دوای سالێك لە سەرۆكایەتی، نێچیرڤان بارزانی چیكرد و چیان لێكرد؟
2020-06-10 07:50:36
مەحموود یاسین كوردی -بەریتانیا
ساڵێك بە سەر سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان تێدەپەڕێت، عورف وایە دوای تێپەڕینی 100 رۆژ بە سەر دەستبەكاربوونی هەر سەرۆك و حكومەتێك هەڵسەنگاندن و وردبینی بۆ كارەكانی دەكرێ لەمەیان هەرێمی كوردستان لە دەرەوەی ئەو عورفەیە بەو پێییە ئەزموونە سیاسییەكە ئاسان نییە هاوشێوەكەی لە نێو كۆی سیستەمە سیاسییەكانی جیهان بدۆزریتەوە.
"سەرۆكایەتییەك بە نابەدڵی"
هەڵبەتە كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بە خواست و بڕیاری كاك مەسعود بارزانی جگە لەوەی بۆ لایەنەكان چاوەڕوان نەكراو بوو بە هەمان شێوە بۆ خودی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی موفاجەئە بوو خوشی لە لای كەسە نزیكەكانی ئەوەی باسكردووە كە چاوەڕی نەبوو"مام"ی ئەو كارەی لەگەڵ بكات هەر ئەو موفاجەئەیەش بوو كە داوای لێبوردنی لە قوباد تاڵەبانی پێكرد، چونكە پەسەندكردنی دەرەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان بە رێككەوتنی (سەرۆكوەزیرانی پێشوو و جێگرەكەی )بوو كە حكومەت بەبێ كێشە دروستدەكرێتەوە تێكچوونی هاوسەنگی كورسییەكان بە هۆی تەزویرو فێڵی تیمی پارتی لە كۆمسیۆن و هێنانە پێشەوەی بابەتی جنسیەو نفوس كاریگەری نابێ هەر بۆیە پێچەوانەی وتەبێژی یەكێتی كە لە بەغداوە پەسەندكردنی دەرنجامی هەڵبژاردنەكانی رەتكردەوە قوباد تاڵەبانی لە كەناڵی رووداو بە جیاوازترو نەرمتر قسەی كرد رەتكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی رەتكردەوە.
ئەم قسانەی سەرەوە وەكو دەروازەیەكە بۆ تێگەیشتن لەوەی نێچیرڤان بارزانی هیچ لەگەڵ كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم و درووخستنەوەی لە سەرۆكایەتی حكومەت خۆشحاڵ نەبوو، بەڵكو كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی پەیوەست بوو بە توڕەی بارزانی لە شكستی كاندیدەكەی بۆ سەرۆكایەتی كۆماری عێراق.
نێچیرڤان بارزانی،پێی وابوو ئەمە پاداشتێكی خراپی مام و ئامۆزایەتی، چونكە ئەو زوربەی پردە رووخاوەكانی دوای لە دوای ریفراندۆم دروستكردەوە لە كاتێكدا عەرابی ریفراندۆم بە پێی قسەی رۆژنامەی واشتن پۆست مەسروور بارزانی بوو هەر ئەوانیش باسی پشتیوانی 36 دەوڵەتیان دەكرد كەچی ئەنجامەكە بەو شێوەیە بوو كە بینیمان.
"دەستپێكێی خراپ"
لە یەكەم هەنگاوی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم گورجێكی گەورە بەر نێچیرڤان بارزانی كەوت كاتێك پارتی ئامادە نەبوو پرسی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركووك لەگەڵ دەنگدان بە سەرۆكی هەرێم بە یەكەوە ئەنجامبدا، بیگومان پارتی بەبێ یەكێتی بە هاوكاری گۆڕان سەرۆكی هەڵبژارد ئەمەش یەكەم لێدان بوو لە شكۆی نێچیرڤان بارزانی چونكە ئەو دەیویست سەرۆكی هەمووان یاخود زۆرینە بێت دەنگی 21 كورسییەكەی یەكێتی لە رووی مەعنەوی سیاسی بۆ سەرۆك گرنگ بوو بەڵام هەڵەی یەكێتی و ئیشكردنی ئاراستەیەكی نێو پارتی وایكرد نێچیرڤان بارزانی دەنگی زۆرینەی رەها بە دەست نەهێنی و یەكێتی بایكۆتی دانیشتنەكە بكات، كەچی یەكێتی ئەوەندە ناحەكیم بوو بۆ دەنگدان بە مەسروور بارزانی چووە دانیشتنی پەرلەمان كەچی بۆ دۆستەكەی خۆیان نەچوو!.
"سەرۆكێكی بێ دەسەڵاتكراو"
دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بە پێی یاسا روونە لە هەمووی گرنگتر نوێنەرایەتی كردنی هەرێمی كوردستانە لە دەرەوە لەم بوارەش لە ماوەی ساڵی رابردوو ئەو رۆڵەی سەرۆك لە لایەن سەرۆكوەزیران بچووكراوەتەوە. بە تایبەت لە بەشداریكردن سەرۆكی حكومەت لە كۆنفرانسی ئاسایشی میوشین لە ساڵی رابردوو لە كاتێدا ساڵانی رابردوو سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشدار دەبوو ئەمەش وایكرد نێچیرڤان بارزانی سەرەرای داوەتكردنی بەڵام بەشداری ئەو كۆنفرانسەی نەكرد. لە كاتێكدا ساڵانی پێشوو داوەتی فەرمی بۆ نێچیرڤان بارزانی هاتبوو وەكو سەرۆكی حكومەت بەڵام لە بەر مامی كە سەرۆكی هەرێم بوو بەشداری نەدەكرد بە تایبەت لە پرسی شەڕی داعش و سەركردایەتی پێشمەرگە نەیدەویست لە رۆڵ و پێگەی ئەو كەم بكاتەوە.
لە لایەكی دیكەوە لە فستیڤاڵی ساڵانەی فۆڕمۆلا وەن لە ئیمارات كە بۆنەیەكی وەرزشییە بە تامی سیاسی سەرۆكی حكومەت هاوسەفەری سەرۆكی هەرێم بوو، بەڵام ساڵانی رابردوو تەنیا سەرۆكی هەرێم بەشداری دەكرد ئەمەش وایكرد تابلۆكە لە سەردانێكی خێزانی بچێ نەك سیاسی و دیبلۆماسی.
ئەنجوومەنی ئاسایش سەر بە كێیە؟
ئەنجوومەنی ئاسایش یەكێكە لەو دامەزراوانەی بە پێی یاسای ژمارە (4) ساڵی 2011 سەر بە سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، كەچی لەوەتەی نێچیرڤان بارزانی بووتە سەرۆك ئەو دامەزراوەیە لە رووی عەمەلەییەوە گواستراوەتەوە سەر نووسینگەی سەرۆكی حكومەت نەك سەرۆكایەتی حكومەت، تەنانەت لە گۆڕینی بەرپرسی ئاژانسی پاراستن كە یەكێكە لە دەزگاكانی ئەو ئەنجوومەنە هیچ پرس و را بە سەرۆكی هەرێم نەكراوە بەڵكو سەرۆكی پارتی بە بڕیاری حیزبی گۆڕانكاری لەو شوێنە كرد.
پرسیارێكی مەنتیقی دێتە پێشەوە بۆ لە سەردەمی كاك مەسعود بارزانی ئەنجوومەنی ئاسایش سەر بە سەرۆكی هەرێم بۆ لە سەردەمی نێچیرڤان بارزانی سەر بە سەرۆكی حكومەتە خۆ یاساكە هەموارنەكراوە.
"فەرماندەی گشتی بەبێ پێشمەرگە"
سەرۆك بە پێی یاسا رەمزی یەكگرتووی خاك و سیستەمی سیاسییەكەیە لەپەیامی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی بەڵێنیدا كە سەرۆكایەتی دەكاتە چەتری كۆكردنەوەی سەرجەم لایەنە كوردستانییەكان، لە رووی عەمەلییەوە هەوڵدرا لە سەر هەندێك پرس و بابەت پارتی، یەكێتی و گۆڕان و ئیسلامییەكان جگە لە (جوڵانەوەی نەوەی نوێ) یەك هەڵوێستی هەبێ.
لە یاسای سەرۆكایەتی ئاماژە بەوەكراوە كە سەرۆكی هەرێم فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەیە بەڵام لە جولاندنی هێز لە ناوچەی زینی و ورتی بەبێ ئاگاداری و هەمەئاهەنگی سەرۆك كرابوو، دوای گەورە بوونی قەیرانە و مەترسی دروستبوونی گرژی سەربازی بە هۆی لێدوانە تووندەكانی سەرۆكی حكومەت و مەكتەبی سیاسی و هاوسەرۆكایەنی یەكێتی ئینجا كێشەكە بۆ سەرۆكایەتی هەرێم رادەستكرا.
پرسی ناكۆكی و جولاندنی هێز لە زینی و وەرتێ هەموو هەوڵ و دەستپێشخەرییەكانی سەرۆكی هەرێم لە بارچوو، بۆ نموونە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە بەیاننامەیەك داوایان لە نێچیرڤان بارزانی كرد وەكو سەرۆكی هەرێم پاشەكشە بە هێزەكان لە زینی و وەرتێ بكات تەنیا ئاسایشی خۆجێی كۆنترۆڵی ناوچەكە بكەن، هێشتا سەرۆكی هەرێم وەڵامی داواكەی نەدابووە سەرۆكی حكومەت لە 17/4/2020 روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە گوتی:" ئەوەی روودەدات یاخی بوونی تاقمێكە بەرامبەر حكومەت"، ئەمەش وایكرد بۆ یەكەمجار تیمێكی نێو حكومەت بەیاننامەو روونكردنەوە دژی خودی سەرۆكی حكومەت بنووسن.
لە كاتێكدا جولاندنی هێزی پێشمەرگە دەبێ بە ئاگاداری و رەزامەندنی خودی سەرۆكی هەرێم بێت وەكو فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگە، نە لە جولاندنی هێز حساب بۆ سەرۆكی هەرێم كرا نە لە چارەسەركردنی قەیرانەكە كە مەكتەبی سیاسی یەكێتی داوایكرد بوو دەرفەت بە سەرۆك درا.
بارەگای بارزانی بەرامبەر سەرۆكایەتی هەرێم
بۆ مێژوو دەبێ بگوترێت جیاوازییەكی زۆر لە نێوان گوتاری سەرۆكی هەرێم و حكومەت هەیە لە بەشداری پێكردنی لایەنە سیاسییەكان لە بڕیاری سیاسی و یەكخستنی گوتاری سیاسی، نێچیرڤان بارزانی دژی دوو ئیدارەی مەقولە ناشازەكەی بەشێك لە پارتییەكانە كە كاتێك قەیرانێك دروست دەبێ دەڵێن ئێوە لە ماڵی خۆتان ئێمەش لە ماڵی خۆمان!.
لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی رۆژی بە ئەنقسەت بە گاڵتەو بێ نرخكردنەوەی باسی لە دوو ئیدارەی كرد و گوتی:" نابێتە دوو ئیدارەی بەڵكو دەبێتە سفڕ ئیدارە".
بە كورتییەكەی سەرۆك دوو ئەركی سەرەكی هەیە یەكەم نوێنەرایەتی و یەكخستنی گوتاری هەرێمی كوردستان لەگەڵ فەرماندەی و ئیدارەكردنی هێزی پێشمەرگەو ئەنجوومەنی ئاسایش لە هەر دوو بوارەكە رێگری و بەربەستی زۆری بۆ دروستبووە لە ماوەی ئەو ساڵە ئەمەش زیاتر پەیوەندی بە بارەگای بارزانی و خودی سەرۆكی حكومەتەوە هەیە ئینجا لایەنەكانی دیكە.
سەرۆكایەتی هەرێم وەكو بارەگای حیزب
سەرەرای بەربەستەكانی بەردەم نێچیرڤان بارزانی لە كارەكانی بەڵام لە هەمان كاتدا بیركردنەوە و شێوازی تەقلیدی ئیشكردنی ئەویش بەربەستە لە بەردەم پێشكەوتنی سەرۆكایەتی هەرێم، ئەو دامەزراوە بووتە شوێنی تۆراوەكانی نێو پارتی و پەراوێزخراوەكانی كابینەی پێشوو، نێچیرڤان بارزانی هەرچی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی پارتی و خەڵكی پارتییە لەو دەزگایە كۆیكردووتەوە لە كاتێكدا ئەو دامەزراوەیە موڵكی گەلە و دەبێ هەموو رەنگەكان بە پێی لێهاتووی و پسپۆری شوێنیان ببێتەوە، جگە لە بەرێزان مستەفای سەید قادرو شێخ جەعفەر مستەفا ستافی نووسینگەكانیان ئەوانی دیكە هەر لە پاسەوانەوە بگرە هەموو پارتییە جگە لە بەرێز فەوزی هەریری كە سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتییە هەر یەك لە بەرێزان (كەریم شنگالی، جەعفەر ئیبراهیم، نەوزاد هادی و دڵشاد شەهاب) كە مەكتەب سیاسی و سەركردایەتی پارتین سەرۆكایەتی هەرێمیان كۆنترۆڵكردووە.