دەقی هەمواری ماددەی 12ی یاسای بودجە.. نرخی "دادپەروەرانە"ی بەرهەمهێنانی نەوتی كوردستان
2024-11-26 16:53:40
راپۆرت: درەو
هەمواری بڕگەی (ج) لە ماددەی (12)ی یاسای بودجەی گشتیی عێراق كە تایبەت بە نرخی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتە لە هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا، هەموارەكە چی دەڵێ؟
دەقی هەموارەكە
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ خوێندنەوەی یەكەمی كرد بۆ هەمواری یەكەمی یاسای بودجەی سێ ساڵە (2023-2024-2025). هەموارەكە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە رەوانە كراوە بۆ پەرلەمان، تێیدا تەنیا یەك بڕگە هەموار كراوە كە پەیوەندی بە نەوتی هەرێمی كوردستانەوە هەیە. ئەنجومەنی نوێنەران دەقی پرۆژەی هەموارەكەی بڵاوكردەوە، كە تەنیا بۆ (بڕگەی ج/ دووەم)ی ماددەی 12ی یاسای بودجەیە.
دەقی هەموارەكە بەمجۆرەیە:
ماددەی -1- دەقی بڕگەی (ج) لە بەندی (دووەم)ی ماددەی 12ی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵە داراییەكانی (2023-2024-2025) هەڵدەوەشێتەوەو ئەمەی خوارەوە شوێنی دەگرێتەوە:-
ج-1. وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە خەرجی سیادی، قەرەبووی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی ئەو بڕە نەوتە دەكاتەوە كە لە هەرێم بەرهەمدەهێنرێت و؛ لەلایەن كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) یاخود وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بە گوێرەی هەردوو بڕگەی (ا، ب)ی ئەم بەندە وەردەگیرێت، بەو مەرجەی تێچووی خەمڵێندراوی دادپەروەرانەی بەرهەمهێنان و گواستنەوە لە هەر كێڵگەیەك لەلایەن لایەنێكی راوێژكاری هونەریی نێودەوڵەتیی پسپۆڕەوە، كە وەزارەتی نەوتی عێراق بە رێككەوتن لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم دیاری دەكات، دیاری بكرێت، لەماوەی (60) رۆژدا لە وادەی بەركاربوونی ئەم یاسایەوە، ئەگەر لەماوەی ناوبراودا نەگەیشتنە رێككەوتن، ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ ئەو لایەنە راوێژكارییە دیاری دەكات كە ئاماژەی بۆ كراوە.
2. ئەو لایەنە راوێژكارییە هونەرییە كە لە خاڵی (1)ی ئەم بڕگەیەدا هاتووە، خەرجی خەمڵێندراوی بەرهەمهێنان و گواستنەوە پێشكەشی هەردوو وەزارەتی دارایی و نەوتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات و بۆ مەبەستی ئەم یاسایە پشتی پێدەبەسترێت، ئەو قەرەبووەی كە لە خاڵی (1)ی ئەم بڕگەیەدا هاتووە لەسەر بنەمای تێچووی بەرمیل لێكدانی ژمارەی ئەو بەرمیلی رادەستكراو بەگوێرەی بڕگەكانی (ا، ب)ی ئەم بەندە ئەژماردەكرێت و؛ وەزارەتی دارایی فیدراڵی ئەركی پێدانی ئەو بڕە پارانە بە حكومەتی هەرێم لەئەستۆ دەگرێت.
3. بەشێوەیەكی خێرا دەستدەكرێت بە رادەستكردنی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێم بە كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوت (سۆمۆ) یاخود وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بەگوێرەی بڕگەكانی (ا، ب)ی ئەم بەندە، قەرەبووی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بەشێوەی پێشینە دەبێت لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە، بەبڕی (16) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، كە دواترو دوای تەوابوونی كارەكانی لایەنە راوێژكارییە هونەرییەكە پاكتاو دەكرێت كە لە خاڵی (1)ی ئەم بڕگەیەدا هاتووە، بە (أپر رجعی) لەوكاتەوە كە دەستكراوە بە رادەستكردن بەپێی ئەم هەموارە.
ماددەی -2- ئەم یاسایە لە رۆژی بڵاوبوونەوەی لە رۆژنامەی فەرمییەوە، دەكەوێتە بواری جێبەجێكردن.
ئامانجی دەركردنی ئەم یاسایە، وەكو لە دەقەكەدی هاتووە (دانانی لایەنێكی راوێژكاریی هونەریی نێودەوڵەتییە كە كاربكات بۆ ئەژماركردنی تێچووی خەمڵێندراوی دادپەروەرانەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی كوردستان، هەر كێڵگەیەك و بە جیا، لەپێناو پاراستنی سامانی نیشتمانی و بەهێزكردنی داهاتە فیدراڵییەكان ...).
ماددەكە پێش هەموار چی دەڵێ؟
لەسەر سكاڵای حكومەتی عێراق و لەسەر بەكارهێنانی بۆری نەوتی عێراق- توركیا بۆ هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی بەغداد، شوباتی 2023 دادگای باڵای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس، بڕی نزیكەی (ملیارێك و 500 ملیۆن) دۆلار قەرەبووی بەسەر توركیادا سەپاند، ئەمە توركیای ناچاركرد لە 25ی ئازاری 2023دا هەناردەی نەوتی هەرێم رابگرێت.
سەرباری ئەوەی لە ئۆكتۆبەری هەمان ساڵدا توركیا كەوتە گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی عێراق بۆ ریككەوتن لەسەر چارەنوسی قەرەبووەكەو ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بەوشێوەی كە حكومەتی فیدراڵی عێراق دەیەوێت، بەڵام هەناردەی نەوت دەستی پێنەكردەوە.
حكومەتی فیدراڵی عێراق لەسەرەتاوە بەدوای ئەوەدا دەگەڕا یاسای نەوت و غازی فیدراڵی دەربكات، لەم یاسایەدا چارەسەری ریشەیی بۆ ناكۆكییەكانی نێوان هەولێرو بەغداد سەبارەت بە چۆنیەتی ئیدارەدانی سامانی نەوت و غاز بدۆزێتەوە، ئەم یاسایە كە دەبوو ساڵی 2005و دوای پەسەندكردنی دەستوریی هەمیشەیی عێراق دەربكرایەو هێشتا دەرنەچووە، ئەمجارەش شكستی هێنا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەردوو حكومەت دەستیان كرد بە تاوتێكردنی رەشنوسێكی نوێی یاسای نەوت و غاز، بەڵام بۆچونیان زۆر لەیەكترەوە دوور بوو، بۆیە ئەمجارە سەری بابەتەكە نرایەوە.
دواجارو رۆژی 5ی ئەم مانگە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ پرۆژە یاسایەکی پەسەند کرد بۆ هەموارکردنەوەی مادەی (12/دووەم/ج) لە یاسای بودجەی فیدڕاڵیی سێ ساڵەی ژمارە (13ی ساڵی 2013) تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
ئەمەی خوارەوە دەقی ئەو ماددەی یاسای بودجەیە كە لەسەرەوە هەموارەكەی بە دانراوە:
ماددەی 12:
یەكەم: شایستە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵیو حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵانی 2004 بۆ 2022 پاكتاودەكرێت، دوای وردبینیكردنی لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ بەهەماهەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێم، پشتبەست بەو مافو پابەندییانەی كە لە یاساكانی بودجەی فیدراڵی تایبەت بە هەر ساڵێكی دارایی هاتووە.
دووەم:
ا- حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بە هەماهەنگیكردن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، لە باركردنی نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو لەو كێڵگانەی دەكەونە هەرێم بۆ ئەمبارەكانی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوت (سۆمۆ) لە بەندەری جەیهانی توركیا، بەجۆرێك لە (400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە) كەمتر نەبێت، بەگوێرەی داتای مانگانەی پێشكەشكراو لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستانو پەسەندكردنی لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ بەهەماهەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم، كۆمپانیای سۆمۆ بە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم، بە هەمان نرخو میكانیزمی پشت پێ بەستراوی فرۆشتن لەلایەن كۆمپانیای ناوبراوەوە، هەناردەكردنی ئەو بڕە لە ئەستۆدەگرێتو داهاتەكانی وەكو داهاتی كۆتایی بۆ خەزێنەی فیدراڵ، تۆماردەكرێت.
ب- لە حاڵێكدا نەتوانرا لەرێگەی بەندەری جەیهانی توركی یان هەر دەروازەیەكی فەرمی ترەوە كە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دیاری بكات، هەناردە بكرێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بە رادەستكردنی بڕی نەوتی ئاماژەبۆكراو لە بڕگەی (دووەم/ا)ی ئەم ماددەیە بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، بەمەبەستی بەكارهێنانی لەناوخۆداو بەگوێرەی ئەو پێداویستییەی كە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دیاری دەكات.
ج- وەزارەتی دارایی فیدراڵ قەرەبووكردنەوەی خەرجییەكانی وەبەرهێنانو گواستنەوەی بڕی ئەو نەوتە وەبەرهێنراوەی هەرێم دەگرێتە ئەستۆ، كە رادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دەكرێت بەگوێرەی هەردوو بڕگەی (1)و (ب)ی ئەم ماددەیە، بەمەرجێك خەرجی وەبەرهێنانو گواستنەوە هاوتای خەرجی وەبەرهێنانو گواستنەوەی یەك بەرمیل نەوت بێت لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵو بە لێدانی لەگەڵ ژمارەی ئەو بەرمیلانەی كە رادەستدەكرێن، بەگوێرەی حوكمەكانی ئەم ماددەیە.
د- حكومەتی هەرێم پابەندە بە رادەستكردنی داهاتە نانەوتییەكان بە خەزێنەی دەوڵەت بەگوێرەی یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵ، بەمەرجێك دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ بەهەماهەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم وردبینی بكات لەو تۆمارانەی كە تایبەتن بەم داهاتانەوە.
ه- وەزارەتی دارایی فیدراڵ پابەند دەبێت بە پێدانی شایستەكانی هەرێم بەشێوەی مانگانە، بەگوێرەی حوكمەكانی ئەم یاسایە، دوای جێبەجێكردنی بڕگەكانی (ا، ب، ج، د)ی ئەم ماددەیە، دەبێت هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی داراییو ئابوری هەرێم بكرێتو ئەو وەزارەتە بودجەی پێداچونەوەی مانگانە بۆ فەرمانگەی ژمێریاری بنێرێت، بۆ ئەوەی بخرێتە ناو تێكڕای حساباتی مانگانەی دەوڵەتەوە، بەمەرجێك حسابی تایبەت بە مافو پابەندییە نەوتیو نانەوتییەكانی هەردوولا پاكتاو بكرێت، دوای وردبینیكردنی لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵو بەهەماهەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێم، لەسەر بنەمای وەرزیی، بەجۆرێك گرەنتی پێدانو پاكتاوی ئەو شایستانە بكات بەشێوەیەكی رێكوپێك.
و- ئەو پارانەی بانكی بازرگانی عێراق، كە لەئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە لە بانكە حكومیو تایبەتەكاندا، پاكتاو دەكرێتو وەزارەتی دارایی فیدراڵ هەڵدەسێت بە دانانی خشتەی قیستی مانگانەو لە پشكی هەرێم دەبڕدرێت، پێدانەوەی قیستەكان لە ساڵی دارایی 2023وە دەستپێدەكات بۆ ماوەی (7) ساڵ.
دەقی هەموارەكە: