Draw Media

ئەو شەوەی عەبادی راسپێدرا و مالیكی بەخشرا ئەمە روویدا

ئەو شەوەی عەبادی راسپێدرا و مالیكی بەخشرا ئەمە روویدا

2018-05-07 18:07:40


نووسینی: باقر جەبر زوبەیدی
وەرگێڕانی : نامیق رەسوڵ
حزبی دەعوەی ئیسلامی نامەیەكی بۆ سەماحەتی مەرجەعی باڵا بەڕێز عەلی سیستانی نارد، داوایلێكرد هەڵوێستی شەرعی خۆی روونبكاتەوە دەربارەی ئەوەی مالیكی خولی سێییەم پۆستی سەرۆك وەزیران بگرێتەوە دەست، لە ناو بوونی بڕێكی زۆر لە رەخنە و ناڕەزایەتی نەك تەنها لە گۆڕەپانی نیشتمانیدا، بەڵكو لە ناو خودی هاوپەیمانی نیشتمانیدا بە شێوەیەكی وردتر لەناو ریزەكانی حزبی دەعوەدا.
دوای مانگێك لە نامەكەی حزبی دەعوە، كە كۆپییەكیمان بەدەست نەگەیشت، سەماحەتی سیستانیی وەڵامی دایەوە كە لە خوارەوە دایدەنێم، ئەو گڵۆپی سەوزی بۆ دەعوە و هاوپەیمانی نیشتمانی هەڵكرد گۆڕانكارییەكە بكرێت و لەوەڵامەكەیدا مەرجەعی باڵا جەختی لێكردەوە.
ئەوەی روویدا ئەوەبوو كە وەڵامەكەی مەرجەعی باڵا بۆ مانگێكی تەواو لای حزبی دەعوە بە پێچراوەیی مایەوە و ناكۆكییەكی توندیش لە ئارادابوو خەریك بووە حزبی دەعوە نغرۆی دابڕان ولێكترازانێكی توند بكات، بەڵام گروپێك لە دەعوە سەركەوتوو بوو لە كۆكردنەوەی 38 ئیمزای ئەندامی دەوڵەتی یاسا لە پێناوی دەستكردن بە كۆكردنەوەی ئیمزا بۆ بەدەستهێنانی زۆرینە لەناو هاوپەیمانی نیشتمانیدا.
رۆژی 11/ 8/ 2014 كۆبوونەوەیەك لە ماڵی دكتۆر جەعفەری رێكخرا، بە سیفەتی ئەوەی سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی بوو، دوو كاتژمێری خایاند و تێیدا ئیمزای سەرۆك كوتلەكان كۆكرایەوە بۆ هەڵبژاردنی ئەوەی كە زۆرینەی حزبی دەعوە لەسەری رێككەوتون كە عەبادی وەك كاندید بۆ سەرۆك وەزیران پێشكەشدەكەن.
ئەوانەی ئیمزایان كردبوو، لە پێشبڕكێدا بوون لەگەڵ كاتدا، چونكە وادە دەستورییەكان لە كاتژمێرەكانی كۆتاییهاتنیان نزیكدەبوونەوە، تەنها 90 خولەك كات مابوو بۆئەوەی جوڵە بكەین بە ئاراستەی وەڵامدانەوەی وادەی دەستوری بۆ ئەوەی عەبادی وەك سەرۆك وەزیران دیاریبكرێت و وەك وەڵامدانەوەیەكیش بۆ بانگەوازی مەرجەعەیەتی باڵا لە گونجان لەگەڵ ئەوەی بە رەزامەندیی نیشتمانی ناونرابوو.
پێش ئەوەش چەند گفتوگۆیەكمان لەگەڵ سەركردەی كوتلە سیاسییەكانی گۆڕەپانی نیشتمانیدا كردبوو، بۆئەوەی بۆچونیان بەرامبەر گۆڕانكارییەكە بزانین، هەموو كوتلەكان پشتیوانیان كرد لە بۆچونی بەڕێز مەرجەعی باڵا و ویستی هاوپەیمانی نیشتمانی بۆ گۆڕانكاری.
بە كاروانێكی دوورودرێژ بەرەو سەرۆكایەتی كۆمار كەوتینەڕێ‌، كاتژمێر یەك و نیوی نیوەڕۆ بوو، لە كۆبوونەوەكەمان لەگەڵ سەرۆك نەهاتینەدەرەوە هەتا مەرسومی كۆمارییمان بۆ راسپاردنی عەبادی وەك كاندیدی گەورەترین كوتلە نەهێنایەوە.

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand