Draw Media

كاریگەرییەكانی بەرزبونەوەی بەهای دۆلار لەسەر ئابوری عێراق و هەرێم؟

كاریگەرییەكانی بەرزبونەوەی بەهای دۆلار لەسەر ئابوری عێراق و هەرێم؟

2020-12-20 18:11:51


ئومێد قەرەداخی

گومان له‌وه‌دا نییه‌، له‌ دوای پرۆسه‌ی ئازادییه‌وه‌، ئابووری عێراق به‌ ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر گرفتار بوو به‌ده‌ست گه‌نده‌ڵی و به‌فیڕۆدانه‌وه‌، به‌پێی راپۆرته‌ جیهانیه‌كان قه‌باره‌ی گه‌نده‌ڵی ملیاره‌ها دۆلار بوه‌ ، سیاسه‌تی دارایی و نه‌قدی كراوته‌ پاشكۆی به‌رژه‌وه‌ندی گروپگه‌لی جیاوازی سیاسی و ملیشیایی، وزه‌ی به‌رهه‌مهێنان و چالاكی سێكته‌ره‌كان پاشه‌كشه‌ی كردو عێراقی به‌ ته‌واوی كرد به‌ وڵاتێك كه‌ پشت به‌ داهاتی نه‌وت ئه‌به‌ستێت ، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی شه‌ڕی داعش و دواتریش ده‌ركه‌وتنی په‌تای كۆرۆنا ، كۆی ئابووری جیهانی تووشی قه‌یرانێكی جدی بوو،  به‌رهه‌مهێنان و چالاكی ئابووری پاشه‌كشه‌ی كرد ، سه‌ره‌نجام خواست له‌سه‌ر وزه‌  له‌ بازاری جیهانیدا دابه‌زینێكی به‌رچاوی به‌ خۆوه‌ بینی ، له‌گه‌ڵ كه‌مبوونه‌وه‌ی خواست له‌سه‌ر نه‌وت له‌ بازاڕی جیهانیدا ، نرخی نه‌وت داڕمانی گه‌وره‌ی به‌خۆوه‌ بینی ، به‌مه‌ش بودجه‌ی عێراق رووبه‌ڕووی كورتهێنانێكی گه‌وره‌ بویه‌وه‌، به‌ تێكڕی قه‌رزی ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌وه‌ عێراق نزیكه‌ی 160 ملیار قه‌رزداره‌ ،، له‌ دۆخێكی له‌مشێوه‌یه‌دا حكومه‌ت نه‌یئه‌توانی پابه‌ندییه‌ داراییه‌كانی خۆی  جێبه‌جێ بكات ، به‌تایبه‌ت موچه‌ی فه‌ره‌مانبه‌ران كه‌ بارگرانییه‌كی گه‌وره‌ بوو بۆ حكومه‌تی عێراقی،  بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشه‌یه‌ حكومه‌تی عێراق به‌هاوكاری بانکی مه‌ركه‌زی  نرخی گۆڕینه‌وه‌ی دۆلاری به‌رانبه‌ر به‌ دینار بۆ 147 هه‌زار دینار به‌رز كردوه‌ ، ئه‌م بڕیاره‌  سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هاوكاری حكومه‌ت ئه‌كات موچه‌ی فه‌رانبه‌ران دابینبکات، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك ئاكامی باش و خراپی هه‌یه‌ ، ئه‌توانین به‌مشێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ لەبارەیەوە بدوێین:

  ئاستی یه‌كه‌م : كاریگه‌رییه‌ خراپه‌كانی  به‌رزبوونه‌وه‌ی  به‌های دۆلار به‌ دینار
 یه‌كه‌م : به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دۆلار به‌رانبه‌ر به‌ دینار، راسته‌خۆ به‌ رێژه‌ی نزیكه‌ی 20% به‌های ڕاستەقینەی مووچه‌ی موچه‌خۆران( هێزی كڕین) كه‌م ده‌كاته‌وه‌ ،  ئه‌گه‌ر مووچه‌خۆرێك موچه‌کەی 1 ملیۆن دیناری عێراقی بوبێت ، ئه‌وا به‌هاكه‌ی داده‌به‌زێت بۆ 800 هه‌زار دینار، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر ئاستی گوزه‌رانی هاوڵاتیان ئه‌بێت ، ئه‌گه‌ر ئه‌م كاریگه‌رییه‌  بۆ موچه‌خۆرانی عێراق جارێك قورس و زه‌حمه‌ت بێت، بۆ مووچه‌خۆرانی هه‌رێم دووجار ، چونكه‌ مووچه‌خۆرانی هه‌رێم رووبه‌ڕووی دوو جار بڕینی مووچه‌ ده‌بنه‌وه‌ ، جارێك لێبڕینی مووچه‌ به‌شێوه‌ی نه‌قدی كه‌ رێژەكه‌ی له‌ ئێستادا 21%، جارێكیش  به‌شێوه‌ی دابه‌زینی به‌هاكه‌ی كه‌ نزیكه‌ی 20%، به‌مه‌ش مووچه‌خۆری هه‌رێم 41% موچه‌كه‌ی له‌ ده‌ستده‌دات. 

دووه‌م : ئه‌و بڕیاره‌ی بانكی مه‌ركه‌زی چاره‌سه‌ری تێچوونه‌كانی به‌گه‌رخستن ( نفقات التشغیلی ) ناكات ، چونكه‌  تێچوونه‌كانی به‌گه‌رخستن وه‌ك مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌سه‌ر بنه‌مای به‌های نه‌قدی(ئیسمی) دیاری ناکرێت، به‌ڵكو له‌سه‌ر بنه‌مای به‌های حه‌قیقی ( هێزی كرین ) دیاری ده‌كرێت، بۆ نموونه‌ ته‌مویلی حكومه‌ت بۆ پرۆژه‌كانی به‌رهه‌مهێنان ، دابینكردنی تێچوونی به‌گه‌ڕخستنی وه‌زاره‌ته‌كان ، ئه‌مانه‌ به‌ پێی به‌های راسته‌قینه‌ی دراوه‌كه‌ دیاری ئه‌كرێت نه‌ك به‌ها نه‌قدیه‌كه‌ی، به‌مه‌ش حكومه‌تی عێراق ناتوانێت خۆی له‌ به‌شێك له‌  ئیلتیزامه‌ داراییه‌كانی بدزێته‌وه‌ كه‌ به‌ سه‌دان ملیۆن دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێت 

 سێیه‌م : ئه‌م بریاره‌ كاریگه‌ری ئه‌بێت له‌سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی تێكرای گشتی نرخه‌كان ، چونكه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی پێوانه‌كردنی به‌های كاڵا له‌ بازاڕی عێراقیدا به‌ دۆلاره‌ ، بازرگانییه‌ ده‌ره‌كییه‌كانی عێراقیش هه‌ر به‌ دۆلاره‌ ، ئه‌مه‌ سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی  توانای به‌رهه‌مهێنانی ئابووری عێراقی به‌شێوه‌یه‌ك نیه‌ بتوانێت به‌شێكی كه‌میش له‌ پێویستیه‌كانی بازار پڕ بكاته‌وه‌، بۆیه‌ بڕیاری به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌های دۆلار راسته‌خۆ كاریگه‌ری ده‌بێت له‌به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی نرخه‌كان، به‌پێی تیۆره‌ ئابوورییه‌كانیش هه‌موو به‌رزبوونه‌وه‌یه‌كی نرخیش له‌ دۆخێ هه‌ڵاوساندا به‌شێوه‌ی قه‌ڵه‌مباز روو ئه‌دات و نزمبوونه‌وه‌ی به‌شێوه‌ی پله‌ به‌ پله‌یه‌ ، به‌مه‌ش  به‌ ئه‌گه‌رێكی زۆره‌وه‌ به‌رزبوونه‌وه‌یه‌كی زۆر له‌ به‌های كاڵاكاندا روو ئه‌دات، نزمبوونه‌وه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی هێواش ئه‌بیت ، به‌مه‌ش هه‌ڵاوسانێكی زیاتر دروستده‌كات و بارگرانیه‌كی زیاتر بۆ هاوڵاتیان دروست ئه‌بیت 


ئاستی دووه‌م : كاریگه‌رییه‌ باشه‌كانی به‌رزبوونه‌وه‌ی  به‌های دۆلار به‌ دینار
  یه‌كه‌م : ئه‌م بریاره‌ كاریگه‌ری ئیجابی له‌سه‌ر كه‌رتی گه‌شتیاری ئه‌بێت ، دابه‌زینی به‌های دیناری عێراقی  هانده‌ر ئه‌بیت بۆ هه‌ندێك وڵات به‌ رێژه‌یه‌كی زیاتر گه‌شت بۆ عێراق بكه‌ن ،   دابه‌زینی به‌های نیشتیمانی به‌رێژه‌یه‌كی دیاریكراو ئه‌توانێت هانده‌ر بێت بۆ گه‌شتیاری بیانی ، له‌ كۆمه‌ڵێك كاڵا و خزمه‌تگوزاری گه‌شتیاریدا، گه‌شتیار ئه‌توانیت به‌ خه‌رجییه‌كی كه‌متر له‌ جاران به‌ده‌ستیان بهێنێت و ئه‌مه‌ش هانده‌ره‌ بۆ به‌هێزبوونی كه‌رتی گه‌شتیاری 

 دوه‌م  :دابه‌زینی به‌های دینار ده‌كرێت هانده‌ر بێت بۆ گه‌شه‌پێدانی سه‌رمایه‌گوزاری بیانی ( بێگومان ئه‌گه‌ر مه‌رجه‌كانی دیكه‌ی هاندانی سه‌رمایه‌گوزاری بیانی  ئاماده‌ بێت ) ، سه‌رمایه‌گوزاری بیانی یه‌كێك له‌و بنه‌مایانه‌ی سه‌رنجی راده‌كێشێت نرخی ده‌ستی كاره‌ له‌ بازاڕدا ، دابه‌زینی به‌های دینار به‌رێژه‌ی 20% ، واته‌ كه‌مبونه‌وه‌ی نرخی ده‌ستی كار بە هەمان ڕێژە، ئەمەش هانده‌ره‌ بۆ سه‌رمایه‌گوزاری بیانی ، ئەمە سەرەڕای ئەوەی بە هەمان ئەندازە یان نزیک لەوە نرخی ڕاستەقینەی کەرەستەی خاویش دادەبەزێت، کە ئەمەش دیسانەوە هاندەرێکە بۆ سەرمایەگوزاری بیانی...

 سێیه‌م :  دابەزینی بەهای دینار بەرانبەر بە دۆلار له‌ هه‌مانكاتدا ده‌كرێت هانده‌ریش بێت  بۆ هه‌نارده‌كردن  و راكێشانی دراوی قورس بۆ ناوخۆی وڵات ، چونكه‌  دابه‌زینی به‌های دیناردا هانده‌ر ئه‌بیت بۆ ئه‌وه‌ی وه‌به‌رهێن بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌ كاڵای به‌رهه‌مهێنراوی هه‌نارده‌ بكات ، ئه‌مه‌ش له‌ پێناو به‌ده‌ستهێنانی دراوی قورس (  بۆ نموونه‌ دۆلار ) چونكه‌ ئه‌م دراوه‌  به‌هایه‌كی به‌رزی له‌ناوخۆدا هه‌یه‌ و هێزی كڕینی زۆره‌ .
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand