خوێندنەوەی پۆستەر
2018-05-02 07:42:22
د. سەردار عەزیز ........
پۆستەری کاندید پانتاییەکی تایبەتە بە پەیام و سیمبول و ئاماژە و هەوڵی پەیوەندی. ئەم پانتاییە ئەگەر خوێندنەوەیەکی پانتاییانەی (سپەیشاڵ) بۆ بکەین زۆر شتمان پێدەڵیت کە ئایا کاندیدێک چۆن دەیەوێت بکەوێتە پەیوەندیەوە لە گەڵ کۆمەڵگا، دەنگدەر و کێبەرکێکەرەکانی.، هەروەها کۆمەڵگای ئێمە چۆن دەبینێت، دەکەوێتە ژێر هەژەمونەوە و کێ خاوەن دەسەڵاتەکانن تیایدا. پۆستەر پێکهاتوە لە ڕەنگ، وێنە، نوسین لە گەڵ سیمبول. هەریەکە لەمانە ڕۆڵ و پەیوەندی تایبەتی زۆری هەیە، هەروەها بە شێوازی تایبەت کاریگەری لە سەر بینەر یان دەنگدەر دادەنێن.
پۆستەری سیاسی مێژویەکی درێژی هەیە، بەڵام لە دونیای ئێمەدا نوێیە. بە گشتی دەتوانین بڵێین کە لە دیموکراسیدا پۆستەر داوا لە دەنگدەر دەکات و دەیەوێت قەناعەتی پێبکات، بەڵام لە پانتایی گشتی دیکتاتۆریەتدا پۆستەر ڕۆڵێکی تری هەیە، ئەویش زیاتر بۆ رێگریکردنە لە لە بیرکردنی دەسەڵات و سیمبولەکانی.
دیارە جۆری سیستەمی سیاسی جۆری پەیام و جۆری پەیوەندیش دەگۆڕێت. هەروەها ئەو کەلتورەی کە پانتایی گشتی تیایدا بونی هەیە کاریگەری زۆرە لە جۆر و شێوازی پەیوەندیکردن.
کۆمەڵگای کوردی خاوەنی پانتاییەکی گشتی لاوازە و هێشتا بە ڕوونی سنوری نێوان تایبەت و گشت دیارنیە.
ئەگەر بە گشتی بەبێ جودایی پۆستەری کاندیدی کورد وەربگرین دەبینین ئەوەی زاڵە ڕەنگی حیزبەکەیەتی، کە لە ناویدا وێنەی خۆیەتی، ڕەنگی حیزب وەک پاشخان و هەروەها ڕەنگی سەرەکی پۆستەرەکەیە، ئەمەش بەڕوونی ڕۆڵی حیزب دەردەخات لە پانتایی گشتی کوردی و سیستەمی سیاسی کوردی و هەروەها لای تاکی کورد. لە گەڵ ڕەنگی حیزبدا لۆگۆی حیزب هەیە کە جارێکی تر جەختکردنەوەیە لە گرنگی حیزب و پێشاندانی کاندید وەک ئەندامی حیزب. پاش حیزب کەسایەتی کاندیدەکە دەردەکەوێت کە زۆرترین پانتایی پۆستەر داگیردەکات، بە گشتی وێنەکان فەرمین، هەڵگری ئیستاتیکایەکی فەرمین، ئاماژەی ئەوە دەدەن بە دەنگدەر کە کاندید خاوەن کەسایەتیەکی دەسەڵاتیە و جلوبەرگ و نەبونی هیچ ئاماژەیەکی تایبەت لە سەر وێنەکە، وەک زەردەخەنە، پێکەنین، دڵتەنگی، وەها لە دەنگدەر دەکات کە نەتوانێت پەیوەندیەکی مرۆیی و ئاسایی لە گەڵ وێنەکەدا دروست بکات. وێنەکان بۆ ئەوەی زیاتر فەرمی و جوان دەرکەون بە رێتمی جوانی بڵاو و باڵا، لە رێگای تەکنەلۆجیاوە دەستکاری دەکرێن بۆ ئەوەی هەموو خەسڵەتە تایبەتەکانی بشارنەوە. لێرەوە وێنە دەبێتە وێنەیەکی جیاواز لە کاندید، وەک چۆن سوریالیستی بەلجیکی رێنێ ماگیت تابلۆی بەناوبانگی بە ناوی La trahison des images
کێشا کە زیاتر بە ناوی ئەمە پایپ نیە ناسراوە کە تابلۆکە خۆی تابلۆی پایپێکە، بەم پێیە دەکرێت وێنەی کاندیدێک نەک هەر وێنەی کاندیدێک نەبێت بەڵکو هەر کاندیدێکیش نەبێت وەک خۆی. هۆکاری ئەمە بۆ کاندید ناگەرێتەوە بەڵکو زیاتر ئاماژەن بۆ دۆخی جوانی و زەوق و سەلیقە و چۆنێتی وێناکردنی دەسەڵات لە ئاگایی تاکی کورددا. دەسەڵات فەرمیە، بێ ڕتوشە، وەک کەسە ئاساییەکان نیە، وەک خەڵك لە ئاگایی و نائاگاییاندا بەردەوام جەختی لێئەکەنەوە.
ڕەنگە ئەمە لای کاندیدی ئافرەت ڕەهەندێک تری وەرگرتبێت. هاتنی ئافرەت بۆ پانتایی گشتی لە دونیای ئێمەدا تەواو نوێیە، هێشتا پرسی ئەوەی ئایا ئافرەت وەک چی و چۆن ئامادەیە بیر لێنەکراوەیە. ئایا ئافرەت بونەوەرێکی جوانە یان خاوەن خەسڵەتی تایبەتە بە دەسەڵات کە بە پیاو ناکرێت، یان ئافرەت هاوشانی پیاوە و هیچ جیاوازی نیە، ئەمانە پرسیارن ڕەنگە لە ئاستی موجامەلە و قسەی ماکدۆناڵی و گشتی و ئامادەکراودا ئاماژەی پێبکرێت بەڵام وەک پرسی گرنگ مامەڵەی لە گەڵدا نەکراوە.
ئەمە بەتایبەتی کە پانتایی گشتی لە کوردستان پانتاییەکی نێرانەیە. پانتایی نێرانە ئافرەت وەک ماقڵەی سێکسی دەبینێت و دەیەوێت بەهەمان شێوە مامەڵەی لە گەڵدا بکات. ئەمەشە دەبینین کە زۆترین قسە لە سەر پۆستەری ئافرەت دەکرێت لە ڕوانگەی ئەو کەبتە سێکسیەوەیە کە مرۆڤی کورد بە دەستیەوە دەناڵێنێت و کەسایەتی داخان کردوە. دەکرێت بوترێت هێشتا ئافرەت وەک مرۆڤ نابینرێت، کاتێک کە مرۆڤ لە ئەخلاقی کوردیدا پیاوە یان نێرە.
دەکرێت بە کورتی بڵێین کە پۆستەر حەکایەتێک دەگێڕێتەوە، کە چوارچێوە گشتیەکەی حیزبە، پاڵەوانەکەی کاندیدە، دەیەوێت پەیامی ئەوە بگەیەنێت کە لە بڕی ئەوانی تر، وەک قارەمانێک خوازیاری ئەوەیە کە کارێکی گەورە ئەنجام بدات. ئەوەی دەمێنتەوە لە پۆستەردا وشەکانە. بە گشتی وشەکان کەمن، دروشم ئاسان، دەربڕی دۆخێکی سیاسی خنکاون کە دایەلۆگ و لەیەکگەیشتن و پەیوەندی تیایدا سفرە. گەورەکردن یەکێکە لە خەسڵەتە کۆنەکانی ریتۆریک، کە بەگشتی جەماوەر حەزی پێیەتی. سەرباری هەموو ئەمانە پۆستەر بە هۆی زۆری و هاوشێوەیی و دوبارەیی خەریکە هیچ ڕۆڵێکی نامێنێت لە گەیاندنی پەیام.