درۆی دیار و ڕاستیی نادیار!
2020-12-22 13:19:13
د. سالار عوسمان
-نامەوێت باس لە پێوەندیی فەلسەفییانەی قسەھەڵگری نێوان ھەردوو چەمکی (دیار) و (نادیار) بکەم و ناشمەوێت خوێنەر لەگەڵ خۆما مژوولی باسە زانستییەکانی بەرواردکاریی نێوان ئەو دوو چەمکە بکەم، ڕێک و روون و ڕاست دەمەوێت بێژم: میدیای کوردی، بەشی ھەرە زۆری نوقمی نێو درۆ بووە و ڕۆژانە ئەو درۆیانە دەرخواردی ھاووڵاتی دەدرێت و ھاووڵاتییش لەبەر ئەوەی، یەک: زانیاریی بە ئاسان چنگ ناکەوێت، دوو: خۆی ماندوو ناکات و ناگەڕێت بە دوای زانیاریدا، سێ: تەبیعەتی درۆ و ڕەنگدانەوە پۆپۆلیزمەکەی، ھاوسازە لەگەڵ بەرژەوەندییە خودیی و کەسییەکان، بۆیە درۆ بۆتە دیار، دیارێکی ھەڵخەڵەتێنەری کوشندەی ئەوتۆ، کە کۆمەڵگە بە ڕادەیەک زەرەری لێدەکات، کە ئەگەر زوو رێی لێ نەگرین، زەرەر و زیانەکانی ھیچی کەمتر نییە لە گەندەڵی، لە ئاشووب، لە نەخۆشی و پەتا!..
-لە نێو میدیای کوردیدا ڕاستی نادیارە، بەڵێ زۆربەی ڕاستییەکان وونن و نابینرێن و ناگەنە ھاووڵاتیان، ئەمیش بە میسلی درۆ دیارەکە، زەرەری ھەیە و ئێستا ھاووڵاتیان لە نادیاری راستیدا کەوتوونەتە نێو چەواشەوە، چەواشەیەک، کە دوژمن بە پان و پۆڕیی تەراتێنی تیادا دەکەن و کورت و کرمانج دەمەوێت بڵێم: میدیای کوردی زۆر لاوازە لە گواستنەوەی ڕاستیدا و ھۆکارەکەیش ئەمەیە، یەک: دوژمن خزاوەتە نێو میدیای کوردییەوە، دوو: حزبی سیاسی وا ھەن، کە دژی قەوارەی ھەرێمی کوردستانن و میدیای زەبەلاحیشیان ھەس، سێ: میدیا نیشتیمانییەکەش بێ ئاراستە و ھەندێ کەڕەت بێ زانیاری و ھەندێ کەڕەتیش کەمپارەن!..
-سەیرە، میدیای نیشتیمانی نەتوانێت خۆی کۆبکاتەوە بە ئاراستەی نیشتیمانسازیی و کۆمەڵگا لە پەتای درۆ ڕزگار بکات و ھاووڵاتیان بخاتەوە سەر ڕاستەرێی متمانە و بڕوا و ڕاستی، لەوەیش سەیرتر ئەمەیە، درۆ جێ بە ڕاستی لێژ بکات و ھاوسەنگەرانی ڕاستییش لێی بێدەنگ بن و ئاکام درۆزنەکان ببن بە دەمڕاستی کۆمەڵگا!. رەفیقان، دیارە مەبەستم لە ڕەفیقەکانمە لە بواری میدیا و کلتووردا، ئەوەی ئێستا لە میدیای کوردیدا دەگوزەرێ، درۆ زاڵە نەک راستی، درۆ تێدەپەڕێت نەک ڕاستی، درۆ دیارە نەک ڕاستی، راستی لاواز و وەستاو و نادیارە، بێگومان ھەر بەو کارگەیەشەوە:(کارگەی درۆی دیار) شەڕی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، ئەو شەڕە سیاسییەی، کە بەشێکی لە بەغدا دەکرێت و بەداخەوە بەشێکیشی لە لایەن کوردەوە دەکرێت!.
-دەبێ ئەوانەی کوردستانیان خۆش دەوێت، پێکەوە، بە ھەموو جیاوازیی نێوانیانەوە، کۆک بن لەسەر کوردستانپارێزیی و بەم گیانی کوردستانپارێزییەوە، سەنگەری درۆ بشکێنن و راستییەکان بۆ ھاووڵاتیان ڕوون بکەنەوە، دەزانم کارێکی ئاسان نییە، بەڵام دەبێ دەست پێ بکەین، دەستپێکردنێک، کە بە پلەی یەکەم ھاووڵاتی قازانجی لێ دەکات و سیاسیی درۆزن پێی دەشکێت، ئارمانجیش ھەر ئەوەیە، ھاووڵاتی قازانج بکات، نەک ئەو سیاسییە درۆزنەی حەز بە ڕووخانی قەوارەی سیاسی ھەرێمی کوردستان دەکات!...