ئاسۆس هەردی چەند رۆژێکی تر هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەست پێدەکات. ئەم هەڵبژاردنە لەکاتێکدا دێت کە کوردستان لەدوای روخانی رژێمی بەعسەوە لە خراپترین دۆخی خۆیدایە. بەڕوی عێراقداو پاش ریفراندوم، توشی گەورەترین شکست بوەو نیوەی خاکەکەی لەدەست داوە. بەڕوی دەرەوەدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لەنزمترین ئاستی خۆیدایە. دەوڵەتانی دراوسێ بەئاشکرا هەڕەشە دەکەنو سنورەکانمان دەبەزێنن، کەسیش نە لەعێراقو نە لەجیهان هیچ ناڵێت. بەڕوی ناوەوەشدا، پەرتەوازەییو ناکۆکیی نێوان هێزە سیاسییەکان گەیشتۆتە ئاستی ئێسک شکاندن، دانیشتوانی هەرێم لەژێر باری سەنگینی قەیرانی داراییدا دەناڵێنن، حکومەتی هەرێم کە لەراستیدا تەنها وەک ناو و پەیکەرێکی سڕکراو ماوەتەوە، توانای چارەسەرکردنی هیچ قەیرانێکو روبەڕوبونەوەی هێچ یەکێک لە هەڕەشەکانی نیە… هتد. لەم دۆخەدا هەمو لایەنەکان ئەم هەڵبژاردنە وەک کێشانەیەک بۆ سەنگی سیاسیی خۆیان دەبینن. دو حیزبە دەسەڵاتدارەکە، کە بەرپرسی یەکەمن لە گەیشتن بەم وێرانەیەی ئەمڕۆ، بە هەمو هێزو توانایەکیان دەیانەوێ لەم هەڵبژاردنەدا ئەنجامێک بەدەست بێنن کە نیشانی بدات سەرباری هەمو شکستەکانیان، هێشتا هەر ئەوان خاوەنی پێگەی جەماوەریی یەکەمنو مافی ئەوەیان هەیە حوکم بکەنو بەناوی خەڵکەوە لەگەڵ دەرەوەی هەرێم قسە بکەن. گوتاری سەرەکیشیان لەسەر ئەوە بنیاد ناوە کە “نەک هەر ئێمە، بەڵکو هەمو هێزەکان بەرپرسیارن لەو دۆخەی ئێستا هەیە، هەر کەس بەپێی قەبارەو رۆڵی خۆی!”. بەمەش دەیانەوێ حیزبەکانی تر بکەنە شەریکی شکستەکانیان. بەپێچەوانەشەوە، لایەنەکانی تر کە دەزانن ئەمڕۆ پارتیو یەکێتی لە لاوازترین پێگەی سیاسیو جەماوەری خۆیاندان، بە هەمو توانایەک دەیانەوێ ئەم دەرفەتە بقۆزنەوەو بناغەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە قۆرخکردنی دەسەڵات لەلایەن ئەو دو حیزبەوە داڕیژن. بە هەمو پێوانەیەک، ململانێی ئەمجارە سەختو رەنگە توندیش بێت، بەجۆرێک خەڵکێکی زۆر ترسیان لەوە هەیە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەمجارە بەسەلامەتی تێنەپەڕێت. بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، ئەو ئاستە نزمەیە کە لە گوتاری میدیایی لایەنەکاندا هەستی پێدەکرێت. هەڵمەتێک کە دەبێت مەیدانی ململانێی پلانو بەرنامەی سیاسیو… هتد بێت، خەریکە دەبێتە کایەیەک بۆ سوککردنی یەکتری. ئەوەی مایەی سەرسوڕمانیشە، ئەو لایەنانەی دروشمی گۆڕانکارییان بەرزکردۆتەوە، ئەوەندە سەرقاڵی یەکتر شکاندنن، خەریکە رکەبەرە سەرەکییەکانیان بیر دەچێتەوە. ئەمەش رێک وەکو بڕینەوەی ئەو دارە وایە کە خۆیان لەسەرەی وەستاونو جگە لە رکەبەرەکانیان، کەس سودی لێ نابینێت. لە هەمو هەڵبژاردنێکدا گوێمان لەو قسەیە دەبێ کە دەڵێت “هەڵبژاردنی ئەمجارە چارەنوسسازەو دەبێ هاوڵاتیان بە گوڕوتینەوە بەشداریی تێدا بکەن”. لەراستیدا هەمو هەڵبژاردنەکان گرنگن (دیارە بەو مەرجەی بە پاکیو بێ ساختەکاری ئەنجام بدرێن)، چونکە دەرفەتێکن بۆ خەڵک تا لێپێچینەوە لە نوێنەرانی پێشوی خۆیان بکەنو متمانە بەو کەسو لایەنانە نەبەخشنەوە کە جگە لە خۆیانو حیزبەکانیان، خزمەتیان بە کەس نەکردوە. بەڵام گومان لەوەدا نیە لەم هەلومەرجە سەختەی ناوچەکەو لەم دۆخە ناسکەی کوردستاندا، هەڵبژاردنی ئەمجارە گرنگییەکی چەند ئەوەندەی هەیە. بۆیە دەبێ لایەنەکانو بەتایبەت ئەوانەی خۆیان بە ئۆپۆزسیۆنو ئەڵتەرناتیڤی دەسەڵات دەزانن، هەمیشە وێنە گەورەکەیان لەبەرچاو بێت، لەهەمان کاتیشدا ئەگەر بەڕاستی وەک خۆیان دەڵێن خاوەنی بەرنامەو پلانی ستراتیجین، رێگە نەدەن ململانێکە دابەزێتە ئاستێک کە تەنها دروشمبازەکانی رکەبەریان تێیدا سەرکەوتو دەبن. رۆژنامەی ئاوێنە
د.كامهران مهنتك خهریكه ههڕیمی كوردستان بهسهر دوو بهره دابهش دهكرێت، بهرهیهك پێی دهڵێن بهرهی گهندهڵی، یهكێتی وپارتی و ئهو حزبه بچووكانهی ، كه له ناو حكومهتدان و بهرهی گهلیش، ئهو كهسانه ئهو ناوهیان له خۆیان ناوه، كه لهگهڵ بهرهی یهكهم نین! له راستیدا دهربارهی بهرهی یهكهم هیچ كێشهیهك له ئارادا نییه، زۆریان لهسهر نووسراوهو تهنانهت من پێم وایه شایستهی ئهوه نین هیچی تریان لهسهر بنووسرێت، ههر نووسینێكی تر دهربارهی ئهو بهرهیه، له دوو رهههند زیاتر له خۆیهوه ناگرێت: 1- بهسهنتهركردنی ئهو دووحیزبه(یهكێتی و پارتی)، كه ئهمه زیاتر بههێزیان دهكات و ههیشه وهك هێزی سهرهكی لهناو میدیاكاندا دهخرێنه روو! 2- ئهوانهی به تهنیا كار لهسهر ناشیرینكردنی ئهو بهرهیه دهكهن، خۆیان هیچ پهیامێكی نوێیان پێ نییهو ئهو دوو حیزبهیان لێ بسهنرێتهوه وتارهكانیان پووچهڵ دهبێتهوهو هیچ به هایهكی نامێنێت. له راستیدا كێشهی بنهڕهتی باشووری كوردستان له كاتی ئێستادا لهبهرهی یهكهم، واته ئهوهی پێی دهڵێن بهرهی گهندهڵی نیه! چونكه ئهوانه بۆ ماوهی زیاتر له بیست و حهوت ساڵه حوكمی ئهو ههرێمه دهكهن و له ههموو رووێكهوه لهبهرچاوی خهڵك روون و ئاشكران!، بهڵكو كێشهی ههرهی گهورهی ئهو ههرێمه لهكاتی ئێستادا بهرهی دووهمه، ئهوانهی ناویان له خۆیان ناوه بهرهی گهل، كه تاوهكو ئێستا نهیانتوانیوه خۆیان پێناسه بكهن و هیچ پڕۆژهیهكی نوێیان پێ نیه، راستهقینهی تاڵ لهو بهرهیه ئهوهیه، كه بهشێكی زۆریان به هۆی ناشیرین بوونی بهرهی گهندهڵی خۆیان جوان كردووه، واته لهسهر ناشیرینیهكانی یهكێتی و پارتی كاوێژیان كردووه، بههۆی ئهو ناشیرینیانهوه، ناشیرینیهكانی خۆیان شاردۆتهوه، ئهگینا ئهگهر رووی راستهقینهیان بۆ خهڵك دهركهوێت ئهوا بێگومان رهنگ بێت زۆر لهوان دزێو و قێزهونتربن! ناكارامهیی و ههلپهرستی ئهو بهرهیه، هۆی سهرهكیه بۆ درێژبوونهوه تهمهنی بهرهی گهندهڵی و رۆژانه خهونهكانی كورد بۆ دهیان ساڵ بهرێته دوواوه، بههێزبوونی پارتی و یهكێتی له دهسهڵات بۆ ئهو ماوهیه زۆره ، به هۆی ناكارامهیی و بێ هێزی و ههلپهرستی ئهو بهرهیهوه بووه!، پێویسته خهڵكی كوردستان چیتر بهو كهسانه باوهڕ نهكات، كه دێنه سهر شاشهی تهلهفزیۆنهكان و به هۆی ناشیرینی خهڵكانی ترهوه خۆیان جوان دهكهن، دهبێت ئهو قۆناغه تێبپهڕێت و گوزهر بكات، شتێك نیه بهناوی بهرهی گهندهڵی و بهرهی گهل، بهشێكی زۆری ئهوانهی له كوردستان سیاسهت دهكهن، یا لهبهرهی گهندهڵین، یاخود له پێناو هێنانهدی بهرژهوهندیهكانی خۆیان نۆرهیان گرتووه بۆ ئهو بچنه ناو بهرهی گهندهڵیهوه!، جێگای داخه، زۆرینهی ئهوانهی تاوهكو ئێستا خۆیان به بهرهی گهلیش نیشان داوه، ههموو خهباتێكیان بۆ ئهوه بووه تا بهرهی گهندهڵی ئاوڕێكیان لێ بداتهوهو پۆست و پارهیهكیان پێ ببهخشێت، ئهو بێ هیوایی و پاشا گهردانییهی له ههرێی كوردستان ههیه، هۆی سهرهكی ههلپهرستی و دووروویی ئهوانه بووه!، كهسێك نیه له كوردستان ههست بهو دۆخه پڕ شهرمهزراییهی ئهوانه نهكات، كه دوو روانه خۆیان لهبهرهی گهل نیشان دهدهن، دهبێت ئهو قۆناغه ناشیرینه به ههردوو بهره دیماگۆكیهكه تێبهڕێنرێن، دهبێت گهنج و رۆشنبیری كورد، چیتر چاكسازیهكان له نێو ئهو دوو بهرهیه پڕ له گهندهڵیه نهدۆزێتهوه، بهداخهوه ئهمڕۆ له ههرێمی كوردستان بازرگانی به چاكسازی دهكرێـت، بازرگانی به خهونی رهوای میللهتهوه دهكرێت، بارزگانی به بهها نیشتمانی و نهتهوهییهكانهوه دهكرێت، كاتی ئهوه هاتووه قۆناغی ئهو بازرگانه چاوچنۆك و بێبههایانه تێتپهڕنرێت تاوهكو گوڵشهنیش به دهردی گوڵخهن نهچووه!.
د. سەردار عەزیز زۆر دەبیستیت کە سیاسیەکی کورد دەڵێت تەسەوەری ئەوەمان نەدەکرد. ئەمە تایبەت نیە بە حیزب و لایەنێکی تایبەت یان بە بەشێک لە کوردستان بەڵکو گشتگیریە. قەیرانی تەسەور لەهەر دوو کەرکوک و عەفرین وەک یەک ئامادەیی هەبوو. زۆربەی جار ئەم تەسەور نەکردنە دەکەوێتە قەیرانەوە کاتێک کورد هەوڵ ئەدات بزانێت کە ئەویتر چی ئەکات یان چی ناکات. بۆچی ئێمە ناتوانین درک بە رەفتاری ئەویتر بکەین، یان بۆچی ئێمە بە هەڵە وێنای رەفتاری ئەویتر دەکەین. تەسەورنەکردن بە مانای ئەوەدێت کە توانای ئەوەم نەبوو وێنای بکەن، یان چاوەڕوانی بکەم، یان بە خەیاڵمدا بێت. ئەم دیاردەیە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی ووردە لە ئاستی تاکی سیاسی و هەروەها کۆدا. بۆچی ئێمە هەڵە دەکەین یان کورت دەهێنین لەوەی بزانین ئەویتر چی دەکات؟ ڕەنگە بەشێکی زۆری وەڵامەکە لە قەیرانی وێناکردنی خۆمان بێت بۆ دونیا، کاتێک خۆت بە هەڵە بینی لە دونیادا ئەوا دونیاش بە هەڵە دەبینیت. کەواتە تەسەورنەکردن بەشێکی نەناسینی خۆمانە و بەشێکی تری نەناسینی ئەویتر. ئەم پرسە پەیوەستە بە ئاستی ئاگایی لە هەناو سیاسەتی ئێمەدا. مرۆڤی کورد بە گشتی دژ بە کەسی ڕۆشنبیرە، بە زۆری عاشقی سادەیی و ساویلکەیی و گەوجاندنە. ئەمەش دیسانەوە رەگی هەیە لە دۆخی کەلتوری و مەعریفی ئێمەدا. بۆچی ئێمە لە ئاڵۆزی، لە نادڵنیایی، لە هەبوونی زیاتر لە ڕەهەند و ئەگەرێک دەترسین، بۆچی دەبێت هەموو شتێک تاک ڕەهەند و سادە و ئاسایی بێت. لە بەرامبەر ئەمەدا ئێمە لە ئاڵۆزترین و پڕ قەیرانترین و خێرا گۆڕاوترین جێگاکانی دونیادا دەژین. توانای تەسەور نەکردنی ئێمە، یان بە هەڵە تەسەورکردن هەمیشە باجێکی گەورەی دەبێت، کەرکوک و عەفرین هەردوو نمونەی تراژیدین. ئەوەی زیاتر ئەمە ئاڵۆزدەکات بە شەعبی بوونی سیاسەت و زاڵبوونی پڕوپاگەندەیە بە سەر ڕا و بۆچۆن و مەعریفە و لێکۆڵینەوە و بەرهەمهێنانی مەعریفیە لە دونیای سیاسەتی ئێمەدا. لە سەردەمێک وجێگایەکدا کە توانای ئەوەت نەبێت کە تەسەوری تەسەورنەکراو بکەیت ئەوا هەمیشە لە پاشاوەیت و پاش روداو تێدەگەیت لە روداو، ئەو کاتەش درەنگە.
د. نیاز نەجمەدین بەشی یەكەم رۆژانی بەر لە دەنگدان، تەرزەی خەونی گەورە و زەبەلاح بەسەر خەڵکدا دەبارێت، وەک بڵێی چارەنوسی تاکەکان لەسەر پەنجەمۆرێک وەستابێت. باسی لاوازییەکانی میکانیزمی هەڵبژاردن لە گۆڕینی چارەنوسماندا جێدەهێڵێم بۆ رۆژانی داهاتو، ئەم ماوەیە دوو شت بە گرنگ دەزانم. یەکەم سود لە دەرفەتەکە ببینین بۆ گفتوگۆی جدیی لەسەر حاڵی خۆمان، لەناویشیدا دەوڵەمەندکردنی هۆشیاریی ئابوریی. دووەم، گفتوگۆی دیکە بخەمە بەرچاو بە ئومێدی ئەوەی بەشداربێت لە دروستکردنی سپەیسی بیرکردنەوە لە دەرەوەی دونیابینیی و هەژمونی سیاسییەکان، سەرۆکی لیستەکان و کاندیدەکانیان. لە چیرۆکە سواوەکەوە دەستپێدەکەمەوە: ئابوریی نەوتیی. سەیری خشتەکە بکە، دەبینیت بەرهەمی نەوت لە عێراقدا لە نێوان 2003-2011 گەشەکردنێکی ئەوتۆی بەخۆوە نەبینیوە. بەو هەمو هەوڵەوە، تازە بە تازە لە 2009 و 2010 توانیویەتی بگەڕێتەوە بۆ ئاستی بەر لە جەنگ. بەڵام لە نێوان 2006 بۆ 2011، داهاتی نەوت لە 40 ملیارد بۆ 86 ملیارد بەرزبۆتەوە. هۆی ئەم زیادبونە نرخ بوو. نرخی نەوتی بەسرە لە 23 دۆلار لە 2000 بەرزبوەوە بۆ 106 دۆلار لە 2011. ئەم بەرزبونەوەیە هیچ ئازایەتییەکی بڕیاربەدەستان و کاندیدەکانی کورد و عەرەبی لە عێراقدا تێدانەبوە. لەمەش گرنگتر، ئابوریناسان تەنیا گەشەیەک بە گەشەی راستەقینە دەزانن کە بەرهەمهێنان زیادبکات(نەک بەهۆی نرخەوە بێت)، بەڵام لە یەک سێکتەر(کەرتی ئابوریی) نا، بەڵکو لەسەر ئاستی کۆی ئابورییەکە. ئەگەر ئەمە رویدا، ئەوا ئابوریناسان دەڵێن: کۆی بەرهەمی ناوخۆ (لە کورتکردنەوەدا: جی دی پی) راستەقینە گەشەی کردووە، کە هەم رێژەی بەرزبونەوەی نرخی لێدەردەکرێت و هەم پێویستیشە رێژەی گەشەی دانیشتوانی لێدەربکرێت. ئەو گەشەیەی لە خشتەکەدا دەیبینیت سەرسوڕهێنەر نییە، بەتایبەت ئەگەر رێژەی گەشەی دانیشتوانی لێدەربکەیت، کە لە نێوان 2-3% بووە لە هەمان ماوەدا. وروژمی داهاتی نەوت دەرفەتێکی زێڕینی لەکیسچوو بوو، لەولاشەوە لاسەنگیی ئابوریی بۆ ماوەیەک پەردەپۆش کرد. لەگەڵ هەرەسی نرخی نەوتدا، سەرلەنوێ بەشدارییە لاوازەکەی کشتوکاڵ و پیشەسازیی لە دروستکردنی دەرفەتی کار و داهات دەرکەوتەوە. لەبەر دوو هۆکاری سەرەکیی، نەوت وەک دورگەیەکی دابڕاو لە ئابوریی مایەوە. یەکەم، گەشەی کەرتی نەوت خۆی پشت بە جیهانی دەرەکیی دەبەستێت، چونکە نە تەکنۆلۆجیاکەی و نە بەهرەمەندییەکانی لەناوخۆدا دەستناکەون. دووەم، داهاتی نەوت بە جومگە و دەمارەکانی ئابوریی ناوخۆدا تێنەپەڕی. سروشتی نەوت وایە کە زۆر بە کەمیی ئیشی بە دەستی کارە و دەیخاتەگەڕ، ناچێتەوە ناو پرۆسەی بەرهەمهێنان لە بواری کشتوکاڵ و پیشەسازییدا (لەبەرئەوەی بەرهەمهێنان لەم بوارانەدا کاتی دەوێت)، بەڵکو وەک لە ئەزمونی عێراق و هەرێمدا چەشتمان، بە ئاشکرا و نائاشکرا خۆی دەکاتەوە بە ئابوریی دەوڵەتانی چواردەور و جیهاندا پاش ئەوەی بەشێوەیەکی کاتیی لای فەرمانبەران و هەندێک لە کارمەندانی کەرتی تایبەت دەمێنێتەوە. لە عێراق و هەرێمدا، لە سەردەمی بەرزبونەوەی نرخی نەوتدا، داهات لە حکومەتەوە پەڕییەوە بۆ خێزانەکان. پاشەکەوت لای حکومەت لاوازبوو، لای تاک و خێزانەکان زیادی کرد، بەڵام تەنیا بەشێوەیەکی کاتیی. سەقامگیرییەکی ریژەیی هەبوو، لاوازیی پاشەکەوت بە هێنانی وەبەرهێنانی بیانیی پڕکرایەوە. ئەمیش تەنیا میوانێک بوو و بەس. لە هەرێمی کوردستاندا، نەوت و گاز زۆر کەتنی تریشیان نایەوە، وەک ئەوەی کابینەکەی نێچیرڤان و قوباد کردیان بە ستراتیجی خۆیان و بەشێک لە داهاتی نەوتیان خستەوە ناو ئەم سێکتەرە و وڵاتەکەیان خستە ژێر شاخێک قەرزەوە گوایە سەربەخۆییمان بە دیاریی بۆ دەهێنن. ئیدی هەموو شت لە وڵاتدا کاتیی بوو، تا لەناکاودا پەردەی سەر پەیکەرە ساختەکە لاچو، حکومەت و سەرکردەی کاریزمی و هەمو شتی دیکە پێکەوە هاڕڕەیان کرد. لە قۆناغی داهاتودا کە گەشەی ئابوریی رودەداتەوە، بەهیچ شێوەیەک مەرج نییە بەهۆی پلانی لیستێکی هەڵبژاردنەوە بێت، بەڵکو سیستمەکە دەستدەکاتەوە بە دەرکردنی هێزی کار لە ئابورییەکە و وێرانکردنی سەرمایەی کەڵەکەکراو تا خودی سەرمایە بخاتەوە گەڕ. یان رەنگیشە گەشە لە دەرەوەی جیهانەوە بێت. دەچمەوە خاڵی سەرەتا: کێشەی ئابوریی لە عێراق و هەریَمدا زۆر قوڵبوەتەوە. ئەگەر لە قوڵایی کێشەی ئابوریی لە عێراق و هەرێم تێگەیشتیت، لەوەش تێدەگەیت "دەنگمپێبدە، لە قەیران رزگارت دەکەم" درۆیەکی گەورەی تێدایە. ................................................................ بەشی دووەم خەونەکانی دوای قەیران: سوپا و ئابوریی (2) کێشەی سەرەکیی نەوت هەر ئەوە نەبوو ناهاوسەنگیی دەرەکیی (هاوردەی زۆر و هەناردەی کەم) و ناهاوسەنگیی ناوخۆیی (حکومەتی زەبەلاح و کەرتی تایبەتی بچوک، سێکتەری نەوت لەلایەک و هەمو سێکتەرەکانی تر لەلایەک، هتد) خستەوە، داهاتەکەش چوەتەوە دەرەوە، بەڵکو دوو شتی تریشە (بۆ سەرچاوەی باسەکە بڕوانە خشتەکە). یەکەم، داهاتی دابەشکراو رویکردوەتە کوێ؟ بەتایبەت لە دوای 1970کانەوە، کاتێک نرخی نەوت هەڵکشا، دیاردەی بەرچاو لە زۆرینەی دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەوەیە لەگەڵ زیادبونی داهاتدا بواری سەربازیی پتر لە سەرمایەی مرۆیی لە کۆی داهاتی نەتەوەیی یان نیشتمانیی(GDP) پشکی بەرکەوتووە(بڕوانە خشتەکە)، ئیدی ئەو دەوڵەتانە کۆمۆنیست، شیعەمەزهەب، سوننەمەزهەب، جولەکە، کۆماریی، پادشانشین بووبن، تەنانەت ئەگەر دەوڵەمەندیش نەبوبن بە نەوت (تونس ئەزمونێکی جیاوازترە). لەناو ئەم دەوڵەتانەدا، سعودیە و ئیسرائیل پێشەنگن: نزیکەی 7%-9%ی لە جی دی پی لە 2000 بۆ 2012. بەدوایاندا، تورکیا هاوردەکارێکی چڵێسی چەکە. ئێرانیش یەکێک بوو لە داخوازیکارە زەبەلاحەکان لە 1970کاندا، بەڵام عێراق لە 1980کاندا جێی گرتەوە و گەمارۆی ئابورییش تواناکانی سنوردارکردوە. لەئاکامدا، دەوڵەتانی ئەم ناوچەیە توانیان هەندێک جۆری چەک خۆیان دروستی بکەن و بەشێکیشی هەناردەبکەن. سیستمی بەرگریی ئاسمانیی قەڵغانی ئاشتیی سعودیە ملیاردەها دۆلاری تێچوە. هەناردەی سەربازیی میسر لە 1989 و لە سایەی بەعسی سەددامدا گەیشتە 4 ملیار. ئیسرائیل پسپۆڕی پێویستیان هەیە بۆ دروستکردنی فڕۆکەی جەنگیی (jet fighter)، کە بە لاڤی (Lavi) ناسراوە و تواناکانی لە ئاست (F16)ی ئەمریکییدایە. لە 2004دا بایی 2 تا 3 ملیار دۆلار هەناردەی چەکی هەبوە. بنچینەی سەربازیی زۆرجار بۆ چاوترساندن و بازاڕکردنەوە بە زۆرداریی بەکاردەهێنرێت. هێرشی تورکیا بۆ عەفرین لەرویەکەوە ساغکردنەوەی کاڵای سەربازیی و تاقیکردنەوەی چەکەکانیانی لە پشتە. لات سەیرنەبێت کاتێک سەرۆکی ئیسرائیل ناتانیاهۆ دەڵێت پشتیوانی سەربەخۆیی کورد دەکەین، بۆ ئەوە بێت خواست لەسەر بەرهەمی سەربازیی زیادبکات. خەرجیی لەسەر سوپا بووە بەهۆی پاراستنی دیکتاتۆرەکان. لە زۆربەی دەولەتانی رۆژهەڵاتدا، سوپا و فەرمانڕەوایان هاوپەیمانی مانەوەی یەکتر بون. لە شوێنێکیشدا سوپا پشتی کردبێتە سەرۆکی وڵات (وەک میسری موبارەک)، ئەوا لەبەرئەوەبووە پشکی خۆیان لە قازانجی بواری سەربازیی و ئابوریی زیادبکەن. لەزۆربەیاندا سوپا پرۆفیشناڵ نییە، لە هەندێکیاندا چواردەوریشی بە میلیشیا گیراوە (وەک عێراق). لە هەرێمی کوردستاندا پەیوەندیی ئاسایش و سوپا و حوکمڕانان فۆرمێکی تریشی وەرگرتوە. هەمان گروپی فەرمانڕەوا دوو ئەرکی تەواوکاری یەکتریان پێدەسپێردرێت. بەشێکیان قات و بۆینباخ دەبەستن و نەرمونیان و مەدەنیی دەردەکەون، بەشێکی تریان دەزگاکانی سوپا و ئاسایش دەگرنەدەست، لە پرۆسەی کەڵەکەکردنی ساماندا پشتیوانی یەکتردەبن. لە کۆنتڕۆڵکردنی بزنسەکانی دەرەوەی حکومەتیش، هاوکاری یەکتر دەبن. دووەم، سوپا و دەزگاکانی زانیاریی خۆیان دەبن بە بار بەسەر ئابورییەکەوە. سەرەتا سوپا و دەزگاکانی زانیاریی دەبن بە خاوەنکار. لە دە وڵاتدا کە هێزی کاریان گەورەترین پشکی هەیە لە بواری سەربازیی و ئاسایشدا، نیوەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە. لە تورکیا، دەزگای (TSKGV) لە 1987وە سەرپەرشتیی کۆمپانیاکانی سوپا دەکات و 20 هەزار کەس کاری تیادا دەکات. پاسداران لە ئێران نزیکەی 125 هەزار سەربازیان هەیە. جگە لەمەش، هێزەکانی ئاسایش و زانیاریی و سوپا پشکی خۆیان لە ئابوریی مەدەنیی پێدەدرێت و ئاسانیش نییە ملکەچی لێپرسینەوە بکرێن. لە تورکیا، ئویاک(OYAK)، واتە The Armed Forces Mutual Assistance Fund، باج نایگرێتەوە، پشکی هەیە لە 60 کۆمپانیادا – کە بە تەواوی خاوەنی بەشی زۆری 29 کۆمپانیایانە- لە بواری پیشەسازیی، کشتوکاڵ، بانک، خزمەتگوزاریی هەناردە-هاوردە، تەکنۆلۆجیا و گەشتوگوزار. لە ئێران، پاسداران لە بواری نەوت، بینا، خستنەگەڕی میناکان و سێکتەری تێلیکۆمیونیکەیشن و میدیا زاڵن. لە سوریاش، بۆ چەندین ساڵ، ئۆرگەنایزەیشنی خانوبەرەی سەربازیی (MHO) لە بازاڕی خانوبەرەدا رکابەری یەکەم بوو. دەوترێت رامی مەخلوفی پورزای ئەسەد نزیکەی 60%ی ئابوریی سوریای بەدەستەوە بووە. لێرەوە، کەرتی تایبەت مانایەکی ئەوتۆی نامێنێت مادام دەکەوێتەوە بندەستی دەزگاکانی سوپا و ئاسایش و هەواڵگریی. نەوەی یەکەمی ناسیۆنالیزم لە هەرێمدا، بەتایبەت سەرکردایەتیی یەکێتیی و پارتیی، لەم ژینگە ئابڵۆقەدراوە بە دەزگای هەواڵگریی و زانیاریی و سوپا چاوی کردوەتەوە، پێی گرتوە و ماوەتەوە. لەلایەک، جێی بەزەیین کە هیچ شوێنپێیەکی تریان بۆ نەدۆزراوەتەوە پیایدا بڕۆن. رەنگە ئەوانیش حەزیان کردبێت خۆیان و منداڵیان ئارامتر بژین و هێندە سوک و رسوا نەبن لەلای خەڵکەکەیان. لەلایەکەی ترەوە ئەوان شایەنی سزان، بەتایبەت لەبەرئەوەی هەمان مۆدێلی سیاسییان دوبارەکردەوە، بە پلەیەکی زۆر نزمتر و زڕ لە هەمو بەرهەمێکدا. لە کۆتاییدا، لەبەردەم دەوڵەتانی ناوچەکەدا جاش-جەنگاوەرێکی بەزیوی راکردو بون و بەدەستی بەتاڵ هاتنەوە ناو میللەتەکەیان و خۆیان کرد بە جەنەڕاڵ و پاڵەوان لێیان. بگەڕێمەوە بۆ هەڵبژاردنەکانی 2018ی عێراق، جێی داخە ئێمە دوو گەنجمان نییە بە کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە سەرقاڵبن، بەلاَم پێم ناڵێیت کاندیدێک (تەنانەت ئەگەر پسپۆڕیش بێت چجای ئەوەی قورئانخوێن بێت) لەناو ئەم هەمو گەمە سیحریانەی دەزگا هەواڵگریی و سەربازییەکاندا چی بۆ کورد پێدەکرێت؟ چۆن دەگونجێت ئەم یان ئەو لیست هەروا بەئاسانیی مژدەی رۆژگارێکی قەشەنگ ببەخشنەوە وەک ئەوەی تەنیا ئەوان لە گۆڕەپانەکەدا هەبن و دابڕاوبن لە دونیا؟ لای کەم، تۆزێک واقعیی بن، هەڵبژاردن ئەو عەسا سیحرییە نییە ئێوە باسی دەکەن، لە پێناوی وەرگرتنی دەستەڵاتدا گەشبینیی گەمژانە دروستمەکەنەوە، وردبن لە دیاریکردنی کێشەکانی ناوچەکە و بیخەنەپێشچاو، هتد. هاوکات، پلانتان چییە بۆ تێکشکانی هاوپەیمانیی سوپا و ئاسایش و زانیاریی لەگەڵ حوکمڕانان؟
دانا هەڵەبجەیی ئەگەر پرۆسەی هەڵبژاردن و ئیختیارکردن زۆر کورت و ئاسان بکەینەوە بۆ دیاردە و مامەڵەیەکی کۆمەڵایەتی و بازرگانی کۆمەڵگەیەکی تازە سەرهەڵدراوی وەک کورد، ئەوا دوو بەرە یا لایەنمان بۆ قوت ئەبێتەوە: کڕیار و فرۆشیار، هەڵبژێرەر و کاڵا، وە بەمانا هەنوکییە سیاسییەکەی؛ دەنگدەر ە و کاندید. لەم پرۆسەیەدا هەمیشە مافی دەستنیشانکردن و بڕیاردان و هەڵبژاردن، ئەکەوێتە سەر کڕیار و هەڵبژێرەر و دەنگدەر، کە بریتین لە (هاوڵاتی). لە بەرامبەریشیدا ئەوانی تر چڕ ئەبنەوە لە شتێکدا پێی ئەوترێت (حیزب). فرۆشیارێکی تەماتە هاوار ئەکات؛ هەڵبژێرە بە ئارەزوی خۆت، هاوڵاتییان ئازادن کە چ جۆرێک هەڵئەبژێرن و ماف ئەدرێتە دەست هاوڵاتی کە بڕیار بدات و خاڵ سەری دێڕ. یەکێکی تر ڕێگای ساختە ئەگرێتەبەر و فرۆشیار ئەخەڵەتینێت. ئەوی تریان فرۆشیار ناچار ئەکات کە تەنیا لای ئەو بیکڕن، جونکە تاکە دوکانیکە لەو گوندەدا کە تەماتە بفرۆشێت. بهێنەرە بەرچاوت کە چ گەمەیەک و سەروسەودا و فرت وفێڵێت لەم تەماتە فرۆشتنەدا ئەکرێت،،،. لەم بێنەوبەردەدا، ڕۆڵی دوو کاراکتەری زۆر نەرێنی و ماڵوێرانکەر ئەبینرێت، کە ئەوانیش بریتیین لە یەکەم:کەسی بەناو بێلایەن، کە زۆربەیان خۆیان بە ڕۆشنبیر و ئازاد و ناحیزبی خۆیان لەقەڵەم ئەدەن، داوای ئەوە ئەکەن کە کەس بەشداری هەڵبژاردن نەکات. دووەم؛ ئەو سیاسییە زۆربڵێ و شکستخواردوانەی، کە هەمیشە خۆیان بەڕاست و ئەوانی تر بە هەڵە ناوزەند ئەکەن. لە هەر زەمان و زەمینەیەکدا بن. سەرەتا با بێمە سەر ئەو چەند کەسەی کە ئەڵێن بەشداری هەڵبژاردن مەکەن. ئەم فەرمان دەرکردنەی کە ئەمانە ماف بە خۆیان ئەدەن، تاکە مافی هاوڵاتی کە هەڵبژاردنە، زەوت بکەن و ڕێ بە خۆیان ئەدەن، کە ڕێ لە دەنگدانی هاوڵاتی بگرن، کە زۆر بائاسنی ئەڵێن؛ دەنگ مەدەن بە هیچ کەس و حیزبێک!. ئەمە خۆی لە خۆیدا لێسەندنەوەی مافی هاوڵاتیانە، کە بریتییە لە دەنگدان. ئەمانە ئەم مافەشیان لێ ئەسەنن و نایەڵێن تاکە ڕێچکەیەکی دیموکراسی کە هەڵبژاردنە، کە هاوڵاتی مافییەتی کە بەشدار بێت. ئەم جۆرە کەسانە، لە دنیای کاردانەوە و زیادڕەوەی لە بیروڕا و چەقبەستووی لە ئایدیۆلۆژێکی ناسەردەمیانە و تاکڕەوەی و خەیاڵپڵاوی بۆ دونیاکانیتر و سفراندنی ئەوانی تردا ئەژین،،،. ئەمانە نەک ئەلتەرناتیف و چارەیان پێ نییە بۆ ئێستا و داهاتوو، بەڵکو هەمیشە ئەیانەوێت، کۆمەڵگە وەک ئەو بیربکاتەوە و دونیا ببینێت، وە خودی ئەویش دونیا لە کۆمەڵێک دەق و تێۆری وشکی ناو کتێبە بەساڵاچووەکاندا ئەبێنێت. کاری ئەمانە تەنیا، دژایەتی بەرامبەر و سڕینەوە و سفرکردنی دژەئایدیاکانی خۆیانن و هیچ کاتێک کۆمەڵگەیەکی تۆلەرانس و ئازاد لە بیروڕا و فرکولتورییان پێ هەرس ناکرێت. بێ دینە دژی ئایندارە، دیندارە دژی بێ دینە. ئایدیالیستە دژی لیبراڵە، دۆگمایە دژی ئازادییە، چەپە دژی ڕاستە، سوسیالیستە دژی نەتەوەپەرستە، نەتەوەییە دژی چینایەتییە، و هتد. ئەمانە هەر ئەبێت، دژێک بۆ خۆیان وێنا کەن و بە ڕوخاندن و قەلاچۆکردنی دژەکەیان ئینجا دڵیان ئاوئەخواتەوە و دنیایان لێ ئەبێتە شامی شەکر،. ئیتر دوای ئەوە چی ئەبیت، نە هیچ دیارە نە بەرنامەشیان پێیە، گرنگە بەلایانەوە کە تۆ ئەبێت لەگەڵ ئەودا بیت و هیچی تر، ئەگینا سفریت و مافی ژیانت نییە و تۆ هەڵەیەت و من ڕاستم. بە کوردییەکەی وەک داعشاندنی کۆمەڵگە وایە، ئیتربە تێکستی کۆن بێت و یاخو نوێ، گرنگ وەک دەنگ و ڕەنگی ئەو نەبیت، شایانی ژیان و گیان نیت. ئەم جۆرە لە ئایدیا و بیرکردنەوە لەملا و ئەولا، بۆ ماویەکی کورت تاقیکراونەتەوە، بەڵام شکستی هێناوە. هەر بۆیە ئیتر ناتوانێت لە سەدەی 21 دا جێی خۆی لە ناو کۆمەلگە مرۆییەکاندا بکاتەوە و بە مانا گشتییەکەی، ناگونجێن لەگەڵ خواستە هەنوکییەکانی مرۆڤی ئەم سەردەمە. هەربۆیە، ئەمانە جگە لە خۆ پەراوێزکردن و سەندنەوەی مافی هەڵبژاردن لە هاوڵاتی کورد، هیچ ڕێگە چارە و ئەڵتەرناتیفێکی واقیعیانەیان پێ نییە. لە وڵاتانیکی وەک ئەوروپا، ئاساییە بەشداری نەکەیت لە هەڵبژاردندا، چونکە هەموو دام و دەزگا و دامەزراوە حکومیی و خزمەتگوزارییەکان دەیان ساڵە جێگیر و پاگیر بوون، ئیتر کێشە نییە کام حیزب دێتە سەر دەسەڵات، چونکە هاوڵاتی مافەکانی خۆی لە حکومەتدا مسەوگەر کردووە. نەک هەرێمێکی وەک کوردستان کە لە قۆناغی خۆ دۆزینەوە و خۆدروستکردن و خۆئاوەدانکردنەوەدایە، کە پێویستی بە هەر تاکێکی هەیە، بەشداری تێدا بکات. ئەوانەی ئەلێن بەشداری هەڵبژاردن مەکەن، مەبەستیانە کە دۆخەکە وەک خۆی بمێنێتەوە و وەک ئەوەی کە هەیە، چۆن بووە با وابێت. خۆشییان بیت یا ترشی؛ پەیامەکەیان ئەچیتە خزمەتی گیرفانی ئەو دەسەلاتەی کە ئێستا لە سەر حوکمە و ئاو بە ئاشی دوو حیزبە پیرە پاوانکارەکەی کوردستان ئەکەن. یا هەمووی یا هیچ، سڕینەوەی بەرامبەر، سفراندنی ئەوی تر و هەڵتەکاندنی ئەوەی کە هەیە و نەبوونی ڕێگەچارەی واقیعی سەردەمیانە؛ ناشێت بۆ کومەڵگەیەک کە ئەیەوێت بەرەو دیموکراسی بڕوات.
خهڵات عومهر ئهوهى لهسهرزهوى نمونهى بهههشتێكى باشترله دۆزهخى پێ دروست نه كرێت ، شایهنى ئهوهنیه لهئاسمان پێ یببه خشرێت ! یهكێك لهجوانیهكانى شۆرش ئهوهیه خهیاڵپهرێزهو میتافیزیكاى خۆی ههیه ،بهڵام لهباسى شۆرش دا نابێت بكهوینه ناوئهوداوهى كه خهیاڵ ووههم تێكهڵ بهیهكتردهكات . ((وهلید فارس)) ئهمریكاییهكى بهڕهگهزلوبنانیه له ههڵبژاردنهكانى ساڵى 2012ى ئهمریكادا ڕاوێژكارى بوارى ئاسایش نیشتمانى وبهرگرى ((میت رۆمنى)) بهربژێرى سهرۆكایهتى ئهووڵاتهبوو. بهحسابى خۆى لهكتێبهكهى دا ((شۆرش بهڕێوهیه ...تێكۆشان لهپێناوى ئازادى لهخۆرههڵاتى ناوهڕاست دا))تاكهكهس بووه پێشبینى ڕوداوهكانى بههارى عهرهبى كردووه ! فارس لهدواى بههارى عهرهبى كتێبێكى داناوه بهناوى ((لهبههارى عهرهبیهوه ،بۆزستانى ئیسلامى))لهكتێبهكهى سهركۆنهى ئیسلامیهكان دهكات كهگوایا ،بههارى عهرهبیان له خهڵكى مهدهنى لیبراڵ دزیوه وسهرهڕاى ئهوهى لهڕێگهى سندوقى ههڵبژاردنیشهوه زۆرینهیان بهدهست هێناوه ،بهڵام دهبێت ڕێیان پێبگیرێت ،لهبهرئهوهى ئارابوونى ئهوان ناوچهكهو جیهانیان ڕوبهڕوى كارهسات كردۆتهوه . ئهوپێى وایه ههمووئهوئیسلامیانهى كهخوازیارى دامهزراندنهوهى خهلافهتى ئیسلامین دهبێت رێیان لێبگیرێت ، ئهگهر لهوئیخوانیانهشبن كه سهرۆك(( ئۆباما))یان تهفرهداوه. من بۆیه باسى ئهم كتێبهم كرد نبۆئهوهى بڵێم بۆچوونهكهى من پیچهوانهیه وڕاستیهكه ئهوهیه، زۆرینهى خهڵكى ناوچهكه ولهوڵاتانى عهرهبدا لایهنگرى ئهوهن ،كهئیسلام باڵاداستبێت وسایهیان بۆژێردهوڵهتى خهلافهت بگهڕێتهوه ! دروست بهپێچهوانهى ئهودهستهواژهى ئهم نووسینهم پێدهستپێكردووه.ئهوان لایهنگرى بهههشتهكهى ئاسمانن ،نهك ئهوهى خۆیان لهسهرزهوى دروستى بكهن ! لهمهشدا ناههقیان نیه ،ئهوان دهخوازن لهسهرزهوى بهههشت ههبێت ! دهخوازن گوزهرانیان باشبێت ودادوهرى ههبێت ،تۆزێك ئارام بن وبسرهون ونههامهتیهكانیان ،كه متربێت ،بهڵام كهسانێكى زۆرههن حیزب ودهستهوتاقم ورێكخراوهوخێڵى ئایدۆلۆجى وسیاسى ،ئهم خهونه بهبهههشتهكهى ئاسمانهوه پهیوهست دهكهن. حوكمڕانهكانى دهسهڵات لهئهزموونى ئهم ناوچهیهداشكستیانهێنا لهوهى ((گهل)) دروست بكهن . ئۆپزسیونهكانیش كهلهبهرهبابى حوكمڕانهكان بوون،بهههمان شێوهشكستیان هێناوه ! لهنێوان ههردوولادا ئهوهى بووه قوربانى ،دهوڵهت ودامهزراوهكانى بوون ،كهههرگیزوهك خۆیان دروست نهبوون وئارانهبوون . لهم كایهو بوارهدا سهرنجتان بۆگفتووگۆیهكى گهرم وگورَى عهرهبى ڕادهكێشم كهلهنێوان((بورهان غلیون ))و((جۆرج تهرابیشى)) دروستبووه . غلیون كتێبێكى داناوه بهناونیشانى ((دهوڵهت دژى نهتهوه )) ،تهرابیشیش كتێبێكى داناوه بهناوى ((ههرتهقات)) وه . كورت وپوخت تهرابیشى داكۆكى لهدهوڵهت دهكات وهك پرۆژهیهكى نوێگهرى وپێى وایه دهوڵهت قوربانى نهزانى وبێسهروبهرى دهسهڵاته و،بگره دهوڵهت نهك ههرڕۆڵى خۆى نهبینیوه بهڵكودهسهڵات قووتى داوه ! جالهبهرهوهى قسهكه لهسهرنهزانینه ،كهخۆى گهوجى وگێلیهتیه ،بادهرفهت لهدهست نهدهم وباسى كتێبَك بكهم كهزۆرم خۆش دهوێت وناونیشانهكه ى لهمه بریتیه : ((رۆڵى رێكهوت وگێلیهتى لهگۆرینى ڕهوتى مێژوودا))دانهرى ئهم كتێبه كه((ئهریك دۆرشمیت)) سهراسیمهى كردوم .بهوپێیهى پێش ناسینى ئهم كتێبه من خۆم باوهڕم وابوونهزانین وگێلیهتى مایهى بهدبهختى مرۆڤایهتیه ! باچهند دێڕێك بنووسمهوه كهلهمهوبهرلهنووسینێكدا هۆنیومهتهوه : لهئهدهبیاتی گهلانی ناوچهكهدا تائهم ساتهش ((سایكس بیكۆ)) وهكو ئهومۆتهكهیه وێنادهكرێت كه،سهردڵی ههمووانی گرتوه و،بهبێ ویست وئیرادهی خۆیان ،نیشتمانی لهخاوهنهكانی زهوتكردوه. بۆیه لهلای زۆربهی زۆری دانیشتوانی خۆرههڵاتی ناوهڕاست ،جوگرافیای سیاسی، نهخشهوسنورو،دروستكردن ودابهشكردنی زۆربهی دهوڵهتهكان ،سیمبولی قههروچهوساندنهوهو بێ دادیهكی گهورهیه. چ بههۆی ئهوهی كه هێزی باڵادهستی بێگانه ،وهك قهدهرێك سهپاندویهتی و،چ له بهرئهوهش كه ئهوسیستمانهی بونهته خاوهنی نهخشهودهوڵهتهكان ،بهئاگروئاسن حوكمیان كردوه. بهباشترین شێوهى دیمهنه كه لهخۆرههڵاتی ناوهڕاست وهك لهم دواییهدا ((هنری كیسنجهر)) باسی لێوهدهكات لهوهبریتیه ،كه ((سیستمی دهوڵهت ،لهلایهن هاوڵاتیانهوه گومانێك زۆرلهسهرشهرعیهتی دروستبووه)) دهرهنجام لهنێوان مۆدێلی دهوڵهتی خۆرههڵاتی ناوهڕاست وههستهوهری گهلان دا ،دابڕانێكی گهوره ئارا بووه. نامۆبون ونیگهرانی ودهرهنجام دژایهتی وتوڕهبونێكی گهوره كهڵهكه بووه. ئهگهرلهئهوروپا دهوڵهت بهڕادهیهك ئینتمای هاووڵاتیبونی پهرهپێدابێت ،كهڕولهوهبێت شوناسێكی باڵاترپهیداببێت و،خودی دهوڵهت بایهخی كاڵ ببێتهوه ،ئهوالهخۆرههڵاتی ناوهڕاست ،دهوڵهت ،بهڕادهیهك هاووڵاتیبونی بێ بایهخ كردوه و،بهڕادهیهك هاوڵاتی نامۆكردوه،كاربهوهگهیشتوه زوربهی هاوڵاتیان دژی دهوڵهت بن و ،بهشوێن شوناسی ئهڵتهرناتیف دابگهڕێن. بێگومان لهوبارودۆخانه شدا ،هیچ شوناسێك هێندهی ئاین ونهتهوه تهلیسمی نیه. كاتێك لهسهدا نهوهدی ئهدهبیاتی عهرهبی باس لهیهكێتی خاكی عهرهب وسهرهوهری ئیسلام ودامهزرانی دهوڵهتی خهلافه تی ئیسلامی بكات ،ئیتر جێگای سهرسوڕمان نیه كه،ببنین پرۆژهكهی داعش لایهنگروهاوسۆزیهكی زۆرپهیدادهكات. ئه مه كۆتایى نووسینه كۆنه كه یه .ئه وه ى نوێیه وله م باره یه وه ده مه وێت بیڵیم سه باره ت ده وله ته كه له ولاتانى به هارى عه ره بى دا، بۆته قوربانى خێله كانى ده سه لات وئۆپزسیون! خهڵك دهوڵهتیان بۆیه لهبهرچاوكهوتووه چونكه دهوڵهتى خێڵ وئایدۆلۆژیابووه ،دهوڵهتى دهستهو تاقم بووه ،ئهوانهش كهئۆپزسیون بوون ،جارێكى دژى دهوڵهت بوون ،لهبهرئهوهى نهیانتوانیهوه جیاكارى بكهن لهنێوان دهوڵهت خۆى وهك ودامهزراوهیهكى نوێگهرى ودهسهڵات وحوكمڕانهكاندا .دهرهنجام لهژێرههرناونیشانێكدابێت ،لهكۆنهستى ههموواندا ،دهوڵهت تاوانباروگهلیش ئهوهبووه كه ئارانهبووه . پرۆژه خۆرئاواییهكه كه ئهگهرتروسكاى تێدابێت لاى ئێمهومانان ،كهئومێدمان بهتروسكاییه ،ئهوهیه كه بازارى گهرمى خێڵایهتى پێش مۆدرێنه تێده په رێنرێت ،هاوسهنگى لهنێوان دهوڵهت وتاكهس دا دروست دهبێت و،ئه وساش ((گهل))له دایك ده بێت . چونكه له دایكبوونى گهل، جگه له دایكبوونى تاكه كه س ، هیچى ترنی ! ئێستا تۆوچانێك بده وبزانه ،ئهوهى ناوى بههارى عهرهبیه ،چۆن وبهچ قهبارهیهكى خراپترلهدهسهڵاتهكانى ،پێش ئهو بههاره ،تاكهكهسى نامۆو ،گهلى دووچارى قهدهرى خێڵ كردووه ! ((فریدرێك جێمسون))ى ئهمریكایى دهیوت :داڕمانى یهكێتى شورهوى بههۆى سهركهوتنیهوه بووه ! بهوواتایهى نمونیهكى نوێكردنهوه ى جیاوازى له وهى خۆرئاواى پێڕهوكردووه ! منیش دهڵێم ،بههارى عهرهبى شكستى نههێناوه و،بهڵكوسهركهوتووه ،لهوهداكه لهوهرزێكى نوێدا درێژهى به خهونى دهسهڵاتدارانداونئهوهى ئهوان بهنهزانى خۆیان بونیادیان نابوو،ئهم ڕوخاندى ! و هك ئهوهى زمانى حاڵى بڵێت ،بهههشتێك لهئاسمان دروست نهبێت ،بالهسهرزهمینیش وێنهى نهبێت !
سەرتیپ جەوهەر ئەمریكا ناكشێتەوە بەڵكو گـوشاری زیاتر دروستدەكات لێدوانەكەی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەسوریا بارودۆخێكی نوێی لەناوچەكە دروستكرد، لێكدانەوەی قسەی زۆر لەبارەی ئەو لێدوانە دەكرێت و هاوكات جموجۆڵێكی نائاسایی هێزی سەربازیی لەدەریای ناوەڕاست و ناو سوریا دەستی پێكردووەو فەرەنسییەكان لەماوەی چەند رۆژی رابردوو هێزێكی ئێجگار زۆریان هێناوەتە رۆژئاوای كوردستان، لێدوان و دڵنیاكردنەوەكانیش لەپێناو هێوركردنەوەی ئەو مەترسیەیە كە لەرۆژئاوای كوردستان دروستبوە. بەهۆی ئەو لێدوانەی سەرۆكی ئەمریكا بارودۆخێكی دەروونیی زۆر خراپ بۆ سەركردایەتی سیاسی كوردو دانیشتوانی رۆژئاوای كوردستان دروستبوە، لەوە دەترسی هەمان ئەزمونی عەفرین و كەركوك دوبارە ببێنەوەو روبەڕووی واقعێكی خراپ ببنەوە، چونكە لەو بڕوایەدان ئەگەر هێزەكانی ئەمریكا لە رۆژئاوای كوردستان بكشێتەوە ئەوا زەمینە لەبار دەبێت بۆ هێرش و پەلاماری توركیاو هاوپەیمانەکانی. هەر بەهۆی ئەوهەڵسوكەوتەی ئەمریكا كە ماوەیەكە هەستی پێدەكرێت، هێزەكانی سوریای دیموكرات هێرشەكانیان بۆسەر چەكدارانی داعش لەخواروی سوریا ماوەیەكە راگرتووە، ئەمەش وەك گوشارێك هەم بۆسەر ئەمریكاو هەمیش بۆسەر ئەوروپا تاوەكو رێگری لەپەلامارو هێرشەكانی توركیاو هاوپەیمانەکانی بكەن. بەپێی زانیارییەكانیش تیرۆرستانی داعش لەناوچەكانی خوارووی دێرزۆرو ئەلبوكەمال، ژیاونەتەوەو هێشتا ژمارەیەك گوندو چەند شارۆچكەیەكیان بەدەستەوەیە، ئەوەش ئەگەری دوبارە ژیانەوەو پەلاماردانیان زیاتر كردووە. هەر لەبارەی ئەو لێدوانەی سەرۆكی ئەمریكا قسەو باسی زۆر لەمیدیای جیهانیی و ناوچەكە دەكرێت، هەریەكەو لەسوچێكەوەو لەلایەكەوە لێكدانەوەو تەفسیری جیاوازی بۆ دەكات، بەڵام ئەوەی لێرەدا جێی سەرنجەو پێویستە قسەی لێبكرێت، ئەوەیە دوای لێدوانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، هیچ لێدوانێكی تەئكیدكردنەوە یان شیكردنەوە لەلایەن هیچ كەسێكی ئیدارەی ئەمریكاو وەزارەتی دەرەوەو پێنتاگۆنەوە دەرنەچووە، ئەمەش ئەو گومانەی زیاتر كردووە كە پێناچێت ئەو لێدوانەی دۆناڵد ترەمپ ئەگەری زۆر لەپشتەو پێویستی بەشیكردنەوەی زیاتر دەبێت. كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا لەسەر زاری سەرۆكی ئەو وڵاتە ناوچەكەو چاودێرانی سیاسی توشی جۆرێك لەڕامان كردووە، لەلایەك لێدوانێك بەو شێوەیە لەسەر زاری سەرۆكی ئەمریكا، جیاوازە لە لێدوانێك لەزاری هەر بەرپرسێكی دیكەی واشنتۆن، لەلایەكی دیكە مەنتقی سیاسی و سەربازیی ئەوە رەتدەكاتەوە ئەمریكا دوای ئەو هەموو خەرجیی و دڵنیاكردنەوەیە، لەپڕ بەلێدوانێك و بەبێ بڕیاردانی دامەزراوەكانی بڕیاردان بەتایبەت كۆنگرس، هێزەكانی لەسوریا بكشێتەوە. هەرچۆنێك بێت قسەی زۆر لەسەر ئەو لێدوانە هەڵدەچنرێت، بەڵام دیارترین ئەو ئەگەرانەی لەپشت لێدوانەكەی سەرۆكی ئەمریكادان بریتین لەمانەی خوارەوە: یەكەم: یەكێك لەئەگەرە بەهێزەكان ئەوەیە، ئەمریكا دەیەوێت خۆی لەئیحراجیی پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا دەربازبكات و فەرەنسا بێنێتە ناو بارودۆخەكەو رێگەی پێبدات هێزی سەربازی بێنێتە مەنبەج و رۆژئاوای كوردستان و ئەگەری روبەڕوبونەوەی هێزەكانی ئەمریكاو توركیا دوربخاتەوە، بەوپێیەی توركیا هەم هاوپەیمانی ئەمریكایە و هەمیش بەرژەوەندیی گەورەی ئەمریكا لە توركیا هەیە. دووەم: ئەمریكا بیەوێت بەم لێدوانە وڵاتانی كەنداو بەتایبەت سعودیەو ئیمارات ناچار بكات سازشی زیاترو پارەی زیاتر بدەنە ئەمریكا، لەبەرامبەر نەكشانەوەیان لە سوریا، لێدوانی جێنشینی سعودیە لەوبارەیەوە كە وتی پێویستە ئەمریكا بمێنێتەوە، ئاماژەیەكی روون بوو كە سعودییەكان ئامادەن گفتوگۆ لەبارەی مانەوەی ئەو هێزەی ئەمریكا لەسوریا بكەن. سێیەم: یەكێكی دیكە لەئەگەرە بەهێزەكان ئەوەیە، ئەمریكا دەیەوێت بەبەشداریپێكردنی زیاتری ئەوروپا بۆ ئەو وڵاتەو هێنانی هێزی ئەوروپییەكان بۆ سوریا، پەیوەندییەكانی نێوان روسیاو ئەوروپا ئاڵۆزتر بكات، نەخاسمە بەهۆی ژەهرخواردكردنی جاسوسە دووسەرەكەی لەبەریتانیا گیانی لەدەستدا، هاوكات پەیوەندییەكانی نێوان توركیاو ئەوروپا-ش زیاتر ئاڵۆز دەبێت، نەخاسمە هێزی فەرەنساو ئەوروپییەكان لەمەنبەج بەئاشكرا روبەڕووی هێزەكانی توركیاو تیرۆرستانی ئیسلامیی دەوەستنەوە، بەئاڵۆزبونی پەیوەندییەكانی ئەوروپاو ئەمریكا ئەوەندەی دیكە ئابوری توركیا خراپتر دەبێت، ئەو ئەگەرەش لەرۆژانی داهاتوو زیاتر دەردەكەوێت، نەخاسمە ئەگەر توركیا هێزی زیاترو ئاڵۆزی زیاتر لەناوچەكە دروستبكات. چوارەم: باكوری سوریا، یان رۆژئاوای كوردستان بەپێی دابەشكردنی رێككەوتننامەی سایكس بیكۆ، ناوچەیەكی فرەنسیی بووە، دروستكردنی شاری قامیشلۆ لەسەر دەستی فرەنسییەكان لە 1926 باشترین بەڵگەیە كە رۆژئاوای كوردستان ناوچەی نفوزی فرەنسایە، ئێستا ئەمریكا دەیەوێت بەبەشداری پێكردنی ئەوروپییەكان لەنفوزو دەستكەوتەكان لەناوچەكە، گوشاری زیاتر هەم بۆسەر روسیاو هەمیش بۆسەر توركیا زیاتربكات و جۆرێك لەسەقامگیریش بۆ بەرژەوەندی و نفوزی خۆی دروستبكات، نەخاسمە. هەموو ئەگەرەكان بەو ئاراستەیەن ئەو لێدوانەی دۆناڵد ترامپ لێكەوتەی دیكەی بەدواوەیە، دیارترینیان روبەڕوكردنەوەی وڵاتانی ئەوروپا وەك بەرەیەك و هەریەكە لەتوركیاو روسیایە لەبەرەیەكی دیكەدا، ئەمەش وادەكات هەردوو وڵات ئەوەندەی دیكە تەنها و بێ پشتیوان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی. ئەو زانیارییانەی ئێستا بەردەستن لەبارەی بونی هێزەكانی ئەمریكا لەرۆژئاوای كوردستان و قەبارەی ئەو هاوكارییانەی بەردەوام رەوانەی ئەوێ دەكرێن، ئەوە دەخەنە روو كە ئەمریكا بەئاسانی و بەمزوانە لە سوریا ناكشێتەوە، بەڵكو ئەو دابەشبونەی سوریا بۆ بەری رۆژهەڵاتی فورات و رۆژئاوای فورات، لەلایەن ئەمریكاو روسیا جۆرێك لە رێككەوتنی لەسەركراوە، ئەمریكیەكان خەرجییەكی ئێجگار گەورەیان لەرۆژئاوای كوردستان كردووە، ئاسان نییە، ئێستا بەبێ هیچ بیانوو یان ئامادەییەك هێزەكانیان بكێشنەوەو ئەو ناوچەیە بۆ روسیا و توركیا جێبهێلن! هەرچۆنێك بێت سوریا بۆتە مەیدانی بەیەكدادانی ئەوانەی خاوەنی بەرژەوەندی گەورەن لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست، قۆناغێكی نوێ لەململانێی ئەوروپاو ئەمریكا لەلایەك و روسیا لەلایەكی دیكە دەستی پێكردووە، ئەوەی جێی سەرنجە هەڵسوكەوت و سیاسەتی توركیا لەو نێوانەدا، كە ئەگەری زۆر هەیە ئەنجامەكەی بارودۆخێكی خراپ بێت بۆ ئەو وڵاتە.
سەردار عەزیز موچە وەک دیاردەیەک، چەمكێک، جۆرێک لە ژیان، تەنانەت جۆرێک لە مرۆڤ (موچەخۆر)، لە دڵێ ئەزمونی حکومداری کوردستاندایە، بە تایبەتی لە پانزەساڵی ڕابوردودا. موچە سەرەتا وەک چارەسەرێک، رێگایەک بۆ خۆشژیانی، پاشان وەک تراژیدیایەک، یان وەک دیستۆپیایەک. فەلسەفەی موچە لە ڕوانگەیەکەوە سەرهەڵدەگرێت کە مرۆڤی کورد، دەکرێت بڵێین مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەنها بایەخ بە ئەوە ئەدات کە دەچێتە گیرفانی، ئەگەر هەر شتێکی تری بۆ بکەیت ڕاستەوخۆ نەچێتە گیرفانی، ئەوا پێی نازانێت یان نرخی ناگرێت. ئەمە باوەڕی باوە لە نوخبەی سیاسی حاکم لە کوردستان. لەم دیدە فەلسەفیە دەکڕێت زۆر شت، زۆر بوار، زۆر نهێنی ببینین. یەکەم، لە کاتێکدا مرۆڤی کورد تاک نیە، بەو مانا تاکیەی کە لە ئەدەبیاتی ڕۆشنگەریدا هەیە، بەڵام لە هەمانکاتدا مرۆڤێکی کۆمەڵایەتی نیە، بەو مانایە کەسێکی سۆشیال بێت، بەڵکو کەسێکە خەمی خۆی دەخوات بەبێ لە بەرچاوگرتنی خەمی ئەوانی تر یان خەمی گشتی. نمونە بۆ ئەمە زۆرە، بۆ نمونە مرۆڤی کورد کە دەچێتە سەیران، ئەو جێگایە هێندە پیس دەکات کە ئاسان نیە بۆ کەسێکی تر پاش ئەو بە چێژەوە سودی لێببینێت. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ئەو هەموو شتێک وەها دەبینێت کە بەکاری بهێنە، بیر لە ئەویتر و جارێکی تر و داهاتوو مەکەرەوە. ئەمە جۆرێکە لە هەڵسوکەوتی کۆندۆمیانە لە گەڵ دونیادا، یان ئەوەی پێی دەڵێن دیسپۆسیبڵ. لە لایەکی ترەوە دەبینین کە لە مێژووی هەرێمی کوردستاندا زۆر بە دەگمەن ناڕەزاییەک یان خۆپێشاندانێک دەبینیت دژ بە نەمانی ئازادی، یانی جۆری سیستەمی سیاسی، یان کەلتور. دووەم، ئەم دیدەی نوخبەی دەسەڵات و وەڵامدانەوەی خەڵك بۆی، دۆخێکی وەهای هێنایە ئاراوە کە دەتوانرێت لە ڕێگای موچەوە، تاکە کەسەکان لە یەکتر داببڕێنرێت، ڕاستەوخۆی پەیوەندیان بە سیستەمەوە بۆ دروست بکرێت، لە ئەنجامی ئەمەدا دیوار و بەربەست دروست دەبێت لە نێوان تاکەکاندا و جارێکی تر بە ئاسانی کۆ-کۆبونەوە-هاوبەشی-یان هەر شتێکی لەو شێوەیە دروست نابێت. ئەم بڕ بوونی تاکانە و دابرانیان لە گەڵ یەکدا و دروستکردنی بەرژەوەندی تایبەت بۆیان وەها بیری لێدەکرایەوە کە بنەمایەکی پتەوە بۆ نەهێشتنی کۆمەڵگا یان سۆشیال. ئەمە دەرئەنجامی زۆری هەبوو، دەبینین لە کوردستان بوارەکانی وەک تەندروستی، خوێندن، خزمەتگوزاریەکانی تر پەکیان کەوتوە، بەڵام لای کەس جێگای بایەخ نەبوو. ئەمە لە کاتێکدا کە بڕی زۆری داهات بۆ موچەیە. دیارە موچە چەمکێکی هێندە ئاسان نیە کە بتوانین بڵێین بریتیە لە پێدانی پارە لە بەرامبەر کار بۆ حکومەت یان کەرتی گشتی، بەڵکو چەمکێکی زۆر ئاڵۆزترە. سێ، سیستەمی موچە، نەک هەر تەنها کۆمەڵگا و خەمی گشتی کوشت، بەڵکو سەربەخۆیی ئابوری تاکی کوشت. تاکێک کە خاوەن داهاتی سەربەخۆیی خۆیەتی و ئەو داهاتەی بەرهەمی کار و ڕەنجیەتی، ئەوا بۆ ئەو کارەکەی جێگای شانازیە و لە هەمانکاتدا لەو ڕوانگەیەوە سیاسەت دەکات. ئەمە کرۆکی چینی ناوەندە، مرۆڤێک کە خاوەن داهاتی ناسیاسیە، بەڵام سیاسەت دەکات لە سەر بنەمای ئەو داهاتە ناسیاسیە، بەمانایەکی تر لە ڕوانگەی خۆی و سەربەخۆییانە و ئۆتۆنۆمیستانە لە بواری گشتیدا چالاک دەبێت. سیستەمی موچەی ئەمەی کوشت لە کوردستان. کە چینی ناوەند نەبوو چەند چینێکی تر هاتە ئاراوە، (دەبێت ئەوە ڕوون بێت کە چین وەک چەمکێکی مارکسیانە بەکارناهێنین، بەڵکو بەمانای توێژ: خەڵكێک کە دەکەونە پۆلێنێکەوە بەبێ ئەوەی هیچ ئاگاییەک و ئایدەلۆژیایەک و هاوبەشییەکی راستەقینە لە نێوانیاندا هەبێت). بۆ نموونە دەکرێت بوترێت لە کوردستان چینێکی نوخبە هەیە لە گەڵ دارو دەستەکانیاندا، هەروەها چینی موچەخۆر، لە گەڵ چینی دەرەوەی ئەم دوو توێژە. چینی دەرەوە لە دەرەوەی سیاسەتن، چینی موچەخۆر لە بوارێکی تەسکی پلان بۆ داڕێژراودا سیاسەت دەکەن، چینی نوخبەی باڵا و دارودەستەکانی خاوەنی هەموو سیاسەتن: پارە، میدیا، چەک، دیپلۆماسی. دەرئەنجامی ئەمە نەک تەنها قۆرغکردنی سیاسەت بوو، بەڵکو قۆرغکردنی ژیانیش بوو. ئەمە جۆرێک بوو لە یوتوپیا. ئەگەر تەنانەت مارکسیانەش پێناسەی یوتوپیا بکەین، ئەوا یوتوپیا ئەو دۆخەیە کە شۆرش تیایدا کۆتایی هاتوە، یان بیرکردنەوە لە شۆڕش هیچ بەها و نرخێکی نەماوە. لە یوتوپیای کوردیدا سیاسی بوون، کۆمەڵایەتی بوون، خەمی گشتی، نەتەوە، نیشتمان، سیستەم، یاسا، کەلتور، ژینگە، و زۆر بواری تر هەموو لە هەموو جۆرە بەهایەک بەتاڵ بوبونەوە. دیارە نەوت پاڵنەری نەمانی شۆڕشگێڕیە. ماوەیەک لە مەوپێش لە قاوەخانەیەک لە پایتەختێکی ئەوروپی دوو ڕۆشنبیری شیوعی میسری: ئەندازیار ئەحمەد بهاالدین و رجائی فایدم دی، سەرگوزشتەی مونەزەمەی تەحریری فەلەستینیان بەراوردکرد بە کورد لە عێراق، لای ئەوان فەلەستینیەکان کە پارەی نەوتی کەنداویان بە دەست گەیشت ئیتر وازیان لە هەموو جۆرە خەباتێک هێنا. لە هێزێک چەپەوە وەرچەرخان بۆ هێزێکی ئاینی و پاشان گەندەڵ. ئەمە هەتا ئاستێک دەکرێت بوترێت کە چیرۆکی کوردیشە لە باشوری کوردستان. بەڵام ئەگەر ئەمە یوتوپیاکەبێت ئەوا لە هەناوی هەموو یوتوپیایەکدا دیستۆپیایەک هەیە، لە هەناوی هەموو خەیاڵی بەهەشتێکدا، دۆزەخێک هەیە، وەک رۆبیرۆ باسی ئەکات. ئەم دۆزەخی هەناو ئەم بەهەشتە ووردە ووردە گەورە دەبێت هەتا لە ئەنجامدا بەرفراونتر دەبێت لە بەهەشتەکە. بەڵام کاتێک کە دۆزەخەکە باڵادەست دەبێت ئیتر دۆزەخێکی کوشندیە، چونکە هیچ لە ئامرازەکانی بەرگری نەماوە، وەک کەلتور، بەها، ئاگایی قوڵ، خەمی هاوبەش، مرۆڤ بوون، سنگفراوانی، و زۆری تر. ئەمڕۆ کوردستان جێگای توندوتیژی و جنێو و بێهیوابوون و برسێتی و بێزاری و پەرتەوازەییە. بونیادنانی بەهەشت لە دۆزەخدا کارێکی ئاسان نیە، چونکە لە دۆزەخدا هیچ بنەماکانی بەهەشت نەماون. خەڵکی کوردستان دەبێت فراوانتر بیربکەنەوە لە دۆخەکە، بیر لەوە بکەنەوە کە ئەو هەموو شتانە چین کە لە دەستیان چوو، چۆن هەموو شتێکیان گۆڕیوە بە موچە و کە موچە نەما ئیتر هیچ شتێکیان نەما بۆ بەرگری. ئەوەی ئێستا هیوا بەخشە کە بێ موچەیی هاوسۆزییەکی گشتی دروستکردوە، کە خەریکە بەربەستە تاکی و شاری و حیزبیەکان دەبڕێت، هەتا جارێکیتر ئێمە هاوبەشی گشتی دروست بکەینەوە. ئەمە بنەمای گۆڕانکارییەکە کە بە سودی هەموان بێت.
لەتیف شێخ مستەفا دوای ئەوەی پەرلەمان یاسای بودجەی پەسەند کرد ، سەرۆک کۆمار گێڕایەوە بۆ پەرلەمان ،ئێمە وتمان ئەو دەسەڵاتەی نیە ، تەنھا دەتوانێ پەنا بەرێتە بەر دادگای فیدراڵ ، ئێستا یاساکە لە وەقایعی عێراقی بڵاو کرایەوەو چوە بواری جێ بە جێ کردنەوە و ئیعترازەکەی سەرۆک کۆمار پشتگوێ خرا، بۆیە سەرۆک کۆماریش داوایەکی لەسەر یاساکە لەدادگای فیدراڵ تۆمار کردوە و١٤ خاڵی وروژاندوە لە یاساکەدا کە پێچەوانەی دەستورن،من وەک ئەرکێکی یاسایی خۆم بە پێویستی دەزانم ڕونکردنەوەیەکی یاسای و دەستوری لەسەر سکاڵاکەی سەرۆک کۆمار پێشکەش بکەم بۆ بەرچاو ڕونی خەڵک و ڕای گشتی و بۆ ئەوەی بزانن تا چەند ئەو خاڵانە ی سەرۆک کۆمار وروژاندونی پێچەوانەی دەستورن یان نا ؟ وە کامیان پەیوەندی بە خەلکی کوردستان ھەیە ، وە بەتەمای چی بن وە بەتەمای چی نەبن ، بەڵام لەبەر ئەوەی وەڵامەکە درێژە ھەوڵ ئەدەم بە سێ بەش یان چوار بەش بڵاوی کەمەوە بۆ ئەوەی خوێنەر حەوسەڵەی خوێندنەوەی ھەبێت . بەڵام لەم پێشەکیەدا بە پێویستی دەزانم ئەوە ڕون بکەمەوە کە سەرۆک کۆمار تانەی لە بڕگە ئەساسی و گرنگەکە نەداوە کە ئەویش کەمکردنەوەی ڕێژەی لەسەدا ١٧ ەکەیە بۆیە لە ھەموو حاڵەتێکدا ڕێژەکەی ھەرێم واتە لەسەدا دوانزەکە بەرامبەر تەسلیم کردنی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا لە ھەرێمەوە بۆ بەغدا وەک خۆی دەمێنیتەوە، لە کاتێکدا پێشێل کاریەکی دەستوری زەق ھەیە لە دیاری کردنی ڕێژەی بودجەی ھەرێم لەیاسای بودجەدا کە دەبوە بناغەیەکی بە ھێز بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بەڵام ڕاوێژکارانی سەرۆک کۆمار و پارێزەرکەی لە سکاڵاکەدا بەلایدا نەچون یان خۆیان لێ لاداوە. بەشی یەکەم : ١- پەیوەندی بە ھەرێمەوە نیە تانەی لە بەندی سێیەم/ب مادەی ١١ داوە کە دەسەڵاتی داوە بە وەزیری دارایی فیدراڵ فەرمانبەری زیادە لە وەزارەتە دەمج کراوو ھەڵوەشاوەکان بگوازێتەوە بۆ وەزارەتەکانی ، دەڵێ ئەم بەندە پیچەوانەی مادەی ٨٦ ە لەدەستور ، مافەی ٨٦ ی دەستور دەڵێت وەزارەتەکان و دەسەڵاتەکانیان بە یاسا ڕێک دەخرێن ، بۆیە ئەم تانەیە لە لایەن دادگاوە ڕەت دەکرێتەوە ، چونکە بەندی سێیەم / ب لە مادەی ١١ لە یاسای بودجە ھیچ پێچەوانەی ئەو مادەیەی دەستور نیەو ئەسڵەن شتێکی ترە ٢- پەیوەندی بە ھەرێمەوە نیە تانەی لە برگەی ج لە ھەمان مادەی یاسای بودجە داوە کە پێچەوانەی مادەی ٦١ لەیاسای بودجەیە ئەویش ڕەت دەبێتەوە چونکە ئەوە ئیشی دادگای فیدراڵ نیە ، واتە دژ بەیەک بونی دوو دەقی یاسایەک . ٣- پەیوەندی بە ھەرێمەوە نیە تانەی لە بڕگەکانی یەکەم و دوەم و سێیەم لە مادەی ١٣ ی یاساکە داوە کە گوایا ئەو بابەتانە ھەمواری یاساکانی وەزیفەی گشتی و خانەنشینی گرتوە نابێ لە یاسای بودجەدا ئەوە بکرێ ، ئەمەش ڕەت دەکرێتەوە چونکە ئیشی دادگای فیدراڵ نیە ٤- پەیوەندی بە ھەرێمەوە نیە تانەی لە بڕگەی ٤ لە مادەی ١٣ لە یاساکەداوە کەوا مخسەسات و دەرماڵەی بەردەستی سێ سەرۆکایەتی و وەزیرەکان و پارێزگارەکانی وەستاندوە ، ئەمەش ڕەت دەبێتەوە چونکە ئیشی دادگای فیدراڵ نیە بەشی دوەم ٥- ئەمیش پەیوەندی بە ھەرێمەوە نیە تانەی لە بەندی پێنجەم ی مادەی ١٣ داوە ، چونکە زاراوەی غەرامەی بەکارھێناوە ، لەسەر ھاوردەکردنی خواردنەوە کحولیەکان ، بە گوێرەی سکاڵاكەی سەرۆک غەرامە سزایە ،دەبوایە زاراوەی تری بەکار بھێنایە، ئەمیش ھیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت ، دەشێ دادگای فیدراڵی رەتی بکاتەوە ، چونکە غەرامە بەڵێ سزایە ، سزاش بە یاسا دەسەپێنرێ ، ئەم یاسای بودجەیەش یاسایە ، سزاش بەتایبەتی سزای غەرامە یان تەنانەت سزاکانی تریش مەرج نیە ھەر دادگا بیسەپێنێ ، بەڵکو دەیەھا یاسای تایبەتمان ھەیە دەسەڵاتی سەپاندنی سزا بەتایبەتی سزای غەرامەی داوە بە فەرمانبەرانی دەسەلاتی جێبەجێکردن ، وە دەشێت دادگا ھەمان قەناعەتی سەرۆکی کۆماری ھەبێ و بڕیار بدات بەوەی بەکار ھێنانی زاراوەکە نەگونجاوە ، بەڵام ھیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت ، حەسەن کەچەڵ ، کەچەڵ حەسەن ٦ - پەیوەندی بە ھەرێمەوە نیە ، دوبارە شتێکی شەکلیشە ، دەرەنجامەکەی ھەرچیەک بێت ھیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت تانەی لە بڕگەی شەشەمی مادەی ١٧ داوە بەوەی کە زاراوەی سەپاندنی باجی لەسەر شیرینی و بەرھەمەکانی شیرەمەنی و خواردنەوە غازیەکان داناوە بە ڕێژەی لەسەدا بیست و پینج ، بەڕای سەرۆک کۆمار زاراوەی باج ڕاست نیە دەبوایە پەرلەمان زاراوەی« ڕەسم » ی بەکار بھێنایە ، بەڕای من بەکارھێنانی زاراوەی باج نا دەستوری نیە ، بەڵام دەشی دادگا بەڕەئی سەرۆک کۆمار وەربگرێ یان ڕەتی کاتەوە ، بەڵام وەک وتم ھیچ لە بابەتەکە بۆ خەلک ناگۆڕێت ٧-ئەمیش پەیوەندی بە ھەرێمەوە نیە تانەی لە بڕگەی ١ ی مادەی ١٨ داوە کە ئەو بڕگەیە دەسەڵاتی داوە بە وەزیرو پارێزگارەکان ڕەسم بسەپێنن ، ئەمەش پێچەوانەی مادەی ٢٨ ە لە دەستوری عێراق کە دەڵێت باج و ڕەسم بە یاسا دەسەپێنرێن ، ئەمەیان تا ڕادەیەکی زۆر ئیحتیمالی ئەوەی ھەیە دادگای فیدراڵ وەری بگرێت و بڕگەکە ھەڵوەشێنێتەوە ، چونکە فیعلەن بە گوێرەی دەستور سەپاندنی ھەموو باج و ڕەسم و زیادکردنی و کەم کردنی و لێخۆشبونیش لەوەی لەسەریەتی ھەموی دەبێ بە یاسا بێت ، بەڵام دوبارە ھیچ کاریگەری ڕاستەوخۆ ی لەسەر خەلک نیە . ٨- پەیوەندی بە ھەرێمەوە نیە تانەی لە مادەی ٣٣ لە یاساکە داوە کە دەسەلاتی داوە بە ئەنجومەنی وەزیران داوە دوبارەھەیکەلەی وەزارەتەکان بکاتەوە و بەشەکانیان بخاتە سەر وەزارەتەکانی تر ، بە گوێرەی بۆچونی سەرۆک کۆمار ئەم بڕگەیە سەرپێچی مادەی ٨٦ ە لەدەستور کە دەلێت دروست کردنی وەزارەتەکان و دەسەلاتەکانیان بە یاسا دەبێت ، ھەرچەندە من پێم وایە ئەم بڕگەیە پێچەوانەی دەستور نیە چونکە دوبارە ھەیکەلەی وەزارەکان و لکاندنی بەشەکانیان بە وەزارەتی ترەوە جیایە لەوەی لەمادەی ٨٦ ی دەستوردا ھاتوە ، بەڵام دەشێ دادگا بە بۆچونەکەی سەرۆک کۆمار وەربگرێت دەشێت ڕەتیشی بکاتەوە، بەلام دوبارە بۆ خەلک کاریگەری ڕاستەوخۆت نابێت. بەشی سێیەم خاڵەکانی ژمارە ٩ و ١٠ و١١ و١٢ و ١٣ باس ناکەم چونکە یەکەم پەیوەندیان بەھەرێمەوە نیە ، دوەمیش تانەی گرنگ و گاریگەر نین وھاوشێوەی نمونەکانی خاڵەكانی پێشوون بۆیە بڕیاری دادگا ھەرچیەک بێت ھیچ کاریگەری نابێت بۆ ماف و ژیانی خەڵک ، ھەرچەندە پێشم وایە زۆربەی ئەو پێنج خاڵەش سەرپێچی دەستوریان تێدا نیەو دادگا ڕەتیان دەکاتەوە یان دەڵێت ئیختیساسی من نیە بۆیە پێم باش نەبوو وردەکاریەکانیان بڵاو بکەمەوە با خوێنەر ماندوو نەبێت بە شتێکەوە کە گرنگی ئەووتۆی نەبێت ئێستا تەھا خاڵی كۆتایی ماوە ئەویش خاڵی ژمارە ١٤ یە ، پەیوەندی بەھەرێمەوە ھەیە ، ئەویش ھەڵدەگرم بۆ نوسینی کۆتایی و بەیانی ئەگەر مقەدەر نەبێت بڵاوی دەکەمەوە
پەیكار عوسمان چوار مامۆستا بایکۆت بۆ مافی پیشەیی و مەعیشیی خۆیان بکەن، من لەگەڵ ئەو چوارەم، نەك لەگەڵ ئەو چوار هەزارەی کە بە ئیعاز ئەچنە پاڵیان و بە ئیعاز بەجێیان ئەهێڵن. من لەگەڵ خودی ناڕەزاییم، لەگەڵ فووتێکردنی ناڕەزایی نیم، 'ناڕەزایی فووتێکراو' یان دەسەلات ئەیتەقێنێ بە توندوتیژی، یان ئۆپۆزسیۆن فشی ئەکاتەوە لەبەر شتێکی تر، وەك ئەوەی ناڕەزاییەکە خۆی شت نەبێ! ئەو ناڕەزاییەی فووی بڕوخێ و ارحلی تێئەکرێ، دەسەڵاتێك فش ناکاتەوە، خودی ناڕەزاییەکە فش ئەکاتەوە، فشبوونەوەی نارەزاییەکەش دەسەڵاتەکە ئەهێڵێتەوە. ئەمە چونکە بەردەوام دووبارەئەبێتەوە، ئەبوو تێگەیشتنی ئاسان بێ، کەچی ئێمە تا کۆمەڵێ گەنج بەکوشت نەدەین لەمە تێناگەین! ئەو دەسەڵاتەی کە هیچی پێنەماوە، هێشتا چەکی پێیە بۆیە موفلیسە، ئەو دەسەڵاتەی کە لە هەموو شتێکا فەشەلی هێناوە، لە توندوتیژیدا سەرکەوتووە بۆیە فاشلە، تۆش بە شیعاری بڕوخێ خۆت ئەخەیتە بەردەم ئەو تاقە شتەی کە ئەو تیای سەرکەوتووە، ئیتر ئەو تۆ ئەڕوخێنێ! واز لە بڕوخێ بێنە تۆ دنیایەك کێشەو کەموکوڕیت هەیە، هەر ڕۆژەی شەڕی یەکێکیانی لەگەڵ بکە، ئەو بەم شەڕە درێژخایەنە ئاسۆییە ئەڕوخێ، ئەگەر بە تەمای بە یەك ژەم بیخۆیت، ئەو ژەمە تۆیت و ئەو ئەتخوا. من لەگەڵ پاراستنی خۆپیشاندەرانم لە توندوتیژی، نابێ ڕانەکە بخرێتە بەردەمی گورگەکان، بەڵام پاراستنی خۆپیشاندەران نابێ ببێتە بیانوی کۆتایی هێنانی ناڕەزاییەکان!! ناڕەزایی مەدەنی ئەبێ فرە ڕێگا بێت، کە یەکێکیان گیرا ئەوانی تر کراوەبن، ئاو چۆن بە ئاسانی بڵاو ئەبێتەوەو بە ناڕەحەت کۆئەکرێتەوە، خەباتی مەدەنیش ئەبێ وابێت، ئەبێ بە ڕێگای جۆراوجۆر بە هەموو لایەکدا بڵاوببێتەوەو کۆنترۆڵکردنی قورسبێ، نابێ کورت بکرێتەوە لە خێمەیەکدا، کە ئەسڵەن خێمەش نیەو کڵاوی حیزبە خراوەتە سەر خۆپیشاندەران. ئەو خێمەیەی کە جارێك دەسەڵات ئەیسوتێنێ و جارێك موعارەزە ئەیپێچێتەوە، پێش ئەوەی ئەوان بیسوتێنن و بیپێچنەوە تۆ مەچۆ ژێری. بۆ بیناکردنەوەی کەسایەتی تێکشکاوی ئێمە، هەستکردن بە سەرکەوتن زۆر گرنگە، پێویستە هەنگاوی بچوك بنێین و تیای سەرکەوین، بەم سەرکەوتنە بچوکانەش ئیرادەو کەسایەتی و متمانەبەخۆبوون وردە وردە دروست بکەینەوە، نەك ئەوەی هەنگاوی گەورە بنێین و شکستی گەورە تۆماربکەین!! سەرکەوتنی گەورە لە هەنگاوێکی گەورەوە نایەت، لە کۆی هەنگاوە بچوکەکانەوە دێ، تۆ بە یەك شەقاو ناگەیتە سەربان، بەڵکو یەك یەك هەموو پلیکانەکان ئەبڕیت. من کارم بە ئیعازو حیساباتی حیزب نیە، ئێستا خۆپیشاندەری ئەزیز موچەخۆری خۆشەویست ئەم گۆڕانەی خشتەی مووچە، ئەگەر هەستی سەرکەوتنی لا دروست کردویت، ئەوە بە سەرکەوتوویی بڕۆرەوە سەر کارو ژیانی خۆت و گوێ بە هاشوهوشی حیزب مەدە کە ئەیانەوێ بەردەوام بیت. ئەگەریش هەست بەسەرکەوتن ناکەیت، ئەوە بەردەوامبەو گوێ بە حیزب مەدە کە ئەیەوێ بوەستیت، گرنگ هەستی تۆیە نەك تای هەڵبژاردن.
سەركۆ عوسمان پێ دەچێت لایەنە سیاسیەکانی کوردستان لیێان تێک چوبێت کە ئەم هەلبژاردنە بۆ پەرلەمانی کوردستان نییە بۆ پەرلەمانی عێراقە، ئەم هەلبژاردنە گۆرانکاریەکی ئەوتۆ لە خاریتەی سیاسی کوردستان ناکات، ئەم هەلبژاردنە کۆتایی بەدەسەلاتی کوردی ناهێنێت، بگرە پێ دەچێت گۆرانکاری زۆر ترسناک لە خاریتەی سیاسی عیراق ئەنجام بدات کە کاریگەریەکی نەرینی لەسەر دۆزی کورد بهینیتە کایەوە کە سەرجەم لایەنە کوردیەکان بێ جیاواززەرەرمەند دەبن. زۆر جیگای سەرنجە لایەنە سیاسیەکانی کوردستان کەوتونەتە دژایەتی و یەکتر شکاندن و تەشهیر کردن بە یەکتر بێ ئەوەی یەک وشەش باسی عیراق بکەن کە ئەو هەموو پێشیلکاریە دەستوریانە دەکات بەرامبەر بە کورد وە هەرچی لەناو گیرافانیاندا بوو بەرامبەربەر بەیەکتر هەلیان رشت پێش ئەوەی بانگەشەی هەلبژاردن بە فەرمی دەست پێ بکات. لە هەموی سەیر و سەمەر تر لایەنەکانی دەرەوەی دەسەلاتی کوردی کە خۆیان بە ئۆپۆزئسیون دەزانن ئەوەندەی خەریکی ناو زراندنی یەکترن ئاگایان نە لە ململانێی عێراق ونە لە لە دەسەلاتی کوردی نەماوە لە هەوڵی ئەوەدان بە یەکتر شکاندن و موزایدە کردن پێگەی خۆیان زیاتر قایم بکەن بۆ بەدەست هێنانی کورسیەک لەسەر حیسابی یەکتر. هەموومان ئەو راستییە دەزانین دوای گۆرانکاریەکانی سالی رابردو و ئەنجام دانی ریفراندۆم لە کوردستانی عێراق و کارەساتەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر کە بووە هۆی لەدەست دانی بەشیکی زۆری خاکی کوردستان بەتایبەتی کەرکوک و ناوچە دابراوەکانی تری کوردستان وای کردووە پێگەو هەلویستی کوردی زۆر لاوازبێت بەرامبەر بە عیراق بە جۆریک کاریگەری زۆر نەرینی دەبیت لەسەر ریژەی دەنگەکانی کورد لەو ناوچانە، ئەمە لە لایەک لە لایەکی ترەوە بیدەنگی و پشت تێکردنی بەشیک لە دۆستانی کورد و ئەمریکا و هاوپەیمانان و سەرکەوتنەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بوەتە مایەی بەهێز کردنی هەلویستی سەرانی عیراق و حکومەتەکەی عەبادی ئەمە سەرەتایەکە بۆ گۆرانکاری هاوکیشە ساسیەکان بە جۆریک کە چیتر مەبدەئی تەوافق کە پێشتر عیراقی لەسەر بنیادنرابوو کاری پێ نەکریت و مەبدەئی زۆرینە و کەمینە پەسند بکرێت کە ئەوەش لە بەرژەوندی کوردا نییە وەک کەمیینەیەک بەرامبەر بە عەرەبی شیعە و سونە. هەروەها لە ڕوی ئیقلیمی و نیودەولەتییەوە لە ئێستادا پلانیکی گشتگیری گەورە ڕۆڵ دەبینیت کە دڵخۆشکەر نییە بۆ کورد ریکەوتنی روسیا و تورکیا و ئیران و هیرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەرعفرین دورخستنەوەی ئیدارەی سەربەخۆی کوردی لەو ناوچانە بەبەرچاوی دۆستەکانمانەوە بی ئەوەی هەڵویستیکی ئەوتۆ بنوێنن ئەوەمان بۆ دەردەخات کە مەخابن سەرانی حیزبە سیاسیەکانی کورد ئەوەندەی لە خەمی دەسەلاتی تەسکی حیزبیدان ئەوەندە لە ئاستی ئەو مەترسیە گەورەیەدا نیین کە روبەروی میللەتەکەمان دەبیتەوە ئەوەی ئیستا بەدی دەکریت کورد نە پلانیکی ستراتیجی و نە پەیامیکی یەکگرتوی هەیە بۆبەرنگار بونەوەی ئەو هەموو ئاستەنگانەی ڕوبەری دەبیتەوە بۆیە جاوەروان دەکرێت دوچاری شکستیکی سیاسی زۆر گەورە ببیت کە لە دوای روخانی رژیمەکەی سەدام حوسینەوە ساڵی٢٠٠٣ وە دۆخی وا سەختی بەخۆیەوە نەدیبیت.
شەماڵ عەبدولوەفا ئەفڵاتون وا دەبینێت كە فەرمانڕەوا و پاشاكان دەبێت فەیلەسوف و دانابن تا بتوانن دادپەروەری بهێننەدی و بیپارێزن, ئەرستۆی قوتابیش بە پێچەوانەی ئەوەوە دەیوت, گەر فەرمانڕەواكان دانا نەبوون دەبێت دامەزراوەكان هەبێت, تا دادپەروەری بهێننەدی، ئاخر كاراكتەری دەسەڵاتی هەرێمەكەی ئێوە نەك دانانین بەڵكو كۆمەڵێك پیاوی نەفام و بێ مەعریفەن, لە ڕووی دامەزراوەكانیشتانەوە كە شەرعیترینیان پەرلەمانە سوك و ڕسواتان كردوە. ئیتر بە چیتانەوە دەنازن, بە ئیدارە جوانەكەتان لە عەدالەت, لە پەیوەندییەكانتان, لە 31 ئاب و 16 ئۆكتۆبەرتان, بە برسیكردنی خەڵك, لە زۆری ئاو و كارەبا و مووچە, لە شەفافییەت, لە پاراستنی خاك و خەڵك! یەك شت باس بكەن كە جێگەی شانازیتان بێت, بەڵكو هەمووی شەرمەزارییە, لە فرۆشتنی نەوت, لە دروستكردنی مافیای دەسەڵات و بازاڕ، هەرچی خراپبوو كردتان ئەوەی ئێستا دەتانەوێ بیكەن دوای ڕیفراندۆم فرۆشتنی ئینتیمایە بۆ خاك و نیشتمان و قەزییە, ئێوە ئێستا بە بەرنامە كار بۆ ئەوە دەكەن كە ئینتیما نەمێنێت, بۆئەوەی ئێران و عێراق و توركیا لێتان ڕازی بێت, ڕیفراندۆمیشتان بۆئەوە كرد كە ئەوە بكەن كەس هیوای بە قەزییە نەمێنێت, چیتان كرد كردتان بیر لە فرۆشتنی ئینتیما مەكەنەوە, ئێستا بە هەموو هاوكێشەكان دەركەوتووە كە ئێوە پیاوی حوكم و ئیدارەدان نین چونكە ئێوە پیاوی بێ مەعریفەن. سوقرات دەڵێت كەس بێ ئەخلاق نییە, بەڵام كە كەسێك بە بێ ئاكار دێتە بەرچاوی خەڵك ئەوە لە بێ مەعریفیەوەیە لە چاوی هەردوولادا, لە چاوی دووەەمی سوقراتیشەوە ئێوە لەبەرئەوەی بێ مەعریفەی سیاسی و ئیداری و.... هتدن، بۆیە ئێوە نابووت بوون لەڕووی ئەخلاقی سیاسییەوە, تۆزقاڵێك ئاكاری سیاسیتان نەماوە هەتا وەكو مافیاش دەسەڵاتان بەدەستەوە بێت، كە كۆمەڵە كەسێك لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە بە گرێبەستێكی كۆمەڵایەتی ئیدارەی وڵات دەگرنە دەست, لە كاتێكدا كە لە هەموو ڕوویەكەوە نوشست دەهێنێت شكستدەخوات, ئەوە ئەو گرێبەستە هەڵوەشاوە دەبێت, ئێوە لەو هاوكێشەیەش تێناگەن, گەر هەڵبژاردنیش بدۆڕێنن دەسەڵات تەسلیم ناكەن, دەزانن بۆچی؟ گەر خۆشتان نەزانن ئەوا خەڵك پێتان دەڵێت, هەركەسێك دوای ئێوە بێتە سەر حوكم لێشاوێك, تۆفانێك لە گومان لە نهێنی خوارو خێچ لە گەندەڵی لە گرێبەستی خەیاڵی لە...هتدتان كردوە, لەسەر هەر یەكێكیان دەبێت دەیان جار دادگایی بكرێن, بۆیە گەر دۆڕاشن بەلاتانەوە زۆر سروشتییە سوپای ئێران و توركیا دەهێننە قەڵا و قەڵاچوالان بۆ پارێزگاری لە دەسەڵاتی ئێوەی مافیا, ئەوانیش ئێوەیان پێباشترە لە خەڵكی چونكە ئێوە شكستخوارد و ملكەچ و سەرشۆڕن!! بەڵام كە زۆر هات قەواڵە بەتاڵە, چونكە ئێوە لە چاو دیكتاتۆرە زەبەلاحەكانی دنیا زەڕنەقوتەش نین. لینین باسی جەندرمەكانی قەیسەری دەكرد لە خۆپیشاندانەكاندا, دەیوت قامچی دەستی ئەسپسوارەكان كە لە ملی خۆپیشاندەرانیان دەسرەواند ڕەقی خۆپیشاندەرانی ئەستور تر دەكرد و تەمەنی زۆردار و ستەمكار كورت تر، دەمانچە و چەقۆی ئێوەش تەمەنتان درێژ ناكات بەڵكو خێراتر كورتی دەكاتەوە حەقە ئەو چەقۆ و دەمانچەیەی دژی خۆپیشاندەران ڕایدەپسكێنن لە پێش 16 ئۆكتۆبەر ئامادەتان بكردایە تا نیشتمان نەدۆڕینن، ئێستا هاوكێشەكە بەم شێًوەیەیە, خەڵكی بایكۆتی ئێوەیان كردووە, ئێوەش بایكۆتی مەعریفە, ویژدان, ئەخلاقتان كردووە لەپێناو مانەوەی هەردوو بنەماڵەدا هەموو شتێك دەفرۆشن.
مەریوان وریا قانع (٢) لە بەشی یەکەمی ئەم نووسینەدا دوو پرسیارەم کرد و بەڵێنم بە خوێنەران دا وەڵامیان بدەمەوە. پرسیارەکان ئەمانەبوون: ئایا ئەم سیستمە سوڵتانییە چۆن و بەچی دەژیی؟ دەرەنجامە ئابوریی و کۆمەڵایەتییەکانی کامانەن؟ بەبۆچوونی من ئەوەندە بەس نییە بڵێین ئابوریی ھەرێم ئابورییەکی سەرمایەدارییە و ئەوەی ئەم ھێزە سوڵتانییە دەژیەنێت ”سیستمی سەرمایەداریی“ە. ئەم شێوازە لە قسەکردن و نووسین ھێندە گشتگیر و نامێژووییە، ھیچ شتێک لەسەر ھیچ دۆخێکی مێژوویی کۆنکریت ناڵێت. ماقوڵ نییە سیستمی ئابوریی سوید و دانیمارک و نەرویج و ھۆڵەندا بە سەرمایەداریی ناوبنێین و بەوەی ھەرێمیش ھەمان ناو ببەخشین. یان لە باشترین حاڵەتدا پاشگرێکی خراپ و گشتگیریی لە بابەتی ”خۆرھەڵاتیی“ پێوەبنێن و بڵێین سەرمایەداریەکەی ھەرێم ”سەرمایەدارییەکی خۆرھەڵاتیی“ە، بەمەش جیاوازییەک لەنێوان ئابوریی ھیندستان و تونس و مالیزیا و ھەرێمدا نەکەین. بەبۆچوونی من ئەو مۆدێلە ئابورییەی سیستمە سوڵتانییەکەی ھەرێمی لەسەر دروستبووە تێکەڵێکی تایبەتە لە ئابوریی ڕێنت و جەنگ. ڕێنتی فرۆشتنی نەوت و ھاریکاریی دەرەکیی و خاڵە گومرکییەکان، لە ھەلومەرجێکی ناجێگیریی پڕ لە شەڕ و شۆڕ و جەنگیی کورت و درێژخایەنی فرەجۆردا. ئەمەش بەسەریەکەوە ئابورییەکی دروستکردوە کە دەشێت بە ”ئابووریی زوڵم“ ناویببەین. ئابوریی زوڵم چەمکێکی ئینشایی نییە، بەڵکو ناونانێکی کۆنکریتیی ئەو سیستەمە ئابوریەیە کە لە ھەرێمدا دروستکراوە کە مێژوویەکی تایبەتەی ھەیە کە ئەمە کورتەکەیەتی: کاتێک ھەرێم لە دوای ڕاپەڕینەوە ئازادبوو، ئەو بنکە ئابورییەی کە دروستبوو، بە پلەی یەکەم، رێنتی خاڵە گومرکییەکان بوو کە بەھۆی گەمارۆدانی ئابوریی نێودەوڵەتیی لەسەر ڕژێمەکەی سەدام حوسەین گرنگییەکی گەورەیان پەیداکردبوو. ئینجا ئاودیوکردن و فرۆشتنی بەشێکی گەورەی ئەو ئامێر و کارگە و ئامرازانەی لە کوردستاندا ھەبوون و دەستگرتن بەسەر پارەکانیاندا. دوای ئەوە دەستگرتن بەسەر ئەو بڕە کارگە و کارخانە کەمانەی لە ھەرێمدا ھەبوون و بەکارھێنانیان لەلایەن دوو پارتە باڵادەستەکەوە و دواتریش فرۆشتنەوەیان بە کەسانی ناو ئەو پارتانە، یان بە کەسانی زۆر نزیک لەوانەوە. ئەم ڕێنتخۆرییە وایکرد لەسەر دابەشکردنی داھاتی گومرکەکان، بەتایبەتی گومرکی ئیبراھیم خەلیل، جەنگێکی چەند ساڵە لەنێوان پارتیی و یەکێتیدا دروستببێت. لە گەرمەی ئەم جەنگەشدا فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەکی یاساغ و زۆرجار لەڕێگای دەستتێکەڵکردن لەگەڵ بەعسدا ھاتەکایەوە. ئەم دۆخە تا بەرپابوونی جەنگی خستنی سەدام حوسەین و دروستبوونی دۆخێکی نوێ کە تیایدا سەرجەمی ئەو بونیادە ئابورییە تاڵانکارەی دروستکرابوو چەندانجار گەورەتر و بەھێزتر دەبێت، بەردەوام بوو، بەبێ ئەوەی لۆژیکی دابەشکردنی داھات گۆڕانی بەسەردا بێت. دوای کەوتنی سەدامیش جەنگ دژ بە تێرۆر و جەنگ دژ بە ئەمریکا و جەنگی نێوان لایەنە جیاوازەکان لە عێراقدا بەرپابوو، کە ڕەھەندێکی ئیقلیمیی و نێودەوڵەتی گەورەی وەرگرت و لەناویشیدا بازرگانی نەوت گەورەتر و چالاکتربوو. لەگەڵ ئەم گەورەبوونەشدا بڕی ئەو تاریکیی و نھێنییانەی کە لەسەرەتاوە لە دەوری ئابوریی ھەرێم لە ئارادابوو، بە دەیان و سەدان جار گەورەتر بوو. ھاوکات بڕی خراپبەکارھێنان و بردن و دزین و گەندەڵیکردن بە ڕێنتی نەوت و خاڵە گومرکییەکانەوە چەندەھا جار گەورەتر و ترسناکتر بوو. لەگەڵ ھاتن و بەرپابوونی جەنگی داعشیشدا ئابوریی نەوت بەتەواوی دەگۆڕێت بۆ ئابورییەکی مافییایی و مەسەلەی دزین و شاردنەوە دەچێتە ئاستێکی ئەفسانەییەوە. وەک دەبینین جەنگ بەشێکی دانەبڕاویی ئەم ئابورییەیە، لەڕاستیدا جەنگ لەزۆر ساتەوەختدا وەک لۆژیکی ناوەکیی ئیشکردنی ئەم سیستمە ئابورییە ئامادەبووە و کاریکردوە. ئەوەی بەدەستھاتوە بە زۆر و بە فشار و بە پەنابردن بۆ توندوتیژیی و کوشتن و بڕین بەدەستھێنراوە. خاڵێکی گرنگ ئەوەیە لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا جێگۆڕکێیەکی کۆمەڵایەتیی بەرچاو دەبینین. پێشمەرگە و پیاوە چەکدارەکانی سەردەمی شاخ و سەردەمی بەعس دەبن بە سەرمایەدارە گەورەکانی دونیای دوای ڕاپەین. بەمەش ئەو شێواز و مۆدێلەی خاوەنپارە و سەرمایەدار کە پێشتر لە دونیای ئێمەدا لەئارادابوو گۆڕانێکی گەورەی بەسەرداھات. زۆرێک لە نوخبە سەرمایەدارە کۆنەکە پێگە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکی خۆیان لەدەستئەدەن و لەپاڵیاندا نوخبەیەکی نوێ دروستدەبێت کە لەناو سیاسەتەوە دێنە ناو ئابوریی. وەک وتیشمان ئەم نوخبە تازەیە ڕێنتی نەوت و ڕێنتی خاڵە گومرکییەکان و بازرگانی قاچاغ دروستیاندەکات. ڕەنگە ھیچ شتێک ھێندەی کوشتنی عەلی بۆسکانی، پارەدار و سەرمایەداری قۆناغی بەر لە ڕاپەڕین، ھێما بۆ ئەم جێگۆڕکێ کۆمەڵایەتییە نەکات. کوشتنی عەلی بۆسکانی و دروستبوونی کەسانی وەک ئاشتی ھەورامیی ھێما بۆ ئەو ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەێییە گەورەیە دەکات کە ئابوری زوڵم لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا دروستیدەکات. ئابوریی زوڵم کورتدەبێتەوە بۆ ئابوریی ناو جانتە داخراوەکەی ئاشتی ھەورامیی، ئابورییەکە لەناو ئەو جانتایەوە ئیدارەئەدرێت نەک لەسەر ئەرزی واقیع و لەڕێگەی کردەی بەرھەمھێنان و ئاڵوگۆڕێکی بازرگانیی یاسایی و ئاشکراوە. ئەمە وادەکت گرنگ نەبێت ئاشتی ھەورامی لە ھەولێر دانیشێت یان لە شوێنی تر، لە تەنیشتی سەرە گەورەکانی ناو ھەرێمەوە بێت، یاخود بەخۆی و جانتاکەیەوە لە لەندەن یان ئەستنەبوڵ یان لە نەمسا نیشتەجبێت. ئەو فۆرمە لە سەرمایەداریی کە ئەم پیاوە نوێنەرایەتیی دەکات، سەرمایەداریی دزیی و جەردەیی و گەندەڵییەکی کەم وێنەیە، کە لەناو جانتایەکی بچووک و بەھۆی لەپتۆپێکەوە تێکەڵ بە دونیایەکی گلۆبالی بووە. لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا ئەم ئابورییە نوخبەیەکی سیاسیی دروستکرد کە سیستمەکەیان بەرەو بە سوڵتانیکردنێکی سیاسیی تەواو برد، پێگە ئابورییە بەھێزەکانی وڵاتەکەیان بە پێگە سیاسییەکانەوە گرێداو و پێگە سیاسییە گرنگەکانیشیان لەدەستی چەند کەسایەتیی و خێزانێکی کەمدا کۆکردەوە. ئەم نوخبە سوڵتانییە دەستی خستە ناو نەخشەی کۆمەڵایەتیی دونیای ئێمە و چەندەھا گروپی ”موفەزەل“ و ”باوەڕپێکراو“ و خاوەن ”وەلای ڕەھا“ی دروستکرد. ئەم ئابورییە کە ڕێنت و جەنگ دروستیکردوە، ئابورییەک نییە دەوڵەت یان حیزب بەڕێوەیببات، یان تەعبیر لە جیھانبینیی یان عەقڵیەتێکی دەوڵەتیی و تەنانەت حیزبیش بکات، بەڵکو ئابورییەکە نوخبەیەکی سوڵتانیی بچووک بەڕێوەیدەبات کە گرێدراوە بە چەندان تۆڕی ئابوریی قاچاغ و ھێزی ئیقلیمیی و بەشە یاساغ و گەندەڵەکەی ئابوریی جیھانییەوە. بە لۆژیکێکی مۆنۆپۆڵخواز و لە غیابی ھەر لێپرسینەوەیەکی یاسایی و سیاسیشدا کاردەکات. لەناو ئەم تاریکاییە گەورەدایەدا ئەم نوخبە سوڵتانییە چەندان دەزگای سەرکوتکرنی دروستکردوە، چەندان دەزگای میدیایی مێشکشۆر و پڕۆپاگەندیستی دروستکردوە، کۆمەڵگاشی بە کردەوە بێئیش و بێکار و بێئایندە کردوە. ئەم ئابورییە ئابوریی جەنگە و لەدۆخی ئاشتیی و ئارامیی کۆمەڵایەتیدا ناتوانێت بە ھەمان لۆژیک بەردەوام بێت. ئەم ئابورییە بۆ مانەوەی پێویستیی بە نائارامیی و جەنگ و پشێویی بەردەوام ھەیە، ھەروەھا پێویستی بە کۆمەڵگایەکی بێدەنگ و ترساو و نائومێد ھەیە.
ئاراس فەتاح دوای ماوەیەکی کورت لە ڕوخاندنی ڕژێمی سەدام، لەگەڵ کاک مەریوان وریا قانعی ھاوڕێم بڕیارماندا پێکەوە سەردانێکی بەغدای دوای بەعس بکەین. ئەو بەغدایەی لە ھەشتاکاندا بۆ من تەنھا شاری کتێبکڕین بوو. واڕێککەوتین لە رێگای ئەردەنەوە بەرەو بەغدا بەڕێکەوین و لەوێشەوە سەفەری سلێمانی بکەین. من لە ئەڵمانیاوە سەفەری عەمانی پایتەختی ئەردەنم کرد و لەو ھوتێلە دابەزیم کە بڕیار وابوو لەوێ یەکبگرینەوە. کاک مەریوانیش بە ھاوەڵیی ناسیاوێکی لە ئەمستردامەوە گەیشتنە ھوتێلەکە، کە کوڕێکی لاوازی پێستئەسمەری باشوور و بە فیکر کۆمۆنیستێکی عێراقیی بوو. بەیانییەکەی پێکەوە ئۆتۆمبیلێکی GMCمان بە کرێ گرت، بۆئەوەی بمانگەیەنێتە بەغدا. پێشئەوەی بەڕێبکەوین، شۆڤێرەکە پێیگوتین تکایە فەرموون سەردانی ئاودەست بکەن، چونکە من لەڕێگا ناوەستم و دەببێت بەخێراییەکی زۆر بڕۆین تا دەگەیەنە ناوچەیەکی پارێزراو، لەبەرئەوەی مەترسیی گەورە ھەیە چەتەکان رێگرییمان لێبکەن، یان چەکدارانی پاشماوەی بەعس پێشگرییمان لێبکەن. شۆڤێرەکە دۆخەکەی بەچەشنێکی وا مەترسیدار نماییشکرد کە بووە جێگای پێکەنینمان و سەیرێکی یەکترمان کرد و بەخۆمان گوت، پێدەچێت ھەڵھاتنمان بۆ ھەندەران ئاسانتر بووبێت وەک لە گەڕانەوەمان بۆ عێراقی دوای سەدام... بیرمان لەوەدەکردەوە چ دۆخێکی کۆمیدییە کاتێک ئێمە لە کوردستانەوە لەدەستی دەوڵەتی بەعس خۆمان ڕزگارکرد و ھەڵھاتین بۆ ھەندەران، ئێستا دوای روخاندنی بگەڕێینەوە بۆ عێراق و بکەوینە بەردەست پاشماوەکانیان لەناو گروپی ئەلقاعیدە! بەدرێژایی ڕێگای گەڕانەوەمان بەرەو بەغدا ئەو کوڕە کۆمۆنیستە شاگەشکە گرتبووی و لەخۆشییدا نەیدەزانیی چیبکات. بۆ ئەم کۆمۆنیستە گەڕانەوەکەمان بۆ شاری بەغدا رووداوێکی گەورە بوو. ھەرچەندی دەکرد تەسەوری نەدەکرد کە گەڕانەوە بۆ بەغدایەکی بێ سەدام و بێ بەعس، بووە بە ھەقیقەت و چیدی خەیاڵ نییە. لە ئۆتۆمبیلەکەدا بەچەشنێک دڵخۆش بوو کە جێی بەخۆی نەدەگرت، بەگەشکەوە پێیگوتین ھەر کە گەیشتینە بەغدا و خۆپیشاندانێکم بینی، بە سەماوە خۆمی پێدادەکەم، چونکە ئەوە دەبێت بە یەکەمین بەشدارییم لە خۆپیشانداندا لە مێژووی عێراق. بۆیە ھیچ بەلامەوە گرنگ نییە ئەو خۆپیشاندانە کێ رێکیخستووە، ھی عەلمانییەکانە یان ئیسلامییەکان! گرنگ ئەوەیە لەکوێ خۆپیشاندان ھەیە؟ من خۆپیشاندەرم. ئەوەی بۆ من لە ڕۆژی یەکەمی خۆپیشاندانەکانی شاری ھەولێر جێگای تێڕامان بوو، شاگەشکەی ئەو خۆپیشاندەرە بوو کە بە ڕاکردن خۆی دەکات بە خۆپیشاندانەکەدا و دێوانەئاسا ھەڵدەپەڕێت. دۆخی سایکۆلۆژیی ئەم پیاوە رێک ھەمان ئەو چیرۆکە و ھەمان ئەو موعاناتەی بیرخستمەوە کە ئەو کوڕە عەرەبە کۆمۆنیستە لەگەڵ کردەی خۆپیشانداندا لە عێراقی سەردەمی بەعسدا ھەیبوو. خۆپیشاندان بۆخودی خۆی خەمێکی دەستەجەمعییە، بەڵام بۆ ئەم خۆپیشاندەرە ھەولێرییە بووبوو بە شادییەکی دەستەجەمعی، چونکە ئەوە یەکەمین جارە فرسەتی خۆپیشاندانێکی لەوچەشنە بۆ مرۆڤە ترسێنراو و چەپێنراوەکان لە شاری ھەولێردا ھەڵدەکەوێت. چرکەساتی ھەڵپەڕکێی ئەو خۆپیشاندەرەی شاری ھەولێر گەرچی لەڕووکەشدا کۆمیدیی دەردەکەوێت، بەڵام بەدیوە نادیار و چەپێنراوەکەیدا تەعبیر لە تراژیدیترین دۆخی ئینسانەکانی ئەو شارە زەلیلکراوە دەکات. شارێک کە ساڵانێکی دوورودرێژە بە ھێزی ئەمنیی و گروپی شەقوەشێن و بەڵتجیی پارتی گەمارۆدراوە و دانیشتوانەکەشی لەناو فەزایەکی پڕترس و دڵەڕاوکێدا دەژین. لەو ھەولێرەی کە خوێندکارانی زانکۆ لە ھەشتاکانی سەدەی ڕابردووی سەردەمی سەدامدا خۆپیشاندانیان تێدا کرد و ئەوکات من و کاک مەریوان و چەندین ھاوڕێی تریشمان تیایدا بەشداربووین، رۆژانە روبەڕووی جەبەروتی ئەمن و ئیستیخبارات دەبوینەوە. لە سەردەمی بەعسدا کەس بۆی نەبوو نەک ھەر خۆپیشاندان بکات، بەڵکو ھەر بیریشی لێبکاتەوە. لە ھەولێری دوای سەدامیش ساڵانێکە ئەو دۆخی بێدەگکردن و چەپاندنەی دەزگا سەرکوتکەرەکانی پارتی بەرھەمیانھێناوە، وەک خۆشەویستیی و ڕازیبوونی خەڵکەکەی لە دەسەڵاتی پارتی و خێزانی بارزانیی لە میدیا زەبەلاحەلانیانەوە نماییشدەکرێت. قەبارەی ئەو چەوساندنەوەی مرۆڤ رێگەی پێدەدات بەرامبەری بکرێت، قەبارەی ئەو تەعەسوفییەتەش دەستنیشاندەکات کە بەرامبەری دەکرێت. ساڵانێکە خەڵکی ھەولێر لەژێر فەزایەکی پڕترس و تۆقێنەری دەسەڵاتی پارتییدا دەژین، بێدەنگبوونی خەڵکی ھەولێر و دھۆکیش قەبارەی ئەو تەعەسوفییەتە دەردەخات کە دەزگا ئەمنییەکانی تاوەکو ئەمڕۆ بەرامبەر بە خەڵکی ئەم دەڤەرە پیادەیانکردووە. لەدوای خۆپیشاندانەکانی ھەولێر و دھۆک بۆ یەکەمینجار لە مێژووی نوێی ئەم ھەرێمەدا داخوازییە مەدەنییەکان دەبن بە خواستێکی گشتیی بۆ ھەموو کۆمەڵگای ھەرێم و کردەی ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندان تەنھا لەناوچەی سلێمانییدا گیرناخوات. بۆیە پێویستە خۆپیشاندەرانی سلێمانیی و شارەکانی تر، پشتیوانیی و ستاییشی گەورە و بەردەوامیی ئەو ژن و پیاوە ئازا و پڕئیرادانە بکەن کە خشتی یەکەمی ستەمیان لە ھەولێر و دھوک و شارەکانی تری ژێر دەسەڵاتی پارتیی شکاند و دیواری یەکەمی ترسیان لە نێوان جوگرافیا سیاسییە دروستکراوەکەی یەکێتیی و پارتی لە ھەرێمدا ڕوخاند. گەر پارتی بە زەبری ھێز و تێرۆر و ئەشکەنجە و گرتن بتوانێت خۆپیشاندانەکانیش بچەپێنێت و شەقام بێدەنگ بکات، ئەوە بایکۆتی سەرتاسەریی دەبێت بە باشترین بژاردەی تەعبیرکردن لە ناڕەزایی، بۆ گەیشتن بە ئامانجە مەدەنییەکانی موچەخۆرانی ھەرێم. قەدەری ئێمە ئەوەیە کە کوردین، کوردبوونیش شوناسێکە کە ھەردوو خێزانە سیاسییەکەی ناو پارتی و یەکێتی ٢٧ساڵە وێرانیدەکەن، بۆیە دەشێت ئەم خۆپیشاندان و مانگرتنە سەرتاسەرییە مەدەنییانە بەھایەکی نوێی پێببەخشێت و شوناسێکی نوێ بۆ کوردبوونمان دروستبکات.
د. ئەیاد عەنبەر دكتۆرا لە فیكری سیاسی و مامۆستای زانكۆی كوفە بە گوێرەی رێكخراوی نێودەوڵەتییەكان گەندەڵی بەوە پێناسەدەكرێت كە بریتیە لە خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتێك یان پۆستێكی گشتی لە پێناوی سودی تایبەتدا، Vineeta Yadav لە توێژینەوەكەیدا " حزبە سیاسییەكان و گروپەكانی كار و گەندەڵی لە وڵاتە تازە پێشگەیشتووەكاندا" بڕوای وایە كە ئەو پێناسەیە كێماسی تێدایە ، چونكە گروپە سیاسییەكان مەرج نییە كە تەنها لە پۆستە حكومەییەكاندا بن هەتا بۆ بەرژەوەندی تایبەت بیقۆزنەوە، چونكە چەندین حزب هەن كە لە دەرەوەی دەسەڵاتن و دەتوانن گەندەڵی بكەن، جگە لەوە هەندێك سودی بەدەستهاتوو لە گەندەڵیی راستەوخۆ نابێتە سودی كەسیی بەڵو دەڕوات بۆ بەرژەوەندی حزبی بە شێوەیەكی گشتی نەك بەدیاریكراوە بۆ بەرژەوەندی تاكێكی دیاریكراو. لەسەر ئەم بنچینەیە رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی پێناسەی خۆی بۆ گەندەڵی خستەڕوو كە بریتیە لە " هخراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتی سپێدراو لە سەركردە سیاسییەكان بە ئامانجی زیادتركردنی سودی تایبەت بۆ زیاتربوونی دەسەڵات یان سامان، لێرەوە گەندەڵی سیاسیی پەیوەست نییە تەنها بە پارەوە بەڵكو بۆ نمونە بازرگانیكردن بە پۆستە سیاسییەكان یان هەژمونی سیاسییەوە دەگرێتەوە، یان گۆڕینی یا دەركردنی چەند یاسایەك لە بەرژەوەندی گروپێك یان كۆمپانیایەكی دیاریكراو كە ئەوەش هەڕەشە لە دیموكراتیەت دەكات." راسترین وەسف بۆ دروشمی دژایەتیكردنی گەندەڵی لە عێراقدا، ئەوەشە كە دەسەڵاتداران دژی گەندەڵی دەجەنگن – ئەگەر بانگەوازەكەیان راست بێت- چونكە لە قۆزتنەوەی پۆستە حكومییەكاندا بۆ بەرژەوەندی كەسی یان حزبی هاوبەش و شەریكیان ناوێت، بە تایبەت لە دەوڵەتێكدا كە بە گوێرەی راپۆرتی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لە پلەكانی پێشەوەی ریزبەندی دەوڵەتە گەندەڵەكاندایە. دیاریكردنی گەندەڵی لە عێراقدا خۆی لەخۆیدا بابەتێكی گرفت ئامێزە، دەوڵەت فرۆشتنی دراو بە بانكی ناوەندی عێراق بە گەندەڵی دانانێت، لە كاتێكدا ژمارەیەكی زۆر لە سیاسییەكان و پسپۆرانی ئابوری بە یەكێك لە مەترسیدارترین ئاڵنگاری ئابوری عێراقی دادەنێن، جگە لەوەش دەوڵەت كۆنتروڵكردنی پرۆژەكانی وەبەرهێنان و بەڵێندەرایەتی لەلایەن كەسانی نزیك لە یەكەوە بە گەندەڵی دانانێت، كەواتە بابەتی گەندەڵی پەیوەستە بەبێ توانایی و لاوازی دەوڵەتەوە ، دەوڵەتێكی لەم شێوەیە ژینگەیەكی بەپیت دەبێت بۆ مافیاكانی گەندەڵی ، ئەم مافیایانەش پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ هێزی حزبی كارای ناو سیستمی سیاسی عێراقەوە هەیە و بە ناونیشانی نوسینگەكان یان دەستەكانی ئابوری حزبە سیاسییەكان كاردەكەن، هەروەها هێزی نادەوڵەتیش دەروازی ئابوری گرنگیان كۆنترۆڵكردووە. لۆژیكی مافیاكانی گەندەڵی وەك زانای كۆمەڵناسی عێراقی فالح عەبدولەجەبار، وەسفیدەكات لۆژیكێكی دیوە " دەزگایەكە بۆ راوكردنی سامان و بەردەوامیدان بە پشێوی، كە ئەمەش دیوە وێرانكەرەكەیەتی، بەڵام دیوەكەی تری كە بەراستی سەرنجڕاكێشە، دیوە یاساییەكەیەتی و مافیاكان دوای ئەوەی بڕێكی زۆر سەروەت و زێڕ كۆدەكەنەوە روبەڕووی هەڕەشەی مافیای تر دەبنەوە كە ئەوی هەوڵدەدات بەشی خۆی دەستكەوت بەدەستبهێنێت، لێرەدا ترسی لە بەدەرخستنی سامانەكەی، یان هەوڵدان بۆ چێژوەرگرتنی ئاشكرایانەی دەستكەوتی حەرامەكانی، وا لە مافیاكە دەكات دۆخەكە هێوربكاتەوە و یاسا بەدەستبهێنێتەوە بۆئەوەی بە زوویی پارەكانی سپی بكاتەوە و بە ئاشكرا چێژی لێوەبگرێت، ئەم گۆڕانكارییە نزیكە لەوەی كە بەسەر زۆرینەی مافیاكاندا پیادەببێت" و ئایا بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەتوانێت رووبەڕووی مافیاكانی گەندەڵی ببێتەوە بە ناونیشانە جیاوازەكانیانەوە؟ كە ئێستا دزەیان كردوەتە دامەزراوە سیاسییەكان و هێزێكی هاوتای دەوڵەتیان پێكهێناوە و لاوازی و كەمتواناییەكی ئاشكراش بە كاری دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی تایبەت بە لێكۆڵینەوە بەدواداچوونی دۆسیەكانی گەندەڵی دیارە، كە دەستەوەستان لە راپەڕاندنی ئەركەكانیان،چونكە دەسەڵاتی تەواوەتییان نییە و توانای راوەدونانی و لێپرسینەوە لە گەندەڵەكانیان نییە، جگە لەوەش دۆسیەكانی گەندەڵی بە ئامانجی " خستنی سیاسی " بە سیاسی كراون وەك چۆن حكومەتی پێشوودا ئەنجامیدا. لەلایەكی ترەوە كێشەیەك لە بناعەی سیستمی سیاسیدا هەیەن كە خۆی لە لاوازی رۆڵی چاودێری دەسەڵاتی یاساداناندا دەبینێتەوە، كە پێویست بوو باڵاترین دەسەڵات بێت، دۆسیەكانی لێكۆڵینەوە لێپرسینەوەكان ئێستا كەوتونەتە ژێر رێككەوتنی سەرۆكی كوتلە سیاسییەكان و سەركردەی حزبەكانەوە، زیاتر لەوەی كە پشت بە پێوەرێكی چاودێری بابەتیانە ببەسترێت، رۆڵی چاودێری بووەتە رێگایەك بۆ پاكتاوی سیاسیی نێوان نەیارە سیاسییەكان و لە زۆر لە حاڵەتەكانیدا دەبێتە سەكۆیەكی راگەیاندن بۆ ژمارەیەكی زۆر لە پەرلەمانتارانەی كە دەگەڕێن بەدوای ئامادەبوون لە پرۆگرامی دیالۆگی سیاسیی لە هەندێك لە كەناڵە حزبییەكاندا كە رۆڵ دەبین لە شێواندنی رای گشتی زیاتر لەوەی كاربكەن بۆ ئاشكراكردنی راستییەكان ، لە چەند حاڵەتێكی زۆر سادەدا رۆڵی چاودێری پیشەییانە و بابەتیانە دەبێت و گەندەڵەكان ئاشكرادەكات، بەڵام كاریگەری نابێت و ناگاتە ئاستی لەكارلادانن بەهۆی پاسەوانانی مافیاكانی گەندەڵی و سەرۆكی كوتلە سیاسییەكانەوە. لەسەر ئاستی دەسەڵاتی جێبەجێكردنی خاڵێكی بەهێز هەیە دروشمی دژایەتیكردنی گەندەڵی پووچەڵدەكاتەوە ئەویش ئەوەیەكە دەستوری عێراق حكومەت پابەند دەككات كە حساباتی خیتامی هەموو سالێكی دارایی پێش پێكەشكردنی پرۆژە بودجەی گشتی ساڵی داهاتوو پێشكەش بكات، ئەوەش لە كاتێكدایە كە ئەنجومەنی نوێنەران لە تشرینی یەكەمی 2015دا حساباتی خیتمای هەردوو ساڵی 2005 و 2006ی پەسەندكرد دوای رەوانەكردنی لەلایەن حكومەتەوە، هەروەها لە تشرینی دووەمی 2016دا بە شێوەی بڕیار دەنگیدا لەسەر سفركردنەوەی بودجەی ساڵەكانی 2008- 2009- 2010- 2011 و هەموو سەرپێچییەكانی ناو حساباتی خیتامی ئەو ساڵانەی ئاراستەی دەسەڵاتی دادوەری كرد و سەرەڕای بوونی سەرپێچی زۆری بەناونیشانی پێشینە یان خەرجكردن بەبێ تەرخانكردن كە بەهاكەی نزیكدەبوەوە لە 142 ترلیۆن دیناری عێراقی ( نزیكەی 100 ملیار دۆلار)، ئەوەش بەواتای ئەوە دێت كە حكومەتی ئێستا بەشداربووە لە پەردەپۆشكردنی گەندەڵی یان خراپ قۆزتنەوەی دارایی گشتی حكومەتەكانی پێشوون بەهۆی ئەوەی كارینەكردوووە بۆ بەرزكردنەوەی سەرپێچییەكان بۆ دادگای عێراق بۆ یەكلاكردنەوەی پێش رەوانەی پەرلەمانی بكات بۆ سفركردنەوەی، یان لانیكەم وردبینیكردن و روونكردنەوەی سەرپێچییەكان كە دەچنە چوارچێوەی گەندەڵی داراییەوە. بابەتەكە گومانكردن نییە لە نیەتی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیراندا لە بانگەوازیدا بۆ دژایەتی و جەنگ دژی گەندەڵی كە بەدوای دەستكەوتێكی ترەوەیە بۆئەوەی بخرێتە سەر سەنگ و قورسایی لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا، بەڵكو گومانەكە لەسەر ئیرادەیی سیاسی پێویستە بۆ دژایەتیكردنی گەندەڵی و لەگەڵ ئاماژەدانمان بە نەبوونی توانی دژایەتیكردن و نەهێشتنی گەندەڵی بە دروشت و گوتاری سیاسی لە مینبەرەكانی راگەیاندنەوە، چونكە لە دەوڵەتێكی وەك عێراقدا پێویستمان بەوەیە دژایەتیكردنی گەندەڵی بگۆڕین بۆ پرسی كۆدەنگی نیشتمانی، ئەوەش دیدێكی رون و ئاشكرا دەخوازێت كە خۆی لە پرۆژەی یاسا و دامەزراوەی كارادا بەرجەستە دەبێت. لە كۆتاییدا عێراق پێویستی بە دۆزینەوەی ئەزمونێكی تایبەتە بۆ خوڵقاندنی نمونەیەك لە دژایەتیكردنی گەندەڵی كە بگونجێت لەگەڵ شێوازی ئابوری رەیعی ( ئەو ئابورییەی بە تەنها پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت). وەرگێڕانی : نامیق رەسوڵ سەرچاوە: ماڵپەڕی " ئەلحوڕە"