رۆشنبیری بەكاربەر لەنێوان كڕینو هۆشیاریدا
2020-12-22 09:04:58
سەركۆ یونس
لەزۆربەی وڵاتانی داواكەوتو و تازەپێشكەوتودا، كە كۆمەڵگایەكی بەرخۆرو بەكاربەرن. لەگەڵ لاوازی كەرتەئابورییەكانو نەبوونی خۆژێنی نیشتیمانیو زاڵبوونی تای هاوردەكراوەكان لەتەرازووی بازرگانیاندا. بەدەست دەردێكی تری كۆمەڵایەتیو دەرونی دەناڵێنن، ئەویش نەبونی هۆشیاریو رۆشنبیری بەكاربردنە لەلایەن رێژەیەكی بەرزی بەكاربەرانەوە...
هۆشیاری بەكاربردن بریتی یە لە توانای تاكەكەس بۆ باشترین بەكارخستنی دەرامەتە بەردەستەكان بەپێی پێویستو دوور لە زیادەخەرجكردن.
هۆكارەكانی راگەیاندن رۆڵێكی گرنگو كاریگەری راستەوخۆیان هەیە لەسەر جوڵاندنی هەستی بەكاربەران بەگشتیو بەكاربەرانی ناهۆشیار بەتایبەتی.
لەگەڵ روودانی هەر تەنگەژەو بارگۆڕانی ئابوریو داراییو نەختینەیی دا، كڕیارانو بەكاربەران دەشڵەژێنو بەهەڵپەو بەشێوازێك پەلاماری بەدەستهێنانی پێداویستیەكانیان دەدەن كە راستەوخۆ كاریگەری دروست دەكەن لەسەر گرانبوونو هەڵاوسانی بازاڕی ناوخۆ.
هاوكات لەگەڵ دابەزینی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمەریكی بەڕێژەی زیاتر (20%) راستەوخۆ دوای بڕیارەكەی وەزارەتی داراییو بانكی ناوەندی، هەر زوو هاوڵاتیانو كڕیاران بەهەڵمەت چوونە ناوەندەكانی فرۆشتنو زۆربەی مۆڵو ماركێتەكانیان قەرەباڵغ كردووەو خواستیان چەند بەرامبەر كردەوە، هەر ئەم ناهۆشیارییەی بەكاربەران وای لەزۆربەی فرۆشیاران كرد نرخەكانیان بەرز بكەنەوە یان كاڵاو شمەكە خۆراكیو پێداویستیەكانی تر بشارنەوە.
لەزۆربەی كۆمەڵگاكاندا بەكاربەران دەتوانن كاریگەری لەسەر نرخەكان بكەن، لەڕێگای رۆشنبیری كڕینەوە، ئەوەی كە پێویست نییە نەكڕێتو پەلەنەكرێت لە كڕینی كەلوپەلی جوانكاری، هەتا ئەو كاتەی ئاستی گشتی نرخەكان جێگیربوونی زیاتر بەخۆیانەوە دەبینینو بازاڕ سەقامگیر دەبێت. بەڵام بەداخەوە لەهەرێمو عێراقدا پێچەوانەیەو نرخەكان شێوازی بەكاربردنی كریاران دیاری دەكەن.!
بێ گومان ئەم دیاردەیە دەرئەنجامی ژیانی واقعی نالەبارو پڕگۆرانكاری ئابوری هەرێمو عێراقە، خەڵك متمانەیان بەسیستەمو ئابوریو داهاتوویان نییە. هۆكاری دەروونیش كاریگەری تایبەتی هەیە.
ئەم دیاردەیە جگەلەوەی كە ناشارستانی یە، لەگەڵیشی دا هاونیشتیمانیان هەر خۆیان سەرچاوەو هۆكاری زیادبوونی رێژەیەك لە نرخەكانن، هەندێكجار لەوانەیە گۆڕانكاریە داراییو نەختینەییەكان ئەوەندەی ئەم ناهۆشیارییە لەكڕیندا نەبێتەهۆی بەرزبونەوەی نرخەكان!
لەلایەكی ترەوە، زۆربەی جارو لەم بارودۆخە ناتەندروستەی ئابوریدا، زۆرێك لە بازرگانو فرۆشیاران بەدەرفەتیكی گونجاوی دەزانن بۆ ساغكردنەوەی شمەكو كاڵای ماوەبەسەرچوو. ئەمەش باجە داراییو زیانە تەندروستیەكەی هەر بەكاربەران خۆیان دەیدەن!
لەبەرئەوە پێویستە لەسەر كڕیاران لەبارودۆخی ناسەقامگیردا بەوردیو بە وریاییەوە هەڵسوكەوت بكەنو فشاری دەروونی نەبێتە پاڵنەر بۆئەوەی دەرئەنجامی گۆڕانكارییەكان زیاتر قورستر نەكەن لەسەر خۆیانو خێزانەكانیان.