سه‌رده‌شت تێرۆركراوێكی بكوژناس
2018-05-04 16:11:35
نیاز عه‌بدوڵڵا.....
ئه‌فسانه‌ی ده‌سه‌ڵات له رێگای تاوان و هه‌ڵه‌كانی ده‌سه‌ڵات خۆیه‌وه تێكده‌شكێت. یه‌كێك له‌و هه‌ڵه مێژووییانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆ به‌ڕێوه‌به‌ری كوردی له تێكشكاندنی ئه‌و ئه‌فسانه‌یه‌ی خۆیدا كردی كه چه‌ندین ساڵ به خه‌رجكردنی پاره و به‌كارهێنانی چه‌ك دروستی كردبوو، تیرۆركردنی رۆژنامه‌نووسی لاو سه‌رده‌شت عوسمان بوو.
ئه‌و هێزانه‌ی پایه‌كانی ده‌سه‌ڵاتیان له رێگای ترساندن و درۆكردنه‌وه راگرتووه ئاسانتر گوتاری ساخته‌یان له په‌نای بانگه‌شه‌كردن بۆ سیسته‌مێكی دیموكراسی ئاشكرا ده‌بێت. تیرۆركردنی سه‌رده‌شت عوسمان له‌ژێر فه‌رماڕه‌وایی سه‌ربازی پارتی دیموكراتی كوردستان له شاری هه‌ولێر، هه‌ردوو پایه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵاتی له‌ق كرد كه ئه‌وكات ته‌مه‌نی 19 ساڵ بوو. ئه‌وان له‌پێناو درزتێنهكهوتنی پایه‌كانی ترس و درۆی حوكمڕانیان تیرۆریان كرد، كه‌چی 8ساڵه ناڕه‌زایه‌تی له مه‌رگی ئه‌و سیمبوله‌ی ئازادی شه‌پۆلی به‌هێز ده‌دات بۆ خستنی پایه‌كانی سته‌مكاری له كوردستان و بونیادنانی ژیانێكی دادپه‌روه‌رانه‌ی پڕ له كه‌رامه‌ت.
له‌و كاته‌ی سه‌رده‌شت وتاری "یه‌كه‌مین زه‌نگی كوشتنم لێی دا"ی نووسی و وتی "له چه‌ند رۆژی رابردوودا بۆ یه‌كه‌مین جار پێیان گوتم ژیانت چه‌ندی نه‌ماوه، یان به گوته‌ی خۆیان مۆڵه‌تی هه‌ناسه‌دانم له‌م شاره نه‌ماوه، به‌ڵام من نهباكم به مردنه و نهئازاردان، له‌چاوه‌ڕوانی كۆتاییهاتنی مۆڵه‌ته‌كه‌مم تا به دیداری بكوژه‌كانی خۆم بگه‌م" ئه‌و باش ناسنامه‌ی سیاسی بكوژه‌كانی ده‌ناسی، ده‌یزانی چۆته هه‌ناوی چه‌قبه‌ستووی سیاسی‌یان و له دیدگایان "ئه‌منی قه‌ومی وڵاته‌كه‌ی به‌زاندووه و ده‌كه‌وێته به‌ر ره‌حمه‌تی تفه‌نگ و قه‌ڵه‌مه‌كانی ئه‌وان" و چیتر ئه‌و "وه‌ك ئه‌وه‌ی شوفێرێك" بێت و "له ترافیكی سوور"ی دابێت چاوه‌ڕوانی سزای "ئه‌م ده‌سه‌ڵاته بووه، كه باكی به مردنی نه‌وه‌كانی خۆی نییه".
بكوژناسی ئه‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ناسینی ئه‌و سیسته‌مه سیاسی و بنه‌ماڵه سیاسییانه‌ی له كوردستان رهخنهیانی ده‌كرد و ده‌یزانی له نێو ئه‌فسانه‌ی سیاسیی ئه‌واندا "نابێت به سه‌رۆكه‌كه‌ت بڵێی مووچه‌كه‌ت چه‌نده؟ بۆ كوڕ و نه‌وه و خزم و كه‌سوكارت ئه‌و هه‌موو پۆسته سه‌ربازی و حكومییهیان پێدراوه؟". ئه‌و باش زانیبووی مه‌ترسییه‌كانی نووسین چین، بۆیه هه‌ر خۆی ده‌یپرسی "ئه‌بێ مه‌ترسییه‌كانی نووسینێك چی بێت، به‌شێوه‌یه‌كی كۆمیدیا كه ره‌گه‌زێكی گرنگی ئه‌ده‌بیات و هونه‌ره باس له سه‌رۆك بكه‌ین؟".
دوای تێپه‌ڕبوونی 8ساڵ به‌سه‌ر تیرۆركردنی، وانه‌یه‌ك كه له سه‌رده‌شته‌وه بۆ ئازادیخوازان جێده‌مێنێت جگه له ناسینی سیسته‌می سیاسی و رادده‌ی چاوه‌ڕوانیمان له په‌رچه‌كرداری سته‌مكارانه‌ی ئه‌م حوكمڕانییه، رادده‌ی خۆڕاگری و به‌رگری ئێمه‌یه له بیروباوه‌ڕی ئازادیخوازانه و دادپه‌روه‌ری و كه‌رامه‌تی گشتی و تاك. نهگهڕانهوهمانه بۆ دواوه له خه‌باتی مه‌ده‌نی و به‌رگریكردن له ئازادی راده‌برین و ئازادی كاری رۆژنامه‌وانی و دروست كردنی پایه‌كانی حكومڕانییه‌كی دیموكرات له كوردستان.