"مژدەی خۆش هەیە لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان"
2024-11-22 12:00:51
(درەو):
"مژدەی خۆش هەیە لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان" هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا لەبەردەم لیژنەی بودجەی پەرلەمانی وڵاتەكەی وای وت.
هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا لەبەردەم لیژنەی بودجەو پلاندانانی پەرلەمانی وڵاتەكەی لەبارەی دەستپیكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان قسەی كرد. رایگەیاند" توركیا ئامادەكاریی كردووە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان".
وتی: مژدەی خۆش هەیە لەبارەی كردنەوەی بۆری نەوتەكەو لەوبارەیەوە چاوەڕێی پێشهاتی باشین، ئامادەكاری پێویشتیمان بۆ كردنەوەی بۆرییەكە كردووە.
لەسەر بنەمای سكاڵایەكی حكومەتی عێراق، دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس بڕی نزیكەی (ملیارێك و 500 ملیۆن) دۆلار غەرامەی بەسەر توركیادا سەپاند، ئەمە بەهۆی ئەوەی بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی بەغداد، بۆری نەوتی عێراق- توركیای بەكارهێنابوو بۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، بەهۆی ئەم بڕیارەی دادگای پاریسەوە، توركیا بە ناچاری لە رۆژی 25ی ئازاری 2023دا هەناردەی نەوتی كوردستانی بۆ بەندەری جەیهان راگرت، كە ئەوكات رۆژانە 450 هەزار بەرمیل بوو، لەوكاتەوە تائێستا هەناردەی نەوتی هەرێم بە (بۆری) راوەستاوە.
بەمدواییەو بەر لە دەستپێكردنی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی لە عێراق، ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بڕیاریدا بڕی 16 دۆلار ئەژمار بكات بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك لە نەوتی هەرێم تا ئەوكاتەی كۆمپانیایەكی بیانی نرخی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە كێڵگە جیاجیاكانی هەرێم دیاری دەكات و دواتر نرخەكە لە یاسای بودجەدا هەموار دەكرێتەوە، حكومەتی هەرێم بەم بڕیارە قایل بووە، بودجەی گشتی عێراق بڕی 6 دۆلاری بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت لە كوردستان دیاری كردووە، ئەمە لەدوای راوەستانی هەناردەی نەوتەوە یەكێك لە ناكۆكییە سەرەكییەكانی نێوان هەولێرو بەغداد بوو.
ئێستا كە ئیتر لەسەر نرخی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت رێككەوتنێكی بەرایی كراوە، بەپێی قسەی (كەمال محەمەد) وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم بەوەكالەت "پێشبینی دەكرێت لەسەرەتای ساڵی 2025وە هەناردەی نەوتی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان دەستپێبكاتەوە".
بەر لە راوەستانی، هەناردەی نەوت رێژەی نزیكەی 80%ی تێكڕای داهاتەكانی حكومەتی هەرێمی پێكدەهێنا، لەدوای راوەستانەوە، بۆ پڕكردنەوەی خەرجییەكانی، حكومەتی هەرێم لەچوارچێوەی یاسای بودجەی فیدراڵدا قایل بوو بەوەی ئەگەر هەناردەی نەوت دەستیپێكردەوە، راستەوخۆ داهاتی نەوتی كوردستان بگەڕیتەوە بۆ خەزێنەی عێراق، ئەمە لەبەرامبەر ئەوەی كە حكومەتی فیدراڵ پشكی هەرێم لە موچەو بودجە خەرج بكات.
توركیا لە ئازاری 2023دا هەناردەی نەوتی كوردستانی بەناچاری راگرت، دوای هەندێك گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی عێراقی بەمەبەستی پاكتاوكردنی ئەو قەرەبووەی كە بەپێی بڕیاری دادگای پاریس دەبوو بە حكومەتی عێراقی بداتەوە، توركیا لە ئۆكتۆبەری 2023وە ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان نیشاندا، بەڵام ئەوە لایەنی عێراقی بوو كە لەسەر چۆنیەتی هەناردەكردنەوەی نەوتەكە لەگەڵ حكومەتی هەرێم لە ناكۆكیدا بوو.
توركیا لە چەند روویەكەوە لە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان سودمەندە، بەپێی زانیارییەکان لەماوەی (18) مانگی (2020 - 2021) حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی (476) ملیۆن دۆلاری تەنها بۆ کۆمپانیای وزەی تورکی خەرج کردووە لە بری خەرجی گواستنەوەی نەوت کە سنوری تورکیا تا بەندەری جەیهانی تورکی، سەرباری ئەمە ژمارەیەك لە كۆمپانیا نەوتییەكانی توركیا لە كەرتی نەوتی هەرێمدا كاریان پێدراوە.
لەنێوان هەرێمی كوردستان و توركیادا رێككەوتنێكی وزە هەیە كە بە "رێككەوتنی 50 ساڵە" ناوبانگی دەركردووە، ئەم رێككەوتنە ساڵی 2013 لە ئەنكەرە لەنێوان نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی پێشووی هەرێمی كوردستانو رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك وەزیرانی ئەوكات و سەرۆكی ئێستای توركیا ئیمزا كراوە، كۆچكردوو ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەكان ئامادەی ساتی ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە بووە.
دوای ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە، جگە لە نێچیرڤان بارزانیو ئاشتی هەورامی كەس وردەكاری رێككەوتنەكە نازانێت، ئەم رێككەوتنە تا ئەم ساتە نەخراوەتە بەردەم پەرلەمانی كوردستانو رایگشتی، تەنانەت یەكێتی نیشتمانی كە ساڵی 2013 هاوبەشی سەرەكی پارتی بووە لە حكومەت ئاگاداری وردەكاری رێككەوتنەكە نییە، ساڵی 2013 كە ئەم رێككەوتنە ئیمزا كرا، عیماد ئەحمەد لە پشكی یەكێتی جێگری سەرۆك وەزیران بوو، ئەوكات چەند بەرپرسێكی باڵای یەكێتی رایانگەیاند حزبەكەیان ئاگاداری ئەو رێككەوتنە نییە.
بەگوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو)، لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستاندا جارێك نێچیرڤان بارزانی كە ئەوكات سەرۆكی حكومەت بووە، بەڵێنی بە سەرۆكایەتی پەرلەمان داوە لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان باسی ناوەڕۆكی رێككەوتنی پەنجا ساڵەی نێوان هەرێمو توركیا بكات، بەڵام رووداوی داخستنی پەرلەمانی كوردستان، ئەو نهێنیەشی تاوەكو ئەمڕۆ لەگەڵ خۆیدا ون كرد.
چی لەبارەی رێككەوتنەكەوە دەزانرێت ؟
رێككەوتنی نەوتیی بۆ 25 یان 50 ساڵ دەكرێت، چونكە ئەمانە پرۆژەی دورمەودان، ئەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەردۆغان كردویەتی بۆ (50 ساڵە)و جگە لە رەهەندە ئابورییەكەی، رەهەندی سیاسی گەورەی هەیە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو) كەوتوون، ئەوەی تائێستا لەبارەی ناوەڕۆكی رێككەوتنەكەوە دەزانرێت، بەمشێوەیەیە:
• ئەولەویەتی نەوتی هەرێم دەدرێت بە كۆمپانیا توركییەكان كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن.
• تا پەنجا ساڵی تر هەر بەرمیلێك نەوتی هەرێم بڕی (1) دۆلاری بۆ توركیا دەبێت.
• پارەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە (هاڵك بانك)ی توركیا دادەنرێتو ئاڵۆگۆڕی پێوە دەكرێت.
• بۆری نەوتی هەرێم لەلایەن توركیاوە پاسەوانی دەكرێتو كرێی پاسەوانی لە پارەی نەوتی هەرێم دەدرێت.
• (7) خەزانی گەورەی نەوت لە بەندەری جەیهانی توركی بە كرێ دەدرێت بە حكومەتی هەرێمو دەبێت لە پارەی نەوتی هەرێم كرێكەی بدرێت.
• هەندێك سەرچاوەی تر هەن باسلەوە دەكەن رێككەوتنەكە هەرێم ناچار دەكات ئەگەر لە داهاتوودا غازی سروشتی هەناردەی دەرەوەی كرد، ئەو كارە بەتەنیا لەڕێگەی توركیاوە بكات، توركیا ئێستا غاز لە روسیا دەكڕێت، نرخی غازەكەی روسیا بۆ توركیا زۆرەو دەسەڵاتدارانی ئەنكەرە بەدوای سەرچاوەی تردا دەگەڕێت جگە لە روسیا، بەڵام ئەم زانیارییە لەلایەن هەندێك لە سەرچاوەكانی ترەوە رەتدەكرێتەوەو باسلەوە دەكرێت رێككەوتنەكە تەنیا بۆ نەوتە.
• لەڕووی ئەمنییەوە دەوترێت رێككەوتنەكە چوارچێوەی داناوە بۆ پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ رۆژئاوای كوردستانو پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە).
• ئەوانەی رەخنەیان لە رێككەوتنەكە هەیە دەڵێن رەهەندی سیاسی ئەم رێككەوتنە پەنجا ساڵییە، بۆ پاراستنی دەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستانو درێژەدانە بە حوكمڕانی سەركردەكانی لە هەرێمی كوردستان بە پاڵپشتی ئەنكەرە.
• زانیاری نافەرمی هەیە لەبارەی ئەوەی خێزانی ئەردۆغان سودمەندی یەكەمن لە داهاتەكانی ئەم رێككەوتنە لە توركیا.
لە پرۆسەی بەدواداچونمان بۆ كۆكردنەوەی زانیاری لەبارەی رێككەوتنی پەنجا ساڵەی نێوان هەرێمو توركیا، بەرپرسێكی باڵای هەرێمی كوردستان پێی وتین، كرۆكی ئەو رێككەوتنە نەك بۆ ناوخۆی هەرێمی كوردستان، لەناوخۆی توركیاش بابەتێكی شاراوەیەو كەس ئاگاداری نییە.
وەكو خۆی باسی كرد، ئەو بەرپرسە جارێك لەگەڵ (جەنگیز چاندار) گەورە نوسەرو رۆژنامەنوسی توركیا باسی ئەم بابەتەی كردووەو لە چانداری پرسیوە ئایا ئێوە لە توركیا هیچ لەبارەی رێككەوتنی پەنجا ساڵییەوە دەزانن، چاندار وتویەتی:" لە توركیا تەنیا نەفەرو نیوێك ناوەڕۆكی ئەو رێككەوتنە دەزانن، یەكەمیان ئەردۆغانەو نیو نەفەرەكەش تەنەر یەڵدز وەزیری پێشووی وزەی توركیایە".