Draw Media

تارماییەکانی نەوشیروان

تارماییەکانی نەوشیروان

2018-05-05 19:45:07


 

تارمایی ئەوەیە کە لێرەیە و لێرە نیە. لێرەیە و ئێمە هەوڵئەدەین کە لە گەڵیدابین، بەڵام هەوڵەکانمان هەرگیز ناگاتە ئامانجی ئەوەی کە بە تەواوی ئەوەی کە تارماییە، چیدی لە دۆخی تارماییدا نەمێنێت.
بەڵام تارمایی ئەو بونەیە کە پاش دەرکەوتنی دەبێتە بەشێک لە ئێمە، هەمیشە بێ جەستەیە، تەنها ڕۆحێکە، بە دوای ئەو جەستانەدا دەگەرێت کە بە دوایدا دەگەڕێن. کاتێک جەستەکان بە ڕۆحی ئەم تارماییە ئاشنا دەبن، ئیتر پچڕانێک دروست دەبێت لە نێوان خۆیان و دونیادا، کات دەپچڕێت، چونکە ئەو ساتەوەختەی کە بە جۆرێکی تر بیرمانکردەوە ئیتر هەرگیز هەمانکات نیە، هەمان پلەبەندی شتەکان نیە، دونیا هەرگیز بە هەمانجۆر نیە. 
ئەو پیاوەی کە ئەم جۆرە تارماییەی لە دونیای ئێمەدا دروستکرد نەوشیروان مستەفا بوو. پێش هاتنی ئەو، زمانی گۆڕان، خەونی گۆڕان، خواستی گۆڕان، دووربوو لە ڕۆحی گشتی، لە هێز، لە نۆرم. ئەو هات پچڕانێکی لە حەکایەتە گەورەکانی شاخ و خەبات و چەکداردا دروستکرد و وەک لیوتار ووتی سەردەمی چیرۆکە گەورەکان تەواو، ساتی ئەوەیە گوێ لە چیرۆکی هەریەکێک لە ئەندامانی ئەم کۆمەڵگایە بگرین و گورزەیەک لە ووردە چیرۆک دروست بکەین، بۆئەوەی ڕەنگی هەمومان و ئاهی هەمومان و خواستی هەمومان ئامادەیی تیادا هەبێت.
بەڵام لە بەگشت بوونی ئەم رۆحە، جارێکی تر، دەبێتەوە بە تارمایی. تارماییەک کە ترس دەهێنێت. ترس لە هەناوی ئەو جەستانەی کە ڕۆحیان تیادا نەماوە یان توانای وەرگرتنی ڕۆحێکی تریان نیە. بۆیە وەک درێدا دەڵێت، تارمایی هەمیشە تارماییەکانە. 
بەڵام تارمایی چی ئامادەییەکی هەیە؟ یان ئەوە چ ئێستایەکە کە ئامادەییەکی تارماییانەی هەیە؟ ئامادەیی تارماییانە ئەو ئامادەییە کە بونی هەیە بەڵام ئاگایی نیە بەرامبەر بونی، یان نکوڵی دەکرێت لە بونی یان رێگری دەکرێت لە بونی.
بۆ نمونە داهاتوی گەنجان و لاوان تارماییەکە بەدوامانەوەیە، لە پێشمانەوەیە، ئەگەر ئێستا هەستی پێنەکەین ئەوا هەرزوو ڕاوەدومان دەنێت. بۆیە گۆڕان ئەو پرۆسەیەیە کە تارماییەکان دەناسێتەوە، جەستە ئامادە دەکات بۆ ڕۆحەکان. نەوشیروان مستەفا ئەو تارماییەیە کە لە هەموو ئاگاداربونەوەیەکمان لە تارماییەکان دێت تارماییانە سەرەتاتکێیەکمان لە گەڵدا دەکات. تارماییەکان لەوێن، کە هەستمان پێکردن دەبنە هاوەڵمان، کە لێیان ترساین دەبنە دێوزەمە بۆمان، کە لە بیرمانکردن جارێکی تر دەبنەوە تارمایی و راوەدومان دەنێن.
بۆیە هەمیشە ئێستایەک هەیە کە هەرگیز تەواو ئێستا نیە، ئێستایەک هەیە کە ماسیانیکە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand