کورد و ئەمریکا: هاوپەیمانێتی فیل و مشک
2022-12-02 18:48:36
نەوزاد جەمال
لەسەروبەندی تۆپبارانی تورکیا و ئێران، جارێکیتر جاڕێکی میدیایی بڵاوبووە کە هەرێم لە بەردەم هەڕەشەدایە. دیارە، هەمان سیناریۆکانی ٢٠١٦ لە رۆژئاوای کوردستان بەدوورناگیرێ دووبارەنەبێتەوە. بەڵام، پرسیاری ئەوەی ئاخۆ هەرێم لەبەردەم هەڕەشەدایە؟ من بەجۆرێ لە پاساوسازی بۆ دەسەڵاتدارانی ئێستای دەبینم. چونکە، شاردنەوەی کۆمەڵێ مەترسی راستەوخۆی ناوخۆیی لەسەر ژیان و گوزەران لەئارادایە، ئەم جاڕنامەیە پاسی ئەکات. هەندێکیش هەڕەشەکە وەک پەیامێکی هۆشداریی بۆ دەسەڵاتداران بەکاردێنن کە خۆتان چاک بکەن. جگەلەوەش، هەندێکیتریش شۆکن بە هەڵوێستی ئەمریکا لە بەرامبەر پرسی کورد چ لە رۆژئاوا یان هەرێم. چونکە، کورد نەک هەر خۆی بەدۆست، بەڵکو بە هاوپەیمانێکی ستراتیجی ئەمریکا دادەنێت. لە کاتێکدا کورد لە گۆشەنیگای خۆیەوە، ئەرکێکی ستراتیژی بۆ ئەو وڵاتە لەبەرامبەر کورددا داڕشتوە. بەڵام، رووداوەکان دەریانخست کە ئەوە هەر لە خەیاڵی خۆیدایە. شەنوکەوێکی رووداوەکانی دوودەیەی رابوردوو، هەر لە رێگەدان بەفڕینی هێزی ئاسمانی سەدام حسێن تا ریفراندۆم و واوەتر، ئەو خەیاڵە دەگۆڕن بەبقڵقی سەرئاو.
ئەگەر شتێکیش بەناوی هاوپەیمانێتی کورد/ئەمریکا هەبێت، لە پەیوەندییەکی نێوان "فیل و مشک" پتر نییە. ئەوە، هاوکێشەیەکی ناتەواوە ئەگەر پێمان وابێ، فیل و مشک رێککەوتوون. هەرچۆنێ مشک خۆی بخاتەپشتی فیلەکەوە و بە لمۆز و سمی فیلەکەوە خۆی هەڵبکێشی، ساتێکیش دێ کە پانیبکاتەوە. رەفتاری ئەمریکا لە زۆربەی حاڵەتدا لەسەر بنەمای هێزە نەک مرۆیی. کام جەمسەر لە کێشەکاندا سەربکەوێ و بەهێزبێ، دەچێتە نێو بازنەی بایەخ و هاوپەیمانێتی. دۆست لای ئەو مافخوراوە و نەیار و دوژمن و دژبەرەکانیش بەردەوام لەبەرچاوگیراوە. وەک راوێژکاری پەیمانگەی رۆن پاوڵ 'جۆن لاگلاند' ئەڵێ: 'باشترە دوژمن ئەمریکابی وەک لەوەی دۆستی. ئەگەر دوژمن بیت، رەنگە هەوڵبدەن بتکڕن؛ بەڵام ئەگەر هاوڕێیان بوو، بەدڵنیاییەوە دەتفرۆشن'. کەواتە، زلهێزێکی وەک ئەمریکا، بههۆی دوژمنه سهرسهختهکانییهوه، بەردەوام دۆسته نزیکەکانی فهرامۆشدهکات.
گرفتەکە لە دروشمی هاوپەیمانێتیدا بۆ چەند راستییەک دەگەڕێتەوە. یەکەم؛ ئێمهی کورد وشهی هاوپهیمانیهتی بهو پێناسهیەی که له کولتوری خۆماندایه تێدهگهین و لێکدهدهینهوه. له کاتێکدا نازانین له فهرههنگی سیاسی ئهمریکیدا چ دهلالهت و رهههندێکی هەیە. ناکرێت کاری دیپلۆماسی و پهیوهندی سیاسی و سیاسهتی دهرهکی وڵاتان له سۆنگهی دڵسافی کوردهوارییهوه لێکبدهینهوه. دۆستایهتی وهک ئهوهی له دیوهخانەکەی خۆمبم و کهسیکی بیانی گرنگ بیت و چایهک بخۆینهوه وههندیک قسهوباس و ههواڵ تاوتوێبکهین. جا ئهگهر وابێت هاوپهیمانی و پهیوهندی سیاسی و دیپلۆماسی ئهوا 'مهحمود بهگی جاف' که پێشوازی له 'ریچ' بهریتانی کردووه، پێشترینه لهو بوارهدا که هەر زوو دەستی ناسیویهتهوە، باشترین هاوپیەمان بووە.
لە ڕاستیدا، پەیوەندی لە نێوان کورد وەک بەرژەوەندی و چارەنووس لەگەڵ زلهێزەکاندا نییە. تەنها وەک سەرۆکی حزب و بەرپرس هەبووە و هەیە. نازانم بە دیاریکراوی چەندان ملیۆنی پارەی خەڵکی هەرێم بەناوی لۆبیکردنەوە و بەشداریکردن لە کۆڕکۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکاندا بەفیڕۆچووە، بەڵام بەزۆری لەپێناو پشتیوانی و بەهێزکردنی پێگەی کەسی حزبیدا بووە. هیچ کات پاشەڕۆژ و داهاتووی گەلی کورد تێیدا ئەجێندای سەرەکی نەبووە. ئاڵوگۆڕێکی بازرگانی(نەوت وگاز یان گیانفرۆشی چەکبەدەست) پترنەبووە.
گرفتێکیتر، بریتیە لە زاڵبوونی "ئەقڵیەتی شاخ"ە. هەرکەسێ بارێ چەک و بارگیرێ ئازوقەی ناردبێ، کراوە بەدۆستی ستراتیجی و هاوپەیمان. ئەگەر ئەوە بەجۆرێک پاساوی خۆی هەبووبێ، بەڵام، بێئاگاین لەوەی رۆڵەکانی کوردستان وەک ئامرازی بەدیهێنانی ئامانجێکی سیاسی و ستراتیجی دەوڵەتەسەردەستەکان بەکارهێنراوە.
له مێژووی 'چهکداری کورد'دا- ناڵێم بزاڤ و جوڵانهوهی سیاسیی کورد کە جیاوازە- زۆر باسی پهیوهندی کورد به دهوڵهته زلهێزهکانهوه کراوه. تهنانهت، پهیوهندی هێزی چهکداری کورد، به دوژمنانی بهشهکهیتری کوردستانهوه چ له رووی لۆجیستیکی یا پشتیوانیترەوە بهئامانجی بهکارهێنانی دژ بەدەوڵەتەکەیتر هەبووە. ههر بهرپرسێکی کورد که دهستی گهیشتبێته بهرپرسێکی زلهێزێ- جا بهرپرسهکه سیاسی یان زۆربەی جار موخابهراتی یان سهربارزی، بهدهستکهوتی گهوره ههژمارکراوه. بەڵام، ئەوە لەسەر حسابی بەشەکەیتر کەوتووە!
دەبێ ئەو راستییە بزانین کە 'کورد' بۆ ئەمریکا و ئەروپا و زلهێزەکان بە سێجۆر هەبوویەکی چەور و سوودبەخشبووە:
- وەک هێز و بازووی شەڕکەر؛ جا ئەوە لە سوارەی حەمیدیەوە بێ تائەمڕۆ. هەر حکومەتێ هێزێکی لێدروستکردووە و کراوە ئەسپی تەراودە. سەدام بەناوی خەفیفە و ئیتر لە تورکیا و ئیران هتد... بەڵام، تائێستەش کورد پرسیارێکی لە خۆی نەکردووە: گەلێک هەیە کە شەڕکەرێکی ئازابێ و نەتوانێ خۆشی رزگارکات؟
- وەک هێزێکی مرۆیی دروستکردنی سەرئێشە و پشێویی بۆ ئەو دەوڵەتانەی بەسەریدا دابەشبووە. بەناوی کارتی مافی مرۆڤەوە خراوەتەسەر مێزی ریکەوتن و هاوپەیمانێتی خۆیان.
- وەک سەرچاوەسروشتییەکان خاک و نیشتمانی پارووەیەکی باشە.
بەڵام، سەرەڕای ئەوە دەبێت لە لۆجیکی بەکارهێنان و سوومەندبوون لە کورد وەک هێزێکی مرۆیی و پرسێک لەخۆیدا گۆڕاوێکە-ڤاریابڵ- لەهاوکێشەکاندا نەک پنتێکی جیێگیر. بەپێی خواست و پێداویستییەکان رۆڵ و ئەرکی گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە و دێت.
کەواتە، ئەو هاویپەمانیە خەیاڵخۆشییە و هیچتر. تکایە، ئەگەر جارێکیتر داگیرکراین یان دۆڕاین یا پشتمانتێکرا کەس ئەو قسە ناماقوڵي نەڵێتەوە کە "جگەلە چیاکان کەس دۆستمان نییە". پاساوی نەزانی و"گێلیتیمانی پێنەدەینەوە. ئەوەندە نابەجێیە چونکە بۆتە باوەڕێکی جێگیر چێندراو لەناخماندا و لەبینی راستییەکان بەرچاوی گرتووین. با چیتر لەرووی دڵسافی و مۆراڵیشەوە باس لە دروشمی "هاوپەیمانێتی سیاسی" نەکەین. سیاسەت، هەر جەنگە بەڵام بە ئامرازی دیپلۆماسی. پڕە لە دڵرەقی و بێبەزەیی و بێگیانی. ئەگەر، کورد مهحکومه به جوگرافیا، خۆی به دووبارهکردنهوەی مێژوو مەحکوومکردووە.