زانا توفیق بەگ کاتێك جووەکان ، دەوڵەتی یەهودیان بونیادنا کاریان بە دەقێکی تەورات کرد. ئەودەقە لە دەمی موسای پێغەمبەردا (خ ڕ) دەڵێت بەرامبەر دوژمنەکانتا،(چاو بەچاو ددان بە ددان) بن . ئەم دەقە ئاینیە وای لە جووەکان کرد، کاریگەریەکی تەواو لەسەر یەك دەنگی جووەکان دروست ببێت،بۆ کۆکردنەوەی تواناکانی خۆیان لە بەرامبەر عەرەبە فەلەستێنکان ، وە هێزی خۆیان لە بەرامبەر دوژمنە دەرەکیەکانیان ڕێکخستەوەو وازیان لە عینادی سیاسی و کەلەڕەقەی لە بەرامبەر یەکتردا هێنا . تواناکانی بیرکردنەوەی هە موو لایەنە سیاسیەکانی ناو دەڵەتی جوویان خستە خزمەت توڵەسەندنەوە لە دوژمنەکانیان . وە دەوڵەتێکی بەهێزی ئابووری و سیاسیان لەناوچەکەدا دامەزراند . بەم هۆیەشەوە بوونە دەوڵەتێکی بەهێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا . ئەم ئەزموونەی دروستبوونی دەوڵەتی جوو بە بەشداری زۆربەی پارتە سیاسیەکانی دەوڵەتی یەهود دامەزرا، کە زیاتر لە ٢٧ پارتی سیاسی بوون ، هەموو بە شێوازێکی شێلگیرانە ململانێ سیاسی یەکتریان دەکرد. بەڵام هەمیشە بۆ بابەتە گشتیەکان و بەرژەوەندی ئاسایشی نەتەوەیی هە موو یەك دەنگ و یەك هەڵویست بوون بەرامبەر دوژمنەکانی دەرەوەیان . دیارە ئەمە پێچەوانەی حاڵی کوردە بەتایبەتی پارتە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان لەم هەرێمەدا خاوەنی دیدێکی هاوبەش نین هەربۆیە توانای دانانی ستراتیژێکی سیاسیانیە بۆ ڕووداوە نەخوازراوەکانی ، کە ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبێتەوە . سەرئەنجام بۆ باسکردنی هۆکارەکانی پەرتەوازەی ناو خۆی هەرێم پێویستمان، بە شیکردنەوەی درێژ و نمونەی زۆر دوور نیە، چونکە دیمەنەکانی ئێستای کوردستان، باشترین دەلاقەی ئەو هۆکارانەن کە ڕۆژانە بە بەرچاوی کۆمەڵگاوە ڕوودەدەن .ئەمەش وایکردوە نەتوانین لەسەر بچوکترین بابەت یەك هەڵوێست و کۆدەنگ بین بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان . چونکە لاوازی پێگەی تاكی کورد لە پێکهاتە کۆمەڵایەتێکانەوە قسەی لەسەر دەکرێت. بەتایبەتی لەڕووی کولتووری و کۆمەڵایەتیەوە . کاریگەری پرۆسەی سیاسی لە تێکشاندنی تاك، وە بەستنەوەیان بە کۆمەڵی وەهمی ناڕاست و کارکردن بۆ چەپاندنی کەسێتی کورد، لە چوارچێوەی ڕێگەگرتن لە دروست نەبوونی تاکێکی عەقڵ کراوە لەناو سیستەمی سیاسی دا. هەمووئەو سیستەمە سیاسیە چەوتەی لە کوردستان دا پەیڕەو دەکرێت. بۆ لاوازکردنی کەسێتی تاک لە ناو کۆمەڵگاداو تەنانەت ئەندامانی پارتە سیاسیەکانی کوردستان. ئەم برینە وا دەکات کە مرۆڤی ئێمە مل نەدات بۆ لێکۆلینەوەی زانستی و واقیعی ، زیاتر لایەنگیری بۆ دەمارگیری و داخستنی ئەقڵ و سنوردانان بۆ بیرکردنەوەی تاك لە تێپەڕاندنی ئەو ڕایەڵانەی کە بۆتە بەربەست لە بەر دەم بڕوا نە بوون و بێ متمانەی بەرامبەر یەکتری کە ئەمەش وای کردوە و پەرتەوازەی ناخۆ لەسەر هە موو سەکتەرەکان و ژیان ڕەنگبداتەوە. سیستەمی سیاسی ئێمە کاری لەسەر دابەشکردنی کۆمەڵایەتی و دروستکردنی توێژێکی ئەریستۆکراتی خراپ کردوە. وە هیچ بەهایەکی بۆ انسانی ئێمە لەناو کۆمەڵگادا نەهێشتۆتەوە . بەجورێك دەسەڵاتی سیاسی تاکی ئێمە قووت داوە، کە ناچار بووە بە بێ هیچ گفتۆگۆیەک ڕوو بکاتە پەرستن و بە پیرۆزکردنی هەندێ فیگەری سیاسی بێ ئەوەی هیچ بنەمایەکی مەعریفی زاتیان هەبێت . پارتە سیاسیەکان کۆمەڵگایان بەرەو دۆخی بێ متمانەی و ڕێزنەگرتن لە بیرۆبۆچوونی جیاواز بردوە . وەڕێگەیان نەداوە دامەزراوەکانی بەڕێوەبردن، لەسەر بنەمای لێهاتووی تاك بوونیاد بنرێت، هەمیشە هەوڵیان داوە لەسەر بنەمای کڕنووش بردن بۆ سیستەمی سیاسی یان فیگەری سیاسی و دامەزراوەکان دروست بکرێت . ئەم دۆخە سیاسیە باوەی کوردستان زیاتر ڕواجی بۆ خەڵکی لەرزۆک و بوودەڵە کە خاوەنی کارێکتەری مەعنەوی خۆیان نین هەمیشە لەناو ئاوی لێلدا دەتوانن بژین وە دەسەڵات وەربگرن. بۆیە لە ئێستادا هەر بیرکردنەوەیەك ، بەئاڕاستەی دروستکردنەوەی متمانە و چاکسازی سیاسی بریتیە لە خەیاڵ پڵاویەکی بێ سنور . چونکە هەتا مەرجەکانی کۆیلە بوون بەپیرۆزکردن لەناو سیستەمی سیاسی ئێمەدا ڕووی لە هەڵکشان بێت مەرجی دڵسۆزی بەو پێوەرانە بێت ،کە کێ زیاتر هێزی ڕۆحی پیرۆزی ببەخشێت بە دەسەڵاتی سەرووی خۆی ئەوا . ئێمە ناتوانین هیچ هەنگاوێکی واقیعی بنێن بۆ دروستکردنی یەکریزی و گۆتاری هاوبەش بۆ چارەسەری سەرجەم کێشەکان لە کوردستاندا. .
پشکۆ نەجمەدین برسییەکان یاخی دەبن، دژ بە زوڵم و نایەکسانی و بێبژێوی، دژ بە نەبوونی سیستەم و دامودەزگە و دەستەڵاتی نایاسایی، ڕادەپەڕن... ئەوان داوای ژیان دەکەن، هەر چی کە دێتە سەر ڕێیان دەیسووتێنن! باڵای یاخیبوون هەڵدەکشێ و جنۆکەکان؛ جنۆکانی ئەودیو سنوور، جنۆکەکانی نێو خۆمان، بە شمشێری ساودراوی دەستیانەوە، سواری شەپۆلی ناڕازیی خەڵک دەبن، هەر گەنجێک و شمشێرێکی لەمشت دەنێن! دێوی دەستەڵات دەدێوێ، ئاگری شەڕ کڵپە دەکات، وەڵات دەبێت بە مەکۆی میلیشیا و باندیدەکان! جنۆکەکان، لوبنانێک و سووریایەکمان لەسەر سینیی بەرژەوەندییەکانی خۆیان، پێشکەش دەکەن! ئەم دەستەڵاتە بێفەڕە، هێشتا کاتی بیرکردنەوەی لەبەر دەستە! با پێش ئەوەی پێستەی قەیران سەگ بیڕفێنێ، سەر بۆ خواستی ڕاپەڕیوان دانەوێنێ! دەست لە گیرفانی خۆی ڕادا، کە هەر "بەرک"ی ئەم خەڵکەیە! خەڵک کە تێر بوو، ئیدی ئەوسا، بە ئەقڵ و لۆژیک دەفکرێ، بە خەباتی مۆدێرن و شارستانی، ماف و ئازادی وەر دەگرێ! دەستەڵاتی خۆماڵیمان، کە سازدەری زەوینەی ئەم قەیرانەیە، کەمێک ئەقڵ و بڕێک سامان سەرف بکات، ڕێ لە وێرانکاری دەگرێ!
د. نیاز نەجمەدین تا رادەیەكی زۆر، تەنانەت دەوڵەمەندەكانیش زەرەر دەكەن. بەڵام چیرۆكەكەم لە شوێنێكی دیكەوە دەگێڕمەوە. لە سەدەی شانزدەدا، ئیسپانییەكان سەرقاڵی دامەزراندنی كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتووتر بوون. خەونی گەڕان و پشكنین و دۆزینەوە و دابینكردنی پێدوایستییەكانی گەشەسەندن لە وڵاتەكەیاندا دەیانگەیەنێت بە مەكسیك و بەشێكی دیكە لە ئەمریكای لاتین. لەناكاو، وەك كۆمەڵێك چاوچنۆكی چڵێس دەكەون بەسەر كانەكانی زێڕ و زیودا و لەو رۆژەوە نەگەڕانەوە سەر ئەو رێچكەیەی گەشەسەندن كە دەكرا بیانگەیەنێت بە باخێكی سەوزتر و گەشاوەتر. گسكیان لە زێڕ و زیوی مەكسیكدا و بە فەردە و عەرەبانە بەسەر شانی كرێكارە لاتینییەكاندا خستنیانە ناو كەشتییەكانیانەوە و گواستیانەوە بۆ ئیسپانیا. ئەم ماتریاڵە بەنرخە كە پێگەی ئابوریی وڵاتانی لەسەر وەستا بوو، لە ئیسپانیا ناگیرسێتەوە، وەك میوانێكی دەستبەسەر دێت و خێرا دەیگۆڕنەوە بە پیرە شەرابی هۆڵەندیی و لە یانە تاریك و لێڵەكانی مەدرید و بارشەلۆنەدا بەدەم سەما لەگەڵ كچە ناسكۆڵەكاندا تا مەستبوون پێكیان هەڵدەدات. مەستبوونی ئەوان لە شەودا كۆتایی نەهات و درێژ بووەوە بۆ رۆژیش، وایاندەزانی تا ئەبەد مەكسیك زێڕیان پێ دەبەخشێت و هۆڵەنداش كاڵا كەشخەكانی. لە زێڕ و زیو جگە لە كۆمەڵێك كۆشك و تەلار شتێكی دیكەیان نەخستەسەر سەرمایەی وڵاتەكەیان. دواتر ئیسپانیا بوو بە نوكتە و پێیان دەوتن: مانگایەكیان هەیە كە چی لە هۆڵەنداوە شیر دەهێنن. ئەمریكای لاتینی مانگاكەی ئیسپانیا بوو. خێریان لە سەروەتی حەرام نەبینی، بەڵكو ئەوەی بیناشیان كردبوو وردە وردە وێرانیان كرد. دەستەبژێری باڵادەست غەرقی حەوزی خلیسكی كەشخەچێتیی بووبوو، كۆمەڵگەش لەناوەوە وەك خاكێكی ووشك بومەلەرزە قڵیشاندبێتی، قڵیشا بوو. مۆدێلی ئیسپانیا لە داگیركارییدا بە یەكێك لەو مۆدێلانە دادەنرێت كە تەنانەت خێری بۆ داگیركەرەكەش نەبوو. زۆر لە مێژوونوسان رێكن لەسەر ئەوەی تا ئەمڕۆ شوێنەواری ئەو شێوازی تاڵانییە و بەكارهێنانی، بە ئەدای ئابوری و پێگەی سیاسی ئیسپانیاوە دیارە. ئەم چیرۆكە زۆرمان لەسەر ئێستای كۆمەڵگەی ئێمە پێدەڵێت، لەوانە نەوت و توركیا و هاوردە و لەناوبردنی ئەوەی خەریك بوو بینا دەبوو. لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، تەنها پوش و پەڵاش پێكەوە ماون و جیا نەكراونەتەوە، كە دەبوو لەبەر سوتان تەنها ئەوان لە یەكتر جیا بكرێنەوە، كۆمەڵگە لە یەك ترازاوە و دوژمنایەتییەكی گەورە بەرپا بووە. زەلكاوی هەژاریی و بێكاریی و نایەكسانیی ناهێڵن نەك هەژاران بەڵكو كەس ئیسراحەت بكات، ناهێڵن نەك دانیشتوانی وڵاتەكە بەڵكو ئەوانەش جێیان هێشت مەزاجێكی سافیان هەبێت. من بڕوام وایە مێشكی ئەوانەی لە هەندەرانن لەوانە ماندووترە لە كوردستان دەژین. مەترسییەكە لەوە دەرچووە چینی هەژار تیا بچێت و دەوڵەمەند رزگاری ببێت. بۆ گەیاندنی مەبەستەكەم، لە دووبارەكردنەوەی وتەیەكی فریدریك هایەك باشترم دەستناكەوێت: بەختەوەریی دەوڵەمەندێك لە وڵاتێكدا ئازادیی تیادا نەبێت كەمترە لە كارمەندێكی ئاسایی لە وڵاتێكی پێشكەوتووی ئازاددا. سیستمی سیاسیی و ئابوریی ئەوە دیاری دەكات تا چەند بەختەوەر بین، نەك ئاستی سەروەت و سامان. ئەم سیستمەی ئێمە وەك چۆن كارێكی ئاسایی بە خێر و سەدەقە دەبەخشێت بە بێكاران، ئاوا بزنسیش بە خێر و سەدەقە دەبەخشێت بە دەوڵەمەندەكە و دەیەوێت چاوبەرەوژێریان بكات. هەر ناوێك لەم سیستمە دەنێیت بینێ، ئەوەی روونە ئەوەیە دوژمنایەتیی و دووبەرەكیی لەسەر ئاستێكی فراوان دەنێتەوە: هەژار و هەژار، هەژار و دەوڵەمەند، دەوڵەمەند و دەوڵەمەند دەكات بە دوژمنی یەكتر. وەك چۆن هێزی تاڵانچیی هەیە، ئاواش هێزی شڕەخۆر هەیە. شڕەخۆر و تاڵانچیی دوو دیوی یەك دراون و رەنگیشە لەوان زیاتر كەسی تر قازانج لەو سیستمە سیاسییە پەككەوتووەی هەرێم نەكات. بە رێژەی جیاواز ،هەموومان لە بەردەم مەترسییداین، بە رێژەی جیاوازیش ئەكرێت كۆمەكی یەكتر بكەین لە كۆتاییهێنان بەم سیستمە بە كەمترین تێچوو. لای كەم، بەرگریی لە مانەوەی نەكەین.
دکتۆر هەژار مەعروف تۆ خۆت کرێچی نیت و پارەت بەشی ساڵێک هەیە پێی بژیت، خۆت بخەرە شوێنی موچەخۆرێکی بچوکی کرێچی کە پارەی پاشەکەوتی نیە وخاوەنی ٥ منداڵە، یا خۆت بخەرە جێی کرێکارێکی ژن و منداڵدار کە گەر ڕۆژێ ئیشی نەبێت پارەی نیە خێزانەکەی بەخێوبکات، یا خۆت بخەرە جێی دەرچویەکی زانکۆ کە پێنج ساڵە دەسی دەسیی پێدەکەن بۆ دامەزران و هێشتا دانەمەزراوە و لە بازاڕی ئیشدا. هێشتا ئیشێکی بەردەوام و تێرکەری دەست نەکەوتوە. باوکت پاسەوانێکی خانەنشینە و دو مانگە موچە کەمە کەمکراوەکەیان نەداوەتێ و ڕۆژانە هاوپۆلەکەت بە فیزەوە بە وەنەوشەکەیەوە دێت بۆ قوتابخەنەکەت و زانیاریت هەیە کە باوکی کۆنە جاش بوە و دوای ڕاپەڕین بەهۆی یەکێ لە حیزبەکانی دەسەڵاتەوە بوە بە ملیۆنێر. خۆت بخەرە جێی ئەو کوڕە هەرزەکارەی دایکی نەخۆشیی دڵی هەیە و ئەگەر عەمەلیاتەکەی بە خۆڕایی لە نەخۆشخانەی حکومەتدا بکرێت دەبێت ٦ مانگ لە سەرەدا چاوەڕێ بکات و لەوانەیە لەو شەش مانگەدا بمرێ و فریای عەمەلیاتەکە نەکەوێت ، بەڵام ئەگەر بیست هەزار دۆلاری هەبێت ئەوا دەتوانێ بەو پارەیە لە ماوەی دو هەفتەدا لە نەخۆشخانەیەکی کەرتی تایبەت عەمەلیاتەکە بکا و لە مردن ڕزگاری بێت. ئەم نمونانە زادەی خەیاڵ نین و ڕۆژ نیە دەیان چیرۆکی وا نەبیسین و نەبینین. ئیمڕۆ و ئەمێستا مرۆڤی بە شعور و بەویژدان ئەگەر بە هاوسۆزی خۆی بخاتە جێی ئەو نمونانەی سەرەوە کە مشتێکن لە خەرواری پتر لە چەند ملیۆنێک هاوڵاتیی زوڵملێکراو و برسی و بێئیشکراوی ئەم هەرێمە، ئەوا دەبێت بە ڕەوا و دروست و پێویستی بزانێت کاتێک برسیان و چەوساوان و بێکاران ، هەروەها تێرە بەویژدان و بەهەستەکان بە شێوەیەکی ناتوندوتیژانە خۆپیشاندان بکەن ، تەنانەت ئەگەر دەسەڵات داوای ڕەسمیی خۆپیشاندانیانی قوبوڵ نەکرد. زۆربەی بەشداربوانی خۆپیشاندانەکانی لە ڕۆژی ٧ ی ١٢ ی ٢٠٢٠ وە دەستیان پێکردوە هەرزەکار و گەنجن . هەمو پزیشکێکی دەرونیی وەک من دەزانێت کە لە هەر سەد خۆ پیشاندەری ئاوا هەرزەکار و لاو و مێرمنداڵ پێنج شەشێکیان پڕوزە و کەف و کوڵن و بڕێک بە توندوتیژیی زمانی و یا تەنانەت توندوتیژیی جەستەیی داواکانیان و ئەوەی لە دڵ و دەرونیان پەنگخیواردۆتەوە دەردەبڕن، لە دۆخێکی ئاوادا ئەوە ئەرکی ئاسایش و پۆلیسە ئەم جۆرە کەسە توندانە هێور و ئارام بکەنەوە نەک لولەی تفەنگەکانیان تێبکەن و ئەوەندەی تر بیانهوروژێنن و ڕقیان هەڵبسێنن، ئەمە یەکێکە لە هۆ گرنگەکانی هەڵمەتبردنی خۆپیشاندەران بۆ سەر بارەگای حیزبەکانی دەسەڵات و دەسگا حکومەتیەکان. بۆیە من بە هەڵەیەکی گەورەی دەزانم کە دەسەڵاتی کوردی کەسانی چەکدار دەنێرێتە سەر جادە بۆ بەرەنگاربونەوەی خۆپیشاندانەکان کە لە بنەڕەتدا ڕەوا و دروست و ناتوندوتیژ و ئاشتیخوازن. دەبێت کەسانێک بنێردرێن بۆ هەڵس و کەوت لە گەڵ خۆپیشاندەران کە ئاستێکی ڕۆشنبیریان هەبێت و پێشتر خولی ڕاهێنانی تایبەت بەم بابەتەیان کردبێت و لە دارێک زیاتر بۆ بەرگری لەخۆیان هیچ چەکێکی تریان پێ نەبێت. ناشرینترین دیمەن ئەوەیە کە چەکدارێکی حکومەتی هەرێم پەنجە لە سەر پەلەپیتکەی تفەنگەکەی بەرامبەر خۆپیشاندەرانی ناتوندوتیژ و بێچەک ڕاوەستاوە ، وەک ئەوەی لە سەنگەر دا بێت بەرامبەر داعش!
ئازاد جۆڵا دوای تەواو بونی کۆبونەوەکەی هەرسێ لایەنی سەرەکی پێکهێنەری حکومەت لە ڕاگەندراوێکدا پێداگریان لەسەر چەند خاڵێک کردووە ئەگەرچی بەگوێرەی ڕاگەیندراوەکە بێ درکیان بە هەموو ئەو کێشەو گرفتانە کردووە کەوا بەرۆکی ئەم هەرێمەو خەڵکەکەو ئەزمونە نەتەوەییەکەی گرتوە کەوا بێ گومان هەر خۆشیان هۆکاری سەرەکی هەموو ئەم نەهامەتیانەن ، بەڵام ئەوەی دیارە تەنها دەستنیشانکردن و دیاری کردنی کێشەکان بووە بێ ئەوەی زەمینە و شێوازی میکانیزمی جێ بەجێکردن و ئەنجامدانی ناوەڕۆکی ڕاگەندراوەکەیان دیاری بکەن ، ئەوەش گومانی ئەوەمان بۆ دێنێتە پێشەوە وەکو سەدان کۆبونەوەو بڕیاری تر هەر مەرەکەبی سەر کاغازبێ و شتێکی ئەوتۆی لێ سەوز نەبێ ، هەرچەندە خەڵک بەگشتی چاوەڕوانییەکی ئەتۆی لەم کۆبونەوەیە نەبوو کەوا بتوانێ وەڵامی داخوازییەکان و دانانی خاڵ لەسەر پیتەکان و چارەسەری ڕیشەیی و بە بڕیارگەلێکی دروست و دواتریش کردەیی کۆتایی پێ بێ و دەرئەنجامێکی ئەوتۆی لێبکەوێتەوە ، بەڵام چاودێران و سیاسەتمەدار و ئابووری ناسان باوەڕیان وابوو ئەم کۆبونەوەیە کە لوتکەی پێ دەڵێن دەتوانی و دەرفەتی ئەوەی لەبەردەم ماوە ببێتە مایەی کەم کردنەوەو چارەسەری هەندێک لە گرفتەکان و دوورخستنەوەی مەترسیەکانی سەر ئەزموونی نەتەوەیی هەرێمی کوردستان ئەگەر مەبەست و خوازیار هەبێ و بتوانن و ئازایەتی ئەوەیان تیابێ ڕوو بەڕوو قسەی دڵی خۆیان بکەن و هەرچی لە دڵ و دەروون و ژێر بەڕەکەهەیە بیخە سەر بەڕەکە ، وەلێ ئەوەی لە ناوەڕۆکی ڕاگەێنداوەکە دەبیندرێ تاکە خاڵێک کەوا وەکو بڕیاری بەپەلەو کرداری سەیر بکرێ ناردنی بەپەلەی وەفدێکی هەرێمە بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت بۆ بەغداد بەمەبەستی گفتوگۆ و ڕێکەوتن لە گەڵ حکومەتی فیدڕاڵی لەسەر پرسی شایستە داراییەکانی هەرێم و جێگیرکردنی پشکی هەرێم لە یاسای بودجەی ۲۰۲۱ ی عێراقدا ، لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە ئەگەر وەفدەکەی هەرێم ئەمجارەیان بە بڕواو بڕیاری کۆتاییەوە دەچێتە بەغداد و ڕێکەوتنی کۆتایی دەکات ئەوا بێ سێ و دوو دەبێ تەواوی مەرجەکانی یاسای قەرز جێ بەجێ بکات و ئەو پڕۆژە بودجەی ئامادەکراوە قبوڵ بکات و دواتریش پابەندبێت پێیەوە ، کەوایە ئەی بۆچی یاسای قەرزتان ڕەتکردەوە ؟؟ بۆچی چەندین ساڵە ئەم هەرێمەتان تووشی ئەم هەموو نەهامەتیە کرد ؟ خۆ بەغداد هەرگیز نە مەرجەکانی لەوە زۆرتر و گرانتر بووە نە هەڵوێست و دیدگاشی بۆ هەرێم هێندە پڕ لە غرور و باوەڕ بەخۆ بوون بووە ، ئەگەر لەماوەی ڕابردوو ڕێککەوتن و پابەندبوون شکانی شکۆ و سەروەری هەرێم بووبێ ئەی ئێستا چی؟؟؟ خۆ ئەگەر ڕێکەوتنیش بکەن و دواتریش پێمان بفۆشنەوە ئەوا خەڵک مافی خۆیەتی بڵێ ئەوە لە پیاوەتی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی ئەوەی دەسەڵاتدار نەبووە بەڵکو ئەوە بەرهەمی ڕاپەڕین ئاسای چەند ڕۆژی ڕابردووی خەڵکانی دەڤەرێکی زیندوو و ووشیار بووە ، ئێستا خەڵک دەپرسێ ئایا ئێوە بڕوای تەواوتان بەم ڕێکەوتنە هاتووە کە بۆی دەچن و کۆتایی پێ دەهێنن ؟ یان ( كلعاده ) تەنها بۆ کات کوشتن و ئارام کردنەوەی شەقامی تووڕە و هەڵچووە ؟؟ تۆ وا دابنێ وەفدی هەرێم چوو بۆ بەغداد و ڕێکەوتنی نەکرد یان کردی و پێیەوە پابەند نەبوو ئایا دەزانن دوای ئەوە ؟چی ڕوو دەدات ؟؟؟ دەزانن دۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئاسایشی نەتەوەیی و ئەم هەرێمە بە چی دەگات ؟؟؟؟ * هەولێر
رێبوار ئەورەحمان ئەوەى لەخۆپیشاندانەکەى ئەم چەند رۆژەى سلێمانى و دەوروبەرى روویدا، شۆکێکە کە پێویستە تەواوى حزبە سیاسیەکان، حکومەت و کاربەدەستان، بەرپرسانى حزبى و حکومى بیرێکى جددى لێ بکەنەوەو بیکەنە وێستگەیەکى گرنگى گۆڕانکارى لەکارو بیرکردنەوەیاندا. بەداخەوە وەک هەموو خۆپیشاندانەکانى رابردوو، جارێکى تر بەرپرسانى حکومەت لەئاستى زۆر باڵا و بەرپرسانى حزبى لەئاستى جیاواز، دەستیان کردەوە بە لێدانەوەى قەوانە سواوەکەى (دەستى لەپشتە، خۆپیشاندانى ئاشتیانە مافى خەڵکە)، لەڕاستیدا خۆپیشاندەرانى ئێستا تێگەیشتوون لەوەى کە خۆپیشاندانى ئاشتیانە، لاى حکومەت و کاربەدەستەکانى هیچ نرخێکى نییەو بەپێچەوانەوە وەک چەندین خۆپیشاندانى مامۆستایان و چین و توێژە جیاوازەکانى تر، خێمەکانیان دەسوتێنرێ و چالاکەکانیان دەڕفێندرێن و بەشێکیان لەزیندانەکاندا توند دەکرێن، بۆیە ئێستا خۆپیشاندەران دەستپێشخەرن لە توندوتیژى و بێ منەتن لە هەر هەڵسوکەوتێک کە دەزگا ئەمنیەکان بەرامبەریان دەیکەن، لەناخیشیاندا هیچ بڕوایەکیان بە سیستمى دادوەرى ئەم وڵاتە نەماوەو بێباکن لە هەر لێپێچینەوەیەکى یاسایى کە رووبەروویان بکرێتەوە. ئەوان بە رەهایى متمانەیان بەو حزبە کلاسیکیانە نەماوە کە ساڵانێکە هەریەکەیان لەسەر بنەماى دروشمێک، یەکێک بەدروشمى نەتەوەیى و ئەویترین بەدروشمەکانى سۆسیال دیموکراتیى و یەکێکیش بەدروشمى ئیسلامى، یەکێکیش بەدروشمى وەستانەوە بەڕووى گەندەڵى، سۆزیان دەجوڵێنن و دەنگەکانیان دەکەنە دەستکەوت بۆ کادیر و بەرپرسە باڵاکانى خۆیان، هەر بۆیە بارەگاى حزبەکانى دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن پێکەوە دەسوتێنن. لەماوەى ئەم چەند رۆژە کەمەدا، زۆر شتمان لەبەرپرسانى حزبى و حکومى بیست، با یەک یەک لەسەر هەموو تۆمەت بەخشینەوەو لێکدانەوەو قسانە بوەستین کە بەرامبەر خۆپیشاندەرانى ئێستا دەکرێت. یەکەم: بەشێک لەحزبەکانى ناو حکومەت و بەرپرسەکانیان دەڵێن "خۆپیشاندان دەستى ناوخۆیى و دەرەکى لەپشتەو ئامانجیان تێکدانى ئارامى و زیان گەیاندنە بەقەوارەى هەرێم". ئەم پڕوپاگەندەو تۆمەتە راماندەکێشێت بۆ ئەوەى بپرسین، لەکوردستان دوو دەزگاى هەواڵگرى (پاراستن و زانیارى) بوونیان هەیە، ئەگەر دەستێکى دەرەکى و ناوخۆیى بتوانێت بەو شێوەیە گەنجى ئەم وڵاتە بجوڵێنێت، کەواتە ئەم دوو دەزگایە دوو فاشلترین دەزگان و پێویستە دەست بەجێ دابخرێن، ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەم دوو دەزگایە یەک مەتر لەدەرەوەى سنورى هەرێم تواناى هیچ چالاکیەکیان نییە و هەموو توانای خۆیان بۆ ناوخۆ تەرخان کردووەو تەنها سەرقاڵى حزب و کەسایەتیەکانى ناوخۆن. دووەم: "ئەمانە خۆپیشاندەر نین و تێکدەرن، چونکە دام و دەزگاى حکومى و حزبى دەسوتێنن". ئەمە یەکێکى ترە لەو پڕوپاگەندانەى دەکرێت، بەڵام بۆ ئەمەش دەبێ بڵێین، لەسەدا ٨٥ تا لەسەدا ٩٥ى ئەوانەى خۆپیشاندان دەکەن دیارە کە تەمەنیان لەنێوان ١٨ تا ٣٠ ساڵدایە، کەواتە ئەم نەوەیە هەمان ئەو نەوەین کە لەسەردەمى حوکمڕانى کوردیدا لەدایکبوون و خوێندویانەو گەورەبوون و ئێستاش هەر لەسەردەمى حکومڕانى ئەواندا بێکار و هەژارن، ئەمەش سەلمێنەرى ئەو راستیەیە کە حزبەکانى دەسەڵات لەماوەى ٣٠ ساڵ حوکمڕانیاندا کەرتى پەروەردەیان وێران کردووەو نەیانتوانیوە نەوەیەکى وا پەروەردە بکەن کە بڕواى بەتوندوتیژى و سوتاندنى دام و دەزگاى حکومى نەبێت. خاڵێک کە مایەى سەرنجە ئەوەیە، دواى چەند رۆژێک لەخۆپیشاندان، تائێستاش خۆپیشاندانەکان لە قەزاو ناحیەکاندایە و تائێستا سەنتەرى شارە گەورەکان نەجوڵاون، ئەمەش بەڕوونى ماناى فەشەلەى پلانى حکومەتە یەک لەدواى یەکەکانە، چونکە بەئاشکرا ئەمە ئەو راستیە دەردەخات کە تەواوى کابینەکان قەزاو ناحیەکانیان بەتەواوى پشتگوێ خستووەو هیچ یەکێک لەو قەزاو ناحیانە خزمەتگوزاریەکى ئەوتۆى تیا نەکراوە کە بتوانێت گەنجەکانیان رازى بکات، یان سەرقاڵى کارکردنیان بکات. لەڕاستیدا ئەو کاتەى بەرپرسان سەرقاڵى بەڕێوەبردنى بزنس و بەرژەوەندیەکانیان بوون، ئەو کاتەى منداڵى بەرپرسان لەسەر حسابى کوڕە هەژارو گەنجى ئەم وڵاتە سەرقاڵى بەسەر بردنى شەوى سور بوون لە باخ و ڤێلا و هەندێک وڵاتى دەرەوە، گەنجى هەژارى ئەم وڵاتە لەبەر بێکارى و بەهۆى نائومێدبوونى لەم وڵاتەو بۆ کات بەسەربردن سەرقاڵى یارى پەبچى بوو، بۆیە ئێستا بەقەد هێزە چەکدارەکانى حزبەکان شارەزایى لەتەکنیکە سەربازیەکاندا هەیە و ئێستاش بۆ بەدیهێنانى دادپەروەرى کۆمەڵایەتى بەکارى دەهێنێت، ئەو گەیشتۆتە ئەو باوەڕەى هەژارى ئەو، نەبوونى دادى کۆمەڵایەتى، خراپى گوزەرانى ئەو، وێرانى ژێرخانى ئەو شارەى تیایدا دادەنیشێت، لە بارەگاى حزبەکانەوە سەرچاوەى گرتووە، بۆیە پێى وایە بەسوتاندنى ئەو بارەگایانە تۆڵەى خۆى دەکاتەوەو کۆتایى بە کێشەکان دەهێنێت. بەکورتییەکەى، کێشەکە لەبەغدا نییە و بابەتەکە بڕینى بودجەى هەرێم نییە و تەنها بەدابەشکردنى مووچەش چارەسەر نابێت، کێشەکە لەناو هەرێم خۆیدایە، کێشەکە ئەوەیە منداڵى بەرپرس و وەزیر و کادیرى حزبى و هاوبەرژەوەندەکانى حزب، لەسەر شەقامەکان بە ئۆتۆمبێلى دوا مۆدێلەوە فلتەرى جگەرە فڕێ دەدەنە دەرەوەو گەنجێکى دەرچووى زانکۆش پارەى پاکەتە جگەرەیەکى پێ نییە، کێشەکە ئەوەیە کادیرانى حزب لەخوێندنى باڵا وەردەگیرێن و دەکرێنە بەڕێوەبەر و دادوەر و چى و چى، بەڵام کوڕى هەژارێک دەبێ لەبەر دەرگاکەیان بوەستێ بۆ ئیمزایەک. دەبێ لەم وێستگەیەوە تێبگەن کە کێشەکە کێشەى کەڵەکەبووى ٣٠ ساڵە، کێشەى چینێکى حوکمڕانى گوێ گران و چینێکى حوکمکراوى بێ نازە کە هیچ شتێکى نییە لەخۆپیشاندان و توندوتیژیدا بیدۆڕێنێت.
کارۆخ خۆشناو سەرەکیترین بنەما بۆ تێگەیشتن لە (ئەلف و بێ)ی سیاسەت و ستراتیژیەتی ئهمهریكا، بەندە بە تێگەیشتن لە شێوازی داڕشتنی بڕیار و رەنگڕێژکردنی ستراتیژییەتهکانی ئهمهریكا، هەموو ئەم کارەکتەر و دەزگایانەش کە بەشدارن لە داڕشتنی سیاسەت و ستراتیژیەتی ئهمهریكا هەمیشە دوو بنەما لەبەرچاو دەگرن، ئەوانیش (پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئهمهریكا و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ئهمهریكا)ن، هەر ئەکتەرێکی دەوڵەتی یان نادەوڵەتی کاریگەریان هەبێت بە شێوازی ئەرێنی یاخود نەرێنی لەسەر ئەم دوو بنەمایەی سەرەوە، ئەوا سەنگیان دەبێت لە پێودانگی سیاسەت و ستراتیژیەتی ئهمهریكادا. راستیەکی حاشا هەڵنەگرە کەوا کوردستان وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتی سەنگ و پارێزبەندییەکی تایبەتی هەیە لە پێودانگی ئەمەریکادا، ئەگەرچی کوردستان هێشتا خاوەن کیانێکی سەربەخۆش نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەک هەرێمێکی فیدڕاڵ گرنگی خۆی هەیە لە هاوکێشەی ئهمهریكادا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەویش بەهۆی ئەوەی (هەرێمی کوردستان) لەلایەکەوە پێگەیەکی جیۆپۆڵەتیکی گرنگ و ستراتیژی هەیە "وەک دڵی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وایە"، لەلایەکی تریشەوە ژێرخان و سەرخانێکی دەوڵەمەندی هەیە. روون و ئاشکرایە دروستبوون و پاراستنی ئەم قەوارەیەی هەرێمی كوردستان بە پلەی یەکەم لە ئەستۆی ئهمهریكادایە، ئەم پاڵپشتیەی ئهمهریكاش وایکردووە کەوا باشووری کوردستان جیاواز لە هەر سێ پارچەکەی تری کوردستان، ببێتە خاوەن قەوارەیەکی یاسایی و دەستووری لە چوارچێوەی عێراقدا، لەم روانگەیەشەوە بەرپرسانی کۆنگرێس و کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوەی ئهمهریكا (کۆماری و دیموکراتەکان) هەمیشە تهئکیدیان لەوە کردووهتەوە کە "ئهمهریكا لەگەڵ هەرێمێکی کوردستانی بەهێزدایە، لەچوارچێوەی عێراقدا" پرسیار لێرەدا ئەوەیە: ئایا سەرکردایەتی سیاسی هەرێم چۆن بتوانێت لە پێودانگی ئهمهریكادا سەنگی کوردستان زیاتر بکات و پێگەی کوردستان بەهێزتر بکات، لە پێناو مانەوە و پاراستنی بەردەوامی قەوارەی هەرێمی کوردستان؟ وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام بۆ زیادکردنی سەنگی هەرێمی کوردستان لە پێودانگی ئهمهریكادا، گرنگە (داڕێژەرانی بڕیار) ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەن: 1- نووسینەوەی دەستوورێکی هاوچەرخ بۆ هەرێم. 2- ئەنجامدانی چاکسازییەکی ڕیشەیی لە سێکتەرەکانی حکومەت و کەرتی تایبەتدا. 3- برەودانی زیاتر بەپرسی (شەفافیەت) لە داهات و خەرجی گشت سێکتەرە جیاوازەکانی حکومەت و کەرتی تایبەت. 4- بووژاندنەوەی سێکتەرەکانی کشتوکاڵ و گەشت و گورزار لە پێناو هەمەچەشنکردنی داهاتی کوردستان. 5- پاراستنی پێگەی پێکەوەژیانی کوردستان بەلای ئهمهریكاوە گرنگیەکی تایبەتی هەیە. 6- پاراستنی پێگەی سەقامگیر و ئاسایشی هەرێم. 7- یەکخستنەوەی هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی هەرێم لەژێر چەتری حکومەتدا. 8- بە دامەزراوەیکردنی زیاتری دام و دەزگاکانی هەرێم لە سەر ئاستی هەرسێ دەسەڵات (یاسا دانان، جێبەجێکردن، دادوەری). 9- جێبەجێکردنی سیاسەتی (تەقەشوف) لە پێناو دەربازکردنی ئەم دۆخە ئابووریە قورسەی کەوا هەرێم و ناوچەکە و جیهانی گرتۆتەوە. 10- گرنگیدانی زیاتر بە پرهنسیپەکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و بەرز راگرتنی شکۆی هاووڵاتیانی هەرێم لە رێگای برەودان بە ئازادی رادەربڕین و ئازادی میدیا و ئازدی خۆپیشاندانی مەدەنی لەچوارچێوەی یاسادا. 11- پێویستە داڕێژەرانی بڕیاری کوردستان لەپاڵ گرێبەستی سەربازی، گرێبەستی سیاسی و ئابووری هەمەچەشن لەگەڵ ئهمهریكادا واژوو بکەن. 12- گرنگیدانی زیاتر بە پرسی دادی کۆمەڵایەتی و بەرز راگرتنی گوزەرانی هاووڵاتیان لە رێگای دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران و چینی مامناوەندی کۆمەڵگا. لە کۆتاییدا گرنگە بۆ ئێمەی كورد كەوا بەشێوەیەكی ئەكادیمی و زانستی (لەسەر بنەمای توێژینەوە و لێكۆڵینەوە) لە سیاسەتی ئهمهریكا تێبگەین و هەوڵبدەین بەرژەوەندییەكانمان لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا هاوتەریب و پاڕاڵیڵ بكەین تاكو قەوارەی هەرێمی کوردستان لەم ناوچە پڕ لە دوژمن و جیۆپۆڵۆتیکە داخراوەدا هەمیشە پارێزراو بێت، هەروەها پێویستە لەو حەقیقەتەش تێبگەین کەوا ئەمەریكا بەگوێرەی (گرێبەستە یاسایی و سیاسی و سەربازییەکان) سەنگ و قورسایی بۆ بەرامبەرەکەی دادەنێت، نەک لەسەر بنەمای دۆستایەتی و هاوسۆزی کۆمەڵایەتی! * سەرۆکی ئینستیتۆی توێژینەوەی (ئەمریکی-کوردی)
عەتا قەرەداخی نزیکەی بیست و هەشت ساڵە کورد خۆی فەرمانڕەوای بەشێکی گەورەی باشوری کوردستانەو ئاشکراشە فەرمانڕەوایی ئەم ماوەیە لە دەستی پارتی و یەکێتیدا بووە، بۆیە بەرپرسی یەکەمی باش و خراپی ئەم فەرمانڕەواییە ئەم دوو حیزبەن. ئیسلامیەکان و گۆڕان و شیوعی... و ئەوانی تریش بەشێکی خراپیەکانی ئەم فەرمانڕەواییەیان دەکەوێتە ئەستۆ لەو رووەوە کە لەسەر حیسابی بەرژەوەندی گشتی مەکسەب و مەنسەبیان وەرگرتووەو لەگەڵ مەڕ شینیان کردووەو لەگەڵ گورگیش گۆشتیان خواردووە. هەر بۆیە ئەوەی لە سەید سادق بەرامبەر بە بارەگاکانی ئیسلامیەکان و گۆڕانیش کرا، هاوشێوەی بارەگاکانی پارتی و یەکێتی، دەیسەلمێنێت جەماوەر خەریکە لەوە تێبگات کە هیچ حیزبێکی کوردی نوێنەرو دۆستی ئەوان نیە، بەڵکو لەم بارۆدۆخەدا رەنگە باشترین ناونیشان بۆ حیزبی کوردی ناونیشانی شانۆگەرییە بەناوبانگەکەی ئیپسن بێت وتە ( دوژمنی گەل – An Enemy of the People )، لەگەڵ جیاوازی تەواوی ناوەرۆکی ئەو شانۆنامەیەو کەسێتی پاڵەوانەکەی کە دکتۆر ستۆکمانە کە بە دوژمنی گەل دەناسرێت. لە راستیدا دکتۆر ستۆکمان لەسەر حەقە بەڵام ناهوشیاری خەڵک دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی دەسەڵات بە دوژمنی گەل بیناسێنیت، لەکاتێکدا لە رووی دڵسۆزی و خزمەتگوزاری و بەتەنگەوەهاتنی نەتەوەو نیشتیمان و لە گەندەڵی و یاریکردن بە ژیان و چارەنووسی جەماوەر بەهیچ شێوەیەک ئەم حیزبانە بەراورد ناکرین بە کەسێتی پاڵەوانی ئەو شانۆنامەیەو لەچاو ئەودا ئەمان بەراستی دەشێ بە دوژمنی گەل ناودێربکرێن بە تایبەتی لە رووی تێکشکاندن و بێ ئیرادەکردنی تاکی کورد و کۆی میللەتی کوردەوە، ئەوەی ئەم حیزبانە بە کوردو کەسێتی نەتەوەیی کوردییان کردوە دوژمنانی داگیرکەری عەرەب و تورک و فارسیش هەرئەوەیان پێکردووە. لە ماوەی فەرمانڕەوایی خۆماڵی کوردیدا، دەردەکەوێت کە کورد خاوەنی عەقڵی بەڕێوەبردن نیە. بۆ قۆناغی سەرەتا رەنگە پاساوێک هەبووبێت، ئەویش ئەوەیە کە پێشتر کورد ئەزمونی خۆبەڕێوەبردنی نەبووە. بەڵام ئەگەر پاش بیست و هەشت ساڵیش هەر بەهەمان ئەو عەقڵیەتە وڵات بەڕێوەببات کە بە عەقڵی شاخ دەستیپێکردووە. ئەمەش مانای ئەوەیە یان ئەم میللەتە توانای خۆبەڕێوەبردنی نیە، یان کەموکورتی لە حیزبەکانی کوردستاندایە کە ناتوانن سیستێمێکی پەسەند بۆ بەڕێوەبردن دروستبکەن، کە بێگومان بۆچوونی درووست ئەوەیە کە حیزبی کوردی لەبەر زۆر هۆکار نەیانتوانیووە یان نەیانوویستووە بەڕێوەبردنێکی باش درووست بکەن. ئەوە راستیەکی رەتنەکراوەیە کە لە ساڵی ١٩٩٢ ەوە تا ئێستا کوردستان لە لایەن دەسەڵاتی لێنەزان و نەشارەزاو خودپەرست و حیزبپەرست و بەرژەوەندی حیزب و سەرکردایەتی حیزبپەرستەوە بەڕێوەبراوەو سەرچاوەی شکست و گەندەڵیەکان ئەو ستراتیژە ئاوەژووەیە کە حکومەت لەبری ئەوەی لە پێناوی کۆی میللەت و وڵاتدا کاری کردبێت، لە پێناوی سەرکردایەتی حیزب و دەوروبەرکانیاندا کاریکردووەو زۆرینەی کێشەکانی ئێستای هەرێم ئەو ستراتیژە هەڵەیەیە کە لە سەرەتای دەسەڵاتی کوردیدا بە گشتی و لە دوای روخاندنی سەدام بەتایبەتی لەبەریانگرتووە، بە تایبەتی لە رووی گەندەڵی داراییەوە، لە رووی بە لێشاو خانەنشینکردنی خەڵکەوە لە دەرەوەی یاسا، دەستگرتن بەسەر سەرچاوەکانی دارایدا لە نەوت و گومرک. دابەشکردنی زەوی و زاری وڵات بەسەر دامەزراوەکانی حیزب و کۆمپانیاکانیان و کەس و لایەنی خۆیان و نزیک لەخۆیان... بێگومان گەندەڵیەکان هێندە زۆرن و هێندەش باسکراون هاووڵاتی ئاساییش لێیان ئاگادارەو هەر ئەو خراپیەی بەڕێوەبردن و باڵادەستکردنی بەرژەوەندییەکانی حیزب بەسەر بەرژەوەندییەکانی میللەتدا و هەر ئەو باڵادەستکردنەی بڕیاری حیزب بەسەر بڕیای حکومەتدا، بارودۆخی هەرێمی کوردستانی گەیاندووە بەم قۆناغە ترسناکەی ئێستاو ئەگەر چارەسەری ریشەیی خێرای بۆ نەکرێت ئەوا چارەنووسی لەبەردەم هەڕەشەی گەورەدایەو هۆکاری سەرەکی کەوتنە بەر هەڕەشەیەکی لەمجۆرەش بە پلەی یەکەم پارتی و یەکێتین. کەواتە بەرپرسی سەرەکی لەچاککردنی ئەم بارودۆخەش هەر پارتی و یەکێتین. واتە ئەگەر بیانەوێت دەتوانن زۆر بەباشی چارەسەری کێشەکان بکەن و خۆیان لەوە زیاتر سوک و ریسوا نەکەن لەبەردەمی بەغداداو لەوەش زیاتر میللەت بێچارە نەکەن. بەڵام چارەسەرێکی لەمجۆرە ئیرادەیەکی بەهێزو بڕیارێکی نەتەوەییانەو نیشتیمانیانەی دەوێت کە ئەم شێوە ئیشکردنەی ئێستایان هەرگیز ناتوانێت ئەنجامێکی وەها بەدەستبهێنێت. بۆ زیاتر روونکردنەوەی ئەو ئیرادەو بڕیارە، با لە دوو ئاستدا سەیربکەین. یەکەم ئاستی حکومی و بڕیارەکانی حکومەت بۆ چاکسازی و شەفافی. دووەم ئاستی کارو هەڵوێست و روانین و بڕیاری سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی لە دەرەوەی حکومەت. بێگومان ئەمەی دووەمیان ئاشکرایە کە سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی تەنیا لە کاتی دەنگداندا خەڵکیان بیردەکەوێتەوەو تەنیا بۆ دەنگدان خەڵکیان دەوێت و وەکو هەردەسەڵاتێکی سەروخەڵک و بەرژەوەندیخوازو تەنانەت تۆتالیتار وەکو ئامراز بۆ بەدیهێنانی ئامانج و بەرژەوەندییەکانی خۆیان سەیری جەماوەر دەکەن. بۆیە لێرەدا خاڵی دووەم کە کارو هەڵوێست و روانین و بڕیاری ئەم دوو حیزبەیە بەجێی دەهێڵین و زیاتر لەسەر حکومەت و پینەوبەڕۆ، یان وەهمی چاکسازیەکەی قسەدەکەین. ئەم کابینەیەی حکومەت هەر لە سەرەتاوە واینیشان دا کە بەجیدی چاکسازی دەکات. بەڵام با بپرسین ئایا بکەری چاکسازی کێیەو کێ دەتوانێت چاکسازی بکات؟ من لەسەربەندی دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕاندا، لە زنجیرە وتارێکدا لە رۆژنامەی هاووڵاتی باسی ئەوەم کرد کە ئەو عەقڵیەتەی ئەو بزوتنەوەیەی دروستکردووە عەقڵی گۆڕانکاری نیە، نە رابەری ئەو بزوتنەوەیەو نە سەرکردایەتیەکەشی بکەری گۆڕانکاری نین لەبەر کۆمەڵێک هۆکار کە ئەوکات باسمان کردوون. ئەوەتا پاش یانزە ساڵ دەبینین گۆڕان نەک گۆڕانی پێنەکرا بەڵکو جەماوەریشی لەهەر گۆڕانکاریەک بێئومیدکرد. ئەم باسەم بۆیە هێنایەوە تا لێرەوە باسی ئەوە بکەین ئایا بە راستی ئەم کابینەی ئێستا، بە سەرۆک و جێگرو وەزیرەکانیەوە دەتوانن ببنە بکەری چاکسازی یان نا؟ ئاشکرایە کە دەسەڵاتی کوردی لە گەندەڵیدا نقوم بووەو گەندەڵیش سوپایەکی گەورەو بەهێزی هەیە لە کوردستاندا کە لە هەموو سوپاکانی تری ئێستای کوردستان بەهێزترەو بەشی هەرەزۆری سەرکردایەتی حیزبەکان و، ئەوانەی هاوبەرژەوەندی سەرکردایەتی حیزبەکانن، ئەوانەی لە سایەی ئەم حیزبانەدا لە پڕیک بوونەتە کوڕێ، لە کۆنە موستەشارو ئەنفالچی و ئەو کوردکوژانەی کە بەرپرسانی پارتی و یەکێتی بە پلەی باڵای سەربازی و پلەی تایبەت خانەنشینیان کردوون و زۆرینەیان هاوبەرژەوەندی و هاوکارو هاوبەشی بەرپرسانی کوردستانن، ئەمە بێجگە لە هێزی پتەوتری دەرەکی پارێزەری گەندەڵکارانی کوردستان لە ئیران و تورکیا کە ناوچەی سەوز بووەتە بازاڕو جێنفوزی ئێران و ناوچەی زەردیش بووەتە بازاڕو جێنفوزی تورکیا. ئێستا ئاشکرایە کە گەندەڵکارانی کوردستان لە پارتی و یەکیتی و حیزبەکانی تریش هاوکاری راستەوخۆو ناڕاستەوخۆی یەکترن لەناو سەرکردایەتی هەموو حیزبەکاندا بە دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵاتەوە چونکە بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیەو هەموویشیان بەرگری لەو بەرژەوەندیە هاوبەشانەیان دەکەن. کەواتە کێ دەتوانیت شەڕی ئەم سوپا بەهێزەی گەندەڵی بکات؟ بێگومان شەڕکردنی سوپای گەندەڵی سوپایەکی بەهێزو کاراو خاوەن ئیرادەو سەرکردایەتیەکی بەهێزو خاوەن ئیرادەو خاوەن بڕیارو کارای جێبەجێکەری دەوێت. سەرکردایەتیەک کە بتوانێت لە بەرژەوەندی تایبەتی هەموو پنتە بەهێزەکانی دەرەوەی حکومەت بدات لە کەسە یەکەمەکانی پارتی و یەکێتیەوە هەتا بەرژەوەندی دواکەسی هەموو ئەوانەی لەم کوردستانەدا لەسەر حیسابی بەژەوەندی گستی و لە سامانی گشتی خۆیان دەوڵەمەند کردووە. ئێستا با بپرسین ئایا سەرۆکایەتی حکومەتی ئێستا دەتوانێت کۆمپانیاکانی کارو نۆکان و ئیدارەی گستی لەکاربخات و ئەوەی لە بەرژەوەندی گستی و سامانی گستی بۆ سەرکردایەتی پارتی و یەکیتی دەچێت بگێڕێتەوە بۆ حکومەت؟ ئایا سەرۆکایەتی حکومەتی ئیستا دەتوانێت لێپرسینەوە لەوانەی پێشتر بکات لەسەر دۆسیەی نەوت و چۆنێتی دەرهێنان و رێکەوتنی نێوان حکومەتەکانی پێشتر و ئەو کۆمپانیایانەی لەو بوارەدا کاردەکەن و رێکەوتنی حکومەت و تورکیا لەسەر چۆنێتی هەناردەکردنی؟ ئایا سەرۆکایەتی حکومەتی ئێستا دەتوانێت لەسەرۆکایەتی حکومەتەکانی پێش خۆی بپرسێتەوە کە بۆچی ئەو هەموو خەڵکەی بە پلەی بەرزی جۆراوجۆر خانەنشینکردووە، ئایا سەرۆکایەتی حکومەتی ئێستا تواناو بوێری و ئیرادەی ئەوەی هەیە، هەموو ئەوانەی کە پێسمەرگە نەبوون و بە ناوی پلەدارو پێشمەرگە خانەنشینکراون لە ئەندامامی حیزب و کەسوکاریان، لە رۆژنامەنووس و هونەرمەندو نووسەرو ژنان جاش و بەرپرسانی جاش و خەڵکی عەرەب و تورکمان و...، لەو کەسانەی کە وەزیر نەبوون بەوەزیر خانەنشینکراون، راوێژکار و جێگری وەزیرو بەڕێوەبەر نەبوون و بەو پلانە خانەشین کراون...هەموویان هەڵبوەشێنێتەوە؟ ئایا سەرۆکایەتی حکومەتی ئێستا دەتوانێت دەستی پارتی لە ئیبراهیم خەلیل و مەرزەکانی تری سنووری زەردو دەستی پارتی لە مەرزی باشماخ و مەرزەکانی تری سنووری سەوز بکاتەوەو بیانکاتە سەرچاوەی داهاتی حکومەت؟ ئەگەر سەرۆکایەتی حکومەت توانی ئەمانە بکات و دەستی حکومەت بخاتە سەروی دەستی حیزبەوەو حکومەت توانی حیزب مل کەچ بکات بۆ یاسا و یاسا بەسەر کۆی بەرپرساندا جێبەجی بکات، ئەوا مانای وایە ئەم حکومەتە دەتوانێت ببێتە بکەری چاکسازی، خۆئەگەر تواناو ئیرادەی ئەوەی نەبێت ئەوا چاکسازی بێجگە لە قسە هیچیتر نیەو هیچیش بەرهەم ناهێنێت. ئەوەی لە ماوەی دەستبەکاربوونی ئەم کابینەیەدا سەبارەت بە چاکسازی باس دەکرێت نیشانی دەدات کە سەرۆکایەتی ئەم حکومەتە ناتوانێت ببێتە بکەری چاکسازی و ئەوەش وادەکات بارودۆخەکە لەمەی ئیستا خراپتر بێت و پێشهاتەکانیش واینیشان دەدەن کە لایەنە بڕیاربەدەستەکانی عێراق بەئاسانی بەهیچ داوایەکی کورد رازینابن و ئومیدی ئەوەش نیە کە رێکەوتن لەگەڵ بەغدا شتێکی ئەوتۆ بۆ هەرێم بەرهەمبهێنێت. بۆیە تاکە رێگا کە بتوانێت حکومەتی هەرێم و کۆمەڵگای کوردستان لە هەرەسی ترسناک رزگاربکات چاکسازی ریشەییە، بەڵام ئەم هەنگاوە خاوو خلیچکانەی حکومەت و نەوێرانی دەستبردن بۆ ئەو خاڵەسەرکیانەی کە پێویستە چاکسازیی ریشەییان تێدابکرێت چارەنووسی ئەم حکومەتە دەخاتە بەردەم مەترسیەوەو لەبارێکی وەهاشدا پارتی و یەکێتی لەهەر پێشهاتێکی ترسناک دەبنە بەرپرسیار لەبەردەم مێژوودا، ئەگەر مێژوویان لە بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان پێ گرنگتر بێت؟ ئێستا هەرێمی کوردستان لە نێوان دوو سوپادا دابەشبووەو لە جەنگی نێوان ئەو دوو سوپایەدایە، سوپای گەندەڵی و سوپای خەڵک. تاکو ئیستا حکومەت لە نێوان ئەم دوو سوپایەدایە. دیارە ئەنجامنەدانی چاکسازی ریشەیی و مانەوەی حکومەت بەمشێوەیە، سەرئەنجام حکومەت دەخاتە ریزی سوپای گەندەڵیەوە کە بریتیە لە هەموو ئەو بەرپرسانەی کورد لە ماوەی فەرمانڕەوایی کوردیدا هەریەکە بەجۆرێک گەندەڵییان کردووەو کوردستانیان بەم دۆخەی ئێستا گەیاندووە. ئێستا سەرۆکایەتی حکومەت لەبەردەم دوو هەڵبژاردەدایە: یان ئەوەتا هەروەکو ئێستا بەردەوام دەبێت تا رقی جەماوەر بە تەواوی دەتەقێتەوەو چارەنووسی ئەم دەسەڵاتە دەخاتە بەردەم مەترسیەوە، یان ئەوەتا حکومەت چاکسازی ریشەیی دەکات و سوپای گەندەڵکاران دەبەزێنێت و دەبێتە خاوەنی سوپایەکی بەهێزتر کە سوپای خەڵکە، سوپای ئەو جەماوەریە کە سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی هەژارو نەدارو بێکارو برسیان کردون و توڕەییان گەیشتووەتە ئاستی تەقینەوە، بێگومان ئەگەر حکومەت چاکسازی ریشەیی لە کورتترین کاتدا نەکات و کێشەکانی خەڵک چارەسەر ناکات ئەوا سەرئەنجام تەقینەوەی جەماوەر تووندتر دەبێت و دەشێ ئەم دەسەڵاتە و هەردوو حیزبە پێکهێنەرەکەی کە دەشێ پێیشیان بگوترێت هەردوو رێگرە سەرەکیەکەی بەردەم چاکسازی، بەرەو شکستی زیاتر بڕۆن.
جەعفەر عەلی ئەوە روونە، کە دەسەڵات لە ھەرێمی کوردستان لە ژێر دەستی (پارتی و یەکێتی)دایە. ئەم دوو ھێزە سیاسییە کۆنتڕۆڵی ھەموو شتێکی سەرزەوی و ژێر زەوی و تەنانەت ئاسمانی کوردستانیشیان کردووە، بەڵام ھێزەکانی دیکەیش لە بەھێزکردنی باسکی ستەمکاری پارتی و یەکێتیدا، بێگوناھ نین. ئەگەر پارتی و یەکێتی ستەمیان کردبێ، ھێزەکانی دی یان بە تەنیشت کورسی ستەمکارییەوە بە دیار پۆستی مردوو، بێدەنگ دانیشتوون، یان کراون بە شاگرد و دەرگاوانی رۆحی ئەو سیستەمە نادیموکرات و نانیشتیمانییەی، کە شوێنێکی ساغ لە عەقڵ و جەستەیدا نەماوە. زۆربەی ھێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی، بوون بە بەشێک لە ھەتوان بۆ شاردنەوەی ئەم برین و نەخۆشییە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئیدارییانەی، کە ئەم دوو ھێزە لە مێژووی سی ساڵی رابردوو لە کوردستاندا خوڵقاندوویانە، شاردنەوەیەک، کە ھێندەی پارتی و یەکێتی، ئەم ھێزانە دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و نیشتیمانی و سیاسییەوە. کاتێک خەڵک بارەگاکانی پارتی و یەکێتی وەک دوو ھێزی ھەژمونگەرا بەسەر کۆی جومگەکانی ژیان و سیاسەت لە کوردستان دەکاتە ئامانج، ئەوان وەک بەرپرسیاری یەکەمی ھەڵوەشانی کۆمەڵگە و داڕوخانی دۆخە گشتییەکە دەبینن. دیدگاکەش تەواو راست و دروستە، چونکە دەزگاکانی دەرەوەی حیزب و ئەوەی پێیدەگوترێ (حکومەت)، کراسێکی دوو رەنگی چڵکنی بەر ئەم دوو ھێزە سیاسییەن، نیوەی زەرد و نیوەکەی دیکەی سەوز . ئەوانیدی چ گۆڕان، کە ئێستا و چ کۆمەڵ و یەکگرتوو، چ ھێزەکانی دیکەیش، کە پێشتر بە تەنیشت پارتی و یەکێتییەوە بەشداری دەزگاکانی حوکمڕانی بوون، بەشێکی گرنگ لەو ھۆکارانەن، لەلایەکەوە تەمەنی ستەمکارییان لە کوردستان درێژتر کردووەتەوە، لەلایەکی دی، راستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ، وێنە ناشیرینەکانی دەسەڵاتیان ھێندەی لە توانایاندابووە، نە بۆ خەڵکی کوردستان، نە بۆ ئەندام و دەنگدەرانی خۆیان، بە ئەندازەی پێویست و بە قەبارەی رۆحی ستەمکارییەکە، رونکردۆتەوە، بۆیە خەڵک لە ئەوانیش بێزار و ناڕازییە. سەرکردایەتی سیاسی ھێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی، پێویستە لەوە تێبگەن، کە ئەم بێزاری و ناڕازیبوونە لە ئێستادا بەشێکە لە پێکھاتەی سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی خۆپێشاندەران و لە بۆشاییەوە نەھاتووە. ئەمە بێزارییە لە ناشیرینی سیاسەتی حیزبی، لە نەبوونی روئیای روونی سەرکردایەتی سیاسی، لە قێزەونبوون و بێزراوبوونی حیزب خۆی. ھەر ئەم ناڕازیبوونەشە وایکردووە کاتێک کۆمەڵ و یەکگرتوو لە دەرەوەی بەشداری پێکھێنانی ئەم کابینەیەی حکومەتیشدان، بەڵام خەڵک جیاوازی لە نێوان بارەگاکانی ئەوان و پارتی و یەکێتی و گۆڕاندا ناکات و وەکیەک گڕ لە باڵایان بەردەدات. بڕیارەکان لە ھەرێمی کوردستان، چەندیش چارەنوسساز بن، بڕیاری بیرلێکراوە و نیشتیمانی نین، بڕیارەکان ئەگەرچی بە ژیان و ئایندەی کۆی گشتی خەڵکی ھەرێمی کوردستانەوە پەیوەندیدارن، بەڵام لە ناوەند و سەنتەری بڕیاری نیشتیمانییەوە نایەن، بەڵکو لە بارەگاکانی حیزب و دیوەخانی بنەماڵەوە دێن، بۆ نمونە، لە گرێبەستی پەنجا ساڵی و دەیان رێکەوتنی شاراوە و نھێنی دیکەدا، نەک خەڵکی کوردستان، بەڵکو ئەو ھێزانەش تەواو لە وردەکارییەکانی ئاگادار نین، کە بە تەنیشت پارتییەوە چ لە رابردوو، چ لە ئێستادا، لە پێکھێنانی حکومەتدا بەشدارن. چ ریسواییەکی سیاسییە تۆ وەزیری دارایی بیت، ئاگاداری وردەکاری گرێبەستەکان و داھاتی گشتی نەبیت، تۆ وەزیری پێشمەرگە بیت، بەڵام دەسەڵاتت بەسەر گەنجێکی تفەنگ بە دەستی زێرەڤانی و چەکدارێکی بەردەم بارەگایەکی زەردەوە نەبێت! نیشتیمان و چارەنوسی نیشتیمان، لە ژێردەستی حیزب و بنەماڵەدایە، ئەوانن بڕیار لە مامەڵەکردن بە سامانێکەوە دەدەن، کە تەنیا ھی ئەوان نییە، بەڵکو کۆی ھاوڵاتیانی کوردستان بە نەوەکانی ئایندەشەوە خاوەنین. کاتێک ھاونیشتیمانیان بە ھۆی ئەم سیاسەتەوە بەشی ھەرە گرنگی تەمەن و ژیانیان نە تەنیا دەکەوێتە بەردەم سەختی و قورساییەکی گەورەوە، بەڵکو دەبێت بە تراژیدیایەکی راستەقینە، ئەمڕۆیان لە دوێنێ خراپتر و سبەینێشیان لە ئەمڕۆ خراپتر دەبینن، ئیدی سەرەنجام چاویان، بیرکردنەوەیان دەچێتە سەر ئەو ناوەندانەی بڕیار و وەک ھۆکاری سەرەکی ئەم دۆزەخەی دەبینن، کە بە ناوی ژیانەوە بۆیان دروستکردوون. ھەموو رۆژێک ژیان لەگەڵ کارەسات، لەگەڵ تراژیدیا، دۆخێکە ھیچ چین و توێژێکی کۆمەڵایەتی، ھیچ نەوەیەک و ھیچ مرۆڤێکی بە ئاگا لە دونیادا، ناتوانێت بێ بینینی ئاسۆیەکی روون، تا ئەبەد لەگەڵیدا بژی. بۆیە بارەگاکان وەک ناوەندی خوڵقاندنی ئەم کارەساتەی ناویان ناوە ژیان دەبنە شوێنێک بۆ پەلاماردان و ھێرش. پەلامار و ھێرشەکانیش وەک پەیامێکی راستەقینە بۆ بنەماڵە دەسەڵاتدار و پشتیوانەکانیان دەنێرن، کە ئیدی مرۆڤ ناتوانێت بە سوپاس بژی. ژیانمان بگۆڕن، رێز لە کەرامەتی مرۆییمان بگرن، دەستدرێژی مەکەنە سەر ژیان و ئازادیمان، سوپاسەکان بۆ خۆتان. بارەگا لێرەدا، بریتی نییە لە چوار دیوار و بنمیچێکی بێ رۆح و گیان، بەڵکو بریتییە لەو ناوەندە رەمزییەی، رۆژانە وێنەی ستەمەکانی دەسەڵات دەنوێنێتەوە، ناوەندێکە ھەرچی زیاتر خەریکی بەرھەمھێنانی ملکەچی و قوتابخانەی بە کۆیلەکردنی کۆمەڵگەیە، بۆیە لە رێی تێکشکاندنی ئەوەوە، ئەو رۆحی غرور و ئیگۆ سیاسییە ناشیرینەش تێکدەشکێنرێ، کە بوونەوەرەکانی ناو بارەگاکان نایانەوێت بیبینن، یان دەیبینن و خۆیانی لێ گێل دەکەن. بارەگای حیزب لە کوردستان دەستی لە ناو ھەموو پنتەکانی ژیانی ھاوڵاتیاندایە، لە گەورە و بچوکی ژیانی سیاسی، ئابوری، ئیداری ئەم ھەرێمە، لە بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی سەرەتاییەوە تا بە بەڕێوەبەری ناحیە و پۆلیس و نەخۆشخانە و سەرۆکی زانکۆکان دەگات، بڕیار دەدات. بارەگا نەک تەنیا پۆست و پلەکان دابەش دەکات، بەڵکو مرۆڤەکانیش پۆلێن دەکات، پێماندەڵێت، کێ نیشتیمانپەروەرە و کێ خائین، کێ فریشتەیە و کێ شەیتان، کێ مرۆڤی پلە یەک و کێش پلە دوو و سێ و چوار... ئەگەر ئەمە ئیشی بارەگا بێت، لە راستیدا ئەوە بارەگایەکی حیزبی ئاسایی نییە، کە خەریکی کاری سیاسی و رێکخستنی حیزبی بێت، بەڵکو سەنتەری چەوساندنەوە و ھەڵوەشانی کۆمەڵگە و بەشینەوەی ستەمکارییە. ناوەندێکە دەستی لە نێو کۆی ئەو نەھامەتی و بێ رێزییە دایە کە دەرھەق بە مرۆڤی ئێمە دەکرێت. ئیدی ئێستا دەبێ ھێزە سیاسییەکان، تایبەت پارتی و یەکێتی تێبگەن بۆچی بارەگاکانیان دەکرێنە ئامانج.
عهدالهت عهبدوڵڵا زۆر كهس لهوانهی له بارهی خۆپیشاندانهكانی ئهم رۆژانهی سنوری پارێزگای سلێمانی و ههڵهبجهو ئیدارهكانی راپهڕین و گهرمیان دهدوێن، بهسهر دوو جۆر له تێگهیشتندا دابهش بوون، یهكهمیان: پێی وایه نابێ له خۆپیشانداندا هیچ حاڵهتێكی پهلاماردان و دهستبردن بۆ ماڵ و موڵكی گشتی رووبدات. دووهمیشیان: وای دهبینێ تاوانه دهوڵهت له هیچ خۆپیشاندهرێك بپرسێتهوهو دهستگیری بكات، تهنانهت ئهگهر ماڵ و موڵكی گشتییش بسوتێنێت!. لهراستیدا، ئهم تێگهیشتنه، ههردوو، وهك یهك، زهق و ئاشكرا، ههڵهو چهوتن، بهڵگهی ئهوهن كه هۆشیارییهك بهرامبهر به ئهزموونی گهلانی ههره پێشكهوتوو و دیموكراتی دنیا نییهو، پرهنسیپی خۆپیشاندانیش، بهو فۆرمهی كه وهك ماف دانراوهو دانی پێدا نراوهو لهدهستورو یاساكاندا رێكخراوه، رووبهڕووی مهترسی و بێ بههاكردن دهكرێتهوه، ههم لهلایهن دهسهڵاتداران و ههم خهڵكانێك له ریزی خۆپیشاندهراندا. راستی ئهوهیه، یاساكان، وهك پرهنسیپ بۆ رێكخستنی كاروباری گشتی، ههمیشه قابیلی ئهوهن كه له واقعدا پێشێل بكرێن، پێشێلكردنهكهش دوو سهرهیه، مومكینه ئهو پێشێلكارییه لهلایهن دهوڵهت و بهرپرسیارانییهوه بێت، بهوهش دهوڵهت ههر خۆی بهرپرسه كه ئهو پێشێلكارییانه رابگرێت و له زۆر وڵاتیشدا ئهوه پهرلهمانه كه لێپرسینهوه له دهسهڵاتی جێبهجێكردن دهكات، مومكین-یشه پێشێلكارییهكه لهلایهن كهسی خۆپیشاندهرهوه بێت. وڵاته یهكگرتووهكانی ئهمریكا كه گهورهترین زلهێزه له باسكردنی دیموكراسیدا، ههمان هاوكیشه دهژی، بهڵام بههۆی جیاوازیی ئهزموون و كهلهپوری دیموكراسییهوه، به دهرچهو چارهسهری عهقڵانی لێی دێنه دهرهوه.. رهنگه خۆپیشاندانهكانی ناڕهزایی تایبهت به كوشتنی جۆرج فلۆید له 25ی ئایاری ئهمساڵدا، ههر خۆی نزیكترین نموونه بێت. ئهو رووداوه، نهك ئاگری بهردایه رای گشتی ئهمریكا، بهڵكو ناڕهزاییهكانی پهڕاندهوه بۆ زۆر وڵاتی ئهوروپاو بهشێكی جیهانیش. ئێمه ههموو بینیمان كه له كاردانهوهی خۆپیشاندهرانی ئهمریكیدا، تهنها پۆلیس و كهرهستهو ئۆتۆمبێل و بنكهكانیان نهكرانه ئامانج، بهڵكو لهناو خۆپیشاندهراندا به سهدانیان له ئامانجی خۆپیشاندانهكان دهرچوون و پهلاماری گهوره مۆڵ و دوكان و بازاڕی كارو كاسبیی هاوڵاتیانیشیاندا، بگره ههندێك لهو موڵگه گشتی و ئههلییانه، به رۆژی نیوهڕۆ، تاڵان كران!. دهوڵهت و یاسا، لهم كاتهدا، بۆ ئهوه نین كه له رێگهی توندوتیژییهوه سهرلهبهری ئهو خۆپیشاندهرانهی كه له دهربڕینی ناڕهزایی بۆ كوشتنی فلۆید روویان كرده دزین و فهرهودكردنی مۆڵ و بازاڕهكان، بدهنه بهر دهستڕێژی گوللـهو بهرببنه گیانی گردبوونهوهكان، له ههمانكاتدا به مانای ئهوهش نین بێدهنگ و بێ خهم به دیار خۆپیشاندهرانی ئهمریكییهوه دابنیشن و دۆخێك له ئاژاوهو بهرهڵایی بێته ئاراوه، بهڵكو ئهركی دهوڵهت و یاساكانی، لهو كاتهدا، بهپێی عهقدێكی كۆمهڵایهتی كه لهنێوان دهوڵهت و كۆمهڵگهدا ههیه، ئهوهیه كه، ههم چهمك و مافی خۆپیشاندان بپارێزێ و نهشێوینرێت، ههم سهروماڵی گشت بپارێزێت، لهم پرۆسهیهشدا، پێشوهخت دهزانێ كه رای گشتیی ئهمریكی پاڵپشتیی دهكات. ههر بۆیه له وڵاتێكی وهك ئهمریكادا كه به قهڵایهكی دیموكراسی له جیهاندا ناودهبرێ، زۆر به ئاسانی و له چهند رۆژێكدا به ههزاران ههزار خۆپیشاندهر كه گلابوونه ئهو رهفتارانهوه، دهستگیر كران و لێپرسینهوهیان لهگهڵدا كرا. بهمانایهكی تر، نه ئیشی دهوڵهته كه یاسا له رێگهی لوولهی تفهنگهوه جێبهجێ بكات، نه ئیشی خۆپیشاندهریشه كه له ئامانجی خۆپیشادان بچێته دهرهوه، لهگهڵ ئهوهشدا كۆنترۆڵكردنی سهددهرسهدی ههلومهرجهكان، تهنانهت له دیموكراسیترین وڵاتانی دنیاشدا، وههم و زهحمهته، بۆیه خۆپیشاندانهكان له ئهمریكا، له فهرهنسا، له ئیتاڵیا، له بهریتانیا، له بهلجیكا و له ئهڵمانیا و زۆر وڵاتی تری ئهوروپی و رۆژئاوایی كه نموونهی وڵاتانی دیموكراتن، ههم ناوبهناو بێ قوربانی نابن، ههم ناوبهناویش تیایاندا پهلاماری شوێنی گشتی و تهنانهت ئههلییشی دهدرێت!، ئهوهی كه ههموو كات بۆ ئهوێ راستهو لهسهرو ههموو رووداوێكهوهیه، ئهوهیه كه، كۆمهڵگهو دهوڵهت، پێكهوه لهسهر ئهو خاڵه كۆكن كه ههم مافی خۆپیشاندان پارێزراو بێت، ههم سهروماڵی گشتی. لێره له ئهزموونی كوردستانیشدا دهبێ بهم شێوازه مامهڵه بكرێت. جارێ نهبوونی خۆپیشاندان له ههرێمێكدا كه به دهست خراپترین قهیرانی ئابوری و داراییهوه دهناڵێنێت، نیشانهی ئیرهاب و غیابی ئازادییه، بوونی خۆپیشاندانیش لهههر رووبهرێكدا بهڵگهی زیندووێتی كۆمهڵگهو بهشداریی سیاسییه. له پاریس، پێش دوو ساڵ، بههۆی قهیرانهوه نا، بهڵكو لهخۆشی و ئاههنگهكانی سهری ساڵدا بهدهیان كردهوهی ئاژاوهگێڕی روویاندا، زیاتر له 1000 ئۆتۆمبێلی تهنها هاووڵاتی سوتێنرا!، نزیكهی 500 كهسیشی لهسهری دهستگیر كرا!، چ جای ئهوهی كه تۆ، له وڵاتێكدا بژی، پڕبێ لهقهیران!. با كهس وا بیر نهكاتهوه كه خۆپیشاندانهكان دهبێ، لهههموو كات و دۆخێكدا، خاڵی بێت له پهلاماردانی موڵكی گشتی، كهسیش وا مهزهنده نهكات كه هیچ رووداوێكی دڵتهزێن لهم بهریهككهوتنانهدا روونادات، نهخوازهڵا له وڵاتێكدا كه پڕه له دیاردهی چهكداری و هاوكات گرانی و بهرزبوونهوهی رێژهی بێكاری كه ههر خۆیان بهسن بۆ ئهوهی لێرهو لهوێ، خۆپیشاندان سهر له توندوتیژییهوه دهربهێنێت. ئهركی بهرپرسانی دهوڵهتی ههمیشه ئهوهیه كه، یهك پرسیاری جهوههری بكهن: چ هۆكارێكی راسهقینه له ئارادایه كه ئارگیۆمێنت و پاساو بخاته دهستی ئهو هاوولاتیانهوه كه ناڕهزایی دهردهبڕن و سهرباری ئهوهی ئهزانن كه موڵكی گشتی و دهزگای خزمهتگوزاری و ئیداری لهبابهت قائیمقامییهت و ناحیهو پۆلیس و پهروهردهو ئاسایش و شارهوانی، شوێنی راییكردنی كاروباری گشتین، كهچی لهگهڵ ئهوهشدا دهستیان لێ ناپارێزن؟ ئهوه كرۆكی بابهتهكهیه.. ئایا دهوڵهت كهمتهرخه؟، هۆكاره؟، سهرچاوهی ئهو ههلومهرجه نالهبارهیه؟.. ئهگهر ئا، ئهوا پێویسته چاوهڕوانی ئهوهش نهكرێ كه ههموو خۆپیشاندانهكان، لهههموو كات و سهردهمێكدا، تهواو مهدهنی بن، تهواو ئاشتییانهو بێ توندوتیژی بن، گروپی سیاسییش سواری نهبێ!، ئهمه تهنانهت له دۆخی شارو شارۆچكهیهكهوه بۆ یهكێكی تریش ئهگۆڕێ، چ لهرووی باری ئابوری و ژیانهوه، چ لهرووی كۆمهڵایهتی و ئهزموونهوه، بۆیه دهبێ دهوڵهت ئهركی خۆی جێبهجێ بكات. پۆلیسی ئهمریكا كه به جارێك 6 بۆ 7 ههزار خۆپیشاندهر دهستگیر دهكات بۆ ئهوه نییه پێیان بڵێ مافتان نییه خۆپیشاندان بكهن، بهڵكو بۆ ئهوهیه ئهم مافه رێكخراو بێ و نهبێته هۆی زیانی گشتی، چونكه كاتێك گشت/كۆمهڵگه زیانی پێ بگات، لهوهشیاندا ههر دهوڵهت بهرپرسیاره، جا كێ دهوڵهمهتداره دهبێ ئهم بهڵگهنهویسته قبوڵ بكات، كێیش پێی ناخۆشه، با بڕوا (كاسبی)ییهكی تر بدۆزێتهوهو ههڵبژێرێت!. لهم خۆپیشاندانانهی ئهم رۆژانهشدا، بهداخهوه دیسانهوه بینیمان خوێنڕشتنی تێ كهوتهوه، هۆكارهكهش روونه، دهوڵهت هێشتا خۆی لهوهڵامی پرسیاره جهوههرییهكه نادات، بهڵكو بیانوو بۆ ههلومهرجهكان دهدۆزێتهوهو له رابردووشدا كهسی لهسهر تاوانی بهكارهێنانی چهك لهبهرامبهر خۆپیشاندهردا، سزا نهداوه. له پاریس كوشتنی چهندین خۆپیشاندهر له خۆپیشاندانهكانی هێلهك زهردهكان، وایان نهكرد كه دهوڵهتهكهی ماكرۆن له بهرپرسیارێتییهكانی ههڵبێت، بهڵكو دهوڵهت ناچار كرا پیاچوونهوه به سیاسهتهكانیدا بكاتهوه. پۆلیسی پاریس به سهدان خۆپیشاندهری دهستگیركردو بهندی كردن، بهڵام بۆ ئهوه نهبوو بڵێ: پهیامی خۆپیشاندانهكان راست نین، له بهرلین و فرانكفۆرتی ئهڵمانیا كاتێك دهیان و سهدان خۆپیشاندهر دهستگیر دهكران بۆ ئهوه نهبوو كه راوێژكاری وڵات ههموو تێزێكی تهنانهت راستڕهوكانیش پشتگوێ بخاو هیچ پلانێكی نهبێت بۆ ههندێ قهیرانی سیاسی و ئابوری و سیاسهتی بانكهكانی وڵات، بهڵكو به دۆزینهوهی ههلی كاری زیاترو باشكردنی دۆخی خزمهتگوزاری روبهڕووی گوتاری كهراهییهت و رقههڵگرتن له پهنابهران دهبێتهوه. دهوڵهت و دهوڵهتمهدار پێویسته بهم جۆره بیر بكاتهوهو مامهڵه بكات، نهك خهریكی پیشهسازیی تۆمهتبهخشینهوهو پهرۆشی تهنها بێدهنگكردنی ناڕهزاییهكان بێ به ههر نرخێك بێت.
ئاسۆس هەردی لە هیچ شوێنێکی دنیادا سەرکوتکردن نەیتوانیوە کۆتایی بە ناڕەزایەتییەکان بهێنێت. لەراستیدا سەرکوتکردن ئەگەر بەحساب "سەرکەوتوو"یش بێت، تەنها دوو ئەنجامی لێدەکەوێتەوە. یەکەم، شاردنەوەی ناڕەزایەتییەکان بە زەبری هێز بۆ ماوەیەکی کاتی، کە بێگومان زۆر نابات لە هەر دەرفەتێکدا کە بێتەپێشەوە بەشێوەیەکی بەرفراوانتر دەردەکەونەوە، چونکە سەرچاوەکانی ناڕەزایەتییەکان وشک نەکراون و هۆکارەکان وەک خۆیان ماون. دووەم، هەموو سەرکوتکردنێکی ناڕەزایی ئاشتییانەو مەدەنییانە تۆوی توندوتیژی دەچێنێ، تۆوێک کە ئەمڕۆ بێ یا سبەی لە نزیکترین دەرفەتدا چەکەرە دەکات و لەسەر شانۆی سیاسەت دەبێتە ئەکتەری سەرەکی. چونکە کاتێک خەڵک نائومێد دەبن لەوەی خۆپیشاندانی مەدەنییانەو ئاشتیخوازانە کاریگەرییان هەبێ، ئیدی دەگەنە ئەو قەناعەتەی جگە لە پەلامارو زەبری هێزو راپەڕین هیچ رێگاچارەیەک بۆ گۆڕانکاری و چارەسەرکردنی قەیرانەکان نەماوەتەوە. هەر ئەمەش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو توندوتیژی و پەلاماردانەی لە زۆربەی خۆپیشاندانەکانی کوردستاندا دەیانبینین و، پێشتر و لەسەروبەندی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتدا لە نووسینێکدا بە ناوی "مەترسییەکانی نائومێدی" باسم کردووە. بۆیە پەلاماردانی خۆپیشاندەران، دەستگیرکردنیان، داخستنی ئێن ئار تی و چەتر یا هەر میدیایەکی تر، هیچ شتێک چارەسەر ناکات، بەتایبەت لە سەردەمێکدا کە سۆشیال میدیاو (هاوڵاتیی رۆژنامەنووس) بوونەتە ئەکتەرو فاکتەرێکی کاریگەر لەسەر رایگشتی و فەزای سیاسی لە جیهاندا. ئەم جۆرە رەفتارانە، رەنگە لە نزیک مەودادا بە خەون و سەرابێکی کاتی دڵی هەندێک دەسەڵاتدار خۆش بکەن، بەڵام بێگومان لە دوور مەودادا بەسەریاندا دەشکێتەوەو تووشی شۆکی گەورەیان دەکات، وەک لە نموونەی توونسی بنعەلی و بەشاری ئەسەددا بینیمان. تاکە رێگەی راست بۆ خاوکردنەوەو کۆتایی هێنان بە ئاڵۆزی و گرژییەکان چارەسەرکردنی کێشەکان وگوێگرتنە لە داواکارییەکان، نەک پەلاماردان و سەرکوتکردن. ئەمەی دواییان ئەنجامەکەی تەنهاو تەنها رشتنی خوێنی زیاترو وێرانکردنی کوردستان دەبێت. بێگومان لەو ئەگەرە پڕ لە کارەساتەشدا کەس پارێزراو نابێت، بەتایبەت ئەو دەسەڵاتدارە خۆشخەیاڵانەی دڵیان بە چەکەکانی دەستیان و پارەکانی گیرفانیان خۆشەو وا دەزانن دەتوانن بۆ هەمیشە خۆیان لە تووڕەیی و رقی خەڵک بپارێزن.
ئومێد قهرهداخی ئهوهی ئێستا دهگوزهرێت تهعبیره له شكستێكی قووڵ و ههمهلایهنهی حوكمرانی كوردی ، زیاتر لهوهش ، تهعبیره له شكستی مۆدیلی سیاسهتكردن و حزبایهتی له كوردستاندا ، مۆدیلێك كه لهسایهیدا گهندهڵی و مشهخۆری گهیشتۆته لوتكه ، نهدانی مووچه و مافهكانی فهرمانبهر تهنها یهكێكه له ئاكامهكانی ئهم جۆره له حوكمرانی و ئهم مۆدیله له سیاسهتكردن ، خۆپیشاندهر و جهماوهری نارازی به باشی لهوه تێدهگهن بهتهنها قوربانی نین بهدهستی یهكێتی و پارتی و گۆران وهك پێكهێنهری سهرهكی حكومهت ، بهڵكو گرفتارن بهدهست ئهو مۆدێلهی بۆ سیاسهتكردن و خزبایهتی له كوردستان باڵادهسته ، بۆیه بێ جیاوازی بارهگای حزبهكان دهسوتێنن سیاسهت له كوردستان له جیاتی ئهوهی چالاكیهك بێت بۆ چاكهی گشتی ، مشهخۆییهكه بهسهر بهرژهوهندی گشتیهوه ، له جیاتی ئهوهی فهزیلهتێك بێت بۆ بهدیهێنانی دادپهروهری و یهكسانی كۆمهڵایهتی، رێگای دروستكردنی ئهریستۆكراتیهتێكی حزبییه ، له كوردستان هیچ حزبێك نیه دهیان و سهدان مووچهخۆر و خانهنشینی پله تایبهتی نهبێت، حزب وهسیلهی خۆژیاندن و خۆ دهوڵهمهندكردنه ، ههموو دهوڵهمهندبوونێكی سیاسی لهسهر بناغهی ههژاربوونی كهسێكی دیكهیه ، ئهمرۆ له كوردستان له سایهی دهوڵهمهندبوونی سیاسیهكان و خاوهن پلهكانی ناو حزبهوه ، له راستیدا چینێكی ئهرستۆكراتی دروست بوه ، ئهم چینه ئهریستۆكراتیه زۆربهی تایبهتمهندی چینه ئهریستۆكراتهكانی سهدهكانی ناوهراستی تیایه، ئهم چینهخاوهن داهاتی گهوره و زهبهلاحه ، خاوهنی دهسهڵات و نفوزی سیاسیه ، شێوهژیانی تایبهت به خۆی ههیه ، كۆشك و ڤێلا و شوینهكانی ژیانكردنی جیاوازه له خهڵك ، بهرانبهر بهم چینه ئهریستۆكراتییه ، دهیان جار چینی ههژار له كۆمهڵگا زیادیكردوه ، دهوڵهمهندبوون و به ئهریستۆكراتبوونی ههر سیاسیهك له راستیدا ئهنجامهكهی ههژاربوونی ههزاران كهسه ، ئهم مۆدێلهی سیاسهت و حزبایهتی له كوردستان له جیاتی ئهوهی مرۆڤێ خزمهتكار و بهرپرسیار دروست بكات ، ئهریستۆكرات و مشهخۆر و مرۆڤی ههلپهرستی دروست كردوه ، هیچ حزبێك نیه لیستێكی دوور و درێژ مرۆڤی ههڵتوقیوی دهوڵهمهند و خاوهن ڤێلا و كۆشك و تهلار و ههموو كهرهستهكانی خۆشگوزهرانی نهبێت ،ههموو ئهوانهش رووبهری نا دادپهروهری كۆمهڵایهتی و زیادبوونی ههژاری فراوانكردوه مۆدێلی حزبایهتی له جیاتی دروستكردنی كادری خاوهن پرهنسیپ و پهروهردهكراو به بهها و ئهخلاقی سیاسی بهرههمبهێنیت ، یهكپارچه مرۆڤی ملكهچ و گوێرایهلی دروستكردوه ، حزبهكان دهیان ههزار كادریان له رێگای مووچه و سهرچاوهی بژێویهوه به خۆیانهوه گرێداوه و جورئهتی رهخنه و پرسیار و گفتوگۆیان له كادر و ئهندامی حزب سهندۆتهوه ، بهمهش هیچ هێزێكی ناوهكی نهبوه له نێو خۆی حزبهكاندا به گهندهڵی و تاڵانی حزبهكهی بڵێ ستۆپ ، به جةريمة و كوشتنهكانی بڵێت تاوان ، كاتێك كادری حزب له مرۆڤی بهههڵویست و خاوهن روئیا و تێزهوه ئهبێت به رۆبۆتی جێبهجێكردنی ئهجێنداكان، ئهم جۆره له سیاسهت كه ئهم جۆره له كادر بهرههمدههێنێت له راستیدا ههر ئهم واقعه ئهخولقێنێت كه ههیه . ئهم مۆدێله له حزبایهتی و سیاسهت له كوردستان مشهخۆرییهكی گهورهیه بهسهر داهات و قوتی خهڵكهوه ، سهرچاوهیهكی گهورهی فراوانبوونی ناعهدالهتی و زۆربوونی ههژارییه ، بنهمای دروستبوونی كادری ملكهچ و مرۆڤی پاسیڤ و خزمهتكاره به ستهمكاری
هیوا جةلال ئەم بابەتەمان وەک بەشێک لەو هەوڵانەی کە دەشێت بدرێت بۆچارەسەری پرسی موچەی فەرمانبەرانی کوردستان پێشکەشی هەر لایەنێک دەکەین کە بیانەوێت لە ڕێگەی دەستووریەوە هەوڵی خۆیان بدەن ,بە زیاتریشەوە ئەگەر داوای هاوکاریمان لێ بکەن, هیوادارین ببێتە سەرەتایەک بۆ کاری هاوبەشی کەسانی تایبەتمەند لەم بوارەدا لە پسپۆرانی بواری دەستوری و یاساناسان و پارێزەران و مامۆستایانی زانکۆو وە لایەن و کەسایەتیە سیاسیە دڵسۆزەکان تا بەهەمووان هەوڵ بدەن وەک پاکێجێکی هاوبەش لە هەڵگۆستن لە بنەما دەستوریەکان و ڕۆح و فەلسەفەی یاساو بنەما بەرکارەکان کاری لەسەر بکەین، هەر وەک چۆن لەڕووی سیاسی و یاسایشەوە هەوڵ بدرێت ئەم بابەتە لە چوارچێوەی گەورەتردا وەک توێژینەوەی زانستی و کۆنفرانس کاری لەسەر بکرێت.دەبێت پسپۆرانی ئەم بوارە ڕۆڵیان هەبێت و بایەخیان پێبدرێت تا بگەینە ئەوەی بە هەموومان و بابەتیانە هەوڵەکانمان بکەین بە یەک و بە دیدێکی یاسایی لە شیکاری ئەو ئاریشانەی ئێستا لەم بارەیەوە هەیە بڕوانین و هەوڵ بدەین بە پشتبەستن بە بنەما دەستوریەکان ڕاڤەی پێشێلکاریەکان بکەین و ئەو چارەسەرانەی هەیە بیخەینە ڕوو کە بە ئاراستەی پرسی مووچەو بابەتە هەڵپەسێراوەکانی دیکەش هەنگاو بنێین. وە سەرەتا مەبەستمان لە پرسی موچە هەموو ئەو لێبڕین و کەمکردنەوەو نەدان و پاشەکەوتکردن و دواخستنی چەندین جارەیە کە هەردوو حکومەتی فیدراڵ بە (نەناردن و دواخستن) و هەرێم بە (لێبڕین و پاشەکەوتکردن و نەدان و دواخستن) ی مووچە بە نادەستوری ئەنجامی دەدەن، وە هەروەها ئەو یاسایانەیە کە لە پەرلەمانی کوردستان و عێراق دەرچووە یان دەردەچێ وەک یاسای بودجە یان پڕکردنەوی کورتهێنانی بوودجە یان هەر یاسایەکی تر کە ناردنی موچەی فەرمانبەران بە مەرجی جۆراوجۆر لەوانە ڕێککەوتن لە بواری نەوت و گاز لە نێوان هەردوو حکوومەت دەبەستێتەوە،یان یاسای کەمکردنەوەی مووچە(ئەگەر دەربچێت لە پەرلەمانی کوردستان) کە ئەمانیش بەهەمان شێوە نادەستووری دەبن .وە پێویستە ئاماژەش بەوە بکەین کە بەداخەوە چارەسەری سیاسی نێوان لایەنەکان جگە لەوەی نادەستووریە ( کە دوایی ڕوونی دەکەینەوە ) هەندێک جار بە بنبەست دەگات یان ئەگەر ڕێککەوتنیش بکرێت کورتخایەنەو زۆربەی جاریش وەک خۆی جێبەجێناکرێت.هەربۆیە پیویستە هەر لایەنێک کە بە جددی بە دوای پرسی چارەسەرکردنی مووچەوەیە بۆ ئەستۆپاکی خۆی لای خواو گەلیش هەموو ڕێکارێکی دەستوری ویاسایی بگرێتە بەر لە دادگای فیدراڵی لەبەرامبەر هەرسێ لایەنی ئاماژەپێکراو تاوەکو جارێکیتر هیچ دەسەڵات و لایەنێک بە پاساوی جۆراوجۆر دەست نەبات بۆ سەرەتاییترین مافی ئەو بەشەی گەل کە مووچەخۆرن کە دەستورو یاسا بە شێوازو چەمکی جۆراو جۆر بۆی چەسپاندوون. سەبارەت بە ڕێککەوتنەکانی نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەو بەشەی دەستوریەو دەبێت ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت بابەتی نەوت و گازە ئەویش بەپێی ماددەی (١١٢) ی دەستور کە هەردولایان پابەند دەکات بە بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتی و گازیەکان و دابەشکردنی داهاتەکەی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە کە لە دوو بڕگەی ماددەکەدا باسکراوە، هەر سەرپێچیەکی دەستووری بە پێی ئەم ماددەیە لەلایەن هەرلایەکیانەوە بکرێت بە پێشێلکاری دەستووری دادەنرێت لەم بارەشدا لایەنەکەی تر مافی سکاڵای هەیە لە دادگای فیدراڵ بەپێی ماددەی (٩٣ بڕگەی ٤). بەڵام ئەو بەشەی ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا کە تەواو پێچەوانەی دەستوورە هێنانە ناوەوەی پرسی مووچەو مافە داراییەکانی هاووڵاتیانی هەرێمە وەک ئیلتزامێکی حکومەتی فیدراڵ (بە پێی ڕێککەوتنەکە) بەرامبەر بە ئیلتزامی حکومەتی هەرێم بە ڕادەستکردنی بڕێکی دیاریکراو لە نەوت مانگانە بە حکومەتی فیدراڵ.ئەمە لەکاتێکدایە کە مافە داراییەکانی هاووڵاتیانی هەرێم ئیلتزامێکی دەستوریەو بە هیچ شێوەیەک مەرجدار ناکرێت بە جێبەجێکردنی هیچ ئیلتزامێکی تر لە هەر لایەنێکەوە بێت(حکومەت بێت یان پەرلەمان). لەبەرئەوەی هاووڵاتیان کاتێک دەنگیان بە دەستوور داوەو ڕازیبوون لە چوارچێوەی دەوڵەتێکدا بەیەکەوە بژین وە ڕەوایی(شرعیە)ی داوە بە دەسەڵاتداران لەبەرامبەر ئەوەدا بووە کە ماف و ئازادییە بنچینەییەکانی بۆ دابینبکرێت بە شێوەیەکی یەکسان بێ گوێدانە نەتەوەو ڕگەزو دین ،وە کاتێک دەسەڵاتداران بە ئەرکی دەستوری خۆیان هەڵناستن بەتایبەت ئەوەی باسمانکرد لە پرسی نەوت و گاز جگە لەوەی پێشێلی ئەو ئەرکەیان کردووە کە لەسەر شانیانە (پرسی ڕێککەوتن) سەرەڕای ئەوەش پێشیلکاریەکی زۆر لەوەش گەورەتر ئەنجام دەدەن کە لێدان و دەستبردنە بۆ مافە بنچینەییەکانی هاووڵاتیان ،ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆحی دەستوور پارێزگاریکردنە لە ماف و ئازادیە بنچینەییەکانی هاووڵاتیان بەشێوەیەکی یەکسان و دادپەروەرانە وە ئەگەر ئەم بابەتە لە دەستورو کاری دەوڵەت دەربهێنرێت شتێک بەناوی دەوڵەتەوە نامێنێت. وە ئەو ماددەو بڕگە دەستووریانەی کە دەستەبەری مافەکانی هاووڵاتیانی هەرێمە وەک هەر هاووڵاتیەکی تری عێراقی و ئەرکە بەسەر دامو دەزگاکانی دەوڵەت لەپێناوی ڕەوایەتی خۆیان کاری لێبڕاو بۆ دەستەبەرکردنی بکەن بریتیین لەم ماددانەی خوارەوە؛ 1. ماددەی (دوو بڕگەی یەک)؛نابێت هیچ یاسایەک دابنرێت پێچەوانەبێتەوە لەگەڵ سەلمێنراوەکانی حوکمەکانی ئیسلامدا؛ هەروەک ڕوونە شەریعەتی ئیسلام گرنگی زۆری داوە بە بابەتی پاراستنی ئەموالی تاکەکان وە پارێزگاریکردن لێی یەکێکە لە پينچ مەقاسیدەکەی شەریعەتی ئیسلام هەر بۆیە هیچ کەسێک بە دەسەڵاتدارانیشەوە بۆی نیە بە ناڕەوا دەست بۆ ماڵی کەسێکی تر بەرێت وە ئەم بابەتە پێچەوانەی زۆرێک لە بنەما فیقهی و دادپەروەریەکانی شەریعەتی ئیسلامە کە لێرەدا بواری ئەوەمان نیە بەچڕی باسی لێوە بکەین. 2. ماددەی(دوو بڕگەی دوو)؛ نابێت هیچ یاسایەک دابنرێت پێچەوانە بێتەوە لەگەڵ بنەما دیموکراسیەکان؛ بێگومان یەکێک لە سێ بنەما سەرەکیەکەی دیموکراسی دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهاتە بەسەر تاکەکانی کۆمەڵگادا تەنانەت لای فەیلەسوفێکی وەک جۆن ڕاوڵز دەشێت دابەشکردنی داهات بە یەکسانی نەبێت ئەگەر نایەکسانی دابەشکردنەکە لەبەرژەوەندی چینی کەمدەرامەت بوو. 3. ماددەی(دوو برگەی سێ) ؛ نابێت هیچ یاسایەک دابنرێت پێچەوانەبێتەوە لەگەڵ ماف وئازادیە بنچینەییەکان کە لە دەستووردا هاتووە؛ کە لایەنی کەمی ئەو مافانەش دابینکردنی بژێوی ژیان و موچەی فەرمانبەرانە. 4. ماددەی (چواردە)؛کە جەخت لە یەکسانی تاکەکان دەکاتەوە لەبەردەم یاسادا ،بەڵام کاتیک مامەڵەی نایەکسان لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێم دەکرێت بە پاساوی ئەوەی حکومەتی هەرێم پابەندی ئیلتزامە دەستووریەکان نابێت لە کاتێکدا ئەم ڕێکارانە وەک سزایەک وایە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم و هیچ بەندێکی دەستوور نایگرێتەوە،بەڵکو پێچەوانە دێتەوە لەگەڵ دوو بنەمای دەستوریدا یەکەمیان بنەمای (شرعية العقوبات والجرائم ماددە ٩ بڕگەی ٢)کە بە پێی ئەم بنەمایە هیچ کارێک بە تاوان ئاژمار ناکرێت وە هیچ سزایەک ناسەپێنرێت بە یاسا نەبێت وە تاکە یاسایەک پەیوەندی بە بڕینی مووچەوە هەیە یاسای بەرزەفتکردنی فەرمانبەرانی دەوڵەتە لە کاتی سەرپێچیکردنی فەرمانبەردا وەک سزا بە بڕێکی دیاریکراو وە کاتی دەسەپێنرێت بەدەر لەوە هەر لێبڕین یان نەناردنی مووچەیەک پێچەوانەی ئەم بنەمایەیە،وە دووەمیان بنەمای(العقوبة شخصية ماددە ١٩ بڕگەی ٨) کە بە پێی ئەم بنەمایە تەنها کەسی تاوانبار بەپێی یاسا سزا دەدرێت بەڵام بڕین و نەناردنی مووچە دەرەنجامی پەرچەکرداری سیاسیە و نابێت مووچە خۆرانی پێ سزا بدرێت. 5. ماددەی(نۆزدە بڕگەی شەش)؛ کە جەخت لە مامەڵەی دادپەروەرانەی دەسەڵات دەکات لە ڕووی کارگێڕیەوە ،هەروەک لە خاڵی پێشتردا ئەم مامەڵە نادادپەروەرانە ڕوونکرایەوە. 6. ماددەی (بیست و پێنج)؛چاکسازی ئابووری بە ئەرکی حکومەت دانراوە کە خودی چاکسازی ئابووری دەبێت ئیلهام لە یەکسانی و دادپەروەری وەربگرێت وە ببێتە هۆکارێک بۆ بەرزکردنەوەی داهات نەک زەوتکردنی ناڕەوای داهاتی تاکەکان. 7. ماددەی (سی و حەوت)؛جەخت لە پارێزگاری کەرامەتی تاکەکان دەکات،وە کەمترین کار بۆ دەستەبەرکردن و پارێزگاریکردن لە کەرامەتی تاکەکان دابینکردنی بژێوی ژیان و ئەو شایستە داراییانەیە کە مافی خۆیانە وەریبگرن تا ناچار بە کارێک نەکرێن پێچەوانە بێتەوە لەگەڵ ویژدان و بیروبۆچوون و کەرامەت و بەهاو بنەماکانیدا. هەر بۆیە لە ڕوانگەی ئەوەی باسمانکرد هەر ڕێکارێک بگیرێتەبەر لەلایەن حکومەتی فیدراڵ یان هەرێمەوە یاخود پەرلەمانی کوردستان و عێراقیشەوە بەمەبەستی دەستبردن بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم پێشێلکاری گەورەی چەندین بنەماو ماددەی دەستووریە(هەروەک باسمانکرد) ڕەوایەتی ئەو دەسەڵاتە(جێبەجێکردن بێت یان یاسادانان)بێهێز دەکات و دەیکاتە ژێر پرسیارەوە. هەر بۆیە ئەم پرسە دادەنرێت بە بەرپرسیارێتیەکی هاوبەش(مسؤلية تظامنية) ى هەردوو حکومەت بەرامبەر مووچەخۆران هەرکامێکیان پێشێلکاری ئەنجام بدەن ئەرکە لەسەر لایەنەکەی تر سکاڵا تۆمار بکات لە دادگای فیدراڵ بەپێی ماددی (٩٣ بڕگەی ٤) وا ئەگەر ئەو پێشێلکاریە لە پەرلەمان کرا بەپێی یاسا جۆراوجۆرەکانی هاوپەیوەند بەو پرسە کە مەرجدارکردنی مووچە لەخۆبگرێت ئەوا دەبێت تانە لەو یاسایە بدرێت بە نادەستووری بە پێی ماددەی (١٣ بڕگەی ١و ٢) لە دادگای فیدراڵ بە پێی ماددەی(٩٣ بڕگەی١). ئەو پێشێلکاریانەی کە ئەنجام دەدرێن ئەمانەن؛ یەکەم/پێشێلکاریە دەستووریەکانی حکومەتی هەرێم؛ ● کەمکردنەوەو پاشەکەوتکردن و بڕین و دواخستنی مووچە بە پێی ماددەکانی(١٤،١٩،٢٥، ٣٧). ● ڕێکنەکەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەسەر ئیدارەدانی کێڵگە نەوتیەکان و دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهاتاکەی بەپێی ماددەی (١١٢)ی دەستوور. ● ماددەی (١٢١ بڕگەی ١) بەکارهێنانی دەساڵاتە دەستوریەکانی هەرێم لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوەی پەیواستکردووە بەوەی تا چەند دەسەڵاتدارانی هەرێم پابەند دەبن بە ئەحکامەکانی دەستورەوە(لسلطات الاقاليم الحق في ممارسة سلطات التشريعية والتنفيذية والقضائية وفقا لاحكام هذا الدستور.....) وە مەفهومى مخالفى ئەم ماددەیە ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی هەرێم لەکاتی پێشێلکردنی بەندەکانی دەستور مافی بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی نیە ، هەر بۆ زانیاریش ئەمە ئەو ماددەیەی دەستوورە کە هەرێم جەختی لێدەکاتەوە و بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاری دەهێنێت. دووەم/پێشێلکاریە دەستووریەکانی حکومەتی فیدرال؛ ● هەر رێککەوتنێکی حکومەتی فیدرال(جا لەسەر هەرچی بێت)کە ناردنی مووچەی هاووڵاتیانی هەرێم مەرجداربکات بە پرسی ڕادەستکردنی نەوت یان هەر پرسێکی تر. ● بێدەنگی حکومەتی فیدراڵ لە ئاست حکومەتی هەرێم لە کەمکردنەوەو پاشەکەوتکردن و بڕینی مووچەی هەرێم چونکە وەک ئاماژەمان پێدا بەرپرسیارێتیەکە هاوبەشیە(تظامني). ● ڕێکنەکەوتن لەگەڵ حکومەتی هەرێم لە بابەتی نەوت و گاز سێهەم/پێشێلکاریە دەستووریەکانی دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان)؛ هەر یاسایەک لە پەرلەمانی عێراق دەرچێت(یاسای بوودجە یان قەرز.....هتد) کە ناردنی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان مەرجدار بکات یان لە پەرلەمانی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی مووچە پێشێلکاری دەستووریە بە پێی هەر یەک لە ماددەکانی (٢٥،١٩،١٤،١٣،٢) کە پێشتر ڕوونمان کردووەتەوە. ڕەهەندێکی دیکەی ئەم پرسە پێشێلکاری ئاشکرای بنەماکانی جاڕی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ و دژی زۆربەی بڕگەو ماددەکانی پەیماننامە نێودەوڵەتیەکانە کە تایبەتن بە مافە مەدەنی و یاساییەکانی مرۆڤ بۆیە بەمەش پێشێلکاری بەرچاو بەدیدەکرێت لە مامەڵکردن لەگەڵ پرسی مووچەو برسیکردن و پێنەدانی سەرەتاییترین مافی چەسپاو کە دەکرێت ئەم بابەتە وەک لە سەرەتادا باسمان لێوەکرد لە چوارچێوەی کۆنفرانسێکی دەستوری و یاسایی بە ڕۆڵپێدان بە پسپۆڕانی بوارەکە بایەخیکی گەورەی دەبێت تا بتوانین چارەسەری دەستووری و یاسایی و ریشەیی بۆ ئەم پرسە بدۆزینەوە چونکە ناکرێت مووچە ببێت بەهەوڵ ناکرێت بۆ هەموو مووچەیەک خۆپیشاندان بکرێت یان بایکۆت بکرێت و ژیان بوەستێت خاوەن ماف لە مافە چەسپاوەکانیان بێبەشبکرێن و بەرپرسیاری یاسایی و کەسی کەمتەرخەمییش کەس نەزانێت کێیە،لە کاتێکدا ئێمە چەندین پسپۆڕی یاسایی و دەستووریمان هەیە دەکرێت لەم پرسەدا ئەکادیمیانەو بێلایەنانە و بابەتیانە ڕۆڵ و کاریگەرییان هەبێت. رێکارە دەستووریەکان؛ ئێمە بەش بەحاڵی خۆمان لە چوارچێوەی ئەم هەوڵەی کە وەک دەستپێک دەکرێت سەیربکرێت ببێتە سەرەتایەک تا دەوڵەمەند بکرێت و ڕێکارو ڕێوشوێنی پێویست بدۆزینەوە و هەموو ئەوانەی لێزان و پسپۆڕی بوارەکەن و دڵسۆزیان لە ناخدا هەیە گە کۆڕبەندێکی شایستەدا کۆیان بکەینەوە تا بە هەمووان کارێکی تێرو تۆخ پێشکەش بکەین کە سەرجەم ڕێکارە دەستووری و یاساییەکان لە خۆ بگرێت. لێرەوە چەند ڕێو شوێن دەخەینە بەر دیدی دڵسۆزان کە چارەسەری ئەم پرسە لە خۆدەگرێت؛ 1. بەرامبەر هەریەک لە حکومەتی فیدراڵ و هەرێم؛تۆمارکردنی سکاڵایە لەلایەن هەر لایەکیانەوە یان لەلایەن پەرلەمانتارانەوە دژی لایەنەکەی تر یان هەردووکیان لەسەر پێشێلکاریەکان بە پێی ماددەی (٩٣ بڕگەی ٣ و ٤). 2. بەرامبەر پەرلەمان؛ تانە بە نادەستووری بوونی یاساکان بەپێی ماددەی (١٣) لەبەردەم دادگای فیدرال بەپێی ماددەی (٩٣ بڕگەی ١) سەرچاوەکان ● دەستووری عێراق ساڵی ٢٠٠٥ ● یاسای ڕاژەی شارستانی ● یاسای بەرزەفتکردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت ● یاسای سزادانی عێراقی ● فيلسوف العدالة جون راولز نظريته في العدالة ,تحسين حمة غريب
مەریوان وریا قانع کردەی بەرگرییکردن کاتێک دەبێت بە کردەیەکی مانادار و بەرھەمھێن، کە پەیوەندییەکانی دەسەڵات پەیوەندیی داخراو نەبن، ئەگەری جێگۆڕکێ و دەسکاریکردنیان تیادابێت، نەگۆڕابن بۆ ھەیمەنەیەکی سەربازیی و ئەمنیی و ئابوریی ڕووت و داخراو. ئەمە یەکەمین وانەیەکە بکرێت لە فەیلەسوفێکی وەک میشێل فوکۆە فێریببین، پەیوەندیی دەسەڵاتی کراوە دەکرێت دەسکاریبکرێت، بەڵام پەیوەندیی دەسەڵاتی داخراو ھەیمەنەی سەربازیی و ئەمنی خۆی بە زەبری ھێز دەسەپێنێت. پەیوەندییەکانی دەسەڵات لە ھەرێمدا بەتاڵن لە توانای گۆڕانکاریی و دەسکاریکردن، دەسەڵاتدارانی ھەرێم، کە بەکردەوە ئەندامانی چەند خێزان و بنەماڵەیەکی سیاسین، نەک توانای دەسکاریکردنی ئەو پەیوەندییانەیان نییە کە سی ساڵ ھەڵەی بەردەوام دروستیانکردوە،. بەڵکو ھیچ مەیل و خواستێکی ئەو گۆڕانکارییەشیان نییە و دەیانەوێت چۆن بوون وا بمێننەوە. لەمەدا خۆیاان بە خێزانی موقەدەس دەزانن و پێیانوایە جگە لەوان کەس مافی حوکمڕانیی و بەێڕوەبردنی وڵاتەکەی نییە. ئەمە وادەکات لەو ھەرێمە ٣ شارییەدا، کردەی بەرگریکردن نەتوانێت لە قۆناغی خۆپیشاندان و ناڕەزاییدەربڕیندا بمێنێتەوە، نەتوانێت تەنھا کردەی نیشاندانی ناڕازیبوون و توڕەبوون بێت، نەکرێت چیتر لە ئاستی خۆنیشاندان وخۆنمایشکردندا سنوورداربکات، بەڵکو بە ئاسانی بۆ قۆناغی ڕاپەڕین و پەلاماردان و بەریەکەکوتی توند بپەڕێتەوە. ئەوانەی کە ناڕەزاییدەردەردەبڕن لە ”مرۆڤی ناڕازیی“ەوە بگۆڕێن بۆ ”جەنگاوەر“ و ھەوڵی دەسکاریکردنی پەیوەندییەکی دەسەڵات لەڕێگای ھێزەوە بدەن. ئەمە ئەو قۆناغەیە کە چیتر تیایدا ناڕەزایی تەنھا بەرامبەر بە ھێز ئامادە نییە، بەڵکو ھێز بەرامبەر بە ھێز ئامادەیە. ئەمە وانەی یەکەمی تەقینەوەکانی ئەمڕۆکەی ھەرێمە. وانەی دووھەمی تەقینەوەکانی ئەمڕۆکە ئەمەیە: ئەو بەرەیەی کە ناڕازییە تەنھا ئەم یان ئەو بەشی کۆمەڵگاکە نییە بەتەنھا، بەڵکو زۆرینەی ھەرەزۆری دانیشتوانی ھەرێمەکەیە، دانیشتوانی دەرەوەی بنەماڵە سیاسییە حوکمڕانەکان و گروپە بچووکە ملیۆنێر و سودمەندەکەی دەوروبەریان. بۆ نموونە، کەسێک چەپڕەوبێت ناڕازییە، چونکە لانی ھەرە کەمی دادپەروەریی و یەکسانیی لە ھەێرمدا بوونی نییە. کەسێک لیبرال و دیموکراتخوازبێت ناڕازییە.، چونکە سەرجەمی دەسەڵاتەکان لە دەستی چەند بنەماڵەیکی سیاسیی بچووکدا کۆکراونەتەوە و ھیچ یەکێکیش لەو دەسەڵاتانە لەژێر ھیچ فۆرمێکی چاودێریی یاسایی و دەزگاییدا نین. کەسێک سەر بە ئیسلامی سیاسیی بێت ناڕازییە چونکە ئەوانیش وەک خۆیان دەڵێن باوەڕیان بە حوکمڕانیی باش و سەرڕاست ھەیە. کەسێکیش ناسیۆنالیست بێت ناڕازییە، چونکە ئەوەی لە ھەرێمدا بەتەواوی غائیبە چەمکەکانی نەتەوە و نیشتیمان و قازانجی نەتەوەیی و کۆدەنگیی نیشتیمانییە. تەنانەت گەر کەسێک فاشیستیش بێت، دیسانەوە ناڕازییە، چونکە فاشیزم ھەڵگری ئایدیۆلۆژیایەکە خەون بە دروستکردنی کۆمەڵگایەکی ”تایبەت“ەوە دەبینێت کە بەھێز و سەروەر بێت. زۆرینەی زۆری خەڵکە سادەکەی ھەرێمیش سیستمێکی سیاسییان دەوێت کە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان و بڕێک ڕێز و ھەندێک مافی سەرەکییان، بۆ دابنیبکات. ھیچ یەکێک لەمانە لەناو ئەزموونی ھەرێمدا بوونی نییە، ئەوەی ھەیە مۆدێلێکی سوڵتانیی ناشیرینە لە حوکمڕانیی کە خەمی سەرەتا و کۆتایی بە سوڵتانیکردنی خێزانە سیاسییەکانی ھەرێمە، بە سوڵتانیکردنی باوکەکان لە ئێستادا و بەسوڵتانیکردنی منداڵەکانیان لەدوای مردنیانەوە، ھەموو سیستمە سیاسییەکەش بەدەوری پاراستن و وەدیھێنانی ئەم خەونە سوڵتانیەدا دەسوڕێتەوە. بەم جۆرە نە ھێزە ئایدیۆلۆژییە جیاوازەکان و نە زۆرینەی دانیشتوانی ھەرێم شتێک لەو سیستمەدا نادۆزنەوە بە بەشێک لە خواست و خەونەکانی خۆیانی بزانن. سیستمەکەش تا دێت ناشیرینتر و توندوتیژتر و داخراوتر و تاوانابرتر دەبێت. چەند تەمەنی درێژبێت بڕ و ڕادەی تاوانەکانی زیاتر دەکات. ئەوەی ئەمڕۆکە دەیبنین دۆخی وەرچەرخانی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکانە بۆ ڕاپەڕین، وەچەرخانێک کەس نازانێت بە کوێ و بەچی دەگات
شوان حەمە جاری یەکەم نییە لەهەرێمی کوردستان بەهێزی سەربازی میدیاکان بێدەنگ دەکرێن! تەنها یەکساڵ دوای پێکهێنانی پەرلەمانی کورردستان و یەکەمین کابینەی حکومەتی هەرێم، مامۆستا شیرکۆ بێکەس، وەک یەکەمین وەزیری ڕۆشنبیری، بەهۆی داخستنی ڕۆژنامەی وڵات لەهەولێر، دەستی لەکارکێشایەوە! لەم چەند ڕۆژەی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ەدا، جارێکیتر لەشاری سلێمانی، بە هێزی سەربازیی چەندین میدیا داخران. داخستنی کەناڵی ئێن ئاڕ تی و میدیاکانی چەتر هۆکارگەلێکی زۆریان لەپشتە. ڕەنگە ترس لەخەباتی دیموکراتی و ڕای گشتی گرنگترین هۆکار بێت! ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە بێدەنگکردنی دەنگی جیاواز بەشێکی بونیادی و کلتوریی پێكهاتەی دنیابینی دەسەڵاتدارانی هەرێمن! کێشەکانی ئێمە تەنها لەپاوانخوازی و چاوچنۆکی حیزبەکاندا کۆنەبوونەتەوە، بەڵکو بەتەنیشت کێشەی دەسەڵاتەوە، ئێمە گیرۆدەی چەندین کێشەیترین، لەوانە: کێشەی لایەنگیری و چوارچێوەبەندی و هەڵوێستە پێشوەختەکانی نوخبەی کوردی! بۆ ئەوەی دیوە کۆمیدیەکەی داخستنی میدیاکان لەسلێمانی بدۆزینەوە، پێویستە لەهەڵوێست و شرۆڤەی بەشێک لەنوسەران و چالاکوانان بڕوانین! یەکێک لەکۆمیدیترین شرۆڤەکان، ئەو دیدەیە کە پێیوایە داخستنی میدیاکانی سلێمانی پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە خواستی پارتی و تورکیاوە هەیە! با لەوە بگەڕێین کە ئەم خوێندنەوەیە پێگەیەکی لاواز و کەمبەها بۆ دەسەڵاتی زۆنی سەوز دەهێڵێتەوە و ڕاستەوخۆ دەیکاتە پاشکۆی سیاسەتەکانی پارتی و تورکیا! با پرسیار بکەین: ئایا پێشتریش تورکیاو پارتی خواست و داواکارییان لە زۆنی سەوز نەبووە؟ ئایا پێشتریش پەلاماری میدیا نەدراوە؟ ئایا پێشتریش لەهەردوو زۆنەکە ڕۆژنامەنووسان تیرۆر نەکراون؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە لای زۆرمان ئاشکران، بەڵام پرسیاری نوێ و گرنگ ئەوەیە: ئایا نەوەی دووەمی تاڵەبانی چییان دەوێت؟ ئایا داخستنی میدیاکان لەسلێمانی هەوڵێک نییە بۆ درووستکردنی بیدەنگی لەزۆنی سەوز؟ نەک بەخواستی پارتی و تورکیا، بەڵکو بەخواستی نەوەی دووەمی تاڵەبانییەکان!