لەگەڵ مردن کێبەرکێ
2020-12-21 10:10:00
پشکۆ نەجمەدین
کەسانێکی زۆر، برازا و خوشکەزاکان، کەسوکار و دۆستەکان، هاوڕێکانی ڕۆژانی سەخت و ئێستام، دەهاتن و دەچوون، لە ململانێی من و مەرگیان دەڕوانی. دکتۆرەکان پەرۆش و بە دڵسۆزییەوە کاریان دەکرد، باشترین و شارەزاترین دکتۆرەکانی مێشک و دەمار، مژووڵی چارەسەری من و هیچێکیان پێ نەدەکرا!
من نەمدەزانی چی ڕوویداوە و لە هیچ حاڵی نەدەبووم!
من پێم وابوو، جەستەم لەمێژە مردووە و تەنیا ڕووحم، بە ئەسمانی دونیایەکی پر ئازار و مەینەتیدا، لەو بەرزەوە، لە وێرانیی جەستە و ژانەکانی من و ئازارەکانی ئەو خەڵکەی کە لە وێرانەی هزرمدا دەژیێن، دەڕوانێ!
لەسەر تەختێکی نەخۆشخانەی سلێمانی؛ سلێمانیی شەشی ئەیلوول، سلێمانیی "چاڵی جەرگی پیرەژن"، سلێمانیی هەمیشە تووڕە و هەمیشە جوان، سلێمانیی خرۆشاو و هاتوهاواری ڕۆژانی بژی و بڕووخێی هەڤدەی شوباتی بەردەرکی سەرا، ڕازێنرابووم!
گوێم لە ناڵەی تەقینەوەی دەمارە نەفرەتییەکەی مێشکم نەبوو. نرکە و ناڵەم، لە گەرووی هاتوهاواری ئەو خەڵکەدا، تاسا بوو! خوێنی پەنگخواردووی کاسەی سەرم، لەنێو خوێنی بەناهەق ڕژاوی ڕواڵان و میردمنداڵانێک، کە لە سیاسەت و دەستەڵات و ئۆپۆزیسیۆن نەدەگەیشتن، بزر و سەرگەردان بوو!
من بە ئاسمانی شاردا فڕیم و دوو جاران سووڕامەوە، ئیدی بەرز و بەرزتر، شەقامانی دووکەڵاویی شارم جێ هێشتن و هەورەکان لە ئامێزیان گرتم!
من مردبووم، یاخود وەها خۆمم دەبینی! مەگەر ناڵێن، هەر ساتێکی مردن زەفەری پێ بردیت، ئیدی ڕووح بەرەو ئاسمان هەڵدەفڕێ و لەو بەرزەوە، عیشقی شار لە خۆی دەپێچێ و گوڵە خوێناوییەکانیش لە دەستی بەشمەینەتان دەڕفێنێ، هەر چڵەگوڵێک بە دیاری، دەداتە دەست پەڵەهەورێک!
فریشتەیەک، چاوسەوز، قژزەرد، پۆشاکێک سەرتاپا سپی، دەستی گەرمی لە دەستم نا و دەستێکیش لەسەر توێڵم!
گوتی: چۆنی؟ من بێ وەڵام، لە تیشکی نیگایم ڕوانی!
گوتی: هێندەمان نەماوە!
نەمزانی بۆ بەهەشت دەڵێ یاخود دۆزەخ!
هێزی خۆمم کۆکردەوە و لێوم بزواند، گوتم: بۆ کوێ؟
ئەو کە سەیری ڕەنگاڵەی هەورانی دەکرد، گوتی: سوێد!
گوتم: یانی من نەمردووم!
خەندەیەک لەسەر لێوانی پشکووت و گوتی: من ناهێڵم بەم ئاسمانەوە، تۆ بمریت!
وای خودایە! لەنێو شەڕگەی بگرەوبەردەی نێوان ژیان و مردندا، چ فریادڕەسێکی جوانە، فریشتەیەک هاوپشتی من، سەنگەری لە مەرگ گرتووە!
فڕۆکەوان، فریشتە و من کە ڕووحەکەم لەنێو سینەی مرۆڤدۆستیی ئەو دوانەدا، سەمادەکات، گا سەرەوژوور، گا سەرەوخوار، چینەکانی ئاسمان دەبڕین، بە میهرەبانیی هەورەکان داپۆشراوین! گەواڵەیەک خۆی لە زێڕی خۆراوابوون هەڵژەنیوە و گەردانەیەک ڕەنگاڵەی پێش ماڵاوایی، لە گەردنی
فریشتەکەی فریاڕەسم دەئاڵێنێ، خەندەیەکیش هەڵدەداتە سەر لێوی نیوەمردووی من.