دڵەخورتێكانی هەڵبژاردن.. بایكۆت
2018-04-28 10:13:54
یاسین تەها ......
ترس و دڵە خورتێیەكی زۆر هەیە لەلاوازی بەشداریكردنی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی ئایاری 2018، لەبەر چەند هۆكارێك:
ـ هەندێ ئایەتوڵڵای بچوك و مامناوەند (الخالصی، فاچل المالكی) فەتوایان داوە بۆ بایكۆتكردنی دەنگدان. تەوژمێكی بەهێزیش لەمبارەیەوە لەناو خەڵكی شیعە هەیە، چونكە ئەگەر لە كوردستان خەڵك گیرۆدەی دوو بنەماڵەبن لەبەغداو فوراتی ناوەڕاست شیعەكان هەلا هەلا بوون بەدەست قەبەبوون و چاوچنۆكی چەندها بنەماڵەو لایەنی خاوەن بەرژەوەندی (سەدر، حەكیم، مالیكی و زاواو ئامۆزاكانی، حیزبی دەعوە، تۆڕێك لەبریكارەكانی مەرجەعەكان بەتایبەت سیستانی كە ملیۆنەها پارەی "الخمس" یان لایە و ئیمتیازاتەكانیان لە وەزیرەكان زۆرترە، فەزیلەو یەعقوبی....هتد).
ـ زیاتر لە دوو ملیۆن لە سوننەكان لەناو قوڕو چڵپاوی خێوەتگاكاندان و ئەوەی بۆیان گرنگ نەبێت هەڵبژاردنە. شارەكانیان وێران و كاولەو لەژێر ڕەحمەتی چەكی هێزەكانی حەشدە.
ـ لەكوردستان هەندێ راپرسی ئەگەری رێژەی بەشداری لەدەنگدان بە 58% دەخەمڵێنن، دهۆك و هەولێر لە ریزی دواوەی لیستی وەرگرتنەوەی كارتی بایۆمەتریدان ( كەمتر لە 50%)، خەڵك زۆر بەحەماس نین بۆ ئیستیحقاقێكی عێراقی.
هەندێ لە شارەزایانی یونامی _ United Nations Iraq باس لەوە دەكەن رەنگە لاوازترین بەشداری لەدوای 2003 لە هەڵبژاردنی مانگی داهاتوودا تۆمار بكرێت، هەموو دیمەنەكەش بۆ زۆرینەی خەڵكی عێراق كە شیعەكانن لەسەر وتاری جومعەی داهاتوی مەرجەعیەتی سیستانی وەستاوە لەكەربەلا كە هەر لەئێستاوە چەندین شیكارو لێكدانەوەو پێشبینی بۆ كراوە، گوایە نەخشەرێی هەڵبژاردن رادەگەیەنێت و رەنگە موفاجەئەشی تیا بێت، ئەگەر ئەوان بەگوژم بچنە دەنگدان كورد سوننە رۆڵیان تەواوكارییەو لاوازی بەشدارییان زۆر كاریگەر نابێت.