Draw Media

ئەوەی سیاسەت تێکی دەدات وەرزش چاکی دەکاتەوە

ئەوەی سیاسەت تێکی دەدات وەرزش چاکی دەکاتەوە

2022-11-25 09:30:07


فەرحان جەوهەر 

دەمێکە ئەم گوتەی سەرەوە، لە ناوەندەکانی وەرزش و وەرزشکاراندا، بۆتە دروشمی سەرەکی وەرزش. لە راستیدا گوتەیەکی جوانە، چونکە وەرزش خاوەن پەیامێکی زۆر مرۆڤانەیە و کردەیەکی تەواو کۆمەڵایەتییە و شوێنێک نییە بۆ سیاسەت، سەرەڕای ئەوەی هۆیەکی باشی لەیەکتر نزیک بوونەوەی گەلانە و زمانی هەمووانە، بەپێچەوانەی سیاسەتەوە، کە هۆکاری سەرەکی دابەشبوون و لێکترازانی مرۆڤایەتییە. 
وەرزش، کۆکەرەوەی هەموو مرۆڤایەتییە. رۆحی وەرزشی چەندە بەرز و جوانە، کاتێک لایەک دەدۆڕێت، ئەوا نەک هەر رقیان لە براوەکە نابێتەوە ، بەڵکو تیمی براوە ماچ دەکەن و لە جیاتی ئەوەی شکستی خۆیان بخەنە گەردنی خەڵکی تر، رەخنە لە ئەدای خۆیان دەگرن و پێداچوونەوە بە پێکهاتەی تیمەکەیان دەکەن، کارەکەیان بە کۆمەڵ و هەرەوەزیە و سەرکەوتنیان بۆ هەمووانە و شکستیشیان هەر بۆ خۆیانە.
 مۆندیاڵ  کە  جامی جیهانییە و هەر چوار ساڵ جارێک لە وڵاتێک رێک دەخرێت، رووداوێکی هێجگار گرنگ و سەرنجڕاکێشە، تاکە کردەوە و کارە، کە هەموو ئایین و نەتەوە و رەگەزە جیاوازەکانی جیهان، پێکەوە تیایدا بەشدارن. سەرکەوتن و بردنەوەی تیمێک، بەهیچ شێوەیەک بردنەوە و سەرکەوتنی نەتەوە و رەگەزێکی دیاریکراو نییە، چونکە هاندەرەکان لە هەر وڵاتێکدا جیاوازن، هەزاران کەس لە ئەمەریکا هاندەری بەڕازیلن، هەزاران کەس لە هەموو نەتەوە و وڵاتاندا هاندەری یانە و تیمی وڵاتانی ترن. 
میسی و رۆناڵدۆ ئەوەندەی هاندەریان لە دەرەوەی وڵاتانی خۆیان هەیە، نیو ئەوەندە هاندەریان لەنێو وڵاتی خۆیان نییە، ئەستێرەکانی بواری وەرزش، خۆشەویستیان لە نێو هەموو نەتەوە و ئایینەکاندا بەبێ جیاوازی هەیە.
زۆرجار بەهۆی سیاسەتەوە پەیوەندی نێوان گەلان و وڵاتان تێک دەچێت، کەچی هەندێکجار وەرزش ئەم پەیوەندییە لێکترازاوانە چاک دەکاتەوە، ئەمەش پێیدەڵێن دبلۆماسییەتی وەرزشی. 
لەم رۆژانەدا بەهۆی ئاهەنگی کردنەوەی مۆندیاڵ لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، ئەردۆگان و سیسی دوای چەندین ساڵ لە دابڕان و پەیوەندی خراپ، تەوقەیان لەگەڵ یەکتر کرد، کە دواتر بە (تەوقەی مۆندیاڵ) ناسرا. 
هەروەک لە سەرەوە باسمکرد، وەرزش شوێنێک نییە بۆ سیاسەت، بەڵام لەم ناوچەی ئێمە، هەروەک چۆن هەموو بوارەکانی تر بەسیاسی کراون، ئاواش وەرزش بە سیاسی کراوە و خراوەتە خزمەت سیاسەتەوە، هەربۆیە دەبینین لە وڵاتانی رۆژهەڵات هیچ یاریزانێکی جیهانی و تیمێکی بەتوانا دەرناکەوێت و تائێستاش هیچ جارێک هیچ تیمێک براوەی جامی جیهانی نەبووە. 
 لەم رۆژانەدا بەهۆی گەمەکانی مۆندیاڵ لە قەتەر، دەبینین، گەلێک کەسی سیاسی بۆ ئەوەی خۆیان بە ئایینپەرەوەر نیشان بدەن، بەهۆی بردنەوەیان لە ئەرژەنتین دەستخۆشیان لە عەرەبستانی سعوودیە کردووە، ئەمە هەڵوێستێکی سیاسی پێشوەختە و بەکارهێنانی وەرزشە لە پێناو سیاسەت، هەروەکچۆن ئایینیش بەکاردێنن لە پێناوی سیاسەت بۆ گەیشتن بە مەرامەکانیان. 
ئەو گەل و وڵاتانە بۆیە لە هەموو بوارەکان سەردەکەون و پێشدەکەون، چونکە هەر بوارێک تایبەتمەندی و پسپۆڕی خۆی هەیە. 
قەتەرییەکان حەقن  شانازی بەخۆیانەوە بکەن له هێنانی مۆندیاڵ بۆ سەر خاکەکەیان، سەرباری ئەوەی لە ساڵانی رابردوو بەهۆی کەمی کات و پەلەکردنیان لە بنیاتنانی گۆڕەپانەکانی یاری مۆندیاڵ، بە هەزاران کرێکاری بیانی گیانیان لە دەستداوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand