Draw Media

بنەماڵەی بارزانی و كەلتووری ڕق وتیرۆ و تۆڵە كردنەوە و پاكتاوكردن

 بنەماڵەی بارزانی و كەلتووری  ڕق وتیرۆ و تۆڵە كردنەوە و پاكتاوكردن

2020-06-06 19:40:32



ساڵح ژاژڵەیی
سەرەتا دەمەوێت بڵێم كە گومانی تێدا نییەو هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێت نكولی لەوە بكات كە بنەماڵەی بارزانی  ڕولێكی دیاریان لە خەباتی كوردایەتیدا هەبوە . لەسەر كوردایەتی توشی كوشتن و دەربەدەری و ڕاونان و ماڵ وێرانی زۆر بون . شێخ عەبدول سەلامی بارزانی لەسەر كوردایەتی لە شاری موسڵ لە سێدارە درا . مەلا مسەتەفا لەسەر خەباتی كوردایەتی نزیكە 12 ساڵ  ئاوارەی وڵاتی ڕوسیا بوو ، دوای ڕوخانی كۆماری مهاباد .
بنەماڵەی بارزانی سەرەتا وەكو بنەماڵەیەكی دینی دەركەوتن و دوایی تێكەڵاوی خەباتی سیاسی و كوردایەتی بون . ئەم بنەماڵەیە پەیوەندیەكانیان  لەگەڵ  عەشیرەتەكانی  دەورو بەری خۆیان باش نەبوەو لە ئاستێكی زۆر خرابدا بوو.
كێشەكانی  بنەماڵەی بارزانی  لەگەڵ عەشیرەتەكانی زیباری ، هەركی ، سورچی   شیروانی و عەشیرەتەكانی  تر لەسەر  ئەوە بوە كە ئەو عەشیرەتانە  ڕازی نەبون ملكەچی بنەماڵەی بارزانی بن و بچنە ژێردەسەڵات و هەژمونی ئەمانەوە .
ئەو شەڕو ناكۆكی و ئاژاواوە بەردەوامە لە نێوان بنەماڵەی بارزانی و دەورو  بەر  ، لە نێوان عەشیرەتەكانی تر خۆشیانیاندا  كە هەبووە   ، بەردەوام كەشێكی نا ئارامی دروست كردوە لە هەموو ناوچەی باینان .  پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكان لەسەر بنەمای خۆشەویستی و بەزەیی و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و دۆستایەتی  گەشەیان نەكردوە . بە پێچەوانەوە نەریتی  ڕق لە یەكبون و  شەڕانگێزی و پەلامار و  تیرۆر و پاكتاوكردنی یەكتری  گەشەی كردوە .
لە مەجلیس و كۆڕو كۆبونەوەو دانیشتی سەران و ئەندامانی ئەو عەشیرەتانە ، هەمو باس و خواسەكان  ئەوەبون ، چۆن بەسەر یەكتریدا زاڵبن . چۆن  لەگەڵ یەكتری شەر ِبكەن . چۆن تۆڵەی خۆیان لە یەكتری  بكەنەوە . دواجار ئەم نەریتانە بە تێپەڕبونی رۆِژگار  لەناو ناخی تاكی ئەو كۆمەڵگایەدا گەشەو چەكەرەی كردوەو ڕق و كێنەو تیرۆ و تۆَلەكردنەوەو پاكتاوكردنی یەكتری  جیگەی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی گرتۆتەوەو  بۆتە كەلتوری نێوانیان .
  دیاردەی  ڕق و تۆڵەكردنەوەو تیرۆر و پاكتاوكردن  كە لە لایەن بنەماڵەی بارزانی پەیڕەو دەكرا ، تەنها بەرامبەر بە عەشیرەتە نەیارەكانیان نەبوو  ، بەڵكو لەناو عەشیرەتەكەی  خۆشیاندا  نەریت بوە . ئەگەر سەرنجی ئەم نمونای خوارەوە بدەن زۆر ڕاستی گرنگتان بۆ دەردەكەوێت :
1-  لە ساڵی 1927 مەلا عەبدول ڕەحمان ناوێك  لەناو بنەماڵەی بارزانیەكان  دەر دەكەوێت وەكو ڕكبەری شێخ ئەحمەد و مەلا مستەفا . بەڵام دوایی بە پێی  پلانێكی بەرنامە داڕێژراو لەناوی دەبەن .
2-  لە كتێبی  بارزان و ڕەچەڵەكی  بارزانیان  لە نوسینی  مام خان شیروانی هاتوەو دەڵێت : لە سەرەتای  حەفتاكاندا   مام جوج  كە  خاڵی مەلا مستەفا دەبێت  دەبێتە كەسێكی دیاری ناو بنەماڵەی بارزانی و پی َدەچێت كاری  بۆ ئەوە كردبێت كە ببێـتە جێگرەوەی  مەلا مستەف ،  دواجار مەلا مستەفا پلانی بۆ داناوەو لە ناوی بردوە .
3-جەمیل كوڕی حەمەد ئاغای مێرگە سووری  سەر بە عەشیرەتی شیروانی و لە هەمان كاتیشدا خزمی مەلا مستەفا بووە ،  داوای كچی مەلا مستەفای كردوە ، وەڵامەكەیان ئەوە بووە ، كوشتویانە .
دوای كوشتنەكەی فاخیر مێرگەسووری برای و براكانی و باوكیان بكوژەكە دەدۆزنەوەو  ئەوانیش لە خوێنی براكەیان دەیكوژنەوە .  دوای ئەوە بە فەرمانی مەلا مستەفا  حەمەد ئاغاو كوڕەكانی كە فاخیر و سەعید و جەوهەر بون  دەگێرین و دەخرێنە سجنی ڕایاتەوە .
 لە كاتێكدا كە شۆڕش ئاشبەتاڵ دەكات . نزیكەی 120 هەزار پێشمەرگە چەك دادەنین و تەسلیم بە ڕژێم دەبنەوە ، یان ڕو لە ئێران دەكەن ، لەوكاتە كارەسات بارەدا ،  بە فەرمانی بنەماڵەی بارزانی  هەر چواریان بە یەكەوە گوللە باران دەكەن .
4- خورشیدیەكان  تیرەیەكن   لە عەشیرەت و بنەماڵەی بارزانی ، وەكو چۆن لەناو عەشیرەتی جافدا چەندین بنەماڵەو تیرەی تریش هەن .  شێخ ئەحمەد ویستویەتی كەسێك لە خورشیدیەكان بكاتە جێ نشینی خۆی ، نەك مەلا مستەفا .  
 بەڵام تا شێخ ئەحمەد تا لە ژیاندا بوە ، نەوێراوە  بڕیاری ئەوەبدات و یەك لایی بكاتەوە ،چونكەپێی وابوە مەلا مستەفا  بەو بڕیارە ڕازی نابێـت و كێشە بۆ بنەماڵەكەیان دروست دەبێت .
 بۆیە هەمیشە بە چاوێكی جیاوازەوە سەیری  خورشیدیەكانیان دەكرد . كاتێك بنەماڵەی بارزانی  لە ڕێگای كوردایەتی و پێشمەرگایەتییەوە  بونە خاوەن دەسەڵات و هێزی یەكەم ،  لەناو شۆڕشیشدا بە هەمان عەقڵیەتی ڕابوردوی سەردەمی عەشائیرییان بەرامبەر نەیارە سیاسیەكانیان مامەلەیان كردوە
   بۆ ئەوەی  هەمیشە خۆیان خاوەن دەسەڵات و بڕیاربن ، پەنایان بۆ هەموو شتێك دەبرد ، خیانەتكردن ، تیرۆركردنی نەیارەكانیان ، پاكتاوكردنی هەموو ئەوانەی دەینە ڕێگر لەبەردەمیان . تیرۆركردنی  تێكۆشەرانی پارچەكانی تری كوردستان و ڕادەستكردنەوەیان  بە ئێران و توركیا .  سەرنجی ئەم نمونانە بدەن:
1-  لە كاتی شەڕی جەلالی ومەلاییدا  حاجی برایمی چەرمەگا  دوو بەرزانی بە ناوەكانی  ملكۆ و سیامەند  و عومەر شەریف خەڵكی كەركوكی  كوشتن ، بە بەهانەی  ئەوەی گوایە مەلاییەكان ئیسماعیل عوزیری شاعیریان شەهید كردوە  كە سەر بە عەشیرەتی حاجی برایم بووە .
 دوای بەیانی 11 ی ئازاری 1970 و دروست بونی جۆرێك لە ئارامی  لە هەرێمی كوردستان ، مەلا مستەفا  دەنێرێت  بە شوێن  هەندێك  لە پیاو ماقوڵانی  عەشیرەتی  حاجی برایمی چەرمەگا سەردانی بكەن .
 هەموان وای بۆ دەچون  كە مەلا مستەفا وەكو سەركردەیەكی كورد لە پێناو ساڕێژكردنی برینەكانی  ڕابوردو لێیان خۆشبیت  لە سەر كوشتنی ملكۆ و سیامەندو عومەر شەریف  و ئاو بە ئاگردا بكات ، كاتێك دەكەونە ڕێگا  لە چەرمەگاوە  بۆلای مەلا مستەفا ، لە نێوان خەلەكان و كانی وەتمان بۆسەیەكیان  بۆ دادەنێـت و  هەمویان دەكوژێت .
دەتوانی لێرەوە خوێندنەوە بۆ عەقَلیەتی  بنەماڵەی بارزانی  بكەی . نەوەكانیشی لەسەر هەمان ڕێچكەی ئەو بەردەوامن . دوای مردنی مەلا مستەفا مەسعود بارزانی  بوو بە خاوەنی دەسەڵات و بڕیار .
 ئەویش لەسەر هەمان ڕێچكەی مەلا مستەفای باوكی بەردەوامە . دیاردەی ڕق وتیرۆر و  تۆڵەكردنەوەو پاكتاوكردن لە بەرامبەر عەشیرەتەكان  گوازرایەوە بۆ پاكتاوكردن و لەناو بردنی  نەیارە حیزبییەكان ، چ لەناو حیزبەكەی خۆی  یان  چ لەناو حیزبە ڕكەرەرەكانی  .
محێدین ڕەحیم  برای هەڤاڵ جوجەڵە ، یەكێك بوو لە سەركردەكانی پارتی  ئێوارە ڕەخنەیەكی لە پارتی گرت ، بۆ بەیانی كوشتیان . كوشتنی فەرەیدون جوانڕۆیی و مردنی جەوهەر نامیق و فەلكەدین كاكەیی و جەرگیس  فتح اللە  جێگای گومانن .  كوشتنی سەردەشت عوسمان و  سۆرانی مامە حەمەو دەیان  ڕۆژنامەنوسی تر گومانی تێدا ، بە بەر نامەی بنەماڵەی بارزانی ئەنجامدراون .
باشترین نمونە ئەوەبوو كە نیهاد بارزانی كوڕی مەلا مستەفا ، عەلی عەبدولڵای دایە بەرشەق و حەسیر مەیدانی كرد ، لەسەرئەوەی ئامۆژگاری  نیهادی كردووە.  بە مەرجێ‌ لەو كاتدا جێگری مەسعود  بارزانی بوو . دوایی هەر دەریان كرد و بۆ كۆنگرەی 13پارتیش دەعوەتیان نەكرد.
مەسعود بارزانی مامجەلال و نەوشیروان مستەفای  نەیاری یەكتری بون . بەڵام قەدەر وای هێناو مەسعود بارزانی وەكو تاكە سواری مەیدان مایەوە .  ئێمە زوربەمان پێمان وابوو  لە كاتی مردنەكەیان  بەشداری پرسەكەیان  دەكات و  چەند ڕۆژێكیش لە سلێمانی دەمێنێتەوە . لاپەڕەیەكی سپی دەكاتەوە ، هەوڵی ڕیكخستنەوەی ناوماڵی كورد دەدات .
ڕابوردوو دەخاتە پشتی سەریەوەو  بەدەست هێنانی ئارامی  و خۆش گوزەرانی  بۆ ئایندەی ئەم میللەتە دەكاتە ئەوەلیاتی كارەكانی . وەكو باوكێكی میهرەبان  ڕەفتار دەكات.  بەڵام بەداخەوە بۆچونەكانی هاوڵاتیان لەو بارەیەوە  تەواو پێچەوانە دەرچوو .
 سەیركەن  بڕیاری  دادگا بۆ گرتنی  كاك نووشیروان بە مادەی  تیرۆر  دوای  3 ساڵ لە مردنیشی  تا ئێستا  هەڵ نەوەشێنراوەتەوە . ڕاستە ئێستا لەژیاندا نەماوە . بەڵام  مەلەفەكەی  لە دادگا ماوە. واتە وەكو كەسێكی تیرۆریست  مردوە .  دەبوایە لەبەر خاتری  ڕابوردوی خۆیی و خانەوادەكەی ، مەلەفەكەی لە دادگا داخەن و داوای لێبوردنیش بكەن . لە لایەكی تریشەوە دەبوو سەركردایەتی   گوڕان ئەوە بكەنە مەرجی بەشداریكردنی حكومەت ، نەك لە تاوی وەرگرتنی پۆستدا ، ئەوە لە یاد بكەن و باسی نەكەن .  
یەكێتی كۆنگرەی بەستوەو سەركردایەتی نوێ ی هەڵبژاردوە ، بەڵام جەنابی سەرۆك  لە ئەنجامەكانی ناڕازییە  . دەڵی ئیعتیراف بەم سەركردایەتییە ناكەم . ئاخر بۆچی و پەیوەندی بە تۆوە چییە ؟.   
چاوەڕوان بویت  كۆیلەكانی سەر بەخۆت  ببنە خاوەن دەسەڵات ؟  لە ڕاستیدا ئەمە گەوترین تەعدایە بەرامبەر بە یەكێتی . واتە مەسعود بارزانی دەیەوێت كەسانێك ببنە سەركردەی یەكێتی كە سەربەخۆی بن .   
سەیر لەوەدایە مەسعود بارزانی كوڕەكەشی  بە هەمان نەفەس و  لەسەر هەمان  ڕێچكەی خۆی پەروەردە كردوە .  مەسرو بارزانی  شارەزایەكی باشە لە بواری هەواڵ گری  و چاوی  لەناو ئەو بوارەدەا  پشكوتووە .
چەندین ساڵ سەرۆكی  ئاژانسی  بەناو پاراستنی هەرێم ، بەڵام ئاژانسی  پاراستنی  بنەماڵە بووە . بەرپرسی تیروری نەیارەكانی  بنەماڵە بووە . لە ڕێگای  تۆڕی فراوانی دەزای پاراستنەوە ، ئەوەی مرۆڤایەتی پێی ناخۆش بووە كردویەتی بەرامبەر نەیارەكانی بنەماڵەكەیان.   ئەو حكومەتەی لە ئێستادا ئەو سەروكایەتی حكومەتێكە بەمانای وشە پۆلیسییە ؟ .
 نە حساب بۆ پەڕلەمان و نە بۆ وەزیر دەكات .  لەبەر ئەوە  لە ژێرسێبەری حوكمڕانی ئەم پیاوەدا  بە هایەك بۆ مرۆڤ بون  نامێنێتەوە ,  گەورەترین كێشەو  معاناتی مەسعود بارزانی لە ئێستادا ئەوەیە چۆن دەسەڵاتی بنەماڵەكەیان بۆ مەسروری كوڕی یەكلایی بكاتەوە .
 كێشەی ئەو لە ئێستادا نیچیرە . لە لایەك برازاو لە لایەكی تر زاواو  لە هەمان كاتیشدا ڕوڵی گرینكی هەیەو تاكە ڕكەبەری مەسروری كوڕیەتی .  ئێستا مەسرور بارزانی  خەریكی  دوور خستنەوەی  لایەنگرانی  نێچیرە  لە دام و دەزگای حیزبی و حكومیدا . لە كۆنگرەی داهاتوی پارتیشدا ، كە زۆر چارەنوس سازە ، ئەوە یەكلا دەكرێتەوە ، كێ‌ دەبێتە كەسی یەكەمی ناو بنەماڵە  دوای مەسعود بارزانی .
ئەوەی كە پێویستە هەموان بیزانن ئەوەیە :  هەركەسێك لە هەر پلەوپایەو  پۆستێكی حیزبی یان حكومیدابێت و سەر بە پارتی بێت  ، تەنها فەرمان بەرێكەو فەرمان جی بەجی دەكات .
واتە لە غەیری كەسانی سەر بە بنەماڵەی بارزانی هیچ كەسێك  خاوەنی بڕیار نییە. هەر قسەكیش بكات و بەدڵی بنەماڵە نەبێت ، وەكو عەلی عەبدولڵا كە جێگری مەسعود بارزانی بوو ، حەسیر مەیدان دەكرێت .
كەواتە كەس چاوەڕوانی ئەوە نەكات ، تا ئەمانە خاوەنی دەسەڵات بن ، بارودۆخ باشتر ببێت .  چونكە ئەمانە بە هەمان عەقڵیەتی عەشائیری  سەدەیەك پێش ئێستا  بیر دەكەنەوە .  هاوڵاتی خۆشەویست ، خوێنەری بەڕێز: سەرنج بدەن كاتێك  ڕق و تیڕۆر و پاكتاو كردن و خیانەت ، جێگەی  بەزەیی و خەمی هاوڵاتی و  ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و  خۆشەویستی بۆ نیشتمانی دەگرێتەوە  ، هیچ بەهایەك  بۆ مرۆڤایەتی و ژیان نامێنێـەوە.
 كاتێك ڕق و كینەو حەزی تۆَلەكردنەوەو  كوشتن و ڕاوەدونان ، گەیشتە لوتكە ، بەهایەكیش بۆ مرۆڤ بون نامێنێتەوە.  ئەوكاتە ڕق وەك بەرد ڕەق دەبێـت .  چونكە مرۆڤ لەو كاتەدا سۆز و بەزەیی نامێنێت و هەموو بەهاكانی مرۆڤایەتی لە خۆی دادەماڵێت بۆ ئەوەی بگات بە لوتكەی حەزو خەوەكانی .
ئەگەر بە وردی سەیری دەم و چاوی ئەم سەركردانە بكەی  هەست دەكەی قۆناغی ڕق بونیان تێپەڕاندوەو خۆیان بۆن  بە ڕق . ئاخر سەركردەیەك پێكەنینی نەیەت، بۆ تەنها جارێكیش بزەیەكیش بەسەر لێویەوە بەدی نەكرێت  و بەدرۆش نەتوانێت پێ بكەنی َ،  ئەو كات تەنها ڕق و ڕقبونەوە  لە سیمایدا بەدی دەكرێت  و ڕێك دەبنە ڕقێكی تەواو .  
كۆتایی بە نوسینەكەم دێنم و چەند دێڕێك لە نوسینەكەی پێشوم وەبیری ئێوەی ئازیز دینمەوە بۆ زیاتر تێگەیشتن . مەسعو بارزانی ڕیفراندۆمی  ئەنجامدا بێ ئەوەی حساب بۆ هیچ كەس و لایەنێك بكات .
هەر لە سەرەتاشەوە پێش بینی  ئەنجامە خراپەكانی ڕیفراندۆم   كرابوو . ئاگاداریشیان كردەوە .  بەڵام ئەو بە ڕاشكاوی وتی  : حساب بۆ كەس ناكەم و هەرچی ڕوبدات من بەرپرسیارم .
لە ئەنجامدا نیوەی خاكی كوردستان لە دەست درا . ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتی كورد  دەربەدەرو ئاوارە  و شەهید بون . كەركوكمان لە دەست دا. هێزی پێشمەرگە لە ناوچە كێشە لەسەرەكان ، كشایەوە .
 ئێستا  هاوڵاتی كورد دەكوژن . دەغڵ  و دانیان دەسوتێنن . لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەریان دەكەن . سوكایەتیان پێ دەكەن . دەغڵ و دانەكانیان لێ وەرناگرن هەر لەبەر ئەوەی كوردن .  
 دەستدرێژی  ناموس دەكرێتە سەر ئافرەتی كورد . بەڕێزینە لەمە خرابتر هیچی تر هەیە باسی بكەین . خۆ ئەوەشتان لە بیرە كە مەسعود بارزانی دەیفەرموو هەرچی ڕوبدات من بەرپرسیارم .
ئێستا با بزانین چی دەكات ؟ ئەگەر سۆزو عاتیفەو بەزەی هەیە ، كەی دەجوڵێت ؟ ئەگەر  هەستی نیشتمان پەروەری هەیە ، ئەوەتا بە بەر چاویەوە نیشتمان دەسوتێت  و گڕی تێەبەربوە  كەی ڕقی هەڵدەسێت ؟ ئاخر ڕق بۆ ئەم كاتە باشە هەستێت و تۆڵەی میللەتەكەت بكەیتەوە ، نەك ڕقت هەستیت و میللەتی پی َلەناوبەریت ، وەكو لەناوت برد.  .
هیچ شتێك لە تەعدای شەرەف  قورستر نییە   لای كورد . ئەوەتا بە هۆی بڕیارە خراپەكانی  سەرۆكەوە  ، ئافرەتی كورد دەگێن ، ئاخر چی لەوە خرابتر هەیە ؟. جەنابی سەرۆك  بە هۆش خۆت  وەرەوەو كاتی ئەوەیە ڕقت بەرامبەر دوژمن هەستێت و  لە بەرامبەردا  ئەو ڕقە  لە خۆت داماڵە كە بەرامبەر میللەتەكەت هەتە  باهیچی تر میللەت  بە هۆی بڕیارەكانی تۆوە  سەرگەردان نەبێت . نیشتمان نەسوتێت .  ئەگەر  من لە شوێنی سەرۆك بومایە ، ئێستا خۆم كوشتبو  یان   خۆم دەشاردەوە بۆ ئەوەی كەس نەمبینێت .
سەیركەن : سەرەڕای هەموو ئەم كارەساتەی بەسەر ئەم میللەتەی هێناوەو ئەوەتا خەڵك كەوتۆتە سواڵ . ڕق بە جۆرێك بەسەریدا زاڵ بوە ، هەموو ئەوانەی قبوڵە ، بەڵام تا ئەم كاتە ڕازی نییە پارێزگاری كەركوك كوردبێت  لەسەر پشكی یەكێتی ، بە مەرجێك حكومەتی بەغدا ڕازییە .
باشە جەناب تۆ ڕیفراندۆمت  نەكرد لەبەر  خاتری گەڕانەوەی كەركوك؟. ئەگەر ڕقیشت لە یەكێتییە  ، ئەی كەركوكیەكان بۆچی . ئەی پارتییە كەركوكیەكان بۆ ئاوارە ببن ؟ سەیركەن جەنابی محمد خورشید بەرپرسی لقی 3/ی پارتی دەڵێت : پارێزگاری كەركوك  پیلانی هەیە بۆ تەعریب كردنی كەركوك .
 منیش پێی دەڵێم هەی كۆیلەی ماستاوچی ، تازە زانیوتە كەركوك  تەعریب دەكرێت ؟ پێت وایە پارێزگار بۆ نویژكردن  هاتۆتە كەركوك .
 ئەی كۆیلە بۆچی ناچی لە ئاغاكەت بپرسی  و پێی بڵێی : تا نەوتی  كەركوكتان تاڵان دەكرد ، كەركوك دڵی ئێوە بوو  . تا لە بری فرۆشتنی كەركوك 400 ملیۆن دۆلارتان  وەكو بەرتیل وەرگرت ،  گیانی ئێوەبوو .
ئەی بۆچی ئێستا بەرگری لە كەركوك ناكەی . لانی كەم ڕێگا  بدە  پارێزگاری كەركوك كوردبێت ، لە پشكی هەر حیزبیك بێت ، باشترە لە پارێزگارێكی عەرەب.  تۆ بە خۆت زانیوە چەند گەمژەی ؟ ئەگەر گەمژە نەبویتایە پارتی نەدەبوی .  ئاخر كۆیلەو چەپڵە لێدەری وەكو ئێوە  لە پشت  سەرۆكەوەن ، بۆیە  حاڵی میللەت ئاوایە .
 ئەوەی ئێستا بەسەر كورد دێت لە كەركوك ، ئەنجامی ڕیفراندۆم بوو .  چیتر  فرمێسك  بەدرۆ  بۆ كەركوك هەڵ مەڕێژن چونكە تا كەسانی كۆیلەی وەكو ئێوەی جاهیل  لە دەوری سەرۆكبن ، دەبێ  چاوەڕوانی  بڕیاری زۆر خرابتریش لە جەنابی سەرۆك بكەین .
 

 
 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand