Draw Media

بڕۆن بۆ دەنگدان تا خراپتر نەبێت....

بڕۆن بۆ دەنگدان تا خراپتر نەبێت....

2018-05-07 09:41:53


كەمال چۆمانی ...

وانەیەک لە ریفراندۆمی دەستوریی تورکیا وەربگرن

دەنگدان لەو هەڵبژاردنەدا، ئەگەر ئامرازێكیش نەبێت بۆ باشتر بون، ئامرازێکە بۆ خراپتر نەبون. پێویستمان بە گۆڕینێکە لە شێوەی سیاسەت و پەیوەندییەکانی هەرێم و کورد لەگەڵ بەغداد و نەتەوەکانی دیکەی عێڕاق، لەپێش هەمویانەوە عەڕەب. پێویستمان بە دونیابینییەکی نوێیە کە دونیابینیی پارتیی و یەکێتیی، بەتایبەتتر هی پارتیی، بۆ عێڕاق و هەرێمی کوردستان تێبپەڕێنێت.
نمونەیەکی سادە لە دەنگدان وەک ئامرازێک بۆ رێگریکردن لە خراپتر نەبون:
لە ١٦ی نیسانی ٢٠١٧، ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا ریفراندۆمێکی دەستوریی بەسەر تورکیادا سەپاند. سیستەمی پارلەمانیی ئەو وڵاتەی گۆڕی بۆ سیستەمی سەرۆکایەتیی، رونتر سیستەمێکی سوڵتانیی کە لەگەڵ ویستە پاوانخوازییەکانی خۆی دەگونجێت. 
بەشداریکردن لەو هەڵبژاردنەدا ٪٨٥.٤٣ بو، بەڵێ ٪٥١.٤١ بو، نەخێر٪٤٨.٥٩ بو. ئەوانەی بەشداریی ریفراندۆمەکەیان نەکرد، بەدڵنیایی دۆستانی ئەردۆغان و سیستەمی سەرۆکایەتیی نەبون. بەڵام بە هەر هۆکارێک بێت بەشداریی ریفراندۆمەکەیان نەکرد. ئەگەر لەو ٪١٥یە نیوەی بەشداریی بکردبوایە، بەدڵنیایی رێژەی دەنگدان دەگۆڕا لە بەرژەوەندیی نا کە وای دەکرد خەونە سوڵتانییەکانی ئەردۆغان کۆتایییان پێ بێت. ئەو ٪١٥یە دەیتوانی رێ لەوە بگرێت دۆخی تورکیا خراپتر نەبێت. دوای ٢٠١٧، بە هۆی سیستەمی سەرۆکایەتیی تورکیاوە، کۆمەڵگای تورکیا و ئابوریی و سیاسەتەکەی، توشی دابەشبون و دڵڕەقیی و تیرۆر و گرتن و کوشتنی زیاتر بۆتەوە. خەونی بەدیموکراتیبونی تورکیا تا رادەی مردنە. پەیوەندیی کورد و تورک هێندەی تر مەودای تێکەوتوە. تەداخولی تورکیا لە سوریا و عێڕاق زیاتر بوە، پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەوڕوپا و ئەمریکا تێكچوە، هیچی لە بەرژەوەندیی تورکیا و گەلانی تورکیا نەبوە. 
بۆیە، بەشداریکردنت لەوانەیە زۆر شت نەگۆڕێت لەو قۆناغەدا، بەڵام ئەگەر خەونی گۆڕانکارییت هەیە لە داهاتودا، بڕۆ دەنگبدە تا خراپتر نەبێت. دەنگبدە بۆ ئەوەی لە داهاتودا باشتر بێت، نەک لە پێتوابێت لە ئێستا هەمو شتێک بە هەڵبژاردن چاک دەبێت. گۆڕانکاریی و چاکسازیی لە عێڕاق و هەرێمی کوردستاندا پشودرێژیی دەوێت، خەبات و تێکۆشانی زیاتری دەوێت، قۆستنەوەی دەرفەتەکانی دەوێت، بێهیوانەبون و بەردەوامیی دەوێت.
دەبێت وانەیەک لە ریفراندۆمی دەستوریی تورکیا فێرببین و هەمو هەوڵێک بدەین بە شێوەیەکی گەورە بەشدار بین، نەک بۆ باشتربون، بەڵکو بۆ خراپترنەبون. کاتێک خەونی پاسەوانانی سیستەمی کۆنت راگرت کە دەیانەوێت دۆخی هەنوکەیی بهێڵنەوە، قۆناغی چاکسازیی و گۆڕانکاریی دەستپێدەکات. بۆیە، بڕۆ بۆ دەنگدان ئەگەر لە پێناو ئێستاش نەبێت، لە پێناو داهاتو.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand