Draw Media

"بڕیارەکەی دادگا لەبارەی موچە تەفسیری جیاواز هەڵناگرێ، با كۆبوونەوەیەكی بەپەلە بكرێت"

"بڕیارەکەی دادگا لەبارەی موچە تەفسیری جیاواز هەڵناگرێ، با كۆبوونەوەیەكی بەپەلە بكرێت"

2024-11-25 14:39:53


(درەو):
"بڕیارەکەی دادگا لەبارەی موچە تەفسیری جیاواز هەڵناگرێ، با كۆبوونەوەیەكی بەپەلە بكرێت" حاكم جاسم عمێری سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەیەكدا وای بە پەرلەمانتارانی كورد وتووە. 
وەفدێكی فراكسیۆنە كوردییەكان لە پەرلەمانی عێراق (پارتی+ یەكێتیی+ نەوەی نوێ+ یەكگرتوو+ كۆمەڵی دادگەریی) سەردانی دادوەر (جاسم عمێری) سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵییان كرد. لەبارەی هۆكارو ناوەڕۆكی ئەم سەردانەوە شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پشكی پارتی دەڵێ:" باسمان لە كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم کرد، کە ماوەی دوو مانگە موچەیان وەرنەگرتوە بەبیانوی جۆراو جۆرو بێ بنەما  لەلایەن وەزیری داراییەوە، کە ئەمە پێچەوانەی  بڕیاری دادگای ئیتحادییە بەوەی کە نابێت لەژێر هیچ پاساوێک ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دوا بکەوێت". 
بەگوێرەی قسەی شاخەوان عەبدوڵا، سەرۆکی دادگای فیدراڵی دوپاتیکردوەتەوە کە "ناوەڕۆکی بڕیاری دادگا بەو شێوەیەو نابێت دەست بۆ موچەی فەرمانبەران ببرێت. کۆبونەوەیەک رێکدەخەن تایبەت بەو پرسەو دەبیت کۆتایی بەو بابەتە بێت و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەر بكرێت و مانگانە لەگەڵ فەرمانبەرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق بگاتە دەستیان".
سۆران عومەر لە فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەریی كە بەشداری كۆبوونەوەی كردووە باسلەوە دەكات "بە سەرۆکی دادگای فیدراڵی وتووە خەڵکی کوردستان دەڵێن ئەگەر هەرێم پابەند نیە بە توگین و ڕادەستی داهاتی ناوخۆ، ڕێگایەکی دیکە نیە سزای دەسەڵاتدارانی پێبدرێ هەر موچەی خەڵک دوادەخرێ و نادرێت!؟".
سۆران عومەر ئاماژە بەوە دەكات لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی دادگای فیدراڵی وتویەتی بڕیارەکەی دادگا تەفسیری جیاواز هەڵناگرێ و لە بوونی هەر ناکۆکیەکی سیاسیش پێویستە موچەی خەڵکی هەرێم بەردەوام بێت، بۆیە پێشنیاری کۆبونەوەیەکی بەپەلەی کردووە بۆ چارەسەری دواکەوتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

شوباتی ئەمساڵ، لەسەر سكاڵای ژمارەیەك فەرمانبەری هەرێمی كوردستان، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا بەوەی موچەی فەرمانبەرو خانەنشینانی هەرێم بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە خەرج بكرێت و موچەكانیان لە بانكە فیدراڵییەكانی دەرەوەی هەرێم بۆ (تەوتین) بكرێت، ئەمە هەر لەسەرەتاوە نیگەرانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی لێكەوتەوە، بەوپێیەی ئەو بەر لەم بڕیارە پرۆسەیەكی بەناوی پرۆژەی (هەژماری من) بۆ بە بانكیكردنی موچە دەستپێكردبوو.

دوای سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بۆ تاران، رۆژی 3ی تەموزی ئەمساڵ، میدیای پارتی دیموكراتی كوردستان دەقی رونكردنەوەیەكی سەرۆكی دادگای فیدراڵییان بڵاوكردەوە كە تێیدا ئاماژەی بەوە كردووە ئەو بانكانەشی كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن و مۆڵەتی بانكی ناوەندییان هەیە، دەتوانن پرۆسەی تەوتینی موچە بكەن، ئەمە وا لێكدرایەوە كە سەرۆكی دادگا پرۆژەی (هەژماری من)ی قبوڵكردووە. 

بەڵام لەدوای هەڵبژاردنی 20ی ئۆكتۆبەری پەرلەمانی كوردستانەوە، یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بەشێوەیەكی كردەیی هەنگاوەكانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پرۆژەی (هەژماری من)و تەوتینكردنی موچە لە بانكە فیدراڵییەكان دەستپێكردووە، رۆژی 31ی ئۆكتۆبەری رابردوو نوێنەرانی یەكێتیی لە دادگای  لێکۆڵینەوەی (کەرخ) لە بەغداد، سکاڵای لەسەر (هەژماری من)و رێگریكردن لە جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ "تەوتینی" موچە تۆماركرد، لەمەشدا فراكسیۆنەكانی (نەوەی نوێ+ یەكگرتوو+ كۆمەڵ) پشتیوانی یەكێتییان كرد. 

رۆژی 4ی ئەم مانگەش، شاهۆ عوسمان جێگری پارێزگاری سلێمانی لە پشكی یەكێتیی بەفەرمی و لەرێگەی نوسراوێكەوە داوای لە پارێزگاری بانكی ناوەندیی كرد "بانكە پەیوەندیدارەكان راسپێرێت بە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ تەوتینكردنی موچە هەموو فەرمانبەرانی پارێزگای سلێمانی". 

لەنێوان (تەوتین)و (هەژماری من)دا، موچەخۆرانی هەرێم لەكۆتاییەكانی مانگی یانزەدان و هێشتا موچەی مانگەكانی 10و 11 یان وەرنەگرتووە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand