Draw Media

ئاسۆ حاجی ئەو گەنجانەی لە سلێمانی رژابوونە سەر شەقامەکان وایان دەزانی نان و ژیانێکی شایەنتر وەدەست دێنن،بەڵام لەو وەهمەش هشیار بوونەوە کە چەندین ساڵە دەسەڵاتی ئەو شارە بۆ سازاندبوون و بە کۆمەڵێک دەستەواژەی بەتاڵ قانگی دابوون بەوەی کە سلێمانی سەرزەمینی ئازادی و وەدیهێنانی هەموو ئەو خۆزگانەیە لە یەکسانی و دیموکراتی کە لە هیچ شوێنێکی دیکە نیە بە تایبەتی لە هەولێر و دهۆک چونکە لەوێ هەمان حیزب و دونیابینی رەنگاورەنگ و ئازادیخواز حوکم ناکات! ئیدی هەقە خۆیان لەو وەهمە بتەکێن و روبەڕوی ئەو راستەقینەیە ببنەوە کە یەکێتی حاکمی ئەو شارە بووە و ئێستاش حاکمیەتی،ئەوان چۆن داهات و بودجەی موستەحقی ئەو شارەیان بەسەر گیرفانەکانیان دابەش کردووە بە هەمان شێوەش ئازادیان لە واتا راستەقینەکەی خۆی دابڕاندووە و وەک یەکەیەکی تەواو مامەڵەیان لەگەڵ نەکردووە،تەنها ئەو نیوەیان وەک ئازادی بە خەڵک رەوا بینیوە کە جوێن بە پارتی بدرێ چونکە نەیاری یەکێتیە و دژی حکومەت قسە و کار بکرێ چونکە پارتی پێکهێنەری سەرەکی ئەو حکومەتەیە. لە مەودوا دەبی خەڵکی سلێمانی ئەوە بزانن،کە زۆرترین قاچاغچیەتی لە سنووری قەڵەمڕەوی یەکێتی دا دەکرێ بە تایبەتی لە هەردوو دەروازەی پەروێزخان و باشماخ کە راپۆرتەکانی پەڕلەمان و حکومەتی فیدڕال و هەرێمی کوردستانیش ئەوانە پشتراست دەکەنەوە،خەڵک دەبێ ئەوەش بزانێ کە داهاتی ئەو دوو دەروازەیە و هەموو دەروازە نیمچە فەرمی و نافەرمیەکان کە ژمارەیان بە دەیانە داهاتی رۆژێکیان بۆ هاوسەرۆکێکی یەکێتیە و داهاتی رۆژەکەی دیکەش بۆ ئیدارەی گشتی یەکێتیە،لە هەموو ئەو دەروازانە و ئەو داهاتانە مانگانە تەنها 15 بۆ 20 ملیۆن دۆلار رادەستی وەزارەتی دارایی دەکرێ. لە کۆی داهاتی گشتی هەرێمی کوردستان داهاتی سلێمانی و هەلەبجە بە یەکەوە واتا بە هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین تەنها 30% پێک دەهێنێ و 70% داهاتی هەولێر و دهۆکە،ئەو ژمارانە ئەو راستیە دەردەخات کە دەسەڵاتدارانی سلێمانی خەڵک و شارەکەیان وەک بارمەتە گرتووە و وەک کارتی فشار هەر کەی و چۆن بیانەوێ بەکاریان دەهێنن،هەندێک جار بۆ سازش کردن لەگەڵ بەغدا و زۆر بەی جاریش لە دژی دەسەڵاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەتیش بۆ رێگری کردن لەوەی دەستی حکومەت بە تەواوی بە دەروازە و سەرچاوەکانی دیکەی داهات نەگات و هەمووی نەگەڕێنێتەوە خەزینەی دەوڵەت کە دەبێتە سەرکەوتن و دەرباز بوون بەسەر قەیرانی دارایی. باڵباڵێن و خۆخۆری یەکێتی چۆن بۆتە بەڵا بۆ خەڵکی سلێمانی بەهەمان شێوە کۆسپێکی گەورەشە لە بەردەم جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەم بە تەواوی بە تایبەتی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کە باشترین دەرچەیە لە بەردەم حکومەت و خەڵکی کوردستان لەو قەیرانەی حکومەتی داگیرکەری بەغدا بە دەستدۆیی خیانەتکاران دروستیان کردووە. ئەوەی دەیزانم و ئاگادارم سەرۆکی حکومەتی کوردستان لە یەکەمین کۆبوونەوەی کابینەی نۆیەم ئەوەی بە ئەندامانی کابینەکەی راگەیاندووە کە کار بۆ چاکسازیەکی گشتگیر دەکا و ئامادەیە هەرچی گەندەلی و کاری نایاسایی و بندیوار هەیە لە سنووری پارتی کۆتایی پێ بێنێ راشیگەیاندووە کە لەلایەن پارتیەوە ئەو دەسەڵاتەی پێدراوە،بەڵام ئەو کەسەی کە نوێنەرایەتی یەکێتی دەکا لە کابینەکەدا و پێویستە پاڵپشت و تەواوکاری ئەو کارە بێت ئەوە نەک هەر توانای بڕیاردانی لە ناو حیزبەکەی نیە بەڵکو هاوسەرۆکێک هەر نەگاتە دڵی و بۆ نیشان دانی توانا و دەسەڵاتی خۆی سزای دەدا یان سەرنجی رادەکێشێ و بەبیردەهێنێتەوە کە ئەو بڕیاردەر نیە و جێبەجێکارە،هەندێکجاریش هەر بۆ گچکە کردنەوە و نیشاندانی قەبارەی راستەقینەکەی و رەنگە وەک موجامەلەیەکی سەرۆککۆماریش براکەی دەنێرێ لە یەکێک لە تەلەفزیۆنەکان جێگری سەرۆک وەزیران و کوڕە گچکەی مام جەلال وەک بێدەسەڵات و بێ توانا و جانتاهەڵگر بە خەڵکی دەناسێنێ.


هادی حەمەرەشید  توڕەییەکانی خەڵك بە گرتن و تەنانەت ئەشکەنجەش سەرکوت ناکرێت، دەسەڵاتی کوردیی فێری هیچ نەبووە لە مێژوو، خەنیی و خۆشحاڵیش نەبن کە توانیبێتیان دەنگی خەڵکیان بە زەبروزەنگ کپ کردبێتەوە! بەڵکو هێزی ناڕەزایەتیی و دژ بە دەسەڵات بەو سەدان تەحلیل و ڕوئیا پڕ لە بوغزە سیاسییە لاواز بووە و ئەبێت و لە ئاسۆیەکی دووریشدا ناتوانرێت قەرەبوو بکرێتەوە، کە بەناو ئازادیخوازان و دژبەرانی دەسەڵات دەریئەبڕن و وەك دوژمنی باوك کوشتە بەربوونەتە گیانی یەکتریی و وەك مۆرانە جەستەی بەرەکەیان داڕزاندووە! ئەوە ڕاستە کە بە داخەوە لە دەیەی ڕابردوودا خۆپیشاندانەکان بە سیاسییکراوە و ئێستاش تیایدا ئەژین کە گەنجێك ئازایانە لە شەقامدایە خۆی هیچ ناڵێت، کەچی سەدان کەس بەناوی ئەوانەوە تەخوین خەڵکی باش ئەکەن! مامۆستایەك، فەرمانبەرێك، نووسەرێك کە پێشتر لە شەقامدا بووە و پێ بەپێ و قۆناغ دوای قۆناغ تێگەیشتووە کە جادەکانی کوردستان بەو ڕیتمە نەك جێگای گۆڕانکاریی نین بگرە بووە بە سەکۆیەکی ناشیرین بۆ کەسانێك کە بازرگانیی پێوە ئەکەن، مافی خۆیەتی سەرنجەکانی بخاتەڕوو، بە یەقینەوە نەیەتە شەقام، بەڵام خۆ ئەوەی ئەو بینیویەتی و ئەیڵێ هەموو وێنەکە نییە، بەڵکو چوونە ماڵەوە و جێهێشتنی گەنجانیشە بۆ بەردەم شمشێری بێ ڕەحمی دەسەڵاتێکی خۆفرۆش! زۆرێك لەو جۆرە مرۆڤە جوانانە ئەناسم کە ڕۆژگاری ناشیرین( بە دەسەڵاتی دزێو و چالاکوانی مەدەنی هەلپەرستەوە، بە حیزبی سیاسیی بە دوکانکراوی ئۆپۆزسیۆنەوە.... تاد) هاڕیونی، بەم حاڵەش ناتوانین ئەو متمانەیەیان بۆ بگێڕینەوە. بەڵام دیسان ئایا ئەمە چارەسەرە هەموومان دوور بگرین و بەقەولی باو «جارێ لێیگەڕێین زەمەن چارەسەری ئەکات»؟! کۆمەڵگا بە پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانیەوە ئەبێت بە کۆمەڵگایەکی تەواو، بەرپرسیارێتییەکان بەرپرسیارێتی تەکامولیی و تەزامونیین، ساڵانێکە لەگەڵ کۆمەڵێك دۆست هەوڵی فەرهادیی ئەدەین کە ئەم دیاردە ناشیرینە ڕاگرین، فۆکەس بخەینە سەر دەسەڵاتی نالەبار، لێگەڕێین هەر کەس و لایەنە و بەسروشتی خۆیەوە لە گۆڕەپانەکەدا بێت، گرنگە تەوزیفی ئەم پێکهاتە ناڕازییانە بکەین، کەچی چ پێکهاتەکان بێ ڕەحمانە شەقامەکەیان تەسەیوس کرد و چ کۆمەڵێك موحەلیل و ڕووناکبیریش گوتارێکیان سەرپێ خست کە تەڕ و وشکیان پێکەوە سووتاند و لە جێگایدا بینای گوتارێکی ڕۆمانسییان کرد، کە پێیان وایە؛ نەوەیەك لە دایك بووە و وا بەرپرسیارە و وا توانای لەسەر پێ وەستانی هەیە و پێویست ناکات کەس بچێتە تەنیشتیان! دۆستێك لە ئوسترالیاوە، ئازیزێك لە کەنەداوە، بەڕێزێك لە بەریتانیاوە، لە دوورەوە «ئەم نانە بەو ڕۆنە» جوهدی هەمووان نەك سفر ئەکەنەوە بگرە بە دەستی دەسەڵاتیشی ئەزانن! نەك نایەوێت کەس بچێتە تەنیشتیان بەڵکو لەو دوورەوە تەخوینی هەموومان ئەکەن! ئیشکال ئەوە نییە کە گەنجێك هەست بە تەنیایی ئەکات و سەیری خۆی ئەکات کە بەجێهێڵراوە، بۆیە جنێو بە هەموومان ئەدات، بەڵکو بۆ نووسەرێك زۆر نەنگییە کە دێت و لە ئینشایەکدا تەرجەمەی ئەمەمان بۆ ئەکات و ئەڵێ بە ئێوەیەتی فڵانە خێڵ و گرووپ«ئاگرە سوورە لە خۆم دوورە» کۆمەڵێك لە حەز و مەزاجی خۆیانی پێوە ئەشێلن و وەك دیدی پڕ لە ئارگیۆمێنت دەرخواردمانی ئەدەن! بۆ خۆم لە کاتێکدا کە ئەم دێڕانە ئەنووسم، خاڵییم لە ڕق و بوغز لەوانەی بە هەر گوتارێکەوە لە گۆڕەپانەکەدا وەك ڕەخنەگر و ناڕازیی بوونیان هەیە، هاوکات پڕم لە ڕقی پیرۆز لەو کەسانەی کە بەتەنیشت دەسەڵاتەوە دژ بە کۆمەڵگان، هێشتاش بە ڕەوای نازانم نووسەر و فیگەری ڕۆشنبیریی بچنە سەنگەرەوە لەیەکتر، گوێ لە تەفسیری سەیروسەمەرەی کەسیان ناگرم دژ بەویتریان، ئێ فیعلەن فووش بەو کەڕەنایەدا ناکەم کە ئەم دژبەرییە تۆخ ئەکاتەوە. لێ نوقم بوون لە ڕۆمانسییەتێکدا کە پێی وایە ئەو تیلماسکە شەقامەی کە بە دەست گەنجە ئازاکانمانەوەیە بەس بێت بۆ گۆڕانکاریی، ئەوە دیدێکی ئەوەندە تەنکە کە بەرگەی هیچ پیاکێشانێك ناگرێت، دوورە لە خوێندنەوەی گۆڕەپانەکەوە! تەنانەت گەنجی یاخییش هەڵگری یەك شوناس نییە تا تۆ بتوانیت لەو دوورەوە و وەك ماددەیەکی نووسین لەژێر یەك ناودا بیخەیتەڕوو، لە کۆی شەقامەکەدا کۆمەڵێك گەنج ئەبینرێن، لە ڕۆژانی یەکەم و دووەم و سێیەمدا بەهێزتر بوون، دەسەڵات بە ترسی (دەستی دەرەکیی) و (بوونی پەکەکە) لەناویاندا ڕووداوەکەی بەرەو جێگایەکیتر برد، هاوکات ئەو حیزبانەی کە بارەگایان سووتێنراوە، تەنانەت ئۆپۆزسیۆنەکانیش، پەیوەندییان بە تەڤگەری ئازادییەوە کردووە و گلەییان لێکردوون کە لە کۆمەڵێك شار بارەگاکانتان سووتاندووین، لەمانەی کە ماون ئێوە بەرپرسیارن! هەر خودی عەلی باپیریش بەجۆرێك دەستەواژەکەی دەسەڵاتی دووبارە کردەوە، ترسی تەڤگەری و پەکەکەش لەوەی کە بە قەولی خۆیان(هێڵی خیانەت) لە موئامەرەدان تا وەك بادینان چەندین بنکەی تورکیا بهێننە ئەم سنوورەش، شەقامەکە بێ پشت و پەناتر کراو، هەمووان ئەیانوت: کوان ئەوانەی کە پێشتر خۆپیشاندانیان کرد، بۆچی نایەن پشتی شەقام بگرن؟ گلەییەکەش زۆر تەواو بوو، بەڵام پاشتر وتنی پێچەوانەی ئەمە پێی ئەوترێت حەکایەتی مێش!  لەبەردەم لقی نۆزدەی پارتیی لە چەمچەماڵ، یەکێك لە گرفتەکانی گەنجان( کە کەمتر لە بیست گەنج ئەبوون لە یەکێك لە لایڤەکانیان) نەبوونی بەرد بوو بەرد! سەر شەقامەکە بەردی لێنەبوو، دەی فیعلەن لە حاڵەتی تەسعیدی زیاتردا بەرد چی پێئەکرێت لە بەرامبەر باجەر و هامەر و ئەبرامز و چەکی جاشایەتیی دەسەڵات؟! گەنجی ئێمە بەهێزن، دەسەڵاتیش ئەوە بوون کە لە بن پێی حەسەن پلایسدا پلیشانەوە، بەڵام جێهێشتنیان لەو شەقامەدا و بەو ناهاوسەنگیی چەك و بەردە، تاوانێکە قەرەبوو ناکرێتەوە. من لەدیدی تۆدا خراپم و ناتوانم ڕێکیان بخەم، وەرە تۆ بیکە، بەڵام نابێت تەنیا بمێنن!


رێبوار کەریم وەلی گرفتی سەرەکیی ئەم حکومەتەی ئێستا پتر لەوەی قەیرانی دارایی بێت، قەیرانی متمانەی سیاسییە لە نێوان لایەنە پێکھێنەرەکان و، بەتایبەتیش لەنێوان پارتی و یەکێتی.  * کیشەکانی نێوان ئەم دوو حزبە لە ماوەی دووساڵی رابردوودا، بەقەدەر ھەموو رابردوویان کەڵەکە بووە، چونکە ھەر ھەوڵی پینەو پەڕۆکردنیان داون. * جەوھەری ئەسڵیی ئەم قەیرانە ئەوەیە کە پارتی پێیوابێت دەتوانێ ھەمان مامەڵەی شاسوار عەبدولواحید لەگەڵ ھاوسەرۆکێکی یەکێتی بکات و ئاوتی بکات و، لەبەرامبەر ئەوشدا ھاوسەرۆک ھەوڵ بدات سەرۆکوەزیرانی زۆرینە لە کورسیی دەسەڵات بێنێتە خوار.  * باقییەکەی دیکە ھەمووی شیعارە و لەو دوو جوملەیەی سەرەوە وەرپێچراوە. * کێشەکە نە لەپەرلەمانە و نەلەسەر جادە. بۆیە چارەش لەوێ نییە. فەرقی دەسەڵات و تواناکانی ھاووڵاتییەکی ئاسایی و ئەندام پەرلەمانێک نییە. خۆ ئەوەی ھەشیەتی بەھۆی ئەندامیەتیی پەرلەمانەوە نییە. بۆیە ئەو دامەزراوە ناتوانێ کێشەکان چارەسەر بکات. جاددەش ھەر پێی  تێبنێی سوور دەبێ. راپەڕینێک سوپا، دەزگاکانی ئاسایش و پۆلیسی لەگەڵدا نەبێت، یان لانیکەم بێلایەن نەبن نە لە کوردستان و نە لە ھیچ شوێنێکی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست سەر ناگرێت. * خەڵک برسییە، بەڵام لە برسییەتی خراپتر نائومێدییە. ئەوەی خەریکە ھەموو ئومێد و ھیواکان لەناو دەبات، پارتی و یەکێتی و دەسەڵات نییە، بگرە ململانێی ناو دەسەڵاتە کە خەڵک وەکو کەرستەی ئەو ئاگرە دەکەنە سوتماک. ئەوان قەت لەخەڵک بەمانا راستەقینەکەی ناترسێن، چونکە خەڵکیان وا دابەشکردووە کە دەزانن چۆن بەرزەفتیشی بکەن * رێککەوتننامەی واشنتۆن ئاوی بە ئاگرێکدا کرد کە جەرگی ھەزارانی سوتاند. رێککەوتنێکی دیکەی لەو چەشنە پێویستە تا چیدیکە خەڵک باجی بێدەستنوێژیی ھاوپەیمانیەتییەکان نەدات. * دانیشتنێکی ھاوسەرۆک و سەرۆکوەزیران و رێککەوتنێکی راستگۆیانەیان، پتر لە نیوەی کێشەکانی ئەمڕۆی کوردستان چارە دەکات. ئەو کاتە با ئەوەندە خەڵکەیش کە بۆ قوتی ژیانیان دێنە سەرجادە ببن بە موڵکی ئۆپۆزیسیۆن!


کارۆخ خۆشناو دەتوانین کۆمەڵگای کوردی پۆڵین بکەین بۆ سێ چین (خەڵک، ڕۆشنبیر، دەسەڵات) بە گوێرەی ئەم پۆڵینکردنە (چینی ڕۆشنبیر) پردی پێگەوەگرێدانی نێوان خەڵک و دەسەڵاتە، بۆیە پێموایە هەر کاتێک (درز یان بۆشایی) بکەوێتە نێوان خەڵک و دەسەڵات، ئەوا بەشێکی گەورەی بەرپرسیاریەتی دۆخەکە دەکەوێتە ئەستۆی ڕۆشنبیران، چونکە ئەرکی سەرشانی چینی ڕۆشنبیرانە کەوا (نەخشەڕێگا بۆ هەردوو چینی خەڵک و دەسەڵات دابڕێژن، بە مەبەستی چاوساغیکردن و ڕۆشنکردنەوەی ڕێگایان) بەمەرجێک (خەڵک و دەسەڵات) گوێڕایەڵی چینی ڕۆشنبیر بکەن. ئەگەر چاوێک بە مێژووی خۆپیشاندانەکانی جیهاندا بخشێنین، دەبینین زۆربەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان دەرەنجامی کۆمەڵێک هۆکار و گرفتی گەورە بوون، کە لە ئەنجامدا پردی پەیوەندی نێوان (خەڵک و دەسەڵات) درز و بۆشایی تێکەوتووە، بۆ چارەسەرکردنی هۆکار و گرفتەکانیش کۆمەڵێک (ڕۆشنبیر و دەستەبژێری نیشتیمانپەروەر) بوونەتە فریادڕەس بۆ دۆخەکە و توانیویانە (پردێکی پتەو) لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتدا دروست بکەنەوە، بۆ نموونە لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوودا کاتێک گرفتی جیاکاری ڕەگەزی (Racism or Racial Discrimination) لە ئەمریکادا ڕۆژ بە ڕۆژ قۆڵتر دەبۆوە، کۆمەڵێک دەستەبژێری نیشتیمانپەروەر بەسەرکردایەتی (مارتن لوثەر کینگ) دوای چەندین خۆپیشاندانی گەورە و فراوان، توانیان بە ئامانجە ڕەواکانیان بگەن و دەستکەوتی بەرچاو بەدەست بهێنن و کۆمەڵێک چاکسازی گەورە لە یاسا و ڕێساکانی ئەمریکا ئەنجام بدەن. خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی خەڵکی (دەڤەری سلێمانی) پێویستە ببنە دەرفەتێک بۆ ڕاچڵەکاندنی هەردوو چینی (دەسەڵات و ڕۆشنبیر) لە پێناو گوێگرتن لە (ڕەخنەی بونیاتنەر) بە میکانیزمی مەدەنی و دوور لە توندوتیژی بۆ گەیشتنی پەیامی خۆپیشاندەران، بەمەبەستی هەڵوەستەکردنی دەسەڵات و ئەنجامدانی بەخۆداچوونەوەیەکی جدی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ هەموو گرفتەکان بۆ پاراستنی کەشتی هەرێمی کوردستان لە نغرۆ بوون، لەم چوارچێوەیەشدا پێموایە ئەجیندای چارەسەرەکان پێویستە لەسەر بنەمایەکی (نەتەوەیی و نیشتیمانی) دابڕێژرێت و ئەم (10) هەنگاوەش وەک (نەخشەڕێگا)ی دەربازبوون لەخۆبگرێت: 1- نووسینەوەی دەستوورێکی هاوچەرخ بۆ هەرێم، بەجۆرێک دەستەبەری پره‌نسیپەکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ بکات، لە پێناو بەرز راگرتنی شکۆی هاووڵاتیان و دەستەبەرکردنی ئازادی رادەربڕین و ئازادی میدیا و ئازدی خۆپیشاندانی مەدەنی (لەچوارچێوەی یاسا) و دوور لە توندوتیژی. 2- گرنگیدان بە پرسی (دادی کۆمەڵایەتی) و بەرز راگرتنی گوزەرانی هاووڵاتیان لە رێگای دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران، کە پێکهێنەری زۆرێنەی چینی مامناوەندی کۆمەڵگان. 3- بەرنامەڕێژیکردن بۆ سێکتەری پەروەردە لە ڕێگای پڕۆسەی (مرۆڤ سازی و نیشتیمان سازی) بۆ ئەوەی (ئینتیما) بۆ تاکی کورد بگەڕێنرێتەوە تاکو بتوانێت بەرژەوەندی نەتەوەیی و  نیشتیمانی زاڵ بکات بە سەر بەرژەوەندی (کەسی و حیزبی)دا. 4- ئەنجامدانی چاکسازییەکی ڕیشەیی لە سێکتەرەکانی حکومەت و کەرتی تایبەتدا. 5- برەودانی زیاتر بەپرسی (شەفافیەت) لە داهات و خەرجی گشت سێکتەرە جیاوازەکانی حکومەت و کەرتی تایبەت. 6- بووژاندنەوەی سێکتەرەکانی کشتوکاڵ و گەشت و گورزار لە پێناو هەمەچەشنکردنی داهاتی کوردستان و ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ چینی گەنج و لاوان و کەمکردنەوی ڕێژەی بێکاری. 7- پاراستنی پێگەی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان. 8- پاراستنی ئاسایش و پێگەی سەقامگیری هەرێمی کوردستان. 9- یەکخستنەوەی هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی هەرێم لەژێر چەتری حکومەتدا. 10- بە دامەزراوەیکردنی زیاتری دام و دەزگاکانی هەرێم لە سەر ئاستی هەرسێ دەسەڵات (یاسا دانان، جێبەجێکردن، دادوەری). لە کۆتاییدا گرنگە بزانین کەوا هەموومان دانیشتووی ئەم "کەشتییە"ی هەرێمی کوردستانین و ئەرکی سەر شانی هەموولایەکمانە، بە گیانێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی چارەسەرێک بۆ کون و کەلەبەرەکانی ئەم کەشتییە بدۆزینەوە، چونکە بە نقوومبوونی ئەم کەشتیە نەک تەنها باشووری کوردستان زەرەر دەکات، بەڵکو تاکە ئومێدی هەر سێ پارچەکەی تری کوردستانی گەورەش لەبار دەچێت! ٭ سەرۆکی ئینستیتۆی توێژینەوەی (ئەمریکی-کوردی)


سەهین موفتی نووسەری دیاری هەڵەبجە، ناسیح عەبدولڕەحیم لە پەیامێکیدا، هەم وەک وەفایێک بۆ چاکەو پیاوەتی خەڵکی هەولێرێ، هەم وەک زەرەرمەندێکی(کەسی، گشتی) ئەم ململانێ سیاسییەی پازدە ساڵی رابردوو، ناوچەکەیانی کردۆتە قوربانی...! دەنووسێت" دەستم دامێنتان هەولێرییەکان، چاو لە ئێمە مەکەن"، زۆر بەباشی هەست بە برینداربوونی ناخی کاکە ناسیح و هەموو دانیشتوانی ناوچەکەیان دەکەین، دەزانین کە ژیان لە ناوچەکەیان ئێجگار تفت و تاڵ بووە، بەهۆی ئەم هەموو (کامپینچی، دمبکچی،  هوتافچی، هتد....). وەک هەولێرییەک، کە لە (بەستەپیازە)، لێی لەدایک بووم و لە (برایەتی)، ئیدی هەولێرم بە تەواوەتی ناسی، هەق بەخۆم دەدەم، ئاوا لۆ هەڵبجەو هەڵەبجەییەکان بنووسم. هەڵەبجەو هەڵەبجەییەکان هەتا پێش، تێکشکاندنی داعش دوو بابەت هەبوون، ناوەندە جیهانییەکان کوردیان پێ دەناسییەوە، یەکێکییان ( کیمیا بارانکردنی ئێوەو شارەکەتان بوو)، لەسەر دەستی رژێمی دیکتاتۆری بەعسی عێڕاق، ئەمی دی ئێستا کاتی نییەو ناینووسم...! بەواتای، کاتێک کورد بیویستبا( مەبەستم کوردانی هەرچوار بەشەکە)، سۆزی وڵاتانی جیهانی بۆ پرسی کورد را بکێشێت، خێرا هەڵەبجەی وەپێش هەموو بابەتێک دەدا، هەتا بەتەواوەتی بناسرێتەوە...! هەولێر، دەزانێت و درکیشی پێ دەکات، هەڵەبجە بێ خزمەتە، بێ بایەخ بووەو ململانێی حیزبی لەبری خزمەتکردنی هەڵەبجەییەکان، زێدەتر برینیانی کوڵاندۆتەوەو قوڵتری کردۆتەوە...! هەولێر، لە راپەڕینەوە(1991) هەمیشە بە ماتەمینییەوە ساڵانە لە شازدەی سێ، یادی ئێوەی دەکردەوه، بەڵام لەوێ رۆژێ بڕیاری بە پارێزگا بوونی شارەکەتان درا، ئیدی جەژنێکی نوێیە لۆ هەولێرو هەولێرییەکان..! ئێوە، شایستەی رێزن، شایستەی دە بارتەقای خزمەتی شارو ناوچەکانی دیکەی کوردستانن، هەڵەبجە هەقی خۆیەتی دوو هێندەی هەولێر، ئاوەدان و رازاوەتر بکرێتەوە، بەڵام هەتا ئێستا نەیانهێشت....!  ئیدی دەبێت بهێڵدرێت.... عومەری خاوەر، ها لەدڵی هەولێرو هەولێرییەکان. ٭  بەستەپیازەو برایەتی، دوو گەڕەکی دێرینی هەولێرن.


خالد سلێمان وەسفی ئەو زەلکاوەی کە حوکمڕانیی لۆکاڵی و بنەماڵەیی لە کوردستاندا دروستی کردوە، ئاسانەو ماندوبونی ناوێت. نەک تەنها هاووڵاتیانی کوردستان، بەڵکو هەر کەسێکی بیانی بۆ جارێکیش سەردانی کوردستان بکات، ئاسانە لەو بۆشاییە فراوانە تێبگات کە جیهانی حوکمڕانان لە جیهانی ئاسایی خەڵک جیا دەکاتەوە. لەوانەیە وەسفی نوسەری ئەمریکی مایکڵ ڕۆبن، باشترین زەڕەبین بێت بۆ گەورەکردنەوەی وێنەکەی کوردستان کە دەڵێت: <کوردەکان دان بەوەدا دەنێن کە باج لەوە زیاتر دەدەن کە لە سویسرا دەدرێت، بەڵام خزمەتگوزاریەکان وەک ئەوانەی سۆمالن، بەدەربڕینێکی تر هەولێر بوەتە شاری ڕیستۆرانەکانی جیهانی یەکەم، بەڵام خەستەخانەکانی هی جیهانی سێیەم>.  بە کورتی و کرمانجی سیاسەت لە کوردستاندا، وەک زەلکاوێکی لێهاتوە، نە ئاوی تێدەڕژێ و نە ئاویشی لێ دەردەچێ. لە مناڵیدا گۆمێکی لەو شێوەیە لە خوار لادێکەمانەوە هەبو، لەگەڵ ئەوەی بچوک بو، ژمارەیەک کیسەڵ تیایدا دەژیان، مەگەر بە شەوان بیانتوانیبایە سەر لە ئاوە پیس و لێخنەکە دەربهێنن، چونکە بەردی ئێمەی مناڵان لە دەرەوە چاوەڕوانی دەکردن. ئەو زەلکاوە بچوکە هەمو ساڵێک بەئاوی باران تەمەنی خۆی درێژ دەکردەوەو ئیتر نە کیسەڵەکان دەمردن و نە یاریەکەی ئێمەی مناڵانیش کۆتایی پێدەهات. حوکمڕانێتی کوردی زۆر دور نیە لەو زەلکاوە بچوکە، لە دوای هەر وەرزێکی توڕەبون و بێزاریی خەڵک، بەسیاسەتی پاڕانەوە لەوانەی تا دوێنێ وەک دوژمن تەماشایان دەکردن، وزەی ساڵێکی تر دەداتەوە بەرخۆی. هەڵبەتە لە لایەکی ترەوە دەست ناپارێزێت لە بەکارهێنانی هێزو توندوتیژی دژی هەر ناڕەزایەتییەک؛ ئەوان وەک کیسەڵەکانی ناو زەلکاوە کۆنەکەی ئێمەی مناڵان تەماشای خەڵک دەکەن. یەکێک لە گرفتەکانی خۆپیشاندان ئەوەیە کە پێشنیارەکان بۆ دەرچون لەم زەلکاوەی حوکمڕانیی کوردیی، یان زۆر خەیاڵییە یان زۆر پۆپۆلیستانەیە. ئەگەر لەمەی دوەمەوە دەست پێبکەین دەگەینە ئەو بۆچونەی کە تا ئێستا ژمارەیەک لە ناوەندی میدیاو کولتوریی کوردیدا پێیان وایە عیراق بەهەشتەو هەمو شتێک لە بەغدا چارەسەر دەبێت، لە کاتێکدا پایتەخت و شارەکانی تری عیراق لە بچوکترین خەسڵەتی شارێتی و ژێڕخانی خزمەتگوزاری بێبەشن. هەڵبەتە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا، سوچێکە لە سوچەکانی چارەسەر، موچەی فەرمانبەران بۆ نمونە.  ئەی چی لە گرفتەکانی تر بکەین: ژمارەیەکی زۆر زۆری گەنجی بێکار، بازارێکی فشەڵ، بونی مافیایەکی ئابوریی حزبیی کە تەندروستی و ژینگەو خۆراک و پەروەردەو هەمو جومگەکانی تری داگیرکردوە. هەروەها ژمارەیەکی زۆری فەرمانبەران کە نیوەیان فەرمانبەری حزبین و بونەتە بار نەک بەسەر حکومتەوە، بەڵکو بەسەر فەرمانبەرانی بوارە سەرەکیەکانی وەک پەروردەو تەندروستی کشت و کاڵ و ..هتد. کوشتنی کەرتی کشتوکاڵ و ڕاهێنانی خەڵک لەسەر ئەوەی فەرمانبەری بێبەرهەم بن خەسڵەتێکە لە دیمەنە گشتیەکەی حوکمڕانێتی کورد. داهێنانی مۆدێلێکی ئابوریی کە حزب تیایدا برا گەورەیەو لەوە زیاتر هیچ بنەمایەکی نیە، بەڵام هەمو سەرچاوەی داهاتی کوردستانی کۆنترۆڵکردوە. هەر لەناو ئەم زەلکاوەی دەسەڵاتدا، ئۆپۆزسیۆنێکی پۆپۆلیست خۆی وەک جێگرەوە پیشان دەدات، بەڵام بەبێ هیچ ڕوانگەیەک تروسکاییەک هیوا بەخەڵک ببەخشێت. چارەسەرەکان، نە مەحاڵ نە ئاسانیش؛ بەشێکیان لە بەغدان و بەشی هەرە زۆریان لە کوردستانن. لەوانەیە یەکێکیان ئەوەبن ئابوری وڵات لەم مۆدێلە حزبییە جەردەییە ڕزگار بکرێت و توانابون جێگەی (تەوریسی ئابوریی) بگرێتەوە. هەڵبەتە تەوریسی ئابوری لێرەدا پەلێکە لە پەل و پۆی تەوریسی سیاسی. ئەمەش ئەرکی بزوتنەوەیەکی مەدەنی پشودرێژە، لەسەر ئەو شێوازەیەکی بزوتنەوەی گۆڕانی لەسەر دروست بو. بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان میکانیزمەکەی لە پێناو ئامانجی سیاسی خۆیدا بەکارهێناو لە کاتێکی پێوانەکراودا گەڕایەوە ناو هاوکێشەی تەوریسی سیاسی و ئابوری. بۆ نمونە لە ئەدەبیاتی سیاسی و میدیایی ئەم بزوتنەوەیەدا زۆر باسی موڵک و مافی گشتی دەکرا، کەچی ڕوبەرێکی زۆری لە موڵکی گشتی لەناو شاری سلێمانیدا کردە موڵکی حزبی. ئەمە هۆکارێکی نەمانی متمانەی خەڵک بو بە ئۆپۆزسیۆن. دەرەچەیەکی تر بۆ ڕزگاربون لە زەلکاوەکە، ڕزگارکردنی دامەزراوەکانی حکومەتە لە سوپایەک لە فەرمانبەری حزبی. هەڵبەتە ئەمە پێویستی بە پلانێکی تۆکمەیە، چونکە دەرکردنی دەیان هەزار فەرمانبەری حزبی، ئەبێتە هۆی زیادکردنی کێشەکان، بەڵام بەشێکیش دەبێت لە خستنەگەڕی توانا مرۆییەکان لە بری قەتیسکردنیان لە فەرمانگەی بێبەرهەمدا. هەر لە میانەی ئەم خاڵەدا گرنگە باس لە سەرمایەداریی حزبی بکرێت، کە میدیاو دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکی کۆمەڵایەتییان داگیرکردوە.  لەوانەیە یەکێک لە چارسەرە سەرەکیەکان تەسلیمکردنی فایلی نەوت و داهاتەکانی گومرک بێت بە حکومەتی عیراق بەتەواوەتی، چونکە ئەم دو داهاتە سەرچاوەی بەشێکی زۆری زەبەلاحبونی هەژمونی حزبی و بنەماڵەیین لە کوردستاندا. وشککردنی سەرچاوەکان بەشێکە لە وشککردنی توانای دەسەڵات لە بەکارهێنانی میکانیزمی بەردەوامبون لە گەندەڵی و هەروەها وشککردنی توانای میلیتاریزەکردنی کردنی دەسەڵات و توندوتیژیی. ئەوەی لەم هاوکێشەیەدا گرنگەو مانادارە، مافی گشتی و موڵکی گشتییە؛ مانگرتن و خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە ڕوبەری گشتی جیاناکرێنەوەو سەرچاوەی داهاتەکانیش مافی گشتین. مانەوەی خەڵک لەم دو ڕوبەرەدا، وزەی لەدایکبونی سیاسەتن لە کوردستان. پاڵەپەستۆکانی ئەم دواییەی خەڵک و ناوەندەکانی میدیای دەرەوەی بازنەی دەسەڵات، وایانکرد بەرپرسانی پارتی و یەکێتی و گۆڕان لەسەر ڕێککەوتنێکی گوماناوی نەوت لەگەڵ تورکیا، بێنە قسەو زانیاری جیاواز لەسەر ڕێککەوتنەکە بدەن کە بۆ ماوەی چەند ساڵێکە بێدەنگیان هەڵبژاردوە. کەواتە لێرەوە ئەوەمان بۆ ڕوندەبێتەوە کە هێشتا ڕوبەرێک ماوە بۆ پاڵەپەستۆو بێدەنگ نەبون لەسەر دەسەڵات و ئەم مۆدێلەی خۆحەشاردان لە زەڵکاودا. لەسەرەتاکانی ساڵانی (2000)ەوە، دەسەڵات توانیویەتی هەمو جۆرێک لە ناڕەزایی کپ بکاتەوەو کۆتایی پێ بهێنێت؛ ئەی چی بکرێت؟ لەوانەیە مانگرتنێکی مەدەنی دڕێژخایەن و پشودرێژ بۆ بەدەستهێنانی ئەو خاڵانەی باسکران و سنوردارکردنی دەسەڵاتێکی بەپەروا لە نابوتی و گەندەڵیدا، ڕێگەیەکی تر بێت بۆ دروستکردنی دەرەچەیەک بۆ دەرچونی ئاو لەم زەلکاوەو وشکنەبونەوەی، وەک چۆن زەلکاوەکەی مناڵیی ئێمە وشک بوەوەو ئێستا بوەتە وشکەڵانێک؛ نە ئاوی تیا ماوەو نە کیسەڵ. 


مەیسون شەقیر رەنگە ئەو جوامێری و هۆشیارییەی لە ناخی مرۆڤدا دەچەسپێت، گەورەتر و فراوانتر و گشتگیرتربێت لە هەموو بڕوانامە ئەکادیمییەکان، پەروەردە و ژێرخانی مۆراڵی و گۆڕانی بارودۆخەکانی ژیان کەسەکان درووست دەکەن و بەها و کارە لە پێشینەییەکانیان پێدەبەخشن. ئۆخینیۆ ئاریاس ئەو منداڵەی کە لە شارۆچکەی بوێتراگۆ لە باکووری مەدرید لە ئیسپانیا لە ساڵی ١٩٠٥ لە دایك بوو، لە باوکێکی بەرگدروو کە روحێکی پەیوەست بە ژیان و دڵێکی میهرەبانی هەبوو، وە لە دایکێك کە شوانی مەڕ بوو لەو شارەدێیە و شەیدای دەشتودەر و راستگۆییەکانی بوو. بەڵام هەموو ئەمانە وەك پێویست بەس نەبوون بۆ ئەوەی ئەم خێزانە بتوانێت درێژە بە ژیان بدات لە سەخترین سەردەمی ئابووری کە ئیسپانیای پیا تێدەپەڕی. ئاریاس لە سەردەمێکی هەڵە لە دایك بوو ... وازی لە قوتابخانە هێنا هەرچەندە ئەو لە قوتابخانەکەی ئیلهام بەخشی مامۆستاکانی بوو چونکە زیرەکییەکی سروشتی و لە راددە بەدەری هەبوو، توانای داهێنانی گاڵتەوگەپی جوانی هەبوو! " قوتابخانەی بێنەوایان " لە تەمەنی یانزە ساڵیدا ئاریاس وازی لە قوتابخانەکەی هێنا و چوو لە لای مامی شاگردی بکات کە شوێنکارێکی سەرتاشینی هەبوو. لە ماوەی چوار ساڵدا ئاریاس فێری پیشەی سەرتاشین دەبێت، لەگەڵ ئەوەیشدا فێری ژیان دەبێت لە رێگای زوو ئەزموونکردنی کارکردن و لە رێگای کاریگەری کەسایەتی مامەیەوە کە رۆشنبیر و خوێنەرێکی بە پەرۆش بوو. ئەم شوێنکاری سەرتاشینە بەشێکی زۆری بریتی بوو لە پەرتووكخانەیەك کە هەڵبژاردەیەك لە باشترین پەرتووکەکانی تێدابوو! ئاریاس لەم شوێنکارە ڤیکتۆر هۆگۆی خوێندەوە، بۆیە دەیوت : " من دەرچووی قوتابخانەی بێنەوایانم " هەروەها لەم شوێنە سێرڤانتس و زۆر پەرتووکی فەلسەفە و رەخنەی ئەدەبی و هونەری خوێندەوە، گوێبیستی زۆرێك لە گفتوگۆی هزری و ئەدەبی بوو کە لە نێوان هاموشۆکەرانی سەرتاشخانەکەدا روویاندەدا و پێیان وابوو کە ئەم شوێنە بریتییە لە ماڵی رۆشنبیری شارۆچکەکەیان! پاش ئەوەی مامی دەمرێت و ئاریاس شوێنکارەکە و پەرتووکخانەکەی بە میراتی بۆ دەمێـنـێـتەوە، ئەو هێشتا تەمەنی پانزە ساڵان بوو، بەڵام ژیان وایلێکردبوو کە گەورەتر بێت لە ساڵەکانی تەمەنی! سەرتاشخانەکە، پەرتووکخانەکە و گفتوگۆکانی هاموشۆکەران بەردەوامییان پێدران و هەمیشە پەرتووکی نوێیان دەهێنا و لەنێو خۆیاندا ئاڵوگۆڕیان دەکردەوە! ئاریاس خولیای شانۆ بوو، زۆری لەسەر خوێندەوە، بە راددەیەك کە بەشداری کرد لە شانۆگەرییەك کە لە دەرهێنانی بەڕێوەبەری فێرکردنی خۆجێیەتی شارۆچکەکە بوو کە ئەویش یەکێك بوو لە هاموشۆکەرە هەمیشەییەکانی پەرتووکخانەکە، ئاریاس لەم شانۆگەرییە توانایەکی زۆر باشی نواندنی پیشاندا و سەلماندی کە روحێکی کاریگەری هەیە، ئەمەش وایکرد کە ببێتە جێگای سەرنج لە لای دۆستانی شانۆ و تەواوی خەڵکی شارۆچکەکە. " شانەی سوور و بەرگری " پاش ئەوەی ئاریاس تواناکانی بەدەرکەوتن و بووبە جێگای سەرنجی خەڵکی، یەکەم شانەی پارتی کۆمۆنیستی دامەزراند لە شارۆچکەکە لە ساڵی ١٩٣١. ئاریاس خۆی دەڵێت کە ئەو لە شوێنکارە تایبەتەکەی پەرتووکی چەپەکانی دەخوێندەوە و پەیوەندی لەگەڵ سەرکردە سەربازییەکان هەبوو لە ماوەی جەنگی ناوخۆیی ئیسپانیا، لەپێناو سەرکەوتنی کۆمارییەکان بەشدار بووە لە جەنگدا و بەو هۆیەوە لە پێیەکیدا بریندار دەبێ و ئەمەش وایلێدەکات کە هەموو پاشماوەی تەمەنی بە شەلی بمێنێتەوە، بەڵام ئەو رێگای بە باشی دەزانی! لە ساڵی ١٩٣٦ کۆمار هەرەسی هێنا و فرانکۆ دەستیکرد بە راوەدوونانی کۆماریخوازەکان. بۆیە ئاریاس هەڵهات بۆ فەڕەنسا و لەگەڵ خۆیدا خەونەکانی، ئازارەکانی، پێیە شەلەکەی، لێهاتوویی پەنجەکانی و ئیشقی نەبڕاوەی بۆ ئیسپانیا هەڵگرتبوو! بەڵام نەیدەزانی کە هەموو ئەمانە دەبنە هۆی بە زیندوو هێشتنەوەی ناوەکەی لە مێژوودا زیاتر لە ناوی ملیۆنان لە هەڵگرانی بڕوانامەی بەرزی ئەکادیمی! لە فەڕەنسا راستەوخۆ پەیوەندیکرد بە بەرەی بەرگرییەوە و بەشداری هەموو کۆبوونەوەکانیانی دەکرد، لە شاری تۆڵۆز خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشرا وەك ناودارترین کەسی ئیسپانی کە دژی نازییەکان جەنگابێت لە ئیسپانیا. پاش کۆتایی جەنگی جیهانی دووەم، لە فەڕەنسا لەگەڵ پیکاسۆ .. بەناوبانگترین ناوی هونەری لە مێژووی هونەر بەیەك گەیشتن ... ئاریاس سەرلەنوێ لە فەڕەنسا شوێنکارێکی سەرتاشینی کردەوە لە شارۆچکەی پیاریۆس کە ماڵی پیکاسۆ لەوێ بوو. " هەڵهاتن لەگەڵ پیکاسۆ " پێش ئەوەی بۆ یەکەم جار بەیەکتری بگەن، ئەوان ناوبانگی یەکترییان بیستبوو، هەستیان دەکرد زۆر شتی هاوبەش لە نێوانیاندا هەیە و کۆیان دەکاتەوە! هەردووکیان ئاشقی ئیسپانیا بوون و لە دیکتاتۆرییەتی فرانکۆ هەڵهاتبوون، هەردووکیان ئارەزوویان بۆ بیروباوەڕی سۆسیالیستی هەیە و کۆمارین، هەردووکیان داخ لە دڵ و دوورخراوەن لە نیشتیمان و لە ژیانیان، هەردووکیان بەشداربوون لە بەرەی بەرگری ئیسپانی ... بەم شێوەیە و سەرەڕای جیاوازی زۆر لە نێوان بەناوبانگترین نیگارکێشی سەردەمەکە و سەرتاشێکی هەژار و سادە، ئەوان بوون بە دوو هاوڕێی راستەقینە و هەر یەکێکیان بۆ ئەویتر بریتی بوو لە نیشتیمانی ونبوو، بریتی بوو لەو زمانەی ئاشقی بوون، بریتی بوو لەو روحسووکی و خوێن شرینییەی کەسایەتی ئیسپانی پێدەناسرێتەوە، بۆ یەکتری مایەی زاڵبوون بوون بەسەر تاراوگە و دوورخستنەوە! ئاریاس بوو بە سەرتاشی هەمیشەیی پیکاسۆ و هاوڕێی گیانی بە گیانی و پارێزەری نهێنییەکانی، تەنها کەس بوو کە دەیتوانی هەموو هەفتەیەك چاوی بە پیکاسۆ بکەوێ و پێکەوە بڕۆن بۆ تەماشاکردنی زۆرانبازی گایەکان، ئەو بەرەنگاربوونەوەیەی لەم زۆرانبازییەدا هەبوو بۆ پیکاسۆ وەك بەرەنگاربوونەوەی ژیان بوو ... ئاریاس تاکە کەس بوو کە دەیتوانی بچێت بۆ ماڵی پیکاسۆ هەرکاتێك ئارەزووی بکردایە، پێکەوە شەوگاری درێژیان بەڕێدەکرد و گفتوگۆیان دەربارەی سیاسەت و نیگارکێشان و ئەدەب و هەونەر دەکرد، باسی بەرەی بەرگرییان دەکرد لە ئیسپانیا لە دژی فرانکۆ، باسی دۆخی پەنابەرە ئیسپانییەکانیان دەکرد لە فەڕەنسا! پیکاسۆ ئۆتۆمبیلێکی بۆ ئاریاس کڕی بۆ ئەوەی هەرکاتێك بیەوێت سەردانی بکات، هەر کاتێکیش دەچوو بۆ لای بۆ سەرچاکردن، تابلۆیەك لە تابلۆکانی لەگەڵ خۆی بۆ دەبرد ... ئەم تابلۆیە لە بری نرخی سەرچاکردنەکە نەبوو کە هەرگیز ئاریاس وەرینەدەگرت، بەڵکو وەك دیارییەکی هەمیشەیی و دووبارە لە پێناو هاوڕێیەتییەکی راستەقینە و قووڵ بوو! پیکاسۆ هەرگیز تابلۆیەك یان کارێکی هونەری خۆی بە فیڕۆ نەدەدا، زۆر هۆگر و پەرۆشی بەرهەمەکانی خۆی بوو، بەڵام دەیزانی کە بەنرخترین شتێك پێشکەشی هاوڕێکەی بکات بریتییە لە تابلۆیەك یان کارێکی هونەری هەرچەندە بچووکیش بێت! کاتێکیش سەردانی دەکرد، لەسەر پێشەکی پەرتووکێك یان لەسەر دەفرێکی خەزەفی وێنەیەکی بۆی دەکێشا، هەروەها لە پاش هەر زۆرانبازییەکی گایەکان کە پێکەوە ئامادەی دەبوون و کۆتاییەکەی خراپ و ئازار بەخش نەدەبوو، پیکاسۆ وێنەیەکی خێرا و سەرسووڕهێنەری دەکێشا کە گوزارشتی لەو خۆشییە لە راددەبەدەرەی خۆی دەکرد بەو کۆتاییە! هەندێ جار پیکاسۆ بەنرخترین تابلۆی خۆی پێشکەش بە هاوڕێکەی دەکرد، وەك تابلۆی جاکلینی هاوسەری کە بە واژۆی پیکاسۆ خۆی واژۆ کرابوو! کاتێك ئاریاس لەگەڵ کچە برادەرەکەی (سیمۆنا فرانکواڵ) کە هاوڕێی بوو لە هێزی بەرەنگاری، هاوسەرگیرییان ئەنجامدا لە ساڵی ١٩٥٠، پیکاسۆ و جاکلینی هاوسەری شایەتحاڵی ئەو هاوسەرگیرییە بوون و تیایدا پیکاسۆ تابلۆیەکی تری وەك دیاری هاوسەرگیرێتی بەخشییە ئاریاس کە بریتی بوو لە پۆرترێتێکی نوێی جاکلین. بەم شێوەیە بیست و شەش ساڵ تێپەڕی لە هاوڕێیەتی و هۆگری لە نێوان پیکاسۆ و ئاریاس، بە جۆرێك کە جوانترین رۆژگاریان پێکەوە بەسەردەبرد. کاتێك دەچوونە یانەکان پێکەوە گۆرانی ئیسپانییان دەوتەوە، بۆ وڵاتێك دەگریان کە بۆیان نەبوو بگەڕێنەوە بۆی چونکە لێیان قەدەغە کرابوو، خۆشەویستییان بۆ ئەو وڵاتە جۆشی دەسەند و نەفرەتیان دەکرد لە نازییەت و دیکتاتۆرییەت و ستەمکاری لە هەرکوێیەك و بە هەرشێوەیەك بوایە، پێکەوە خەونیان بە ژیان و بە گەڕانەوە بۆ ئیسپانیا دەبینی ... " گەنجینەکەی ئاریاس " لە ماوەی ئەو بیست و شەش ساڵەدا ئاریاس توانی گەنجینەیەکی سەرسووڕهێنەر لە تابلۆ و پارچەی هونەری جۆراوجۆری بەناوبانگترین ناوی هونەری کۆبکاتەوە کە هەموو جیهانی بەخۆیەوە خەریك کردبوو بەجۆرێك کە مۆزەخانەکان و پایتەختەکان و گەلەرییەکان لە خولیا و پەرۆشی ئەوەدا بوون شتێکیان دەستبکەوێت کە بە ناوی ئەوەوە واژۆ کرابێت. ئەوەی گرنگ بوو ئاریاس ئەم گەنجینە بەنرخەی کۆکردەوە لە ئەنجامی متمانە و خۆشەویستی ئەم نیگارکێشە کە لەگەڵ خەڵکیدا زۆر بە ساردی و بە رەقی مامەڵەی دەکرد! لە ساڵی ١٩٧٣ پیکاسۆ لە پاش ژیانێك کە پڕبوو لە هەموو شتێك کۆچی دوایی کرد. ئاریاس تەنهاکەسی ئیسپانی بوو کە لە کاتی سەرەمەرگیدا ئامادە بوو، بە کوڵ بۆی دەگریا هەروەك چۆن منداڵێك بۆ خێزانەکەی بگری، تەرمەکەی بەو ئاڵایە پێچایەوە کە دایکی لە ئیسپانیاوە بۆی ناردبوو، بە درێژایی شەو لە لای مایەوە تا بە خاکیان سپارد، بەو شێوەیە پیکاسۆ هونەری نیگارکێشان و هەموو رەنگەکانی بەجێهێشت، تەنها بەرەو رەنگی رەش و سپی رۆیشت. پاش مردنی پیکاسۆ، ئاریاس پیشانگایەکی کردەوە لە شارۆچکەی پیاریۆسی فەرەنسی بۆ کارە هونەرییەکانی پیکاسۆ کە تایبەت بوون بە خۆیی و پیکاسۆ پێی بەخشیبوون، هەر ئەوەندە هەواڵەکە گەیشتە رۆژنامەکان، نوێنەری مۆزەخانەکانی جیهان بە پەلە خۆیان گەیاندە ئاریاس و داوای کڕینی ئەو گەنجینەیان لێیدەکرد. بەڵام ئاریاس هەمیشە دەیوت کە ئەمانە بۆ فرۆشتن نین و رۆژێك دێت لەگەڵیاندا دەگەڕێینەوە بۆ ئیسپانیا، ئەوسا ئەم تابلۆیانە لە شوێنی شیاوی خۆیان دەبن! بەو شێوەیە ئاریاس ئەو هەموو بڕە پارەیەی کە بە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێنرا رەتکردەوە کە خرانە بەردەستی لە لایەن دەوڵەمەندەکانی جیهان و گەلەری و ماڵەکانی هونەرەوە! پاش مردنی فرانکۆ لە ساڵی  ١٩٧٥ و کۆتایی هاتنی قۆناغی دیکتاتۆرییەت لە ئیسپانیا، ئاریاس هەموو کارە هونەرییەکانی پیکاسۆ کە تایبەت بوون بە خۆی پێچایەوە و پێکەوە گەڕانەوە بۆ ئیسپانیا، تابلۆکان دەیانزانی کە دەگەڕێنەوە بۆ لای رووحی ئەو دەستەی کە نەخشاندوونی، هەروەك چۆن ئاریاس بە درێژایی رێگاکە گفتووگۆی لەگەڵیان دەکرد و دەستی دەهێنا پێیاندا و دەیوت " ئەوەتا دەگەڕێینەوە، دیکتاتۆر مرد و ئیسپانیا بە زیندوویی مایەوە، ئەوەتا وا دەگەڕێینەوە هاوڕێکەم هەروەك چۆن خەونمان دەبینی " " گرینکای مرۆڤایەتی " ئاریاس گەڕایەوە بۆ شارۆچکەکەی خۆی لە ئیسپانیا، ناوبانگی تابلۆکانی پیکاسۆ کە لە لایەتی لە پێش خۆیەوە گەیشتبوون، بە گرنگییەکی زۆرەوە پێشوازی لێکرا، ئۆفەری زۆر خرانە بەردەستی بۆ کڕینی ئەو تابلۆیانە بە هەرنرخێك بێت! بەڵام ئەو هەمیشە دەیوت کە ئەمانە دیاری پیکاسۆن و دیاریش نافرۆشرێت! بەو شێوەیە ئاریاس بە هەژاری گەڕایەوە شارۆچکەکەی خۆی هەروەك چۆن بە هەژاری بەجێیهێشتبوو، بەڵام دەوڵەمەند بە ئەزموونی خەباتگێڕی و هاوڕێیەتی لەگەڵ پیکاسۆ. ئاریاس هەموو کارەکانی پیکاسۆ کە زیاتر لە شەست تابلۆ، چل پارچە نیگاری کانزایی و بیست و حەوت پارچە نیگاری خەزەفی بوون، پێشکەش بە شارەوانی شارۆچکەکەی کرد و تەنها داواکاریشی ئەوەبوو کە ئەم سامانە بکرێتە مۆزەخانەیەك بۆ ئەوەی خەڵکی بۆ تەماشاکردنی سەردانی شارۆچکە دوورەدەستە فەرامۆشکراوەکەی بکەن و بەو شێوەیە بمێنێتەوە و هەرگیز نەفرۆشرێن، هەرگیز هیچ پارچەیەکی نەگوازرێتەوە بۆ هیچ جێگایەك! شارەوانی شارۆچکەکە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنییان بۆ ئاریاس رێکخست، لەو چاوپێکەوتنەدا بە دوور و درێژی باسی پەیوەندی نێوان خۆی و پیکاسۆی کرد، باسی پشتگیری ماددی و رووحی پیکاسۆی کرد بۆ بەرەی بەرهەڵستکاری، باسی پشتگیری ماددی پیکاسۆی کرد بۆ پەنابەرە ئیسپانییەکان لە فەڕەنسا، باسی ئەو ماوەیەی کرد کە پیکاسۆ پەیوەندی کردبوو بە پارتی کۆمۆنیستییەوە، باسی بەرواری وێنەکێشانی تابلۆی گرینکای کرد، پیکاسۆ لەم تابلۆیەدا هەڵوێستی خۆی پیشانداوە سەبارەت بە هەموو نازییەکان لە جیهاندا، هەروەها باسی کۆنگرەی ئاشتی کرد کە پیکاسۆ داوای بەستنی کردبوو، هەر ئەم کۆنگرەیە بوو کە وای لە پیکاسۆ کرد تابلۆی جەنگ و ئاشتی وێنە بکێشێت، هەروەها باسی پەیوەندی پیکاسۆی کرد بە هاوڕێکانیەوە وەکو سارتەر و سیمۆن دی بۆڤوار و دڵسۆزی پیکاسۆ بۆیان، باسی شەیدایی لە راددەبەدەری پیکاسۆی کرد بۆ هونەرەکەی و چۆن هەمیشە لە پلەی یەکەمی گرنگییەکانی بووە لە ژیانی و تەنانەت گرنگتربوو لە پەیوەندییەکانی و هەتا لە پەیوەندی نێوان خۆیی و خێزان و منداڵەکانی! ئاریاس زۆر بە پەرۆشەوە بوو کە پارێزگاری لە نهێنییە کەسێتییەکانی پیکاسۆ بکات، بۆیە زۆر بە توندی رەتیدەکردەوە باسی پەیوەندییە سۆزدارییە جۆراوجۆرەکانی بکات و هەمیشە لە وەڵامدانەوە خۆی دەدزییەوە و دەیوت کە ئەو هونەرەکەی لە هەمووشتێك لەلا گرنگتربوو. سەرتاشەکەی پیکاسۆ لە ٢٨ ی نیسان لە ساڵی ٢٠٠٨ کۆچی دواییکرد، ئەو ماڵئاواییەی کە شارۆچکەکەیی و ئیسپانیا لێیانکرد وەکو ماڵئاواییکردن لە پاڵەوانەکان بوو! ئاریاس ئەو مۆزەخانەیەی کە لە ساڵی ١٩٨٥کردییەوە و ناوی لێنا مۆزەخانەی سەرتاشەکەی پیکاسۆ، تا ئێستا لەو شارۆچکەیە کراوەیە و هەموو ئەو تابلۆ و کارە هونەرییانەی تێدا دانراوە هەروەك چۆن لە وەسیەتەکەی داوایکردبوو! بەو شێوەیە ئەو شارۆچکە بچووکە دوورەدەستە بوو بە گرنگترین شوێنی گەشتیاری لە شاری مەدرید و ئاریاسیش وەك جوامێرترین و بەناوبانگترین سەرتاشی جیهان باس دەکرێت پاش ئەوەی کە هەژارێکی لەبیرکراو بوو وەك هەموو هەژارەکان!  لە عەرەبییەوە / قارەمان حسین عبدالله سەرچاوە / سایتی العرب


محەمەد عومەر پێنجوێنی  قـسەکردن لەسەرئایندە لەم دۆخە ھەستیارەی ناوچەکەدا ،جگەلەوەی قورسەو ھۆشیاری وبەدواداجونی ورد دەخوازێت لێپرسراوی گرتنە ئەستۆشی دەوێت.چونکە نەتەوەکەمان لەم بەشەی نیشتیمانە کەماندا ،لەبەردەم سەرەپێچ و وەرچەرخانێکی مـێژوویــی گەورەدایـە.کێشەکانی قۆناغی ڕابردوو،سروشتی قۆناغەکەو ،ئەرک ومەیدان خوازیەکانی و،ھاوکات بوونـی ئـەرکـە نەتەوەیـی ودیـمۆکـراسی یەکانیش ئەرکی سەرشانی سەرکردە سیاسیەکان و ، غەمخۆرانی ئایـندەی کـوردستانـی باشوری ھێندەی ترگران کردووە .دەمەوێت بڵێم بـە ئەندازەی گەورەیـی شانس و دەرفەتەکان وھەڕەشەکان ،ئەرکـەکـانیش گەورەن ، مەبەستـم لەئەرکیش وەک لەئاماژە ڕواڵەتەکانیەوەدەردەکـەوێت ،تەنـھا ڕوبەڕووبوونـەوەی مەترسی و ھەڕەشەکان نـی یـە، بـەڵکـو تـوانای قۆستنەوەی دەرفەتەکـان وج،سەرمایە گوزاری سیاسیشە لەھەڵە مێژووییەکانداچونکە (خێـڵ)یـش کاتێ بـنەماڵەکانی لەنێوان خۆیاندا دەستیان دەچێتە خوێنی یەکتروودوژمنایەتیان لەنێوانـدا سەرھـەڵدەدات لەکاتی بوونـی ھێرشێ بۆ سەر تێکـاڕای خێـڵەکـە لەلایەن خێـڵێـک یاخود چەند خێڵێـکی ترەوە،چاوپۆشی لـە دوژمنایەتی نـێو خۆیان دەکەن و بەیەکگرتووی بەگـژ دوژمـنە دەرەکـی یەکـدا دەچـنەوە و ، تاکۆتای شەڕو پـەلامـار و ھێـرشەکە ،کێشەکانی نێوانیان سڕدەکـەن و،دەبـن بەھاوسەنگەر . مـەبەستم ئەوەیە ئەگەربوونـی ھەڕەشەیەکی وەک داعـش ئێـمە ی تاڕادەیەک یەکخستبێت ،لـە گەڵ گرنگی دا،زۆرلامان گەورەنەبێت ،چونکە عەقڵی خێڵیـش تـوانـای یـەکگرتووی لـەبەرامبەر ھەڕەشەی دەرەکـی داھـەیە .بـەڵـکوو ئەوەی لەم ڕوەوە بۆ گەلی کـوردستانـی باشور گـرنـگە دووشـتە. ١بەیەکگرتووی مانەوەی ھێزوسـیاسەت و ستراتیژو داوا و دروشم و ڕیـزەکانە لەپاش شەڕی داعـش و، قۆناغی وەبەرھێـنانی سیاسی دوای کۆتای ھـێنانی شەڕەکـە .چـونکە قۆناغی دوای شەڕ مەیدانی تاقیکردنەوەیەکی گرنگ ولە ھەمان کاتداھەستیارە بۆ تۆکمەی نێوخۆیی و، بەیەکگرتوویی مانەوەی ھێزەکان و دیدو ھەڵسەنگاندنەکـان و دروشم و میکانزمـەکـانی داواکاریەکان و،بـوون ونەبوون وقەوارەی ھەڕەشە نوێکانی ئەوقۆناغە ،لەسۆنگەی گۆڕان لە سەرچاوەی مەترسـی یەکان و ،ڕیزبەنـدی سیاسی یە پێـشـبیـنی و گـریـمانە کراوەکان .ھەربۆیە ڕێکەوتـن لەسەر جۆری بەڕێوە بردنی ملمـلانێ و دۆخەکان لەوکاتـەدا ھـەتابـڵێ ی پێـویـستە . ٢یەکخستنـەوەی کردەوەیـی ھـێزەکـان ،بـەڵکـو تێـپەڕانـدنی چەمـکی یەکخـستنەوە ودووبـارە بـیـباکردنـەوەی لەشکرێـکی کـوردستانی ھـاوچەرخ و نیـشتیـمانی نـوێ ی وا، تـوانای ئەنجامدانی ئـەرکە سیاسی و سەربازییەکانی لە قۆناغی داھاتوودا ھەبێت ھێزێک کە تەنھا و تەنھا بۆ نیـشتیـمان و حوکومـەت بـێت ،لەسەروی ململانێ سیاسی یەکانەوە بێت لە دەستوەردان لە کاروباری سیاسی بەدوور بێت .ھـێزی ھـەمـووان بێت و دەرگای بەڕووی ھـەمـووانیشدا کراوەبێت .مەبەستـم لە ڕۆڵی سیاسی ھـێزەکەش بـەشداری کردنیەتـی لە خەمڵاندنی نـاسنامەیەکی نیـشتیـمانی و نـەتەوەیـی یەکبگرن لەڕێ ی دورکەوتنەوەی لەحزبایەتی و ململانێکان و گۆڕانی بە یەکـێ لەدەزگـا نیـشتیـمانی یـە گـرنگـە کان و ئامادەکردنی بۆ سەروبەندی جاڕدانی سەربەخۆی. لەم پێشەکیەوە مەبەستـم بووبڵێم ھێـندەی لەخەمی ئەوەدا بیـن کەپرسیار لەوە بکەین کە کـوردستانی باشوربەرەوکوێ دەڕوات،دەبێت پرسیار وخەم و پەرۆشـی سەرەکیمان ئـەوە بێت کەئێمە وەک ھـێزە سیاسی یەکان و،سەرکردەکان دەمانەوێت کۆمەڵگا بەرەو کوێ ی بەریـن ؟ چونکە لەمڕۆدا بەھـۆی واقعی ھـەرێمی کـوردستان ، تـوانائابوری وسیاسی و سەربازی یە خودەیەکانمان ،گۆڕانـمان بە کاراکتەرێکی سیاسی و سەربازی نـاوچەکە ،خـۆمان لـەدەرەوەی ئاراستەدان بەڕوداوەکان و ،چاوەڕوانی ستارگرتنیاندا نیـن ،بـەڵکو بەشداریان تێدا دەکـەن بەتایبەتیش ئوبەشە لە ڕووداوەکان کە تایبە تـن بەناوخۆی وڵاتەکەمان و،زیاتر بەرەوپێش بردنی دۆزە نەتەوەیی یەکەی ئەم جۆرە بیرکردنەوە لەوڕەوشەوە گرنگە کەھێزو سەرکردە سـیاسی یەکان و نـاوەندەکـانی ئاراسـتە کەری ڕای گشتی لەباشووردا ،لێپرسراوێتی بگرنـە ئەستـۆ .چـونکە کورد و ناوچەکەش وەک جاران نـەماوە و،ھـۆکاری خودییە کان کاریگەری گـەورەیان لەسەر دۆخەکەمان ھەیە و تەنانەت ئاستـی بەھێزبـوون و تۆکـمەیی نێـوخۆیی و ئامادەیی ھـێزەکـان ،کاردەکاتە سەر ھـۆکارە دەرەکیەکانیـش . بەڵام تـەنـھا بـوونی ئـیرادە و خواست و داواکاریش لەم ڕوووە بـەس نـی یـە ، بـەڵکو دەبێت داواکاری و ئامانج و بەرکەوتـنە نەتەوەیی یەکانی قۆناغەکەو، دەسنیشانکـردنی سروشـتەکەی و.شێوازی کار بۆ کردنیان و قۆناغبەندی یە پێویستەکان ،ڕێکەوتنی لەسەر بکرێت و لەشێوەی نەخشە ڕێگایەکداببێتە ویبلە نومای سیاسی قۆناغی داھاتوو،بۆ ئەوەی ھاوڕێگەیی سیاسی تێکـەڵکردنـی سەرجەم وزەو توانا نیـشتیـمانی یەکان بەدوای خۆیـدا بێنێ .بەمەبەستی زۆر ترین سوود وەرگرتن لەدەرفەتە بەدیھاتووەکان . نەبوونی ئەم ڕێکەوتن ونەخشە ڕێگایە جۆرێ لەنیگەرانی و راڕای لێ دەکەوێتەوە و ،ھێزەکانیش بەرامبەر یەک بەدوگومان دەبن لەسۆنگەی ترسان لە پەراوێزبوون و قۆستنەوەی ھەڵەکان و پـرسە چارەنووسسازە نەتەوەیی یەکان بەقازانجی گروپی و حزبی ،ئەمەش ئەو شتەیە تاکو ئێستا بوونی نی یەو ،سەریشم سوڕماوە لەوەی بۆچی سەرۆکایەتی ھەرێم لەم ڕوەوە ھیـچ دەستپێشخەریەک ناکات و ،کار لەسەر خەمڵاندنی ئەو نـەخشە ڕێگایە و، کەم کردنـەوەی بەدگومانی و راڕای یەکان و،بەرتەسککردنەوەی ئەو کەلەبەر و ھەستە ناوەکیەکان ناکای کەدەشێت ھەندێ ھێزی ھەرێمی لێیانەوە دژایەتی خواستە مەزنەکانی ئێمە لەسەربەخۆیی ودووبارە خۆبنیاتنانەوەمان بکەن.دەســـــتنیشانکردنـی ئەوەی ئێمە لـەم قۆناغە دا چیمان دەوێت وەچۆن وەبە چ شێوەیەک کاربۆ بەدیھێنانیان دەکەین ؟ڕواندنی ئەوھەستەش کە ھەرچی بەدی بێت بەرھەمی خەبات و ڕەنجی ھاوبەش دەبێت و ھەمووان شانازی پێوە دەکەن  گرنگی بنەڕەتی ھەیە،بۆ وێناکردنی ئە ئایدەی بۆ خۆمان و وڵات و گەلەکەمان دەوێت.چونکە  چی دەکەین و چۆن دەکەین و ،وێنامان بۆ قۆناغە کە و ئایندە چۆنە ،یارمەتیدەرێکی گەورەدەبێ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ئاینـدە و،ئاراستەکردنی ڕووداوەکانی ،بەئاقاری نزیکبوونەوە لەوێنا و دۆخی دڵخوازی خۆمان .لەڕویەکی ترەوە تێگەیشتن لەو ھاوتەتیبوونی ئەرکە نەتەوەیی و دیمۆکراسی یەکان لەم قۆناغەدالە باریدایە ڕێگا بۆ ئێمەی کورت بکاتەوە و،تێگەیشتنەکان لە یەکتر نزیک بکاتەوە و،ڕێکەوتنی نێوان ھێزەکانیش لەسەر کۆی پرسە گرنگەکان و خەباتی ناوکـۆیی ئاسانتر بکات. مەبەستمە بڵێم گەرھێزێک بەو ئاقارەدا کاربکات کەپێویستە ھەوڵەکان لە مەسەلە نەتەوەییەکەدا چڕبکرێتەوەو،بە دیمۆکراتیزەکردنی ژیانی سیاسی و، چاکسازی یەکی ڕاستەقینە بۆ کاتێکی تر دوابخرێت و،یەکێکی تر بەپێچەوانەوە  ئامانجی ھەرە لەپێشینەی بکات بەپرسە ناوخۆیی یەکان و،ھاوپشتیوانی و چارەنووسی لەمەسەلە نەتەوەیی یەکە ،بەوەدابنێت دەڕژێتەخانەی بەرژەوەندی ئەوھێزانەی لەڕابردوودا گەندەڵیان ئەنجام داوە و،دەسەڵاتیان خراپ بەکار ھێناوە ،تـووشی سەرلێشێواوی وشڵەژانێکی گەورەمان دەکات و،پەروازەی و لێکترازانی بەرەی ناوخۆ و لاوازبوونی چوارچێوە ھاوبەشە کانی کارکردنی بەدواوەدێت.ھەر بۆیە ڕێکەوتن لەسەر بەرکەوتەکانی قۆناغەکە نابێت تەنھا بەمەسەلەی نەتەوەیی یەکەوە پەیوەست بێت ،بەڵکوو دەبێت ڕێکەوتنێک بێت پرسە نێوخۆیی یەکان و،لەوانەش پرسی چاکسازی و بەدامەزراوەیی کردن لە خۆ بگرێت ،چونکە بە ھاوتەریب سەیرکردنی ئەم دوو ڕەھەندەی ئەرک و خەباتی سیاسیمان لەم قۆناغەدا ،ھاوسەنگی بەجوڵە و ھێزەنیشتیمانی یەکانمان دەبەخشرێت ، ڕێکەوتن لەسەر ڕەشنووسی و تێپەڕاندنی ( دەستور) یش بەشێ لە کێشەکانمان لەکۆڵ دەکاتەوە و،سنوری دەسەڵاتەکان و،ماف و ئەکەکان ،ڕوونتر و چوارچێوەدار تر دەبن .بەڕێکەوتن لەسەر دەستور دەکەرێت بەشێ لە کێشەی دەسەڵات و ،میکانیزمەکانی دابینکردنی ڕەوایەتی سیاسی ،دەستنیشانکردنی چەسپاوە نیشتیمانی یەکان چارەسەر بکرێت.لەبەرنجامی ئەوەی لەپێشەوە وتمان دەتوانین بڵێین باشووری کوردستان لەبردەم سیناریۆی جیاوازدایە ،دەکرێت خوانە خواستە لەدوای تەواوبوونـی شەڕی (داعش)ە وە ، یەکیەتی نێوخۆی زەبری زیاتری بەرکەوێت و،دەستێوەردانی دەرەکی زیاتر بیت و ،یەکپارچەیی ھەرێم بکەوێتە بەردەم مەترسی یەوە ،ھەروەھا مەسەلەی سەرۆکایەتی ھەرێم ببێت بەسەرچاوەی کێشە و مەسەلەکە بەڕاگەیاندنی باری لەناکاو و دۆخی نائاسایی و نەخوازراو کۆتای بێت و ،ژیانی سیاسیش دووچاری جۆرێ لەداخران بێت.بەڵام لەھەمان کاتدا سینایۆیەکی ترمان لەبەر دەمدایە کەئەویش ڕێکەوتنە لەسەردەستوور و،سازانی نیشتمانی لەسەر پرسی ڕاپرسی و مافی چارەنووس و یەکلای کردنەوەی سنوورو،زەمینەسازکردن بۆ سەربەخۆ بوون و دەوڵەت و،خەمڵاندنی نەخشە ڕێگایەک بۆ چاکسازی نێوخۆیی و ڕوونی و ،دووبارە بییانکردنەوەی سیستم و کۆتای ھێنان بەڕواڵەت و پاشماوەکانی قۆناغی پێشوو ئەوەی سیناریۆیەکیش بەسەر ئەوی دیدازاڵ دەکات بەپلەی یەکەم ئیرادەو دڵسۆزی و یەکگرتوویی و گیانی لێپرسراوێتی سەرکردەو ھێزە سیاسی یەکان و خۆمانیین گەرخۆمان ھەبین نەتەوە ییانە مامەڵە بکەین ،فۆڕمەحزبی یەکان نەکەیـن بەسەنتەر،بەربەست لەبەردەم بەرزبوونەوەی سەقفی داخوازی و گەشە کردنی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیدا ،ئەگەر ململانێ و ھەستیاریە کۆنە پەرست و نانەتەوەیی یە مێژووییەکان تێپەڕێنین، ئەوائایندەی کوردسیانی باشوور سەرەڕای بوونی کۆسپ و دژواری گریمانە کراو ،ڕوناک دەردەکەوێت،ئاسۆی ئایندەی وڵات مژدەی سەربەخۆیی و خۆشگوزەرانی و دادپەروەری و دیمۆکراسی یەکی فراوانتر و کامڵترپەخش دەکات دەبا ھەموومان ڕێز لە خوێنی شەھیدان وڕەنج و قوربانی تائاستی جینۆسایدی گەلەکەمان بگرین و ،بە دڵسۆزی و خاکـی بوون و موکوڕبوونمان ،ئامێزی ڕۆحمان بۆ و مژدانە بکەینەوە ،ئایندەی کوردستانی باشوور بەرەو ئەوە بەریـن کەئەرکـی سەرشانی ناسیونالزمێکی خاوەن پەیام و سەرکردە و ھێزەگەلێکی لێپرسراو و گەلێکی خاوەن مافــە.


  سامانی وەستا بەکر   ناڕەزایی، توڕەیی، خۆپیشاندان، یاخیبوون و سەرهەڵدان دەرەنجام و پەرچەکردارە.  حکومەت تەنها پۆلیسی هەیە، ئاسایش و دژە تیرۆر و هەموو ئەوانەیتر حیزبین.  دامودەزگاکانی حکومەت موڵکی گشتییە، بارەگای حیزب موڵکی داگیرکراوی حکومییە، خانوو موڵکی بەرپرسەکان ماڵ و موڵکی دزراوی داهاتی نەتەوەی مووچە دزراو ی خەڵکییە.  پۆلیس:  لە کۆی سیستەمی حکومڕانی مۆدێرن و دیموکراسییەکانی جیهانا حکومەت تەنها پۆلیسی هەیە کە چاودێر و خەمخۆری جێبەجێکردنی یاسان لەلایەن دەسەڵاتدارو هاوڵاتیانەوە، هەر پۆلیسیش سەروماڵی هاوڵاتیان ئەپارێزێ، تەنانەت لەکاتی پشێووی و توڕەی هاوڵاتیانا  دیسانەوە هەر پۆلیس داودەزگا و شوێنە گشتییەکان ئەپارێزن.  کاتێک کە کەسێک بەجل و بەرگی کوردییەوە فەرمان ئەکا و ئەبینی تەقە لەخۆپیشاندەرانیش ئەکا، ئیتر ئەگەر هەموو ئەوانەی لەگەڵین دەرچووی ئەکادیمیای پۆلیسیشبن هەر بە میلیشیا و هیزی حیزبی و خێزان و بنەماڵە ئەژمارەکرێن.  کاری پۆلیس پاراستنی داودەزگا و سەرماڵی گشتی و دابینکردنی ئاسایشە، بەڵام کاتێک کە گەشتە ئەوەی لەنێوان داروبەرد و پەنجەرە و تەختەو خوێنی هاوڵاتیانا کامیان بپارێزن، ئەوا بێگومان خوێنی هاوڵاتیان بەلاوە گرنگترە، هەڵبەتە ئەگەر هێزێکی نیشتمانی بن.  خەڵکی هەر شارێک شیوە زارێکی تایبەت بەخۆی هەیە کەزۆرینەی خەڵکی ئەو شارە بەکاریئەهێنن، واباویشە پۆلیس خەڵکی ناوخۆی شارەکەبن چونکە بەهۆی نزیکی و ئاشناییان بە کلتور و میزاجی شارەکەی خۆیان و خەمخۆری و خۆشەویستییان بۆ هاوشاری و هاوڵاتیانی خۆیان، سود و پێزی زۆربەی ئەو کارانەی ئەمجامی ئەیەن ئەچیتە سەبەتەی شارەکەوە بە پلەی یەک. بەڵام کاتێک تەقەکەرو شەق وەشێنەکان بەزمان و شێوازی دەرەوەی ئەو شارە سوکایەتی بە خەڵك بکەن ئەوا  گومان دروست ئەبێ کە ئەو هێزە هێزێکی ناوچەیەکیترە  کە هیچ سۆز و بەزەییەکی بۆ خەڵک و بەرژەوەندی ئەو شارە نیە بەڵکو لە هەندێ جاریشا بە نەفەس و ڕقی شارچێتییەوە هەرچی قین و کینەیەک لە دڵیانایە ئەیڕێژن و ئەگەر فەرمانیشیان پێنەکرابێ بەڵام ئەوان هەر فرسەتێکیان بۆ ڕێکەوێ کاری ناپەسەند و نابەجێێ خۆیان ئەکەن.  سوتاندن:  زۆرینەی هەرە زۆری خۆپیشاندەرانی ئەو دوو ڕۆژە، گەنجی بێکار و بەدبەختن، مووچەخۆر نین، کەچی پەیامی بەرپرسان هەر ئاراستەی مووچەخۆرانە، بەوەی کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا چەرەسەر دەکەین، کێشەی ئێستای کوردستان سەرباری کێشەی فەرمانبەران، لەشکرێک بێکار و گەنجانێکە کە جگە لە تاریکی، هیچ ڕووناکیەک لەئێستا و ئاییندەی خۆیان نابینن، بۆیە ناکرێ بە پاساوی کێشەی بێ مووچەیی، کێشە گەورەکەی تر نادیدە بگیرێ.    لە سوتانی بارەگای حیزبەکان ئەکرێ پەیامێکی گرنگ بخوێنینەوە، ئەویش کاڵبوونەوەی نەفەسی حیزبایەتی تەسک و نابەرپرسانەیە لای تاکی کورد، ئەمەش نیشاندەری بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاری تاکی کوردە کە جێگەی تێڕامانو دڵخۆشییە.    سوتاندنی بارەگای حیزبەکان بێ جیاوازی تێگەشتنی خەڵکە لەو ڕاستییە تاڵەی کە هیچ حیزبێک جا لەناو دەسەڵاتابێت یا ئۆپۆزسیۆن تەنها کاریان شینی هەریسەکەیە، و هیچ حێزبێک نابینن کە کار لەبەرژەوەندی شەقاما بکات، خۆ ئەگەر هەوڵێکیش هەبێ بۆ کارکردنی حیزبێکی دیاری کراو لەبەرژەوەندی گشتیا، ئەوا ئامادەییان تیایە لەپێناو چەند پۆستێک و دەسکەوتی حیزبی و تایبەتی خۆیانا چاوی لێبپۆشن، ئەمەش وایکرد کە پەیامی ئەمجارەی خۆپیشاندەران ئەوەبێ کە بڵێن (نە داربێ و نە پەردوو، نەعلەتبێ لە هەردوو).    خەڵکی توڕەیە و داودەزگاکانی وڵات کە موڵکی خەڵک خۆیەتی ئەسوتێنێ، چونکە ڕۆژانە ئەبینێ لەڕێی مێدیا و تێڤێکانیانەوەخەڵکانێک هێندە تێرن هاوتای شا و شاژن دەرەکەون و ئەمانیش ناتوانن پۆشاکێک کە شایەن و پۆشتەبێت دابینی بکەن و بۆ خۆیان و مناڵ و خێزانەکانیان.  خەڵکی داودەزگاکانی وڵات ئەسوتێنێ چونکە ئەوان گروپێکیان لە گەنجێ بیست بۆ سی ساڵ دروست کردووە کە مۆڵتی ملیاردێرن، کۆمەڵێک شاجوان و شاپۆزیان دروست کردووە کە خۆیان نەبێ کەس نازانێ بەچی وا دەوڵەمەن بوون، لەکاتێکا خەڵکی ئاسایی مووچەیەک کە لەپای ئەو ئەرکەی بەجێێیان گەیاندووە پێیان نادرێ و گەنجەکانیش ئامادەن لە کۆمپانیاکانی ئەو دزە دەوڵەمەندانەیا وەک کارگوزا و پاسەوانیش کاربکەن پێیان نادرێ ئیتر  چۆن سۆز و خۆشەویستی لەدڵی شکاوی ئەو گەنجەیا بوونی ئەمێنێ؟    لە مێدیای حیزبی و سێبەرەوە وا پیشانئەیرێ کە خۆپیشاندەران هەڵەیان کردووە لە سوتاندنی بارەگای حیزبەکان، بەڵام هیچ لایەکیان دانیان بەوەیا نەنا کە خەڵکی توڕەیە لەوەی ماف و مووچەی ئەوان چەند کەسێک ئەیدزن، بەڵام ئەوە بەرپرس و کادێر و پاسەوانی ناو ئەو بارەگا حیزبیانەن کە بوونەتە قەڵغان و سوپەر بۆ ئەو چەن کەسەی کە لە پەنجەی دەست و قاچی مرۆڤێک تێپەڕناکەن.    دەسەڵات "حکومەت"ی هەرێم:    حکومەتی ھەرێم ساوا نەبوو وە نیشە بەڵکو ھەر لەدایک نەبووە، چونکە کاتێ حکومەت دروست ئەبێت کە دەزگای موئەسەساتی ھەبێ، بەڵام حکومەتی ھەرێم ھیچ موئەسەساتێکی دروست نەکردووە بۆ نمونە تا ئێستاس میلیشیای حیزبی ھەیە لەبری سوپایەکی نیشتمانی، تا ئێستاش خاڵە سنورییەکان لەژێر دەستی حیزب و لەلایەن حیزبەوە بەڕێوەئەبرێن، تا ئێستاش ماف بەرامبەر ئەرک نادرێت، هێزەکانی ئاسایش و دژەتیرۆر و هیزی ٧٠ و ٨٠ لەهێزی دوو وڵاتی دژە ئەیەک ئەچن لەوکاتانەی ناکۆکی ئەکەوێتە نێوانیان.....هتد.  سەرۆکی دەسەڵات "حکومەت"ی هەرێم لە دوایین گۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیا زیاتر لە سەرۆکی بەشی ژمێریاری دەزگایەک ئەچوو کە کاری ئەو تەنها دابەشکردنی ئەو مووچەیەیە کە لەلایەن سەروی خۆیەوە ئەگاتە دەستی نەک سەرۆکی حکومەت، جونکە تەنانەت سەرۆکی شارەوانییەکیش نابێ بەوجۆرە قسە بکات کاتێک لایەنی کەم بەشێکی داهاتی جوگرافیای سنورەکەی خۆی ئەگاتە دەستی چەندی خزمەتگوزاریی پێئەنجام ئەیا، بەڵام ئەم زۆر خەم ساردانە لە هەیبەتی ئەو دەزگا گەورەیەی کەم کردەوە کە پێی ئەوترێ حکومەت، لە کاتێکا ئەبوو ئەو شانی بایەتەبەر و بەڵێنی دابەشکردنی مووچەی بایە و ڕێگەی چارە و کلیلی دەرگا داخراوەکانی لە گیرفانی دەرهێنایە نەک دەستخاتەوە ناو گیرفانی و بڵێ چاوەڕیی حکومەتی ناوەندیین، کە مەبەستی بوو بارگرانی سەرشانی حکومەتەکەی کەمبکات و بڵێ ئێمەش وەک خەڵکەکە هەرچاومان لە قاپی بەغایە.    ئەوەی لە وتار و گۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەی سەرۆکی دەسەڵات "حکومەت"ی ھەرێما جێی تێڕامان بوو ئەوەبوو کە ووتی (ئەبێ خەڵک داوای مافی خۆی لەوانە بکا کە مافیان خواردووە "کە مەبەستی حکومەتی عێراق بوو" ) کە ئەمە بەڕاستی جێگەی ھەڵوێستەیەکی جدییە، چونکە ئەو جۆرە دەربڕینە لە سەرۆکی دەسەڵاتی یەکەمی ھەرێمەوە دانپیانانێکی بێ چەن و چوونە کە ئەمان خۆیان بە بەرپرس و حکومەت نازانن، بەڵکو کاریان تەنھا دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیەیە کە بەشێوەی گرێبەست بەغا ئەینێرێ بۆ ھەرێم، خۆ ئەگەر نەشی نارد ئەوا ئەمان ھیچیان بۆ ناکرێ و تاوانبار حکومەتەکەی بەغایە، بەمەش بە مەبەستبێ یان بێ مەبەست سەرۆکی دەسەڵاتەکەی ھەرێم دانی بەوەیا نا کە حکومەتەکەی بەغا حکومەتی کۆی عێراقە بە ھەرێمیشەوە و کاری ئەمانیش دابەشکردنی ئەو مووچەیە کە بۆیان ئەنێرێ، ئەگەرنا ئەمان ناتوانن مووچە دابینبکەن، بێئاگا لەوەی حکومەتێک توانای دابین کردنی مووچە و خزمەتگوزاتییەکانی نەبێ و تەنھا کاری دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیەبێ کە لە ناوەندەوە ئەگاتە دەستی ئەوا ئەو جۆرە لە حکومەت ڕۆڵی بانکێک یان ژمێریارێک یان ئامێری پارەی سەرشەقامەکان cash machine ئەبینێ.    دەسەڵاتی حیزب:    تۆ کاتێ ئامادەبی زیاتر لە نیوەی خاکی ھەرێم چۆڵکەیت و ڕادەستی وڵاتی داگیرکەری مێژووی خاکی کوردستانی بکەی، ئەی بۆ ناتوانی بارەگاکان کە تەنھا داروبەرد و بینای داگیرکراوی شارەوانیەکانن ڕادەستی گەنجانی توڕەو ماف و خوراو بێ ھەلی کارو ڕۆڵەی خاک و نیشتمانکەی خۆتی بکەی؟    بۆ لە ناوچە دابڕێنراوەکان و کەرکوک بەبێ تەقە چۆڵتان کرد و بەرگریتان نەکرد ترسان لەوەی خۆینتان بڕژێ، بەڵام چونکە لە ھەرێمی کوردستان دڵنیان کە خوێنتان ناڕژێنرێ کەچی ئامادەن خوێنی گەنجان بڕێژن!    بۆ ناوچە دابڕێنراوەکانتان بەڕێکەوتنی ژێربەژێر ڕادەستی ئەوەی خۆتان پێی ئەڵێن دوژمن کرد تەنھا بۆ پاراستنی ئەوەی ھەتانە لە سامان و سەروەت، ئەی بۆ ئامادنین بەڕێکەوتنێی ڕوون و ئاشکرا دەسەڵات ڕادەستی شەقامی توڕە و ماف خوراوبکەن،  بڕۆن بزنس بکەن بەوەی لەم ٢٩ ساڵەیا بردووتانە  خەریک بازرگانیبن و سیاسەت بەجێھێڵن بۆ ڕامیاریوانێک کە تەنھا کاری سیاسەتبێ نەک بازرگانی.  بۆ ئامادەن هەموو تەپۆلکە و شاخ و بەرزاییەکان ڕادەستی داگیرکارە مێژوویەکانی کوردستان بکەن تا لەوێوە نیشانە لە کوردانی پەنابەری پارچەکانیتر بگرنەوە، بەڵام ئامادەنین چەن پۆستێک لە پلە باڵاکانتان چۆڵکەن و ڕادەستی خەڵکانی شایستە و پڕ ئەزمون و مەدەنی بکەن.  بۆ ئامادەن دوای ڕادەستکردنی نیوەی خاکی هەرێم بە هێزی میلیشیای حەشدی "ئێران"ی شەعبی و نیوەکەیتریشی کە ماوە ڕادەستی مۆڵگەو بنکە سەربازییەکانی تورکی مەنگۆلی بکەن و هیچ سەروەرییەک بۆ خۆتان و بۆ خەڵکە نەهێڵنەوە، ئەی بۆ ناتوانن لایەنی کەمی سەروەریی بۆ خەڵکی ستەمدیدەو بێبەشی هەرێمی کوردستان بگێڕنەوە؟    حیزبەکانی دەسەڵات تا نەگەشتە مریشکە ڕەشە ئامادەنەبوون نەک تەنازول بۆیەک بکەن بەڵکو ئامادە نەبوون کۆش ببنەوە، لەکاتێکا  ئامادەن لەگەڵ هەموو لایەنێکی غەیرە کوردییا کۆببنەوە، هەموو تەنازولێک بۆ وڵاتانی درواسێ و داگیرکەری مێژووی خاکی کوردستان ئەکەن، هەر سوکایەتیەکیش پێیان بکرێ چاوپۆشی لێئەکەن و لە کۆبوونەوەکانیشیانا لەگەڵ لایەنی دەرەکی هەمیشە ئەوە ئەمانن کە ئەبێ بچنە خزمەت ئاغا و سوڵتانەکان بەڵام لەناوخۆیا تا نەگاتە خوێنڕژان ئامادەنین هەنگاو هەڵگرن و لەبارەگاکانی یەکترا کۆببنەوەوانێ.    لە مۆدێلی حیزبایەتی مۆدێرن و بگرە زۆرێک لە وڵاتانی تازە پێگەشتووش حیزب تەنها یەک بیرۆی هەیە، ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کۆی حیزبەکان وەڵامی ئەو پرسیارەبەنەوە، یایا حیزب بارەگای بۆچیە؟ کاری ئەو بارەگایانە چیە و چ سودێکی گشتی و تەنانەت حیزبیشی نیە جگە لە بارگرانی بەسەر شانی خەڵکەوە کە ئەکرێ ئەو پارە زۆرەی لەکۆی بارەگا حیزبیەکانا کونێکیتری پێبگیرێ لە جەستەی بێژنئاسای خەڵکیا.  هیچ هێزێکی چەکدار و پاسەوانی نیە، حکومەت پۆلیسی هەیەکە پارێزگاری لە هەموو لایەک وەک یەک ئەکا، بەڵام کاتێ حیزب چەکدارو پاسەوان و هێزی تایبەت بەخۆی ئەبێ، واتە خودی ئەو حیزبە خۆی باوەڕی بەدامەزراوە و داودەزگاکانی خۆی نیە.    سەرنج:  بەو خەڵکە یان بەو گەنجەی کە کەلوپەلی یەکێک لە دوادەزگاکانی یابوو بە کۆڵیا و ئەیبرد ئەڵێن فەرھوودچی "لێرەیا ئێمە کاری ھەڵەی ئەو گەنجە ڕاست ناکەینەوەو بە باشیشی نازانین بــــــــەڵام" ئەی ئێوە ٢٩ ساڵە ھەرچی ماف و مووچە و سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی و خۆشی و خۆشگوزەرانی و پرۆژە سەرەتای و ستراتژیەکانی ئەوان ھەیە ھەموویتان بە تاڵان و فەرھود بردووە، کەچی بۆیەکجاریش بەخۆتان نەووت فەرھودچی، بۆیە ئەویش ھەوڵ ئەیا ئەوەی لێی دزراوە بیگێڕێتەوە بۆ شوێنێ خۆی ئەگەرچی زۆر کەمیشبێت، ئاخر ھەرچییەک ئێوە ھەتانە ھی خۆتان نیە و سەروەت و سامانی خەڵکە،  ئەگەر بە ئاگابن یان بێ ئاگا، بەڵام ھەموو ھاوڵاتییەکی ئەو ھەرێمە خانوو ئۆتۆمبێل و پارەی بانق و کۆمپانیا و تەنانەت جلەکانی بەریشتان بەھینی خۆیان ئەزانن بۆیە ھەر شتێک لای ئێوەبێ ئەوان ھەر فرسەتێکیان بۆ ڕێکەوێ ئەیگێڕنەوە بۆ شوێنێ خۆی و بۆ خۆیان، بۆیە کاری ئاقڵانە ئەوەیە ماف بگێرنەوە بۆ خاوەنەکەی پێش ئەوەی بگاتە ئەوەی کە خۆیان لێتان وەرگرنەوە چونکە ئەو کات درەنگە و دوورنیە بشتانکەنە ئەودیووی سنوری زیندووەکانەوە. 


د شوان نافع خورشید لە چەندین شارو شارۆچکەی کوردستاندا خەڵکی هاتونەتە سەر شەقامەکان و چەندین کەس بە نارەوایی شەهید کراون.  بەڵام لەگەڵ ئەویشدا ئاشکرایە ئێمە ئامادە نین بۆ شۆرشێک کە ئەنجامەکەی لەوە باشتر بێت لەوەی هەمانە.  ئەگەر هاتوو خەڵکی دڵسوز خۆپێشاندان بکەن و خۆفرۆشەکانیش تێکڵاویان ببن و دەست دەن بە وێران کاری وبێ رێزی کردن، وەک ئەوەی لە سەید سادق روویداوە کادری پارتی سوکایەتی پێکرا، هەر بۆ ئەوەی بیانو بدرێت بە دەسەڵات دەسترێژی گولە بکەن بە ناو خەڵکیدا، توانامان نابێت خەڵکە چاکەکە و خەرابەکە لە یەک جیا بکەینەوە. تەنانەت لەم بارودۆخەی فکری میللەتەکەمان دوور نییە چاکەکە جلەوی خۆی بداتە چەپەڵەکان. ئاشکرایە زۆرینەی چاکەکان پەیوەریان ننیە کە خەڵکە باشەکە بناسن.  ئێمە لە قوناغێکداین ئەگەر وریا نەبین ئەوەی رووی داوە لە سوریا و یەمەن و لیبیادا لای ئێمەشدا روو ئەدات.  چەندین پرسیار هەیە لێرەدا لە خۆمانی بکەین. سەرەکیترینیان ئەوەیە: بۆچی لە ئەوروپای رۆژهەڵات و لە وڵاتێلێک وەک کوریای باشور شیللی و تایوان، کە شورش یان نارەزایەتی دروست دەبوو دیموکراسی دروست ئەکرا و هەموو ئەو وڵاتانە بەرەو ئارامی ئاوەدان بوونەوە چوون. و بۆ لە وڵاتانی لای ئێمە و هەروەها خۆمانیش کە شورشێک روو ئەدات ئەنجامەکەی زۆر خرابتر بوو لە بارودۆخەی کە ویستومانە رزگارمان بێت لێ؟ بەڵکو عیراق و کوردستان و ئەفغانستان شانسێکی گەورەیان بۆ هات کە وڵاتێکی زلهێز دەیان هەزار لە چاکترین سەربازەکانیان دا بەکوشتدا و نزیکەی ١٠ تریلیون زیانی ئابوری ئەدا بۆ ئەوەی دیموکراسیمان بۆ دروست کەن، کەچی رێرەوە پڕ مەینەتی و گەندەڵیمان هەڵبژارد.  دوو جور وڵام هەیە؛ یەکێکیان ئەڵێت ئەمانە هەموو پیلانی ئەمریکا و جولەکەیە و بەگشتی دۆژمنانی ئیسلامە. ئەم رێبازە فکرییە پێشنیارئەکەن کە رزگاربوونمان تەنها لە رێگای ئیسلامە و دروستی کردنی دەوڵەتی ئیسلامی راستەقینەیە. قاعدە و داعشمان بۆ پەیدا بوون مرجعە ئیسلامیەکان رەخنەیان لێیان گرت. کە سەریان نەگرت ووتیان داعش و قاعدە خۆیان دەستکردی ئەمریکا بووە. ئیستاش کە ئیسلامیەک کاری تیروریستی ئەکەن پێمان ئەوترێت ئەوان ئیسلام نین. بەڵام ئێمە جامەورەی ئیسلامان نەبینی برژینە سەر شەقامەکان دژ بە تیروریستەکان هەروەها نەمابینی نارەزایەتیەک دەربرن دژ بەوەی کە بەسەر برا ئیزیدیەکانمان هات.  چۆن ئەتوانین ئەم بۆچوونە هەڵسەنگینین کە ئەڵێ ئیسلام چارەیە وەک ئیخوانەکان ئەڵێن؟ لە راستیدا ئیسلام هیچ کاتێک پێ نەکراوە سیستەمی سیاسی چاک دروست بکات. لە کاتی خلفای راشدیندا، ئەسحابەکان یەککتریان کوشت و هەر لەو کاتەوە خوینرێژی رانەوستاوە لە جیهانی ئیسلامیدا لە نێوان ئیسلامەکان خۆیاندا لە پێناوی دەسەڵاتدا.  ئیسلامیەکان ولام پرسیاریکی زۆر گرینگریان نەداوە؛ چۆن ململانی لەسەر دەسەڵات رێکئەخرێت؟  ململانی لە سەر دەسەڵات یان ئەوەتا بە قورخکردنی دەسەڵات ئەنجام ئەدرێت ئەمەش ستەم و نا دادپەرەوەری بە دوای خۆیدا خۆیدا دەهێنێت لە کوتایشدا خۆی لەرێگا توندوتیژیدا لە ناو ئەچێت. رێکاری دووەمیش ئەوەیە کە شتێک وەک لیبرال دیموکراسی دروستبکرێت.  هەیە پێمان ئەڵێن دیموکراسی هەڵقولاوی ئیسلامە. بەڵام لە ناو ئیسلامدا هیچ کاتێک دیموکراسی نەبووە. خلفای راشدین هەموو بە کۆمەڵ دەستنیشان کراون و هەمووشیان قریشی بوونە.  'شوری' دیموکراسی نییە بەراستی. دیموکراسی پێش هەموو شتێک پێویستی بە ئازادی بیروباوەر هەیە، و پاراستنی مافی دەنگدەران هەیە، تەنانەت ئەگەر بیروبۆچونەکانیان بە دڵی سەرکردەو ئاین دارەکانیش نەبێ، لیبرال دیموکراسی داوا ئەکات لقەکانی دەسەڵات جیا بکرێنەوە، دەسەڵات قورخ نەکرێت، باوەر بە مێشکی مرۆڤ هەبێت و یاساکانیش مرۆڤەکان داینین کەواتەسەروەری بۆ خەڵکە نەک بۆ ئاین یان هیچ لایەنێکی تر. بەڵام مێشکی ئیسلامی ئیستا وا رێکخراوە کە تاکەکان ئەچنە دژ رخنەگران و تەنانەت چەندین کەسیان کوشتوە لە بەر دەربرینی بیروباوەری ئازاد. (هەڵبەت لە سەرەتادا ئیسلام بە تایبەتی سەرەتای دەوڵەتی عباسیەکان بەم شێوەیە نەبوو. غزالی و ابن تیمیە فکری ئیسلای توندرەویان هێنایە کایەوە و فەلسەفەیان ریشەکێش کرد.).  کەواتە هەروەک لە رابردوودا ئیسلامیەکان نەیتوانیوە سیستەمی سیاسی چاک دروست بکەن لە داهاتوشدا پێان ناکرێت چۆنکە هێشتان وڵامیان نییە کە چۆن ململانی لە سەر دەسەڵات بە شێوەیەکی ئاشتیانە رێکئخەن. بەڵام تەنانەت ئەگەر ئیسلام پێی نەکرابێت سیستەمی چاک دروست بکات ئەوە ناگەینێت کە ئەمریکا ئیسرائیل خرابکاری ناکەن لە وڵاتەکانماندا. لە راستیشدا زۆرێک لە سکولارەکانیش باوەریان وایە ئەمریکا و ئسرائیل پلانیان هەیە بۆ داگیرکردنی هەموو جیهان لە پێناو بەرژەوەندی قێزەوەنی خۆیان.  چۆن پێمان ئەکرێت راستیەکە بزانین؟ هیچ وڵامێکی ئاسانمان نییە. خۆ ترامپیش پێ وایە پیلان گیران لە هەموو شوێنیکدا هەن تەنانەت خۆیشی بووەتە قوربانی یەکەم پێلانگیران.  من پێم وایە خەتای خۆمانە کە دوا کەوتوین، ئەمریکا وئسرائیل تەنانەت ویستویانە یارمەتیشمان بدەن. بەڵام ئەشزانم کەم کەس هەیە هاورابن لەگەڵمدا. ئەوکاتەش روو بەرووی کەسێک ئەبم کە هەڵگری بیروباوەری پێچەوانەیە، ئەوا توانای قناعەت پێ هێنانی ئاستەم ئەبێ بۆ من، هەروەک ئەو پێ سەیر ئەبێت کە کەسێکی بەقەی من نەزان یان خۆفرۆش هەبێت لە جیهانەدا. خۆشبەختانە ئیستاکان هەندێ تێئەگەم سەرچاوەی کێشەکە چییە. کێشەکە ئەوەیە کە ئێمە مافی بیرکردنی ئازادمان پێ نەدراوە. ئەمەش بەراستی ئەمریکا نییە پێمانی کردبێت. بەڵکو خەڵکە، وەک ئەڵێن رەشورووتەکەیە، مافی بیرکردنی ئازادمان نادەتی. هەر بۆیەش داعش و قاعدە و ئەنسار الاسلام دەرئەکەوون کە سەری خەڵکی ئەبڕن لەسەر جادەکاندا. بۆیە لە لای من ئاشکرایە کە خەڵکە رەشورووتەکەیە داعش دروست. لەبەر بیروباوەری و ئەو رێبازە کە غزالی و ابن تیمیە بۆی داناوین ئێمە نە فێر ئەبین چی لە جیهاندا هەیە و هەردەمیش داعش دروست ئەکەین.  بەڵام پەیوەندی بیرکردنەوەی ئازاد جییە لەگەڵ دروستکردنی بارودۆخێکی باشتر بۆخۆمان.  ئەم جورە پرسیارە پێویستی بە فەلسەفەیە. پێویستە تێبگەین چۆن بوو وا بریتانیا پێش کەوت لە سەدەی ١٧یەمەوە؟  بۆچی ئەسینا یونانی کۆن پێشکەوت؟ ئەگەر پێشکەوتنی ئەوان پەیوەندی بە دیموکرایسیەوە بێت. باشە بۆچی بریتانیا ئەوەنددە پێشێلی مافی مرۆڤی کرد بە داگیرکاری خۆی؟ بۆچی لای ئێمە دیموکراسی دروست نابێت؟ ئایا هەر خەتای ئیسلامە؟ ئایا کامە ئەبێت پێشتر دروست ببێت وڵاتی سەربەخۆ و ئازاد یان دیموکراسی؟  رەنگە یەکێک پێم بڵێ دە خۆت وڵامیان بدەرەوە کێ دەستی گرتووە؟ بەڵام زەمینە دروست کردن بۆ شتێک وەک لیبرال دیموکراسی بە یەک کەسێک ناکرێت. ئەبێت هەزاران بەشدار بن لەوەی ئازادی فەراهەم بکەن بۆ ئەو کەسانەی کە ئەیانەوێت بیری جیاواز بکەن. تەنانەت خۆیانیش نەیانەوێت هیچ لە بیروباوەرەکانیان بگۆرن پێیویستە زەمینە خۆش بێت بۆ ئازادی بیروباوەر.  هیوادارم لەمەو بەدوا وتاری کورتی وا دروستکەم کە هەرجاریک دەربارەی پرسیاریک بکۆڵێت. 


  هاوژین زیبا   ساڵانە لە سەرجەم وڵاتانی جیھاندا ھەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی دژ بەژنان رادەگەیەندرێت و بە چالاکی جۆراوجۆر یٔەو یادە دەکرێتەوە. لە وڵاتی یٔێمەشدا ھەتادێت یٔەو راستییە پێشدەکەوێت، سەرەڕای کەموکورتییەکان، یٔەو بابەتە دەبێتە رۆژەڤ و زۆر کەس وتار و گفتوگۆ و شرۆڤەی جیاواز دەربارەی پێشکەش دەکەن، بەڵام بەداخەوە کاریگەرییەکی یٔەوتۆیان لەسەر کۆمەڵگای کوردی دروستنەکردووە و توندووتیژییەکان بە شێوازی جیاواز بەردەوامییان ھەیە. بەشێک  لە پیاوان و ژنانیش کاتێک باسی توندوتیژی دەکەن، بە گشتی تەنھا باسی توندوتیژیی جەستەیی دەکەن، لەکاتێکدا نابێت توندوتیژی دروونی لەیادبکرێت، چونکە ھەر کردەوەیەکی توندووتیژی سەرەتا لە دەروونەوە دەستپێدەکات. لەم وتارەدا ھەوڵدەدەم یٔاماژە بە چەند شێوازێکی توندوتیژیی دەروونی بەرامبەر بە ژنان بکەم.  توندووتیژیی دەروونی بۆ تێگەیشتن لە توندوتیژیی دەروونی بەرامبەر بە ژنان، سەرەتا پێویستە جۆرەکانی دەسەڵات بناسین، چونکە توندوتیژیی دەروونی خۆراک لە دەسەڵاتداری وەردەگرێرێت.  گەلێک چالاکوان، نووسەر و زانا باسی لە زیندانیبوونی ژن دەکەن. ژن، کاتێک وەک سۆلینا یٔیڤێ پارێزگاری لە خۆی دەکات، لەلایەن دەسەڵاتی دەوڵەتەوە زیندانی دەکرێت؛ لەلایەکی ترەوە، کاتێک ژن دەیەوێت سەربەخۆبێت و بەرامبەر دەسەڵاتی پیاوسالاری دەنگ ھەڵبرێت، دووبارە یٔەو ژنە لەلایەن پیاوەوە لە ماڵدا یان لە کارگە و شوێنیکاردا زیندانیدەکرێت.  سیستەمی دەوڵەت کاتێک ژنێک زیندانی دەکات، ھەموو جوڵەو چالاکییەکی دەخاتە ژێر چاودێرییەوە، بۆیە ناتوانێت زۆر شت بکات، چونکە تایبەتمەندی ژن لەژێر چاوردێریکردندا دەمرێت، ھەمان دۆخ لە زیندانی ماڵ یان لە کارگەدا دووبارەدەبێتەوە. دەتوانین یٔەو دۆخە بە توندوتیژیی دەروونی بناسێنین. خێزان و پێگەی یٔابووریی ژن لەو خێزانانەدا کە دۆخی یٔابوورییان باش نییە، رێگا بە کچەکان دەدرێت کاربکەن، بەڵام کارکردنی یٔەوان دەبێت بە سەرمایەی دەستی گەورەی ماڵ کە بە شێوەیەکی گشتی پیاوانن، چونکە یٔەوە سەرچاوەی داھاتە کە پەیوەندی نێوان یٔەندامانی خێزان دەگۆڕێت بۆ پەیوەندی بەرژەوەندی، بە بیانووی بڵاونەبوونەوەی پارە و داھات کە لە راستیدا بێمتمانییە بەرامبەر بە تواناو یٔیرادەی بڕیاردانی یٔەو ژنە و دووبارە دەکەوێتەوە ژێر چاودێریی خێزانەوە. لەژێر ناوی یٔەخلاق و بەرپرسیارێتیی خێزان و دڵسۆزیدا، سنوور بۆ ژنان دروست دەکرێت. بۆیە دەبینین یٔەو ژنانە چەندە لەلایەنی یٔابوورییەوە لەسەر پێی خۆیان بن ھێشتا ناتوانن کەسایەتییەکی سەربەخۆیان ھەبێت و متمانەیان پێناکرێت و زۆرجار ناچاردەکرێن بەوەی دەبێت چی بکەن و چی نەکەن. زیھنیەتێکی باو لە ناو کۆمەڵگا و خێزانەکاندا ھەیە پێیوایە دەبێت کچ تا یٔەوکاتەی ھاوسەرگیری دەکات دەبێت بۆ خێزانەکەی پارە بێنێتەوە، چونکە لەدوای یٔەوەی ھاوسەرگیری دەکات دەبێت بە ناومووسی کەسێکی دیکە. بۆیە یٔەو قۆناغەی ژیان بۆ ژن دەبێت بە قۆناغی توندووتیژیی دەروونی. ھاوسەرگیری و توندوتیژیی دەروونی ھەموو مرڤێک ھەڵەدەکات، ژنیش وەک مرۆڤ ھەندێک جار ھەڵە دەکات، یٔەو ھەڵەیەش کەوتنە ناو تۆڕی پیاوە. پیاو لە سەرەتادا ھەموو شتێکی خراپی  خۆی لەو ژنە دەشارێتەوە خۆی وەک کەسێکی دیکە دەناسێنێت، لە دوای یٔەوەی ھاوسەرگیری دەکەن و ژن دەکات بەموڵکی خۆی یٔەوکات ڕووی راستەقینەی خۆی نیشان دەدات. کاتێک ژن یٔەوە دەبینێت ناتوانێت لەگەڵیدا بژی، بۆیە ھەوڵ دەدات جیابێتەوە و بۆخۆی ژیانێکی نوێ دروست بکات، بەڵام بەداخەوە یٔەو قۆناغی جیابوونەوەیە زۆرجار بە مردن یان بە توندوتیژیی جەستەیی یان بە توندوتیژیی دەروونی کۆتایی دێت. کاتێک پیاو جیادەبێتەوە، بەبێ ترس دووبارە ھاوسەرگیری دەکاتەوە، ھەندێجار لەدوای ھاوسەرگیریی دووەمیش دیسان واز لەو ژنە ناھێنێت کە لێی جیابۆتەوە، ھەر بۆیە کاتێک ژن جیادەبێتەوە و دووبارە ھاوسەرگیری دەکاتەوە، ترسێکی گەورە لەسەر دڵیدا دەبێت و ھەتا کۆتایی لە توندووتیژیی دەروونیدا دەژی. لە ژیاندا  زۆر نموونەی وا ھەیە. لە وڵاتی یٔێمە ژن ھاوسەرگیری کردبێت یان ھاوسەرگیری نەکردبێت لەژێر چاودێری و سنوری پیاوسالاریدایە. زۆر کەمن یٔەو ژنانەی بە دڵی خۆیان ژیانێک، خێزانێکیان دروستکردبێت. بەگشتی لە منداڵییەوە ھەتا ھاوسەرگیری و پیربوون  ژن ناچاردەبن کە بەدڵی پیاوان بژین. یٔەخلاق و جوانی ھەموو شەڕ و ناکۆکییەک بەر لە جەستە لە دەروونەوە دەستپێدەکات، شەڕی ژن و پیاویش ھەر وایە، لە بنەمای یٔەخلاق و جوانییشەوە ھەڵدەقوڵێت. پێویستە یٔێمە وەک کۆمەڵگا جارێکی تر لەبارەی یٔەخلاق و جوانییەوە گفتوگۆ بکەین، چونکە ھەموو کێشەکانی ژن لەوێوە دروست دەبن. جوانبوون بە گوێرەی ڕوانینی پیاو دروست دەبێت، بۆیە پیاوی یٔەم سەردەمە کە سەردەمی مۆدێرنیتەیە پێوانەی جوانبوون بۆ ژن دادەنێت، ژنی مۆدێرنیتەش بە گوێرەی ھەمان زیھنیەت خۆیان جواندەکەن، یٔەوەش ژن لە سروشتیبوونی خۆی دادەبڕێت. بەوشێوە ژنیش ھەوڵدەدات ھێز و دەرفەتی دەسەڵاتی پیاوسالاری بەکاربێنێت، یٔیدی یٔەوکات بە جەستەش ژن بێت زیھنیەتەکە پیاوانەیە. وەگەر ژن یٔەو دۆخە قبوڵ نەکات و بیەوێت وەکو خۆی بێت، تووشی جۆرەھا زەحمەت و یٔاستەنگی دەبێتەوە، یٔەگەر بەگوێرەی بەرژەوەندی پیاوسالاری ھەوڵنەدات یٔەوا ھێزی پیاوسالاری دەرگای ژیان بە ڕووی یٔەودا دادەخات. یٔەم رەوشە یٔەو وتەی تۆماس ھۆبسمان بیردەخاتەوە کە دەڵێت "مرۆڤ گورگی مرۆڤە"، چونکە پیاوسالاری کاتێک یٔەقڵی ژن دەکات بە یٔەقڵی پیاو، یٔەو ژنەش بۆ یٔەوەی دەرگای ژیان بکاتەوە بە یٔەقڵی پیاویەتی داو بۆ یٔەوانی دیکە دەنێتەوە، ھەردوو دەبن بە گورگی یەکتری. یٔەخلاق بە وتنێکی دیکە یاسای کۆمەڵایەتییە، یٔەو یاسایەش بەگشتی لەلایەن دەسەڵاتی پیاوسالارییەوە دروستبووە. بۆیە یٔێمە ناتوانین بەو یاسایە  شەڕی ژن و پیاو بەشێوەیەکی دادپەوەرانە وەک پێوانەیەکی چارەسەری ببینین، چونکە یٔەو یاسایە بە ھاوسەنگی و یەکسانی ژن و پیاو  دروست نەبووە. یٔەگەر باسی یٔەخلاق بکرێت پێویستە یٔەخلاق وەک یاسای کۆمەڵایەتی بەگوێرەی ھاوسەنگی سروشتی دابندرێت.


چیا عەباس ماوەیەکە نارازی و تورەیی و نیگەرانی خەڵک لە دەسەڵات گەیشتۆنەتە لوتکە، لە ئەزمونەکانی رابوردودا کوشتن و گرتن و ئەشکەنجەدان و سزای سیاسی و نانبرینی  خۆپیشاندەران و نارازیەکان پیشەی ئاسایی چەکدار و هێزە تاریکەکانی سەر بە دەسەڵات بوە ، روداوەکانی ١٧ شوبات و دواتر گەواهی بەو راستیە دەدەن. دوای وەفاتی کاک نەوشیروان چەند هاوکارێکی موخەزرەم  زەوتی بزوتنەوەی گۆڕان یان کردوە و بە ئارەزوی خۆیان بە راست و چەپدا دەیبەن، هەر زو ئەم تاقمە وەک ئەوەی هەنگوینیان لە داری کلۆردا دۆزیبێتەوە بە هەلیان زانی گۆرەپانەکەیان بۆ تەخت بێت و بزوتنەوەکە بخەنە خزمەتی رق و کینە و تۆڵەسەندنەوە شاردراو و حەزە وردیلە و گەورە نارەواکانیان، ئەم تاقمە، هەوێنەکەی زۆر نەگونجاون لە گەڵ یەکتر، بێباک و تاکرەو ئاسا کەوتنە گیانی گۆرانخوازە رەسەن و بە ئەمەکەکان، هەرچۆنێک بێت خۆهاوشتنی ئەو تاقمەی گردەکە بۆ ناو باوەشی دەسەڵات و شیردانی بە جورعەی دەسەڵات بەم تاقمە لە ناسنامەی جاران و پرەنسیپە بەهادارەکانی چاکسازی و گۆڕانکاری دایبراندن. خەمی سەرەکی هاوبەشی ئەم تاقمە ئەوەیە چۆن لە دەسەڵاتی گۆڕان و لە حوکمرانیدا بمێننەوە، چونکە لە هەر دوکیان تێر ناخۆن، وەک زەرنەقوتەکەی مام جلال یان لێهاتوە کە دەیگوت تا بکەی بە قورگیاندا داوای زیاتر دەکەن. ئێستا لە ساتە هەستیارەکانی تەمەنی حوکمرانی لە باشور کە بەرەی میللەت بۆ مافە رەواکانی خوێن دەبەخشێت دەبینین مێشێک میوانی ئەم تاقمە نیە، لێدوان و قسەی سواو و حەتاڵ و بەتاڵ لە زاری چەند گۆرانچیەکی ناسراو بە گەندەڵی و جێگۆرکێی سیاسی و نائەمەکی ئەوەندەی تر روخساریانی ناشیرینتر کردوە.  لە کاتێکدا هاوڵاتی کورد بۆ مافە رەواکانی " تا ئێســـــتا، ڕوی نــه‌داوه له تاریخی میـلله‌تان قه‌ڵغــانی گووله سنگی کچان ( گەنجان )  بێ له هەڵمەتدا" دەبیستین و دەبینین پارێزگاری سلێمانی، بەناو سەر بە گۆڕان، بە فەرمی و بێ شەرمانە سەرکردایەتی هەڵمەتی دژ بە خۆپیشاندەران لە سنوری دەسەڵاتیدا دەکات کە تا ئەمرۆ هەشت شەهیدیان بەخشیوە، قسەکانی دەسەڵات دەجوێتەوە، پێچەوانەی هات و هاوار و قیژەکانی ساڵی ٢٠١١ ی کە داوای لە میللەت دەکرد بۆ مافەکانیان برژێنە سەر شەقامەکان، ئەم نفاقە سیاسیە ئاوێنەی بیرکردنەوە و سیاسەتی سەرانی فەرمی رێکخراوەیی ئەو پارێزگارەیە لە گردەکە. وتەبێژی گۆڕان، هاوکات ئەندامی خانەی راپەراندن، دەڵێت : لە گەڵ مافی رەوای خۆپیشاندانی ئاشتیانەین، دژ بە دەستگیرکردنی خۆپیشاندەرانین. ئەم ناتقە فرە بۆچون و لەهج و تۆنە ناراستەوخۆ تەنها باسی دیوێکی بچوک دەکات. ناڵێت دژی رەفتاری نامرۆڤانەی چەکدارانی دەسەڵاتن، ناشڵێت کاتێک خۆپیشاندەر دەدرێتە بەر گوللە و شەق و لێدان مافێکی رەوای خۆیەتی بە هەمو شێوەیەک بەرگری لەخۆی بکات، ئەوە توند و تیژی چەکدارانی دەسەڵاتی تاقمەکەی ناتق و یەکێتیە خۆپیشاندەر ئەوەندەی تر تورە دەکات نەک پێچەوانەکەی، ئەمجۆرە ئەقڵیەت ورەفتار و لێدوانانەن ئەوەندەی تر روخساری تاقمی گردەکە و دەوروبەریان شەرمەزارتر دەکات.  بەوەش ناوەستێت کاتێک دەڵێت دژن بە دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران، نەک تەنها دەستگیر دەکرێن بەڵکو لەو سنورە ئیداریەی کە تاقمەکەی ناتق نزیکەی ٤٠% ی پۆستەکانی بەدەستەوەیە بە پارێزگاری سلێمانیەوە خۆپیشاندەر دەکوژرێن، بریندار دەکرێن، دەرفێنرێن و سوکایەتی بەعزەت و کەرامەتیان دەکرێت، گەر راستگۆ و بە وەفان بۆ پرەنسیپەکانی ئیدیعای دەکەن نابێت ئاوا بپارێنەوە، سلێمانی گوتەنی: نە شیش بسوتێت نە کەباب، گەر راستگۆن بێن هەڵوێستەکانیان بەکردار بسەلمێنن، لێدوان و قسەی پوچەڵی لەو جۆرانە چاوبازیکردنە لە گەڵ دەسەڵاتێکی شەرەنگخوازی بێباک.  وەزیر و بەرپرسە باڵاکانی گۆڕان لە دەسەڵات وەک شایەرێکی دەم شیرین کراو حەیران و بەستەکانی دەسەڵات دەچرنەوە و ئارەزومەندانە هەوڵی پینە و پەرۆکردنی هەڵە و هەوڵە نەزۆکەکانی دەسەڵاتن تا هاوشێوەی چارەکە موچەی حکومەتەکەیان لە سەرکورسی چارەکە قاچی پۆستی شکلی و لەرزۆک بمێننەوە. دەزانم زمانی ئەم نوسینەم زبر و توندە، بەڵام ئەمە زمانی هەقە، زمانی سەدان هەڵسوراو و گۆرانخوازانی دڵسۆزی جارانە کە بەڵێنێکیان داوە بە نیشتمان و نەتەوە و خۆیان تا دوا هەناسە کار بۆ ئایندەیەکی گەشی نیشتمان بکەن، قۆناغێکی هەستیاری ئەو بەڵێننامەیە شەرمەزارکردنی هەر لایەن و کەسێکە بەناوی چاکسازی و گۆرانکاریەوە شایەری بکات و دەهۆڵی دەسەڵاتێکی ستەمکار بکوتێتەوە.    


خالید رەشید  واز لە چەمکی خۆپیشاندان بینن  خۆتان پیشانی چی ئەدەن ؟ ئەمە راپەڕین و هەستانەوەی مرۆڤە بەشەرەفەکانی کوردە  لە  زوڵمی ٣٠ساڵ کە هەناسەیان لەمرۆڤی کورد بری. ملیۆنیک کورد ئاوارەی غەریبی و کرێچێتی دنیا بون ماڵەکانیان بەتاڵان فرۆشت بۆ ئەوەی  لەژورێکی کرێدا لەمەنفا بەکەرامەت بژین ، لەسەردەمی رژێمی سەدام  هەمو جیهان ٥هەزار کورد ئاوارەی نەبوو. توندو تیژی بریتی نیە لەبەرد هاویشتن بۆ مەڵبەندو لقەكان،بەڵكو  توندو تیژی ئەوەیە كە٣٠ساڵە ئەم دوو لایەنەو سیبەرەكانیان مۆنۆپۆڵی  هەموو بازارو،ژیانو هونەرو،ژیرئەرزو ئاسمانی ئەم هەریمەیان كردوە، ئەوە توندو تیژیە .  توندو تیژی ئەوەیە ٣٠سالە كەرامەتی تاك بەتاكی ئەو كۆمەڵگایەیان تێك شكاندوە لەمرۆڤیكی خاوەن شكۆوە كردیانە كۆیلەیەكی ستایشكەر توندو تیژی ئەوەیە كەبەبەرچاوی ئیمەوە هەر رۆژی ئافرەتێك بەنرخی فرۆشتنی لەشی بەمەسولێك سپۆنسەر دەكریتو  دەكرێتە هونەر باز توندو تیژی ئەوەیە کەهەرچی بەناو هونەرکارو قەڵەم بەدەست بوو بە نایاسایی خانە نیشانتان کردو خەسانتانن ، توندو تیژی ئەوەیە کەسوپای تورکیاو ئیتلاعاتی ئیران  هاتونەتە ناو خاکمانەوە ،توندو تیژی ئەوەیە  کەکەسیکی مەسول بەدەرمانی ئێکسپایەر نیوەی کوردی  وەک خۆی ئیفلیج و کوێر کردوە،کایە ئەوەی سبەی پێتانی وت بەهیمنی ئەوە بزانن نۆکەری ئەو دەسەڵاتەن ونێردراون بۆ بێهێزکردن و ساردکردنەوەی ئیرادەی خەڵک بەفیتی ئیتڵاعات. خۆپیشاندان لەزمانی کوردیدا بێماناترین وشەیە کەخۆی خزانوەتە ناو فەرهەنگی سیاسی زمانی کوردیەوە، لەویش بیماناتر خۆپیشاندانی هێمنانەیە، ئاخر تۆ ٣٠ساڵە دەستتگرتوە بەسەر ئەرزو ئاسمان و نان و قوتو کەرامەتی نەتەوەیەکدا دەتەویت بێمو بەهیمنانە خۆمت نیشان دەم ؟  کۆیلەکانیش نیشانەم لی بگرنەوە ؟ تۆ دەتەوێت من بەهێمنانە بنوسم لەکاتیکدا کورەکانی عەلی حەسەن مەجیدو کەسو کاری سەدام لەسەر خاک و نیشتیمانی من های لایڤ بژین و بن و ئیمەش کرێچی هەموو دنیا بین؟ توندو تیژی ئەوەیە کەفرۆکەوانەکەی هەڵەبجەی کیمیابارانکرد بەرێزەوە بەرەو هەندەران بەرێ کرا،توندو تیژی ئەوەیە کەمیللەتێکت قەرزار کردبێت بە ٢٨ملیارد دۆلار وکەس نەزانێ ئایا تۆ نەوتت فرۆشتوە یا کریوتە؟. توندو تیژتر لەهەموی ئەوەیە دەنگ بە زۆر و بەتۆپزی زیاد بکەیت بۆ بەردەوامی دان بەدانیشتن لەسەر کورسی دەسەلات،لەویش توند تر ئەوەیە کەپیت وابیت بیجگە لەو دو بنەمالە بەریزە ئیتر کورد هیچ بەشەریکی دیکەی تیدا نیە ئەقلی بە بەریوەبرد و دەسەلات بشکیت.توندو تیژی ئەوەیە کەبلیت فرۆشیک جابی قیتار لەئەوروپا بهینیت و بیکەیتە بەریوەبەری  نوسینگەی سەرۆکی هەریم. جاشیکی بەسیجی چەک هەلگری کۆماری نائیسلامی بهینیت وبیکەیتە بەرپرسی نوسینگەی ستراتیجی ،ئەمانە توندو تیژین نەک بەرد هاویشتن بۆ لقو مەلبەندەکان،لەمانەش توندو ناخۆشتر  قابلەمە شۆرێکی چیشتخانەیەکی ئەوروپا مەسولی  شارەکەی پیرەمیردو،ئەمین زەکیو،مستەفا پاشای یامولکیو ،جەمال بابان وعەلادینی سوجادی و،بێکەسو گۆران و،سالمو نالی ومستەفا بەگی ساحیبقران و شەریف پاشای خەندان .بێت.


یه‌حیا به‌رزنجی دوای شه‌هید بوونی ٦ گه‌نجی گیرفان خاڵی و عه‌قل پڕ، نازانی رۆژانی تر بده‌ینه‌ ده‌ستی كام قه‌ده‌ر، ئه‌زمونی پیری ئاخر شه‌ڕ پڕ به‌ پێستی ئه‌م سه‌ركرده‌ی كوردایه‌تییه‌ی ئێستایه‌، له‌وه‌ته‌ی هه‌ن له‌سه‌ر كه‌لاكی ئه‌م بزاوته‌ ده‌خۆن و ده‌له‌وه‌ڕێن، كوڕاو كوڕیان هێنایه‌ سه‌ر شانۆكه‌و كردیاننه‌ سوار چاك. به‌وه‌وه‌ نه‌وه‌ستانه‌وه‌ له‌وه‌ته‌ی هه‌ن خه‌ریكی ململانێو هه‌ر جاره‌ و به‌فیتی ئه‌م وڵات وئه‌و وڵاتی ناوچه‌یی سیناریۆكانی خۆیانتان پێته‌واو ده‌كه‌ن. نازانم له‌و ماوه‌یه‌ی ئێوه‌ سوارو خه‌ڵك پیاده‌، خه‌ڵك كه‌مێك ئاسوده‌یی له‌ ئێوه‌ نه‌دیوه‌. ئێستا گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ی گه‌نجه‌كان باره‌گاو مێژوو سونبوله‌كانتان به‌ر شه‌ق ده‌ده‌ن و ده‌یسوتێنن. كاتێك سومبولێكی نه‌ته‌وه‌یی وه‌كو مه‌لاموسته‌فا ده‌درێته‌ به‌ر شه‌ق و سوتاندن، وێنه‌كه‌ی تاڵه‌بانی ده‌سوتێنن، نازانم ئه‌و پیره‌ كوڕه‌ی بارزانی چۆن ماوه‌؟ خه‌ڵك به‌گشتی ئه‌وانه‌ی خۆپیشانده‌رو ئه‌وانه‌ش كه‌ چه‌كداری ئه‌و حیزبانه‌ن كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ پرسیارێكی ساده‌ له‌ خۆتان بكه‌ن، خه‌ڵك له‌ خۆڕا  هاتوونه‌ته‌ ده‌نگ، خۆ ئێوه‌ش گیرفان خاڵین.... بپرسه‌ پاره‌و داهاتی ئه‌م وڵاته‌ لای كێیه‌؟ ئه‌م حیزبانه‌ به‌رده‌وام شه‌ڕی خۆیان به‌خه‌ڵك ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش ره‌نگه‌ له‌ دوارۆژدا سیناریۆكه‌ی ده‌ركه‌وێت.  من بڕوام نییه‌ بێ یه‌كتری له‌و هه‌رێمی كوردستانه‌ بتوانن ده‌رچه‌ی تر بدۆزرنه‌وه‌‌، ئیدی چ خه‌ڵكو چ ئه‌و پارته‌ كوردیان‌، روخانی ئه‌و حیزبانه‌و به‌ قه‌زافی بوون و به‌سه‌دام كردنیان گریمانه‌یه‌كی زۆر زۆر دووره‌، ماوه‌ته‌وه‌ پارتی و یه‌كێتی به‌ پله‌ی یه‌كه‌م و گۆڕان و لایه‌نه‌كانی تر چی ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی دۆخه‌كان ئاسایی ببێته‌وه‌. ماڵی مه‌لا مسته‌فاو ماڵی تاڵه‌بانی به‌ قه‌ده‌ر ماڵی كه‌ریم خانیان پێناكرێت وه‌ك ده‌گوترێت قه‌رزیان داوه‌ به‌ حكومه‌ت، ئه‌گه‌ر پاره‌كانی ئه‌و هۆزه‌ش پڕ له‌ ناڕه‌وایی بێت، ئێ خۆ ئێوه‌ روونه‌ پاره‌و داهات و عه‌یشو نۆشتان له‌ كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، بابه‌ پاره‌ دزراوه‌كانی خه‌ڵك به‌ قه‌رزیش بێت بیده‌نه‌وه‌. پاره‌ی ده‌سكه‌وتی ساڵێكتان بگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ یكومه‌ته‌ په‌كه‌وته‌كه‌تان. ببینن له‌ ریفراندۆمه‌كه‌ چه‌نده‌ به‌ دڵ و به‌زاره‌كی و به‌كرده‌و به‌ كرداریش خه‌ڵكی كوردستان ده‌نگیان پێدا، زۆرێك له‌ حیزب و سه‌ركرده‌ی حیزبه‌كان كێ و كێ نا، هه‌موو ئه‌وه‌ی متمانه‌ی به‌ مه‌سعود بارزانیش نه‌بوو دوای ئه‌و مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌ی ئینسانی كورد كه‌وت، وه‌لێ كاتێك بارزانی ویستی ئه‌م فرسه‌ته‌ ته‌نها بۆ خۆی بقۆزێته‌وه‌و كێكی ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سی دی به‌ش نه‌كات، بینرا چۆن پاشقولیان له‌یه‌كتر گرتوو، له‌ چاوتروكانێكدا ریسه‌كه‌ی بارزانییان كرده‌وه‌ به‌ خوری. كات دره‌نگه‌ زوو نییه‌، به‌ڵام  سیاسی ژیری ده‌وێت... ئه‌زموونی زۆر له‌به‌رچاوه‌، ئه‌گه‌ر به‌هانایه‌وه‌ نه‌چن قه‌زافی دیش ده‌بینین له‌به‌رده‌م شه‌قی زه‌مانداو ببینن گه‌نجه‌كان هێشتا به‌ردیان پێیه‌ !


شۆڕش حاجی   خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە نیشانەی ئەوپەڕی بێزاریی خەڵکی کوردستانە لەو بارودۆخەی کە تێیدا دەژین‌و بەڵگەی توڕەییانە لە دەسەڵاتدارانی هەرێم‌و حوکمڕانیی کوردی‌. شێوەی خۆپیشاندانەکانیش نیشانەیەکی تری نائومێدبونی نەوەی ئەمڕۆیە بەهەر هەوڵ‌و شێوازێکی تر لەپێناوی چاکسازی‌و گۆڕانکاری‌. ئەم حاڵەتەش لەخۆوە نەهاتۆتە کایەوە، بەڵکو لە ئەنجامی دابەشبونی یەکجاریی کۆمەڵگاکەمانە بۆ چینێکی ژمارە کەمی دەوڵەمەندی لەخۆڕازی‌و لەخۆبایی، کە زۆربەیان دەسەڵاتدارو بەرپرسەکانی کوردستانن، لەگەڵ چینێکی برسی‌و کەم دەرامەت کە زۆرینەی خەڵکن. چینی یەکەم لە جیهانێکی تایبەت‌ بەخۆیان‌و جیاواز لە جیهانی زۆرینەی خەڵکدا دەژین. شێوەی ژیان‌و بیرکردنەوەو ماڵوحاڵی ئەوان جیاوازە لە هی زۆربەی زۆری خەڵکی کوردستان. دیارە گەنجە خێرلەخۆنەدیوەکانی هەرێمی کوردستان چیتر نەبونی‌و سوکایەتی پێکردن لەو دەسەڵاتدارانە قبوڵ ناکەن، کە ساڵەهای ساڵە لەسەر حسابی رەنج‌و مافی ئەوان خۆیان‌و خێزانەکانیان ژیانێکی شاهانە دەبەنە سەر. ئەو گەنجە خێرلەخۆنەدیوانە تەنیا داوای ژیان‌و کارو کەرامەت دەکەن، کە سادەترین مافی هەر مرۆڤێکی ئەم سەردەمەیە. ئەو گەنجانە دەزانن کە لەدوای راپەڕینەوە فەرمانڕەواکانی باشوری کوردستان رۆژ لە دوای رۆژ دەوڵەمەندترو خەڵکیش هەژارترو گەنجو لاوەکانمان نائومێدتر دەبن. ڕوداوەکانی ئەم چەند رۆژە بەو ئاقارەدا دەڕۆن کە ئەم تەوژمە نوێیە یان دەبێتە مایەی هەڵتەکاندنی ئەم سیستم‌و شێوازی حوکمڕانییەی ئێستای باشوری کوردستان، یاخود مێخی نائومێدییەکی گەورەتر لە ناخی گەنجەکان دادەکوتێ. ئۆباڵی هەر دەرەنجامێکی نەخوازراو لە ئاییندەدا لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی هەرێم‌و ئەو هێزو لایەنە سیاسیانەیە، کە ئومێدو هیوای خەڵکیان بۆ ژیانێکی باشتر بەبا دا. بۆیە ئەرکی نیشتمانی‌و نەتەوەیی‌‌و ئەخلاقی هەمو کەسێکی نیشتمانپەروەرو مرۆڤدۆستە کە پشتیوانی لە داواکاری رەوای خۆپیشاندەران بکات لە پێناوی چاکسازی‌و گۆڕانکاری ریشەیی، تاکو هاوڵاتیانی هەرێم ژیانێکی شەرەفمەندانە بەرنە سەرو بژێوییەکی شایستەیان هەبێت. دیارە ئەرکی لەپێشینەی ئەو گەنجە خێرلەخۆنەدیوانەی کوردستانیش ئەوەیە کە ریزەکانی خۆیان رێک بخەن‌و بەرنامەی کارو نەخشەی ئاییندە بەهەست‌و بیرێکی نیشتمانپەروەرانە دابڕێژن. هەروەها پێویستە وەک نەوەیەکی بەرپرس‌و شوێن ئومێدی دواڕۆژی گەلەکەمان بەشێوازێکی مەسئولانە داواکارییەکانیان‌ بخەنە رو؛ هیوادارم ئامرازی جێبەجێکردنی نەخشەی گۆڕینەکەیان دور بێ لە توندوتیژی‌و تێکدانی ژێرخانی هەرێمەکەمان‌و بێڕێزیکردن بەرامبەر مرۆڤ‌و بەهاکانی مرۆڤایەتی. هەروەها ئەرکی پێشمەرگەو هێزەکانی ناوخۆ بەرگریکردنە لە خەڵک‌و خاکی کوردستان نەک کوشتن‌و ئازاردانی هاوڵاتیان‌و پشتیوانیکردن لە نادادپەروەری. جێی وەبیرهێنانەوەیە، کە ئەگەر ئەمجارەش دەسەڵاتدارانی کوردستان لەڕێگای بەکارهێنانی هێزەوە ئەم خۆپیشاندانانە سەرکوت بکەن، ئەوا دور نیە ئەو گەنجە یاخی‌و توڕەو ناڕازییانە لە ئاییندەدا بیر لەبەکارهێنانی هەمان ئەو ئامرازانە بکەنەوە کە دەسەڵات بۆ سەرکوتکردنیان بەکاری دەهێنێ. ئەو کاتەش گەلەکەمان توشی کارەساتێکی گەورەتر دەبێ‌و لێکەوتەکانی ئەو شێوازی روبەڕوبونەوەیە لە ئەستۆی ئەو دەسەڵاتدارانەی ئەمڕۆی کوردستانە کە چاوو گوێ‌و هەستیان لەئاست راستییەکان‌و داواکانی خەڵک‌ داخستوە.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand