پشێوی ئەمەریکا دەستی یەپەگەی لە پشتە!
2020-06-09 18:41:20
هیوا سەید سەلیم
لە پەیوەندەیەکی تەلەفۆنیدا کە لە نێوانی ترەمپ و ئەردۆغان ئەنجامدراوە، ئەردۆغان بە سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت:
( ئەوەی ئێستا لە ئەمەریکا روودەدات دەستی رێکخراوی Antifa لە پشتە کە بە هەزاران کەسیان لە لایەن یەپەگە و پەکەکە مەشق پێکراوە)
بەر لەوەی شیکاری بۆ قسەکانی ئەردۆغان بکەین، وا پێویست دەکات چەند زانیاریەک لەسەر رێکخراوی ئەنتیفا بخەینەروو، ئینجا تێدەگەین ئامانجی ئەردۆغان لەو قسانەی چی بووە.
ئەنتیفا رێکخراوێکی چەپی دژ بە سەرمایەداری و راسیزمە، و ناوەکەیان کورتکراوەی Anti Fascism واتا دژ بە فاشیزم. ئەو رێکخراوە لەسەر ئاستی جیهان کاری نهێنی دەکەن و هیچ کەسێک بە ئاشکرا سەرکردایەتیان ناکات، مێژووی درووست بوونیان دیار نیە، بەڵام کەسانێک ئەو رەوتە دەگێڕنەوە بۆ سەردەمی سەرهەڵدانی نازیەکان لە جەنگی جیهانی یەکەم.
ساڵی ١٩٩٩ رێکخراوی ئەنتیفا وەک رەوتێکی ناڕازی لەبەرامبەر کارەکانی رێکخراوی بازرگانی جیهانی لە سیتاڵ رژانە سەر شەقامەکان، ئەوان بڕوایان بە کاری توندڕەوانە هەیە بەڵام نەگاتە ئاستی کوشتنی مرۆڤەکان.
بەشێکیان خۆیان بە درێژەپێدەری ئەو رەوتە دەزانن کە لە ئەورپا و ئەمەریکا دژ بە دەسەڵاتی نازیەت و فاشیەت و رەگەزپەرستی سەریهەڵدا، ئەندامەکانیان لە کاتی چالاکیەکانیان جلی ڕەش دەپۆشن و دەمووچاویان بە دەمامک دادەپۆشن.
لە ئەمەریکا دوای کوشتنی جۆرج فلۆیدی رەش پێست، لە لایەن پۆلیسێکەوە، ئەو رێکخراوە پێشەنگایەتی بزووتنەوەیەکی ناڕەزایی گەورەیان گرتە دەست، و خەریکە چالاکیەکانیان زۆربەی ویلایەتەکانی ئەمەریکا دەگرێتەوە.
هەروەها خەریکە لەسەر ئاستی ئەوروپاش بۆ دژایەتی راسیزم و پڕۆتسۆکردنی کوشتنی جۆرج فلۆید دەنگی ناڕەزایی رێکخراوەکانی دژ بە راسیزم بەرزدەبێتەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، وەک تورکێکی نەژادپەرست و هەڵگری بیروباوەڕێکی فاشیزم، بە تایبەت بەرامبەر بە نەتەوەی کورد، لەو پەیوەندیە تەلەفۆنیەی کە لەگەڵ ترمپ ئەنجامی دەدات، وای نیشان دەدات کە هەنگی لە دار دۆزیوەتەوە، دێت ئۆباڵی ئەو ناڕەزاییانەی ئەمەریکا دەخاتە ئەستۆی هەریەک لە یەپەگە و پەکەکە.
ئاخر بێ بنەما نیە کە دەوترێت ئەردۆغان تووشی فۆبیای کورد بووە، ئەگینا ترەمپ لە هەموو لایەک ئەو راستیە باشتر دەزانێت کە هۆکاری ئەوەی لە ئەمەریکا روودەدات چیە؟ بۆیە هیج پێویست ناکات ئەردۆغانی نەتەوەپەرست تەگبیر بۆ سەرۆکی ئەمەریکا بکات.
ئەردۆغان کە لەسایەی دەسەڵاتی پارتەکەی، تورکیای کردۆتە زیندانێکی گەورە، ترسی گەورەی لەوەیە کە باهۆزی دژ بە فاشیەت بگاتە ولاتەکەی، و چیتر لێی قەبووڵ نەکرێت لەسەر گوێگرتن لە گۆرانی کوردی گەنجێکی وەک باریش بکوژرێت، بۆیە ویستوویەتی وا نیشانی ترەمپ بدات کە هەردووکیان قوربانین و( YPG و PKK و ANTIFA) ش جەلادەکەن.