بونیاد وهەیکەل وبەرنامەی پارتە سیاسییەکان
2018-05-04 11:24:42
لاوك سەڵاح
تێگەیشتن لە هەیکەل و بەرنامە و بونیادی پارتەکان فاکتەرێکی سەرەکییە یارمەتی دەنگدەر دەدات بۆ ئەوەی رۆژی هەڵبژاردن بریار بدات دەنگ بە کێ دەدات. بۆ نموونە، دەنگدەر، دوور لە هاوار و قیرە قیر، ئەو پرسیارە لە خۆی بکات کە لە کوردستاندا چ جۆرە سیستمێکی حوکمرانی دەوێت؛ پەرلەمانی یان سەرۆکایەتی؟ ئەم هەڵبژاردنەی عێراق وەک راهێنانێک وایە بۆ هەڵبژاردنی کوردستان.
٢. دەنگدەر دەبێت ئەو پرسیارە بکات کێ دیاردەیەکی عەرەزی و سەرپێیانەیە لە دونیای سیاسیماندا؟ کێ هەڵگری پرۆژەیەکی ریفرۆمکردنی سیاسییە؟ رەنگە تێروانین و رای جیاوازمان لەسەر ئەم مەسەلەیە هەبێت. کێ بە مردنی سەرۆکی لیستەکەی تیپ هەڵدەوەشێتەوە؟
٣. بەرێوەبردنی دارای هەرێم پێویستی بە گیانێکی ماراسۆنی هەیە، هەر بۆ نموونە بەرێوەبردنی پرۆژەی تایبەت زۆر جیاوازە لە بەرێوەبردنی پرۆژە گشتییەکان، یاساکانی جیاوازە، ئامانجەکانی جیاوازە، کەسایەتییەکانی جیاوازن..هتد هەر لەبەر ئەوە، دەنگدەر دەبێت ئاگادار و وریا بێت کە بۆ ئاییندە کێ دەخوازێت ئابووری لە سیاسەت و دەستەڵات جیا بکاتەوە. ئەمە کارە ماراسۆنییەکەیە، ئەمە جەوهەری مەسەلەکەیە.
٤. دوور لە فۆبیای بەکارهێنانی میدیا، کێ دەتوانیت لە گەرمەی هەڵمەتی هەڵبژاردندا لە تێروانینی دەنگدەرەوە بڵی من هەڵەمکرد وفێربووم و جارێکی تر ئەو هەڵانە ناکەمەوە، بێگومان ئەمە جیاوازە لە تاوانی ستراتیژی، ئەویان دەکەوێتە خانەی نەبوونی ئەزموونی ئیداری وهەڵبژاردنی کەسەکان. ئەم فاکتەرە جەوهەرییە بۆ ئەوەی هێشتا بە دەنگدەر بڵێت من لە سەنگەر و ریزی تۆم.
٥. کێ دەتوانیت لەسەر هێلێکی بیانی تا رادەیەکی جێگیر پرۆسەکە بەرێوەبەرێت، کێ دەتوانێت پرۆژەیەکی نیشتمانی بە دەنگدەر بناسێت دوور لە رەنگدانەوەی سایکۆلۆژیەتی دیاریکراو بە گیانێکی پیشەییانەوە و دوور لە تۆمەتبازی بەڵام پشتئەستوور بە راستگۆیی وحەقبێژی کە رەنگدانەوەی ماف پاراستنی هەموو پێکهاتە کۆمەڵاتییەکان بێت هەر لە ئیسلامییەوە تا دەگاتە عیلمانییەکان، دواجار ئەم نیشتمانە هی هەموومانە.