Draw Media

10 پرسیار لە پەکەکە

10 پرسیار لە پەکەکە

2020-12-20 19:55:12


  ئاسۆ حاجی

1-    یەکەم پرسیار کە بە مێشکی هەر کەسێک دادێ کە چاودێری دۆخی سیاسی پارچەکانی کوردستان بکا و ئاگاداری رووداوەکان بێت،ئەو پرسیارەیە،ئایا پەکەکە بۆ لە باشور و رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە و تەنها لە باکور بوونی نیە! لە کاتێکدا دەبوایە هەموو هێز و قوڕسایی پەکەکە لە باکوری کوردستان بێ.
2-    لە ساڵی 2015 هەدەپە باڵی سیاسی پەکەکە لە باکوری کوردستان لە رێگای ژمارەیەک سەرکردەی لاو توانیان لە هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی تورکیا 81 کورسی ببنەوە،بەڵام سەرکردەکانی پەکەکە لە قەندیل رێگەیان نەدان دەست بەو ژمارەیەوە بگرن یان بەشداری حکومەت بکەن،بەڵکو شەڕیان لە ئەنقەڕە و لە ناو هۆڵی پەڕلەمان گواستەوە ناو شار و ئاوەدانیەکانی باکوری کوردستان کە بە شەڕی خەندەکان بەناوبانگە و بەو هۆیەوە زیاتر لە بیست شار و شارۆچکە خاپورکران و بەگوێرەی ژمارە نا فەرمیەکانی هەندێک لە رێکخراوەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ و راپۆرتە رۆژنامەوانیەکان لە نێوان 6 بۆ 7 هەزار کەس کوژران و زیاتر لە 200 هەزار کەس لە زێدی خۆیان ئاوارە بوون.
3-    ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە سەر بە تورکیا بوون و لەلایەن ئەمریکا و ئەوروپاشەوە پشتگیری دەکران کە ئەو کات بە سوپای ئازاد دەناسران گەیشتبوونە لێوارەکانی دیمەشقی پایتەختی سوریا و خەڵک چاوەڕوانی دەکرد یان بەشار ئەسەد بۆ وڵاتێک رابکا و دیمەشق رادەست بکا یان ئەوەتە شارەکە بە شەڕ بکەوێ،ئێران لە رێگای پەکەکە شەڕەکەی گواستەوە باکوری کوردستان و سوپای تورکیای ناچارکرد کە بە کێشەیەکی گورەتر لە بەشاڕ و دیمەشق خەریک بن،پەکەکە هاوکار بوو بۆ رزگارکردنی بەشاڕ ئەسەد و سەرخستنی ئەجێندای ئێران بەڵام کورد دەسکەوتیان چ بوو؟
4-    دوای سەرکەوتنی باڵی سڤیلی ناو هەدەپە بە سەرۆکایەتی سەلاحەدین دەمیرتاش و هەڤالانی سەرکردایەتی پەکەکە لە قەندیل ترسیان لێ نیشت بەوەی کە پێشکەوتنی ئەو سەرکردە لاوانە واتا کۆتایی ئەوانە بۆیە رێگەیان نەدا بەشدار بن لە پێکهێنانی حکومەتی تورکیا کە ئەو کات ئەردۆغان و حیزبەکەی دەستیان ماچ دەکردن تەنها بۆ ئەوەی ناچار نەبن هەڤالبەندی لەگەڵ باخچەلی و تورکە توند ئاژۆکان دروست بکەن،بەڵام قەندیل ئەردۆغانی بە ناچاری فڕێدایە باوەشی دەوڵەت باخچەلی رەگەزپەرست،قۆناغێکی نوێ لە ژیانی سیاسی ئەردۆغان دەستی پێکرد کە لە موجاهید و قوتابیەکی بەدیعولزەمان سەعیدی نەوڕەسی یان سەعدی کوردی ببێتە سەربازێکی بە ئەمەرکی ئەتاتورک و هەڤاڵبەندێکی ستڕاتیژی باخچەلی.
هەروەها دەمیرتاش و هەڤالانیان خستنە زیندان و دەستی ئەردۆغان و سوپاکەشیان ئاوەڵا کرد تا باکوری کوردستانیان کردەوە سەربازگەیەکی گەورە،کورد لە باکور جگە لە لەدەست دانی هەموو دەسکەوتە سیاسیەکان چیان دەسکەوت؟
5-    پەکەکە لە ناو خۆی باکوری کوردستان و تورکیا تەواو ئیرادەی خۆیان رادەستی چەپی تورک کردووە و خۆ یەکلایی کردنەوەیان لە بەرەی جەهەپە کە بە درێژایی مێژووی کۆماری تورکیا چەپەکان گەورەترین زیانیان لە بزاڤی نەتەوەیی و رزگاریخوازی گەلی کوردستان داوە لە باکوری کوردستان بە دوور خستنەوەیان لە ئامانجی سەرەکیان و تێکەڵکردنیان بە بزاڤێک کە تێیدا لە پێناو هەندێک دروشمی بێ گیان و ناوەڕۆک خۆیان بزرکردووە،ئاراستەی چەپایەتی لە رێگای جەمیل بایەک و دۆران کالکان تەواو کۆنتڕۆلی بڕیارەکانی قەندیلیان کردووە،کورد لە سەرکەوتنی جەهەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی ئەستەنبۆل ئەوان چیان دەسکەوت؟
6-    باشە بۆ دەبێ ئامادەیی چڕی سەربازی پەکەکە لە شەنگال و توزخورماتوو و مەخمور و پێنجوێن بێت و کەمترین ئامادەیی سەربازی لە باکوری کوردستان بێ کە ژمارەی گەڕیلاکانی لە باکور ناگاتە ٣٠٠ گەڕیلا! 
7-    پەکەکە بۆ دەتوانێ لە سلێمانی و گەرمیان دەست بخاتە ناو خۆنیشاندانەکان و هانیان بدا تا هێرش بکەنە سەر دامەزراوەکانی حکومەت و بارەگای حیزبەکان بەڵام لە دیاربەکر و شارەکانی دیکەی باکوری کوردستان ناتوانێ سەت کەس بباتە سەر شەقام و لە دژی دەوڵەتی تورکیا خۆنیشاندان بکەن؟
8-    پەکەکە کە هۆکاری لە دەستدانی عەفرین  و ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان بوون،لە جیاتی پەند وەرگرتن لەو شکستانە و گوێگرتن لە هاوپەیمانان کە خۆیان لە قەندیل و بڕیارەکانی داببڕن،تەواو پێچەوانەی ئەوانە یەپەگە بە چەک و هاوکاری ئەمریکا و ئەوروپا رووی چەکەکانیان لە پێشمەرگە کردووە و بەشێکن لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی قەندیل کە سەرچاوەی ئەو بڕیارانە بەشێکن لەو ستراتیژیەکە ئیقلیمەی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستانی گەمارۆ داوە و هەوڵی لاوازکردن و لەناوبردنی دەدات،باشە پەکەکە و یەپەگە چ سوودێل لە لاواز بوونی هەرێمی کوردستان دەکەن،ئەگەر بەشێک نین لە ئەجێندای دوژمنان!
9-    بۆ فشار دروست کردن لە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێگریکردن لە جێبەجێکردنی رێکەوتنی شنگال بە گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعی شنگال و هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە رێگای هێزەکانی یەپەگە هێرش دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان،بەو کارە مەترسی دەخاتە سەر تاکە دەروازە کە خۆراک و پێداویستیەکانی ژیان دانیشتوانی رۆژئاوای کوردستانی لێ دابین دەکرێ،باشە یەپەگە و ئیدارەی خۆسەر چ سوودێک لەوە دەکەن ئەگەر پێشمەرگە بکوژن و خاکی هەرێمی کوردستان داگیر بکەن؟
10-    هەرێمی کوردستان لە باکوری کوردستان هاوکار بوو و بۆ یەکەمینجار حکومەتی تورکیای ناچار کرد راستەوخۆ لەگەڵ پەکەکە دابنیشێ و پڕۆسەی ئاشتی دەست پێ بکا،لە رۆژئاوای کوردستانیش تا ئێستا جاری چوارەمە کە هەموو لایەنە کوردیەکان واتا ئەنەکەسە و پەیەدە کۆبکاتەوە و هانیان بدا لەگەڵ یەک رێکبکەون تا لە جیاتی زیاتر لە دەست دانی خاک و ماف،بتوانن دەسکەوت و ئەزموونەکەیان بپارێزن،کە ئەوە مەرجی سەرەکی هاوپەیمانانە بۆ بەردەوامی هاوکاریکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئیدارەی زاتی لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا،بەڵام پەکەکە بە هەموو ناوەکانی دیکەی کە هەیەتی لە دژایەتی کردنی هەرێمی کوردستان بەردەوامە،بەڵام لە زیان زیاتر چی پێبڕاوە؟

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand