Draw Media

مەریوان وریا قانع کە وەک کورد پەلاماردرایت پێویستە وەک کود بەرگریی لەخۆت بکەیت. لە چاوپێکەوتنێکدا لە ساڵی ١٩٦٤، ژنە فەیلەسوفی ئەڵمانیی ئەمریکیی ھانا ئارێنت سەبارەت بە ھێرشکردنە سەر جولەکە وەک جولەکە دەڵێت: ”ئەگەر کەسێک وەک جولەکە ھێرشی کرایەسەر پێویستە ئەو کەسە وەک جولەکە بەرگریی لەخۆی بکەیت، نەک وەک ئەڵمانییەک، نەک وەک ھاوڵاتییەکی جیھانیی،. نەک وەک ھەڵگری مافەکانی مرۆڤ، یاخود ھەر شتێکی تر“. ھەروەھا دەنووسێت ”کەسێک وەک جولەکە ھێرشی بکرێتەسەر ناتوانێت وەک ئینگلیزێک یان فەرەنسییەک بەرگریی لەخۆی بکات“. ئەوەی ھانا ئارێنت لێرەدا پێی لەسەر دادەگرێت بەرگریکردنی مۆڤە لە خۆی وەک مرۆڤێکی کۆنکریتیی ناو ژینگەیەکی کۆنکریت بە بوونێکی کۆنکریتەوە. وەک کەسێک ھەڵگری شوناسێکی تایبەت، وەک فۆرمێک لە ئینسانبوون خاوەنی تایبەتمەندێتی خۆی. بەرگیرکردن لە مرۆڤایەتی ئەبستراکت، لە مرۆڤ بە مانا موجەرەدەکەی، ناتوانێت ئەو فۆرمانەی ژیان و ئەو فۆرمانەی شوناس بپارێزێت کە ھەڵگری خەسڵەتی تایبەتن و ئەو خەسڵەتەش وایان لێدەکات پەلامار بدرێن. لەو دیدەی سەرەوەدا ھانا ئارێنت ڕەخنە لەو دیدە مرۆڤدۆست، ھیومانیستییە، موجەرەدە دەگرێت کە بە ئەزموون دەرکەوتوە ناتوانێت فریای ئەوانە بکەوێت کە لەبەر فۆرمێکی تایبەتی شوناس و فۆرمێکی تایبەتی مرۆڤبوونیان، پەلامارئەدرێن. ھەروەھا بەرگریی لەوەش دەکات کە نابێت مرۆڤ تەسلیم بە خواست و فشار و پەلاماریی ئەو سیستمە باڵادەستانەبیت، کە کەسەکانیان بەو شێوەیە قبووڵ نییە کە ھەن و کە دەیانەوێت ھەبن. کەسێک وەک ڕەشپێست ھێرشی بکرێت سەر پێویستە وەک ڕەشپێست بەگریی لەخۆی بکات، کەسێک وەک ژن ھێرشی بکرێتەسەر پێیستە وەک ژن بەرگریی لەخۆی بکات، کەسێکیش وەک مەسیحیی یان موسڵمان یان عەلمانی یان بێدین، ھێرشی بکرێتەسەر پێویستە وەک مەسیحی وەک موسڵمان وەک عەلمانیی و وەک بێدین بەرگریی لەخۆی بکات. ژیانی ئینسانەکان لە جیھاندا ژیانێکی فرەڕەنگ و پلورالە، ئەوەی پێویستە ئەنجامبدرێت پاراستنی ئەم پلوارلبوون و فرەڕەنگییەیە نەک سەپاندنی ئەم یان ئەو فۆرمی مرۆڤبوون بەسەر ئەوانیتریاندا. بەرگریی ڕاستەقینەی کەسێک، کۆمەڵەیەک، میلەتێک ئەوەیە بەرگریەک بێت بەناوی ئەو کەس و کۆمەڵە و میلەتەوە. ئێستا لەبەردەمی ھێرشی سوپای تورکیادا بۆسەر کوردانی باکور و ھاتنی ئەم سوپایە بۆ ھەرێم، بەرگریی ڕاستەقینە بەرگرییە بەناوی کوردبوونەوە، بەناوی شوناسێکەوە کە بە میلەتێکی چەند ملیۆنی بوونێکی تایبەت و پێگەیەکەی تایبەت لەناو جیھانی ئەمڕۆدا دەبەخشێت. تورکیا کە توانای قبووڵکرنی ھیچ فۆرمێکی کوردبوونی نییە، مەگەر ئەو فۆرمانە نەبێت کە خۆی بەسەریدا دەسەپێنێت، بەرگریکردن بەناوی کوردبوونەوە فۆرمی سەرەکیی و ڕاستەقینەی بەرگرییکردنە. کە وەک کورد پەلاماردرایت پێویستە وەک کود بەرگریی لەخۆت بکەیت.


ئەرشەد شوانی لەدیاریکردن و لێدانی پەکەکە، تورکیا هێزی کۆماندۆی بۆ هێرشی زەمینی بۆ سەر پەکەکە ناردووە. دەزگای هەواڵگری میللی(MIT). لەرێگای، هاکان فیدان و سێ جێگری و هەشت هەزار کارمەند بەم پێکهاتەییە دەستی بە بەهێرشکردنە سەر کورد کردووە، ۱. بەرێوەبەڕایەتی پشکنین. ۲. بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و هەماهەنگییە گشتییەکان. ۳.  بەرێوەبەراتی ناوەندی مەشقپێدانی میت. ٤. یەکەی لێکۆلینەوەی ستراتیجی. ٥. دەزگای راویژکاڕی یاسایی. ٦. یەکەی خزمەتگوزاری دارایی. ۷. دەزگای راویژکاری راگەیاندن و پەیوەندنییە گشتیەکان. ئەرکی سێ جێگری فیدان لەسەر سێ بواری جیاوازە. یەکەم.. ئیداری دووەم. هەواڵگری تەکنیکی سێیەم. هەواڵگری. گەورەترین و گرینگترین کارەکانی میت بە دریژایی میژووی 93 ساڵی دروست بوونی بەناوی MAH بۆ ناوی MIT. دامرکاندنەوەی شۆرشی شیخ سەعیدی پیران و راپەرینی ئاگری سالی 1928 شۆرشی دەرسیم  ساڵی1936. دەوڵەتی تورکیا و میت بەردەوام PKK وەک هەڕەشەی جدی بۆ سەر خۆی و ئاسایشی نەتەوەیی سەیر دەکات، بۆیە بەردەوام هێرشی دەکاتە سەری و دژایەتی دەکات لە هەر شوێنکی دونیا بن. لەماوەی ساڵانی هەشتایەکاندا لە چالاکی یەکەمدا ویسترا ئۆجەلان کە رێبەرایەتی پەکەکە ی دەکرد لەڕێگەی پرۆسەیەکی هاوسەرگێری لەگەڵ ژنێکی کورد بە ناوی (کەسیرە) کۆنترۆڵ بکرێت. بەلام دوای چەند سالێک ئۆجەلان لەم ئافرەتە جیا دەبێتەوە، کە عبداللە ئۆجەلانن ئەم هاوسەرگێریە بە شەڕی هاوسەریەتی ناو دەبات، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە دەزگای میت گەیشتۆتە ناو هەموو شوێنێکی هەستیاری پەکەکە. دەستگیرکردنی، ئوجەلان لە ساڵی 1999 لە وڵاتی کینیا، کە ئیستا زیندانی هەتا هەتایی لە زیندانی ئیمراڵ، ی لە دورگەیەک لەنێو دەریایی مەرمەرە، کە پێشتر یەلماز گۆنیی تیدا زیندانی کرابوو. ئەم دەزگایە لە رێگایی، هاکان فیدان لەگەڵ عبداللە ئوجەلان لە ساڵی 2013 رێکەوتنی ئاشتی یان واژوو کرد. هەرچەند لەگەڵ هەبوونی ئەم دەزگایەش لە تورکیا، بەڵام لە ساڵانی (1960 و 1971و 1980 و 1997) کودەتایی سەربازی لە تورکیا ئەنجامدراوە، بەڵام ئەم دەزگایە روڵێکی گرینکی بینی بۆ سەرکەوتنی، ئەردۆغان بەسەر کودەتاکەی، 15ی تەمموزی 2016. بەپێ ی هەواڵەکانی  PKK کە 81 شوێن کراوەتە ئامانج بە 26 فرۆکە لە جۆری پێشکەوتووترین فرۆکەی جەنگی ئەم سەردەمە f16،؟جگە لە بوونی سێ بریندار لەشنگال،  گیان لەدەستدانی دوو گەریلای هەپەگە زیانی دیكەی نەبووە. ئەمە دەرخەری شکستی میتی تورکیایە لە باشووری کوردستان. ئیستا  300 کۆماندۆی تورکیا بە قووڵی 4 کیلۆمەتر هاتوون، بۆ ناوچەی باتیفا و حەفت تەنین، لە سنووری زاخۆ بۆ لێدان لە PKK لەم ناوچەیە. تێبینی.. بەفەرمی بەپێ ی دەستووری ساڵی 1924 ئاماژە بەوەکراوە هەر کەسێ لە نێو سنووری کۆماری تورکیادا بژیت ئەوە (توركە). ئەمەش  لەکاتێکدایە کە چەند نەتەوەیەکی جیاواز لە نێو سنووری تورکیا بوونیان هەیە، بە تایبەتی کورد لە باکووری کوردستان نزیکەی 22 ملیۆن کەسن،  ئەمەش هۆکاری سەرەکی یە کورد بەردەوام لە خەباتی سیاسی و سەربازی بێت دژی دەوڵەتی تورکیا. ئەوانیش بەردەوام هەوڵی سەرکووتکردن و لە ناوبردنیان دەدەن.


پەیكار عوسمان سیاسەت خۆی، بەڕێوەبردنی ژیانی گشتییە. بەڵام سیاسەتی ئێمە، تێکدانی دەروونی گشتییە! "ژیانی گشتی" ئەکاتە دەرەوەی ئێمەو "دەروونی گشتی" ئەکاتە ناوەوەی ئێمە. کاری سیاسەت لە دەرەوەیەو بۆ ئەوەیە کە فەزای دەرەوە بە باشی ڕێکبخاو ئەوەش ناڕاستەوخۆ ئارامییەکی دەروونی بداتەوە بە ناوەوەی هاوڵاتی. بەڵام سیاسەتی ئێمە، دوای ئەوەی لە ئیدارەدانی مەلەفی دەرەوەدا فەشەلی هێناو تەواوی فەزای دەرەوەی فاسدو کاولکرد. ئێستا بەتەواوی وازی لە دەرەوە هێناوەوە شەڕەکەی هێناوەتە ناو دەروونی ئێمەوە! موجەڕەد فەشەلەکەی دەرەوە، کاریگەری خراپی لەسەر دەروونی ئێمە داناوەو گرژیکردوە. کەچی حیزبی کوردی بەوەش وازت لێناهێنێ و ئەمجارە ڕاستەوخۆ دێتە ناو دەروونتەوەو ئەیکا بە ئاودەسی هەڵڕشتنی پاشەڕۆکانی! تۆ سەیرکە هەموو شتێك خراپە، کەچی دنیایەك قەناتی کوالیتی بەرزت هەیە! هەموو شتێك خراپە، کەچی دنیایەك سایت و دەزگای ڕاگەیاندنی تێرو پڕت هەیە! هەموو شتێك خراپە، کەچی دنیایەك پەیجی حیزبی و موخابەراتی و سێبەرت هەیە! تۆ سەیرکە لە گەرمەی قەیرانی کۆرۆنادا، پارە تەنانەت بۆ کەرتی تەندروستیش نیە، کەچی بۆ دنیایەك ڕاگەیاندنکارو سایتەوان و پەیجەوان هەیەو هەڵڕژاوە! هەموو ئەمانەش، کاریان هەر ئەوەیە کە دەروونمان بکەن بە حاویەو هاوتای بکەنەوە لەگەڵ زبڵدانەکەی دەرەوە! سیاسەتی ڕاستەقینە، کە ئیشەکەی چاککردنی دەرەوەیە، ئەگەر ڕەبتێکی بە ناوەوەی ئێمەوە هەبێت، لەگەڵ عەقڵ و هۆشیاری و ویژدانی ئێمەدایە. چونکە ئەمانە نوێنەرایەتی چاکبوونی ناوەکی ئێمە ئەکەن و سیاستیش نوێنەرایەتی چاکبوونی دەرەکیی ئێمە ئەکاو لێرەدا چاکبوونی دەرەکی و ناوەکی یەکانگیرئەبنەوە، کە ئەوەش دۆخە دروستەکەیە. بەڵام سیاسەتی موزەییەف، کە ئیشەکەی خراپکردنی دەرەوەیە، هەر بەوە ناوەستێ و دێ دەروون و ناوەوەی ئێمەش خراپئەکا. چونکە عەقڵ و ویژدان و چاکەی ناوەکیی ئێمە، ئەو خراپەکارییەی دەرەوە قبوڵناکاو ڕوبەڕوی ئەبێتەوە. جا بۆئەوەی ئەم ڕوبەڕوبوونەوەیە ڕوونەدا، ئەبێ ناوەوەش خراپبکرێ و ئەمجارە خراپەی ناوەکی و دەرەکی یەکانگیر ببنەوە! کە ئەوەش دۆخە هەرە خراپەکەیەو دۆخەکەی ئێمەش بەداخەوە لەو جۆرەیە. بۆئەوەی دەروونی ئینسان خراپبکرێ و عەقڵ و ویژدان و چاکبوونە ناوەکییەکەی پەکبخرێ. گیرۆدەی ڕقی بکەو بەردەوام ڕقی بەرێ. گیرۆدەی عاتیفەسازیی بکەو بەردەوام کەشی عاتفی و حەماسی بۆ دروستبکە. گیرۆدەی درۆی بکەو بەردەوام وەهم و فەیك و درۆی بۆ دابتاشە. گیرۆدەی نائارامیی بکەو بەردەوام فەوزای بۆ دروسکە. گیرۆدەی شەڕی بکەو مەیەڵە بێ شەڕبێت، نەوەك لە بێ شەڕیدا بواری بیرکردنەوەی بۆ بڕەخسێ. برسی بکە، بۆئەوەی لە گەدەیا سجنیکەیت و نەیەڵیت سەرکەوێ بۆ لای عەقڵ. پۆرنۆگەرایی پەرە پێبدە بۆ ئەوەی ئینسان بچێتە خوار گەدەو زیاتر لە سەر دوورکەوێتەوە. لە هەمووشی خراپتر، دەس بۆ مادەی هۆشبەریش شلکە، با ئەویش بێت وقوڕەکە خەستتربکاتەوە! بەمجۆرە تاك و کۆمەڵگا، لە عەقڵ و ویژدان و ئیرادەو ئەخلاق و ئازادی و ڕاستی داماڵەو دەروونی بکە بە زبڵدانێك، کە لەگەڵ زبڵدانەکەی دەرەوەیدا، مەنجەڵ و سەرقاپی یەكبن و سیاسەتی موزەییەفیش هیچ کێشەو لەمپەرێکی لەبەردەم نەمێنێت! یەعنی کە دەرەوە فاسدو خراپبوو، تاکە هیوا، ئەوەیە کە وزەی چاکبوونی ناوەکیی بەگەڕبخەین، بۆئەوەی چاکەی ناوەوەمان بێتە دەرەوەو خراپەی دەرەوەش چاکبکاتەوە. بەڵام بەدبەختی و دێزیی ئێمە لەوەدایە کە، دوای کاولکردنی دەرەوە، ئێستا ڕێك خەریکی کاولکردنی دەروون و ناوەوەشین و خەریکین تاکە هیواکە بکوژین، کە ئەوە ڕێك ئینتیحاری دەستەجەمعییە! سیاسەتی ئێمە کە لە جۆری موزەییەفە، کاری دەرەوەی لێبۆتەوەو هیچ نەما خراپی نەکا. ئێستا بەتەواوی یەکلابۆتەوە بۆ خراپکردنی ناوەوەی ئێمەیە، لەڕێگای شەڕی دەروونی و هەواڵی فەیك و ناوزڕاندن و ڕقڕشتن و جنێویزمەوە! چۆن لەکاتی شەڕەتەقەدا پارەی فیشەکەکانیان لە سەر حسابی ئێمەیە، لەکاتی شەڕەجنێویشدا، پارەی جنێوەکان هەر ئێمە ئەیدەین و پەیجەوان و ڕۆژنامەچی و جنێوفرۆشەکانیان بە پارەی گشتی ئەژیێنن! ئێمە گەیشتوینەتە دۆخێك، کە دوو ڕێگامان لەبەردەمە. یان چاککردن، یان بەربوونە یەکتر بۆ خۆدزینەوە لە چاککردن! حیزب و دەسەڵاتی ئێمەش، هەمیشە ڕێگای دووەم هەڵئەبژێرێ و لەبری چاکسازیی، ڕقسازیی و کەشی تێكبەربوون و بەدیلی چاککردنت بۆ ئەخولقێنێ! چونکە ئەو لەسەر فەساد دامەزراوەو ئەگەر لە فەساد بدا، لە بوون و بناغەی خۆی ئەدا! حیزب بوونە گشتییەکە، ئەکاتە قوربانی ئەم بوونەی خۆی و بە مانەوەی ئەزانێ، بێئاگا لەوەی کە بوونی حیزب لەناو بوونە گشتییەکەدایەو کوشتنی بوونە گشتییەکە، ئینتیحاری حیزبیشە! دەی منو تۆش کە هێشتا ناتوانین ئەوان بخەینە دۆخی چاککردنەوە، هیچنەبێ با نەیەڵین ئەوان ئێمە بخەنە ناو کەشی تێکبەربوون و خراپبوونەوە. جا لەپێناو دەروونی خۆت و چاکەی گشتی (پەیجی ڕق و قەناتی هەواڵ) لە ژیانی خۆت دەرکە. ئەمە بکە تۆ هێشتا هەر لەناو بەدبەختییەکانی خۆتدایت. بەڵام ئەوکات بواری ئەوەت هەیە بیرێك بکەیتەوەو ئەو بیرکردنەوەیەش دەروازەی دەرچوونە. لەکاتێکا لە گێژاوی ئەو دووانەدا، تۆ جگە لەوەی لەناو بەدبەختیدایت، بواری بیرکردنەوەو ڕێگای دەرچوونیشت نیەو خۆت ئەبیتە کەرەستەی مانەوەو بەردەوامبوونی دۆخەکە!


رێبوار عەلی چەلەبی لەم نوسینەدا دەمەوێت باسی دەردەکوردبکەم و واز لە شفۆێنیەکانی(عەرەب و تورک و فارس)بێنم چییان بەسەر گەلی کورد ھێناوەو ھەر وەرزەو توشی چ دەردیسەرییەکیان کردووە.. تازەترینیان لەشکرکێشی ئەمڕۆی سوپای تورکیایە بۆسەر ھەرێمی کوردستان ،بەناوی ئۆپراسیۆنی چنگی ھەڵۆ! بەڵام ئەوەی قەلی کورد (دەسەڵڵاتدارانی ھەرێم!) بەگەلی کوریان کردووە با بەدەواری شڕی نەکردووە؟ کورد لە ناوخۆدا دوژمنی سەرسەختی یەکترن،ئەوەش بەڵگە: ١- میرنشینی کوردی نیە لە ناو بنەماڵەی میراندا کوڕوباوک ،براوبرازا،مام و ئامۆزا،ھەریەکەو بووەتە سورەی بەرلەشکری ھێزێکی دوژمن و دەسەڵاتی ئەوی تری پێ لەناو نەبردبێ!!! ٢-لە مێژوی نزیکدا شەڕی ناوخۆی جەلالی و مەلایی و کوژرانی ھەزاران کەس و درێژی و نەگبەتی ئەم ململانێیە ھەتا ئەمڕۆ و دوافۆڕمی(کاھور-مەسرور )!! ٣-شاعیرەکان کەمیان ھەیە دەردێکی کورد نەی تاساندبێت و شتێکی لەبارەی ماڵوێرانی ناوخۆ و دەردە کوردەوە نەگوتبێت! فەرموو (أ-بێکەس ب-پیرەمێردج-ھێمن)چۆن باسی دەدردی ناوخۆو سایکۆکۆژی کورد دەکەن:- أ-کورد ئەبەد ناگاتە مەقسەد نۆکەری بێگانەیە... دوودڵن پیسن لەگەڵ یەک بۆیە وابێ لانەیە. ب- وەفدی کوردستان  میللەت فرۆشان... ھەرزە وەکیلی شاری خامۆشان. ج- رۆژگار ھاڕیومی وەک ئەسپونی وورد... ھێزوتوانای لێ بڕیوم دەردە کورد. ئەمە مشتێک بوو لە خەروارێک،کورد چونکە بێ دەوڵەت و بێ سەرکردەی راستەقینە و بێ گەلێکی ھۆشیار بووە،ھەمیشە لە کێشە و ملمکانێی ناوخۆدا تلاوەتەوە و دوژمنە بێ رەحمەکانیشی یاریانپێ کردووە. سەرباری پیلان و گەمەی ئیمپریالیزمی جیھانی (ئەوروپی و ئەمریکی) ھەر رۆژەو بەلایەکدا ھەڵیان پەڕاندوون.. ئێستا ھەرێمکە لەبەر دەستی ئێران و تورکیادایە،بەویستی خۆیان تەراتێنی تیادا دەکەن . ھاوڵاتیانی ھەرێمەکەش بەدەست سیاسەتی سەقەتی  قەلەکانی کوردەوە گیری خواردووە ،دەیان قەیرانی ھەیە! تازە بەتازەش چەنگی ھەڵۆی تورک ھاتۆتەبانی.. کە ئەوەش بێجگە لە لە رووڕەشی بەناوسەرکردەکانی کورد ،ھیچ راڤەیەکی تر ھەڵناگرێ؟! کەچی بەداخەوە کۆمەڵێک پۆستباز و بەرژەوەندیچی دەسەڵات،چونکە خۆیان ئاخوڕەکانیان خۆشە،ھەست بەژاروژوانی میللەتەکە ناکەن و  بەناوی نیشتمان و نەتەوەو درۆی کوردایەتیەوە،پاسی سەرانی دەسەڵات دەکەن و ھەست بە ئازارەکانی ھەژاران ناکەن و خۆیان بوونەتە نمونەی دەردو مرۆڤی دووڕوو لە ھەناوی کوردا و درێژە بەتەمەنی قەلەکانی کورد دەکەن و رێنمای ھەڵۆکانی دوژمن دەکەن. رێبوار عەلی چەلەبی


  عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا* به‌رهه‌می كۆمه‌ڵایه‌تی  له‌زانستی میدیادا، ناوه‌ڕۆكی هه‌واڵه‌كانی داموده‌زگاكانی راگه‌یاندن، وه‌ها تیۆریزه‌كراون ‌و ناسێنراون كه،‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا، به‌رهه‌مێكی كۆمه‌ڵایه‌تین. ئه‌م وێناكردنه‌، زاده‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چه‌ند لایه‌نێك رۆڵیان‌ له‌ چۆنیه‌تی داڕشتن و ئاراسته‌كردنی ناوه‌ڕۆكی هه‌واڵه‌كاندا هه‌یه‌، له‌وانه‌: سیسته‌می سیاسی، یاساكانی راگه‌یاندن، ئیتیكی رۆژنامه‌وانی، سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ، ده‌زگاكانی راگه‌یاندن خۆیان به‌ خواسته‌ پیشه‌یی و ئۆرگانیكه‌كانییه‌وه‌، په‌یوه‌ندیگران(القائمون بالإتصال)، جه‌ماوه‌ر ..هتد.   هه‌ر یه‌كێك له‌و فاكته‌رانه‌ ده‌ستیان هه‌یه‌ له‌وه‌ی كه‌ هه‌واڵه‌كان به‌چ شێوازو زمان و خستنه‌ڕوویه‌ك و، به‌ چ فۆرمێكی له‌چوارچێوه‌دان  Framingو، بگره‌ به‌ چ خواست و ئامانجێكی دیاریكراو گه‌ڵاڵه‌ ده‌كرێن و به‌هایان پێده‌درێت.    ئامانجی سه‌ره‌كیش، بۆ میدیاكان، له‌كۆتاییدا بریتییه‌ له ئاماده‌كردن و بڵاوكردنه‌وه‌/په‌خشكردنی هه‌واڵێك كه‌ به‌های بۆ وه‌رگرانی هه‌بێت، جا وه‌رگر بینه‌ر بێت، یان بیسه‌ر، یان خوێنه‌ر. ئه‌مه‌ لۆژیكی زاڵی پیشه‌سازیی هه‌واڵه‌ له‌بواری ماسمیدیادا به‌ هه‌موو تایپه‌كانییه‌وه‌: بینراو، بیستراو، چاپكراو، ئه‌لكترۆنی.    زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ده‌زگاكانی راگه‌یاندنیش، له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا، له‌ میدیای گشتییه‌وه‌ بیگره‌ بۆ میدیای تایبه‌تمه‌ند Specialized media، له‌به‌ر هۆكاری ركابه‌ریكردنی یه‌كتر بێت، یان به‌ ئامانجی بازاڕسازیی سیاسی  Political Marketing بۆ‌ گوتارو بیروباوه‌رێكی دیاریكراو، یان بازرگانی و قازانجی په‌تی، به‌م لۆژیكه‌ كارده‌كه‌ن، واته‌ په‌نا بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌موو جۆره‌ هه‌واڵێك ده‌به‌ن كه‌ ده‌ربڕی پێویستی و چاوه‌ڕوانیی یه‌كێك یان چه‌ند جۆرێكی ئه‌و فاكته‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ بێت كه‌ نهێنیی پشت پیشه‌سازیی هه‌واڵ و سازاندنی ناوه‌ڕۆك و به‌های هه‌واڵه‌كانن. ناهارمۆنییه‌ت و زیانی كۆمه‌ڵایه‌تی   ئه‌و ده‌ستپێكه‌مان بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بڵێین، هه‌واڵه‌كان له‌میدیاكاندا، وه‌كچۆن به‌رهه‌مێكی كۆمه‌ڵایه‌تین، ئاوهاش ده‌شێت، له‌بواری پراكتیكدا، به‌ هه‌ردوو دیوی زیان و قازانجی كۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌رهه‌م بهێنرێن و بشكێنه‌وه‌!.    به‌ مانایه‌كی روونتر، دروستبوونی هه‌ر ناهاوسه‌نگی و نا هارمۆنییه‌تێك له‌نێوان كۆی ئه‌و فاكته‌رانه‌ی كه‌ رۆڵیان له‌ داڕشتنی ناوه‌ڕۆكی هه‌واڵی میدیاكاندا هه‌یه‌، زوو به‌ زوو به‌دیار ده‌كه‌وێت، بگره‌ ده‌بێته‌ هۆی زاڵكردن و زه‌قبوونه‌وه‌ی یه‌كێك یان هه‌ندێك له‌و فاكته‌رانه‌ له‌سه‌ر حسابی فاكته‌ره‌كانی تری پیشه‌سازیی هه‌واڵ، ئه‌مه‌ش میدیاكان وا لێده‌كات كه‌ له‌سه‌ر‌ بنه‌ماكانی پیشه‌ییبوون  Professional بخلیسكێن، له‌وه‌ش زیاتر، له‌پێناوی پێویستی و ئامانجێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی دیاریكراودا‌، ئه‌ركه‌ پیشه‌ییه‌كان پێشێل بكه‌ن.    له‌ بنه‌ڕه‌تیشدا، هۆكارێك له‌هۆكاره‌كانی به‌ زانستیكردنی بواری ماسمیدیاو ئه‌م چالاكییه‌ مرۆییه له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیدا‌، هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ پێگه‌یاندنی ئه‌كادیمییانه‌ی هه‌ر كه‌سێك و بكه‌رێك كه‌ بیه‌وێت میدیاكاربێ و گه‌شه‌پێدانی تواناو لێوه‌شاوه‌ییه‌كانی و چاندنی هۆشیاریی تیۆری و زانستی تیایدا، ئه‌وه‌ش به‌مه‌به‌ستی به‌كارهێنان و هه‌ڵسوڕاندن و به‌ڕێوه‌بردنی پیشه‌ییانه‌ی داموده‌زگاكانی راگه‌یاندن له‌ قازانجی گشتیدا، یان وه‌رگری تایبه‌ت، ئه‌وه‌ش به‌پێی تایبه‌تمه‌ندیی میدیاكان و ئاراسته‌ی رووماڵ و گوتاریان. ده‌سكه‌وت، به‌ڵام سه‌رچاوه‌یه‌كی مه‌ترسییش!   له‌ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستاندا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سیسته‌می سیاسی ده‌رفه‌تی له‌به‌رده‌م كردنه‌وه‌ی كه‌ناڵ و دامه‌زراندنی داموده‌زگای هه‌مه‌جۆری راگه‌یاندندا واڵا كردووه‌، به‌ سه‌دان كه‌ناڵ و ده‌زگای راگه‌یاندنمان له‌ بواری بینراو و بیستراو و چاپكراو و ئه‌لكترۆنیدا هه‌یه‌. ئه‌مه‌ش‌ ئه‌گه‌ر، وه‌ك سه‌ره‌تا Principle، له‌رووی سیاسی و مه‌عنه‌وییه‌وه‌، ده‌سكه‌وتێك بێت بۆ هه‌رێمه‌كه‌و ره‌گه‌زێكی پیاده‌كردنی تیۆری ئازادی بێت  Liberal theory له‌بواری میدیادا، ئه‌وا له‌ رووی پراكتیكییه‌وه‌، به‌داخه‌وه‌، بۆته‌ زه‌مینه‌سازیی بۆ دروستبوونی سه‌رچاوه‌ی مه‌ترسی بۆ سه‌ر یه‌كڕیزیی نیشتمانی و ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تی، چونكه‌ ئه‌و هێزه‌ كۆمه‌ڵگه‌ییانه‌ی كه‌ توانای سوودوه‌رگرتنیان له‌و ماف و ‌ئازادییه‌و، به‌ڕێوه‌بردن و پاره‌داركردن و خاوه‌ندارێتیكردنی داموده‌زگا گه‌وره‌كانی بواری ماسمیدیا له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌، زیاتر بریتین له‌ گروپ و پارته‌ سیاسییه‌كان، یان كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌ پاره‌دارو خاوه‌ن پایه‌كانی ناو پارته‌كان.   پارته‌ سیاسییه‌كانیش له‌ ئه‌زموونی باشووری كوردستاندا، هه‌میشه‌ له‌ ململانێ و به‌ریه‌ككه‌وتن و ركابه‌ریی سیاسیدا بوون و تا ئێستاش به‌رده‌وامن، ته‌نانه‌ت به‌ هۆی شه‌ڕی شوومی ناوخۆیی نێوان هێزه‌كانه‌وه‌ كه‌ دیارترینیان شه‌ڕی ساڵانی(1994-1998ز)ی نێوان هه‌ردوو پارته‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی باشووری كوردستانه‌:‌(پ.د.ك) و (ی.ن.ك)، دابه‌شبوونی جوگرافیاو ناوچه‌كان و ته‌نانه‌ت سیسته‌می كارگێڕیی هه‌رێمه‌كه‌شی لێكه‌وته‌وه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌شه‌‌وه‌ هه‌رێمی كوردستانیش، بۆ چه‌ندین ساڵ، بووبه‌ دوو زۆن و كانتۆنی ئیداری كه‌ تا ئه‌مڕۆش ئاسه‌واره‌كانیان ماون‌!‌. تێوه‌گلانی میدیا له‌ ململانێ سیاسییه‌كاندا    مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌و ئه‌زموونه‌ سیاسییه‌ی هه‌رێمی كوردستان، بۆ بواری میدیا، كه‌ له‌ پیشه‌سازیی هه‌واڵ و رووماڵی میدیایدا ره‌نگده‌داته‌وه‌، كاریگه‌ری و ئاسه‌واره‌كانی دابه‌شبوونی هه‌رێمه‌كه‌یه‌ بۆ دوو زۆنی سیاسی و ئیداری و ته‌نانه‌ت كولتوری و كۆمه‌ڵایه‌تیش!. ئه‌م دوو زۆنییه‌ كه‌ زاده‌ی كایه‌ی سیاسه‌ت و رووداوه‌كانی دوای راپه‌ڕین بووه‌، ماسمیدیای كوردستانیشی له‌ باشوور، له‌گه‌مه‌و شه‌ڕو ململانێكانی خۆیه‌وه‌ گلاندووه‌، چونكه‌، وه‌ك پێشتر وتمان، له‌ بنه‌ڕه‌ندا، خاوه‌ندارێتیی زۆربه‌ی كه‌ناڵ و ده‌زگاكانی ماسمیدیا له‌ باشووری كوردستاندا، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و هێزه‌ سیاسییانه‌و میدیا سێبه‌ره‌كانیان كه‌ تا رۆژگاری ئه‌مڕۆش له‌ ململانێی سیاسیدان، له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و ململانێیه‌شدا، له‌ رووی ره‌مزیه‌وه‌، دوو شاری سه‌ره‌كیی هه‌رێمه‌كه‌یان كردۆته‌وه‌ چه‌ق و سیمبولی سیاسی و ئیداریی خۆیان كه‌ ئه‌وانیش شاره‌كانی هه‌ولێرو سلێمانین.   ره‌نگدانه‌وه‌ی ناوچه‌گه‌رێتی له‌ پیشه‌سازیی هه‌واڵ و داڕشتنی ناوه‌ڕۆكی هه‌واڵه‌كانی داموده‌زگا میدیاییه‌كاندا، باكگراوه‌ندێكی مێژویی هه‌یه‌. ئه‌م دیارده‌یه‌، بۆته‌ به‌هایه‌كی تایبه‌ت و درێژكراوه‌ی به‌شێك له‌و به‌هایانه‌ش كه‌ ئه‌م پیشه‌سازییه‌ ئاراسته‌ ده‌كه‌ن. وێنه‌سازی بۆ دوو شاره‌ گه‌وره‌كه‌    ده‌ركه‌وته‌ی ئه‌م دیارده‌ ترسناكه هه‌ر له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ به‌ پێی به‌رژه‌وه‌ندیی سیاسیی خاوه‌نی ده‌زگا میدیاییه‌كان و پاره‌داركارانی هه‌ڵده‌سوڕێت و پێویستی و چاوه‌ڕوانیی ئه‌وان جێبه‌جێده‌كات، به‌ڵكو له‌و درزه‌‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌شدایه‌ كه‌ له‌ڕێی داتاشینی وێنه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوری بۆ هه‌ردوو شاره‌ گه‌وره‌كه‌ی باشووری كوردستان ده‌یخاته‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌وه‌، هه‌ر له‌رێگه‌ی ماسمیدیاوه، زۆر به‌ خوێنساردی و بێ هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیارێتیی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ تیۆرێكی بنه‌ڕه‌تی بواری میدیایه‌ Theory of social responsibility، دێت و ره‌هه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و دیموگرافییش به‌ دابه‌شبوونه‌ سیاسییه‌كان ده‌دات، به‌ جۆرێك كه‌، سیمبولییه‌تی سیاسیی هه‌ردوو شاره‌كه‌، هه‌ولێر و سلێمانی، ته‌نانه‌ت وابه‌سته‌ی ئه‌و گروپه‌ سیاسییانه‌ نه‌بێت كه‌ راسته‌وخۆ له‌ ململانێ و به‌ریه‌ككه‌وتندان، به‌ڵكو رۆژ به‌ رۆژ‌ بكرێته‌ فاكت و‌ بابه‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی به‌رجه‌سته‌ بۆ ئه‌و به‌شانه‌ش له‌دانیشتوانی هه‌ردوو پارێزگاكه‌ كه‌ ئه‌ندام و لایه‌نگری هێزه‌ ركابه‌رو ململانێكاره‌كان نین!.    مه‌ترسییه‌ گه‌وره‌كه‌ش لێره‌دایه‌!: ماسمیدیای كوردی ده‌بێته‌ هۆكاری بچڕاندنی یه‌ك له‌دوای یه‌كی رایه‌ڵه‌ كۆمه‌ڵگه‌ییه‌كان كه‌ ریزبه‌ندی و ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاسایشی نیشتمانییان له‌سه‌ر به‌نده‌. میكانیزمی میدیایی بۆ گه‌مه‌ی ناوچه‌گه‌ری..!   میكانیزمه‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م جۆره‌ ترسناكه‌ له‌ پیشه‌سازیی هه‌واڵ، كه به‌ ئاگاوه‌ بێ، یان بێ ئاگا، دێت و به‌ها به‌و هه‌واڵانه‌ش ده‌دات‌‌‌ كه‌ دابه‌شبوونی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی زیاتر له‌باشووری كوردستاندا ده‌خوڵقێنن، كۆمه‌ڵێك میزكانیزمن كه‌ بێگومان له‌ رواڵه‌تدا به‌زه‌قی هه‌ستیان پێ ناكرێت، به‌ڵام له‌ سه‌رنجدانی زانستییانه‌ی ئه‌كادیمییان و له‌توێژینه‌وه‌ میدیاییه‌كانی بواری پێوانه‌كردنی كاریگه‌رییه‌كانی میدیا له‌سه‌ر ئاسایشی كۆمه‌ڵ، به‌ ڕوونی زیانه‌كانیان ئاشكرا ده‌كرێت، هه‌موو ئه‌وه‌ش له‌ پێناوی چی؟ ته‌نها له‌پێناوی جێبه‌جێكردنی كۆمه‌ڵێك ئه‌ركی ده‌ره‌ -پیشه‌یی و دوور له‌ زانستی میدیا كه‌ یه‌كسانه‌ به‌ ده‌سكه‌وتی حزبی و كه‌سیی په‌تی و، له‌ڕێگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی وێنه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوریی مه‌ترسیداره‌وه‌ كه‌ رقی كۆمه‌ڵگه‌یی له‌ناو به‌شه‌ جیاوازه‌كانی دانیشتوانی هه‌رێمدا ده‌چێنێت. دیارترین ئه‌و میكانیزمانه‌ش، به‌داخه‌وه‌، ئه‌مانه‌ن‌: - 1)    زه‌قكردنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌ ناخۆشه‌كانی شارێك‌ له‌ شاره‌كان و داپۆشینی هه‌مان بابه‌تی هه‌واڵ‌ له‌ شارێكی تردا. 2)    بڵاوكردنه‌وه‌ی راسته‌وخۆو تۆماركراوی حاڵه‌ت و دیارده‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ نێگه‌تیڤه‌كانی شارێك ‌و په‌رده‌پۆشكردنی هه‌مان دیارده‌و حاڵه‌ت‌ له‌ شارێكی تردا. 3)    بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری‌ له‌سه‌ر رووداوی شارێك له‌ ڕێی پشتبه‌ستن به‌ هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ی دڵخوازو، پشتگوێخستنی زانیاریی تری په‌یوه‌ست له‌سه‌ر هه‌مان رووداو كه‌ ده‌شێت له‌ سه‌رچاوه‌ی تری نزیك و په‌یوه‌ندیدارتره‌وه‌ ده‌ست بكه‌ون. 4)    زه‌قكردنه‌وه‌ی دیمه‌نه‌ ناشیرینه‌كانی روخسارو رووی ئاوه‌دانیی شارێك و، بڕینی دیمه‌نه‌ جوانه‌كانی تری روخساری هه‌مان شارو رووه‌ ئاوه‌دانی و شارستانییه‌كه‌ی. 5)    گواستنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵ و زانیارییانه‌ی كه‌ له‌ راگه‌یاندنه‌كانی ده‌ره‌وه‌و وڵاتانی بیانییه‌وه‌ به‌ نه‌رێنی له‌سه‌ر شارێك بڵاو ده‌بنه‌وه‌و، شاردنه‌وه‌ی(تعتیم/Media blackout) ئه‌و هه‌واڵ و رووداو و زانیارییه‌ ئه‌رێنییانه‌ی كه‌ له‌و راگه‌یاندنانه‌وه‌و له‌سه‌ر هه‌مان شار، په‌خشده‌كرێن. 6)    یاریكردن به‌ زانیاری و فاكت له‌ سه‌ر رووداوه‌ مێژووییه‌كانی شارێك و، ستایشكردن و پێوه‌نانی زانیاری و ریكلامكردن بۆ رووداوه‌ مێژووییه‌كانی شارێكی تر. 7)    زه‌قكردنه‌وه‌ی كه‌میی خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ شارێك و، خۆ دوورگرتن له‌ رووماڵكردنی هه‌مان كه‌موكورتیی خزمه‌تگوزاری له‌ شاری تردا. 8)    شێواندنی هۆكاری راسته‌قینه‌ی ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ری، یا بێده‌نگیی جه‌ماوه‌ریی له‌ شاره‌كان و، دروستكردنی وێنه‌و شیكاریی هه‌ڵه‌و نابابه‌تی له‌باره‌یانه‌وه، چ به‌ ستایشكردن بێت یان سوكایه‌تیپێكردنی ناڕاسته‌وخۆ‌‌. 9)    فووكردن به‌خاوه‌ندارێتیی سیاسیی شاره‌كان و دیاریكردنی سنوری نفوزی سیاسی، به‌پێی ئه‌و بازاڕسازییه‌ سیاسییه‌ی كه‌ له‌ڕێی‌ پیشه‌سازیی هه‌واڵ‌ و رووماڵی میدیاییدا بۆ كۆمه‌ڵێك مه‌رامی سیاسی و حزبیی به‌رته‌سك، ده‌كرێن. 10)    پشتگوێخستنی ئه‌و كاراكته‌ره‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و رووناكبیرییانه‌ی شارێك كه‌ پێیان ده‌وترێت سه‌ركرده‌ی بیروڕا Opinion leaders و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر رای گشتی هه‌یه‌و‌، له‌به‌رامبه‌ردا بایه‌خدان به‌وانه‌ی هه‌مان شار كه‌ له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌زگا میدیاییه‌كه‌دا‌ ناكۆك نین و ده‌توانن كۆمه‌كی گه‌مه‌ی په‌رده‌پۆشكردنی جیاوازیكردنی ده‌زگا میدیاییه‌كه‌‌ بكه‌ن له‌نێوان شاره‌كاندا!. ئه‌وانه‌و زۆر میكانیزمی تریش له‌پیشه‌سازیی هه‌واڵ و رووماڵی میدیاییدا كه‌ به‌داخه‌وه‌ تا رۆژگاری ئه‌مڕۆ درێژه‌یان هه‌یه‌، هه‌ر هه‌مووشیان هه‌م له‌سه‌ر حسابی یه‌كڕیزیی و ئاسایشی نیشتمانی و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تیی كۆمه‌ڵگه‌ی باشووری كوردستانن، هه‌م له‌سه‌ر حسابی پرۆفیشالیزه‌كرنی كایه‌ی ماسمیدیاو ئه‌ركه‌ پیشه‌ییه‌كانی رووماڵی میدیایین.     ...................................................                                            *خ. دكتۆرا له‌بواری ماسمیدیاو27 ساڵ ئه‌زموونی پراكتیكی ‌       ‌              


هونەر تۆفیق کاتێک عێراق میرنشینی کوەیت داگیردەکات ، قسەوباسی سیاسی لەسەر ئەگەری لێدان و لێنەدانی ئەمریکابوو لە عێراق . بۆچوونی یەکێک لە سەرکردە سیاسیە ناودارەکانی کورد بە نەوشیروان مستەفا دەگەیەنن ، دەڵێن ڕای ئەو سەرکردەیە بەو جۆرەیە . ئەویش دەڵێت : بۆچوونی ئەو حسێب نیە ، چونکە ئەو شقارتە بۆ ئەگەرەکان هەڵدەدات . شقارتە هەڵدان فاڵگرتنەوە بوو بۆ ئیختیاری نێوان دوو ئەگەر ، ئەگەر لەباری ڕێکیدا شقارتەکە ڕاوەستا ئەوە فاڵێکە و ئەگەر بەلاشدا کەوت پێچەوانەکەی بوو فاڵێکی ترە . لەوە دەکات مۆدێلی سیاسەتکردن بە فاڵی شقارتە هەڵدان هێشتاکە لەناو سەرکردایەتی سیاسی و حکومەتی هەرێمدا باوبێت . چڕنوک گرتنەکانی تورکیا لە سوریا و لیبیادا دەبینرێت چ ئاسەوارێکی کاولکاری بە چڕنوکەکانیەوە جێدەهێڵێت کە بە هاوپەیمانی لەگەڵ بەرە سیاسیەکانی ئەو وڵاتانەدا نیشتمانەکەیان وێران دەکات . چڕنوکەکانی ئەم دوایەی تورکیا لە هەرێمی کوردستانیشدا هیچی کەمتر نابێت لەوەی سوریا و لیبیا . حکومەتی هەرێمیش بە شقارتە هەڵدان لێکدانەوەی سیاسی بۆئەو چڕنوکانەی تورکیا دەکات . فاڵی شقارتەکە بەهەرلایەکدا بکەوێت ، تورکیا خۆی بەئاشکرا دەڵێت ئەو مەبەستی لە نەهێشتنی کوردبوونە ، ئیتر لەو فاڵەدا لەهەرکام لەئەگەرەکانی خەیاڵی حکومەتی هەرێمدا بێت ، ئەو دەیەوێت تۆ کوردنەبیت ، تەنیا کوردنەبوونت دەتکاتە دۆستی تورکیا ، بۆیە پێویست ناکات چیتر شقارتەی بۆهەڵدرێت ، تەنیا دوو بژاردە هەیە ، یان دەبێت کوردبیت و بەرگری لێبکەیت ، یان دەبێت کوردنەبیت و پشتیوانی لەچڕنوکەکانی تورکیا بکەیت


  سابیری سه‌ندیكا: لە ئەمریکا به‌ر له‌وه‌ی هه‌وڵی لێكدانه‌وه‌ی چه‌مكی ئاشتی بده‌ین  وا پێویست بكات بزانین پێناسه‌ی ئاشتی ئاشتی چیه‌! هه‌ندێك ده‌ڵین : ئاشتی واتا دۆخێكی ئارامی بێ شه‌روشۆڕ. هه‌ندێكی تر پێیان وایه‌ ئاشتی بریتیه‌ له‌ په‌یره‌وكردنی بنه‌مای ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئاژاوه‌. ئه‌مه‌ جه‌گه‌ له‌وه‌ی كه‌ سیاسه‌ت و ئاین و كۆمه‌ڵگه‌ و كه‌لتووره‌ جیاوازه‌كانیش دید گه‌ی تایبه‌تی  خۆیان هه‌یه‌ بۆ ئه‌م چه‌مكه‌ و به‌ گوێگره‌ی  ویست یاخود فه‌لسه‌فه‌ی كۆمڵگا پێناسه‌ و شیته‌ڵكاری بۆ ده‌كه‌ن . ئه‌گه‌ر به‌راستی ده ت ‌هه‌وێت به‌ئاشتی بژێت ده‌بێت فێرکردنەکانت بەڕاستی دەتوانێت شوێنکەوتەکانی وا لێبکات بەڕاستی ئاشتیخواز بن و بە ئاشتەوایی بژین لەگەڵ ئەوانی دیکە ، کە دەبێت هەوڵ بدەین بەپێی توانا لەگەڵ هەمواندا بە ئاشتی بژین دەتوانێت شوێنکەوتەکانت وا لێبکه‌ی بەڕاستی ئاشتیخواز بن و بە ئاشتەوایی بژین لەگەڵ ئەوانی دیکە ، بۆ بابەتی ئاشتەواییش هەمیشە پێویستی بە دوو لایەن هەیە بە تەنها لایەنێك ئەنجام نادرێت ناكرێت كه‌ تەنها بەدەم باسی ئاشتی بكه‌ێت وبە کردەوە دژایەتی بکەی ژیانکردن و ئاشتەوایی و پێکەوە ژیان لایەنی زۆرە تەنها هەر وشەیەك نیە و موزایەدەی پێوە بکرێت لەلایەن پیاوانی ئاینیەوە دەبێت هەموو ئاینەکان پێکەوە باوەش بکەنەوە بۆ قبوڵکردنی یەکتر، ڕاستە دەستپێشخەری شتێكی باشە و ڕەنگە ببێتە بەرەکەت بۆ بەرامبەر، بەڵام گەر بەرامبەر لەناخیدا بەهۆی دەقێكی ئاینی یان کلتور و هەرشتێكی دیکە وەڵامی دەستپێشخەریەکە نەداتەوە پێکەوە ژیان تەنها وەك وشەیەك بەکار دێت و بەس ، هەر شتێك بە تەنها بکرێت پێکەوە ژیان بەتەنها ناکرێت پێویستی بەهەردوو لایەن یان هەموان هەیەوا چاكه سەیری ئەو ئاشتیه بكەین كه لەناو كۆمەڵگاكەماندا باوه و بوونی هەیه، ئه‌ویش كۆمه‌ڵگای كوردییه‌ له‌ كوردستانی عێراق ئه‌و ئاشتیەی لای ئێمه مانان بوونی هەیه شتێكی سنووردارەو تا ڕاده‌یەك پێی دەووترێ ئاشتی، بەڵام كاتێ بارودۆخێكی وا دێته كایەوه هەڵوێستێكی جیا له ئاشتیخوازانه وەرگرین، پەنا بۆ شەڕ ده‌بەین، ئەمەش نیشانه‌ی ئەوه‌یه كه ئاشتیەكەمان ئاشتیەكی خۆكردەیی ،كورده‌كه‌ی خۆمان ماڵی ئاوا بیت كوردیەكەی خۆمان ئاشتیمان ئاشتیه و شەڕیشمان شەڕ، چونكه ئێمه‌ی مرۆڤ و كورده‌كه‌ی خۆمان ماڵی ئاوا بیت حەز  دەكەین ئەگەر لایەنی بەرامبەر ئاشتیخواز بێت ئێمەش هەروها، بەڵام ئەگەر شەڕخواز بێت ئەوا ئێمەش دەست بەستراو نین و ئەگەر شەڕەكه به قەپۆز شكانیشمان تەواو بێت هه‌رده‌كه‌ین .  بۆیه‌ مەسیح سەرۆکی ئاشتیەو تەنها مەسیح وفێرکردنەکانی بەڕاستی دەتوانێت شوێنکەوتەکانی وا لێبکات بەڕاستی ئاشتیخواز بن و بە ئاشتەوایی بژین لەگەڵ ئەوانی دیکە ،مه‌سیح بە ڕوونی فێرمان دەکات کە دەبێت هەوڵ بدەین لەگەڵ هەمواندا بە ئاشتی بژین ، بۆیه‌ گرینگه‌و پێویسته‌ منی كورد یه‌ك دنیا كه‌ڵك له‌ عیسای مه‌سیح ببینم هیچ نه‌بێت باسی فكره‌ی په‌نه‌به‌ری بكه‌م بۆنمونه‌ فكره‌ی مرۆڤ دۆستی بكه‌م قوربانی بكه‌م باس له‌فریاد ره‌س بكه‌م مرۆڤایه‌تی به‌درێژای میژوو …. باهه‌موومان ئه‌م گۆرانیه‌ بلینه‌وه‌ : من هه‌ر ئاشتیم ئه‌وێ خۆشه‌ویستیم ئه‌وێ  بێ تۆسه‌رناكه‌وێ به‌نیا تۆم ئه‌وێ  به‌ته‌نیا تۆم ئه‌وێ  ئاشتی خوازم به‌ته‌نیا تۆم ئه‌وێ به‌هیوا و ئاواتم دڵم تۆی ئه‌وێ  من ڕووناكیم ئه‌وێ من سه‌ربه‌ستیم ئه‌وێ بێ تۆسه‌رناكه‌وێ به‌نیا تۆم ئه‌وێ به‌نیا تۆم ئه‌وێ …..


بێریڤان محەمەد ئەوەی لە ئۆپەراسیونەکانی تورکیا لەسەر خاکی باشوری کوردستان ڕوودەدات ۳۱ی ئابێکی نوێیە، واتە هەمان پرۆسەی تەسلیمکاری و خیانەتکاریە لە ئاستێکی فراوانتر و قوڵتردا، ئەوەی گۆراوە تەنها چەند ساڵێکی نێوانیانە لەگەڵ کارەکتەری ڕژێمی داگیرکار لە بەعسی (سەدام)ی فاشیست بۆ (ئەردۆغان)ی دەسەڵاتداری دەوڵەتی تورکیای فاشیست.. مێژوو سەلماندویەتی گورزی گەورەی داگیرکار لە هەر گەل، یان شۆڕشێک تەنها کاتێک ئەنجامگیر دەبێت کە خیانەت لە ناو خۆیدا پێشکەوتبێت، سیخورگەلێک لە ناوخۆ هاوکاری داگیرکەر بووبن، هەر وەک دەڵێن (دار کرمی لەخۆی نەبێ هەزار ساڵ دەژی) لە روخانی دەوڵەتی مادەوە تا ئێستا گەلی کورد قوربانی دەستی خیانەتی ناوخۆییە. لە پاش چلەکانی سەدەی رابردوەوە تا ئێستا پەدەکە (پارتی ) وەک پارتێک لە باشوری کوردستان لە ئاست و قۆناغە جیاوازەکاندا پێشەنگایەتیەکی هەمەلایەنە لەم یاریە چەپەڵانەدا دەکات، لە بەشداریکردن بۆ لەناوبردنی سەدان شۆرشگێر و سەرکردەی باکور، رۆژهەڵات  و تا لە پاش شۆڕشی رۆژئاوای کوردسستان، دژایەتیە راستەوخۆکانی بۆ ئەم شۆرشە مەزنە نیشاندا، زیاتر لە هەموو ئەوانەش ئەو رۆڵە خراپەی لە پێش و پاش راپەرینەوە بەرامبەر گەل و شۆرشگێران و پارتەکانی باشووری کوردستان گێراویەتی، گەر ئامارێک دەرخەین بە دەیان هەزار گەنجی ئەم بەشەی کوردستان لە شەرە ناوخۆییەکان و تیرۆری ناوخۆیی ژێردەسەڵاتی ئەم پارتە و هاوشێوەکانی گیانیان لەدەستداوە. پەدەکە لە پێناو مانەوەی خۆی و لەناوبردنی ئەوانی تردا هەرگیز سڵی نەکردۆتەوە هەتا لە رێکەوتن لەگەڵ رژێمی داگیرکەرەکانی وەک سەدام و ئێران و ئەسەد و بەتایبەت تورکیایشدا، تەواوی رێکەوتنەکانی بەرێکەوتنە نەوتیەکانیشیەوە لەگەڵ تورکیا خاڵی سەرەکی لەناوبردنی پەکەکە بووە. هەر ئەم رۆڵەی وابەستەی پدک - عێراق بە داگیرکاران و هێزە  ئیمپریالیستەکانی جیهانەوە وای کردوە کە هەردەم پێگەیەکی لە نێو پیلان و پرۆژەکانی ئەو هێزانەدا هەبێت، پارێزگاری لە مانەوەی بکەن وەک کوردی باش لە بەرامبەر تێکۆشەرانی ئازادی کە لای ئەوان کوردی خراپن و لەئاستی جیهاندا سیاسەتە چەپەڵەکانی خۆیانی پێ ماسک کەن. چی لە پدک گونجاوترە بۆ تورکیا و رژێمە داگیرکارە هەرێمییە هاوشێوەکانی و ئەمریکا و بەریتانیا...هتد تا هێزە ئیمپریالیستە جیهانیەکان پرۆژە و پیلانەکانیانیان لەم هەرێمە گەرمە و دەوروبەری لەڕێی ئەو ڕێکخستنەوە جێ بەجێ بکەن؟ دەستێوەردانەکانیان ئاسانتر بکات، سیاسەتی پەرتکە و زاڵبەیان سەربخات، رێگری لە چارەسەری خێرای پرسی کورد بکات کە گرێکوێرەی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراستە؟ لانی کەم لە رێگەی خۆی و تۆرە وابەستەکەیەوە لە بەشەکانی تری کوردستان، کوردان بە کێشەی ناوخۆیی  سەرقاڵ دەکات و ناهێڵێ یەکێتی نێوخۆیی و دیالۆگی نێوخۆیی و پرۆژەی هاوبەش و رێگەچارەی دیموکراتی هاوبەش پێشخرێت، بەئەندازەی داگیرکاران جەخت لەسەر تۆخکردنەوەی سنوورە دەستکردەکانی دوژمن لەنێوان بەشەکانی کوردستان دەکاتەوە، خەندەقی نێوان باشور و رۆژئاوا نمونەی زیندوون کەپاڵ دروستکردنی سنوور لەنێوان شار و ناوچەکانی باشوری لە نێوان هەولێر و سلێمانی، هەولێر و کەرکوک،  دهۆک و شەنگال...هتد . ئەم رۆڵە ئەنتی ئازادیەی پدک وایکردوە، هێزە دەرەکییەکان رۆڵی بدەنێ و دەسەڵاتی بەسەر کۆمەڵگەی باشوردا بسەپێنن و بیپارێزن، لەدەرەوەش وەک نوێنەری گشتی کوردستان بیناسێنن. ئێستا پدک و حکومەتەکەی لە هەرێم روپۆش و دەمامکێکە کە لە پشتێووە هەرکەسێک و هەر سیاسەتێکی نەگریس هەیە، بەتایبەت تورکیا، تەنها ئەوەی کە نییە سیاسەتێکی کوردی ئازادە، کە لە بەرژەوەندی خەڵکی باشور و گەلی کورد دا بێت. بەداخەوە ئەم مۆدێلە ئەگەر پدک پێشەنگایەتیشی بکات، بەڵام  فراوان بووە و لە باشوور پارتەکانی تر و کەسانێکی ناو پارتەکانی تریش پێشبرکێیانە چۆن ببنە پەدەکەیەکی لەوشێوەیە لە وابەستە بە داگیرکەران و تەسلیم بوو، کاتێ باس لەوە دەکرێت ١٦ بارەگای فەرمی تەنها میتی تورک لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک هەن و خەڵکێکی زۆر کاریان بۆ دەکات و زانیاریان پێدەگەیەنێت ئەوە بەرهەمی ئەم مۆدێلە بەرێگیراوێتێیە کە کلتورێکی لەو شێوەیەی پێشخستوە. کۆمەڵگە بەرخودێرەکەی باشوری کوردستان کە چەندین سەدەیە لە دژی داگیرکاری لە تێکۆشاندایە و هەنگاوی بەرەودواوە نەناوە، لە پاش راپەرینەوە لەسایەی مۆدێلێکی چەپەڵ لە دەسەڵاتداری و حوکمرانیەکەی، کرانەوە بەروی دەستێوەردان و داگیرکاریە قوڵەکانی داگیرکاران بەتایبەت تورکیا لەروی سیاسی و ئابوری وسەربازی و کلتوری و لەهەموشی خراپتر سیخوری، کۆمەڵگەی تا لێواری لەناوبردن و داڕزان و هەڵوەشاندن بردووە، وێرای بێ ئیرادەکردن و برسیکرن و بێکارکردن، خراوەتە نێو جینۆسایدێکی کلتوری  کە زۆر لە جینۆساید و کۆمەڵکوژیە جەستەیەکانی سەردەمی سەدام خراپترە. مەبەستم لە شیکارکردنی ئەم دۆخە ، لەپێناو گەیشتنە بە چارەسەر، ئێستا بە دۆخێکی فرە مەترسیداردا تێدەپەرین، دەبوو ئەم حکومەتە هەر وەک ئیفلاس بونە ماددیەکەی راگەیاندووە زووتر ئیفلاس بوونە سیاسی و مەعنەویەکەشی راگەیەندایە. لە دۆخێکدا کە نزیکین لە کۆتایی و لەناوچوون لە باشوری کوردستان با راستیەکانی پشتی تەسلیمکردنی باشور بۆ هەموان ئاشکرا بکەن و تا دەرفەتی ئەوە بمێنێتەوە کۆمەڵگا شەری پاراستن خۆی بکات، بەڵام ئاشکرایە نە جورئەت و نە ئیرادەی ئەو دانپێدانانەیان هەیە و نە گەورەکانیشیان رێگەیان پێ دەدەن دانی پێدابنێن. گرنگە کۆمەڵگای باشور زیاتر لە دۆخی باشور، لەگەڵ دۆخی گشتی کوردان و ئاڵوگۆرەکانی سەدە کە لەم شەرە نیوو گەرم و نیوو ساردەدا رودەدەن پلانی و پرۆژەی هێزە هەژمونگەرا جیهانی و هەرێمییەکان ببینێت. دواین هێرشی تورکیا بە پلانێکی هاوبەشی نێوان تورکیا، ئەمریکا، عێراق بەئاگاداری ڕووسیا و هاوکاری پەدەکە و پێدەچێ بە زانیاری هێزی دیکەی باشوور ئەنجامبدرێت، ئەمە ئۆپەراسیونێکی مەترسیدارە لێدانێکی ستراتیژییە لە گەلی کورد و لەو ماراسۆنی ئازادییەی کە هەنگاوی مێژویی تێدا هاوێژراوە و کێشەی کوردی گەیاندۆتە لێواری چارەسەری. وەک چۆن داگیرکردنی قەندیل بۆ داگیرکاران گەرەنتی بە داگیرکراو هێشتنەوەی هەرچواربەشی کوردستانە لەسەروو هەموشیانەوە باشوری کوردستان، ئەوا بۆ گەلی کورد قەندیل واتە تێکۆشانی ئازادی کە بە پێشەنگایەتی پەکەکە چارەنوسسازە و سەرکەوتنی هەمیشەیی گەلی کورد دیاری دەکات، چارەنوسی هەموو گەلیش لەو کەشتییەدایە. گەلی کورد لە سایەی ئەو ماراسۆنی ئازادیەی پەکەکە ئەنجامی مەزنی بۆ بەدەستخست و زۆرینەی پیلان و پرۆژەی داگیرکارانی سەروبن کرد، کوردی نەک لە مردن هەستاندەوە، بەڵکو لە ئاسۆی ئازادبون و سەرکەوتنیشی نزیک کردوەتەوە، ئەو کوردەی ئازادی خوڵقاند دژی تەسلیمیەت و بەکرێگیراوی شەردەکات ئەو خاوەن ئیرادەی ئازادی خۆیەتی، گەلی کوردی کردە رێکخستنی مەزنی سیاسی و پاراستنی و خاوەن فکری ئازاد و دیموکرات و پرۆژەی خۆسەر، هەر ئەمەشە وادەکات مەزنی پیلانەکان بەتایبەت لەم قۆناغی فیناڵەدا فراواتر و مەترسیدارتربێت و لە کەسایەتی پەکەکەشدا لەسەر تەواوی گەلی کورد چڕبکرێتەوە. وەک دەرئەنجام رۆڵی کۆمەڵگەی باشوری لەهەرلایەک زیاتر دیارکەرە، ئەو ترسەی کە دەسەڵات بەمەبەست بڵاویدەکاتەوە لە رێگەی میلیتاریزەکردنی شارەکان و دەستگیرکردی چالاکوانانەوە ، هیچ نیە جگە لە ترسی خودی دەسەڵات خۆی نەبێت لە ئیرادەی ئازادیخوازانی کۆمەڵگە کە پێویستە بەتوندی بشکێندرێت، چونکە هیچ کات دەسەڵاتی پشتبەستوو بە داگیرکار لە بەرامبەر پێشکەوتنی تێکۆشانی ئازادی هێندەی ئێستا لاواز نەبووە، لە جێگەی چاوەروانی لە هەر هێزێکی دەرەکی، بە پشتبەستن بە خودی هێزی کۆمەڵگە خۆی، پێشخستنی تێکۆشانێکی گەلی شۆرشگێری پێویستیە، قەیرانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی گرێدروای زهنیەتی حوکمرانە کە بەهەموو هێزی خۆی گرێداوە بە داگیرکاری تورکیا و دوور لە کۆمەڵگایە. دۆخی باشور لە نێو داگیرکاریە قوڵە هەمەلایەنەکانی تورکیا و هێشتنەوەی لە ڕەوشی شەری بەردەوام و هەمەلایەنەدا لەلایەن دەسەڵاتی ستەمکاری ناوخۆیی لەژێر هەژمونگەرایی پدک، نە ئەزەلییە و نە ئەبەدی، بەڵکو هاتنە لای یەکی رۆشنبیرانی ئازادیخواز، چالاکوانان و رەنجدەران بە ژنان و گەنجان و ئەو هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتیانەی خۆیان لەو چوارچێوەیەدا دەبینن، ئاواکردنی بزوتنەوەی رادیکاڵی ئازادیخوازی و دیموکرات و یەکسانیخواز دەتوانێت هێزی شۆرشێکی دیموکراتیانە بخوڵقێنێت, کە هەم دەسکەوتەکانی گەل لەم بەشە رزگار بکات و کۆمەڵگا لەدەست ستەمکاری ناوخۆیی و داگیرکاری دەرەکی رزگار بکات, دەسکەوتەکانی بخاتە خزمەت کۆمەڵگەی باشوور لە پێناوی ژیانێکی خوشگوزەران و شایستە، هەروەها تێکۆشانی ئازادی باشوور گرێ بدات بە  شۆڕش و تێکۆشانی مەزنی ئازادی گەلەکەمان لە بەشەکانی تری کوردستان و تا بننە هێزی بۆ یەکتر و گەیشتن بە ئامانجە مەزنەکان چونکە چارەنوسەکان بەیەکەوەن.      


  د.مەیادە نەجار لە چەند رۆژی رابردوو بە روونی وەدیار کەوت کە ئەو ئیمپڕاتۆریەتەی لە درۆ و بە ساختەچیایەتی دروست کرابوو و مانگانە چەند ملیۆن دۆلارێکی لە قوتی ئەو خەڵکە لێ سەرف دەکرا بە یەک کلیکی گەنجێکی ئەمریکی جینز(کاوبۆ)لەبەر بەسەر یەکدی داڕوخا و کۆمپانیای فەیسبوک کە ئەو گەنجە (ماڕک زگربێرگ)دامەزرێنەر و خاوەنیەتی و داهاتی ساڵانەی لە زۆربەی وڵاتانی زلهێزیش زۆرترە گەورەترین درۆی ئاشکرا کرد کە کار لە سەر بۆچوون و فکری خەڵکی کوردستان دەکات. لە دوای ئەو بڕیارەی فەیسبوک بە داخستنی زیاتر لە 400 پەیج و ئەکاوەنت و گروپ و ئاشکرا بوونی ئەوەی کە تەنها سپۆنسەری مانگانەی ئەوانە نزیکەی 300 هەزار دۆلار بووە،خەڵک دەپرسن ئایا بەڕێوەبردنی ئەو هەموو پەیجانە چ سوپایەکی لە پشت بووە و چ پارەیەکی خەیاڵی لێ سەرف کراوە! خەڵک پرسیاری ئەوەش دەکا کە ئەو پارەیە لە کوێ هاتووە؟ هەندێکیان دەڵێن سەرچاوەکەی فرۆشتنی کەرکوکە و لەو داهاتەیە کە کۆمپانیاکانی هاوسەرۆکێکی یەکێتی لە رێگای فرۆشتنی نەوتی کەرکوک و وەرگرتنی تەندەری ژمارەیەک پڕۆژەکانی کەرکوک کە گۆڕینی فڕۆکەخانەی سەربازی ئەو شارە بۆ فڕۆکەخانەیەکی مەدەنی یەکێکە لەو پڕۆژانە،هەروەها ئەو 36 ملیار دۆلار و 80 تۆن زێڕەی لە ئێرانەوە لە سێ ساڵی رابردوو بۆ سلێمانی هاتووە،بەشێکیش سەرنجیان بۆ دەروازە سنووریەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان دەچێ کە دەکەونە سنووری پارێزگای سلێمانی کە داهاتێکی زۆریان هەیە بەڵام پارەکە ناچێتەوە خەزێنەی حکومەت بەڵکو لە رێگای مەکتەبی دارایی گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەشی زۆری دەچێتە سەر حیسابی شەخسی جەنابی ئیمپڕاتۆری درۆ. لە بەرامبەر ئەو هێزە درۆینە لە کوردستاندا هێزێک هەیە کە گوزارشت لە خواست و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانیەکانی خەڵکی کوردستان دەکا و رەگ و ریشەی ئەو هێزە لە هەناوی کۆمەڵگەدا رووچوون و سەت ساڵە لە بەرامبەر هێز و ستەمی داگیرکەران و داردەستە ناوخۆیەکان بە بەهێزیەوە ماوە و لە سەر پێ وەستاوە،ئەو هێزەی کە لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان متمانەی زیاتر لە 93% خەلکی لەگەڵدا بوو و دواتر بە هێزەوە و بە سەربەرزیەوە توانی بەرامبەر گەلە کۆمەی داگیرکەران و خیانەتی خاکفرۆشان بوەستێت و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان بپارێزێ و پیلانەکان هەڵوەشێنێتەوە. هەر کاتێک کوردستان بەرەو بەهێزبوونەوە هەنگاو دەنێ،داگیرکەران لە لاوازترین خاڵمان دەست دەخەنەوە ناو کاروبار و ژیان و بڕیاری سیاسی و کارتی ناکۆکیە ناوخۆیەکان لە رێگای هێزی ئیمپڕاتۆریەتی درۆ زەق دەکەنەوە و لە دژی سەقامگیری و باشبوونی دۆخی ژیانی و ژیاری خەڵکی کوردستان بەکاریان دەهێنەوە،ئێستا لەگەڵ نزیک بوونەوەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کە دۆخی ئابوری هەرێمی کوردستان و ژیانی موچە خۆرانی و بازاڕەکەی بەرەو جێگیری و سەقامگیری دەبا کە ئەوەش هۆکارە بۆ بەهێزبوونەوەی هەرێمی کوردستان و سەرکەوتنی ئیرادەی ناوخۆیی بەسەر پیلان و خواستی دەرەکی. بەگژ حکومەت داچوونەوە و تیرترکردنی ئیڕهابی فکری و بەڕێوەبردنی هەڵمەتی میدیایی کە لە ساڵانی رابردوو کار و ئەرکی ئیمپڕاتۆریەتی درۆ بوو و دەسکەوتی شەخسی باشی هەبوو بۆ جەنابی ئیمپڕاتۆری درۆ لە سەرکەوتنی کودەتاکەی لە ناو حیزبەکەیدا و دەست گرتن بەسەر سەروەت و سامانێکی زۆردا و دامەزراندنی تۆڕێکی کۆمپانیای وەبەرهێنان لە رێگای برا و خزمەکانیەوە،ئێستا هەموو ئەوانە لە ژێر مەترسی لەناوچوونن چونکە بە ئاشکرا بوونی حەقیقەتی ئیپڕاتۆر لەوەی ئەو ئیپڕاتۆریەتە بەهێزەی بانگەشەی بۆ دەکرد لە درۆ و ساختە زیاتر نەبووە،بۆیە دواین هەوڵی بۆ پاراستنی ئیپڕاتۆریەتەکەی بە بەکارهێنانی هەموو کەرستە و ئامرازەکانی بەردەستی دەبێت لە رێگای درێژکردنەوەی ئەو شەڕە دەروونیەی چەند ساڵێکە لە بەرامبەر خەڵکی کوردستان دەستی پێکردوە و باجەکەشی تەنها لێکترازانی کۆمەڵایەتی و زیاتر بە حیزبی کردنی کۆنەڵگا و داگیرکردنی ئیرادەی خەڵک بووە.


د.لەتیف جەمال رەشید ماوەیەكی زۆرە خەڵكی كوردستان لەساییەی دەسەڵات وهەلومەرجی حكومەتی هەرێم بەدەست كێشەی سیاسی وئابوری ونەبوونی بودجەو مووچەو بڵاو بوونەوەی بێكاری دەناڵێنن،سەرەڕای ئەوەی هەرێمی كوردستان خاوەنی سەروەت وسامان وئاوێكی زۆر و خاكێكی بەپیتە، بەڵام بەرپرسانی هەرێم تاوەكو ئێستا چارەرسەرێكی گونجاویان نەدۆزێوەتەوە بۆ چاكردنی ئەو بارودۆخە نالەبارە. زۆربەی دەزگاكانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسان باسی ئەم بارودۆخە دەكەن و بابەتی گرنگ وبەپێز بڵاودەكەنەوە لەسەر چۆنیەتی چارەسەر كردنی ئەو قەیرانانە، بەڵام بە داخەوە نە بەرپرسانی هەرێم كە هۆكاری سەرەكی ئەو قەیرانانەن نە حزبە سیاسیەكان نە حكومەت خۆیان دەكەنە خاوەنی ئەو بارودۆخە، وئامادەنین بەرپرسیارەتی هەڵگرن و چارەسەرێكی گونجاوی بۆ بدۆزنەوە. لە زۆربەی ووڵاتان سەرەڕای ئەوەی زۆربەیان خاوەنی نەوت و غاز و كانزا و جوغرافیایەكی گرنگ نین، وەك هەرێمی كوردستان، یەكێك لە هۆكارە سەركیەكانی پێشكەوتن و چارەسەركردنی كێشەی ئابووری و دارایی و ئیداریەكان دەستنیشان كردنی خەلەل و كەم و كورتیەكانیەتی، بۆ ئەوەی رێگەچارە و چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزنەوە، لەگەڵ كەسانی شارەزا وپسپۆر، بە شێوەیەكی شەفاف بۆ دابین كردنی بژێوی و دەرامەتی خەڵك. بەڵام بە داخەوە لای ئێمە ئەوانەی كێشەكانیان دروست كردوە هەوڵی خۆ دزینەوە دەدەن لە بەرپرسیارەیەتی، ولە بری ئەوەی دان بە هەڵەكانیان بنین و داوای لێبوردن بكەن و ئامادەیی دەربڕن بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی، خەتاكە دەخەنە سەر خەڵكانی تر. من لێرەدا حكومەتی ناوەندی بێ بەری ناكەم لە بەرپرسیاریەتی لە ناردن و دابین كردنی مووچەو بودجەی خەڵكی كوردستان، چونكە ئەو لە سەرەتاوە دەبوو یاسای نەوت وغاز و ئەو یاسایانەی كەپەیوەندی بە دەرامەت و بژێوی خەڵكەوە هەیە، تەشریع بكات بۆ ئەوەی شێوازی پەیوەندی ئابووری وسیاسی نێوان هەرێم وبەغدا دابڕشتایە كە بەهیچ شێوەیەك كێشەی مەعاش ودەرامەت بۆ هاووڵاتیان دروست نەبوایە. چارەسەر كردنی ئەم كێشەیە زۆر گرنگە بۆ ئێستا ودواڕۆژیش و ئەو سەروەت وسامانە كە ئێستا بەبێ بەرنامە و بەدەر لە یاسا بەكار ئەهێنرێت موڵكی هەموو گەلە، وپێویستە بەرژەوەندی ئەمرۆ و دواڕۆژیش رەچاو بكرێت. لەپاش 28 ساڵ لەحوكمڕانی كوردی دەسەڵاتداران سەرەڕای لەدەستدانی بەشێكی زۆری سەروەت و سامان و خاك و ئاوی هەرێمی كوردستان، و لەجیاتی ئەوەی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت بكەنە هۆكارێكی سەرەكی بۆ پاراستنی پێگەو پێگەیاندنی وزامن كردنی ئایندەی نەوەكانی داهاتووی، بەپێچەوانەوە دەبینین دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت خەریكە دەبێتە هۆی ماڵ وێرانی و بەهەدەردانی سەروەت وسامان و بڕینی قوتی میلەت وخەڵكیان خستۆتە ژێر قەرزێكی گەورە كەڵەكەبوو. لەهەرێمی كوردستان تا ساڵی 2014 بەبێ كێشە بودجە وشایستە داراییەكانمان لەلایەن حكومەتی فیدراڵیەوە بۆ دەهات و كورد ڕۆڵێكی كاریگەری هەبوو لە دارشتنی سیاسەتی عیراق، تا ئەو كاتەی كە حكومەتی هەرێم سیاسەتی ئابووری سەربەخوی پەیڕەو كرد، و عبدالله عبدالله ناسراو بە "ئاشتی هەورامی" لە لەندەنەوە هێنرابوەوە لەسەر راسپاردەی بەرهەم سالح و بێ لێپرسینەوە دۆسێ نەوتی ڕادەست كرا، بەبی رەچاو كردنی ئەوەی كە دەرهێنانی وفرۆشتنی نەوت وغاز لەدونیای ئێستادا شتێكی ئاسان نیە وكۆمەڵە خەڵكێكی پسپۆڕی دەوێت كە شارەزایی تەواویان هەبێت لە مەوادی دەستور ویاسادا. عبد الله عبد الله كەپۆستی باڵای وەرگرت لەهەرێمی كوردستان بەڕاوێژ كردن لە گەڵ بەرهەم سالح دۆسێ نەوتی خستە ناو جانتاكەیەو، و بێ گوێدانە هیچ یاسایەك یان ڕاوێژ لەگەڵ كەسانی شارەزا، ولەپێناو بەرژەوندی حزبی وشەخسی وبێ گەڕانەوە بۆ حكومەتی ناوەند وپەڕلەمانی كوردستان، هەستا بە واژوو كردنی چەندین گرێبەستی درێژ خایەن، بە نێوەند گیری چەند دەڵاڵێَك، لە گەڵ چەندین كۆمپانیا كە هەندێكیان نەناسراو بوون، لە بەرامبەر بەخشینی ئمتیازاتێكی زۆر. و لە جیاتی ئەوەی هەرێمی كوردستان بخاتە سەر نەخشەی ووڵاتە نەوتیەكانی جیهان وەك بەڵێنی دابوو،بە پێچەوانەوە كێشەی گەورەی بۆ هەرێمی كوردستان دروست كرد كە بوە هۆی بڵاو بوونەوەی گەندەڵیەكی زۆر، و كێشە قوڵی خستە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم وحكومەتی فیدڕالیدا. پەپێ نووسراوێك كە لە مانگی 12 ساڵی 2007 جەنابی سەرۆك مام جەلال وەك سەرۆك كۆمار لە گەڵ نووری مالیكی سەرۆك وەزیران ئەوسای عیراق نامەیەكیان ئاراستەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردبوو، داوای لە سەرۆكی هەرێم مەسعود بەرزانی دكرد، كە ئەو سیاسەتەی كە لە كوردستان دانرابوو بۆ نەوت وغاز راگیرێت، كە بەدەر لەیاسا و مەوادی دەستور عیراق رێگەی بە ئاشتی هەورامی دابوو عەقدی نەوتی واژوو بكات، تا وەكو ئەنجومەنی نوێنەران عیراق یاسای نەوت وغاز پەسەند دەكات، وچوار چێوەی یاسایی دروست دائەنێت، بۆ پاراستنی بەژەوەندی گەلی كوردستان، بەڵام ئاشتی بە پشتیوانی حزبی وشەخسی بەردەوام بوو و توانی، پیلانی خۆی جیبەجی بكات. ئەوە بوو حكومەتی فیدڕالی بەشە بودجەی هەرێم كە لە 17% بودجەی گشتی عیراق ڕاگرت، و حكومەتی هەرێم بە هۆی بڕینی بودجە و دابەزینی نرخی نەوت لە بازارەكانی جیهان رووبەڕووی قەیرانێكی دارایی سەخت كردەوە، و میلەت وگەلی كوردستان بوونە قوربانی سیاسەتە چەوتەكانی ئەو لایەنانەی كەپشتگیریان لەو سیاسەتە ئەكرد. هەر ووڵاتێك كەرێز لەخۆی و هاووڵاتیانی بگرێت و شەفافیەت و دیموكراتی تیدا بەرقەرار بێت، دەبێت خاوەنی یاسای بودجەو شەفافیەت بێت لەشێوازی ئیدارەدان وبڵاو كردنەوە و ئاشكراكردنی داهات و خەرجیەكانی، و بڕی قەرز، و ئەو لایەنانەی قەرزەیان لێ كراوە، هەروەها چۆنیەتی خەرجكردنی پارەكەش دەبێت ئاشكرا بكات، و ئەو كەسانەی كەبوونە هۆی دروست بوونی گەندەڵی وئەم وەزعە پێویستە لێان بپرسرێتەوە و باجی ئەو كێشە گەورەیە بدەن نەك خەڵكی كوردستان. بەداخەوە لای ئێمە زۆربەی خەڵكی كوردستان و تەنانەت پەڕلەمانی كوردستانیش نازانێت ئەو قەرزانە چۆنە و بۆ چی كراون، ئەگەر ئەو قەرزانە راستیشبن لەچیدا خەرج كراوە وبۆچی كراوە وداهاتی ناوخۆ وفرۆشتنی نەوت چەندە وچوون دابەش دەكرێت. ولە جیاتی ئەوەی سەرۆكەكانی كابینەكانی ئێستا وڕابردووی حكومەتی هەرێم بەرپرسیاریەتی بەشێك لەو هەموو گەندەڵی وقەیرانانە بخاتە ئەستۆی خویان وحكومەتەكانیان، بویە دەبێت حكومەتی هەرێم پەلەبكات لە كۆتایی هێنان بەو گەندەلێ و ناشەفافیەت ولێپرسینەوە جدی بكات لە بەهەدەردانی سامانی گشتی و دۆسێ نەوت وغاز، لە ژێر چنگی حزب و چەند كەسێك دەر بهێنێت و بڕیاری سەربەخۆ كردنی ئەو مەلەفە و دورخستنەوەی لە دەستی دەرەكی و بەتایبەت ووڵاتانی دراوسی، و چارەسەر كردنی كێشەكانی پەیوەست بەو مەلەفە لەگەڵ حكومەتی فیدڕالی لەچوارچێوەی دەستور عیراق دا بكات، كە بەبێ ئەنجامدانی چاكسازای ریشەیی ودەستەبەركردنی شەفافیەت لەدۆسێ نەوت وغاز هیچ ئەنجامێكی نابێت. دەبێت پڕۆگرامی تێر وتەسەل دابنرێت بۆ چاك كردنی بارودۆخی هەرێمی كوردستان لە ڕوی داهات وخەرجی و مووچەو خزمەتگوزاری وپڕۆژەی ئاوەدانكردنەوە ونەهێشتنی گەندەڵی وئمتیازاتی ناشەرعی لەهەموو رووێەكەوە، ئەوەش بەوكەسانە ناكرێت كە خۆیان هۆكاری بڵاو بوونەوەی گەندەڵین وبەردەوامن لە دەسەڵات.


دڵشاد عەبدولڕەحمان  ھەرچەندە پێناسەیەکی دیاریکراو بۆ پۆپۆلیستی نیە کەھەموان لەسەری ڕێک کەوتبن ،بەڵام ئەوەی دەکرێ کۆدەنگی لەسەربێ ئەوەیە ،کە پۆپۆلیست ئەوکەس وڕێکخراووحزبانەن کە خۆیان واپیشان دەدەن کەنوێنەرایەتی گەل وخەڵک دەکەن وبەرگری لەمافەکانیان دەکەن ،دژ بە دەستەبژێری دەسەڵات.لەواقیعدا پۆپۆلیستەکان کاتێک دەگەن بەدەسەڵات لەوبەڵێنانە پەشێمان دەبنەوەو پشت دەکەنە دەنگدەرانیان.لەکوردستان ،لەدوای دروست بونی بزوتنەوەی گۆڕان ،یەکێتی وپارتی ئەوبزوتنەوەیان بە بزوتنەوەیەکی پۆپۆلیستی تۆمەتباردەکرد،لەوکاتەوە تائێستا ئەو تۆمەتە ڕووبەڕووی زۆر لایەن وتەنانەت کەسانی سەربەخۆش دەکرێ وھەندێ لەولایەنانەش بەشێکن لەدەسەڵات وبەپۆپۆلیست ناودەبرێن. باشترین زەمینەی گەشەکردنی پۆپۆلیستی بوونی قەیرانە ئنجا ئەوقەیرانە دارایی بێ،سیاسی بێ،تەندروستی بێ .....خۆئەگەر سەیری دۆخی ئێستای کوردستان بکەین بەداخەوە لەقەیراندانقوم بوە ،ھەربۆیە دیاردەی پۆپۆلیستی بەشێوازی جۆراوجۆر ناوبەناودەردەکەون وبەھەڵگرتنی کۆمەڵێک دروشم ،ماوەیەک خەڵک سەرقاڵ دەکەن و ئومێدێکی نەزۆک وبەدینەھاتویان دەخەنە بیرو زھنەوەو ھەرزووش لەبیر دەچنەوە ،بەداخەوە لەبەر کەمی ڕۆشنبیری گشتی و گرانی وقورسی قەیرانەکان، زۆرجار خەڵکێکی زۆر بەبەشێک لەڕۆشنبیرەکانیشەوە دەکەونە داوی ئەوپۆلۆلیستانەو بەکوردی وبەکورتی دەگەوجێندرێن ،نەک ھەرئەوە زۆرجار کەسانی دڵسۆز وەلەپێگەی سیاسی بەرزیشەوە لەبەرنەبونی ئەزمون یان ھۆکاری تر دەبنە دەمڕاستی پۆپۆلیستە حەقیقیەکان ،ئەوەی ئێستا گەرمە باسکردنی گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانە بۆبەغدا،بەدەرلە ڕەوایەتی ئەوداخوازیە ،ئەوانەی ئەودروشمەیان بەرزکردۆتەوە دەزانن جێبەجێکردنی مەحاڵە لەبەر کۆمەڵێک ھۆکار کەئێرە شوێنی باس کردنیان نیە ،بەڵام دەبینین میدیای ئەژمارکراو یان نزیک لەجەنابی سەرۆک کۆمارو پەرلەمانتاری نزیک لەو ،بانگەشەی ئەو ھەنگاوەدەکەن (کەمن بۆخۆم گومانم لەدڵسۆزی ئەوپەرلەمانتارە بەڕێزە نیە)ئەو ھەڵمەتی گواستنەوەی موجەیە بۆبەغدا جگە لە گەوجاندنی خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان وچاندنی ئومێدێکی ھەرگیز بەدی نەھاتو لەناخی فەرمانبەرانی بێ موچەی ھەرێم ،شتێکی دیکە نیە.ئەمڕۆ فەرمانبەرانی کوردستان وەک ئەونقوم بوەیان لێھاتوە کەبەدوای چڵە پوشێکدا دەگەڕێ بۆئەوەی دەستی پێوەبگرێ ونەخنکێ ،ئەو پڕۆژەی گواستنەوەی موچە لەھەرێمەوە بۆبەغدا بەھای ئەو چڵەپوشەشی نیە . لەکۆتایدا دەڵێم، خەڵکی کوردستان چۆن شایستەی حوکمێکی زۆر شایستە ترن لەم حوکمەی ئێستا،ئاوەھاش شایستەی ئەوەنین ھەر جارەی بەجۆرێک نەھامەتی وقەیرانەکانیان بەکاربھێندرێن بۆ خەڵەتاندنیان .


د. محەمەد عەلی زیاد لە بیست و پێنج ساڵە بارزانی باوک و کوڕو برازا، لەپۆستە گرنگ و حەساسەکانی حکومڕانی ھەرێمن (سەرۆکایەتی ھەرێم و حکومەت و ئەنجومەنی ئاسایش). یەکەم: کاتی ئەوەیە بپرسین: ئەگەر بە ڕێژەییش بێ، ئەم سێ کەسایەتیە سەرکەوتوبون لە پرۆسەی حکومڕانی؟ ئایا سەردەمی دەسەڵاتی ئەم سێ کەسایەتیە، سەردەمانێکی تاریکە یاخود درەوشاوە؟ دوەم: لەسەردەمی ھەرسێ بارزانیەکە، ئاستی دیموکراسی، ئاسایشی تاک، خزمەتگوزاری، ئابوری ھەرێم، شەفافیەت و قەڵاچۆکردنی گەندەڵی، عەدالەتی کۆمەڵایەتی، سەربەخۆیی دادگاکان، دۆخی کەرکوک و ناوچەجێناکۆکەکان، پەیوەندیەکانی ھەرێم و بەغدادو وڵاتانی ناوچەکە....ھتد، بەرەو پێشەوە ڕۆشتوە یاخود پاشەکشەی کردوە؟ ڕاستە ھۆکاری زاتی و مەوزوعی ھەبوە بۆ ئەم بوارانەو یەکێتی و حیزبی تریش بەشداربون لە حکومڕانی ئەم چارەکە سەدەیە، بەڵام لەحاڵەتی شکستی ھەر حیزب و دامەزراوەیەک و تەنانەت لە یارییەکی وەرزشیشدا، کەسی یەکەم بەرپرسیارێتێ دەکەوێتەسەرشان. ئەڵبەتە بۆ دۆخی سەرکەوتنیش، کەسی یەکەم پشکی شێری بەردەکەوێت. سێیەم: ھەردو پرۆسەی سەربەخۆیی ئابوری و ڕیفراندۆم، بەکارەسات کۆتایهات و ئەنجامێکی تەواو پێچەوانەی هەبوو. لەبری سەربەخۆ بوون و ئابورییەکی بەهێز: قەرزاری نەوەکانی ئێستە و داھاتوو، ئابوری ھەرێم بوەتە پاشکۆی تورکیاو پێگەی سیاسی ھەرێمیش، لەوپەڕی خراپیدایە. چوارەم: پێوەرە نێودەوڵەتیەکانی حکومڕانی باش: "شەفافیەت، ھاوڵاتی بون، حکومەتی وەڵامدەرەوە، لێپرسینەوە، بەشداربون، سەروەری یاسا، چوست و چالاکی دامەزراوەکان و دەسەڵاتی دادپەروەرو یەکسانیخواز". ئەگەر کەمێک بێلایەنانە داوەری بکەین و بەپێی ئەم پێوەرانە بێ، مەعلومە ھیچکام لەسێ بارزانیەکە سەرکەوتونەبون لە پرۆسەی حکومڕانیدا. پێنجەم: دەشێ پرسیار یاخود گومان ھەبێ لەسەر حکومڕانی مەسرور بارزانی و بوترێت ھێشتا زووە بۆ داوەری کردنی. بەڵام لەبیرمان نەچێت ناوبراو بۆ چەندین ساڵ سەرۆکی گرنگترین دامەزراوەی ئاسایش و ھەواڵگری بوە: "ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێم" ، دەزگای پاراستنی پارتیشی لابوە. شەشەم: شکستی سەرۆکی ئەم کابینەیە، بەشێکی پەیوەندی بە کۆرۆناو دابەزینی نرخی نەوتەوە ھەیە. بەڵام بەڕای ئێمە ھۆکاری سەرەکی: ھێنانی ستاف و تیم و عەقڵیەتی دەزگای پاراستنە بۆ حکومەت و پەرلەمان و دامەزراوەکانی تر. حەوتەم: کارکردن بە نەفەس و ئەجێندای ئەمنی لەدامەزراوەکانی ھەرێم، بوەتە گەورەترین بەڵا. بۆ نمونە: باشترە پەرلەمان وەکو خولی پێشو، بەزەبری ھێز داخرێت نەوەک وەک ئێستە ببێت بە مەخسەرەترین و کارتۆنیترین دامەزراوە بەدەست عەقڵیەتی پاراستن لەو دامەزراوەیە. ھەمان قسە بۆ حکومەت و بەکارھێنانی دادگاکان لەخزمەت ھەمان ئەجێندا ڕاستە. ھەشتەم: دوای چارەکە سەدەیەک لە حکومڕانی مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و یازدەمانگ لە پێکھێنانی کابینەکەی مەسرور بارزانی: ھەژاری بوەتە دەردێکی کوشندەی بەربڵاو، دوئیدارەیی و لەتبونی ھەرێم تۆختربوەتەوە، حکومەت بەرپرسی پەرلەمانە نەک بەپێچەوانەوە، نەتوانرا زوتر لەگەڵ بەغداد ڕێکەوتن بکرێت، تائێستەش سەرۆکی کابینەکە دەستبەرداری پۆستە ئەمنیەکانی نەبوە، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بێ وەزیرەو بێمتمانەیی ھاوڵاتیان بە دەسەڵاتداران لە لوتکەدایە. نۆیەم: بەدڵنیاییەوە کاتی ئەوە ھاتوە: ھەرسێ بارزانیەکە ئیعلانی شکستی خۆیان بکەن لە حکومڕانیداو بچنە دواوە. کارەسات ئەوەیە ئەم کارە ئەنجامنەدەن و لەمەش کارەساتر: بەنیازبن نەوەکانیان بێننە پێشەوە بۆ پۆستە حکومیەکان.


سۆزان سەعید   مرۆڤەکان هەمیشە تامەزرۆی خۆشیەکانن، مرۆڤ تەنها کاتێك دەتوانێت خولیای خۆشیەکان بێت کە خۆشی بونی هەبێت. کاتێک لە کۆمەڵگایەکی دیاریکراودا تاکەکان بە ژمارەیەکی زۆری لەبەرچاو بەختیار بن ئەوسا ئەوە نیشاندەری ئەوەیە کە کۆمەڵگایەکی خۆشبەختە. سەرنجی یەکەم بۆ نیشاندانی خۆشبەختی کۆمەڵگا بە پلەی یەکەم باری خۆشگوزەرانیەتی کە لە ئاستێکی باڵادایە. ئەوەی ئەمڕۆ زۆر زەق و لەبەرچاوە گوزەران و توانا ماتەریەکانی تاکەکانی کۆمەڵگای کوردیە کە بۆتە پێوەرێك بۆ خۆشبەختی. بە دڵنیاییەوە باری گوزەرانی باش و لەبار ئاسودەیی و سەقامگیری دەبەخشێت لە بەرامبەر کەسانی خراپگوزەران و بێدەرەتان، بەڵام خاڵێ ناوەرۆکی سەرەتای خۆشبەختی بە پلەی یەکەم ئەوە نییە کە هەژاری بونی هەیە، بەڵکو لەلایەنێکی سەرەکیەوە لە بەراوردکردندایە؛ لەوەدایە کە ئەو هەیەتی و من نیمە. ئەو بەراوردە ڕۆڵی سەرەکی هەیە لەوەدا کە تۆشی نابەختەوەریمان دەکات. ئەم بەراوردە نوێیە لە کۆمەڵگاکەمانا لە سەردەمانێکدا هێندە جێگەی سەرنج و گرنگی پێدان نەبوو. ئەگەر چاوێك بخشێنین بە سەرەتا و ناوەندی سەدەی ڕابردودا کۆمەڵگاکەمان ترادسیۆنێلی بوو، ژیان تیادا سادە ساکار بوو، چاوەڕوانی تاکەکان گەلێك سنوردارتر بوو. زۆر لە بەتەمەنەکان باس لەوە دەکەن ئەو رۆژانەی قوبڵیان خواردبێت وەك جەژنێك وابووە لایان. بەو هۆکارەی هەڵبژاردەکان و ئاوات و چاوەڕوانیەکانیش کەم و سنوردار بون. بە پێچەوانەی ئەمرۆی کۆمەڵگای کوردی بەبەراوردکردن لەگەڵ ئەو سەردەمە تاك و خێزانەکان بەتواناترن لە وەدەستهێنانی ماڵ و کەرەستەی ماڵ و هۆکاری گوێزانەوە، بەڵام نابەختەوەرترن. ئەوەش بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە تاکەکان چاوڕوانی و ئاواتەکانیان زیاتر و بەربڵاو ترە. ئەمەش ناکرێت وەکو داواکاریەکی نا مەشروع و ناڕەوا تێیبڕوانرێت لەبەر ئەوەی ژیان و داواکاری و چاوەڕوانیەکانی ژیانی سەردەمە. کۆمەڵگاکەمان بە گشتی و نەوەی نوێ بە تایبەتیلەم سەردەمەدا هەمیشە بەدوای خۆشبەختیا دەگەڕێن، بەڵام بە شێوازێکی نادروست. زۆر لەوانە دەیانەوێت لە ژیانی خۆنمایشکردن و لە ڕێگایشتە ماتەریەکانەوەبیدۆزنەوە ، ئەمەش بۆتە ستایلێکی نوێی ژیانیان؛ شێوازێکی ژیانی چالاکانە لە گەڕان و هەڵپە بەدوای شتە ماتەریەکانا تا لەو ڕێگایەوە خۆی و بونی خۆی نمایش بکات و لەو ڕێگایەوە خۆشبەختی بەدەست بێنێت ودەوروبەرەکەی بە خۆشبەخت تێیبڕوانن.   ئەمڕو تاکی کورد لە هەوڵی خۆ خۆشبەختکردن بەردەوام و بە ڕێگای جیاواز لە هەوڵدایە سەرنجی بەرامبەرەکەی بەلای خۆدا رابکێشێت، بەرامبەرەکەشی سەرنجی تەنها بۆ ماوەیەکی کورت رادەکێشرێت  بەلای ئەو کەسە و ئامرازە ماتەریە نوێیەکەی، لە ماوەیەکی کورتا کۆتایی بەو سەرنجڕاکێشانە دێت و دەگەڕێتەوە بۆ باری ئاسایی بون. ئەمەش گەرچی بەردەوام لە دوبارەبونەوەدا بێت هەمیشە هەمان ئەنجام دێتەوە پێش، کاتێك شتەکان بێناوەرۆك بن، لە نمونەی ؛ کەرەستەکانی ناو ماڵو، خانوی سەرنجڕاکێش و ئۆتۆمۆبیلی مۆدێل باڵا و تایبەت و تەنانەت دبلۆم و بڕوانامەکانی زانکۆ دور یان لاوزی بواری زانستی و نمایشکاریەکان. ئەم گەڕانە بەردەوامانە بەدوای نوێکاریەکانی ژیانی ماتەری و کەرەستەکانەوە بە مەبەستی خۆ نمایش کردن تاکی کوردی خستۆتە ژیانێکی جۆرێك لە دڵەراوکێوە، کە هەمێشە چالاك بێت بۆ گەڕان بەدوای ئەمرازێكدا کە خۆی لەوڕێگایەوە نمایش بکات. ساڵانێكە تەنها لە چوارچیوەی شتە ماتەریەکاندا نەماوە و بە ئاراستەی تردا ڕۆشتووە و بەرفراونتر بۆتەوە، دیاردەی ئەمڕۆی سوشیال میدیای کوردی باشترین نمونەیە. ئەم گەڕانە بێ ناوەڕۆکە تاکەکانی بە ئاراستەیەکدا بردووە کە لە کاتی نەدۆزینەوەی هیچ ئەمرازێك بۆخۆ نمایشکاری توشی بێ هیوای سست بن ببن. هەر بۆیە  دەبینین کۆمەڵگاکەمان بەشێکیان بێهیوان و بەشێکیان لە دڵەراوکێی بەردەوامدان.    بەشێکی زۆر لە خۆشبەختی لەوەدایە کە دەوروبەر گرنگیت پیبدەن و نرخت بۆ دابنێن، بەڵام کاتێك خۆت تەنها و تەنها بە مەبەستی نرخ بۆ دانانت و خوێندنەوەت لە هەوڵدا بیت گەلێك ئاستەمە بخوێنڕێیتەوە. نرخپێدان و گرنگی پێدانی تاکەکان لەلایان دەوروبەرەوە لەو رێگایەوە نایەتەدی کە بۆ ئەو مەبەستە کاری بۆ بکرێت، بەڵکو لە کاتێکدا بەدی دێت کە هەرگیز بیرت بۆ ئەو مەبەستە نەچوبێت و لەدەرەوەی ویستی خۆتەوە دەوروبەرت نرخت بۆ دابنێن، ئەوسا ئەوەش بەرەو خۆشبەختیت دەبات و خۆشبەختی بەرهەم دەهێنێت و بەختەوەر دەبیت، بۆ بەدیهێنانیبەختەوەری ناکرێت بەدوایدا بگەڕێت. خۆشبەختی لە شێوازی دیاریەك دایە کە پێت دەبەخشرێت بێ ئەوەی بە دوایدا وێڵ بیت، وەك ڕاکردنی منداڵێك بەدوای سێبەری خۆیدا. خۆشبەختی هەمیشە لەدەست و ویستی خۆتا نییە، بۆ گەیشتن بە خۆشبەختی لە کۆمەلگادا پێویستە بەختش یاوەرت بێت. پێکهاتنی زەمینەسازی وهێنانەدی دەرفەتەکان بۆتئەو هەلومەرجەت بۆ بهێننە دی کە لە توانا و ووزەتا بێت بەدوای خۆشی و خۆشبەختیدا بگەڕێت. لای گریکەکانی دێرین دەبوایە خواکان ( دایمۆن) خۆشیان بویستیتایە تاکو خۆشبەخت و سەرکەوتوبیت. ئەمڕو سیستەمی سیاسی و ئابوری وڵاتەکان جێگای دیمۆنەکانیان لە تەواوی کۆمەڵگاکاندا گرتۆتەوە. ئەم دەرفەت و زەمینەسازیەش لە کۆمەڵگاکەماندا لە ئاستی نەبوندایە؛ سیستەمی حوکمڕانی هەرێمەکەمان دەرفەت و ئاسانکاری ئەوەی بۆ نەکردوین کە ڕوبەڕوی خۆشبەختی ببینەوە،بۆیە ناچارین جارێکی تر وەکو سەردەمی گریکەکان ناهۆشیارانە ناچار بین ڕو بکەینەوە دایمۆن یان خوای تاق و تەنها بە هیوای ئەوەی خۆشبەختیمان پێ ببەخشێت. ئەوەش دیاردەیەکی ڕۆژانە و لەبەرچاوە و جێگای نکۆڵی نیە کە بە لێشاو ڕوکردنە خوای تاق و تەنها و ئایین لە لایەن تاکەکانی هەرێمەکەمان ئەنجامی بێهیوابونە لە بەدیهێنانی خۆشبەختی، کە دەکرێت لە ڕێگای زەمینەسازی بۆکردن و هێنانەدی دەرفەتەکان بۆی کەم تا زۆر پێی بگەین. سیستەمی دەسەڵات وەک دەزگای یەکەم دەبینرێت کە ئەو بەختە یان دەرفەتە بهێنێتەدی بۆ هاوڵاتیان تاکو خۆشی تیادا بدۆزنەوەو ببنە مرۆڤێکی(خوشبەخت). هاوتەریب لەگەڵ ئەمەدا خۆشبەختی پەیوەستە بە دەوروبەرەوە؛ بە مانای ئەوەی دەوروبەر چۆن تێت دەڕوانێت، کاتێك هەست بەوە بکەیت دەوروبەر بە چاوێکی نزم تێت دەڕوانێت چەندە ساماندار و خاوەندی پلە و پایەی بەرزیش بیت نابەختەوەری لە ناختایە. دەوروبەر ئاوێنەی خۆتە کە خۆتی لێوە دەبینیت. کە خۆشبەختی یەکتاکی نییە و تەنها لە پێوەری خودەوە تیی ناڕوانرێت. دەرفاندن و شانسی دۆزینەوەی خۆشی و خۆشبەختی تەنها لەوەدا نەماوە کە سیستەمی دەسەڵات دەرفەتی ئەوەمان بۆ ناگونجێنێت، بەڵکو بەختی ئەوەشمان پێنادرێت لە ژیانی کۆمەڵایەتیشماندا ئازاد بین.ڕێبەستی و نەریتەکانی ژیانی کۆمەلایەتیش لایەنێکی گڕنگی تری لەبەرچاوە بۆ نابەختەوەربونمان. پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیری کە دەبێتە رەگو ریشە و کاریگەری لەسەر پەروەردەی خێزانی تاکو ئەمڕۆ لە کۆمەلگاکەماندا لە ڕێگای هەڵبژاردنی هاوسەر لە لایەن کەسی سێهەمەوە ئەنجام دەدرێت و نەخشەی بۆ دەکێشرێت. ئەوەش هاوسەرگیری دەخاتە ناو پرۆسەیەکەوە بەبێ هەست و ویستی بە ئاگا هاوسەرەکان توشی پەشیمانی ناو دڵ و دەرونی دەکات، گەرچی زۆر جار گوشاری کۆمەڵایەتی هۆکاری بەردەوامی تا مردنی ئەو هاوسەرگیریانەن. ئەنجامی ئەوەش ڕۆڵەکانی ئەو هاوسەرگیریە دەکەونە ژیانێکی نابەختەوەر و لەدوا ئەنجامدا کۆمەلگایەکی لاوازی کۆمەڵایەتی پێکدێت. ئەمە تەنها نمونەیەکە و سەدان نمونەی لەو جۆرە لە کۆمەڵگاکەماندا باون و پەیڕەو دەکرێن. خۆشبەختی تەنها پەیوەست نیە بەسکتێری و باری گوزەران، مەرج نییە کە مڕوڤ تێر بوو ئیتر خۆشبەختە! ئەوە ئاژەڵە کە هەمیشە خۆشی لەنان خواردن و جواندنەوە دەبینێت. مڕۆڤ لەدەرەوەی نانخواردن پێویستی تری هەیە. وە ك ئەوەی ئەرستو دەڵێت: “گرنگی لەوەدایە خۆشبەختی ناورۆکی بێت و پەیوەست بێت بە مامەڵەی رۆحەوە”. مرۆڤی خۆشبەخت ئەو مڕۆڤەیە لە ژیانێکدا بێت کە مانای هەبێت بۆ خۆی و بۆ دەوروبەرەکەی. مرۆڤی خۆشبەخت ئەو مڕۆڤەیە کە بەردەوام لە گەڕاندایە بەدوای شتە پڕ ماناکان. هەربۆیە کاتێك کەسێك دەبینین بێزارە لەژیانیدا دەڵێت: ژیان بێمانایە! زۆربەی فەیلەسوفەکان هەمیشە تیشك دەخەنە سەر ئەوەی کە مڕۆڤ دەبێت بەدوای مانادا بگەڕێت لە ژیاندا، تاکو نرخ بدات بە ژیان. لە مانادان بە ژیان لەڕێگای شتە بەنرخەکان خۆشبەختی دەدۆزرێتەوە، ئەوەش زۆر جار لە دەرەوەی خۆمانە؛ شتێک کە لە خۆمان زۆر گەورەتر و بەنرختر بێت بە ئاسانی بەدەست نەیەت. دەکەوێتە سەر هزری خۆمان کە لە چ بوارێکدا بەدوای خۆشیدا بگەڕێین. کاتێك مانا دەدەینە کەرەستە و دیاردە و ئارەزوە بێ نرخەکان ئەوسا خۆشیمان زۆر کاتی و تێپەڕ دەبێتو بە زویی دەمانگێڕێتەوە سەر خاڵی سفر. بۆیە لەشتە بەنرخەکانی ژیانا خۆشی دەدۆزرێتەوە، کە خۆی لە خۆیدا مانادارە، بەبێ ئەوەی ئێمە خۆمان مانای ڕوکەشی و دەسکردی پێبدەین. زۆر لە ئێمە ژیانی خۆی تەرخاندەکات بۆ منداڵەکانی و دەوروبەری بۆ خەبات و چالاکی و پێشمەرگایەتی یاخود ئایین یان موزیك یان زانستە مرۆییەکان و ... هتد. هەرکەس هەوڵ نەدات بەوەی کە بەدوای خۆشیدا بگەڕێت لەو شتانەی لەخۆی گەورەتربێت ناتوانێت خۆشی بدۆزێتەوە. لە هەوڵنەدان و ماندونەبون و خۆ سەرقاڵنەکردن بە شێوازێکی ڕاستگۆیانەمەحاڵە بگەیتە خاڵی خۆشبەختی. ئەوەش وات لێدەکات وەك مڕۆڤێکی خاوەن ژیانێکی پوچ و بێمانا لە خۆت بڕوانیت، لە ناخی خۆت و لە ئاوێنەدانەوەتا لەنێودەوروبەرەکەت. خودی پڕوسەی گەڕان بەدوای شتە بەنرخەکان خۆشیت پێدەبەخشرێت و دەبیتە کەسێکی خۆشبەخت. خۆشبەختی تەنهالە ئەنجامدا نییە، بەڵکو لە پرۆسەی گەرانەکەیدایە. کاتێك بە وەرزشەوانێك ڕابگەیەنرێت: تۆ پێویست ناکات لە مەشق و پێشبڕکێکەدا بەشدار بیت، بە بێ ئامادەکاری و بەشداریت مەدالیای براوەت پێدەبەخشرێت، بە دڵنیاییەوە نابەختەوەردەبێت. بەختەوەری لە بزوتنەوەدایە، بزوتنەوەی بەمانا لە تەحەدا کردن. ئەمڕۆ کەسانێك لە کۆمەڵگا کەماندا کە بە بێ کارو هیلاکی و رەنجی شانی خۆیان دەژین بە ناوی خانەنەشینی و موچەی نارەوا یان سەرانی خاوەن پلە و پایە بەڵام دز و گەندەڵ و ناڕەوا بە دڵنیاییەوە لە ناخی خۆیاندانابەختەوەرن، وەك ئەووەرزشەوانەی  بەبێ هەوڵ و هیلاکی مەدالیایەکی براوەی بێناوەرۆکی پێبەخشراوە. هەر بۆیە کۆمەڵگای کوردی بە خۆشگوزەران وبێدەرامەتەوە بەختەوەری تیادا بەدیناکرێت. مۆڕاڵی خۆشبەختی گرنگی نییە بۆ ئەوەی تۆ خۆشبەخت بیت، بەڵکو گرنگی لە چۆنێتی مامەڵەتا هەیە. لە گەڵ خودی مامەڵەکردنی مۆڕاڵیت خۆشبەختی وەکو ئەنجامێك بە دی دەهێنیت. هەوڵ و مامەڵەکە دەبێتەبەرهەم. نەك بەرهەم بە بێ هەوڵدان. ئەم بەرهەمە بە ڕێکەوت دێتە پێش بە شێوازێك کە ئەوکەسەی مامەڵەی ئەخلاقی دەکات بۆ ئامانجی خۆش بەختی خۆی لە پلەی یەکەمدا بۆ بەرهەمەکەی نایکات، بەڵکو خۆشی لەکردارە ئەخلاقیەکەی خۆی دەبینێت پاشان بەرهەمی خۆشبەختی پێدەدرێت. تێکۆشان و پێشمەرگایەتی باشترین نمونەی کۆمەڵگاکەمانە ؛ هێچ پێشمەرگەیەك خۆش بەخت نەبووە لە سەرما و برسێتی و سەختی ناو دێهات و دەشت و چیاکان و شەڕ و بەیەکدادانی چەکدارانەی، بەڵکو لە پرۆسەی هەوڵەکەیدا خۆشبەختی بەدەست دێنێت، گەرچی هەرگیز بیری لە خۆشبەختی نەکردۆتەوە وەکو ئەنجامێك یان بەرهەمێك. تاکو ئەمڕۆش ئاوڕدانەوەی لەو مامەڵانە چەندە پڕ لە ئازار و نەهامەتی بوبێت دوبارە خۆشبەختی بۆ دێنێتەوە. ئەم نمومەیە ئەوە نیشان دەدات کە خۆشبەختی لە مامەڵە رۆحیەکاندابەدیدێت بە شێوازێك کە ئەوکەسەی ئەو مامەڵە ئەخلاقیانە ئەنجام دەدات خودی خۆی لە یاددەچێتەوە، مامەڵەکەی لە سەرنجێکی پرنسیپی و ئاییدیاڵیدا بەدی دەکات کە هەم کەسایەتی خۆی، هەم دەوروبەرەکەی خۆشی تیا دەبیننەوە. وەك ئاوێنەیەك خۆی تیا دەبینێت و دەوروپشتەکەشی ئاوێنەدانەوە دەبێت بۆی. سەرەڕای سەختی ئەم ڕەنگدانەوەیەدەبێتە لوتکەی خۆشیلێبینین. هەر بۆیە هێچ وێنەیەك لەلایەن مڕوڤی کورد ئەوەندەی وێنەی تێکۆشەرێك بە لوتکەی شاخێکەوە جێگای شانازی و سەرسامی و بەمانانییە و وەك ئەوپەڕی لوتکەی سەربەرزی تێیدەرواندرێت. لێرەوە ماناو مامەڵەی ژیانی خۆشبەخت پێناسە دەکرێت. لە قوتابخانەی فەلسەفەی جولەکەدا باس لەوە دەکرێت گوایە ؛ خوا کاتێك پێکەنینی بە مرۆڤەکان بەخشی، ئەوکاتە بو کە بینی مرۆڤەکان بەدوای راستیدا دەگەرێن. کاتێك خۆشبەختیش دەدۆزڕێتەوە کە تاکەکانی ناو کۆمەڵگاکەمان بە شێوازێکی ڕاستگۆیانە مامەڵەلەگەڵ ناوەڕۆکی خۆشبەختیا بکەن، بەبێ رەچاو کردن بۆ دۆزینەوە لە خودی خۆشبەختی خۆی وەکو ئامانج، بەڵکو وەکو مامەڵەکانمان کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا بەرهەمی خۆشبەختیمان پێدەبەخشێت.


 هیوا سەید سەلیم   ئۆپراسیۆنی سوپای تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان دەمێکە لە رۆژەڤی دەوڵەتی تورکیا دایە، تورکیا دوو ساڵە لەبواری سەربازی و هەواڵگەری و میدیایی کاری لەسەر دەکات و هەوڵەکانی چڕکردۆتەو،  لەو چەند ساڵەدا بۆردومانی فڕۆکەکان و سوودوەرگرتن لە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بۆ کاری شوێن پێهەڵگرتنی گەریلاکانی (PKK) ە ، دەستپێکی ئەو ئۆپڕاسیۆنە بوون. شەوی١٤/ ١٥ی حوزەیران لە ڕێگەی ٢٢ فڕۆکەی F16ی  جەنگی سوپای تورکیا هەڵسا بە بۆردومانکردنی دەیان بنکە مەدەنی و سەربازی،  لە شەنگال تا گوندەکانی بناری قەندیل، بەم کارەشی تورکیا دەستی کرد بە ئۆپراسیۆنی سەربازی دژ بە هەرێمی کوردستان، بیانووشی بۆ ئەو ئۆپراسیۆنە بوونی هێزەکانی PKK یە، بەڵام ئەو شوێنانەی کرانە ئەنجام وەک هەر جارێکی دیکە،  بریتی بوون کەمپی پەنابەران و شوینی مانەوەی خەڵکی ئاوارە و دەربەدەری شنگال و مەخموور. وەک دەزانرێت چەندین هۆکاری دەولی و ئیقلیمی و ناوخۆیی وایان لە تورکیا کرد ئۆپڕاسیۆنەکەی بۆ سەر هەرێمی کوردستان پێشبخات.  لە ئاستی دەولی دەوڵەتی تورکیا بە هۆی دەستوەردانی لە کاروباری تورکیا کەوتۆتە ژێر فشاری ڕای گشتی، ڕاگەیاندنی قاهیرە تینی زۆری بۆ تورکیا هێناوە، تا دەست لە سیاسەتی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی لیبیا هەڵگرێت،  و چیتر پشتیوانی لە گروپە تیرۆرستیەکان لە لیبیا نەکات. لەسەر ئاستی ناوچەیش (ئیقلیمی)، دیارە ڕێکەوتننامەی ستراتیژی نێوان ئەمەریکا-عێراق، تورکیای نیگەران کردووە،  هەر بە هۆی  ئەو نیگەرانیانە،  بەرپرسانی ئەو وڵاتەی ناچاربوون بە پەلە و بە نەهێنی شاندێکی باڵای سەربازی و هەواڵگری بنێرنە بەغدا، تا لە نزیکەوە نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە ئایندەی پەیوەندیە ئابووری و سیاسیەکانی تورکیا-عێراق بگەینە کابینەکەی مستەفا کازەمی. سەردانی هاکان فیدان، بەرپرسی هەوڵگری تورکیا کە لەسەر ئاستی دبلۆماسی بە پیاوە ڕەشەکەی تورکیا ناسراوە، دوو گومان هەڵەگرێت.  یەکەمیان بۆ قۆستنەوەی پەیوەندیەکانیەتی لەگەڵ مستەفا کازمی کە دووەمیان پێشتر بەرپرسی هەواڵگری بووە لە عێراق، دووەمیان ئاگادارکردنەوەی بەرپرسانی عێراق بووە لەو ئۆپڕاسیۆنەی کە شەوی ١٥ حوزەیران دەستیان پێکرد. مستەفا کازمی،  کە تا ئێستا روون نیە هەڵوێستی سەبارەت بە ئۆپڕاسیۆنی تورکیا و پێشێلکردنی سیادەی عێراق لە لایەن تورکیا چی دەبێت؟ بەڵام کازمی لە کاتی سەردانەکەی شاندی تورکیا و سەبارەت بە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێک، سەبارەت بنەمای رێکەوتنی ستراتیژی ئەمەریکا- عێراق ووتبووی : رێکەوتنەکە لەسەر بنەمای گێڕانەوەی (سیادە- سیادە- سیادە) دەبێت، کە زۆرێک لە چاودێران پێیان وایە ئەوەیان پەیامێک بووە بۆ شێ‌ندی تورکیا  و ئیدیکەش. لایەنی ناوخۆیی کە هۆکاری پێشخستنی ئۆپڕاسیۆنەکەی تورکیا بووە بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، بریتیە لەو چالاکیە سەرتاسەریەی کە ئەمڕۆ ١٥ی حوزەیران HDP لەسەرتاسەری تورکیا ئەنجامی دەدات بۆ پرۆتستۆکردنی دەستگیرکردنی پەرلەمانتارەکانیان لە لایەن دەولەتی تورکیا، کە دواینیان وەرگرتنەوەی پارێزبەندی بوو لە لەیلا گۆڤەن و پەرلەمانتارێکی دیکەی HDP کە دواتر زیندانیکردنیان. تورکیا بۆ هەناردەکردنی کێشە ناوخۆیەکانی بۆ دەرەوەی تورکیا پێویستی بەو ئۆپڕاسیۆنە بوو تا بیکاتە سەر هەرێمی کوردستان. تورکیا ئۆپڕاسیۆنەکەی پێشخست نەوک رێکەوتنی ستڕاتیژی نێوان ئەمەریکا – عێراق و ئەو بەڵێنەی کە مستەفا کازمی، بە ڕای گشتی داوە بۆ دانانی سنوورێک بۆ دەستوەردانی دەرەکی لە کاروباری عێراق لە ئایندەدا کێشە بۆ ئۆپڕاسیۆنەکە درووست بکات. هەڵوێست بەرپرسانی عێراق لە هەڵبژاردنی بێ دەنگی یان ئیدانەکردنی دەوڵەتی تورکیا، هەموو ئەجێنداکانی پشتی پەردەی  کۆبوونەوە نەهێنیەکەی بەرپرسانی عێراق لەگەڵ هاکان فیدان ئاشکرا دەکەن، با چاوەڕوان بین.      


شێرکۆ حەمەئەمین   ئەوەی ئێستا لەھەرێمی کوردستاندا روودەدات، لەھەموڕووییەکەوە حکومەت لێی بەرپرسە، ئەم حکومەتە کە لەم قەیران و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایەشدا، تۆزقاڵێک عەقڵ و بیرکردنەوەی نەگۆڕاوە، سەرچاوەی نەھامەتییەکان و ئەگەری چۆڵکردنی نەخۆشخانەکان و ھۆکاری سەرەکی زۆربوونی ژمارەی توشبووانی کۆرۆنایە. حکومەتێک نەتوانێت موچەی تەنیا وەزارەتی تەندروستی دابین بکات، بەڵام ئامادەبێت لەماوەی ۱٥تا۲٠رۆژدا قەرزی کۆمپانیاکانی مەسولە حیزبی و بنەماڵە حوکمڕانەکان بداتەوە، کەواتە لە کۆرۆنا ترسناکترە. حکومەتێک دانەوەی قەرزی چەند کۆمپانیایەکی مەسولی حیزبی یان حاشیەی حیزب و بنەماڵەسیاسیەکان پێش قەرزی پاشەکەوتی ھاونیشتمانییەکانی بخات، کە لە ۲٠۱٦ بە پاشەکەوتی نایاسایی لێی بڕدراوە، بۆ دادگایی و ھەڵوەشاندنەوە، باشە. حکومەتێک نەتوانێت، وەک دەڵێن ۸٠٠ ملیار دیناری قەرزی خۆی، لەکۆمپانیاکانی دۆست و ئەحباب و حاشییەکانیان وەرگرێتەوە، کەچەندین ساڵە لایانە، بەڵام لەماوەی ۱٥تا۲٠ رۆژدا قەرزی ھەمان ئەو کۆمپانیایانە بداتەوە کفری سیاسیە بە حکومەت ناوی ببرێت و لە کۆرۆنا ترسناکترە. حکومەتێک خاوەنی رۆژنامەیەکی دوو لاپەڕەیی، کەناڵێکی لۆکاڵی خۆی نەبێت، بەڵام سەرۆک و جێگر و حیزبەکانیان  و عایلەسیاسیەکانی کوردستان، خاوەنی ھەموجۆرەکانی میدیا و کەناڵی ئاسمانی بن و لەم قەیران و بێ موچەییەشدا نەوەستابن، بە ویژدانتان ئەم حکومەتە رەوایە بمێنێت؟ ئەم نوخبە حوکمڕانەی کوردستان، کە چەندین ساڵە سامانی سەرزەوی و ژێر زەوی ئەم ھەرێمە، بەتاڵان دەبەن و خزمەتکاری ئێران و تورکیان. لەئێستادا،ئامادەنین دەستباریان بگرن، ئەی ئەمانە چەندین ساڵە چییان کردوە و کێ دۆستیانە؟! کە دۆخەکە ئاوایە و کەس دۆستیان نییە، ئەی بۆ دەست بەگیرفانی خۆیان و حیزبەکانیان ناکەن و ئەم قەیرانە تێپەڕێنن و خەڵک ئاشتکەنەوە؟! ئەم حکومەتە ئەڵێ چاکسازی دەکەم، خەرجی کەم دەکەمەوە، کەچی ئێستا خەریکی دانانی پۆست و وەزیروگزیری نوێن، بۆھاوبەشەکانی؟! ئەمانەو زۆری تریش،...... کەواتە ئێستا حکومەت جا دامەزراوەکەیە یان عایلەسیاسیەکانی پشتی، لە کۆرۆنا ترسناکترن، چونکە ئەوان بەرپرسی قوت و سەلامەتی ژیانی خەڵکن. کە موچەی تەندروستی و موچەخۆران نادەن و پزیشک و کارمەند نەخۆشخانەکان چۆڵدەکەن، ئەمە ئەنجامە و ھۆکارەکەی حکومەتە. تا ئێستا حکومەت، ھەر قسەی ھەیە و ھیچی تر، ئەوانن دەبنەھۆی زۆربونی ڤایرۆسەکە وخەڵک ناچاری چونەدەرەوە دەکەن بۆپەیداکردنی نانی رۆژانەی، چونکە حکومەت ژیانیان بۆ دابین ناکات، قەرەبوی کەس ناکاتەوە، خەڵکیش دەچێتەدەرەوە بەھیوای سەلامەتی و پارێزراوی ھەموان و پابەندبونمان بەخۆپارێزی.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand