دیسانەوە فەرھاد پیرباڵ
2018-04-28 12:23:45
مەریوان وریا قانع .....
لە ھەولێر فەرھاد پیرباڵ و من لە یەک قوتابخانەی ئامادەییدا قوتابیی بووین: ئامادەیی کوردستان. تەمەنی ناسینی من بۆ ئەم پیاوە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی ساڵی ھەفتا. لە نووسینی یەکەمین چیرۆکییەوە ئاگام لە بەشێکی زۆر لە نووسینەکایەتی. لە ساڵی ١٩٩٢شدا کە بەرەو ئەوروپا ھاتم، پەیوەندیم لەگەڵ فەرھادا زۆر بەھێز و دۆستانەبوو. کاتی خۆشی کە گەڕایەوە وا ڕێکەوتین گەر من بۆ دکتۆرا لە فەرەنسا وەگیرام بچمە ماڵەکەی ئەوەوە بژیم. فەرھاد نووسەرێکی بەتوانا و خوێندەوارێکی باش بوو، کۆمەڵێک کتێب و نووسینی جوان و گرنگیی ھەیە. بەڵام ئەم پیاوە لەم دەیەی دواییدا تەواو گۆڕا، من لە نووسینێکدا بەو مۆدێلە لە خوێندەوار و نووسەر ناومبرد کە پرۆژەی ”بەسعودیکردن“ی ھەرێم پێویستی پێبوو. فەرھاد وێنەیەکی لە ڕۆشنبیر ھێنایەپێشەوە کە ئەم پرۆژەیە پێویستی پێبوو، وێنەی ڕۆشنبیر وەک بوونەوەرێکی گاڵتەجاڕ. ساتێک باسی لەوەدەکرد کوردستان پێویستی با شاھەنشایەک ھەیە و دەبێت ئەو شاھەنشایەش مەسعود بارزانی بێت، ساتێکی تر وەک سەلەفییەکی دینیی باسی لەوەدەکرد کە بارزانی باوک و وەلی ئەمری کوردە. ھاوکات ڕۆڵ و وێنەیەکی ڕۆشنبیریی بەرھەمھێنا کە لەسەر بێنرخکردن و شکاندنی سەرمایەی ڕەمزیی ڕۆشنبیران کاریدەکرد. ھەموو ئەمانە و زۆر شتی تریش تەواو ناکۆک و جیاوازن بەو وێنەیەی من لەسەر کوردستان و لەسەر ڕۆڵ و ئەرک و کەسایەتی ڕۆشنبیرم ھەیە.
بەڵام، مەبەستم بەڵامێکی ھێجگار گەورەیە، زیندانیکردنی ئەم نووسەرە و مامەڵەکردنی بەو شێوەیە یەکێکی ترە لە تاوانە ناشیرینەکانی حوکمڕانانی کوردستان، کۆنکریتتر بدوێم، حوکمڕانانی ھەولێر و پارتی دیموکراتی کوردستان. گرتنی ئەم پیاوە بەو شێوە نایاساییە و ھێشتنەوەی لە زیندان لەسەر ویست و خواستی کەسانێکی تایبەت، نەک تەنھا سوکایەتییە بە فەرھاد خۆی، بەڵکو سوکایەتییە بە ھەمووان. بۆیە ئازادکردنی فەرھاد پیرباڵ بەشێکە لە کردەی ئازادکردنی ئەو کۆمەڵگایە لەژێر ئەو کۆنترۆڵە حیزبییە خنکێنەرەی ھەموو کون و قوژبنێکی گرتۆتەوە. لە دەیەی ڕابردوودا فەرھاد و من تەواو جیاواز و ناکۆک بووین، بەڵام بەگریکردن لە مافی ئەو وەک مرۆڤ و وەکو نووسەر، وەک بەرگریکردن لە مافی خۆم و لە مافی کۆمەڵگای کوردیی دەبینم.