هه‌لومه‌رجی هه‌رێمی كوردستان و دیوه ترسناكه‌كانی
2022-12-07 08:34:24
عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
پێشه‌كی
به ئاوڕدانه‌وه‌ی پانۆرامایی له هه‌لومه‌رجی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و وێنانه زه‌ق ده‌بنه‌وه كه له‌گه‌ڵیاندا كاربه‌ده‌ستانی هه‌رێم ناتوانن شانازیی زۆر به ئه‌زموونی هه‌رێمه‌كه‌وه بكه‌ن. ئه‌وان، پێویسته له‌سه‌ریان كه زمانی بانگه‌وازی سیاسی و كه‌سی تێپه‌ڕێنن و بابه‌تییانه هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ره‌هه‌نده جیاجیاكانی ئه‌و هه‌لومه‌رجه نائاساییه‌ی ئێستا بكه‌ن، له‌م پرۆسه‌یه‌شدا واقعی بن و دان به‌وه‌دا بنێن كه دۆخی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی تێیدا ده‌ژین، زۆر جێی دڵنیایی نییه، به‌ربه‌ره‌كانیی زۆری هه‌یه، ئه‌مه ئه‌گه‌ر مایه‌ی نائومێدی گه‌وره‌ش نه‌بێت!.
توێژه‌ران، پڕ به‌دڵ هیواداربوون كه هه‌لومه‌رجه‌كان وا نه‌بوونایه، دانیشتوانی هه‌رێمه‌كه له ده‌ورانێكی مێژوویی‌دا بووباین كه ئاسووده‌یی و ئۆقره‌یی تێدا گشتگیر‌و به‌رده‌وام بووبایه، دانیشتوانی هه‌رێم به‌هره‌مه‌ند بووبان به ده‌سكه‌وتی گه‌وره‌و به‌رچاو، به‌ڵام راستی ئه‌وه‌یه كه واقعی وڵاته‌كه دیوی یه‌كجار ترسناكی تێدایه كه له‌م پیاچوونه‌وه پانۆراماییه‌دا به‌شێكیان ده‌خه‌ینه‌ڕوو.
هه‌لومه‌رجی گوزه‌ران
سه‌ره‌تا مه‌ترسییه‌كی نه‌بڕاوه بیر ده‌كه‌وێته‌وه. له هه‌رێمی كوردستاندا، مافی مووچه‌وه‌رگرتنی فه‌رمانبه‌ران له ده‌وڵه‌ت له‌بارێكی ئاسایی‌دا نییه. ئه‌م بابه‌ته كه په‌یوه‌سته به گوزره‌رانی نزیكه‌ی چاره‌كی دانیشتوانی هه‌رێمه‌كه‌وه، پرۆسه‌یه‌كی سه‌قامگیر نییه. به‌دوایدا رووكاری تری گوزه‌ران ئه‌و بێكارییه به‌ربڵاوه‌یه كه له هه‌رێمه‌كه‌دا هه‌یه. ئه‌م دیارده‌یه، خۆ به‌خۆ و ساڵ بۆ ساڵیش په‌ره ده‌ستێنێت، چونكه ساڵانه ده‌یان هه‌زار خوێندكار له‌زانكۆو په‌یمانگاكانی حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌كانی تری په‌روه‌رده‌و پێگه‌یاندنی ناحكومی خوێندن ته‌واو ده‌كه‌ن و ده‌بنه خاوه‌نی بڕوانامه، به‌ڵام هیچ ئاینده‌یه‌كی دڵخۆشكه‌ری به‌دوادا نایه‌ت، خوێندكاران زۆربه‌یان هه‌لێكی كاری ئه‌وتۆیان نه له كه‌رتی گشتی و نه له كه‌رتی تایبه‌تیدا ده‌ست ناكه‌وێت، له‌به‌رامبه‌ردا سه‌رچاوه‌یه‌كی تری ته‌شه‌نه‌كردنی ئه‌و دیارده‌یه په‌یوه‌سته به گیانی قازانجویستیی به‌شێك له‌كۆمپانیا بازرگانییه‌كان و نه‌بوونی یاسایه‌ك بۆ سنورداركردنیان، ئه‌وان وڵاتیان بارگاوی كردووه به ده‌ستی كاری بیانی، گه‌نجه‌كانی هه‌رێمه‌كه‌ش له بێكاریدا له كافێ و بازاڕه‌كاندا ژیانی رۆژانه به‌ڕێ ده‌خه‌ن.
ئێستا ئه‌بینرێت كه هه‌زاره‌ها مامۆستای وانه‌بێژ‌یش هه‌ن كه چه‌ندین ساڵه دانامه‌زرێن، كه‌سیش به ده‌م داواكارییانه‌وه نایه‌ت، پله به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران مه‌رجبه‌ند كراوه‌و دامه‌زراندنیش ده‌گمه‌نه‌و نه‌ماوه. پلانی حكومه‌ت بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازییه‌كان ته‌نك نین و ره‌نگدانه‌وه‌ی دیاریان له‌سه‌ر ئه‌و هه‌لومه‌رجه جێ نه‌هێشتووه.
هه‌لومه‌رجی هاووڵاتیان
وه‌رزه‌كان له هه‌رێمی كورستاندا، باهۆزی ترسناكی ئه‌زێت و ئازاری تایبه‌تیی خۆیان هه‌یه!. له زستاندا دانیشتووان كێشه‌ی كاره‌بایان هه‌یه، له هاویندا كێشه‌ی ئاو، له هه‌ردوو وه‌رزه‌كه‌شدا كێشه‌ی سووته‌مه‌نی و گرانی به‌نزین و گاز‌و نه‌وت ..هتد. رێگاوبانه‌كان، دیوه نمایشییه‌كه‌ی به‌شێكی ناوه‌ندی شاره گه‌وره‌كان نه‌بێت، تا ئێستاش زۆربه‌یان چاره‌سه‌ر نه‌كراون و قوربانیانی ده‌ستی خراپی و كه‌موكوڕییه‌كانیان زیادیان كردبێت كه‌میان نه‌كردووه.
ئێستا به ئاشكرا، توانای كڕین له‌لای هاووڵاتیان كه‌مبۆته‌وه. گرانفرۆشییه‌ك له بازاڕدا سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه كه باری ژیانی چینی خواره‌وه‌ی كۆمه‌ڵی زۆر سه‌خت كردووه، ته‌نانه‌ت درێژ بۆته‌وه بۆ سه‌ر پێویستییه هه‌ره سه‌ره‌كی و رۆژانه‌ییه‌كانی هاووڵاتیان، گه‌یشتۆته گرانیی نرخی ئاردو نان و هه‌موو توخمه خۆراكییه‌كانیش.
له‌رووی كه‌شوهه‌واوه، ساڵانێكه له‌لایه‌كه‌وه وشكه‌ساڵییه‌و به‌هۆیه‌وه كه‌رتی كشتوكاڵی و ئاژه‌ڵداری زیانی به‌رده‌كه‌وێت، له‌لایه‌كی تره‌وه له‌گه‌ڵ هه‌ر بارانێكی به لێزمه‌دا، هه‌ر زوو به‌بۆنه‌ی خراپیی ژێرخانی كارگێڕی و شاره‌وانیی شاره‌كانی هه‌رێمه‌وه زیان له باشترین سه‌نته‌ره‌كانی شارنشینیی هه‌رێم ده‌كه‌وێت، له سه‌رویانه‌وه هه‌ولێری پایته‌خت، ساڵانه كاره‌ساتی سروشتی رووده‌ده‌ن و لافاو هه‌ڵده‌ستێ و زیانی گه‌وره به‌ر دانیشتوانی ناوچه‌ی جیاجیای هه‌رێم ده‌كه‌وێت.
هه‌لومه‌رجی گه‌نجان
ئێستا دیارده‌یه‌كی ئازاربه‌خش كه دووچاری چینێكی گرنگی كۆمه‌ڵایه‌تیی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بۆته‌وه، هه‌ڵكشانی ته‌مه‌نی كوڕان و قه‌یره‌یی كچانه. له‌هه‌رێمدا، مه‌رجه‌كانی پێكه‌وه‌نانی ژیانی هاوسه‌رگیری سه‌ختر بووه، بگره ئه‌م پرۆسه كۆمه‌ڵایه‌تییه به رێژه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌میكردووه، له‌به‌رامبه‌ردا دیارده‌ی جیابوونه‌وه‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی خێزانه‌كان و بێ نه‌واكردنی منداڵان و سه‌رگه‌ردانكردنیان به ئاماری تۆقینه‌ر زیادیان كردووه. له ده‌ره‌نجامێكی ئه‌و واقعه‌دا، گه‌نجێكی زۆری هه‌رێمه‌كه به به‌رچاوی كاربه‌ده‌ستانه‌وه سه‌ری خۆیان له وڵات هه‌ڵئه‌گرن و له‌و سه‌ر سنورانه دووچاری مه‌ینه‌تیی هه‌مه‌جۆر ده‌بنه‌وه، یان ژیان له ره‌وشێكی قورسی په‌نابه‌ریی وڵاتان و ئاواره‌یی و دووره وڵاتیدا به‌سه‌ر ده‌به‌ن.
جگه له‌وانه، ده‌ردی كۆمه‌ڵایه‌تیی دیكه زۆرن كه بارێكی سۆسیۆلۆژیی ناسه‌قامگیرو دۆخێكی سایكۆلۆژیی نائارامیان له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا به‌رپا كردووه.
له‌باری سیاسی و ئیدارییه‌وه، به ئاشكرا ململانێی توند‌و گرژ له‌نێوان هێزه سیاسییه‌كانمان و به‌تایبه‌تی هه‌ردوو هێزی ده‌سه‌ڵاتداردا هه‌یه. هه‌ردوولایان له یه‌ك حكومه‌تدان، به‌ڵام دوو ئیداره‌یی به زه‌قی سه‌ری هه‌ڵداوه‌ته‌وه. سامان و داهاتی وڵات دادپه‌روه‌رانه دابه‌ش ناكرێن، ئه‌گه‌ر ناوچه‌یه‌ك داهاتی كه‌م بێت و یه‌كێكی تر زۆر، له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه رێكناخرێته‌وه. دیارده‌كانی گه‌نده‌ڵی و شكاندنی یاسا‌و پێشێلكردنی مادده‌و داوه‌رییه‌كانی كۆتاییان نه‌هاتووه، له هه‌رێمه‌كه‌دا كه‌سیشیان له‌سه‌ر موحاسه‌به ناكرێت، ته‌نانه‌ت چاو له‌ئه‌زموونی نوێی حكومه‌تی فیدراڵی عێراق نه‌كراوه تا ئه‌م دۆسییه‌یه ببرێته پیشه‌وه، كار نه‌كراوه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر جاره‌و ژماره‌یه‌ك به‌رپرس ره‌وانه‌ی لێپرسینه‌وه‌و دادگاییكردن و سزادانی یاسایی بكرێن.
دیارده‌ی ترسناك
له‌و دوو سێ ساڵه‌ی رابردوودا حاڵه‌تی تۆقاندن و سه‌ركوتكردنی ئازادیی خۆپیشاندان و مانگرتن هه‌ن. له هه‌ندێ شاردا هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا كه‌س بۆی نییه هیچ جۆره شێوازێكی ئازادییه دیموكراتییه‌كان په‌یڕه‌و بكات، دیارده‌ی راپۆرت لێدان و سیخوڕی كردن به‌سه‌ر یه‌كترو به‌سه‌ر ژیانی تایبه‌تی و به‌سه‌ر هاووڵاتیانه‌وه زیاتر بووه، كه‌م كه‌س به ئاسانی ده‌وێرێت ده‌رده دڵێك بكات و ئه‌وه‌ی ده‌یڵێت نه‌بێته راپۆرتێك و نه‌گاته ده‌زگا هه‌واڵگری و ئه‌منییه‌كانی هه‌رێم.
دۆخی ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ری و راگه‌یاندنیش له هه‌رێمدا پاشه‌كشه‌ی تێدا هه‌یه. راسته حكومه‌ت و كاربه‌ده‌ستانی چه‌ند جارێك له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووساندا كۆبوونه‌ته‌وه‌و دڵنیاییان پێداون، به‌ڵام كاریگه‌ری و ره‌نگدانه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئه‌و بواره هه‌ستیاره‌دا به‌جێ نه‌هێشتووه. له‌م رووه‌وه، مانگ نییه ده‌یان پێشێلكاری نه‌كرێت و له سه‌نته‌ری میترۆ‌و سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانه‌وه كه دوو ده‌زگای داكۆكیكردنن له مافی میدیاكاران تۆمار نه‌كرێن. ئێستا كار گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی به‌شێك له راگه‌یاندنی كوردی به هه‌ردوو به‌شی نیو میدیا‌و ترادیشناڵ میدیاوه بۆته سێبه‌ری ده‌زگا موخابه‌راتییه‌كانی هه‌رێم و له‌وێوه پاره‌دارو ئاراسته ده‌كرێن، به‌ڵام بۆ ئامانجی رۆژنامه‌نووسی و پیشه‌یی نا، به‌ڵكو بۆ به‌ڕێوه‌بردنی پڕوپاگه‌نده‌و ناوزڕاندن و شه‌ڕی میدیایی دوور له ئیتیكی نێوان گروپ و كه‌سایه‌تییه سیاسییه‌كان.
لادانی به‌رده‌وام
هه‌موو راپۆرته رۆژنامه‌نووسییه‌كان ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن كه هێشتا دیارده‌ی قاچاخچێتی سه‌ر سنوره‌كان به‌رده‌وامن، بێ پرۆژه‌یی و په‌یوه‌ندیی نائاسایی نێوان كه‌رتی بازرگانی و كه‌رتی گشتی و ده‌سه‌ڵاتی راپه‌ڕاندن وایان كردووه كه هه‌زاران به‌ڵێنده‌ری ئه‌م هه‌رێمه دووچاری مایه‌پووچبوون ببن و به‌شێكیان سه‌ری خۆیان له وڵات هه‌ڵبگرن و به‌جێی بهێڵن. له‌وه‌ش به‌رچاوتر، له سكاڵای هاووڵاتیان و به‌دواداچوونه میدیاییه‌كاندا ده‌ركه‌وتووه كه شاره‌كانی هه‌رێم پڕ كراون له دا‌و و ده‌رمانی بێ كوالیتی و به‌سه‌رچوو و خواردنی ئیكسپایه‌ر، رۆژانه چه‌ندین خواردنگه‌و دوكان له‌سه‌ر ئه‌و دۆخه داده‌خرێن و به ته‌ن كاڵاكانیان ده‌سووتێنرێن. ئێستا ناوبه‌ناو به ئاشكرا تۆڕی گه‌وره‌ی بازرگانیكردن به ماده بێهۆشكه‌ره‌كانیش ئاشكرا ده‌بن، ئه‌مه جگه له بازرگانیی نایاسایی به چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی. جیا له‌وانه، به چاوی روون ده‌بینرێت كه زانكۆ و په‌یمانگا حكومییه‌كان له‌چ دۆخێكدان، خوێندكاران تیایدا یان ئه‌وه‌تا به به‌رده‌وامی ناڕه‌زایی و بایكۆتی هۆڵه‌كانی خوێندن ده‌كه‌ن، یان له بێ مافی و بێ وه‌ڵامیی ده‌وڵه‌تدا بۆ داواكاری و ناڕه‌زاییه‌كانیان به دڵی شكاو و سایكۆلۆژیایه‌كی نائومێده‌وه خوێندن به‌ڕێ ده‌خه‌ن، كاتێك پۆلێك خوێندكاریش بۆ خاڵیكردنه‌وه‌ی بێزاری و نیگه‌رانییه‌كانیان دوو دروشم له‌به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌ت و ده‌زگاكانیدا به‌رز بكه‌نه‌وه، ده‌ستگیر ده‌كرێن و ئازار‌و ئه‌زیه‌ت ده‌درێن و بگره بۆ ماوه‌یه‌كی كاتیش بێت راده‌گیرێن و ده‌خرێنه زیندانیشه‌وه.
دۆخ و دیارده‌ی تر
هه‌له‌مه‌رجی قه‌زائی وڵات له‌وان باشتر نییه. دادگاكان به سه‌ربه‌خۆ نابینرێن، یان ناتوانن كاری ئاسایی خۆیان بكه‌ن، یان هه‌ڵسوڕان و كاریان به‌پێی هه‌ژموونی ده‌سه‌ڵاتیی سیاسیی ناوچه‌و كانتۆنه كارگێڕییه‌كان ده‌گۆڕێن و یه‌ك سیسته‌م نین. خراپتر له‌وه، له هه‌رێمدا زیندانی سیاسی هه‌یه، دۆخی به‌شێك له زیندانیان باش نین و ره‌وشی ناهه‌مواری ته‌ندروستییان له میدیاكاندا باس ده‌كرێت. هاوكات گرتن و ده‌ستگیركردنی خه‌ڵك هه‌یه به‌بێ بڕیاری دادگا، ناوبه‌ناو حاڵه‌تی هه‌ڵكوتانه سه‌ر ماڵان به‌دی ده‌كرێت له‌لایه‌ن گروپی چه‌كداری ناسراو و نه‌سراوه‌وه، كوشتن و رفاندن و هه‌ڕه‌شه‌كردن هه‌ن.
له ئاستی تردا، ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت ئه‌وه‌یه كه ئێستا، سه‌رله‌نوێ، كولتوری خێڵه‌كیش سه‌ری هه‌ڵداوه‌ته‌وه، بگره به‌شێك له به‌رپرسانی ناو پارته سیاسییه‌كان رۆڵیان له بووژاندنه‌وه‌یان هه‌یه. له‌م ساڵانه‌ی دواییدا ده‌ركه‌وتووه كه چه‌ندین ناوچه‌ی هه‌رێم پێكدادانی چه‌كداریی عه‌شائیری تێدا روده‌دات، یان توندوتیژیی زه‌ق له به‌رامبه‌ر ره‌گه‌زی مێینه پیاده ده‌كرێت و ده‌گاته چه‌وساندنه‌وه‌و كوشتن و فڕێدانی ته‌رمه‌كانیان. له‌وانه‌ش زیاتر، حاڵه‌تی لێره‌و له‌وێی تیرۆر كردنی سیاسی(إغتیالات) هه‌یه. هه‌رێمی كوردستان خه‌ریكه به سیخوڕی وڵاتانی هه‌رێمایه‌تییش ده‌ته‌نرێن، به ئه‌زموونی چه‌ندین رووداوی دڵته‌زێن ده‌ركه‌وتووه كه ئه‌و وڵاتانه به ئاسانی ئه‌توانن به‌رهه‌ڵستكارانیان له‌ناو خاكی هه‌رێمدا بكه‌نه ئامانج و به به‌رچاوی دانیشتوانی هه‌رێمه‌كه‌وه هاوزمان و هاونه‌ته‌وه‌كانی پارچه‌كانی تری كوردستان له‌ناو ببه‌ن.
ساڵانێكی زۆریشه، وه‌ك دیارده‌یه‌كی به‌رده‌وام، تۆپباران و موشه‌كباران و له‌شكركێشیی هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی توركیا‌و ئێران بۆ سه‌ر خاك و خه‌ڵكی هه‌رێم هه‌ن، به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی تا ئێستا بتوانرێت رابگیرێن.
له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم
له ئاستێكی تردا، په‌یوه‌ندییه عێراقی و ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان مۆركی فه‌رمییان پێوه نه‌ماوه، به گشتی بوونه‌ته په‌یوه‌ندیی حزبی، یان ئارسته‌كراو به‌پێی كارنامه‌و به‌رژه‌وه‌ندیی حزبیی په‌تی. شه‌ڕی میدیایی نێوان حزبه‌كان، زیانی زۆری له بازاڕ‌و له ئارامی و میزاجی خه‌ڵك و له ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی داوه. وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاو یۆنامی، تا ئێستا، چه‌ندین راپۆرتیان له‌سه‌ر ره‌وشی هه‌رێمی كوردستان بڵاو كردۆته‌وه كه وێنه‌یه‌كی خراپی هه‌رێمیان تیا ده‌رده‌كه‌وێت. دۆسته‌كانی كورد له زلهێزه‌كان ئامۆژگاری دڵسۆزانه ده‌ده‌ن و له مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ر چاره‌نووسی هه‌رێم هۆشیاری ده‌ده‌ن، به‌ڵام تا ئێستا ره‌چاو نه‌كراون. خه‌می نه‌ته‌وه‌یی نێوان هه‌رێم و پارچه‌كانی تر بۆ خراپترین ئاستی خۆی دابه‌زیوه. په‌رۆشیی سیاسیی بۆ خاك و چاره‌نووسی ناوچه دابڕاوه‌كان، زیاتر بۆته بانگه‌وازی میدیایی و حزبی نه‌ك پرۆژه‌یه‌كی نیشتمانی و كرده‌یی. له‌و ناوچانه‌دا، به هه‌زاران خێزانی كورد له كه‌ركوك، خانه‌قین، شه‌نگال، داقوق، خورماتوو، زێدی خۆیان به‌جێ هێشتووه‌و هاتوون له شاره‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی و كه‌لار و دهۆك دائه‌نیشن. له‌سه‌ر ئاستی كێشه‌و دۆسییه‌كانیش له‌گه‌ڵ عێراقدا، پێشكه‌تنی ئه‌وتۆ نه‌هاتۆته‌دی. دادگای فیدراڵیی عێراق، بڕیاره‌كانی خۆی به به‌ركار به‌رامبه‌ر به هه‌رێم ده‌زانێت و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌هه‌ر هه‌لومه‌رجێكی ئاساییتری وڵات‌دا جێبه‌جێیان بكات، ئه‌مه له كاتێكدا هێزه سیایییه‌كانی هه‌رێم له‌ناوخۆدا به شه‌ڕو ململانێی حزبی و كه‌سییه‌وه سه‌رقاڵن، ئه‌وانه‌و ده‌یان دیارده‌و هه‌لومه‌رجی تر كه هه‌موویان له كۆتاییدا ئه‌وه روونده‌كه‌نه‌وه كه دۆخی هه‌رێم ئاسایی نییه. پێویسته دیوه‌كانی واقعی تاڵی وڵاته‌كه ببینرێن، دان به هه‌ڵه‌و كه‌موكورتییه‌كاندا بنرێت و پلان و چاره‌سه‌ر بخرێنه‌ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی ئومێد‌و هیوا بۆ هاووڵاتیان هه‌رێم بگه‌ڕێته‌وه.
* ئه‌كادیمی و توێژه‌ر له ناوه‌ندی ئه‌كادیمی توێژینه‌وه‌ی نیشتمانی ACNS