عارف قوربانی یهكێك لهو كارهكتهره سیاسییانهی كورد كه لەدوای كهوتنی سهدام له بهغدا بوو، بۆی گێڕامهوه گوتی رۆژێك لهگهڵ پۆڵ برێمهر حاكمی مهدهنی عێراق له ژوورهكهی دانیشتبووین باسی رهوشی ئهمنیی عێراقمان دهكرد، رۆژی پێشووتر تهقینهوهیهك له كهربهلا روویدابوو و ژمارهیهك هاووڵاتی كوژرابوون. من گوتم ئهمڕۆ مهراسیمی گهوره ههیه له كهربهلا بههیوام باش كۆنترۆڵ كرابێ، ئهگهر ئهمڕۆ كردهی تیرۆریستی رووبدات، قوربانیی زۆر زۆری لێدهكهوێتهوه. كۆنترۆڵی تهلهڤزیۆنهكهشم بهدهستهوه بوو بهنێو كهناڵهكاندا دهگهڕام، لهو كاتهدا چووه سهر دیمهنی راستهوخۆی مهراسیمی شیعهكان كه به سهتان ههزار كهس بهشدارییان كردبوو، لهسهر ئهو كهناڵه رامگرت و گوتم ئهوه كهربهلایه. پۆڵ برێمەر وایزانیبوو ئیمامی حوسێن لە تەقینەوەیەکی 2003 لە کەربەلا کوژراوە لهناو دیمهنهكاندا جارجار زوومی كامێرا دهچووه سهر كارهكتهره سیاسی و سهركردهكانی شیعه كه له مهراسیمهكەدا بهشداربوون و ئهوانیش وهك بهشداربووانی دیکە شینیان دهگێڕا. پۆڵ برێمهر به دهموچاو ههندێك له سهركردهكانی دهناسییهوه، لێی پرسیم ئهوه بۆ ههموویان دهگرین، منیش گوتم بۆ ئیمام حوسێن. برێمهر لێی پرسیم: ئایا له تهقینهوهكهی دوێنێ كوژراوه؟ پێم گوت نهخێر، 1400 ساڵ پێشتر كوژراوه، بهڵام شیعهكان ساڵانه وهك نهریت چهندین بۆنهیان ههیه بۆ ئهم رووداوه، ئیتر كهوتمه گێڕانهوهی چیرۆكی كوشتنی حوسێن و گوتم ئهو چهند ساڵهش سهدام حوكمی كردووه رێگهی نهداوه به ئازادی ئهم مهراسیمانه بگێڕن، لهبهرئهوهی ئهمساڵ بۆ یهكهمجاره به ئازادی ئهو یاده دهكهنهوه، بۆیه دهبینی ههست و سۆزێكی تێكهڵ به ئازادییان ههیه لهگهڵ ماتهمینییهكهیاندا، كه من ئهم قسانهم دهكرد، پۆڵ بریمهر چووبووه ناو خهیاڵێكی قووڵهوه و چاوی لهسهر شاشهكه نهدهجووڵاند، واههستم كرد رهنگه گوێی نهدابێته قسهكانم، كه من راوهستام برێمهر گوتی ئهوانهی تۆ دهیڵێیت ههمووی باسی رابردووه، بهڵام من بیر له داهاتوو دهكهمهوه، دهبێت ئهمانه ئایندهی عێراق بهرهو كوێ ببەن؟ ئاوڕدانهوه له مێژووی ئهم نزیك به ههژده ساڵهی عێراق، پێویستی بههیچ توێژینهوه و خۆماندووكردنێك نییه تاوەکو ئهو ئهنجامه به چاوێكی روون ببینیت، کە ئهو عهقڵهیهته عێراقی بهكوێ گهیاندووه. دیمهنهكانی كوشتنی ههزاران كهس له مامۆستای زانكۆ و پزیشك و ئهندازیار و ئهفسهر و فڕۆكهوان و ئهكادیمستهكانی سووننه تهنیا لهسهر (ناوهكانیان)، بهسه بۆ ئهوهی تێبگهیت عێراق چ خهراباتێكه. وێناكردنی داهاتووش هێنده ئهركێكی قورس نییه تاوەکو پێویستی به لێكۆڵینهوهو شهنوكهوكردن و تێگهیشتن له ئامانج و ستراتیجی شیعهكان بێت بۆ ئهوهی لهوه تێبگهیت پاش ده ساڵی دیکە عێراق چی بهسهر دێت. هیچ دهسهڵاتدارێك هێندهی شیعهكان لهوهدا شهفاف نهبوون، كه به ئاشكرا دهیانهوێ پێكهاته مهزههبی و ئیتنیكییهكانی دیکە لهناو مهزههبی شیعهدا بتوێننهوه. ئهوهی سهدام دهیویست به پرۆسهی تهعریب بیكات و نهیتوانی ههموو ئامانجهكانی بپێكێت، ئێستا ئهمان به سیاسهتی تهشهیوع بهرهو لووتكه سهردهكهون. شیع لهوهدا شهفافن، كه به ئاشكرا دهیانهوێ پێكهاته مهزههبی و ئیتنیكییهكانی دیکە لهناو مهزههبی شیعهدا بتوێننهوه تهنیا له دوو كردهی پرۆسهی (هێنان و راوهدوونانی داعش) كۆتاییان به ههژموون و لهمپهری سهت ساڵهی سوننهكان هێنا. به دهركردنی یاسا بۆ پارێزگاریی له شوێنه پیرۆزهكانی شیعه و بهیاساییكردنی حهشدی شهعبی كه لهسهر بنهمای ئهو پێویستییه دروستكرا ئهركی پاراستنی شوێنه پیرۆزهكانه، كهوتنه سهر راستهڕێی ئهو قۆناخهش كه كوردیش به دهردی سوننهكان ببهن و زۆر زووتر لهوهی چاوهڕوان دهكرا، بههۆی بیرنهكردنهوهو بێئاگایی كورد لهوهی چی له چواردهوری دهگوزهرێت، خهریكه له گهیشتن بهم ئامانجهش نزیكدهبنهوه. لهم رۆژانهی رابردوو له كهناڵی ئاسمانیی كهربهلا راپۆرتێكم بینی كه له تیمێكی پسپۆڕی مێژوویی و جوگرافی و ئاسهوارناس پێكهاتبوون دهستیان به گهشتێكی كنهوپشكنین كردبوو بۆ دۆزینهوهی ئهو رێگەیهی مهوكیبی سهری حوسێن و سهبایهكانیان له كووفهوه پێدا بردووه بۆ شام. چیرۆكهكه بهو جۆره دهگێڕنهوه دوای ئهوهی حوسێن له کووفه دهكوژرێت سهری لهلاشهكهی دهكهنهوهو لهگهڵ ئهو كچ و ژنانهی دهستگیردهكرێن به كاروانێك بهڕێدهكرێن بۆ شام تا وهكو دیاری پێشكهش به ركابهرهكهی بكرێت. تیمهكه موژدهی ئهوهیان دهدایه شیعهكان كه رێگەكهیان دۆزیوهتهوه و به ئاسکی موسڵ و نزیك تهلەعفهر و بهناو شنگالدا تێدهپهڕێت. شاراوه نییه شیعە چاویان بڕیوهته سهر كورد و كوردستان و نهیان شاردووەتهوه كورد وهك مهترسی بهردهم خۆیان وێنا دهكهن ههرچهنده ئهم چیرۆكه كۆنه و شیعهكان زۆر له مێژه سێ وێنایان وهك ئهگهری رێگەی گهیشتن له كووفه شوێنی كوشتنی ئیمام حوسێنهوه بۆ دیمهشق شوێنی نیشتهجێی یهزدی كوڕی مهعاوییه كێشاوهو زۆر توێژنهوهو لێكدانهوهیان ههیه بۆ ئهوهی بهڕهچاوكردنی هۆكارهكانی گواستنهوهی ئهوكات رێگەكه بدۆزنهوه. ئهمه پرسێكه هێشتا به شاراوهیی ماوهتهوه، بهڵام ئهوهی شاراوه نییه ئهوهیه كه شیعه زۆر به باشی توانیویەتی وهبهرهێنان له ئایین و مهزههب و ئهو چیرۆكانه بكهن كه له مێژووی ئیسلامدا روویانداوه. ئێستاش شاراوه نییه كه چاویان بڕیوهته سهر كورد و كوردستان و نهیانشاردووەتهوه كورد وهك مهترسی بهردهم خۆیان وێنا دهكهن. بۆیه زۆر به ئاسانی دهتوانن سهرنجی شیعه بگوازنهوه بۆ ههر جوگرافیایهك كه پێویستیان پێیهتی. دوای كهوتنی سهدام له ناوچهكانی دوزخورماتوو چیرۆكێكیان دروستكرد بهوهی ئهسپهكهی ئیمام عهلی لهسهر ئهو كێوه راوهستاوه كه دهڕوانێته سهر خورماتوو و ناوچهكانی بناری گلدا، ئیدی بهزۆری زۆرداری كردیانه زیارهتگایهك و هێزیان بۆ پاراستنی دروستكرد و ئهنجامی رووداوهكانیشمان بینی ئهو ناوچهیه چی بهسهرهات. كهم نهبوون ئهوانهشی له سهرهتای هاتنی داعش و گۆڕینی ئاراستهكهیان له دهروازهكانی بهغدا و سامهڕاوه بۆ گرتنی شنگال بهوه لێكدهدایهوه كه شنگال ئهگهر له رابردوودا قوربانیی ئایین و نهتهوه بووبن، ئهمجاره بوونه قوربانیی جوگرافیاكهیان و گرتنی شنگال بۆ تهواوكردنی پرۆسهی پێكهوهبهستنی هیلالی شیعی بوو، رێگەی گهیشتنی ئێران به شام. ئهگهر ئهوكات باوهڕ بهو راستییه نهدهكرا، ئیدی دهبێت كورد بهئاگابێتهوهو ورووژاندنی ئهم چیرۆكه تازهیه كه سهری حوسێن به خاكی كوردستاندا گوازراوهتهوه بۆ دیمهشق، ئاماژهی روون و ئاشكران بۆ پلانی داهاتووی شیعه كه دهست بهسهر تهواوی ئهو ناوچانهدا دهگرێت. ههموومان دهزانین كاریگهریی ئهو ههست و سۆزه دروستكراوه تاوەکو چ ئهندازهیهك بۆ ناو قووڵایی دڵ و دهروونی تاك بهتاك و ناو كۆمهڵگهی شیعی شۆڕبووهتهوه. ئهوهش ئاشكرایه كه چهند بهند و بڕگهی دهستووری و یاساییان سهپاندووه بهناو بۆ پارێزگاریی له شوێنه پیرۆزهكانی شیعه. سبهینێ ههر ئهوهندهی مهرجهعێكیان داوایكرد پێویسته پیرۆزیی ئهو رێگەیه بپارێزین، بهدڵنیاییهوه جێپێی ههر ژن و كچێكی لایهنگری حوسێن كه وهك سهبایا گوازراونهتهوه، به سریهیهكی حهشدی شهعبی پڕدهكهنهوه. پێویسته كورد ئهمه وهك ئاماژهیهكی مهترسیدار و راگهیاندنی سیناریۆیهك بۆ ئامادهكردنی رای گشتی شیعی بۆ پهلاماردانی كوردستان ببینێت. دەبێت کورد سیناریۆی شیعەکان وەک ئاماژەیەکی مەترسیدار بۆ پهلاماردانی كوردستان ببینێت خێره 1400 ساڵه پهییان بهو نهێنییه نهبردووه كه له كام رێگەوه سهری حوسێنیان بردووه بۆ شام، ئێستا لەم کاتەدا موژدهی دۆزینهوهی رێگهكه دهدهن بهگوێی رای گشتی شیعهدا، كه ئهو رێگهیه كوردستانه؟ rudaw
ئەبوبەكر حەسەن 1 بەردەوام ویستومە لەوە تێببگەم بۆچی شیخەکان وەک چین و وەک پەوەندی نێوان شێخ و موریدیش دەتوانێت زیاتر لە هەر چینێکی دیکەی وەک مەلا، بەگ و ئاغا خۆی ڕابکێشێت و خۆی درێژ بکاتەوە و حۆی بەرهەم بهێنێتەوە ؟ بۆچی شێح/ شێخایەتی لە ناو دام و دەزگای مۆدێرنی ئێمەدا وە بکەرو وەک ستراکتورێکی بیناکەر ئامادەیە؟ بۆچی لە حزبی شیوعی عێراق و کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، کۆمەڵەی مارکسیستی ـ لیننیی کوردستان، پاسۆک، ئیسلامییەکان، سۆسیالیست، برووتنەوەی گۆڕان، عێراقچێتیی و حزبی بەعس، مەلەکییەت و شا پەرستیی....شێخەکان هەم دامەزرێنەر بوون، هەمیش لە سەرەوە بوون. ئەگەر بڕیار بێت حزب و پارتی سیاسیی دیاردەیەکی مۆدێرن و نوێ بێت، بۆچی شێخایەتیی تێنەپەڕاند ؟ بۆچی لە بری ئەوەی شێخ بەکاربهێنێت، ئەوە شێخەکان بوون پارتە سیاسییەکانیان بەکار دەهێناو لەو ڕێگەیەوە خۆیان و ستراتیژی هەیمەنەکردن و خۆ بەرهەمهێنانەوەیان سەر ڕێگا دەخست؟ ئەگەر بڕیارە پارت و ئایدیۆلۆژە چەپ و مارکسیستەکان لە سەر بنەمای داکۆکیکردن لە بەشمەینەت و ڕەنجدەران بیناکرابێت، بۆچی شێخەکان وەک چیای زاڵ و باڵادەست لەوێش ئامادەن و هەیمەنەیان هەیە ؟ ئەگەر بۆ پارتەناسیۆنالیستەکان و ئەو هیرارییەتەی ئەم پارت و بزووتنەوە ناسیۆنالیستییانەی لە سەر بیناکراوە بڕێکی زۆر ئاسایی بێت، ئەوا بۆ پارتێكی مارکسیی شۆڕشگێڕو ڕادیکاڵ شێخەکان خەریکی چین و سەرقاڵی بەرهەمهێنانەوەی چین ؟ ۲ منەورەکانی ئێمە لە دەیەی دووەم و سێیەمی سەدەی بیستدا زۆربەیان شێخەکان بوون. شاعیرانێک، نووسەرو ئەدیب و مێژوونووسەکانمان زۆریان شێخن. واتە هاوڕێ و هاوشان لە گەڵ کایەی سیاسیی و برووتنەوەو پارتە سیاسییەکانماندا، کەم نین ئەو شێخانەی کە منەور، پێشكەوتوخواز وخوێنەوارەکانی دونیای کوردی بوون. لێرەوە ئێمە هاوڕێی دەستگەیشتنێکی دیکەی شێخ و شێخایەتین بۆ سەرمایەو کاپیتاڵی مەعریفی، ڕەمزی. یاخود زۆربەی ئەو قوتابی و حوێندکارانەی لە نیوەی یەکەم و شەست و حەفتاکانیشدا دەچوونە زانکۆ کوڕە شێخەکان بوون. کەواتە ئێمە هاوڕێی ستراتیژی خۆ بەرهەمهێنانەوەو خۆ ڕاکێشان و ستراتیژی ئاوانەبوون و لە دەستنەدانی دەسەڵات و هەیمەنەیەکین کە دەست بۆ هەموو کایەو هەموو سەرمایەیەک دەبات. ۳ شێخایەتیی سەر باری ئامادەیی لە کایەی سیاسییدا، هێشتاكە سەرچاوەیەکی شەرعییەتدانی تیۆلۆژییە. واتە تەکیەو خانەقاکان کە موڵکی شێخەکان بوون، سەرچاوەی ماناو واتا تیۆلۆژییەکانیش بوون.تەریقەتی قادری و نەقشبەندی مۆنۆپۆڵکردنی مانا و تەفسیرکردنی ئاینیی و تێگەیشتن بوون لە دەقی پیرۆز. بەمشێوەیە گردبوونەوەیەکی سۆسیۆلۆژی خێڵەکی وەک دونیاو کۆمەڵگەی ئێمە سەڕچاوە ئاینیی و سیاسییەکەیشی هەر بە دەست شێخەکانەوە بووە. قاچێکیان لە قیامەت و قاچەکەی دیکەیان لە دونیا. لە گەڵ شێخ و شێخایەتیدا ئێمە سیستەمێکی ئابووریی تۆکمەمان هەیە ؛ سیستەمی سەرانەو باج (هیچ نامۆش نییە ئابووری ئێستای کوردستان لە هە.باشوردا سەر بە سەرانەیە نەک تاکس و داهاتێک لە دەهاتی مۆدێرن و پەیوەندییە پابوورییە سیاسییەکان. دەسەڵاتی سیاسیی ئێمە لە باشور سەر بە سەرانە کۆکردنەوەیە نەک باج لە حکومڕانییەکی دەوڵەتیی مۆدێرندا، تەنانەت ئابووری نەوتیش سەر بە ئابوورییەکی شوانکارەیە). کەواتە موقەدەس، سیاسەت، تەنویر و ئابووری پێکەوەو بە یەکداچوویی لە لای شێخەکان قۆرغکرابوو. بەڵام خزمایەتی و ژن و ژنخوازی هێشتاکە داخراوە. خاڵێکی زۆر گرنگیش لە ڕووی تێرمەوە ئێمە وشەی شێخ لە شەیخی عەرەبییەوە هاتووە کە بە مانای پیر بێت، بە مانای ئەزموون و حیکمەتێک کە لە بەساڵاچوونەوە دێت؛ هەمیشە کوڕە گەورەی شێخ جێکرەوەو میراتگری باوباپیران بووە. بە واتایەکی دیکە ململانێیەکی نەوەکان بوونی نەووەو، قودرەتی دەرکەوتنی ڕێ پێنەدراو بووە. هیرارکییەتێکی ستوونی و قوچەیی بەر مەبنای تەمەن کە دوواتر دەگوازرێتەوە بۆ ناو دام و دەزگای مۆدێرنی دونیای ئێمە لە پارتە سیاسیەکانیش. ئێستاش گەنجەکان یەکتر بە شێخە گیان بانگ دەکەن ٤ بەمشێوەیە ئێمە لە بەرانبەر بەرهەمهێنانەوەو خۆبەرهەمهێنانەوەیەکداین لە کۆمەڵگەی کوردیدا کە چ سەروکارێکی بە ململانێی چینایەتییەوە نییە بە تێگەیشتەنە مارکسییە ئەرسەدۆکسییەکەی، بەڵکو هاوڕێی بەرهەمهێنانەوەی سەرمایەو کاپیتالگەلێکی ناـ ماتریالین. سەرماگەلێکی ڕەمزی و سیمبۆلی. کۆبوونەوەی زۆرێک لە دەسەڵاتە غەیبانی، مەعریفی، سیاسیی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و شۆڕشگێڕییەکانیشین کە پێکەوە کۆکراونەتەوە لە تەکیەو خانەقادا. لە ناو ستراتیژی بەرهەمهێنانەوەی هەیمەنەو زاڵبوونداین کە بە ئاشکراو بە شاراوەییش خۆی بەرهەم دێنێتەوە. چینێک تا ئێستا توانیویەتی بمێنێتەوە، چینێک کە دەربڕی ستراکتورێکە بۆ پەیوەندی شێخ /مورید لە ناو تەواوی کایەکانی دونیای ئێمەدا. ئەرشیتێکتوری باڵەخانەو خانووی سەرکردەو سیاسییەکانمان دەبێت هەمیشە ژووری میوان، یاخود ژوورێکی تێدابێت لە سەر وێنەی میوانخانەو دیوەخان. ٥ كە شێخەكان دامەزرێنەری شۆڕشە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانی ئێمەن، كە شێخەكان دامەزرێنەرو بكەری سەرەكی پارتە چەپ و كۆمۆنیست و سۆسیالیستەكانی ئێمەن، وشیاریی و خەمێك نییە بەرانبەر بە پرس و پرەنسیپێكی خەباتی نەتەوەیی/ چینایەتی، بەڵكو دابەشبوونێكی بە ئەنقەست و ئەكتێكی ناو نەستی شێخەكانە لە ناو ستراتیژی خۆ بەرهەمهێنانەوەدا كە نابێت ون ببن، نابێت ئاوا ببن و خۆریان ئاوق بێت، بەڵكو دەبێت لە هەموو شوێنێك بن، گوتاری باو و زاڵ لە ناو چەپ و ڕاستی دونیای ئێمەدا وەك ستراكتورو وەك بكەریش، لە دەستی شێخەكان دەرنەچێت.
ساری أبوبکر زەڵمی دەکرێت بڵێین لەکوردستاندا یەکێک لەو پرسیارانەی کە لە مێشکی زۆرێک لە تاکەکانی کوردستاندا گوزەر دەکات ئەوەیە کە (ئایا بۆچی کوردستان گەشتوەتە ئەم قۆناغەی ئێستا؟ بۆچی کوردستان لە پاش 30ساڵ حوکمداری هێشتا یەکێکە لە ووڵاتە دواکەوتوەکانی جیهان و دانیشتوانەکەی دەناڵێنن بە دەست هەژاری ونەبوونی و بەدەست نەهێنانی مافە سەرەتاییەکانیانەوە؟، بۆچی لێکدابڕانێکی فیکری و مەعریفی و ئەخلاقی قوڵ لەناو پڕۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستاندا پەیدا بووە بەجۆرێک کە کاریگەری گەورەی داناوە لەسەر شکستی پڕۆسەی سیاسی و لەدواجاردا بۆتە ھۆی شکستی سیستەمی ئابوری و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و کەلتوری و....ھتد؟، ئایا بۆچی هەڵبژاردنەکان هیچ کاریگەرییەکیان نیەو گوزەرانی خەڵک هەمیشە بەرەو خراپتر دەڕووات وەک ئەم بارودۆخە خراپەی کە ئێستا تێیدا دەژین)، لەم بابەتەدا بە بەراوردێک بە بارودۆخی سیاسی کۆریای باشوور و هەرێمی کوردستان بەشێک لە وەڵامەکان بەکوورتی دەخەمە ڕوو. کۆریای باشوور لەساڵی 1997 هاوشێوەی ئێستای هەرێمی کوردستان توشی قەیرانێکی دارایی بوو كە هۆکارەکەی قۆرخکردنی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی کردن بە شیوازێکی تاکڕەوانە بوو. ئەم قەیرانە زیانی بە زۆربەی کەرتەکان گەیاند لەم ووڵاتەدا، بەڵام دواتر ئەوقەیرانی داراییە بو بە وانەیەک بۆ لۆمە کردن و بەخۆداچونەوەی دامەزراوە سیاسی و دیموکراسیەکان و هەست کردن بە کەمو کوڕییەکانیان، وە ڕاچڵەکین بوو لەو خەوەی کە فەرمانڕەوایی بە شێوازێکی تاکڕەوی و قۆڕخکاری ئەنجام بدرێت. لە پاش کەمتر لە یەک ساڵ لە سەرهەڵدانی ئەم قەیرانە، هەڵبژاردنەکانی پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجامدرا و لە ساڵی 1998 دا (کیم دائە جونگ) بوو بە سەرۆک کۆمار. کە پێشتر سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنەکان بوو بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ, لەپاش کێبەرکێیەکی بەهێز خەڵکی کۆریای باشور لە ساڵی 1998 دا وەک سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرا، لە پاش 10 ساڵ و لە ساڵی 2008 خەڵکی کۆریای باشوور جارێکی تر سەرۆک کۆماریان گۆڕی و (لی میونگ باک) کرا بە سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی کۆریای باشوور، ئەوەی گرنگە بیڵێم لە هەردوو هەڵبژاردنەکەدا هێزی سوپا و حیزب خۆیان بە دوور گرت لە هەڵبژاردنەکان و بە شێوازێکی دیموکراسی بەڕێوە چوون، حکومەتی (کیم دائە جونگ) بە شێوازێکی خێرا کاری کرد بۆ بەهێز کردنی ئاسایشی ووڵات و چاودێری کردنی ئابوری و دارایی ووڵات و کۆتایی هێنان بە قەیرانەکان، وە گرنگی تەواوی دا بە چاککردنی سیستەمی موچەو باشکردنی مووچەی خانەنیشینی و هاوکاری هەژارەکان کە گەورەترین کێشە لە هەرێمی کوردستاندا ئەم بابەتەیە . حکومەتی کۆریای باشوور دواتر دەستی کرد بە چاکسازی لە ئابووری ووڵاتدا و تا ڕادەیەکی زۆر باش بەرەو پێشی برد، وە چاکسازی کرد لە سەرجەم کەرتەکانی ووڵاتدا، وە هەروەها چاکسازی کرد لە یاساکانی ووڵاتدا بە یاسای هەڵبژاردنیشەوە. لەم سەردەمەدا بە شێوەیەکی ئاشکرا سەرجەم حزب و پارتە سیاسیەکان کێبەرکێیان دەکرد بۆ هەڵبژاردنی کاندیدەکانیان، وە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی هەمیشە لە هەوڵدا بوون بۆ وشیارکردنەوەی لایەنەکان لە دوورکەوتنەوە لە تەزویرات و گەندەڵی لە هەڵبژاردنەکاندا، وە هەموو لایەک هەوڵی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ووڵات بدەن، پێچەوانەی ووڵاتی خۆمان کە زۆربەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە خزمەتی دەسەڵات و حیزبدان و هۆکارن بۆ گەشەکردنی گەندەڵی. دەسەڵاتی ( لی میونگ باک) بەردەوام بوو تا پێنج ساڵ و دواتر لە ساڵی 2013 لەسەر کار لابراو (پارک جیون هی) کرا بەسەرۆک کۆماری ووڵات و پاش ناڕەزایی دەربڕینێکی چەند مانگەی خەڵکی کۆریای باشور سەرەنجام لە مانگی ئازاری ساڵی 2017 بەتۆمەتی گەندەڵی ئیداری و ئابوری لەلایەن پەرلەمان و دادگای باڵای کۆریای باشورەوە لە کار دوورخرایەوە. و لە پاش ئەو (مون جای ئین ) کرا بە 19یەمین سەرۆک کۆماری مێژووی کۆریای باشور کە بە دەنگی هاوڵاتیانی کوریای باشور هەڵبژێردراو كرایە سەرۆک کۆماری ووڵات، کە کاندیدی حزبی دیموکراتی کوریای باشوربوو بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار. گرنگە ئەوە بڵێم ئەم سەرۆک کۆمارە لە یەکەم بڕیاری سەرۆک کۆماریدا لە ساڵی 2017 لە ووتارێکیدا ڕایگەیاند: "پێکهێنانی دەوڵەتێکی شەفاف بۆ پەیوەندیگرتن لەگەڵ هەموو جیهان لە سەرەکیترین بەرنامەکانمە". ڕاشیگەیاند: "تەنیا پێوەر بۆ دانانی بەرپرسانی حکومی ئاستی پسپۆڕی و تواناکانیان دەبێت". چونکە دڵنیابوو لەوەی کە غیابی پسپۆڕی و ھوشیاری و ئاستی زانستی ئەم نوخبەیە، دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە ھەست بەو بەرپرسیارێتیە ئەخلاقی و شەرمە گەورەیە نەکەن و لێکدابڕانێکی فیکری و مەعریفی و ئەخلاقی قوڵ لەناو پڕۆسەی سیاسیدا پەیداببێت. بەجۆرێک کە کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر شکستی پڕۆسەی سیاسی و لەدواجاردا دەبێتە ھۆکایی شکستی سیستەمی ئابوری و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و کەلتوری و....ھتد، وەک ئەوەی كە ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا بە جۆرێک بەدی دەکرێت. دەمەوێت ئەوە بڵێم ئەگەر بە ووردی مێژووی ئەم ووڵاتە و سەرجەم ووڵاتانی پێشکەووتوی جیهان بخوێنینەوە دەبینین هۆکاری سەرەکی بەرەوپێش چوونیان بریتیە لەوەی کە دژی قۆڕخکردنی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی تاکلایەنە وەستاونەتەوەو چەسپاندنی دیموکراسی و بەدیهێنانی شەفافیەت و دژایەتی کردنی گەندەڵیان کردۆتە کاری لە پێشینەیان. بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا لە ساڵی 1991تا ئێستا دەسەڵاتی سەرەکی و کاریگەری ناو حکومەت و پەرلەمان هەمان دەسەڵات و هەمان سیاسەتە، وە قۆرخکردنی دەسەڵات گەشتۆتە ئاستێک کە ئامانجی سەرەکی سیاسەت فەرامۆش کراوە و میلەت نوقمی هەژاری و نەبوونی کراوەو هیچ مافێکی نیە بە مافە سەرەتاییەکانیشەوە کە مووچە یەکێک لەو مافانەیە، لە لایەکی تریشەوە هەڵبژاردن کە بە یەکێک لە هێماکانی هەر سیستەمێکی دیموکراسی دادەنرێت و بە یەکێک لەو ئامرازە گرنگانە دادەنرێ کە هاووڵاتیانی هەر ووڵاتێك لە کاتی ناڕەزاییەکاندا و بە مەبەستی وەرگرتنی مافەکانیان ئەنجامی دەدەن، کە تێیدا هاووڵاتیان دەتوانن لە ڕێگەی دەنگدان و هەڵبژاردنی نوێنەرانی خۆیانەوە بەشداری لە دەرکردنی بڕیار و بەڕێوەبردنی وڵاتدا بکەن، چونکە بەپێی کەلتووری سیاسی و سیستەمی دیموکراسی دونیای نوێ، ھەروەھا لەناو فەلسەفەی سیاسیدا مرۆڤ ئامانجی باڵایە، کۆی شتەکانی دیکە "سیاسەت، ئاین، زانست...ھتد" وەسیلەو ئامرازن و دەبێ بچنەوە خزمەتی ئەو ئامانجە باڵایەوە كە مرۆڤە. وەک چۆن لە ووڵاتانی پیشکەوتووی جیهاندا سیاسەت، بریتیە لە ھونەری باڵا و ئەخلاق و بەرپرسیارێتی، ھەروەھا وەگەرخستنی تواناکانە بۆ بەدیھێنانی پێداویستە گشتیەکان بەباشترین شێواز، کە مرۆڤ تیایدا مومارەسەی ئازادیەکانی خۆی دەکات وەک بکەرێکی سۆسیۆلۆژی و عەقڵانی، لەم نیگایەوە سیاسەت ئامرازێکی گرنگە و دووبارە دەچێتەوە خزمەتی مرۆڤ کە ئامانجە باڵاکەیە، بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا سیاسەت ئەو واتایە ناگەیەنێت و بەڵکو سیاسەت داماڵراوە لەو بەها جوانانە، هەڵبژاردنەکانیش وەک بەشێک لە سیستەمی سیاسی و حوکمڕانی بە سیاسی کراوون و بەکاردەهێنرێن بۆ مانەوەی ئەو دەسەڵاتانەی کە چەندین ساڵە ووڵات بەڕێوە دەبەن. لە زۆربەی ووڵاتانی دونیادا دانانی سیستەمی هەڵبژاردن بە یەکێک لە گرنگترین بڕیارەکان دادەنرێت. وە ئەو ژینگە و زەمینەیەی کە تێیدا سیستەمی هەڵبژاردن دەستنیشان دەکرێت، بەئەندازەی خودی هەڵبژاردن گرنگە، لە هەموو جیهاندا هەڵبژاردن بۆ ئەوەیە خەڵک نوێنەری خۆی بۆ چەند ساڵێک دیاری بکات تاوەکو لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا خزمەتی بکرێت. سەرەڕای ئەمەش ئاماژەیە بۆ گرنگی تاک لەم دەوڵەتەدا کە سەنگ و پێگەی خۆی هەیە لە بڕیاردان، لە چارەنوسی ژیانی خۆی و گەلەکەی کە بیەوێت بە کام ئاڕاستەیدا ببات، کە زیاتر خزمەتکردن و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگایەتی. لەهەمان کاتیشدا هەر زوو ئەو لایەنەی کە براوە بووە دەست دەکات بە دروستکردنی حوکمەت و لەماوەیەکی زۆر کەمدا تەواوی پلانی کارەکەی دەخاتە ڕوو. بەڵام لە کوردستادا کاتێک هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، نە بۆ خزمەتکردنە، نە بۆ خۆشگوزەرانیە و نە تاکیش گرنگی و پێگەی خۆی هەیە وەک ووڵاتانی پێشکەووتو، بەڵکو هەڵبژاردن لە باشوری کوردستان تەنها بۆ ئەوەیە کە بە جیهان بڵێن ئێمە گەلێکی دیموکراس خوازین و گوێ لە ڕای گەل دەگرین، بەڵام لە ڕستیدا گوێگرتن لە ڕای گەل ئەو کاتەیە کە هەڵبژاردن خزمەتی گەلی پێبکرێت وەک پێشتر باسمان کرد لە کۆریای باشوور بە هۆی هەڵبژاردنەکانەوە چ گۆڕانکارییەک ئەنجامدراوە و چەند جار سەرۆکەکان گۆڕان و لەسەر کار لابران و بەهۆی هەڵبژاردنەکانەوە چ پێشکەوتنێک بەدیهێنراوە. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە، ژیانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی دابڕانێکی مۆڕاڵی و فیکری و مەعریفی قوڵ بۆتەوە، نەک ھەرئەمە بەڵکو بەرەو ئاستێکی نزمی کۆمیدی دابەزیوە، لە ئێستادا سیاسەت بەکۆمەڵێک ئامرازی سەیر بەستراوەتەوە بەدونیای مەجازیەیەوە، بەجۆرێک ئایدۆلۆژیای سیاسی بەتەواوی دابەزیوە بۆ ڕووبەرە گشتیەکان و ڕووبەرە کۆمەڵایەتیەکان، لەدواجاردا گاڵتەجاڕی و داڕمانی سیستەم و ئەخلاقی سیاسی شێوازێکی دیکەی ئەم کۆمیدیایەیە کە ئەم ئەزموونە سیاسیەی هەرێم خوڵقاندویانە. بۆیە دەکرێت بڵێین بارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1991تا ئێستا هۆکاری سەرەکیە بۆ دروست بوونی ئەم قەیرانە سەختەی کە دروست بووە، لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان ووڵاتێکی دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی و جوگرافیایەکی گونجاوی هەیە بۆ بازرگانی کردن و بەرەوپێش بردنی ئابووری ووڵات، بەڵام بارودۆخی سیاسی هەرێم وای کردووە کە هەموو کەرتەکانی ووڵات دوابکەون و بگەنە ئەم قۆناغەی ئێستا. بە ووتەیەکی نیکۆلا ماکیاڤیلی ئیتاڵی کۆتایی بە بابەتەکەم دەهێنم کە دەڵێت: جۆرێک لە گروپ و نوخبەی سیاسی هەن کە باوەڕیان بە بەکارھێنانی گشت ڕێبازێکە بۆ مانەوەو درێژەپێدانی دەسەڵاتی شکست خواردووی خۆیان، لەوانە (فەلسەفەی ئەخلاق، ئایین، ھێزو سوپا، پیلان و خەڵاتاندن و فێڵ، درۆ و بەرتیل و جاسوسی، خۆسەپاندن... ھتد). * ماستەر لە پلاندانان و گەشەپێدانی ئابووریدا
عەلی مستەفا کەریم پاش ریفراندۆم مەسعود بەرزانی وەکو سەرۆکی هەرێم ڕاستەوخۆ، ئەگەر بە روکەشیش بێت، لە سیاسەت کشاوەتەوە و ئێستە دەسەڵاتی ئەم حیزبە و حکومەتی هەرێمیش لە هەولێر بە دەست کوڕ و برازاکەوەیەتی، کە نەوەی نوێی ئەو حیزبەن. یەکێتی بە هەمان شێوە، پاش مەرگی جەلال تاڵەبانی و ململانێیەکی چەند ساڵە لە فەوزا و باڵباڵێن، ئێستە نەوەی نوێی سکرتێرەکەی، کە قوباد و پاڤێڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگین، جڵەوی حیزب و پارە و ئاسایش و پێشمەرگەیان بە دەستەوەیە. لەسەردەمی نەوەی نوێی هەردو بنەماڵە و حیزبدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە خراپترین و دژوارترین دۆخی ئابوری و سیاسی خۆیدایە، کە نەکو ناتوانێ موچە دابین بکات بۆ کارمەندانی و موچەخۆرانی، بەڵکو قەوارەکەی، پاش سی ساڵ بە هەڵواسراوی، لەبەردەم هەڵوەشانەوەدایە. لەم دۆخە ناهەموارەشدا هەمو ساتێک ئەگەری هەیە خۆپیشاندانی خەڵکی ناڕازی، کە لەشێوازی ئاشتییانە دەرچوە، داروبەرد بەسەریەکدا بدات. بۆیە خۆپیشاندانەکانی ئایندە ترسی ئەوەیان لێدەکرێت کە نەکو تەنها دەزگای حکومی و حیزبی و خزمەتگوزاری پەلامار بدەن، بەڵکو ئەوەیان لێدەخوێنرێتەوە کە ماڵوموڵکی دەوڵەمەند و سیاسییەکان پەلامار بدرێن کە چەندین ساڵە خەڵکی پێیانوایە بە زوڵم و گەندەڵی پێکەوەیانناوە و تەنانەت دەزگا پەروەردەییەکانیش بسوتێنرێن. ئا لەم دۆخەی نەوەی نوێی سیاسیەکانی هەرێمدا، وەکو ڕێکەوتێکی دیاردەی ئاینی و سیاسی، شێخی کەسنەزانی باوک وەفاتی کرد و کوڕەکەی کە شێخ نەهرۆیە وەکو نەوەیەکی نوێ بەیعەتی پێدرا. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە، کە ئایا نەوەی نوێی تەریقەتی قادری- کەسنەزانی کە شێخ نەهرۆیە تەریقەتەکە و شوێنکەوتوانی بە چ ئاراستەیەکدا دەبات، چ پلانێکی هەیە؟ ئایا شێخ نەهرۆ دەتوانێ تەریقەت ئاراستە بکات و نوێبکاتەوە و رۆڵی ئیجابی پێ بگێڕێ، یان ئەویش وەکو نەوەی نوێی حیزبەکان دۆخی تەریقەت لە خراپەوە بەرەو خراپتر دەبات؟! «مۆدێلی مزگەوت بەرامبەر مۆدێلی تەکێ و خانەقا» بەدرێژایی مێژوی ئاینی ئیسلام، یان لەو کاتەوەی کە ئاینی ئیسلام لە کوردستاندا فۆرمی گرتوە، دو مۆدێل لە ململانێ و رکابەریدان، ئەوانیش مۆدێلی مزگەوت بەرامبەر مۆدێلی تەکێ و خانەقان. مزگەوت پاڵپشتی لە فیقهو شەریعەت کردوە، لە بەرامبەردا تەکێ و خانەقا پاڵپشتییان لە تەریقەت و شێخایەتی کردوە. تەریقەت و ئاینداری لە کوردستاندا لە شێوازی شێخ و مورید و سۆفیگەری و دەروێشایەتی، کە ناوەندەکەیان تەکیە و خانەقابوە لەو مۆدێلە دێرینەیە کە لە یادەوەری تاک و کۆمەڵی کوردیدا ریشەی پێشینە و قوڵی هەیە. ئەم مۆدێلە چەند سەدساڵێکبوە لە ململانێدا بوە لەگەڵ مۆدێلی دوەمدا کە مەلایەتی و ئاراستەی شەریعەت نوێنەرایەتی کردوە کە ناوەندەکەی لە مزگەوت و حوجرەکاندا بەرجەستەبوە. ململانێی مزگەوت و مەلاکان کە خۆیان بە نوێنەری شەریعەت دەزانن بەرامبەر بە سۆفیگەری و شێخایەتی کە پێیانوایە راستەوخۆ درێژکراوەی نەسەبی پێغەمبەرن و لە تەریقەتەوە بە راستییەکان دەگەن، چەند سەدساڵێک بەتوندی لە هەمو ئاستەکاندا درێژەی هەبوە تاکو کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست. لە سەدساڵی ڕابردودا مۆدێلی سۆفیگەری و شێخایەتی لەبەردەم ڕەخنە و هێرشێکی فراوانی فرەلایەندا بوە. مۆدێرنە بە هەمو دیاردە سیاسی و مەعریفییەکانییەوە لە وڵاتە تازەپێگەشتوەکاندا، هێرشێکی توندی کردە سەر دیاردەی ئاینداری، بەتایبەتی سۆفیگەری و شێخایەتی. لە ناو کوردیشدا بە هەمان شێوە، مونەوارانی کلاسیکی کورد، لە شاعیران نالی و حاجی و هتد، ڕەخنەی توندیان لەو مۆدێلە گرت و لە زۆر بواردا بە هۆکاری پاشکەوتنی کۆمەڵیان داناوە. هەروەها لە بازنە ئاینییەکەشدا مونەویرانی وێنەی مەلای گەورە بەشێکی زۆری هەوڵی خۆیان ڕەخنەگرتن بو لەو مۆدێلە. پەیدابونی تەوژمی ئیسلامی سیاسیش، بە هەردو باڵی ئیخوانی و سەلەفیزمەوە، ئەو ڕەخنە ئاینیانەیان لە کتێب و نوسینەوە هێنایە ناو تەوژمی کۆمەڵایەتی و دژایەتیکردنی سۆفیگەری و شێخایەتی بویە یەکێک لە ئامانجی ئیسلامی سیاسی. لە ڕوی سیاسیشەوە دەرکەوتنی حزبی چەپی کوردی، هەروەها رەوتی رۆشنگەری و مونەورانی کورەد، زەبرێکی توندیاندا لەو مۆدێلە. ئەمانە کاریگەری زۆریان هەبو لەسەر ئەوەی کە مۆدێلێ سۆفیگەری و شێخایەتی پاشەکشە بکات. ئەمە جگە لەوەی مۆدێلی سۆفیگەری شێخایەتی لەناو خۆیدا توانای خۆنوێکردنەوە و مقاوەمەی نەمابو. بەمجۆرە لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەوە، چیتر مزگەوت جێگەی بە خانەقا و تەکیە چۆڵکرد. Ali Mustafa sent Today at 13:10 پاش ئەو زەبرانەی لە ناوەوە و لە دەرەوە بەر سۆفیگەری و شێخایەتی و تەکیە و خانەقا کەوتوە بە درێژایی سەدساڵی رابردو، پاش ئەو هەمو هێرش و ڕەخنانەی لەسەر ئەو مۆدێلە هەیە، ئەم چەند ساڵە کەمەی دوایی، خانەقا و تەکییەکان جموجوڵیان تێکەوتوەتەوە و دەیانەوێ ڕۆڵێک ببینن. پرسی گرنگ ئەوەیە کە ئەم جموجوڵ و چالاکیانە هۆکارەکەی ئەوەیە کە سۆفیگەری و شێخایەتی زیندودەبێتەوە و خۆی نوێدەکاتەوە، یاخود ئەوە لایەنە سیاسی و هەواڵگرییەکانی ناوخۆ و دەرەوەن کە دەیانەوێ رۆڵیان بدەنێ؟ ئایا لە توانای خانەقا و تەکیەدا هەیە بەو دۆخە ناهەموارەیەوە کە سەد ساڵە لە ژێر هێرش و پەلاماردایە و بێ نوێبوونەوە و بێ گوتار و ئایدیایەکی ڕۆشن کە لە ئاست قۆناغەکەدابێت، هەستێتەوە و سود لەو ڕەگوڕیشە کلتوری و کۆمەڵایەتییەی هەیەتی، ببینێت؟ ئەوەندەی لە نمونەی تەریقەتی کەسنەزانیدا تێبینی دەکرێت و دیاردەیەکی نوێیە، یەکەم وەفاتی شێخ عەبدولکەریمە و ناشتن و بە مەرقەدکردنییەتی لە سلێمانی، دوەم بەیعەتدانە بە شێخی نوێ کە تەمەنێکی زۆری نییە و دەکرێ بە نەوەی نوێ بژمێردرێت. لە ناشتنی و پاش ناشتنی شێخی باوک و هوروژمی دەروێشان بۆ تەواف میدیایەکی زۆر و بە مەبەستەوە کەوتنەگەڕ و زومێکی چڕ خرایە سەر شێخی نوێ و جموجوڵەکانی. لەم رۆژانەی دوایشدا زۆرێک سەرکردەی سیاسی و حیزبی میوانی تەکیە و شێخی نەوەی نوێبون. جگە لەم روداوە بچوکانە ئێمە هەست بە گۆڕانکارییەکی نوێ و ریشەیی ناکەین کە نە لە گوتار نە لە پێکهاتەی تەریقەکەدا هاتبێتە ئارا. هەر گۆڕانکارییەکی جەوهەری لە تەریقەت و پێکهاتەکەیدا پێوستی بە مەرجەعێکی کاریزمایی و بەتوانا هەیە، کە بەلای کەمەوە بە تێپەڕبونی دەساڵێک ئەو مەرجەعە خۆی بناسێنێ، دواتر بتوانێ خۆی و تەریقەتەکەی بسەلمێنێ و پەلدابکوتێت و خۆی نمایشبکات و دواتر هەمو ئەم دەرکەوتانەش کاردانەوە و کاریگەری لەسەر کۆمەڵی سیاسی و پێکهاتەی کۆڵایەتی بەجێبهێڵێت. بەڵام ئەوەی ئێستا دەبینرێت چەند دەروێش و شوێنکەوتەیەکی پرشوبڵاوی تەقلیدین، کە دێن بۆ تەواف و دەگەڕێنەوە. ئەم کۆمەڵە دەروێشە زۆر لەوە سادەترن کاریگەری بەسەر پێکهاتەی ئابوری و سیاسی و رۆشنبیری هەرێمدا جێبهێڵن و شتێکی ریشەیی لە هاوکێشەکەدا بگۆڕن. لەلایەکی تریشەوە سۆفیگەری و شێخایەتی بەگشتی هەستانەوەیەکی زۆر قوڵ، مەعڕیفەکی نوێی پێویستە بەسەردەمی نوێ، هەروەها مەرجەع و ڕێبەری بە ئاگا و ڕاستگۆ و خاکی لە گەڵ پەیامەکەی پێویستە کە شوێنکەوتوانی بە ڕێبەری ڕۆحی بزانن و هەست بکەن بەرەو هەقیقەتیان دەبات. بەڵام ئەوەی تاکو ئێستا دەبینرێت بە تەنها ئەوەیە کە شێخک مردوە و بە ئۆتۆماتیکی کوڕەکەی لە شوێنی دانیشتوە. ئەوەی لەم سەرەتاوە لێکدەدرێتەوە ئەوەیە کە شێخی کوڕ پێدەچێت پێش ئەوەی بونیە ئاینی و کلتوریەکەی تازە بکاتەوە و قوڵبکاتەوە، پێش ئەوەی تەریقەتمان وەکو تەوژمێکی نوێ و فۆرمێکی نوێ پێ بناسێنێ، پێش ئەوەی ریفۆرم لەو بونییە کۆن و هەڵوەشاوەی کە تەکیە و دەروێشایەتی و شوێنکەوتوانی هەیانە بهێنێتەئاراوە، خۆی بە سیاسەت و گەمەی سیاسی و هەڵپەی موناوەرەکردنەوە خەریککردوە و هەوڵدەدا لەو هاوکێشە هەرێمی و عێراقی و ئەقلیمیەدا گەمەیەک بکات، یاخود لە دەرەوەی خودی تەریقەتەکەوە دەیانەوێ رۆڵێکی ئامادەکراو ببینێ. لە هەردو بارەکەدا رۆڵی لەمجۆرە گەمەیەکی کورتخایەنە و لە ماوەیەکی کەمدا دەرەنجام و پاڵنەرەکانی روندەبنەوە. لە کاتێکدا گەمەی لەمجۆرە ڕەنگە بەرگەی کەمترین گۆڕانکاری و پەلاماری ئیستخباراتی، یان چەکداری بچوک نەگرێت. بۆیە دۆخی ئێستای سۆفیگەری و شێخایەتی و تەکیە و خانەقاکان لە هەرێمی کوردستاندا لە دۆخی سیاسی و ئابوری و حیزبایەتی باشتر نییە و ڕەنگە نەوەی نوێی شێخیش، لە نەوەی نوێی سیاسیەکانی کوردستان بچێت و ئەو دۆخە کە شێخایەتی و تەریقەتەکە تێیدایە لە خراپەوە بەرەو خراپتر بەرێ
ئەبوبەكر عەلی میلیشیا رێكخستنێكی سهربازیی نانیزامیه. میلیشیاکان زیاتر لەکاتی قەیرانەکان وشەڕی ناوخۆدا سەرھەڵدەدەن. مێژوی سەرھەڵدانیشیان کۆنەو بۆسەردەی ڕۆمانەکان درێژ دەبێتەوە. زیادلە پێناسێکیش بۆ چەمکی میلشیاو ناساندن بۆ جۆرو ڕۆڵی، لەسۆنگەی جیاوازی دۆخ و پاڵنەرو گۆشەنیگای فکریەوە خراوەتە روو. ھەندێک جار دەوڵەت خۆی بەمەبەستی پاڵپشتیکردن لەسوپاوھێزەچەکدارەکانی لەکەتی جەنگەکاندا سدروستی دەکات، لەوێنەی سوریا. گەرئێمە واز لەوردەکاری ئەم بابەتە بێنین و بچینە سەرئەو خەسڵەتانەی میلیشیاگەری، کەھەر بەبیستنی وشەکە، دەچێتە زەینی مرۆڤی ئاساییەوە، دەڵێین: میلیشاگەری بەشێوەوەیەکی گشتی ئاماژەیە بەدۆخێك، کەتیایدا سەروەری یاساو ئازادیەکان و مافەکانی مرۆڤ لەقەیرانی ڕاستە قینەدان. چونکە لەزۆربەی کاتدا میلیشا نوێنەرایەتی ناسنامەیەکی گروپیی داخراوی ئاینیی، مەزھەب یی، ئیتنی وسیاسی دەکات. ھێزێکی بەسیاسی کراوە. گەر ڕوپۆشێکی ڕواڵەتیی یاسایشی بۆ دروست بکرێت، ناتوانێت ببێتە نوێنەری پڕۆژەیەکی سیاسی کۆمەڵگەیی دروست و ھەمەلایەنە.لەڕویەکی ترەوە، مێژوو ئەزموونی چەندین وڵاتی جۆراو جۆر پێمان دەڵێن، میلیشاگەری تێکەڵەیەکە لەدەمارگیری و رق و سەربازی کرێ گرتەو دڵرەقی و وەلائی سیاسی کوێرانەو حساب نەکردن بۆ یاساکانی جەنگ. لەگەڵ ھەموو ئەوەشدا بەگشتی، میلیشیا بۆ ئامانجێکی کاتی پێکدەھێنرێت. بەڵام کاتیەکە لەوڵات ودۆخێکەوە بۆ یەکێکیتر جیاوازە. لەوڵاتانەی دەوڵەت تیایاندا شکست دەخوات، یاخود بەلۆژیکی مافیا بەڕێوە دەبرێن و نوقمی گەندەڵی ونالێپرسراوێتی سیاسین، کاتەکە زۆرتر دەخایەنێت، بەجۆرێك ھەندێ جار وەك ھێزی ئاسایی دێنە پێش چاو، ھێزی سەربازی بەسیاسی کروو لایەنگریش، بائاوەڵناوی میلیشیاشی پێوەنەبێت، لەجەوھەردا فۆرمێکی ناولێنەنراوی ئەون. لەئێستادا فۆرمێکی جیاوزتری میلیشیامان لەھەموو ئەوانە ش ھەی،ە کەئاماژەیە بەڕق وجیاکاری و ھەست بەپەراوێز کەوتن یاخود خۆبەباڵابینین وناسنامەگەرایی ھەناوی کۆمەڵگەیەك، وەك ئەوەی لەشوێنێکی وەکو وڵاتە یەکگرتووەکاندا دەیبینین؟! ھەرچۆنێك بێت بوونی میلیشیا ئاماژەیەبە: ناسەقامگیری، سەقامگیری فشەڵ، ترسی شەڕی ناوخۆ، لاوازی گیانی بەیەکەوە ژیان و نەبوونی پرۆژەی نیشتمانی راستەقینە، دەستێوەردانی دەرەکی. میلیشیا بەحوکمی زۆر ھۆکا،ر ئەگەر بشتوانێت لەھەندێک کاتدا ھەڵگری بوغزو ڕقی نەتەوەیی بێت، ناتوانێت ھەڵگری خەونی نەتەوەیی وپڕۆژەی نیشتمانی گەورە بێت. ھەرلەم روانگەشەوەیە میکیاڤیللی وەك بیرمەندو سیاسەتمەدارێك، کەلهسهردهمی خۆیدا بەکردەوە، سهرپهرشتی پێكهێنانی میلیشیای كردووه، دید و ئهزموونی خۆیمان، لهبهر ڕوناكی و بهرهنجامی ئهو شهڕانهی میلیشیاکان بهشداریان تێدا كردووه، بۆ دهخاته ڕوو. له دیدی ئهو یشەوە لەوە تێدهگهین، میلیشیا تەنھا دهتوانێ له ههندێ شهڕی سنوردار وبه هاوكاری هێزهكانی تر سهركهوتن بهدهست بهێنێت. بەدەرلەمەله شهڕی گهوره و لهبهردهم لهشكره بههێزهكاندا، ههر زوو تێكدهشكی و شپرزهیی و لێكههڵوهشاوهیی دووچاری ریزهكانی دهبێت. میكیاڤیلی لەڕوانگەی بەرەنجامی ھەندێ لەشەڕەکانی وڵاتەکەی لەکاتی خۆیدا، کەمیلیشیاکانیش بەشداریان تێدا کردووەو ئاستی تواناو سروشتی میلیشیامان بۆھەڵدەسەنگێنێ و دەڵێت: (میلیشیاكان به مهبهستی پاسهوانی كردنی ئهو رێگایه دهچنه فلۆرهنسا له شاری براتۆكۆم بوون، بهڵام ههر له یهكهم هێرشی سهربازهكانی ئیمپراتۆردا ههرا كهوته نێوانیان و كهسیان سۆراخی ئهوی تریانی نهدهزانی! ههر زوو شارهكهیان لهدهست دهرهێنرا و تێكشكان، بێ ئهوهی هیچ بهرگریهك بكەن ) . ڕەنگە بۆکوردێك، کاتێك ئەم دێڕانە دەخوێنێتەوە، یەکسەر ١٦ ی ئۆکتۆبەرو تێکشکانی ھێزی پێشمەرگەو بەدەستەوەدانی کەرکوکی بەوئاسانیە بەبیردا بێت. ئەمەش دەیسەلمێنێت، ھەروەك ئاماژەمان پێدا، بەگشتی، میلیشیاكان بهرگهی ڕووبهڕووبوونهوهی گهوره و چارهنووسساز ناگرن و توانای بهدیهێنانی ئامانجی نیشتمانی باڵایان نیه وگرەویان لەسەر ناکرێت. چونکە (هیچ كاتێك ناتوانی سوپایهكی ئازا و ههمیشه سهركهوتووت ههبێت، ئهگهر ئهو سوپایه بهرژهوهندیهكانی گهلی نهپاراستبێت و نهیخستبێته سهروو بهرژهوهندیهكانی خۆی و دڵسۆزیی بۆ نیشتمان نهبێت. ئهو سوپایهی ههردهمه سهركهوتووه، كه هی گهلێك بێت و ههمیشه ئامادهی قوربانیدان و گیان بهخشین بێت لهپێناو ئازادی و بڕوا سیاسیهكاندا) . میلیشیاش بەحوکمی زۆرشت ئاسان نیە ھەڵگری ئەم خەسڵەت و ناسنامەوسروشتە بێت. ھێزی بەناسیاسی کراو، دەتوانێت لەسەرئاستی نیشتمانیدا پارێزەری باوەڕی سیاسی وبەرژەوەنی نیشتمانی بێت. ھێزێك، کاری سیاسی وحیزبیی لەڕیزەکانیدا قەدەغە کرابێت ووەلائی تەنھاو تەنھا بۆ گەل ونیشتیمان و دەوڵەت بێت. ئەزموونی کوردی باشورو ھەرێمی کوردستانیش، بەتایبەتییش لەدوا ڕاپەڕینەوە، ئەو ڕێساو بەرەنجامگیریەی میکیاڤیللی پشت ڕاست دەکاتەوە. چەکی کوردی لەوساتەوەی بووە بەئامرازی شەڕی ناوخۆ، بالەھەمانکاتدا بەرامبەر دوژمنە نەتەوەییەکان بەکار ھێنرابێت، ھۆکارێکی شێواندن و بچوککردنەوەی پڕۆژەی نیشتیمانیی کوردستانی ولاوازکردنی توانای بەرگری لەخۆکردن بووە! ئێستاشی لەگەڵدا بێت بۆ پاراستنی خاك وکەرامەت گەلەکەمان، بێ یارمەتی دەرەکی، گرەو لەسەر ئەم ھێزە ناکرێت. ئەمەلەکاتێکدا گەندەڵیەکی بەرفروان لە ناویداو بەناوی ئەوەوە کراوەو بارگرانیەکی گەورەشی لەروی داراییەوە بۆ حکومەت دروست کردووە!! واتە جگەلەوەی بێ یارمەتی دەرەکی بۆبەرگری کردن لەھەرێم وگەلەکەی گرەوی لەسەر ناکرێت، لەڕێی ئەوبارگرانیە زۆرو ناسروشتیەش کەلەسەر بوجەو حکومەت ئەم و بەگشی ھێزەچەکدارەکانی تر دروستیان کردووە، پێگەی ھەرێمی لەروی سیاسی وئابوریشەوە لاوازکردووە!! ناکۆکیە سیاسیەکانیش ھێندەی ترئەم دۆسیەیان ئاڵۆز کردووە! بەڵکو بوونی ھێزەکانی ھەفتاو ھەشتا ھاندەرێکی گەورەی قوڵبونەوەی ناکۆکی و بەدابەشمانەوەی ھەرێم و تەشەنەکردنی گەندەڵین، کەسەرجەم ئەم شتانەش زەبری گەورە لەستراتیژیەتی لەسەر پێی خۆوەستان وبەرگری لەخۆکردن وپرۆسەی دواخراوی نیشتیمان و نەتەوە سازی وخەمڵاندنی ناسنامەیەکی نشتمانی دەدەن. ئەم بابەتەش ھی پڕو پاگەندە پەردەپۆش کردن وبەڵگە داتاشین نیە. نابێت بەشەرعیەتپێدانی یاسایی ڕوکەشیش، خۆمان بخڵەتێنین و وابزانین ھەرێم پێکھاتەی میلیشیایی تێپەڕاندووە، چونکە ھەر ھێزێك لەدەدەوەی دەزگای فەرمی وتایبەتمەندی حکومەتەوە توانرا بجوڵێنرێت وفەرمانی بۆ دەربکرێت و ھێزەکەش گوێڕایەڵی نیشاندا، وە بۆ ململانێ و بەرژەوەندی دەرەوەی نیشتیمانی وحیزبیی وگروپی بەکار ھات وشوناسەکەی تێکەڵ بەئینتیمای حیزبیی کرابوو، وەمەترسی بوون بەلایەن لەشەڕی ناوخۆی لێ دەکرا، پێناسەی میلیشیای بەسەردا دە چەسپێت. چونکە عیبرەت بەناوەرۆکە نەك ناو. لێرهشهوه میلیشیا و میلیشیاگهری هێمای دواكهوتوویی و خۆپهرستی سیاسی و بوونی گهندهڵی و بهرژهوهندیه تایبهت و ناوچهیی و گروپی و كهرتبوونی ئیرادهی نیشتمانه. دژ به بههاكانی نیشتمان و نهتهوه و دهوڵهت سازییه. بناغهیهك نیه توانای ئهوهی ههبێت ئایندهی گهلێكی لهسهر بنیات بنرێت. ئامرازی شهڕی ناوخۆ و پارێزگاریه له گهندهڵی نوخبه و میرهكانی جهنگ، میلیشیاكان مایهی شێواندنی شهرهفی سهربازی و ئهخلاقی نیشتمانی و پرۆسهی چاكسازی و بنیاتكردنهوهن. ههندێ له دهسهڵاتدارهكانیش بۆ شاردنهوهی سیمای واقیعی میلیشیایی رێكخستنه سهربازیهكانیان، پهنا دهبهنه بهر ڕووپۆش و رهوایهتیت پێدانی یاسایی رواڵهتی و مێژووی شۆڕشگێڕی و دروشمی نهتهوهیی. له كاتێكدا ههتا هێزیكمان ههبێت ، پاراستنی گهل و نیشتمان نهخاته سهروو ههموو بهرژهوهندی و دابهشبوونه ناوچهیی و حیزبی و گروپی و ئایدۆلۆژیهوه ، وه تاكه ئینتمای بۆ نیشتمان و تاكه مهرجهعی ئاراسته و فهرمان لێوهرگرتن و جوڵاندن و ئامانج بۆدیاریكردنی، دهزگا تایبهتمهندهكانی دهسهڵاتێكی نیشتمانی نهبێت و له دهرهوهی ئهوهوه كهس و هێز و ناوهندی تر توانای بهكارهێنان و جوڵاندن و فهرمان بۆدهركردنی ههبێت و ئهویش گوێڕایهڵی بێت، گهر سهدجار ناوی نیشتمانی لهم هێزه بنرێت و بهشان و باڵیدا ههڵبدرێت و رووپۆشی یاسایی بۆ دهستهبهر بكهین له جهوههردا میلیشیایە. ئەمەش کێشەی پێشمەرگەی ئاسایی نیە کە خزم وکەس وکاری خۆمانن
عەدنان عوسمان پێش ماوەیەک بابەتێکی کۆنی خۆمم کەوتە بەرچاو و دواتر لە لاپەڕەی خۆم لە فەیس بوک دامنایەوە. لەسەرەوەی وتارەکە مێژوی وتارەکەم نوسیوە کە( ١٤ی ١ی ٢٠٠٨) ە، واتە نزیک بە ساڵ و چەند مانگێک پێش دروست بونی لیستی گۆڕان. لە خواری وتارەکەش تێبینیەکم نوسیوە کە بەکارهێنانی چەمکی " فراکسیۆن" لەم وتارەدا تەنها بەمەبەستی فراکسیۆنی نێو حزبە. کەچی سەرباری ئەوەی لەسەرەوە مێژوەکەی و لەخوارەوەش مەبەستەکەیم نوسیبو، بەداخەوە هێشتا بەدحاڵی بونێک لە بابەتەکە هەبو، بەتایبەت گوایە من لام ئاساییە حزبێک دوو یا چەند فراکسیۆنێکی پەرلەمانی هەبێت! وەک باسم کرد وتارەکە هی سەرەتای ساڵی ٢٠٠٨ە، ئەو کات من سەرنوسەری رۆژنامەی 'رۆژنامەی' کۆمپانیای وشە بوم کە لەلایەن کاک نەوشیروان مستەفاوە دامەزرابو. کاک نەوشیروان، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی کەم و کۆمەڵێک گەنجی رۆژنامەنوس، سەرقاڵی خستنە سەر قاچی پرۆژەیەکی ئیعلامی گەورە بو، کە دواتر کارنامەو رەخنەکانی بون بەبەشێک لە هەوڵی گەلاڵەکردنی پرۆژەی لیستی گۆڕان لە ٢٠٠٩ دا. ئەو کات بەشی زۆری هاوڕی و هاوبیرانی کاک نەوشیروان، بەتایبەت ئەوانەی پێیان دەوترا باڵی ریفۆرم، لەنێو یەکێتی نیشتمانیدا کاریان ئەکرد و پۆستی گرنگ و باڵایان هەبو. ئێمەی رۆژنامەنوسان و ستافی کۆمپانیای وشە، زۆرجار، هەفتانە یا رۆژانە سەردانی کاک نوشیروانمان ئەکرد و گفتوگۆی بەردەواممان هەبو لەسەر زۆر پرسی هەمەلایەن. یەکێک لەو بابەتانەی کە جارێکیان گفتوگۆمان لەسەری کرد، بونی پلاتفۆرم وەیا مینبەرە لە نێو حزبەکاندا. مەعلومە کاک نەوشیروان لە نەمسا خوێندویەتی و ساڵانێک لە بەریتانیا ژیاوەو ئەیزانی کە حزبی سیاسی مۆدێرن، بەردەوام خاوەنی چەندین گرایش و باڵ و پلاتفۆرمە کە هەریەکەیان لە چوارچێوەی بەرنامە گشتیەکەی حزبەکەدا، نوێنەرایەتی پرس و دیدگای جیاوازتریش ئەکەن و هەڵگری خەسڵەتی تایبەتن. بۆچونی من ئەوەبو کە دەکرێ و دەشێ لە بری ئەو هەمو ئینشقاق و حزب دروست کردنە، کە هەندێ جار زادەی کۆمەڵێک ناکۆکی شەخسی و، هەندێ جاریش فکری و سیاسی لاوەکین وەیا جەوهەرین، بیر لە دروستکردنی مینبەری ئاشکرا بکرێتەوە لە حزبەکاندا. ئەو مینبەر یا فراکسیۆنانە، خاوەنی کەسایەتی و پەیامی رونی خۆیان بن و بتوانن گوزارشت لە بۆچونی جیاوازی خۆیان بکەن، بەڵام لەچوارچێوەی سیاسەتە گشتی و بەرژەوەندیە باڵاکانی حزبەکەدا. هەر لەوێش لە بری کوتلە یا پلاتفۆرم، وشەی فراکسیۆنم بەکارهێنا بۆ خۆجیاکردنەوە لەو نەخۆشی تەکەتولەی حزبەکانی داغانکردبوو بێ ئەوەی هیچ بەرهەمێکی سیاسی جیاوازی هەبێت. ئەو کات کە ئەو وتارەم نوسی، نەهێشتا هەنگاو بۆ لیستی سەربەخۆ نرابو، نە پلانی حزب دروستکردن هەبو، تێگەیشتنی ئێمەش بۆ ئەوسای گۆڕان ئەوەبو کە بزوتنەوەیەکی چاکسازی بەرفراوان و هەمە رەنگەو جۆرێکە لەبەرەیەکی بەرفراوانی ریفۆرم.( تەنانەت لەسەر ئەوەش چەند بابەتێکمان نوسی کەوا گۆڕان واوەترە لە حزب و بەرەیەکی فراوانترە). ململانێکانی کوردستان و رێگریەکانی بەردەم پلانی کاک نەوشیروان و گۆڕانخوازان، بەڕادەیەک سەخت و دژوار بون کە گۆڕانی ناچار کرد، هەنگاو بەهەنگاو بەرەو جۆرێک لە حزبایەتی بڕوات و ناچاربێت دیواری خۆجیاکردنەوەی جەماوەری لەدەوری خۆی بکێشێت. برادەرانی باڵی ریفۆرمیش ناچاربون یا ناچارکران بێنە ناو قەوارەی ئەوکاتی گۆڕان و ببنە پاڵپشتی لیستەکە. بۆیە هیچ دەرفەتێک نەهاتە پێشەوە وەیا نەڕەخسا بۆ ئەوەی قسەی ورد و حسابی لەسەر ئەم پرسە گرنگە بکرێتەوە. دوای پێکهێنانی لیست و قەوارەو دواتر بزوتنەوەی گۆڕان، بەهەمو ئەو پێکهاتەو کەسایەتیە جیاوازەوە کە هەریەکە لە پێگەو دیدگاو باکگراوندێکەوە هاتبون: چەپ ،راست، موحافیزکار، رادیکاڵ، لیبرالی، پرۆ ئیسلامی، پرۆ چەپ و عەلمانی،،، هتد، زەمینەیەکی باش خوڵقا بۆ ئەوەی هەنگاو بۆ بونی تەیار و مینبەر بکرێتەوەو هەر لەسەرەتاوە بزوتنەوەکەی لەسەر بینا بکرێت. بەڵام پێم وایە وەک باسم کرد رێگری سەرەکی لەم پێناوەدا ئەو دژایەتی و بگرە دوژمنایەتیە رق ئەستورەی دوو حزبی دەسەڵاتدار بو دژ بە گۆڕان و رابەرەکەی، کە وایکرد بەشێک لە دیدگا جیاوازەکان وەلانرێن و جۆرێک لە یەکگرتویی دروست بکرێت و زیاتر لەخەمی سەرکەوتنی هەڵبژاردندا بین نەوەک بناغەدانان بۆ جوڵانەوەیەکی سیاسی نوێخواز لە هەمو شکڵەکانیدا. ئەمە سەرباری ئەوەی کاک نەوشیروان، بەداکۆکیەکی بەهێزەوە، توانی شێوازێکی تازە لە رابەرایەتی و ئۆرگانی رابەری دروست بکات و لانی کەم بۆ ماوەیەک، گۆڕان لەو چوارچێوە ئیداریە تەقلیدیە دوربخاتەوەو بواریش بدات وزەی نوێ و خوێنی تازە بەردەوام رۆچنە نێو ئۆرگانەکانیەوە. رێکەوتنەکانی گۆڕان و یەکێتی، بەتایبەت رێکەوتننامە ٢٥ خاڵیەکە، هیوای جۆرێک لە نزیکبونەوەیەکی حزبی لە نێوان هەردولا ئەبەخشی تا ئاستی پێکهێنانی فدراسیۆنێک، چونکە لەو رێکەوتنەدا، هەماهەنگیەکی هەمەلایەنە پیشنیاز کرابون. دەکرا بەبەشداری لایەنی تریش ولەسەر بنەمای پلاتفۆرم، بەرەیەکی نوێ لە هەرێمدا دروست بکرێت، بەڵام وەک بینیمان رێکەوتنەکەش بەدەردی هەنگاوەکانی تر رۆشتن و دواتر تادەهات ئاستی پەیوەندیەکان خراپتر ئەبون. لەئێستاشدا کە ئەم باسە گەرم ئەکەمەوە، هیچ هیوایەک بەدی ناکرێت هەم بۆ تێگەیشتن لە خودی مەفهومی پلاتفۆرمی جیاواز لە حزبێکدا، و هەمیش زەمینەسازی کوردەواری بۆ ئەو جۆرە هەنگاوە نابینم. کورد زۆرتر حەزی لەپەرتەوازەیی و حزب حزبێنەی بەرتەسکە نەک بەرەی بەرفراوان. ئیتر نازانم هەڵبژاردنەکانی داهاتو، وەیا ریزبەندیەکان ئاوێک بەو ئاشەدا ئەکات یا نا. لە کۆتاییدا تەنها نمونەیەک لە واقعی ئێستای گۆڕان دەهێنمەوە بۆ رۆشنتر کردنی مەبەست: لەئێستادا لە نێو هەڵسوڕاوان و لایەنگرانی گۆڕاندا، دوو بۆچونی تا ئاستێک جیاواز هەیە لەمەڕ بەشداری کردن لەم کابینەیەی هەرێمدا( مەعلومە پێشتریش ئەو جیاوازیانە هەبون). لایەنێک داوای کشانەوەی دەستبەجێ ئەکات لە حکومەت و پێی وایە مانەوەی گۆڕان جۆرێکە لە خودکوژی، لایەنێکیش لەگەڵ مانەوەو بەردەوام بونی هەوڵەکانە لەپێناو چاکسازیدا جا چەندمان پێ ئەکرێت. بۆ مامەڵەی سەردەمیانە لەگەڵ ئەم دوو بۆچونەدا، مەفروز وایە بۆ هێزێکی وەک گۆڕان، کە لەهەمو هەنگاوەکانیدا تایبەتمەند بووە، بیر لە ئامێزگرتنی هەردوو یا هەمو بۆچونە جیاوازەکان بکات نەک هەوڵی پەراوێزخستن و دەرپەڕاندنی ئەو دەنگانەی لەگەڵ سیاسەتی رەسمی بزوتنەوەکە نایەنەوە. بەهەمان شێوەش دەبێ لایەنگرانی کشانەوە، لەبری خۆ دورخستنەوەو دابڕان، بیر لەوە بکەنەوە لە چوارچێوەی ئۆرگانەکان و لەنێو هەڵسوڕاواندا، برەو بە داخوازی و بۆچونی خۆیان بدەن و پلاتفۆرمی کشانەوە رابگەیەنن و کەمپین و زەمینەسازی بۆ بۆچونیان بکەن. دواجار لە کۆنفرانس و کۆبونەوە رەسمیەکاندا دوابڕیار لەو بارانە بدرێت و هەمو لایەک پابەندی بڕیاری زۆرینە بن. ئەوەش لینکی وتارەکەی ۲٠٠۸: https://archive.sbeiy.com/ku/article_detail.aspx...
عادل باخهوان بهپێیی ههموو ئهو داتایانهی كه لهبهردهستدان، ئهوهی چاوهڕوانی ههرێمی كوردستان و عێراق دهكات، له 2003 وه تا 2020 دا ڕوینهداوه. ئهو تراژیدیایهی كه چاوهڕوانیی عێراقیهكان دهكات، به عهرهب و كوردهوه، زۆر كارهساتاویتره له چركهساتی كهوتنی سهدام له 2003 دا، له چركهساتی كهوتنی موسڵ له 2014 دا، له چركهساتی كهوتنی كهركوك له 2017 دا. عێراقیهكان به كورد و عهرهبهوه وشیارن بهوهی كه له چ كۆڵانێكی داخراوی ئابوری و سیاسی و ئاسایش و سهقامگیری و كۆمهڵایهتی و دیمۆگرافیدان. تائێره چیرۆكهكه زانراوه لای ههمووان. بهڵام ئهوهی ڕهنگه نهزانراوبێت چیرۆكی فریادڕهس بێت ! لهنێوان 2003 تا 2020 دا، ههمیشه دهوڵهتانی سیستمی ئهنتهرناسیۆنال له بهر چهندین هۆكاری جیاواز ئامادهبوون هاوكاریی عێراقی عهرهب و كوردبكهن، بهڵام له ئێستادا هیچ دهوڵهتێكی بههێزی سیستمی ئهنتهرناسیۆنال ئامادهیی ههمان هاوكاریی تیادانیه. چیتر عێراق چهقی سیاسهتی ئهمهریكا و ئهوروپا نیه، عێراق و ههرێم تهنها له پهراوێزدا دهبینرێن و مامهڵهیان لهگهڵدا دهكرێت. له دۆخێكی واشدا، دوو گریمانهی گرنگ له پێش عێراقیهكانهوه، به عهرهب و كوردهوه، ڕێدهكات : یهكهمیان بریتیه له مانهوهی عێراق و ههرێم له دۆخی ئێستادا. واته دهستكارینهكردنی سنورهكانی و هێشتنهوهی وهك دهوڵهتێكی دانپیادانراو، بهڵام وازلێهێنان و دهستلێبهردانی و بایهخنهدان به تلۆربونهوهی بۆ ههمان سهردهمی 1991، واته سهردهمی گهمارۆ و برسیهتی و دارزان و تارمایی و مردن به هێواشی. ژمارهی ئهو قوربانیانهی نهتهوه یهكگرتووهكان لهسهر قۆناغی نێوان 1991 و 2003 بڵایانكردهوه، زۆر ترسناكترن له ژمارهی قوربانیهكانی تیرۆر له عێراقدا. گریمانهی دووههمیش بریتیه له ههڵوهشانهوهی عێراق له ناوهوه كه دهكاته ههڵوهشانهوهی ههرێمیش، چونكه ههرێم بهپێی یاسای نێودهوڵهتی له نێو عێراقدایه و بهشێكه له عێراق. مهبهستم تهقینهوه له ناوهوه به ڕادهیهك كه ئیرادهی دهوڵهتانی سیستمی ئهنتهرناسیۆنالیش نهتوانن ڕێگای لێبگرن. له دۆخێكی واشادا دیسان عێراقیهكان به عهرهب و كوردهوه دهڕۆنه نێو دنیایهك له مهجهول و چاوهڕوانهكراو. واته تهقینهوهی عێراق له ناوهوه و ههڵوهشانهوهی ڕاستهوخۆ یهكسان نیه به دروستبونی دهوڵهتی كوردی وهك زۆرێك له خهڵك ئومێدی لهسهر ههڵدهبهستن. بهپێچهوانهوه لكاندنی بهشێكی به توركیاوه و بهشێكی به ئوردن و بهشێكی به ئێرانهوه زۆر بههێزتره له دروستبونی سێ دهوڵهتی شیعی و سوننی و كورد.
زاناتوفیق بەگ زاراوەی (زێوانەکان) بەو کەسانە دەوترێت کە لە دەوروبەری پاڵەوانە سیاسیەکانی ناو سیستەمی سیاسیدا کاردەکەن . زێوانەکان، لەسەرچەند پێوەرێکی چەوت کاردەکەن کە بریتیە لە (ڕیاکاریی فێلبازی، خۆپەرستی و گومڕایی) . ئەم دیاردەیە سەرەتا لە قۆناغەکانی پێش شوڕشی فەڕەنسیە وە سەریهەڵدا . بەتایبەتی ئەو کاتەی کە پیاوانی کڵێسا دەسەڵاتی تەواویان پەیداکردبوو. لەڕێگا گروپێکی فێڵباز ، کەناویان نرابوو زێوانەکانی پیاوانی کڵێسا. کاری ئەم گروپە، زیاتر بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی پیاوانی ئایینی بوو لەناو کۆمەڵگای فەڕەنسیدا، وە بەناوی دەقی پیرۆزەوە وەکو نوێنەری خودا هەموو مافێکی خوشگوزەرانیان هەبوو ،بەڵام ئەوەی ئەم دەسەڵاتەی پاراستبوو بریتیبوو لە کۆمەڵێ خەڵکی فێلباز،کە لەسەر دوو بنەما،کاریان دەکرد. لایەنێکیان خەڵکیان فریودەدا بۆ پیاوانی ئاینی بە کۆمەڵی خورافیاتی ناڕاست و چەند دەقێکی دروستکراو بۆ گەوجاندنی خەڵک، لەهەمان کاتدا پیاوانی ئایینیان هەڵدەخەڵتاند بەناوی ئەوەی، کە ئێوە خۆشەویست و بژاردەی نێو کۆمەڵگان . ئەم زێوانانە لەلایەك لە ئاوی لێلدا مەلەیان دەکرد لەلایەکی دی ببوونە دەمڕاستی خەڵکانی ساویلکە . . لێرەدا دەپرسین ئایا زێوانەکانی دنیای سیاسەتی کوردی هەمان زێوانەکانی پیاوانی کڵێسە؟ لەوانەیە لە ڕووی شێوازە وە جیاوازیەکی ئەوتۆیان نەبێت. چونکە هەمان پێوەر، هەمان جۆری میکانیزمی جێبەجێکردن بەکاردەهێننن . بەتایبەتی ئەم گروپانە هاوکاری وپشتگیری یەکتری دەکەن بۆ گێڕانەوەی کۆمەڵگا بۆ قۆناغەکانی دواوە . بەمەبەستی وەشاندنی زەبری کوشندە لەوانەی بوێرن و جەرائەتی سیاسیان هەیە ، وە خاوەنی کەفائەتێکی مەعریفین لە کاییەی سیاسیدا . چونکە ئەگەر لە ڕواڵەتدا زێوانەکان جیاواز بن ،بەڵام لە ناوەرۆکدا هاوشێوەی یەکن، کە ئەویش خەریکی ڕیاکاری و بەپیرۆزکردنی پاڵەوانە سیاسیەکانی ناو کاییەی سیاسین. کۆنترۆڵکردنی هەموو کایەکانی کۆمەڵگا ، لە ڕێگای کۆمەڵی چیرۆکی ناڕاست و هێزی بێبنەماوەیە.بەتایبەتی کاتێك دەسەڵاتی سیاسی هەست بەوە دەکات، هەموو تواناکان و ئامرازەکانی بەدەستەوەیە، وەخاوەنی کۆمەڵگایەکی پاشکەوتووە لەڕووی هوشیاری سیاسی و کەلتووریەوە زۆر ئاسانە ،کە بتوانێت لە ڕێگای دامەزراوەیەکی زێوانەیی کۆنترۆڵی تەواوی سیستەمی سیاسی وتوانای ساختەکردنی ڕاستییەکان و شێواندنی واقیعیان بکات. کاتێك زێوانەکانی دەسەڵات، لەڕووی چەندایەتیەوە زیاد دەبن، فێڵ و گومڕایی شوێنی فکرو مەعریفە دەگرێتەوە . ئامرازەکانی هێز بۆ کپکردنی دەنگە جیاوازەکان زیاد دەکات. ئیتر چرکەساتی یاریکردن بە بنەماکانی چەمکی دیموکراسی و دروستکردنی دەوڵەتێکی نامەدەنی، لەناو کۆمەڵگادا دروست دەکرێت ،بەمەرجێ هیچ هیوایەک و ئاسوویەکی گەشی تێدا بەدی ناکرێت . یەکێك لە کارە ترسناکەکانی زێوانەکانی کورد ،کەلە تەنیشت پاڵەوانەکانی سیاسەتدا کاردەکەن . بریتین لە دوو گروپی بنچینەی جیاواز، بەشێکیان زیاتر کار بۆ هەڵسوکەوتی تایبەتی خۆیان وە پاراستنی بەرژەوەندیە مادییەکانی خۆیان دەکەن، .گروپی دوووەم ڕێویی ئاساکار دەکەن، بەشێکی بۆ بەدەستهێنانی بەشداری پێکردنیان لە ناو دەسەڵاتی سیاسیدا وە هاوکات پاراستنی بەرژەوەندیی فیگەرە سیاسیەکان. چونکە بە بڕوای ئەوان لە هەر تێكچوون و دروستبوونی کەلێنێکی گەورە لە ناو دەسەڵاتدا سەرەتای کۆتایی ئەوان دەبێت. بۆیە بەدووری دەزانرێت کە کۆدەنگیەکی هوشیارانە لەناو نوخبەی سیاسی و ڕوشنبیری کوردا هەبێت . بۆ دوورخستنەوەی ئەم جۆرە کەسانەی کە زۆربەی جار بوونەتە هۆکاری دروستبوونی بڕیاری سیاسی هەڵە لەناو سیستەمی سیاسی کوردا، چونکە کێشەکە تەنها تاكلایەنە نیە . بەڵکۆسروشتی سیستەمی کۆمەڵایەتی کورد بەشێکە لەو کێشەیە،کەنەیتوانی وە قۆناغەکانی پێشکەوتنی کۆمەڵگا بەشێوە سروشتێکەی تێپەڕینی بویە کارێکی گرانە کە لە ئێستادا بتوانێ زێوانە کان بگوڕێت بە راوێژکاری ئەکادیمی کە تەنها کارکردنیان بریتی بێت ، لە خەمی گشتی و بیرکردنەوەی پرۆژەی ستراتیژی بۆ گەشەکردنی سیستەمی سیاسی و ئابوری و دوزینەوەی ئەنتەرناتیڤی ایجابی لەکاتی قەیرانەکاندا دوور لە بەرژەوەندی تایبەتی خاترگرانەی دەسەڵاتی سیاسی.
شەپۆل عەسكەری فەرمانڕەوایی دانا بە پێی پێوەری گەشەپێدانی نێودەوڵەتی بەو پێوەرە هەژمار دەکرێ کە ڕێکخراوەکان (میری، نێونەتەوییکان یان کەرتی تایبەت) هەوڵ وکۆشش دەدەن بۆ پێشکەوتنی مرۆڤایەتی و بە چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ لە جومکە پەیوەندیدارەکان، و بۆ ئەم مەبەستە نۆ پرنسیپی سەرکی وەک بەردی بناغەی فەرمانڕەوایی ڕاستەقینە لە نێوان فەرمانرەوایی (دەسەڵات) و کۆمەڵگەی سڤیل وکەرتی تایبەت دەستنیشان کرد:- تواناسازی،کاریگەری،زڵالی شەفافیەت،بەشداری، بەرسیڤ (بەدەنگەوەچوون)،داد پەروەری، ڕۆڵی یاسا، بەرپەرچدانەوەی گەندەڵی و بەپرسیارێتی. کۆمسێۆنی ئەوروپاش ١٢ پرینسیپی وەک شێوازی فەرمانڕەوایی لە ٢٠٠٨ پەسەندکرد و کردنیان بە مەرج لەسەر هەموو وولاتانی بەشدارلە کۆمسێۆن کە دەبێ پابەندبن بە جێبەجێ کردنیان وەک مەرجێکی سەرەکی فەرمانڕەوایی کە بریتین لە:- دادپەروەری هەڵبژاردنەکان و نوێنەرایەتی و بەشداربوون، بەرسیڤ (بە دەنگەوە چوون)، تواناسازی و کارگەری، بەڕێوەبردنێکی کراوە و زوڵال (شەفاف)، ڕۆڵی یاسا، ڕەفتاری ئێتکی (ڕەوشتی)، شارەزایی و شیاوی، داهێنان و کرانەوە بۆ گۆڕانکاری، بەردەوامی و ڕێنمایی درێژمەودا،( مافی مرۆڤ، کەلتور،جیاوازی و یەکگرتویی کۆمەڵگا) و بەرپرسیارێتی. هەر دەسەڵاتیک ئەوپرنسیپانەی سەرەوە جێبەجێ بکات جا چ ٩ پرنسیپەکەی گەشەپیدانی نێودەوڵەتی یا خود ١٢ پرنسیپەکەی کۆمسێۆنی ئەوروپا دەکرێ (( پێی بووترێ فەرمان ڕەوای دانا))، کە کۆ ئەنجامی یا ئامانجی خۆشگوزەرانی و دادپەروری و پێشکەوتنی کۆمەڵگا و وڵات دەبێ. مەبەستی بەندە لەمە ئەوەیە کە بتوانین تێڕوانینێک لە سەر کۆی شێوازی دەسەڵاتی کوردی بکەین و بزانین ئێمە لە چ ئاستێکی ئەم پێوەرانە داین بە ئەزموونی ٢٨ ساڵ لە فەرماڕەوایی. یەک بە یەک لەم پرنسیپانە باسبکەین دەکەوینە گێژاوێک مرۆڤ ناتوانێ بە ئاسانی سەری لێ دەربکات، ناشمانەوێ شێووازی فەرمانڕەوایی لە ١٩٩٢تا ٢٠٠٣ باس بکەین هەرچەندە تا رادەیەک لەوەی ئەمڕۆیان باشتر بوو بە هەهەموو خراپەکانیەوە کە خۆی لە شەڕی نەگلیسی ناوخۆ و دووئیدارەیی و ....هتد گرتبو، بەڵام پێشبڕکێیەک هەبوو کە کامیان باشتر خزمەتگوزارێکان پێشکەش دەکەن. لە دوایی ٢٠٠٣ ەوە و دوای ڕوخانی ڕژێمی صدام زیاتر لە ٢٠٠ ملیار دۆلاربە فەرمی هاتۆتە هەرێـم، ئەمە جگە لە ئەو بڕە پارەیەی کە بە ناوی نەوت بەرانبەر خۆراک کە لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتۆکان بە دووهەلیکۆپتەر کاش پێشکەش بە هەردوو ئیدارە کران، ئەگەر هەڵە نەبم هەر لایەک بڕی ٣٨٠ ملێۆن دولاری وەرگرت. جگە لە پارەی کاتی تەنکەرە نەوت کە لە ڕێگەی ئێران و تورکیا لە بازاری ڕەش دەفرۆشران، و پارەی گومرگ"نافەرمێکان" کە کۆی گشتیان خۆی نزیک لە ٤٠٠ ملیار دۆلار ئەدا بە فەرمی و نا فەرمیەوە هاوکاری ئەمریکا و ئەوروپا بۆ پێشمەرگە و دەزگاکانی ئەمنی. ئەم بڕە بووجەیە ئەگەر لە سایەی یاسایەکی پتەو و بە چاودێڕی کەسانێک کە خۆیان بە خاوەنی وڵات دابنایە ئەمڕۆ ئەم هەرێمە لاواز و کەمدەرامەتە لە وڵاتانی کەنداو و زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا دەوڵەمەندتر و باشتر دەبوو لە هەموو بوارەکاندا. دۆخێکی ئێجگار لەبار بۆ کورد هاتە پێش و چەندین دەرگا کرانەوە کە هەرێمی گەیاندە ئاستێک وڵاتانی خاوەن سیادە و دەسڵات و ئاڵا خەونیان پێوە دەبینی و وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ زلهێزەکان مامەڵەیان لە گەڵ هەرێم دەکرد، نەتان توانی ئەو بارودۆخە بپارێزن و هەوڵی گەشەپێدانی بدەن لە بری ئەوەی دۆستی زێدەتر بۆ خۆتان پەیدا بکەن بە تایبەت لە عێراق ڕۆژ دوای ڕۆژ نەیارتان بۆ خۆتان زیاد کرد. تا ئێستا لە سیستمی فیدراڵی تێنەگەیشتوون و ناشزانن بە چ شێویەک ڕەفتار بکەن لە گەڵ بەغدا لە چوارچێوەی ئەم سیستمە، لە کاتێکدا ئێوە بۆ خۆتان بەشداری جدی بوون لە نووسینەوەی دەستووری عێراق و ئەوەندە سووربوون و دڵتان پێ خۆش بوو، تەنانەت فشارتان خستە سەر پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەوەی بە زووترین کات پەسندی بکات ئەوە بوو نە گەیشتە کاتژمێرێک بە تێکرای دەنگ پەسند کرا. دەبێ ئێوە هەموو ڕۆژێک لە خۆتان بپرسن کە ئێوە بۆ لە هەموو تاقیکردنەوەکان شکستان هێنا و هەموو کاتێکیش شکستی خۆتان بە شەماعەی بەغدا و ئێران و تورکیا و .....هتد. هەڵئەواسن. ئێوە لە داوای ٢٨ ساڵ نەتانتوانی دەستوورێکی هەمیشەیی بۆ هەرێم بچەسپێنن،" تێدەگەین کە بۆ ئێوە دەستنادات و دەتانەوێ هەر بەم شێوەیە بمێنەوە رۆژانە یاسا دەرکەن کە بەرژەوەندێکانتان بپارێزێ". تەنانەت لە بەغداش نەتانتوانی ڕۆڵێکی باش و سەرکەوتو ببینن، لایەنی کەم پرنسیپی سازانتان بپاراساتیە بۆ ئەوەی بڕیارەکان نەگەیشتایەتە زۆرینە وکەمینە. کەستان بەرپرسیارێتی شکستەکانتان نەخستە سەر شان و دەستان لە کار نەکێشایەوە تا خۆتان گەیاندە ئەو ئاستەی ئەمڕۆ وەک سواڵکەر ئەچن ئەپاڕینەوە بۆ ئەوەی بەغدا تەنها بە شێک لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرت ئەی نەتان دەزانی کە کێشەی ئێوە لە بەغدایە نەک لە تاران و ئەنکەرە ئەمە خۆی لە خۆیدا ئەوپەری شەرمەزاریە.
بابەكر دڕەیی ( بە بۆنەی سەری ساڵی 2020) کۆتایی هەفتاکان زەمەنێکی چارەنوسساز بو بۆ باشوری کوردستان. ئێمە، واتە ئەوانەی لەوکاتەدا تازەلاو بوین و تەمەنمان 14 و 15 بو، شایەدبوین لەسەر هاتن و دەسپێکی قۆناغێک لە ژیانی سیاسی کە لە دو ئاراستەی تەواو جیاوازدا خۆی دەبینیەوە و گۆڕانکاری دروستدەکرد. لە لایەکەوە بەعسیەکان لە لوتکەی توندوتیژی و زەبرو زەنگی خۆیاندا بون چونکە دوای شکستی 1975 خۆیان لێ ببوە خوای ئەرزو ئاسمان و حسابیان بۆ هیچ هێزو جولانەوەو نارەزایەتیەک نەدەکرد، کوردستانیان کردبوە تاریکستانێکی پڕ لە نەهامەتی و ستەم و زۆرداری، بە کەیفی خۆیان خەڵکیان دەکوشت.. کورد و عەرەب بەلایانەوە یەکسان بو. لەو دو سالەی دوای دەسپێکی خەباتی چەکداری ینک، جگە لە شەری پێشمەرگە، سەدان کەسیان بە تۆمەتی جیاجیا خستە زیندانەکانی موسل و کەرکوک و ئیعدامیان کردن. لە ئاستی عراقیشدا سەدام و بەعس زۆرینەی پیاوە بەهێزو ئێسقاندارەکانی ناو خودی بەعس و دەرەوەیان پاکتاو کردو کوشت، یان لە مەیدان وەدەری نان و زەمینەی فەوتاندنیانی رەخساند. لە لایەکی ترەوە، دەنگ و رەنگی شۆرش و سەرهەلدانەوەی پێشمەرگە رۆژبەرۆژ دڵ و دەرونی خەلکی رۆشندەکردەوەو گیانی بەرگری و بەگژاچونەوەی ستەم و زۆرداری لە هەمواندا بەهێز دەکردەوە. روداوەکانی سالی 1978، واتە دو ساڵ دوای دەسپێکی خەباتی چەکداری لەلایەن یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و ژمارەیەک رێکخراوی ترەوە، ریزبەندی پێشکەوتنەکان باشتر دەرئەخات. راستە سالی 78 بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان ساڵێکی تا بڵێی شوم و پڕکارەسات بو، بەڵام لە هەمان کاتدا، بە هۆکاری وەک سەرهەلدانی شۆرشی ئێران و تورەیی خەلک و لێبڕاوی سەرکردایەتیەوە ، سالی هەستانەوەو خۆگرتنەوەش بو. هەر لەو سالەدا دەیان و سەدان چالاکی بچوک و گەورە دژی بەعس ئەنجامدران. لە سالی 78 دا یەکێتی سەدان کادری بنچینەیی، چ سەربازی یان سیاسی، لێ کوژراو شەهید بو. زیانی ئێجگار گەورە بە جەستەو روحی کەوت بە ئەندازەیەک کە لە فەوتان نزیک بوەوە ( وەک کاک نەوشیروان مستەفا لە بەرگی یەکەمی بیروەریەکانیدا باس دەکات ل 312)، بە وتەی ئەو، کە لە رابەرە هەرە دیارەکانی شۆرش بو، دۆخەکە گەیشتبوە ئاستێکی ترسناک. لە سالی 1978 دا : لە قەرەداغ کاک شاسوار جەلال شەهید بو،(کانونی دوەم) لە دڕی شینکایەتی ئەحمەد فتحاللە و خانەی موعینی و پۆلێک پێشمەرگە شەهید بون. (20ی حوزەیران) لە هەکاری و شەمزینان عەلی عەسکەری و خالید سەعید و حەوسەت پێشمەرگە شەهید بون یان فەوتان و پەرتەوازەبون.. ..( 20 ی حوزەیران و دواتر.. ) ئەم شکست و هەرەشە گەورانە بۆ سەر جەستەی یەکێتی لە کاتێکدا بو کە دەیویست زیاتر خەریکی خۆئامادەکردن بێت و خۆی لە شەری هەموان لابدات، سەرباری ئەوەش سەرەتای هەمان ساڵ، بە ناچاری، توشی شەری زۆر قورس ببو لەگەل رژێمدا . شەری دەشتێو ی نزیک قەڵادزە( مارتی 1978) یەکێک بو لەو پێکادانە گەورانەی کە دواتر فەرماندەی یەکەمی بەعس دانی پیانا زیاد لە پێنج هیلکۆپتەریان توشی زیان بوە و چەندین کەسیان لێکوژراوە. دوای کارەساتی هەکاری، شۆرش نەشکا و هەستایەوە. نەوشیروان مستەفا لە چەند پەرەگرافێکدا چۆنیەتی ئەو هەستانەوەو خۆرێکخستنەوەیەی دیکۆمنت کردوە: "لەگەل مام جەلال سەدان نامەمان نوسی بۆ رێکخراوەکانی یەکێتی، فەرماندەکانی پێشمەرگەو، کەسایەتی و پیاوە ناسراوەکانی کورد، سەرانی ئێل و ریش سپی و پیاوماقولانی ناوچەکان، روداوەکانی هەکاریمان بۆ رونکردنەوە، داوامان لێکردبون: هەرکەسە بە گوێرەی توانای خۆی بەشداری بکا لە ژیاندنەوەی شۆرشەکەدا. بە پارە، بە چەک، بە چەکهەلگرتن و پێشمەرگایەتی، بە قسەی باش و رێکخستن. کارەکەمان لە ماوەیەکی کورتدا ئەنجامی زۆر گەورەی بەدەستەوەدا. خەلک بەدەنگمانەوە هاتن بەسەدان کەس بە چەکی خۆیانەوە لەسەرانسەری کوردستاندا بون بە پێشمەرگە. هێزێکی تایبەتیمان بۆ مەکتەبی سیاسی دروستکرد. ناومان نا "هەرێمی پارێزگاری"، لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا 14 کەرتمان پێکهێناو، ژمارەیان لە 700 پێشمەرگە تێپەری. زۆری هەرێمەکانی تریشمان بوژاندەوە. هێزەکانمان لە گەشەکردندا بون و تا ئەهات ژمارەیان زۆرتر ئەبو... " دۆخی ناو شارەکانیش قوڵپی ئەدا دژ بە بەعس، هەر شوێنێک ئەچوی باس باسی پێشمەرگە بو. خەلک وردە وردە ترسیان لە حکومەت ئەرەویەو بە هەر شێوەیەک بۆیان بگونجایە هەولیان ئەدا نارەزایەتی خۆیان دەربخەن. سیانزە سال دوای کۆبوونەوەی خەلک لەدەوری یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەو چەندایەتی و چلۆنایەتیەوە، راپەرینی بەهاری 1991 رویدا. لەم راپەرینە جەماوەری و سەرتاسەریەدا هیواکانی خەلک بۆ ژیانێکی ئازادانەترو عادیلانەتر خرانە بەر محەکی تاقیکردنەوەی قورس. یەکێتی و پارتی فرسەتی زێرینیان دەسکەوت بۆ ئەوەی هەریمێکی دەولەمەندو خوێندەوار و خاوەن سەرچاوەی ژێرزەوی و سەرزەوی بگەیەننە ئاستی ولاتە پێسکەوتوەکانی ناوچەکە. بەداخەوە ئەوە روی نەداو دوای سال و نێوێک لە دامەزرانی حکومەت، شەری ناوخۆیی سەریهەلدا کە زیانی سیاسی و ئابوری و مرۆیی زۆری لە خەلک دا. یەکێتی و پارتی دوای رێکەوتنیان لەسەردەستی ئەمریکاو فرەنسە، دیسانەوە نەیانتوانی لە ئاستی حکومەتێکی یەکگرتودا کاربکەن و رویان لە دوئیدارەیی و ناکۆکی ساردی ناوخۆیی کرد. دەسەلاتدارانی کوردستان دوای 2003 و روخانی تەواوی بەعس لە بەغدا، لە بری بنیاتنانی سیستمێکی ئابوری بەهێزو دەزگاو دامەزراوەی توکمەی سیاسی و کارگێری، خەریکی بەشکردنی داهات و دەسکەوتی ناچیزی حزبی و شەخسی بون. یەکێتی و پارتی لە دوای هاتنەمەیدانی ئۆپۆزیسێون و کرانەوەیکی دیموکراتی و رەخسانی بوار بۆ گفتوگۆی سودبەخش و چاکسازی مەدەنیانە، کەوتنە گزی و فزی لەدەنگی خەلک و فشاردانان لەسەر ئۆپۆزیسیۆنی نارازی و سەرەنجام دەرکردنیان لە پەرلەمان و حکومەت بە شێوازی پاشا ستەمکارو زۆردارەکان... یەکێتی و پارتی خراپترین و کارەساتبارترین مامەلەیان لەگەل نەوت کرد کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی هەرێمی کوردستان بو. رێگەیان دا ترسناکترین پەیماننامە بۆ فروش و بەرهەمهێنانی نەوت ئیمزا بکرێ و ئەمەشیان لەخەلکی ولاتەکە شاردەوە. رێیان دا و نەرمیان نواند دەیان و سەدان کۆمپانیای وەهمی و ناوەهمی بەرهەمهینانی نەوت لەدەستی حکومەت و دەزگا رەسمیەکان دەربێنن و داهاتی تاقە سەرچاوەی ولات بۆخۆیان ببەن. دەسەلاتدارە ئەسلیەکانی کوردستان 29 سالی رێکە هەر خۆیان و گروپێکی ملکەچی خۆیان دەسەلاتدارن و نە ئامادەن دەزگایەکی دەولەتداری مەدەنی دابمەزرێنن و نە رێگاخۆشدەکەن پارت و رێکخراوە ئۆپۆزیسیۆنەکان بەرنامەکانیان جێبەجێبکەن و پێسنیارەکانیان بکرێنە کردار. یەکێتی و پارتی دوای هاتنی پەتای کۆرۆناو سەختبونی قەیرانی ئابوری کە بەرهەمی سیاسەتی درێژماوەی خۆیانە، هیچ بەرنامەیەکی چاکسازی و مرۆفدۆستانە و مەدەنیان لە جانتادا نەماوەو، بە حوکمی دارشتنی بناغەیەکی خواروخێچی دەسەلات و سیستمی گەندەلی و خزمخزمێنەی دواکەوتو، لەباریاندا نیە کە دۆخی کارەساتباری ولات راستبکەنەوەو لەم قەیرانە ترسناکە دەربازی بکەن. یەکێتی و پارتی بونە دو دەزگای بوغرا و نابەرپرس، کە جگە لە تاقمی سەرمایەدارو گەندەخۆرەکانی نزیکی دەسەلات، هیچکەس دەستی پێیان ناگات و گوێ لە هیچکەس ناگرن. کورد لە هەرێمی کوردستاندا کەوتوتە قورسترین قۆناغی نائومێدی بنبەستی سیاسی و دارمانی ئابویەوە. دەسەلاتدارانی ئەم هەرێمە ئاگایان لە دۆخی خەلک نەماوەو کوژرانی دەکەس یان سەد یان هەزار خۆنیشاندەر لە جادەکاندا بەلایانەوە روداوێکی ئاساییەو هیچ مانایەکی سیاسی یان سۆسیۆلۆژی بۆ ئەوان نیە. ئێمە لە خراپترین قۆناغی مێژووی خۆمانداین. لێپرسراوی ئەم کارەسات و تاریکیە چین و توێژە هەژارو کەمدەرامەتەکانی ولات نین. لێپرسراوی ئەم قەیرانە موچەخۆرانی ئەسلی و بندیواری کوردستان نین. لێپرسراوانی ئەسلی ئەم کارەساتە سیاسی و ئابوریانە جگە لە دەسەلاتدارو بریاربەدەستەکانی یەکێتی و پارتی کەسی تر نیە. دەبێ خۆیان چۆنیان تێکداوە واش چاکی بکەنەوە. چۆن بێئومێدیان هێناوە بە هەمان شێوەش گوێ بۆ شارەزایان و دلسۆزان بگرن و ئومێد بگئرنەوە بۆ خەلک. چۆن نەوتی ولاتیان هەرزانفروش کردوە هەر خۆیان چارەسەر بۆ هەلەکەیان بدۆزنەوە. پێویستە دەسەلاتدارانی ولات رێز لە ئۆپۆزیسۆن ی ولات بگرن و لە دنیای غرور و فەنتازیای سولتانی بێنە دەرو وەک ئینسانی راستەقینەی سەدەی 21 بیربکەنەوەو هەستبکەن خەلکی کوێن و پێش راپەرین لە کوێ بون و بەچی گەیشتون. پێویستە وەک سەرکردە تێکۆشەرەکانی زەمانی شاخ داوا لە هەمو چین و توێژەکانی کۆمەل بکەن پێشنیار و چارەسەریان بۆ بنێرن و سود لەم پێشنیارانە وەربگرن.. پێویستە نائومێدی بگۆرن بە هیوای جوان و قابیلی جێبەجێکردن.. کوردستان لە هەمو رویەکەوە دەولەمەندو نمونەیە.. بەداخەوە تەنها لە نوخبەی دەسەلات و کارگێری ولاتا هەژارو کەمدەست و دەستەپاچەیە.. ئێمە لەسەردەمی بێهیوایی و تێکشکانی دەستەجەمعی روح و جەستەداین.. کێ دەتوانێ لەم تاریکستانەدا چرایەک هەڵکا؟ کێن ئەوانەی گوێ بۆ دلسۆزان و خەمخۆرانی ولات دەگرن؟ ولات پێویستی بە هیممەت و دیدگاو فکری داهێنەرانەیە... کاتیەتی ئەو قسەو پێشنیارانەی دەتوانن شتێک بگۆرن، ببیسرێن و بێنە بەر زەین و شاشەکان. کاتیەتی هیوا بۆ میللەت بگەرێتەوەو قەیرانە تاریک و ترسناکەکان بگۆرێن بە هیواو پرۆژەی کرداری.. کاتیەتی... کاتیەتی بە روحی سەرەتای شۆرش، بە گیانی کۆتایی هەفتاکان و خەبات و گیانفیدایی پێشمەرگەوە جارێکی تر دەنگی نوێ ببیستین و هەستینەوە.
هەندرێن شێخ راغب بابەتی یەكەم: ماوەی سەدەیەكە(100) ساڵە، ئینگلیز بە هاوپەیمانی فەرەنسایەكان دەوڵەتی عێراقیان دروست كردووە. سونە حوكمیان كرد، شیعە حوكمیان كرد، كوردیش حوكمیان كرد. نەتیجەكەی شتێكە ناوی دۆزەخە!.راشكاوانە پێكهاتەكانی ناو عێراق لە ئەزمونی دروستكردنی دەوڵەتێكی یاسا سەروەر، خۆشگوزەران، دیموكراتو پێكەوە هەڵكردوو..شكستیان هێناوە. بۆیە كاتێك گوتم دەبوو ماوەی ئەم سەد ساڵە هەر لە ژێر ئینتدابی ئینگلیزدابوایە، لە كورتبینیەوە نەبوو. ئێستا زانكۆی باش، ژێرخانێكی هەڵبژاردنی گونجاو، دەستورێكی مەعقولو پاشایەكی ژیكەڵەمان دەبوو. ئەم هەموو سەرگەردانیو خوێنبارینو شەڕو شۆڕشو مل شكاندنە گەلانی عێراقی گیرۆدە نەدەكرد! ..خۆ ماوەی 300 سێ سەد ساڵە سكۆتلەندیەكان هەر لەگەڵ ئینگلیز دەژینو دواهەمین ریفراندۆمیش دەنگیان بۆ جیابوونەوە نەدا. بابەتی دووەم: حكومەتی عێراقو حكومەتی هەرێم گیرۆدەی گەندەڵین، بەهەدەردانی سامانو پەرتەوازەیی دارایی هەردوو حكومەتی شەكەت كردووە. لە جادەو شەقامەكانی پایتەختی عێراق نزیكەی 500 خۆپیشاندەر شەهیدبوونو هەزاران بریندار بوون، هەتاوەكو گەیشتە ئەوەی مستەفا كازمی ئێستا ببێتە سەرۆك وەزیران. لەهەرێمی كوردستانیش چەندین بارەگای حزبو حكومی سوتان، دەیان گەنجو هاوڵاتی شەهید بوونو سەدان بریندار بوون. سەرەنجامەكەی ئەوەیە چاوەڕوانیەكی قوڵ و گەورە هەیە بۆ گۆڕانكاریو چارەسەركردنی كێشەكان. ئەگەر عێراقیەكان كێشەكانی خۆیان بنەبڕ نەكەن، كە نایكەن، ئەوا دەروازەی دەست تێوەردانی نێودەوڵەتی كراوەیە. پێویستە لە سەر چارەنوسی عێراق كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڕیارێكی میًژووییو یەكلاكەرەوە بدات. چونكە ئیدی ناشێ بەمجۆرە بەردەوام بێت. بابەتی سێیەم: ئێمەی كورد خاوەنی پۆستو پلەو پایەین لە عێراق، لە كوردستانیش قەوارەمان هەیە، لەهەردووكی زۆر خراپین، نە ئەوەیە یەكجاری دەست بەرداری عێراق بین، نە ئەوەیە عێراقیش بكەینە ناوەندی كیانو سیاسەتی خۆمان، هاوڵاتیان نازانن بۆ لەگەڵ عێراق رێك ناكەوین، بۆچیش رێك دەكەوین؟ عێراقیمو عێراقیش نیم..؟ هەرێمی كوردستان بەمجۆرە بەڕێوە نابرێت، پێویستی بە بڕیاری مێژووییو یەكلاكەرەوە هەیە. یان دەبێت قەوارەیەكی نیشتمانیو دیموكراسیو خاوەن دەستورو یاسای نیشتمانی بێت، یان دەبێت ئەم قەوارەیە ببێتەوە شیمالی حەبیب. بابەتی چوارەم: نابێت دەستبەرداری قەوارەی هەرێمی كوردستان بین، كیانی كوردستان ئەبەدییە، داهاتووە. رقلێبوونەوە لە پارتیو یەكیەتیو دەسەڵاتدارانی هەرێم، یەكسان نیە بە رق لێ بوونەوە بە كیانی كوردستان. ئەوان دوو حزبن، دێنو دەڕۆن، گەورە دەبنو بچوك دەبنەوە. سروشتیو ئاساییە بڕوخێن، لە دەسەڵات نەمێنن. بەڵام روخانی كیانی هەرێم یەكسان نیە بە چارەسەركردنی كێشەكانمان، بەهەشت چاوەڕێمان ناكات. ئەگەر كیانی هەرێم نەمێنێت، گەنجانی سلێمانیو هەڵەبجە دەبێت لەریزی حەشدی كوردی لە یەمەنو لوبنانو سوریا بجەنگنو كاتی عاشوراش بە كۆستەرو بار هەڵًگر لە نەجەفو كەربەلا زنجیر بكوتن. گەنجانی هەولێرو دهۆكیش مورتەزەقەی توركیا بن لە قەرەباغ و سوریاو لیبیاو دەریای ناوەڕاست بجەنگنو بكوژنو بكوژرێن. بەڵام روخانی پارتەكانی دەسەڵات شتێكی ناوخۆییەو سوڕی ژیانی سیاسی وایە ئەم سەرۆك دێتو ئەم دەڕوات، ئەم حزب دێتو ئەم حزب دەڕوات. بابەتی پێنجەم: بەڵێ بۆ روخانی عەقڵیەتی حوكمڕانیو شێوەی ئیدارەدانی سەروەتو سامانی هەرێم، بەڵێ بۆ روخانی مەزرەعەچیەكان، بەڵێ بۆ روخانی سنورچیە قاچاخچیەكان، بەڵێ بۆ روخانی ئەوانەی نەوتو غازی ئەم وڵاتە خراپ ئیدارە دەدەن. بەڵێ بۆ گۆڕانكاری سیاسیو دەستوری، نەخێر بۆ تەقەكردنو تاڵانیو یەكتر كوشتن، كە هەموو دنیا دڵۆپێك لە خوێنی گەنجێك ناهێنێت. بەڵێ بۆ هەموو ململانێو كێشەو جیاوازیەكانی ناو هەناوی خۆمان، نەخێر بۆ ئەوەی جارێكی دیكە بگەڕێینەوە خاڵی سفر. بەڵام گەڕانەوە بۆ جۆرێك لە حوكمڕانی نێودەوڵەتی وەك ئەوەی سكۆتلەندیەكان هەیانە ، بۆ نا؟. دەزانم سورپێستێكی مۆدێرنی ئینگلیز لانی كەم مەدەنی ترە لە قەیس خەزعەلی؟.
د. حیكمەت نامیق مۆدێلی جل و بەرگ ،نمایشی جەستە ، جوانی روخسارو باڵا ،یا هەر جۆرێكی تر ،بۆتە دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی بەشێكی زۆری مرۆڤ مومارەسەی دەكات بەتایبەتی ڕەگەزی مێ ،لەدونیای دەرەوە یا ڕاستر لە كەلتوری ئەوروپادا بە شێوەیەكی ترمۆدێلە ژنەكان كاردەكەن كەڕەنگەهیچ پەیوەندی بەمۆدێلەكانی كوردەوە نەبێت . ئامانجی مۆدێلەكان بەگشتی پەیداكردنی سامان و ناوبانگیە ،كەڕەنگە ئەو ناوبانگیە لەداهاتودا بیكاتە ئەستێرەیەكی سینەمایی یا ڕاگەیاندكارێك یا ئەوەتا سەركردەیەكی سیاسی.تیایدا كۆمەڵێك ئامرازو میكانیزم بەكاردێنن بۆ گەیشتن بەو پێگە مادی و سەرمایە ڕەمزیە لەكۆمەڵگادا.لەسەروی هەمویانەوە سۆشیاڵ میدیا ،كەبە درێژایی ئەوچەندین ساڵە ی ڕابردوو لەكوردستان ڕۆڵی ئێجگار نێگەتیفی گێڕاوە بەجۆرێك هیچ سانسۆرێك نیە بۆ بەرگرتن لە تەشەنەكردنی ئەو دیاردەیە . سەرەتا پێویستە ئاماژە بەوەبكەین هەموو ئەو مۆدێلانە یا فاشنانە بەهەموو لق و جۆرەكانیەوە بەرهەمی دونیا ی مۆدێرنەو گلۆباڵ و سەرمایەداریە چونكە هەمیشە سەرمایەداری ئیش لەسەر ئەو جۆرە تایپانە دەكات بۆ ساغكردنەوەی كاڵاكانی و بەرهەمهێنانەوەی دوبارە كەلتوری كۆمەڵگا بەشێوازێك كەیەكانگیر بێت لەگەڵ خواستی ئایدۆلۆژیای ئەو ، كە دواجار ڕەنگە كاریگەری بەسەر بەشێكی پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكان جێبیڵێ لەنێو كایەكانی كەلتوردا .ئەو جۆرە دیاردەیە بۆیەكەم جار لە هەریەك لە ئەمریكاو فەرەنسا سەریانهەڵدا لەسەرەتای سەدەی بیست لەشێوەی كاركردنی ئافرەتان لەبواری دیزاین دواتر بۆ فرۆشتنی كەلوپەلی بازرگانی و ڕیكلام و كاری بازرگانی و ڕیكلام كردن لە هەموو سێكتەرەكانی ئابور ی و ساغكردنەوەی كاڵاكان .مۆدێلی فاشن لای كۆمەڵناسان زیاتر خۆی لە پۆشینی ستایلی تازە دەبینیەوە لای چینی باڵا دواتر ئەو جل و بەگ پۆشینە ڕەنگی دایەوە لە نێو چینەكانی تریش چونكە جۆرێك لە دژایەتی دروستكرد لەسەرەتاوە .تا شەستەكانی سەدەی رابردوو مۆدێل و فاشنی پۆشینی جل وبەرگ لە چینی باڵاوە هاتەنیۆ چینی خوارو بەتایبەتی دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی گەنجان لەوبارەیەوە .ئەو جۆرە فۆرمەی پۆشین بوە نەریتێكی كۆمەڵایەتی هاتە نێو كۆمەڵگا ،بوە وردە كەلتور لەلایەن توێژی گەنجانەوە مومارەسە دەكرێ بەشێوەی جیاجیا بەبەكارهێنانی سۆشیاڵ میدیاو تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان . مۆدێلەكان و پێگەی كۆمەڵایەتی : یەكێ لەو میكانیزمانەی كە دەبێتە برەوسەندنی ئەو دیاردەیە بریتیە لە خۆنمایشكردنی جەستە لەتۆڕەكۆمەڵایەتیەكاندا بەپۆشینی جۆرەها فاشۆنی جلوبەرگ بۆئەوەی پێگەی كۆمەڵایەتی لەنێو پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكان پەیدا بكات .كە دواجادەبێتە سەرنجڕاكێشانی هەوادارانی و پەیداكردنی كڕیار ،ئەوەی كەجێگای سەرنجە خوێندنەوەی پشتی پەردەی كاری مۆدێلەكانە تیایدا كۆمەڵێك گەمەكەر ڕۆڵی تیادا دەگێڕن كە هەمیشە بەشێوەی نهێنی كاری لەسەردەكەن ،بەشێكی دەسەڵات ئەوگەمە قێزەونە دەبینێت ئامانج لێی كەبەتێگەیشتنی خۆی كرانەوەی كۆمەڵگایە بەڕوی دونیادا بەڵام لەوە نەگەیشتوە ئازادی وكرانەوەی كۆمەڵگا، پڕۆسەیەكی مێژوو كردی دورو درێژە پەیوەندی بەكۆمەڵێك فاكتەری خودی و بابەتی هەیە،ئەو جۆرە كرانەوەیە بۆ كۆمەڵگای كوردی كە میراتگری پرۆسەی نێگەتیفی جیهانگیری و سەرمایەداریە ،لە ئێستادا ئەزمونێكی ترسناكە بۆ خەڵك كە گیرۆدەی كۆمەڵێك كێشەی ئابوری وسایكۆلۆژی وكەلتوریەوە بوە. بەگشتی ئەو جۆرە لە نمایشكردنە ناچێتە نێو, كۆنتێكستی گۆڕانكاریەوە ، هەروەها ئامرازێك نیە بۆكاری جوانی و ئیستاتیكا ،گۆڕانكاری بەكارهێنانی مۆدێل نیە بۆلەشفرۆشی وبزنسی بێبنەمای فوتێكراو ، هەروەك ئامانجێكی تریان ئەوەیە گەنجان سەرقاڵ بكەن ،كەئەوەش لای خۆیەوە جۆرێك لەدژبەری كۆمەڵایەتی لەنێو گەنجان دروستدەكات ، تووشی كۆمەڵێك كێشەی دەرونی وكۆمەڵایەتی دۆخی نا ئارمی و ناهەموار دەكات ،بەجۆرێك خەیاڵ و ئەندێشەی بەرەو ئاقارێك دەبات كە كار لە هەڵسوكەوت و ڕەفتاری دەكات . دۆخێك دروستدەكات لای گەنج كە بیر لە تێركردنی حەزە سێكسیەكانی بكاتەوە ،پركردنەوەی كاتی بەتاڵیان تیا بەسەردەبەن كە لەئێستادا بێكاری گەیشتۆتە لوتكە بۆیە هەمیشە بیر لەرێگایەك دەكەنەوە بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو كاتە، ڕوو لەو شۆینانە دەكەن كە تیایدا ئەومۆدێلانە كاردەكەن یا ڕۆژانە سەردانی تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان دەكەن دواجار دەبنە ماشێنێك بەدەستی ئەو مۆدێلانە ، بەوەش كاریگەری نەرێنی دەكاتە سەر لایەنی سایكۆلۆژی و كۆمەڵایەتی توێژی گەنجان بەرەنجامەكەی دەبێتەهۆی تێك چونی بەرزەفتی كۆمەڵایەتی و شلەژانی هاوسەنگی خێزان وچەندین كێشەو گرفتی تر . ئەو دەزگاو كەناڵانە،كچەمۆدێلەكان دەكەنە كاڵایەك بۆ بازرگانی سێكسیی، كە بێگومان خودی ئەو بەرپرسانە بەشێوەی ناڕاستەخۆ بەشدارن لەوپڕۆسەیە ،بەكردنەوەی كۆمەڵێك كاری بازرگانی وبزنس دواتر بەكاری دێنێت تا ئەو كاتە ئارەزوە مادی وشەهوانیەكانی تێردەكات. سەیرەكە ئەوەیە ئەومۆدێلانە ڕۆڵ و پێگەی كۆمەڵایەتی بەدەستدەهێنن لەكەسێكی شكستخواردوی كۆمەڵایەتیەوە كەڕەنگە بەشێكی پەیوەندی بەشكستی ئەزمونی ژیانی كەسی ئەو مۆدێلانە بێت قەرەبوی بەمەدەكاتەوە ، دەیكاتە كەسێكی ئەكتیڤ لەنێوداودەزگا بیرۆكراسەكان حكومەت ،هێزی كۆمەڵایەتی پێدەبەخشێ ، لەنێو كۆمەڵگا ناوبانگ و پرستیژ دەبێت دەبنە خاوەنی پێگە و سەرمایەی مادی و ڕەمزی ، دەسەڵات بەدەستدەهێنن .بۆنمونە زۆرجار هەر پڕۆژەیەكی بازرگانی و ئابوری و تەنانەت سێكتەرەكانی تر بەخانمە مۆدێلەكان دەسپێرن هەم بۆ پەیداكردنی كلێنت و كڕیار هەم بۆ ساغكردنەوەی كاڵاكان .ئەوەی لەكوردستاندا دەگوزەرێت سنوری هەموو ڕەوشت و بەهایەكی تێپەڕاندوە . ئەگەرچی خراپ بەكارهێنانی ئەو كارە پەیوەندی بە كۆمەڵێك فاكتەری كەلتوری و خەفەكردنی تاكی كوردیشەوە هەیە كە ناكرێ نادیدە بگیرێت ،چونكە ئەو كەلتورە هەمیشە ئەو دیاردانەی بەرهەم هێناوە . مۆدێل لەدونیای دەرەوە كە رێساو سیستەم هەیە ، بەكارناهێنرێت لەژێر پەردە بۆ كاری لەشفرۆشی بەڵكوئەوپارەیەی كە پەیدای دەكات ،بەرەنجامی كارەكانی خۆیەتی دواتر بەشێكی دەكاتە پڕۆژە بۆ كاری خێر خوازی و هاریكاری بۆ ئەوكێشە كۆمەڵایەتیانەی كە ڕوبەڕوی كۆمەڵگاكەی دەبێتەوە دواتر خەونەكانی تری دەهێنێتەدی بەرێگایەكی ماقوڵ .لەشفرۆشی و مۆدێل و فاشن دوو كاری زۆر جیاوازن ،بە درێژایی مێژوو لەشفرۆشی هەبوە وەك كێشەیەكی كۆمەڵایەتی چونكە دواجار ئەو دیاردەیە لادەرە، پێگەیەكی نزمی هەیە لەنێوسترەكتوری كۆمەڵایەتیدا لە كورددستان هەردوو پیشەكە ئاوێتەی یەك بوون ، بەڵام كاری مۆدێل تەواو پیشەیەكی جیاوازترە ئەوەی لێرە هەیە هیچ پێوەرێكی نیە دوورە لە كاری مۆدێلی .
پەیكار عوسمان - تەکێ و خانەقاکان، وەکچۆن نالی و مەحوی و ڕووناکیی زۆریان پێداوین، جەهل و تاریکیی زۆریشیان پێداوین. وەکچۆن شۆڕش و سەرکردەی شۆڕشگێڕیان لێوە دەرچووە، کەسانی جاش و نۆکەریشییان لێوەدرەچووە. وەکچۆن لە خاڵێکی مێژوودا، نوێنەرایەتی خەڵك و چەوساوەکانیان کردوە، لە زۆر خاڵی تریشدا، نوێنەرایەتی سوڵتەو ستەمکارانیان کردوە. وەکچۆن لە شوێنێکدا سروشتی و هەڵقوڵاوی ڕوحی ئەو کۆمەڵگایەبوون، لەجێگایەکیشدا دروستکراو و سەپێنراو و چێنراوبوون. وەکچۆن ئەشێ بچنە گەمەی موخابەراتی و سیاسەت و سەفەقاتەوە، ئاواش ئەشێ دوورە مادەو ڕۆحیی بن. وەکچۆن ئەشێ ڕقیان بەرهەمهێنابی و وایان لە قادرییەك و نەقشییەك کردبێ کە لە یەکتری بدەن، ئاواش ئەشێ خۆشەویستییان بەرهەمهێنابێ و وایان لە دەروێش و سۆفییەکان کردبێ، کە لەوپەڕی ئاشتی و خۆشەویستیدابن لەگەڵ ئەم وجودەدا.. - ئەمەش بۆ هەموو ناوەندە دینی و نادینییەکانی تریش هەر وایە.. زانکۆیەکیش، ئەشێ کەسێکی هۆشیارو ئازادی لێوەدەرچێ، ئەشێ کۆیلەیەکی چەماوەی حیزبیشی لێوەدەرچێ.. ڕێکخراوێکی چەپیش، ئەشێ شەهید ئارامێکی پاکت بداتێ، ئەشێ هاوڕێ زبڵەکانی ئارامیشت بداتێ. کایەی ڕۆشنبیرییش، ئەشێ بیری کراوەو ئەوپەڕی دەمارگیرییشی تێدابێ. سەلەفییەکیش ئەشێ لەمنو تۆ زیاتر ڕێزی ژنەکەی بگرێت و حیزبێکی دزی دەسەڵاتیش، ئەشێ کەسانی زۆر دەستپاکی تێدابێت و حیزبێکی دژەگەندەڵی موعارەزەش، ئەشێ پڕبێ لە گەندەڵ.. - یەعنی دواکەوتوویی و پێشکەوتوویی، ئازادی و کۆیلەیی، کراوەیی و دەمارگیریی.. ئەمانە هەوێ ی نیەو موڵك و تاپۆی هیچ بەرەو گروپێك نیە.. بەڵکو ئەوە ئینسان خۆیەتی لەناو هەر کایەو فەزایەکدابێت، ئەشێ زۆر کراوەو زۆر داخراویش بیت، زۆر مرۆڤ و زۆر وەحشیش بێت، زۆر ئەخلاقییانەو زۆر نائەخلاقییانەش بژی، زۆر ئازادو زۆر کۆیلەش بێت.. وە ئەمانە بە ئینسانیەتی ئینسانەکە خۆی ئەپێورێت، نەك بە شوناسە دینی و حیزبی و ئایدۆلۆژی و شەهادەییەکەی.. - هەر پێکهاتەیەك مافی بوونی هەیە لەناو پێکەوەژیاندا، بەبێ ئەوەی هیچ زەخت و زۆرێکی لەسەر بێت. بەڵام ئەویش پێشێلی مافی بوونی ئەوانیتر نەکاو زەخت و زۆرێکی لەسەر پێکهاتەکانی تر نەبێت. دەسەڵاتیش کاری پاراستنی ئەو هاوسەنگییەو ئەو پێکەوەژیان و فرەییەی نێوان پێکهاتەکانە، نەك ئەداتی سڕێنەوەو سەرکوتی پێهاتەیەك بێت، یان ئەداتی فووتێکردن و سەپاندنی یەکێ لە پێکهاتەکان بێت! - لێرەشدا بوون و چالاکییەکانی تەریقەتی کەسنەزانی کێشەنیە، ئەوە کێشەیە کە دەسەڵاتێك ببێتە سپونسەرو ڕیکلام بۆ ئەم تەریقەتە. لە کاتێکا کۆمەڵگا پڕە لە تەریقەت و پێکهاتەی دینی و نادینی ترو کاری دەوڵەتیش ڕاگرتنی هاوسەنگی ڕەنگەکانە، نەك ئەوەی بەکاریان بهێنێ و بیانکاتە ئەداتی سیاسی.. "ڕێزگرتنی پێکهاتەکان بێ جیاوازی" ئەرکی ئەخلاقی دەوڵەتەو "هەڵاوێردن و بەکارهێنانی پێکهاتەکان" کاری نائەخلاقی دەوڵەتە. لێرەدا دەسەڵاتی ڕوژئاوا، مامەڵە ئەخلاقییەکەی هەڵبژاردوەو دەسەڵاتی باشور، مامەڵە نائەخلاقییەکە! - تۆ ئەشێ بیرت زۆر جیاوازبێ لە ئەهلی تەریقەت و ڕەخنەشیان لێبگری.. بەڵام ناشێ بچیتە شەڕەوە لەگەڵیان. کاری ڕۆشنبیر قسەکردنە لەسەر شتەکان، نەك شەڕکردن لەگەڵ شتەکان. شەڕکردن لەگەڵ شتەکان کاری ئایدۆلۆژستە نەك ڕۆشنبیر. کاری ڕۆشنبیر، فراوانکردنی مەساحەی ئازادی و فرەیی و پێکەوەژیانە، ڕەخنەکانیشی ئەبێ لەو چوارچێوەیەدابێ و نەترازێ بۆ دیوی شەڕو ململانێ و یەکترسڕێنەوە.. - کاتێ ڕۆشنبیر ڕەخنە لە پەیوەندی ستوونی و هاوکێشەی "سەردەست و بندەست" ئەگرێ و بە پەیوەندییەکی ستەمکارانەی ئەزانێت.. ئیتر ئۆتۆماتیکی هۆشیاری گشتی بەرزئەبێتەوەو پەیوەندییە ستونییەکان ئەکەونە ژێر پرسیارییەوە،، جا ئیتر حیزبی بن یان خێڵەکی یان دینیی.. کاری ڕەخنەو ڕۆشنبیریش لەو چوارچێوە گشتییەدایە، نەك لەوێدا کە بێتە خوارەوە بۆ ناو شەڕو تەفاسیلی ململانێکان.. یەعنی شەڕکردن لەگەڵ ئەم شێخ و ئەو تەریقەت، دەمارگیری دەروێشەکان زیاتر ئەکاو توندتر دەست بەو دۆخەی خۆیانەوە ئەگرن. بەڵام ڕەخنەگرتن لە تەبیعەتی پەیوەندییەکە، هۆشیاریی کۆیی بەرزئەکاتەوە، کە دەروێشەکانیش بەشێکن لەو کۆیەو ئەوانیش لەگەڵیدا هۆشیارئەبنەوە. - مەسەلەن "دژەپارتی" نەك پارتی لاواز ناکات، بەڵکو بەهێزی ئەکا. چونکە دژەپارتی وائەکات کە پارتییەکان دەمارگیرترو توندتر دەست بە پارتی و بارزانییەوە بگرن. بەڵام ئەگەر هۆشیاری گشتی هەبێت بە ستەمکاری و بە پەیوەندی سەردەست و بندەست، ئا لەوێدا ئیتر هەمووان بیرێك لە شتەکە ئەکەنەوەو پارتییەکانیش لەناو ئەو هەمووەدان. لێرەداو لەناو ئەم هۆشیارییەدا، هەم پارتی خۆی لاوازئەبێ و ناچار بە گۆڕان ئەبێت، هەم مۆدێلی پارتی لەناو ئەوانیتردا دووبارە نابێتەوەو شتەکە بەگشتی پاشەکشێ ئەکات. بەپێچەوانەوە لەناو شەڕو دەمارگیریدا، هەم پارتی خۆی بەهێزئەبێ و هەم ئەوانیتریش ئەبنەوە بە هەمان مۆدێلەکەی پارتی، وەك ئەوەی کە هەیە! - ئازادی بەش ناکرێ و وەکچۆن ئازادی فەردی هەیەو ئەبێ داکۆکیکاری بین. ئازادی گروپیش هەیەو ئەبێ داکۆکیکاری ئەویش بین. ئازادی فەردی بوونی ئینسان تێیدا ئەدرەوشێتەوەو ئازادی گروپەکانیش، بوونی کۆمەڵگای تیا ئەدرەوشێتەوە. ئەسڵەن هەردوکیان هەر یەك شتن و تۆ ناتوانی ئازادی فەردی بۆ یەزیدییەك فەراهەم بکەیت، ئەگەر لەولاوە دینەکەی ناشرین بکەیت و ئازادییە گروپییەکەی زەوت بکەیت! - لە ئەوروپاش، تۆ تەنیا لەوێوە هەست بە ئازادی ناکەیت، کە ئازادییە فەردییەکانت دابین کراوە. بەڵکو لەوێوەش، کە ئازادی گروپیشت هەیەو ئەتوانی مزگەوت و پەرستگاو کۆمەڵەو چالاکی کولتوری خۆتت هەبێ.. خۆ ئەگەر وانەبووایە، تۆ هەستت بە ئازادی نەئەکردو شتەکە نوقسانبوو. ئەمەش ئەو هەڵەیەیە کە تورکیا تێیکەوتووە. خۆ تورکیا لەوێوە کێشەی نیە کە ئازادییە فەردییەکانی زەوت کردبێ و تاکەکان وەکو هاوڵاتی یەکسان سەیرنەکات. بەڵکو لەوێوە کێشەی هەیە، کە ئازادی گروپیانەی کوردو چەرکەس و پێکهاتەکانی تری زەوتکردووە، کە ئەمەش یەعنی ستەم و ستەمیش یەعنی نائازادی. بەڵێ ئازادی تاك بەبێ ئازادی گروپ، نوقسانەو کوشندەشە. بۆ مەگەر "جینۆساید" چیە جگە لە قۆناغێکی توندی زەوتکردنی ئازادی گروپ؟ - دۆخی تەندروست، ئەوەیە کە ئازادی فەردی هەبێت لەپێناو بوونی مرۆیی تاك. ئازادی گروپییش هەبێت، لەپێناو پێکەوەژیان و بوونی مرۆیی کۆمەڵگا. ئا لەو گوشەنیگایەوە، من چەنێك دژی پەیوەندییە ستونییەکان و هەموو جۆرەکانی شێخایەتی و دەروێشایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دینی و ئایدۆلۆژییم.. ئەونەش دژی ئەوەم کە بە دیاریکراوی گروپێك و پێکهاتەیەکی کۆمەڵگا بکرێتە نیشانە. جا ئیتر بەنیشانەگرتنەکە، چ بەکارهێنانی سیاسییانەی پێکهاتەکەبێ لەلایەن دەسەلاتێکەوە. چ شەیتاندن و دژایەتیکردنی پێکهاتەکەبێت لەلایەن خەڵکێکەوە! - شەڕی جووتدژە تەقلیدییەکان، وەکو حیایەتی مێش وایەو کۆتایی نایەت. ئەوەی کە چەپێك دیندارەکە بە دواکەوتوو ئەزانێ و دیندارەکە چەپەکە بە کافر ئەزانێ، ئەمە ئەوسەری نیەو چل ساڵ لەمەوپیش چۆنبووە، چلی تریش هەر وایە. ئەگەرچی هەریەکەیان وائەزانێ لە جوڵەیەکی زۆر موهیمدایە، بەڵام لەڕاستیدا ئەوە وەستانەو هەردوکیشیان لەهەمان خاڵدا وەستاون. ئەگەرچی هەریەکەیان خۆی زۆر پێ باڵاترە، بەڵام لەڕاستیدا ئەوە نزمترین جێگای عەقڵییەو هەردوکیشیان لەوێدان. ئەگەرچی هەردوکیان خۆیان پێ خاوەنی حەقیقەتە، بەڵام لەڕاستیدا هەردوکیان لە هەمان وەهمی ئایدۆلۆجیدان.. جا مرۆڤ کە تێگەیشت لەوەی، ئەم شەڕە کۆتاییەکی نیە، ئیتر لە شوێنێکدا ئەیوەستێنێت و کۆتایی پێدێنێت. ئەوەش خودی هۆشیاربوونەوەیە بە پێکەوەژیان! - بیرکردنەوەو تێگەیشتن و گوێگرتن و گفتوگۆ.. ئەمانە لە شەڕدا ناکرێ. گرنگە هەر یەکەمان لەخۆماندا، کۆتایی بە شەڕەکانمان لەگەڵ ئەودا بهێنێن، بۆئەوەی ئەوانە تیاماندا ڕووبدا. کە ئەوانە ڕوویدا، ئیتر لەگەڵ یەکتردا ئەکەوینە ناو یەکترقبوڵکردن و پێکەوەژیان. واتا دنیای فرەیی لەناوەوەماندایەو ئەبێ ڕیگەبدەین لەوێدا پەیداببێت، بۆ ئەوەی دواتر بێتە دەرەوەو ئەم دنیا تاکڕەهەندەی ئێستامان بگۆڕێت کە لەسەر سڕینەوەی یەکتر دامەزراوە. - تێهەڵکێشکردنی (ئازادی تاك و ئازادی گروپ) لەپێناو تێپەڕاندنی دژایەتی ناکۆتای پێکهاتەکان و بردنیان بۆ قۆناغی یەکترقبوڵکردن و پێکەوەژیان.. بۆ ئەوە فیکری ئۆجەلان نمونەیەکی بەرچاوەو شایەنی هەڵوەستەو تێڕامانە. لێرەدا تاكەکان وەکو هاوڵاتی و مرۆڤ یەکسانن و گروپەکانیش وەکو پێکهاتەی کۆمەڵگا یەکسانن و ئیتر نە هیچیان فووی تێئەکرێ و بەکارئەهێنری، نە هیچیشیان فشئەکرێتەوەو سەرکوت ئەکرێ، کە ئەوەش دۆخە دروستەکەی کۆمەڵگایە.
سەهین موفتی ئێستێ، سەردەمەکە بەشێوەیەکە هیچ پێویست ناکات، کەسێکی بیانی، ئەگەر بیەوێت راپۆرتێک، یا لێکۆڵینەوەیەک، یا کتێبێک لەسەر کورد بنووسێت، بەدوای سەرچاوەو زانیاری پێویست بگەڕێت...! یا سەردانی کوردستان بکات و لە نێزیکەوە تاکی کورد بدوێنێت و پاشان کارەکانی رایی بکات. بە تەنها هەفتەیەک یا مانگێک، چاودێری سۆشیال مێدیای کوردستانییان بکات، ئەوا بە تەواوەتی دەتوانێت نەک کتێبێک، بەڵکێ هەگبەی پێنج یا دە کتێب لە دەربڕین و گوفتارو نووسینی ئەم کۆمەڵگەیە کۆ بکاتەوە. خەریکە هیچ بەهایێک نامێنێت، هەموان خەریکی جنێوو سوکایەتین، کچێکی تەمەن دوازدە ساڵان لە باوکی زیزبووەو دوو رۆژ لە ماڵەوە دابڕاوە، هەزاران جنێوو سوکایەتی بۆ نێردرا...! بەبێ ئەوەی، بیر لە داهاتووی ئەم کچە بکرێتەوە، بێ متمانەیی دەیان جار هێندەی قەبارەی خۆی، دەنێو کۆمەڵگەی کوردی فراوانتر بووە، ئاستی رۆشنبیری تاک، رۆژ بە دوای رۆژ زێدەتر لە دابەزین دایە...! هەموان، خەریکی سیاسەتین، هەموان شارەزای ئابورین، هەموان لەبری پزیشک، سوودی میوەو تەڕە دەنووسینەوە، هەموان لە بری دادگا، تاوانبارو تۆمەتبار دەخەینە ژێر پەتی سێدارە...! هەموان، بووین بە شێعر نووس، هەموان بووین بە سترانبێژ، هەموو دمبک لێدەرین، هەموو لێکۆڵەرو دادوەرو مافناس و فەرمانبەرو مامۆستاو پزیشک و ئەندازیارو جوتیار، هەموو بووین بە نووسەر....! هەموو، هەموو، هەموو لەبری خودا، کە یەکێک کۆچی دوایی دەکات، چارەنووسی ئەو دونیاشی بۆ دیاری دەکەین، ئەگەر ئەمە شێوانی کۆمەڵگە نەبێت، ئەدی شێواو چییە؟
هاوژین زیبا ئەقڵی سیاسی رۆژئاوا بەرژەوەندی پارێزو مادییە ھەرچی پێویستبێت لە پێناو مانەوەی دەوڵەتدا ئەنجامی دەدات ئەمەش ھۆکارە بۆ بێنرخ بوونی ژیان و مرۆڤ لە ناو ئەو زیھنیەتەدا. کاتێکیش رۆژئاوا و رۆژھەڵاتی ناوەراست بۆ داگیرکاری یەکدەگرن راسەوخۆ ویژدان دەمرێت ئەوکات پێویستە مرۆڤ لێی دوربێت، بەڵام گەر جێیەک نەبێت مرۆڤ بۆی بڕوات و خۆی دوور بگرێت پێویست دەکات ھەوڵبدات تێبگات و بەریپێبگرێت. لە وڵاتی ئێمەدا ئەم کارە چەپەڵانە بە سیایەتی دەسەڵاتداران ماوەیەکی زۆرە پەرەی سەندووە، بێگومان کاری من نییە ساست فێری دەسەڵاتداران بکەم، باڵام کاتێک بابەت لەسەر بازاری خوێنی گەلی ئێمەبێت مافی دژایەتی کردنیمان ھەیە. لەسەرەتای ئەمساڵەوە دەوڵەتی تورکیا ئۆپەراسۆنەکانی لە ھەرێمی کوردستان دەستپێکردووە، بیانووی ئەو ھەبوونی پکەکە یە لە چیاکانی باشوور. لەبەر ئەوەی تورکیا ٥٠ ساڵە لە دژی پەکەکە شەر دەکات تا جێیەک مرۆڤ دەتوانێت واتای پێبدات، بەلام مێژوو ئەو راستیەشمان نیشان دەدات پرسی دەوڵەتی تورک ھەبوونی پەکەکە نییە بەتەنھا، بەڵکو تورکیا لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانییەوە، خاکی وڵاتەکەمان و دەوڵەمەندیی جوگرافیای ئێمەی بە بەشێک لە حکومەتەکەی خۆی زانیوە، ھەر بەو ھۆیەشەوە لە کەرکوکەوە تا سلێمانی و ھەولێر، ھەوڵ دەدات نەوت و بەرھەمی دۆڵەکە بەدەست بھێنێت بۆیە لە بواری دیپلۆماسی و لە بواری سەربازیدا ستراتیژ نزیک دەبێتەوە، ئۆپەراسیۆن لە دژی پەکەکە بە شێوەیەکی تاکتیکی بەرێوەناچێت ئەوەش روون و ئاشکرایە! ستراتیژی دەوڵەتی تورک داگیرکردنی کوردستانە. لە رووداوەکانی ئەم دواییانەدا بینیمان پارتی و کازمیش ھەوڵ دەدەن لە ئۆپەراسیۆنی دەوڵەتی تورکدا بەشداربن بەڕاستی ئەمە بۆ دەوڵەتی تورک سەرکەوتنی گەورەیە، مافی سێزار بۆ سێزارە! بەڵام ئەوەی جێی پرسیارە ئەوەیە کە چۆن ئەمە ڕوویدا؟ تورکیا چۆن کازمی ی قایل کرد؟ دەبێت تورکیا وتبێتی " بۆ ئێمە عێراق بەغداد و کازمییە . بۆیە دەمانەوێت کاری لەگەڵدا بکەین، ئێمە کوردستانێک قبوڵ ناکەین و لە ڕیفراندۆمدا ھەڵوێستی خۆمان دەربڕیوە، نامانەویت لەگەڵ حکومەتی باشور کار بکەین، بەڵام نزییکایەتی و ھەڵوێستی سیاسی ئێوە ناچارمان دەکات ئەو کارە بکەین، ئەگەر ئێوە لە دژی پەکەکە ھاوکاریمان بکەن، ئێمە کار لەگەڵ حکومەتی باشووردا ناکەین... " ئایا کازمی بەم قسانەی تورکیا رازی بوو یان تیمەکەی دۆناڵد ترامپ کازمییان رازی کرد؟ ئەگەر ئەمریکا کازمی رازی کردبێت دیارنییە ئایا ئەمە سیاسەتی ستراتیژی ئەمریکایە یان سیاسەتی شەخسی ترامپە! تیمی ترەمپ لە ھەڵبژاردنی ئەمریکادا دۆرا، ھەر بەم ھۆیەشەوە ڕەنگە ئەم پەیوەندییەی نێوان دەوڵەتی تورکیاو کازمی بەردەوام بێت تا ئەوکاتەی ئیدارەی جۆ بایدن دەستبەکاردەبێت. لە لایەکەی دیکەش ئەوەندەی دیارە دەوڵەتی تورکیا پارتی بۆ ئۆپراسیۆن لە ھەرێمەکە قایل کردووە، پارتی لە لایەنی ئابوورییەوە سازش بۆ دەوڵەتی تورک دەکات بۆیە دەتوانین بڵێین دەوڵەتی تورکیا ململانێی ئابووری نێوان بەغداد و باشووری کوردستان بەباشی بەکاردەھێنێت. پارتی بۆ ئەوەی چاوی لە دەستی بەغدا نەبێت تەسلیمی سیاسەتی تورکیا بووە. تورکیاش دەیەوێت لە ئۆپەراسیۆنی باشووردا پارتی بەکار بێنیت ئەوەندەی دەبینرێت ئەمەقبوڵکراو لەلایەن پاتییەوە . سەرەتا پارتی کەمپی باشیقەی بە تورکیادا پاشان بە فڕۆکەی بێ فرۆکەوان جێگەی خۆی باش گرت، ئێستاش پارتی بە میدیا و پروباگەندەکانی ھەوڵدەدات رەوایی بدات بە ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشیان. لەبەرئەوەی ناتوانێت ڕاستەوخۆ بچێتە ناو ئۆپەراسیۆنەوە پارتی دەڵێت، شوێنی پەکەکە باکورە لەکاتێکدا زیاتر لە ٣٠ ساڵە پەکەکە لە قەندیلە! خەڵک داوای مووچە دەکات، پارتی کەناڵی NRT دادەخات تا کەس راستی نەبینێت و نەزانێت پاشان بە ئەقڵی خۆی دەڵێت پەکەکە لەپشت خۆپیشاندەرانە! ڕێگای گەریلا دەگرێت، ھێرشیان دەکاتەسەر، پاشان دەڵێت پەکەکە ھێرشی کردە سەر پێشمەرگە! رەنگە لە داھاتوودشدا بڵێت ئەوان ھێرشیان دەکردە سەرمان بۆیە ھەوڵماندا لەگەڵ دەوڵەتی تورک ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین! بەڵام ئەم سیاسەتە براکوژییە. ئەگەر پارتی ناتوانێت سیاسەت و بازرگانی بکات، نابێت براکەی بکوژێت! کاتێک براکەی خۆی کوشت با واز لە بازرگانی و سیاسەت بھێنێت.
