جەعفەر عەلی ئەوە روونە، کە دەسەڵات لە ھەرێمی کوردستان لە ژێر دەستی (پارتی و یەکێتی)دایە. ئەم دوو ھێزە سیاسییە کۆنتڕۆڵی ھەموو شتێکی سەرزەوی و ژێر زەوی و تەنانەت ئاسمانی کوردستانیشیان کردووە، بەڵام ھێزەکانی دیکەیش لە بەھێزکردنی باسکی ستەمکاری پارتی و یەکێتیدا، بێگوناھ نین. ئەگەر پارتی و یەکێتی ستەمیان کردبێ، ھێزەکانی دی یان بە تەنیشت کورسی ستەمکارییەوە بە دیار پۆستی مردوو، بێدەنگ دانیشتوون، یان کراون بە شاگرد و دەرگاوانی رۆحی ئەو سیستەمە نادیموکرات و نانیشتیمانییەی، کە شوێنێکی ساغ لە عەقڵ و جەستەیدا نەماوە. زۆربەی ھێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی، بوون بە بەشێک لە ھەتوان بۆ شاردنەوەی ئەم برین و نەخۆشییە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئیدارییانەی، کە ئەم دوو ھێزە لە مێژووی سی ساڵی رابردوو لە کوردستاندا خوڵقاندوویانە، شاردنەوەیەک، کە ھێندەی پارتی و یەکێتی، ئەم ھێزانە دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و نیشتیمانی و سیاسییەوە. کاتێک خەڵک بارەگاکانی پارتی و یەکێتی وەک دوو ھێزی ھەژمونگەرا بەسەر کۆی جومگەکانی ژیان و سیاسەت لە کوردستان دەکاتە ئامانج، ئەوان وەک بەرپرسیاری یەکەمی ھەڵوەشانی کۆمەڵگە و داڕوخانی دۆخە گشتییەکە دەبینن. دیدگاکەش تەواو راست و دروستە، چونکە دەزگاکانی دەرەوەی حیزب و ئەوەی پێیدەگوترێ (حکومەت)، کراسێکی دوو رەنگی چڵکنی بەر ئەم دوو ھێزە سیاسییەن، نیوەی زەرد و نیوەکەی دیکەی سەوز . ئەوانیدی چ گۆڕان، کە ئێستا و چ کۆمەڵ و یەکگرتوو، چ ھێزەکانی دیکەیش، کە پێشتر بە تەنیشت پارتی و یەکێتییەوە بەشداری دەزگاکانی حوکمڕانی بوون، بەشێکی گرنگ لەو ھۆکارانەن، لەلایەکەوە تەمەنی ستەمکارییان لە کوردستان درێژتر کردووەتەوە، لەلایەکی دی، راستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ، وێنە ناشیرینەکانی دەسەڵاتیان ھێندەی لە توانایاندابووە، نە بۆ خەڵکی کوردستان، نە بۆ ئەندام و دەنگدەرانی خۆیان، بە ئەندازەی پێویست و بە قەبارەی رۆحی ستەمکارییەکە، رونکردۆتەوە، بۆیە خەڵک لە ئەوانیش بێزار و ناڕازییە. سەرکردایەتی سیاسی ھێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی، پێویستە لەوە تێبگەن، کە ئەم بێزاری و ناڕازیبوونە لە ئێستادا بەشێکە لە پێکھاتەی سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی خۆپێشاندەران و لە بۆشاییەوە نەھاتووە. ئەمە بێزارییە لە ناشیرینی سیاسەتی حیزبی، لە نەبوونی روئیای روونی سەرکردایەتی سیاسی، لە قێزەونبوون و بێزراوبوونی حیزب خۆی. ھەر ئەم ناڕازیبوونەشە وایکردووە کاتێک کۆمەڵ و یەکگرتوو لە دەرەوەی بەشداری پێکھێنانی ئەم کابینەیەی حکومەتیشدان، بەڵام خەڵک جیاوازی لە نێوان بارەگاکانی ئەوان و پارتی و یەکێتی و گۆڕاندا ناکات و وەکیەک گڕ لە باڵایان بەردەدات. بڕیارەکان لە ھەرێمی کوردستان، چەندیش چارەنوسساز بن، بڕیاری بیرلێکراوە و نیشتیمانی نین، بڕیارەکان ئەگەرچی بە ژیان و ئایندەی کۆی گشتی خەڵکی ھەرێمی کوردستانەوە پەیوەندیدارن، بەڵام لە ناوەند و سەنتەری بڕیاری نیشتیمانییەوە نایەن، بەڵکو لە بارەگاکانی حیزب و دیوەخانی بنەماڵەوە دێن، بۆ نمونە، لە گرێبەستی پەنجا ساڵی و دەیان رێکەوتنی شاراوە و نھێنی دیکەدا، نەک خەڵکی کوردستان، بەڵکو ئەو ھێزانەش تەواو لە وردەکارییەکانی ئاگادار نین، کە بە تەنیشت پارتییەوە چ لە رابردوو، چ لە ئێستادا، لە پێکھێنانی حکومەتدا بەشدارن. چ ریسواییەکی سیاسییە تۆ وەزیری دارایی بیت، ئاگاداری وردەکاری گرێبەستەکان و داھاتی گشتی نەبیت، تۆ وەزیری پێشمەرگە بیت، بەڵام دەسەڵاتت بەسەر گەنجێکی تفەنگ بە دەستی زێرەڤانی و چەکدارێکی بەردەم بارەگایەکی زەردەوە نەبێت! نیشتیمان و چارەنوسی نیشتیمان، لە ژێردەستی حیزب و بنەماڵەدایە، ئەوانن بڕیار لە مامەڵەکردن بە سامانێکەوە دەدەن، کە تەنیا ھی ئەوان نییە، بەڵکو کۆی ھاوڵاتیانی کوردستان بە نەوەکانی ئایندەشەوە خاوەنین. کاتێک ھاونیشتیمانیان بە ھۆی ئەم سیاسەتەوە بەشی ھەرە گرنگی تەمەن و ژیانیان نە تەنیا دەکەوێتە بەردەم سەختی و قورساییەکی گەورەوە، بەڵکو دەبێت بە تراژیدیایەکی راستەقینە، ئەمڕۆیان لە دوێنێ خراپتر و سبەینێشیان لە ئەمڕۆ خراپتر دەبینن، ئیدی سەرەنجام چاویان، بیرکردنەوەیان دەچێتە سەر ئەو ناوەندانەی بڕیار و وەک ھۆکاری سەرەکی ئەم دۆزەخەی دەبینن، کە بە ناوی ژیانەوە بۆیان دروستکردوون. ھەموو رۆژێک ژیان لەگەڵ کارەسات، لەگەڵ تراژیدیا، دۆخێکە ھیچ چین و توێژێکی کۆمەڵایەتی، ھیچ نەوەیەک و ھیچ مرۆڤێکی بە ئاگا لە دونیادا، ناتوانێت بێ بینینی ئاسۆیەکی روون، تا ئەبەد لەگەڵیدا بژی. بۆیە بارەگاکان وەک ناوەندی خوڵقاندنی ئەم کارەساتەی ناویان ناوە ژیان دەبنە شوێنێک بۆ پەلاماردان و ھێرش. پەلامار و ھێرشەکانیش وەک پەیامێکی راستەقینە بۆ بنەماڵە دەسەڵاتدار و پشتیوانەکانیان دەنێرن، کە ئیدی مرۆڤ ناتوانێت بە سوپاس بژی. ژیانمان بگۆڕن، رێز لە کەرامەتی مرۆییمان بگرن، دەستدرێژی مەکەنە سەر ژیان و ئازادیمان، سوپاسەکان بۆ خۆتان. بارەگا لێرەدا، بریتی نییە لە چوار دیوار و بنمیچێکی بێ رۆح و گیان، بەڵکو بریتییە لەو ناوەندە رەمزییەی، رۆژانە وێنەی ستەمەکانی دەسەڵات دەنوێنێتەوە، ناوەندێکە ھەرچی زیاتر خەریکی بەرھەمھێنانی ملکەچی و قوتابخانەی بە کۆیلەکردنی کۆمەڵگەیە، بۆیە لە رێی تێکشکاندنی ئەوەوە، ئەو رۆحی غرور و ئیگۆ سیاسییە ناشیرینەش تێکدەشکێنرێ، کە بوونەوەرەکانی ناو بارەگاکان نایانەوێت بیبینن، یان دەیبینن و خۆیانی لێ گێل دەکەن. بارەگای حیزب لە کوردستان دەستی لە ناو ھەموو پنتەکانی ژیانی ھاوڵاتیاندایە، لە گەورە و بچوکی ژیانی سیاسی، ئابوری، ئیداری ئەم ھەرێمە، لە بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی سەرەتاییەوە تا بە بەڕێوەبەری ناحیە و پۆلیس و نەخۆشخانە و سەرۆکی زانکۆکان دەگات، بڕیار دەدات. بارەگا نەک تەنیا پۆست و پلەکان دابەش دەکات، بەڵکو مرۆڤەکانیش پۆلێن دەکات، پێماندەڵێت، کێ نیشتیمانپەروەرە و کێ خائین، کێ فریشتەیە و کێ شەیتان، کێ مرۆڤی پلە یەک و کێش پلە دوو و سێ و چوار... ئەگەر ئەمە ئیشی بارەگا بێت، لە راستیدا ئەوە بارەگایەکی حیزبی ئاسایی نییە، کە خەریکی کاری سیاسی و رێکخستنی حیزبی بێت، بەڵکو سەنتەری چەوساندنەوە و ھەڵوەشانی کۆمەڵگە و بەشینەوەی ستەمکارییە. ناوەندێکە دەستی لە نێو کۆی ئەو نەھامەتی و بێ رێزییە دایە کە دەرھەق بە مرۆڤی ئێمە دەکرێت. ئیدی ئێستا دەبێ ھێزە سیاسییەکان، تایبەت پارتی و یەکێتی تێبگەن بۆچی بارەگاکانیان دەکرێنە ئامانج.
