Draw Media

وەھمەکانی مانەوەی دەسەڵات

وەھمەکانی مانەوەی دەسەڵات

2020-06-09 19:46:33



عەبدولڕەحمان رەزگەیی

دروستکردنی حەکایەت و وەھم دیارترین خەسڵەتی دەسەڵاتە خۆسەپێن و گەندەڵەکان، کە بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتی خۆیان کۆمەڵێک وەھمی کاتی و درێژمەودا بۆ خەڵک دروستدەکەن، دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان ناتوانن لەو وڵاتانەدا بمێننەوە کە خاوەن گەلێکی ھۆشیارن، چونکە گەلی ھۆشیار ناتواندرێت بەوەھم فریوبدرێت، ھەربۆیەش تەمەن درێژی دەسەڵاتی دیکتاتۆر دەکەوێتە سەر ئاستی ھۆشیاری گەل.
لەوەتای حوکمی کوردی ھەیە تاکی کورد گوێی لەم ڕستانەیە، خۆشگوزەرانی، دەوڵەتی کوردی، ھەلی کار،  ئەمنیەتی قەومیمان لە مەترسیدایە و عێڕاق دوژمنە، بێ ئەوەی ھیچ کام لەمانە ڕاستبن، سەیرنیە دەسەڵات ئەمانە بەگوێی خەڵکدابدات بۆمانەوەی خۆی، سەیر ئەوەیە دوای 30 ساڵ حکومڕانی تا ئێستاش خەڵک پێیان باوەڕبکات.
دەبێت خەڵک وەھم بناسێت و نەگەوجێنرێت، لە ھەر وڵاتیێکد دوژمنی دەستکرد پەیداکرا، حەکایەتی بۆشی نەتەوی، دینی، چاکسازی، بەڵێنی پڕۆژەی گەورە و دروشمی خەتەر لەسەر ئەمنیەتی قەومی بونە ڕۆژەڤ ئەوکات دەبێت بزانیت لەپشت ئەم سلۆگان و حەکایەتە فڕێدراوانەوە دنیایەک تاڵانکاری، احتکار، داڕمانی مۆڕاڵی سیاسی و مافیاگەری ھەیە، کە سەرجەمی ئەمانە بە ھەژاری خەڵک، نەمانی ئازادی، نەمانی دادپەروەری و داڕمانی کۆمەڵایەتی کۆتایی دێت.


لەمێژوودا و لە ئێستاشدا زۆر دەسەڵاتی دیکتاتۆری وەھم وەک کاریگەرترین میکانیزم بەکاردێنن بۆ خەپاندنی خەڵک و درێژەدان بە ژیانی سیاسی خۆیان، دەسەڵاتدارانی ئێران لە ساڵی 1979 وە، دەڵێن گەلی ئێران خۆڕاگرە، ئابوری ئێران بەھێزە و دەرفەتی کار زیاتردەکەین و بە وەھمی ئاینی شیعە مەزھەب، خەتەر لەسەر ئەمنیەتی قەومی لەلایەن ئەمریکا و ئیسڕایلەوە خەڵک فریودەدەن، بە دروشمی (مرگ بر ئەمریکا و مرگ بر ئیسڕایل) گەلانی ئێران دەچەوسێننەوە، خۆشیان لەوپەڕی ئاستی گوزەراندان، ئێستا لە ئێران خەڵک لە خراپترین دۆخی ئابوری کۆمەڵایەتیدان، ئازادی سیاسی نیە، دادپەروەری نیە، ھەژاری لە بەرزترین ئاستدایە، لە ساڵی 1979 وە کە نزیکەی نیوسەدەیە خەڵکی ئێران باجی وەھم و سیاسەتی دیکتاتۆری دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیان دەدەن.
لە کوردستانیش بەھەمان شێوە چەندین ساڵە بە دروشمی بۆشی نەتەوەیی، بەڵێنی خوشگوزەرانی، ڕەخساندنی ھەلی کار، چاکسازی، خەتەر لەسەر ئەمنیەتی قەومی و دانانی عێڕاق بە دوژمن خەڵک فریودەدرێت، ئەم وەھمە دروستکراوە وایکردوە چەندین ساڵە کۆمەڵێک گەندەڵ و دیکتاتۆرمان لێ ببێت بە مەرجەع و سەرکردەی نەتەوەیی، لەکاتێکدا ئەوان خۆیان خێزان و دەوروبەریان لە بەرزترین ئاستی ڕەفاھیەتدان، خەڵکیش لە خراپترین ئاستی گوزەراندایە، لە کاتێکدا نەعێڕاق دوژمنە و نە خەتەریش لەسەر ئەمنیەتی قەومی  ھەیە، نە دەرفەتی کار ھەیە و نەخۆشگوزەرانی، ئەوانەی کە ئەوان وەک دوژمن بە ئێمەیان دەناسێنن، لەگەڵیان لەسەر دەستکەوت و پۆست و پارە ڕێکدەکەون و ژیانی خەڵکیش ھەر رۆژ خراپتردەبێت، پێویستە خەڵک لەوە تێبگات دەسەڵاتی سەردەست، دیکتاتۆر و گەندەڵ ھیچ کات خزمەت، چاکسازی، دیمۆکراسی و دادپەروەری ناکاتە ھۆکار بۆمانەوە لەسەر کورسی دەسەڵات، ئەوەی بەکاری دێنێت بۆ درێژەدان بە ژیانی سیاسی خۆی تەنھا دروستکردنی وەھمە بۆ خەڵک.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand