Draw Media

فەلسەفەی توڕەیی

فەلسەفەی توڕەیی

2020-12-21 09:19:05


د. سەردار عەزیز 
لە ساڵی ١٩٦٥ لە زانکۆی کایمبردیج، لە کایمبردج یونیان،   دیبەتێک بۆ دوو نوسەری ئەمریکی سازکرا. یەکێک لە  نوسەرەکان ڕۆماننوس و وتار نوسی ناسراو جەیمس بۆڵدون بوو. بۆلدون کەسێکی هۆمۆسێکچواڵی ڕەشپێستە. ئەویتریشیان سەرنوسەری گۆڤاری ناشناڵ ئینترێست ولیەم بەکڵی بوو. ولیەم سپی پێستە و گۆڤاری ناشناڵ ئینترێست گۆڤارێکی کۆنسێرڤەتیڤە. هەردوو نوسەر لە هەڕەتی ناوبانگیاندابوون. جەیمس بۆڵدون دوو  ساڵ پێشتر کتێبی ئاگرێک جارێکی تری بڵاوکردبوەوە، کە هەموی نامەن بۆ هاوەڵەکانی دەربارەی ڕەشپێستبون و ئازار و چەوسانەوەکانی لە ئەمریکادا. دیبەیتەکە لە ژێر ناوی: خەونی ئەمریکی لە سەر حیسابی رەشپێشت فەراهەم بوە، بوو. 
سەرەتا بۆڵدون قسەی کرد. وەک چاوەڕوان دەکرا دەربارەی مێژوی ئەمریکا و بە کۆیلەکردنی  ڕەشپێش و کێڵگەکانی پەموو و دروستکردنی هێڵە ئاسنینەکان و زۆر شتی تر دوا.  پاشان نۆرەی بەکڵی هات. ولیەم بە ئەو پرسیارە دەستی پێکرد، ئایا دەتوانین چی بکەین؟ ئایا خەڵكی ئەمریکی دەتوانێت چی بکات بەرامبەر ئەم سوکایەتییە دەرونییەی کە ئەم خەڵکانە بە دەستیەوە دەناڵێنن؟ ڕای ولیەم وەهابوو، ئەگەر سپی پێستەکان بە توڕەییەوە مامەڵە لە گەڵ ئەم پرسەدا بکەن ئەوا تەنها دەتوانن ئاوڕ لە ڕابوردوو بدەنەوە. بەڵام بۆ ئەوەی لەم ئەم دۆخە ڕزگارمان بێت دەبێت بەرەو داهاتوو بنواڕین. 
بەڕای ولیەم توڕەبون پەرچەکردار بەرهەم دەهێنێت و لە ئەنجامدا توندوتیژی لێدەکەوێتەوە و گۆرانکاری دەبێتە مەحاڵ.  ئەم  دیبەیتە چەند پرسێکمان بۆ دەوروژێنێت؟ یەکەم، ئایا توڕەیی کاتێک دەبێتە دۆخێکی کۆمەڵایەتی، دەکرێت ببێتە وروژێنەری چالاکی، بەڵام ئایا دەگاتە ئەنجام؟ ئایا توڕەیی تاک و توڕەیی کۆ جیاوازن؟
لە دۆخی تاکەکەسیدا توڕەیی بەرامبەر کەسێک یان کارێک ڕەنگە کەسی توڕە پاڵ بنێت بۆ ئەوەی کارێک بکات یان تەنها بە توڕەبونەکەی دابمرکێتەوە، بەڵام ئەمە لە دۆخی گشتیدا بەوجۆرە نیە.  هەرچەندە دەبێت ئاماژە بە ئەوە بکەم کە تێگەیشتن لە توڕەیی  تاکەکەسی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە توڕەیی گشتی. بۆ ئەمە دەبێت لە ئەرستۆەوە دەست پێبکەین، بەڵام لێرەدا کارەکەمان ئەوەنیە. دەبێت بە ئاگایی زیاترەوە لە گەڵ توڕەیی کۆدا مامەڵە بکەین. سەرەتا ئێمە دوو لایەنمان هەیە، لایەک کە توڕەیە و لایەکەی تر کە توڕەبونەکەی ئاراستەکراوە. لە نێوان ئەم دوو لایەنەدا پەیوەندییەکی دەسەڵاتی هەیە، کە لایەک پیادەکەری دەسەڵاتەو لایەکەی تر قبوڵکەر. لایەنی قبوڵکەری دەسەڵات، ئێستا چیدی دەسەڵاتی قبوڵ نیە بۆیە توڕەیە. ئایا ئەم توڕەییە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە پەیوەندی دەسەڵاتدا؟ دیارە لێرەدا دەسەڵاتمان فۆکۆیانە خوێندوەتەوە. بەم پێیە دەسەڵات پەیوەندییە و هیچ کەسێک لە دەرەوەی نیە و بێدەسەڵات یان ئەو کەسەی کە خۆی بێدەسەڵات دەبینێت، بەشێکە لە پرۆسەی دابینکەری دەسەڵات.
کاتێک بیر لەم دۆخە دەکەینەوە، ئێمە لە بەردەم دۆخی توڕەیی کوردستانداین، لە هەمانکاتدا لەبەردەم یادی دە ساڵەی  )شکستی( بەهاری عەرەبیداین.  
ئەم دوو روداوە لە زۆر ڕوەوە هاوشێوەن. بەهاری عەرەبی نمونەی ئەوەیە کە توڕەیی ڕەنگە زۆر شت بە خێرایی بگۆڕێت بەڵام لە ئەنجامدا هیچ نەگۆڕێت. کەواتە توڕەیی لە دۆخی گشتیدا دەبێت تەنها وەک ئامرازێک یان هاندەرێک ببینرێت نەک وەک میتۆد و ئامانج. دە ساڵ پاش بەهاری عەرەبی دەبینین بنەماکانی حوکمکردن لە زۆر ڕوەوە هاوشێوەن. ئەم ڕوداوە کاریگەریی توڕەیی دەخاتە ژێر پرسیارەوە. یەکەم کێشەی توڕەیی ئەوەیە کە بەپەلەیە. تورەیی پشودرێژی و فۆکەسکردن و بینین هەموو وێنەکە و چۆنێتی داڕشتنی ئەلتەرناتیڤ لەبەر چاو ناگرێت. بەڵکو پاڵنەر و ئامانجەگەری ڕاستەقینەی ئەوەیە کە چۆن تۆڵە  بکاتەوە، چۆن بگاتە ئەو دۆخەی کە ئەوەی لە ناخیدایە، ئەو بارە دەرونیەی کە بۆی دروست بوە بیحەسێنێتەوە. بۆیە توڕەیی وزەیەکە کە بەرهەم ناهێنێت، بەڵکو تەنها فشار  دەکات. لێرەوە دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ گفتوگۆکەی سەرەوە کە توڕەیی ئاوڕ لە ڕابوردوو دەداتەوە. ئەم ئاوڕدانەوە وزە دەبەخشێت بە توڕەیی بەڵام ناتوانرێت ڕابوردوو بگۆڕدرێت. ئەوەی دەتوانرێت بگۆڕدرێت داهاتوە. بۆیە توڕەیی دەبێت ساتەوەختێکی وەرچەرخان بێت کە چۆن ڕابوردویەک کە پڕ لە قەیرانە بکرێتە بنەمای ئەوەی کە زەخیرەی لێوەربگیرێت بۆ داهاتویەکی جیاواز. ئەم پرۆسەی پێکەوەگرێدانی ڕابوردوو و داهاتوو دەبێت تورەیی تێپەڕێنێت.
لە ئاستی تاکەکەسیدا توڕەیی ئەگەر ئەنجامی نادادپەروەرییەک بێت، ئەوا هەرگیز نابێتە هۆکاری ئەوەی کە نادادپەروەری ئەنجامدراو بگەڕێنێتەوە. ئەمە بۆ دۆخی گشتیش ڕاستە.
لە خوارەوە کۆمەڵێک لایەنی نێگەتیفی توڕەیی گشتی دەخەمە ڕوو:
یەکەم، توڕەیی پرۆسەیەکی سیاسی نیە. بەڵام کاتێک  بە سیاسی دەکرێت، بە تایبەتی لە هەناو کایەی دیموکراسیدا، ئەوا دەبێتە مایەی ئەوەی کە کەسانی ناسیاسی بکاتە سیاسی. تۆڵە و دژایەتی و سڕینەوە و لابردن و کۆتاییهێنان  ئەم جۆرە چەمکانە دەبنە بنەمای خیتابی سیاسی. بەڵام ئەم جۆرە چەمکانە بەرجەستە نابن چونکە کەسی سیاسی یان بە سیاسی بوو، تەنها ئەوەندە پێویستی پێیەتی  کە وروژان دروست بکات  نەک بچێتە هەناو قورەلیتەی گۆڕینی سیستەم.
دووەم، توڕەیی سیاسی پرۆسەیەکی سیاسی نیە، هێندەی پرۆسەیەکی شەخسیە. توڕەیی کاتێک بەباشی بەکاردەبرێت ئەوا  بنەما گشتیەکانی سیاسەت دەکوژێت. ئاسان نیە لە گەڵ کەسی توڕەدا دیبەیت بکەیت، سازش بکەیت. توڕەیی ئەو دۆخەیە کە بارودۆخی شەخسی دەبێتە سیاسی. ئیتر پرسی کەرامەت و پیاوەتی و غیرەت و شەخسیەت و زۆر شتی دێتە ئاراوە. هەرجۆرە ڕەخنەیەک لەمانە دەبێتە مایەی پەرچەکردار و هەڵچون. توڕەیی قسەکردنی تاکڕەهەندە ، کە هەمیشە بە دوای خەڵکانی هاوسۆز و هاوشێوە دا دەگەڕێت. 
سێیەم، تورەیی بە سروشت بونیادنەرنیە. ئەگەر نەشتوانێت بروخێنێت ئەوا یان بەبێ ئاگاییانە تەسلیم دەبێت و دوبارە دەکاتەوە یان هیچ ناکات. لە هەردۆخێکدا دەرئەنجام توڕەیی زیاترە. بۆیە توڕەیی تەنها توڕەیی زیاتر بەرهەم دەهێنێت. 
چوارهەم، ئەگەر کەسی توڕە بە دوای ئەوانە دەگەڕێت کە هۆکاری توڕەبونەکەین یان بەرپرسن لە توڕەبونەکەی، ئەوا لە دۆخێکی وەهادا پەرتبون و جەمسەرگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی دروست دەبێت. کۆمەڵگای جەمسەرگیر ناتوانێت بەرەو پێشەوە بڕوات. بەڵکو لە دۆخی نەیارێتی خوددا دەخولێتەوە. کۆمەڵگای کوردستان هاوشێوەی ئەم کۆمەڵگایەیە لە ئەمڕۆدا. 
پێنجەم، ئەگەر توڕەیی دەرئەنجامی نادادپەروەرییە،  ئەوا لە هەناو سیستەمی توڕەیی سیاسیدا، خەڵکانێک دەکرێنە بەرپرسی ئەو نادادپەروەرییە، ئەگەر لاببرێن ئەوا دادپەروەریی بەرقەرار دەبێت. ئەمە کرۆکی دونیابینی مارکسیزم و ئاینیە. بەڵام  زۆرجار ئەوە نادادپەروەریی نیە کە سیستەم دروست دەکات، وەک مارکسیزم بروای وایە، بەڵکو ئەوا سیستەمە نادادپەروەری دروست دەکات. کەواتە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ هەیە لە نێوان نادادپەروەریی و سیستەمدا. بەڵام وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا کە توڕە ناتوانێت سیستەم بونیادبنێت و ناشتوانێت بیگۆڕێت بەڵکو زۆرجار دوبارەی دەکاتەوە. بۆیە توڕەیی نابێت هۆکاری هێنانە ئارای دادپەروەریی.
پێنجەم، توڕەیی با ئاسانی سەرمایەگوزاری لە سەر دەکرێت. وەک ئەمڕۆ لە کوردستان دەیبینین کە چەند ئاسانە سەرمایەگوزاری لە سەر تورەبون بکرێت. کەسی سەرمایەگوزار توڕەیی وەک بەرهەڵستکاری نادادپەروەری نابینێت بەڵکو وەهای دەبینێت کە ئامرازێک بۆ ئامانجێک، ئایا ئەو ئامانجە چیە، هیچ پەیوەندی بە توڕەییەکەوە نیە. 
لە کۆتاییدا، وەک لە سەرەوە دەردەکەوێت توڕەیی دەرئەنجامە. زۆرجار ڕەوایە. دەرئەنجامی زوڵم و نادادی و برینداربونە. بەڵام بۆ ئەوەی کەسی توڕە زاڵ بێت بە سەر ئەم دۆخەدا و دونیایەکی تر بەرهەم بهێنێت پێویستی بە زیاتر لە توڕەیی هەیە. کەسی تورە دەبێت بە ئاگابێت لە بازرگانانی توڕەیی، لە هەناو کایەی سیاسیدا. هەتا توڕەیی بازاڕی هەبێت ئاستەکەی زیاتر دەکات بەڵام ئامانجەکەی سەختتر دەبێت. توڕەیی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەبێت فۆکەسمان بخاتە سەر چەمکگەلی وەک دادپەروەیی، کەرامەت، ڕێز، پێکەوەیی، هیوا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand