پەیمان عزەدین هەموو ئاین و بیروباوەڕە جیاوازەکان پڕن لە پیرۆزی ، پیرۆزیەکان بە پێی قۆناغەکانی گەشەکردنی مرۆڤایەتی و ئاینەکان ، گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە . ئەوەی لە ئایین یا بیروباوەڕێکدا پیرۆز بووە و شایستەی پەرستن بووە .لە یەکێکی تردا مایەی گاڵتەجاڕی و بە کەم سەیرکردن بووە . لە زۆر سەرەتاکاندا و لە بەشێک لە ئاینەکاندا ،چەندین خواوەندی سەیر و سەمەرە ، دەسەڵاتی گەورەیان هەبوەو ئەو دەسەڵاتانەش لای باوەڕمەندانیان جێی پێزانین و پەرستن بووە ، کە تا ئێستاش بونیان هەیە ،لە کاتێکدا کە بە تێپەڕبونی کات و گەشەکردنی بیری ئاینیی ،ئەو چەشنە لە پەرستن بووە کوفر و سومبولی دواکەوتویی و نەزانینی ئینسان . لەگەڵ سەرهەڵدانی ئاینی ئیسلامدا ، بت پەرستی گۆڕا ، بتەکان شکێنران ، خوایەکی تەنیا بووە جێی سوپاسگوزاری و پەرستن ، بەڵام تەنانەت ئەم ئاینە فراوان ونوێیەش ، نەیتوانی پەرستن کاڵ بکاتەوە ، هاوشانی خوا ،هەر گروپ و کۆمەڵەیەی چەند کەسێکی پیرۆزیان بۆ خۆیان دروستکردەوە ، بتەکان لە کۆمەڵێ پەیکەری بێ ڕۆحەوە بونە کۆمەڵێک کەسایەتی ئاینی. ڕەنگە نزیکترین نمونە لێمانەوە ،ئەو دەیان شێخ و مشایەخە بێت کە لە کۆمەڵگای کوردیدا ئەیانبینین ، بە دڵنیاییەوە لە ناو زۆر لە نەتەوە جیاوازەکانی تریشدا هەن . هیچ گومان نیە لەوەی کە ئەو شێخانە و لە ژیانی خۆیاندا کەسانی زانا و دانا بون بەبەراورد بە دەوروبەرەکەیان ، هەر بە نمونە هەیانبوە خاوەنی ڕۆژژمێری خۆی بوە بۆ دەستنیشانکردنی وەرزەکانی ساڵ و کاتی پەڵە دان و چەندین زانیاری تر، هەروەک چۆن گومان نیە لە هەوڵەکانیان بۆ قسەی چاک و کرداری چاک لەناو کۆمەڵگاکەیاندا ، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەمە نایانکاتە ئەفسانە و بەرزیانناکاتەوە بۆ پیرۆزی و پەرستن ، کە ئەمە بە ئاسانی و ئاشکرا ئەبینرێ ، نەوە و باوەڕمەندانی ئەو شەخسانە ،بە ر لە خوا داوای پاراستن و ڕزق و ڕۆزی لەوان ئەکەن ، داوای مناڵ و تایبەتتر مناڵی کوڕ لەوان ئەکەن ، نەخۆشەکانیان ئەبەنە مەرقەدەکانیان بۆ چاکبونەوە، دەیان ئەفسانەی جۆراوجۆریان بۆ ڕێکخراوە. تا ئێرە ڕەنگە ئاسایی بێت ، بیرکردنەوەی کورتی خەڵک و نزمی ئاستی هۆشیاری و ترس لە ژیان و مردن و هەمو بابەتە ڕوحیەکانی تر هۆکارن لە پشت مانەوەی مەرقەدی مشایەخان و پاڕانەوە لێیان و پیرۆزکردنیان ، بەڵام کاتێک چەمکی پیرۆزی و پەرستن ئەپەڕێتەوە ناو سیاسەت و فیکر ، کاتێک سەرکردەیەکی سیاسی یا بیرمەندێک ،هەمان مامەڵەی خواوەند و مشایەخی لەگەڵ ئەکرێ ، کاتێک پیرۆزکردن و پەرستنەکان تەنیا لەناودا جیاوازیان ئەمێنێ ، لەوێدا ئیتر مەودایەک بۆ بیرکردنەوە و گەشەکردن و تێپەڕاندنی کۆیلایەتی نامێنێ . لەکۆی ئەو کۆمەڵگایانەی پەرستن بەشێک بوە لە بیروباوەڕ و هەڵسوکەوتەکانیان ، ئەم چەمکە چۆتە ناو سیاسەت و ئیدارە وتەنانەت هونەریشیانەوە ، بۆیە ئەبینین هیچ حیزبێکی سیاسی ناتوانێت دوای مردنی سەرۆکەکەی درێژە بە فیکری سیاسی و پلانی کاری بدات، هەموو بۆ مانەوەیان پێویستیان بە پیرۆزیەک و مەرقەدێکە . ئەوەی مەرقەدی سەرۆک حیزبەکان لە مەرقەدی ئیمام و مشایەخەکان جیائەکاتەوە ،پەڕۆی سەوزە ،ئەگەر نا لە ناوەڕۆکدا هەمان مانای هەیە . بە دڵنیاییەوە کەس ناتوانێ خەتی ڕاست و چەپ بەسەرخەبات و ڕابردو وقوربانیدانی ئەو سەرکردانەدا بێنێ ، بەڵام نە مەرقەد و نە مەولود و نە زیکر و تەهلیلە هەڵە و کە متەرخەمیەکانیان ناسڕێتەوە . پیرۆزی و پەرستن ، ئەو دوو دەردە کوشندەیەن کە تا خۆمانی لێ ڕزگار نەکەین ، ناتوانین ڕاستی ببینین و بۆمان ناکرێ لە بازنەی داخراوی مشایەخی خۆمان بڕۆینە دەرەوە ، تا دێ ژمارە وجۆری بتەکان زیاد دەکەین و بە دڵی خۆمان دەسەڵاتیان بۆ دروست ئەکەین. جا ئەگەر لەناو تێگەیشتنی ئاینیدا ،پپرۆزکردنی شەخس بیدعەیەکی شەرعی بێ ، ئەوا بە دڵنیاییەوە پیرۆزیەکانی ناو حیزبیش بیدعەی سیاسین ، کە ئامانج لێیان بەردەوامیدانە بە گێلکردن و یاریکردنە لەسەر وەتەری هەست و سۆزی پەیڕەوکەرانیان.
سەلاح خدر سەرچەتە تەها عەبدولڕەحیم عەبدوڵا بەکر غەسانی ناسراو بە حاجی عەبدولناسر قەرداش یان ئەبو محەمەد کە ئەمڕۆ لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانی عێراقەوە دەستگیرکردنی ڕاگەیەندرا، بەڕەگەز تورکمانی شارۆچکەی تەلەعفەری عێراقە چەند کەس لە بنەماڵەکەی لەناو داعشدان. قارداش جیاواز لە هەندێک سەرچەتەی داعش و ئەلقاعیدە باڵی تورکیا بوون لەناو داعش دا و ڕاستەوخۆ ڕێنمایی لە دەزگای میتی تورکی وەرگرتووە. لەهەمان کاتدا ناوبراو پەیوەندی ڕێکخستنی پتەوی لەگەڵ تاریق هاشمی جێگری سەرۆکۆماری پێشووی عێراق هەبووە کە بەتۆمەتی تیرۆر دادگای بەغداد بڕیاری سێدارەی داوە، پاش ئەوەی هەڵهات بۆ هەولێر لەڕێی پارتیەوە ڕەوانەی تورکیا کرا و ئێستا لە ئیستەمبوڵ نیشتەجێیە. بەپێی ڕاپۆرتێکی پێشووتری ڕۆژنامەی یەنی ئۆزگیور پۆڵەتیدا قارداش ماوەیەکی زۆر لە پایتەختی تورکیا ئەنقەرە و شاری غازی عەنتاب لەژیر چاودیری میتی تورکدا ژیاوە و بەردەوام دیداریشی لەگەڵ عادل سەلبی برای ئەبو عەبدوڵا کارداشی قورەیشی خەلیفەی داعش کەلەهەمان کاتدا نوێنەرانی بەرەی تورکمانی عێراقە لە تورکیا هەبووە و لەوێوە و چوارچێوەی ئەجەنداکانی دەوڵەتی تورک ڕێنمایی داعشەکانی عێراق و بەشێکی سوریایی کردووە. بەهۆی ئەوەی تێکەڵاویەکی نزیکی لەگەڵ ئەبو عەبدوڵای خەلیفەی داعش هەبووە و هەردووکیان لە تورکمانەکانی تەلەعفەرن، جێ متمانەی خەلیفە و تورکیا بووە، یەکێک بووە لەو ١٣ کەسە باڵایانەی داعش کە بەشداری کۆبوونەوەی ١٥ی کانونی یەکەمی ٢٠١٩ ی شاری عەنتابی تورکیای کردووە بەسەرپەرشتی خەلیفەی نوێی داعش کەتیایدا بڕیاری بەرفراوانکردنی هێرشە تیرۆریستیەکانیان دا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا بەهاوکاری کەتیبە چەتەکانی سەربەتورکیا، لە عێراقیش بەتایبەت لە ناوچەی جزیرە لە هەرێمەکانی سەلاحەدین و نەینەوا و ئەنبار شانەکانیان ڕێکبخەنەوە و لە ڕێی تورکیاوە ژمارەیەک چەتە لە سوریا و ئەوروپاوە بگەڕێننەوە بۆ عێراق. حاجی عەبدولناسر قاراداشی دەستگیرکراو لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٠ دەبێتە جێگری والی شام و پیاوی یەکەمی ئەبو عومەر بەغدادی، ئیدی لەدوای ئەوە تورکیا لەڕێی ناوبراوەوە هەژموونی خۆی لەسەر داعش زیاتر بەهێز دەکات. ناوبراو لەچوارچێوەی پیلانەکانی تورکیادا بۆ لەناوبردنی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لەڕێی چەتەکانی داعشەوە لەسەرەتای مانگی تەمووزی ٢٠١٤ دا سەرپەرشتی هێرشی سەر کۆبانێ دەکات و لە سێی ئابی هەمان ساڵیشدا لە داگیرکردنی شەنگالەوە هێرش بۆ سەر هەولێر دەکەن و بەهەمان مەبەست بەردەوام هێرشەکانیان بۆ داگیرکردنی کەرکوک چڕ دەکەنەوە. پێگەی هەواڵی ئەلمەیادین نوسیویەتی قارداشی دەستگیرکراو لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٤ دا سەرپەرشتیاری دانوسانەکانی نێوان داعش و تورکیای کردووە لەمەڕ کارمەنداکانی کۆنسوڵخانەی تورکیای موسڵ و بەدەستی خۆی کارمەندەکانی تەسلیمی تورکیا کردوەتەوە. قارداش و خەلیفەی ئێستای داعش بەهۆی پیادەکردنی سیاسەتەکانی تورکیا لە ناوچەکەدا بەردەوام لەڕێی میتی تورکەوە بەرهەڵستکارانی خۆیان لەناو داعش دا کوشتووە یان دەستگیر و زیندانی کردووە لەوانە سەرچەتە ئیسماعیل علوان ئەلعیساوی ناسراو بە ئەبو زەیدی عێراقی کە هاریکارێکی سەرەکی بەغدادی بووە تورکیا دەستگیری کرد و تەسلیمی عێراقی کردەوە. بەپێی زانیاری هەندێک لە میدیاکانی عێراق هەفتەیەک بەر لەکوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی سەرچەتەی داعش قارداش لە ناوچەی قزلئای ئەنقەرە بینراوە، پەیوەندی بەردەوامیشی لەگەڵ سامی جاسم محەمەد ئەلجبوری ناسراو بە حاجی حامید هەبووە کە وەزیری مالیەی داعشەوە و ئێستا لە تورکیا دەژی. هەربۆیە دەستگیرکردنی ناوبراو لەم کاتەدا کە داعش بەنیازی خۆڕێکخستنەوەیە لە عێراق و سوریا جگە لەوەی زەبرێکی گەورەیان لێدەدات، نیشانەی پرسیارگەلێکیش دروست دەکات.
ئاسۆ حاجی ئیستفزاز کردنی پارتی و شەڕ فرۆشتن بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەست تێکەڵاوکردن لەگەڵ ئەو لایەنە ئیقلیمی و عێڕاقیانەی کە یەکێک لە ئەرکەکەیان لاوازکردنی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستانە،لەبەر ئەوە نیە کە پارتی گوایە مامەڵە لەگەڵ هاوسەرۆکەکانی یەکێتی ناکا،یان پارتی عینادی سیاسی گرتوویەتی و هەوڵ دەدا تۆڵەی شازدەی ئۆکتۆبەر لە یەکێتی بکاتەوە. بێگومان هەموو ئەوانە ئەگەر بڕۆکەک راستیشیان تێدا بێت بەڵام هۆکارە راستەقینەکە نین،بەڵکو تاکە هۆکار ئەوەیە کە یەکێتی لە هەموو ئەو دروشم و بەڵێن و پەیڕە و پەروەردە حیزبیانەی خۆی پەشیمان بۆتەوە کە چل و پێنج ساڵە نەک خەڵکی خۆی بگرە خەڵکی کوردستان و ناوچەکەشی پێ گێژ کردووە لە بەرزکردنەوەی دروشمی دیموکراسی و بەرنامەی سۆشیال دیموکرات و مافی چارەی خۆنووسین،یەکێتی ئێستا ئەو هێزەیە کە پەشیمانە لە باسکردنی دیموکراسی و کۆتایی هێنان بە شەرعیەیی شۆڕشگێڕی و رادەست کردنی ئەو شەرعیەتە بە رێگایەکی دیموکراسیانە بە دەسەڵاتێکی یاسایی و مەدەنی کە خۆی لە دامەزاروەی پەڕلەمان و حکومەت دەبینێتەوە. یەکێتی کە ئێستا بە بیست و دوو کورسی لەدواوەی حیزبی یەکەمی براوەی دواین هەڵبژاردنە ناتوانێ مل بۆ یاسا و رێسا دیموکراتیەکان بدا بەڵکو لە جیاتی ئەوە دەستی بۆ چەک بردۆتەوە و کار بۆ ئەوە دەکا لە رێگای نمایشکردنی هێز و زاڵ کردنی مەنتقی هێز بەسەر هێزی مەنتق کێشەکان بەلایەکدا بخا،تەنها لە پێناو مل نەدان بۆ ئەنجامی هەڵبژاردن و پڕۆسەی دیموکراتی و ئیرادەی خەڵکی کوردستان پەنا بۆ هەموو کەرستەکانی دیکە دەبا لە رێکەوتن لەگەڵ هەر لایەک دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێ و هاوکاری کردنی هەر لایەک بتوانێ یەکێتی وەک سەرکەوتو لە مەیدانەکە بهێڵێتەوە جا ئەو سەرکەوتنە باجەکەی لە دەستدانی خاک بێ و رادەستکردنەوەی خاک و خەڵک بێ بە داگیرکەران. سەرکردایەتی نوێی یەکێتی دەبی لەوە تێبگەن و بتوانن بە عەقڵ و تێگەیشتنێکی سیاسیانە و دووربینانە ئەوە هەزم بکەن کە سەرمایەی سیاسی ئەوان لە ناو خەڵکی هەرێمی کوردستاندا ژمارەی ئەو کورسیانەیە کە لە پەڕلەمان هەیانە،دەبێ تەجاوزی ئەو عەقڵیەتەش بکەن کە یەک کورسی و سەت کورسی لا یەکە،چونکە ئەوەیان تەنها ماڵوێرانی بۆ خەڵک و زیاتر پاشەکشێ کردنی سیاسیانەی یەکێتی بەدواوەیە،خۆ ئەگەر گرەویش لە سەر هێز و هاوکاری دەرەکی بکرێ ئەوە ناتوانن لە شازدەی ئۆکتۆبەر زیاتر و باشتر و بەهێزتر ئەو پشتیەوانیە وەدەست بێنن،کەواتە تاکە رێگای بەردەمی یەکێتی ئەوجا حیزب و لایەنەکانی دیکە دانیشتن و گفتوگۆکردن و دانو ستانە،یەکێتی ئەگەر بیەوێ شتەک بستێنی دەبی شتێک بدا ئەوە یاسای ژیانە.
هونەر تۆفیق زۆر تێگەیشتنی مێژوویی هەیە ، پێویستی بە پێداچوونەوەیە ، یەکێک لەوانە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی میرنشینە کوردیەکانی ناو دەوڵەتی عوسمانیە . عوسمانیەکان لەپاش چوار سەدە لە شەڕ و کوشتار لە سەدەی هەژدەهەمدا بەتایبەتی لەسەردەمی سوڵتان مستەفای سێهەم ١٧٥٧ - ١٧٧٤ دا زانیان ناتوانن لەبەردەم ئەو پێشکەوتنانەی ئەوروپادا خۆیان ڕابگرن ، لەزۆربەی جەنگەکانیشدا لەگەڵ ئەوروپیەکاندا دەدۆڕان . لەخۆرهەڵاتیشەوە ئێرانیەکان ڕیفۆرمیان لە ئیدارە وسوپا وئابووری وڵاتەکەیاندا کردبوو ، پەیوەندیەکی باشیان لەگەڵ بەریتانیەکاندا بەستبوو ، یارمەتی چاکسازیەکەیان دابوون . بەڵام بۆ عوسمانیەکان زەحمەت بوو وەک ئەوروپی و ئێرانیەکان بتوانن بەئاسانی چاکسازی بکەن لەبەر سێ هۆکار : یەکەم : ڕێگریەکانی میلیشیاکانی ئینکشاری ، کە هێز و زەبریان لە سوپا زیاتربوو . دووەم : ڕێگری والی و میرەکانی ولایەت و ئیمارەتەکان کە بەمیرات فەرمانڕەواییان بۆ نەوەکانیان جێدەهێشت . سێهەم : وەزیر و پاشا گەندەڵەکان ڕێگربوون چونکە نفوز و بەرژەوەندیان نەدەما . ماوەی ٢٥٠ ساڵ عوسمانیەکان هەوڵی چاکسازیان ئەدا ، نەیانتوانی تا ئیمپراتۆریەتەکەیان بەهۆی گەندەڵی ناوخۆیەوە لاوازبوو و ڕوخا . سەرەتا سوڵتان مستەفای سێهەم هەوڵیدا لەسوپاوە دەستپێبکات و میلیشیاکانی ئینکشاری نەهێڵێت نەیتوانی .دواتر سوڵتان عەبدولحەمیدی یەکەم و پاش ئەویش سوڵتان سەلیمی سێهەم هەوڵیاندا ، فەشەلیان هێنا و ئینکشاریەکان لەدەستەڵاتیان دەخستن و پلانی کوشتنی بۆدانان . تاسەردەمی مەحمودی دووەم ١٨٠٨-١٨٣٩ هەستا بە دامەزراندنی سوپایەکی تر بەناوی سوپای مەحمودی و بەهێزی کردن ، لەدژی ئینکشاریەکان بەکاری هێنان کۆتای بە نفوزی ئینکشاری هێنا . ئینجا مەحمود دەستکراوەبوو بۆ کۆتایی هێنان بە حوکمی بنەماڵەی والی و میرەکان . جەلائیلیەکانی لەموسل دەرکرد ، کۆتایی بە حوکمی داودپاشا لەبەغدا هێنا و بنەماڵەی میرەکانی بابان و سۆرانیشی لە فەرمانڕەوایی خست . سیستەمی ئیدارەی لە ئیمارەتەوە گۆڕی بۆ لیوا ( سنجق) بەپێ ی ساڵنامەکانی موسڵ و بەغدا ، باری ئابووری هەردوو ولایەت بەبەراورد بە سەردەمی میرەکان و پاش میرەکان ، بوژانەوەی ئابووری لە شارەکاندا بە ڕێژەی ٪٣٠٠ لەسەدا سێ سەد بەرزبۆتەوە . خزمەتگوزاری ناوچەکان لە سەدا سەدوپەنجا زیاد دەکات . ئەوەش بەهۆی نەهێشتنی ئینکشاریەکان ، میر و والی و وەزیرە گەندەڵەکانەوە بووە .
دانا نهقی دۆخی سیاسی و ئابوری جیهان ڕوو لە داڕمانە هۆکاری ئەمەش ڕوونە کرۆنا شەت داونی بە جوڵەی دنیا کردوە، زاناکانی بواری ئابوری مەترسی ڕووخانی ئابوری زلهێزەکانی وەک ئەمەریکاو، دەوڵەتانی ئەوروپایان نەشاردۆتەوە پێیان وایە دەکەونە هەمان قۆناغی ساڵانی ١٩٢٧ بۆ شەلەل بونی بازاڕو بازرگانی جیهان. لە گەڵ ئەم بەڵایەیشدا دابەزینی نرخی نەوت بۆ خۆی تەمەنی کۆتایی هاتنی سەدەی ئەم ووزەییەی ڕاگەیاند، هەموو ئەم شڵەژانەی جیهان ڕاستەوخۆو ناڕستەوخۆ کاریگەری دەبێت لە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و عێراق و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی. بەڵێ ووڵاتێکی پشت بەستو بە ڕێژەیی ٩٠٪ بە نەوت، وا دەکات زیاتر ناسەقامگیری ئابوری و کۆمەڵاتی و سیاسی هەبێت، بە نمونە بۆ زیاد لە پێنچ مانگە بەرمیلی نەوت لە هەرێم و عێراق بە کەمتر لە سی دۆلار دەفرۆشرێت ئەمەش بۆ هەر مانگێک بەم نرخە پێنچ مانگ کورتهێنانی بودجەی مووچەو تشغیلی کەم دەکات، گەر گریمان لە مانگی شەش نەوت بەرمیلی بگاتە پەنچا دۆلاریش ئەوا لە مانگی پێنچی ٢٠٢١ دۆخی بودجە دەچێتەوە پێش قۆناغی هاتنی کرۆنا، ئەمە بۆ عێراق وایە ئەبێت بۆ کوردستان چی کارەساتێک بخوڵقێت. دیقەت بەن سەقامگیری سیاسی لە ئەنجامی تەندروست نەبونی نێوان پارتی و یەکێتی یە، وە پێشبڕکێ ی نەوەکانی باوکی حیزب و شۆڕش لە سەر داهاتوی جێگە نفوسیان هەرێم بەرەو کوێ ئاراستە دەکات؟ نەوت و جوگرافیاکەی داهاتو بۆ لای کام جەمسەر لەنگەر پێ دەگرێت ئەمەریکی تورکی، یان ڕووس ئێرانی هەموو ئەمانە پرسیارن و هەرێمیش سەرگەردانە. ئەمەی شرۆڤەی دەکەم ڕاستییە و هەمووی لە چاواڕوانی ئاکتی یەکێتی و پارتی یە بە گشتی و هەردوو هاوسەرۆک و پارتی بە ڕوونتر ، سەرەڕایی ئەمانە ئێستاش کات و دەرفەت هەیە بۆ کارو کردەی دروست بۆ داهاتویەکی باشتر لە ئێستا ڕەنگە خوێنەر پرسیار کات چۆن، وەڵام هەرێم گەر بەراوردی کەین بە واقعی دەراوسێکانی و دەوڵەتانی جیهان دۆخی کرۆنا ئاساییەو خراپ نیە، وە تا ڕادەیەک هەردوو حیزب چی وەک شەخص یاخود حیزب زۆر دەوڵەمەندن وە بە ڕەسمی کوردستانی باشور میراتی ئەوانە، بۆیە دەتوانن بە قەرز خۆیان وەرگرنەوە بۆ داهاتوو بەم خاڵانەی خوارەوە. ١- وازبێنن لە شەڕی کۆنە قین و پەراوێزخستنی یەکدی، بەمەش دەتوانن مەنەفێستی جیهانبینی خۆیان کەن بۆ بەڕێوەبردنی هەرێم بۆ چەند دەیەیەکی تر. ٢-بە سفرکردنەوەو بێ ئەرزشکردنی یەکتری دەیان میل لە بۆچون و هزری نەوەی ئێستاو داهاتو خۆیان بە دەردەنێن. ٣- ئاوڕ بەنەوە وە بە ڕۆحی گەورەو دەوڵەتداری بیرکەنەوە، بەوەیی هەرێم خاوەنی یەدەگێکی باشی غازو نەوتە، بەمەش سەدەها هەنگاو دوایی دامەزراندنەوەی سیستەمی نوێی جیهان نزیک دەبینەوە لە ئەوروپاو ئەمەریکاو دنیا. ٤- بیرکەنەوە لە بوژانەوەی ژێرخانی ئابوریی و دانانی کارگەو وەبەرهێنانی بەروبومی ناوخۆی، کەی وەختی شەڕە گەڕەک و خۆ نواندنە، کات کاتی لێبوردنە لە میللەتی ڕەشو ڕووت نەک ڕاگەیاندنی شەڕی مایە پوچی ئەخلاق. کوردستان چاودێری وورد دەکرێت لە لایەن دۆست ونەیارەکانی گەر نەزانن گەمە کەن لە کایە سیاسی و، ئابوری و تەنانەت هەواڵگیری و تێگەشتن لە دۆخی ناوچەکە ئەوا هەرێم ئاراستەی داهاتویەکی نادیار دەکەن!
کاروان عەلی شامار ھیچ کات پارتی دیموکراتی کوردستان بارتەقای ئێستایی دوچاری ئاڵنگاری نەبۆتەوە لەلایەک دەرگیری کێشەی ناوخۆیی نێوان ئامۆزاکان بۆتەوە، لەلایەکی تر بەھۆی شکستی لەئابوری سەربەخۆو ئیفلاسی حکومەتەکەیەوە، بەدوو مانگ جارێک توانای دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی نییە، لە ترسی دروست بوونی نارەزایی و خۆپیشاندانی ھاوڵاتیاندا لە زۆرێک لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیدا حوکمی تۆپزی و سەربازی سەپاندووە! سەرۆکی حکومەت ھەر لەسەرەتای دەستبەکاربونیەوە دەیتوانی زۆر کاری باش ئەنجامبدا وەلێ نییەتی جدیی نەبوو لەئەنجامدانی چاکسازی نەوعی و دانانی پلانی ستراتیجی لەبۆ بەھێزکردنی ژێرخانی ئابوری و بنیادنانی ئایندەیەکی باشتر بۆ ھاونیشتیمانیان. بەھۆی فاکتەرەکانی خراپ حوکمڕانی و زیادکردنی ئەرکی سەر شانی فەرمانبەران و سەپاندنی سیستمی پاشەکەوت و دواخستنی مووچەکانیان و ھەروەھا لابردن و تەسفیەی کەسانی نزیک لە ئامۆزاکەی وایانکرد ھاوڵاتیان دەرگیری دەیان گرفت و قەیرانی جۆراوجۆر بکاتەوە. سەرۆکی حکومەت و ستافەکەی توانیویانە بە قوت و مووچەیی ھاونیشتیمانیان دەیان ھێزی سەرکوتکەرو دەزگای میدیایی دروست بکەن بۆ کپکردن و دژایەتی دەنگی ئازاد و ئاوەژوکردنەوەی روداوەکان و شکانی فیگەرو کەسایەتیەکان. بەجۆرێک لەھەمبەر سادەترین لێدوان بۆ ئاشکراکردنی گەندەڵییەکانی حکومەت، ھێرشێکی نارەوای میدیایی لەسەر دروست دەکرێ و تادەگات بە دروستکردنی سیناریۆی جیاوازو زیندانیکردن! لەو نێوەندەشدا لاھور شێخ جەنگی ھاوسەرۆکی یەکێتی بەھۆی ئاکت و ھەڵوێستە ئەرێنیەکانی لەھەمبەر ماف و داوا ڕەواکانی ھاونیشتیمانیانەوە پشکی شێری لە پەلامارو تەخوینی میدیایی پارتی بەرکەوتووە. ئەمما لەسەروبەندی پێکھێنانی کابینەی تازەو تا ھەنوکە لاھور شێخ جەنگی بەرپرسانە مامەڵەی لەگەڵ پێشھاتە سیاسی و ئابوریەکاندا کردوەو ھاوکارێکی باشی سێکتەرەکانی حکومەت بووەو رۆڵێکی کارایی ھەبووە لە رەواندنەوەی گرژی نێوان لایەنەکان و چارەسەری کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، بەتایبەتی لەدوای دەستبەکاربونی وەک ھاوسەرۆکی یەکێتی راشکاوانە روئیای یەکێتی لەسەر پێشھاتەکان خستۆتەڕوو، کەبریتیە لە چاکردنی گوزەرانی ھاولاتیانی بەشمەینەت و زەروریەتی ھاتنە ئارای جێگیری سیاسی و ئابوری و کۆمەلایەتی لەھەرێمدا. خولاصە، لاھور شێخ جەنگی بووە بەعەرابی ناوکۆیی نێوخۆی یەکێتی و توانی حزبەکەی لەپەرت بوون و پاشکۆبوون رزگاربکاو ھەروەھا توانی تەوزیفی بکا بۆ خزمەتی خەڵک و بیکا بەبڵندگۆیی داوا رەواکانی خەڵکی کوردستان. لەناو پارتیشدا جگە لە رقو کینەی باڵێکی دیاریکراو عاقڵمەندەکانیان مەحکوم نین بەوجۆرە لە بیرکردنەوەو رق و دژایەتی بیمارانە! حەتمەن کەسێکیش ھێندە لە خەمی خەڵک و ھاوڵاتیاندابێ لە تیری غەدر و ناحەقی پارتی و نەیاراندا بەدور نابێ.
سەرکۆ یونس* هەرێمی کوردستان بە بارودۆخێکی نالەبارو پڕ کێشمەکێشی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و تەندروستی و لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەیرانی کەمبونەوەی کارەباوە ڕۆژەکانی کۆتایی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان بەڕێ دەکات و لەکاتێکدا بەدەست دەیان قەیران و کێشەوە دەناڵێنێت لەسەرووی هەمویانەوە قەیرانی بێ بودجەی و پێ نەدان و دواکەوتنی موچەی فەرمانبەران ومامۆستایان و کەمئەندامان و خانەنیشینان و کەمبونەوەی پارە لە گیرفانی هاونیشتیمانیان و سستی و لاوازی جموجوڵی بازرگانی و بێ بازاڕی و بێکاری دەبینێتەوە و نەمانی متمانە لەنێوان خەڵک و حکومەت و ڕێکنەوتنی هەولێر وبەغدا لەسەر بودجەو مووچە و ناکۆکی لایەنە سیاسیەکانی هەرێم و داواکردنی هەندێ لایەنی سیاسی بۆ لامەرکەزی پارێزگای سلێمانی هەموو ئەمانە و نزیک بونەوە لە جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز کە وا دەردەکەوێت یەکێکە لە بێ نازترین بۆنە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم هەرێمە... هاونیشتیمانیانی هەرێم زیاتر لە سێ مانگی ڕابردوو پابەندی بڕیار و ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ بوون و وا بەهەموو کێشەکانەوە حکومەتی هەڕێم بڕیاری داوە لەیەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانەوە بۆ ماوەی (72) کاتژمێری تر هاتوچۆ وسەردانی کردن قەدەغە دەکرێت بەبیانوی هاتنی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسەکەوە هەرچەندە زۆرێک پێیان وایە زیاتر مەبەستەکە سیاسی یە حکومەت لە سەرهەڵدانی ناڕەزایی و خۆپیشاندانی جەماوەری و هەندێ جار سیاسی حەزەر دەکات... هەرچۆنێک بێت وا دەردەکەوێت جەژنی ڕەمەزانی ئەمساڵمان بەیەکێک لە بێ نازترین جەژنەکان ئەژمار دەکرێت هیوادارین ئەم بارودۆخی قەیرانی دارایی و بێ بازاڕی و سست بوونی ئابوری کوردستان لەوە زیاتر درێژە نەکێشیت و لایەنەکان هەوڵی جدی بدەن بۆ دەرباز بون و چارەسەرکردنی ڕیشەیی قەیرانەکە چونکە درێژەکێشانی ئەم واقیعە چەندین ئاکامی خراپی لێ دەکەوێتەوە بەتایبەت قەیرانی سیاسی و ئابوری... بەداخەوە بێ توانایی دارایی خێزانەکان لەم جەژنەدا بەئاشکرا بەڕوخساری هاونیشتیمانیانەوە دیارە و زۆرێک لە خێزانەکان چاوەڕێ ی دەستی خەڵکانی دەوڵەمەند و خواپێداوەکانن تا لە زەکات و سەرفیترەکانیان خوانی جەژن و جلوبەرگی ماڵ ومناڵیان بۆ بڕازێننەوە.... *ئابوریناس
هونهر حاجی جاسم چارهسهری ئهم دۆخهی کوردستانی عێراق تهنیا ڕۆیشتنی ئهم دهسهلاتدارنهیه، ههر کهسێکیش پرۆژه بهمانه بدات به نوسین و قسهکردن، ئهوه به ڕاستهوخۆ و ناراستهخۆ شهرعیهت ئهدات بهم نوخبه سیاسیه فاشیلهی کوردستانی عێراق!. بهداخهوه ئێستا خهلکانیكی سهربهخۆ ههن بهناوی نوسهر، رۆشنهبیر، مامۆستای زانکو و چالاکوان ، که باسی دێته سهر کوردایهتییه موزهیفهکه و پیزدانیان ههل ئهدرێتهوه، رێك ئهم خهلکانه وهکو بنهماله سیاسیهکان بیر دهکهنهوه و ئارگومێنت دێنی و دهبا و خهریکی درۆکردن دهبیت بۆ سهرانی مافیای کوردایهتیهکهی ریفراندۆم و ئابووری سهربهخۆ!. چارێگه سهدهی رابردوو ههموو چارهسهریهکان تاقیکرانهوه، هیچیان سودی نهبوو. بۆیه تاکه چارهسهر تهنیا رۆیشتنی ئهمانهیه و هیچتر!. ههروهها ههر کهسێکیش لهمانهی سهرهوه گوتی ئهلتهرناتیڤ نیه، ئهوه بزانه دهیهوێت ههر لهگهل گاڕانی کوردایهتیهکهی پارتی و یهکێتی و سهرانی گۆران و لایهنهکانی تر بێت!. له کوردستانی عێراق بهدیلی ئهم دهسهلاته ههیه، بهلام پهرتهوازهن!. هیوام وایه خهلکی کوردستانی عێراق پشتگیری ئێمهومانان بکهن، بۆ ئهوهی چارهسهرێکی ریشهی بێته کایهوه و هاونیشتمانیان رزگار بکهین، لهدهست مافیاکانی نهوت و ئابووری سهربهخۆ!.
سامان وەستا بەكر واباوە كە كاتێ گەنج بگەنە دەسەڵات ئیتر ھەندێ گۆڕانكاری و چاكسازی ڕووبات لە بەرژەوەندی خەڵكی چونكە گەنجان زیاتر تێكەڵ بە كۆمەڵگە ئەبن و زیاتر لە خواستەكانیان تێئەگەن. بەڵام ئایا ئەم هاوکێشەیە ڕاستە؟ لە ھەرێم ئێستا چەن گەنجێک دەسەڵاتداری وڵاتن، لە زۆنی زەرد یەكێكیان سەرۆكی حكومەتە و كوڕی سەرۆكی حیزبیشە واتا كەسی یەكەمی حیزبیشە و جێگرەوەی باوكێتی، ئەویتریشیان سەرۆکی هەرێمە و جێگری سەرۆکی پارتیشە. لەزۆنی سەوز دوو براو ئامۆزایەک، ھاوسەرۆكانی ی.ن.ك، یەکێکیان برازای سكرتێری گشتی كۆچكردووی حیزبركەیە سەرۆکی دەزگای زانیاری حیزبەکەشە، ئەویتریشیان كوڕی سكرتێری گشتییە و کۆی پارەو موڵکی هەم حیزب و هەم ناوچەی سەوز لەژێر دەستی ئەوایەو هەروەک چۆن سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆریشە بەو واتایایەی كەسی یەكەمی حیزبن و خاوەنی بڕیارە گرنگەكانیشین، سێیەمیشیان هەر کوڕی سەرۆک کۆماری کۆچکردوو وە یەکەم و دوایین سکرتێری ی.ن.ک جەلال تاڵەبانی و جێگری سەرۆکی حکومەت و دەسەڵاتداری ئیداری یەکەمی زۆنی سەوزە. بە هاوکێشەی تەمەن ئەمانە خەڵکانی گەنجن و ئەبێ بیرفراوانتر و دیموکراسیتریشبن. بەڵام لایەنی کەم سیان لەم گەنجانە خەڵكانی مەدەنی نین، بەڵكو خەڵكێكی ئەمنی و دەزگا سیخوڕییەكانن و ئاتۆماتیكی بڕیارەكانیشیان بڕیاری توندوتیژو ئەمنی و سەربازی ئەبێ و چارەسەر لەلایەن بەھێز و دەسەڵاتە نەك بیروڕای ئازاد و كەشی دیموكراسی ئەگەرچی خۆشیان واپشانبەن. بە ووردبینی و تەماشاكردنێك ئەبینی ئەو كەسانەی لە چواردوەری خۆیان كۆیان كردوونەتەوە خەڵكانی دەزگا سیخوڕی و ئاسایشتن ئەمەش ئاماژەیەكی مەترسیدارە بۆ پاشەكشێی دیموكراسی و حوكمڕانی مەدەنی و لەدایك بوونی خێزانی دیكتاتۆری و بنەماڵەی دەسەڵاتدارو سەركوتكەر. خۆ ئەگەر بەراوردێک بکرێ لە نێوان سەرکردەو دەسەڵاتداری گەنج و تەمەن هەڵکشاوا ئەوا بە ڕوونی دەرەکەوێ کە تەمەن تەنها ژمارەیە و ئەوە بیر و گۆش و دنیابینی خودە کە بڕیار لەسەر چ جۆرە حکوومڕانییەک ئەیات. لە ئێستایا دیارترین سەرۆک و دەسەڵاتداری گەنج لە جیهانا "کیم جون ئون"ی ٣٦ ساڵە، سەرۆک یان دیکتاتۆری کۆریای باکور، کە بیرکردنەوە و مێشکی هینی سەردەمانی باپیرێتی و کاتێ پێئەکەنێ ئەبێ ئەوەی لە چورادەورێتی پێبکەنێ ئەگەرنا سزای مردنی بەسەرا ئەسەپێنرێ و ئەمە بۆ کاتی گریانیشی هەر ڕاستە. هەر لەم ئان و زەمانەیا چەن گەنجێکی تریش دەسەڵاتی یەکەمی وڵاتەکەیانن بۆ نمونە "ئیمانوێل ماکرۆن" ٤٢ ساڵ سەرۆکی فەرەنسا، "جاستن ترۆدۆ" ٤٩ ساڵ، خاتوو"سانا مارین" ٣٤ ساڵ سەرۆک وەزیرانی فنلەندا، خاتوو "جاسیندا ئاردێرن" ٤٠ ساڵ سەرۆک وەزیرانی نیوزلەند کە ئەمانە تەمەنیان لە نێوان گەنج و مامناوەدایە و هەریەکەیان پەیڕەوی حکومڕانییەکی بەناو ناوەرۆک دیموکراسی ئەکەن و خۆشگوزەرانی خۆیان لەگەڵ گەلاکانیانا گرێیاوە. "ئەنجێلا مارکێل" ٦٦ ساڵ و ڕاوێژکار یان سەرۆک وەزیرانی ئەڵمانیا، خاتوونێکی تەمەن هەڵکشاو کە پەیڕەوی ناشترین سیستمی شەفاف و دیموکراسی ئەکات لە بەرامبەریشا "ڕەجەب تەییب ئەردۆگان" ٦٦ساڵ کە یەکێکە لە تاکڕەوترین و نمونەی ناشرینترین حکومی دیکتاتۆری ئەکا لەسەر ئاستی جیهان. "دۆنالد ترەمپ" ٧٣ ساڵ سەرۆکی ئەمریکا کە ئەمیان گەر سیستمە تۆکمە و دیموکراتییەکەی ئەمریکا نەبووایە ئەوا هیچ پێشبیینیەک ناکرێ چ کارێکی بەسەر خەڵکی ئەو وڵاتە و جیهانیش ئەهێنا. لابردنی پارێزبەندی هاوشێوەی نەخشەی ئۆردوغانە بۆ زیندانیکردنی سەلاحەدین دەمیرداش و هاورێیانی. مێشک بەساڵاچوویەک و بیر پیرێکی وەک ئەردۆغان، سەڵاحەدین دەمیرتاش زیندانی ئەکات تەنها لەبەرئەوەی دڵنیایە لە ڕکابەرییەکی یەکسان و دادپەروەرانەیا ناتوانێ بەرگەی بیرگەنجی و لاومێشکی دەمیرتاش بگرێ، لە هەرێمی کوردستانیش پارێزبەندی لائەبرێ کاتێک ئەندام پەرلەمان گەندەڵی دزینی سامانی وڵات کەشف ئەکات هەروەک چۆن مامۆستایان و خەڵکی ناڕازی لە دهۆک لەژێر سایەی دەسەڵاتی دوو گەنجی حوکمدارا ئەدرێنە بەر شەق و زیندانی ئەکرێن تەنها لەبەر ئەوەی داوای کەمترین ماف ئەکەن کە مووچەکانیانە. جیاوازییەکی گەورە هەیە کاتێک گەنجێک بە تێکۆشان و کارامەیی و سەلماندی تواناکانی بگاتە دەسەڵاتە یەکەمینەکانی حیزب یان حکومەت، گەشتن بە دەسەڵات لەڕێی توانای خودەوە لایەنی کەم دڵنیای ئەوە ئەیات کە کەسێکی بەتوانایە و چاوڕوانی گۆڕنکاری و باشترکردنی کارەکانی لێئەکرێ بەڵام کاتێک هەر کەسێک جا تەمەن هەڵکشاوبێ یان گەنج کە لە ڕێی باوک و بنەماڵە و پشتاوپشتەوە یەتە پێشەوەو ئەبێ بە کەسە یەکەمیینەکانی حیزب و حکومەت ئیتر ناتوانراێ هیوای لەسەر هەڵچنرێ چونکە بە جۆرێک گۆشکراوە کە لە هەوڵی قۆرغکاری دەسەڵاتدابێ تا تەمەن یاوەری بێت و پاشانیش تەسلیم بە کوڕ و کەسە نزییەکانی بکات. هەر لەبەر ئەو هۆکارەش ناتوانرێ چاوڕوانی دیموکراتی و حوکمی ڕەشید لەو گەنجانە بکرێ کە لە ئێستایا لە ڕێی باوک و مامیانەوە بوونەتە کەس و دەسەڵاتی یەکەمی حیزب و حکومەتیش، لەوەش زیاتر لە ئەنجامی ئەو ھێزە ئەمنی و توانا مادییە زۆرەی کە پێوەی ماندوو نەبوون لەژێر دەستیانایە هەموو جوڵەیەک بە خەتەر بۆ سەر دەسەڵات و سامانە سەرچاوە نادیارەکانیان ئەزانن بە ئاگر و ئاسن ڕووبەڕووی ئەبنەوانێ و توانای فكرییان لە چوراچێوەی هێز تێپەڕناکا.
ئەبوبەكر كاروانی پارتی کەبەوە ڕانەهاتووە پێش شارەکانی تر خۆپیشاندان وناڕەزایی لە دهۆکەوە دەست پێ بکات، وەوێنایەکی بۆ شارو پارێزگاکە هەیە، کە ناوچەیەکی داخراوی پارتیە وهەرکەس شتێك بکات دەبێت بە مۆڵەتی ئەو بیکات، شرۆڤەی بۆ ڕوداوەکان گەرچی دووبارە کردنەوەی گوتاری چەسپاوو باوی پارتی بوو، شڵە ژاوی پێوە دیاربوو. بەشێ لە شڵە ژاویەکەش لە تۆمەتبارکردنی لایەنەکانەوە دەرکەوت،چونکە سەرەتا یەکگرتوویان تاوانبارکرد بە وەی لەپشت خۆپیشاندانەکەوەیە.وەناڕاستەو خۆ هەڕەشەی دووبارە کردنەوەی سیناریۆکانی ڕابردوویان لە بادینان لێکرد بەوەی دەشێ دووچاری کاردانەوەی ناسروشتی بێن!! دواتر بازنەی تۆمەتبارکردنەکەیان بۆ چەندین هێزی تر فراوان کرد..؟ گوتاری تۆمەتبارکرنەکەش وابوو، کە لایەنەکان تاوانیان ئەنجام داوە. فراوانکردنی بازنەکەش وێناکردنی دۆخەکە بوو بۆ پارتیەکان کەحیزبەکەیان گەلەکۆمەی لەسەرە. ئەم دۆخەش لە ئەدەبیاتی پارتیدا لەڕابردوودا یەکسان بووە بە بەدوژمنکردنی بەرامبەرو کۆکردنەوەی سەرجەم تواناکان وبەڕەوابینینی هەموو ڕێ وشوێنێك بۆ بەرگری لە خۆکردن. پارتی هەڵەیە گەرپێی بێت،ڕیزکردنی سەرجەم هێزەکان لەبەرامبەر خۆیەوە هێزی ئەو دەردەخات،چونکە لە ڕاستیدا بێ توانایی دەردەخات لە توانای لە خۆ گرتن وقەناعەتپێکردن وڕێکەوتن. پارتی واباشە لەبیری بێت لەسۆنگەی دەستبردنی هەڵە بۆ هەندێ دۆسیە لەسەردەمی قەیرانی قوڵی ئابوری و ،ڕقەبەرایەتی نێوخۆیدا،لەئێستادا پەڕلەمان لەقەیراندایەوبەرەیەکی ڕانەگەیەنراوی باکاتیش بێت، بەرامبەر خۆی دروست کردووە. خەڵك لە دۆخی خۆیان ناڕازین و وێنای نوخبەی حوکومڕان هێندەی تر شێواوە، بەجۆرێك وەك سیاسی وهێزی لێپرسراو بەرامبەر هاوڵاتیان زۆر مەترەح نەماون.کوردستانی باشوور بە خراپترین دۆخی خۆیدا تێپەڕ دەبێت ومەترسی لە سەر ئایندە دروست بووە.دۆخی لەم جۆرەش، پێش هەرشتێك، گێڕانەوەی ئاستێکی ماقوڵ لە تەوافوقی سیاسی دەخوازێت،بۆئەوەی بەر بە داڕوخانی دۆخەکە بگیرێت. کەچی هەنگاوو گوتارەکانی پارتی لەماوەی ڕابردوو لەم خۆپیشاندانەشدا، ئەوەیان لێ ناخوێنرێتەوە خزمەت بەم ئامانجە بکەن وزۆر پەرۆشی تێپەڕاندنی دۆخەکەی پێوە دیار نیە! . پارتی دەبێت خوێندنەوەی نوێی بۆ دۆخەکە هەبێت، قورسایی دۆخەکەو بێ منەتی سیاسەتەکانی خۆشی لەبەرچاوبێت وحساب بۆشکاندنی دیواری ترس ونائومێدی خەڵکێکی زۆر لە واقیعی هەرێم وهەستیاری هێزەکانی تر بکات. دەنا دووچاری هەڵەی گەورە دەبێت و خۆیی و هەرێم وگەلەکەیشی باجی گەورە دەدە ن. گوتاری نەتەوەیش لەسۆنگەی تێکەڵبوونی بە ناکارایی وململانێی نێو خۆیی بەشێ لە کاریگەریە کەی لە دەستداوەو ناتوانێ وەڵام گۆی دۆخێك بێت کە کە لە خودی خۆیدا دژبە بەهاو پێوەرە تەوەییەکانە. سەبارەت بە یەکگرتووش، حەزەکەم دڵسۆزانە بڵێم ، بنکە حیزبیەکە لە بادینان بەشێوەیەکی گشتی ناڕازی ئۆپۆزیسیۆنە، وەك ڕونیشە پاشخان برینداریشە، ئەوش وادەکات دووبارە کردنەوەی هەندێ هەڵە، ئەگەری ئەوە بێنێتە پێشەوە سەرکردایەتیەکەیان تێپەڕێنن، یاخود خودی سەرکردایەتی چی دی نەتوانێ وەك ڕابردوو مامەڵە بکات. دواقسەشم ئەوەیە بۆ ناوخۆی هەرێم بۆخۆتان وگەلی کوردستانیش واباشترە، لە مە بەدوا، ئاسایش و ئەمانی ڕاستە قینەو درێژمەودا ی خۆتان، لە تەوافوقی سیاسی وچاکسازیەکی ڕاستەقیەو خزمەتکردنی خەڵك وڕێزگرتن لە ماف وئازادی هاوڵاتیاندا ببیننەوە، نەك هێزو ناوچەی کۆنتڕۆڵکراوی حیزبی.
ئاسۆ حاجی - ئەمڕۆ یادی بیست و هەشت ساڵەی یەکەمین دەنگدانی دیموکراسی و ئازادانە لە هەرێمی کوردستانە،ئەو هەڵبژاردنەی پەڕلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرئەنجامیدا دروست بوون،وەک دوو دامەزراوەی یاسایی و نیشتیمانی نوێنەرایەتی ئیرادە و خواست و مافەکانی گەلی کوردستان دەکەن،بەداخەوە پەڕلەمانی کوردستان بەهۆی هەڵوێستێکی حیزبیانەی سەرۆکی پەڕلەمان ئەو دامەزراوەیە خەریکە دەکەوێتە ژێر پرسیارێکی گەورە و تاقیکردنەوەیەکی جدی لەوەی ئایا دەکرێ دامەزراوەی پەڕلەمان بکرێتە قوربانی بەرژەوەندیە شەخسی و حیزبیرکانی کەسێک یان لایەنێک؟ سەرۆکی پەڕلەمان کە دەبوایە لە باڵەخانەی پەڕلەمان شانازی ئەو رۆژەی لەگەڵ خەڵکی کوردستان بەشیباوە. - سەرۆکی پەڕلەمان دەبوا لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی و پێشی ئەویش بەشداریکردنی جێگری سەرۆکی حکومەت لە هەمان کۆبوونەوە لەوە تێبگات کە ئەو تەنیا لە ناو هۆڵی پەڕلەمان رێز لێگیراوە و لە سەرەوەی هەموویان دادەنیشێ ئەگەر وەک سەرۆکی پەڕلەمان هەڵسوکەوت بکا و بڕیار بدا و هەڵوێست وەربگرێ،بەڵام ئەگەر حیزبیانە بڕیار بدا ئەوە شوێنی دیارە وەک لە کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسی هاوسەرۆکەکەی خواری خوارەوەی پێ رەوا بینی بوو لە کاتێکدا لە رووی پرۆتۆکۆلیەوە دەبوایە لە سەری سەرەوە بوایە بە هەمان شێوە بۆ کاک قوبادیش ئەوە راستە. ⁃ پێشتر لە گوتارێک باسم کرد کە سەرۆکی ئێستای پەرلەمان بۆ ڕازیکردنی لاھور جەنگی ھاوسەرۆکی و سەنگەر گواستنەوە لە باڵی کۆسرەتەوە بۆ باڵی ئەو کەسەی کە کاک کۆسرەت پاش خیانەتی شازدەی ئۆکتۆبەر بە کاڵفام ناویبرد. بێ وەفایی بۆ کۆسرەت کە پێداگیری کرد رێواز سەرۆکی پەرلەمان بێت و بۆ زامنکردنی یاریەکی کرد کە گوایە شاڵاو ی کوڕی کاندیدە بۆ جێگری سەرۆکی حکومەت تا باڵی ماڵی تالەبانی رازی بن بۆ پێگەکەی قوباد ھەموو شت قبول بکەن و لە جێی بێگەرد تالەبانی پۆستی سەرۆک پەرلەمان بدەنە رێواز. - دوای ئەوەی لاھور شکستی ھێنا لەوەی نەیتوانی بەر بە زۆرینەی پەرلەمان بگرێت و پارێزبەندی سۆران عومەر ھەڵگیرا، بە رێوازیان گوتووە تا کۆبوونەوەی ھەردوو مەکتەب سیاسی دەکرێت جارێ پێمان باش نیە دانیشتنی پەرلەمان بکرێت. کەواتە سەرۆکی پەرلەمان کە باس لە گەڕاندنەوەی شکۆی پەرلەمان دەکات مەبەستی ئیعازێکە پاش کۆبوونەوەی ھەردوو مەکتەب سیاسی بۆی دێت و لێرەوە باشتر وابوو کە رێواز بڵێ شکۆی خۆم شکاوەو چاوەرێی بریاڕی حیزبم نەک بلێت دانیشتن نابێت،ئێستا رێواز خان پەڕلەمانی وەک بارمەتە رادەستی هاوسەرۆکەکەی کردووە تا وەک کارتی فشار بەکاری بێنێ و بیکاتە یاریەکی سیاسی و لە قاوغە یاساییەکەی خۆی دەیبێنێ. - باشە دکتۆر رێواز بیری لەوە کردۆتەوە کە بڕیاردان بۆ دانیشتنی پەڕلەمان دەبێت بەر مەبنای بەرنامەی کار بێت و بە گوێرەی پەیڕەی ناوخۆی پەڕلەمان بێت،ئایا دەزانێ لە ماددەی ١٦ ی پەیڕەو ھاتووە کە دانانی بەرنامەی کار دەسەلاتی دەستەی سەرۆکایەتیە نەک سەرۆکی پەرلەمان و دیارە دکتۆر رێواز ھیچ کات بەبێ رەزامەندی جێگر و سکرتێر ناتوانێ بەرنامەی کار دابنێت و بەرنامەی کاریش نەبێت ناتوانێ دانیشتن رابگەینێت. ئەوەی لە ماددەی ھەژدە لە پەیڕەوی ناوخۆ دا ھاتیە بڕگەی سێیەم .. دەستنیشانکردنی کاتی ئەنجامدانی دانیشتنەکانی پەرلەمان، دەسەلاتێکی (کاشفە) بە زمانی یاسا نەک (مونشیئ). واتە دەبێت پێشتر دەستەی سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی کردبی و لەسەر بەرنامەی کار رێککەوتبن ئینجا کاتی دانیشتن دیاری دەکرێت. لەمەوە دەردەکەوێ کە دکتۆر رێواز بە خۆی باش دەزانی بێ پارتی ناتوانی یەک دانیشتن رابگەیەنێت. - گریمان رێواز خان دانیشتنی راگەیاند و بەرنامەی کاریش ھەبوو، بەپێی ماددەی پێنجەم برگەی یەکەم/ دانیشتنی پەرلەمان بە ئامادەبوونی زۆرینەی رەھا واتە ٥٦ ئەندام دەبی، ئایا د. رێواز دەزانیت ئەگەر ھەر دانیشتن و بەرنامەیەک رەزامەندی پارتی و فراکسیونەکەی نەبێ، ھیچ دانیشتنەک نیسابی نابێت و بەمەش رێواز خان باش دەزانی بێ پارتی یەک شتی لە کاری پەرلەمانی پێ ناکرێت. - لەو رۆژانە پۆستێکی خاتوو جوان رۆژبەیانی سەرۆکی لێژنەی ناوچە کوردستانیەکانی پەرلەمانم دیت کە یاداشتی لێژنەکەیان و ئیمزای سەرجەم فراکسێۆنەکانی لەسەر بوو کە داوای دانیشتنی تایبەت بە پەرلەمان دەکەن دەربارەی بارودۆخی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم(جێناکۆکەکان)، بەلام دیارە سەرۆکی پەرلەمان نایەوێت جارێ تا مەکتەب سیاسی کۆ نەبێتەوە، رێگای پێ نادرێ ئەرکی خۆی وەک سەرۆک پەرلەمان جێ بە جێ بکات. یان رەنگە بزانی کە باسی سوتاندنی دەغڵ و دانی کورد لە کەرکوک و دەوروبەر بکرێت بە دڵنیایەوە باسەکە سەر دەکێشێ بۆ بەرئەنجامی ١٦ ی ئۆکتۆبەر و ئیحراجی بۆ ھاوسەرۆکی رێواز خان دروست دەبێت، بۆیە ناوێرێ ئەو دانیشتنە بکرێ.
سەرتیپ جەوهەر كورد دەڵێت «باوك مردوو خەوی لێدەكەوێت، بەڵام سكی برسی خەوێ لێناكەوێت» واتە هیچ شتێك برسێتی بیر مرۆڤ ناباتەوە، بۆیە دروستكردنی قەیران و گرژی سیاسی و هیچ رووداوێكی دیكە، نەبوونی و برسێتی بیر خەڵك ناباتەوە. ئەنجامی خراپ ئیدارەدان و گوێنەدان بەمەنتقی سیاسەتكردن و واقعیانە مامەڵەكردن لەگەڵ ئایندەی ئەم وڵاتە خەریكە روونتر دەردەكەوێت. ئێستا دۆخی سیاسی ئەوەندە ئاڵۆز بووە، نەك چارەسەر بگرە دانیشتن و كۆبونەوەی لایەنەكان زەحمەت بووە. هەرێم لەبارێكی ئەوەندە خراپی ئابووریدایە هیچ دەریچەیەك نییە جگە لەخۆ دەخیلكرنی بەغدا. پەرلەمان كە باڵاترین دەسەڵاتی بڕیاردان و قانوندانانە لەبەردەم پەككەوتندایە، حكومەتیش پەکی کەوتووە، نەك خزمەتگوزاریی، بگرە پێیناكرێت مووچەش بداتە فەرمانبەرانی. عینادی لەسیاسەت و بەركەناركردنی هێزو لایەنە سیاسیەكان و سیاسەتكردن لەپەنای موزایەدەی سیاسی و گوێنەگرتن لەخواستی خەڵك، بێگومان ئەو دەرەنجامەی ئێستای لێدەكەویتەوە. نەخاسمە برسێتی خەڵك كە بەدڵنیاییەوە رەگێكی لەهارییە و چارەسەر نەكرێت لێكەوتەكانی زۆر ئاڵۆزتر دەبێت. بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخەی ئێستا دەبێ بەدوای دۆزینەوەی ریشەی گرفتەكان و چارەسەری درێژخایەندا بگەڕێن، كە خۆی بەشداریكردنی هەمووان لە حكومڕانیی و هاوسەنگكردنەوەی دۆخی لاسەنگی ئێستای حكومڕانیی كوردستان دەبینێتەوە. لەماوەی چەند رۆژی رابردوو لە هەولێر وەفدێكی پارتی سەردانێكی ناڕەسمیی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستانیان كردبوو. لەو دیدارەدا تیمی یەكێتیی بەروونی هۆكاری ئاڵۆزبوونی دۆخی سیاسی و دەرەنجامەكانی ئێستای حكومڕانیی و هاوكات سیاسەت و تێگەیشتنی یەكێتیان لەبارەی هێوركردنەوەی دەرونی خەڵك بە وەفدەكەی پارتی گەیاندبوو. پێموایە ئەم دانیشتنە دانیشتنی دیكەی بەدوادادێت، ناكرێت ئەم چەقبەستنە بەردەوام بێت، تا گرژی سیاسی بەردەوام بێت، چارەسەركردنی بژێوی و ژیانی خەڵكیش زەحمەتتر دەبێت، بۆیە كردنەوەی گرێكوێرەی دۆخی ئێستای كوردستان لەخاوبونەوەی گرژی سیاسیەوە دەستپێدەكات. بەكورتی و كرمانجی ئەوەی ئێستا دەبینرێت لەبرسێتی و پەككەوتنی حكومڕانیی و خراپی پەیوەندی سیاسی نێوان لایەنە سیاسیەكان، ئەنجامە نەك هۆكار. یەكێك لەهۆكارەكانی دروستبونی ئەم لاسەنگییەی ئێستا، درێژەكێشانی دۆخی ئاڵۆزی ناوخۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو تا كۆنگرەی چوارەم، بەڵام ئێستا واقعێكی دیكە لەگۆڕێیە، یەكێتیی نەك بڕیار دەدات، بەڵكو بۆتە سەنتەری كۆبونەوەی لایەنەكانی دیكە بۆ چاككردنی لاسەنگی حكومڕانیی، هەر كەس و لایەنێكیش بیر لەچاككردنی دۆخی كوردستان بكاتەوە، دەبێ بەوە تێبگات كە بەبرسیكردنی خەڵك و عینادی و تاكڕەویی حكومڕانی ناكرێت.
پەیكار عوسمان - نەوشیراوان و مامجەلال و مەلامستەفاو قاسملۆو ئاپۆ.. گشتیان نە فریشتەکەی لای یارن، نە شەیتانەکەی لای نەیار. ئەوان جارێك ئینسانن و لێرەدا یەکسانن بە ئێمە. جارێکیش سەرکردەن و لەوێدا بڕێك تایبەتمەندییان هەیە. بەڵام ئەوە نە ئەیانکا بە خوایەکی موقەدەس، نە ئەشیانکا بە شەیتانێکی نەفرەتیی. - یارو نەیار هەردوکیان کوێرن، چونکە تەنیا دیوێکی وێنەکە ئەبینن، هەر ئەو دیوەی کە حەزیان لێیە. هەردوکیان کەڕن، چونکە تەنیا نیوەی باسەکە ئەبیستن، هەر ئەو نیوەیەی کە حەزیان لێیە. هەردوکیان لە هەمان وەهمدان، وەهمی ئەوەی کە نیوەی وێنەکەیان لێبووە بە هەموو. یەعنی تۆ بە هەر دیوێکا، نیوەی نەوشیروانت لێبووبێ بە هەموو نەوشیروان، لە وەهمدایت و وەهمەکەشت هەر هەمان وەهمی ئەویترە، کە دیوەکەی تری ئەوی لێبووە بە هەموو! - ئەو سەرکردانە هەموویان ناوی گەورەن و هەر یەکەیان لە سیاقی مێژوویی خۆیدا ڕۆڵی گەورەی بینیوە. بەڵام ناوی گەورەو ڕۆڵی گەورە، ناکاتە بێ هەڵەیی، بەڵکو ڕێك ئەکاتە هەڵەی گەورەش! ئەوان نەك مەعسوم نین، بەڵکو هەڵەی ئەوان دایمە گەورەو گشتیشە، لەکاتێکا هەڵەی منو تۆ، ئەشێ هەر بچوك و تایبەتی بێت. یەعنی ئەوەی کە تۆ پێتوایە بێ هەڵەیە، فەرقەکەی لەگەڵ تۆ، هەرئەوەیە کە هەڵەکانی ئەو، لە هی تۆ گەورەترە. - سەرکردەکان دێن و دەڕۆن و ئێمەش هەر تەقدیسیان ئەکەین. تەقدیسیش لەمبەر جەهلێك و لەوبەر ڕقێك دروستئەکا. یەعنی سەرکردە بۆ ئێمە، تەنیا کارگەی بەرهەمهێنانی جەهل و ڕقە! دەی لە یادی کاکە نەوەدا، باشترین کارێك کە بیکەین، گۆڕینی ئەو پەیوەندییە ناتەندروستەی نێوان ئێمەو سەرکردەیە. - نە پیرۆزکردن نە شەیتاندن، نە سفر نە سەت، بەڵکو بیرکردنەوەو دیدێکی ڕەخنەیی. کێشەی سەت و سفریش هەمان کێشەیە، هەر ئەوەیە کە خاڵی دۆگمایەو بیرکردنەوەی تیانیە. جا بۆ ئەوەی پەیوەندی ئێمەو سەرکردەکان، پەیوەندییەکی دروست بێت، ئەبێ ئەوان لەو دوو ژمارەیە ڕزگاربکەین، بۆئەوەی خۆمان لە دۆگماو بیرنەکردنەوە نەجاتمانبێ! - بۆ مام و کاك و مەلاو هەموو ڕەوانشادەکان، نە بێڕێزیی نە پەرستن. نە نەفرەتی ڕقاویانە نە ڕەحمەتی ساویلکانە. بەڵکو ڕێزێك و دە ڕەخنە. سوپاسێك و بیست گلەیی. گوڵێك و سی پرسیار. هەموو ئەمانەش بەهیوای بەردێك کە بیخەینە سەر بەردو دەستپێبکەین. ئاخر تا لە ڕق و پەرستنابین، تا لە شەیتاندن و خوایاندنابین، هێشتا دەسمان پێنەکردوە، ئەگەرچی کاتیش ئەڕواو وزەش سەرفئەبێ! - ئێمە ڕۆبۆت نین و هەست و سۆز بەشێکی زیندوی ئێمەیە. هۆشیاریش ئەوەنیە کە بێ سۆزبین، هۆشیاریی ئەوەیە کە سۆز لەژێر چەتری هۆشدابێ. خۆشەویستیش کفرنیەو ئاساییە یاریزانێك هونەرمەندێك نوسەرێك سیاسییەكت خۆشبوێ. بەڵام ڕق کفرەو مەیەڵە ڕقت لەو بێت. چونکە ڕقی تۆ لەو، هیچ لەو کەمناکات، بەڵام زۆر لە ڕۆحی خۆت کەمئەکا. ڕۆح گەورەترین نیعمەتەو ڕق کفرە بەو نیعمەتە. تەنانەت ڕق لە ستەمکاریش هەڵەیەو ئێمە بە ڕقمان لە سەدام، تەنیا سەدامەکانی ترمان دروستکرد! - ئێمە ئەبێ کێشەمان لەگەڵ ستەمکاریی هەبێت، نەك ڕقمان لە ستەمکاربێت. کاتێ کێشەت لەگەڵ ستەمکاریی هەیە، ئیتر ستەمکاریی ئەناسیت. بەم ناسینەش ئیتر خۆت نابی بە ستەمکار، هەروەها کەسیشت لێنابێ بە پاڵەوان هەر لەبەرئەوەی دژی ستەمکارێکە، چونکە بۆی هەیە ئەو خۆشی ستەمکارێکی تربێت. وەلێ ئەوەی کە ڕقی لە ستەمکارە، لەم ڕقەوە لەو، ڕەوایەتی بە ستەمکاریی خۆی ئەداو ئیتر ستەمکاریی نەك کەمناکا، بەڵکو زاوزێ ئەکات! وەکئەوەی ئێمە لە ڕقی گەندەڵە کەتافی لەبەرەکان، گەندەڵە قاتلەبەرەکانمان دروست کرد! - ڕق پێچەوانەی خۆشەویستی نیە، ڕق پێچەوانەی ئازادییە. ئاخر ڕق دیلت ئەکاو لە ڕقدا ئیتر تۆ کوێریت و هیچ باشییەکی ئەو نابینیت. بەڵام لە خۆشەویستیدا هێشتا ئازادیت و چاوێکت هەیە بۆ بینینی هەڵەی ئەو. ئەسڵەن کراوەیی ئەو چاوە مەرجی خۆشەویستییە، بۆیە وتویانە دۆست ئەوەیە کە بتگریەنێت! خۆشەویستی چاکە، بەڵام ڕاستی ئامانجە هەرە باڵاکەیەو چاکبوون لەسەر راستی وەستاوە. کەواتە خۆشەویستیش تا ئەوێ چاکە، کە چاوت دانەخا لە ئاستی ڕاستی! - خۆشەویستی تەنیا ئەوکاتە ئەبێتە دیلیی، کە بیکەیت بە دیوەکەی تری ڕق. یەعنی ئەگەر میسیت وەکو جوانیی یاری خۆشبوێ، ئەوکات ڕقت لە کریستیانۆش نیەو جوانیی یارییەکەی ئەویش ئەبینیت، ئیتر خۆشەویستییەکەشت ئازادانەیە. بەڵام کاتێ خۆشەویستی میسی یەکسانکەی بە ڕق لە ڕۆناڵدۆ، ئیتر تۆ دیلیت و ئەمە خۆشەویستییەکی کۆیلانەیە. - یەعنی بە هاتنە ناوەوەی ڕق، ئازادی ئەڕواو کۆیلەیی دەستپێئەکا. لێرەوە خۆشەویستیش، ئیتر خۆشەویستی نیە، چونکە گرنگترین پایەی خۆی لەدەستئەدا کە ئازادییە! یەعنی خۆشەویستی ئەو شتەیە کە ئازادانەیەو ئەوەی کە ئازادانە نەبێ، خۆشەویستی نیە، ئەوە شتێکە لە بابەتی خوپێوەگرتن و هۆگربوون و گرێ. - خۆشەویستی جوانەو تۆش کێت خۆشئەوێ بوێ. بەڵام خۆشەویستی ئەو یەکسان مەکە بە ڕق لە کەس، با ئازادیی نەڕوا. بەڵام خۆشەویستی ئەو، یەکسان مەکە بە بێ هەڵەیی ئەو، با بت نەیەت. چونکە کە بت هات و ئازادی ڕۆشت، ئیتر هۆش میوان نیەو ئینسانیش بە هۆشیاریی ئینسانە، لە ناهۆشیارییدا وەحشێکی دڕندەیە. ئینسانیش لە هۆشیاریدا بەر ڕاستی ئەکەوێ، لە ناهۆشیارییدا هەر بەر ئەویتر ئەکەوێ! - پێموایە کاکە نەوە، حەقی خۆیمان دایە لە ستایش و فرمێسك و خەمباریی، ئیتر کاتی ڕەخنەیە. بەڵام ڕەخنە ئەوەیە کە ڕقی تیانیە. کە تیایبوو ئیتر ئەوە ڕەخنە نیەو "شتێکی ترە". ئێمەش پێش نەوشیروان، ئەبێ ڕەخنەی ئەو شتە بکەین! - بۆئەوەی باسەکە بێ ڕەخنە تێنەپەڕێ، بەکورتی ئەڵێم: ئەبوو موعارەزە بێت و لە ڕقی سیاسیی بدا، نەك زیاتریکاو قووڵتریکاتەوە. ئاخر ئەوەی کە پەنجا ساڵەو لە شەستەکانەوە، عەقڵی ئێمەی وەستاندوە، ڕقی سیاسییەو هەموو کیشەکانی تریش بەرهەمی ئەو وەستانەیە. هەروەها ئەڵێم (ئەبوو موعازەرە، زیاتربێ لە زاهیرەیەکی سەوتیی). - خۆشەویستی ڕێگای نەجاتە، بەڵام بەو مەرجەی کە خۆشەویستی یەکەم بۆ ڕاستی و چاکەبێت. لەخوار ڕاستی و چاکەوە کێت خۆشئەوێ و چیت خۆشئەوێ کەیفی خۆتە، بەڵام خۆت لە ڕاستی گێل مەکەو چاو لە خراپە دامەخە، بۆئەوەی مەرج و یاسای خۆشەویستی تێکنەچێ! من نەوشیروانم خۆشئەوێ، بەڵام لەناو ئەم یاسایەدا. یەعنی زۆر شتی لام چاکەو جێگای تەقدیرە، بەڵام ڕاستی هەرئەونە نیەو هەڵەو شتی تریش هەن. - ئینجا کاکە نەوە یادی بە(خێر). بەڵام با لە عەقڵی خۆماندا دەسکاری شتێك بکەین و ئەو خێرە یەکسانکەین بە ڕەخنە! یەعنی لەمەولا کە بە کەسێکمان وت یادی بەخێر، با وەکئەوەبێ کە بڵێین یادی بەڕەخنەو چیتر بە ڕەخنە یادی کەسایەتییەکان بکەینەوە. وەلێ ڕەخنە کاتێ خێرە کە شەڕ نەبێ. ئەوەی کە شەڕە، ڕەخنە نیەو ئەوەشی کە ڕەخنە نیە، خێر نیە.
بەشدار عوسمان (دەستێک) لە پشتەوەی دەستبەسەراگرتنی زەوی و زار و بەرزرکردنەوەی کۆشک و ڤێلا و ئاپارتمانەکانی خۆتان و منداڵ و نزیکەکانتانە ؟ (دەستێک) لە پشتەوەی فەرهودکردنی سامانی ئەو وڵاتە و بردنە دەرەوەی پارەکانیانە،(دەستێک)لە پشتەوەی فەرامۆشکردنی کەرتی تەندورستی گشتیە وایلێهاتووە و هیچ نەخۆشێک لە نەخۆشخانەی حکومی چاکنابێتەوە ؟! دەستێک لە پشتەوەی دورستکردنی قوتابی و خوێندکاری یەخسیر و نەخوێندەوارە لەرێگای بەحزبیکردنی پەروەردە و فێرکردن و سپاردنی بە کادیرە حزبیەکان، بەڵێ دەستێکی رەش لە پشتەوەی بێ ئیرادەکردن و تێکشکاندنی نەفسیەت و شەخسیاتی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایە و سی ساڵە بە پلان و پارە و پەروەردە، ئاگر و ئاسن و توندوتیژی دەستەکەیان درێژتر دەبێتەوە، ئەوە دەستێکی تێکدەرە رێگا نادات جادە و رێگاوبانەکان سەلامەت بن و رۆژانە دەیان قوربانی لێ بکەوێتەوە،ئەوە دەستێکە سێ دەیەیە پلانێکتان دانەنا دوو کارگە و کارخانە بخەنەگەڕ و گەنجەکان بچنە سەر کاری خۆیان و ناچارنەبن ببن بە باخەون و پاسەوانی ماڵ و کۆشک و باخەکانتان،دەستەکانی پشتەوەی بێ ئومێدی و کۆچی گەنجانی ئەو وڵاتە و خنکانیان لە ئیجە، دەستێکی ناشیرینە و دەبێت ببڕدرێت . ئەوە ئەوپەڕی سووکایەتییه بەرامبەر بەخەڵک، سەروەت و سامانەکەی بۆ خۆت ببەی و لە هەموو سیما و روخسارێکی کۆمەڵگای ئینسانی بێبەشیبکەیت و بچوکترین بەرپرسیاریەتی نیشان نەدەیت لە ژیان و گوزەرانیان،تەنانەت کرێی رۆژانەی کارکردنیان پێ نەدەیت و لەکاتی نارەزایەتییش بە خائین و تێکدەر و نۆکەری بێگانە تاوانباری بکەی و رەوانەی زیندانەکانیان بکەی، ئەو مامەڵانە لە فهرههنگی دەسەڵاتێک جێگهی نابێتەوە که تۆزقاڵێک نزیکایەتی بە ماف و ئازادییەکانەوە هەبێت . ئەوە ئێوەن شارەزایی و ئەزموونی باشتان لەرێگهی تاران و ئەنقەرە هەیە، نەک خەڵکی کوردستان! ئەوە خەڵک نەبووە دەستی خوێنڕێژترین رژێمە دکتاتۆرەکانی راکێشابێ و کارەسات و موسیبەتی بەسەر ئەو کۆمەڵگایە هێنابێت، ئەوە خەڵک نەبووە رێگای دابێت هەرچی دەزگای جاسوسی و سیخوڕی هەیە لەم سێ شارەدا تەراتێن بکەن . سەیری ئەو بەدبەختییه بکەن، دوایی چەندان ساڵ لە سەبر و ئارامی و سگ کوشینی مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ مووچە و کرێی مانگانەکەی دەنگی هەڵبڕیوە، کەچی بە تێکدەر و لە پشتەوەبوونی (دەستێک) تۆمەتباریان کردن، خەڵک چیتر توانای بینینی ناعەدالەتیەکانی نەماوە کە رۆژ لەدوایی رۆژ کێرڤەکەی بەرزدەبێتەوە ،خەڵک دەبینێت و دەبیستێ، دەسەڵاتداران چۆن دەژین و لە چ نازونیعمەتێکدا دەیگوزەرێنن و لەملاشەوە سفرەی هەژارانەتر دەبێت و چارەنوسی مناڵ و قوتابیەکانیشی بە چارەنوسێکی رەش و نادیار دەسپێردرێت. پەیامی نارەزایەتی خەڵک روونە و چیتر سوکایەتیان پێمەکەن،ئەوان دەڵێن: ئێمە کۆشک و تەلارەکانی ئێوە دەبینین و ئێوەش دەبێت بە کەلاوەنی ئێمە ئاشنابن، ئێمە دەزانین ئێوە تێر و پڕن، هیچ بەهانەیەکیش نیە ئێمە برسی بین. پارە و ئیمکانیاتی زۆر بۆ بڕینی ئەو دەستانە سەرف مەکەن وەکو پێشتر کردوتانە ،هەر ئەوەندە واز لە بزنس و کۆمپانیا و گۆڕینی مۆدیلی ناوماڵ و ئۆتۆمۆبیل و گهشتی وڵاتان و تاپۆکردنی زەوی و تەپۆڵکەکان بهێنن و ئەو (دەستە)ببڕن. (دەستەکانی)پشتەوەی نارەزایەتی کوردستان بۆ نان و مووچە،بۆ ئازادکردنی زیندانیەکان، دەستێکی پیرۆزە و دەبێ بپارێزرێ کە دەستی باشکردنی ژیانی خەڵکە، دەستی گەیشتنە بە ئازادی کە ساڵانێکە بۆی تێدەکۆشێ.
رێبوار كهریم وهلی خۆپێشاندانی مامۆستایان به پشتیوانیی ئۆپۆزیسیۆن و بهتایبهتیش یهكگرتووی ئیسلامی له دهۆك و ههندێك ناوچهی دیكه بادینان، میلاده؛ ئهوه یهكهمجاره له كوردستاندا، ناڕهزایهتی بهرامبهر حكومهت له سلێمانییهوه سهر ههڵنادات و له دهۆك كه سێ لهسهر چواری دهنگدهرانی هی حزبی حاكمن دێنه سهر جاده. * لێدوانهكانی پارێزگاری دهۆك جێگهی سهرسوڕمان بوون؛ خۆپێشاندان و پشتگیریكردنی حزبهكانی ئۆپۆزیسیۆنی له خۆپێشاندهران وهكو تاوانێك وێنا كرد! پێدهچوو یاسای خۆپێشاندان و گردبوونهوهی جهماوهریی نهخوێندبێتهوه كه له پهرلهمانی كوردستان دهرچووه و بهتایبهتیش ئهو بڕگهیهی كه پهیوهسته به مۆڵهتدان. ئینجا ئهگهر كوردستان له باری نائاساییدا بووایه، ههموو تهبریرهكان قهبوڵ بوون، بهڵام مادام پهرلهمان كار دهكات و كۆدهبێتهوه كهواتا ههموو شتێك ئاساییه!َ * ئهگهر جاران سلێمانی پاژنهی ئاشیلی یهكێتی بووبێت، ئهمجاره دهۆكیش پاژنهی ئاشیلی پارتییه، به تایبهتیش كه پارتی دوای لافاوهكهی ئهمساڵ ههڵوێستی خهڵكی زاخۆشی دیت كه ئاماده نهبوون تهنانهت هاوكاریی مرۆییش وهرگرن! گووتیان سهدهقهمان ناوێ... * سهیر لهوهدایه كه قهت پارتی بهو ههموو نفوز و رابردووهی له سلێمانی نهیتوانیوه ببێته خاوهنی بهرهیهكی ناڕازی لهو دهڤهره، كهچی یهكێتی دهتوانێ له بادینان ئهوه بكات، كهواتا قهڵاكه مهحكهم نییه. وهك چۆن ههموو سۆرانییهك یهكێتی نییه، مانای وایه ههموو بادینییهكیش پارتی نییه. * به دهست خۆت نییه نوكتهی كابرای ئهمریكی و رووست بیر دهكهوێتهوه؛ ئهمریكی: ئێمه ئهوهنده ئازادین لهبهردهم كۆشكی سپی قسه به سهرۆكی خۆمان دهڵێین، رووس: ئێمهش ئهوهنده ئازادین لهبهردهمی كرێملن جنێو بهسهرۆكی ئهمریكا دهدهین! حهوت مانگه پشتیوانی له خۆپێشاندانهكانی بهغدا دهكهین و ئیدانهی هێزه ئهمنییهكان دهكهین. فارس جوانیان گووتووه:"مریشكی دراوسێ قازه!"