ووشەكان تەنها ووشەكان
2020-06-09 10:11:07
سەردار قادر
لەم زەمەنی وەیشومەیەدا تەنها ووشەكان دێن و ئەرۆن ،ووشەكان تەنها ووشەن و هیچی تر ، ئازارەكان وەك خۆیانن ، رۆژانە ئازاری نوێ ، زەمەنی كۆرۆنا زەمەنی ترس.
زەمەنی وەیشومە، زەمەنی خەمی گشتی .
زەمەنی گیرفانی بەتاڵی باوك ، زەمەنی دەست و نزای دایك بۆ رۆڵە كانیان .
زەمەنی وەستانی دەنگ ، هەر رۆژەی هەواڵێك ، زەمەنی حەپەسانی دەم و چاوی هەموان .
ئەم دەردە دونیا بەرەو كوێ ئەبات ، ئەو ژێر پردە كەی پر ئەبێتەوە لە ژاوە ژاو، ئەو ژێر دارە كەی كور كاڵی شار كۆ ئەكاتەوە ،ئەو دوكانانە كەی بێ ترس ئەكرێنەنەوە ؟؟
ئەم كۆرۆنایە دونیایەكی نوێ فەراهەم ئەكات و باس لە تان وپۆكەی ئەكرێت بەم شێوازە:
*سیستەمی سیاسی نوێ ، سیستەمی فرە جەمسەر ئەبێت گۆرانكاری لە سیستەمی یەك جەمسەری روو ئەدات .
*دونیا دونیای نوێ ی تەكەنۆلۆجیا ئەبێت وە زیاتر كۆ مپانیاكانی تەندروستی برەوی ئەبێت و كاری كۆمپانیاكان و دەوڵەتیش زیاتر كاری ئۆن لاین ئەبێت و كاری گەیاندن بە شێوازی دیلەڤەری دەبێتە بازاری گەورەی كاركردن .
*سیستەمی سیاسی ئەكەوێتە دوای سیستەمی ئابووری واتە زاراوەی ئابووری ئەبێتە پێناسەی ژیانی هاووڵاتیان .
* ووڵاتان بەرەو ووڵاتی داخراو ئەچێت ، دەركەوت ووڵاتە داخراوەكان كەمترین قوربانی كۆرۆنا بوون .
* ئایین زیاتر بەرەو ریتمی تاكە كەسی ئەچێت و كۆبوونەوەی هاو ئیمانەكان كەم ئەبێتەوە .
*زانیاری كۆكراوە لەسەر تاكەكان زیاتر ئەبێت و ئیتر دونیا ، دونیای ئازادی تاكە كەس نامێنێت و دەوڵەت زانیاری لەسەر تاكەكان بە مافی خۆی ئەزانێت .
زۆر تان و پۆ باس ئەكرێت لە سەر ژیانی دوای كۆرۆنا ، كە زۆرینەی بابەتەكان وابەستەی جۆرێك لە هەست و لێكدانەوەی جیاوازی تاكەكانن.
لە هەرێمی كوردستان چ باسە ؟؟
لەم قەیرانی كۆرۆنایەدا هەرێمی كوردستان ، قەیرانی سیاسی ، بژێوی ، قەیران لەگەڵ بەغداد ، قەیران لەگەڵ دەرەوەی خۆی ... زۆری تر لە قەیران ئەبینرێت
هەرێمی كوردستان كێشەی موچەو بودجە زیا لە كاتەكانی تری پێوە دەركەوتووە ، حوكم رانی لە كوردستاندا قەیران بۆتە سیفەتی ناسراوای .
لەم ستونەدا باس لە هۆكاری ئەو دۆخە ناكەم چونكە زۆر بابەت لەسەر ئەوە ووتراوە ،ئەوەی جێ ی پرسیارە چارەسەر چیە ؟؟
خەڵك لە بێ ئومێدیدا ئەژی ، مووچە بۆتە خەمی گەورە ، خزمەت گوزاری هیجرەتی كردووە ، دڵە راوكێ سیفەتی هەموانە ، ترس بە رووی هەموانەوە ئەبینرێت .
لەم قەیرانی بودجەیەدا ئەبێت رێگە چارە چی بێت ؟؟
بە پێ ی ئامارەكانی كە بڵاو ئەكرێتەوە داهاتی نەوت بۆتە نزیكەی 30 ملێۆن دۆلار ، داهاتی تاوخۆ نزیكەی 60 ملێۆن دۆلار (كە نەبوونی شەفافیەت گومان لەسەر ئەم ژمارانە دروست ئەكات ) ، داهاتی كە دێت لە بەغدادەوە نزیكەی 400 ملیا ر دینارە .
یارمەتیەكەی ئەمەریكاش هەیە ، ئایا كە كورت هێنان لە بوجەدا بەو شێوەیە بێت رێگە چارە چیە ؟؟
ئەوەی تا ئێستا باس لێوە ئەكرێت ، تەنیا پاشەكەوت و هەندێ هەوڵە بۆ چاكسازی كە بە داخەوە چاكسازی بۆتە زاراوەیەك كە هەموو قسەی لەسەر ئەكەن بێ ئەوەی هەنگاوی فیعلی بنرێت .
تا ئێستا بەرنامەیەكی وورد و درشت و پلانێكی زانستی نەخراوەتە روو بۆ بە رێ كردنی ئەم قەیرانە .
دەسەڵات و حوكم رانی تا ئێستا هەنگاوی جدی نەناوە بۆ دۆزینەوەی رێگە چارە !!!
لەگەڵ بەغداد نەتوانراوە دان وسانەكان بگەنە دەر ئەنجام ، ناكۆكی نێوان ئامۆزاكانی كابینەی ئێستا و پێشوو بۆتە جێ سەرنجی هاووڵاتیان .
گەر باس لە بوونی هەرێمی تر بكرێت بۆ ئەبێت وەك تاوان سەیر بكرێت ، لامەركەزێتی دارایی و كارگێری بۆ وەك جیابوونەوە سەیر بكرێت ، ئەوانەی داوای ئەكەن پێش باس كردنی ئەبێت سەراتا عوزر خوایی بێننەوە و بڵێن بۆ هەموو شارەكانەوە مەبەستمان شار چێتی نیە ؟؟؟؟
ئایا گەر باس لەوە بكرێت كە لامەركەزی ئەبێت بە یاسا لە پەرلەمانی كوردستان ، یاسای بۆ دەركرێت كە ئەزانرێت پارتی بە خۆیی و كۆتاكانەوە زۆرینەیە ، چاوەرێ ی ئەوەن ئەو یاسایە سەر بگرێت ؟؟؟؟
لە عێراقدا دەستور روون و ئاشكرایە كە رێگە ئەدات لەسەر ئاستی پارێزگایەك یان چەند پارێزگایەك هەرێمی نوێ دروست بكرێت ؟؟؟
دەست بردن بۆ ئەو رێگە چارەیە بۆ بە خیانەتی نیشتیمانی سەیر بكرێت ؟؟
ئەم بابەتە هی ئەوەیە زۆری لەسەر باس بكرێت و ببێتە بابەتی گشتی نەك تەنها وەك ناكۆكی و ململانێ ی نێوان یەكێتی و پارتی سەیر بكرێت .
ئایا بەغداد فریاد رەسە ، ئایا بارودۆخی حوكم رانی لە عێراقدا هی ئەوەیە كە وەك هیوایەك سەیری بكەین ؟؟
ئایا ژیانی هاووڵاتیان لە شارەكانی تر لە عێراقدا بەو جۆرەیە كە ئێمەی هاوڵاتی وەك خەو بیبینین ؟؟
ئایا دەسەڵاتی كوردی بەدیلی جیاوازی پێ یە بۆ دەرچوون لەم قەیرانانە ؟؟
ئایا پاكێج دان بە حوكم رانی كوردی زەمەنی بە سەر نەچوو؟
هەموو ئەمانە پرسیارن كاتی ئەوە هاتووە بێ بەخشینەوەی تۆمەت بە دوای وەڵام دا وێڵ بین .
میدیا جیاوازەكان حەقیەتی دەرگا بكەنەوە لەسەر ئەم بۆچوونە جیاوازانە و خەمی تاكەكان خەمی گشتی هەموومان بێت .