Draw Media

بۆچی دەستبەرداری كاری سیاسیی و حكومیی بووم؟

بۆچی دەستبەرداری كاری سیاسیی و حكومیی بووم؟

2018-04-28 09:16:36


نوسینی: عادل عەبدولمەهدی......
وەرگێڕانی: نامیق رەسول.......
برام مورتەزا عەزاوی لە فەیسبوك بە زمانێكی رخنەئامێزەوە  بە شێوازی خۆی بۆی نوسیوم:" برای گەورەمان یەكەم ئێمە نیگەرانین لە تۆ.. پێویستە بگەڕێیتەوە بۆ كاری حكومیی و سیاسیی و واز لە گۆڕەپانەكە نەهێنێت، بە راشكاوی من لەو خەڵكانەم كە دەڵێم بەڕێزت لەو كاتەدا كە پێویست بوو بمێنێتەوە رایكرد.. لێگەڕی بە موهەریجەكان و خەڵكانی نەزان چیت پێدەڵێن، پێت بڵێن، چونكە لەهەمانكاتدا خەڵكانێكی زۆر پشتگیریت دەكەن و لە پشتت دەبن.. سڵاوم هەیە بۆت".
سوپاسی برام عەزاوی دەكەم، لە یادم نییە كە راستەوخۆ بیناسم، ئەمەش هۆیەكی ترە بۆ بایەخدان بە نوسینەكەی، هەروەها لەبەرئەوەی ئەم بابەتە بەردەوام دەخرێتەڕوو، ئەم هەلە دەقۆزمەوە بۆ روونكردنەوە.
1-    كەس وا تێنەگات كە دەستلەكاركێشانەوە لە پۆستێك هۆكارەكەی درۆ و گاڵتەجاڕی و كەوتن بێت، ئەو كەسەی بەرپرسیارێتی گەورەی دەكەوێتە ئەستۆ پێویستە بەرگەی بگرێت و قبوڵیشی بكات، ئێمە لە پێغەمبەری گەورەمان بەڕێزتر نین كە قورەیش بە جادووگەر و شێت تۆمەتباریان دەكرد، یان ئامۆزاكەی كە مینبەرەكانی بەنی ئومەییە نزیكەی یەك سەدە جنێویان پێدەدا، درۆ  لەوانەیە هەندێك كەس باوەڕی پێبكەن یان ماوەیەك بمێنێتەوە، بەڵام كاتكێك  زۆرینەی خەڵك  لە زۆربەی كاتدا رەتیدەكەنەوە بە پێچەوانەوە دەشكێتەوە بەسەر بانگەشەكارەكانیدا، ئەمەش لە بنەماكانی نەریتی كۆمەڵایەتی و دادپەروەری ئیلاهییە.. {فكل نفس بما كسبت رهینە}.. و {من یعمل سو‌واً یجزَ به}.. {فمن یعمل مپقال ژرە خیراً یره، ومن یعمل مپقال ژرە شراً یره}.. 
ئەو درۆیانەی بۆت هەڵدەبەسترێن لەوانەیە هەندێك یان بە شێوەیەكی كاتی ئازارت بدەن، بەڵام لە كۆتاییدا بەهێزتدەكەن و تواناكان و پاكێتیت زیاتردەكەن و راستگۆییت پێدەبەخشن، ئەمەش ئەوەیە كە باوەڕمان پێیەتی و داوا لە براكانم دەكەم كارەكان بخەنەوە چوارچێوەی خۆیان.
2-    وازم لە گۆڕەپانەكەم نەهێناوە و دەستبەرداریشی نابم، بەڵام پێگە و رێكخستنەكانم تەڵاقداوە.. نەك لەبەرئەوەی كە گرنگ نین، بەڵكو لەبەرئەوەی بوونم لەوانەدا زیانی لە قازانج زۆرترە، پێگە و پۆستەكان شوێنی تاكەكەس نین، بەڵكو كاری بەكۆمەڵن، ئەگەر قەناعەتی هاوبەش نەبوو و نەڕەخسا و هەوڵ و كۆششی یەكگرتوو نەبوو بۆ بەدیهێنانی سەركەوتن، بەردەوامبوون لە پێگەكە وەكو خولانەوەیە بە دەوری بازنەیەكی داخراودا، هانی مانەوەت دەدرێت لەو شوێنەدا لەجیاتی لێدانی زەنگی ئاگاداركردنەوە. رەنگە یەكێك بپرسێت پێویستە لەسەرت هەوڵبدەیت و هەوڵەكانت دووبارە بكەیتەوە.. وەڵامەكەی ئەوەیە كاتێك هەوڵەكان دووبارە دەبنەوە بۆ چەند ساڵێك دەگەیتە ئەو بڕوایەی كە (هەڵەكە لە ئەستۆبگرێت) و راستكردنەوە لەو شوێنەوە نایەت،  لێپرسینەوەت لێدەكرێت لەسەر هەمان شت كە لێپرسینەوەت لەگەڵ كەسانی تردا كردووە، ئەو داواكارییەت لێدەكرێت كە لە كەسانی ترت داواكردووە، ئەو كاتە كارتەكان تێكەڵاو دەبن و جیاكردنەوەیان قورس دەبێت.
3-    لە ساتێكی دیاركیراودا كە سەدان وردەكاری رێگرییكەر كەڵەكە دەبن، ئەو چڵە پووشە دێت كە پشتی حوشترەكە دەشكێنێت و دەڵێیت ئەمە بەكاربردنی خۆت و كەسانی تریشە، ئەگەر براكانم لەسەر حەق بن ئەوا پێویستە تەگەرە نەخرێتە بەردەم هەوڵەكانیان، وە ئەگەر من لەسەر حەق بم ئەوا پێگە و مەرجەكانی لەناوی دەبەن، ئەگەر تۆ پەرۆشی حەق و راستی بیت، ئەوا دەبێت بچیتە ئەو شوێنەی بانگەشەی بۆدەكەیت، و رێگە بە نوێكردنەوەی بدەیت، بەڵام لە پێگە و هێزێكەوە كە خزمەت بەوە بكات.
4-    گەیشتومەتە ئەو باوەڕەی كە خستنەڕووی پلان و دروشم لە پێگە لاواز و پڕ هەڵەكاندا وەك ئاشێكی بێ‌ بەرهەم دەمێنێتەوە، گەیشتومەتە ئەو ئەنجامەی كە كێشەكە لە جەماوەر و هێزەكاندایە، پلانە و دروشمەكان هەر بە مەرەكەبی سەر كاغەز دەمێننەوە ئەگەر هۆشیارییەكی گشتی و چەمكی فیكری چەسپاو و دروست پشتگیری و هاوكاری نەكەن، بینیم كە پێویستە لە بازنە خنكێنەرەكە دەربچم و بچمە رایگشتی فراوان و بە ویست خۆم دەستبەرداری پۆستەكانم بووم و خۆم بۆ هەڵبژاردنەكان كاندید نەكرد، ئەنجامدانی چاوپێكەوتنی سیاسیم راگرت، و چاوپێكەوتنی بچوك و راشكاو و بونیادنەر و نوسینی چڕ و بەردەوامم دەربارەی چەند كارێكی گرنگ بۆ نیشتمان و گەل بە باشتر دانا، ئەمە گۆڕەپانێكی بنەڕەتی و بەرهەمهێنەرە و  بەریەككەوتن تێیدا كەمترە لە كاتێكدا  لە گۆڕەپانی پۆست و پێگەدا زۆرترە.
5-    بانگەشەی ئەوە ناكەم من لە كەسانی تر زاناترم، بەڵام خوێندوومە، مەشقم كردووە، كار و ژیانم ئەزمون كردووە، دەتوانم ئەگەر كەمیش بێت شتێك لە پرۆسەی بونیادنانی بیر و  هۆشیاریدا پێشكەش بكەم، بابەتەكە راكردن نییە، بەڵكو دەرچوونە – بە گوێرەی دۆخی خۆم- لە زەوییەك كە بە دێم یان كەم بەخششی دەبینم بۆ زەوییەكی زیاتر بە پیت و بەبەرهەم، لەوانەیە كەسانی تر بە گوێرەی دۆخی خۆیان- پێچەوانەی ئەمە ببینن، لە هەشتاكانەوە من دەنوسم كە بەدیهێنانی سەركەوتن، تەنها هەڵوێستێكی دروست نییە، شوێنە راستەكەش. 
6-    لە كاتی ئەم هەڵبژاردنانەدا زیاتر لە لیستێكی ركابەر رێزیان لێگرتووم و پێش چاپكردن و بڵاوكردەنەوەی، پرۆگرامی خۆیان خستوەتە بەردەستم بۆئەوەی رای خۆمی لەسەر بدەم، ئەمەش وەك بەڵگەیەك باسدەكەم كە پێگە تەنیا نوسینگە یان  فەرمان دەركردن یان ئیمزاكردن نییە، بەڵكو پاشخان و بونیادنان و دیدە، ئەگەر ئەمەی دواییان نەبوو ئەوا ئەوەی یەكەمیش هیچ سودێكی نییە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand