Draw Media

فه‌زیحه‌ی داخستنه‌كانی فه‌یسبووك یاخود داو و جیاكاری؟!

فه‌زیحه‌ی داخستنه‌كانی فه‌یسبووك یاخود داو و جیاكاری؟!

2020-06-06 14:02:05


 

سه‌نگه‌ر رسول

بۆ تێگه‌یشتن له‌ فه‌یك نیوز و كاریگه‌رییه‌كانی، كه‌ سه‌رچاوه‌و هۆكاری سه‌ره‌كی سیاسه‌تی داخستنی ژماره‌یه‌ك په‌یجه‌ له‌لایه‌ن پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای فه‌یسبووكه‌وه‌، ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ی سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی جددی كێشه‌كه‌. ئه‌ویش سكانداڵی كامبریدج ئه‌نالاتیكابوو. ئه‌م سكانداڵه‌ بووه‌ هۆی گۆڕینی گه‌مه‌كانی هه‌ڵبژاردن و كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر بریاری ده‌نگده‌رانی ئه‌مریكی دروستكرد.
چیرۆكی گۆڕینی یاسای گه‌مه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌مشێوه‌یه‌ ده‌ستپێده‌كات؛ به‌ر له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ساڵی 2016، ستیف بانوون كه‌ بووه‌ سه‌رپه‌رشتیاری كامپه‌ینی دۆناڵد ترامپ به‌هاوكاری د.كریستۆفه‌ری كه‌نه‌دی پسپۆڕ له‌كه‌یسی خوێندنه‌وه‌ی پێشوه‌خته‌ی بڕیاری ده‌نگده‌ر، كۆمپانیای كامبریدج ئه‌نالایتیكا بۆ بواری بازرگانی و ریكلام داده‌مه‌زرێنن و به‌بڕی 1 ملیۆن دۆلار له‌گه‌ڵ ده‌زگایه‌كی ئه‌كادیمی زانكۆی كامبریدج رێكده‌كه‌ون بۆ كۆكردنه‌وه‌ی پرۆفایلی به‌كارهێنه‌رانی فه‌یسبووك، له‌و كاته‌وه‌ تاوەکو پێش ده‌ستپێكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، پرۆفایلی زیاتر له‌ 87 ملیۆن به‌كارهێنه‌رانی فه‌یسبووك كۆده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ زۆرینه‌یان ره‌زامه‌ندییان وه‌رنه‌گیرابوو، له‌وبڕه‌ش 70.6 ملیۆنی، له‌ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بوو!
هه‌ڵبژاردن و ئه‌م ئاشكرابوونه‌ له‌جۆری كاركردنه‌ نایاساییه‌ وایكرد كه‌ خاوه‌نی فه‌یسبووك راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن كۆمیته‌ی به‌داواداچوونه‌كانی كۆنگرێس تایبه‌ت به‌و پرسه‌ بخرێته‌ به‌رده‌م لێپرسینه‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه‌. له‌سه‌ر ئاستی ئه‌مریكاو ئه‌وروپا ، به‌یاساو رێنمایی ئه‌و پلاتفۆرمانه‌ی سۆشیال میدیا ناچاركران رێوشوێنی نوێ بگرنه‌به‌ر به‌تایبه‌ت بۆ داخستنی ئه‌و هه‌ژمارانه‌ی كه‌سه‌رچاوه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی توندوتیژی و ره‌گه‌زپه‌رستی و سه‌رچاوه‌ی فه‌یك نیوزن. له‌م كاته‌وه‌ تا ئێستا ئه‌وه‌ بۆته‌ به‌رنامه‌ی سه‌ره‌كی كۆمپانیای زه‌به‌لاحی وه‌ك فه‌یسبووك.
له‌وچوارچێوه‌یه‌شدا، له‌م چه‌ند رۆژه‌ی رابردوودا، ئه‌وه‌ ئاشكرا كرا كه‌ چه‌ندین په‌یج و ئه‌كاونت له‌عیراق و به‌تایبه‌تیش له‌هه‌رێمی كوردستان داخراون. لێره‌دا باس له‌وه‌ ناكه‌ین كه‌ ئایا بۆچی مه‌به‌ستێك ئه‌و هه‌ژمارانه‌ی سۆشیال میدیا به‌كارخراون و ئایا باشه‌ یا خراپن؟ یاخود سه‌رچاوه‌ی شه‌رمه‌زارین یاخود پیاده‌كردنی مافێكی ئاسایین؟ چونكه‌ شرۆڤه‌ی زۆری له‌باره‌وه‌كرا.
ئه‌و دیوه‌ی كه‌ شاراوه‌یه‌و پێویستی به‌ قسه‌ له‌سه‌ركردنه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا پێناسه‌ی فه‌یكنیوز بۆ به‌كارهێنه‌رانی فه‌یسبووك له‌هه‌رێم بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی شیكه‌ره‌وه‌ی فه‌یسبووكن چین؟ چۆن وابه‌سانایی گه‌یشتنه‌ ئه‌و بریاره‌ی كه‌سه‌رجه‌م ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ له‌و په‌یجانه‌ی (324 په‌یج و 71 هه‌ژماری فه‌یسبووكی)بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ هه‌موویان یاخود رێژه‌یه‌كی زۆرییان له‌جۆری فه‌یك نیوزن؟ ئایا بۆچی ته‌نهاو ته‌نها یه‌ك ده‌زگاو یه‌ك پارتی سیاسی كراوه‌ته‌ ئامانج؟ ئایا لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش له‌ناو سۆشیال میدیا به‌هه‌مان میكانیزم بوونییان نییه‌؟
 ئه‌گه‌ر توێژینه‌وه‌یه‌كی ووردو راست بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و پۆستانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و په‌یجانه‌ی لابراون بكرێت، ئه‌وا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ زۆربه‌ی پۆسته‌كان جۆرێكن له‌بانگه‌شه‌ی سیاسیی بۆ پارتێكی دیاریكراو و هێرشكردنه‌ سه‌ر به‌رامبه‌ر به‌ڵام كه‌مترین جۆری فه‌یك نیوز ده‌بینی. لێره‌دا قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ ئایا ئه‌وه‌ راست و شیاوه‌ یاخود نا، به‌ڵكو قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ داخستنی ئه‌و په‌یجانه‌ جۆرێك نییه‌ له‌سنوورداركردنی ئازادییه‌كان؟
پرسیارێكی دیكه‌ دێته‌ پێشه‌وه‌، له‌و هه‌مووه‌ په‌یجه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن فه‌یسبووك داخراون، تا چه‌نده‌ ئه‌و په‌یج و ئه‌كاونتانه‌ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشووی هه‌رێم و عیراق و كاریگه‌ری له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی ئازادییه‌كان، كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌هێزكردنی پێگه‌ی گه‌نده‌ڵكاران، یاخود بوونه‌ته‌ هۆی تێكدانی ئاسایشی هاووڵاتییان؟ بۆیه‌ ئه‌وه‌ی جێی ترسه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌م هه‌نگاوه‌ی فه‌یسبووك سه‌ره‌تایه‌ك بێت بۆ داخستنی ده‌نگه‌ راسته‌قینه‌كان و به‌لارێدا بردنی ئازادییه‌كان.
ئه‌وه‌ی جێی ترس و گومانه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌و شێوازه‌ له‌كارخستنه‌ په‌یج و ئه‌كاونتانه‌ زیاتر به‌یه‌ك ئاراسته‌ كاری كردووه‌و رۆنه‌چۆته‌ هه‌موو ئاراسته‌و بیركردنه‌وه‌كانی دیكه‌ بۆ ریشه‌كێشكردنی فه‌یك نیووز. له‌به‌رئه‌و هۆكاره‌ ده‌بێت هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر دوو پرسی سه‌ره‌كی بكرێت. یه‌كه‌مییان ئه‌وه‌یه‌، سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی هێڵ و سێرڤه‌ره‌كانی ئینته‌رنێتی هه‌رێم له‌چ ده‌وڵه‌تێكه‌وه‌ سه‌ر چاوه‌ ده‌گرن؟
ئه‌گه‌ر سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی هێڵ و سێرڤه‌ره‌كانی ئینته‌رنێتی هه‌رێم له‌ده‌وڵه‌تی توركیاوه‌ بێت، ئه‌وا سیاسه‌تی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر سیاسه‌تی ئینته‌ر نێتی هه‌رێم به‌ چ رێژه‌و شێوازێك دروست ده‌كات؟ چونكه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا زۆرێك له‌و په‌یج وئه‌كاونتانه‌ی كه‌ پشتگیری سیاسه‌تی په‌كه‌كه‌یان ده‌كردو بیروباوه‌ره‌كانی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانیان بڵاو ده‌كرده‌وه‌ داخران و ئێستاش به‌رده‌وامی هه‌یه‌. ئه‌مه‌ش ئه‌و ئاماژه‌یه‌یه‌ كه‌ كۆمپانیا فه‌یسبووك جۆرێك تێگه‌یشتنی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی توركیا هه‌یه‌ بۆ سانسۆركردن و سنوورداركردنی ئه‌و چالاكییانه‌ كه‌ مه‌ترسین له‌سه‌ر ئاسایشی توركیا. بۆیه‌ ده‌پرسین ئایا ئه‌گه‌ر دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌مان سیناریۆ له‌هه‌رێم نییه‌؟
به‌تایبه‌تیش له‌ئێستادا، ده‌زگای پاراستنی زانیارییه‌كانی توركیا (DPA)، چاڵاكه‌ بۆچاودێریكردنی وه‌شاندنه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان و له‌ماوه‌ی رابردووشدا، حكومه‌تی ئه‌و ووڵاته‌ ره‌شنووسی یاسایه‌كی نوێیان دارشتووه‌ بۆ ناچاركردنی پلاتفۆرمه‌كانی سۆشیال میدیا به‌تایبه‌ت تویته‌ر، بۆ دامه‌زراندنی نوێنه‌رییان له‌و وڵاته‌ و هه‌ماهه‌نگی كردن له‌گه‌ڵ  ده‌زگای پاراستنی زانیارییه‌كانی توركیا (DPA)، بۆ په‌یره‌وكردنی جۆرێك له‌سانسۆرو هه‌روه‌ها به‌پێی یاساكه‌ داواكراوه‌ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ ده‌بێت سێرڤه‌ری خه‌زنكردنی داتاكانی به‌كارهێنه‌ران هه‌ر له‌توركیا خه‌زن بكرێت و ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ی 30 رۆژیی یه‌كه‌م پابه‌ند نه‌بن ئه‌وا به‌پاره‌ سزا ده‌درێن و له‌ماوه‌ی 30 رۆژی دووه‌مدا بریاری 95% داخستنی به‌كارهێنانی ئه‌و پلاتفۆرمه‌ ده‌درێت له‌توركیا چ فه‌یسبووك بێت چ تویته‌ر.
پرسی دووه‌مییان ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئایا گره‌نتی چییه‌ و چ میكانیزمێك دیاریكراوه‌ بۆ وه‌ستاندنی ئه‌و په‌یجانه‌ی كه‌ سه‌رچاوه‌ی فه‌یك نیوزن؟ كێ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ده‌بێت؟ كێ ده‌توانێت پێشنیازو پۆڵینی ئه‌وه‌ بكات كامه‌ ئه‌كاونت سه‌رچاوه‌ی فه‌یك نیووزه‌؟ ئێمه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان كه‌ ده‌وڵه‌ت نیین، ئایا چۆن ده‌توانیین موخاته‌به‌ی فه‌یسبووك بكه‌ین؟ یاخود ده‌بێت له‌رێی نوێنه‌رانی كورد له‌به‌غداوه‌ ئه‌و پرسه‌ بوروژێندرێت. مه‌به‌ست له‌و هه‌وڵه‌ش پاراستنی پارتێكی سیاسی یاخود بكه‌رێك نییه‌ هێنده‌ی پاراستنی ته‌واوه‌تی ئازادییه‌كان و ئازادی تاكه‌.
بۆیه‌ ئه‌م پرسه‌ی داخستنی په‌یج و ئه‌كاونته‌كان له‌لایه‌ن فه‌یسبووكه‌وه‌، زیاتر له‌ته‌ڵه‌ وداوێك ده‌چێت بۆ ئازادی خوازان زیاتر له‌وه‌ی خۆشحاڵبین كه‌ سه‌رچاوه‌ی فه‌یكنیووز سنوورداركراون. ئه‌م پرسه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌وه‌ی چۆن ده‌كرێت ئه‌م هه‌ڵمه‌تی داخستنه‌ زیاتر روو له‌یه‌ك لایه‌ن بێت؟ ئه‌گه‌ر جیاكاری و به‌ به‌رنامه‌رێژی نه‌كرابێت؟ بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌و پرسه‌ وه‌ئاگامان بخاته‌وه‌ له‌وه‌ی داهاتووی سۆشیال میدیا ئه‌گه‌ر به‌و ئاراسته‌و میكانیزمه‌ به‌رده‌وام بێت، ئه‌وا به‌ره‌و سانسۆرو كورتكردنه‌وه‌وسنوورداركردنی ئازادییه‌كانی تاك و كۆمه‌ڵگاكه‌مان كه‌ له‌ئێستادا سۆشیال میدیا له‌هه‌رێمی كوردستان رۆڵێكی گه‌وره‌ی هۆشیاركردنه‌وه‌و دژ وه‌ستانه‌وه‌ به‌گه‌نده‌ڵی و به‌هێزكردنی بنه‌ماكانی دیموكراسی ده‌بینێت.


 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand