتەکانن تیایدا. پۆستەر پێکهاتوە لە ڕەنگ، وێنە، نوسین لە گەڵ سیمبول. هەریەکە لەمانە ڕۆڵ و پەیوەندی تایبەتی زۆری هەیە، هەروەها بە شێوازی تایبەت کاریگەری لە سەر بینەر یان دەنگدەر دادەنێن. پۆستەری سیاسی مێژویەکی درێژی هەیە، بەڵام لە دونیای ئێمەدا نوێیە. بە گشتی دەتوانین بڵێین کە لە دیموکراسیدا پۆستەر داوا لە دەنگدەر دەکات و دەیەوێت قەناعەتی پێبکات، بەڵام لە پانتایی گشتی دیکتاتۆریەتدا پۆستەر ڕۆڵێکی تری هەیە، ئەویش زیاتر بۆ رێگریکردنە لە لە بیرکردنی دەسەڵات و سیمبولەکانی. دیارە جۆری سیستەمی سیاسی جۆری پەیام و جۆری پەیوەندیش دەگۆڕێت. هەروەها ئەو کەلتورەی کە پانتایی گشتی تیایدا بونی هەیە کاریگەری زۆرە لە جۆر و شێوازی پەیوەندیکردن. کۆمەڵگای کوردی خاوەنی پانتاییەکی گشتی لاوازە و هێشتا بە ڕوونی سنوری نێوان تایبەت و گشت دیارنیە. ئەگەر بە گشتی بەبێ جودایی پۆستەری کاندیدی کورد وەربگرین دەبینین ئەوەی زاڵە ڕەنگی حیزبەکەیەتی، کە لە ناویدا وێنەی خۆیەتی، ڕەنگی حیزب وەک پاشخان و هەروەها ڕەنگی سەرەکی پۆستەرەکەیە، ئەمەش بەڕوونی ڕۆڵی حیزب دەردەخات لە پانتایی گشتی کوردی و سیستەمی سیاسی کوردی و هەروەها لای تاکی کورد. لە گەڵ ڕەنگی حیزبدا لۆگۆی حیزب هەیە کە جارێکی تر جەختکردنەوەیە لە گرنگی حیزب و پێشاندانی کاندید وەک ئەندامی حیزب. پاش حیزب کەسایەتی کاندیدەکە دەردەکەوێت کە زۆرترین پانتایی پۆستەر داگیردەکات، بە گشتی وێنەکان فەرمین، هەڵگری ئیستاتیکایەکی فەرمین، ئاماژەی ئەوە دەدەن بە دەنگدەر کە کاندید خاوەن کەسایەتیەکی دەسەڵاتیە و جلوبەرگ و نەبونی هیچ ئاماژەیەکی تایبەت لە سەر وێنەکە، وەک زەردەخەنە، پێکەنین، دڵتەنگی، وەها لە دەنگدەر دەکات کە نەتوانێت پەیوەندیەکی مرۆیی و ئاسایی لە گەڵ وێنەکەدا دروست بکات. وێنەکان بۆ ئەوەی زیاتر فەرمی و جوان دەرکەون بە رێتمی جوانی بڵاو و باڵا، لە رێگای تەکنەلۆجیاوە دەستکاری دەکرێن بۆ ئەوەی هەموو خەسڵەتە تایبەتەکانی بشارنەوە. لێرەوە وێنە دەبێتە وێنەیەکی جیاواز لە کاندید، وەک چۆن سوریالیستی بەلجیکی رێنێ ماگیت تابلۆی بەناوبانگی بە ناوی La trahison des images کێشا کە زیاتر بە ناوی ئەمە پایپ نیە ناسراوە کە تابلۆکە خۆی تابلۆی پایپێکە، بەم پێیە دەکرێت وێنەی کاندیدێک نەک هەر وێنەی کاندیدێک نەبێت بەڵکو هەر کاندیدێکیش نەبێت وەک خۆی. هۆکاری ئەمە بۆ کاندید ناگەرێتەوە بەڵکو زیاتر ئاماژەن بۆ دۆخی جوانی و زەوق و سەلیقە و چۆنێتی وێناکردنی دەسەڵات لە ئاگایی تاکی کورددا. دەسەڵات فەرمیە، بێ ڕتوشە، وەک کەسە ئاساییەکان نیە، وەک خەڵك لە ئاگایی و نائاگاییاندا بەردەوام جەختی لێئەکەنەوە. ڕەنگە ئەمە لای کاندیدی ئافرەت ڕەهەندێک تری وەرگرتبێت. هاتنی ئافرەت بۆ پانتایی گشتی لە دونیای ئێمەدا تەواو نوێیە، هێشتا پرسی ئەوەی ئایا ئافرەت وەک چی و چۆن ئامادەیە بیر لێنەکراوەیە. ئایا ئافرەت بونەوەرێکی جوانە یان خاوەن خەسڵەتی تایبەتە بە دەسەڵات کە بە پیاو ناکرێت، یان ئافرەت هاوشانی پیاوە و هیچ جیاوازی نیە، ئەمانە پرسیارن ڕەنگە لە ئاستی موجامەلە و قسەی ماکدۆناڵی و گشتی و ئامادەکراودا ئاماژەی پێبکرێت بەڵام وەک پرسی گرنگ مامەڵەی لە گەڵدا نەکراوە. ئەمە بەتایبەتی کە پانتایی گشتی لە کوردستان پانتاییەکی نێرانەیە. پانتایی نێرانە ئافرەت وەک ماقڵەی سێکسی دەبینێت و دەیەوێت بەهەمان شێوە مامەڵەی لە گەڵدا بکات. ئەمەشە دەبینین کە زۆترین قسە لە سەر پۆستەری ئافرەت دەکرێت لە ڕوانگەی ئەو کەبتە سێکسیەوەیە کە مرۆڤی کورد بە دەستیەوە دەناڵێنێت و کەسایەتی داخان کردوە. دەکرێت بوترێت هێشتا ئافرەت وەک مرۆڤ نابینرێت، کاتێک کە مرۆڤ لە ئەخلاقی کوردیدا پیاوە یان نێرە. دەکرێت بە کورتی بڵێین کە پۆستەر حەکایەتێک دەگێڕێتەوە، کە چوارچێوە گشتیەکەی حیزبە، پاڵەوانەکەی کاندیدە، دەیەوێت پەیامی ئەوە بگەیەنێت کە لە بڕی ئەوانی تر، وەک قارەمانێک خوازیاری ئەوەیە کە کارێکی گەورە ئەنجام بدات. ئەوەی دەمێنتەوە لە پۆستەردا وشەکانە. بە گشتی وشەکان کەمن، دروشم ئاسان، دەربڕی دۆخێکی سیاسی خنکاون کە دایەلۆگ و لەیەکگەیشتن و پەیوەندی تیایدا سفرە. گەورەکردن یەکێکە لە خەسڵەتە کۆنەکانی ریتۆریک، کە بەگشتی جەماوەر حەزی پێیەتی. سەرباری هەموو ئەمانە پۆستەر بە هۆی زۆری و هاوشێوەیی و دوبارەیی خەریکە هیچ ڕۆڵێکی نامێنێت لە گەیاندنی پەیام.
ھەندێ برادەر تەواو شوڵینان لێ ھەڵکێشاوە و شتەکانیان تەواو تێکەڵ کردوە، وادەزانن دژایەتی یەکێتی و پارتی واتە دژایەتی ھەرێمیش . من ئەم ڕوداوە ئەگێڕمەوە بۆ ئەوەی خەڵک و بە تایبەتیش بۆ ئەوانەی دروشمی ««لەسەر ڕێبازی کاک نەوشیروانیان »» ھەڵگرتوە ، بیخوێننەوە نەورۆزی ساڵی ٢٠١٢ کاتێک مەسعود بەرزانی بەبێ مناسەبەو بێ ھۆکارێکی موقنیع ئاگری لە پەیوەندیەکانی ھەرێم و بەغدا بەرداو ھێڕشی کردە سەر مالکی و حکومەتەکەی و بە تائیفی ناوزەدی کرد ، ئیتر بەینیان تێک چوو ،مالکی دروشمی حکومەتی زۆرینەی بەرز کردەوە . پەرلەمانتاری دەوڵەتی قانون یاسین مەجید کە نزیک بوو لە خۆی ھاتە لامان ، وتی مالکی دەیەوێت حکومەتێکی زۆرینەی سیاسی دروست بکات ، بەڵام نایەوێت ببێتە حکومەتی زۆرینەی تائیفی ، بۆیە دەیەوێت ئەم حکومەتە ھەڵوەشێنێتەوەو لەگەڵ ھەندێ کوتلەی سونی و کوردی و شیعی حکومەتێکی زۆرینە پێک بھێنێت و ئەوانی تر ببنە ئۆپۆزسێۆن ، واتە لەھەردوو بەری دەسەڵات و ئۆپۆزسێۆن ھەرسێ پێکھاتەکە ھەبن ، وتیشی مالکی وتویەتی ھەموو پۆستەکانی کوردیش لە ھاوپەیمانی کوردستانی وەدەگرینەوە و دەیاندەین بە ئێوە ، ووتمان ئێمە پێشنیارەکەێ ئێوە بە سەرکردایەتی بزوتنەوەکە ئەڵێین ، کاک نەوشیروان ، وتی ئێوە ڕەئیتان چیە ، من وتم وەڵا لای من خاک لەھەموو شت گرنگترە ، ئەگەر بە گرەنتی لە ماەیەکی زەمەنی دیاریکراو مادەی ١٤٠ جێ بەجێ بکەن، بۆ نەیکەین ، ئەو وتی نا نەخەیر مالکی نە شتی وا دەکات نە پێشی دەکرێت چونکە جێبەجێکردنی کۆی مادەکە پەیوەست نیە تەنھا بە بڕیاری ئەو با سەرۆک وەزیرانیش بێت ، ئەوان دەیانەوێت ئێمە بەکار بھێنن بۆ شەرعیەتدان بە حکومەتەکەی خۆیان کە نوێنەری کوردیشە ، ھەروەھا بەکاریشمان دەھێنن بۆ دژایەتی پێگەی ھەرێم ، پێیان بڵێن ئێمە ئیعتیزار ئەکەین ئەوە لە کاتێکدا مەسعود بەرزانی پێشتر ولە کاتی گفتوگۆکانی پێک ھێنانی حکومەت کە بەینی لەگەڵ مالکی خۆش بوو پێی وتبو ئێمە ڕازی نابین پۆلیسێکیش بۆ گۆڕان دامەزرێنن
مەریوان وریا قانع ..... لە ھەولێر فەرھاد پیرباڵ و من لە یەک قوتابخانەی ئامادەییدا قوتابیی بووین: ئامادەیی کوردستان. تەمەنی ناسینی من بۆ ئەم پیاوە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی ساڵی ھەفتا. لە نووسینی یەکەمین چیرۆکییەوە ئاگام لە بەشێکی زۆر لە نووسینەکایەتی. لە ساڵی ١٩٩٢شدا کە بەرەو ئەوروپا ھاتم، پەیوەندیم لەگەڵ فەرھادا زۆر بەھێز و دۆستانەبوو. کاتی خۆشی کە گەڕایەوە وا ڕێکەوتین گەر من بۆ دکتۆرا لە فەرەنسا وەگیرام بچمە ماڵەکەی ئەوەوە بژیم. فەرھاد نووسەرێکی بەتوانا و خوێندەوارێکی باش بوو، کۆمەڵێک کتێب و نووسینی جوان و گرنگیی ھەیە. بەڵام ئەم پیاوە لەم دەیەی دواییدا تەواو گۆڕا، من لە نووسینێکدا بەو مۆدێلە لە خوێندەوار و نووسەر ناومبرد کە پرۆژەی ”بەسعودیکردن“ی ھەرێم پێویستی پێبوو. فەرھاد وێنەیەکی لە ڕۆشنبیر ھێنایەپێشەوە کە ئەم پرۆژەیە پێویستی پێبوو، وێنەی ڕۆشنبیر وەک بوونەوەرێکی گاڵتەجاڕ. ساتێک باسی لەوەدەکرد کوردستان پێویستی با شاھەنشایەک ھەیە و دەبێت ئەو شاھەنشایەش مەسعود بارزانی بێت، ساتێکی تر وەک سەلەفییەکی دینیی باسی لەوەدەکرد کە بارزانی باوک و وەلی ئەمری کوردە. ھاوکات ڕۆڵ و وێنەیەکی ڕۆشنبیریی بەرھەمھێنا کە لەسەر بێنرخکردن و شکاندنی سەرمایەی ڕەمزیی ڕۆشنبیران کاریدەکرد. ھەموو ئەمانە و زۆر شتی تریش تەواو ناکۆک و جیاوازن بەو وێنەیەی من لەسەر کوردستان و لەسەر ڕۆڵ و ئەرک و کەسایەتی ڕۆشنبیرم ھەیە. بەڵام، مەبەستم بەڵامێکی ھێجگار گەورەیە، زیندانیکردنی ئەم نووسەرە و مامەڵەکردنی بەو شێوەیە یەکێکی ترە لە تاوانە ناشیرینەکانی حوکمڕانانی کوردستان، کۆنکریتتر بدوێم، حوکمڕانانی ھەولێر و پارتی دیموکراتی کوردستان. گرتنی ئەم پیاوە بەو شێوە نایاساییە و ھێشتنەوەی لە زیندان لەسەر ویست و خواستی کەسانێکی تایبەت، نەک تەنھا سوکایەتییە بە فەرھاد خۆی، بەڵکو سوکایەتییە بە ھەمووان. بۆیە ئازادکردنی فەرھاد پیرباڵ بەشێکە لە کردەی ئازادکردنی ئەو کۆمەڵگایە لەژێر ئەو کۆنترۆڵە حیزبییە خنکێنەرەی ھەموو کون و قوژبنێکی گرتۆتەوە. لە دەیەی ڕابردوودا فەرھاد و من تەواو جیاواز و ناکۆک بووین، بەڵام بەگریکردن لە مافی ئەو وەک مرۆڤ و وەکو نووسەر، وەک بەرگریکردن لە مافی خۆم و لە مافی کۆمەڵگای کوردیی دەبینم.
یاسین تەها ...... ترس و دڵە خورتێیەكی زۆر هەیە لەلاوازی بەشداریكردنی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی ئایاری 2018، لەبەر چەند هۆكارێك: ـ هەندێ ئایەتوڵڵای بچوك و مامناوەند (الخالصی، فاچل المالكی) فەتوایان داوە بۆ بایكۆتكردنی دەنگدان. تەوژمێكی بەهێزیش لەمبارەیەوە لەناو خەڵكی شیعە هەیە، چونكە ئەگەر لە كوردستان خەڵك گیرۆدەی دوو بنەماڵەبن لەبەغداو فوراتی ناوەڕاست شیعەكان هەلا هەلا بوون بەدەست قەبەبوون و چاوچنۆكی چەندها بنەماڵەو لایەنی خاوەن بەرژەوەندی (سەدر، حەكیم، مالیكی و زاواو ئامۆزاكانی، حیزبی دەعوە، تۆڕێك لەبریكارەكانی مەرجەعەكان بەتایبەت سیستانی كە ملیۆنەها پارەی "الخمس" یان لایە و ئیمتیازاتەكانیان لە وەزیرەكان زۆرترە، فەزیلەو یەعقوبی....هتد). ـ زیاتر لە دوو ملیۆن لە سوننەكان لەناو قوڕو چڵپاوی خێوەتگاكاندان و ئەوەی بۆیان گرنگ نەبێت هەڵبژاردنە. شارەكانیان وێران و كاولەو لەژێر ڕەحمەتی چەكی هێزەكانی حەشدە. ـ لەكوردستان هەندێ راپرسی ئەگەری رێژەی بەشداری لەدەنگدان بە 58% دەخەمڵێنن، دهۆك و هەولێر لە ریزی دواوەی لیستی وەرگرتنەوەی كارتی بایۆمەتریدان ( كەمتر لە 50%)، خەڵك زۆر بەحەماس نین بۆ ئیستیحقاقێكی عێراقی. هەندێ لە شارەزایانی یونامی _ United Nations Iraq باس لەوە دەكەن رەنگە لاوازترین بەشداری لەدوای 2003 لە هەڵبژاردنی مانگی داهاتوودا تۆمار بكرێت، هەموو دیمەنەكەش بۆ زۆرینەی خەڵكی عێراق كە شیعەكانن لەسەر وتاری جومعەی داهاتوی مەرجەعیەتی سیستانی وەستاوە لەكەربەلا كە هەر لەئێستاوە چەندین شیكارو لێكدانەوەو پێشبینی بۆ كراوە، گوایە نەخشەرێی هەڵبژاردن رادەگەیەنێت و رەنگە موفاجەئەشی تیا بێت، ئەگەر ئەوان بەگوژم بچنە دەنگدان كورد سوننە رۆڵیان تەواوكارییەو لاوازی بەشدارییان زۆر كاریگەر نابێت.
نوسینی: عادل عەبدولمەهدی...... وەرگێڕانی: نامیق رەسول....... برام مورتەزا عەزاوی لە فەیسبوك بە زمانێكی رخنەئامێزەوە بە شێوازی خۆی بۆی نوسیوم:" برای گەورەمان یەكەم ئێمە نیگەرانین لە تۆ.. پێویستە بگەڕێیتەوە بۆ كاری حكومیی و سیاسیی و واز لە گۆڕەپانەكە نەهێنێت، بە راشكاوی من لەو خەڵكانەم كە دەڵێم بەڕێزت لەو كاتەدا كە پێویست بوو بمێنێتەوە رایكرد.. لێگەڕی بە موهەریجەكان و خەڵكانی نەزان چیت پێدەڵێن، پێت بڵێن، چونكە لەهەمانكاتدا خەڵكانێكی زۆر پشتگیریت دەكەن و لە پشتت دەبن.. سڵاوم هەیە بۆت". سوپاسی برام عەزاوی دەكەم، لە یادم نییە كە راستەوخۆ بیناسم، ئەمەش هۆیەكی ترە بۆ بایەخدان بە نوسینەكەی، هەروەها لەبەرئەوەی ئەم بابەتە بەردەوام دەخرێتەڕوو، ئەم هەلە دەقۆزمەوە بۆ روونكردنەوە. 1- كەس وا تێنەگات كە دەستلەكاركێشانەوە لە پۆستێك هۆكارەكەی درۆ و گاڵتەجاڕی و كەوتن بێت، ئەو كەسەی بەرپرسیارێتی گەورەی دەكەوێتە ئەستۆ پێویستە بەرگەی بگرێت و قبوڵیشی بكات، ئێمە لە پێغەمبەری گەورەمان بەڕێزتر نین كە قورەیش بە جادووگەر و شێت تۆمەتباریان دەكرد، یان ئامۆزاكەی كە مینبەرەكانی بەنی ئومەییە نزیكەی یەك سەدە جنێویان پێدەدا، درۆ لەوانەیە هەندێك كەس باوەڕی پێبكەن یان ماوەیەك بمێنێتەوە، بەڵام كاتكێك زۆرینەی خەڵك لە زۆربەی كاتدا رەتیدەكەنەوە بە پێچەوانەوە دەشكێتەوە بەسەر بانگەشەكارەكانیدا، ئەمەش لە بنەماكانی نەریتی كۆمەڵایەتی و دادپەروەری ئیلاهییە.. {فكل نفس بما كسبت رهینە}.. و {من یعمل سوواً یجزَ به}.. {فمن یعمل مپقال ژرە خیراً یره، ومن یعمل مپقال ژرە شراً یره}.. ئەو درۆیانەی بۆت هەڵدەبەسترێن لەوانەیە هەندێك یان بە شێوەیەكی كاتی ئازارت بدەن، بەڵام لە كۆتاییدا بەهێزتدەكەن و تواناكان و پاكێتیت زیاتردەكەن و راستگۆییت پێدەبەخشن، ئەمەش ئەوەیە كە باوەڕمان پێیەتی و داوا لە براكانم دەكەم كارەكان بخەنەوە چوارچێوەی خۆیان. 2- وازم لە گۆڕەپانەكەم نەهێناوە و دەستبەرداریشی نابم، بەڵام پێگە و رێكخستنەكانم تەڵاقداوە.. نەك لەبەرئەوەی كە گرنگ نین، بەڵكو لەبەرئەوەی بوونم لەوانەدا زیانی لە قازانج زۆرترە، پێگە و پۆستەكان شوێنی تاكەكەس نین، بەڵكو كاری بەكۆمەڵن، ئەگەر قەناعەتی هاوبەش نەبوو و نەڕەخسا و هەوڵ و كۆششی یەكگرتوو نەبوو بۆ بەدیهێنانی سەركەوتن، بەردەوامبوون لە پێگەكە وەكو خولانەوەیە بە دەوری بازنەیەكی داخراودا، هانی مانەوەت دەدرێت لەو شوێنەدا لەجیاتی لێدانی زەنگی ئاگاداركردنەوە. رەنگە یەكێك بپرسێت پێویستە لەسەرت هەوڵبدەیت و هەوڵەكانت دووبارە بكەیتەوە.. وەڵامەكەی ئەوەیە كاتێك هەوڵەكان دووبارە دەبنەوە بۆ چەند ساڵێك دەگەیتە ئەو بڕوایەی كە (هەڵەكە لە ئەستۆبگرێت) و راستكردنەوە لەو شوێنەوە نایەت، لێپرسینەوەت لێدەكرێت لەسەر هەمان شت كە لێپرسینەوەت لەگەڵ كەسانی تردا كردووە، ئەو داواكارییەت لێدەكرێت كە لە كەسانی ترت داواكردووە، ئەو كاتە كارتەكان تێكەڵاو دەبن و جیاكردنەوەیان قورس دەبێت. 3- لە ساتێكی دیاركیراودا كە سەدان وردەكاری رێگرییكەر كەڵەكە دەبن، ئەو چڵە پووشە دێت كە پشتی حوشترەكە دەشكێنێت و دەڵێیت ئەمە بەكاربردنی خۆت و كەسانی تریشە، ئەگەر براكانم لەسەر حەق بن ئەوا پێویستە تەگەرە نەخرێتە بەردەم هەوڵەكانیان، وە ئەگەر من لەسەر حەق بم ئەوا پێگە و مەرجەكانی لەناوی دەبەن، ئەگەر تۆ پەرۆشی حەق و راستی بیت، ئەوا دەبێت بچیتە ئەو شوێنەی بانگەشەی بۆدەكەیت، و رێگە بە نوێكردنەوەی بدەیت، بەڵام لە پێگە و هێزێكەوە كە خزمەت بەوە بكات. 4- گەیشتومەتە ئەو باوەڕەی كە خستنەڕووی پلان و دروشم لە پێگە لاواز و پڕ هەڵەكاندا وەك ئاشێكی بێ بەرهەم دەمێنێتەوە، گەیشتومەتە ئەو ئەنجامەی كە كێشەكە لە جەماوەر و هێزەكاندایە، پلانە و دروشمەكان هەر بە مەرەكەبی سەر كاغەز دەمێننەوە ئەگەر هۆشیارییەكی گشتی و چەمكی فیكری چەسپاو و دروست پشتگیری و هاوكاری نەكەن، بینیم كە پێویستە لە بازنە خنكێنەرەكە دەربچم و بچمە رایگشتی فراوان و بە ویست خۆم دەستبەرداری پۆستەكانم بووم و خۆم بۆ هەڵبژاردنەكان كاندید نەكرد، ئەنجامدانی چاوپێكەوتنی سیاسیم راگرت، و چاوپێكەوتنی بچوك و راشكاو و بونیادنەر و نوسینی چڕ و بەردەوامم دەربارەی چەند كارێكی گرنگ بۆ نیشتمان و گەل بە باشتر دانا، ئەمە گۆڕەپانێكی بنەڕەتی و بەرهەمهێنەرە و بەریەككەوتن تێیدا كەمترە لە كاتێكدا لە گۆڕەپانی پۆست و پێگەدا زۆرترە. 5- بانگەشەی ئەوە ناكەم من لە كەسانی تر زاناترم، بەڵام خوێندوومە، مەشقم كردووە، كار و ژیانم ئەزمون كردووە، دەتوانم ئەگەر كەمیش بێت شتێك لە پرۆسەی بونیادنانی بیر و هۆشیاریدا پێشكەش بكەم، بابەتەكە راكردن نییە، بەڵكو دەرچوونە – بە گوێرەی دۆخی خۆم- لە زەوییەك كە بە دێم یان كەم بەخششی دەبینم بۆ زەوییەكی زیاتر بە پیت و بەبەرهەم، لەوانەیە كەسانی تر بە گوێرەی دۆخی خۆیان- پێچەوانەی ئەمە ببینن، لە هەشتاكانەوە من دەنوسم كە بەدیهێنانی سەركەوتن، تەنها هەڵوێستێكی دروست نییە، شوێنە راستەكەش. 6- لە كاتی ئەم هەڵبژاردنانەدا زیاتر لە لیستێكی ركابەر رێزیان لێگرتووم و پێش چاپكردن و بڵاوكردەنەوەی، پرۆگرامی خۆیان خستوەتە بەردەستم بۆئەوەی رای خۆمی لەسەر بدەم، ئەمەش وەك بەڵگەیەك باسدەكەم كە پێگە تەنیا نوسینگە یان فەرمان دەركردن یان ئیمزاكردن نییە، بەڵكو پاشخان و بونیادنان و دیدە، ئەگەر ئەمەی دواییان نەبوو ئەوا ئەوەی یەكەمیش هیچ سودێكی نییە.