بەشداریکردن یان نەکردن لە دەنگداندا؟
2018-05-04 09:32:31
کۆمەڵێک خوێنەر پرسیاری ئەوەیان لە من کردوە ئایا ھەڵبژاردن لە ھەرێمدا ھیچ دەگۆڕێت؟ ئایا بەشداربوون لە ھەڵبژاردندا چ سودێکی ھەیە؟
ئەمەش وەڵامێکی کورتی من بەو دوو پرسیارە.
بە بۆچونی من وەڵامی پرسیاری یەکەمیان پابەستە بەوەوە چ مانایەک بە ”گۆڕان“ ئەدرێت؟ ئەگەر مەبەست لە گۆڕانکاریی کەمکردنەوەی ڕوەکارە زینابەخشەکانی سیستمە سیاسییەکەی ئەمڕۆکە بێت و ھەوڵدانبێت بۆ بەگژاچوونەوەی کێشە ھەرە سەرەکیی و گەورەکانی، لەوانە بۆ نموونە بەگژاچوونەوەی دەسەڵاتی خێزانی و ھێنانەدەرەوەی بڕێکی بەرچاوی دەسەڵات لە ژێر دەستی ئەو خێزانانە، بەھێزکردن و چالاککردنی پەرلەمان وەک دەزگای شەرعی ژمارە یەکی ھەرێم، بەگژاچوونەوەیەکی جدیی و ڕاستەقینەی دیاردەی گەندەڵیی، بەرقەرارکردنی شەفافیەت و ڕوونی لە ئابووریی نەوتدا، داڕشتنەویە پەیوەندییەکانی ھەرێم بە بەغدا و وڵاتە ئیقلیمییەکانەوە لەسەر بنەمایەکەی نیشتیمانیی و بەشێوەیەکی دەزگایی، ھەوڵدان بۆ سەربەخۆکردنی دادگاکان و وەگەڕخستنی میکانیزمێکی چالاکتر بۆ لێپرسینەوە لە تاوانباران، ڕێکخستنەوەی ھێزە چەکدارەکان و دەستکردن بە دامەزرادندنی سیستمێکی تر لە ئاسایش بۆ پاراستنی ھەرێم و دانیشتوانەکەی، دەڵێم ئەگەر ئەمانە خاڵە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی گۆڕانکاریی بن، ئەمانە ئەو تەوەرانە بن کە کردەی گۆڕانکاریی لە ھەرێمدا ڕووبەڕوویان ببھتەوە، ئەوا ئەگەری دەسکاریکردن و گۆڕانکارییان لەئارادایە و شتێک نییە مەحاڵ بێت. ئەمانە ھەموویان بە بڕیاریی سیاسیی و لەپاڵ کۆمەڵێک تەماح و خەونی سوڵتانیدا دروستکراون، بۆیە بڕیاری سیاسیی تر و خەونی سیاسیی و کۆمەڵایەتی تر دەتوانێت بیانگۆڕێت. بێگومان ئەم دۆخە کە بە لەزیاد لە چارەکەسەدەیەک و بە سەدان و ھەزاران بڕیار دروستکراوە ناکرێت لە دەورەیەکی پەرلەمانیدا کۆتایی بە ھەموو دەرکەوتە خراپەکانی بھێندرێت. بەڵام دەکرێت سەرەتایەکی ڕاستەقینە بۆ گەیشتن بەو کۆتاییە دەستپێبکرێت، بە بۆچوونی من بەشێک لەو سەرەتایە خۆشی لەگەڵ دروستبوونی ئۆپۆزیسیۆندا ھاتۆتەکایەوە و دروستبووە، ئەوەی گرنگە بەردەوامیدان و پتەوکردن و فراوانکردنی ئەو سەرەتایەیە. خاڵێک کە دەبێت لای ھەمووان ئاشکرابێت ھیچ گۆڕانکارییەک نییە بێکێشە و لەسەر ھێڵێکی ڕاست بڕوات و دروستببێت، کردەی گۆڕانکاریی کردەیەکی مێژوویی ئاڵۆزە و پڕیەتی لە ھەڵبەز و دابەز و چوونەپێشەوە و پاشەکشەکردن. ئەوەی گرنگە بوون و ئامادەگیی ئەو ئیرادە و خواستەیە کە دەیەوێت گۆڕانکاریی بکات، بوونیکۆمەڵێک بکەرە کە لەو پێناوەدا کاردەکەن. ئامادەگیی کۆمەڵگایەکیشە کە نایەوێت بەو شێوەیە بژی کە تا ئێستا ژیاوە.
سەبارەت بە وەڵامی پرسیاریی دووھەمیان دەڵێم: دەسەڵاتدارانی ھەرێم و سیستمە سوڵتانییەکەیان گیریان بەدەستی پەرلەمانێکەوە خواردبوو، وە ناچاربوون دایبخەن کە خۆیان زۆرینەیان لەو پەرلەمانەدا ھەبوو. ئەگەر دۆخێک بێتەکایەوە ئەوان ئەو زۆرینە پەرلەمانییە لەدەستبدەن و نەتوانن حکومەت تەشکیلبکەن، ئەودەم گیرخواردنەکەیان دەقات دەبێت. پەرلەمان لای نوخبە دەسەڵاتدارەکە دیکۆرێکی سیاسیی بێڕۆح بوو، بەڵام لە دوو دەورەی پەرلەمانیدا ئەم دەزگایە لە گەشەی خۆیدا گۆڕان بۆ ھێزێک کە ناچاربن دایبخەن. بۆیە من پێموایە ھەوڵدان بۆ ھێنانەکایەی پەرلەمانێک کە دوو پارتە حوکمڕانەکەی ئەمڕۆکە، لەناویدا زۆرینە نەبن ھەنگاوێکی ھێجگار گرنگ و سەرەتایەکی تازەی ترە. ئەمەش داوای ئەوە لە دەنگدەران دەکات بەشداربن لە دروستکردنی ئەو واقیعە سیاسییە نوێیەدا و دەنگبدەن. ئەو ھێزەی کە دەتوانێت پەرلەمانێک دروستبکات کە تیایدا پارتی و یەکێتی زۆرینە نەبن دەنگدەرانن.
ھەمووان دەزانین ھەڵبژاردنی ئەمجارە بۆپەرلەمانی عێراقە، ئەم ھەڵبژاردنە ئەگەر و توانای ئەوە بە خەڵکی ھەرێم ئەدات نوێنەرایەتیکردنی خۆیان لە بەغدا لە دەستی دوو بنەماڵە سیاسییەکەی ھەرێم دەربھێنن و سەرەتایەکی نوێ بۆ نوێنەرایەتیکردنێکی تر بھێننەکایەوە.