عەبدولڕەحمان ڕاشد وەرگێڕان : گ. ق ئەو سیاسیانەی هاوکاری سەرۆکی ماوە تەواو بوو، دۆناڵد ترەمپ بوون، خۆیان لە نیوان دوو بژاردەدا بینیەوە؛ یا لەدەستدانی دەوڵەت یان لەدەستدانی حوکم، زۆرینە لە ریزی دەوڵەتدا وەستان، چونکە دامەزراوە گرنگترە لە تاکە کەس. ئەوەی دوێنێ لە واشنتۆن رویدا یاسایی بوو، بە ناڕەزاییەکان لەسەر ئەنجامەکان ودژ بە دانانی جۆ بایدنیش بە سەرۆك، جگە لە هەڵکوتانە سەر کۆنگرێس وهەڕەشەکردن لە ئەندامەکانی. وێنەی ویلایەتە یەکگرتوەکان لەرزی، ئەو ووڵاتەی کە شانازی بە سیستمەکەیەوە دەکات و رەوشت وئاکارەکانی بە وانە بە نەتەوەکانی دیکە دەڵێتەوە، بەڵام ئەوەی دەوترێت دەربارەی داڕوخانی ویلایەتە یەکگرتوەکان وشەڕی ناوخۆ وشکستی سیستمی سیاسی، هیچ پەیوەندییەکی بە واقیعەوە نیە و واقیعی نیە. ئەمریکا ووڵاتی دامەزراوەیە، وسیستمەکەی چەسپاو وڕەگ داکوتراوە. ئەوەی کە سەرۆك ترەمپ کردیشی وگومانی لای ملیۆنان کەس دروست کرد لەسەر سیستمەکە، تاقیکردنەوەیەك بوو بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەت کە لە کۆتاییدا سەرکەوتن بەسەریدا. جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان کێبڕکێ لەسەر حکومەت وململانێ لەگەڵ سیستمی سیاسی. دەوڵەت گەورەترە لە حکومەت ولە حیزبەکان، دەوڵەت پێکدێت لە دامەزراوە جیاجیاکان، سەرۆکایەتی ویاسادانان ودادوەری وحکومەتی بیرۆکراتی، وحکومەتە فیدراڵیەکان، ،چالاکیەکانی ودامودەزگا مەدەنی وعەسکەریەکانی. دامەزراوە قوڵەکە، تاوانباری سەرەکیە لە بیردۆزە پیلانگێڕیەکەی ترەمپدا، کە دەزگا بەهێزەکانی حوکمن، عەسکەری بن یا ئەمنی یا ئابوری یان سیاسی، وەك دوو حیزبە گەورەکەی دەسەڵات لە ئەمریکا. بەڕەچاونەگرتنی پوچیی تیۆرەکانی پیلانگێڕی، کارێکی ئاساییە کە ئەم دامەزراوانە دەوڵەت دەپارێزن نەک حکومەت یان سەرۆك، وڕێگە نادات نە بە ترەمپ ونە بەکەسی دی پەیکەرەکە وێران بکات یان بنەماکانی بلەرزێنێت. حدچ پیلانگێڕییەك لێرەدا لە ئارادا نیە، ترەمپ گەیشت بە سەرۆکایەتی لە ڕێگەی ئەو سیستمەی ئێستا بەلاماری دەدات، ئەو سیستمە رێی پێدا خۆی کاندید بکات وسەربکەوێت وحوکمیش بکات، لەگەڵ ئەوەی لە ژیانیشیدا لە سیاسەتدا کاری نەکرد بوو. هەمان ئەو سیستمەی کە ترەمپی خستە نێو کۆشکی سپیەوە هەر ئەو سیستمەش دەیکاتە دەرەوەی ئەوێ، بەهۆی یاساکانەوە. قسەکانی ترەمپ دەربارەی ساختەکاری ودزینی حوکمەوە هیچ بنەمایەکی راست ودروست وتۆمارکراوی نیە. سیستمی ئەمریکی بە تەواوی بێ تاوان نیە، چونکە خۆی سەرکردەکانی دروست دەکات ورێگە بە دەستڕۆشتووەکان دەدات کە وابکەن لەڕێی بەخشینەکان وهێزەکانی فشار ودەزگاکانی راگەیاندن، لە دووتوێی دامەزراوەیەکی یاسادانانی ئاڵۆزەوە کە دەرهاویشتەی دیاریکراو بەرهەم دەهێنێت. هەمیشە لە ناو ویلایەتە یەکگرتووەکاندا چەندین توێژ ئەم سیستمە رەت دەکەنەوە ودژی دەوەستن ولێی هەڵدەگەڕێنەوە، لە شەستەکانیشدا شۆڕشیان لە دژ بەرپا کرد وشپڕشەکەشیان لە ڕێگەی جوڵانەوەی مافە مەدەنیەکانەوە بوو، وە چەندین لە شارە گەورەکانی گرتەوە، وگەورەتر بوو لەوەی لەم دوو ڕۆژەی دواییدا دیمان. بەڵام سیستمی ئەمریکی لە هەموویان گەورەترە وتوانای لەخۆگرتن وبەشداری پێکردنی خەڵکە توڕەکەشی هەیە، بەم هۆیەشەوە ئێمە (ئۆباما)مان بینی کە بەڕەگەز لە ئەفریقیە ئەمریکیەکانە و(کامالا هاریس) یشمان بینی کە بە رەگەز لە هیندیە جامایکیەکانە. بۆ ئەمریکیەکان دەوڵەت وسەلامەتییەکەی گرنگترە لە ناڕەزایەتیەکانی ترەمپ وجەماوەرەکەی، ،دەسەڵاتیش پەنا بۆ هێز دەبات بۆ خۆپارێزی، وبۆ لادانی سەرۆکیش ئەگەر ببێتە مەترسی بۆ سەر سیستمەکەی. زۆرینەی کۆمارییەکان دوێنێ لە کۆنگرێس دژ بە سەرۆکەکەیان وەستان لەبەر ئەوەی پێیان وایە کە ئەو(سەرۆك) بوەتە هەڕەشە لەسەر سیستمی حوکمڕانی وڕیزی گەل دوو لەت دەکات. ئەوان لە سەرەتاوە پشتیوانیان کرد لە سکاڵاکەی ولە گومانەکانی سەبارەت بە دروستیی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان. یارمەتیاندا وڕێگەیان پێدا کە سەرجەم ڕێگە وڕێکارە یاساییەکان بەکاربهێنێت، ئەو(ترەمپ) ٥٠ سکاڵای بەرزکردەوە لە دادگا فیدراڵیەکان وهەموویانی دۆڕاند جگە لە یەکێکیان نەبێت، کە لەسەر ژمارەیەکی کەم لە دەنگەکان بوو. ترەمپ پەنای برد بۆ دادگای باڵا کە زۆرینەی دادوەرەکانی سەر بە پارت وکەمپینەکەی ترەمپن، ئەویش(دادگای باڵا) ڕەتی کردەوە، هاوڕێ وسەرکردەکانی حیزبەکەشی سکاڵاکانی ئەویان رەت کردەوە، حاکمی ویلایەتە پەیوەندارەکانیش لە کۆمارییەکان ووتیان کە ووتە ودەنگۆکانی ترەمپ راست نیە. ناکرێت هەموو ئەمانە پیلانگێڕ بن لە دژی ئەو(ترەمپ)! جیاوازییەکە ئەوەیە کە ئەوان رۆڵەی دامەزراوەی حوکمڕانین وئەو نامۆیە تێیدا، بەڵام ترەمپ لەڕووی جەماوەرییەوە لەوان سەرکەوتووترە وجەماوەرێکی زۆری هەیە ولەگەڵ ئەوەی کە ئەوەی ئەو دەربارەی پیلانگێڕی وساختەکاری دەیڵێت تەنها وەهمێکە، ولەوانەشە خۆی باوەڕی بە ڕاستییەکەی کردبێت. بەڵام ئەمە ئەوە رەت ناکاتەوە کە دژ ودوژمنەکانی ڕێوین ودەزانن چۆن شەڕ وهەڵبژاردنەکان لەو باشتر ئیدارە بدەن بە بەڵگەی ئەوەی کە ئەوان ئاسانکارییان کرد لە دەنگداندا لە ڕێگەی پۆستەوە کە لە بەرژەوەندی خۆیان بوو، بە سوود وەرگرتن لە بارودۆخی نەخۆشی وپەتاکە، کە ئەمەش سیستمێك بوو ترەمپ نەیزانی چۆن بەرەنگاری ببێتەوە بەزوویی وسنورداری بکات ودژ ودوژمنەکانی خۆی بێبەری بکات لە قۆستنەوەی. سیستمی ئەمریکی، بەهۆی ئەوەی کە ئالیەتێکی پیشەسازی زەبەلاح، وبازاڕێکی ئابووری دەوڵەمەند، وزانکۆ وبنکەی توێژینەوەی داهێنەرانە، ونەتەوەیەکی زیندووی هەیە، هەر وەک هێزێکی سەرکەوتوو دەمێنێتەوە. وئەوەی بەم دواییانە رویدا تەنها بەشێکی شەرماوەر وسەغڵەتکارە وتێیدەپەڕێنن.
ئەبوبەكر عەلی بەپێچەوانەی لێکدانەوە و کاردانەوەی ھەندێ وڵاتی دیکتاتۆر یاخود نیمچە دیکتاتۆری و عەقڵی سەلەفی ڕێکخراوو ناڕێکخراوو ئەسیری کولتوری وەلی ئەمرو سوڵتانی غەلەبەو لایەنگری شەرعیەتی شمشێرو توانای خۆسەپاندن، روداوەکانی واشنتۆن وھەڵکوتانە سەربارەگای کۆنگرێس ، لەلایەن بەشێك لەلایەنگرانی ترامپەوە، بەڵگەنین لەسەربێ بایەخبوونی دیموکراسی ولەوانەش دیموکراسی ئەمریکا. بەڵکو تەواو بەپێچەوانەوە، زیاتر ڕونیان کردەوە، بوونی کلتورو دامەزراوەو دەستەبەریە دیموکراسیەکان لەدەوڵەتدا، تاچ راددەیەك گرنگ و پێویستن. چونکە ئەوە دیموکراسیە جیاوازی دەخاتە نێوان دەسەڵاتدارو دەسەڵاتەوە. لەڕێی چەندین میکانیزمەوە لەوانەش دەستور، سنور بۆ دەسەڵاتەکانی حوکڕان دادەنێت و دەسەڵاتەکانی بۆ دیاری دەکات. بەگرتنە پێشی ڕێوشوێنی لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانیش، رێدەگرێت لەوەی، سەرجەم دەسەڵاتەکانی لەدەستدا کۆ کۆببنەوەو بەمەش کەڵکەڵەی بێنیازبوون لەخەڵك وخراپ بەکارھێنانیان وستەمکاری وخۆبەخواوەند بینینی بچێتە کەلەوە، لەبری دەستورێکی مەدەنی پارێزەری ماف وئازادییەکانی ھاوڵاتی ودامەزراوەکان ودەوڵەتی یاسا، بەگوێرەی میزاجی خۆی وبەرژەوەندیە تاکەکەسی وبنەماڵەیی و گروپیە بەرتەسکەکان، حوکومرانی بکات و کۆماری ترس پێکبێنێت. روونە، پێش دەرکەوتنی دیموکراسی، جگەلەچەند ئەزموونێکی کاتی وتێپەڕ، لەوێنەی : حوکمرانی ڕاشدین لەسەرەتای ئیسلامداویۆنانی کۆن، بەگشتیی، مۆرکی زاڵی حوکمرانی خۆسەپاندن وستەمکاری بووە. ھێز سەرچاوەی ڕەوایەتی سیاسی بوەو زۆر کەم نەبێت باسێ لە تاك وھاوڵاتی وماف وئازادییەکان لەگۆڕێدا نەبووە. بەڵام لەھەمان کاتدا دەوڵەتی نوێش بەدەسەڵاتە ترسناکەکەیەوە لەئارادا نەبووە. لەئەوی ڕۆژگارەدا، باس لەعەدالەت وسۆزومیھرەبانی لەحوکمرانیدا کراوە، بەڵام لەقاڵبی ئامۆژگاریدا وبەلوتف وحەزو میزاج و ویژدان و ئاستی پابەنی ئەخلاقیی پاشاکانەوە بەسترابۆوە! چونکە حوکومڕان بەشێوازی جۆراو جۆر، قسەی سەرەتاو کۆتایی لەبریارداندا ھی خۆی بووە. دامەزراوەگەل وھێزێك نەبوون، ناچار بەپابەندکردن بەبنەماکانی حوکمڕانیەکی دادپەروەرانەو باشیەوە بکەن؟!بەشمشێرو ھێز پارێزگاری لەدەسەڵاتەکەی کردووەو ھاوبەشی لەدەسەڵاتدا قبوڵ نەکردووە . ئەوە دیموکراسی بوو ئەم واقیعەی گۆڕی، دوای حاکمی دادپەروەری گۆڕی بە یاساوسیستمی داد پەروەر. بۆئەوەی چیتر دەسەڵات بەحەزومیزاج وبەرژەوەندی دەسەڵاتدارەوە نەبەسترێتەوەو ئەگەر دەسەڵاتدارێك گیانی دیکتاتۆریەت و خۆسەپاندن وتێپەراندنی ئیرادەی گەلیشی تێدا بوو، سیستم ڕێگەی پێ نەداو، ناچاری بکات مل بەڕێو شوێنە دەستورییەکان و رێساکانی چۆنیەتی دەسەڵات گرتنەدەست و پیادەکردنی و رادەستکردنی بدات. چونکە مێژوی سیاسی وحوکومرانی کۆمەڵگە جۆراو جۆرەکانی مرۆڤایەتی سەلماندوویەتی، گرەوکردن لەسەر ئیمان وئەخلاق و ویژدانیتاکەسی دەسەڵاتدار، ھەڵەیەکی کوشندەیەو دەرگا بەروی ستەمکاری وخراپ بەکارھێنانی دەسەڵاتدا دەکاتەوە ، لەوسۆنگەوە ھەتا دادپەروەرێك حوکم دەکات چەندین ستەمکار دێنەسەرکار. تالەقۆناغێکی دواتردا، ستەمکاری دەبێتە تاکە بژاردەو بوار بۆ ھاتنەسەر کاری ھیچ دادپەرورێك نامێنێتەوە. ڕوداوەکانی واشنتۆنیش نیشانیان داین، لەناو دڵی دیموکراسیە خۆرئاوایەکانیشدا، سەرکردە گەلێك ھەن ھەوای دیکتاتۆریەت لێیان دەدات، ئەوەی ناھێڵێت ئەم خواستە لە ماتە ھێزەوە بکەن بەکردار، دامەزراوە دیموکراسیەکان ورای گشتیە، ھەر ساتەوەختێکیش ئەم رێگریانە نەمێن، تاغو تەکانی ئەوێ لەھی لای خۆمان لەخۆرھەڵات درندەتر دەبن. ھێتلەرو مۆسۆلینی و ستالین وفرانکۆو چەندینی تر، ئەم راستیە پشتراست دەکەنەوە.
باقر جەبر زوبەیدی لە نۆی نیسانی 2003 ەوە هەولێر گرەوی لەسەر چەندان پرۆژەی سیاسی کردووە بە هاوکاری و هەماهەنگی هەرێم و هەندێک وڵاتی دراوسێ، دواپرۆژەی نەک کۆتا پرۆژەی پرۆژەی ڕیفراندۆم بوو بۆ دیاریکردنی چارەنوس لە ساڵی 2017. هاوتەریب لەگەڵ ئەوەدا پرۆژەیەکی تر هەیە حکومەتی هەرێم بەڕێوەی دەبات و بریتییە لە پرۆژەیەکی ئابوری کە بە چاودێری چەند وڵاتێکی ئیقلیمی بەڕێوەدەچێت و دیارترینیان تورکیاو ئیماراتی عەرەبییە و کۆمپانیاکانی ئەو دوو وڵاتە دەستیان گرتوە بەسەر ئەو نەوتەی لە هەرێم دەردەهێنرێت. یەکێک لە گرنگترین ئامانجەکانی کە ئەو پرۆژەی هەوڵی بۆ دەدا لە ماوەی ئەو چەند ساڵە نالەبارەی بەهۆی تێرۆر و جاروباریش ململانێی تایەفی، ئەوەبوو هەولێر بکرێتە سەنتەرێک بۆ ڕاکێشانی سەرمایەی عێراق و بنکەیەک بۆ کۆمپانیا نیشتمانیی و بیانییەکانی کە لە عێراقدا کاردەکەن بە پاساوی ئەوەی شوێنێکی سەقامگیرو سەلامەتە، لەگەڵ بەرەبەرە سەقامگیربوونی دۆخی ناوخۆی عێراق و کۆتاییهێنان بە داعش و پێشتریش قاعیدو دەستە خوشکەکانی، گەشتی گەڕانەوەی سەرمایەی نیشتمانی و کۆمپانیاکان بۆ بەغدا دەستیپێکردو فراوانیش بوو بەرەو بەسرەو ناوچەکانی تری باشوور و ناوەڕاست، ئیتر هەرێم پێگەی پێشووی لە ڕووی ئابورییەوە نەما، کە ببوە سەکۆیەکی ئابوری دەیڕوانی بەسەر ناوچەیەکی گڕگرتوودا که سەنتەرەکەی بەغدا بوو، کە گۆڕا بۆ جەمسەرێک بۆ ڕاکێشانی ئەوانەی بەدوای مەزادی دراوەوەن! لەگەڵ بازرگانیو هاوردەکردن. ئەوەش پاڵینا بە حکومەتی هەرێمەوە کە بە واجیهەی چەند کۆمپانیاو بانکێکەوە لە بەغدا بوونی هەبێت لەگەڵ کۆمپانیاکی تردا لە بەسرە کە بواری نەوتدا کاردەکات. هەولێر هیوادارە، بە حسابات و تێڕوانینی خۆی لە ڕێگەی پرۆژەکانی بەسرەوە لە پێش هەمووشیانەوە پرۆژەی بەندەری فاوی گەورە و دوای خراپ بوونی دۆخی ئابوری و پێویستی بوونی لە بەغدا هیوادارە لە پێشەنگی ئەوانەوە بێت کە سوود لە پرۆژەی ( پشتێنەو ڕێگا ) وەردەگرن، لەحاڵەتێکدا کە بەهەرێمدا تێپەڕ ببێت بۆ سوریاو تورکیا، ئەوەش خەونێکە نایاتەدی، چونکە هەرێم و بەدیاریکراویش سەرکردایەتییە سیاسییەکەی جێگەی متمانەی بەغدا نەماون، دوای ئەوەی تەحەکومیان کرد بە موقەدەرات و سامانی عێراق و سوکایەتیان بە حکومەتی فیدراڵی کرد لە هەموو مامەڵەکانیاندا لە ناوخۆو دەرەوە. ئێستا بژاردەکان لەگەڵ تورکیا لەبەردەستدان، عێراق ڕوبەری 8 بۆ 9 کیلۆمەتر سنوری لەگەڵ تورکیای دراوسێی باکوری هەیە لە پارێزگای نەینەواو بەوەش دەروازەی ئیبراهیم خەلیل تێدەپەڕێنێت
سەردار عەزیز دوێنێ كاپیتۆڵ هۆڵ، كۆنگریسی ئەمریكی، جێگای سەرنجی دونیا بوو. پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات لە ئەمریكا لە چەندین دەیەو بگرە سەدەی ڕابوردودا هەرگیز مایەی سەرنج نەبوە، بەڵام دوێنێ دەستاودەستكردنی دەسەڵات، یەكێك لە بنەما سەرەكیەكانی دیموكراسی توشی قەیران بوو. ئاپۆڕەكە خەڵكێكی تایبەت بوون. هەموو سپی پێستو هەڵگری سیمبولو دروشمی تایبەت. كۆمێنتارە ئەمریكیەكان نەیاندەزانی چۆن ناویان بنێن، چۆن بیانناسێنن. هەم روداوەكەو هەم ئەنجامدەرانی لەڕوی ناونانەوە مایەی كێشە بوو. ئایا ئەوەی ڕویدەدا كودەتا بوو، یان ناڕەزایی دەربڕین. كارێكی تیرۆریستی بوو، یان سیاسی؟؟ دەیڤید فرۆم كۆمێنتاری ناسراوی كۆمارییەكان وشەی پۆتچی ئەڵمانی بەكاردەهێنا. دیارە زمانی ئینگلیزی خۆی وشەی نیە بۆ كودەتا، كودەتا فەرەنسییەو پوتچ ئەڵمانییە، بەڵام هەردوكیان بەكاردێن. كودەتا ئاماژەیە بۆ كارێكی ڕێكخراو، پوتچ هەتا ئاستێكی زۆر ڕێكنەخراوە. ئایا ئەوەی ڕویدا ڕێكخراوبوو، یان ڕێكنەخراو ؟ بێگومان بە هەموو شێوەیەك ڕێكخراو دیاربوو. ڕەنگە ئەوە گەردەلولەكە بێت كە ترەمپ باسی دەكرد. ئایا كرۆكی مەسەلەكە چیە ؟ ئەگەر گوێ لە وتارەكەی ترەمپ بگریت زۆر شتت بۆ ڕون دەبێتەوە. ترەمپ دژ بە ناڕازییان نەبوو. پەیامی خۆشەویستی بۆ ناردن. بەپێی هەندێك سەرچاوە، تەنانەت ئامادەنەبوو ئەو قسانەش بكات، بەڵام بە فشار، خەڵكانی دەروبەری پێیان كرد. ترەمپ باسی ئەوە دەكات كە وڵاتەكەیان لێدزراوە. ئەمە یەكێك بوو لە هاوارەكانی ناڕازییان، ئەو دزییە بوەستێنە. ئەوە چیە دەدزرێت ؟ دزی یانی بردنێكی نا شەرعی بە زۆر یان بە فێڵ. ئەمریكایەك هەیە كە بەرەو كۆتایی دەچێت. ئەمریكای سپی پێستو ئەنگلۆساكسۆنو پرۆتسانت. ئەم ئەمریكایە خاوەنی ئەمریكا بوە لە دۆزینەوەی ئەمریكاوە هەتا ئەمڕۆ. ئەمڕۆ نایەوێت دەستبەرداری بێت. بۆیە هەست دەكات دزی لێدەكرێت. دیموكراسی ئەمریكی هەر لە سەرەتاوە قەیرانی یونانی هەبوو. قەیرانی یونانی بە مانای ئەوەی كە دیمو، كە یانی خەڵك مەبەست لێی هەموو خەڵكانی ئەمریكا نەبوو، بەڵكو توێژێكی تایبەت بوو. ووردە ووردە ئەم توێژە تایبەتە بە ناچارییو بە پێویستی بەسەر توێژەكانی تری كۆمەڵگادا كرایەوە، وەك خەڵكی ڕەش پێست، ئافرەت. بەڵام ئەم كردنەوەیە بەو مانایە نەبوو، كە ئەوان خاوەن دەسەڵاتی ڕاستەقینە بن. بەڵكو ببنە بەشێك لە سیستەمێكی داڕێژراو. بەڵام ئێستا لە زۆر ڕوەوە ئەم وەرچەرخانە ڕودەدات، لەڕوی دیموگرافی، جوگرافی، كۆمەڵایەتی. وەك زۆری شوێنی تری دونیا خەڵكی ئەمریكا بە زۆری دەبنە خەڵكی شارنشین. خەڵكی شار خاوەن ئیپۆسێكی جودایە لە خەڵكی گوندو شارۆچكەكان. ئەم بەریەككەوتنە لە كۆمەڵگای كوردیشدا ڕودەدات. ئەم ئەمریكایە كە ووردە ووردە لە ئاوابوندایە، لەلایەن چەندین گروپو ڕێكخراو و میلیشیاوە، داكۆكی لێدەكرێت. سیمبولو خیتابی ئەمانە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی ناوخۆی ئەمریكی. ئەم خەڵكانە ئەمڕۆ هەست دەكەن نەك لەڕوی سیاسییەوە، بەڵكو لەڕوی ئابوریو كۆمەڵایەتیو ئەخلاقیشەوە ئەمریكایەك سەرهەڵئەدات كە لەگەڵ ئەواندا ناگونجێت. ترەمپ بەهیچ شێوەیەك سەر بەم خەڵكانە نیە. ترەمپ كەسێكی سێكویلاری، شاری، نمایشكارە. زۆربەی تەمەنی دیموكرات بوەو خەڵكی نیویوركە. بۆ زۆرینەی خەڵكی ئەمریكا نیویورك ئەمریكا نیە. بەڵام توانی ببێت بە نوێنەریان. دیارە هەموو پشتیوانانی ترەمپ لەمانە نین، خەڵكی تریش بە هۆكاری لۆكاڵیو تایبەت دەنگ بە ترەمپ دەدات. بەڵام ئامادەنیە بێت بۆ واشنتۆن بۆ توندوتیژی. دەنگدەری ئایدەلۆژی جودایە لە دەنگدەری دیموكراسی. لەنێو نوخبەی سیاسی ئەمریكیدا ترەمپ دۆستی كەمە. بەڵام لەبەر ئەوەی جەماوەری هەیە، ئەوانەی، بە تایبەتی لە كۆمارییەكان، كە بە نیازی سودبینین بوون لە جەماوەری ترەمپ، پشتیوانی بوون. هەندێكیش هەبوو لە تویتەكانی دەترسا. بەڵام دوێنێ ئەم هاوپەیمانییە فەیكە كۆتایی هات. مایك پێنس پشتیوانی ترەمپ نەبوو. پێنس نوێنەری توێژێكی تایبەتی ئەمریكایە، كە بە ئیڤانجیلیكە مەیسحییەكان ناسراون. هەروەها لیندسی گراهام پشتی تێكرد. زۆرینەی ئەوانەی كە پشتیوانی ترەمپن لە كۆمارییەكان ئەوانەن كە بە نیازی خۆپاڵاوتنن بۆ سەرۆكایەتی لە چوار ساڵی داهاتودا یان خۆ كاندیدكردنەوە بۆ كۆنگریس. وەك زۆر شوێنی تری دونیا بەشێكی زۆری كاری پەرلەمانی نمایشو شۆیە. لەنێو كۆمێنتارە ئەمریكییەكان حەپەسانێك هەبوو. كە بەڕاستی بۆ هەر چاودێرێكی ئەمریكی ئەوەی ڕویدا مایەی حەپەسان نەبوو. ناسیونالیزمی ئەمریكی، لە هەموو ساتێكی تری بەهێزترە. ئەم ناسیونالیزمە، توێژی جیاوازی هەیە. لە دەیەی داهاتودا كاتێك ئەمریكا لە ڕوبەڕوبونەوەدایە لەگەڵ زلهێزێكی تری وەك چین، ئەم ناسیونالیزمە دەبێتە بەشێك لە سیاسەتی نێودەوڵەتی. لەماوەی داهاتودا، بە خوێندنەوەیەك بۆ هەردوو بیرمەندی گەورەی ئەمریكی، جۆن ئیكیبێریو جۆن مێرشمایەر، زیاتری باس لە ڕەهەندی فیكری ئەم پرسە دەكەم. ڕیتچارد هاس نوسیبوی كە سەردەمی ئەمریكی كۆتایی هات. ڕستەیەكی ئاوس بە ماناو دڵتەنگی. بەڵام چاوەڕوان نەكردنی ئەوەی ڕویدا لە ئەمریكا، جۆرێكە لە غرورو بە تایبەت وەرگرتنی ئەمریكا، بە ئەوەی پێی دەوترێت ئیكسێپشنالیزم. ئەمریكا دوێنی لەبری ئەوەی مایەی سەرنجو لاسایی بێت مایەی نوكتە بوو. تەنانەت كەسێكی وەك مێركڵ كە بەهیچ شێوەیەك لە نوكتەباز ناچێت، نوكتەی كرد. مێركڵ لەماوەی داهاتودا كۆتایی بە ژیانی سیاسی دەهێنێت. لە توێتێكدا نوسیبوی دەستەبەرداربونی من لە سیاسەت زۆر بێتام یان مومل دەبێت، boring. بەڵام ئەوەی لە ئەمریكا ڕویدا تەنها دیاردەیەكی ئەمریكی نیە. فاشیزیمی نوێ لە ئەڵمانیا زۆر بەهێزو رێكخراوە. سەرۆكی فەرەنسی باوەڕی خۆی بۆ دیموكراسی دوپاتكردەوە، بەڵام فەرەنسا قەیرانەكەی لە ئەمریكا قوڵترە. چەندین ساڵە فاشیزم یەكێكە لە ڕكەبەرە سەرسەختەكانی دەسەڵاتی فەرەنسیو بەردەوام لە لوتكەدایە. لەكاتێكدا خەڵك بە ئەمریكا پێدەكەنین لە هەمانكاتدا خۆیانیان بیردەكەوتەوە. ئەوەی مەترسیدارە ئەوەیە كە ئەوەی لە ئەمریكا دەبێت هەرزوو دەبێتە مایەی لاسایكردنەوە لە جێگاكانی تر. بەڵام دیموكراسی توشی قەیران دەبێت، دەسەڵاتەكانی تر توشی داڕمان دەبن.
د. ڤیان فهرهج بهشی یهكهم ماوهی پتر له شهش ساڵ دهبێت، لێرهو لهوێ، جار جار له رۆژنامه ئهلهكترۆنییهكان و جار جاری تر له ههژماری تایبهتیم له سۆشیال مێدیا وتارێك لهسهر ئهم پرسه دهنوسم، چهند جارێكی كهمیش به زمانی ئینگلیزی له پلاتفۆرمه كوردیهكانی هاوشێوهی كوردش تربیون لهم باسه دواوم، بهڵام ماوهی ئهم ساڵی رابردوو، كه ماوهیهكی دوورودرێژ بوو بۆ بهخۆداچونهوهو داڕشتنهوهی پلانهكان، هاندهربوو بۆ ئهوهی بیركردنهوهكانم رێك بخهمهوه، لهگهڵیشیدا ئهو نوسینه كورت و درێژانهش كه له ماوهی ئهو شهش ساڵهدا نوسیومن و بڵاوم نهكردونهتهوه جارێكی تر بخوێنمهوهو دوای رێكخستنهوهو كهم و زیادكردنیان به زنجیرهیهك لهژێر ئهم ناونیشانهدا بڵاویان بكهمهوه. ههڵبهت ئهمه ههوێنی كتێبێكی زانستی دهبێت، كه بهدهگمهن بهزمانی شیرینی كوردی توانراوه لهسهر ئاستی ئهكادیمی بنوسرێت. پێویسته ئهوهش بنوسم، لهههر بهشێكدا ناوی ئهو نوسهرو بیریارانه دهنوسم كه سهرچاوهی هاندهری نوسینهكانم دهبن، بۆ ئهم بهشه سودم له نوسینێكی (جانێت سالی) وهرگرتووه لهژێر ناوی (زمان و جێندهر). لهراستیدا ئێمه به مهعریفهی جێندهری دهوردراوین، زانین یاخود مهعریفهی جێندهری له گفتوگۆكانمان، شۆخیهكانمان، ئازارو دڵخۆشیهكانمان تهنانهت لهململانێكانیشماندایه. جێندهر بهقووڵی خۆی خزاندووهته ناو ههموو پێكهاتهیهكی ژیانمانهوه، له دامودهزگاكانماندایه، له كردهوهو ههڵسوكهوتهكانماندا، له بیروبڕواكانمان و حهزوئارهزووهكانماندایهو كهچی به ئاسایی ههموو ئهو بوونانه وهردهگرین، وهك ئهوهی سروشتی و ئهزهلی بن. زۆر بهدهگمهن دهپرسین له كوێوه هاتوون و بۆ وا هاتوون؟ لهههموو كایهیهكی ژیاندا تهنراوین بهو سهدان و ههزاران بیرو تێگهیشتنانهی رهههنده جیاوازهكانی ژیان، بهجۆرێك، وهك راستی زانستییان لێهاتووهو دهشێ دهیان بهڵگهی تێگهیشتنی گشتی بۆ سهلماندنیان بهێنرێتهوه ئهو كاتهی لهگهڵ كهسێكی ترادسیۆناڵدا دهكهوینه گفتوگۆ دهربارهی، تهنانهت دهشێ ئهم كهسه ترادسیۆناڵه ئاستێكی بهرزی ئهكادیمیشی ههبێت، بهڵام مهعریفهی جێندهری بهو جۆرهی كه باوه، ئهوهنده رهگداكوتراوه له ههست و نهستیشماندا، پێویستی به ڕاچهنینێكی فریكوێنسی بهرز ههیه بۆ ئهوهی پرسیار لهدهرهوهی ئهو ئهتمۆسفێره ترادسیۆناڵهی پێی راهاتوین دروست ببێت. بۆیه، ئهوه ئهركی ئێمهیه لهدهرهوهی ئهم تێگهیشتنه گشتییهوه لهوه بكۆڵینهوه كه بهتێگهیشتنی گشتی دهناسرێت لهسهر ئهم پرسه، ئهمهش بۆ خاتری ئهوهنا له راست و دروستی زانستییان دڵنیابین، چونكه راستودروستییهكان زیاتر قیل و قالهو بهڵگهی ئاینی و ویژدانی و سایكۆلۆجی بههێزیش ههن بۆ سهلماندنیان، بهڵكو بۆ ئهوهی ئهو سهرهداوانه دیاریبكهین كه كردونیهته تێگهیشتنی گشتی، چونكه گرفتهكه لێرهدایه. چونكه جێندهر بهشتێكی سروشتی دهزانرێ بهو واتایهی ژنبوون و پیاوبوون رۆڵی تایبهت دهگێڕن له ژیاندا، كهواته بیروبڕواكانی دهربارهی جێندهریش به راستی زانستی دهبینرێن كه پویستیان به بهڵگهو سهلماندن نییه. مرۆڤهكان زۆرینهی جارهكان چهندبارهی دهكهنهوهو بهخۆشیان نازانن رهفتاری جێندهری ئهنجام دهدهن. بۆ ئهوهی سهرهداوهكان دیاریبكهین پێویسته خوێندنهوهیهكی تر بۆ جێندهر بكهین، بهجۆرێك لهوێدا ئهو تێگهیشتنه گشتیانهی لهسهری راهاتوین بوهستێنین بۆشاییهكی مهعریفی دروستبكهین تاوهكو رێگه لهبهردهم دروستكردنی پرسیاردا خۆش بكهین و بكهوینه پرسیاركردن لهسهر ئهو بیروبۆچونه بنهڕهتییانهی ههمانه دهربارهی. ژنێك بۆ دهبێ به ئهندامێكی نێرینه، كه نیهتی، جنێو به ژنێكی تر بدات! پیاوێك بۆ دهبێت هاوجێندهرێكی خۆی به كراسێكی پهمهییهوه وهك ژن و كچۆڵه ببینێت؟ ژنێك بۆ دهبێت كچهكهی بكاتهوه به كۆپی خۆی؟ پیاوێك بۆ دهبێت كوڕهكهی بۆ ههموو جێگهیهك لهگهڵ خۆیدا بهرێ و چاوهڕوانی بردنهوهی شهڕێكی لێ بكات كه لهگهڵ مناڵێكی كوڕی هاوتهمهنیدا ئهنجامی دهدات؟ ههڵبهت ئهمه ئاسان نابێت، چونكه جێندهر كرۆكی تێگهیشتنهكانمانه دهربارهی خۆمان و ئهو گهردونهش تیایدا گوزهر دهكهین بهشێوهیهك ئاسان نییه له دیدێكی ترهوه تێی بڕوانین. دروستكردنی دیدێكی تر پویستی به جۆرێكی تر له مهعریفهیه، كه به ئاسانی دروستنابێت. بهڵام لهگهڵ ئهوهشدا، خودی توێژینهوه لهسهر ئهم پرسه ئاڵهنگارییه بۆ دهرخستنی پرۆسهی دروستكردنی تێگهیشتنێك كه بۆ ماوهیهكی دورودرێژ بڕوامان لهسهر بونیادنابوو سروشتی و بێرهحمه بۆ بهدواداچون و بنكۆڵكردنی جێندهر. بهو جۆرهش نا كه وێناكراوه، بهڵكو وهك پرۆسهیهكی بهدهستهاتوو، بهو واتایهی وهك هۆكار نا، بهڵكو وهك ئهنجام، وهك تاكهكهسیش نا، بهڵكو وهك كۆمهڵ. دهرهنجامی شكست له داننان بهم ئاڵهنگارییهدا تهنها له مێدیا گشتی و بهرچاوهكاندا نابینرێت، بهڵكو له بواری ئهكادیمی زمان و جێندهریشدا به زهقی دهبینرێن. بۆیه ئهم ئالهنگارییه ههوڵێكی زیاتری دهوێ لهوهی مرۆڤێك –ناڵێم ژن یان پیاوێك- وێنای دهكا، چونكه بێئاگایانه رۆژانه وهك ئهو كۆمهنستهی بۆ دروستكردنی بڕوا لای بهرامبهرهكهی سوێند به خودا دهخوات، جێندهردۆستانیش به دیوه مهعریفیه زانستییهكهدا رۆژانه دوچاری رووبهڕوو بوونهوه لهگهڵ خۆیان و دهوروبهرهكهشیاندا دهبنهوه لهوهی ململانێی مهعریفی جێندهری لایان دروستدهبێ ههر لهههڵبژاردنی ستایڵی قژو نینۆكیانهوه، یاخود رهنگی كراسهكهو پاژنهی پێڵاوهكانیان، تا دهگاته گفتوگۆو ئهرگیومێنتی بههێزی زانستی لهسهر ئهم پرسه چونكه دواجار بهریهككهوتن لهنێوان خواستی قبوڵكردنی یهكسانی لای خۆیان و تێگهیشتنی گشتی لهسهر پرسی جێندهر لای دهوروبهرهكهیان دهبنه سهرچاوهی سادهی ئهو ململانێیانه. لهئهنجامدا ئهوهندهی ههوڵی وهلانانی ئهو تێگهیشتنه گشتییه دهدهن له ویژدانی گشتیدا، خۆشیان دهبنه بهشێك له پرۆسهی هاندان و هێشتنهوهی ئهو تێگهیشتنه گشتییانه. بهنمونه، كۆرپهیهكی ژێر تهمهنی ٢٠ ههفته لهمناڵدانی دایكیدا، تهنها كۆرپهیهكهو دایكوباوك بهپهرۆشهوه پێشوازی لههاتنی دهكهن، بهڵام تهنها ههفتهیهك یان دوان بهسه بۆ ئهوهی پێشبینی بهكچكردن یان كوڕكردنی ئهو كۆرپهیه دهستپێبكات لهلایهن خودی دایك و باوكهكهو داپیرهو باپیرهو پورو خاڵ و مامهكانییهوه، بهجۆرێك ههموان بێ ئاگا بهدوای ناوی ناسك و نهرمونیاندا دهگهڕێن بۆی، ئهگهر كچ بوو، رهنگی پهمهی بۆ جل و بهرگهكانی ههڵدهبژێرن، ئهگهر كوڕ بوو شین و نیلی و قاوهی. ئیتر لێره بهدواوه له (كۆرپهكهم) و (مناڵهكهی سكم)هوه زمانی گفتوگۆ دهگۆڕدرت بۆ كچهكهم و كوڕهكهم. لهرابردوویهكی نزیكدا تهنها (كۆرپهكهم) زمانی ئاخاوتنی نێوان دایكهكهو ئهو بونهوهرهی ناویهتی، لهگهڵ خهڵكدا بهههمان شێوه. بهڵام ئیتر ئهمه له دوای بیستهم ههفتهوه گۆڕدرا. بۆ كوڕێك ناوی شاخ و باڵندهی بهرزهفڕو پاڵهوانێتی ههڵدهبژێردرێ و بۆ كچیش ههناسهو پهپولهو تارو ئاواز! لێرهوه یهكهمین ههنگاوهكانی مهعریفهی جێندهری دهستپێدهكات و هێواش هێواش تا ئهو دوو بوونهوهره گهوره دهبن و دهمرن، ههزاران جیاوازی كۆمهڵایهتی له نێوانیاندا دروست دهبێ، له كاتێكدا تا بیستهم ههفتهی تهمهنیان لهناو سكی دایكیاندا هیچ جیاوازییهك لهنێوانیاندا نهبوو!
ئەبوبەكر حەسەن ١ سەدەستە/ژێردەستە، سەنتەر/كەنار، یاخود هەر پەیوەندییەكی دیكەی بیناكراو لە سەر (سەرەوە/خوارەوە) بە تەنیا دەركەوتنێك نییە لە مەزهەب و تەریقەتێكدا، بەڵكو ئەم فۆرمە لە پەیوەندی دەركەوتنێكی ئایینییە. فۆرمیولەبوونێكی پەویوەندیی سەرەوە/خوارەوەیە بە سروت و ڕێ و ڕەسمی ئایینی.هەر پەیوەندییەكی دیكە وەربگرین لە كۆمەگە سونەتی و پێش مۆدێرن و سەرەتاییەكاندا ناكرێت فۆرم و شێوازی جیاواز لەم پەیوەندییە بەدی نەكەین. پەیوەندی هەر گردبوونەوەو دەزگایەكی كۆمەڵایەتی و سیاسی شێوازی دیكەی دەركەوتنی ئەم پەیوەندییەی نێوان سەرەوە/خوارەوەیە. پەیوەندی نێوان دایك و باوك بە منداڵەكانیانەوە، پەیوەندی نێوان سەرۆك خێل بە ڕەعیەتەكەیەوە، پەیوەندی ئەندامانی حزب بە سەرۆكی حزبەوە، پەیوەندی ژن/پیاو لە پێگە كۆمەڵایەتییە جیاوزەكاندا. گەر ئەم پەیوەندییە لە كۆمەڵگەیەكی مۆدێرنیشدا بە ئاشكراو بە فۆرمە ڕۆژهەڵاتییەكەی بەدی نەكرێت، ئەوا ناكاتە ئەوەی پەیوەندییەكی لەم شێوەیە بە شێوازی جیاواز بوونی نەبێت. نەخێر، تەنانەت كۆمەڵگە پێشكەوتو مۆدێرنەكانیش دەسبەرداری ئەم پەیوەندییانە نەبوون و،بە پراتیك و گوتاری جیاواز بیناكراون و بەرهەم دەهێنرێنەوە. تەنانەت دەتوانین بۆ ڕیشە سەرەتایی و ڕیشە ئایینییەكانی ئەم پەیوەندییەش بگەڕێین لەم كۆمەڵگە مۆدێرنانەدا، كە چۆنچۆنی سیكیولاریزەكراون، بەڵام لە قوڵاییدا ڕۆحی ئایین و سروت و (موقەدەسێكی) ئایینی سیكیولاریزەكراو ببینین. ڕەنگە جیاوازییەكی گەورەی ئەم پەیوەندییەو ئەو دەركەوتنانەی لە سەر ئەم پەیوەندییە دەكەوێتەوە لەوێدا بێت : لە كۆمەڵگەیەكی ترادیسیۆنیدا شكاندن و دەرچوون لەم لێی بڕێكی زۆر بە تابوی ئایینی و غەیبانی حەرام كرابێت، وەرگرتن و چوونەژێرباری ئەم پەیوەندییە سروشتی ئەركێكێ ئایینیی و غەیبانی پێ بەخشرا بێت. هەر سەركێشی و سەرپێچی و لادانێك لەم پەیوەندییەدا حەرام/ حەڵاڵ، ئەخلاقی/نائەخلاقی هەستێت بە پێناسەو دیاریكردن. جا ئەم یاساغبوونەی هەر دەرچوونێك لەم پەیوەندییە دەرچوون و لادان بێت لە ئەمرێكی خودایی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ گەر ئەم پەیوەندییە لە كۆمەڵگەیەكی دەزگایی و مۆدێرندا بە دیار بخرێت، ئەوا جۆرێك لە پەیمان و گرێبەستی ئارەزوومەندانە، گریبەستی نووسراو ونەنووسراوی خۆویستانە دەبینین كە دەتوانرێت كە دەتوانرێت كە هەڵبوەشێنرێنەوە بە بێ تابو و حەرام و حەڵاڵێكی غەیبانی و ئایینیی 2 هێز مومارەسەو پراتیكەكانییەتی، مومارەسەو پراتیكەكانی هێز و هێزەكانیش ئەبستراكت نین بەڵكو تەواو كۆنكرێت و بەرجەستەن لە پەیوەندییەكانیاندا، لە بەستنەوەی تەواوی شت و واقیعەكان بە یەكترەوە. هاوڕێ لە گەڵ میشێل فوكۆدا ئێمە دڵنیاین كە هێزو دەسەڵاتەكان سەركوتكەرو چەپێنەر نین، بەڵكو وەبەرهێن و بەرهەمهێنەریشن. هێزو پەیوەندی هێزەكان هەمیشە سەركوتكار نین، بەڵكو بە ناو ئێمەو شتەكاندا تێدەپەڕن و بەرهەممان دەهێننەوە و لە ناو ویست و ئیرادەی هێزدا ستراتیژی بەرهەمهێنان و وەبەرهێنان بە ئیمانێنت ئامادەیە. پرسیارەكە ئەوەیە چۆنچۆنی بەرهەمهنانێكی بە سودو ئێستاتیكی لە سەر خۆمان بكەین ؟ ئەمە دەكەوێتە سەر ئەو پەیوەندییەی تاوەكو كوێ ئێمە بەردەوام لە ململانێ و كێبەركێداین بۆ ئەوەی خودێكی تۆزێك ئازاو ئازاد سەر ڕێگا بخەین، چۆنچۆنی بڕێكی باش هوشیارو بە ئاگا بین بەرامبەر ئەو هێزو دەسەڵاتەی بە ئێمەدا تێپەریوەو بەرهەممان دێنێتەوە. وە چۆنچۆنی جۆرێك لە پەیوەندی و پەیمان ببەستین كە بڕێك ئارەزوومەندانەوە خۆویستانە بێت تا تێیدا پەراوێزێكی باش بۆ ڕزگاری و ڕزگاربوونمان بدۆزینەوە وەك درزی سەرپێچی و لادان . لە ناو ئەم پەیوەندییانەدا، لە ناو هەر پەیوەندییەكدا كە بە ناچاری سەنتەر/كەنار بەرهەمدێنێت چۆنچۆنی لە میانەی هوشیاری و ئاگاییەكی ڕەخنەییەوە بەردەوام سەرقاڵی پاشەكشەكردن بین بە ستەم و ستەمكاری (سەرەوەو زاڵ) ؟ وە لە ناو ململانێ و نەربەرەكانی و بەریەككەوتنی توندا بڕێك هێل و درز بۆ خودسازییەك بدۆزینەوە ؟. كە تێگەیشتن لە دەرەەەی هێزو پەیوەندییەكانی بوون و واقیعێك نییە، چۆنچۆنی بچینە ناو پەیوەندیگەلێكەوە كە بڕێك تێیدا ئازادی و ئازادی پەیمانبەستن بە دەست بهێنین ؟
شوان محەمەد چەند رۆژێکە بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیەیە دەکەم، ئایا زەوی دراوە بە نەهرۆی شێخ محەمەدی کەسنەزان؟ ئەوەی ئاشکرا بوو، ژمارەیەک زەوی لەو ناوچەیەی دەوری تەکییەی شێخ لە نزیک باخی بەختیاری کە زەوی وەزارەتی گەشتوگوزارەو چەند جوتیارێک بەکاریان هێناوە کاری کشتوکاڵیان تێدا کردووە، بەم دواییانە فرۆشتویانە بەکەسانی نزیک شێخ، کاتێک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڵمەتێ کرا، ڕێوشوێن بەرامبەر ئەم جوتیارانە گیراوەتەبەر کە چۆن مامەڵەیان بە زەوی حکومەتەوە کردووەو ئەو کڕینانەیان هەڵوەشاندۆتەوە. لێرەوە هەقە میدیا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش، هاوڵاتیان و خەمخۆرانی موڵکی گشتی چاودێری هەر جۆرە مامەڵەیەک بکەن کە بەو زەویەو زەوی سەرجەم ناوچەکانی ترەوە دەکرێت کە خەڵکانێکی خاوەن نفوسی حیزبی و ئاینی دەیانەوێت سیمای ئەم شارە تێکبدەن، ئەو هەڵمەتە میدییانەی پێشوو لەسەر زەویەکانی رێگای تاسلوجەو ئەمەی شیخ نەهرۆش سوودی خۆی هەبووە. بەندە لەو سەردەمەی لە رۆژنامەی "هاوڵاتی "بووم، تازە شێخ محەمەد کەسنەزانی ئەو زەوییەی بەفەرمانی مام جەلال لە باخی بەختیاری پێدرابوو، ئەو دەمە من لە رۆژنامەی هاوڵاتی وتارێکم لەسەر نووسی ئەگەر بیرم نەچووبێتەوە لە ساڵی ٢٠٠٣ دا بوو، ناونیشانەکەی " "جێ ژوانی دڵدارانی شارەکەم مەشێوێنن" ناونیشانێکی لەم شێوەیە بوو، ئەو دەمە پەیوەندی کرابوو بە کاک تاریق فاتیح خاوەن ئیمتیازی رۆژنامەی هاوڵاتیەوەو ماڵی شێخ ناڕەزایتییەکی زۆریان لەسەر ئەو وتارە دەربڕی بوو. لە هەموو حاڵەتێکدا هاوسەری و هاوئاهەنگی سیاسییەکانی کوردستان لەگەڵ ئەم شێخ و کەسە خاوەن پێگە ئاینی و کۆمەڵایەتیانە لەسەر حسابی شار و زەوی خەڵکی کوردستان، شتێکی نوێ نییە، ئێستاش کە بەرپرسانی یەکێتی رۆژانە هەر لەسەرۆک کۆمارەوە بۆ هاوسەرۆکانی یەکێتی و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵا ریزیان بەستووە بۆ سەردانی ماڵی شێخ، ئەگەر بیریان کردەوە کە زەوی بدەن بەشێخ با لەسەر حسابی سلێمانی نەبێت، با بارەگایەک، یان میوان خانەو ماڵێکی خۆیانی دوور لەشار و سەیرانگاکانی پێبدەن، هەرچەندە ئەوانەش هەر موڵکی گشتین و رۆژێک دێت لێتان دەسەندرێتەوە. سلێمانی پێویستی بە هۆڵی شانۆ و سینەما و ناوەندی کەلتوری و سەوزایی هەیە، پێویستی بە تەکیەی شێخان نییە.
سەردار قادر خەون ، خۆزگە ، لە دایك بوونمانەوە لەگەڵمان لە دایك ئەبێت ، كێ هەیە شەوێك لە سەربان بە دیار ئە ستێرەكانەوە خەونێك ، خۆزگەیەك نەیگایەنبێتە ئەوپەرى جوانى ؟؟ كێمان هەیە خەونى بە ئازادیەوە نەبینى بێت ، كێمان هەیە خەونى بە گەیشتنى بە كەنارێكى هێمن نەبینى بێت . خەونى فەرمانبەرێك وەرگرتنى موچەكەیەتى تا خوانێكى گەرم و گور بخاتە بەردەم مناڵەكانى . خەونى ئەو دەرچووەى زانكۆ ، دامەزراندنێتى و لە یەكەم موچەى خزمەتێك بگەیەنێتە دایە و باوەى . خەونى پێشمەرگەیەك كە سەربەرزانە بەو شەقامەدا بروات و خەمى گیرفانى نەبێت. خەونەكان زۆرن كامیان هاتە دى ؟؟ خەیاڵ و خەون بۆتە شەرم بۆ تاكەكان ، بۆ ئەو كەسانەى تا ئێستا ویژدان لایان زیندووە ؟؟ خەون چۆن هیجرەت ناكات كاتێك ژیان بۆتە سەربووردەى خەم و ئازار . هەواڵى رۆژ كۆى خەونەكان وێران ئەكات لەم ووڵاتەى مندا بێ ئومێدى بۆتە هەستى ڕۆژانەمان . ئەمە رووخان نیە ، ئەمە كاڵ بوونەوەى چەمكەكان نیە بەس گێرانەوەى رووداوەكانى رۆژە!!! ئەو گەنجە چۆن ئیوارە وەختێك دیاریەك بباتە یەكەم ژوانى خۆشەویستەكەى ، كە كارى نیە و بابەى خانە نشینى چاوەرێ ى موچەكەیەتى ؟؟ خەون چۆن ئەمێنێت ؟؟ ئەو میدیایە بۆتە مەنزڵگاى ناشرین كردنى ئەو سەركردە گەنجە كە باوەرى بە دەربارى سوڵتان نیە و ئامۆزاكان بوونەتە میرەكانى بابانى شارم رۆژێك عەجەم و رۆژێك ڕۆم ؟؟؟ خەونى سیاسیە گەنجەكان چۆن ئەمێنێ ؟؟؟ ئەو خۆپیشاندانە قوربانى ئەبێت و دوا وێستگەى تەنها ئەم ناوچەیەو نارواتە ئەوبەرى ووڵات ، ئیتر وەهمى گۆران و هاوار كردن ئەبێتە پرسیار لاى هەموان ؟؟ خەونى گەنجەكان چى لێ دێت ؟؟ ئەو بزاوتە بە كۆمەڵێك پاكێجەوە دێتە مەیدان و بانگەشەى گۆران لە ژیانى هەموان ئەكات و كاریزماى سەركردەیەك ئەى لاوێنێ ؟؟دواى كۆچى سەركردە و بەشدارى لە دەسەڵاتدا زۆرێك لە خەونەكان كاڵ ئەبێتەوە و پرسیار دروست ئەبێت لە سەر كۆى هەنگاوەكان . خەون وێڵ ئەبێت ؟؟؟ ئەو رێكخراوە سیمینارێك ئەكات لە سەر مافەكانى مرۆڤ ، لە هەمان كاتدا دەنگى تەقە ئەبیسترێت و گەنجى هەژارى شارم ئەبنە قوربانى ؟؟ خەونى ئازاد بوون چى بەسەر دێت ؟ هەر خەونە هەڵئەوەرێ ، هەر ترسە لە رووى هەموان ئەبینرێت ، هەر قەڵەمەو ئەبنە خزمەتكارى دەربارى سوڵتانە گەنجەكان ، هەر سەفەرە بەرەو غەریبى ئەبێتە خەونى پرتەقاڵى .... گەر خەونەكان بنێژرێن سەراپاى ووڵاتم ئەبێتە گۆرستان گۆرستانى ووڵاتى من جەستەى تێدا نیە ، كۆى رەنگە جیاوازەكانى خەونە . دارى ووڵاتى من وەك خەونى مرۆڤەكانى ووڵاتم زوو بە پاییز ئەگەن . لە بەهاهاریشدا ئەوان بێ گەشەن ؟؟ ئاوى ووڵاتى من لە هاوینیشدا ئەیبەستێت ، بە بارتەقاى خەونەكان بەستوویەتى ؟؟ لە ووڵاتى مندا ، جوانیەكان وەك خەونى مناڵیمان وایە ، كەمى دێتە دى هەڵسانەوە بە چى ئەكرێت ؟؟
سۆزان سەعید ئێمە لەخوا بووین و دەگەڕێنەوە بۆ خوا، لەژێر نوری خوادا دەژین و هەر شتێکیش کە بەلاڕێ و بەلادانماندا بەرێت و سەرقاڵی ژیانی دونیەویمان بکات، ئەوە کفرو لادانە لە تەریقەتەکەمان. ئەمە بنەما و باوەڕی مامەڵەی سوفییە کە دەبێت پەیرەوی بکرێت، وەک بەندەی خوا. ئیمانداری بە تەسەوف لەناو کەشی سۆفیگەری ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو مرۆڤە لە پەیوەندییەکی بەهێزی ڕۆحیدایە لەگەڵ خوای خۆیدا. لە ژێر چرای خوایا دەژی و هەمیشە لە زکرو جۆش و خۆشەویستی ومەحەبەت و عەشقی خوادایە. ئەم پەیوەندیە بە بەهێزترین پەیوەندی ناو قوتابخانەکانی ئیسلام دەناسرێت بە خواوە، کە پەیوەستەیەکی ڕیشەییە لەنێوان ڕۆح و نوراللە، دور لە دونیای ماتریاڵی و بیر کردنەوە لە جەنجاڵیەکانی ژیان و گوزەرانێکی پڕ لە لەزەت و خۆشی، نەخوازەڵا ژیانی لوکس و سامانداری. ڕێچکەی ``کەسنەزان`` کە باڵێكە لە قوتابخانەی یان تەریقەتی سۆفیگەری قادری، لەناوە کوردیەکەیەوە دیارە کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شێخە کەسنازانەی کە گوایە شێخ نەهرۆش لەسەڕ ڕێچکەی ئەو دەروات. ئەو کەسنەزانە هەڵگری هەمان پرنسیب و ڕێچکەی کەسنەزان بووە. ناوەکەشی بە هۆی تایبەتمەندیەکانیەوە پێوەی لکاوە و ئەگەرێکی دور هەیە خۆی هەڵیبژاردبێت. ئەو سۆفیەیە کە خۆی لەدونیای ماتریالی و مەشغەلەتی ژیان بەدورگرتووە و نەك هەر سەرقاڵی خۆشگوزەرانی و سامانداری نەبووە. کەسنەزانی کەسێك بووە کە هیچ شتێك دەربارەی نەزانراوە بەهۆی خۆدورگرتن و گۆشەگیریەکەی و هەربۆیە ئەو ناوەی بەسەردا دابڕاوە. ئەو جۆرە مامەڵەیەی کەسنەزان تەواو یەکسانە لەگەڵ ئایدیال و پرنسیپی تەسەوف. جێگای نەزانی، یان باشتر و ڕونتر بڵێم دووفاقییە درێژپێدانی ئەم قوتابخانەیەی سۆفیگەرییەی کەسنەزان لەلایەن دوا شێخانی وەکو شێخ عەبدولکەریم و نەهرۆی جێگرەوەی. گوایە ئەمڕۆ نەهرۆ دڕێژە پێدەری قوتابخانەی کەسنەزانییە و هەڵگری ڕەوتی سۆفیگەراییە، لەکاتێکدا لە دونیایەکی تەواو ماتریالی و سەروەت و سامانێکی بێشومار، دانیشتنی لەسەر کورسی نیمچە پاشایی ڕازاوە بە ئاوی ئاڵتونی بە کەشخە و نەفخەوە دەژی. خۆبە زل زان و بە چاوبڕین لە سامانی گشتی و خۆ نمایش کردن و بە قات و بۆیەنباخەوە سۆفیزم و شێخایەتی خۆی بە خەڵك و بەرپرسانی فرسەت تەڵەبی حیزب و دەزگا حکومیەکان دەفرۆشێتەوە. لەسەرەتادا پێویستە ئەم بەناو شێخە وانەی یەکەم و سەرەتایی لەسەر ئەوە بخوێنێت؛ ئایا سۆفی و سۆفیگەرایی و تەریقەتی قادری و کەسنازانی چین و لەسەر چ بنەمایەك بنیاتنراون؟ ناوەکەی لە چییەوە هاتوە؟ سۆفی بەو مانایە دێت کە ئەوکەسەی باوەری بەو تەریقەیە هەیە، دەبێت لەژیانێکی ئەوپەری سادەو ساکاردا بژی، تەنانەت هیچ بایەخێکی نەبێت بۆ جل و بەرگ و تەنها بە پارچەیەک قوماشێکی شڕ و سادەی خوری(صوف)، کە لەو سەردەمانەدا هەرزانترین جۆری قوماش بووە، خۆی داپۆشێت. خۆی دور بگرێت لەدونیای ماتریالی و خۆنمایش کردن، هەر وەک چۆن شێخی کەسنەزان خۆی گۆشەگیرکردبوو. سوفیزم وەک مامەڵەکردنێکی وەرزشی وایە، لەش و بیرو ڕۆح هاوکات دەخاتە بزواندن، بزواندنێك بە ئاراستەی ڕوو لە خوا و دونیای خواپەرستی و خۆشەویستی و عەشق و مەحەبەت بۆ خوا نەك بۆ خۆ و بۆ ناو و پلە و سامانی خۆ. سۆفیزم یەکێکە لە هەرە قوتابخانە نەرمەکانی ئیسلام کە زۆرداری و خراپ بەکارهێنانی ئایینی تێدا نیە. کەسی سۆفی زۆر گۆشەگیرە بەرامبەر ڕوداوەکان و دەسناخاتە کاری دونیەویەوە و دورە لە دونیای ئەزمونی رۆژانەی مرۆڤ، وەکو ئایینی جولەکەکان بانگخوازی نیە و دەعوەی هاتنە ناو قوتابخانەکەی بۆ کەس ناکات و لەو باوەرەدایە کە مرۆڤ خۆی دەبێت بەو حاڵەتە ڕۆحیە بگات کە بێتە ئەو ڕەوتە ئایینیەوە و ئەو جیهانە جیاوازە ڕۆحیەوە. سوفی بەدورە لە سەرنجدان لە دونیای سیاسی و دەسەڵات، نەخوازەڵا وەکو شێخ نەهرۆ نایەوێت ببێتە جێگرەوەی دەسەڵات و ئەو چارەسەر و چاکسازیانە ئەنجام بدات کە ٣٠ ساڵە دەسەڵاتداران و حیزبە بنەماڵەییەکان لە قسەدان بۆ چارەسەری و لە کرداردان بۆ خراپتر کردنی. وەك دوا بانگەوازە خەندەئامێزەکەی بە بۆنەی هاتنی سەری ساڵی نوێوە . لەپال نەزانی و دوفاقی شێخ نەهرۆ بەو ڕەوتە دزێوەی و هەڵپەرستی پیاوانی دەسەڵات و حیزبەکان بە پشتگیری کردنی ئەو هێزیان داوەتی و وا پێشان ددەدەن ئەوەی ئەم شێخە دەیکات کارێکی ڕاستە و لە خزمەت خەڵکدایە. هەر بۆیە لە هەبوونی بۆشایی تێکنۆکراتی، شێخ نەهرۆ لە ژێر چەتری ئەو تەریقەتەیا کە گوایە باوەری پێیەتی و ڕاست مومارەسەی دەکات، خۆی لێ بۆتە ئابوریزان و دەم ڕاستی شاری سلیمانی، گوایە دەیەوێت تەکیەکەی بکاتە مەزار بۆ شۆێنی زیارەت، ئەو تەکیەی کە لە ناورۆکدا کۆشك و دیوەخانی نەزان و هەڵپەرستانە. هەرگیز لەمێژوی ئیسلامدا سۆفی بەو شێوازە نەژیاوە، ئەوەی ئەم تایبەتمەندیانەی تیادا بێت پێی ناوترێت سۆفی و لەو تەریقەیە بێبەریە و پێی نامۆیە. لەسەر دەمی پێغەمبەری ئیسلامدا ``اصحاب التصوف`` هەبوون، کە تەنها لە مزگەوتی مەدینە، خۆیان خەریکی زکرو عیبادەتی خوا کردبو، لەهەمان کاتیشدا باوەر و عەقیدەی ئەوەیان هەبوو کە ڕازی بن بە بەشی خوا . ئیمانی ئەوەیان هەبوو کە لەژێر سێبەری خوایا دەتوانن بژین، رەحمەتی خوا ئەوەندە ئاگای لێان دەبێت کەنەمرن لەبرسا، تەنها پارچە پەرۆیەکیان لەخۆیان دەبەست و لەسەر بەڕەیەک دەژیان. لەگەڵ گۆرانکاری بەسەر سۆفیزمدا لە سەدەی ١١ تا ١٢ بەتایبەت پاش نوسینەکانی غەزالی، هێشتا سۆفی ئەو ڕێگا و باوەڕەی نەگۆری. سۆفی دەبێت ئەو کەسە بێت کە بەو پەڕی هەژاری و خاکی بژی. یەکێک لەهەرە مامەڵەکانی سۆفی ئەوەیە کە زۆربەی کات بەرۆژووە، شەونەخونی دەکەن و هەمیشە لەبیرو زکری خوادان، کەئەمەش بەچەند هەنگاوی قورسدا دەبێت تێبپەرن تادەگەنە نزیک بوونەوە لەخوا. سۆفی هەمیشە لە هەوڵدایە بۆ گەیشتن بە پایە و پێگەی `` الاتحاد و وحدة الوجود: کە ئەوەش دەیگەیەنێتە ئەوەی کە لە ناخیەوە بگاتە ئەو باوەرە ڕۆحیەی کە تەنها یەک شت هەبوونی هەیە لە بونیدا ، ئەویش تەنها ``خوایە``. هاوتەریب لەگەڵ ئەو یەکێتی و یەکبونەدا ``حلول`` دروست دەبێت،کە ئامێزبونی ڕۆحی و جەستەییە لەگەڵ خوا. خوا دێتە ناو بەشەکانی جەستە، وەک ئەوەی حەلاج و ابن عربی باوەریان پێی هەبوو کە پێی گەیشتون، بەم ڕستەیە دەریان دەبری: ``انا الحق و انا اللە``. ئەوەی ئەمرۆ لەشێخ نەهرۆ دەبینین و دەبیستین: تەواو پێچەوانەی ئەم پرۆسێسە سۆفییە، ئەوەی ئەو هەوڵ و زکری بۆ دەکات ``اتحاد و الحلول`` ە ، بەڵام بەمانای یەک بوونی و تێکەڵاو بوونی لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی گەندەڵ و خراپکار و سەروەت و سامانی گشتی، کە ئەمەش تەواو دورە لە بۆچونی سوفی و بیرو باوەرو عیرفانی قوتابخانەی سوفیگەراییی. هەرچەندە ریتوێلی سوفیەتی تەنها لە ئیسلامدا نییە، بەڵکو لەهندویزم و زەردەشتی و پلاتۆنیزمی یۆنانیشدا هەیە، بەڵام لەتەواوی کۆی باوەر لە سۆفیگەریدا لەسەر یەک پرنسیب کۆن کە ئەوەش؛ وەرزشی ڕۆحیە لەگەڵ خوایەکدا و بونێکی لەخۆت مەزنتر. دورکەوتنەوەیە لە ژیانی سامانداری و دەسەڵات و ماتەری، کە جەستەی مرۆڤیش دەگرێتەوە. لەهەمان کاتدا ئەو شوێنەی کە دەبێتە تەکیە، هەمیشە دەبێتە شوێنی داڵدەدانی هەژاران و گۆشەگیران. یەکێک لەهۆکارەکانی پەلاماردانی حەلاج ئەوەبوو کە بەتەواوەتی حەجی ڕەت دەکردەوە و دەیوت: پێویستە حەج لە مالەکەی خۆتا بکەیت، ئەوەش لەڕێگای تێرکردنی ٣٠ کەسی برسی و هەژار. شێخ نەهرۆ لەبری داڵدەدانی برسی و هەژاران و لێقەوماوانی ئەمرۆی کۆمەڵگاکەمان، تەکیەکەی کردۆتە دیوەخان و بانگەشەی کەسایەتیەکان و دزو گەندەڵە پلەباڵاکانی دەسەڵات و حیزبەکان دەکات. بانگەشەی ژنانی حیزب و ڕێکخراوە وابەستەکان دەکات کە پێشنیاری سەیروسەمەرەی زوتر ئامادەکراوی پێشکەش بکەن. لەوێشەوە بانگەوازی سیاسی دەردەکات بە سیناریۆی بەتەنگەوەهاتنی دڵسۆزانە بۆ کۆمەڵگاکەمان. لەبری ڕووکردنە خوا ڕووی کردوتە دونیای دەرەوەی سامان و پلەو پایە، لەبری زوهد کردن بۆ خوا زوهد دەکات بۆ گەندەڵی. بەپێچەوانەشەوە بەناو سیاسیەکانمان لەبری خزمەت بە برسی و هەژاران و شەقام، ڕوو دەکەن تەکیەکەی شێخ نەهرۆ بۆ ئامادەکاری دەنگ کۆکردنەوە. ئەوەی لێرەدا لە لایەن هەردو بەناو پیاوانی دینی وەکو شێخ نەهرۆ و دەسەڵاتداران ژێرپێخراوە و لەبیرکراوە؛ خوا و خاك و خەڵکە.
حلمی رەسول رەزا بمانەوێ یان نا.. حاشا بکەین یان نا.. ئەم پارچە خاکەی کورد تیایدا فەرمانڕەوایە.. رێک بەرهەمی پێنج هەزار ساڵ خەبات و ماندوبونی گەلانی زاگرۆس ە.. نەوە لەدوای نەوە تەسلیمی یەکتریان کردوە.. خوریەکان گەیاندیان بەدەستی میتانیەکان .. گوتیەکان گەیاندیانە دەستی کاشیەکان.. لەوانەوە دەست بەدەست هاتە لای میدیەکان.. ئەمە چەند نمونەیەکی فەرمانڕەوایی دیارو زیندوی رۆژهەڵاتی نزیکی کۆنە کە رەگەزی زاگرۆس و باوباپیرانی کورد حوکمڕانییان کردوە.. لە میژووی نوێ و هاوچەرخیشدا دەست بەدەست گەیشتۆتە دەست یەکیتی و پارتی و گۆڕان ... لەم پارچە بچوکەی پێی دەڵێن باشور.. پیشاندانی ئەم نمونەیەی حوکمڕانی کوردی لەماوەی بیست و نۆ ساڵدا، بەداخەوە بەشى زۆرى مایەى نیگەرانى هەڵوێستە لەسەر کردن بووە، ئەوی تری هەموو کیشەکان بەچارەسەر نەکراوى بەسەر یەکدا کەڵەکە کرا.. کار گەیشتۆتە ئاستێک شەیتانی رەجیم حەسودی پێ نابات.. ئەوانەشى ویستیان بەباڵۆنی کوردایەتی و ناسیۆنالیزمی کوردی، بەمەرامى خۆیان بگەن و ئێستاش دەیانەوێ بەو ناوەوە بەردەوامی بدەن بەم حوکمرانیە، جگەلەوەى زیانیان بە ناو و ناوبانگى خەباتى راستەقینەى خەڵک گەیاند، لەئیستاشدا ئەوەی لەم جوارچیوەیەدا نەبێت بە ناپاک و خائین وێنای دەکرێت و هەر بە پارەی دزی و تاڵانیش لە سۆسیال میدیاو میدیای بیستراوو بینراو دەیکەنە ئیبلیس و رەجم کردنی حەڵاڵ دەکرێت.. ئەى چارە چیە؟؟ لەم دۆخەدا رێککەوتن لەگەڵ بەغدا یەکێکە لە چارەسەرەکان بۆ ئەهوەن بونەوەی ژیانی خەڵک رزگارکردنى خەڵکى هەژار لەبرسێتى، چونکە پێچەوانەوکەى رەنگە گڕەکەی دارو بەرد، تەرو وشک پێکەوە بسوتێنێ.. خۆ گەر بەڕێوەبەرانی ئەم حوکمڕانییە پرۆفیشناڵەی خۆی وەک رۆستەمی زاڵ دێتە بەرچاو .. رێککەوتن بە نەنگی و تەسلیم بوون دەزانێ بە "عەرەبی پاپەتی" .. دەکرێ بڕیار بدات واز لە دزی و قاچاخچێتی ودەستوەردان لەبازار بێنێ و ئەو داهاتەی هەیە بیدەنەوە بەخەڵک، چونکە جگە لەم دوو رێگایە رێگاى سێهەم بوونى نییە، لەراستیشدا قەوارەکە بە فیعلی لە مەترسیدایە، چارەسەریش ئەوەیە بەراستگۆیانە، یان ئەمیان یان ئەویان ..
کـــارۆخ خۆشناو هەڵبژاردنەکانی ئەم ساڵی سەرۆکایەتی ئەمریکا (پڕ کێشەترین و پڕ سکاڵاترین و سەیر و سەمەرەترین) پڕۆسەی هەڵبژاردن بوو لە مێژووی ئەمریکادا، ئەویش بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەلایەک، هەروەها هەڵسوکەوت و لێدوان و بانگەشە ناوازەکانی (تڕەمپ) لەلایەکی تر. پڕۆسەی هەڵبژردنی سەرۆکی ئەمریکا لە هەموو وڵاتانی جیهان جیاوازتر و ئاڵۆزترە و کاتێکی زۆرتری دەوێت، بە جۆرێک کەوا لە سەرەتای پڕۆسەکەوە تا کۆتایی پڕۆسەکە نزیکەی (18) مانگ دەخایەنێت، بەڵام دەستوری ئەمریکا هەموو قۆناغەکانی پڕۆسەکەی بە ڕوونی ڕەنگ ڕێژکردووە، هەر لە سەرەتای پڕۆسەکەوە کاتێک لە هەڵبژاردنی گشتیدا خەڵکی ئەمریکا دەستەی هەڵبژاردن (ئیلیکتۆڕاڵ کۆڵیج) هەڵدەبژێرن، تا کۆتای پڕۆسەکە و سوێند خواردن و دەستبەکاربوونی سەرۆکی هەڵبژێردراو. ئەگەرچی (دۆناڵد تڕمپ) لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی مانگی ڕابردوو شکستی هێنا، بەڵام تاکو ئێستا ئامادە نەبووە دان بە شکستی خۆیدا بنێت و پیرۆزبایی لە (جۆ بایدن) بکات، ئەگەرچی ئەم پیرۆزبایکردن و دان بەشکستنانە ئەرکێکی یاسایی نیە لە ئەستۆی تڕەمپ، بەڵام عورفێکی دیموکراسی لەمێژینەی ئەمریکا بووە، لەگەڵ ئەوەشدا لە دوو مانگی ڕابردوودا تڕەمپ لە کۆشکی ڕایگەیاند "ئەگەر دەستەی هەڵبژاردن (ئیلیکتۆڕاڵ کۆلیج) بایدن هەڵبژێرن، ئەوا دەسەڵات ڕادەستی بایدن دەکات و کۆشکی سپی بەجێ دەهێڵێت" دوای ئەوەی لە ڕۆژی سێشەممە (2020/11/3) دەستەی هەڵبژاردن لەلایەن خەڵکی ئەمریکاوە هەڵبژێردران، دواتر لە ڕۆژی دووشەممە (2020/12/14) دەستەی هەڵبژاردنی ولایەتەکان کۆبوونەوە و دەنگیاندا، لە ئەنجامدا بەربژێری دیموکراتەکان (جۆ بایدن) توانی (306) دەنگی (دەستەی هەڵبژاردن) بەدەست بهێنێت، لە بەرامبەردا (دۆناڵد تڕەمپ) توانی تەنها (232) دەنگی ئەم دەستەیە بەدەست بهێنێت، واتە دەستەی هەڵبژاردن بە فەرمی (جۆ بایدن) بە سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا هەڵبژارد و (دۆناڵد تڕەمپ)یش دوای ڕەتکردنەوەی سەرجەم سکاڵاکانی لەلایەن دادگای باڵا (Supreme Court) بە فەرمی دۆڕا و بەتەواوی نائومێد بوو لە دەرەنجامی سکاڵاکان و هەوڵ و کۆششەکانی تیمی یاسایی بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، بۆیە دوا هەوڵی تڕەمپ لە ڕێگای فشاری شەقامەوە دەبێت، هەروەک لە تویتەردا داوای لە دەنگدەرانی کرد ڕۆژی چوارشەممە (2021/1/6) بڕژێنە سەر شەقامەکان، بۆچی چوارشەممە؟ چونکە ڕۆژی چوارشەممە (2021/1/6) دوا قۆناغی هەڵبژاردنی سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا لە کۆنگرێس بەڕێوەدەچێت، ئەویش لە ڕێگای کۆبوونەوەی هەموو ئەندامانی کۆنگرێس (ئەنجومەنی پیران و نوێنەران) بە مەبەستی پەسەندکردنی (دەنگەکانی دەستەی هەڵبژاردن) و بە فەرمی ڕاگەیاندنی براوەی هەڵبژاردنەکان و ناساندنی سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا. ئەگەرچی لە ئێستادا ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ڕوون و ئاشکران، بەڵام بە گوێرەی مادەی (2)ی دەستوری ئەمریکا، پێویستە ئەم هەنگاوانە ئەنجام بدرێن بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات کە دواهەمین هەنگاو لە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (2021/1/20) ئەنجام دەدرێت، ئەویش بریتیە لە ڕێوڕەسمێکی شایستە (Inauguration Day) کە تیایدا سەرۆکی هەڵبژێردراو (جۆ بایدن) لەبەردەم کۆنگرێسی ئەمریکا سوێندی یاسایی دەخوات و دەسەڵاتەکان لە (دۆناڵد تڕەمپ) وەردەگرێت. دیموکراسیەتی ئەمریکا لەم چەند ڕۆژەی داهاتوودا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدا دەبێت، چونکە دۆناڵد تڕەمپ تاکو ئێستا ئامادە نیە دەسەڵاتەکانی ڕادەست بکات، لەم چوارچێوەیەدا بە هاوکاری (11) سیناتۆر فشار دەکات بۆ ئەوەی ئەنجامەکان بگۆڕێت، وەک ئەو فشارەی کە لە ڕۆژی شەممە (لە ڕێگای پەیوەندیەکی تەلەفۆنی یەک سعاتی) لە دەسەڵاتدارانی ولایەتی جۆرجیای کرد، دوێنێش ڕۆژنامەی واشنتن پۆست پەیوەندیەکەی بڵاوکردەوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی جۆرجیا (ئەگەرچی کۆمارین و سەر بە پارتەکەی تڕەمپن) بەڵام ئامادە نەبوون بچنە ژێر فشاری تڕەمپ، لەبەر ئەوە تڕەمپ نا ئومێد بووە و تەنها ڕێگا لەبەردەمیدا مابێت ورووژاندنی شەقامی ئەمریکایە بەمەبەستی کۆسپ دروستکردن بۆ پڕۆسەی دەستبەکاربوونی (بایدن) و ڕادەستنەکردنی دەسەڵات، بەم هەڵسوکەتەشی تڕەمپ دەبێتە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا (جیاواز لە 44 سەرۆکەکەی پێش خۆی) کە ئامادە نیە واز لە کورسی کۆشکی سپی بهێنێت و دەستبەرداری دەسەڵاتەکانی بێت، بەم شێوەیە تڕەمپ دەبێتە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا کە بە عەقڵیەتێکی هاوشێوەی سەرۆکە ڕۆژهەڵاتیەکان بیربکاتەوە و ئەگەر بۆی بچێتە سەر تا کۆتایی ڕۆژەکانی وەک سەرۆکی ئەمریکا بمێنێتەوە، بەڵام بە (هێزی) دەستور و (پتەوی) ڕەگ و ڕیشەی دام و دەزگاکانی ئەمریکا، ڕێگرن لە بەدیهاتنی خواستە تاکڕەویەکانی تڕەمپ. بەهۆی سەرکێشیەکانی تڕەمپ (کۆماریەکان) جگە لە دۆڕاندنی کۆشکی سپی، ئەنجومەنی نوێنەرانیشیان دۆڕاندووە، ئەگەر هەیە سبەی سێشەممە لە پڕۆسەی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی دوو ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ولایەتی جۆرجیاش دیموکراتەکان سەرکەوتن بەدەست بهێنن، لەم حاڵەتەشدا دیموکراتەکان دەبنە براوەی کورسی کۆشکی سپی و هەردوو ئەنجومەنی کۆنگرێسی ئەمریکا (ئەنجومەنی پیران و ئەنجومەنی نوێنەران). ٭ سەرۆکی ئەنیستیتۆی توێژینەوەی (ئەمریکی-ٚکوردی)
رێبوار کەریم وەلی *شەوی ٢٥ لەسەر ٢٦ ی ئەیلول. *ساڵ ٢٠١٨. قاسم سلێمانی لە ھەولێرە. *پارتی سورە لەسەر ئەوەی دەبێ کاندیدەکەی(د.فوئاد حوسێن) ببێتە سەرۆک کۆماری عێراق. *شوێنی دانوستان ماڵی كۆسرەت رسوڵە لە ھەولێر. *باڤڵ تاڵەبانیش بێ ئەوەی بانگ کرابێ لەوێیە. *وەفدێکی پارتی بەسەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی دەگەنە ماڵی کۆسرەت رەسوڵ. *حاج قاسمیش دێت. *بافڵ تاڵەبانی خۆی ھەڵدەداتە سەر قاچەکانی نێچیرڤان بارزانی و لێدەپاڕێتەوە کە رێگە بدەن بەرھەم ساڵح ببێتە سەرۆک کۆمار. ئەگەر ئەو بەرھەم ساڵح بکاتە سەرۆ کۆمار، ھەم سکرتاریەتی یەکێتیی بۆ بە میرات بەجێ دەمێنێت و ھەمیش رێشمەکەی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری دەکەوێتە دەست. *بافڵ ئاخیرەکەی سیعری لەسەر ھەمووی دانا.کۆسرەت رەسوڵ بە سەت ملیۆن دۆلار نەیفرۆشت. *حاجی دەڵێ مادام پارتی رازی نییە، ئەویش پشتگیریی بەرھەم ساڵح ناکات. *حاجی ئەو شەوە لە ھەولێر بەسەر دەبات تا سێی بەرەبەیانی ٢٦ی ئەیلول، بەڵام نەک لە ماڵی کۆسرەت رەسوڵ. *ھەمووان وا دەزانن وەرەقەی بەرھەم ساڵح سووتاوە! تازە حاجی بڕیاری داوە... *ئەو بەیانییەی کە وەفدی یەکێتیی دۆڕاو و پارتیی براوە! بەرەو بەغدا بەڕێوە بوون، بەرھەم ساڵح میوانی موقتەدا سەدر بوو لە نەجەف! *بافڵ بەرھەمی بە حاجی فرۆشتبوو، زەرەر لە نیوە بگەڕێتەوە!...کار برھم تمام شد. *کۆسرەت رەسوڵ بۆ ھەڵگێڕانەوەی ھاوکێشەکان بەرھەم ساڵحی نەفرۆشت، سیعرەکەی ١٠٠ ملیۆن دۆلاربوو! *ئەمریکا لەسەر خەت بوو. نزیکەکانی بەرھەم ساڵح ھەموو دەیانزانی کە حاجی و بریت مەکگۆرک لە مێرگەپان، پلانی ١٦ ئۆکتۆبەریان موسادەقە کرد. بۆیە دەبوو ببێ. *ئێران و ئەمریکا لە لایەک و بەریتانیای عوزما لە لایەکەی دیکەوە، کڵاوێکی حەسیریی باشیان لەسەر ساویلە سەربەخۆییخوازەکانی ناو پارتی نا؛ پێیانوابو ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ وەحدەی وەتەنی، ئەمریکا و ئێران لەسەر سەری خۆیانیان دادەنێنن!!! بەرھەم ساڵح نیوەی ئێران و نیوەی ئەمریکای لەگەڵ بوو. حاجی لە ھەقیقەتدا، ھەمووانی ھەڵپەڕاند. *کۆسرەت رەسوڵ بۆ ھەڵگێڕانەوەی ھاوکێشەکان، چاوپۆشی لە پارە و ئێرانییەکان کرد. وایزانی بەرھەم ساڵح پیاوی ئێرانە، بەڵام نەیزانی ستراتیژیستی سیاسەتی قوڵی ئێران و ئەمریکایە لە ناوچەکەدا بۆ ئەو قۆناغە. بەوەش نەک ھەردووکی، بگرە پارتیشی دۆڕاند. *ئێ ! ئێستا لە ساڵوەگەڕی حاجیدا، ئەوجا شێخ نەھرۆی کوڕی شاھی کەسنەزان... *تەقەکردن لە ماڵەکەی لەلایەن حیمایەکانی فەخامەت و دواترێ داوای لێبوردنی فەخامەت و چوونە بەرپێی لە ماڵەكەی، ھاوكاتە لەگەڵ دەنگۆی ئەوەی کە کوڕی شاھی کەسنەزان و بڕبڕەی پشتی تەریقەتی قادری و تەکیەی تاڵەبانی(کە ھەوڵ دەدرێ لە سلێمانی بەدەر بکرێت) کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆکی داھاتووی عێراق. *ئیتر حاجی تۆڵەی دەکرێتەوە یان نا؟ ئەوە شتێکی دیکەیە. ئێران ئامادەیە ھەزار حاجی و شوێنکەوتووی حاجی بکاتە قوربانیی مانەوەی خۆی. *بۆیە شێخی کەسنەزان لە خۆڕایی ناچێتە بەر ماڵی شێخی نەقشبەند. ئامادەیە ماڵ و تەکیەشی بباتە ھەولێر! بۆیە دەڵێن نەکەی یا شێخ با سلێمانی بکەینە نەجەف. *پێدەچێ ھەم بۆ ئێران و ھەم بۆ ئەمریکای دوای حاجی و ترەمپ، سەمامێکی دیکەی ئەمان لە غیابی ئەحفادی تاڵەبانی( بە تایبەتیش کە گەورە کوڕی تاڵەبانی بەیعەتی پێداوە)، بە دوای جێپێیەکدا بێت لە کۆشکی سەلام. شێخ لە سلێمانی دەمێنێتەوە؛ چەندی زەویی دەوێ با داگیری بکات! *بۆ ئێران، ئەمریکا، سوننە و پارتی کوڕی شاھی کەسنەزان نەک عەیبی نییە، بگرە دووشەشیشە. *بۆیە رێبازی حاجی بەردەوامە. ئەگەر بەرماڵەکەی لە مەخمورە، ئەوا بەردەمۆرەکەشی لە واشینگتۆنە.
پشکۆ ناکام .....لەدوای حەفتاکانەوە ، دەنگێکی زوڵاڵ ، گڕ ، گەرم ، کەوتە ناو خەڵکەوە ، جگە لە قوڕگ ، شیعرەکانیشی بوونە مایەی سەرنج ڕاکێشانی خەڵک بە تایبەتی گەنج و تازەپێگەیشتووەکانی ئەهلی شیعر و ئەدەب ،کەم و زۆر کاری کردە ناخی زۆربەیان ، چونکە مەئیوسی خەڵک لە هەل و مەرجە سیاسییەکەی ئەو سەردەمە کە کورد وەک مریشکی ئاوە ڕووت کراوی لێ هاتبوو ، وایکرد خەڵک پەنا بۆ هەموو شتێ بەرێ تۆزێک ، تۆزێک سووکنایی پێ بێ و باس لە ناخی ئینسان و دۆڕانن و هەڵاتن و مل ملانێی ئینسان لەگەڵ خۆیا بکا ، داریوش وای لێ هات خەڵکێکی زۆر ئالودەی بن وەک مەی ،وەک عەشق ، وەک جگەرە و..شتی تریش...ڕەنگە کەسانێک زۆر بە کەمی لە فارسی حاڵی بوو بن ، بەڵام ئەو دەنگە جەبەروتیە و ئەو ئاوازە سەر سوڕهێنەرانە و ئەو ووشە داگیرساوانە وای کرد کە زۆر گرنگ نەبێ چەن فارسی ئەزانی گرنگ ساتێکە بە گوێ گرتن لە داریوش زاخاوی دڵی شکاو و مێشکی جەنجاڵ و بیرەوەرییە تاریکەکان بەیتەوە، تەنانەت هەندێک لە شاعیرە گەنجەکان بە دارتاشی کردنەوە چەن شیعرێکیان بەناوی خۆیانەوە بڵاو ئەکردەوە...من بۆ خۆم بەسەدان جار لەگەڵ هاوڕێم " شەهید بارزان عوسمان" کە لە ڕيزەکانی " کۆمەڵە" بە نهێنی کارمان ئەکرد ، گوێمان لە داریوش گرتوە و باسمان لەوە کردوە تۆ بڵێی ئەم گۆرانیانە رۆژێک بکرێن بە کوردی !! بە داخەوە ئەو خواستەمان کاتێ هاتە دی کە ئەو لە ژیانا نیە و لە دونیای نەمری خۆیایەتی..زۆر بە داخەوە...... بۆ گوێ گرتن لە داریوش و هەست کردن بەوەی لە جیاتی تۆ و بۆ تۆ گۆرانی ئەڵێ ، پێویست بەوە ناکات تۆ لە گروپێکی تایبەتی کۆمەڵگا بیت ، عاشقێکی دڵ شکاو وا ئەزانێ داریوش بە تایبەتی باس لە دڵ و عەشقەکەی ئەو ئەکات و بۆ کەسی تر نەووتراوە ، دایکێکی جگەر سووتاو وا هەست ئەکا داریوش لە ماتەمی جگەر گۆشەکەیا ئەلاوێنێتەوە ، زیندانیەک وا ئەچێتە خەیاڵێەوە کە هەست بکا داریوش لە گەڵیا زیندانە و لە جیاتی ئەو باس لە قەفەس" زیندان" ئەکات، هەژارێکی سفرە خاڵی کە ڕووی کردۆتە ئاسمان هەستی بە تەنهایی بوونی خۆی لەسەر سفرەکە نەکا بەڵکو داریوش لەسەر هەمان سفرەیە و وەک ئەو برسیە و چاوی بڕیوەتە ئومێدێک لە ئاسمانەوە!! ...کەسێک کە دەرد و غەمی دونیا سەری لێ تێک با و تووشی " شێتێتی " ئینسان بوون بوو بێ ، تەنیا نیە لە تێڕوانینەکان بۆ ژیان ، بەڵکو داریوش لە تەنیشتیوەیەتی و بە گۆرانیەکانی باس لە "ڕەوا"یەتی بوونی ئەو ئەکا لەو شێت بوونە، کچێک ، ژنێک کە بەدەست جیاوازی کردنیەوە لەگەڵ برا و کوڕانی خزم و گەڕەک و شار و ووڵات، گوێ ی لێیە دەنگێکی بەسۆزی گەرمتر لە ناخی ئەو باس لە بێدادی کۆمەڵگا ئەکات لە نەخۆشی شێر پەنجەی ئاین لە جیاوازی نێر و مێ ،، شۆڕشگێڕێک کە لە شەڕایە و لای ئەو هەموو ڕەنگەکان وەک خوێن سوورە و هەموو عەشق و جوانی ئینسان لە لوولەی تفەنگەکەیا ئەبینێ ، بە گۆرانیەکانی داریوش ئەبیستێ دەنگێک لە سەنگەرەکەی ئەوەوە و لە تەنیشتیەوە ئەجەنگێ بە ووشە و دەنگ و گووتارێک کە هەموو تفەنگەکانی دونیا ناتوانن بێ دەنگی بکەن...گەڕۆکێکی بێ ووڵات لەگەڵ هەنگاوەکانیا گوێی لە داریوشە پێی ئەڵێ: هەموومان قەلەندەرین " گەڕۆک" ، هەموومان سەرگەردانی غوربەتین و و بەداخەوە هەندێک جار بۆ یەک لەسەنگەراین.. كەواتە داریوش یەک ئینسان نیە ، بەڵکو کارەکتەری دەیان پرۆسەی ئینسان بوونی لە خۆیا هەڵگرتوە ، کەم کەس هەیە بتوانێ خۆی لەوە گێل بکات کە کام کارەکتەری داریوشە قسە ئەکات مەگەر " قامچی بەدەست و پاسەوانەکانی قەفەس"..لە هەمووی دیارتر ئەوەیە کە لە تێکستی گۆرانیەکانیا ئینسان هەر ئینسانێکی "مجرد" نیە و بەس ، بەڵکو وەک " کائن"ێک لە چەن لایەکەوە هەوڵی مانەوە ئەیا و مل ملانێ ئەکا ، لەگەڵ ناخی خۆیا ، لەگەڵ ویژدانی خۆیا ، لەگەڵ دەوروپشتی خۆیا ، لەگەڵ خودای خۆیا و لەگەڵ چارەنووسی خۆیشیا.. لە زۆربەی هەرە زۆری تێکستەکانیا دەیان ووشە وەک سیمبول بۆ هەردوو بەرەی خێر و شەڕ بەکار هاتووە: سپی ، عەشق ، گوڵ، ئەستێرە ، هەتاو ، خەندە ، بەهار ، ، کازێوە ، ئازادی،نان، بارامبەر بە دڕک ، بوغز و کینە ، دەسەڵات ، ، قەفەس ، جەللاد ، شەو ، ترس ، هەور ، کۆتر کوشتن ، سەهۆڵ بەنگان ، ...هتد..( گەر ئەوان شەو نەبونایە ......... ڕووناکی ئم ڕۆژە بۆ ئێمە ئەبوو..)................. بۆ بەرگری کردن لە ئینسان و ئینسانی بوونی کێشەکان ، داریوش پێویستی بەوە نیە لە دیدی ئایدیۆلۆجیەکی دیاری کراوەوە بڕوانێتە ئینسان ، لای ئەو ئینسان ئینسانە و ناکرێ بە دوو سێ کەرتەوە ، بۆ بەرگری کردن لە هەژارێک یا کرێکارێک مەرج نیە کۆمۆنیست یان "چەپ" بیت ، بۆ بەرگری لە خاک و خەڵک نەتەوە پەرستی خاڵی یەکەم نیە ، لە نەهێشتنی سەیتەرەکانی نێوان نێر و مێ هەر ئەوروپاییەکان ناگرێتەوە ، بۆ قسە کردن لە سەر خودا و ئاین کافر و ئیلحاد بوون قسەی قۆڕە ، بۆ بەگژا چوونەوەی ڕەگەزپەرستی ڕەنگی ئینسان ئاساییە سپی پۆستێک بەرگری لە ڕەش پێستێک بکات : " تۆ سپی دڵ ڕەشی..من ڕەشی دڵ سپی.."...بۆ عاشق بوون ئیحساسات پێویستە نەک گیرفان ، بۆ لابردنی تاریکی ، تەنها دەنکێ شقاتە بەسە بۆ داگیرسانی چرایەک، ئەمانەش هەر هەمووی جێبەجێ ئەکرێ بەبێ ئەوەی پەیڕەوپڕۆگرامی حیزب یان قورئانێکمان لە گیرفانا بێت.....چۆن دیکتاتۆر و ستەم گەرەکان مەسەلەی " کورسی" لایان خاڵی هاوبەشە ، ئینسانەکانیش مەسەلەی ئینسان بوونیان هاوبەشە ،ئیتر ڕەنگی ئینسانەکان و جوگرافیایان ئەسڕێتەوە ..هەر لە گوڵەوە سەیری بکەین ، خۆ لە "ئەفریکا"ش گوڵ ڕەنگاوڕەنگە.، دڕکیش هەر دڕکە لە هەموو شوێنێک، .. من خۆم لە ساڵی 1976/ەوە کە یەکەم جار کاسێتێکی داریوشم لە تۆمارگای "بەناز" ی بەرامبەر بارەگای ئەوکاتەی کۆمەڵی هونەر و وێژەی کوردی لە جادەی سجن/پیرەمێرد كڕی تا ئێستا گوێ ی لێ ئەگرم لەگەڵ ئاشنا بوونی زیاترم بە زمانی فارسی زیاتر و زیاتر لە تێکستەکانی نزیک ئەبمەوە و ئاسان تر ئەچمە دونیای مل ملانێیەکانی ئینسان لەگەڵ خودی خۆیا پێش خواکەی........... ئەمەوێ باس لەوەش بکەم کە هەندێک لە گۆرانییەکان بە ئاسان تر ئەکرا بە کوردی بێ لەکیس یانی ڕیتم و مۆسیقا و دیمەنی شیعرەکە ، بەڵام هەندێک لە تێکستەکان قورستر بوون ئەوەش سەبارەت بە زمانی شیعرەکە ، بۆ نمونە ئەو زمانەی " احمد شاملو" پێی ئەنوسێ هەمان فارسی شاعیرێکی تری تازە دەرکەوتوو نیە ، بە حوکمی ئەوەی فارسیش خۆی زمانێکی چڕ و قوڵ و فراوانترە لە کوردی بە تایبەتی لە ئەدەبیات و بە دەست نیشان کراوی شیعر ، بۆ وەرگێڕان ئەبێ خۆت بۆ رێگایەکی پڕ لە "تاسە" حازرکەیت.. زۆر "ووشە"ش کە لە کوردیشا هەمان مانای هەیە ، پێم باش بوو هەر بە فارسییەکە بمێنێتەوە و بە زۆر چەکوش کاری تیانەکەم .... سوپاسی ئەوە ئەکەم سوپاسم ئەکا ، و پشتی خۆم ئەکەمە ئەوەی توانج ئەهاوێژێت ، چونکە گەر "ئەدەب" بۆ توانج فەرامۆش کەم ئەبوایە ئەم پڕۆژەیە لەسەر تێکستی توانج بوایە نەک ئینسان....... """"""""""""""""""""""""""""""""""""""""""""" لە پێشەکی کتێبی " بۆنی گەنم"ەوە وەرگیراوە کە تایبەتە بە وەرگێڕانی کۆمەڵێک لە تێکستی گۆرانیەکانی "داریوش" لە فارسییەوە بۆ کوردی.
د. سالار عوسمان ھەر کورد نا، دڵنیام ھەموو ئەوانیتریش، بە پیتی ڕەش، بە خەم و کۆڤانەوە، باس لە ساڵی 2020 دەکەن و بە ئومێدەوەیش، پیتە سپییەکانیان دەکەنە ڕستەی نزا بۆ ساڵی 2021، بۆیە زۆربەی نووسینەکان وێکدەچن و سروشتی ئەم سۆشیاڵ میدیایەیش ھەروایە، وەک ئەوەی ھەموومان بمانەوێت کۆپی یەکەم تێکست و یەکەم ئیحساس و یەکەم ھاوار بکەین، وێکچوو دەئاخفین و ویکچوو دەنووسین و وێکچوو وێنەکان دەگوازینەوە، ھەمیشە تێکستی یەکەم، ئیحساس و ھاوار و وێنەی یەکەم، ئەوانیتر دادەپۆشێت و زاڵە بەسەریاندا، تایبەت لەو جوگرافیایانەی، کە بیرکردنەوە تیایاندا غائیبە، کە کوردستان، بەداخەوە یەکێکیانە !. کوردستان جوگرافیای بیرنەکردنەوەیە، کێ یەکەم قسە بکات، ھەموو دەیڵێنەوە، بەڵام بە دابەشکارییەوە، چونکە کوردستان خۆی یەکپارچە نییە، تا یەکپارچە دەقیش بخاتەوە، بۆیە بە دابەشکراوییەوە، دابەشکراوییەک، کە سیاسییەکان لێی بەرپرسن، ھەموومان یەکەم قسە، یەکەم وێنە و ھاوار و ئیحساس و دەق دووبارە دەکەینەوە و لەم زایەڵەیەشدا، ھەموومان ماندووین، ماندووین تا ئاستی قێزلێبوونەوە لە ئافاتی بیرنەکردنەوە !.. ئاخر میللەتێک بیر نەکاتەوە و خۆی رادەستی یەکەم دەق، یەکەم ئیحساس و یەکەم ھاوار و وێنە و قسە بکات، لە نێو ئافاتی بیرنەکردنەوەدا نوقم دەبێت و بێسەر ھێزی بەرھەمداریی نامێنێت !.. نامەوێت ڕەشبینانە قسە بکەم، ناشمەوێت گەشبینانە، لێ لەسەر بەتاڵ قسە کەڵەکە بکەم، بەشێکی زۆری ئەو کەڵەکەسازییە بن بەتاڵانە وێران بوون، کە سەردەمانێک بە پاساوەوە دەمانگوت: گەشبینی بەشێکە لە ھێزی خوڵقاندن !.. لەوانەیە ئێستایش ھەمان گەشبینیم لە ڕۆحدا ھەبێت، بەڵام بە پرسیارکردن لە ھەبوونی کەرەسەکانی خوڵقاندن و بنیاتنان، کەواتە تەنێ گەشبینی ڕێگاکە تەواو ناکات، ئیدراک، تەدارەک و کەرەسەیشی دەوێت!.. ئەگەر ساڵی نوێ پڕیش بێت لە ڕەشی، لێ دەبێ، ئەوانەی بیردەکەنەوە، ئەوانەی نایانەوێت خۆیان ڕادەستی یەکەم تێکست بکەن، بگەرێن و لە نێو ڕەشدا ڕەنگەکانی تریش بدۆزنەوە، قودرەتی نوخبە لێرەدا وەدیاردەکەوێت، کە ھەمیشە ڕەنگێک دەبینێت، کە عەوام نایبینێت، قسەیەک دەکات، کە ئەوانیتر نایکەن، کەواتە ئێستا کاتییەتی جیاواز لەوانیتر، جیاواز لەم ھەموو کۆپییە، جیاواز لەم ئافاتی بیرنەکردنەوەیە، بپرسین: ⁃ ئەرێ ساڵی 2020 تەنیا خەم، کۆڤان، مەرگ، ناتەبایی سیاسی و خراپی گوزەران بوو ؟!.. ⁃ ئەرێ بەڕاست، ئێمە لە نێو خەم، کۆڤان، مەرگ، ناتەبایی سیاسی و خراپی گوزەران، تەنێ رەشییەکان دەبینین، یان قودرەتی قووڵبوونەوەمان ھەیە و ڕەنگەکانی تریش دەبینین؟!.. بۆ وەڵامی بەلەزی ئەم پرسیارانە، دەمەوێت، زۆر بە کورتی بڵێم: ⁃ کۆڕۆنا فێری کردین دەبێ بژین، دەبێ گۆرانی بڵێین، دەبێ سەما بکەین، دەبێ باوەش بە یەکتردا بکەین و ئیتر ، ئەگەر مەرگ ئەوەندە نزیک بێت، چ مانایەک دەمێنێتەوە بۆ پیسکەیی، بۆ ئیرەیی و ڕقلێبوونەوە لە یەکتری ؟!.. بەڵام وانییە، ئێمە کۆڕۆنامان بینی، کەچی گۆرانیمان نەووت، مەرگمان بینی، کەچی ھێشتا ناتوانین باوەش بە یەکتردا بکەین و ھەر پیسکە و پڕ ئیرەیی، ڕق ھەڵدەرێژین و ناتوانین وێنە گەورەکە ببینین!.. ⁃ ئێمە دەبێ لە نێو ڕەشدا بەدوای سپیدا بگەرێین، خەمەکان بکەینەوە خۆشی، مەرگ بکەینەوە ژیان، لە ناتەبایی سیاسیشدا فێر بین، بە ناتەبایی تا ھەر کوێ بڕۆین، ئەوە رێگا نییە و ڕێگا ئەوەیە پێکەوە بین، لە خراپی گوزەرانی خەڵکیشدا دەبێ فێربین، یا دەبێ ژیانی خەڵک چاک بکەین، یان دەبێ وەک خەڵک بژین !.. ڕێک دەمەوێت بڵێم: لەنێو ئەم ھەموو ڕەشییەدا ڕەنگی سپی ھەن، پەند و عیبرەت زۆرن و دەبێ لێیەوە فێربین، فێربین، کە ساڵی 2020 پڕە لە وانە و دەرس، ڕەشییەکانیشی پڕە لە ڕەنگ، بەڵام ئەوە کێیە قودرەتی ئەوەی ھەیە، کە عیبرەت لە وانە و دەرسەکان وەربگرێت و سپییەکانی نێو ڕەشیش بدۆزێتەوە ؟!..
سالار مەحمود تورکیاو روسیا زۆرتر سودمەندن لەپرۆسەی نەوتی کوردستان، نەک ئەمریکا. بۆیە لەم پرسەدا ئەمریکا پشتیوانی عیراقە نەک هەرێم. گەرچی عیراق لەبەردەم تەحەدای ئەمنیدایە، چونکە گروپە چەکدارەکان هەڕەشەن لەسەر ئاسایشی عیراق. بەشێکیان ئینتمایان بۆ وڵاتانی دەرەوە هەیە تاوەکو عیراق. ئەمەش مەترسیەکی سیاسی گەورەترە، لە داڕمانی ئابوری. هەرێمیش کەتۆتە ژێر فشاری تورکیا لەلایەک و فشاری قانونی عیراق لەلایەکی ترەوە. جگە لە چاکسازی کرداری بژاردەی تری نییە. یا رێکەوتن لەگەڵ بەغدا لە چوارچێوەی پرۆژە یاسای بودجە. کە هەردوو بژاردەکە بۆ هەرێم حەتمیەو گرنگە خوازیارم و واباشترە هەرێم، لەلایەک چاکسازی ناوخۆیی بکات. لەلایەک رێک بکەوێ لەگەڵ عیراق و نەوت تەسلیمی سۆمۆ بکات. ئەمە لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و دوا دەرفەتە بۆ مانەوەی هەرێم و قەوارەکەی. ئەگەر ئەمە نەکات مەترسیەکی گەورەیەو، ئەوجا عیراق جگە لە فشاری خۆی. لەکەیسی تردا هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران دەهێنێتە سەرخەت بۆ سەر هەرێمی کوردستان. فشاری سێکوچکەی عیراق تورکیا ئیران لەسەر کوردستان زیاتر دەبێت. تاکە چارەسەر خۆ گونجاندنە بە ئەحکامەکانی پرۆژە بودجەی عیراق و ئەنجامدانی چاکسازیی ناوخۆیی. مەسەلەی قوت و نان و موچە، لە ئەولەویەتی داخوازی خەڵکەو بابەتێکی زۆر ڕەوایە.