عهدالهت عهبدوڵڵا زۆر كهس لهوانهی له بارهی خۆپیشاندانهكانی ئهم رۆژانهی سنوری پارێزگای سلێمانی و ههڵهبجهو ئیدارهكانی راپهڕین و گهرمیان دهدوێن، بهسهر دوو جۆر له تێگهیشتندا دابهش بوون، یهكهمیان: پێی وایه نابێ له خۆپیشانداندا هیچ حاڵهتێكی پهلاماردان و دهستبردن بۆ ماڵ و موڵكی گشتی رووبدات. دووهمیشیان: وای دهبینێ تاوانه دهوڵهت له هیچ خۆپیشاندهرێك بپرسێتهوهو دهستگیری بكات، تهنانهت ئهگهر ماڵ و موڵكی گشتییش بسوتێنێت!. لهراستیدا، ئهم تێگهیشتنه، ههردوو، وهك یهك، زهق و ئاشكرا، ههڵهو چهوتن، بهڵگهی ئهوهن كه هۆشیارییهك بهرامبهر به ئهزموونی گهلانی ههره پێشكهوتوو و دیموكراتی دنیا نییهو، پرهنسیپی خۆپیشاندانیش، بهو فۆرمهی كه وهك ماف دانراوهو دانی پێدا نراوهو لهدهستورو یاساكاندا رێكخراوه، رووبهڕووی مهترسی و بێ بههاكردن دهكرێتهوه، ههم لهلایهن دهسهڵاتداران و ههم خهڵكانێك له ریزی خۆپیشاندهراندا. راستی ئهوهیه، یاساكان، وهك پرهنسیپ بۆ رێكخستنی كاروباری گشتی، ههمیشه قابیلی ئهوهن كه له واقعدا پێشێل بكرێن، پێشێلكردنهكهش دوو سهرهیه، مومكینه ئهو پێشێلكارییه لهلایهن دهوڵهت و بهرپرسیارانییهوه بێت، بهوهش دهوڵهت ههر خۆی بهرپرسه كه ئهو پێشێلكارییانه رابگرێت و له زۆر وڵاتیشدا ئهوه پهرلهمانه كه لێپرسینهوه له دهسهڵاتی جێبهجێكردن دهكات، مومكین-یشه پێشێلكارییهكه لهلایهن كهسی خۆپیشاندهرهوه بێت. وڵاته یهكگرتووهكانی ئهمریكا كه گهورهترین زلهێزه له باسكردنی دیموكراسیدا، ههمان هاوكیشه دهژی، بهڵام بههۆی جیاوازیی ئهزموون و كهلهپوری دیموكراسییهوه، به دهرچهو چارهسهری عهقڵانی لێی دێنه دهرهوه.. رهنگه خۆپیشاندانهكانی ناڕهزایی تایبهت به كوشتنی جۆرج فلۆید له 25ی ئایاری ئهمساڵدا، ههر خۆی نزیكترین نموونه بێت. ئهو رووداوه، نهك ئاگری بهردایه رای گشتی ئهمریكا، بهڵكو ناڕهزاییهكانی پهڕاندهوه بۆ زۆر وڵاتی ئهوروپاو بهشێكی جیهانیش. ئێمه ههموو بینیمان كه له كاردانهوهی خۆپیشاندهرانی ئهمریكیدا، تهنها پۆلیس و كهرهستهو ئۆتۆمبێل و بنكهكانیان نهكرانه ئامانج، بهڵكو لهناو خۆپیشاندهراندا به سهدانیان له ئامانجی خۆپیشاندانهكان دهرچوون و پهلاماری گهوره مۆڵ و دوكان و بازاڕی كارو كاسبیی هاوڵاتیانیشیاندا، بگره ههندێك لهو موڵگه گشتی و ئههلییانه، به رۆژی نیوهڕۆ، تاڵان كران!. دهوڵهت و یاسا، لهم كاتهدا، بۆ ئهوه نین كه له رێگهی توندوتیژییهوه سهرلهبهری ئهو خۆپیشاندهرانهی كه له دهربڕینی ناڕهزایی بۆ كوشتنی فلۆید روویان كرده دزین و فهرهودكردنی مۆڵ و بازاڕهكان، بدهنه بهر دهستڕێژی گوللـهو بهرببنه گیانی گردبوونهوهكان، له ههمانكاتدا به مانای ئهوهش نین بێدهنگ و بێ خهم به دیار خۆپیشاندهرانی ئهمریكییهوه دابنیشن و دۆخێك له ئاژاوهو بهرهڵایی بێته ئاراوه، بهڵكو ئهركی دهوڵهت و یاساكانی، لهو كاتهدا، بهپێی عهقدێكی كۆمهڵایهتی كه لهنێوان دهوڵهت و كۆمهڵگهدا ههیه، ئهوهیه كه، ههم چهمك و مافی خۆپیشاندان بپارێزێ و نهشێوینرێت، ههم سهروماڵی گشت بپارێزێت، لهم پرۆسهیهشدا، پێشوهخت دهزانێ كه رای گشتیی ئهمریكی پاڵپشتیی دهكات. ههر بۆیه له وڵاتێكی وهك ئهمریكادا كه به قهڵایهكی دیموكراسی له جیهاندا ناودهبرێ، زۆر به ئاسانی و له چهند رۆژێكدا به ههزاران ههزار خۆپیشاندهر كه گلابوونه ئهو رهفتارانهوه، دهستگیر كران و لێپرسینهوهیان لهگهڵدا كرا. بهمانایهكی تر، نه ئیشی دهوڵهته كه یاسا له رێگهی لوولهی تفهنگهوه جێبهجێ بكات، نه ئیشی خۆپیشاندهریشه كه له ئامانجی خۆپیشادان بچێته دهرهوه، لهگهڵ ئهوهشدا كۆنترۆڵكردنی سهددهرسهدی ههلومهرجهكان، تهنانهت له دیموكراسیترین وڵاتانی دنیاشدا، وههم و زهحمهته، بۆیه خۆپیشاندانهكان له ئهمریكا، له فهرهنسا، له ئیتاڵیا، له بهریتانیا، له بهلجیكا و له ئهڵمانیا و زۆر وڵاتی تری ئهوروپی و رۆژئاوایی كه نموونهی وڵاتانی دیموكراتن، ههم ناوبهناو بێ قوربانی نابن، ههم ناوبهناویش تیایاندا پهلاماری شوێنی گشتی و تهنانهت ئههلییشی دهدرێت!، ئهوهی كه ههموو كات بۆ ئهوێ راستهو لهسهرو ههموو رووداوێكهوهیه، ئهوهیه كه، كۆمهڵگهو دهوڵهت، پێكهوه لهسهر ئهو خاڵه كۆكن كه ههم مافی خۆپیشاندان پارێزراو بێت، ههم سهروماڵی گشتی. لێره له ئهزموونی كوردستانیشدا دهبێ بهم شێوازه مامهڵه بكرێت. جارێ نهبوونی خۆپیشاندان له ههرێمێكدا كه به دهست خراپترین قهیرانی ئابوری و داراییهوه دهناڵێنێت، نیشانهی ئیرهاب و غیابی ئازادییه، بوونی خۆپیشاندانیش لهههر رووبهرێكدا بهڵگهی زیندووێتی كۆمهڵگهو بهشداریی سیاسییه. له پاریس، پێش دوو ساڵ، بههۆی قهیرانهوه نا، بهڵكو لهخۆشی و ئاههنگهكانی سهری ساڵدا بهدهیان كردهوهی ئاژاوهگێڕی روویاندا، زیاتر له 1000 ئۆتۆمبێلی تهنها هاووڵاتی سوتێنرا!، نزیكهی 500 كهسیشی لهسهری دهستگیر كرا!، چ جای ئهوهی كه تۆ، له وڵاتێكدا بژی، پڕبێ لهقهیران!. با كهس وا بیر نهكاتهوه كه خۆپیشاندانهكان دهبێ، لهههموو كات و دۆخێكدا، خاڵی بێت له پهلاماردانی موڵكی گشتی، كهسیش وا مهزهنده نهكات كه هیچ رووداوێكی دڵتهزێن لهم بهریهككهوتنانهدا روونادات، نهخوازهڵا له وڵاتێكدا كه پڕه له دیاردهی چهكداری و هاوكات گرانی و بهرزبوونهوهی رێژهی بێكاری كه ههر خۆیان بهسن بۆ ئهوهی لێرهو لهوێ، خۆپیشاندان سهر له توندوتیژییهوه دهربهێنێت. ئهركی بهرپرسانی دهوڵهتی ههمیشه ئهوهیه كه، یهك پرسیاری جهوههری بكهن: چ هۆكارێكی راسهقینه له ئارادایه كه ئارگیۆمێنت و پاساو بخاته دهستی ئهو هاوولاتیانهوه كه ناڕهزایی دهردهبڕن و سهرباری ئهوهی ئهزانن كه موڵكی گشتی و دهزگای خزمهتگوزاری و ئیداری لهبابهت قائیمقامییهت و ناحیهو پۆلیس و پهروهردهو ئاسایش و شارهوانی، شوێنی راییكردنی كاروباری گشتین، كهچی لهگهڵ ئهوهشدا دهستیان لێ ناپارێزن؟ ئهوه كرۆكی بابهتهكهیه.. ئایا دهوڵهت كهمتهرخه؟، هۆكاره؟، سهرچاوهی ئهو ههلومهرجه نالهبارهیه؟.. ئهگهر ئا، ئهوا پێویسته چاوهڕوانی ئهوهش نهكرێ كه ههموو خۆپیشاندانهكان، لهههموو كات و سهردهمێكدا، تهواو مهدهنی بن، تهواو ئاشتییانهو بێ توندوتیژی بن، گروپی سیاسییش سواری نهبێ!، ئهمه تهنانهت له دۆخی شارو شارۆچكهیهكهوه بۆ یهكێكی تریش ئهگۆڕێ، چ لهرووی باری ئابوری و ژیانهوه، چ لهرووی كۆمهڵایهتی و ئهزموونهوه، بۆیه دهبێ دهوڵهت ئهركی خۆی جێبهجێ بكات. پۆلیسی ئهمریكا كه به جارێك 6 بۆ 7 ههزار خۆپیشاندهر دهستگیر دهكات بۆ ئهوه نییه پێیان بڵێ مافتان نییه خۆپیشاندان بكهن، بهڵكو بۆ ئهوهیه ئهم مافه رێكخراو بێ و نهبێته هۆی زیانی گشتی، چونكه كاتێك گشت/كۆمهڵگه زیانی پێ بگات، لهوهشیاندا ههر دهوڵهت بهرپرسیاره، جا كێ دهوڵهمهتداره دهبێ ئهم بهڵگهنهویسته قبوڵ بكات، كێیش پێی ناخۆشه، با بڕوا (كاسبی)ییهكی تر بدۆزێتهوهو ههڵبژێرێت!. لهم خۆپیشاندانانهی ئهم رۆژانهشدا، بهداخهوه دیسانهوه بینیمان خوێنڕشتنی تێ كهوتهوه، هۆكارهكهش روونه، دهوڵهت هێشتا خۆی لهوهڵامی پرسیاره جهوههرییهكه نادات، بهڵكو بیانوو بۆ ههلومهرجهكان دهدۆزێتهوهو له رابردووشدا كهسی لهسهر تاوانی بهكارهێنانی چهك لهبهرامبهر خۆپیشاندهردا، سزا نهداوه. له پاریس كوشتنی چهندین خۆپیشاندهر له خۆپیشاندانهكانی هێلهك زهردهكان، وایان نهكرد كه دهوڵهتهكهی ماكرۆن له بهرپرسیارێتییهكانی ههڵبێت، بهڵكو دهوڵهت ناچار كرا پیاچوونهوه به سیاسهتهكانیدا بكاتهوه. پۆلیسی پاریس به سهدان خۆپیشاندهری دهستگیركردو بهندی كردن، بهڵام بۆ ئهوه نهبوو بڵێ: پهیامی خۆپیشاندانهكان راست نین، له بهرلین و فرانكفۆرتی ئهڵمانیا كاتێك دهیان و سهدان خۆپیشاندهر دهستگیر دهكران بۆ ئهوه نهبوو كه راوێژكاری وڵات ههموو تێزێكی تهنانهت راستڕهوكانیش پشتگوێ بخاو هیچ پلانێكی نهبێت بۆ ههندێ قهیرانی سیاسی و ئابوری و سیاسهتی بانكهكانی وڵات، بهڵكو به دۆزینهوهی ههلی كاری زیاترو باشكردنی دۆخی خزمهتگوزاری روبهڕووی گوتاری كهراهییهت و رقههڵگرتن له پهنابهران دهبێتهوه. دهوڵهت و دهوڵهتمهدار پێویسته بهم جۆره بیر بكاتهوهو مامهڵه بكات، نهك خهریكی پیشهسازیی تۆمهتبهخشینهوهو پهرۆشی تهنها بێدهنگكردنی ناڕهزاییهكان بێ به ههر نرخێك بێت.
ئاسۆس هەردی لە هیچ شوێنێکی دنیادا سەرکوتکردن نەیتوانیوە کۆتایی بە ناڕەزایەتییەکان بهێنێت. لەراستیدا سەرکوتکردن ئەگەر بەحساب "سەرکەوتوو"یش بێت، تەنها دوو ئەنجامی لێدەکەوێتەوە. یەکەم، شاردنەوەی ناڕەزایەتییەکان بە زەبری هێز بۆ ماوەیەکی کاتی، کە بێگومان زۆر نابات لە هەر دەرفەتێکدا کە بێتەپێشەوە بەشێوەیەکی بەرفراوانتر دەردەکەونەوە، چونکە سەرچاوەکانی ناڕەزایەتییەکان وشک نەکراون و هۆکارەکان وەک خۆیان ماون. دووەم، هەموو سەرکوتکردنێکی ناڕەزایی ئاشتییانەو مەدەنییانە تۆوی توندوتیژی دەچێنێ، تۆوێک کە ئەمڕۆ بێ یا سبەی لە نزیکترین دەرفەتدا چەکەرە دەکات و لەسەر شانۆی سیاسەت دەبێتە ئەکتەری سەرەکی. چونکە کاتێک خەڵک نائومێد دەبن لەوەی خۆپیشاندانی مەدەنییانەو ئاشتیخوازانە کاریگەرییان هەبێ، ئیدی دەگەنە ئەو قەناعەتەی جگە لە پەلامارو زەبری هێزو راپەڕین هیچ رێگاچارەیەک بۆ گۆڕانکاری و چارەسەرکردنی قەیرانەکان نەماوەتەوە. هەر ئەمەش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو توندوتیژی و پەلاماردانەی لە زۆربەی خۆپیشاندانەکانی کوردستاندا دەیانبینین و، پێشتر و لەسەروبەندی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتدا لە نووسینێکدا بە ناوی "مەترسییەکانی نائومێدی" باسم کردووە. بۆیە پەلاماردانی خۆپیشاندەران، دەستگیرکردنیان، داخستنی ئێن ئار تی و چەتر یا هەر میدیایەکی تر، هیچ شتێک چارەسەر ناکات، بەتایبەت لە سەردەمێکدا کە سۆشیال میدیاو (هاوڵاتیی رۆژنامەنووس) بوونەتە ئەکتەرو فاکتەرێکی کاریگەر لەسەر رایگشتی و فەزای سیاسی لە جیهاندا. ئەم جۆرە رەفتارانە، رەنگە لە نزیک مەودادا بە خەون و سەرابێکی کاتی دڵی هەندێک دەسەڵاتدار خۆش بکەن، بەڵام بێگومان لە دوور مەودادا بەسەریاندا دەشکێتەوەو تووشی شۆکی گەورەیان دەکات، وەک لە نموونەی توونسی بنعەلی و بەشاری ئەسەددا بینیمان. تاکە رێگەی راست بۆ خاوکردنەوەو کۆتایی هێنان بە ئاڵۆزی و گرژییەکان چارەسەرکردنی کێشەکان وگوێگرتنە لە داواکارییەکان، نەک پەلاماردان و سەرکوتکردن. ئەمەی دواییان ئەنجامەکەی تەنهاو تەنها رشتنی خوێنی زیاترو وێرانکردنی کوردستان دەبێت. بێگومان لەو ئەگەرە پڕ لە کارەساتەشدا کەس پارێزراو نابێت، بەتایبەت ئەو دەسەڵاتدارە خۆشخەیاڵانەی دڵیان بە چەکەکانی دەستیان و پارەکانی گیرفانیان خۆشەو وا دەزانن دەتوانن بۆ هەمیشە خۆیان لە تووڕەیی و رقی خەڵک بپارێزن.
ئومێد قهرهداخی ئهوهی ئێستا دهگوزهرێت تهعبیره له شكستێكی قووڵ و ههمهلایهنهی حوكمرانی كوردی ، زیاتر لهوهش ، تهعبیره له شكستی مۆدیلی سیاسهتكردن و حزبایهتی له كوردستاندا ، مۆدیلێك كه لهسایهیدا گهندهڵی و مشهخۆری گهیشتۆته لوتكه ، نهدانی مووچه و مافهكانی فهرمانبهر تهنها یهكێكه له ئاكامهكانی ئهم جۆره له حوكمرانی و ئهم مۆدیله له سیاسهتكردن ، خۆپیشاندهر و جهماوهری نارازی به باشی لهوه تێدهگهن بهتهنها قوربانی نین بهدهستی یهكێتی و پارتی و گۆران وهك پێكهێنهری سهرهكی حكومهت ، بهڵكو گرفتارن بهدهست ئهو مۆدێلهی بۆ سیاسهتكردن و خزبایهتی له كوردستان باڵادهسته ، بۆیه بێ جیاوازی بارهگای حزبهكان دهسوتێنن سیاسهت له كوردستان له جیاتی ئهوهی چالاكیهك بێت بۆ چاكهی گشتی ، مشهخۆییهكه بهسهر بهرژهوهندی گشتیهوه ، له جیاتی ئهوهی فهزیلهتێك بێت بۆ بهدیهێنانی دادپهروهری و یهكسانی كۆمهڵایهتی، رێگای دروستكردنی ئهریستۆكراتیهتێكی حزبییه ، له كوردستان هیچ حزبێك نیه دهیان و سهدان مووچهخۆر و خانهنشینی پله تایبهتی نهبێت، حزب وهسیلهی خۆژیاندن و خۆ دهوڵهمهندكردنه ، ههموو دهوڵهمهندبوونێكی سیاسی لهسهر بناغهی ههژاربوونی كهسێكی دیكهیه ، ئهمرۆ له كوردستان له سایهی دهوڵهمهندبوونی سیاسیهكان و خاوهن پلهكانی ناو حزبهوه ، له راستیدا چینێكی ئهرستۆكراتی دروست بوه ، ئهم چینه ئهریستۆكراتیه زۆربهی تایبهتمهندی چینه ئهریستۆكراتهكانی سهدهكانی ناوهراستی تیایه، ئهم چینهخاوهن داهاتی گهوره و زهبهلاحه ، خاوهنی دهسهڵات و نفوزی سیاسیه ، شێوهژیانی تایبهت به خۆی ههیه ، كۆشك و ڤێلا و شوینهكانی ژیانكردنی جیاوازه له خهڵك ، بهرانبهر بهم چینه ئهریستۆكراتییه ، دهیان جار چینی ههژار له كۆمهڵگا زیادیكردوه ، دهوڵهمهندبوون و به ئهریستۆكراتبوونی ههر سیاسیهك له راستیدا ئهنجامهكهی ههژاربوونی ههزاران كهسه ، ئهم مۆدێلهی سیاسهت و حزبایهتی له كوردستان له جیاتی ئهوهی مرۆڤێ خزمهتكار و بهرپرسیار دروست بكات ، ئهریستۆكرات و مشهخۆر و مرۆڤی ههلپهرستی دروست كردوه ، هیچ حزبێك نیه لیستێكی دوور و درێژ مرۆڤی ههڵتوقیوی دهوڵهمهند و خاوهن ڤێلا و كۆشك و تهلار و ههموو كهرهستهكانی خۆشگوزهرانی نهبێت ،ههموو ئهوانهش رووبهری نا دادپهروهری كۆمهڵایهتی و زیادبوونی ههژاری فراوانكردوه مۆدێلی حزبایهتی له جیاتی دروستكردنی كادری خاوهن پرهنسیپ و پهروهردهكراو به بهها و ئهخلاقی سیاسی بهرههمبهێنیت ، یهكپارچه مرۆڤی ملكهچ و گوێرایهلی دروستكردوه ، حزبهكان دهیان ههزار كادریان له رێگای مووچه و سهرچاوهی بژێویهوه به خۆیانهوه گرێداوه و جورئهتی رهخنه و پرسیار و گفتوگۆیان له كادر و ئهندامی حزب سهندۆتهوه ، بهمهش هیچ هێزێكی ناوهكی نهبوه له نێو خۆی حزبهكاندا به گهندهڵی و تاڵانی حزبهكهی بڵێ ستۆپ ، به جةريمة و كوشتنهكانی بڵێت تاوان ، كاتێك كادری حزب له مرۆڤی بهههڵویست و خاوهن روئیا و تێزهوه ئهبێت به رۆبۆتی جێبهجێكردنی ئهجێنداكان، ئهم جۆره له سیاسهت كه ئهم جۆره له كادر بهرههمدههێنێت له راستیدا ههر ئهم واقعه ئهخولقێنێت كه ههیه . ئهم مۆدێله له حزبایهتی و سیاسهت له كوردستان مشهخۆرییهكی گهورهیه بهسهر داهات و قوتی خهڵكهوه ، سهرچاوهیهكی گهورهی فراوانبوونی ناعهدالهتی و زۆربوونی ههژارییه ، بنهمای دروستبوونی كادری ملكهچ و مرۆڤی پاسیڤ و خزمهتكاره به ستهمكاری
هیوا جةلال ئەم بابەتەمان وەک بەشێک لەو هەوڵانەی کە دەشێت بدرێت بۆچارەسەری پرسی موچەی فەرمانبەرانی کوردستان پێشکەشی هەر لایەنێک دەکەین کە بیانەوێت لە ڕێگەی دەستووریەوە هەوڵی خۆیان بدەن ,بە زیاتریشەوە ئەگەر داوای هاوکاریمان لێ بکەن, هیوادارین ببێتە سەرەتایەک بۆ کاری هاوبەشی کەسانی تایبەتمەند لەم بوارەدا لە پسپۆرانی بواری دەستوری و یاساناسان و پارێزەران و مامۆستایانی زانکۆو وە لایەن و کەسایەتیە سیاسیە دڵسۆزەکان تا بەهەمووان هەوڵ بدەن وەک پاکێجێکی هاوبەش لە هەڵگۆستن لە بنەما دەستوریەکان و ڕۆح و فەلسەفەی یاساو بنەما بەرکارەکان کاری لەسەر بکەین، هەر وەک چۆن لەڕووی سیاسی و یاسایشەوە هەوڵ بدرێت ئەم بابەتە لە چوارچێوەی گەورەتردا وەک توێژینەوەی زانستی و کۆنفرانس کاری لەسەر بکرێت.دەبێت پسپۆرانی ئەم بوارە ڕۆڵیان هەبێت و بایەخیان پێبدرێت تا بگەینە ئەوەی بە هەموومان و بابەتیانە هەوڵەکانمان بکەین بە یەک و بە دیدێکی یاسایی لە شیکاری ئەو ئاریشانەی ئێستا لەم بارەیەوە هەیە بڕوانین و هەوڵ بدەین بە پشتبەستن بە بنەما دەستوریەکان ڕاڤەی پێشێلکاریەکان بکەین و ئەو چارەسەرانەی هەیە بیخەینە ڕوو کە بە ئاراستەی پرسی مووچەو بابەتە هەڵپەسێراوەکانی دیکەش هەنگاو بنێین. وە سەرەتا مەبەستمان لە پرسی موچە هەموو ئەو لێبڕین و کەمکردنەوەو نەدان و پاشەکەوتکردن و دواخستنی چەندین جارەیە کە هەردوو حکومەتی فیدراڵ بە (نەناردن و دواخستن) و هەرێم بە (لێبڕین و پاشەکەوتکردن و نەدان و دواخستن) ی مووچە بە نادەستوری ئەنجامی دەدەن، وە هەروەها ئەو یاسایانەیە کە لە پەرلەمانی کوردستان و عێراق دەرچووە یان دەردەچێ وەک یاسای بودجە یان پڕکردنەوی کورتهێنانی بوودجە یان هەر یاسایەکی تر کە ناردنی موچەی فەرمانبەران بە مەرجی جۆراوجۆر لەوانە ڕێککەوتن لە بواری نەوت و گاز لە نێوان هەردوو حکوومەت دەبەستێتەوە،یان یاسای کەمکردنەوەی مووچە(ئەگەر دەربچێت لە پەرلەمانی کوردستان) کە ئەمانیش بەهەمان شێوە نادەستووری دەبن .وە پێویستە ئاماژەش بەوە بکەین کە بەداخەوە چارەسەری سیاسی نێوان لایەنەکان جگە لەوەی نادەستووریە ( کە دوایی ڕوونی دەکەینەوە ) هەندێک جار بە بنبەست دەگات یان ئەگەر ڕێککەوتنیش بکرێت کورتخایەنەو زۆربەی جاریش وەک خۆی جێبەجێناکرێت.هەربۆیە پیویستە هەر لایەنێک کە بە جددی بە دوای پرسی چارەسەرکردنی مووچەوەیە بۆ ئەستۆپاکی خۆی لای خواو گەلیش هەموو ڕێکارێکی دەستوری ویاسایی بگرێتە بەر لە دادگای فیدراڵی لەبەرامبەر هەرسێ لایەنی ئاماژەپێکراو تاوەکو جارێکیتر هیچ دەسەڵات و لایەنێک بە پاساوی جۆراوجۆر دەست نەبات بۆ سەرەتاییترین مافی ئەو بەشەی گەل کە مووچەخۆرن کە دەستورو یاسا بە شێوازو چەمکی جۆراو جۆر بۆی چەسپاندوون. سەبارەت بە ڕێککەوتنەکانی نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەو بەشەی دەستوریەو دەبێت ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت بابەتی نەوت و گازە ئەویش بەپێی ماددەی (١١٢) ی دەستور کە هەردولایان پابەند دەکات بە بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتی و گازیەکان و دابەشکردنی داهاتەکەی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە کە لە دوو بڕگەی ماددەکەدا باسکراوە، هەر سەرپێچیەکی دەستووری بە پێی ئەم ماددەیە لەلایەن هەرلایەکیانەوە بکرێت بە پێشێلکاری دەستووری دادەنرێت لەم بارەشدا لایەنەکەی تر مافی سکاڵای هەیە لە دادگای فیدراڵ بەپێی ماددەی (٩٣ بڕگەی ٤). بەڵام ئەو بەشەی ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا کە تەواو پێچەوانەی دەستوورە هێنانە ناوەوەی پرسی مووچەو مافە داراییەکانی هاووڵاتیانی هەرێمە وەک ئیلتزامێکی حکومەتی فیدراڵ (بە پێی ڕێککەوتنەکە) بەرامبەر بە ئیلتزامی حکومەتی هەرێم بە ڕادەستکردنی بڕێکی دیاریکراو لە نەوت مانگانە بە حکومەتی فیدراڵ.ئەمە لەکاتێکدایە کە مافە داراییەکانی هاووڵاتیانی هەرێم ئیلتزامێکی دەستوریەو بە هیچ شێوەیەک مەرجدار ناکرێت بە جێبەجێکردنی هیچ ئیلتزامێکی تر لە هەر لایەنێکەوە بێت(حکومەت بێت یان پەرلەمان). لەبەرئەوەی هاووڵاتیان کاتێک دەنگیان بە دەستوور داوەو ڕازیبوون لە چوارچێوەی دەوڵەتێکدا بەیەکەوە بژین وە ڕەوایی(شرعیە)ی داوە بە دەسەڵاتداران لەبەرامبەر ئەوەدا بووە کە ماف و ئازادییە بنچینەییەکانی بۆ دابینبکرێت بە شێوەیەکی یەکسان بێ گوێدانە نەتەوەو ڕگەزو دین ،وە کاتێک دەسەڵاتداران بە ئەرکی دەستوری خۆیان هەڵناستن بەتایبەت ئەوەی باسمانکرد لە پرسی نەوت و گاز جگە لەوەی پێشێلی ئەو ئەرکەیان کردووە کە لەسەر شانیانە (پرسی ڕێککەوتن) سەرەڕای ئەوەش پێشیلکاریەکی زۆر لەوەش گەورەتر ئەنجام دەدەن کە لێدان و دەستبردنە بۆ مافە بنچینەییەکانی هاووڵاتیان ،ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆحی دەستوور پارێزگاریکردنە لە ماف و ئازادیە بنچینەییەکانی هاووڵاتیان بەشێوەیەکی یەکسان و دادپەروەرانە وە ئەگەر ئەم بابەتە لە دەستورو کاری دەوڵەت دەربهێنرێت شتێک بەناوی دەوڵەتەوە نامێنێت. وە ئەو ماددەو بڕگە دەستووریانەی کە دەستەبەری مافەکانی هاووڵاتیانی هەرێمە وەک هەر هاووڵاتیەکی تری عێراقی و ئەرکە بەسەر دامو دەزگاکانی دەوڵەت لەپێناوی ڕەوایەتی خۆیان کاری لێبڕاو بۆ دەستەبەرکردنی بکەن بریتیین لەم ماددانەی خوارەوە؛ 1. ماددەی (دوو بڕگەی یەک)؛نابێت هیچ یاسایەک دابنرێت پێچەوانەبێتەوە لەگەڵ سەلمێنراوەکانی حوکمەکانی ئیسلامدا؛ هەروەک ڕوونە شەریعەتی ئیسلام گرنگی زۆری داوە بە بابەتی پاراستنی ئەموالی تاکەکان وە پارێزگاریکردن لێی یەکێکە لە پينچ مەقاسیدەکەی شەریعەتی ئیسلام هەر بۆیە هیچ کەسێک بە دەسەڵاتدارانیشەوە بۆی نیە بە ناڕەوا دەست بۆ ماڵی کەسێکی تر بەرێت وە ئەم بابەتە پێچەوانەی زۆرێک لە بنەما فیقهی و دادپەروەریەکانی شەریعەتی ئیسلامە کە لێرەدا بواری ئەوەمان نیە بەچڕی باسی لێوە بکەین. 2. ماددەی(دوو بڕگەی دوو)؛ نابێت هیچ یاسایەک دابنرێت پێچەوانە بێتەوە لەگەڵ بنەما دیموکراسیەکان؛ بێگومان یەکێک لە سێ بنەما سەرەکیەکەی دیموکراسی دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهاتە بەسەر تاکەکانی کۆمەڵگادا تەنانەت لای فەیلەسوفێکی وەک جۆن ڕاوڵز دەشێت دابەشکردنی داهات بە یەکسانی نەبێت ئەگەر نایەکسانی دابەشکردنەکە لەبەرژەوەندی چینی کەمدەرامەت بوو. 3. ماددەی(دوو برگەی سێ) ؛ نابێت هیچ یاسایەک دابنرێت پێچەوانەبێتەوە لەگەڵ ماف وئازادیە بنچینەییەکان کە لە دەستووردا هاتووە؛ کە لایەنی کەمی ئەو مافانەش دابینکردنی بژێوی ژیان و موچەی فەرمانبەرانە. 4. ماددەی (چواردە)؛کە جەخت لە یەکسانی تاکەکان دەکاتەوە لەبەردەم یاسادا ،بەڵام کاتیک مامەڵەی نایەکسان لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێم دەکرێت بە پاساوی ئەوەی حکومەتی هەرێم پابەندی ئیلتزامە دەستووریەکان نابێت لە کاتێکدا ئەم ڕێکارانە وەک سزایەک وایە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم و هیچ بەندێکی دەستوور نایگرێتەوە،بەڵکو پێچەوانە دێتەوە لەگەڵ دوو بنەمای دەستوریدا یەکەمیان بنەمای (شرعية العقوبات والجرائم ماددە ٩ بڕگەی ٢)کە بە پێی ئەم بنەمایە هیچ کارێک بە تاوان ئاژمار ناکرێت وە هیچ سزایەک ناسەپێنرێت بە یاسا نەبێت وە تاکە یاسایەک پەیوەندی بە بڕینی مووچەوە هەیە یاسای بەرزەفتکردنی فەرمانبەرانی دەوڵەتە لە کاتی سەرپێچیکردنی فەرمانبەردا وەک سزا بە بڕێکی دیاریکراو وە کاتی دەسەپێنرێت بەدەر لەوە هەر لێبڕین یان نەناردنی مووچەیەک پێچەوانەی ئەم بنەمایەیە،وە دووەمیان بنەمای(العقوبة شخصية ماددە ١٩ بڕگەی ٨) کە بە پێی ئەم بنەمایە تەنها کەسی تاوانبار بەپێی یاسا سزا دەدرێت بەڵام بڕین و نەناردنی مووچە دەرەنجامی پەرچەکرداری سیاسیە و نابێت مووچە خۆرانی پێ سزا بدرێت. 5. ماددەی(نۆزدە بڕگەی شەش)؛ کە جەخت لە مامەڵەی دادپەروەرانەی دەسەڵات دەکات لە ڕووی کارگێڕیەوە ،هەروەک لە خاڵی پێشتردا ئەم مامەڵە نادادپەروەرانە ڕوونکرایەوە. 6. ماددەی (بیست و پێنج)؛چاکسازی ئابووری بە ئەرکی حکومەت دانراوە کە خودی چاکسازی ئابووری دەبێت ئیلهام لە یەکسانی و دادپەروەری وەربگرێت وە ببێتە هۆکارێک بۆ بەرزکردنەوەی داهات نەک زەوتکردنی ناڕەوای داهاتی تاکەکان. 7. ماددەی (سی و حەوت)؛جەخت لە پارێزگاری کەرامەتی تاکەکان دەکات،وە کەمترین کار بۆ دەستەبەرکردن و پارێزگاریکردن لە کەرامەتی تاکەکان دابینکردنی بژێوی ژیان و ئەو شایستە داراییانەیە کە مافی خۆیانە وەریبگرن تا ناچار بە کارێک نەکرێن پێچەوانە بێتەوە لەگەڵ ویژدان و بیروبۆچوون و کەرامەت و بەهاو بنەماکانیدا. هەر بۆیە لە ڕوانگەی ئەوەی باسمانکرد هەر ڕێکارێک بگیرێتەبەر لەلایەن حکومەتی فیدراڵ یان هەرێمەوە یاخود پەرلەمانی کوردستان و عێراقیشەوە بەمەبەستی دەستبردن بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم پێشێلکاری گەورەی چەندین بنەماو ماددەی دەستووریە(هەروەک باسمانکرد) ڕەوایەتی ئەو دەسەڵاتە(جێبەجێکردن بێت یان یاسادانان)بێهێز دەکات و دەیکاتە ژێر پرسیارەوە. هەر بۆیە ئەم پرسە دادەنرێت بە بەرپرسیارێتیەکی هاوبەش(مسؤلية تظامنية) ى هەردوو حکومەت بەرامبەر مووچەخۆران هەرکامێکیان پێشێلکاری ئەنجام بدەن ئەرکە لەسەر لایەنەکەی تر سکاڵا تۆمار بکات لە دادگای فیدراڵ بەپێی ماددی (٩٣ بڕگەی ٤) وا ئەگەر ئەو پێشێلکاریە لە پەرلەمان کرا بەپێی یاسا جۆراوجۆرەکانی هاوپەیوەند بەو پرسە کە مەرجدارکردنی مووچە لەخۆبگرێت ئەوا دەبێت تانە لەو یاسایە بدرێت بە نادەستووری بە پێی ماددەی (١٣ بڕگەی ١و ٢) لە دادگای فیدراڵ بە پێی ماددەی(٩٣ بڕگەی١). ئەو پێشێلکاریانەی کە ئەنجام دەدرێن ئەمانەن؛ یەکەم/پێشێلکاریە دەستووریەکانی حکومەتی هەرێم؛ ● کەمکردنەوەو پاشەکەوتکردن و بڕین و دواخستنی مووچە بە پێی ماددەکانی(١٤،١٩،٢٥، ٣٧). ● ڕێکنەکەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەسەر ئیدارەدانی کێڵگە نەوتیەکان و دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهاتاکەی بەپێی ماددەی (١١٢)ی دەستوور. ● ماددەی (١٢١ بڕگەی ١) بەکارهێنانی دەساڵاتە دەستوریەکانی هەرێم لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوەی پەیواستکردووە بەوەی تا چەند دەسەڵاتدارانی هەرێم پابەند دەبن بە ئەحکامەکانی دەستورەوە(لسلطات الاقاليم الحق في ممارسة سلطات التشريعية والتنفيذية والقضائية وفقا لاحكام هذا الدستور.....) وە مەفهومى مخالفى ئەم ماددەیە ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی هەرێم لەکاتی پێشێلکردنی بەندەکانی دەستور مافی بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی نیە ، هەر بۆ زانیاریش ئەمە ئەو ماددەیەی دەستوورە کە هەرێم جەختی لێدەکاتەوە و بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاری دەهێنێت. دووەم/پێشێلکاریە دەستووریەکانی حکومەتی فیدرال؛ ● هەر رێککەوتنێکی حکومەتی فیدرال(جا لەسەر هەرچی بێت)کە ناردنی مووچەی هاووڵاتیانی هەرێم مەرجداربکات بە پرسی ڕادەستکردنی نەوت یان هەر پرسێکی تر. ● بێدەنگی حکومەتی فیدراڵ لە ئاست حکومەتی هەرێم لە کەمکردنەوەو پاشەکەوتکردن و بڕینی مووچەی هەرێم چونکە وەک ئاماژەمان پێدا بەرپرسیارێتیەکە هاوبەشیە(تظامني). ● ڕێکنەکەوتن لەگەڵ حکومەتی هەرێم لە بابەتی نەوت و گاز سێهەم/پێشێلکاریە دەستووریەکانی دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان)؛ هەر یاسایەک لە پەرلەمانی عێراق دەرچێت(یاسای بوودجە یان قەرز.....هتد) کە ناردنی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان مەرجدار بکات یان لە پەرلەمانی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی مووچە پێشێلکاری دەستووریە بە پێی هەر یەک لە ماددەکانی (٢٥،١٩،١٤،١٣،٢) کە پێشتر ڕوونمان کردووەتەوە. ڕەهەندێکی دیکەی ئەم پرسە پێشێلکاری ئاشکرای بنەماکانی جاڕی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ و دژی زۆربەی بڕگەو ماددەکانی پەیماننامە نێودەوڵەتیەکانە کە تایبەتن بە مافە مەدەنی و یاساییەکانی مرۆڤ بۆیە بەمەش پێشێلکاری بەرچاو بەدیدەکرێت لە مامەڵکردن لەگەڵ پرسی مووچەو برسیکردن و پێنەدانی سەرەتاییترین مافی چەسپاو کە دەکرێت ئەم بابەتە وەک لە سەرەتادا باسمان لێوەکرد لە چوارچێوەی کۆنفرانسێکی دەستوری و یاسایی بە ڕۆڵپێدان بە پسپۆڕانی بوارەکە بایەخیکی گەورەی دەبێت تا بتوانین چارەسەری دەستووری و یاسایی و ریشەیی بۆ ئەم پرسە بدۆزینەوە چونکە ناکرێت مووچە ببێت بەهەوڵ ناکرێت بۆ هەموو مووچەیەک خۆپیشاندان بکرێت یان بایکۆت بکرێت و ژیان بوەستێت خاوەن ماف لە مافە چەسپاوەکانیان بێبەشبکرێن و بەرپرسیاری یاسایی و کەسی کەمتەرخەمییش کەس نەزانێت کێیە،لە کاتێکدا ئێمە چەندین پسپۆڕی یاسایی و دەستووریمان هەیە دەکرێت لەم پرسەدا ئەکادیمیانەو بێلایەنانە و بابەتیانە ڕۆڵ و کاریگەرییان هەبێت. رێکارە دەستووریەکان؛ ئێمە بەش بەحاڵی خۆمان لە چوارچێوەی ئەم هەوڵەی کە وەک دەستپێک دەکرێت سەیربکرێت ببێتە سەرەتایەک تا دەوڵەمەند بکرێت و ڕێکارو ڕێوشوێنی پێویست بدۆزینەوە و هەموو ئەوانەی لێزان و پسپۆڕی بوارەکەن و دڵسۆزیان لە ناخدا هەیە گە کۆڕبەندێکی شایستەدا کۆیان بکەینەوە تا بە هەمووان کارێکی تێرو تۆخ پێشکەش بکەین کە سەرجەم ڕێکارە دەستووری و یاساییەکان لە خۆ بگرێت. لێرەوە چەند ڕێو شوێن دەخەینە بەر دیدی دڵسۆزان کە چارەسەری ئەم پرسە لە خۆدەگرێت؛ 1. بەرامبەر هەریەک لە حکومەتی فیدراڵ و هەرێم؛تۆمارکردنی سکاڵایە لەلایەن هەر لایەکیانەوە یان لەلایەن پەرلەمانتارانەوە دژی لایەنەکەی تر یان هەردووکیان لەسەر پێشێلکاریەکان بە پێی ماددەی (٩٣ بڕگەی ٣ و ٤). 2. بەرامبەر پەرلەمان؛ تانە بە نادەستووری بوونی یاساکان بەپێی ماددەی (١٣) لەبەردەم دادگای فیدرال بەپێی ماددەی (٩٣ بڕگەی ١) سەرچاوەکان ● دەستووری عێراق ساڵی ٢٠٠٥ ● یاسای ڕاژەی شارستانی ● یاسای بەرزەفتکردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت ● یاسای سزادانی عێراقی ● فيلسوف العدالة جون راولز نظريته في العدالة ,تحسين حمة غريب
مەریوان وریا قانع کردەی بەرگرییکردن کاتێک دەبێت بە کردەیەکی مانادار و بەرھەمھێن، کە پەیوەندییەکانی دەسەڵات پەیوەندیی داخراو نەبن، ئەگەری جێگۆڕکێ و دەسکاریکردنیان تیادابێت، نەگۆڕابن بۆ ھەیمەنەیەکی سەربازیی و ئەمنیی و ئابوریی ڕووت و داخراو. ئەمە یەکەمین وانەیەکە بکرێت لە فەیلەسوفێکی وەک میشێل فوکۆە فێریببین، پەیوەندیی دەسەڵاتی کراوە دەکرێت دەسکاریبکرێت، بەڵام پەیوەندیی دەسەڵاتی داخراو ھەیمەنەی سەربازیی و ئەمنی خۆی بە زەبری ھێز دەسەپێنێت. پەیوەندییەکانی دەسەڵات لە ھەرێمدا بەتاڵن لە توانای گۆڕانکاریی و دەسکاریکردن، دەسەڵاتدارانی ھەرێم، کە بەکردەوە ئەندامانی چەند خێزان و بنەماڵەیەکی سیاسین، نەک توانای دەسکاریکردنی ئەو پەیوەندییانەیان نییە کە سی ساڵ ھەڵەی بەردەوام دروستیانکردوە،. بەڵکو ھیچ مەیل و خواستێکی ئەو گۆڕانکارییەشیان نییە و دەیانەوێت چۆن بوون وا بمێننەوە. لەمەدا خۆیاان بە خێزانی موقەدەس دەزانن و پێیانوایە جگە لەوان کەس مافی حوکمڕانیی و بەێڕوەبردنی وڵاتەکەی نییە. ئەمە وادەکات لەو ھەرێمە ٣ شارییەدا، کردەی بەرگریکردن نەتوانێت لە قۆناغی خۆپیشاندان و ناڕەزاییدەربڕیندا بمێنێتەوە، نەتوانێت تەنھا کردەی نیشاندانی ناڕازیبوون و توڕەبوون بێت، نەکرێت چیتر لە ئاستی خۆنیشاندان وخۆنمایشکردندا سنوورداربکات، بەڵکو بە ئاسانی بۆ قۆناغی ڕاپەڕین و پەلاماردان و بەریەکەکوتی توند بپەڕێتەوە. ئەوانەی کە ناڕەزاییدەردەردەبڕن لە ”مرۆڤی ناڕازیی“ەوە بگۆڕێن بۆ ”جەنگاوەر“ و ھەوڵی دەسکاریکردنی پەیوەندییەکی دەسەڵات لەڕێگای ھێزەوە بدەن. ئەمە ئەو قۆناغەیە کە چیتر تیایدا ناڕەزایی تەنھا بەرامبەر بە ھێز ئامادە نییە، بەڵکو ھێز بەرامبەر بە ھێز ئامادەیە. ئەمە وانەی یەکەمی تەقینەوەکانی ئەمڕۆکەی ھەرێمە. وانەی دووھەمی تەقینەوەکانی ئەمڕۆکە ئەمەیە: ئەو بەرەیەی کە ناڕازییە تەنھا ئەم یان ئەو بەشی کۆمەڵگاکە نییە بەتەنھا، بەڵکو زۆرینەی ھەرەزۆری دانیشتوانی ھەرێمەکەیە، دانیشتوانی دەرەوەی بنەماڵە سیاسییە حوکمڕانەکان و گروپە بچووکە ملیۆنێر و سودمەندەکەی دەوروبەریان. بۆ نموونە، کەسێک چەپڕەوبێت ناڕازییە، چونکە لانی ھەرە کەمی دادپەروەریی و یەکسانیی لە ھەێرمدا بوونی نییە. کەسێک لیبرال و دیموکراتخوازبێت ناڕازییە.، چونکە سەرجەمی دەسەڵاتەکان لە دەستی چەند بنەماڵەیکی سیاسیی بچووکدا کۆکراونەتەوە و ھیچ یەکێکیش لەو دەسەڵاتانە لەژێر ھیچ فۆرمێکی چاودێریی یاسایی و دەزگاییدا نین. کەسێک سەر بە ئیسلامی سیاسیی بێت ناڕازییە چونکە ئەوانیش وەک خۆیان دەڵێن باوەڕیان بە حوکمڕانیی باش و سەرڕاست ھەیە. کەسێکیش ناسیۆنالیست بێت ناڕازییە، چونکە ئەوەی لە ھەرێمدا بەتەواوی غائیبە چەمکەکانی نەتەوە و نیشتیمان و قازانجی نەتەوەیی و کۆدەنگیی نیشتیمانییە. تەنانەت گەر کەسێک فاشیستیش بێت، دیسانەوە ناڕازییە، چونکە فاشیزم ھەڵگری ئایدیۆلۆژیایەکە خەون بە دروستکردنی کۆمەڵگایەکی ”تایبەت“ەوە دەبینێت کە بەھێز و سەروەر بێت. زۆرینەی زۆری خەڵکە سادەکەی ھەرێمیش سیستمێکی سیاسییان دەوێت کە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان و بڕێک ڕێز و ھەندێک مافی سەرەکییان، بۆ دابنیبکات. ھیچ یەکێک لەمانە لەناو ئەزموونی ھەرێمدا بوونی نییە، ئەوەی ھەیە مۆدێلێکی سوڵتانیی ناشیرینە لە حوکمڕانیی کە خەمی سەرەتا و کۆتایی بە سوڵتانیکردنی خێزانە سیاسییەکانی ھەرێمە، بە سوڵتانیکردنی باوکەکان لە ئێستادا و بەسوڵتانیکردنی منداڵەکانیان لەدوای مردنیانەوە، ھەموو سیستمە سیاسییەکەش بەدەوری پاراستن و وەدیھێنانی ئەم خەونە سوڵتانیەدا دەسوڕێتەوە. بەم جۆرە نە ھێزە ئایدیۆلۆژییە جیاوازەکان و نە زۆرینەی دانیشتوانی ھەرێم شتێک لەو سیستمەدا نادۆزنەوە بە بەشێک لە خواست و خەونەکانی خۆیانی بزانن. سیستمەکەش تا دێت ناشیرینتر و توندوتیژتر و داخراوتر و تاوانابرتر دەبێت. چەند تەمەنی درێژبێت بڕ و ڕادەی تاوانەکانی زیاتر دەکات. ئەوەی ئەمڕۆکە دەیبنین دۆخی وەرچەرخانی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکانە بۆ ڕاپەڕین، وەچەرخانێک کەس نازانێت بە کوێ و بەچی دەگات
شوان حەمە جاری یەکەم نییە لەهەرێمی کوردستان بەهێزی سەربازی میدیاکان بێدەنگ دەکرێن! تەنها یەکساڵ دوای پێکهێنانی پەرلەمانی کورردستان و یەکەمین کابینەی حکومەتی هەرێم، مامۆستا شیرکۆ بێکەس، وەک یەکەمین وەزیری ڕۆشنبیری، بەهۆی داخستنی ڕۆژنامەی وڵات لەهەولێر، دەستی لەکارکێشایەوە! لەم چەند ڕۆژەی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ەدا، جارێکیتر لەشاری سلێمانی، بە هێزی سەربازیی چەندین میدیا داخران. داخستنی کەناڵی ئێن ئاڕ تی و میدیاکانی چەتر هۆکارگەلێکی زۆریان لەپشتە. ڕەنگە ترس لەخەباتی دیموکراتی و ڕای گشتی گرنگترین هۆکار بێت! ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە بێدەنگکردنی دەنگی جیاواز بەشێکی بونیادی و کلتوریی پێكهاتەی دنیابینی دەسەڵاتدارانی هەرێمن! کێشەکانی ئێمە تەنها لەپاوانخوازی و چاوچنۆکی حیزبەکاندا کۆنەبوونەتەوە، بەڵکو بەتەنیشت کێشەی دەسەڵاتەوە، ئێمە گیرۆدەی چەندین کێشەیترین، لەوانە: کێشەی لایەنگیری و چوارچێوەبەندی و هەڵوێستە پێشوەختەکانی نوخبەی کوردی! بۆ ئەوەی دیوە کۆمیدیەکەی داخستنی میدیاکان لەسلێمانی بدۆزینەوە، پێویستە لەهەڵوێست و شرۆڤەی بەشێک لەنوسەران و چالاکوانان بڕوانین! یەکێک لەکۆمیدیترین شرۆڤەکان، ئەو دیدەیە کە پێیوایە داخستنی میدیاکانی سلێمانی پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە خواستی پارتی و تورکیاوە هەیە! با لەوە بگەڕێین کە ئەم خوێندنەوەیە پێگەیەکی لاواز و کەمبەها بۆ دەسەڵاتی زۆنی سەوز دەهێڵێتەوە و ڕاستەوخۆ دەیکاتە پاشکۆی سیاسەتەکانی پارتی و تورکیا! با پرسیار بکەین: ئایا پێشتریش تورکیاو پارتی خواست و داواکارییان لە زۆنی سەوز نەبووە؟ ئایا پێشتریش پەلاماری میدیا نەدراوە؟ ئایا پێشتریش لەهەردوو زۆنەکە ڕۆژنامەنووسان تیرۆر نەکراون؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە لای زۆرمان ئاشکران، بەڵام پرسیاری نوێ و گرنگ ئەوەیە: ئایا نەوەی دووەمی تاڵەبانی چییان دەوێت؟ ئایا داخستنی میدیاکان لەسلێمانی هەوڵێک نییە بۆ درووستکردنی بیدەنگی لەزۆنی سەوز؟ نەک بەخواستی پارتی و تورکیا، بەڵکو بەخواستی نەوەی دووەمی تاڵەبانییەکان!
لهتیف فاتیح فهرهج 1 كه محهمهد موكری سهگوهڕی نووسی زۆرێك لێی كهوتنه تهققه ، تاڵهبانی وتی "وشه بهوشه" ، قسهیهكیشی ههبوو دهیگوت "نان و ئازادی " له چاپی دوای راپهرینی سهگوهڕدا تاڵهبانی خۆی پێشهكی نووسی ، له شاخ دوو رادیۆی شهق و شڕ ههبوون دنیایهك دڵمان پێخۆش بوو ، ئێستا دنیاكه گۆڕاوه كهناڵی ئێن ئاڕ تیش دابخهن ، ههزار رێی تر ههیه بۆ ئهوهی خهڵك ئاگاداری یهكتر بن ، داخستنی ئێن ئاڕ تی نهك دهسكهوت نیه بۆ ئێوه پێچهوانهی ئهو تروسكه كهمهشه كه بانگهشهی بۆ دهكهن . 2 دوێنێ كتێبهكهی چیاهاوارم خوێندهوه" ئازاد بوون له دهریا نقوم بوون له زیندان " كتێبهكه زۆر ئازاری دام له چهند شوێنێك فرمێسك بینای لێڵ دهكردم ، لێ یهك راستی گرنگی به من وت ئهویش ههر ئهوهی كه له 1991هوه دهیزانم كه دهسهڵاتی كوردی له لاسای كردنهوهی به عس و میت و ئیتلاعاتا داهێنانی كردووه، بڕۆن بیخوێننهوه ئهو دهم دهزانن زیندانی ئاكرێ و بهڕێوهبهرهكانی له ساڵی 1997- 1998 زۆر له ئهبو غرێب و گۆنتانامۆ مهترسیدار تر بوونه بۆ گیان هاونیشتمانیهكانی خۆیان ، ئێوه خهریكی چین . 3 جهزیره هیچ نهماوه به عهرهب و دهسهڵاتدارانی عهرهبی نهكات ، نهك دانهخرا ، چهندین كهناڵی هاوشێوه كراونهتهوهو كاروانهكهش ناوهستێ ئێن ئاڕتی دابخرێت یان نا هیچ لهوه ناگۆڕێت كه ستهم و نادادی و گهندهڵی و خیانهت و خاك فرۆشی و مافیای نهوت ههیه لهم وڵاته ، ئهمه یهكهم جار نیه ئهو شهڕه به میدیا ی ئازاد دهفرۆشرێت ، ئهمه دهبێته مێژوو ، وهك چۆن قڵپبوونهوهی ستهمكاری و ملهوڕیش دهبێته مێژوو. 4 من بم له بری لاهورو پاڤێڵ ئێستا دهچم دهرگای ئێن ئاڕتی دهشكێنم و داوای دهست پێكردنهوهی پهخشهكه دهكهم و یهكهمین دیداری هاوبهشیش لهو كهناڵهوه دهكهن ، له بری پارێزگاریش بام پێش ئهوهی بچم بۆ پارێزگا دهچووم له بهردهم كه ناڵهكه مانم دهگرت و دهمگوت ئهمه سوكایهتی گهورهیه به ئازادی ، بهڵام من نیم و ئهوانن ، تۆ بڵێی ههموو هاتنهكهی هۆشیار بۆ ئهوه بوو بێت و بهس ، " بۆ پێشهوه پێشیان كهوه زێباری " .
ئاراس فەتاح بەکارهێنانی ھێز و مۆنۆپۆڵی زەبروزەنگ لە مۆدێلی دەسەڵاتدارێتیی براگەورەکاندا چووەتە قۆناغێکی مەترسییدار بۆ کۆمەڵگای کوردستان. گەرچی دەسەڵاتێکی مەرکەزیی لە هەولێر هەیە و دادگایان هەیە، بەڵام هەر بکەر و هێزی شاراوە و نادیارە تاکڕەوانە فەرمانی دەرگاداخستن دەردەکەن و لەبری یاسا توندتوتیژیی ناشەرعیی پیادەکەن. ئەم دۆخە نەخوازراوەش کۆمەڵگای ئێمە بەرەو هەڵدێری ئینفیلاتێکی ئەمنیی دەبات کە مەترسییەکی گەورە بۆ ئاساییش و پێکەوەژیانی کۆمەڵاتییمان بەرھەمدەھێنێت. ئەوەی مۆدێلی دەسەڵاتدارێتیی براگەورەکان لە دەسەڵاتدارێتیی باوکەکان جیادەکاتەوە، زیادەڕەویی نییە لە پیادەکردنی توندتوتیژییان، بەڵکو دابەشبوونی مەرکەزی بڕیار و نادیاریی بکەرەکان و دروستکردنی فەزایەکی خۆڵەمێشییە کە کەس زانیاریی راستەقینەی دەستناکەوێت. پانۆرامای هەنووکەیی کوردستان واقعێکی سیاسیی زۆر تاڵ و ناشیرینمان پیشاندەدات؛ ھەر حیزبە لە ناوچەی دەسەڵاتدارێتیی خۆی و ھەر دەستە و کوتلەی ناو حێزبێکیش بە ئارەزووی خۆی و هەر برایەک، مامێک، خاڵێک و کاکێکیش بەکەیفی خۆی، دەتوانێت لەبری یاسا فەرمان دەربکات و بەنھێنیی چالاکوان و رۆژنامووس زیندانیی بکات، وەک پیشەی باوانیان مامەڵەی پەرلەمان، وەک یانەیەکی شەخسیی خۆیان بکەن و بەئارەزووی خۆیان دەرگاکەی دابخەن و کەییش ویستیان بیکەنەوە، بە لایڤ لەسەر شەقامەکان ئەندام پەرلەمان بیراز و فەلاقە بکەن و بە نهێنییش هەڵبکوتنە سەر دەزگای رۆشنبیریی و ڕۆژنامەنووسیی و کەناڵی تەلەفیزیۆنیی و دەرگاکانیان دابخەن. گەرچیی حیزبە دەسەڵاتدارەکان لەکاتی توندتوتیژبوونی پەیوەندییەکانی نێوان خۆیان کولتووری سوتاندن و داخستنی دەرگای بارەگا و سنووری یەکتریان داهێنا، بەڵام کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان دەکەوێتە مەترسییەوە، بەپاساوی هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی، هەموو ئەو دەرگا میدیایی و رۆشنبیرییانە بەشەق دادەخەن کە وەک دوژمن لۆکالیزەی دەکەن. کۆمەڵگای سیاسیی ئێمە لەپاڵ بەخۆڵەمێشکردنی سیاسەت کە بە فەرمانی بکەرنادیار، بێسڵەمینەوە و لێپرسینەوە، توندوتیژیی و تەعەسوفییەت بەرامبەر بە هەموو کەس و گروپ و دەزگایەک پیادەدەکرێت، مۆدێڵی سیاسەتمداری دەرگاداخەریشی داهێنا. سیاسەت وەکو کردەیەکی ناو ڕوبەری گشتیی، مانای کرانەوە و گفتوگۆیە، بەڵام لە ژێر فەرمانڕەوایەتیی براگەورەکانی حیزبی کوردییدا کورتکراوەتەوە بۆ کردەی داخستنی دەرگا و دەم و شەقام.
تەها سۆڵەیی بۆ هەشت کوچکەی دەسەڵات ، سێ بەرزانی و سێ تاڵەبانی و دوو نەوشیروانی... *ئەرێ هەر بەڕاست ئێوە خۆتان گێلن یان ئێمە بە گێل ئەزانن؟ نا..نا.. ئێوە بلیمەت و ئێمە لاژگ.. *یەعنی خەڵک نازانێ ئێوە شەریکن لەگەڵ وێستگەکانی کارەبادا و سوتەمەنیان پێ ئەفرۆشن بەگران و پاشان لەگەڵ موەلیدەکانیشا شەریکن ..ئەگەر کارەبا چاک بکەن ئەوا دەیان هەزار موەلیدە پەکی ئەکەوێت بە خۆشتانەوە.. * یەعنی خەڵک نازانێ ئەو چەکانەی ئەیدەن بە قۆنتەراتچی و لەبەنقا رەسیدی نییە ، هەرخۆتانن لەبازاڕی دۆلارەکە ئەیکڕنەوە؟ *یەعنی خەڵک نازانێ کە ئێوە خۆتان گەورەترین دزن ، بۆیە ناچارن چاوپۆشی لە دزی مامناوەند بکەن و ئەوانیش چاوپۆشی لەدزە بچووکەکان بکەن..هەموشتان باسی چاکسازیی ئەکەن.. *بەخوا ئەگەر من کاربەدەست بوومایە ، خۆم دزیم نەئەکرد ،جا پیاوم ئەویست دزی بکا ، بەخوا قەسەم نەمئەدا بەمەحکەمە هەر لە توالێتی دائیرەکەیا سجنم ئەکرد..هەتا دوا فلسی ئەهێنایەوە.. *بۆ خەڵک نازانێ ئەو هەموو بندیوارە چیین، وا رووگیریان بوون ؟ئەوان قومبەلەی تەوقیتکراوون ، بەس دەسکاریان بکەن ئەتەقنەوە بەڕووتانا ..ئەوان ئەو هێزە شاراوەن کە لەکاتی هەڵبژاردنا بەلێشاو دێن و بەهەویەی تەزویرەوە رێژەی دەنگەکانتان زیاد ئەکەن.. *ئەوە ئێوە نین ئەوەنە جەماوەرتان هەبێ بەجۆرێک تای تەرازوو بەلای ئێوەدا بشکێتەوە ! ئەوە ئێوەن رۆژهەڵاتی و رۆژئاوایی و باکورییتان هێناوە و هەویەتان بۆ دروست کردوون ، بایعیشیان ئەدەنێ بۆ رۆژی هەڵبژاردن دێن بەمدیوا و ئەرکی پیرۆزیان ئەنجام ئەدەن..ئێ خۆ ئەوەش نەبێ کاک عەتا سەراوی و مەلا بەختیار وتیان ئێمە یەک کورسیشمان هەبێ تەسلیمی ناکەین. *ئێ بڵێن بە بندیوارە حەرامخۆرەکانتان باشە الحکم لله ئەوا بیست ساڵە پارەی مفت ئەخۆن ، بەسە ئیتر با ئەوەندەی تر خەڵکمان لێ نەوروژێ و بتوانین موچە بەوانە بدەین کە موستەحەقن..ئەوەی خواردتان کە حەرامە پێتان حەڵاڵ بێ...با بەس بێ ئیتر لەمەولا نەما.. *ئاخر ئەمە کەی راستە چارەکی پەیمانی ناتۆ هێزی چەکدارمان هەیە..ماشەڵڵا لە فەریق و لیوا و عەمید و عەقید روکن و کەمی کەپس و زۆری فەل ، هەمووشیان فەرماندەن و جمەیان دێت ؟جارێ چۆن و لەکوێ بوونە هەڵگری ئەم هەموو تاج و نەجمە؟ لەساندهێرست یان وێست پۆینت خوێندویانە ?بۆچیمانن؟ کوێ ئەپارێزن؟ *ئەم هەموو تەشکیلاتە ئەمنیانەمان بۆچییە ؟پاراستن +زانیاری+سوات+ئاسایش+لیوای تایبەت + هێزە رەشەکە+زێڕەڤانی+پاسەوانی + و چالاکیە مەدەنیەکان و پاراستنی نەوت و کارەبا+ پاسەوانی سنوور و دارستان و زۆری تریش.. ئاخر ئێمە ئێف بی ئاین + سی ئای ئەین+هۆم ئۆفیسین+ئێم ئای فایڤین ؟ چین؟ ئەم هەموو سەیتەرەیە چییە و هەتا کەی ئەبێت ببن و دەوریان چییە؟مەعقولە لە سماقوڵیەوە بڕۆیت سەیتەرەی سەوزی یەکێتی بەجێبهێڵی و ماوەی سێ کیلۆیەک موحەڕڕەمەیە ، بکوژرێیت لەو بەینەیا خوێنی خۆت لەسەرخۆت ، ئینجا ئەگەیتە سەیتەرەی زەرد..باباسی دێگەڵەش نەکەم.. *باسی خەباتی شاخیشمان بۆ نەکەن ، خۆ خۆتان ئەڵێن چی شەڕە شاخێکتان کردووە ...شاریشتان هەموومان شایەتین...
سەرتیپ جەوهەر هەموو ئاماژەكانی بەردەستن، رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لەبارەی موچەو بودجەی هەرێم زۆر زەحمەتە. هەموو سەرچاوە ئاگادارەكانی هەرێم دووپاتیدەكەنەوە كە هەرێم هیچ بڕە نەفتێك رادەستی بەغدا ناكات. هەروەك بەغداش ئامادەنییە هیچ بڕە پارەیەك بۆ هەرێم بنێرێت بەبێ جێبەجێكردنی ناوەرۆكی ئەو بڕگەیەی كە لە قانونی قەردكردنی عیراقدا هاتووەو جەخت دەكاتەوە لەسەر ئەوەی بێ رادەستكردنی نەوت و داهاتەكانی دیكە، هیچ بڕە پارەیەك بۆ هەرێم خەرج نەكرێت. پێناچێت بڕیاری رادەستكردنی نەوتی هەرێم لەدەست هەرێمی كوردستان مابێت. بۆیە هەرێم لەڕێگەی جیاوازەوە بەدوای دەریچەو رێگای دیكە دەگەڕێت بۆ رازیكردنی بەغدا بەئەگەرو پێشنیاریی دیكە. بەپێی چەند زانیارییەك لەبەغدا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم، داوای سەردانیكردنی تارانی لە ئێرانییەكان كردووە بۆ بینینی لێپرسراوانی باڵای ئەو وڵاتە، بەتایبەت عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران، بەڵام تائێستا ئێرانییەكان وڵامیان نەبووە. ئەو داوایەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم، كە خۆی هەم گرێبەستە 50 ساڵییەكەی نێوان پارتی و توركیای ئیمزاكردووەو هەمیش كۆمپانیا نزیكەكانی ئەو زۆربەی نەوتی هەرێم دەردەهێنن و هەناردەی دەكەن، دەكرێت چەند خوێندنەوەیەكی بۆ بكەین. یەكەمیان بۆ ئەوەیە كە لەڕێی تارانەوە فشار لەسەر بەغدا دروستبكرێت و تا بەئەگەری دیكەی غەیری رادەستكردنی نەوت و داهاتی هەرێم قایل بكرێت، لەبەرامبەر ناردنی بڕێك پارە. دووەمیشیان بۆ كەمكردنەوەی ئەو فشارانەیە كە بەمدواییە سوپای توركیا لەسەر هەولێرو دهۆك دروستیكردووەو هێزێكی زۆری سەربازی دەربازی ناو هەرێم بووە بەبیانوی لێدانی پەكەكە. لەوانەیە حكومەتی هەرێم گرەو لەسەر بودجەی ساڵی 2021 بكات. بیەوێت هەرچۆنێك بێت دوای ئەم موچەیە، كورد وتەنی "پشی پشی" خەڵك تا سەری ساڵ راكێشێت، بەئومێدی رێككەوتن لەگەڵ بەغداو ناردنی موچەی هەرێم لەمانگی یەكەمی 2021، بەڵام هەموو زانیارییەكانی ناو لیژنەی دارایی و ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بەردەستن، تەئكید دەكەنەوە لەسەر ئەوەی لەقانونی قەردی عیراق 2020 دا هاتووە، وەكوخۆی دەبرێتە ناو بودجەی ساڵی 2021. هیچ گفتوگۆیەك لەوبارەیەوە ناكرێت، بەڵكو هیچ لایەنێك لەناو پەرلەمان و حكومەت ناوێرێت لەوە واوەتر گفتوگۆبكات. چونكە هەڵبژاردنی پەرلەمان لەمانگی شەش لەپێشەو لایەنەكان پرسی ناردنی پارە بۆ هەرێم لەبەرامبەر یەكتر بەكاردێنن. خولاسەی كەلام هیچ هیواو تروسكاییەك بۆ رێككەوتنی بەغداو هەرێم لەگۆڕِێ نییە، ئەگەر هەرێم بیەوێت رێككەوێت ئەوا دێتەژێر باری ئەو مەرجانەی كە لەقانونی قەردكردنی مانگی رابردووی عیراقدا هاتووە، چونكە هەر ئەو بڕگە قانونیەیە گوێزراوەتەوە ناو پرۆژەی بودجەی 2021 و دوبارەبۆتەوە. هەوڵدانی دروستكردنی فشار لەڕێی ئێرانەوەو نەناردنی وەفدێكی خاوەن بڕیاری هەولێر بۆ بەغدا، دیسان بەڵگەی ئەوەن كە هیچ هیوایەك بۆ رێككەوتن نییە. ئەوانەی بەناوی چارەسەری پرسی بودجەو موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش دەچنە بەغدا، هیچ دەسەڵاتێكیان بەسەر نەوتی هەرێمەوە نییە، بۆیە لەپێكهاتەی وەفدەكانەوە دیارە، دانوستانەكان تەنها بۆ كات كوشتنە نەك چارەسەر. حكومەتی هەرێمیش هیچ چارەسەرییەكی بەدیلی نییەو رەنگە ئەم بێ چارەسەرییە ئەم حكومەتەو حكومڕانانی بەر بەئاڵۆزییەكی جددی ببات.
هێمن عەزیز نەدانی موچە لە لایەن دەسەڵاتداریی هەرێم، شتێکی بچووکە لە ناو کۆی کێشە گەورەکانی تر. بێگومان نەدانی موچەو ئیفلاسبوونی حکومەت لە ڕووی داراییەوە حالەتێکی چاوەڕواننەکراو نەبووە. ئەگەرچی لە ئێستادا ڕەوشێکی سایکۆلۆجی پڕ هەڵچوونی لەناو خەڵک دروست کردووە، لە لایەک بۆتە کێشەیەکی سەرەکی بۆ فەرمانبەران، لە لایەکی تریش کاریگەری کردۆتە سەر کۆی جولەی بازاڕو گوزەرانی هاوڵاتیان، بەڵام لە بنەڕەتدا نەدانی موچەی فەرمانبەران دەرئەنجامی کەڵەکەبوون و هاوکات دەرکەوتنی دەیان کێشەی گەورەی سیاسی و ئابووری و بەڕێوەبردنە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دروستکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان. لە سەرەتای ڕاپەڕینەوە بەردەوامبوونی مۆنۆپۆلی سیاسی، ئابووری و هێزی چەکداری دوو حیزب، بە ووردتریش، دوو بنەماڵە وایکرد کە نیمچە حکومەتێکی دابەشبوو بۆ دوو زۆنی ئیداری جوگرافی حیزبی دروست بێت، کە ڕێگر بێت لە هەبوونی ئیدارەیەک کە وەزیفەو خزمەتگوزاریەکانی لە حکومەتێکی مۆدێرن بچێت و بە ستانداردی تیۆرە سیاسی و زانستیەکان ناوی بنرێت سەرکەوتوو. هەر لەسەرەتاوە، ئەکتەرە سەرەکیەکانی ئەم قەوارەی بەڕێوەبردنە نەیانتوانی وجودی حکومەتێکی کاراو نمونەیی بسەلمێنن کە جیاواز بێت لە هاوشێوەی سیستەمە داتەپیوە سیاسیەکانی ناوچەکە، کە زۆربەیان بە هۆی گوێنەدانیان بۆ چاکسازی سیاسی بەڕێوەبردن و حوکم لەم دواییە یا لەناو چوون یاخود تووشی ناسەقامگیری سیاسی و دەیان کێشەی بنەڕەتی ئابووری و کۆمەڵایەتی بوونە لە ئێستادا. دوو حیزبی دەسەڵاتدار، هەر لەگەڵ دامەزراندنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، دەستیان کردە شەڕی ناوەخۆو هەریەکەیان هەوڵی دروست کردنی ئیدارۆکەکەی خۆیدا لەسەر بنەمای تەزکیەی حیزبی و پەراوێزخستن یاخود دوورخستنەوەی ئەوانەی لەگەڵیان نەبوون لە جومگە سەرەکیەکانی حوکمکردن و بەڕێوەبردن، بە تایبەت لە بواری ئەمنی و پۆستە گرنگەکان. بۆ نمونە لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی لە ئەزموونی ئیداری سەرکەوتوون، دەبینرێ کەوا زانکۆ، سەنتەرێکی گرنگە بۆ ئامادەکردنی کادیری پسپۆرو پیشەیی ئاست بەرز تا دواتر بتوانرێت سوود لە تواناو زانستەکانیان وەربگیرێت لە ناو کەرتی گشتی و تایبەتی کۆمەڵگەدا، بەڵام لە هەرێمی کوردستان، هەر لەدوای ڕاپەڕینەوە زانکۆکان ئەو ڕۆڵە بەرزو گرنگەیان لە دەستداو بوون بە ئامرازێک کە هەزاران خەڵكی حیزبی یاخود مشەخۆر بەسەر حیزب بە پێوەری نازانستی ببنە خاوەن بڕوانامەی بەرزو دواتریش بەرپرسیاریەتی و بەڕێوەبردنی زۆر شوێنی هەستیارو گرنگیان پێبدرێت، کەوا دیارە ئەم جۆرە کەسانە چ جۆرە کارەسات و گەندەڵیەکیان لۆ کۆمەڵگە خولقاندووە. ئەم فۆرمەی گەندەڵی و دەیانی تریش کە هەر لە دوای ڕاپەڕینەوە دەستی پێکرد، کە ئێستا دەرئەنجام و بەرهەمەکەیان دەبینرێ و بە ئاستێک کاریگەری خراپی دروست کردووە کە هەرەسهێنانی مۆدیلی دەسەڵاتی خۆماڵی هەرێمی کوردستانی کردۆتە ئەگەرێکی کراوە!! بە تایبەت کە هەوڵ و هەماهەنگی ئیقلیمیش زیاتر بێت دژ بەو سیستەمە فیدڕالیەی کەوا دەستووری عێراق دانی پێداناوە، بەڵێم لە ناوەخۆ گەندەڵی سەری خواردووە، ئەوە ناسەقامگیری زیاتری دێتە سەر. لە ئێستادا، لەگەڵ دەرکەوتنی ئەو هەموو کاریگەریە خراپانەی شێوازی حوکم و بەڕێوەبردن لە هەرێم، هێشتاش دیارە کەوا دەسەڵاتدارەکان نیەت و ئامادەگی ئەوەیان تێدا نابینرێت کە کێشەکان بە قەبارەو مەترسی ڕاستەقینەیی خۆیان ببینن. ئێستاش هەوڵ دەدن بە پینەوپەڕۆ بارودۆخەکە بەڕێ بکەن و ئیعتراف بە لەکەلککەوتنی ئەو میتۆدە کۆنەی حوکمڕانییان نەکەن. لەمەش خراپتر ئەوەیە، لە هەوڵی ئەوەدان، کە هەریەکەیان، کوڕوکوڕەزاکان و ئەندامانی تری خێزانەکانیان زیاتر پێ قایم بکەن لەناو جومگە سەرەکیانی حوکمڕانی و سیاسەت. لە ئێستادا بە ئاشکرا دیارە کەوا کار بۆ دەوڵەمەندکردن و بەهێزکردنیان دەدرێت بە تەمویل کردن و بەکارهێنانی سامانی نیشتمانی بێ سانسۆرو لێپرسینەوە لە ڕێگەی دەیان شێوازی سیاسی، مدیایی، کۆمەڵێیەتی، و بارزگانی جیاواز. کۆتا سەرنج؛ لەبری ئەوەی هەموو فشارەکانی فەرمانبەران لەسەر دەسەڵێتدارانی هەرێم بخرێتە سەر پێدانی مووچە، باشتروایە فشارو کارتی سوور هەڵبکرێت لە زرورەتی دەست بردن و چاکردنی ڕەگ و ڕیشەودایکی کێشەکان، کە خۆی دەبینێتەوە لە شێوازی حوکم و سیستەمی ناسیستەمی سیاسی کوردستان. ئەگەر حوکمڕانی بەم شێوە بەردەوام بێت و هەر بەڕوالەت پرسی چاکسازی قسەی لەسەر بکرێت و نیەت و ئیرادەی جدی لەگەڵ نەبێت، ئەوە بێگومان کاتێک بابەتی دواکەتن و لێبڕینی موچەش چارەسەر بکرێت، ئەوە دەیان کێشەی تر ڕوو لە خەڵک دەکات. بەڵام پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە، ئەم نوخبە سیاسیەی شاخ کە ئێستا درێژە بە مانەوەیان دەدەن لە ڕێگەی گواستنەوەی دەسەڵات بۆ کوڕو كوڕی کوڕەکانیان، ئاخۆ دەتوانن قەبارەی ڕاستەقینەو ئاستی گەندەڵی و لاوازی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ببینن، تا دواتر بێن چاکسازی دەست پێبکەن؟ لە بەرامبەریش، ئایا ئاستی هوشیاری سیاسی خەڵکی هەرێمی کوردستان، دەتوانێت ئەو ترس و فشارە لەسەر نوخبەی دەسەڵات دروست بکات کە چاکسازی بکرێت؟!
ئاسۆ حاجی کات کوشتن و یاریکردن بە هەستی خەڵکی کوردستان بە یاری مشکوپشیلانەی ناردن و نەناردنی 320 ملیار دینارەکە مستەفا کازمی بە ئەندامانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە خەڵکی کوردستانیش دەڵێ کە چەند شاند لە نێوان هەولێر و بەغدا بچن و بێن ئەوە بەغدا لەگەڵ هەولێر رێک ناکەوێ. وەزیری دارایی عێڕاق بە شاندی حکومەتی کوردستانی گوتووە کە هیچ رێگریەکی یاسایی و دەستووری نیە بۆ ناردنی ئەو 320 ملیارە،کازمیش ئەوەی بۆ دووپات کردبوونەوە بەڵام گوتوویەتی کە هەڕەشەی لادانی لەلایەن شیعەکانەوە لەسەرە بە تایبەتی لەلایەن سەدڕ و عامڕی کە زۆرینەی پەڕلەمان پێکدەهێنن،ئەوەشی بۆ شاندی هەرێم روونکردبۆوە کە بۆ رێکەوتن لەگەڵ بەغدا پێویستان بە سەردانێکی تاران دەبێ! رەنگە بڵێن نزیکی بۆچوونی هەردوولا لە جێگیرکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 عێڕاق پێچەوانەی ئەو قسانە دەڵێ،بەڵام راستیە تاڵەکە ئەوەیە کە عێڕاق نایەوێ ناوی هەرێمی کوردستان لە ناو پڕۆژە یاسایەکە نەبێ چونکە پێچەوانەکەی ئەوە دەگەیەنێ کە چیتر هەرێمی کوردستان بەشێک نیە لە دەوڵەتی فیدڕاڵی عێڕاق،بەڵام جێبەجێکردنی یاساکە و ناردنی بودجە و موچە بە دەردی ساڵانی رابردوو دەچێ. عێڕاق لە بەردەم دۆخێکی یەکجار خراپی سیاسی و ئابوریدایە و لە سەر لێواری مایەپوچ بوونە،چوونکە عێراق لە ساڵی داهاتوو هیچ یەدەگێکی دارایی و دراوی نامێنێ و ئەوەش ئابوریەکەی بەرەو هەڵاوسان دەبا،بۆیە ئێستا بەغدا بەرەو شکاندنی بەهای دیناری عێڕاقی دەچێ لە بەرامبەر دۆلار بۆ پڕکردنەوەی کەمهێنانی موچەی فەرمانبەرانی،چاوەڕوان دەکرێ بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی بگاتە 150,000 دیناری عێڕاقی،کە ئەوەشیان راستەوخۆ نرخی کالاکان بەرز دەکاتەوە. هەروەها عێڕاق بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان ناتوانێ قەرز لە سندوقی نەختی نێودەوڵەتی بکات چونکە مەرجەکانی وەرگرتنی ئەو جۆرە قەرزە رەنگە بە عێڕاق جیبەجێ نەکرێن چونکە ئەو سندوقە قەرز ناداتە هیچ وڵاتێک بۆ ئەوەی موچەی فەرمانبەرانی بدات،بەڵکو بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیژی دەیدات. عێڕاق لە ساڵی داهاتوو تەنها لە حالەتێک دەتوانێ بەخۆی رابگاتەوە ئەگەر نرخی بەرمیلێک نەوت چووە سەرووی 70 دۆلار کە زۆر زەحمەتە،بەرپرسانی عێراق ئەوە لە هەموو کەس باشتر دەزانن بەڵام لە خەڵکی دەشارنەوە بە تایبەتی کە بەرەو هەڵبژاردن دەچن. ئەندامانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تێکڕایان ئەوەیان بۆ ئاشکرا بووە کە کازمی ئەوە کەسە نیە کە ئیدعای دەکا و ئەو شیعە بوونی خۆی و رەزامەندی هێزە شیعیەکان بە موجامەلەکردنی کورد ناگۆڕێتەوە،بە تایبەتیش کە لە پشت ئەو هەموو بینە و بەردانە لە دژایەتی کردنی هەرێمی کوردستان و رێگری کردن لە ناردنی موچەی فەرمانبەرانی کوردستان کوردێک هەیە لە پۆستی سەرۆک کۆمار کە بەرژەوەندیەکانی ئێران لە بەرژەوەندیەکانی نیشتیمان و خەڵکەکەی خۆی دەپارێزێ. باشە کە عێراق لەگەڵ حکومەتی کوردستان رێک نەکەوێ و چوونە بەرەی ئێرانیش باجێکی قوڕسی بوێ،ئەدی هەولێر دەبی چ بکات؟ تاکە رێگا لەبەردەم هەولێر ماوە ئەویش گەڕانەوەیە بۆ خۆی بە تەواوکردنی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و پێداچوونەوە بەداهات و ئەو بڕە موچەیەی بە فەرمانبەران دەدرێ،خۆ سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیرەکانیش ئەو راستیە دەزانن،ئەی بۆ ئەو کارە ناکەن؟ کابینەی نۆیەم کە لە سێ لایەنی سەرەکی پێکهاتووە،پارتی و یەکێتی و گۆڕان دەتوانن بە بڕیارێکی هاوبەش ئەو کارە بکەن و خەڵک لەو نیگەرانیە دەروونیە دەرباز بکەن و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستانیش ئەوەندە لەبەردەم عێراقی داگیرکەر بچووک نەکەنەوە،بەڵام کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە تەنها سەرۆکی حکومەتە کە دەتوانێ بە نوێنەرایەتی حیزبەکەی خۆشی بڕیار بدا بەڵام جێگرەکەی تەواو پێچەوانەی ئەوەیە کە دەسەڵاتی بڕیاردانی نیە و حیزبەکەی لە جیاتی پاڵپشتی بکەن پشتی لە زەوی دەدەن و تا پێیان بکرێ ناشیرنی دەکەن و وەک کەسێکی بێ دەسەڵات و باڵکراو دەیناسێنن کە ئێستا وێنە گەورەکەی لای خەڵک ئەوەیە،بزووتنەوەی گۆڕانیش کە مەرجی چاکسازی بەشداری حکومەتەیان کردووە ئێستا حەماسەتاین بۆ چاکسازی تەنها لە راگەیاندنە و لە کۆبوونەوەکان داوا دەکەن کە سەبر بگیرێ لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی،بە بەهانەی ئەوەی کە رەنگە بەغدا لەگەڵ هەولێر رێکبکەوێ،کێشەی گۆڕان بەهۆى كورسييەكانیەتی لە پەڕلەمانى كوردستان و عێڕاق، ئەو هەموو پؤستە زۆرەیان لە حكومەتى هەرێم وەرگرتووە بەڵام ئێستا نە پەڕلەمانتارەكانى له بەغدا و نە ئەوانەى كوردستانى لەگەڵ حكومەتى هەرێم نين و هەوڵ دەدەن ئەمڕۆ پێش سبەى بڕوخێت، ئيدی کەس نازانێ كێ نوێنەرایەتی گۆڕان ده كات لە حكومه ت. هەموو ئەو فەوزایەی لە پەڕلەمانی کوردستان دروست کرا و ئەوەی ئێستاش گواستراوەتەوە سەر شەقامەکان لە قۆستنەوەی ناڕەزایەتی و داوا رەواکانی خەڵک درێژکراوەی هەمان سیاسەت و پەیامە کە لە بەغدا بە شاندی هەرێمی کوردستان دراوە لەوەی کە بەغدا لەگەڵتان رێکناکەوێ تا لە تاران گلۆپی کەسک دانەگیرسێ،بۆ ناسینەوەی ئەو پەیامە و تێگەیشتن لێی زەحمەت و زیرەکی زۆری ناوێ،تەنها گوێ لە لێدوانی پەڕلەمانتارانی کوردی سەر بە ئێران(پەڕلەمانتارانی یەکێتی و نەوەی نوێ و بەشێک لە گۆڕان)،گوتاری میدیای سەر بە بەرهەم سالح و لاهور جەنگی بگرە تێدەگەی هەموو فشارەکە ئەوەیە کە هەولێریش ببێتە بەشێک لە جوگرافیای هیلالی شیعی .
سلێمان عەبدوڵا یونس نادیاری لە داھاتی نەوت قاچاخچێتی سنورەکانی بەدوادا ھاتوە، ئەگەر بەبەرچاوی ھەمو دنیاوە داھاتی نەوت دیارنەبێت ئەوا ھیچ گومانی تیانیە لەمەرزە ناوخۆییەکانیش قاچاخچێتی دێتەکایەوە. پارتی بە مۆنۆپۆڵی داھاتی نەوت، باڵانسی حوکمڕانی تێکدا و بەوپارەیە نەخشەی ھەڵبژاردنی گۆڕی و سیمای تاکڕەوی خۆی لەبڕیاڕ و بەڕێوەبردندا خستە شوێنی فیفتی بە فیفتی و سەرقافڵەیی یەکێتی، لە زۆربەی جومگەکاندا بەکۆتایی ھێنا. ئەوەی ئێستا یەکێتی بەرامبەر پارتی ڕاگرتوە، ھێز و ئەمن و ئەرزەکەیەتی، بێگومان ئەوەش لەسایەی نەبونی موچە و بودجەوە، مەترسی ڕاستەقیەی لەسەرە. چونکە ئەگەر بەلەدەسچونی شتەکانی دیکە، یەکێتی بچوک بوبێتەوە، ئەوا بەلەدەسچونی سێكوچكەی ھێز و ئەرز و ئەمن، قەڵەمڕەوە مێژوییەکەی، یەکێتی بە خەڵک و خاکەوە، ڕۆدەچێت. من پاساو بۆ قاچاخچێتی ناھێنمەوە و دژی تاڵانی و دزی و فزیم لە داھاتی گشتی بەھەمو شێوەیەک، بەڵام خۆ ئەگەر بڕیارە چاکسازی ڕاستەقینە بکرێت، دەبێت یەکەمجار پارتی دەستی خۆی لەنەوتەوە بۆ جەوت، بەو شێوە ناڕەوایەی کە باس دەکرێت دەربھێنێت، ئینجا؛ قاچاخچێتی ئاشکرای سەرانسەری مەرزەکان ڕابگیرێت، بەوانەی بندەستی یەکێتیشەوە. بێگومان ڕەخنەی جدی لەسەر بەڕێوبردنی قەڵەمڕەوی سەوز ھەیە و یەکێتی و گۆڕانیش بەرپرسیاری بڕێکی زۆری ئەم پاشاگەردانیەن، بەڵام خۆ ئەوەی لەسەر ئاستی کوردستان دەگوزەرێت و دۆخەکەی گەیاندۆتە نزیک لوتکەی مایەپوچی، پێشەنگەکەی پارتیە. پارتی؛ باشترە خۆی یەکلایی بکاتەوە، ھەژمونی حزبی بەلاوە گرنگە یان سەرخستنی ئەزمونی کوردستان؟ چاوی لەوەیە ھەر خۆی قەبە و قەڵەو بکات، یان حوکمڕانیەکی بەھێزی دیموکرات و پێکەوەیی بنیات بنێت؟ پرسیاری جدی ڕوی لە پارتیە، یەکەمین وەڵامی بنبڕیش ھەر لای ئەوە ئینجا یەکێتی و گۆڕان یەک بەدوای یەکدا بەرپرسیارن بێنەسەرخەت!
کاروخ خۆشناو ھەمیشە کۆمەڵێک ئاماژە پێش (رووداوە گەورەکان) دەردەکەون، دەکرێت لە رێگەی خوێندنەوەی ئەم ئاماژانە، بگەینە کۆمەڵێک پێشبینی و دەرەنجام، لەپێناو رۆشنبوونی (وێنە گەورەکە)ی ململانێکان لە گۆڕەپانی رووداوەکاندا، لەم چوارچێوەیەدا ھەموو ئامادەباشی و ئامادەسازییەکانی ئەمەریکا و ئیسرایٔیل دوای کوژرانی (موحسینی فەخری زادە) دەکرێت ئاماژەگەلێک بن بۆ لێدانی گورزێکی کەمەرشکێن بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، لە کۆتا رۆژەکانی سەرۆکایەتی (دۆناڵد ترەمپ)، چونکە بەپێی زانیارییە ھەواڵگرییەکانی (ئەمەریکا و ئیسرایٔیل) ئەگەرێکی بەھێز لەئارادایە کە لە ساڵیادی کوژرانی (قاسم سولەیمانی و ئەبو مەھدی موھەندیس)دا لە رێککەوتی (٢٠٢١/١/٣) ئێران ھەوڵبدات گورزێکی تۆڵەئامێز بووەشێنێت و لە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و ئیسرایٔیل بدات، بە مەبەستی تۆڵەکردنەوەی خوێنی (فەخری زادە و سولەیمانی) ھەروەھا گێڕانەوەی شکۆی شەقامی شیعە. لە بەرامبەردا، ئەمەریکا و ئیسرایٔیل دوای کوژرانی (فەخری زادە) ئامادەسازی وەشاندنی (گورزێکی گەورەی سەربازی) دەکەن، لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئێران دەسپێشخەر بێت و بەرژەوەندییە سەربازی و دیبلۆماسییەکانی ئەمەریکا و ئیسرایٔیل بکاتە ئامانج. ئاماژەگەلێک ھەن بۆ ئەم راستییانەی سەرەوە، کە دەکرێت وەک نیشانە بۆ پێشھاتی رووداوێکی گەورە خوێندنەوەیان بۆ بکەین، لەوانە: ١- کەمکردنەوەی نیوەی ژمارەی دیپلۆماتەکانی ئەمەریکا لە عێراق. ٢- گۆڕانکارییەکانی ناو وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پێنتاگۆن). ٣- دەرکردنی فەرمانی ئامادەباشی بۆ ناوەندە سەربازی و دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل. ٤- ھێنانی فڕۆکەی زەبەلاحی (B-٥٢) بۆ ناوچەی کەنداوی عەرەبی. ٥- ھێنانی کەشتی فڕۆکەھەڵگری زەبەلاحی (Nimitz) بۆ ئاوەکانی کەنداو. ٦- کردنەوەی ئاسمانی (وڵاتانی کەنداو) بۆ فڕۆکەکانی ئیسرائیل. ٧- بەخێرایی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و قەتەر و کردنەوەی ئاسمانی وڵاتەکانیان بۆ یەکتر. ٨- جموجۆڵی شاندە (دیپلۆماسی و سەربازی و ھەواڵگرییەکان) لە نێوان (واشنتن و تەلئەبیب و دوبەی و ئەبوزەبی و مەنامە و ئەنقەرە). ئەم ئاماژانەی سەرەوە دەرخەری ئەم راستییەن کەوا ئەگەری وەشاندنی گورزێکی سەربازی بۆ سەر بنکە ئەتۆمیەکانی ئێران نزیکبووەتەوە، مەبەستی ترەمپ و ئیسرائیل لەم کارەیاندا بۆ رووخاندنی رژێمی ئێران نییە، بەڵکو بۆ پەکخستنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و ھەروەھا تەگەرە خستنە پێش بایدنە بۆ نەگەڕانەوەی بۆ رێککەوتنامەی ئەتۆمی.
