Draw Media

مەریوان وریا قانع ژنە فەیلەسوفی ئەڵمانی، ھانا ئارێنت باس لە ڕاستییەکی زۆر سادە و گرنگ لە پەیوەندیدا بە دەسەڵاتە ستمگەرەکانەوە دەکات: یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی دەسەڵاتە ستەمگەرەکان، ئیتر چ دەسەڵاتێکی تۆتالیتاریی یان ھەر شێوەیەکی تر لە دەسەڵاتی ستەمگەریی بێت، ڕێگرتنە لەوەی خەڵک دەستیان بە زانیاریی بگات و لەوە ئاگاداربن چی ڕووئەدات. ستەمگەریی و ڕێگرتن لە ئاشکرابوونی ڕاستییەکان دووانەیەکی لێکدانەبڕاون. دیوی ئەودیوی ئەم ڕێگرتنە لە ئاشکرابوونی ڕاستییەکان و گەیشتنی زانیاریی ڕاست بە کۆمەڵگا درۆکردنە. لە ڕاستیدا درۆکردن لەگەڵ کۆمەڵگا و خەڵک و تاکەکەسەکاندا یەکێکە لە ئامرازە ھەرە سەرەکییەکانی ئەو فۆرمانە لە حوکمڕانیی کە ستەمگەرن. بە پێچەوانەی زۆرێک لە نووسەرانی ترەوە، ھانا ئارێنت، باوەڕی وایە ئەگەر حوکمڕانان بە بەردەوامی درۆ لەگەڵ کۆمەڵگادا بکەن، مەترسییەکە ئەوە نییە خەڵکەکە باوەڕ بە درۆکان بکەن و وەک ھەقیقەت مامەڵەیان بکەن، بەڵکو لەوەدایە ئەم درۆکردنە ببێتە ھۆکاری ئەوەی ھیچ کەسێک باوەڕی بە ھیچ شتێک نەمێنێت. ھەر شتێکیش چەند ڕاستبێت، ببێتە مایەی دڕدۆنگیی و گاڵتەجاڕیی و متمانەپێنەکردن. ئەم درۆکردنە بەردەوامە و ئەم ونکردنە سیستماتیکی و بەمەبەستەی باوەڕکردن بە ڕاستیی، یان دروستکردنی ھۆشیارانەی دۆخی باوەڕنەمان بە ھیچ شتێک، وادەکات نەک تەنھا خەڵک نەتوانن ببنە خاوەنی ھیچ کردەیەکی مێژوویی، بەڵکو نەشتوانن بیربکەنەوە و توانای بیرکردنەوە و داوەریکردن لەدەستبدەن. لە ھەر شوێنێکیشدا دەسەڵاتداران لەوەدا سەرکەوتن ئەو دۆخی باوەڕنەمانە دروستبکەن، وابکەن کەس باوەڕی بە ھیچ شتێک نەمێنێت، لەوێدا، ئیفلیجبوونێکی کۆمەڵایەتیی گەورە دروستدەبێت و ڕێ لە ھەر کردەیەکی مێژوویی بەسەمەر دەگیرێت. ھەر حوکمڕانییەکیش بە درۆکردن دەستیپێکرد و درۆکردن کۆڵەکەی سەرەکیی دەسەڵاتدارێتیەکەی بوو، وایلێدێت بەردەوام ھەم پێویستی بە درۆی تازە و ھەم بە سەرلەنوێ داڕشتنەوەی درۆ کۆنەکانی ھەبێت. لەم ڕووەوە مێژوویەک بۆ خۆی و بۆ کۆمەڵگاکەی دروستدەکات کە ژێرخان و بناغەکەی درۆکردنە. ئەوەی ئێستا لە ھەرێمدا ڕوودەدات گەیشتنە بەم خاڵی باوەڕنەمانەی کۆمەڵگایە بە ھیچ شتێک، لە ڕێگای ئەزموونکردنی گواستنەوە لەم درۆيەوە بۆ ئەویتر. ئەوەی باڵادەستە دروستبوونی جۆرێکە لە بەدگومانیی بەھێز کە وادەکات ھەموو شتەکان بەیەکتری یەکسان بکرێن و درۆ بچێتە شوێنی ڕاستیی و ڕاستیش وەک درۆیەکی تر مامەڵەبکرێت. ئەمەش وادەکات کەسەکان توانای جیاکردنەوەی باش لە خراپ و توانای داوەریکردن و حوکمدان بەسەر باش و خراپدا وونبکەن. درۆی دەسەڵات وەک درۆی ئەم یان ئەو تاکەسی ناو کۆمەڵگا نییە، درۆی دەسەڵات کۆمەڵگایەک دروستدەکات ھەموو متمانە و باوەڕێک بە ڕاستییەکان لەدەستبدات. گومانکردن لە ھەقیقەتی بوونی کۆرۆنا وەک ھەڕەشەیەکی گەورە لەمڕۆدا بەشێکە لەم وێنە گەورەیەی لەدەستدانی باوەڕ و متمانە بە ھەمووشتێک.


بەشدار عوسمان ئەوانەن کە دەمی خەڵک دەبەستن و گوللە دەنێن بە دەمی گەنج و رۆژنامەنوسەکانی، ئەوانەن کە داهاتەکەی فەرهوود دەکەن و کرێی کرێگرتەکانیان نادەن و لەکاتی داواکردنیشی شەق لەناو گەڵی مامۆستا و فەرمانبەرەکانی هەڵدەدەن،ئەوانەن دەستدرێژیکارانی سەر مناڵی حەوت ساڵان و تاوانباران لە دادگا دەرباز دەکەن، ئەوانەن کە رۆژانە سەدان تەن خۆراک و دەرمانی ئیکسپایەر دەرخواردی خەڵکەکەی دەدەن، ئەوانەن پایتەخت دەکەن بە مۆڵگەی دەزگا سیخوڕییە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان، ئەوانەن زانکۆکەی بێ کاریگەر و ئیفلیج دەکەنو وەکو ناوەندێکی حزبی چاوی لێدەکەن،ئاژاوەگێڕەکانی شار ئەوانەن لەسەر داهاتی خەڵکەکەی نەخۆشخانەیان بۆ خۆیان چێکردووە و کەرتی گشتییان بەفەرامۆشی سپاردووە، ئەوانەی بڕوایان بە قوتابخانە گشتیەکان نیە و بۆ مناڵ و نەوەکانیان قوتابخانەی تایبەتیان دورستکردووە و مناڵی زۆربەی خەڵکەکەشی چاوەڕوانی روخانی بینا کەلاوەکانن بەسەریاندا،ئەوانەن پیر و پەککەوتەی شارەکە لەبێ کارەبای و نەبوونی ئاودا ڕادەگرن و خۆشیان ئاو و کارەبای فول و بەردەوامیان هەیە.  ئاژاوەگێڕەکان و تێکدەرەکان ئەوانەن، زەوییە ڕوکن و شوێنە ستراتیژەکان بەسەر خۆیان و دەوروبەرەکەیان تاپۆ دەکەن و بەشێکی بەرچاوی خەڵکەکەشی بەدیار کرێی خانوەوە کۆتایی مانگ دۆش دادەمێنێت،ئەوانەن مەرجی دەستکەوتنی کار و وەزیفە دەبەستنەوە بە تەسکیە و وەلائی حزبی،ئەوانەن رۆژانە نامەی هەڕەشە بۆ خەڵک دەنێرن و لەهەوڵی ناشیرینکردنی کەسایەتیەکاندان، ئەوانەن پیاسەیەک و ژوانێک بۆ کچ و کوڕە گەنجەکان ڕەوا نابینن و رێگای ئیجەیان نیشان دەدەن، ئەوانەشن رۆژانە وانەی کوردایەتی و نیشتیمان پەروەوریمان بۆ دەڵێنەوە و خۆشیان بەبێدەنگی لە دیمەنی تۆپبارانەکان و لاشەکان ڕادەمێنن .  ئاژاوەگێڕەکان ئەمانەن، کە کارگەی جگەرە و مافوری هەولێر و کارگەی شیری ئەلبان و هەرچی کارگە و کارخانە بوو  لەکاریانخست، دەرفەتی کار و بەرهەمیان نەهێشت و لەشکرێک لە خەڵکیان کردە مووچە خۆری بندیوار و خانەنشینی نایاسایی . هەموو ئەو ئاژاوەگێڕ و تێکدەرانە بگرن و سزای قورسیان بەسەردا بسەپێنن کە ئەو وەزعیەتەیان بەسەر ئەو خەڵکە هێناوە، لایەکی شارەکە لە نانی بەیانی مناڵەکانی دڵنیا نیە. بێدەنگ کردنی خەڵک و لە جوڵە خستنی هەموو جموجۆڵێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی لە شارەکە و هەڕەشە و تۆمەت و سیناریۆ دورست کردن بۆ کەسانی ناڕازی بەو وەزعیەتە پڕ نەهامەتیە، سووکایەتییە بە شار و خەڵکەکەی، دوورستکردنی ژینگەی پڕ لە ترس و تۆقاندن و سەپاندنی عەسکەرتاریەت بە شەقامەکانی لەگەڵ دڵفراوانی و هێمنی خەڵکەکەی نامۆیە . هەوڵدان و کڕینی خەڵک و کۆنترۆڵ کردنی بازاڕ سووکایەتییە بە شار و خەڵکەکەی، یەک دەنگی و یەک ڕەنگی و خامۆشکرنی دەنگە جیاوازەکان و ڕاونان و دەرکردنی خەڵکانێکی شارەکە،تەنها لەبەر ئەوەی جیاواز بیردەکەنەوە، ناعەدالەتی ئازاریان دەدا، لەبەرامبەر ستەمکاری دێنە دەنگ،مۆرێکی ناشیرینە بۆ هەموو شوێن و جێگا و دەسەڵاتێک،مێژوو لە بکەرانیان خۆش نابێت و باجەکەی دەبێت بدەن. هەولێر ئەگەر بە بێدەنگیش بێت رۆژانە قسە دەکا و گوزارشتی دڵشکانی بەردەوامی بەهەموو دنیا دەگەیەنێت .  


ئەبوبەكر كاروانی بڕیارە لەداهاتوویەکی نزیکدا، گفتوگۆی ستراتیژی لەنێوان ئەمریکاو عێراقدا دەست پێ بکات. یەکێ لەئەرکە چاوەڕوان کراوەکانی کازمی و حکومەتەکەشی، ئەنجامدانی ئەم گفتوگۆیەیە. جێگەی سەرنجە ئەمریکاو عێراق لەساڵی (٢٠٠٨ ) ەوە، (ڕێکەوتنی ڕەوشی هێزەکان) و ( ڕێکەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی) لەنێوانیاندا مۆرکراوە و پەیوەندییە دووقۆڵیەکان بەگوێرەی ئەوان ڕێکخراوە. ئەمەش دەخوازێت بپرسین، لەگەڵ بوونی ئەو ڕێکەوتنانەدا دووبارە باسکردن لە گفتوگۆی ستراتیژی چی دەگەیەنێت؟ ئایە مەبەست تیایدا گیانکردنەوەیە بەبەر ڕێکەوتنە کۆنەکان وەوەگەڕخستنیانە؟ یاخود دووبارە پێناسەکردنەوەی بەرژەوەندی و چاوەڕوانی و داواکاری و ڕۆڵەکانە، لەڕوانگەی هەمووئەو ئاڵوگۆڕانەی لە زیاد لە ڕویەکەوە هاتوونەدی؟ یان لەوەش زیاتر، ئاماژە کردنە بەکەم بوونەوەی توانای ئارام گرتن و دەرفەتەکان و خاڵ نانە سەرپیت و بڕیاری یەکلاکەرەوەو ڕزگاربوون لەوبازنە بێ ئاسۆیە داخراوەی ململانێ نەزۆکەکان و تەقلید لەماوەی ڕابردوودا بۆ لایەنەکان و، بەتایبەتیش بۆ ئەمەریکایان خوڵقاندووە؟ باسکردن لە ستراتیژ لەم چوارچێوەدا بەدڵنییاوە بەشێکی پەیوەستە بە دووبارە پێناسەکردنەوەی بەرژەوەندییەکان و ئامرازەکانی بەدیهێنانیان وجۆری ئامادەگی ئەمەریکا و بەڕێوەبرندنی ململانێکان لە کۆی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. وەك ڕوونیشە لایەنی دووەم و سەرەکی لەم گفوگۆیانەدا بەناڕاستەوخۆ کۆماری ئیسلامی ئێرانە؟!.حکومەتی عێراق گەرچی لایەنی دووەمی فەرمیە، بەڵام بەکردەوە لایەنی سێهەم پێکدێنێت؟گەرچی فەرمی بوونەکەی لە چوارچێوەی یاسای گشتی نێودەوڵەتیدا قورسایی بە هەڵوێستەکانی دەدات. بەڵام با واز لە هەموو ئەم شتانە  بێنین وبپرسین: کورد لەکوێی ئەم دۆخەدایە؟ داخۆ دۆخی ئابوری وسیاسی و تەندروستی نەخوازراوی هەرێم شپرزەیی نێوماڵە سیاسەکەی، بوارێکیان  بۆ بیرکردنەوەی جددی لەم پرسەو بەخەمەوە بونی هێشتۆتەوە؟لەکاتێکدا بەرەنجامی دیالۆگەکە بەهەربارێکدا بشکێتەوە، کاردانەوەی جۆراوجۆری بەسەر بارو دۆخی ئێستاو ئایندەی هەرێمدا دەبێت.  دیارەلە دۆخی ئاسایی و لەبەرامبەر چاوەڕوانی ڕوداوێکی لەو جۆرەدا، دەبێت چەندین توێژینەوەو پانێڵ و گفتوگۆلە لایەن دەزگاکانی توێژینەوەو زانکۆکان و بیرمەندو ڕۆژنامەنوس و سیاسەتمەدارەکان بەڕێوە بچێت و سازبکرێت و قسە لەسەر کۆی ڕەهەندو ئەگەرو بژاردە و بەرژەوەندیەکانی هەرێم وگەلەکەی بکرێت. وەفدی تایبەت ڕەوانەی واشنتۆن وتاران وئەنقەرەو بەغدا بکرێت، بۆئەوەی داواکاری ڕۆڵمان لە قۆناغی ئامادەکاریەکاندا بەگوێرەی توانا دیاربن و وەك لایەنێکی خاوەن بەرژەوەندی و ئاسەوار وەرگر  بزر نەبێت. لەکاتێکدا ئێمە لەئێستادا هیچ یەکێ لەم شتانە نابینین؟!  ناهەمواری و تێکچوونی دۆخی ناوخۆ ئەم پرسە ستراتیژیەی کردووە بە مەسەلەیەکی لاوەکی؟!ئەمە لەکاتێکدا  ئەم جۆرە پرسانە بۆ هەرێم زۆر چارەنوسسازن. چونکە وەك بنەمایەکی گشتی، هەرێمە نیمچە دەوڵەت و کاراکتەرە نادەوڵەتیەکان، لەوانەش هەرێمی کوردستان، بۆمانەوەو پارێزگاری لە خۆکردن، پێویستیان بە پارێزەرێکی نێو دەوڵەتیە. ئەوەش وادەکات خەمی ئێمە لەم جۆرە دۆخانەدا تەنها خەمی پاراستنی بەرژەوەندییەکانمان بەمانا گشتی و تەقلیدیەکەی نەبێت، بەڵکو خەمێکی وجودیی قوڵ بێت.


پەیكار عوسمان لە ڕوکەشدا (نوێ) شتێکە کە نەبووەو پەیائەبێ. موجەڕەد پەیابوونەکەی ئەیکاتە نوێ. مەسەلەن حیزب ئەگەر تەنیا قەپاغەکەی و هەر ئەوە وەرگرین کە ناوی حیزبە، لێرەدا "نەوەی نوێ" حیزبێکی نوێیە، چونکە لە تەمەندا دواحیزبە کە پەیابووە. لە ناوەڕۆکیشدا (نوێ) مەساحەی جیاوازبوونە لەوەی کە هەیە. لێرەدا تەنیا پەیابوون و قەباغەکە ناتکاتە نوێ و ئەبێ ناو پاکەتەکە شتێکی جیاوازی تیابێ ئینجا نوێبوونێك ڕووئەدا. ئەمەش هەر ئەو ڕووداوەیە کە لە نەوەی نوێدا ڕووینەدا، چونکە ناوەڕۆکەکەی هەمان تاسوحەمامە. بەڵام (نوێبوونەوە) پەیوەندی بە ناوەڕۆکەوە نیەو تەنیا لە شکڵدا ئەکرێ، چونکە ئەگەر دەسکاری ناوەڕۆك و جەوهەر بکرێ، ئیتر کارەکە لە "نوێبوونەوە"وە ئەترازێ بۆ "نوێ"، شتەکەش ئەبێتە شتێکی تر! یەعنی نوێ هەر ئەو شتەیە کە لە جەوهەردا لەوەی پێشخوێ جیایەو ئەگەر جیاوازییەکە جەوهەریی نەبێ، نە ئەم ئەبێتە نوێ، نە ئەو ئەبێتە کۆن. یەعنی "نوێ" پەیوەندی بەوەوە هەیەو ئەوەیە کە بە جەوهەرو ناوەڕۆك "لەو" جیاوازە. بەڵام "نوێبوونەوە" پەیوەندی بەخۆتەوە هەیەو ئەوەیە کە شکڵی ئێستات لە هی پێشتری خۆت جیاوازئەکەیت. یەعنی "نوێبوونەوە" مەساحەی جیاوازبوونە لە خۆت. بەڵام "نوێ" مەساحەی جیاوازبوونە لەو. یەعنی نوێبوونەوە ئەوەیە کە لە خۆت جیاوازبی و نوێ ئەوەیە کە لەو جیاوازبی. بۆیە هەر لەڕێوە واز لە (نوێ)کە بێنەو ئەمەیان بۆ یەکێتی ناشێ. چونکە "بە ناوەڕۆك" یەکێتی نوێ نیەو هەمان مەعدەنی کۆنەکەیە کە پارتییە. بە تەمەنیش نوێ نیەو دوای ئەو دنیایەك حیزبی تر لەدایکبوون. یەعنی یەکێتی بەهیچ جۆرێك لە ساحەی نوێبووندا نیەو ئەوەی هەیە تەنیا ساحەی نوێبوونەوەیەو هەنێ شتی ڕووکەشییە. ئەوەشی کە بۆ کۆمەڵگای ئێمەو بۆ یەکێتی خۆشی گرنگە، نوێبوونە نەك نوێبوونەوە! "نوێبوون" بۆ یەکێتی و بۆ هەر حیزبێکی تری ئێمە، مەسەلەی فکرو ئایدۆلۆژیا نیە. سۆسیال دیموکرات و ییزم و ییست و و چەپ و ڕاست نیە.. بەڵکو تەنیا مەسەلەی دزی و نادزییە. چونکە تازە بمانەوێ و نەمانەوێ، دزی بووە بە جەوهەری حیزبایەتی ئێمەو نوێبوونیش پەیوەندی بە جەوهەرەوە هەیەو یەکێتیش جارێ دەسکاری ئەم جەوهەرەی نەکردوە تا "نوێ" بێت! ئەوەی کە یەکێتی هەنێ گۆڕانکاریی لە هەیکەل و بەڕێوەبردنی حیزبا کردوە، ئەمە نە "نوێ"یە نە "نوێبوونەوە". چونکە شتەکان جگە لەوەی نوێ و جەوهەریی نین، تەنانەت لە شکڵیشدا نوێبوونەوە نین و کۆنبوونەوەو گەڕانەوەیە بۆ دواوە! ئاخر گەڕانەوە بۆ نەفەسی جەلالیی و مەلایی شەستەکان، کوێ ی نوێیەو کوێ ی نوێبوونەوەیە؟ ئاخر بە بنەماڵەییبوون و بە ئەمنییبوون، کوێ ی نوێیەو کوێ ی نوێبوونەوەیە؟ لەڕاستیدا ئەوەی کە لە ناوەڕۆکدا لە پارتی جیاوازبوو، کۆمەڵەکەی ئارامبوو. باڵەکانی تری یەکێتی تەنیا لە ڕووکەشدا لە پارتی جیاوازبوون. دەی بۆ بەدبەختی ئەوەی کە توایەوە کۆمەڵەبوو، ئەوەشی کە مایەوە، ئەوەبوو کە هەمان ماهییەتی پارتیی هەبوو! یەکێتی ئەبێ تێبگا، دروستکردنی گرژی لەگەڵ پارتی، حیکایەتێکی سواوەو نە نوێ دروستئەکا نە نوێبوونەوە، نە عەبایەکیشە چیتر "لێکچوونەکانی لە پارتی" ئەشارێتەوە! یەکێتی لە ئەساسەوە لێکچوویەکی پارتییەو بەدرێژایی ئەم ٤٥ساڵەش جیاوازی خۆی لەگەڵ پارتیدا کەمکردۆتەوە، بەڕادەیەك کە بووە بە پارتییەکەی تری گیانی ئێمە. جا ئەم "گاحەقیقەتە" لە پشتی نمایشی دژایەتی پارتییەوە ناشاردرێتەوە! لە دۆخی فەسادی سیاسییدا، نوێبوون تەنیا بڕێك ئەخلاقی سیاسییە، کە یەکێتی زۆر دوورە لەم جۆرە نوێبوونەوە،، چونکە فەسادی سیاسیی ئێمە، ئەگەر دوو کۆڵەکەی گەورەی هەبێ، دوای پارتی، یەکێتی کۆڵەکەی تریەتی، حیزبەکانی تریش وردە کۆڵەکەکان. "نوێبوونەوە" دادی یەکێتی و هیچ حیزبێکی تری ئێمە ناداو تەنیا "نوێبوون" دەرمانی ئەوانە. نوێبوونیش ئەوەنیە کە یەکێتی دژی پارتی بێت، نوێبوون ئەوەیە کە یەکێتی خۆی پارتییەکەی تر نەبێت! بەکورتی نوێبوونەوە تەنیا میکیاجەو نوێبوون تەنیا دزنەبوونە. ئاخر "دزبوون" کۆنی سیاسەتی ئێمەیەو نوێ تەنیا ئەوەیە کە سەر بەم کۆنە نەبێ. حیزبی ئێمەش کۆن و نوێیان هەموویان لە دزبووندا کۆنن و تەنیا بە دزنەبوون ئەتوانن ببنە نوێ.


بەشیر غەریب  زۆرێک لەگەڵ دەم ئەکەنەوە باسی بەدیل ئەکەن و ئەڵێن ئەمانە بڕۆن کێمان بەدەستەوەیە بەبەڵگەی ئەوەی بەدیلێک نییە بۆ شوێنگرەوەی ئەم دەسەڵاتە ، ( تێناگەم کاتێک دەسەڵاتێک دێت و ماوەی نزیکەی سی ساڵ بەشەڕی ناوخۆو لەناوبردنی لێشاوێک لە هاوڵاتیەکانی خۆی سەرقاڵ ئەبێت ، سەدان هاوڵاتی خۆی تەنها بەتۆمەتی جیاوازی بیروڕای سیاسیەوە بێسەروشوێن ئەکات ، یاساکانی وڵات ژێرپێ ئەنێت و بەتەواوی مانا گوزەران و ژیان وگیرفانت داگیر ئەکات ، هەڵدەسێت بە نانەوەی فیتنەو بێئەندازە دروستکردنی کێشەی کۆمەڵایەتی و خێزانی بە دامەزراندنی چەندەها میدیای بێڕەوشتی و چەواشەکارو سێبەر ، تەواوی پرسەگرنگە نەتەوەیی و چارەنوسسازەکان پەک دەخات و ناکۆکی و دوبەرەکی و چاندنی ڕق و کینە لە ناو ناخی تاکی کورددا بەرامبەر بەیەکتر دروست ئەکات ، هەیبەتی کورد و پێشمەرگە لە ئاستی دونیای دەرەوەدا لەکەدارو سوک ئەکات ، سەدان هەزار مرۆڤی دڵسۆزی گەل و خاک بەهۆی سیاسەتی چەپەڵ و دوژمنکارانەی خۆیە دەربەدەر ئەکات ، پەروەردەو خوێندن و فێرکردن هەر لە باخچەی ساوایانەوە هەتا خوێندنی باڵاو زانکۆ پەک ئەخات و ڕیسوای ئەکات و یاری و قومار بەئێستاو ئایندەتەوە ئەکات ، تەواوی سەروەت و سامانی گەلەکەی بەتەواوی توانای خۆیەوە  ئەدزێت و تەنانەت قەرزدارکردنی هاوڵاتیەکانیشی ، چەتەیی و گیرفانبڕینی هاوڵاتیەکانی بە باج و سەرانە بەڕێگای جیاجیا و فەرهودکردنی سامانی ژێرزەوی و سەرزەوی ، چەندان مرۆڤی نوخبە و دەستەبژێر و چاکەخواز و ئازادیخواز ترۆر ئەکات ، گەروی مەلاو ڕۆژنامەنوسەکانی پڕئەکات لە فیشەک ، سامانێکی بێشوماری ناشەرعی بەدزینی مافی هاوڵاتیەکانی پێکەوەدەنێت و لە بەرامبەردا دروستکردنی ژێرخانێکی ئابووری بەتاڵ ، کەسایەتیە گەورەو ڕەسەنەکانی کورد سوک و بێبایەخ پیشان ئەدات و  لە بەرامبەردا گەورەکردن و بەڕەمزکردنی کۆمەڵێک مرۆڤی بچووک سیاسەتێتی ، هەتا ئێستا لە بەرامبەر بەڕێوەبردنی هەرێمێکی بچووک گەورەترین شکستی خواردووە نەیتوانیوە تا ئێستا خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان دابین بکات و توشی شەرمەزاری بووە ..... هتد ) تۆ بێیت و باسی بەدیل بکەیت ، ( لەگەڵ ئەوەی هەموو کات بڕوام وایە کۆمەڵگەی ئێمە هێشتا مرۆڤی شەریفی تێدا ماوە ) بەڵام بۆ لەناوبردنی دەسەڵاتێکی چەپەڵی لەم شێوەیە مرۆڤ نابێت بیر لە بەدیل بکاتەوە ، درۆیەکی شاخدارە ناکۆکی و ڕەخنەگرتنی بەتایبەت ئەو حزبانەی کە لەناو گاڵتەجاڕی بەناودەسەڵاتدان درۆیەکی شاخدارە ڕەخنەی ئەم کابینە ، ئەمانە ڕاست ناکەن ( یەک مەعدەن و یەک پاکێجن ) !  ئەوەی ئەمانە بەسەر ئێمەیاندا هێناوە دوژنمن بەدوژمنی خۆی ئەگەر زۆر داخ لەدڵ بێت هەرئەوەنەی پێ ئەکرێت ! ئەسڵەن دوژمن کێیە ؟ کاتێک ئەمانە دەستیان لەگەڵ هەموویان تێکەڵە !  ئیدی ئیشم بە بەدیل چییە و گومانم لەچی هەبێت ؟  


ساڵح ژاژڵه‌یی بەڕێز مەسعود بارزانی، هەرێمی كوردستانی خستە گەمەی ئەسپی دۆڕاوەو بەوهۆیەوە نیوەی زیاتری خاكی كوردستانمان لەدەستدا. هەمولایەك ئاگاداری ئەو ڕاستییەن كە ئەو بڕیارە تەنها بڕیاری مەسعود بارزانی خۆی بو بەپشتیوانی گروپێكی ناو یەكێتی و هیچ پشتیوانییەكی نێودەوڵەتیمان نەبو. ئەمریكا هاتە سەرخەت و داوای كرد بۆ یەك ساڵ ڕیفراندۆم دوابخەن و ئەوان ئامادەن نێوەندگیری بكەن و كێشەكانی نێوانیان لەگەڵ بەغدا چارسەر بكەن. بەڵام مەسعود بارزانی داواكەی ڕەتكردنەوە. ئێران بەئاشكرا دژایەتی خۆی بۆ ڕیفراندۆم ڕاگەیاند بەڵام مەسعود بارزانی گویێ بۆ نەگرتن.  لەسەر ئاستی ناوخۆش بەگشتی هاوڵاِتیان دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بون چونكە لای هەموان ڕون و ئاشكرابو، كە كاتەكە گونجاو نییەو سەركەوتن بەدەستنایەت، تەنها مەسعود بارزانی خۆیی و گروپێكی ناو یەكێتی سوربون لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم. تۆ سور بزانیت هیچ پشتیوانییەكی نێودەوڵەتی و ناوخۆییت نەبێت. تۆ زۆر باش بزانیت ژێرخانێكی ئابوری بەهێزت نەبێت و ئەگەر ئێ ران و توركیا سنورت لەسەر داخەن، توانای خۆڕاگری تەنها مانگێكت نییە. تۆ بزانیت پاشەكەوتی موچەی مانگێكت نییەو بەدەمی خۆشت هاواردەكەی توكی سەرت قەرزە. تۆ خۆت بەدەستی خۆت سامانی ژێرزەوی و سەرزەویت تاڵان فرۆش كردبێت. تۆ باش بزانێت هێزێكی پێشمەرگەی تۆكمەو خاوەن چەك و پێداویستی و مەشق پێكراوت نییە. تۆ باش بزانیت هێزەكەی خۆت زۆر نابەرابەرە لەڕوی ژمارەو چەك و پێداویستییەوە لەگەڵ هێزی بەرامبەرت. تۆ خۆت باش بزانیت تا ئێستا هێزێكی پێشمەرگەی یەكگرتوت نییەو مێلیشیای حیزبیت هەیە. تۆ پێشوەخت بەشێكی زۆری هەرێمی كوردستانت تەسلیم بە توركیا كردوەو چەندین بارەگای سەربازی و بنەكەی جاسوسی میتی توركی لێ دانراوە. تۆ خۆت باش بزانێت كە هێزی ئێرانی هاوكاری حكومەتی عێراقی دەكەن و كەسێكی وەكو قاسمی سلێمانی خۆی هاتۆتە ناو هاوكێشەكەوە. لە هەموی گرنگتر ئەوەیە عێراق بڕیاری داوە بەهەر نرخێك بوە، كەركوك بگرێتەوە. كەواتە بە چ عەقڵیەتێكەوە ڕیفراندۆم دەكەی؟ ئەگەر كەسێك كەمێك هوشیاری سیاسی هەبێت چۆن بڕیاری ئاوا چارەنوسساز دەدات و ئایندەی وڵات و میللەتەكەی دەخاتە قومارێكەوە كە خۆشی زۆر باش بزانێت پێشوەخت دۆڕاوە. كەواتە ئەوپەڕی ئەحمەقییە شەڕ بكەی، ئەوپەڕی ژیرییە خۆت لە شەڕ ِبەدور بگریت. كەواتە با پرسیار لە خۆمان بكەین چی وای لە مەسعود بارزانی و هاوئاوازە ڕیفراندۆمچییەكانی ناو یەكێتی كرد ئەو بڕیارە بدەن؟ بە بۆچونی من هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ: 1-مەسعود بارزانی بەئاگاداری نوێنەری ئەمەریكا ئیمزای كردبو كە شەڕی داعش تەواوبو، ئامادەیە لەو ناوچانە بكشێتەوە كە بەهۆی شەڕەوە دەكەونە ژێر دەستیانەوە بە شاری كەركوكیشەوە. لەبەرامبەر ئەوەشدا بڕی‌ 400 ملیۆن دۆلاری لە بەغدا وەرگرتوە. ئەوە قسەی عەبادی خۆیەتی. كەواتە مەسعود بارزانی بۆیە ڕیفراندۆمی ئەنجامدا، بۆ ئەوەی مەسەلەی وەرگرتنی ئەو پارەیەو فرۆشتنی كەركوك لەبیر خەڵك بباتەوەو خۆی وەكو پاڵەوان پێشان بدات. 2- پارتی هەرگیز پێگەیەكی بەهێزی نەبوە لە كەركوك و دەوروبەری. ئەو لایەن گرانەشی هەیبون بەهۆی دامەزراندنەوە بوە وەكو بندیوار. بەوهۆیەوە پارتی لە كەركوك هەمیشە خەریكی كاری تێكدەرانە بوە. ئەوان بونە هۆكاری ئەوەی دو ئاسایش و دو هێزی پێشمەرگەی جیاوازو دو بەرنامەی خوێندن هەبێت. ئەمانەش هەمیشە هۆكاری نا سەقامگیری بون لە كەركوك.  كەركوك هەمیشە قەڵایەكی بەهێزی یەكێتی بوە. فەلسەفەی بنەماڵەی بازرانیش ئەوەیە : ئەگەر شۆڕشیان بۆ نەكرا، ناهێڵن لە بری ئەوان كەس شۆڕش بكات و ئەگەر كەسێكیش شۆڕی كرد ئەوان دەیڕوخێنن. ئەمەشیان بە كردەوە ئەنجامداوە. ئەوان دەڵێن ئەگەر ماستێك بۆئێمە نەبێیت با خۆڵی تێكرێت.  لە ڕوانگەی ئەم فەلسەفەیەوە ڕیفراندۆمی ئەنجامدا. ئەگەر سەركەوت دەبێتـە پاڵەوانی نیشتمانی و. ئەگەر سەریش نەكەوت، كەركوك و زۆرینەی ناوچە كێشە لەسەرەكان كە قەڵەم ڕەوی یەكێتین لە دەستی دەدەن.  كەواتە مەسعود بارزانی ئەگەر باران ببارێت ئاشی دەگەڕێت و ئەگەر باران نەبارێت جوتی دەگەڕێـت و ئەو هەر مسوەگەرە. مەسعود بارزانی چۆن توانی ڕیفراندۆم ئەنجام بدات لە كاتێكدا نە پشتیوانی دەرەكی و نە پشتیوانی ناوخۆیشی نەبو؟  مەسعود بارزانی باش ئەوەی دەزانی بەبێ بەشداری یەكێتی ڕیفراندۆمی بۆ ئەنجام نادرێـت بە تایبەتی كە كەركوك بنكەی بە هێزی یەكێتییە. مەسعود بارزانی توانی سود لە ناكۆكیەكانی ناو یەكێتی وەرگرێت. ئەویش عاقڵانە ئەو هەلەی قۆستەوەو بۆشاییە بچوكەكانی كردە دەلاقەیكی گەورەو كارێكی وای كرد ڕیگای دو سایدی لە نێوانیاندا دروست كرد. ڕێكەوتنی نێوان یەكێتی و گۆڕان، كە بە ڕێكەوتنی دەباشان ناسراوە، پارتی نیگەران كردبو.  هەندی كەسیش لەناو یەكێتیدا بە كۆنە قینی ڕابوردوی بەرامبەر بە كاك نەوشیروان و هەندێكی تریش لە ڕوانگەی ئەوەی بەرژەوەندی دارایی زۆریان هەیەو هەموی دەكەوێتە سنوری پارتییەوە، كەوتنە گەڕ و مەكتەبی سیاسی یەكێتیان لە پارتی نزیك كردەوەو لە گۆڕانیش دور كەوتنەوە. تەنانەت كار گەیشتە ئەوەی هەڕەشە لەو بەرپرسە كەركوكیانەش بكرێت كە دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمن. باسی ئەوەش كرا كە پارتی بڕێك پارەی داوە بە هەندێ كەس لەوانەی سەركردایەتی یەكێتییان لە پارتی نزیك كردۆتەوە. بەڵام كۆمەڵێكیش لە ناو یەكێتی هەبون كە دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بون. ئێستا كاتی ئەوە هاتوە بزانین خیانەتكاری ڕاستەقینەی 16 ئۆكتۆبەر كێن؟. كاتێك ڕیفراندۆم ئەنجامدرا، زۆرینە لەگەڵ ڕیفراندۆم بون. كاتێك ئەنجامەكەی خراپ بو كەركوك گیرایەوە، كۆیلەكانی پارتی كەوتنە لێدوان گوایە سەرۆك بۆ جیابونەوەی هەرێمی كوردستان ڕیفراندۆمی نەكردوە. باشە ئەگەر بۆ جیابونەوەو سەربەخۆیی نەبوە، یۆچی ئەم كارەساتەت بەسەر ئەم میللەتە هێناو نیوەی زیاتری خاكی كوردستانت لە دەستدا ؟ ئەگەر میللەتی كورد نەگبەت نەبێـت خاوەنی سەركردەی ئاوا دەبێـت خۆشی نەزانێت بۆچی ڕیفراندۆمی كردوە؟؟. لە 16 ئۆكتۆبەردا هێزەكانی سوپاو حەشدی شەعبی بە هاوكاری ئێران و ئامادەبونی قاسمی سلێمانی، هێرشیان دەست پێكرد لە دەڤەری توزخزرماتوەوە. سەرەتا هێزەكانی پێشمەرگە بەرگرییەكی قارەمانانەیان كرد، بەڵام كە زانرا ناتوانن بەرگری بكەن و هێزی پێشمەرگە توشی كارەسات دەبێت، بڕیاردرا شەڕنەكەن و بەبێ شەڕ كەركوك چۆڵ بكەن. جگە لەوەی ژمارەیەك پێشمەرگە بونە قوربانی هەمو كوردانی توزخورماتو توشی ماڵ وێرانی و دەربەدەری و شەهێدبون و سوكایەتی پیكردن بون. لەو كاتەوە مەسعود بارزانی و هاوئاوازە ڕیفراندۆم چییەكانی ناو یەكێتی دەستەواژەی گروپی خیانەتكاری 16 ئۆكتۆبەریان بەسەر ئەوانەدا بڕیوە كە بڕیاری پاشەكشەیان داوە. مەسعود بارزانی ئەوەی كردۆتە كراسەكەی عوسمان و هەمیشە ئەوە وەبیر كەركوكیەكان دێننەوە كە ئەوگروپی خیانەتكارانە بونە هۆكاری ئەو كارەساتە. ئەگەر ئەو گروپە بۆ  دەسكەوتی خۆیان بڕیاری پاشەكشەیان دابێت و ئەوەیان زانیبێت دەتوانن بەرگری بكەن، منیش سەد جار هاوڕام ئەو ناوەیان بەسەردا ببڕێـت. بەڵام پێشتر زانراوە كە هێزی پێشمەرگە لە هەمو رویەكەوە، لە ئاستی گەورەیی ئەو شەڕەدا نییەو بەغداش بڕیاری داوە بە هەرنرخێك بوە دەبێ كەركوك بگرێتەوە. كەواتە لە كاتێكی ئاوادا شەڕكردن، واتە خۆكوشتن.  لە حاڵەتێكی ئاوادا لەوە عاقڵانەتر نییە پاشەكشە بكەیت و هێزەكەت و میللەتەكەت لە شەر ِلادەی. شارەكە لە وێران بون بپارێزی و شەڕی خۆتڕێن نەكەی بەبی َعاقڵی ؟. بە بۆچونی خۆم باشتر وابو هەر لەسەرتاوە شەڕیان نەكردبایە. ئەو كات نەكەس شەهید دەبو، نە توزخورماتو وێران دەبو. هەموشمان ئەو ڕاستییەمان دەزانی ئەگەر هەر شەڕ بەدەوام بوایە زۆرینەی پێشمەرگەی یەكێتی شەهید دەبون چونكە لە بەرەەی پێشەوەی بەرەی شەڕەكەدا بون. ئەوانەی پارتیش پاشە كشەیان دەكرد. ئەو كوردانەی ئێستا لە دەڤەری خانەقین و جلەولاو ناوچەكانی كەركوك شەهید دەكرێن، و دەربەدەر دەكرێن و دەغڵ و دانیان دەسوتێنن، لە نەبونی پێشمەرگە ڕو دەدات لەو ناوچانە. ئەوەش لە ئەنجامی ڕیفراندۆمە فاشیلەكەی مەسعود بارزانی و كروپە هاو ئاواز و ڕیفراندۆم چییەكانی ناو یەكێتی سەر بە مەسعود بارزانی ڕودەدەن. ئەی پێش ڕیفراندۆم گوێتان لە مەسعود بارزانی نەبو دەستی بەرز دەكردەوەو دەیفەرمو، بەقسەی كەس ناكەم و هەرچی ڕو بدات خۆم بەرپرسیارم.  ئەوەتا مەسعود بارزانی و هاو ئاوازەكانی بە چاوی خۆیان دەبینن چییان بە سەر ئەم میللەتە هێناوە، بابزانین خۆی و هاو ئاوازەكانی كە لایەنگری ڕیفراندۆم بون چی بۆ ئەو خەڵكە دەكەن ؟.  ئەوەتا لە ئێستادا لە كەركوك بە بەرنامە تەعریب دەستی پێكردوە. ئەگەر كەمێك ویژدانتان هەبوایە، كەمێك خۆشەویستیتان بۆ نیشتمان هەبوایە، دەبوایە خۆتان بكوشتایە لە بەرامبەر ئەو كارەساتەی بەسەر كەركوك و توزخورماتو و ناوچەكانی ترتان هێناوە.  مەسعود بارزانی  سەری ئەو گروپەی ناو یەكێتی تاشی كە بونە پشتیوانی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندوم و كڵاوی كردە سەریان و ئاوێنەشی دایە دەستیان. باشە مەسعود بارزانی ریِفراندۆمی لە چی و ڕێگریكردن لە دانانی پارێزگارێكی كورد لە كەركوك لە كوێ‌؟. خەڵكینە باش بیری لێ بكەنەوە ئەمە لەمەتەڵ دەچێت. یان ئەم سەرۆكە نەخۆشی دەرونی هەیەو ئێمە پێمان نەزانیوە. كەسێك هوشیار بێت چۆن  شتی لەو شێوەیە دەكات. باشە ئەگەر مەسعود بارزانی بۆ گێرانەوەی كەركوك ڕیفراندۆمی كرد، بۆچی لە ئێستادا ڕێگا نادات پارێزگارێكی كورد لەسەر پشكی یەكێتی دانرێت. هیچ نەبێ لەبەرخاتری ئەوانەی ناو یەكێتی كە لەبەر خاتری ئەو یەكێتییان خستە ناو ئەو گەمە دۆڕاوەو هەمو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆشیان بەدەستی خۆیان لە دەستدا. مەسعود بارزانی لە ر ِێگای ئەو سیناریۆیەوە كە نەخشەی بۆ دانابو توانی ناكۆكی بخاتە ناو سەركردایەتی یەكێتی و تەنانەت دوای ئەنجامدانی كۆنگرەش ناكۆكیەكان هەر بەردەوامن. لە ئێستا كە پارتی و بنەماڵەی بارزانی  ناوی گروپی خیانەتكاری 16 ئۆكتۆبەر دەهێنن، هاو ئاوازەكانی بارزانیش لەناو یەكێتیدا زۆریان پی َخۆشەو بە حسابی خۆیان ئەوان دڵسۆزی ڕاستە قینەن.  سەیركەن چۆن پارتی هێزێكی ناردە زینوی وەرتی بۆ پەلكێش كردنی سوپای تورك بۆ سەر پەكەكەو لەو كارەشی دا كڵاوی كردە سەر یەكێتی و بە وەزیرەكەی یەكێتی ئەو كارەی كرد و كەسیش ناتوانێت ڕەخنە بگرێت.  بە بۆچونی من ئەگەر باسی خیانەت بكرێت، لەم كارەساتەدا، بەم شێوەیە : تاوانبار و خیانەتكاری ڕاستە قینە مەسعود بارزانی خۆیەتی كە گوێی بۆ كەس نەگرت.  بەڵام گروپی ڕیفراندۆمچی و هاوئاوازەكانی مەسعود بارزانی لەناو یەكێتیدا، ئەگەر لە مەسعود بارزانی زیاتر تاوان بارتر نەبن، كەمتر نین. چونكە ئەگەر ئەمانە یەكێتیان ڕانەكێشایە ناو ئەم گەمە دۆڕاوەوە، مەسعود بارزانی نەیدەتوانی بە بێ یەكێتی ڕیفراندۆم ئەنجام بدات.  ئەوەشی كە ئەو گروپە ئەنجامیان داوەو فەرمانیان بە پاشەكشە داوەو لەگەل سوپای عێراقی ڕێك كەوتون و مەسعود بارزانی زاراوەی گروپی خیانەتكاری 16 ئۆكتۆبەری بەسەردا بڕیون، ئەنجامی ڕیفراندۆم بوەو لە ناچاریدا ئەوە كراوەو بەلای منەوە كارێكی زۆر باشیان كردوە. كەواتە لە ئێستادا  بۆ هەموان ڕونە كی َخیانەتی كردوە. تۆ ڕیفراندۆم بكەی بە تایبەتی بۆ گێڕانەوەی كەركوك. بەڵام كەركوكت لە دەستدا. بەڵام ئێستا بەغدا ئامادەیە پارێزگارێكی كورد دانێت، بەڵام بارزانی ڕازی نییە. خۆتان سەر پشك بن و پێناسەیەك بۆ ئەم سەرۆكە بدۆزنەوە چونكە بەدەگمەن شتی ئاوا لە جیهاندا ڕودەدات.


د.هەردی مەهدی میکە بە وردبوونەوە لە مێژووی ئێستا و دوێنێی نزیک و دووری کوردستان و کۆمەڵگە و شوناسەکەی، ڕاستینەیەک بەدیدەکرێت کە "گوتاری مانەوە و ژیانکردن"ی کورد بەهێزییەکی بێوێنەی هەیە و ڕۆڵ و خەباتی بێووچانی بۆ کێشاوە، بەڵام بە هەمان ئەندازەش لە "گوتاری باشتر مانەوە و ژیانێکی باشتر"دا کەمتەرخەمی نواندووە و کایەیەکی کارتیانەکراو و بیرلێنەکراوە بووە بە ڕادەی فەرامۆشکردن، بە جۆرێک لەبری خەونی مەزن و ڕۆڵبینین و خەبات بۆ هەڵبژاردنی ئایندەیەکی باشتر، زۆرتر خۆی تەسلیمی واقیعی داباریوو و داتەپیوو بەسەریدا و گێڕانەوە مێژووییەکانی سەردەستەکان و ڕۆژهەڵاتناسان و ئەوانی دیکە کردووە و لەناو چارەنووسی بۆدیاریکراویدا گوتاری مانەوەی هەڵبژاردووە و کەمتر کاری بۆ گۆڕین و دنیایەکی باشتر کردووە و خۆی بۆ کۆنەکردووەتەوە. ئەوەتا دەبینین سەرەڕای داگیرکردن، چەوساندنەوە، پەتای سیاسیی و سروشتی و ستەمی بەردەوامی دراوسێکانی، بەڵام توانای مانەوە و پارێزگاریی شوناسی کەموێنە بووە، بەڵام هەمانکات لە ناو مێژوویەکی نەخوازراو و پەرتەوازەییەکی سیاسیی و بێکیانیەکی دوورمەودادا گیری خواردووە. ئەڵبەت دەبێت دانی پێدا بنێین کە گوتاری یەکەمی کوردستانیان خاڵی بەهێز و گوتاری دووەمیان خاڵی هەرە لاوازی کۆمەڵگەی ئێمەیە. "ئایندەکان" بەسەر مرۆڤدا نەباریوون، مرۆڤەکان لە چوارچێوەی ململانێی شوناسەکان و کۆمەڵگەکاندا ئاراستەیان کردوون و دەیانکەنە چارەنووسی خۆیان، مرۆڤ و کۆمەڵگە؛ وەک چۆن ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لەو چالاکی و شارستانێتیانەی لە ڕابردوودا بونیادی ناوە، دەتوانێت لە هەڵبژاردنی ئایندەکانیشدا ڕۆڵی هەبێت، لەوەش گرنگتر دەتوانێت لە تێگەیشتنی باش لە ڕابردوو و ئێستا و جیهانبینیەوە، ئایندەیەکی باشتر فەراهەم بکات. هەر بۆیە مرۆڤ و مرۆڤایەتی وەک چۆن بەرپرسیارە لە مێژووەکەی، ئاوا لە سازاندنی ئایندە و هەڵبژاردنی ئایندەکاندا ڕۆڵ دەگێڕێت و بەرپرسیارە. لێکۆڵینەوە ئایندەییەکان و بە سوودوەرگرتن لە میتۆدە نێوپسپۆڕییەکان  و چەندپسپۆڕییەکان، بوارێکی فراوان و کاریگەری نێو دنیای تێگەیشتن لە ڕابردوو، ئێستا و ئایندەیان پێکهێناوە، ئەگەرچی لە ئاست بەژن و تەمەنی لێکۆڵێنەوە مرۆییەکان و لێکۆڵینەوە سرووشتییەکاندا، بەژن کورتە، بەڵام لەبەر دوو هۆکار نەتوانرا فەرامۆش بکرێن: یەکەم، بەشدارییەکی کارایان نواند لە فەراهەمکردنی سیناریۆسازیی و ئایندەناسیی (نەک ئایندەبینی و پێشبینی غەیبیانە) بۆ بریاردانی ئەمڕۆیی و چالاکییە ئایندەییەکان و خستنەڕووی هەل و هەڕەشە و بەرچاوڕوونی بۆ دەزگای سیاسیی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان بە تایبەتی و کۆمەڵگە بە گشتی. دووەم لێکۆڵینەوە ئایندەییەکان لەسەر باڵای  بە ئەزموونی زانست و لێکۆڵینەوەکانی دی گەشەیان کرد و لەسەرشانی ئەوان دانیشتن، بەمەش باڵا و دنیابینیان ئاسۆی فراوانتر و ڕوونترە بۆ تێگەیشتن لە گریمانەکردنی هەل و مەترسیی و ئایندەی شارستانێت و کۆمەڵگەکانی مرۆڤایەتی، بەوپێیەی لێکۆڵێنەوەکانی ئایندەناسی لێکۆڵینەوەکانی پێشتر و پسپۆڕییەکانی دیکەی فەرامۆش ناکەن و بە تێئاخنینی ئەزموون و میتۆدەکانی وان و چەند ڕەهەندکردنی ڕووماڵەکانی کێڵگەکانی توێژینەوەی بە لێکۆڵینەوە مرۆیی و سرووشتییەکان وەک زانستەکانی دیکە یەک ڕەهەند و جیا نەمایەوە و پێکەوە لە کەشکۆڵێکدا بۆ تێگەیشتن، جیهانی ڕابردوو و ئێستایان بە ئایندەناسییەوە گرێدا و تێکەڵ کرد. بەمشێوەیە بوو هەرزوو دنیای نوێی لێکۆڵینەوەکان و ئەو دەزگا و دەوڵەتانەی پێویستیان بە تێگەیشتن بوو لە ئایندەدا و دەیانەویست دنیایەکی باشتر بونیاد بنێن، نەیانتوانی فەرامۆشیان بکەن و ئێستا لێکۆڵینەوەکانی ئایندە بەشداری کاران لە هۆبەکانی بڕیاری ستراتیژی، سیاسەت و سیاسەتمەدار و مەتبەخی سیاسەت و ئابووری و ..تاد دا پێگەی کاریگەریان هەیە و خۆیان خزاندوەتە پێگەیەکەوە کە بەشداری قووڵی پرۆسەکانی بڕیاردان و ئاراستەکردنی سبەینێ و ئایندەناسیدا دەکەن. گۆڤاری ئایندەناسی دەیەوێت بەردی گۆشەیەکی بونیادنانی سبەینێیەکی باشتربێت بۆ تاک و کۆمەڵگەی کوردستان، بە توێژینەوە و بابەتەکانی بەشداربێت لە دنیابینی و خستنەڕووی سیناریۆ و ئایندەکان و پێگە و ئەرکی کوردستان لەو نێوەندەدا ڕوون بکاتەوە، دەیەوێت ڕۆڵی هەبێت لە ڕوونکردنەوەی مەترسی و هەل و هەڕەشەکانی بەردەم و سەر هەرێم و ناوچەکە و جیهان. گۆشەیەکی ئەو پردەش بێت لەنیوان دوێنێ و ئەمڕۆ و ئاراستەکردنی ئایندەی کۆمەڵگەکەیدا بەشداری هەبێت. بەشدار بێت لەوەی خەونە مەزنەکان بکاتە خەمی گشتی و لە چوارچێوەی توێژینەوە و دنیای عەقڵانی و پرۆسەکانی لۆژیکییەکاندا تاوتوێ بکات و گریمانە و سیناریۆ پێویستەکانی بۆ دەستەبەربکات و ئاستەنگەکانیان بخاتەڕوو. لەبەر ئەم ئامانجانە، گۆڤاری ئایندەناسی دەست بە وەشاندن دەکات، ئەرکی گرنگی دانە بە لێکۆڵینەوەکانی ستراتیژی و ئاییندەیی بە تەوەرێتی و گرنگیدانی بە کوردستان و هەرێمایەتی و دۆخی نێودەوڵەتی پەیوەست بە ناوچەکەوە بە ئامانجی تێگەیشتن لە ئێستا و ئایندەی وەرچەرخانە جیهانیی و هەرێمییەکان و کاریگەرییان لەسەر کوردستان، بواری توێژینەوەی بریتی دەبێت لە سیاسەتڕێژی کورتمەودا و دورمەودای کوردستانی، شرۆڤەی سیاسەتی وڵاتانی هەرێمایەتی، توانای ئێستا و ئایندەیی سەربازیی و سیاسیی وڵاتان، هەل و هەڕەشەکان، توانا و نەرمەهێز و سەختەهێزی هەرێم و هەرێمایەتی، ئاستەنگ و هۆکار و ڕێکارەکانی بە دامەزراوەییکردنی دەزگاکانی سیاسەت، یاسادانان، میریی و توانا بەرگرییەکان...تاد. هەر بابەتێکیشی لە خۆگریی گریمانە و سیناریۆی ئاییندەیی دەبێت. میتۆدی کارپێکراوی توێژینەوەکان بریتی دەبێت لە بەکارهێنانی میتۆدەکانی چەندپسپۆڕێتی (Multidisciplinary ) و نێوپسپۆڕیی (Interdisciplinary)، بە سوودوەرگرتن لە زانست و لێکۆڵینەوە هاوچەرخەکان، لە ڕێگەی بە پشتبەستن بە زانیاریی و ئاماری نوێی ناوچەیی و جیهانی و دەوڵەمەند بە گرافیک و چارت ئاماریی. •    سەروتاری گۆڤاری ئاییندە ناسیە كە ژمارە یەكی ( ئایاری 2020) دەرچووە.  


دانا حەمەعەزیز    دوێنێ دۆناڵد ترەمپ پەیوەندیەکانی ئەمریکای لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی WHO پچڕاند و، بڕیاریدا تەواوی پشتیوانیە داراییەکانی بۆ ئەو ڕێکخراوە بوەستێنێ کەساڵانە زیاتر لە ٤٠٠ ملیۆن دۆلارە. دوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا،  سەرۆکی ئەمریکا ڕەخنەی توندی لە WHO گرت بەوەی شەفاف نەبوە و لەکاتی خۆیدا جیهان و ئەمریکای لە گەورەیی مەترسیەکانی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە  ئاگادار نەکردۆتەوە. ئەم بڕیارەی ترەمپ، هاوکاتە لەگەڵ هێرشەکانی بۆسەر چین بەتۆمەتی ناشەفافی و شاردنەوەی کەلێنەکانی دزەکردن و بڵاوبونەوەی کۆرۆنا. هاوکاتیشە لەگەڵ پچڕاندنی  پەیوەندیە تایبەتیەکانی ئەمریکا لەگەڵ هۆنك کۆنگ بەهۆی دەستێوەردانە ئەمنیەکانی چین لە کاروباری ئەو هەرێمە و لەقاڵبدانی دیمۆکراسی و تێکدانی سیستەمە تایبەتەکەی.   دەسبەرداربونی ئەمریکا لە WHO، کاریگەریی خراپ لەسەر تواناکانی ئەو ڕێکخراوە بەجێئەهێڵێ بۆ پاراستنی تەندروستی کە خەمی هاوبەشی مرۆڤایەتیە، بەتایبەتیش لەم کاتەدا کە ئەرکێکی گەورە کەوتۆتە سەرشانی ڕکخراوەکە و زۆر لە وڵاتە هەژارەکانی دنیای سێ پشت بە کۆمەکە دارایی و تەندروستیەکانی ئەبەستن.  هەرچەندە دوای ئەمریکا، ژاپۆن و ئەڵمانیا و بریتانیا و فرەنسا  پشتیوانی سەرکی ئەم ڕێکخراوەن، بەڵام بێگومان ئەم بڕیارەی ترەمپ لەم کاتەدا، تەندروستی گشتی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دوچاری مەترسی گەورە ئەکاتەوە و ڕەنگە کارەکانی لە ئایندەیەکی نزیکدا بوەستێنێ، یان لە باشترین حاڵەتیدا ئەشێ هەژمونی وڵاتێکی ناتەندروست و ناشەفافی وەك چین بەسەر ئەم  ڕێکخراوە گرنگەی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە زیاد بکا و، ڕۆڵی ئەمریکا وەك گەورەترین سەرمایەی ئابوری و زانستی سەر زەوی، لە سەرکردایەتی کردنی جیهان بەتاڵکاتەوە. 🔹ڕێکخراوی   WHO 🔹نیسانی ١٩٤٨ دامەزراوە. 🔹ساڵی ١٩٥١ دەست بەکاربوە. 🔹یەکێکە لە ڕێکخراوە گرنگەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان. 🔹بارەگای سەرەکی لە شاری جنێڤ ی سویسرایە. 🔹شەش بارەگای دیکەی  ناوچەیی و ١٥٠ ئۆفیسی لە وڵات و شوێنە جیاوەزەکانی جیهان هەیە. ڕێکخراوی WHO  بەرپرسیارە لە تەندروستی گشتی نێودەوڵەتیی، ئامانجی سەرەکی  بریتیە لەدابینکردنی "بەرزترین ئاستی تەندروستی بۆ گەلان" .  کاریگەری زۆرباشی هەبوە لە ڕوبەڕوبونەوەی پەتا و ڤایرۆسە کوشندەکانی وەك  smallpox، مەلاریا، کۆلێرا، سیل، HIV و لەپێشخستنی ڤاکسینی ئیبۆلا دا ڕۆڵی گرنگی بینیوە. سیستەمی تەندروستی زۆربەی وڵاتە هەژارەکان پشت بە کۆمەکی ئەم ڕێکخراوە ئەبەستن. بودجەی ساڵی ڕابردوی WHO  نزیکەی چوار ملیار و پێنجسەد ملیۆن دۆلار بوە.


1 نه‌قیب هیوا دۆستێك هه‌واڵی ون بوونی زیاتر له‌ دوو ساڵی نه‌قیب هیوا وه‌هاب موشیری به‌وێنه‌كه‌یه‌وه‌ له‌ گروپی رۆژنامه‌نووسانی كه‌ركوكا بڵاو كرده‌وه‌ ، نه‌قیب هیوا سه‌ربه‌لیوای 16یه‌و یه‌كێتیه‌ ، خاوه‌نی شه‌ش مناڵه‌ ، رۆژی 17-12- 2017عه‌سائیبی ئه‌هلی هه‌ق ده‌یگرن و ده‌یبه‌ن بۆ باره‌گاكه‌ی خۆیان ، كامێرا به‌ وردی ئه‌مه‌ تۆمار ده‌كات ، دواتر خۆی و سه‌یاره‌كه‌ی ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ شوێنێكی نادیارو تا ئێستا ونه‌ ، ئه‌وانیش هاشا ده‌كه‌ن ، ئه‌مه‌ چیرۆكی پیاوێك گورگ خواردویه‌تی و باوكم دیار نیه‌م بیر ده‌خاته‌وه‌ ، ئاخۆ دوای دوو ساڵ زیاتر و له‌ بۆنه‌ی 45 ساڵه‌ی یادی حزبه‌كه‌یاندا یه‌كێتی ده‌توانن دڵی خانه‌واده‌كه‌ی نه‌قیب هیوا خۆش بكه‌ن ، یان ئه‌ویش ئاوه‌و ئاو چوو . 2 جۆرج فلۆید كوشتنه‌كه‌ی جۆرج فلۆید هه‌موومانی ئازاردا ، ئاخر ئه‌و ده‌لاڵێته‌وه‌ كه‌ ناتوانێ‌ هه‌ناسه‌ بدات ، ئه‌م كوشتنه‌و له‌ سه‌رده‌می كۆرۆناو تره‌مپا گه‌لانی ئه‌مه‌ریكاو دیموكراسیه‌ت ده‌خاته‌ به‌رده‌م دوو رێیانێكه‌وه‌ ، ئاخۆ ئه‌مه‌ هه‌روا تێده‌په‌ڕێت ، یان سبه‌ی پۆلیسه‌كه‌ به‌ بیانوی نه‌خۆشی ده‌رونی سزا ده‌درێت و چیرۆكه‌كه‌ كۆتای دێت ، بۆ گه‌لی زندوو مه‌حاڵه‌ ، سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ له‌م دوره‌وه‌ ده‌جاڵ و خوێنخۆرو بكوژێكی وه‌ك ئه‌ردۆغان فرمێسكی تیمساحی بۆ جۆرج ده‌ڕێژێت و بیری ده‌چێت رۆژ نیه‌ سه‌گه‌كانی ئه‌و كۆست نه‌خه‌نه‌ ماڵه‌ كوردێكه‌وه‌ له‌ باكورو باشورو رۆژئاوای كوردستان . 3 به‌ده‌ل به‌رواری گرتنی به‌ ده‌ل به‌رواری و به‌رنه‌دانی تا ئێستا ، ته‌نها له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی داوای مافی شایسته‌به‌ مرۆڤ و موچه‌ ده‌كات ، شه‌رمێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتی كوردی ، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه‌سێكی به‌ تایبه‌ت بۆ ئه‌وه‌ دامه‌زراندووه‌ ، وه‌ڵامی هه‌ر راپۆرتێكی نێو ده‌وڵه‌تی بداته‌وه‌ له‌ سه‌ر ره‌وشی مافی مرۆڤ له‌ كوردستان و ئیش و كاری ئه‌وه‌ بێت بڵێ‌ "كه‌س راست ناكات خۆمان نه‌بێت " به‌ده‌ل به‌رواری به‌ختی هه‌یه‌ كه‌ له‌ رۆژگارێكدا نه‌گیراوه‌ زۆر به‌ ئاسانی له‌ ناو بدرێت ، بۆیه‌ پێویسته‌ خه‌ڵكی دهۆك و بادینان ، ئه‌م رۆژگاره‌ بقۆزنه‌وه‌ بۆ داوای ئازادی بۆ به‌ده‌ل و هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌ ناهه‌ق سته‌میان لێده‌كرێت .


کاروان عەلی شامار زۆرێک لەوڵاتانی جیھان، بەتایبەت ئەوانەی کە ھەنوکە لەریزبەندی ھەرە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیھانن سەردەمانێک بە بارودۆخێکی پڕ لە ھەژاری و جەنگ و داگیرکاریدا تێپەریوون دواتر لەرێگەی ھەردوو سێکتەری پەروەردەو خوێندنی باڵاوە توانیویانە گۆرانێکی ریشەی لە دوبارە بنیاتنانەوەی وڵاتەکانیاندا بکەن. ئەزمونی ھەریەک لە وڵاتانی یابان و ئەلمانیا و کۆریای باشور ئاماژەیەکی رونە، کە لەدوای جەنگ و ماڵوێرانیەکی زۆر توانیان لەرێگەی سیستمی پەروردەوە بگەن بە ترۆپکی پێشکەوتن. واتە ئەوە پەروەردەبوو لەدوای جەنگێکی ماڵوێرانکەر توانی گۆرانێکی نەوعی لەو ولاتانەدا بھێنێتە ئاراوەو ھەنوکە بگەن بەو ئاستە لە پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی. حکومەتی ھەرێمی کوردستان و بەتایبەت کابینەی نۆیەم بەھۆی ئەوەی کابینەیەکی تەواو پۆلیسیەو ھیچ ماھیەتێکی نەھێشتۆتەوە بۆ شکۆی مامۆستاو  زانکۆکان، بەپلانێکی پێشوەختە سێکتەرە پەروەردەییەکانی تەواو بێبایەخ کردووە، رێگەنادا ناوەندە ئەکادیمییەکان ببن بە زادەی بەرھەمھێنانی خوێندکاری داھێنەر و پر مەعریفە. ئەم کابینەیە زانکۆی کردووە بە دەزگایەکی رواڵەتی و تەنھا بۆ بەخشینەوەی بروانامەو پاسیڤکردنی خوێندکار! سەرۆکی حکومەت و زۆرێک لە وەزیرەکانی کابینەی نۆ ھێندەی بە پێودانگی دەزگا ئەمنییەکان دانراون نیو ھێندە بەھۆی توانستی زانستی و ئەکادیمیەوە دانەنراون، کابینەی نوێی حکومەت بەشێوازێکی ناراستەوخۆ (ئایدۆلۆجیای بەرخۆریزمی) بڵاودەکاتەوەو تاکێکی بەرخۆر بەرھەم دێنێ لە زانکۆکاندا کە تەواو بەتاڵە لە زانست و بیرکردنەوەی رەخنەگرانەدا، فاکتی ترس لە روخانی کابینە میللیتاریەکەی، وایکردووە سەرۆکی حکومەت و تیمەکەی ھەرجارەو بەبیانویەک دەرگای قوتابخانەو زانکۆکان دابخەن لەبەرامبەدا دەرگای دەیان دامودەزگای پۆلیسی و داپڵۆسێنەر بکەنەوە! خولاصە، لەولاتانی پێشکەوتودا پەیوەندیەکی دیالێکتی پتەو لەنێوان زانکۆو کاربەدەستانی حکومەتدا ھەیە، زۆرجار بۆ روبەرووبونەوەی پێشھات و ئاڵنگاریەکان پشت بەراو سەرنجی مامۆستایانی زانکۆ دەبەسترێ، ھیچ ناوەندێک بارتەقای زانکۆو پەروەردە گرنگ نییە بۆ پیشخستنی زیاتری وڵات و چارەسەرکردنی قەیران و گرفتەکانی بەردەم حکومەتدا. بەئامانجگرتنی ھەردوو سێکتەری پەروەردەو خوێندنی باڵا لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە لە ساڵانی ئایندە لێکەوتەی زیاتر دەبێ، بەجۆرێک تەنھا بۆ قەرەبوکردنەوەی خوێندنی فەوتاوی ئەم چەن ساڵەی خوێندکاراندا پێویستمان بە دەیان ساڵە. ئەگەر حکومەت بەم میتۆدەی ئێستایی بەردەوام بێ لەبێئەرزشکردنی خوێندندا ئەوا کوردستان پاشەکشەیەکی گەورەی زانستی و ئەکادیمی بەخۆوە دەبینێ و لە دەرەنجامیشدا ئاستی زانستی و رانکینی زانکۆکانی خراپتر دەبێ بەبەراورد بە ئاستی زانستی دواکەوتوترین وڵاتانی جیھان.


     ئاسۆ حاجی گرەو کردن لە سەر هەولێر تازە نیە بەڵام ئەوە تازەیە دوو گرەوی جیای لە سەر دەکرێ،ژمارەیەک حیزب چاویان لەوەیە هەولێر بکەنە خاڵی وەستاندن و ترساندنی حکومەت و ساردکردنەوەی لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی یان لایەنی کەم حکومەت ناچار بکەن بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیە حیزبیەکانیان ئەو یاسایە جێبەجێ بکات،لەلایەکی دیکەشەوە حکومەت و پارتی کە زۆرینەی پەڕلەمان پؽکدەهێنێ و سەرۆکایەتی حکومەتی لایە دەیانەوێ هەولێر وەک دەنگ و نوێنەری خەڵکی کوردستان ئامادەیەکی کاریگەری هەبێت لە فشار دروست کردن بۆ جێبەجێکردنی یاساکە و بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێزگەلەی هەوڵ دەدەن داخوازی زۆرینەی خەلکی کوردستان و باشترین هەنگاو بۆ سنووردانان بۆ دیاردەی گەندەڵی و بە هەدەردانی سامانی گشتی و بردنی داهات و پارەی میللەت بۆ گیرفانی کادیرەکانیان کە بە ناهەق و نایاسایی موچەی حکومەت یان خانەنشینی پلەی تایبەت وەردەگرن بەبێ ئەوەی رۆژێک کارمەند و فەرمانبەری حکومەت بووبن. وەک هەولێر و شارەکانی دیکەی کوردستانیش لە بەردەم بەرپرسیاریێتەکی مێژووی و یەکلاکەرەوە دان لە سەرخستنی ئیرادەی خەڵک و شکستهێنان بە بەرەی گەندەڵکاران و موفت خۆرەکانی حیزبەکان بهێنن،یان ئەگەر ئەو بەرەیە سەرکەوت ئەوە ئامانجی چاککردنی باروگوزەرانی خەڵک و نەهێشتنی زێدەڕۆیی لەسەر داهاتی گشتی دەبێتە تەنها بەیت و بالورە و دەبی هەر بۆ یەکدی بیڵێینەوە. ئەو حیزبانەی کە هەوڵی رێگری کردن دەدەن لە بڕینی خانەنشینی نا یاسایی و نەهێشتنی دوو و سێ موچەیی،خەریکی کۆکردنەوە و هاندانی ئەو لەشکرەن لەو هەزاران هەزار کەسانەی بە نایاسایی موچە وەردەگرن و پلە و موچەی بەرزیان هەیە لە پەنای کۆمەڵێک دروشمی بەتاڵ،ئەو حیزبانە کە بە درێژایی سەری زمان و بنی زمانیان تۆمەتبارکردنی حکومەت بوو بە گەندەڵی و وایان نیشان دەدا کە پارتی رێگرە لە بەردەم چاکسازی،بەڵام ئێستا کە پڕۆژەی چاکسازی لە پەڕلەمان دەنگی لەسەر دراوە و حکومەت بڕیاری جێبەجێکردنی لە زووترین کاتدا دەرکردوە،هەر ئەو حیزبانە هەموو کارێک دەکەن ق هەموو شتێک دەڵێن بۆ رێگری کردن لە جێبەجێکردنی ئەو یاسایە کە خێری خەڵکی هەژار و چینی مامناوەندی و موچەخۆرانی تێدایە. ئەو حیزبانە کە ترسی گەورەیان لەوەیە ئەو خەڵکانەی چەندین ساڵە بە موچەی مفت و پارەی گەندەڵیان راگرتوون لێیان بتەقنەوە و چیدیکە لە هەڵبژاردنەکان دەنگیان پێنەدەن،هەروەها ئەو هەموو دەزگا میدیاییەو میدیاکارانەشیان لە دەست دەچن کە وەک کەرستەی شەڕی حیزبی و تەسفیەکردنی حیسابە سیاسیەکان بەکاریان هێناون و زۆرینەیان بە پلەی بەرزی وەزیفی یان سەربازی خانەنشین کردوون،لەلایەکی دیکەشەوە کە پڕۆژەی چاکسازی جێبەجێ بکرێ حکومەت بەبێ کێشە و دواکەوتن دەتوانێ موچەی موچەخۆرانی موستەحەق بدات و دەستی بە پرۆژە خزمەتگوزاریەکانیش رابگات و لەوانەش گرنگتر دەستی لەبن سەری بەغدا دێتە دەرێ و چیدیکە ئەوەندە منەتی هەڵناگرێ،بەوەش ئەو حیزبانە چیدیکە ناتوانن ئەو پرسانە وەک کەرستەی میدیایی و ئامرازی هاندانی خەڵک لە دژی حکومەت و مافدان بەخۆیان بۆ دەست دۆیی کردن بۆ بەغدا و هەوڵدان بۆ بێهێزکردنی کوردستان لە بەرامبەر دەوڵەتی عێڕاقی داگیرکەر. گرەوی ئەوجارەی هەولێر یەکلاکەرەوەیە و وەک هەموو جار بە بەرپرسیاریەتی نەتەوەیی و نیشتیمانیەوەدەیباتەوە لە بەرژەوەندی خەڵک و موچەخۆران و راستکردنەوەی هەموو ئەو هەلە و زێدەڕۆیانەی حیزبەکان لەسەر داهاتی گشتی و گەنجینەی حکومەتیان کردوە،نیەتی ئەو حیزبانەش کە دەیانەوێ هەولێر بکەنە کەرستەی وێران کردنی ئەو قەوارە دەستووریەی کە بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی زیاتر لە سەت ساڵی گەلی کوردستانە،زیاتر نیە لە  گرەو کردن لەسەر ئەسپی تۆپیو.


  پشکۆ ناکام * سەیرکەن ئەو عالەمە چاک خۆیان مەشغوڵ کردوە ئاخۆ پارەکەی بەختەوەری سەرۆکی بەناو حکومەتی هەرڕێم کورتی هێناوە و بە ئیرادەی خوا لە قاسەکانی بەناو حکومەتا نەماوە 27/یان 15 یان رەقەمێکی تری ملیارد!!دۆلارە؟ ئاخۆ ئەو پارەیە بە دزی حسابە یان جەنابی بەختەوەر بۆ دروست کردنی چەن کۆمپانیایەکی تری بازرگانی پێویستی بە پارە بوە و کوردیش ئەڵێ : گۆشتی خۆت بخۆ و منەتی قەساب هەڵمەگرە ، جا بۆ ئەوەی قەرز لە بێگانە نەکا لە قاسەی قووتی خەڵک و داهاتی هەرێم ئەو پارەیەی بردوە بە قیست ، کە نرخی نەوت بەرزبۆوە ئەیگێڕێتەوە..جگە لەوەش هەر کاکە بەختەور بەشدار نیە لەو (حیلە شەرعی/دزییە شەرعی)یە بەڵکە ئامۆزا بەشووشەکەی کە بەسەری یەکتر سوێند ئەخۆن پێشتر هیچ کەمتەرخەمی نەکردوە لە بەتاڵ کردنەوەی دەغیلەی بژێوی خەڵکی هەرێم ، بەکورتییەکە مەسەلەکە ئاوایە : دوو ئەندامی بنەماڵەی دەسەڵاتداری هەرێم بۆ کاری تایبەتی خۆیان بیست و حەوت ملیارد دۆلارییان بەناوی حکومەتی هەرێمەوە لە قاسەی بژێوی خەڵک بردوە ، دزیوە ، ماشیوەتەوە ، چی ناو ئەنێی بنێ ، گرنگ ئەوەیە ئەو  پارەیە لە بەینی دوو ئامۆزایا گیانی بەخشی بە کورد و کوردستان ، هەر وەک چۆن لە ئاشبەتاڵا 25/ملیۆن دۆلاری ئەو کاتەی قاسەی بزووتنەوەی ئەیلول ئاودیو کرا و کەس ئاسەوارێکی نەبینییەوە ئەم بیست و حەوتەش بە هەمان شێوە هەبوو نەبوو بیست و حەوتێک هەبوو !!گەر پەلەش نەکەین چەن جارێکی تریش دە و پانزە و بیست ملیار دۆلاری وون ئەبێ و ئەبێ بەهەڵم و تا ئەو بنەماڵەیە دەسەڵاتدار بن کەس هیچی پێ ناکرێ ، جگە لە بۆڵە بۆڵ و نووسین و ئیدانە کردن ، ئاخر پارلەمانێک کە خۆی کارتۆنیە تا ئێستا نەیتوانیوە یەک مەسئولی دز ، یەک وەزیری گەندەڵ ،یەک کادری جەردە ، تەنانەت لە یەک ئیستیعلاماتیش بپرسێتەوە ئێستا ئەم پارلەمانە ئەندامێکی بنەماڵەی دەسەڵاتدار بانگ بکا بۆ لێرسینەوە !!مەیخۆ تاڵە ..تا ئەم بنەماڵەیە بەم سیستەمە سەقەتە و بەم حیزبە و گروپە ئفلیجیانە لە ئارایا بن هەر  وا ئەمێنێتەوە وەزعەکە ، خوا کەریمە تەنها ووتەیەکە و دادی کەس نایات ، کەرکوک کە سەر و بنی زمانی بنەماڵەیە و ناویان ناوە دڵی !! كوردستان !!جەنی لەو دزییە بەرکەوتوە؟ هیچ ، چونکە ئێستا کەرکوک بۆ بنەماڵە " ڕیخۆڵە کوێرە"یە و بوون و نەبوونی وەک یەکە..ئەی پرۆژەی بە دوبەی کردنی هەرێم لەو بیست و حەوت ملیۆنە چەنی بەر کەوت؟ بیست و حەوت ملیار دۆلار لە پارە و قووت و دەغیلەی خەڵک ئەماشرێتەوە بەڵام لە رۆژێکی میحنەتا هەژارانی ئەم هەرێمە ئەبێ چاویان لە خێر و سەدەقە بێ.. كەسیش چاوڕێی سبەی نەکا لەمڕۆ باشتر بێ ،بنەماڵەیەک خۆی لە میللەت و خاک و مێژوو گەورەتر ببینێ ، دەیان بیست و حەوت ملیاری وون ئەبێ و هیچیش لە وەزعەکە ناگۆڕێ ، تا ئەو کاتەی خەڵک بریاری گۆڕین ئەیەن .... * جاران لە سلێمانی پیاوێکی نیمچە ناتەواو هەبوو بە ناو هێنانیووشەی "یاپراخ" توڕە ئەبوو ، تا رۆژێک جەماعەت لە ناو بازاڕ ڕێککەوتن هەریەکەی بابەتێکی دروستکردنی یاپراخ بڵێ ، یەکێک ووتی سڵق ، ئەوی تر ووتی برنج،،یەکێ لەولاوە هاواری کرد گۆشت ، لەولاشەوە یەکێ ووتی پیاز و تا هەموو بابەتاکان ووترا ، کابراش هاواری  کرد پیاوم ئەوێ بیپێچێتەوە ،، یەکێک لەولاو ووتی یاپراخ و بە پێکەنینەوە ڕای کرد ، ئەم مەسەلەی ناوهێنانی یاپراخە وەک ترسی ئەمڕۆی دەسەڵتدارانی هەولێرە لە ووشەی" خۆپیشاندان" رەنگە ناوهێنانی خۆپیشاننان بە شیعریشا ببێتە مایەی گێچەڵ بۆ ساحێبەکەی ، مەگەر یەکێ بڵێ "خۆ" و یەکێکی تر" پی" و کەسێکی تر"شا" و دواجار یەکێک  بڵێ"نان" و ئیتر بزانە ئەو هەموو پاراستن و پۆلیس و هیزانەی بنەماڵە چۆن لەرزیان لێ یەت،، ڤورسەتی پارێزگاری هەولێر فورسەتی هێنا و بەناوی بنەماڵەوە هەرەشەی کرد کە کەس ناتوانێت ئارامی شار تێک بات و بە توندی ئەچن بە گژ هەر هەوڵێک بۆ دروستکردنی نارەزایی لە پایتەختا ، لە بیرمان نەچێ ئەمە هەمان فورسەتە کە لەسەروبەندی 17/ی شوبات بەزۆر تەلەبەکانی خەڵکی سلێمانی سواری پاس ئەکرد و ئەیناردنەوە بۆ سلێمانی لەترسی تەشەنە یانی خپیشانانەکان بەرەو هەولێر ، کاتی خۆی زەمانی بەعسیش لە ترسی خۆپیشاننان هاتو چۆ قەدەغە ئەکرا وەک ئەوەی ئەمڕۆ دەسەڵاتی هەرێم بە ناوی کۆرۆناوە ئەیکات ، بەڵام با کاکە فورسەتەکەی  هەلێر بزانێ کاتێ خەڵک بریاری خۆی یا ، بەعس هیچ فورسەتێکی مانەوەی نەما ، ئەوسا و ئێستاش دەسەڵات پشتی بەهێز قایم بوو ، بەڵام خەڵک فورسەتی هێزی نەیا،،،،،


  شوان سدیق - ئیتاڵیا ئەو خەڵکەی کوردستان، خۆی بارودۆخەکەی بەدڵە ناکرێ بیشگوترێ خەڵک ھەمووی ناڕازین، ئەگەر ڕوبعێکی ناڕازیش لەجیاتی لایک و کۆمێنت، بڕژێنە سەرجادە شتێک دەکەن بەشتێک. ئەوکاتە لایەنگری دەسەڵاتیش تووشی شەرمەزاری دەکەن، ناچار بەگەڵ خۆیان دەخەن! بەڵام ئەگەر ھەر خەریکی وتی وتی بن و ئەو ھەموو بانگەشە کردنە گوایە لەھەولێر خۆپیشاندان دەکرێ و دونیا دەڕووخێ. بەدڵنیایەوە درۆیە ھیچی وانییە ئەوانەی خۆپیشاندان دەکەن، چەند کەسێکن و بەس! ئەوانەی کەخۆپیشاندانیش دەکەن، ھەرگیز نابنە خاوەنی ھیچ کۆمەڵێک کەسی بەویژدان و ماندوو نەناسن، زۆرجار ژیانی خۆیان لەبیرکردوەو قوربانیش دەدەن! بەڵام، چونکە کۆمەڵگەی ناڕازی ھەمیشە بێدەنگەو بەشتی بچووکەوە خۆی سەرقاڵ دەکات. لەتەنیشت ئەوانەوە کۆمەڵێک کەسی ساختەچی ھەڵدەتۆقێن و دەبنە وردە شت! بۆنموونە بەشێک لەوانەی لەنێو پاڕلەمانن، نەوەی نوێیش ساختەچیەکی ترە! ئەوجا شەڕی دەسەڵات ئێستە ئەوەندی لەگەڵ کۆمەڵێک کەسە لەگەڵ کۆمەڵگەی ناڕازی نییە. ئەگەر کۆمەڵگەی ناڕازی ئامادەی ھەبێ ھەرگیز جڵەوی وڵات ناکەوێتە دەست کەسانی ساختەچی. پاشان بەھۆی ئامادنەبوونی کۆمەڵگەی ناڕازی بەردەوام دەسەڵاتی خراپ نوێ دەبێتەوە، کەس لەخۆی ناپرسێ بۆچی بارودۆخەکە بەلایەکی باشدا ناکەوێ؟ وەڵامەکەی ئاسانە ئەگەر کۆمەڵگە خۆی ئامادەبێ ڕێگە بەکەسانی خراپ و درۆزن نادرێ شوێن ئەو دەسەڵاتە خراپەی ڕابردوو بگرێتەوە. بەڵام وەک ئەوەی ئێستە کۆمەڵگەی ناڕازی تەنیا تەماشاکەربێ، بێگومان ھیچ شتێک ناگۆڕدرێ و بارودۆخەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە!  


  جۆزێف نای لە زانکۆی ھارڤارد بە داھێنانی چەمکی سۆفت پاوەر، ھێزی نەرم، توانی رای گشتیی ئەمەریکا بگۆڕێ، ئەم چەمکە کە بەر لە پرۆسەی ئازادی عێراق، جۆزێف فڕێیدایە نێو فەرھەنگی سیاسی جیھانی، ئەو دەیزانی کە ئەمەریکا جەنگی عێراقی لە پێشە، بەڵام ئەو وای بینی کە ئیدی ھێز لە کۆتاییدا ھەر ھێزی بازوویی سەربازیی نییە، بەڵکوو ھێزی نەرم وەسیلەیەکی دیکەیە بە پشتبەستن بە دیپلۆماسیەت، دوورکەوتنەوە لە رکوکین و دەمارگرژی سیاسی، بە پشتبەستن بە سەرچاوەیی مرۆیی، پێشکەوتنی پیشەسازی و ئابووری و ژێرخانی فکری و ئەدەب و رەوشتی دیپلۆماسی و گەڕانەوە بۆ لۆژیکی گەل، لەسەر بنەمای دیموکراسی، ئەم رێگەیەی ھەڵبژارد کە جیھان زیاتر لە دەوری ئەمەریکا کۆدەکاتەوە و لە بژاردەی ھێزی سەربازی کاریگەرتری زیاترە، لە ساڵی ٢٠١٤ ئەمەریکا تەبەنی ھێزی نەرمی کرد، چونکە بینی چین بە سیاسەتی ھێزی نەرم نفوزی ئابووریی گەیشتە نێو ئەمەریکا، دوای ئەوانیش ئەڵمانیا بە پیشەسازی، رووسیا بە ھەڵسانەوە لە رۆژھەڵاتی ناوین، فەڕەنسا بە گەڕانەوە بۆ رۆژھەڵاتی ناوین، بەریتانیا بە دەرچوون لە یەکێتی ئەورووپا و، زۆر وڵاتی دیکە... لە ھەرێمی کوردستانیش سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، تەبەنی ھێزی نەرمی کرد کە بە کەرەستەی دیپلۆماسی توانی ھەرێم لە نێو گۆڕەپانی سیاسی ناوچەکە تاڕادەیەکی زۆر بخاتە گەشەی دیموکراسی و پێکەوەژیان و ئاوەدانی و راگرتنی باڵانسی سیاسی نێوخۆیی و ئیقلیمی و دەولی، ئەم چەمکە کاتێ لە ساڵی ٢٠١٧ نێچیرڤان بارزانی لە دوای ریفراندۆم بە کردەیی جارێکی دیکە مومارەسەی کرد، سوودی زۆری بەھەرێم گەیاند، گەمارۆکانی بەبێ شەڕ لەسەر ھەرێم شکاند، دەرگای ئاسمانی و زەمینی بە سەڕدانی بۆ فەڕەنسا کردنەوە و،  لەگەڵ عێرایش گەیشتە رێککەوتن و قەوارەی ھەرێمی کوردستانی لە سڕینەوە پاراست. ئێستا جیھان لەسەردەمی کۆتایی مومارەسەی ھێزی سەبازی دەژی، بە نمونە ئەگەر ھێزی سەربازی بە تەنیا ژمارەی سەرکەوتن بووا ئەوا کۆریای باکوور دەبووا پێشەنگی جیھانی لە کۆنتڕۆڵی جۆری گرتبا، بەڵام ئەمە روینەدا و لە کۆتایدا سازشی بۆ ئەمەریکا کرد، بۆیە ئەوەی لەم سەردەمە دەخوێندرێتەوە گۆڕینی روئیای سەپاندنی ھێزە گۆڕینیەتی بۆ نفوزی دیپلۆماسی بە رێگەی وەسیلەی گەیاندن و دروستکردنی رای گشتی، ھەتا بیل کلینتن لەو ماوەیەی کۆتایی، گوتی ئەگەر لە سەردەمی خۆمدا مومارەسەی ھێزی نەرمم کردبا لە ژێر بیرکردنەوەی پەرتوکی the end of power کۆتایی سەردەمی ھێز، کە مەبەست لێی کەوتنە ژێر کاریگەری ئەم پەرتوکەیە، کە پەرتوکەکە باسێکی لەسەر سەردەمی رەقەمییە، کلینتن دەڵێ، رەنگە زۆر شتی گەورەترم بۆ ئەمەریکا ئەنجام دابوا..ئێستا لە ھارڤارد کە باس لە تەمەنی رەدەمی دەکرێ لە ئێستاوە سەرقاڵی داھێنانی چەمکێکی ترن کە لەماوەی دەیەکی تردا تەمەنی رەقەمی بکرێتە وەرقەیەکی خوێنراو لە فەرھەنی سیاسی جیھانێ وەک گەیاندن بە رێگەی خۆکاری سۆشیالی، ئەم تەمەنە رەقەمییە شوێنی راگەیاندن و سیاسەتی ئێستاو سیناریۆکانی ئێستا لەق دەکات.. لێرەش لە ھەرێمی کوردستان کە رای گشت ھۆشیارە و ئێستا رای گشتی بارگرژی سیاسی ناوێ، گرینگە لە ھەرێمی کوردستان سرکێتی پێکەوەژیان دابگرن، بارگرژی سیاسی بکوژێننەوە و حزبە سیاسییەکان بگەڕێنەوە سەر مێزی دیالۆگ و چاوێک لە جیھان بکەن کە ئێستا مۆدێڵی سیاسی چۆن گۆڕاوە و فکری عەسکەرتاری و بارگرژی سیاسی خزمەتی ھیچ لایەک ناکات، گرینگە بگەڕێنەوە سەر دەستپێشخەری سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و بتوانن لەوێدا رێگە چارەیەک بۆ ئەم دۆخە بدۆزنەوە، چونکە ھیچ لایەک لە سەپاندن و فەرزی حساب سوودمەند نابێ.  


سەرتیپ وەیسی كەریم له‌ دوای وتاره‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت و به‌ فه‌رمی راگه‌یاندنی 27 ملیار دۆلار قه‌رزی كه‌ڵه‌كه‌بوو له‌سه‌ر حكومه‌ت، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ نوسینێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، کە دوای جەژن ئەبێت هەمووان پێکەوە کار لەسەر ئه‌و دۆسیه‌یه‌ بكه‌ین و 27 ملیار دۆلار قه‌رزه‌كه‌ی سه‌ر حكومه‌تیشی ره‌تكردوه‌. به‌ پێی زانیارییه‌كان له‌ ئێستادا ناوبراو به‌ به‌رپرسانی حزبه‌كه‌ی و فراكسیۆنی یه‌كێتیی له‌ په‌رله‌مان راگه‌یاندوه‌، ناتوانێت سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌ ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ بۆ په‌رله‌مان بانگهێشت بكات، ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره‌بكات پێویسته‌ جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و وه‌زیری دارایش بانگهێشت بكرێن، له‌كاتێكدا خۆی ئه‌و بابه‌ته‌ی وروژاندووه ‌و گومانی له‌سه‌ر قه‌رزه‌كانی حكومه‌ت دروستكردوه‌. فراكسیۆنی یه‌كیتیش به‌هه‌مان شێوه‌ نه‌یانویست واژوو له‌سه‌ر یاداشتی ئه‌و 17 په‌رله‌مانتاره‌ی ئۆپۆزسیۆن بكه‌ن، كه‌ داوای بانگهێشتی سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌كه‌ن بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌و بیانووه‌ی قوباد تاڵه‌بانی سه‌رۆكی بۆردی قه‌رزه‌ و ئامانج ره‌حمیش سه‌رپه‌رشتیاره‌ كه‌ هه‌ردووكیان یه‌كێتین. فه‌رید ئه‌سه‌سه‌ردی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیش له‌ لێدوانێكدا رایگه‌یاندبو، قوباد تاڵه‌بانی ئاگای له‌ قه‌رزه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم نییه‌، كه‌ چی قوباد تاڵه‌بانی له‌ ئێستادا ئاماده‌یی خۆی نیشانداوه‌ بچێـته‌ په‌رله‌مان و له‌سه‌ر قه‌رزه‌كان داتا و زانیارییه‌كان پێشكه‌ش بكات. بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش هاوشێوه‌ی دۆخی یه‌كێتیی،نه‌یویستووه‌ خۆی له‌ قه‌ره‌ی ئه‌و بابه‌ته ‌بدات، پارتیش له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌زانێت له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌بێت یه‌كێتییه‌كانی تیمی حكومه‌ت وه‌ڵامی په‌رله‌مان بده‌نه‌وه و ئه‌وان به‌رپرسی یه‌كه‌من له‌م دۆسیه‌یه‌‌، هه‌ربۆیه‌ له‌ ئێستادا له‌سه‌ر ئاستی چه‌ند ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی فراكسیۆنه‌كه‌یان، داوا له‌سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ده‌كه‌ن، حكومه‌ت بانگهێشتی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بكرێت، چونكه‌ ده‌زانن ئه‌و كات ته‌نها قوباد تاڵه‌بانی و ئامانج ره‌حیم له‌ یه‌كێتیی ده‌بێ وه‌ڵامی قه‌رزه‌كان بدانه‌وه‌ و قسه‌كانی سه‌رۆكی په‌رله‌مانیش پوچه‌ڵ ده‌بێته‌وه‌. كه‌واته‌ له‌مه‌سه‌له‌ی قه‌رزه‌كان له‌ حاڵه‌تی بانگهێشتكردنی حكومه‌ت، پارتی و سه‌رۆكی حكومه‌ت یه‌كێتیی و گۆڕان ده‌كه‌نه‌ هاوبه‌شی خۆیان و هه‌ڵوێستی هه‌ردوو فراكسیۆنه‌كه‌ لاواز ده‌كه‌ن، جگه‌ له‌وه‌ی له‌سه‌ر زاری به‌رپرسانی یه‌كێتیی و گۆڕان له‌ حكومه‌ت به‌ ته‌واوی قسه‌كانی سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌سه‌له‌مێنرێت. له‌م نێوه‌نده‌شدا هێزه‌كانی دیكه‌ی ئۆپۆزسیۆن له‌ هه‌موو حاڵه‌ته‌كان به‌ پێشكه‌شكردنی ئه‌و یاداشته تاوه‌كو هاتنی حكومه‌ت بۆ په‌رله‌مان هه‌ر‌ براوه‌ ده‌بن. سه‌رۆكی په‌رله‌مانیش وه‌كو هه‌موو جاره‌كانی دیكه‌ به‌هۆی نه‌ شاره‌زایی له‌ یارییه‌ سیاسییه‌كان و پرس نه‌كردن به‌ راوێژكار و به‌رپرسانی حزبه‌كه‌ی، به‌و نوسینه‌ی له‌ باره‌ی قه‌رزه‌كان بڵاویكرده‌وه، ‌ دووباره‌ تێكه‌وته‌وه‌‌، چونكه‌ له‌ لایه‌ك ده‌ڵی حكومه‌ت قه‌رزار نییه‌، له‌ لایه‌كیش توانا نییه‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌ ته‌نها بۆ ئه‌و پرسه‌ بانگهێشت بكات، ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره‌ ش بكات ده‌بێت قوباد تاڵه‌بانی بهێنێته‌ په‌رله‌مان رووبه‌رووی ره‌خنه‌ی بكاته‌وه‌. سه‌رۆك به‌م لێدوانه‌ی ته‌نها كارێكی نوێی بۆ ئامانج ره‌حیم دۆزیوه‌ ئه‌ویش ئاماده‌كردنی راپۆرتێكه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان، له‌ هه‌مانكاتیشدا هه‌رچی هه‌ڵوێست و موزایه‌ده‌ی چه‌ند مانگی رابردووی فراكسیۆنی یه‌كێتییه‌ لاوازی كردوه‌، له‌ دوای ئه‌وه‌ی واژووی خۆیان له‌سه‌ر بانگهێشتكردنی سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ی كشانده‌وه‌. كه‌واته‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆئه‌وه‌ چوو بوو كه‌ كه‌روێشك راوبكات، كه‌چی مامزی خۆمانی راوكرد ! هه‌ر بۆ زانیاریتان قوباد تاڵه‌بانی رۆڵی گه‌وره‌ی هه‌بوو له‌ ده‌رچوواندنی یاسای ژمارە(۷)ی ساڵی ۲٠۱٥، یاسای ڕاکێشانی مایە لەڕێگای قەرزکردن لە هەرێمی کوردستان ـ عێراق، تاوه‌كو ئێستاش سه‌رۆكی بۆرده‌كه‌یه‌ و دوای هه‌وڵێكی زۆر له‌ ساڵانی رابردوو نه‌یتوانی یه‌ك دینار له‌ ده‌ره‌وه‌ قه‌رز بكات.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand