ئیتاڵیا.. پاش چوار مانگ لەچی ئاستێکدایە!
2020-06-06 16:34:22
شوان سدیق - ئیتاڵیا
لەسێ مانگی ڕابردوو بەتایبەت مانگەکانی سێ و چوار ئەم وڵاتە پیرەی باشووری کیشوەری ئەوروپا گیرۆدەی کۆرۆنابوو حکوومەت و ھاوڵاتی و زاناکانیشیان تووشی سەرسوڕمان بووبوون!
سەرەتا لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن ئەم نەخۆشیە کرایە بابەتێکی گەرمی سیاسی و بووە جێگەی مشتومڕی گەرم لەنیۆ تۆڕەکۆمەڵایەتیەکاندا. ھاوڵاتیانیش خەریکی پێکەنین و سوعبەت بوون!
لەئیتاڵیا ئۆپۆزسیۆنێکی بەھێز و توند ھەیە لەکۆی ٦٣٠ کورسی پەرلەمانی ئەوان ٢٧٢ کورسیان ھەیە پارتی لێگا ماتیۆ ساڵڤینی سەرۆکایەتی دەکات، لەڕیزبەندی پلەدووی پارتە ئیتاڵیەکانە، بەھێزەوە دژی دەسەڵات ڕەق وەستاوە. بەھاوبەشی ھەردوو پارتی تری بەھێزی ئۆپوزیسیۆن، نەتەوەی و ڕاسیستین، لەوانە پارتی فرەتێلی جیۆرجیا مێلۆنی و فۆرزە ئیتڵیای سێلڤیۆ بێرلیسکۆنی.
حکوومەتەکەش جۆسێپێ کۆنتێ سەرۆکایەتی دەکات، خوودی خۆی کەسێکی سەربەخۆیە بەڵام لەگەڵ ئەوەیش کەسایەتیەکی کاریگەرەو ئەو بڕیارانەی دەیدات، داکۆکیشی لێ دەکات، ئەمە ھۆکاری ئەوەیە خۆی لەگەندەڵی تێوەنەگلاوەو ھەردوو پارتی پێنج ئەستێرەو پارتی دیموکرات پشتیوانی لێ دەکەن.
سەرەتا ساڵڤینی داوای کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان و پێداچوونەوەی رێکارە تەندروستیەکان کرد بەڵام ھەر وەکو جاران پێشنیاری سالڤینی ڕەتکراوەیە چونکە ساڵڤینی کەسێکی ڕاسیستە پارتە دەسەڵاتدارەکان ھەر وەکو جاران پێیانوابوو ئەو دژی بێگانەیە بۆیە پێشنیارەکەیان ڕەتکردوە.
ئیتاڵیا تەنیا مانگی شوبات بارودۆخی باشبوو لەڕووی کۆرۆناوە پاشان ھەموو شتێک گۆڕا.
ژمارەی توشبوان و مردن گەیشتە ئاستێکی مەترسی دار ئەوکاتە دەسەڵات کەوتە خۆی و دەستی دایە کوارێنتێنا بەتایبەتی لە ھەرێمەکانی لۆمباردیاو ڤێنێتۆ و ئیمیلیاڕۆمانای باکوور.
لە شارێکی وەکو بێرگامۆ لەیەک ڕۆژدا زیاتر لە ٤٠٠ کەس بەکۆرۆنا مردن.
لەھەرێمی لۆمباردیا ڕێژەی مردن گەیشتبووە ئاستێک نەخۆشخانەو کەنیساو و گۆڕستان و فڕنەکانی تەرم سوتاندن توانای وەرگرتنیان نەمابوو تائێستەش ژمارەی گیان لەدەستان لەم ھەرێمە ١٠ ملیۆن دانیشتوانە گەیشتۆتە ١٦ ھەزار و ٢٢٤ کەس
سەرەتای بڵاوپوونەوەی پەتاکە ئیتاڵیا داوای ھاوکاری بەپەلەی لەیەکێتی ئەوروپاکرد بەڵام ئەوروپا بەدەم داواکەیەوە نەھاتن.
لەبری ئەوان سەرەتا وڵاتانی سۆشیالیستی چین، کوباو ڤیتنام پاشان ڕووسیاو ئەلبانیاو چەند وڵاتێکی دیکەی وەکو قەتەر، میسر پزیشک و پێداویستی تەندروستیان گەیاندە ئیتاڵیا. دواتر ئەڵمانیاو نەرویج ھاوکاری ئیتاڵیان کرد.
ئەمڕۆ ئیتاڵیا نزیک دەبێتەوە لە چوار مانگ بەسەر کۆرۆنا وڵاتەکە زیانی گیانی و تەندروستی و ئابووری زۆر بەرکەوتووە، بەئاسانی برین و ئەم بۆشاییە کەدروسبووە ساڕێژ نابێ!
سەبارەت بەزیانی ئابووری بەگشتی تائێستە زیانەکانی بەقەبارەی دوو تیریلیۆن ئێورۆ مەزندە دەکرێ. بگرە زیاتریشە!
وڵاتەکە تووشی داڕمانی ئابوریەکی سەخت بۆتەوە، کەرتە گەشتیاری و پیشەسازی و کشتوکاڵییەکان، بەئاسانی ناتوانن بگەڕێنەوە دۆخی پێش مانگی شوبات بۆیە پێشبینی دەکرێ یەک ساڵی پێویست بێ بۆ باشبوونی ئەم بارودۆخە.
حکوومەتی ئیتاڵیا خۆی بڕی زیاتر لە ٥٠٠ ملیار ئیورۆی بۆ پشتیوانی لەھەستانەوەی بازاڕی وڵات تەرخانکردوە،
سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا ڤان دێر لاین ڕایگەیاند: بانکی ناوەندی ئەوروپا بڕی ٧٥٠ ملیارد ئێورۆی بۆ ئەو قەیرانەی ئێستە تەرخانکردوە، کە وڵاتانی ئەوروپا بەھۆی کۆرۆناڤایرۆسەوە، زۆرێک لە کۆمپانیاو خاوەنکارەکانیان مایە پوچ بوونە.
لەو بڕە پارەیش ٧٥٠ ملیارد ئیورۆیەی ئەوروپا بۆ پشتیوانی لە وڵاتانی زەرەرمەندی کۆرۆنا دابینیکردوە..
وڵاتێکی وەکو ئیتاڵیا بڕی١٧١ ملیاردی بەردەکەوێ بەدوو ڕێگا ٩٠ ملیارد بەقەرز و ٨١ ملیارد ئێورۆی تریشی بەردەکەوێ وەک ھاوکاریکردن.
لەڕووی زیانی تەندروستی و گیانیەوە ئیتاڵیا زەرەری زۆری پێکەوتووە، بەپێی ھەواڵێکی ماڵپەری "ئادنکرۆنۆس" تا ١٢ی مانگی ئایار ١٦٣ پزیشک لەئیتاڵیا بەھۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.
ھەروەھا ژمارەی تووشبوان، چارەسەرکراوان و مردن گەیشتە ئاستێکی بەرزو مەترسیدار.
بەپێی دواین زانیاری تا کۆتای ڕۆژی ھەیینی ٥ی مانگی شەش کۆی گشتی قوربانیانی کۆرۆناڤایرۆس بەم شێوەیەبووە:
توشبووان: ٢٣٤،٥٣١ کەس
چارەسەرکراو: ١٦٣،٧٨١ کەس
ھەروەھا گیان لەدەستدان: ٣٣،٧٧٤ کەس بووە.
ئێستە ئیتاڵیا پاش نزیکەی چوار مانگ بارودۆخەکەی تاڕادەیەکی باش کۆنتڕۆڵکردوە، چەند ڕۆژێکە تووشبوان لە ٥٠٠ حاڵەت تێپەڕی نەکردوە. بگرە گەیشتە ١٧٧ حاڵەتیش لەڕۆژێکدا ئەمە بۆ ئیتاڵیا پێشڤەچوونە!
ئەمە بۆ ئیتاڵییەکان مایەی دڵخۆشیە پەشیمانیش لەو پێشوازیە سەرەتاییەی لەکۆرۆنایانکرد چونکە ئیتاڵییەکان، کرۆنایان کردبووە، مادەیەکی گاڵتەجاڕی تەنانەت وەکو کێکی ڕۆژی لەدایکبوونیش نمایشیان دەکرد.
ئەمڕۆ دونیای ئیتاڵییەکان گۆڕاوە، تێکەڵبوونی جاران نەماوە، بەو شێوەیەنییە ھەموانیش سڵ لەیەک دەکەنەوە، بانگھێشت و دەعوەتەکەی جاران نەماوە یان کەمیکردوە.
ئەو کۆبوونەوەو ئاھەنگێڕانەی پێشتر کۆتایی ھات خەڵک بەوریایەوە، لێک نزیک دەبنەوە، ھەمووان کەسێک ماسک و دەستکێش بەکاردەھێنێ.
ناوەندەکانی بەرھەمھێنانی جل و بەرگ دەمامک و کڵاو پۆشاکی تایبەت بەکۆرۆنایان خستۆتەبازاڕەوە.
بازاڕیش پڕیەتی لەکەرەستەی پزیشکی و تەندروستی تەنانەت دەمامکیش ھەیە نرخی بە٥٠ سەنتە واتە٧٠٠ دیناری عێراقی!