پرۆژەی ئۆڤاکۆو پلانی تورکیا بۆ لاوازکردنی ھەرێم
2020-12-20 22:03:44
د. سیروان حەسەن
ھەموو پارچەکانی کوردستان بە ھەرێمی کوردستانیشەوە لە مێژەوە و بە بەردەوام لە رێگەی ولاتە داگیرکەرەکانیانەوە سەرکوتکراو و لاوازکراو بووە لە ڕووی سیاسی و ئابوری و مێژویی و کەلتوریەوە وە میللەتی کورد چەندین جار ڕووبەڕوی کۆمەڵکوژی و جینۆساید بووەتەوە لە قۆناغە جیاوازەکاندا، ھەرێمی کوردستان لە دوای ڕاپەرینی ١٩٩١ لە دۆخێکی زۆر سەختدا دوای داروخانی ئابوری عێراق و دوو ئابڵوقەی سەپێنراو دەسەلاتێکی نیمچە سەربەخۆی بە دەستھێنا بە حکومەتێکی فیدرالی لاواز و کەم شارەزا لە ڕووی ئابوری و سیاسیەوە حوکمەتی ھەرێم بەڕێوە چوو تاکو پرۆسەی ئازادی عێراق لە سالی ٢٠٠٣، دوای ڕوخانی رژێمی پێشووی عێراق ھەرێم بە کەمێک شارەزایی سالانی حکومڕانی پێشووی خۆی بەشداری حکومڕانی عێراقی نوێی کرد لە گەڵ ھەندێ تایبەتمەدییدا ڕۆڵی زۆر باش بە ھەرێم بەخشرا وە لە سەرەتادا دۆخی ھەرێم زۆر باش بوو تەنانەت ھیچ حکومەتێک لە عێراق پێک نەدەھێنرا بێ ڕەزامەندی ھەرێم وە ولاتە ئیقلیمیەکان و ئەمریکا بایەخی تەواویان دابوو بە پایە و مەوقعی ھەرێم لە سەر نەخشەی ئابوری جیھان بەلام بێ پلانی و سیاسەتە لاوازەکانی حکومەتی ھەرێم و ململانی سیاسی و بەرژەوەندی لایەنەکان پێگەی ھەرێمیان زۆر لاوازکرد بە تایبەتی دوای شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوت و قەیرانی دارایی و بڕێنی بەشە بودجەی ھەرێم لە لایەن بەغداوە و کۆتایەکەشی بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بوو، بڕیاری سەربەخۆکردنی ئابوری نەوت کە لە سالی ٢٠١٣ درا گورزی کاریگەر بوو لە دەست پێکردنی لاوازبوونی ھەرێم ھەنگاو ھەنگاو و قۆناغ قۆناغ چونکە ئەو بڕیارە بە وردی دراسە نەکرابوو وە راستەوخۆ ولاتانی دەوروبەر و نەیارانی کوردی راچەڵەکان ئەوانیش زۆر بە ورد و درشتی لێکۆلینەوە و بەدواداچونیان بۆ ئەو بڕیارە و داھاتووی ئابوری ھەرێم و ناوچەکە و کەیسی سەربەخۆی ھەرێم کرد . سەرباری ئەوەی کە حکومەتی ھەرێم و لایەنە سیاسیەکان وەکو خۆگونجاندنێک بە درێژایی سالانی پێشوو لە ھەوڵی ڕازی کردنی ولاتانی ھاوسێ و سیاسەتەکانی ئەمریکا بوون ، ولاتانی دەوروبەر بە ھەموو شێوەیەک و بە بەردەوام کاریان لە سەر لاوازکردن و دەست تێوەردانی ھەرێمی کوردستان کردوە و زۆرترین سوودی ئابوری لە ھەرێم وەردەگرن و ھەرێمیان کردوە بە گۆڕەپانی ململانی خۆیان.
سەرکردەی سیاسی کورد و حکومەتی ھەرێم دوای تەواوبوونی شەری داعش بریاری رفراندۆمیان دا لە ئەیلولی ٢٠١٧ وە پرۆسەکە بە سەرکەوتوی بە رێوەچوو، ئەو بریارە زیاتر پشتی بە ھەست و سۆزی نەتەوایەتی بەستبوو وە ھیچ گەرەنتیەک و پشتیوانیەکی نێودەولەتی فەرمی نەبوو بۆ ئەو پرۆسە تەنھا پشتیوانی روکەش و راگەیاندنەکان بوو وە ھەرێمیش ھیچ پلانێک و رێکارێکی نەبوو بۆ قۆناغی دوای رفراندۆم لە سەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بە تایبەتی ولاتە ئیقلیمیکان (تورکیا و ئێران و سوریا) و حکومەتی مەرکەز، دوای رفراندۆم تورکیا و ئێران و عێراق کۆبونووە و رێکەوتن و زۆر بە توندی ھاتنە پێشەوە و ھەرشەی بەھێزیان لە ھەرێم کرد و سوکایەتیان زۆر بەو بریارە کرد وە حکومەتی بەغداش گورزی خۆی وەشاند و شانۆیەکەی تەواوکرد بە گەرانەوەی بۆ ناوچە کێشە لە سەرەکانی دەرەوەی ھەرێم بە زەبری ھێزی سەربازی ئەویش بووە ھۆی دووبارە لە دەستدانی نیوەی خاکی کوردستان کە ئەمەش پێگەی ھەرێمی زۆر لاواز کرد لە سەر ئاستی نێودەولەتی ، ھەر لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ راستەوخۆ دوای رفرامدۆمی ھەرێمی کوردستان حکومەتی تورکیا وەکو کاردانەوەیەک بە رامبەر ڕفراندۆم لە گەڵ حکومەتی فیدرالی عێراق رێکەوتن بە دروستکردنی دەروازەیەکی سنوری نێودەوڵەتی نوێ لە نێوان ھەردوو ولات لە خاڵی سنوری ئۆڤاکۆ لە رۆژھەلاتی پارێزگای شەرناقی تورکیا و خاڵی پەرینەوەی رەبیعەی عێراقی و خاکی جەزیرەی سوری ئەوەش لە دەرەوەی خاکی ھەرێمە و وەکو جێگرەوەیەکی دەروازەی سنوری برایم خەلیل کە تورکیا بە ھەرێمەوە دەبەستێت. لە مانگی یازدەی ٢٠٢٠ ئەو پرۆژەیە تەواو بووەو و ئامادەکراوە، ئەم ھەنگاوە دوژمنکارانەی تورکیا گورزێکی کوشندەیە بۆ ئابوری ھەرێم گەر بچێتە بواری کرداریەوە ئامانجی ستراتیجی حکومەتی ئۆردوگان لەم پرۆژەیە :
* روخاندنی ئابوری ھەرێم
* بچوک کردنەوەی رۆلی ھەرێمە لە ناوچەکە
* دابڕینی دەروازەی سنوری و پەیوەندی نێوان ھەرێم و لایەنە کوردیەکانی دیوی سوریا
* بڕینی ئاڵوگۆرێ بازرگانی نێوان ھەرێم و سوریا
* پشتگوێ خستن و بچوک کردنەوەی ھەرێم
* بە ھێزکردنی پەیوەندی ئابوری خۆی لە گەل حکومەتی مەرکەزی بەغدا
* بەستنەوەی پارێزگاکانی موسل و کەرکوک راستەوخۆ بەو پرۆژەوە چونکە لە پلانەکەیاندا بەکارھێنانی ھێزی سەربازی ھەیە تەنانەت لە ناو خاکی عێراقیش بۆ پاراستنی کاروانی بازرگانی بە بیانوی بوونی تیرۆرستان و لاوازی لایەنی عێراقی لە پاراستنی رێگەوبانەکان
* بە دیھێنانی خەونی کۆنیان بە گەرانەوەی ولایەتی موسل بۆ سەر تورکیا کە لە ھەموو بۆنەکاندا بە ئاشکرا باسی لێوە دەکەن.
ئامانجی سەرەکی تورکیا لەم پرۆژەیە زیاتر بۆ لاوازکردنی ھەرێم و دابڕینی ھەرێمە لە گەل لایەنی سوریا و لێدانی ھەر بریارێکی چارەنوس ساز بۆ ھەرێم بۆ ئەوەی بە ھیچ جۆرێک بیر لە جیابونەوە و سەربەخۆیی نەکرێتەوە لە بەرئەوەی ئەو جۆرە بریارانە راستەوخۆ کار لە سەر دۆخی کوردانی ئێران و تورکیا و سوریا دەکات و لە ئایندەدا دەبێتە بنەمایەک بۆ سەربەخۆیی ئەوان.