پهرلهمان و زمان
2018-05-07 10:22:54
د. هەردی مێد
لهم رۆژانهی پێشوو یهكێك لهو بابهتانهی بووه جێی سرنجی میدیاكان و رۆژهڤیان، قسهكردن بوو سهبارهت به توانستی كاندیدهكان له زمانی عهرهبیدا. لهم سهروبهندهدا، پهرلهمانتارێكی خولی پێشوویی پارتی دیمۆكراتی كوردستان دان بهوهدا دهنێت كه ٣٠ پهرلهمانتاری پێشوو، كه لهم خولهدا ئهركیان تهواو دهبێت، زمانی عهرهبیان نهزانیووه، یان توانای زمانهوانیان بهو شێوهیه نهبووه كه ڕێگهی گفتوگۆیان پێبدات. گهر بڕوا بهم زانیارییه بكهین، دهشێت بڵێین نیوهی ئهندام پهرلهمانتارانی كورد له پهرلهمانی فیدراڵ زمانی عهرهبیان نهزانییوه. لێرهوه پرسیارێك، زۆر ساده به رواڵهت بهڵام زۆر گرنگ له جهوههردا، كه دهشێت بكرێت ئهوهیه: رۆڵی ئهم پهرلهمانتارانه له پهرلهمان چیبووه له كاتێكدا زمانی قسهكردنی ئهم دهستگایهیان نهزانیووه؟ ئهم بابهتهی ئێمه ههوڵێك نییه بۆ وڵامدانهوهی ئهم پرسیاره له بهرئهوهی پێویستی به رووماڵ و لێكۆڵینهوهیهكی جدی ههیه كه دهبوو له كاتی خۆێیدا بكرابایه بۆ دهستنیشانكردن و له نزیكهوه خهمڵاندنی رۆڵ و چالاكی ئهمان. ئێمه تهنها دهمانهوێت له سهر دوو پرس كه پهیوهندیدارن بهم پرسیارهوه قسه بكهین. ١. نهزانین یان جڵهونهكردنی زمانی گفتوگۆی پهرلهمان چ كاریگهرییهكی له سهر رۆڵی پهرلهمانتار دهبێت؟ ٢. نهزانینی زمانی پهرلهمان چ گرفتێك له بهردهم پرسی نوێنهرایهتیكردندا(Representation) دهخولقێنێت؟
پهرلهمانتار له دوو شوێنی جودای پهرلهمان دهتوانێت رۆڵی سهرهكی بگێڕێت، كه ههرچهند ئهم دوو رۆڵه له ناوهڕوهكدا جودان. له یهكهم شوێندا له هۆڵی گشتی پهرلهمان (Hemicycle)، واته ئهو شوێنهی گفتوگۆ له سهر پرۆژه و پێشنیاره یاساییهكان دهكرێت و دهكرێنه دهنگدانهوه. له دووهم شوێنشدا، له هۆڵی لیژنهكان. له هۆڵ گشتی ههموو پهرلهمانتاران ئامادهن، كهچی له كۆبونهوهی لیژنه تهنها ئهندامانی لیژنه. له هۆڵی پهرلهمان زۆرترین نمایشی سیاسی، به سیاسیكردنی پرسهكان، خۆنمایشكردن…دهكرێت چونكه میدیاكان ئامادهن و ڕووماڵی دانشتنهكان دهكهن. وهلێ، له دانیشتنی لیژنه، لهبهرئهوهی به داخراوه یی دهگوزهرێت،گفتوگۆی تهكنیكی و پسپۆڕیانه جێی به نمایشی سیاسی و خۆدهرخستنی سیاسیانه لق دهكهن. له هۆڵی پهرلهمان گهشتن به تهوافق(concensus) دهبێته كارێكی سهخت و دژوار چونكه ههر هێزێك ههوڵی سهپاندنی روانگه و دیدی ئایدولۆژییانهی دهدات، بۆیه دهنگدان دهبێته ئامرازی رێكخستنی ململانێكان و ڕێگهلێگرتنیان بۆ ئهوهی سهرنهكێشن بۆ بهكارهێنانی هێز. كهچی لیژنهكان، ههروهك سیاسهتناسی ئیتالی سارتۆری دهڵێت، خودی خۆیان دهبنه ئامرازی گهشتن به تهوافق و دوورخستنهوهی ململانێی ئایدۆلۆژی و سیاسیهكان به هۆی داخراوییان له لایهك، هاوكات پێویستی توانستی تهكنیكی و پسپۆڕی بۆ شهنوكهوكردن و تاوتوێكردنی تێكسته یاساییهكان له لایهكی دی.
وهلێ، ههم له هۆڵی گشتی پهرلهمان و ههمش له كۆبونهوهی لیژنهكان، زمان و لهولهبانی (Eloquence) چهكێكی ههره گرنگ و كاریگهرن له دروستكردن و خوڵقاندنی تهوافق، له بهرئهوهی لهولهبانی له زمان و گهمهكردن به وشه و بهكارهێنانی گونجاویان دهشێت پهیڤ بكاته دهسهڵات و ئامرازی كاریگهری. پهرلهمانتاری لهولهبان دهتوانێت به دهوری تێكستێكی یاساییدا زۆرترین دهنگ و زۆرترین سازان دروست بكات. به مانایهكی دی، لهولهبانی زمان له ئامرازێكی پهیوهندیكردنهوه دهكات به خانهی ههژمون و ههیمهنه و قهناعهتپێكردن. راسته، زمان جودایه له لهولهبانی، واته ههموو ئهوانهی جڵهوی زمان دهكهن ناتوانن ببنه لهولهبان، چونكه كاریگهری و سحری لهولهبان ههم لهو ئارگومێنت و بورهانانهدایه كه كهسی قسهكهر بهكاریان دێنێت، ههمش له رهزامهندی كۆمهڵایهتی زمانی قسهكهر. بهڵام، بۆ بهدهستهێنانی لهولهبانی جڵهوكردنی زمان مهرجی سهرهكییه. ئهم جڵهوكردنهش له دوو ئاستدا. له یهكهم شوێندا له رووی ڕێزمانییهوه، واته كهسی قسهكهر دهبێت زمانهكهی ڕهوان بێت و دوور بێت لهههڵه و خواروخێچی. ههمش له رووی كۆمهڵایهتیهوه. كۆمهڵناسی فهرهنسی پییهر بۆردیۆ زۆر نایابانه بۆ ئهم پرسه چووه. بۆ ئهم، زمانی بهرز، به تهنها ئهو زمانه نییه كه له رووی ڕێزمانییهوه پتهوه و ڕهوانه، بهڵكو له رووی كۆمهڵایهتیهوه جێی ڕهزامهندییه. قبوڵی كۆمهڵایهتی زمانش تهنها ئهو كاته مهیسهر دهبێت كه زمانی بهكارهێنراو زمانێكی دووربێت له دهستهواژه و دهربڕینی میللی، بازاڕی و نزم.
له ههموو حاڵهتهكاندا، به بێ جڵهوكردنی زمانی بهكارهێنراو له پانتایی پهرلهمان، ئهندام پهرلهمان نهدهتوانێت به چالاكی و ئهركهكانی ههستێت، نهدهتوانێت له دهرهوهی رهدهڵ و بهدهڵه سیاسی، جڤاتی، دینی، تد كان، توانای دروستكردنی تهوافقی ههبێت، یان دروستكردنی كاریگهری له سهر دینامیك و گهمهی پهرلهمان. ئاشنانهبوون و كۆنترۆڵنهكردنی زمان ڕێگه له گفتوگۆ، تێگهشتن له دهقه یاساییهكان، قوڵی و تهكنیكی یاساكان، گهمه و گرهوهكانی پشت تێكسته یاساییهكان دهگرێت و ئهندام پهرلهمان دهكاته تاكێكی موجهڕهد و ناچالاك. به مانایهكی دی، ئاشنا نهبوون به زمان، ئهندام پهرلهمان دهكاته كهسێكی بهكاربهری سیاسی له جیاتی بهرههمهێنهر، واته دهبێته كهسێك نه توانای پێشنیاری دهبێت، نهههموار و داڕشتنهوه و گهڵاڵهكردن له پرۆسهی دروستكردنی یاسادا. ئهمه جگه لهوهی نهدهتوانێت خودان روانگه و توانای سهپاندنی روانگهی خودی خۆشی بیت.
له لایهكی دی، ئاشنانهبوون به زمان گهورهترین پرسیار له سهر وهزیفه و رۆڵی نوێنهرایهتی ئهندام پهرلهمان دروست دهكات. چۆن پهرلهمانتارێك دهتوانێت نوێنهرایهتی شار و دهنگدهرانی بكات و بهرگری له بهرژهوهندی و پێگهیان بكات له پهرلهمان، گهر توانای قسهكردن و كایهی زمانهوانی سنوردار بێت؟ نوێنهرایهتی گهل لهوهدا دهبێت كه توانای تێگهشتنت له كۆی گرهو و ڕێسای گهمهكان ههبێت و سهردهرچوانه تێیاندا شوێن بۆ جێگرتنهوهی ئهو بهرژهوهندیانه بكهیتهوه كه بۆیان ڕاسپێردراوی. له راستیدا، ئاشنانهبوون به زمان و نهتوانینی قسهپێكردنی، پهرلهمانتار له نوێنهرایهتی دهخات، چونكه دواجار نوێنهر ئهو كهسهیه كه ڕاسپێردراوه كه له جیاتی ڕاسپێردهر بدوێت و له جیاتی ئهو بڕیار بدات. بهڵام، گفتوگۆ و ههمش بڕیاردان پێویستیان به زمانێك ههیه كه ڕێگهی سازدانیان بدات.
له كۆتایدا، تۆ بڵێی به ناردنی كهسانێك كه ئاشنا نهبن به زمانی گفتوگۆی پهرلهمان دواجار دهنگدهر به دهستی خۆی پهرلهمان بێدهنگ و كپ نهكات؟