Draw Media

بۆ هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی

بۆ هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی

2020-06-10 10:41:54



له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
رووی قسه‌م له‌ هه‌ردوو مه‌سرور بارزانی و قوباد تاڵه‌بانیه‌ ، ئه‌و دوو گه‌نجه‌ی ئێستا ئه‌ركی زۆر كه‌وتوه‌ته‌ سه‌ریان و ئه‌وانیش له‌ به‌رده‌م به‌رداشی :
فشاره‌كانی ناوخۆی حزبه‌كانی خۆیان
ڤایرۆسی كۆرۆنا
فشاره‌كانی ئه‌و عیراقه‌ی بۆ گیان خۆمان نینۆكه‌كانیمان تیژكرده‌وه‌
پێنه‌دانی موچه‌و توڕه‌یی خه‌ڵكان
ده‌زانم قورسه‌ له‌ دۆخی ئاوادا هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیاره‌تی ، به‌ڵام له‌وه‌ قورستر ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ ناچار بێت ده‌سته‌ پاچه‌ بێت له‌به‌رده‌م ته‌وژمه‌كانی سه‌ریداو نه‌توانێ‌ له‌مپه‌ره‌كان ببڕێ‌ ، بیرمه‌ 7 ساڵ له‌مه‌وبه‌رو ساڵی 2013 بارزانی باوك وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم كه‌ ئه‌و ده‌م به‌ زۆر له‌وێ‌ مابوه‌وه‌ ،پڕۆژه‌ی چاكسازی راگه‌یاند و نه‌یتوانی جێبه‌جێی كات ، له‌مه‌ودای ئه‌و 7 ساڵه‌داگه‌نده‌ڵی زیاتر بوو ، تاڵانی نه‌وت زۆر تر كرا ، روداوی ناخۆش رویاندا ، شاخ و ده‌شت و ده‌ری زیاتر ته‌لبه‌ند كراو مشه‌ خۆری زۆر تریش په‌یدا بوون، واته‌ له‌ بنه‌ڕه‌تا چاكسازیه‌ نه‌كراوه‌كه‌ ده‌ستی سته‌م و نادادی زیاتر ئاوه‌ڵا كرد .
ئێوه‌ له‌ به‌رده‌م سبه‌ینێیه‌كی ناڕووندان ، سبه‌ینێیه‌ك كه‌ داخوا چۆن ده‌بێت ، من جاری تریش وتومه‌ یه‌كجار پشت بكه‌نه‌ ماستاو چی و له‌بله‌بانه‌كان و گوێ‌ له‌وانه‌ بگرن كه‌ برینه‌كان نیشان ده‌ده‌ن ، چاكسازی پێویستی به‌ چه‌كوشه‌ نه‌ك په‌شمه‌ك ، چاكسازیش له‌ هاله‌كه‌ی ده‌ورتانه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات ، سه‌یری ئه‌و هه‌موو ته‌خشان و په‌خشانی پاره‌یه‌ بكه‌ن ، سه‌یری ئه‌و هه‌موو تاڵانیه‌ بكه‌ن .
من  پرسیار له‌ ئێوه‌ ده‌كه‌م ، قه‌ت رێكه‌وتوه‌ ئه‌و باوكه‌ بن مناڵه‌كه‌تان داوای جلی تازه‌ بكات و پاره‌تان نه‌بێت ، رێكه‌وتوه‌ ئه‌و هاوسه‌ره‌ بن هاوژینه‌كه‌تان پێویستی به‌ نه‌خۆشخانه‌ بێت و پاره‌ نه‌بێ‌ ، رێكه‌وتوه‌ ئه‌و كرێچیه‌ بن خاوه‌ن خانوو بزگوڕو كه‌ل و په‌له‌كه‌تان فڕێبداته‌ كۆڵان و ئێوه‌ش له‌ به‌رده‌م مناڵه‌كانتانا دۆش دامابن ، رێكه‌وتوه‌ حه‌ز بكه‌ن كراسێكی تازه‌ بكڕن و گیرفانتان خاڵی بێت ، ئێوه‌ ده‌زانن له‌ سه‌ر ئه‌م ده‌ریا نه‌وته‌ چه‌ندین هه‌زار كه‌سی گیرفان خاڵی هه‌یه‌ ، ئه‌وه‌ش ده‌زانن كه‌ سوپایه‌كی مافیاو چه‌ته‌ دروست بوونه‌و به‌شی هه‌موو ئه‌وانی تر ده‌خۆن ، نیشتمان پێویستی به‌ هاوسه‌نگبوونه‌وه‌یه‌ ، هه‌قیقه‌ته‌كه‌ هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ یان ده‌بێت كاره‌كه‌ ته‌واو بكه‌ن یان ده‌بێت بڵێن ناتوانین ، له‌م نێوانه‌دا رێگه‌یه‌كی تر نیه‌ .
من و هه‌زارانی وه‌كو من ئه‌م هه‌رێمه‌مان خۆش ده‌وێت ، ده‌مانه‌وێت له‌سه‌ر پێی خۆی بوه‌ستێ‌ ، ده‌مانه‌وێت هی هه‌موومان بێت ، به‌ هه‌ر شێوازێك بووبێ‌ ئێستا ئێوه‌ كاپتنی كه‌شتیه‌كه‌ن ، كه‌شتیه‌كه‌ له‌ گێژاوێكی گه‌وره‌دایه‌ ، نقوم بوون واته‌ كۆتای هه‌موو شتێك ، ئاخۆ ئێمه‌ به‌ره‌و سبه‌ینێیه‌كی باشتر ده‌ڕۆین یان به‌ره‌و نادیار ، ئه‌مه‌ لای ئێوه‌یه‌ .
یه‌كه‌مین ئه‌ركی ئێوه‌ شه‌ڕكردنه‌ بۆ ژیانێكی شایسته‌ بۆ خه‌ڵك ، ئه‌و شه‌ڕه‌ له‌ به‌غدا بێت یان هه‌ولێر نابێت گوێ‌ له‌و بوقانه‌ بگرن ، كه‌ چاره‌سه‌رێكیان پێنیه‌و رۆژه‌كان به‌ یه‌كه‌وه‌ گرێئه‌ده‌ن ، كێڕێگره‌ له‌وه‌ی هه‌نگاو بنه‌ن ، یان بیخه‌نه‌ به‌رده‌م دابین كردنی موچه‌ بۆ خه‌ڵك یان وه‌لی كه‌ن ، سه‌یرێكی شیعره‌كه‌ی شوكری فه‌زڵی بكه‌ن كه‌ بۆ شێخ مه‌حمودی نوسیوه‌ ، سه‌یری ده‌م و كاوێژی ئه‌وانه‌ مه‌كه‌ن كه‌ له‌وه‌ڕه‌كه‌یان خۆشه‌ .

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand