ئازاد عوسمان لهنێوان توشبون به كۆرۆنا و باوهڕكردن به حكومهت، هاوڵاتی ئهوهی یهكهمیان ههڵدهبژێرێت، ئهمهش ئهگهرچی زیاد له هۆكارێكی ههبێت، بهڵام كورتكهرهوهی ئهو راستیهیه كه هاوڵاتی ههرچی متمانهیه به حكومهت نهیماوه. به ههمو پێوهرهكان دهسهڵات له ههرێمی كوردستان شكستی هێناوه، گرێی كردوه به گرێكوێره و رێگهكهیشی گهیشتوهته بنبهست. نه دهتوانێت موچهی موچهخۆرانی دابین بكات، نه ئیدارهی ئابوریی و بازاڕ بدات، نه بهدیلیشی پێیه بۆ چاككردنی سێكتهر و بوارهكان. تهنانهت هێنده بێدهسهڵاته، كه ناشتوانێت ئهو یاسا چاكسازیهی كه خۆی له پشتی بوه و پارلهمان بۆی واژو كردوه، دهست به جێبهجێكردنی بكات. ئێستاش دۆخهكه له ههمو كات مهترسیدارتر بوه، بهتایبهتی كه پهتایهكی مهترسیداری وهك كۆرۆنا روی تێكردوین و حكومهتیش نازانێت چۆن ههڵسوكهوتی لهگهڵدا بكات و خهریكه دۆخهكه لهدهست دهردهچێت "ئهگهر دهرنهچوبێت!". كێشهی نهزۆكی ئهم دهسهڵاته و دهستنهشكانی بهسهر چارهسهركردنی كێشهكان و پێشكهشكردنی بهدیل و رێگهچارهی نوێ، بۆ ئهوه دهگهڕێتهوه كه ئهم مۆدێله له دهسهڵات بهو ههمو دهفع و پاڵنانهوه، ههر تائێره توانی بڕ بكات، دهستگرتن به مانهوهیشیهوه، وهك سوربونه لهسهر كاركردن بهو خولخولۆكه ستۆكهی كه سهرهنجام له ههناوی ئامێرهكه دهخوات. بهدیلی ئهم دۆخهش ههڵوهشاندنهوهی حكومهت و پارلهمان و دروستكردنی حكومهتێكی كاتیه له شێوهی ئهوهی پێی دهڵێن "رزگاریی نیشتمانی" و داماڵینی لهم روخساره بێفهڕ و بێبههرانهی كه ئێمهیان بهم دۆخه گهیاند. لهگهڵ ئهوهشدا كار بۆ دهرچواندنی یاسایهكی نوێی ههڵبژاردن و دهستنیشانكردنی كۆمیسیۆنێكی بێلایهنی ههڵبژاردنهكان بكرێت. بۆ ئهوهی له نزیكترین كات دا ههڵبژاردن بكرێت به پێی یاسایهكی پێشكهوتو كه زامنی بهشداریی چین و توێژهكان بكات و قۆرغكاریی حزبهكان كۆتایی پێبێنێت و دهرفهت به خهڵكه شارهزا و دڵسۆزهكان بدات بێنه پێشهوه و ههرخۆشیان حكومهتێك كه گوزارشت له داوا و خواستی خهڵكی بكات، دروست بكهن. رهنگه ئهم بۆچونه به جۆرێك له "میسالیهت" لێكبدرێتهوه و واههست بكرێت كارێكی زهحمهته، بهڵام پێموایه زهحمهتتر لهوه، چاوهڕێكردنی ئهم دهسهڵاتهیه ژیانمان باش و نیشتمانمان ئاوا بكات. چاوهڕوانیهك كه سهرمان لهناو سهد بهڵا و كێشه و پهتای تر دهردهكات!
شێرزاد شێخانی بهشی یهكهم گومان لهوهدانیه پارتی بهحوكمی ئهوهی لهكۆی نۆ كابینهی حكومهتدا ههشتیانی بهڕێوهبردووه بهشی شێری لهههموو شكستهكانی ئیدارهی ههرێمدا ئهكهوێته ئهستۆ . ئهمهش ههڵبهت حزبهكانی تری بهشدار له پرۆسهی سیاسی كوردستاندا لهشكستهكان نابوورێ ، چونكه ئهوانیش بهشێك بوونه لهئیدارهكهدا. بهڵام لهبهر ئهوهی دهسهڵات ههمیشه بهدهست پارتییهوه بووهو ههر خۆیشی خاوهن بڕیارو قائیدی پاپۆڕهكه بووه ، بۆیه بهئارهزووی خۆی لێیخوڕیوه ، كهواته زۆربهی شكستهكان ئهكهوێته ئهستۆی پارتییهوه . لێرهشدا پارتی بژاردهی زۆری لهبهردهمدا ههبووه لهم بیست ساڵهی حوكمڕانییهكهیدا . ئهیتوانی ئهزموونی نوێی كورستان بهڕهو كهنارێكی ئارام ببات و ههموو ههوڵهكانی بخاته گهر بۆ خۆشگوزهرانی میللهتهكهی و بنیاتنانی ژێرخانێكی ئابووری پتهو و بههێز كه كوردستان ئاوهدان بێتهوه دوای ههشتا ساڵ لهژێردهستهیی . ئهشیتوانی وهكو ئهوهی ئێستای لێبكات لهشكست وماڵوێرانی وروخانی ژێرخانی ئابووری و ناڵاندنی میللهت بهدهست دهیان قهیران وگرفتی ژیارییهوه . ههر لهسهرهتای دامهزراندنی حكومهتی ههرێمهوه لهساڵی 1993دا پارتی كاری لهسهر ئهوه ئهكرد ههژموونی خۆی بهسهر ئیدارهی ههرێمدا بسهپێنێ ، بۆیه لهگهڵ دامهزراندنی حكومهتدا ئهگهرچی باڵاترین دهسهڵاتی ههرێم كه پهرلهمان بوو كهوته دهستی ، بهڵام بهوه نهوهستا وسیستهمه قێزهوننهكهی ( فیفتی فیفتی ) داهێنا . پارتی ویستی لهحكومهتیشدا ببێته شهریكه بهش لهبڕیار . كاتێك ئهم شێوازه حوكمڕانییهش فهشهلی هێناو بوو بههۆكارێك بۆ ههڵگیرسانی شهڕی ناوخۆ ، پارتی كه چاوی لهحوكمڕانی رههای كوردستان بوو ، به لایهوه ئاسایی بوو هانا بۆ سوپاكهی سهدام ببات بهو ئیعتبارهی ( الغایه تبرر الوسیله ) و ههولێری پایتهخت و تهنانهت زۆنی سهوزیشی لهسهر سێنییهكی زێریندا پێ بهخشرا ، بهڵام دواتر یهكێتی توانی بگهڕیتهوه زۆنهكهی خۆی ، بهمهش واقیعێكی تازه بهسهر ههرێمدا سهپێندرا بهدابهشبوونی بهسهر دوو ئیدارهدا .تهنانهت دوای یهكگرتنهوهی ههردوو ئیدارهكهش دیسان پارتی قازانجی كرد و حوكمی راستهقینه كهوتهوه دهستی ، ئیدی لهوساوه پارتی هێدی هێدی كاری لهسهر چهسپاندنی دهسهڵاتهكهی لهحوكمی ههڕیمدا كرد و سهركهوتنیشی بهدهستهێنا . لهكابینهی پێنجهمهوه تاكو ئهمڕۆ پارتی حزبی قائیدی كوردستانه ، بۆیه ههر شكستێك روویدابێ بهشی زۆری پارتی لێی بهرپرسیاره . ئهوهش ههڵبهت یهكێتی وهكو هاوپهیمانێكی ستراتیژی پارتی لهبهرپرسیارهتهكه نابوورێ ، بهڵام بهفیعلی پارتی دهسهڵاتدار بووه ، وهاوبهشییهكهی یهكێتیش تهنها بهرووكهش بووه . پارتی لهبهر ئهوهی حزبێكه لهلایهن عهشییرهت وبنهماڵهیهكهوه بهڕێوهئهبرێ ، بۆیه سهرۆكی عهشیرهت وگهورهی بنهماڵه مهرجهعی باڵاو دهسهڵاتداری رههای ناو حزبهكهیه ، وهك سهرۆكی عهشییرهتێك نابێ قسهكانی رهتبكرێتهوه ، ئهمهش جۆرێك لهحوكمی دیكتاتۆرییانهی بهسهر حزبهكهدا فهرزكرد ، ئیدی هیچ دهرفهتێك نهما لهبهردهم سهركردایهتی و كادیرو ئهندامانی حزبهكه بهشدار بن لهبڕیاردا ، ئیرادهی سهرۆك بهسهر ههموو بڕیارهكانی حزب سهپێنرا ، نموونهش لهمبارهیهوه زۆرن ، ههر لهبڕیاری دهستنیشانكردنی سهرۆكی كابینهكانی حكومهتهوه تا بڕیاری ریفراندۆم و دواتریش ئابووری سهربهخۆ ورێكهوتن لهگهڵ توركیا ، تا دهگاته كاندیدكردنی وهزیرهكانی پارتی لهبهغدا ، هیچ گومان لهوهشدا نیه تهنانهت تهرفیعكردنی مودیر عامێكیش بهبڕیاری سهرۆكی حزبهوه ئهبێت . ئهم شێوازه مهركهزییه لهبهرێوهبردنی پارتیدا تهنها لهحێزبه شموولی و دیكتاتۆرهكانی سهدهی رابردوودا پهیڕهو ئهكرا ، بهتایبهتیش ئهوانهی به سهركوتكردن و داپڵۆسین خۆیان وهك حزبی قائید بهسهر گهلهكانیانهوه ئهسهپێنن . سهرهرای ئهوهی لهكوردستانی خۆماندا لهساڵی شهستهكانهوه ئهمجۆره دهسهڵاته رهتكرایهوهو ههولێك لهناو خودی پارتییهوه درا بۆ گێرانهوهی جۆرێك لهدیموكراسیهت بۆ ناو حزب ، بهڵام ئهویش سهرینهگرت وشكستیپێهێنرا . كاتێك شۆڕشی نوێ سهریههڵدا بهڕابهرایهتی یهكێتی نیشتمانی ، سهرانی پارتی زۆر خێرا كهوتنه خۆیان بۆ لهناوبردنی ، چونكی ههرچهنده زهرورهتی مێژوویی ئهم شۆڕشهی بهرپاكرد ، بهڵام سهرانی پارتی ترسی زۆریان ههبوو لهسهركهوتنی یهكێتی و لهدهستدانی نفووزی خۆیان ، بۆیه خێرا كهوتنه دژایهتی یهكێتی ئهوهبوو قیاده موهقهتهیان دروستكردو ، بهر لهههر شهڕێك لهگهڵ رژێمی سهدامدا كه خهریكی خاپووركردنی كوردستان بوو ، كهوتنه گیانی تێكۆشهرانی یهكێتییهوه و قهسابخهنهكهی ههكاری روویدا ، دواتریش كهوتنه شهڕێكی خوێناوی لهگهڵ یهكێتیدا لهگشت ناوچهكانی كوردستاندا . تهنانهت هانابردن بۆ دوژمنانی دێرینی كورد وهكو رژێمی ئاخوندی ئێران و رژێمی فاشیستی توركیا ئهمانه ههمووی لهپێناو سهپاندنی دهسهڵاتهكهیان بووه لهههرێم و دوژمنایهتیكردنی حزبه تێكۆشهرهكانی كوردستان لهسهرووشیانهوه یهكێتی و دوای ئهویش پهكهكه كه ئهوانیش جۆرێك ههرهشه بوون بهسهر دهسهڵاتیان لهناوچهكانی بادینان . ههر لهسهرهتای یهكگرتنهوهی ههردوو ئیدارهكهی ههرێم لهساڵی 2005دا ههوڵێك ههبوو بۆ یهكگرتنهوهی هێزهكانی پێشمهرگهو ئاسایش ، ئهویش بهمهبهستی دامهزراندنی هێزێكی نیشتمانی موئهسهساتی كه بتوانێ بهشێوهیهكی یهكگرتووانه قهوارهی ههرێم بپارێزێ و دوور بێ له ههژموونی حیزبهكان ، بهڵام پارتی دیسان رێگربوو لهبهجێگهیاندنی ئهم ئهركه نیشتمانییه ، لهبری ئهو هێزهش چهندین لهشكرو هێزی تایبهتی حیزبی دامهزراند وهكو زێرهڤانی و لیوای تایبهت و لهشكری یهك كه ئهمانه ههموویان لهسهرووی هێزهكانی حكومهتیشدا بوون بهوهزارهتی پێشمهرگهوه . بهمهش ههوڵی یهكخستنهوهی هێزه چهكدارهكان بووه خهونێكی بهدینههاتوو . ههر لهبواری بهڕێوهبردنیشدا ، پارتی بهدرێژایی دهستگرتنی به كابینهكانی حكومهتهوه ، ههمیشه حكومهتی بهگهورهتر زانیوه لهپهرلهمان ، ئهمهش لهكاتێكدا پهرلهمان بهپێی یاساو ههموو عورفهكانهوه باڵاترین دهسهڵاته لهههموو سیستهمێكی حوكمڕانیدا ، بهڵام پارتی ههم توانی بۆ دوو ساڵ سهرۆكی پهرلهمان لهپایتهخت دهربكاو ، ههم توانیشی دهرگای پهرلهمان دابخات ، ئێستا تهنانهت دهست بۆ دادگاییكردنی ئهندامانیشی ئهبات ، كه ئهمهش جۆرێكه لهسهپاندنی دهسهڵاتی دیكتاتۆرییانهی سهرۆكی حكومهت بهسهر پهرلهمان و ئهندامهكانی .ئهمه جگه لهشاردنهوهی گرێبهسته نهوتییهكان و رێكهوتنهكانی لهگهڵ وڵاتانی ئیقیلیمی ، تا شاردنهوهی داهاتهكانی ههرێمیش . لهههمووشی خراپتر ئهو ههوڵانهی پارتی بوون لهسهر ئاستی ئیدارهدا كاتێك لهسهردهمی كابینهكانی نێچیرڤاندا سهدان ههزار بندیوارو خانهنشینی نایاسایی كرانه مووچهخۆر ههر تهنها بۆ ئهوهی لهههڵبژارندنهكاندا دهنگیان بۆ بدهن ، بهمهش رێگهیان كردهوه بۆ حزبهكانی تریش بێنه ناو پرۆسهكهوه ئهوانیش بایی خۆیان ههزاران كهسیان به ناشهرعی دامهزراند . بایهخنهدان به كهرتهكانی بهرههمهێنی ئابووری بهتایبهتیش كهرتی كشتوكاڵ و گهشتوگوزار و پییشهسازی و ئیفیلیج كردنیان بهدهستی ئهنقهست و ههڵوهشاندنهوهی دهیان كارگهی بهرههمێنهری وهكو كارگهی جگهره و تهعلیب و مهرمهرو دهواجن ونهسیج وشهكر ، و پشتبهسین بهتاكه سهرچاوهی داهاتی نهوت ، رێگهدان به كهرتی تایبهت وكۆمپانیا حزبیهكان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئهم سێكتهرانه . لهسهرووی ههموو ههڵهكانیشهوه دژایهتی پارتی بوو بۆ دامهزراندنی كۆمهڵگهیهكی دیموكراسی مهدهنی و بهرتهسككردنی ئازادییهكان كه ئهمهش گهورهترین ههڵهی پارتی بوو ، چونكه میللهتی كورد دهیان ساڵ لهپێناو ئازادیدا خهباتی كردووه ، كهچی لهژێر سایهی حوكمڕانی كوردهوه زۆر خراپتر لهرژێمه سهركوتكهره شۆفینیهكانی پێشتر لهئازادییهكانی بێبهشكرا . كوشتنی رۆشنبێرو نوسهرو رۆژنامهونوسان لهسهر رهخنه لهدهسهڵات لهژێر سایهی حوكمی پارتیدا بوو بهدیارده ، دهمكوتكردنی میللهت بوو بهسیاسهتی رۆژانه ، دامهزراندنی دهیان حزبی كارتۆنی و رێكخراوی بهناو مهدهنی سهر به حزبی دهسهڵات ، تێكدانی پهیوهندی لهگهڵ حزبه رهسهنهكانی كوردایهتی و دژایهتیكردنیان ، ئهمانه بهگشتی ههڵهی زۆر گهورهی دهسهڵاتی پارتی بوون و رێگربوون له بنیاتنانی كۆمهڵگهیهكی دیموكراسی تهندروست كه لهنهتیجهدا ههر لهخزمهتی دهسهڵاتی كوردیدا دهبوو ، بهڵام پارتی تهنها دهسهلات و بهرژهوهندییهكانی خۆی بهلاوه گرنگتر بووه له بهرژهوهندی میللهتهكهی بۆیه تا ئێستاش بهردهوامه له ههڵهكانی .. ماوهتهوه بڵێین كه ریفراندۆمه فاشیلهكهی پارتی كه بهسووربوونی مهسعود بارزانی ئهنجامدرا ، گهورهترین ههڵهی پارتی بوو كه دهرهاوێشتهكانی زۆر كوشنده بوون بهسهر كوردو بهتایبهتیش بۆ پارتی كه پێموایه موغامهرهیهكی هاوشێوهی داگییركردنی كوهیت بوو لهلایهن سهدامهوه كه ههر ئهو موغامهرهیهش بوو لهكۆتاییدا سهری خوارد ..
محەمەد عەلی ئەوەی ئێستا بەشێك لە سەركردە گەنجەكانی ھەندێك لە حیزبەكان خەریكە ئەنجامی دەدەن، ھەمان ھەوڵ و سیناریۆكانی باڵی مەكتەبی سیاسیی دوای ساڵی (١٩٦٤)ـە، سەركردە جیابووەوەكانی ئەوكات ھەموو جۆرێك لە فشاری سیاسی و سەربازییان بەرامبەر بارزانیی باوك بەكار ھێنا، بەڵام نەیانتوانی ھیچ شتێك بەدەست بێنن، دواتر گەڕانەوە ڕیزەكانی پارتی و لای بارزانی. یەكێك لە ھەوڵەكان بۆ لاوازكردنی پارتی، چوونەپاڵ حكوومەتی عێراقی بوو، لە كاتێكدا لە ڕابردوو و ئێستاشدا تاقی كراوەتەوە و ھەموو كات شكستی ھێناوە، لە دوای جیابوونەوەی ساڵی ١٩٦٤ھەموو شتێك لەگەڵ عێراق بەرامبەر پارتی ئەنجام درا، بەڵام لە كۆتاییدا حكوومەتی عێراق ڕێككەوتننامەی ١١ی ئادری ساڵی ١٩٧٠ی لەگەڵ سەركردایەتیی پارتی واژۆ كرد، لە دوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، ھەموو شتێك ڕادەستی بەغدا كرا، بەڵام لە كۆتاییدا دووبارە بەغدا مامەڵەی لەگەڵ ھەولێر كرد، ئەو ھەوڵانەی ئێستاش بە ھاوكاری و ھەماھەنگیی ھەندێك لایەن هەن بە جیاكردنەوەی سلێمانی و ڕاستەوخۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا، ھەمان چارەنووسی دەبێت، لەبەر ئەوەی ھەمووان دەزانن پارتی و بارزانی نوێنەری راستەقینەی ھەرێمن. ھەوڵەكانی بەتەنیا ھێشتنەوەی پارتیش چارەنووسی باشتر نەبوو، لە شاخ بەرەی جوقد و لە شاریش ھێرشە سەربازییە ھاوبەشەكان بۆ گەمارۆدان و لاوازكردنی پارتی و دواتر كودەتای ٢٣ی حوزەیران، ھەمووان شكستیان ھێنا، لە ئێستاشدا لە دوای كۆبوونەوەی ٧ی ئایاری ئەمساڵەوە، ھەوڵ دەدرێت ھەمان سیناریۆ دووبارە بكرێتەوە، لە ئێستاشەوە دەرئەنجامەكەی ڕوونە، بەو ھۆكارەی ھەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لە ئامانجی ئەم جۆرە ھەوڵانە تێدەگەن و نابنە بەشێك لەم سیناریۆیە، ھەوڵە شكستخواردووەكان بۆ كۆدەنگی لەسەر تێكدانی بارودۆخی ئەمنی و دروستكردنی پشێوی لە بێدەنگیی مامۆستا (سەڵاحەدین بەھائەدین) ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی لەبارەی خۆپیشاندانەكانی دەھۆك و وتەكانی (ھێمن شێخانی) باژێڕوانی بزووتنەوەی گۆڕان لە ھەولێر، دووپاتی ئەم راستییە دەكاتەوە. لە لایەكی دیكەشەوە، ھێنانەپێشەوەی پرسی لامەركەزیەت و دووئیدارەیی، جگە لەوەی مەبەست لێی ئاستەنگ خستنە بەردەم بەدیھێنانی كوردستانێكی بەھێزە، كە دروشمی سەرەكیی كابینەكەی سەرۆكوەزیران (مەسروور بارزانییە) ھاوكات لە ڕابردوودا تاقی كراوەتەوە و ھەمووان دەزانن چۆن بوو، ئیدارەیەك، كە كەس نەیزانیوە كێ سەرۆكی حكوومەت و كامە پارێزگار و حاكمی شار بووە، بەپێی لێدوانی سەرۆكی لێژنەی بە ناو لامەركەزیەت، داھاتی ھیچ یەكەیەكی ئیداری دیار نییە و ئەوەشیان دووپات كردۆتەوە كە بەو داھاتە ناتوانن مووچەی فەرمانبەران دابین بكەن، كە وا بێ ئەم ھەوڵەشیان ھەر لە سەرەتاوە بە مردوویی لە دایك بووە. پەرەپێدانی ئیرھابی فكری و مامەڵەی پیلانگێڕانە، ھەمووی بە شێوەی كاتی بوونی ھەبووە چ لە شاخ و ھەمیش لە شار، بەڵام ھەمیشە راستییەكان بە ماوەیەكی كورت ڕوون بوونەتەوە، لەلایەكی ترەوە خەرجكردنی پارە و وزەیەكی مرۆیی زۆر بۆ پەرەپێدانی ئەم شێوازە لە مامەڵە لەگەڵ پارتی، ئەگەر بۆ خزمەتكردنی شار و دەڤەرەكە بەكار بھاتایە، ئێستا بارودۆخەكە زۆر جیاواز دەبوو، لە لایەكی ترەوە ئەو ھەموو پیلانگێڕیانەی بە درێژایی مێژوو بۆ لاوازكردنی پارتی و بارزانی ھەیانبووە، ئەگەر نیو ئەوەندەش پلانیان ھەبووایە بۆ چاككردنی وڵات، ڕەوشی كوردستان لە ھەموو ڕوویەكەوە زۆر لە ئێستا باشتر دەبوو، دەرئەنجامەكەش ڕوونە، پارتی حیزبی یەكەم و بێڕكابەرە لەسەر ئاستی كوردستان و عێراقیشدا. لە كۆتاییدا پێویستە ھەموو لایەك بگەڕێنەوە بۆ لێكتێگەیشتن و دیالۆگ، لەبەر ئەوەی تاكە ڕێگەیە بتوانن بگەن بە ئامانجی ھاوبەش، ڕێككەوتننامەی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەكێتی، پاش ململانێیەكی زۆر ئەوەمان پێ دەڵێت، ئەوانەی لە خەمی میللەت و گەشەسەندنی وڵاتن، لەبری پیلاندانان، پێویستیان بە پلانە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانیان.
د. شێركۆ حەمەئەمین دەسەڵات،لەهەمو دنیا،لەدابینکردنی ژیان و سەلامەتی و تەندروستی و کۆی خزمەتگوزارییەکان بەرپرسە،بەپێچەوانەوە نوخبەی حوکمڕانی شکستخواردوی کوردستان،نەک هەرئەمە ناکەن،بەڵکو دەیانەوێت،شکستەکانیشیان بخەنە ئەستۆی خەڵکی،بەنمونە سەرهەڵدانەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا،بەم بەڵگانە،لەئەستۆی حکومەتە: ۱_ ئەوە حکومەت بو،رۆژی ٤/۲۹ سەرکەوتنی ڕاگەیاندوتەقەی خۆشی،لەدهۆک بۆکرا. ۲_هەرحکومەت بو،دەیوت ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی زۆر سەرسامی ڕێکارەکانی حکومەتی هەرێمە و براگەورەش،بەقەولی خۆیان ئەرکی کێشاوبەتەلەفۆن،لەگەڵ پزیشک و بەرپرسان قسەی کرد. ۳_ هەرلەبنەڕەتەوە،بەهۆی درۆی بەردەوامی دەسەڵات و بێ باکیان،لەژیانی خەڵکی،خەڵک هیچ متمانەی بەدەسەڵات نەماوە،تەنانەت،لەبابەتی کۆرۆناشدا،کەبابەتێکی تەندروستی وزانستیە،ئەمەجگە،لەخراپی سیستمی تەندروستی. ٤_ حکومەت تەنیاقسە دەکات،بەبێ ئەوەی ژیانی خەڵک و کاسبکاروکرێکارانی دابین کردبێت،تەنانەت بەپێی قسەی خۆشیان تەواوی ئەوپارەشی خرابونە سەر ژمارە حسابی حکومەت هەموی،لەبەرژەوەندی خەڵک و کۆرۆنا بەکارنەهاتوە،کەنزیکەی ۲٥ملیاردیناربوە. لەدۆخێکی وادا،کاتێک خەڵک کەرەنتینە دەکەیت،پێویستە ژیانی،بۆدابین بکەیت و دڵنیایی دەرونی و کۆمەڵایەتی و ئابوری بدەیتێ،نەک هەر قسەی،بۆبکەیت،لەوڵاتان یەکەم قسەی حکومەت دەڵێت: خەمی موچەو ژیانتان نەبێ،لێرە دەڵێن: قەرزارین،پارەمان نیە،موچەکەم دەکەینەوە. ٥_هاتوچۆی بازرگانی بەرپرسان و قاچاخ و خاڵەسنورییەکان بەردەوام بون،بەپێی قسەی بازاڕ ئێستا دەڵاڵیان هەیەو،لەگەڵت ڕێک دەکەوێت و بارت،بەبێ گومرگ،بۆدێنن،وەک دەڵێن سەردەمی بەرەی کوردستانی،لەئێستا باشتربوە،واتە دەسەڵات ئەوەشی راست نەبو،کەوتی:داهات دەکەینە قوربانی ژیانی خەڵکی،بەپێچەوانەوەبو! ٦_جیاوازی،لەنێوان کەرەنتینەی بەرپرسانی دەستڕۆیشتو وحاشیەکانیان لەگەڵ هاوتیشتمانیان هەیەو وەک یەک و لەهەمو بوارەکاندا یاسا،بەیەکسانی جێ بەجێ ناکرێت. ۷_ هەموجیهان،چونکە حکومەت ڕاستگۆبوەو ڕێکاروسیستمی زانستی خۆپارێزی هەبوە،ئێستا بەهەنگاو ژیان دەست پێ دەکەنەوە،کەچی ئەمان تازە،بۆخاڵی سەرەتا دەگەڕێنەوە. لەگەڵ بروای تەواوم،بەخۆپارێزی و هۆشیاری تەندروستی لای هاونیشتمانیان،کەبەتەواوی لەبەرژەوەندی خۆیانە،بەڵام حکومەت،لەژیان و سەلامەتی خەڵک بەرپرسەو بەچەندبەهانەیەکی نالۆژیکی ناتوانێت خۆی،لەبەرپرسیارێتی بدزێتەوەوئۆباڵی کۆرۆنا بخاتە ئەتستۆی خەڵکی،هاوکات ناکۆکی،لەنێوان خەڵک و ستافی تەندروستی دروست بکەن،گوایە خەڵک ڕێزی ماندوبونیان ناگرێت،کەوانیە،ئەوەدەسەڵاتە،کەخۆی هیچ متمانەیەکی نەماوەوتەواونابوت بوە،چونکەلەسەر درۆ بنیات نراوە. پێویستە،لەتەک کەرەنتینەوقەدەغەی هاتوچۆ ژیان و سەلامەتی خەڵک دابین بکەن و ئارامی دەرونی و دڵنیایی،لای خەڵک دروست بکەن،نەک هەربەیان دەرکەن و هەڕەشەبکەن.
ئارام سەعید دەگێڕنەوە رۆژێک ونستن چەرچڵ بە گۆڕستانێکدا دەڕوات و دەبینێت گۆڕێک لێی نوسراوە "لێرەدا پیاوێکی راستگۆ، سیاسیەکی سەرکەوتوو نێژراوە" چەرچڵ بە سەرسوڕمانەوە دەڵێت" یەکەم جارمە لە ژیانمدا ببینم دوو کەس لەیەک گۆڕدا نێژرابن" کە دیارە مەبەستی ئەوەیە ئەگەر سیاسی بێت نابێت راستگۆ بێت. ئەوکاتەی منداڵ بوین هەمومان پێمان دەگوترا درۆ خراپە، شورەییە، بۆیە وەک کرداریکی خراپ سەیرمان دەکرد، بەڵام گەورەکان مافی ئەو درۆکردنەیان هەبوو، بەهەمان شێوە سەرۆک بۆی هەیە درۆ بکات بۆ خوار خۆی بەس نابێت ئەوانیتر درۆ لەگەڵ سەرۆک بکەن، ئەگەر هاتوو درۆیان لەگەڵ سەرۆک کرد ئەوا بە خائین لەقەلەم دەدرێن، بەڵام سەرکردەو سەرۆک درۆ لەگەڵ لایەنگرانیان دەکەن، بەڵێنی درۆ بە جەماوەر دەدەن، بەڵام بۆچی بڕوا بە درۆکانیان دەکەین؟ ئەوکاتەی گوتاری سیاسیەک بلاودەکرێتەوە، یان پەخش دەکرێت مرۆڤ بۆئەوەی بڕیاڕ بدات لەسەر باشیی و خراپی گوتارەکە بڕیکی زۆر پشت دەبەستێت بە هەست و سۆز، ئەو پاساوەی دەیهێننەوە بۆئەوەی بڕیار بدەن لەسەر گوتارەکە رەنگدانەوەی هەست و سۆزی کەسەکان خۆیانە کە وادەکات بڕیاڕ بدەین ئەو سیاسیە راستگۆیە یان درۆزن، هەربۆیە زۆرکات تام و چێژ دەبینین لە درۆی سیاسیەکان و بەبێ ئەوەی بەخۆمان بزانین بڕوامان بەو درۆیانە کردوە. هەر بۆیە ئەوانیش لە گوتارەکانیاندا پشت دەبەستن بە وروژاندنی سۆزی جەماوەر و دروستکردنی جیهانێکی خەیاڵیی، لەمبارەیەوە بیریارە گەورەکان کە نوسینی گرنگیان لەسەر درۆی سیاسیەکان هەیە ( کۆبری، هانا ئارنێت، دێریدا)پێیان وایە کرداری سیاسەتکردن لەمڕۆدا پەیوەست نیە بە عەقڵەوە، یان حەقیقەت، بەڵکو پەیوەستە بەو بۆچونانەی لەسەر خەیال بونیاد نراون، هەربۆیە سیاسەتکردن زۆرترین درۆی تیا دەکرێت. جۆرج ئۆروێل رۆماننوس دەڵێت" زمانی سیاسەت وا دیزاین کراوە کە درۆ واڵێبکات وەک حەقیقەت دیاربێت و کوشتن وەک شتێکی بەڕێز نیشان بدات" گەر سەرنج بدەین یەکێک لە پێناسە گرنگەکان کە زۆر دوبارە دەبێتەوە لە سیاسەتدا ئەوەیە کە دەڵێن"سیاسەت هونەری مومکینە" ئەو کاتەی ئەو پێناسەیە هاتە کایەوە ئەوگومانە زیاتر بوو کە دەکرێت ئەو هونەرە درۆکردن بێت، واتە هونەرێک بەکاردەهێنیت بۆئەوەی شتیک بەدەست بێنیت ئیتر دەردەکەوێت ئەو هونەرە دەکرێت ئامانجێکی خەیاڵیی بێت کە ڕاست و عەقڵانی نیە.. درۆکردن تەنها بۆئەوانە نیە لە حوکمدان بەڵکو لە سەردەمی بەرگری و ئۆپۆزیسیۆنیشدا بەهەمان شیوەیە. لەخەباتی کوردایەتیدا بۆ بەرگری لە نیشتمان دژی داگیرکەر زۆر شەرعیەت بە درۆ دراوە، ئەویش لەپێناوی مەبەستی پیرۆزدا کراوە، یان دەیانگوت نابێت لەگەڵ دوژمن راستگۆ بین، رەنگە زۆر مرۆڤی پاک و بێگەردیش لەئەنجامی ئەو درۆیانە بوبێتنە قوربانی، چونکە گەل لەسەر ئەو درۆیانە لێپرسینەوەیان لەگەڵ ناکات کە لە پێناوی نیشتماندا بوە. جگە لەوەی خۆیان بەخاوەنی حەق دەزانی و پێیان وابوو ئامانجی باڵایان هەیە کەئەویش رزگارکردنی گەل ونیشتمانە لە داگیرکەر. ئێستاش بەهەمان شیوە لەپاڵ درۆکانی سیاسیی دەسەڵاتدا ئۆپۆزیسیۆنیش بەهەمان شێوە بۆ ئەوەی بگەن بەو دەسەڵاتە هەستی خەڵک بوروژێنن و زۆرترین دەنگ کۆبکەنەوە بەهەمان رێسای کوردایەتی شەرعیەت دەدەن بە درۆکردن لەپێناو گەیشتن بە ئامانجەکانیان و سەرکەوتن بەسەر دوژمندا،بۆ ئەوەی جەماوەر بروا بکات دەبێت دەستکاری واقیع و دەستکەوتەکان بکەن، تەنها جیاوازی درۆی هەردولا ئەوەیە درۆ بەتامی ئۆپۆزیسیۆن جیاوازە لە درۆ بە تامی دەسەڵات چونکە ئەو بەڵێنانەی لەکاتی ئۆپۆزیسیۆن بوندا دەیدەن ناتوانن لە دەسەڵاتدا جێبەجێی بکەن، بۆیە گوتارەکانیان گۆڕانکاری بەسەردا دێت کەدەچنە دەسەڵاتەوە. ئەبراهام لنکۆڵن دەڵیت" ئەتوانی هەموان بۆ کاتێک هەڵخەڵەتێنیت، یان کۆمەڵێک خەڵک بۆ هەموو کات هەڵخەڵەتێنێت، بەڵام ناتوانی هەموو خەڵک بۆ هەموو کات هەڵخەڵەتێنیت" هەربۆیە درۆکردن ناتوانێت تا سەر بەردەوام بێت و هەموان هەڵخەڵەتێنێت.
مەلا بەختیار ماركس، وتەیەكی نایابی هەیە دەڵێ: جاری وا هەیە، روداوی بیست ساڵ لە یەك رۆژدا دەتەقێتەوە. جاری واش هەیە، لە یەك رۆژدا، روداوی بیست ساڵ دەتەقێتەوە. ئەو وتەیە، ئێستا لە ئەمریكادا بەرجەستە بووە. لە (25/5/2020)دا پۆلیسێك، رقی هەڵدەستێو ئەژنۆی لە ملی (جۆرج فلۆید) پیاوێكی رەشپێستی بێگوناح گیر دەكاتو دوای (8) دەقیقە، دوا هەناسەی پێ دەدا. ئەم پۆلیسە، كە یەكێكە لە سەدان هەزار پۆلیسی ئەمریكا، بێئاگا بووە لەوەی هەر دەقیقەیەكی هەناسەلێبڕینی ئەو پیاوە، بەهاكەی هەژاندنی گەلانی ئەمریكایە، دژی حكومەتەكەی. هەشت دەقیقە.. لە یەك رۆژدا، دەریخست كە گەلانی ئەمریكا، هەناویان لێوڕێژی زوخاوەو سێ مانگی كۆرۆناش، ئەو زوخاوەی جۆش جۆش داوە، تەنها ئەو هەشت دەقیقەیەی دەویست، كە ئەمریكایەكان قینی پیرۆزیان بتەقێننەوە. هەشت دەقیقە، بۆ ئەمریكاو بۆ ژیانو بۆ دونیای جەنجاڵی سیاسەت، هیچ نییە. بەڵكو هەشتا ساڵیش بۆ مێژوو هەناسەیەكی كورتە. بەڵام، كاتێك روداوەكان، لە كورەی هەناوی رای گشتیدا جۆشی دەرونی دەخۆنو بۆ دەرەتانێك دەگەڕێن چەشنی گڕكان بتەقنەوە، نەك هەشت، بەڵكو دەقیقەیەكیش بەسە، گەلان دژی دەسەڵاتەكان راپەڕن!! كات، هەموو كاتێك، بە یەك پێوەر ناپێورێ. بەڵكو هەروەكو تیۆری رێژەیی پێویستە سەیری كات بكرێ. راستە كات هەر كاتە. بەڵام لە تیۆری رێژەییدا، زەمانو زەمینە، كاتو جوڵە، كات دەگۆڕن، بۆ نموونە: مرۆڤ، دەقیقەیەك لەناو ئاگردا بێ، كاتەكەی لێ ناڕوات. بەڵام لە سەر كانیاوێكی سازگاری سێبەرداردا دانیشێ، كاتژمێرێكیشی لێ بڕوات، ئاگای لەخۆی نییە. ئەم تیۆرە رێژەییە، لە دونیای سیاسەتیشدا دروستە. كاتێك كێشەی ئابوری، سیاسی، كۆمەڵایەتیو سایكۆلۆژی، لە هەناوی رای گشتیدا، پەنگی نادادپەروەری دەخواتو مەترسیەكی گەردونی وەكو كۆرۆناش، فشاری فیزیكی رۆدەچێنێ، دۆخی زلهێزێكی وەكو ئەمریكاش، لە هەشت دەقیقەدا دەهەژێنێ. ئەمریكا، دوو سەدە و نیوە سەربەخۆیە. (230) ساڵە دەستوری هەمیشەیی هەیە. چوار ساڵ تێناپەڕێنێ هەڵبژاردن نەكات. لە هەڵبژاردنیشدا، گزی ناكرێ. یاسا سەروەرە. زلهێزە. یەكێكە لە زەنگینترینو رەنگینترین وڵاتانی سەر ئەرز. لە دەیان وڵاتدا، بنكەی سەربازی هەیە. بە چەكی ئەتۆمی دەتوانێ سەر ئەرز بكاتە مەرگەسات. دیموكراسیو ئازادی لەوپەڕیدایە. ژێرخانی ئەوەندە تۆكمەیە، لە سێ مانگی كۆرۆنادا، دەیان ترلیۆن دۆلاریان سەرف كردووە، پێیانەوە دیار نییە. كەچی ئەم وڵاتە زلهێزە، پۆلیسێكی هەڵە دەكاتو هاوڵاتیەك دەكوژێ.. دەهەژێ. ئەم هەشت دەقیقەیە، سەعاتێكی بیست ساڵەكەی ماركس بووە. ئەگەر ئەو روداوە، بە وڵاتانی لەمەڕ كوردستان بەراورد بكرێ، هەقوایە، هێزە سیاسیەكانو حكومەتی كوردستان، واقیان لە دۆخی ناوخۆ وڕ بمێنێ. كوردستان.. هێشتا هەرێمێكی فیدراڵە. بە بودجەی عێراق بەڕێوەدەچێ. یەك دۆلار پاشەكەوتی نییە. كیلۆیەك ئاڵتونی پارسەنگی دراویشی نییە. دەستوری نەنوسیوە. یاسا سەراپا سەروەر نییە. حكومەت قەرزاری پاشەكەوتی چەندین مانگی موچەخۆرانە. گەندەڵی بۆگەنی بەرزبۆتەوە. هێزو دەستەی گەندەڵپارێزی تەراتێن دەكەن. هەلپەرستان فەیسبوكیان گەرموگوڕە! هەژاران هەژارتر بون. بێمتمانەیی قوڵتر بۆتەوە. لایەنی كەمی راستگۆیەتی لەناو لایەنە سیاسیەكاندا نەماوە. ماستاوچیەكان قەزوانیان لە بازاڕ نەهێشتووە بۆ ماستاوی سەروی خۆیان!! بۆیە، هەتا دێت، دابڕانی مەترسیدار لەنێوان خەڵكو حكومەت رودەدات. لە دۆخێكی ئاوادا، هەستی برینداركراوی خەڵك، لەسەر چزە. لەئەمریكادا، بە ناهەق كوشتنی هاوڵاتیەك قینی خەڵكەكەی بتەقێتەوەو هیچ بەربەستێك رێگای راسانیان لێ نەگرێ، ئاخۆ، لە كوردستانێكدا، كە لایەنی كەمی ئەو بەربەستە ئابوری، دەستوری، سیاسی، دەسەڵاتدارێتیو سیستەمی دیموكراسییەی ئەمریكای نەبێ، تاقە روداوێك، چی لە دۆخە قەیراناویەكەی كوردستان دەكات؟ دۆخ لە كوردستاندا دەكوڵێ. كەچی كۆبونەوەیەكی متمانەبەخشی نێوان لایەنە سیاسیەكان، لە پەرلەمان، لەگەڵ عێراق، چارەسەری موچەو بودجە، لەئارادا نییە. بەش بەحاڵی مەلا بەختیار، ئاوات ناخوازم روداوێكی بچوكی نەخوازراویش، لەم نیشتمانەم روبدات. بەڵكو ئومێدم وایە، چارەسەر بۆ كێشەكان، لەپێشەوەدا، قەیرانی ئابوری بدۆزرێتەوە. بەڵام ئەگەر دۆخەكە بە چارەسەرنەكراوی بمێنێتەوە، نایشارمەوە، هیچ دەستەبەرێكی سیاسی-كۆمەڵایەتی بۆ ناخی برینداركراوی خەڵك لەكوردستاندا نییە. دوور نییە، ئەمریكا لە هەشت دەقیقەدا بە كوشتنی هاوڵاتیەك هەژابێ، لە كوردستاندا، كەمتریش لەو كاتە، روداوێك، روداوی سیاسی نەخوازراو بهێنێتە دی!! تكایە، لەم راستییە تاڵە تێبگەن.. تكایە!!
سەلاح خدر گەنجێکی تەمەن ٢٠ ساڵ بە ناوی بارش چاکان خەڵکی ناوچەی ئاگری باکوری کوردستان بەهۆی ئەوەی گوێی لە گۆرانی کوردی گرتووە، شەوی ڕابردوو لە گەڕەکی ئالسانجاکی شاری ئەنقەرە لەلایەن ٣ ڕەگەزپەرستی تورکەوە هێرش کرایە سەری و بەچەقۆ کوشتیان. بەپێی داتا ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان فاشیزم و نەژادپەرستی و دەمارگیری ئاینی لەماوەی ١٨ ساڵی دەسەڵاتداری ئەردۆغاندا بەشێوەیەکی لە تورکیا هەڵکشاوە کە ئیدی لە غەیرە تورک و موسوڵمانی سونیی هیچ نەتەوە و باوەڕێکی دیکە ئاسایشی ژیانی مسۆگەر نییە، مەگەر ئەوانەی نکۆڵی لە نەژاد و باوەڕی خۆیان بکەن، لەپێشدا کورد دوای ئەرمەنیەکان، عەرەب، مەسیحی، عەلەوی و ئێزدی لەژیر هەڕەشەی جدی تورکە ڕەگەزپەرستەکاندان، ڕۆژانە هێرش دەکرێتە سەر خۆیان و جێگا پیرۆزەکانیان. ئەردۆغان لەساڵەکانی سەرەتای حوکمڕانیدا بۆ پتەوکردنی دەسەڵاتداری خۆی هەڵمەتێکی تاکتیکی بەناوی کردانەوەی کوردی دەستپێکرد، تا ئەوەی قاچی داکوتا، ئیدی دەمامکەکەی فڕیدا و ڕووی ڕاستی خۆی (فاشیزمی کەسک)ی دەرخست لەگەڵ ڕەگەزپەرسترین حزب لەمێژووی تورکیا (پارتی نەتەوەیی تورکیا - مەهەپە) و ئەرگەنەکۆن و دەوڵەتی قوڵ و چەتە و مافیاکان یەکیان گرت و لەڕێی گۆڕینی یاسا و دەستورەوە دەستیان بەسەر تورکیادا گرت. ئەردۆغان بەدروشمی هەموو شتێک لەپێناو تورک و تورکیادا، پەیماننامەی میساقی میللی و گەڕانەوە بۆ سنورەکانی عوسمانی هێنایە ڕۆژەڤەوە، لە هەوڵی داگیرکردنی کۆبانێ لەڕێی چەتەکانی داعشەوە و پاشان داگیرکردنی ڕاستەوخۆی عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپی و کاولکردن و کۆمەڵکوژی ناوچەکانی سوری ئامەد، جیزرە، سلۆپی، کاربۆران و چەند دەڤەری باکوری کوردستان، دەستوەردان لە کەرکوک و موسڵ، کردنەوەی بارەگای سەربازی نوێی لە نزیک موسڵ و هەرێمی کوردستان، دروستکردنی هێزی چەکداری پڕۆکسی لە تورکمان و سونەکانی عێراق و ناردنی هێز بۆ سوریا و لیبیا پیلانە مەترسیدارەکەی کرداری کرد. بەردەوام لەڕێی میدیاکانی تورکیا کەدوای سیناریۆی کودەتای تەموزی ٢٠١٦ لەلایەن ئەردۆغان و هاوکارەکانیەوە وەک سوپا دەستی بەسەرداگیراوە، ژەهری نەژادپەرستی لەناو کۆمەڵگادا بڵاودەکرێتەوە، هونەرمەندانیش لەڕیی گۆرانی و فیلمەکانیانەوە وەک ئەوەی لە داگیرکردنی عەفریندا بینیمان بوونەتە پارچەیەک لەو پڕۆژەیە، بەپڕوپاگەندەی (هیچ نەتەوەیەک لە تورک پیرۆزتر و شەریفتر نیە، بەختەوەرترین کەس ئەوەیە کە تورکە) بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و کۆمەڵایەتی ئاستی ڕەگەزپەرستی لە تورکیا بۆ لەسەدا ٢٠٠ بەرزکراوەتەوە و ئەو فکرە مەترسیدارە سنورەکانیشی تێپەڕاندووە و تورکەکانی ئەوروپا و وڵاتانی دیکەشی لەخۆیدا کۆکردوەتەوە، لەو ڕێیەوە خۆیان لە دەسەڵاتداریدا هێشتوەتەوە. میدیای لغاوکراوی هەنوکەیی تورکیا بەئاستێکی زۆر فکر و بۆچوونی کۆمەڵگای داگیرکردووە و سیستەماتیک ئاڕاستەی دەکات. بەتایبەت دوای سیناریۆیی کودەتاکە هەزاران دەنگی ناڕازیی تیرۆرکران یان خرانە زیندانە و هەزارانی دیکە ناچاربوون وڵات بەجێبهێڵن. ئەردۆغان لەڕێی حەسەن خەیریەکانی حکومەتی هەرێمەوە چەقۆی تورکی خستوەتە سەر ملی گەلی کورد و هەوڵی قوربانی کردنی دەدات، ڕۆژانە بارەگای نوێی سەربازی دەکاتەوە و خاک داگیر دەکات، بۆردومان کۆمەڵکوژی ئاشکرا دەکات، هێڵە ئیخوان موسلمینە کوردەکانی باشووریش پرسی چارەنوسازی نەتەوەیی کوردیان لەهەستیارترین سەردەمدا کردوەتە قوربانی هێڵی دەمارگیری ئاینی سونیی گوایە ئەردۆغان محەمەد مەهدی سەردەمە و پێشەنگایەتی مانەوەی ئەو هێڵەیان بۆ دەکات بەرامبەر خاچپەرست و رافزیەکان هەربۆیە بێپەردە پشتیوانی ئەو ڕەگەزپەرستیە خوێناویەی تورکیا دەکەن و فتوای بۆ دەدەن. ئەردۆغان سودی لە پەرتەوازەیی و ناکۆکی نێوماڵی کوردی بینیووە، هەربۆیە تاکە ڕێگەی بەرەنگاربوونەوەی ئەو فاشیزمە مەترسیدارە یەکبوونی نەتەوەییە ڕێگەی دووهەم نیە...
مەریوان وریا قانع ژنە فەیلەسوفی ئەڵمانی، ھانا ئارێنت باس لە ڕاستییەکی زۆر سادە و گرنگ لە پەیوەندیدا بە دەسەڵاتە ستمگەرەکانەوە دەکات: یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی دەسەڵاتە ستەمگەرەکان، ئیتر چ دەسەڵاتێکی تۆتالیتاریی یان ھەر شێوەیەکی تر لە دەسەڵاتی ستەمگەریی بێت، ڕێگرتنە لەوەی خەڵک دەستیان بە زانیاریی بگات و لەوە ئاگاداربن چی ڕووئەدات. ستەمگەریی و ڕێگرتن لە ئاشکرابوونی ڕاستییەکان دووانەیەکی لێکدانەبڕاون. دیوی ئەودیوی ئەم ڕێگرتنە لە ئاشکرابوونی ڕاستییەکان و گەیشتنی زانیاریی ڕاست بە کۆمەڵگا درۆکردنە. لە ڕاستیدا درۆکردن لەگەڵ کۆمەڵگا و خەڵک و تاکەکەسەکاندا یەکێکە لە ئامرازە ھەرە سەرەکییەکانی ئەو فۆرمانە لە حوکمڕانیی کە ستەمگەرن. بە پێچەوانەی زۆرێک لە نووسەرانی ترەوە، ھانا ئارێنت، باوەڕی وایە ئەگەر حوکمڕانان بە بەردەوامی درۆ لەگەڵ کۆمەڵگادا بکەن، مەترسییەکە ئەوە نییە خەڵکەکە باوەڕ بە درۆکان بکەن و وەک ھەقیقەت مامەڵەیان بکەن، بەڵکو لەوەدایە ئەم درۆکردنە ببێتە ھۆکاری ئەوەی ھیچ کەسێک باوەڕی بە ھیچ شتێک نەمێنێت. ھەر شتێکیش چەند ڕاستبێت، ببێتە مایەی دڕدۆنگیی و گاڵتەجاڕیی و متمانەپێنەکردن. ئەم درۆکردنە بەردەوامە و ئەم ونکردنە سیستماتیکی و بەمەبەستەی باوەڕکردن بە ڕاستیی، یان دروستکردنی ھۆشیارانەی دۆخی باوەڕنەمان بە ھیچ شتێک، وادەکات نەک تەنھا خەڵک نەتوانن ببنە خاوەنی ھیچ کردەیەکی مێژوویی، بەڵکو نەشتوانن بیربکەنەوە و توانای بیرکردنەوە و داوەریکردن لەدەستبدەن. لە ھەر شوێنێکیشدا دەسەڵاتداران لەوەدا سەرکەوتن ئەو دۆخی باوەڕنەمانە دروستبکەن، وابکەن کەس باوەڕی بە ھیچ شتێک نەمێنێت، لەوێدا، ئیفلیجبوونێکی کۆمەڵایەتیی گەورە دروستدەبێت و ڕێ لە ھەر کردەیەکی مێژوویی بەسەمەر دەگیرێت. ھەر حوکمڕانییەکیش بە درۆکردن دەستیپێکرد و درۆکردن کۆڵەکەی سەرەکیی دەسەڵاتدارێتیەکەی بوو، وایلێدێت بەردەوام ھەم پێویستی بە درۆی تازە و ھەم بە سەرلەنوێ داڕشتنەوەی درۆ کۆنەکانی ھەبێت. لەم ڕووەوە مێژوویەک بۆ خۆی و بۆ کۆمەڵگاکەی دروستدەکات کە ژێرخان و بناغەکەی درۆکردنە. ئەوەی ئێستا لە ھەرێمدا ڕوودەدات گەیشتنە بەم خاڵی باوەڕنەمانەی کۆمەڵگایە بە ھیچ شتێک، لە ڕێگای ئەزموونکردنی گواستنەوە لەم درۆيەوە بۆ ئەویتر. ئەوەی باڵادەستە دروستبوونی جۆرێکە لە بەدگومانیی بەھێز کە وادەکات ھەموو شتەکان بەیەکتری یەکسان بکرێن و درۆ بچێتە شوێنی ڕاستیی و ڕاستیش وەک درۆیەکی تر مامەڵەبکرێت. ئەمەش وادەکات کەسەکان توانای جیاکردنەوەی باش لە خراپ و توانای داوەریکردن و حوکمدان بەسەر باش و خراپدا وونبکەن. درۆی دەسەڵات وەک درۆی ئەم یان ئەو تاکەسی ناو کۆمەڵگا نییە، درۆی دەسەڵات کۆمەڵگایەک دروستدەکات ھەموو متمانە و باوەڕێک بە ڕاستییەکان لەدەستبدات. گومانکردن لە ھەقیقەتی بوونی کۆرۆنا وەک ھەڕەشەیەکی گەورە لەمڕۆدا بەشێکە لەم وێنە گەورەیەی لەدەستدانی باوەڕ و متمانە بە ھەمووشتێک.
بەشدار عوسمان ئەوانەن کە دەمی خەڵک دەبەستن و گوللە دەنێن بە دەمی گەنج و رۆژنامەنوسەکانی، ئەوانەن کە داهاتەکەی فەرهوود دەکەن و کرێی کرێگرتەکانیان نادەن و لەکاتی داواکردنیشی شەق لەناو گەڵی مامۆستا و فەرمانبەرەکانی هەڵدەدەن،ئەوانەن دەستدرێژیکارانی سەر مناڵی حەوت ساڵان و تاوانباران لە دادگا دەرباز دەکەن، ئەوانەن کە رۆژانە سەدان تەن خۆراک و دەرمانی ئیکسپایەر دەرخواردی خەڵکەکەی دەدەن، ئەوانەن پایتەخت دەکەن بە مۆڵگەی دەزگا سیخوڕییە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان، ئەوانەن زانکۆکەی بێ کاریگەر و ئیفلیج دەکەنو وەکو ناوەندێکی حزبی چاوی لێدەکەن،ئاژاوەگێڕەکانی شار ئەوانەن لەسەر داهاتی خەڵکەکەی نەخۆشخانەیان بۆ خۆیان چێکردووە و کەرتی گشتییان بەفەرامۆشی سپاردووە، ئەوانەی بڕوایان بە قوتابخانە گشتیەکان نیە و بۆ مناڵ و نەوەکانیان قوتابخانەی تایبەتیان دورستکردووە و مناڵی زۆربەی خەڵکەکەشی چاوەڕوانی روخانی بینا کەلاوەکانن بەسەریاندا،ئەوانەن پیر و پەککەوتەی شارەکە لەبێ کارەبای و نەبوونی ئاودا ڕادەگرن و خۆشیان ئاو و کارەبای فول و بەردەوامیان هەیە. ئاژاوەگێڕەکان و تێکدەرەکان ئەوانەن، زەوییە ڕوکن و شوێنە ستراتیژەکان بەسەر خۆیان و دەوروبەرەکەیان تاپۆ دەکەن و بەشێکی بەرچاوی خەڵکەکەشی بەدیار کرێی خانوەوە کۆتایی مانگ دۆش دادەمێنێت،ئەوانەن مەرجی دەستکەوتنی کار و وەزیفە دەبەستنەوە بە تەسکیە و وەلائی حزبی،ئەوانەن رۆژانە نامەی هەڕەشە بۆ خەڵک دەنێرن و لەهەوڵی ناشیرینکردنی کەسایەتیەکاندان، ئەوانەن پیاسەیەک و ژوانێک بۆ کچ و کوڕە گەنجەکان ڕەوا نابینن و رێگای ئیجەیان نیشان دەدەن، ئەوانەشن رۆژانە وانەی کوردایەتی و نیشتیمان پەروەوریمان بۆ دەڵێنەوە و خۆشیان بەبێدەنگی لە دیمەنی تۆپبارانەکان و لاشەکان ڕادەمێنن . ئاژاوەگێڕەکان ئەمانەن، کە کارگەی جگەرە و مافوری هەولێر و کارگەی شیری ئەلبان و هەرچی کارگە و کارخانە بوو لەکاریانخست، دەرفەتی کار و بەرهەمیان نەهێشت و لەشکرێک لە خەڵکیان کردە مووچە خۆری بندیوار و خانەنشینی نایاسایی . هەموو ئەو ئاژاوەگێڕ و تێکدەرانە بگرن و سزای قورسیان بەسەردا بسەپێنن کە ئەو وەزعیەتەیان بەسەر ئەو خەڵکە هێناوە، لایەکی شارەکە لە نانی بەیانی مناڵەکانی دڵنیا نیە. بێدەنگ کردنی خەڵک و لە جوڵە خستنی هەموو جموجۆڵێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی لە شارەکە و هەڕەشە و تۆمەت و سیناریۆ دورست کردن بۆ کەسانی ناڕازی بەو وەزعیەتە پڕ نەهامەتیە، سووکایەتییە بە شار و خەڵکەکەی، دوورستکردنی ژینگەی پڕ لە ترس و تۆقاندن و سەپاندنی عەسکەرتاریەت بە شەقامەکانی لەگەڵ دڵفراوانی و هێمنی خەڵکەکەی نامۆیە . هەوڵدان و کڕینی خەڵک و کۆنترۆڵ کردنی بازاڕ سووکایەتییە بە شار و خەڵکەکەی، یەک دەنگی و یەک ڕەنگی و خامۆشکرنی دەنگە جیاوازەکان و ڕاونان و دەرکردنی خەڵکانێکی شارەکە،تەنها لەبەر ئەوەی جیاواز بیردەکەنەوە، ناعەدالەتی ئازاریان دەدا، لەبەرامبەر ستەمکاری دێنە دەنگ،مۆرێکی ناشیرینە بۆ هەموو شوێن و جێگا و دەسەڵاتێک،مێژوو لە بکەرانیان خۆش نابێت و باجەکەی دەبێت بدەن. هەولێر ئەگەر بە بێدەنگیش بێت رۆژانە قسە دەکا و گوزارشتی دڵشکانی بەردەوامی بەهەموو دنیا دەگەیەنێت .
ئەبوبەكر كاروانی بڕیارە لەداهاتوویەکی نزیکدا، گفتوگۆی ستراتیژی لەنێوان ئەمریکاو عێراقدا دەست پێ بکات. یەکێ لەئەرکە چاوەڕوان کراوەکانی کازمی و حکومەتەکەشی، ئەنجامدانی ئەم گفتوگۆیەیە. جێگەی سەرنجە ئەمریکاو عێراق لەساڵی (٢٠٠٨ ) ەوە، (ڕێکەوتنی ڕەوشی هێزەکان) و ( ڕێکەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی) لەنێوانیاندا مۆرکراوە و پەیوەندییە دووقۆڵیەکان بەگوێرەی ئەوان ڕێکخراوە. ئەمەش دەخوازێت بپرسین، لەگەڵ بوونی ئەو ڕێکەوتنانەدا دووبارە باسکردن لە گفتوگۆی ستراتیژی چی دەگەیەنێت؟ ئایە مەبەست تیایدا گیانکردنەوەیە بەبەر ڕێکەوتنە کۆنەکان وەوەگەڕخستنیانە؟ یاخود دووبارە پێناسەکردنەوەی بەرژەوەندی و چاوەڕوانی و داواکاری و ڕۆڵەکانە، لەڕوانگەی هەمووئەو ئاڵوگۆڕانەی لە زیاد لە ڕویەکەوە هاتوونەدی؟ یان لەوەش زیاتر، ئاماژە کردنە بەکەم بوونەوەی توانای ئارام گرتن و دەرفەتەکان و خاڵ نانە سەرپیت و بڕیاری یەکلاکەرەوەو ڕزگاربوون لەوبازنە بێ ئاسۆیە داخراوەی ململانێ نەزۆکەکان و تەقلید لەماوەی ڕابردوودا بۆ لایەنەکان و، بەتایبەتیش بۆ ئەمەریکایان خوڵقاندووە؟ باسکردن لە ستراتیژ لەم چوارچێوەدا بەدڵنییاوە بەشێکی پەیوەستە بە دووبارە پێناسەکردنەوەی بەرژەوەندییەکان و ئامرازەکانی بەدیهێنانیان وجۆری ئامادەگی ئەمەریکا و بەڕێوەبرندنی ململانێکان لە کۆی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. وەك ڕوونیشە لایەنی دووەم و سەرەکی لەم گفوگۆیانەدا بەناڕاستەوخۆ کۆماری ئیسلامی ئێرانە؟!.حکومەتی عێراق گەرچی لایەنی دووەمی فەرمیە، بەڵام بەکردەوە لایەنی سێهەم پێکدێنێت؟گەرچی فەرمی بوونەکەی لە چوارچێوەی یاسای گشتی نێودەوڵەتیدا قورسایی بە هەڵوێستەکانی دەدات. بەڵام با واز لە هەموو ئەم شتانە بێنین وبپرسین: کورد لەکوێی ئەم دۆخەدایە؟ داخۆ دۆخی ئابوری وسیاسی و تەندروستی نەخوازراوی هەرێم شپرزەیی نێوماڵە سیاسەکەی، بوارێکیان بۆ بیرکردنەوەی جددی لەم پرسەو بەخەمەوە بونی هێشتۆتەوە؟لەکاتێکدا بەرەنجامی دیالۆگەکە بەهەربارێکدا بشکێتەوە، کاردانەوەی جۆراوجۆری بەسەر بارو دۆخی ئێستاو ئایندەی هەرێمدا دەبێت. دیارەلە دۆخی ئاسایی و لەبەرامبەر چاوەڕوانی ڕوداوێکی لەو جۆرەدا، دەبێت چەندین توێژینەوەو پانێڵ و گفتوگۆلە لایەن دەزگاکانی توێژینەوەو زانکۆکان و بیرمەندو ڕۆژنامەنوس و سیاسەتمەدارەکان بەڕێوە بچێت و سازبکرێت و قسە لەسەر کۆی ڕەهەندو ئەگەرو بژاردە و بەرژەوەندیەکانی هەرێم وگەلەکەی بکرێت. وەفدی تایبەت ڕەوانەی واشنتۆن وتاران وئەنقەرەو بەغدا بکرێت، بۆئەوەی داواکاری ڕۆڵمان لە قۆناغی ئامادەکاریەکاندا بەگوێرەی توانا دیاربن و وەك لایەنێکی خاوەن بەرژەوەندی و ئاسەوار وەرگر بزر نەبێت. لەکاتێکدا ئێمە لەئێستادا هیچ یەکێ لەم شتانە نابینین؟! ناهەمواری و تێکچوونی دۆخی ناوخۆ ئەم پرسە ستراتیژیەی کردووە بە مەسەلەیەکی لاوەکی؟!ئەمە لەکاتێکدا ئەم جۆرە پرسانە بۆ هەرێم زۆر چارەنوسسازن. چونکە وەك بنەمایەکی گشتی، هەرێمە نیمچە دەوڵەت و کاراکتەرە نادەوڵەتیەکان، لەوانەش هەرێمی کوردستان، بۆمانەوەو پارێزگاری لە خۆکردن، پێویستیان بە پارێزەرێکی نێو دەوڵەتیە. ئەوەش وادەکات خەمی ئێمە لەم جۆرە دۆخانەدا تەنها خەمی پاراستنی بەرژەوەندییەکانمان بەمانا گشتی و تەقلیدیەکەی نەبێت، بەڵکو خەمێکی وجودیی قوڵ بێت.
پەیكار عوسمان لە ڕوکەشدا (نوێ) شتێکە کە نەبووەو پەیائەبێ. موجەڕەد پەیابوونەکەی ئەیکاتە نوێ. مەسەلەن حیزب ئەگەر تەنیا قەپاغەکەی و هەر ئەوە وەرگرین کە ناوی حیزبە، لێرەدا "نەوەی نوێ" حیزبێکی نوێیە، چونکە لە تەمەندا دواحیزبە کە پەیابووە. لە ناوەڕۆکیشدا (نوێ) مەساحەی جیاوازبوونە لەوەی کە هەیە. لێرەدا تەنیا پەیابوون و قەباغەکە ناتکاتە نوێ و ئەبێ ناو پاکەتەکە شتێکی جیاوازی تیابێ ئینجا نوێبوونێك ڕووئەدا. ئەمەش هەر ئەو ڕووداوەیە کە لە نەوەی نوێدا ڕووینەدا، چونکە ناوەڕۆکەکەی هەمان تاسوحەمامە. بەڵام (نوێبوونەوە) پەیوەندی بە ناوەڕۆکەوە نیەو تەنیا لە شکڵدا ئەکرێ، چونکە ئەگەر دەسکاری ناوەڕۆك و جەوهەر بکرێ، ئیتر کارەکە لە "نوێبوونەوە"وە ئەترازێ بۆ "نوێ"، شتەکەش ئەبێتە شتێکی تر! یەعنی نوێ هەر ئەو شتەیە کە لە جەوهەردا لەوەی پێشخوێ جیایەو ئەگەر جیاوازییەکە جەوهەریی نەبێ، نە ئەم ئەبێتە نوێ، نە ئەو ئەبێتە کۆن. یەعنی "نوێ" پەیوەندی بەوەوە هەیەو ئەوەیە کە بە جەوهەرو ناوەڕۆك "لەو" جیاوازە. بەڵام "نوێبوونەوە" پەیوەندی بەخۆتەوە هەیەو ئەوەیە کە شکڵی ئێستات لە هی پێشتری خۆت جیاوازئەکەیت. یەعنی "نوێبوونەوە" مەساحەی جیاوازبوونە لە خۆت. بەڵام "نوێ" مەساحەی جیاوازبوونە لەو. یەعنی نوێبوونەوە ئەوەیە کە لە خۆت جیاوازبی و نوێ ئەوەیە کە لەو جیاوازبی. بۆیە هەر لەڕێوە واز لە (نوێ)کە بێنەو ئەمەیان بۆ یەکێتی ناشێ. چونکە "بە ناوەڕۆك" یەکێتی نوێ نیەو هەمان مەعدەنی کۆنەکەیە کە پارتییە. بە تەمەنیش نوێ نیەو دوای ئەو دنیایەك حیزبی تر لەدایکبوون. یەعنی یەکێتی بەهیچ جۆرێك لە ساحەی نوێبووندا نیەو ئەوەی هەیە تەنیا ساحەی نوێبوونەوەیەو هەنێ شتی ڕووکەشییە. ئەوەشی کە بۆ کۆمەڵگای ئێمەو بۆ یەکێتی خۆشی گرنگە، نوێبوونە نەك نوێبوونەوە! "نوێبوون" بۆ یەکێتی و بۆ هەر حیزبێکی تری ئێمە، مەسەلەی فکرو ئایدۆلۆژیا نیە. سۆسیال دیموکرات و ییزم و ییست و و چەپ و ڕاست نیە.. بەڵکو تەنیا مەسەلەی دزی و نادزییە. چونکە تازە بمانەوێ و نەمانەوێ، دزی بووە بە جەوهەری حیزبایەتی ئێمەو نوێبوونیش پەیوەندی بە جەوهەرەوە هەیەو یەکێتیش جارێ دەسکاری ئەم جەوهەرەی نەکردوە تا "نوێ" بێت! ئەوەی کە یەکێتی هەنێ گۆڕانکاریی لە هەیکەل و بەڕێوەبردنی حیزبا کردوە، ئەمە نە "نوێ"یە نە "نوێبوونەوە". چونکە شتەکان جگە لەوەی نوێ و جەوهەریی نین، تەنانەت لە شکڵیشدا نوێبوونەوە نین و کۆنبوونەوەو گەڕانەوەیە بۆ دواوە! ئاخر گەڕانەوە بۆ نەفەسی جەلالیی و مەلایی شەستەکان، کوێ ی نوێیەو کوێ ی نوێبوونەوەیە؟ ئاخر بە بنەماڵەییبوون و بە ئەمنییبوون، کوێ ی نوێیەو کوێ ی نوێبوونەوەیە؟ لەڕاستیدا ئەوەی کە لە ناوەڕۆکدا لە پارتی جیاوازبوو، کۆمەڵەکەی ئارامبوو. باڵەکانی تری یەکێتی تەنیا لە ڕووکەشدا لە پارتی جیاوازبوون. دەی بۆ بەدبەختی ئەوەی کە توایەوە کۆمەڵەبوو، ئەوەشی کە مایەوە، ئەوەبوو کە هەمان ماهییەتی پارتیی هەبوو! یەکێتی ئەبێ تێبگا، دروستکردنی گرژی لەگەڵ پارتی، حیکایەتێکی سواوەو نە نوێ دروستئەکا نە نوێبوونەوە، نە عەبایەکیشە چیتر "لێکچوونەکانی لە پارتی" ئەشارێتەوە! یەکێتی لە ئەساسەوە لێکچوویەکی پارتییەو بەدرێژایی ئەم ٤٥ساڵەش جیاوازی خۆی لەگەڵ پارتیدا کەمکردۆتەوە، بەڕادەیەك کە بووە بە پارتییەکەی تری گیانی ئێمە. جا ئەم "گاحەقیقەتە" لە پشتی نمایشی دژایەتی پارتییەوە ناشاردرێتەوە! لە دۆخی فەسادی سیاسییدا، نوێبوون تەنیا بڕێك ئەخلاقی سیاسییە، کە یەکێتی زۆر دوورە لەم جۆرە نوێبوونەوە،، چونکە فەسادی سیاسیی ئێمە، ئەگەر دوو کۆڵەکەی گەورەی هەبێ، دوای پارتی، یەکێتی کۆڵەکەی تریەتی، حیزبەکانی تریش وردە کۆڵەکەکان. "نوێبوونەوە" دادی یەکێتی و هیچ حیزبێکی تری ئێمە ناداو تەنیا "نوێبوون" دەرمانی ئەوانە. نوێبوونیش ئەوەنیە کە یەکێتی دژی پارتی بێت، نوێبوون ئەوەیە کە یەکێتی خۆی پارتییەکەی تر نەبێت! بەکورتی نوێبوونەوە تەنیا میکیاجەو نوێبوون تەنیا دزنەبوونە. ئاخر "دزبوون" کۆنی سیاسەتی ئێمەیەو نوێ تەنیا ئەوەیە کە سەر بەم کۆنە نەبێ. حیزبی ئێمەش کۆن و نوێیان هەموویان لە دزبووندا کۆنن و تەنیا بە دزنەبوون ئەتوانن ببنە نوێ.
بەشیر غەریب زۆرێک لەگەڵ دەم ئەکەنەوە باسی بەدیل ئەکەن و ئەڵێن ئەمانە بڕۆن کێمان بەدەستەوەیە بەبەڵگەی ئەوەی بەدیلێک نییە بۆ شوێنگرەوەی ئەم دەسەڵاتە ، ( تێناگەم کاتێک دەسەڵاتێک دێت و ماوەی نزیکەی سی ساڵ بەشەڕی ناوخۆو لەناوبردنی لێشاوێک لە هاوڵاتیەکانی خۆی سەرقاڵ ئەبێت ، سەدان هاوڵاتی خۆی تەنها بەتۆمەتی جیاوازی بیروڕای سیاسیەوە بێسەروشوێن ئەکات ، یاساکانی وڵات ژێرپێ ئەنێت و بەتەواوی مانا گوزەران و ژیان وگیرفانت داگیر ئەکات ، هەڵدەسێت بە نانەوەی فیتنەو بێئەندازە دروستکردنی کێشەی کۆمەڵایەتی و خێزانی بە دامەزراندنی چەندەها میدیای بێڕەوشتی و چەواشەکارو سێبەر ، تەواوی پرسەگرنگە نەتەوەیی و چارەنوسسازەکان پەک دەخات و ناکۆکی و دوبەرەکی و چاندنی ڕق و کینە لە ناو ناخی تاکی کورددا بەرامبەر بەیەکتر دروست ئەکات ، هەیبەتی کورد و پێشمەرگە لە ئاستی دونیای دەرەوەدا لەکەدارو سوک ئەکات ، سەدان هەزار مرۆڤی دڵسۆزی گەل و خاک بەهۆی سیاسەتی چەپەڵ و دوژمنکارانەی خۆیە دەربەدەر ئەکات ، پەروەردەو خوێندن و فێرکردن هەر لە باخچەی ساوایانەوە هەتا خوێندنی باڵاو زانکۆ پەک ئەخات و ڕیسوای ئەکات و یاری و قومار بەئێستاو ئایندەتەوە ئەکات ، تەواوی سەروەت و سامانی گەلەکەی بەتەواوی توانای خۆیەوە ئەدزێت و تەنانەت قەرزدارکردنی هاوڵاتیەکانیشی ، چەتەیی و گیرفانبڕینی هاوڵاتیەکانی بە باج و سەرانە بەڕێگای جیاجیا و فەرهودکردنی سامانی ژێرزەوی و سەرزەوی ، چەندان مرۆڤی نوخبە و دەستەبژێر و چاکەخواز و ئازادیخواز ترۆر ئەکات ، گەروی مەلاو ڕۆژنامەنوسەکانی پڕئەکات لە فیشەک ، سامانێکی بێشوماری ناشەرعی بەدزینی مافی هاوڵاتیەکانی پێکەوەدەنێت و لە بەرامبەردا دروستکردنی ژێرخانێکی ئابووری بەتاڵ ، کەسایەتیە گەورەو ڕەسەنەکانی کورد سوک و بێبایەخ پیشان ئەدات و لە بەرامبەردا گەورەکردن و بەڕەمزکردنی کۆمەڵێک مرۆڤی بچووک سیاسەتێتی ، هەتا ئێستا لە بەرامبەر بەڕێوەبردنی هەرێمێکی بچووک گەورەترین شکستی خواردووە نەیتوانیوە تا ئێستا خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان دابین بکات و توشی شەرمەزاری بووە ..... هتد ) تۆ بێیت و باسی بەدیل بکەیت ، ( لەگەڵ ئەوەی هەموو کات بڕوام وایە کۆمەڵگەی ئێمە هێشتا مرۆڤی شەریفی تێدا ماوە ) بەڵام بۆ لەناوبردنی دەسەڵاتێکی چەپەڵی لەم شێوەیە مرۆڤ نابێت بیر لە بەدیل بکاتەوە ، درۆیەکی شاخدارە ناکۆکی و ڕەخنەگرتنی بەتایبەت ئەو حزبانەی کە لەناو گاڵتەجاڕی بەناودەسەڵاتدان درۆیەکی شاخدارە ڕەخنەی ئەم کابینە ، ئەمانە ڕاست ناکەن ( یەک مەعدەن و یەک پاکێجن ) ! ئەوەی ئەمانە بەسەر ئێمەیاندا هێناوە دوژنمن بەدوژمنی خۆی ئەگەر زۆر داخ لەدڵ بێت هەرئەوەنەی پێ ئەکرێت ! ئەسڵەن دوژمن کێیە ؟ کاتێک ئەمانە دەستیان لەگەڵ هەموویان تێکەڵە ! ئیدی ئیشم بە بەدیل چییە و گومانم لەچی هەبێت ؟
ساڵح ژاژڵهیی بەڕێز مەسعود بارزانی، هەرێمی كوردستانی خستە گەمەی ئەسپی دۆڕاوەو بەوهۆیەوە نیوەی زیاتری خاكی كوردستانمان لەدەستدا. هەمولایەك ئاگاداری ئەو ڕاستییەن كە ئەو بڕیارە تەنها بڕیاری مەسعود بارزانی خۆی بو بەپشتیوانی گروپێكی ناو یەكێتی و هیچ پشتیوانییەكی نێودەوڵەتیمان نەبو. ئەمریكا هاتە سەرخەت و داوای كرد بۆ یەك ساڵ ڕیفراندۆم دوابخەن و ئەوان ئامادەن نێوەندگیری بكەن و كێشەكانی نێوانیان لەگەڵ بەغدا چارسەر بكەن. بەڵام مەسعود بارزانی داواكەی ڕەتكردنەوە. ئێران بەئاشكرا دژایەتی خۆی بۆ ڕیفراندۆم ڕاگەیاند بەڵام مەسعود بارزانی گویێ بۆ نەگرتن. لەسەر ئاستی ناوخۆش بەگشتی هاوڵاِتیان دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بون چونكە لای هەموان ڕون و ئاشكرابو، كە كاتەكە گونجاو نییەو سەركەوتن بەدەستنایەت، تەنها مەسعود بارزانی خۆیی و گروپێكی ناو یەكێتی سوربون لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم. تۆ سور بزانیت هیچ پشتیوانییەكی نێودەوڵەتی و ناوخۆییت نەبێت. تۆ زۆر باش بزانیت ژێرخانێكی ئابوری بەهێزت نەبێت و ئەگەر ئێ ران و توركیا سنورت لەسەر داخەن، توانای خۆڕاگری تەنها مانگێكت نییە. تۆ بزانیت پاشەكەوتی موچەی مانگێكت نییەو بەدەمی خۆشت هاواردەكەی توكی سەرت قەرزە. تۆ خۆت بەدەستی خۆت سامانی ژێرزەوی و سەرزەویت تاڵان فرۆش كردبێت. تۆ باش بزانێت هێزێكی پێشمەرگەی تۆكمەو خاوەن چەك و پێداویستی و مەشق پێكراوت نییە. تۆ باش بزانیت هێزەكەی خۆت زۆر نابەرابەرە لەڕوی ژمارەو چەك و پێداویستییەوە لەگەڵ هێزی بەرامبەرت. تۆ خۆت باش بزانیت تا ئێستا هێزێكی پێشمەرگەی یەكگرتوت نییەو مێلیشیای حیزبیت هەیە. تۆ پێشوەخت بەشێكی زۆری هەرێمی كوردستانت تەسلیم بە توركیا كردوەو چەندین بارەگای سەربازی و بنەكەی جاسوسی میتی توركی لێ دانراوە. تۆ خۆت باش بزانێت كە هێزی ئێرانی هاوكاری حكومەتی عێراقی دەكەن و كەسێكی وەكو قاسمی سلێمانی خۆی هاتۆتە ناو هاوكێشەكەوە. لە هەموی گرنگتر ئەوەیە عێراق بڕیاری داوە بەهەر نرخێك بوە، كەركوك بگرێتەوە. كەواتە بە چ عەقڵیەتێكەوە ڕیفراندۆم دەكەی؟ ئەگەر كەسێك كەمێك هوشیاری سیاسی هەبێت چۆن بڕیاری ئاوا چارەنوسساز دەدات و ئایندەی وڵات و میللەتەكەی دەخاتە قومارێكەوە كە خۆشی زۆر باش بزانێت پێشوەخت دۆڕاوە. كەواتە ئەوپەڕی ئەحمەقییە شەڕ بكەی، ئەوپەڕی ژیرییە خۆت لە شەڕ ِبەدور بگریت. كەواتە با پرسیار لە خۆمان بكەین چی وای لە مەسعود بارزانی و هاوئاوازە ڕیفراندۆمچییەكانی ناو یەكێتی كرد ئەو بڕیارە بدەن؟ بە بۆچونی من هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ: 1-مەسعود بارزانی بەئاگاداری نوێنەری ئەمەریكا ئیمزای كردبو كە شەڕی داعش تەواوبو، ئامادەیە لەو ناوچانە بكشێتەوە كە بەهۆی شەڕەوە دەكەونە ژێر دەستیانەوە بە شاری كەركوكیشەوە. لەبەرامبەر ئەوەشدا بڕی 400 ملیۆن دۆلاری لە بەغدا وەرگرتوە. ئەوە قسەی عەبادی خۆیەتی. كەواتە مەسعود بارزانی بۆیە ڕیفراندۆمی ئەنجامدا، بۆ ئەوەی مەسەلەی وەرگرتنی ئەو پارەیەو فرۆشتنی كەركوك لەبیر خەڵك بباتەوەو خۆی وەكو پاڵەوان پێشان بدات. 2- پارتی هەرگیز پێگەیەكی بەهێزی نەبوە لە كەركوك و دەوروبەری. ئەو لایەن گرانەشی هەیبون بەهۆی دامەزراندنەوە بوە وەكو بندیوار. بەوهۆیەوە پارتی لە كەركوك هەمیشە خەریكی كاری تێكدەرانە بوە. ئەوان بونە هۆكاری ئەوەی دو ئاسایش و دو هێزی پێشمەرگەی جیاوازو دو بەرنامەی خوێندن هەبێت. ئەمانەش هەمیشە هۆكاری نا سەقامگیری بون لە كەركوك. كەركوك هەمیشە قەڵایەكی بەهێزی یەكێتی بوە. فەلسەفەی بنەماڵەی بازرانیش ئەوەیە : ئەگەر شۆڕشیان بۆ نەكرا، ناهێڵن لە بری ئەوان كەس شۆڕش بكات و ئەگەر كەسێكیش شۆڕی كرد ئەوان دەیڕوخێنن. ئەمەشیان بە كردەوە ئەنجامداوە. ئەوان دەڵێن ئەگەر ماستێك بۆئێمە نەبێیت با خۆڵی تێكرێت. لە ڕوانگەی ئەم فەلسەفەیەوە ڕیفراندۆمی ئەنجامدا. ئەگەر سەركەوت دەبێتـە پاڵەوانی نیشتمانی و. ئەگەر سەریش نەكەوت، كەركوك و زۆرینەی ناوچە كێشە لەسەرەكان كە قەڵەم ڕەوی یەكێتین لە دەستی دەدەن. كەواتە مەسعود بارزانی ئەگەر باران ببارێت ئاشی دەگەڕێت و ئەگەر باران نەبارێت جوتی دەگەڕێـت و ئەو هەر مسوەگەرە. مەسعود بارزانی چۆن توانی ڕیفراندۆم ئەنجام بدات لە كاتێكدا نە پشتیوانی دەرەكی و نە پشتیوانی ناوخۆیشی نەبو؟ مەسعود بارزانی باش ئەوەی دەزانی بەبێ بەشداری یەكێتی ڕیفراندۆمی بۆ ئەنجام نادرێـت بە تایبەتی كە كەركوك بنكەی بە هێزی یەكێتییە. مەسعود بارزانی توانی سود لە ناكۆكیەكانی ناو یەكێتی وەرگرێت. ئەویش عاقڵانە ئەو هەلەی قۆستەوەو بۆشاییە بچوكەكانی كردە دەلاقەیكی گەورەو كارێكی وای كرد ڕیگای دو سایدی لە نێوانیاندا دروست كرد. ڕێكەوتنی نێوان یەكێتی و گۆڕان، كە بە ڕێكەوتنی دەباشان ناسراوە، پارتی نیگەران كردبو. هەندی كەسیش لەناو یەكێتیدا بە كۆنە قینی ڕابوردوی بەرامبەر بە كاك نەوشیروان و هەندێكی تریش لە ڕوانگەی ئەوەی بەرژەوەندی دارایی زۆریان هەیەو هەموی دەكەوێتە سنوری پارتییەوە، كەوتنە گەڕ و مەكتەبی سیاسی یەكێتیان لە پارتی نزیك كردەوەو لە گۆڕانیش دور كەوتنەوە. تەنانەت كار گەیشتە ئەوەی هەڕەشە لەو بەرپرسە كەركوكیانەش بكرێت كە دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمن. باسی ئەوەش كرا كە پارتی بڕێك پارەی داوە بە هەندێ كەس لەوانەی سەركردایەتی یەكێتییان لە پارتی نزیك كردۆتەوە. بەڵام كۆمەڵێكیش لە ناو یەكێتی هەبون كە دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بون. ئێستا كاتی ئەوە هاتوە بزانین خیانەتكاری ڕاستەقینەی 16 ئۆكتۆبەر كێن؟. كاتێك ڕیفراندۆم ئەنجامدرا، زۆرینە لەگەڵ ڕیفراندۆم بون. كاتێك ئەنجامەكەی خراپ بو كەركوك گیرایەوە، كۆیلەكانی پارتی كەوتنە لێدوان گوایە سەرۆك بۆ جیابونەوەی هەرێمی كوردستان ڕیفراندۆمی نەكردوە. باشە ئەگەر بۆ جیابونەوەو سەربەخۆیی نەبوە، یۆچی ئەم كارەساتەت بەسەر ئەم میللەتە هێناو نیوەی زیاتری خاكی كوردستانت لە دەستدا ؟ ئەگەر میللەتی كورد نەگبەت نەبێـت خاوەنی سەركردەی ئاوا دەبێـت خۆشی نەزانێت بۆچی ڕیفراندۆمی كردوە؟؟. لە 16 ئۆكتۆبەردا هێزەكانی سوپاو حەشدی شەعبی بە هاوكاری ئێران و ئامادەبونی قاسمی سلێمانی، هێرشیان دەست پێكرد لە دەڤەری توزخزرماتوەوە. سەرەتا هێزەكانی پێشمەرگە بەرگرییەكی قارەمانانەیان كرد، بەڵام كە زانرا ناتوانن بەرگری بكەن و هێزی پێشمەرگە توشی كارەسات دەبێت، بڕیاردرا شەڕنەكەن و بەبێ شەڕ كەركوك چۆڵ بكەن. جگە لەوەی ژمارەیەك پێشمەرگە بونە قوربانی هەمو كوردانی توزخورماتو توشی ماڵ وێرانی و دەربەدەری و شەهێدبون و سوكایەتی پیكردن بون. لەو كاتەوە مەسعود بارزانی و هاوئاوازە ڕیفراندۆم چییەكانی ناو یەكێتی دەستەواژەی گروپی خیانەتكاری 16 ئۆكتۆبەریان بەسەر ئەوانەدا بڕیوە كە بڕیاری پاشەكشەیان داوە. مەسعود بارزانی ئەوەی كردۆتە كراسەكەی عوسمان و هەمیشە ئەوە وەبیر كەركوكیەكان دێننەوە كە ئەوگروپی خیانەتكارانە بونە هۆكاری ئەو كارەساتە. ئەگەر ئەو گروپە بۆ دەسكەوتی خۆیان بڕیاری پاشەكشەیان دابێت و ئەوەیان زانیبێت دەتوانن بەرگری بكەن، منیش سەد جار هاوڕام ئەو ناوەیان بەسەردا ببڕێـت. بەڵام پێشتر زانراوە كە هێزی پێشمەرگە لە هەمو رویەكەوە، لە ئاستی گەورەیی ئەو شەڕەدا نییەو بەغداش بڕیاری داوە بە هەرنرخێك بوە دەبێ كەركوك بگرێتەوە. كەواتە لە كاتێكی ئاوادا شەڕكردن، واتە خۆكوشتن. لە حاڵەتێكی ئاوادا لەوە عاقڵانەتر نییە پاشەكشە بكەیت و هێزەكەت و میللەتەكەت لە شەر ِلادەی. شارەكە لە وێران بون بپارێزی و شەڕی خۆتڕێن نەكەی بەبی َعاقڵی ؟. بە بۆچونی خۆم باشتر وابو هەر لەسەرتاوە شەڕیان نەكردبایە. ئەو كات نەكەس شەهید دەبو، نە توزخورماتو وێران دەبو. هەموشمان ئەو ڕاستییەمان دەزانی ئەگەر هەر شەڕ بەدەوام بوایە زۆرینەی پێشمەرگەی یەكێتی شەهید دەبون چونكە لە بەرەەی پێشەوەی بەرەی شەڕەكەدا بون. ئەوانەی پارتیش پاشە كشەیان دەكرد. ئەو كوردانەی ئێستا لە دەڤەری خانەقین و جلەولاو ناوچەكانی كەركوك شەهید دەكرێن، و دەربەدەر دەكرێن و دەغڵ و دانیان دەسوتێنن، لە نەبونی پێشمەرگە ڕو دەدات لەو ناوچانە. ئەوەش لە ئەنجامی ڕیفراندۆمە فاشیلەكەی مەسعود بارزانی و كروپە هاو ئاواز و ڕیفراندۆم چییەكانی ناو یەكێتی سەر بە مەسعود بارزانی ڕودەدەن. ئەی پێش ڕیفراندۆم گوێتان لە مەسعود بارزانی نەبو دەستی بەرز دەكردەوەو دەیفەرمو، بەقسەی كەس ناكەم و هەرچی ڕو بدات خۆم بەرپرسیارم. ئەوەتا مەسعود بارزانی و هاو ئاوازەكانی بە چاوی خۆیان دەبینن چییان بە سەر ئەم میللەتە هێناوە، بابزانین خۆی و هاو ئاوازەكانی كە لایەنگری ڕیفراندۆم بون چی بۆ ئەو خەڵكە دەكەن ؟. ئەوەتا لە ئێستادا لە كەركوك بە بەرنامە تەعریب دەستی پێكردوە. ئەگەر كەمێك ویژدانتان هەبوایە، كەمێك خۆشەویستیتان بۆ نیشتمان هەبوایە، دەبوایە خۆتان بكوشتایە لە بەرامبەر ئەو كارەساتەی بەسەر كەركوك و توزخورماتو و ناوچەكانی ترتان هێناوە. مەسعود بارزانی سەری ئەو گروپەی ناو یەكێتی تاشی كە بونە پشتیوانی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندوم و كڵاوی كردە سەریان و ئاوێنەشی دایە دەستیان. باشە مەسعود بارزانی ریِفراندۆمی لە چی و ڕێگریكردن لە دانانی پارێزگارێكی كورد لە كەركوك لە كوێ؟. خەڵكینە باش بیری لێ بكەنەوە ئەمە لەمەتەڵ دەچێت. یان ئەم سەرۆكە نەخۆشی دەرونی هەیەو ئێمە پێمان نەزانیوە. كەسێك هوشیار بێت چۆن شتی لەو شێوەیە دەكات. باشە ئەگەر مەسعود بارزانی بۆ گێرانەوەی كەركوك ڕیفراندۆمی كرد، بۆچی لە ئێستادا ڕێگا نادات پارێزگارێكی كورد لەسەر پشكی یەكێتی دانرێت. هیچ نەبێ لەبەرخاتری ئەوانەی ناو یەكێتی كە لەبەر خاتری ئەو یەكێتییان خستە ناو ئەو گەمە دۆڕاوەو هەمو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆشیان بەدەستی خۆیان لە دەستدا. مەسعود بارزانی لە ر ِێگای ئەو سیناریۆیەوە كە نەخشەی بۆ دانابو توانی ناكۆكی بخاتە ناو سەركردایەتی یەكێتی و تەنانەت دوای ئەنجامدانی كۆنگرەش ناكۆكیەكان هەر بەردەوامن. لە ئێستا كە پارتی و بنەماڵەی بارزانی ناوی گروپی خیانەتكاری 16 ئۆكتۆبەر دەهێنن، هاو ئاوازەكانی بارزانیش لەناو یەكێتیدا زۆریان پی َخۆشەو بە حسابی خۆیان ئەوان دڵسۆزی ڕاستە قینەن. سەیركەن چۆن پارتی هێزێكی ناردە زینوی وەرتی بۆ پەلكێش كردنی سوپای تورك بۆ سەر پەكەكەو لەو كارەشی دا كڵاوی كردە سەر یەكێتی و بە وەزیرەكەی یەكێتی ئەو كارەی كرد و كەسیش ناتوانێت ڕەخنە بگرێت. بە بۆچونی من ئەگەر باسی خیانەت بكرێت، لەم كارەساتەدا، بەم شێوەیە : تاوانبار و خیانەتكاری ڕاستە قینە مەسعود بارزانی خۆیەتی كە گوێی بۆ كەس نەگرت. بەڵام گروپی ڕیفراندۆمچی و هاوئاوازەكانی مەسعود بارزانی لەناو یەكێتیدا، ئەگەر لە مەسعود بارزانی زیاتر تاوان بارتر نەبن، كەمتر نین. چونكە ئەگەر ئەمانە یەكێتیان ڕانەكێشایە ناو ئەم گەمە دۆڕاوەوە، مەسعود بارزانی نەیدەتوانی بە بێ یەكێتی ڕیفراندۆم ئەنجام بدات. ئەوەشی كە ئەو گروپە ئەنجامیان داوەو فەرمانیان بە پاشەكشە داوەو لەگەل سوپای عێراقی ڕێك كەوتون و مەسعود بارزانی زاراوەی گروپی خیانەتكاری 16 ئۆكتۆبەری بەسەردا بڕیون، ئەنجامی ڕیفراندۆم بوەو لە ناچاریدا ئەوە كراوەو بەلای منەوە كارێكی زۆر باشیان كردوە. كەواتە لە ئێستادا بۆ هەموان ڕونە كی َخیانەتی كردوە. تۆ ڕیفراندۆم بكەی بە تایبەتی بۆ گێڕانەوەی كەركوك. بەڵام كەركوكت لە دەستدا. بەڵام ئێستا بەغدا ئامادەیە پارێزگارێكی كورد دانێت، بەڵام بارزانی ڕازی نییە. خۆتان سەر پشك بن و پێناسەیەك بۆ ئەم سەرۆكە بدۆزنەوە چونكە بەدەگمەن شتی ئاوا لە جیهاندا ڕودەدات.
د.هەردی مەهدی میکە بە وردبوونەوە لە مێژووی ئێستا و دوێنێی نزیک و دووری کوردستان و کۆمەڵگە و شوناسەکەی، ڕاستینەیەک بەدیدەکرێت کە "گوتاری مانەوە و ژیانکردن"ی کورد بەهێزییەکی بێوێنەی هەیە و ڕۆڵ و خەباتی بێووچانی بۆ کێشاوە، بەڵام بە هەمان ئەندازەش لە "گوتاری باشتر مانەوە و ژیانێکی باشتر"دا کەمتەرخەمی نواندووە و کایەیەکی کارتیانەکراو و بیرلێنەکراوە بووە بە ڕادەی فەرامۆشکردن، بە جۆرێک لەبری خەونی مەزن و ڕۆڵبینین و خەبات بۆ هەڵبژاردنی ئایندەیەکی باشتر، زۆرتر خۆی تەسلیمی واقیعی داباریوو و داتەپیوو بەسەریدا و گێڕانەوە مێژووییەکانی سەردەستەکان و ڕۆژهەڵاتناسان و ئەوانی دیکە کردووە و لەناو چارەنووسی بۆدیاریکراویدا گوتاری مانەوەی هەڵبژاردووە و کەمتر کاری بۆ گۆڕین و دنیایەکی باشتر کردووە و خۆی بۆ کۆنەکردووەتەوە. ئەوەتا دەبینین سەرەڕای داگیرکردن، چەوساندنەوە، پەتای سیاسیی و سروشتی و ستەمی بەردەوامی دراوسێکانی، بەڵام توانای مانەوە و پارێزگاریی شوناسی کەموێنە بووە، بەڵام هەمانکات لە ناو مێژوویەکی نەخوازراو و پەرتەوازەییەکی سیاسیی و بێکیانیەکی دوورمەودادا گیری خواردووە. ئەڵبەت دەبێت دانی پێدا بنێین کە گوتاری یەکەمی کوردستانیان خاڵی بەهێز و گوتاری دووەمیان خاڵی هەرە لاوازی کۆمەڵگەی ئێمەیە. "ئایندەکان" بەسەر مرۆڤدا نەباریوون، مرۆڤەکان لە چوارچێوەی ململانێی شوناسەکان و کۆمەڵگەکاندا ئاراستەیان کردوون و دەیانکەنە چارەنووسی خۆیان، مرۆڤ و کۆمەڵگە؛ وەک چۆن ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لەو چالاکی و شارستانێتیانەی لە ڕابردوودا بونیادی ناوە، دەتوانێت لە هەڵبژاردنی ئایندەکانیشدا ڕۆڵی هەبێت، لەوەش گرنگتر دەتوانێت لە تێگەیشتنی باش لە ڕابردوو و ئێستا و جیهانبینیەوە، ئایندەیەکی باشتر فەراهەم بکات. هەر بۆیە مرۆڤ و مرۆڤایەتی وەک چۆن بەرپرسیارە لە مێژووەکەی، ئاوا لە سازاندنی ئایندە و هەڵبژاردنی ئایندەکاندا ڕۆڵ دەگێڕێت و بەرپرسیارە. لێکۆڵینەوە ئایندەییەکان و بە سوودوەرگرتن لە میتۆدە نێوپسپۆڕییەکان و چەندپسپۆڕییەکان، بوارێکی فراوان و کاریگەری نێو دنیای تێگەیشتن لە ڕابردوو، ئێستا و ئایندەیان پێکهێناوە، ئەگەرچی لە ئاست بەژن و تەمەنی لێکۆڵێنەوە مرۆییەکان و لێکۆڵینەوە سرووشتییەکاندا، بەژن کورتە، بەڵام لەبەر دوو هۆکار نەتوانرا فەرامۆش بکرێن: یەکەم، بەشدارییەکی کارایان نواند لە فەراهەمکردنی سیناریۆسازیی و ئایندەناسیی (نەک ئایندەبینی و پێشبینی غەیبیانە) بۆ بریاردانی ئەمڕۆیی و چالاکییە ئایندەییەکان و خستنەڕووی هەل و هەڕەشە و بەرچاوڕوونی بۆ دەزگای سیاسیی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان بە تایبەتی و کۆمەڵگە بە گشتی. دووەم لێکۆڵینەوە ئایندەییەکان لەسەر باڵای بە ئەزموونی زانست و لێکۆڵینەوەکانی دی گەشەیان کرد و لەسەرشانی ئەوان دانیشتن، بەمەش باڵا و دنیابینیان ئاسۆی فراوانتر و ڕوونترە بۆ تێگەیشتن لە گریمانەکردنی هەل و مەترسیی و ئایندەی شارستانێت و کۆمەڵگەکانی مرۆڤایەتی، بەوپێیەی لێکۆڵێنەوەکانی ئایندەناسی لێکۆڵینەوەکانی پێشتر و پسپۆڕییەکانی دیکەی فەرامۆش ناکەن و بە تێئاخنینی ئەزموون و میتۆدەکانی وان و چەند ڕەهەندکردنی ڕووماڵەکانی کێڵگەکانی توێژینەوەی بە لێکۆڵینەوە مرۆیی و سرووشتییەکان وەک زانستەکانی دیکە یەک ڕەهەند و جیا نەمایەوە و پێکەوە لە کەشکۆڵێکدا بۆ تێگەیشتن، جیهانی ڕابردوو و ئێستایان بە ئایندەناسییەوە گرێدا و تێکەڵ کرد. بەمشێوەیە بوو هەرزوو دنیای نوێی لێکۆڵینەوەکان و ئەو دەزگا و دەوڵەتانەی پێویستیان بە تێگەیشتن بوو لە ئایندەدا و دەیانەویست دنیایەکی باشتر بونیاد بنێن، نەیانتوانی فەرامۆشیان بکەن و ئێستا لێکۆڵینەوەکانی ئایندە بەشداری کاران لە هۆبەکانی بڕیاری ستراتیژی، سیاسەت و سیاسەتمەدار و مەتبەخی سیاسەت و ئابووری و ..تاد دا پێگەی کاریگەریان هەیە و خۆیان خزاندوەتە پێگەیەکەوە کە بەشداری قووڵی پرۆسەکانی بڕیاردان و ئاراستەکردنی سبەینێ و ئایندەناسیدا دەکەن. گۆڤاری ئایندەناسی دەیەوێت بەردی گۆشەیەکی بونیادنانی سبەینێیەکی باشتربێت بۆ تاک و کۆمەڵگەی کوردستان، بە توێژینەوە و بابەتەکانی بەشداربێت لە دنیابینی و خستنەڕووی سیناریۆ و ئایندەکان و پێگە و ئەرکی کوردستان لەو نێوەندەدا ڕوون بکاتەوە، دەیەوێت ڕۆڵی هەبێت لە ڕوونکردنەوەی مەترسی و هەل و هەڕەشەکانی بەردەم و سەر هەرێم و ناوچەکە و جیهان. گۆشەیەکی ئەو پردەش بێت لەنیوان دوێنێ و ئەمڕۆ و ئاراستەکردنی ئایندەی کۆمەڵگەکەیدا بەشداری هەبێت. بەشدار بێت لەوەی خەونە مەزنەکان بکاتە خەمی گشتی و لە چوارچێوەی توێژینەوە و دنیای عەقڵانی و پرۆسەکانی لۆژیکییەکاندا تاوتوێ بکات و گریمانە و سیناریۆ پێویستەکانی بۆ دەستەبەربکات و ئاستەنگەکانیان بخاتەڕوو. لەبەر ئەم ئامانجانە، گۆڤاری ئایندەناسی دەست بە وەشاندن دەکات، ئەرکی گرنگی دانە بە لێکۆڵینەوەکانی ستراتیژی و ئاییندەیی بە تەوەرێتی و گرنگیدانی بە کوردستان و هەرێمایەتی و دۆخی نێودەوڵەتی پەیوەست بە ناوچەکەوە بە ئامانجی تێگەیشتن لە ئێستا و ئایندەی وەرچەرخانە جیهانیی و هەرێمییەکان و کاریگەرییان لەسەر کوردستان، بواری توێژینەوەی بریتی دەبێت لە سیاسەتڕێژی کورتمەودا و دورمەودای کوردستانی، شرۆڤەی سیاسەتی وڵاتانی هەرێمایەتی، توانای ئێستا و ئایندەیی سەربازیی و سیاسیی وڵاتان، هەل و هەڕەشەکان، توانا و نەرمەهێز و سەختەهێزی هەرێم و هەرێمایەتی، ئاستەنگ و هۆکار و ڕێکارەکانی بە دامەزراوەییکردنی دەزگاکانی سیاسەت، یاسادانان، میریی و توانا بەرگرییەکان...تاد. هەر بابەتێکیشی لە خۆگریی گریمانە و سیناریۆی ئاییندەیی دەبێت. میتۆدی کارپێکراوی توێژینەوەکان بریتی دەبێت لە بەکارهێنانی میتۆدەکانی چەندپسپۆڕێتی (Multidisciplinary ) و نێوپسپۆڕیی (Interdisciplinary)، بە سوودوەرگرتن لە زانست و لێکۆڵینەوە هاوچەرخەکان، لە ڕێگەی بە پشتبەستن بە زانیاریی و ئاماری نوێی ناوچەیی و جیهانی و دەوڵەمەند بە گرافیک و چارت ئاماریی. • سەروتاری گۆڤاری ئاییندە ناسیە كە ژمارە یەكی ( ئایاری 2020) دەرچووە.
دانا حەمەعەزیز دوێنێ دۆناڵد ترەمپ پەیوەندیەکانی ئەمریکای لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی WHO پچڕاند و، بڕیاریدا تەواوی پشتیوانیە داراییەکانی بۆ ئەو ڕێکخراوە بوەستێنێ کەساڵانە زیاتر لە ٤٠٠ ملیۆن دۆلارە. دوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، سەرۆکی ئەمریکا ڕەخنەی توندی لە WHO گرت بەوەی شەفاف نەبوە و لەکاتی خۆیدا جیهان و ئەمریکای لە گەورەیی مەترسیەکانی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە ئاگادار نەکردۆتەوە. ئەم بڕیارەی ترەمپ، هاوکاتە لەگەڵ هێرشەکانی بۆسەر چین بەتۆمەتی ناشەفافی و شاردنەوەی کەلێنەکانی دزەکردن و بڵاوبونەوەی کۆرۆنا. هاوکاتیشە لەگەڵ پچڕاندنی پەیوەندیە تایبەتیەکانی ئەمریکا لەگەڵ هۆنك کۆنگ بەهۆی دەستێوەردانە ئەمنیەکانی چین لە کاروباری ئەو هەرێمە و لەقاڵبدانی دیمۆکراسی و تێکدانی سیستەمە تایبەتەکەی. دەسبەرداربونی ئەمریکا لە WHO، کاریگەریی خراپ لەسەر تواناکانی ئەو ڕێکخراوە بەجێئەهێڵێ بۆ پاراستنی تەندروستی کە خەمی هاوبەشی مرۆڤایەتیە، بەتایبەتیش لەم کاتەدا کە ئەرکێکی گەورە کەوتۆتە سەرشانی ڕکخراوەکە و زۆر لە وڵاتە هەژارەکانی دنیای سێ پشت بە کۆمەکە دارایی و تەندروستیەکانی ئەبەستن. هەرچەندە دوای ئەمریکا، ژاپۆن و ئەڵمانیا و بریتانیا و فرەنسا پشتیوانی سەرکی ئەم ڕێکخراوەن، بەڵام بێگومان ئەم بڕیارەی ترەمپ لەم کاتەدا، تەندروستی گشتی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دوچاری مەترسی گەورە ئەکاتەوە و ڕەنگە کارەکانی لە ئایندەیەکی نزیکدا بوەستێنێ، یان لە باشترین حاڵەتیدا ئەشێ هەژمونی وڵاتێکی ناتەندروست و ناشەفافی وەك چین بەسەر ئەم ڕێکخراوە گرنگەی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە زیاد بکا و، ڕۆڵی ئەمریکا وەك گەورەترین سەرمایەی ئابوری و زانستی سەر زەوی، لە سەرکردایەتی کردنی جیهان بەتاڵکاتەوە. 🔹ڕێکخراوی WHO 🔹نیسانی ١٩٤٨ دامەزراوە. 🔹ساڵی ١٩٥١ دەست بەکاربوە. 🔹یەکێکە لە ڕێکخراوە گرنگەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان. 🔹بارەگای سەرەکی لە شاری جنێڤ ی سویسرایە. 🔹شەش بارەگای دیکەی ناوچەیی و ١٥٠ ئۆفیسی لە وڵات و شوێنە جیاوەزەکانی جیهان هەیە. ڕێکخراوی WHO بەرپرسیارە لە تەندروستی گشتی نێودەوڵەتیی، ئامانجی سەرەکی بریتیە لەدابینکردنی "بەرزترین ئاستی تەندروستی بۆ گەلان" . کاریگەری زۆرباشی هەبوە لە ڕوبەڕوبونەوەی پەتا و ڤایرۆسە کوشندەکانی وەك smallpox، مەلاریا، کۆلێرا، سیل، HIV و لەپێشخستنی ڤاکسینی ئیبۆلا دا ڕۆڵی گرنگی بینیوە. سیستەمی تەندروستی زۆربەی وڵاتە هەژارەکان پشت بە کۆمەکی ئەم ڕێکخراوە ئەبەستن. بودجەی ساڵی ڕابردوی WHO نزیکەی چوار ملیار و پێنجسەد ملیۆن دۆلار بوە.
