Draw Media

دنیابینی وەک هێزێکی شارستانی

دنیابینی وەک هێزێکی شارستانی

2022-11-28 05:27:38


ئاسۆ جەبار

 

ئاوڕدانەوە لە هەندێک لە نوسینەکانی مەریوان وریا قانیع
ھەموو شتێکی مۆدێرن نەک لەگەڵ نەریتی "دوێنێ"دا بەڵکو لەگەڵ بارودۆخی "ئەمڕۆ"شدا دەجەنگێ.(بۆدلێر)

20 ساڵی ڕابردوو مۆدێرنیزمی ئەدەبی و چوارچێوەی کولتوری و مێژوویی خۆی تێپەڕاند، خویندنەوەی کتێبی نویگەری تیم ئارمسترۆنگ کە لێکۆڵینەوەیەکی داهێنەرانەیەو باس لە مۆدێرنە دەکات لە ئاستی گشتی و کۆمەڵایەتیدا ڕایگرتم لەبەردەم کۆمەڵێک تێزی گرنگدا. تیم ئارمسترۆنگ بە دوای پێناسەکردنی مۆدێرنیزمدا دەگەڕێت نەک تەنیا لە ئاستی جوانی و ژانرە ئەدەبییەکانی بەڵکو بە بەستنەوەی لەگەڵ ئەو ژینگە کولتوورییەی کە مۆدێرنە نوینەرایتی دەکات.  ئەو دەڵێت: تیڕوانینی نوێگەری بزوتنەوەیەکی یاخیگەرانە نیە بەرامبەر جیهانی نوێ بە قەدەر ئەوەی هەوڵێکە بۆ گونجان و تێکەڵاوبوون لەگەڵ ئەم جیهانەدا. 
بۆدلێر دەمێکە دەڵێت مۆدێرنە لەبەردەم جەنگێکی گەورەدایە لەگەڵ بەهاکانی دوێنێ و تێڕوانینەکانی ئەمڕۆ، مۆدێرنە ڕووتکردنەوەی دنیابینییەکی کۆنکرێتی نیە، بەڵکە رەخنەگرتنە لە مێژوو لە ئێستا بەخشینەوەی بەهایەکی جیاوازە بە کات، شوێن و بەردەوامی. 
بچوککردنەوەی کۆمەڵگە بۆ کایەکی حیزبی یان خێڵەکی و ئۆرگانێکی بچوکی ژێردەسەڵات و جەبەڕوتی سەرۆک و رێبەرەکانی حیزب، واتە سفرکردنەوەی کۆمەڵگە وەک ئۆرگانێکی کاریگەر و زیندوو. واتە کوشتنی بەهاکانی دنیای مۆدێرن. مەریوان وریا نزیکەی 10 ساڵ لەمەوبەر لە پەرتوکی دەسەڵات و جیاوازیی دا دەڵێت "یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کایەی سیاسی کوردی بریتییە لە کورتککردنەوەو تەسککردنەوەی کۆمەڵگەی سیاسی کوردی بۆ حیزب و ئۆرگانەکانی حیزب. حیزبیش نە بەو مانایە نوێنەر، یان هەڵگری پڕۆژە، یان ستراتیژێکی نەتەوەیی بێت، بەڵکو بەو مانایەی نوێنەری ناوچە، یان هاوپەیمانێتیەکی دیاریکراو، یان هەر شارێک، یان هەر پێکهاتەیەکی دیکە بێت."
کڵێشەسازی حوکمڕانی و دەسەڵاتی یاسا و سیستمی ئابوری و سیاسی بەپێی راوبۆچونی ئەکادیمیست و شارەزاکان چەند کۆڵەکەیەکی پڕ بایەخ و بنچینەیین کە شوناسی تەواوی کۆمەڵگە لە مەودایەکی شارستانیی جیاوازدا بەرجەستە دەکەن. سەرباری ژێرخانی ئابوریی و هاوکات مەودای سیاسی و ئایدۆلۆژی؛ کۆمەڵێک کۆڵەکەی گرنگ هەن کە ئاستی شارستانی کۆمەڵگە وەک دامەزراوەگەلێکی مۆدێرن بەرجەستە دەکەن کە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە تیایدا هەست بە ژیان و مرۆڤبونی خۆیان بکەن و کولتۆریش وەک هێزێکی شارستانی زیندوو، کە پێکڕا زیندوێتی و دامەزراوەیی کۆمەڵگە رەنگڕێژ دەکەن. بەڵام گەندەڵی و کڵێشەی ناسیاسی و بەرجستە لە پەیکەرێکی حیزب و خێڵەکی و خانەوادییداو نەهامەتییەکانی خەڵک و وردبوونەوەو قوڵبونەوە بۆ نێو رەگوڕیشەی قەیرانەکان و شکست و رەوایەتی و حیکایەتەکانی دەسەڵاتی لەئاستێکی ترسناکی زەبروزەنگ و داگیرکردنی کۆمەڵگەو کایە زیندووەکانیدایە. مەریوان هەمیشە وەک رەخنەگرو بیرکەرەوەیەکی دەرەوەی ئەو بازنە داخراوەی ستەمکاریی و جەبری ئەو سوڵتانیزمە ترسناکە ئاسۆکانی بیرکردنەوەو تێگەیشتنی ئێمەی خستۆتە بەردەم ب ەرپرسیارێتییەکی مۆڕاڵی و ئینسانی و شارستانییەوە.
مەریوان وریا لەچاوپیکەوتنێکدا دەڵێت "دەسەڵاتدارانی کوردستان هیچ حیکایەتێکیان نەماوە بە کۆمەڵگەی ئێمەی بڵێن، واتە یەک رستەیان نەماوە قابیلی ئەوە بێت ئەم کۆمەڵگەیە باوەڕی پێبکات". ئەم گومانە تەنها وربوونەوە نیە لە ئاکامی ئەو راستییەی کە لەئارادایە، بەڵکو وربوونەوەیە لەو جومگە هەرە گرنگانەی کە کۆمەڵگە و دەسەڵات و فەرهەنگ لە پەیکەرێکی کۆنکرێتیدا کۆکردۆتەوە و شوناسی لێسەندونەتەوەو حیزب کۆنتڕۆڵی کردوون. مەریوان بەم دیاردەیە دەڵێت وێرانکردنی دەزگاکان یان پەکخستنی ئەو کایە شارستانییەی پەیوەندی نێوان کۆمەڵگە و دەسەڵات و تاکەکەس بەرجەستەدەکەن و دەڵێت "دوای چەندین ساڵ بە چاوی خۆمان دەبینین کە پەکخستنێکی تەواوەتی سەرجەم کایەی سیاسی کوردییە، وێرانکردنی دەزگاکان، دەزگا سیاسییەکانە، تێکچوونی پەیوەندی هێزە سیاسییەکانە لەکوردستان، دابەشبونیانە بەسەر میحوەری ناوچەیی جیاواز جیاوازدا، بە هەندێک ماناش بوون بە مورتەزەقەی نێودەوڵەتی".
ئەفسانەی حیزبی یان خورافاتی تایەفە سیاسییەکان بەخشینەوەی ئەو وەهمە ترسناکەیە کە هیوای خۆشگوزەرانی لەناو ئەو هەموو نائومێدی و نادادپەروەری و گەندەڵییەدا هێواش هێواس دەگەشێنێتەوە. مەریوان لەو بارەیەوە دەڵێت "بە دوبەیی کردنی کوردستان یەکێکە لەو وەهم و خورافیاتە گەورانەی کە ئەم سیاسیانە لە کوردستاندا هێنایان بۆ بەخشینی بڕێک لەڕەوایی بە خۆیان".
لێدانی وەهمەکانی حیزب و خورافاتی ئایندەیەکی باشتر و ژیانێکی شایستە درێژکراوەی ئەو ستەمە دیکتاتۆری و زەبروزەنگە حیزبییە بووە کە چەندین ساڵە دەسەڵاتە ستەمکار و ناداپەروەرو وەحشیگەرەکان وەک چەکێکی کوسندە بۆ بەخشینەوەی ستمەکاریی پیادەیانکردووە. مەریوان وریا لەو بارەیەوە دەڵێت "چونکە سەرجەم ئەزمونە سیاسییەکە شکستێکی ئەوەندە گەورەی هێناوە، وە کەوتۆتە دۆخێکی قەیراناوی لەو بابەتەوە، وە شەرعییەتی سیاسی و یاسایی و ئەخلاقی نەماوە، لەبەرئەوە پەنا بۆ ئەم درۆ گەورەیە دەبەن، دەڵێن ئێوە تەحەمولی ئێمە بکەن، ئێمە بەیانی دەوڵەتی کوردیتان بۆ دروستدەکەین".
ئەرکی ھەرە گەورەی ئێمەی مرۆڤ لەم سەردەمە نوێیەدا نزیکبوونەوەیە لەمەوداو ڕەھەندە ھاوچەرخەکان، گەڵاڵەکردنی پرسیارگەلێکی ھەنوکەیی لەژیان و سروشت وەک کڵێشەیەکی داخراو، مێژوو و ئێستامان وەک لێکترازانێکی گەورەی فەرھەنگی لەنێوان ئێمەو خۆرئاوادا، لەنێوان ئێمەی وابەستە بە ترادسیۆنی گەڕانەوەو ئەوی بەرامبەر لەدەرەوەی ئەو ترادسێونە، لەنێوان خەیاڵگە ئایدۆلۆژی و کەلەپورییەکانی خۆمانداو ئەوی دییەک کە درێژکراوەی مێژووییەکی گەورەی مەعریفی و پاشخانێکی گەورەی فەلسەفی، ئەدەبی، ئەفسانەیی و فەرھەنگییە، لەڕێی ئەم ڕیتمی ئیشکردنەوە، دەرئەنجام دەکەوینە نێو دیالۆگێکی سەرتاپاگیری مەعریفییەوە بۆ نزیکبوونەوە لەخۆمان وەک تاکەکەس و خودێکی بەرپرسیار لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی، ژیاری، کولتوری و پەیوەندی ئێمە بە نوێگەری و پاش نوێگەرییەوە. ئەو دیالۆگەی دواجار بووەتە تەکنۆلۆژیایەکی کارای ژیاری بۆ پێکەوەبەستنەوەی ژیارییەکان و کولتورەکان و ئاینەکان، دەوڵەت و نەتەوەکانی دنیا. لەسەرەتاوە ئەم تەکنۆلۆژیایە پێکھاتەی سەرجەم کەرەستە کولتورییەکانی ژیارییە دێرینەکان بووە بۆ مامەڵەکردن و بەکارھێنانی سروشت لەبازنەیەکی ژیاری و زیندەگی ڕۆژانەدا بۆ دەستەبەرکردنی خودی ژیان لەچوارچێوەی جوگرافیای ماڵ و ھەرێمێکی چەند کیلۆمەتریدا. بەڵام دواجار ھەمان خودی ئەو کەرەستە تەکنۆلۆژییانە لەڕێی گەشەکردنی کولتورو دروستبوونی کۆمەڵگاو خێزانی ھاوچەرخەوە دەبێتەوە دیالۆگێکی سەرتاپاگیر بۆ دروستکردنی پەیوەندیگەلێکی ھەمەلایەنە لەنێوان باقی کولتورەکانی دیکەدا، لەنێوان سەرلەبەری گوند، ھەرێم و کۆمەڵگاکانی دیکەدا. 
ئاشکرایە ئەوڕۆکە ھەر ئەو کەرەستانەیە لەعەقڵێکی مۆدێرندا بەکاردەبرێ و لەئاستێکی کۆمەڵایەتی و کولتوری، نەتەوەیی، ئابوری و سیاسی بەھێزدا وەک ئاستێکی ژیاری و تەکنۆلۆژی بەکاردەبرێ و کەوتۆتە نێو تۆڕێکی گەورەی سیستماتیکی بەرفراوانەوە. ھاوکات سەرلەبەری ڕیتمی ژیانی ڕۆژانەی تاکەکەس، کۆمەڵ و گروپەکان گۆڕانکاری و وەرچەرخانی گەورەیان بەسەردا ھاتووە. تەواوی ئەو زەمەن، سەروەخت، شوێن، بونیادو سیستمانە گۆڕانکاری ڕەگوڕیشەییان بەسەردا ھاتووە.
شکستی حیکایەتە گەورەکان و کاڵبوونەوەی وەهمەکانی رابردوو تیکڕا لەم سەردەمە مۆدێرنەدا کۆمەڵگە و مرۆڤی نێو کۆمەڵگە نەریتییەکانی گرفتار کردووە، کوردستانیس بەدەر نیە لەو وەرچەرخانە شارستانییەی کە مرۆڤایەتی پیادا تێدەپەرێت، بەڵام چ وەرچەرخانێک، ئەوەمان بیرنەچێت وەک مەریوان وریا دەڵێت "هەموو حیکایەتە گەورەو بچوکەکانیان ئیفلاسیان کردووە و شکستیان هێناوە و بوون بە بەدرۆی گەورە، لەبەرئەوە پێموایە تاقە شتێک کە لەبەردەمیاندا مابێتەوە لە پەیوەندیان بە کۆمەڵگەی ئێمە یان ترساندنە، یا کڕینە یان گەندەڵکردنێتی وەک گەندەڵبوونی ئەو نوخبە سیاسییەی کە حکوم دەکات لەهەرێمی کوردستاندا". کاتێک دەسەڵاتە ستەمکارەکان شکستدەهێنن لە کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی کۆمەڵگەو پەیکەرە زیندووەکانی ژیانی گشتی بە ناچاری کارلەسەر ترسناندن و تێکشکاندنی شوناس و بەهێزکردنی ئەو ماشێنە حیزبییە دەکەن بۆ کۆنتڕۆڵکردن و رووتکردنەوەی کۆمەڵگە لە دەسەڵات و گۆڕانکاری و ناڕەزایی. 
ئەم شەڕە تا ئاستێکی ترسناک درێژدەبێتەوە بۆ پەلاماردانی هەر پارچەیەکی زیندووی کۆمەڵگە وەک پەروەردەو ئابوری و رۆشنبیری و فەرهەنگ و بازاڕ. سەبارەت بە پەیوەندی نێوان کۆمەڵگەو دەوڵەت مەریوان وریا تێزێکی دیکەی گرامشی لێکدەداتەوەو دەڵێت "گرامشی باسی شێوازێکی دیکەی پەیوەندی نێوان کۆمەڵگەو دەوڵەت دەکات، ئەویش شێوازی شەری دەستەویەخەیە، واتە بە بۆچونی من ئەمڕۆ هێزە باڵا دەستەکانی کوردستان و نوخبە حوکمڕانییەکەی لەشەڕێکی دەستەویەخەدایە لەگەڵ کۆمەڵگەی ئێمەدا، ئەم شەڕە لەسەرێکەوە شەڕی سەرکوتکردن و ترساندنە، واتە سوکایەتیپێکردنە".
هەروەها دەشڵێت "شێوازێکی دیکە کە ئەمانە لە شەڕی دەستەویەخەدان؛ ئەمانە لەشکری تایبەتیان هەیە، تەنها حیزبەکان لەشکری تایبەتیان نیە، بەڵکو بەرپرسە حیزبییەکانیش لەشکری تایبەتیان هەیە، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی لیوای تایبەتی خۆیان هەیە، سەرۆکەکان لیوای تایبەتی خۆیان هەیە، ئەمانە کۆمەڵێک چەتەی دیاریکراو و بەڵتەگی و عەساباتی تایبەتی خۆیان هەیە، بە پارەی باش گەورەیان کردوون و لەشکری تایبەتیان پێ دروستکردوون بۆ پاراستنی خۆیان". دامەزراندنی سیستمێکی چەتەگەری حیزبی و هەژموونی زەبروزەنگێکی سەرتاسەری بۆ سەر زیاد لەئاستێکی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و داگیرکردنی سەرجەم جومگە هەستیارەکانی دەسەڵات و حوکمڕانی و ژیانی گشتی تێکڕا کارکردنە لەسەر بچوککردنەوەی کۆمەڵەگە بۆ ئاستێکی ترسناک.
سەبارەت بە پرسی ئابوری و سیاسەت مەریوان وریا دەڵێت "بەبێ شکاندنی ئەم سیستمە، بەبێ جیاکردنەوەی ئابوری لەسیاسەت، بەبێ سەربخۆکردنی هەردوو کایەی سیاسی و ئابوری، ئێمە ناتوانین گۆڕانکاری راستەقینە لەکوردستاندا بکەین".
سەبارەت بە دەستکارییکردنی سیستمی سیاسی و ئەخلاقی و یاسایی؛ مەریوان وریا دەڵێت "لێخۆشبوون لە ژونکوژ و لەپیاوکوژ، شاردنەوەی ئینسانکوژ و کردنی جاشەکان بە سەرۆک و خەڵکی خاوەن قورسایی رەمزی و سیاسی و ماددی لەم رۆژەدا، واتە ئەمانە بە جۆرێک دەستکاری سیستمی سیاسی و ئەخلاقی و رەمزی کۆمەڵگەی ئێمەیان کردووە لە هەموو ئاستێکدا وێرانیان کردووە".
مەریوان لە پەرتوکی دەسەڵات و جیاوازی دا دەڵێت "بە کوشتنی کۆمەڵگەی مەدەنیش، ئیدی دەوڵەت هیچ هێزێکی کۆمەڵایەتی شێلگیری لەبەردەمدا نەماوەتەوە بۆ رەخنەلێگرتن و چاودێریکردنی کاروبارەکان."، نوسەر لە تێڕوانینێکی ئەکادیمی گرنگدا تیۆرییەکی بەراوردکاری راڤەدەکات، نمونەی دەسەڵاتی بەعس دەهێنێتەوە کە چۆن دەوڵەت کار لەسەر زەلیلکردن و کۆنترۆڵکردنی کەمەڵگەو پیکهاتە و پەیکەری سیاسی و ئابوری و شارستانی دەکات، هاوکات چۆن حیزب بەر لە دروستبوونی دەوڵەت کار لەسەر ئیفلیجکردن و داگییکردنی کۆمەڵگەو سیاسەت و ئابوری و دامەزراوەو کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات. بە رادەیەک من ناوی لێدەنێم لێسەندنەوەی شوناس یان گۆڕینی کایە زیندووەکانی کۆمەڵگە بۆ پەیکەرگەلێکی مردووی بێ شوناس و بێ چالاکی و بێ کاریگەریی. 
بۆیە من لەم نوسینەدا ئاوڕ لە چەمکێک دەدەمەوە بۆ زیاتر تیگەیشتن لە دنیابینی مەریوان وریا قانیع، ئەویش چەمکی زەبروزەنگە. لەڕاستیدا زەبروزەنگ تەنھا کوشتن و رفاندن و داپڵۆسین نییە، زەبروزەنگ تەنھا کردەیەکی دیاریکراوی دەروونی یان جەستەیی یان کۆمەڵایەتی یان کولتوری نییە. وەکچۆن زەبروزەنگ بەبێ شیکردنەوەی لەکۆی ئەو پەیوەندی و کایە کاریگەرانەدا کە کۆی پڕۆسەی زەبروزەنگ بەرھەمدەھێنن مەحاڵ و ئەستەمە. ھاوکات رووتکردنەوەی بۆ ئاستێکی بینراو بێجگە لەھەژارییەکی مەعریفی و سیاسی ھیچی دیکە نییە. چونکە داماڵینی زەبروزەنگ لەھەر پەیوەندی و کاریگەری و پێکھاتەیەکی زیندوو بێجگە لەبەرجەستەکردنێکی ناکامڵ و بۆش ھیچی دیکە ناگەیەنێت..لەکاتێکدا کوشتنی رۆژنامەنوسێک تەنھا بریتی نیە لەکوشتنی تاکەیەک ئینسان، بەڵکە ھەوڵێکی بەرنامەڕێژە بۆ پەخشکردنی جەبەروتی زەبروزەنگ بۆ ئاستێکی فەنتازی و مەترسیدارو جەھەنەمی. ھاوکات ھەڕەشەکردن لەکۆی کۆمەڵگەو ھەر ناڕەزاییەکی رۆشنبیریی و کۆمەڵایەتی و میدیایی تەنھا ترساندن و تۆقاندنی کۆمەڵگەو ئینسانەکان نییە لەئێستادا، بەڵکو ھەوڵێکی جەھەنەمییە بۆ کوشتن و ناشرینکردنی ھەر روانینێکی جیاوازو ھەر ناڕەزاییەکی مەدەنی و ژیاندۆستانە و تێکڕا ھەوڵێکن بۆ تۆقاندنی ئایندەو ھەر گۆڕانکاری و دنیابینییەکی جیاواز. بەمەش زەبروزەنگ پێدەنێتە ئاستێکی ترسناکەوە؛ وەک تیرۆری دەوڵەت و حیزب، تۆقاندن، چەواشەکاری، ئاوەژووکردنەوەی راستییەکان و دروستکردنی وێنەی دوژمن.   
زەبروزەنگ وەک پیشەسازییەکی راستەقینە
لەبەرئەوەی زەبروزەنگ تەنھا کردەیەکی نادیارو شاراوە نییە، بەڵکە کردەیەکی ئاشکراو بینراوە چ لەسەر ئاستی سیاسی یان کۆمەڵایەتی یان یاسایی، فەرھەنگی، لەشکری، مەزھەبی یان ترادسیۆنی. کەواتە تەنھا بەرھەم و دەرەنجامەکانی زەبروزەنگ نابنە دەرخەری ئەو حەقیقەتەی کە لەپەنھانەوە داڕێژەرو نەخشەسازی زەبروزەنگ و توندوتیژیین. بەڵکو ئەوەی شوناسی زەبروزەنگ لە شوناسەکانی دیکەی پیسێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ جیادەکاتەوە بەرنامەڕێژی و خودی ئەو دنیابینیەیە کە لەپشت زەنبروزەنگە ئامادەگی هەیە و وەک پیشەسازییەکی راستەقینە دەزگا و پلان و نەخشەی هەیە. 
چۆن زەبروزەنگی سیاسی و حکومی و حیزبی پێکڕا بەرھەمھێنەری ھێزو جەبەروتیی سڕینەوەی بەرامبەرو خولقێنەری ترس و کۆنترۆڵکردن و زەلیلکردنی کۆمەڵگە و تاکەکانن، ھەر لەبەندکردنەوە تا لەسێدارەدان، رفاندن، ونکردن، جینۆساید، کوشتن، جەنگەکانەوە تادەگاتە کوشتنی ئازادی، چەواشەکاریی، کۆنترۆڵکردنی ئینسانەکان لەسایەی سیستمە دیکتاتۆری، ھەمەجی، گشتگیر، ستەمکار، مەزھەبگەراو تایفییەکان دا کە پێکڕا زەبروزەنگ تا ئاستی فەنتازیاو مەرگھێن قوڵدەبێتەوە. ئاوەھاش زەبروزەنگی ئابوری، تاڵانکردنی نیشتیمان، ناعەدالەتی و گەندەڵی پێکڕا ھەژمونگەری کردەگەلێکی نائینسانی و وەحشیگریین تائاستی مافیاگەریی، بێدەنگکردنی کۆمەڵگە، ترساندن و تۆقاندنی میدیای سەربەخۆو رایگشتی. ھاوکات زەبروزەگ لەئاستێکی خەیاڵپێکراوەوە دەگۆڕێت بۆ ئاستێکی بێئەندازە فەنتازی و سیحرامێزو نھێنیامێز، وەک زەبروزەنگی سایکۆلۆژی، زەبروزەنگی رۆشنبیریی و فەرھەنگی، کۆمەڵایەتی، ژیاریی وەک داگیرکردن، وێرانکردنی سەرچاوە ئابوری، خزمەتگوزارییەکان، تاڵانکردنی سەروەت، سامانی نیشتیمان بەبەرچاوی خەڵکەوە، وەک داگیرکردن و ناشیرنکرنی ھەرچی دامەزراوە رۆشنبیریی، فەرھەنگی، کۆمەڵایەتی و ژیارییەکانە لەلایەن حیزب و دەستەو گروپە مافیاگەرو ناشارستانییەکانەوە.
بۆنمونە نەبوونی ئاو، کارەبا و خزمەتگوزارییە ھەرە ئاسایی و پێویستەکان تێکڕا کردەگەلێکی ناشرینی زەبروزەنگە تائاستی بێبەھاکردن و بێنرخکردنی ئینسان. ھاوکات نەبوونی دادپەروری کۆمەڵایەتی، ئابوری و قوڵکردنەوەی ناعەدالەتی تائاستی وەحشیگەری پێڕا بەڵگەی زیندوون کە تێکڕای کۆمەڵگە لەبەردەم نائینسانیترین جۆرەکانی زەبروزەنگدا وێران دەکەن.
هەربۆیە مەریوان وریا لەچاوپێکەوتنێکدا ئەو جومگە بنەڕەتیانەی سوڵتانیزم ڕاڤەدەکات کە ئەو جۆرە رژێمانە کۆڵەکەکانی خۆیان لەسەر بونیاد دەنێن و دەڵێت "ئەم سیستمە سوڵتانییە قەیرانەکانی گەیشتۆتە ئەو ئاستە کە تەنانەت لەگەڵ سێبەرەکانی خۆشیدا کێشەی هەیە، وە خاڵی سەرەکیەکەشی ئەوەیە سیستمە سوڵتانییەکە دەیەوێت شەق لەهەموو ئەو مەبادیئ و سەرەتا و یاساو بەهایانە بدات کە خۆی لەقۆناغێک لە قۆناغەکاندا بۆ بەخشینی جۆرێک لە شەرعیەت بۆخۆی دروستیکردوون، وە ئەمڕۆ گیریخواردووە تەنانەت بەدەست ئەو شەرعیەتە دروستکراوەی کە لەلایەن خۆیەوە دروستکراوە." ئەوەمان بیرنەچێت لە سیستمێکی ئاوەها سوڵتانیزم و ستەمکاردا هیچ کردەیەکی زەبروزەنگ و هیچ پێشلکاری و داگیریکارییەک کردەگەلێکی هەڕەمەکی و لە زۆڕاوە دروست نابن، بەڵکو وەکچۆن بەعسییەکان و رژێمە سرکوتکارییەکانی رۆژههەڵات خاوەنی دەیان دەزگا بوون بۆ داپڵۆسین و کۆنتڕۆڵکردن و ترساندنی کۆمەڵەگە، بە هەمان شێوە ئەو رژێمە سوڵتانییەی کورد لە گەمژەییەوە سەرچاوەی نەگرتووە بەڵکو خاوەنی دەیان دەزگان بۆ داپڵۆسین و سەرکوتکردن و ترساندن و بەرجەستەکردنی نادادپەروەری و گەندەڵی و شەرعیەتدان بە زەبروزەنگ.
زەبروزەنگ خاوەن شوناسێکی دیاریکراو نیە، بەڵکە لەقوناغێکی ھەلاھەلای بەر لەشوناس و کۆکردنەوەی فەرھەنگیدایە، ئەو فەرھەنگە لەدەرەوەڕا فەرھەنگێکی بچوکە کە لەدوتوێی پێکھاتەیەکی دیاریکراو و سنورداردا ھەڵئەسوڕێ، بەواتایەک بازنەیەکی بەرفراوانی ئەخلاقی، نەریتیەو پارێزەری ئەو ھەژارییە فەرھەنگی و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەیە کە مرۆڤەکان لەڕێی دابەشکراوێکی ئەخلاقییەوە دابەشدەکاتەوە بەسەر کۆمەڵگەو پێکھاتەو کایە کۆمەڵایەتی و فەرھەنگییەکان. رووبەرێکی ئەخلاقی گەورەیە بۆ غەرقکردنی ھەر روانینێک لەخۆیداو بچوککردنەوەی ھەر حیکایەتێک لەخۆیدا، ئەم فەرھەنگە لەڕێی میکانیزمی جیاوازو شەرعیەتی جیاوازەوە کاردەکات بۆ بەردەوامیدان بەخۆی، ئەو لەململانێی گەورەدایە بۆ مانەوەی خۆی و بەرفراوانکردنی پانتاییەکانی ستەمکاریی لەڕێی زیادکردنی رووبەرە داخراوە فەرھەنگیی، میدیایی، حیزبی و خێڵەکییەکانەوە.
ئەگەر کولتوری ھەڕەشەکردن خوێناویترین کولتورو کوشندەترین میکانیزم بێت بۆ بێدەنگکردن، ئەوا ستراتیژو دنیابینییەکانی پشت زەبروزەنگی هەڕەشەکردن و ترساندن دژوارتر و ترسناکترن بۆ بەرپاکردنی ستەمکاری لەئاستێکی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا. ھەڵبەت لێرەدا تەنھا باس لەو دەسەڵاتە ستەمکار، زۆردارو دیکتاتۆرانە دەکەین کە بۆ بیدەنگکردنی کۆمەڵگە لەڕێی بەکارھێنانی کۆمەڵێک میکانیزمی ھەمەجی، شەڕانگێزی و کوشندەو ھەڕەشەئامێزەوە ھەر دەسەڵاتەو بەپێی تواناو توانستی ئیرادەی ھێزو ھەژمونی باڵادەستی خۆی کارلەسەر بێدەنگکردنی کۆمەڵگە دەکات. بۆنمونە نازییەکان لەرێی میکانیزمی ھێزی سەربازی و دەزگا نھێنیەکانەوە، لەرێی جەنگەوە لەگەڵ ھەموو ھێزە جیاوازەزییەکاندا ھەڕەشەیان لەتەواوی کۆمەڵگەو جیھان دەکرد بۆ بێدەنگکردنی کۆمەڵگەو شارستانیەکانی دیکە، ھەروەھا دەسەڵاتی سیستمی دیکتاتۆریی لەعێراقی سەروەختی سەدام حسێندا لە کۆلێکشنێکی سیستماتیزەکراوەوە بوونبە دەزگاگەلێکی بەھێز بۆ ھەڕەشەکردن لەتەواوی کۆمەڵگەو خەساندنی ھەموو جیاوازییەک، دەستەمۆکردنی تاکەکەس و بێدەنگکردنی سەرلەبەری رۆژنامەنوسان و رۆشنبیران و رایگشتی و دەزگا رۆشنبیرییەکان لەرێی کونترۆڵکردن و بەحیزبیکردنی سەرلەبەری دەزگاو مەڵبەند و ناوەندە فەرھەنگی، رۆشنبیری، ئابوری، کۆمەڵایەتییەکان و سازکردنی دەزگاگەلێکی نھێنی وەک گرتوخانەو تەعزیبخانەو خانەی مەرگ و خانەی تۆقاندن و ئیفلیجخانە. ئەم دەزگایانە سەرباری ئەوەی دەزگاگەلێک بوون بۆ پیشاندانی ھێزو خۆگیڤکردنەوە لەکۆمەڵگە، تاکەکەس و دروستکردنی مەترسییەکی ھەنوکەیی ھەڕەشەئامێز، ھاوکات سەرزەمینێکی گەورەش بوون بۆ بێدەنگکردن، دەستەمۆکردن، غەمگینکردنی کۆمەڵگە و ھاوڵاتیان. ئاشکرایە ئەو میراتە گەورەیەی بەعس و دەسەڵاتە پۆلیسییەکان بوونەتە سەرمایەیەکی گەورە بۆ حیزبە باڵادەست و دەسەڵاتدارانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.. ھەر بۆیە کوشندەکان جیاوازیان نییە گەر عەگال بەسەر بن یان جامەنە بەسەر یان بە جلی سەربازیەوە بن. 
زەبروزەنگ تەنھا کردەیەکی بینراو یان زەبروزەنگێکی دیاریکراو نییە، کە تاکەیەک مەھامی سیاسی یان حیزبی لەپشتەوە بێت، نەخێر زەبروزەنگ بەرلەوەی ھەوڵێکی ناشارستانی بێت بۆ سفرکردنەوەی بەرامبەر، فەنتازیایەکی کوشندەشە بۆ شەرعیەتدان بە ترس، لێدان، رفاندن، کوشتن و سڕینەوەی ئەوی بەرامبەر.
 لەڕاستیدا ئەو ماشێنە فەرھەنگییە تەنھا کار لەسەر رامکردنی مرۆڤەکان ناکات لەچوارچێوەیەکی فەرھەنگی بچوکدا، بەڵکە رووبەرەکانی کارکردنی خۆی فراوانتر دەکات و سەرلەبەری ناوەندو دامەزراوە حکومی، فەرھەنگی، کۆمەڵایەتییەکان داگیرو مۆنۆپۆلی دەکات. ھاوکات ئەو داگیرکارییە فەرھەنگییە تەنھا رامکردن و گوێڕایەڵکردن و کوشتنی خەونء جیاوازییەکان ناگرێتەوە، بەڵکە زەبرێکی کوشندەیە لەشوناسی راستەقینەی ئەو ناوەندو دەزگا زیندووانەی کۆمەڵگەو زەبروزەنگێکی حیزبی، ئابوری و وەحشیگەرانەیە. ھاوکات زەبروزەنگ کاردەکات بۆ دروستکردنی متمانەیەکی ئەخلاقی ناشرین و درێژخایەن بۆ تۆخکردنەوەی پەیوەندی، پێبەندی نەریتی، ئەخلاقی لەئاستێکی نادیارو نھێنیامێزدا، ھاوکات بەرھەمھێنەری دڵنیاییەکی گەوەرەیە بۆ حیزب و گروپ و خێڵە کوشندەکان، ئەوەی کار لەسەر بێدەنگی دەکات تەنھا ھێزی ئەو فەرھەنگە ترادسیۆنی و لۆکاڵییە نیە، بەڵکە رووبەرەکانی ئەو حیکایەت و یادەوەرییە وردودرشتانەن کە مرۆڤگەلێک دڵنیادەکاتەوە لەپاراستنی نەریت و ئەخلاقیاتی باوی یەکەیەکی فەرھەنگی، سیاسی، حیزبی و ئاینی. ئەو فەرھەنگە سنورەکانی جیاوازیی ئەستوردەکات و میکانیزمەکانی رامکردن و ماڵیکردن لەڕێی پەروەردە، فێرکردن و تەلقینەوە بەگەڕدەخات و شوراکانی نێوان خۆی و کرانەوە بەرزتر دەکاتەوە. هەربۆیە سیستمی سوڵتانیزمی حیزبی پێدەنێتە ئاستێکی ترسناکەوە.
دواجار ئەم فەرھەنگە دڵنیاکەرەوەیەکی ئەخلاقی بەھێزە بۆ رامکردنی مرۆڤەکان لەتاکەیەک دنیای راڤەکراودا، لەتاکەیەک حیکایەتی دیاریکراودا، بەئەندازەیەک دڵنیاکەرەوەیەکی فەرھەنگییە بۆ سڕینەوەی ھەر روانین و دنیابینییەکی جیاواز، بۆ سڕینەوەی پرسیارە گەورەکان و بەدگومانییەکان، بۆ بەرپاکردنی وەهم و پانتاییەکی وەھمی بێسنور لەخۆشباوەڕیی. ھاوکات دڵنیاکەرەوەیەکی شارستانییە بۆ رامکردنی مرۆڤ لەکۆمەڵێک موقەدەسات و سەروەری فەیک و بۆشدا، بۆ دەستەمۆکردنی تاکەکەس بە ئیرادەیەکی گشتی کوشندەو پڕ لەحیکایەتی بچوککردنەوەی مرۆڤ لەبەردەم سەروەرییە وەھمییەکاندا. 
فەرھەنگی حیزب زادەی ئەم فەرھەنگەیەو سنورەکانی ژیان و بیرکردنەوەو گفتوگۆو جیاوازی لێکنەچوون بەرتەسکدەکاتەوەو ئاستەکانی روانین بچوکدەکاتەوە، میتۆدی سیاسی لەکۆمەڵگە داخراوەکاندا سەرباری ئەوەی میتۆدێکی ھەزیل و کۆن و ژەنگگرتووە، ھاوکات میتۆدێکی نائەخلاقی و ترادسیۆنیشە. نەگۆڕینی ئەو ستراکچەرە ژەنگرتوەو قبوڵنەکردنی ھەر گۆڕانکارییەکی دیار لەدەرەوەی خۆی و خامۆشکردن و شەرعیەتدان بە شێوازو سەروەرییە دیکتاتۆرییەکانی سەرۆک و مشەخۆرەکان لەکڵێشەیەکی ستەمکاریی نەگۆڕو دژواردا بەرھەمھێنەری مرۆڤگەلێکی تەلقینکراوی گوێڕایەڵی رامکراوە لەچوارچێوەی ئەو حیکایەتە بچوکانەی کە سەروەختێک دەبن بە ستەم، زەبروزەنگی ھزری و کردەگەلێکی کوشندە، نابنە بەرھەمێنەری ھیچ جیاوازی و دروستبوونی دنیابینیەکی لێکترازاو لەو فەزا کوشندەیەی کە دەیخولقێنن. ئەو زەبروزەونگە چەند هێزێکی کوشندەیە لەئاستێکی بینراودا، هێدەش هێزێکی ترسناکە لەئاستێکی فەنتازیداو بکوژی خەونی کرانەوەو جیاوازییەکانیشە. دواجار تاکە فەنتازیای باڵادەست، فەنتازیای زەبروزەنگە کوشندەکانە.
مەریوان دەڵێت دەڵێت "ئەمانە دەستیان هەیە لەوێرانکردنی ماناکانی نیشتیمان و نەتەوەو دەستیان هەیە لەوێرانکردنی مەفهوم و چەمکی دانیشتوان و دەستیان هەیە لەوێرانکردنی ئەو جیهازە ئیدارییەی کە لە کوردستاندا دروستبووە و دەستیان هەیە لەوێرانکردنی ئەو شتەی کە ناوی لەشکرە." هاوکات لە پەرتوکی بیرکردنەوە لەسەردەمە تاریکەکان دا مەریوان دەڵێت "زەحمەتە لە کوردستاندا هیچ یەکێک لە کێشەکانی گەندەڵی قەیرانی ئابوری و سیاسی و مەدەنی چارەسەر بکرێت، تا ئابوری و سیاسەت لەیەکدی جیانەکرێتەوە. جیاکردنەوەی کاویەی ئابوری لەکایەی سیاسەت هەنگاوی هەرە پێویست و هەرە سەرەتایی دەستکردنە بە ریفۆرمی ئەو ئەو سیستمە گەندەڵەی لە وڵاتەکەدا ئامادەیە."، رەمنگە هاوڕا نەبم لەگەڵ ئەم تیڕوانینەی مەریوان وریا دا لەبەرئەوەی من پێموانیە ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێت سیاسەت بێت، بەڵکو حیزبایەتییەکی وێرانە، تایفەگەری و مافیاگەرییەکی رووتە، ستەمکارییەکی حیزبی و دەستگەراییەکی کۆنە بۆ سازکردنی ستەمکاری و سەپاندنی زەبروزەنگ و تاڵانکاریی و کۆنتڕۆڵکردنی سەرجەم سەرچاوەکان. ئیتر ئەگەر ئابوری لە سیاسەت جیابکرێتەوە یان نا لە جۆرە حوکمڕانییەکی ئاوادا چ؛لۆن دەتوانرێت جومگە هەرە سەڕەتانییەکانی ئەو گەندەڵی و ڕاوڕووت و تاڵانییە بدۆزرێتەوە.
رامین جەھانبەگلو دەڵێت"رۆشنبیر کەسێکە خۆی بەدوور دەگرێت لەبیروباوەڕە دۆگماکان." مەریوان وریا یەکێکە لە رۆشنبیرە جیاوازانەی هەمیشە لەدەرەوەی بیروباوەڕە باو و نەریتی و دۆگماکانەوە دەنوسێت و دنیابینی هەوڵێکی مەعریفی ناوازەیە بۆ دەرچوون لەو چوارچێوە ئینشایی و گیڕانەوەی ئەو چیرۆکە دۆگمایانە. دنیابینی ئەکادیمی یەکێکە لە خەسڵەتە جیاکەرەوەکانی نوسین و جیهانبینی ئەم نوسەرە.   
مەریوان لە نوسینێکیدا سەبارەت بە کتێبی خۆرهەڵاتناسی ئیدوارد سەعید دەڵێت "هیچ کولتورێک نیە لە دنیادا خۆی وەک کولتورێکی بێگوناه نەبینێت، خۆی وەکو بەرهەمێکی ئینسانی رەسەن و ئینساندۆست وێنانەکات، کتێبی خۆرهەڵتناسی شەپازڵەیەکی گەورەیە لە روخساری ئەم خودئەڤینییە کولتورییە."
 بێگومان ئەو کولتورە ھێندە داخراوە کە لەبازنەیکی داخراوی کارەساتبارو وێراندا دەخولێتەوە. ئەم فەرھەنگە بەرھەمھێنەری دۆگمایی و خولقێنەری فەزایەکی نائینسانی و ناشارستانییە بۆ شەرعیەتدان بە زەبروزەنگ و ھەر کردەیەکی نائینسانی.
لەکۆتایدا مەترسیدارترین و جەھەنەمیترین دۆخی زەبروزەنگ، ئەوکاتانەیە کە زەبروزەنگ دەبێتە فەنتازیا، ھەر لەفەنتازیای کوشتنەوە تا فەنتازیای لێدان و داپڵۆسین و رفاندن و شەرعیەتدان بە ھێشتنەوەی نھێنی و حەشارگەو کارائەکتەرو ھێز و جەبەڕوتی سڕینەوەی بەرامبەرو خامۆشکردنی ھەر جیھانبینی و کردەیەکی زیندووی شارستانی و رۆشنبیریی و ھەڕەشەکردن لە کولتوری ژیاندۆستی و تەواوی کۆمەڵگە.
  عەلی حەرب دەڵێت: "بەڵام ئەمڕۆ لەسەردەمی ئێستادا بارودۆخەکان گۆڕان و وەک پێشدان نین؛ ئەو رۆشنبیرەی قەیران دروستدەکات و گرفت دەنێتەوە، ئێستاکە خۆی لەقەیراندایە، بەتایبەتی پاش ئەوەی تیۆرو پرنسیپەکان عەیب و عارەکانی ئەویان ئاشکرا کردووە  بەوەی رۆشنبیر لەبەرامبەر ئاڵوگۆڕو گۆرانکارییە گەورەکانی دنیاداو لەپتر لەئاستێکدا دەستەوەسان و لاوازە. ئەمەش رۆشنبیری لەراستگۆیی چەکەکانی داماڵی. ئێمە ئەمڕۆ ئەو شتانە دەبینین کە: ئەو بەھا گەورانەی رۆشنبیر داکۆکی لێدەکرد، لەژێر کوتەکی روداوە گەرمەکاندا دەروخێن، ئێستا روداوە گەورەکانی دنیا گاڵتە بەساکاری دروشم و پڕۆژەکان دەکەن، دەریدەخەن بەرنامەو تیۆرەکان چەند کەمدەست و لاوازن." تەواو پێچەوانەی ئەم نوسینەی عەلی حەرەب راستە بۆ نوسین و دنیابینییەکانی مەریوان، ئەو بە ئاڕاستەیەکی تەواو جیاوازی ئەو تەوژمە تەقلیدی و کۆنەپارێزییە دەنوسێت و بیردەکاتەوە. 
    ئایا ئینسان وەك بونەوەرێكى شارستانى و پەیوەندیامێز كەوتۆتە كوێى هاوكێشە نوێكانى گۆڕانكارى و ئەو خولیاى مەرگدۆستییەى كە باڵیكێشاوە بەسەر رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا؟ ئایا داگیركردنى سەرلەبەرى ناوەندەكانى ژیان و پەیوەندى و بەرهەمهێنان لەلایەن دەسەڵات و هەمەجیەتى حیزبەوە تا چ ئاستێكى قێزەوەن دەبنە كوشندەیەكى راستەقینەى كۆمەڵگە و نیشتیمان؟ ئایا دەسەڵاتە ئینسانكوژو مەرگدۆستەكان بە خولقاندنى سیستمێكى كوشندەو پڕ زەبرو كاولكاریى پێكڕا دەتوانن جیهانبینییە نوێ و جیاوازو خاوەن ئیرادەكانیش بكوژن؟ ئایا كوشتن و برینداركردن و ئەشكەنجەدان و ڕاوەدونان و بەندكردن بەسە بۆ بێدەنگكردنى كۆمەڵگەیەكى گەورە؟ ئایا بە زەبرى تانک و  زریپۆش و سوپاى كوشندە پێكڕا دەتوانن خەیاڵ و ئیرادەو خولیاى رەخنەو خەونى گۆڕان و وەرچەرخانى كولتورى و شارستانى مرۆڤەکان بكوژن؟ رەنگە وەڵامدانەوەى ئەم پرسیارانە بۆخۆى شیكارو راڤەكاریى ئەو حەقیقەتە حاشاهەڵنەگرانە بن كە لەهەناوى هەموو گۆڕانكارییەكدا بە رەنگ و تەرزی جیاوازەوە دێنەوە ناو گفتوگۆو خەیاڵدانی ئێمەوە.
رەنگە كەمترین روانین ئاڕاستەى ئەو دنیابیینیانە كرابن كە هەندێك نوسەرو راڤەكارى روكەشگەراو نابینا وەك خولیاو خەون و ستراتیژو نەخشەى سیاسى و حیزبى دەستكاریان كردووەو دەیڵێنەوە لەبەرئەوە لێرەدا زۆر پێویستە ئەو جیاوازییە گەورانە ببینین كە لەنێوان وێناكارى و راڤەكاریدا هەیە، لەنێوان دەستكاریكردن و هەڵوەشاندنەوەى یەكە زیندو و پێكهاتە چالاک و ناچالاکەکاندا دەبینرێن كە قوڵ پەیوەندیان هەیە بە سەرلەبەرى ئەو چەمك و دنیابینى و واقعەوە كە پێكرا گەمارۆى سەرلەبەرى كۆمەڵگەى داوە و هەڵگرو خولقێنەرى قەیرانەكانن.
روانینى روكەشگەرا و وێناكردنى وێنەیى واقع و دیاردەو گۆڕان و نەخشەكان، بێجگە لەدنیابینێكى هەژار هیچى دیكە نییە. رەنگە هەوڵێكى سادەو خۆدزینەوەیەكى رەهاگەرانەى بێفیكرو بێقوڵبوونەوەو روكەشبینییەكى ساویلكانە بێت. بەڵام لەهەمانكاتدا بەرهەهێنەرى فەزایەكى وێناكراو  بەرجەستەن، لەڕاستیدا دنیاى بەرجەستە دنیایەكى یەكلاییكەرەوەو چوارچێوە بۆ دانراو و سنوردارە بەئەندازەیەك هەڵگرى كۆمەڵێك تایبەتمەندى دیاریكراو  ئاشكرایە. هەروەك ئەو دنیایەى كە ئیمپراتۆرەكان نەخشەیان بۆ دەكێشاو دنیاى بەرجەستەى نێو فەرهەنگى دیكتاتۆرو مەزهەبگەراو ئایدۆلۆژیا و هەژمونگەرەکان هەر لەسەروەختی دەسڵاتی رەهای ئیمپراتۆریەتەکانەوە تا سەردەمی هێتلەرو ستالین و مۆسۆلۆنی و بینۆشێ و سەرجەم دیکتاتۆرو ستەمکارەکانی رۆژهەڵآتی ناوەڕاست؛ سەدام حسێن، حوسنی موبارەک و قەزافی و خامەنائی و روحانی و حفز ئەسەد. بەڵام ئەم بەرجەستەكارییە هەر لەخەیاڵى دیکتاتۆرەکانەوە نایەتەدەرێ، بەڵكە ورد دەبێتەوە بۆ بچوكترین یەكەى بەرجەستەو ئاشكرا، ورددەبێتەوە بۆ بچوكترین خانەى كۆمەڵایەتى و فەرهەنگى و رۆشنبیرى و سیاسى و ئابورى. پێكڕا روانینى روكەشگەرا هێندەى تەماشاكردنێكى ئاساییە بە دووچاوى كوێرەوە، هێندە كاركردن نییە لەسەر رووبەرێكى جیاوازیى فیكرى و توێرى و كردارى.    
   بەختیار عەلى دەڵێت: "جیهانبینى قسەكەرێكى گەورەیە، قسەكەرێكى مێژووییە، بەهانە دەبەخشێتە سیتمێكى مەعریفى، چینێكى كوَمەڵایەتى، رەفتارى نەتەوەیەك، بەبێ جیهانبینى هەموو كایەكان، گووتارەكان، تیورەكان، بێ شوناس مێژووى خوَیان پیادەدەكەن، بەبێ جیهانبینى چینەكان و نەتەوەكان بێ شوناس دەژین."
ئایا جیهانیبنى تەنها نەخشەیەكى دیاریكراوە بۆ دەستنیشانكردنى هزرو  روانین و بیروباوەڕەكان، یان نیشاندەرى رووى دەرەوەى هەر كڵیشەو نەخشەیەكى دیاریكراون لەئاستێكى بینراودا، بەڵام ناكرێت ئەو راستیانە پشتگوێ بخەین كە ئایدیایەك نییە لەدنیادا خاوەنى جیهانبینى خۆیان نەبن، وەكچۆن ئایدۆلیژستەكان خاوەنى جیهانبینى ئایدۆلۆژى خۆیانن، بەهەمانشێوە تیرۆریستەكانیش جیهانبینى خۆیان هەیەو لەسەر ئەو ئاستى روانین و راڤەكاری و بەجەستەكردنە نەخشەى بیركردنەوەو داتاشینى تێڕوانینیان بۆ دنیا هەڵدەكۆڵن. هەڵکوڵێن بەرجەستەکردنەوەو کڵێشەسازکردنەوەی هەڵکوتەو مێژوو ئیستایە لەوێناکراوێکی تەواو کۆنکرێتیدا؛ وەک جیهانبینی سەردەمی دیکتاتۆرە کوشندەکان.  
 چۆن كۆمەڵگە هەیە خاوەنى جیهانبینى خۆیەتى، كۆمەڵگەش هەیە خاوەنى جیهانبینى نییە، خاڵییە لەهەر روانینێكى ئێستایى و هەنوكەیى بۆ سەرلەبەرى ئەو ئاستە ژیاریى و كولتورى و ئابورى و سیاسى و  رۆشنبیرییەى كە تیادا دەژی و پیایدا تێدەپەڕێت.
جیهانبینى زیندوو كار لەسەر دوو ئاستى جیاواز دەكات، بەواتایەك بزوێنەرى دوو ئاستى بیركردنەوەیە، ئاستى یەكەم هەڵوەشاندنەوەى داخرانى كولتورى و فەرهەنگییە، ئاستى دوەمیش پەیوەندییە. دنیاى داخراوى كوَمەڵگە نەریتییەكان دنیایەكە بوَ بچوكردنەوەى ژیان و كولتورو هزرو فەرهەنگ و پەیوەندییەكان، دنیاى قۆزاخەیی و داخراو كاردەكات بوَ بچوكردنەوەى مرۆڤ تا ئاستی جانەوەر تا ئاستی کوشتنی ئیرادەو خەون و ئومێد. لەكاتێكدا ئەو فەرهەنگەى كە كوَمەڵێك خەونى گەورە لەپشتییەوە ئامادە نەبێت كوَمەڵگەیەكى بچوكە، فەرهەنگێكى داخراوە، شارستانیەتێكە لەپەراوێزى خۆى و دنیادا، وەك عەلى حەرب دەڵێت: ئەوڕوَكە لەبەردەم شوَرشى زانیارییەكاندا ئیمكانیاتێكى بەرفراوان لەبەردەم مروَڤدا كراونەتەوە، كە لەتوانستە كاریگەرەكاندا بوَ كردەو كارلێكردن بەرجەستە دەبێت، هیچ زیادەڕوَییەك نیە لەقسەكردندا گەر بڵێین جیهانێكى نوێ لەگەڵ دیاردەى جیهانگیرىدا پێكدێت، هاوڕێ لەگەڵ دەركەوتنى بكەرى مروَڤایەتییەكى نوێدا، كە بە مەوداو خێرایى تیشك یان هزر كاردەكات، بەقەدەر بەكارهێنانى رێگەكانى راگەیاندنى خێراو هەمەڕەنگى، یان لەگەڵ ئەو تۆڕە پەیوەندییە ئاڵۆزو لەرادەبەدەرانەدا مامەڵەدەكات. مرۆڤى پەیوەندیامێز كە دەماخێكى رۆباتی تەكنیكئامێزی ژمارەیى و هزرى و كاركردنە بەرەو گەردوونگەرایى بە وێنەیەكى كیشوەربڕو كۆمەڵگابڕو كولتوربڕى بۆ رەخساوە." 
بەڵام كاتێك باس لەجیهانبینى دەكەین، ماناى ئەوە نییە تەنها یەك تێزو سەرچاوە دەخەینە بەردەم راڤەكارى و بەراوردكارییەوە، نەخێر جیهانبینى پەیوەندییەكى راستەوخۆو زیندووى هەیە بە زیاد لەبوارو پێكهاتەو روانینێكەوە. 

نوێخوازى وەك هێزێكى شارستانى
جیهانبینى زیندوو جەستەیەك نیە بەرجەستە، فیشەكێك بنێیت بە ناوچاوانییەوەو بیكوژێت، یان بیخەیتە زیندان و ئەشكەنجەى بدەیت و دایپڵۆسیت، روانین و دنیابینى نوێ چەند هێزێكە بۆ دروستكردنى تۆڕێكى گەورەى پەیوەندى و قسەكردن و بەرپرسیارێتى، هێندەش نەخشەیەكى زیندووە بۆ تێكشكان و كاولكردنى ئەو سیستمە نائەخلاقى و نائینسانى و ناشارستانییەى كە میراتگرى ستەمكاریى و دیكتاتۆریەت و هێزە وەحشیگەرەكانن. 
جیهانبینى نوێ هێزێكە بۆ هەڵوەشاندنەوەى دنیاى داخراو و روانینى داخراو، هاوكات كوَنخوازیش هێزێكى نەریتپارێزە بۆ داخستنى روانین و داگیركردنى جیاوازییەكان، جیهانبینى مۆدێرن هێزێكە بۆ گۆڕان و بەرپاكردنى جیاوازى و خولقاندنى فەزایەكى كراوە، بەڵام كۆنخوازى هێزێكە بوۆ بەرپاكردنى دوبارەبونەوەو رەنگڕێژكردنى نەریت و نائەخلاقیاتى مۆنوپۆلیزەكردن. ئەم شێوازە لەجیهانبینى دیاردەیەكى نوێ و تەوژمێكى كاریگەرترە بۆ بەرهەمهێنانى هزرێكى دیكەو خەیاڵدانێكى دیكە، مروَڤێك بەرهەمدەهێنێت كە دەكەوێتە دەرەوەى حیكایەتە بچوكەكان و دەرەوەى ئەو دنیا داخراوەى كە دنیابینییەكان و روانینەكان بچوكدەكەنەوە، واتە هزرێكى رەخنەئامێزە.
جیهانبینى نوێ وەك هێزێكى رۆشنبیرى و شارستانى و كولتوریى و كۆمەڵایەتى، جەستەیەك نییە بكوژرێت و بەدەسترێژى مەرگ خامۆشى بكەن، هیچ هێزێكى میلیشیایى و هەمەجى ناتوانێن و خەیاڵ و خەونى زیندووى گۆڕانكاریى و روانین و دنیابینییە نوێكان خەڵتانى خوێن بكەن، دەتوانن بەندیخانەكانیان پڕبكەن لەجەستەو رۆحى زیندوو، بەڵام ناتوانن خەیاڵ و خەونى ئینسانەكان بەندبكەن، دەتوانن بە ناشیرنترین و قێزەوەنترین كردەى نائەخلاقى ئەشكەنجەى خەڵك بدەن، بەڵام ناتوانن ئیرادەى روانین و جیهانبینى ئینسانەكان لەناوبەرن، دەتوانن شەقامەكان پڕبكەن لەچەكدارو پیاوكوژو چەك و تفاقى مەرگ، بەڵام ناتوانن شەقامەكان خاڵیبكەنەوە لەجیاوازى و ناڕەزایى و رەخنەو دنیابینى نوێ، دەتوانن نیشتیمان پڕبكەن لەسەدان دەزگاى پاراستن و ئاسایشی حیزبى، بەڵام ناتوانن تا قیامەت ئینسان بكوژن و وەك جەلادى زیندوو تا ئەبەد بمێننەوە.
ئەوە جیهانبینى و روانین و فیكرى نوێیە كۆتایى بە دەسەڵاتە هەمەجى و ئینسانكوژو جەلادەكان دێنێت، هەرگیز میلیشیاكان و دیكتاتۆرەكان نەیانتوانیوە كۆتایى بە نیشتیمان، كۆمەڵگە، فەرهەنگ، هونەر، هزر و دنیابینییە جیاوازەکان بهێنن.
مەریوان وریا دەڵێت "مۆدێرنە پڕۆژەیەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری و رۆشنبیری بەرفراوانە، کە سەرلەبەری کایەکانی کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو ناچار بە گۆڕان دەکات، ئەو هێزە سەرەکییەش کە مۆدێرنە پشتی پێدەبەستێت بۆ پیادەکردنی ئەو گۆڕانانە ئەو ماسێنە سیاسییە مۆدێرنە بەهێز و گەورەیەیە کە دروستیدەکات، مەبەستم دەوڵەت، یاخود دوڵەتی نەتەوەییە، دروستبوونی دەوڵەتی مۆدێرن ساتەوەختێکی گرنگە لەمێژووی مۆدێرنەدا، چونکە بە دروستبوونی دەوڵەت ئیدی سەنتەرێکی شەرعی دروستدەبێت بۆ چاودێریکردنی کۆمەڵگە و بەخشینی ئاڕاستە بە کۆی گۆڕانە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و فەرهەنگییەکان."ئەم نوسینەی مەریوان وریا هەوڵێکە بۆ پۆلێنکرنەوەی چەمکەکان لەناو شوێنە راستەقینەکانی خۆیاندا.
ژیانی گشتی واتە ژیانی شارستانی و مرۆیی و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی مرۆڤەکان لەناو پانتاییەکی یاسایی و ئەخلاقی و شارستانیدا کە ئازادی ھیچ ھێز و کەسێکی دیکە نەبێتە مەترسی بۆ ئازادییەکانی ئەوانی دیکە، بەڵام کاتێک ئازادیی و بەڕەڵاییەکانی حیزب و ھێز و مەلاو پیاوکوژ و سەرۆکی حکومەت و سەرۆک و بەرپرس و عەنتەرەکانی حیزب و حکومەت تێکڕا دەبنە مەترسی بۆ ئازادییەکانی تاکەکەس و کۆمەڵگەو پێکھاتەکانی، ئەوکاتانە ئیتر قسەکردن لەسەر ئەخلاق و ئازادی و ژیانی شارستانی دەبێتە گاڵتەجارییەکی گەورە.
مەریوان وریا دەڵێت "ئەوەی ئێمە لەکوردستانە بینیومانە حوکمڕانی نەبووە، بەڵکو جۆرێک بوو لەحوکمکردن کە بە لۆجێکی دەوڵەت ئیشی نەکردووە، بەڵکو بە لۆجیکی کۆمەڵێک گروپ و خێزان و دیدێکی سوڵتانی زۆر دیاریکراو کاری کردووە."زیاد لە 30 ساڵە بیرمەند و رۆشنبیر مەریوان وریا کار لەسەر کۆمەڵێک چەمکی گرنگ دەکات کە پاشخانێکی گرنگی مەعریفی و ئەکادیمی لە پشت تیڕوانین و دنیابینییەکانیەوە ئامادەگی هەبووە. تاوتوێکردن و توێکاریکردنی ئەو سیستمە حیزبی و گروپە و خێزانە حیزبیانەی کە لە کوردستان دا ئامادەگی هەیە بە سیستمێکی دەستگەر و گروپسالار ناودێری دەکات بە رادەیەک ئەو دەڵێت حکوکمڕانی نیە، بەڵکو سیستمێکی تەواو سوڵتانییە.   
ئەوانەی پێیانوایە دەبێت بەرامبەر ھەموو دیاردەیەکی نەشیاو و ناشایستە بە ژیانی شارستانی و مرۆڤایەتی بێدەنگ بین و بیدەینە دەستی ئەو قەدەرە سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگیانەو رۆژگار چارەسەری دەکات، سەددەرسەد بەشدارن لەھەر تاوانێکدا کە بەرامبەر ژیانی گشتی و شارستانی دەکرێت، ئەو نوسەر و رۆژنامەنوسە لە مەڕ بێدەنگترانە کە موچەو پاداشتی زەلیلی و سەرشۆڕی وەردەگرن و تاسەرئێسک بێدەنگیان ھەڵبژاردووە بەرامبەر ئەو ھەموو ناعەدالەتی و ناحەقی و راوڕوتە حیزبی و سەلەفی و تایەفەگەرییە، بێگومان دەبێت لەوە تێبگەن ھەڵبژاردنی بێدەنگی لە سەلیقەی رۆشنبیری و مەعریفییەوە سەرچاوەی نەگرتووە بەڵکە لە بەشداریکردن و ھاوبەشیکردنی تاوان و کاولکارییەوە سەرچاوەی گرتووە.
کاتێک یاسا دەبێتە کۆیلەی حیزب و دەسەڵات، ئەوکاتە ئیتر یاسا دەبێتە ئامێرێکی حیزبی بۆ پەخشکردنی جەبەروت و چەواشەکاریی و شاردنەوەی راستییەکان، ئەوکاتە ئیتر زۆر ئاسان رۆژنامەنوسان دەکرێن بە تیرۆریست و پیاوکوژەکانیش دەبن بە فریشتە، گەندەڵ و تاڵانچییەکان دەبن بە نیشتیمانپەروەرو ئینساندۆستەکانیش دەبن بە خائین و دژەنەتەوەو بەم جەبڕوتە حیزبی و ستەمکارییە سوڵتانییە دەڵێن حوکمڕانی. 
دەرئەنجام مەریوان وریا دەڵێت "هێزە باڵادەستەکانی کوردستان توانای سەرکردایەتیکردنی ئەخلاقی کۆمەڵگەیان نەماوە، واتە توانای ئەوەیان نەماوە سەرکردایەتییەکی ئەخلاقی، ویژدانی، فیکری و رەمزی کۆمەڵگەی ئێمە بکەن، لەبەرئەوە تاکە شتێک کە بەدەستیانەوە ماوە تەنها فشارە بەرامبەر ئەم کۆمەڵگەیە".
ئەو فشارە حیزبی و نا شارستانیانە تێکڕا بەرهەمی لۆجیکی ئەو زەبروزەنگ و ستەمکارییەن کە تا ئەوڕۆکە وەک ستەمکاریی نەبینراون، ستەمکاری ئابوری وەک قەیرانی ئابوری سەیرکراوەو ستەمکاری ناداپەروەری وەک خراپی بارودۆخی ئابوری و سیاسی ئیشی لەسەرکراوە، ستەمکاری بەرامبەر رۆژنامەوانان و ئازادی رادەربڕین وەک ستەمکاری ئاسایی و تەنها وەک پیشێلکاری سەیریان کراوە، ستەمکاری گەندەڵی وەک کارەساتی ئابوری و چاکسازی باسی لێوەکراوە. بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی ستەمکاری و زەبروزەنگی گەورە لە قەیران و پیسێلکارییەکان جیادەکاتەوە ئەو رەهەندە میژوویی و کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی و مەعریفیەیە کە کار لەسەر تۆقاندن و وێرانکردن و چەواشەکردن و زەلیلکردنی کۆمەڵگەو پێکهاتەکانی دەکات. کار لەسەر ناشرینکردنی سیاسەت و حوکمڕانی دەکات، کار لەسەر بچوککردنەوەی کۆمەڵگەو فەرهەنگ و رۆشنبیری دەکات لەپێناو گەورەکردن و بەهێزکردنی دەسەڵاتی میلیشیا و ستەمکاری حیزب و مافیاکان دەکات.
لە کۆتاییدا رۆڵان بارت دەڵێت: "لەبەرئەوەی نوسین ئازادییە کەواتە تەنھا ساتەوەختێکە، بەڵام ئەو ساتەوەختە بریتییە لەڕوونترین ساتەوەختەکانی مێژوو مادام مێژوو بەر لەھەرشتێک بەردەوام ھەڵبژاردن و سنوردانانە بۆ ئەو ھەڵبژاردنە."

بۆ نوسینی ئەم وتارە سود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:
1-Modernism: A Cultural History (Themes in 20th and 21st Century Literature) 1st Edition
by Tim Armstrong 
2-Modernity and Literary Tradition
Hans Robert, Vol. 31, No. 2 (Winter 2005), pp. 329-364 (36 pages)
Published By: The University of Chicago Press
3- Writing Degree Zero-Roland Barthes. 2001

 4-مەریوان وری قانیع-دەسەڵات و جیاوازی، 2013
5-مەریوان وریا قانیع-بیرکردنەوە لەسەردەمە تاریکەکانادا 2019.
6-دەنگی ئەمریکا-چەند وتوێژ لەگەڵ مەریوان وریا قانیع دا-سازدانی: ئاسۆ جەبار
7-على حرب، حدیث النهایات،2001،ل10"
8-رامین جیهانبگلو-وتار
9- مەریوان وری قانیع -کتێب و دونیا.2013
10-رولان بارت-درجة السفر للكتابة – عن ترجمة د.داناسردار في كتاب القرءة االمعرفة - 200


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand