Draw Media

کـــارۆخ خۆشناو هەڵبژاردنەکانی ئەم ساڵی سەرۆکایەتی ئەمریکا (پڕ کێشەترین و پڕ سکاڵاترین و سەیر و سەمەرەترین) پڕۆسەی هەڵبژاردن بوو لە مێژووی ئەمریکادا، ئەویش بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەلایەک، هەروەها هەڵسوکەوت و لێدوان و بانگەشە ناوازەکانی (تڕەمپ) لەلایەکی تر. پڕۆسەی هەڵبژردنی سەرۆکی ئەمریکا لە هەموو وڵاتانی جیهان جیاوازتر و ئاڵۆزترە و کاتێکی زۆرتری دەوێت، بە جۆرێک کەوا لە سەرەتای پڕۆسەکەوە تا کۆتایی پڕۆسەکە نزیکەی (18) مانگ دەخایەنێت، بەڵام دەستوری ئەمریکا هەموو قۆناغەکانی پڕۆسەکەی بە ڕوونی ڕەنگ ڕێژکردووە،  هەر لە سەرەتای پڕۆسەکەوە کاتێک لە هەڵبژاردنی گشتیدا خەڵکی ئەمریکا دەستەی هەڵبژاردن (ئیلیکتۆڕاڵ کۆڵیج) هەڵدەبژێرن، تا کۆتای پڕۆسەکە و سوێند خواردن و دەستبەکاربوونی سەرۆکی هەڵبژێردراو. ئەگەرچی (دۆناڵد تڕمپ) لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی مانگی ڕابردوو شکستی هێنا، بەڵام تاکو ئێستا ئامادە نەبووە دان بە شکستی خۆیدا بنێت و پیرۆزبایی لە (جۆ بایدن) بکات، ئەگەرچی ئەم پیرۆزبایکردن و دان بەشکستنانە ئەرکێکی یاسایی نیە لە ئەستۆی تڕەمپ، بەڵام عورفێکی دیموکراسی لەمێژینەی ئەمریکا بووە، لەگەڵ ئەوەشدا لە دوو مانگی ڕابردوودا تڕەمپ لە کۆشکی ڕایگەیاند "ئەگەر دەستەی هەڵبژاردن (ئیلیکتۆڕاڵ کۆلیج) بایدن هەڵبژێرن، ئەوا دەسەڵات ڕادەستی بایدن دەکات و کۆشکی سپی بەجێ دەهێڵێت" دوای ئەوەی لە ڕۆژی سێشەممە (2020/11/3) دەستەی هەڵبژاردن لەلایەن خەڵکی ئەمریکاوە هەڵبژێردران، دواتر لە ڕۆژی دووشەممە (2020/12/14) دەستەی هەڵبژاردنی ولایەتەکان کۆبوونەوە و دەنگیاندا، لە ئەنجامدا بەربژێری دیموکراتەکان (جۆ بایدن) توانی (306) دەنگی (دەستەی هەڵبژاردن) بەدەست بهێنێت، لە بەرامبەردا (دۆناڵد تڕەمپ) توانی تەنها (232) دەنگی ئەم دەستەیە بەدەست بهێنێت، واتە دەستەی هەڵبژاردن بە فەرمی (جۆ بایدن) بە سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا هەڵبژارد و (دۆناڵد تڕەمپ)یش دوای ڕەتکردنەوەی سەرجەم سکاڵاکانی لەلایەن دادگای باڵا (Supreme Court) بە فەرمی دۆڕا و بەتەواوی نائومێد بوو لە دەرەنجامی سکاڵاکان و هەوڵ و کۆششەکانی تیمی یاسایی بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، بۆیە دوا هەوڵی تڕەمپ لە ڕێگای فشاری شەقامەوە دەبێت، هەروەک لە تویتەردا داوای لە دەنگدەرانی کرد ڕۆژی چوارشەممە (2021/1/6) بڕژێنە سەر شەقامەکان، بۆچی چوارشەممە؟ چونکە ڕۆژی چوارشەممە (2021/1/6) دوا قۆناغی هەڵبژاردنی سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا لە کۆنگرێس بەڕێوەدەچێت، ئەویش لە ڕێگای کۆبوونەوەی هەموو ئەندامانی کۆنگرێس (ئەنجومەنی پیران و نوێنەران) بە مەبەستی پەسەندکردنی (دەنگەکانی دەستەی هەڵبژاردن) و بە فەرمی ڕاگەیاندنی براوەی هەڵبژاردنەکان و ناساندنی سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا. ئەگەرچی لە ئێستادا ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ڕوون و ئاشکران، بەڵام بە گوێرەی مادەی (2)ی دەستوری ئەمریکا، پێویستە ئەم هەنگاوانە ئەنجام بدرێن بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات کە دواهەمین هەنگاو لە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (2021/1/20) ئەنجام دەدرێت، ئەویش بریتیە لە ڕێوڕەسمێکی شایستە (Inauguration Day) کە تیایدا سەرۆکی هەڵبژێردراو (جۆ بایدن) لەبەردەم کۆنگرێسی ئەمریکا سوێندی یاسایی دەخوات و دەسەڵاتەکان لە (دۆناڵد تڕەمپ) وەردەگرێت. دیموکراسیەتی ئەمریکا لەم چەند ڕۆژەی داهاتوودا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدا دەبێت، چونکە دۆناڵد تڕەمپ تاکو ئێستا ئامادە نیە دەسەڵاتەکانی ڕادەست بکات، لەم چوارچێوەیەدا بە هاوکاری (11) سیناتۆر فشار دەکات بۆ ئەوەی ئەنجامەکان بگۆڕێت، وەک ئەو فشارەی کە لە ڕۆژی شەممە (لە ڕێگای پەیوەندیەکی تەلەفۆنی یەک سعاتی) لە دەسەڵاتدارانی ولایەتی جۆرجیای کرد، دوێنێش ڕۆژنامەی واشنتن پۆست پەیوەندیەکەی بڵاوکردەوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی جۆرجیا (ئەگەرچی کۆمارین و سەر بە پارتەکەی تڕەمپن) بەڵام ئامادە نەبوون بچنە ژێر فشاری تڕەمپ، لەبەر ئەوە تڕەمپ نا ئومێد بووە و تەنها ڕێگا لەبەردەمیدا مابێت ورووژاندنی شەقامی ئەمریکایە بەمەبەستی کۆسپ دروستکردن بۆ پڕۆسەی دەستبەکاربوونی (بایدن) و ڕادەستنەکردنی دەسەڵات، بەم هەڵسوکەتەشی تڕەمپ دەبێتە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا (جیاواز لە 44 سەرۆکەکەی پێش خۆی) کە ئامادە نیە واز لە کورسی کۆشکی سپی بهێنێت و دەستبەرداری دەسەڵاتەکانی بێت، بەم شێوەیە تڕەمپ دەبێتە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا کە بە عەقڵیەتێکی هاوشێوەی سەرۆکە ڕۆژهەڵاتیەکان بیربکاتەوە و ئەگەر بۆی بچێتە سەر تا کۆتایی ڕۆژەکانی وەک سەرۆکی ئەمریکا بمێنێتەوە، بەڵام بە (هێزی) دەستور و (پتەوی) ڕەگ و ڕیشەی دام و دەزگاکانی ئەمریکا، ڕێگرن لە بەدیهاتنی خواستە تاکڕەویەکانی تڕەمپ. بەهۆی سەرکێشیەکانی تڕەمپ (کۆماریەکان) جگە لە دۆڕاندنی کۆشکی سپی، ئەنجومەنی نوێنەرانیشیان دۆڕاندووە، ئەگەر هەیە سبەی سێشەممە لە پڕۆسەی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی دوو ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ولایەتی جۆرجیاش دیموکراتەکان سەرکەوتن بەدەست بهێنن، لەم حاڵەتەشدا دیموکراتەکان دەبنە براوەی کورسی کۆشکی سپی و  هەردوو ئەنجومەنی کۆنگرێسی ئەمریکا (ئەنجومەنی پیران و ئەنجومەنی نوێنەران). ٭ سەرۆکی ئەنیستیتۆی توێژینەوەی (ئەمریکی-ٚکوردی)


رێبوار کەریم وەلی *شەوی ٢٥ لەسەر ٢٦ ی ئەیلول. *ساڵ ٢٠١٨. قاسم سلێمانی لە ھەولێرە. *پارتی سورە لەسەر ئەوەی دەبێ کاندیدەکەی(د.فوئاد حوسێن) ببێتە سەرۆک کۆماری عێراق. *شوێنی دانوستان ماڵی كۆسرەت رسوڵە لە ھەولێر. *باڤڵ تاڵەبانیش بێ ئەوەی بانگ کرابێ لەوێیە. *وەفدێکی پارتی بەسەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی دەگەنە ماڵی کۆسرەت رەسوڵ. *حاج قاسمیش دێت. *بافڵ تاڵەبانی خۆی ھەڵدەداتە سەر قاچەکانی نێچیرڤان بارزانی و لێدەپاڕێتەوە کە رێگە بدەن بەرھەم ساڵح ببێتە سەرۆک کۆمار. ئەگەر ئەو بەرھەم ساڵح بکاتە سەرۆ کۆمار، ھەم سکرتاریەتی یەکێتیی بۆ بە میرات بەجێ دەمێنێت و ھەمیش رێشمەکەی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری دەکەوێتە دەست. *بافڵ ئاخیرەکەی سیعری لەسەر ھەمووی دانا.کۆسرەت رەسوڵ بە سەت ملیۆن دۆلار نەیفرۆشت. *حاجی دەڵێ مادام پارتی رازی نییە، ئەویش پشتگیریی بەرھەم ساڵح ناکات. *حاجی ئەو شەوە لە ھەولێر بەسەر دەبات تا سێی بەرەبەیانی ٢٦ی ئەیلول، بەڵام نەک لە ماڵی کۆسرەت رەسوڵ. *ھەمووان وا دەزانن وەرەقەی بەرھەم ساڵح سووتاوە! تازە حاجی بڕیاری داوە... *ئەو بەیانییەی کە وەفدی یەکێتیی دۆڕاو و پارتیی براوە! بەرەو بەغدا بەڕێوە بوون، بەرھەم ساڵح میوانی موقتەدا سەدر بوو لە نەجەف! *بافڵ بەرھەمی بە حاجی فرۆشتبوو، زەرەر لە نیوە بگەڕێتەوە!...کار برھم تمام شد. *کۆسرەت رەسوڵ بۆ ھەڵگێڕانەوەی ھاوکێشەکان بەرھەم ساڵحی نەفرۆشت، سیعرەکەی ١٠٠ ملیۆن دۆلاربوو! *ئەمریکا لەسەر خەت بوو. نزیکەکانی بەرھەم ساڵح ھەموو دەیانزانی کە حاجی و بریت مەکگۆرک لە مێرگەپان، پلانی ١٦ ئۆکتۆبەریان موسادەقە کرد. بۆیە دەبوو ببێ.  *ئێران و ئەمریکا لە لایەک و بەریتانیای عوزما لە لایەکەی دیکەوە، کڵاوێکی حەسیریی باشیان لەسەر ساویلە سەربەخۆییخوازەکانی ناو پارتی نا؛ پێیانوابو ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ وەحدەی وەتەنی، ئەمریکا و ئێران لەسەر سەری خۆیانیان دادەنێنن!!! بەرھەم ساڵح نیوەی ئێران و نیوەی ئەمریکای لەگەڵ بوو. حاجی لە ھەقیقەتدا، ھەمووانی ھەڵپەڕاند.  *کۆسرەت رەسوڵ بۆ ھەڵگێڕانەوەی ھاوکێشەکان، چاوپۆشی لە پارە و ئێرانییەکان کرد. وایزانی بەرھەم ساڵح پیاوی ئێرانە، بەڵام نەیزانی ستراتیژیستی سیاسەتی قوڵی ئێران و ئەمریکایە لە ناوچەکەدا بۆ ئەو قۆناغە. بەوەش نەک ھەردووکی، بگرە پارتیشی دۆڕاند. *ئێ ! ئێستا لە ساڵوەگەڕی حاجیدا، ئەوجا شێخ نەھرۆی کوڕی شاھی کەسنەزان... *تەقەکردن لە ماڵەکەی لەلایەن حیمایەکانی فەخامەت و دواترێ داوای لێبوردنی فەخامەت و چوونە بەرپێی لە ماڵەكەی، ھاوكاتە لەگەڵ دەنگۆی ئەوەی کە کوڕی شاھی کەسنەزان و بڕبڕەی پشتی تەریقەتی قادری و تەکیەی تاڵەبانی(کە ھەوڵ دەدرێ لە سلێمانی بەدەر بکرێت) کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆکی داھاتووی عێراق. *ئیتر حاجی تۆڵەی دەکرێتەوە یان نا؟ ئەوە شتێکی دیکەیە. ئێران ئامادەیە ھەزار حاجی و شوێنکەوتووی حاجی بکاتە قوربانیی مانەوەی خۆی. *بۆیە شێخی کەسنەزان لە خۆڕایی ناچێتە بەر ماڵی شێخی نەقشبەند. ئامادەیە ماڵ و تەکیەشی بباتە ھەولێر! بۆیە دەڵێن نەکەی یا شێخ با سلێمانی بکەینە نەجەف.  *پێدەچێ ھەم بۆ ئێران و ھەم بۆ ئەمریکای دوای حاجی و ترەمپ، سەمامێکی دیکەی ئەمان لە غیابی ئەحفادی تاڵەبانی( بە تایبەتیش کە گەورە کوڕی تاڵەبانی بەیعەتی پێداوە)، بە دوای جێپێیەکدا بێت لە کۆشکی سەلام. شێخ لە سلێمانی دەمێنێتەوە؛ چەندی زەویی دەوێ با داگیری بکات! *بۆ ئێران، ئەمریکا، سوننە و پارتی کوڕی شاھی کەسنەزان نەک عەیبی نییە، بگرە دووشەشیشە. *بۆیە رێبازی حاجی بەردەوامە. ئەگەر بەرماڵەکەی لە مەخمورە، ئەوا بەردەمۆرەکەشی لە واشینگتۆنە.


پشکۆ ناکام .....لەدوای حەفتاکانەوە ، دەنگێکی زوڵاڵ ، گڕ ، گەرم ، کەوتە ناو خەڵکەوە ، جگە لە قوڕگ ، شیعرەکانیشی بوونە مایەی سەرنج ڕاکێشانی خەڵک بە تایبەتی گەنج و تازەپێگەیشتووەکانی ئەهلی شیعر و ئەدەب ،کەم و زۆر کاری کردە ناخی زۆربەیان ، چونکە مەئیوسی خەڵک لە هەل و مەرجە سیاسییەکەی ئەو سەردەمە کە کورد وەک مریشکی ئاوە ڕووت کراوی لێ هاتبوو ، وایکرد خەڵک پەنا بۆ هەموو شتێ بەرێ تۆزێک ، تۆزێک سووکنایی پێ بێ و باس لە ناخی ئینسان و دۆڕانن و هەڵاتن و مل ملانێی ئینسان لەگەڵ خۆیا بکا ، داریوش وای لێ هات خەڵکێکی زۆر ئالودەی بن وەک مەی ،وەک عەشق ، وەک جگەرە و..شتی تریش...ڕەنگە کەسانێک زۆر بە کەمی لە فارسی حاڵی بوو بن ، بەڵام ئەو دەنگە جەبەروتیە و ئەو ئاوازە سەر سوڕهێنەرانە و ئەو ووشە داگیرساوانە وای کرد کە زۆر گرنگ نەبێ چەن فارسی ئەزانی گرنگ ساتێکە بە گوێ گرتن لە داریوش زاخاوی دڵی شکاو و مێشکی جەنجاڵ و بیرەوەرییە تاریکەکان بەیتەوە، تەنانەت هەندێک لە شاعیرە گەنجەکان بە دارتاشی کردنەوە چەن شیعرێکیان بەناوی خۆیانەوە بڵاو ئەکردەوە...من بۆ خۆم بەسەدان جار لەگەڵ هاوڕێم " شەهید بارزان عوسمان" کە لە ڕيزەکانی " کۆمەڵە" بە نهێنی کارمان ئەکرد ، گوێمان لە داریوش گرتوە و باسمان لەوە کردوە تۆ بڵێی ئەم گۆرانیانە رۆژێک بکرێن بە کوردی !! بە داخەوە ئەو خواستەمان کاتێ هاتە دی کە ئەو لە ژیانا نیە و لە دونیای نەمری خۆیایەتی..زۆر بە داخەوە......   بۆ گوێ گرتن لە داریوش و هەست کردن بەوەی لە جیاتی تۆ و بۆ تۆ گۆرانی ئەڵێ ، پێویست بەوە ناکات تۆ لە گروپێکی تایبەتی کۆمەڵگا بیت ، عاشقێکی دڵ شکاو وا ئەزانێ داریوش بە تایبەتی باس لە دڵ و عەشقەکەی ئەو ئەکات و بۆ کەسی تر نەووتراوە ، دایکێکی جگەر سووتاو وا هەست ئەکا داریوش لە ماتەمی جگەر گۆشەکەیا ئەلاوێنێتەوە ، زیندانیەک وا ئەچێتە خەیاڵێەوە کە هەست بکا داریوش لە گەڵیا زیندانە و لە جیاتی ئەو باس لە قەفەس" زیندان" ئەکات، هەژارێکی سفرە خاڵی کە ڕووی کردۆتە ئاسمان هەستی بە تەنهایی بوونی خۆی لەسەر سفرەکە نەکا بەڵکو داریوش لەسەر هەمان سفرەیە و وەک ئەو برسیە و چاوی بڕیوەتە ئومێدێک لە ئاسمانەوە!! ...کەسێک کە دەرد و غەمی دونیا سەری لێ تێک با و تووشی " شێتێتی " ئینسان بوون بوو بێ ، تەنیا نیە لە تێڕوانینەکان بۆ ژیان ، بەڵکو داریوش لە تەنیشتیوەیەتی و بە گۆرانیەکانی باس لە "ڕەوا"یەتی بوونی ئەو ئەکا لەو شێت بوونە، کچێک ، ژنێک کە بەدەست جیاوازی کردنیەوە لەگەڵ برا و کوڕانی خزم و گەڕەک و شار و  ووڵات، گوێ ی لێیە دەنگێکی بەسۆزی گەرمتر لە ناخی ئەو باس لە بێدادی کۆمەڵگا ئەکات لە نەخۆشی شێر پەنجەی ئاین لە جیاوازی  نێر و مێ ،، شۆڕشگێڕێک کە لە شەڕایە و لای ئەو هەموو ڕەنگەکان وەک خوێن سوورە و هەموو عەشق و جوانی ئینسان لە لوولەی تفەنگەکەیا ئەبینێ ، بە گۆرانیەکانی داریوش ئەبیستێ دەنگێک لە سەنگەرەکەی ئەوەوە و لە تەنیشتیەوە ئەجەنگێ بە ووشە و دەنگ و گووتارێک کە هەموو تفەنگەکانی دونیا ناتوانن بێ دەنگی بکەن...گەڕۆکێکی بێ ووڵات لەگەڵ هەنگاوەکانیا گوێی لە داریوشە پێی ئەڵێ: هەموومان قەلەندەرین " گەڕۆک" ، هەموومان سەرگەردانی غوربەتین و و بەداخەوە هەندێک جار  بۆ یەک لەسەنگەراین.. كەواتە داریوش یەک ئینسان نیە ، بەڵکو کارەکتەری دەیان پرۆسەی ئینسان بوونی لە خۆیا هەڵگرتوە ، کەم کەس هەیە بتوانێ خۆی لەوە گێل بکات کە کام کارەکتەری داریوشە قسە ئەکات مەگەر " قامچی بەدەست و پاسەوانەکانی قەفەس"..لە هەمووی دیارتر ئەوەیە کە لە تێکستی گۆرانیەکانیا ئینسان هەر ئینسانێکی "مجرد" نیە و بەس ، بەڵکو وەک " کائن"ێک لە چەن لایەکەوە هەوڵی مانەوە ئەیا و مل ملانێ ئەکا ، لەگەڵ ناخی خۆیا ، لەگەڵ ویژدانی خۆیا ، لەگەڵ دەوروپشتی خۆیا ، لەگەڵ خودای خۆیا و لەگەڵ چارەنووسی خۆیشیا.. لە زۆربەی هەرە زۆری تێکستەکانیا دەیان ووشە وەک سیمبول بۆ هەردوو بەرەی خێر و شەڕ بەکار هاتووە: سپی ، عەشق ، گوڵ، ئەستێرە ، هەتاو ، خەندە ، بەهار ، ، کازێوە ، ئازادی،نان، بارامبەر بە دڕک ، بوغز و کینە ، دەسەڵات ،  ، قەفەس ، جەللاد ، شەو ، ترس ، هەور ، کۆتر کوشتن ، سەهۆڵ بەنگان ، ...هتد..( گەر ئەوان شەو نەبونایە ......... ڕووناکی ئم ڕۆژە بۆ ئێمە ئەبوو..).................   بۆ بەرگری کردن لە ئینسان و ئینسانی بوونی کێشەکان ، داریوش پێویستی بەوە نیە لە دیدی  ئایدیۆلۆجیەکی دیاری کراوەوە بڕوانێتە ئینسان ، لای ئەو ئینسان ئینسانە و ناکرێ بە دوو سێ کەرتەوە ، بۆ بەرگری کردن لە هەژارێک یا کرێکارێک مەرج نیە کۆمۆنیست یان "چەپ" بیت ، بۆ بەرگری لە خاک و خەڵک نەتەوە پەرستی خاڵی یەکەم نیە ، لە نەهێشتنی سەیتەرەکانی نێوان نێر و مێ هەر ئەوروپاییەکان ناگرێتەوە ، بۆ قسە کردن لە سەر خودا و ئاین کافر و ئیلحاد بوون قسەی قۆڕە ، بۆ بەگژا چوونەوەی ڕەگەزپەرستی ڕەنگی ئینسان ئاساییە سپی پۆستێک بەرگری لە ڕەش پێستێک بکات : " تۆ سپی دڵ ڕەشی..من ڕەشی دڵ سپی.."...بۆ عاشق بوون ئیحساسات پێویستە نەک گیرفان ، بۆ لابردنی تاریکی ، تەنها دەنکێ شقاتە بەسە بۆ داگیرسانی چرایەک، ئەمانەش هەر هەمووی جێبەجێ ئەکرێ بەبێ ئەوەی پەیڕەوپڕۆگرامی حیزب یان قورئانێکمان لە گیرفانا بێت.....چۆن دیکتاتۆر و ستەم گەرەکان مەسەلەی " کورسی" لایان خاڵی هاوبەشە ، ئینسانەکانیش مەسەلەی ئینسان بوونیان هاوبەشە ،ئیتر ڕەنگی ئینسانەکان و جوگرافیایان ئەسڕێتەوە ..هەر لە گوڵەوە سەیری بکەین ، خۆ لە "ئەفریکا"ش گوڵ ڕەنگاوڕەنگە.، دڕکیش هەر دڕکە لە هەموو شوێنێک، ..   من خۆم لە ساڵی 1976/ەوە کە یەکەم جار کاسێتێکی داریوشم لە تۆمارگای "بەناز" ی بەرامبەر بارەگای ئەوکاتەی کۆمەڵی هونەر و وێژەی کوردی لە جادەی سجن/پیرەمێرد كڕی تا ئێستا گوێ ی لێ ئەگرم لەگەڵ ئاشنا بوونی زیاترم بە زمانی فارسی زیاتر و زیاتر لە تێکستەکانی نزیک ئەبمەوە  و ئاسان تر ئەچمە دونیای مل ملانێیەکانی ئینسان لەگەڵ خودی خۆیا پێش خواکەی...........   ئەمەوێ باس لەوەش بکەم کە هەندێک لە گۆرانییەکان بە ئاسان تر ئەکرا بە کوردی بێ لەکیس یانی ڕیتم و مۆسیقا و دیمەنی شیعرەکە ، بەڵام هەندێک لە تێکستەکان قورستر بوون ئەوەش سەبارەت بە زمانی شیعرەکە ، بۆ نمونە ئەو  زمانەی " احمد شاملو" پێی ئەنوسێ هەمان فارسی شاعیرێکی تری تازە دەرکەوتوو نیە ، بە حوکمی ئەوەی فارسیش خۆی زمانێکی چڕ و قوڵ و فراوانترە لە کوردی بە تایبەتی لە ئەدەبیات و بە دەست نیشان کراوی شیعر ، بۆ وەرگێڕان ئەبێ خۆت بۆ رێگایەکی پڕ لە "تاسە" حازرکەیت.. زۆر "ووشە"ش کە  لە کوردیشا هەمان مانای هەیە ، پێم باش بوو هەر بە فارسییەکە بمێنێتەوە و بە زۆر چەکوش کاری تیانەکەم .... سوپاسی ئەوە ئەکەم سوپاسم ئەکا ، و پشتی خۆم ئەکەمە ئەوەی توانج ئەهاوێژێت ، چونکە گەر "ئەدەب"  بۆ توانج فەرامۆش کەم ئەبوایە ئەم پڕۆژەیە لەسەر تێکستی توانج بوایە نەک ئینسان.......                     """"""""""""""""""""""""""""""""""""""""""""" لە پێشەکی کتێبی " بۆنی گەنم"ەوە وەرگیراوە کە تایبەتە بە وەرگێڕانی کۆمەڵێک لە تێکستی گۆرانیەکانی "داریوش" لە فارسییەوە بۆ کوردی.


د. سالار عوسمان   ھەر کورد نا، دڵنیام ھەموو ئەوانیتریش، بە پیتی ڕەش، بە خەم و کۆڤانەوە، باس لە ساڵی 2020 دەکەن و بە ئومێدەوەیش، پیتە سپییەکانیان دەکەنە ڕستەی نزا بۆ ساڵی 2021، بۆیە زۆربەی نووسینەکان وێکدەچن و سروشتی ئەم سۆشیاڵ میدیایەیش ھەروایە، وەک ئەوەی ھەموومان بمانەوێت کۆپی یەکەم تێکست و یەکەم ئیحساس و یەکەم ھاوار بکەین، وێکچوو دەئاخفین و ویکچوو دەنووسین و وێکچوو وێنەکان دەگوازینەوە، ھەمیشە تێکستی یەکەم، ئیحساس و ھاوار و وێنەی یەکەم، ئەوانیتر دادەپۆشێت و زاڵە بەسەریاندا، تایبەت لەو جوگرافیایانەی، کە بیرکردنەوە تیایاندا غائیبە، کە کوردستان، بەداخەوە یەکێکیانە !. کوردستان جوگرافیای بیرنەکردنەوەیە، کێ یەکەم قسە بکات، ھەموو دەیڵێنەوە، بەڵام بە دابەشکارییەوە، چونکە کوردستان خۆی یەکپارچە نییە، تا یەکپارچە دەقیش بخاتەوە، بۆیە بە دابەشکراوییەوە، دابەشکراوییەک، کە سیاسییەکان لێی بەرپرسن، ھەموومان یەکەم قسە، یەکەم وێنە و ھاوار و ئیحساس و دەق دووبارە دەکەینەوە و لەم زایەڵەیەشدا، ھەموومان ماندووین، ماندووین تا ئاستی قێزلێبوونەوە لە ئافاتی بیرنەکردنەوە !.. ئاخر میللەتێک بیر نەکاتەوە و خۆی رادەستی یەکەم دەق، یەکەم ئیحساس و یەکەم ھاوار و وێنە و قسە بکات، لە نێو ئافاتی بیرنەکردنەوەدا نوقم دەبێت و بێسەر ھێزی بەرھەمداریی نامێنێت !.. نامەوێت ڕەشبینانە قسە بکەم، ناشمەوێت گەشبینانە، لێ لەسەر بەتاڵ قسە کەڵەکە بکەم، بەشێکی زۆری ئەو کەڵەکەسازییە بن بەتاڵانە وێران بوون، کە سەردەمانێک بە پاساوەوە دەمانگوت: گەشبینی بەشێکە لە ھێزی خوڵقاندن !.. لەوانەیە ئێستایش ھەمان گەشبینیم لە ڕۆحدا ھەبێت، بەڵام بە پرسیارکردن لە ھەبوونی کەرەسەکانی خوڵقاندن و بنیاتنان، کەواتە تەنێ گەشبینی ڕێگاکە تەواو ناکات، ئیدراک، تەدارەک و کەرەسەیشی دەوێت!.. ئەگەر ساڵی نوێ پڕیش بێت لە ڕەشی، لێ دەبێ، ئەوانەی بیردەکەنەوە، ئەوانەی نایانەوێت خۆیان ڕادەستی یەکەم تێکست بکەن، بگەرێن و لە نێو ڕەشدا ڕەنگەکانی تریش بدۆزنەوە، قودرەتی نوخبە لێرەدا وەدیاردەکەوێت، کە ھەمیشە ڕەنگێک دەبینێت، کە عەوام نایبینێت، قسەیەک دەکات، کە ئەوانیتر نایکەن، کەواتە ئێستا کاتییەتی جیاواز لەوانیتر، جیاواز لەم ھەموو کۆپییە، جیاواز لەم ئافاتی بیرنەکردنەوەیە، بپرسین: ⁃ ئەرێ ساڵی 2020 تەنیا خەم، کۆڤان، مەرگ، ناتەبایی سیاسی و خراپی گوزەران بوو ؟!.. ⁃ ئەرێ بەڕاست، ئێمە لە نێو خەم، کۆڤان، مەرگ، ناتەبایی سیاسی و خراپی گوزەران، تەنێ رەشییەکان دەبینین، یان قودرەتی قووڵبوونەوەمان ھەیە و ڕەنگەکانی تریش دەبینین؟!.. بۆ وەڵامی بەلەزی ئەم پرسیارانە، دەمەوێت، زۆر بە کورتی بڵێم: ⁃ کۆڕۆنا فێری کردین دەبێ بژین، دەبێ گۆرانی بڵێین، دەبێ سەما بکەین، دەبێ باوەش بە یەکتردا بکەین و ئیتر ، ئەگەر مەرگ ئەوەندە نزیک بێت، چ مانایەک دەمێنێتەوە بۆ پیسکەیی، بۆ ئیرەیی و ڕقلێبوونەوە لە یەکتری ؟!.. بەڵام وانییە، ئێمە کۆڕۆنامان بینی، کەچی گۆرانیمان نەووت، مەرگمان بینی، کەچی ھێشتا ناتوانین باوەش بە یەکتردا بکەین و ھەر پیسکە و پڕ ئیرەیی، ڕق ھەڵدەرێژین و ناتوانین وێنە گەورەکە ببینین!.. ⁃ ئێمە دەبێ لە نێو ڕەشدا بەدوای سپیدا بگەرێین، خەمەکان بکەینەوە خۆشی، مەرگ بکەینەوە ژیان، لە ناتەبایی سیاسیشدا فێر بین، بە ناتەبایی تا ھەر کوێ بڕۆین، ئەوە رێگا نییە و ڕێگا ئەوەیە پێکەوە بین، لە خراپی گوزەرانی خەڵکیشدا دەبێ فێربین، یا دەبێ ژیانی خەڵک چاک بکەین، یان دەبێ وەک خەڵک بژین !.. ڕێک دەمەوێت بڵێم: لەنێو ئەم ھەموو ڕەشییەدا ڕەنگی سپی ھەن، پەند و عیبرەت زۆرن و دەبێ لێیەوە فێربین، فێربین، کە ساڵی 2020 پڕە لە وانە و دەرس، ڕەشییەکانیشی پڕە لە ڕەنگ، بەڵام ئەوە کێیە قودرەتی ئەوەی ھەیە، کە عیبرەت لە وانە و دەرسەکان وەربگرێت و سپییەکانی نێو ڕەشیش بدۆزێتەوە ؟!..


سالار مەحمود  تورکیاو روسیا زۆرتر سودمەندن لەپرۆسەی نەوتی کوردستان، نەک ئەمریکا. بۆیە لەم پرسەدا ئەمریکا پشتیوانی عیراقە نەک هەرێم. گەرچی عیراق لەبەردەم تەحەدای ئەمنیدایە، چونکە گروپە چەکدارەکان هەڕەشەن لەسەر ئاسایشی عیراق. بەشێکیان ئینتمایان بۆ وڵاتانی دەرەوە هەیە تاوەکو عیراق. ئەمەش مەترسیەکی سیاسی گەورەترە، لە داڕمانی ئابوری. هەرێمیش کەتۆتە ژێر فشاری تورکیا لەلایەک و فشاری قانونی عیراق لەلایەکی ترەوە. جگە لە چاکسازی کرداری بژاردەی تری نییە. یا رێکەوتن لەگەڵ بەغدا لە چوارچێوەی پرۆژە یاسای بودجە. کە هەردوو بژاردەکە بۆ هەرێم حەتمیەو گرنگە خوازیارم و واباشترە هەرێم، لەلایەک چاکسازی ناوخۆیی بکات. لەلایەک رێک بکەوێ لەگەڵ عیراق و نەوت تەسلیمی سۆمۆ بکات. ئەمە لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و دوا دەرفەتە بۆ مانەوەی هەرێم و قەوارەکەی. ئەگەر ئەمە نەکات مەترسیەکی گەورەیەو، ئەوجا عیراق جگە لە فشاری خۆی. لەکەیسی تردا هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران دەهێنێتە سەرخەت بۆ سەر هەرێمی کوردستان. فشاری سێکوچکەی عیراق تورکیا ئیران لەسەر کوردستان زیاتر دەبێت. تاکە چارەسەر خۆ گونجاندنە بە ئەحکامەکانی پرۆژە بودجەی عیراق و ئەنجامدانی چاکسازیی ناوخۆیی. مەسەلەی قوت و نان و موچە، لە ئەولەویەتی داخوازی خەڵکەو بابەتێکی زۆر ڕەوایە.


ئارام سەعید رۆژگاری رابردوو لەزەمانی حوکمی بەعس و سەدامدا میدیا و سانسۆر بەشێوەیەکی تەقلیدی بوو، هەموو میدیا کۆنترۆڵ بوو،تەنها دەسەڵات خۆی میدیای هەبوو. بۆچاودێری نەیارانیش لە رێگەی دەزگا سەرکوتکەرەکانەوە خەڵک و سیاسیەکانی سانسۆرئەکرد، بۆئەوەی بگات بە زانیاری گومانلێکراوانی دەگرت و ئەشکەنجەی دەدان، دەیان ئامرازی ئەشکەنجەی بەکاردەهێنا بۆ دانپیانانی کەسێک لەسەر ناوهێنانی ئەوانەی لەگەل شۆڕشن. ئێستا ئەم چاودێری و سانسۆرە گۆرانکاری بەسەردا هاتوە،جگە لە ئەشکەنجە چەندین ئامرازی ئالۆزی تر هاتۆتە کایەوە بۆ گەیشتن بە زانیاری لەسەر کەسێک.  چاودێریکردنی خەڵک لە رێگەی ئینتەرنێتەوە، کارەکەی بۆ ئاسانکردون، هەموو حەز و ئارەزوو بیرکردنەوەی کەسێک دەزانن لەرێگەی چاودێری پرۆفایلی هەرکەسێک لە فەیسبوک، هەموو زانیاریەکانی کەسی بەکارهێنەری تێدایە جگە لە شوێنی جوگرافیی و هەموو ئەو شوێنانەی هاتوچۆی  دەکات و هاوڕێیەتی کێ  دەکات،ئەوەش نیعمەتە بۆیان.   نەوەی نوێی سیاسی سۆشیال میدیایان بۆ ئەوەیە راوبۆچونی خەڵک بزانن لەسەر خۆیان،لەبەرئەوەی پەیوەندی راستەوخۆی دەسەڵات بەهاولاتیەوە زۆر لاوازە، دابڕاون ونازانن خەڵک بیر لەچی دەکاتەوە بۆئەوەی لەوە تێبگەن خەڵک گرنگیی بەچی دەدات، رای خەڵک چیە لەسەر حزبەکەیان و خۆیان، لە سۆشیال میدیا چەندین راپۆرتی جۆراوجۆر و راپرسی جیاواز دەکەن، پاشان بەچاودێریکردنی کاردانەوەکان ئەو زانیاریانەیان دەست دەکەوێت، بۆیان دەردەکەوێت خەڵک بۆچونیی چیە، کێ نەیارەو کێ لەگەڵیانە، لەکاتی پێویستدا ئەو جەماوەرە بەکاردەهێنن و گوتاری خۆیان بەوشێوەیە دادەریژن کە چەواشەیان بکات. لەرێگەی سۆشیاڵ میدیا و تەلەفزیۆن و رادیۆکانیانەوە راستیەکان دەشیوێنن، چونکە هەواڵی درۆ بەئاسانی لە فەیسبوک بڵاو دەبیتەوە و خێراییەکەی لە بڵاوبونەوەی راستیەکان زیاترە. لەڕیێ ئینتەرنێتەوە، یان لە رێگەی چاودێری سمارت فۆنەکانەوە ئاگاداری بچوکترین جوڵانەوەی نارازیی و چالاکەوانانن، دەتوانن دەستیان پێیان بگات و بەرلەوەی چالاکی بکەن دەستگیریان بکەن. سۆشیال میدیا رێگە خۆش دەکات بۆ یاریکردن بە گوتاری نەیاران و ناشرینکردنی کەسایەتیەکان هەروەها دەبێتە ئامرازێک بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی حوکمڕانیان و قایمکردنی پێگەی خۆیان. ئەمەش بە دروستکردنی دەزگا، بنکە، سەنتەری فیکری و لێکۆڵینەوەی وەهمی بۆ بەلاڕیدابردنی خەڵک و یاریکردن بە گوتاری سیاسیی. لەرێگەی میدیا وەهمیەکانی پەیجەکانیانەوە چیرۆکی سەیر و سەمەرە دروست دەکرێت، ژمارەیەکی زۆر تەلەفزیۆن و رادیۆ وماڵپەر... سوپایەکی ئەلیکترۆنی هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەوکارانە. ئەگەر بمانەوێت نمونەکان باس بکەین سەدان نمونە هەن لەو چیرۆکانەی دروست دەکرێن بۆ نەیارانی دەسەڵات، بەدەیان و بگرە سەدان پەیج و ئەکاونتی فەیسبوک هەوڵی ناشرینکردنی هەموو هەوڵێک دەدرێت کە جیاوازبێت لە گوتاری دەسەڵات، هەندێک لەهێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش ئەوکارە دەکەن.   بەگوێرەی لیکۆلینەوەکان بزوتنەوە نارازیە ئاشتیەکان لەساڵانی نەوەتەکانی سەدەی رابردوودا لەسەدا ٧٠ یان سەرکەوتو دەبوون، بەڵام لە دوای ٢٠١٠ ەوە ئەو رێژەیە دابەزیوە بۆ لەسەدا ٣٠ کە ئەمەش یەکێکە لەو بەڵگانەی کە پێمان دەڵیت زۆربونیی ژمارەی بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا و ئینتەرنێت کارێکی کردوە سەرکەوتنی خۆپیشاندانی ئاشتیانە بەڕیژەیەکی بەرچاو دابەزیت، کەیەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە دەسەڵات باشتر سۆشیال میدیا و دیجیتاڵ بەکاردەهێنێت وەک لە چالاکەوانی نارەزایەتیەکان، ژاوەژاوێکی زۆر دروستکراوە، تەپوتۆزێکی زۆر بەرزبۆتەوە بە ئاستەم ئاستی بینین هەیە بۆ ئەوەی راستیی جیابکەیتەوە لە درۆ، دەیان و سەدان پەیج کاردەکەن بۆ دروستکردنی چیرۆکی وەهمی. هۆکارێکی تر کە بەقازانج دەگەڕیتەوە بۆ دەسەڵات ئەوەیە سروشتی نارەزایەتی ئەم سەردەمە وەک رابردوو هەیکەلی رێکخستن و سەرکردەو ستراتیژ و کاری پێکەوەیی رووبەروو متمانەکردنی تیا نیە، چونکە لەریگەی فەیسبوکەوەیە. متمانە ئەوکاتە دروست دەبێت کە خەڵک روبەروو پێکەوە رەفتاردەکەن و یەکتر دەبینن نەک تەنها لەرێگەی لاپتۆپ یان سمارت فۆنەکانەوە پەیوەندیان هەبێت، روبەروو یەکتر نابینن، پاشان بەشی زۆری ئەوانەی نارازین لەناو سۆشیال میدیا وابەستەی هیچ رێکخستنێکی سیاسی نین و بەشێوەیەکی کاتیی لایک دەکەن و دواتر بەردەوام نابن، بۆیە متمانە دروست نابێت. کارەساتی گەورەش ئەوەیە هەر لەڕێی سۆشیال میدیاوە سەرکوتکردنەکان بڵاودەکەنەوە و چالاکەوانان دەترسێن و ژمارەی بەشداربوان کەمدەکاتەوە و ریگە خۆش دەکات بۆ نارەزایەتی توندوتیژ.  سالانێکە چەندین سیاسی و شیکەرەوە پێیان وایە دیکتاتۆرەکان بە ئینتەرنێت و سۆشیاڵ میدیا ئەروخێن، بەڵام ئیڤگینی مۆروزوف نوسەری کتێبی The Net Delusion کەباس لە دیوی تاریکی ئینتەرنیت دەکات لەوە ئاگادارمان دەکاتەوە کە لەو ژاوەژاوە بەئاگا بین و دەڵیت: ئینتەرنێت ئامرازێکی سیاسی کۆنترۆڵنەکراوە، رەنگە هەموو ئەوانەش بێ ئومێد بکات کە پێیان وایە بە کلیکێک دەتوانین برەو بە دیموکراسی بدەین. لەبەرئەوەی دەسەلاتە ستەمکارەکان بونەتە پالەوانی گەورەی سۆشیال میدیا و زۆر باشتر لەنەیارەکانیان بەکاری دەهێنن بۆ چاودیری نەیاران و تێکدانی وێنەی ئەوانەی نارازین، باشترە ئەوانەی ئومێدی گۆرانکاریان هەیە بیر لەبەکارهێنانی ئامرازی تر و شیوازی تر بکەنەوە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان کەتەنها سۆشیال میدیا نەبێت، ئەو ئامرازە کۆنترۆڵکراوە لەلایەن حکومەت و دەسەلاتە دیکتاتۆرەکانەوە. لەکۆتایشدا سۆشیاڵ میدیا ئامرازێکە وەک چەقۆیەک کەدەتوانرێت بەکاربهینریت بۆ کاری باش و دەشکریت کەسێک بەکاری بهێنیت بۆ کوشتن.


دانا رەشید سلێمانی ئەو شارەی کە لە هەموو کوردستاندا  شارێکە بەدەستی کورد خۆی دروست کراوە ، شارێکە لەسەر هیچ بنەمایەکی تائیفی ، بنەماڵەیی ، خێڵەکی ، دینی و تەریقەتی بنیات نەنراوە ، بەڵکو  شارێک دروست کرا کە مەڵبەندی بیرو هۆشیاری بێت، ببێت بە پایتەخت ، پایتەختی  بە قەولی ئەوکات ( ویلایەتی کوردستان ) کە  وەک هەر ویلایەتیێکی تر لە قەڵەمرەوی دەسەڵاتی ئیمپراتۆری عوسمانی ، راستەوخۆ بە   قەسری سوڵتانەوە بەسترابێتەوە ، ئیدی لە ژێردەستەیی والی بەغدا رزگاری بێت ،  ئەم  بیرە  لە لایەن  سێ لە فەرمانرەواکانی میرایەتی بابان  هەوڵی بۆ دراوە ، سلێمان پاشا ،  محمود پاشوو ، عبدالرحمان پاشا ،  دیارترینیان سەردەمی عبدالرحمان پاشای بابانە ، چونکە لە هەموو میرەکانی تری بابان زیاتر حوکمی ناوچەکانی کردوە ، واتە مەهامی دروست کردنی شارێک کە پایتەختی ئیمارەتی بابان لە قەڵاچوالانەوە  بهێنتە دەشتی شارەزور و  ببێت بە شاری سلێمانی و خەونی سەربەخۆ بوونی کوردستانی تێدا  بەرجەستە بکرێت ، دەبێت شارێک بێت بۆنی شارە رۆشنبیرو بەهۆشەکانی  دنیای لێ بێت ، هەروەک  بۆ بنیات نانی  لە شارەکانی تەبرێزو  ورمیەو سنەوە  تا  ئەمەد و ئیزمیر وەستای لێوەشاوە هاتون   مزگەوت و حەمامم و  قەڵاکانی دەرباری شاو ، مەدرەسەو  رێگاو شەقام و  زێراب و ئاوەرۆو  چەندین کارێزی ئاو ، چەند پرۆژەی تر  دروست کراون ، شار  بە هەوای شارستانییەتێک هاتە بوون و هەناسەی دا ، هە هەرزوو بوە جێگەی تێرامان و چاو تێبرینی هەرچی داگیرکەرو ناحەزە تا ئەمرۆ ، شار وەک مەڵبەندی  ئیدارەی  میرایەتی بابان  بوو بە مەڵبەندی  کۆکردنەوەی زۆرێک لە عولەماو  زانایانی سەردەمی خۆی ، جگە لە فەرمانرەوایی بابان لەژیر هیچ  مەرقەدو تەریقەت و  مەرجەعێکی دینی  نەبوە ، هەربۆیە هەمیشە و تا ئێستە شاری سلێمانی ، نە خێڵ نە دین نە تەریقەت  نە مەرجەع باڵادەست نی یە ناشبێت ، شار  بە هەواو نەسیمی شارستانیانە  هەناسەی ژیان دەدات و دەشنێتەوە ، شێخ مارفی نۆدێ ڕابەری تەریقەتی قادری و   مەولانە خالیدی نەقشبەندی ڕابەری تەریقەتی نەقشی لە سلێمانی بوون وەلی  حوکمدارو مەرجەعی بریاری سیاسی نەبوون ،  ئەوە  دەسەڵاتی پاشاکانی بابان حوکمڕانیان کردوە ،  خەڵکی سلێمانی  بە خوێندەوارو نەخوێندەواریەوە بە فترەت رۆشنبیرن ، ئەم رۆشنبیریەش لە دروست کردنی شارەوە سەرچاوەی گرتوە ، سلێمانی بۆیەکەم جار پیش ئەوەی پەیمانەکانی سایکسپیکۆ و سیڤەرو  لۆزان بێتە ئاراوە ، لە لایەن ئینگلیز کراوە بە دەوڵەت و حکومەت ، کاتێ مستەفا ئەتاتورک لەدەستی ئینگلیزو فەرەنسا  ئیختیفای کردبوو ، وەلی مەخابن  ناحەزانی کورد  نەیان هێشت سەربگرێ ،  سلێمانی بۆیەکەم جار لە مێژوی عیراق بە دروشم و لافیتەو مونەزەم خۆپیشاندانی کرد دژی  بەغدا ، ساڵی ١٩٣٠  کە هەموو عەرەب نەیان دەزانی خۆپیشاندان چیە ، سلێمانی  پێشرەوی شانۆ و وەرزش و  هونەرو ئەدەب بوە  شارو شوێنانی تر لێرەوە دەستیان پێ کردوە ، سلێمانی پێشرەوی رۆژنامە نوسی و  دەنگی موعارەزە بوە ، سلێمانی  مەڵبەندی دروست بوون و کوانوی هەموو حیزب و رێکخراوەکان بوە ،  سلێمانی وەک  ئەو خوێندکارە عەرەبانەی لە زانکۆی سلێمانی ساڵانی حەفتاکان خوێندویانە  دەیان وت،  پارچەیەک لە فەرەنسایەو کەوتۆتە  ئەو ناوچەیەوە ،  وەلی مەخابن ئەوا ٣٠ ساڵە  دوای ڕاپەرین بە پیلان و  بەدەستی ئەنقەست ، ئەم شارە لە فکرەوە لە ئەدەب و فەرهەنگەوە ، لە  شارستیەتەوە لە  هونەرەوە  لە هەرچی جوانیەوە  هەڵدەتەکێنرێت و  لە  پایتەختی جوانی شۆرش و  رۆشنبیەوە  وەردەگێردرێتە سەر  مەرجەعێکی گەورەی  تەریقەت  ، جا ئیدی  هەر ئەوە ماوە بە رۆشنببیر بوترێ مورید  و بە خەڵکی شاریش بوترێ دەروێش .


 سروە نوری عەزیز   ئەو رۆژانەی نیشتمان هی هەمووان بوو چرپەی مرۆڤە، توورەیی بێدەنگیە کاتێک کە راستی دەدوێت. ئەو "تاوە ئەستێرەیەیە کە هەستی رۆشنایی هەموو ئەستێرەی" ئاسمانی ئەدەبت دەداتێ.  هەندێ کتێب هەن هەر لە لاپەرەی یەکەمیەوە هێشووی وشەکان لە گەردنت دەئاڵێن و لێت دوورناکەونەوە. بە بەردەوامی بە نێو رەز و باخی رووداوەکاندا دەکەویتە پشکنین و هاوکاتیش نازانیت ئەم توولەڕێگایانە بەرەوکوێت دەبەن. ئەم کتێبە ئاوێنەیەکە سەختی ئازاری وازهێنان لەو خەونانەی ئەو رۆژانەی نیشتمان هی هەموان بوو نیشاندەدا. ئەو خەونانەی کە وازهێنانیان زۆر سەخترە وەک لە بوارنەدان بە خەون بینینیان.  ئەو رۆژانەی نیشتمان هی هەموان بوو، لە نوسینی  کاک هەڤاڵ کوێستانی لە چاپێکی نوێتردا، چاپی پێنجەمدا، کەوتە بەردەست خوێنەران. هەر لە لاپەرەکانی یەکەمیەوە رووداوەکان دەبنە ئاوێنەیەک و مێژووی نوێی نەتەوەکەتی تیادا دەبینی. هەندێجار فرمێسک ئاوێنەکە بەتەواوی لێڵدەکات، هەروەک ئەوەی لەنێو زەریایەکەدا مەلەبکەیت و ناشزانیت شەپۆلەکان بەرەو کوێت دەبەن. هەندێ کاتیش خەندە و هیواکانی ئەو رۆژانەی نیشتمان هی هەموان بوو دەتبەنە نێو جوانیەکانی تێکۆشان و یاخیبوونەوە.  ئەو نەوەیەی کە ئەشقی نیشتمان هەموو جوانی و خۆشی و بەختەوەریەکی ژیانی پێ لەدەستدا، زۆر بە ئاسانی لەگەڵ شەپۆلە ئارامەکانی زەریای بەرینی ئەو رۆژانەی نیشتمان هی هەموان بوو دەکەوێتە مەلە.  کێ ئەتوانێت رووی نیگەرانی و بێ دەسەڵاتی دایکوباوکی خۆی، لە رووی دایکوباوکی نوسەردا نەبینێ لەو کاتەی کە "ئەڵقەی نارنجۆکی هەواڵی چوونەدەرەوە" بە روویاندا رادەکێشێت.  ئەو ئاگرەی نوسەر بەریدەداتە دارستانی هیواوخەونەکانی دایک و باوکی لەکاتێکا ماڵئاواییان لێدەکات، هەر ئەو ئاگرەش جگە لە "زەویەکی سووتەمەرۆ" بەولاوە شتێکی دیکەی لەدوای خۆیەوە بۆ هیچ دایکوباوکێکی ئەو رۆڵانەی، کە نەک هەر خۆی بەڵکو هەموو ئازیزانیشی کردبۆوە قوربانی نیشتمان، بەجێنەهێشت. ئەو رۆژانەی نیشتمان هی هەموان بوو بە شێوەیەکی زۆر بابەتیانە زرنگی داگیرکەرانی کوردستان و هێزوبێبەزەیی ئەو دینەی کە بۆتە بەهێزترین ئامراز لە چەوساندنەوەو سەرکوتکردنی گەل و وێرانکردنی نیشتماندا، نیشاندەدات. لە لاپەرەی ١٨ و ١٩ دا نوسەر بەشوێن سمی ئەسپەکانی لەشکرەکەی قەعقاع دا دەمانباتە نێو دۆڵی ئەسحابان و شەری نێوان عەرەبە موسڵمانە داگیرکەرەکان و جەنگاوەرانی کورد. بەراستی بەزەیم بە گەلەکەمدا دێتەوە لە کاتێکا "گۆری ئەسسحابان" بە پیرۆز دەزانرێت و سوجدەی بۆ دەبرێت و گۆری جەنگاوەرانی کورد، ئەو تێکۆشەرانەی کە بەرگرییان لە خاک و خەڵکی خۆیاندەکرد بە کافر دەناسێرین و بەردباران دەکرێن. زرنگی داگیرکەرانی کوردستان واتلێدەکات کە سوجدە بەریت بۆ هێزوبێبەزەیی ئەو دینەی کە تێکۆشەرانت بە کافران پێدەناسێنێت. ئەوەی کە جێگای داخ و نیگەرانیە، مەلا و زانائاینیەکانی کوردستان دەسەڵات و توانای خۆیان لە هاندانی هەستی نیشتمانپەرەوەری و بەرگریکردن لە خاک و نیشتمان بەکارنەهێناوە و بەکارناهێنن.  بە پێچەوانەی مەلاکانی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستانەوە کە هەمیشە بەرگری لە دەسەڵاتی دەوڵەتەکانی خۆیان دەکەن، تەنانەت کوردکوشتنیش لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە حەڵاڵ دەکەن.  لە لاپەرەی١١٧ ئەم کتێبەدا بە خێزانە بەختەوەرەکەی مام ئەحمەد و پوورە کەسکێ ئاشنادەبین. ئەم خێزانە لە ژوورێکی بچوکی قورینەدا لە زەڵێ دەژین. ژوورێک، یا راستر کوخێک کە خاڵیە لە هەموو ئاسانکارییەک بۆ ژیان و کاروئیشی رۆژانە هاوکات ماڵێکی گەورە لێوانلێوە لەگەرمی و خۆشەویستی. ئەو ماڵەی، ئەو نەوەیەی نیشتمانی لە هەگبەی کۆڵیدا دەگێرا بێبەشکرابوو لەو بۆنەی کە ئارامی و دڵنیایی بە رۆحی دەدا.  ئەوەی کە جێگای سەرنج و تێروانینە، ئەم خێزانە کە لە سنووری ئەو چیایانە، دوور لە شار و شارستانیەت دەژیان، بە شێوازێکی مرۆڤدۆستانە  بۆ هاوسەرگیریی کچ و کورەکانیان دەنواری. لە کاتێکا کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان کە وەک رێکخراوێکی مارکسی - لینینی خۆی دەناساند، بیرۆکەی عەشایەری و تێروانینی دینی و کۆنسەرڤاتیزم بەرامبەر کچان و ژنان زۆر سروشتی بوو لەلایان.  مام ئەحمەد و پوورەکەسکێ نەخوێندەوار بوون، لە نێو دٶڵێکدا گەورەببوون و هەر لەوێشدا ژیانیان دەگوزەراند، مەودای بیرکردنەوەیان سنووری دۆڵی زەڵێ یان جێنەدەهێشت، هاوکات جوانترین شێوازی مرۆڤدۆستانە و ئاشتیخوازانە و لیبراڵیان بۆ چارەسەری کێشەی دڵدارودڵخواز پێرەودەکرد. چەند جوان و چەند بە سادەیی و بێکێشە چارەسەر، بۆ گرفتێکی کۆمەڵایەتی، کە لای زۆرینەی خەڵکی کوردستان گەورەترین کێشەی کۆمەڵایەتیە، دەدۆزنەوە. هەر بە هەمان شێوەی مینە کاتێک ژنەکەی رەدوو دەکەوێ بەهیچ شێوەیەک بیرلە ئازاردان ناکەتەوە. بەڵکو هەوڵدانیان هەمیشە بۆچارەسەرێکی ئاشتیخوازانەیە بۆ پەسەندکردن و لەیەکترنزیکبوونەوە. لە کۆمەڵگە مرۆڤدۆست و دیموکراسیەکاندا سەخترین سزا لە کوشتنی مرۆڤدا پەیرەودەکرێت. لە وڵاتی ئێمەدا سەخترین سزا لەسەر خۆشەوسیتی پەیرەودەکرێت. خۆزگە لە کوردستانەکەی من و تۆشدا و لە هزری هەموو دایکوباوکێکدا، چارەسەری کێشەی دڵدارودڵخواز ئەو چارەسەرەی مام ئەحمەدو پوورەکەسکێ هەڵدەبژێردرا و لاوان و گەنجان چیتر ژیانیان لێنەدەکرایە دۆزەخ. وێنە شیعرییە ناوازەکان لە سەردانی کوێستانی مەکێ و رەشماڵی ماڵی کاڵێ مرۆڤ دەباتە نێو دنیای جوانی و پر لەهەستی بێگەردی خۆشەوسیتی. هاوکات پرنسیپەکانی ئەو ئایدۆلۆژیایەی کە نوسەری کردۆتە دەروێش بۆی دەرئەنجامێکی جیاواز لەو دەرئەنجامەی کە کاڵێ یا خوێنەر چاوەروانیەتی، لێیدەکەوێتەوە. دەربرینی هەستی خۆشەوسیتی بەو شێوە کراوەیی و راستگۆییە شێوازێکی نوێ و ناوازە لە نێو ئەدەبی بیرەوەری کوردیدا.  ئەو رۆژانەی نیشتمان هی هەموان بوو وێنەی ژیانی لە خۆبووردەیی چەندین پێشمەرگە و کادر و سەرکردەی ئازاو لێهاتووی شۆرشی نوێ، لە شەری پارتیزانیدا دەنەخشینێت. هاوکات هەبوونی ڕێبەرێکی بەتوانا کە بەرژەوەندی گەل و نیشتمان بخاتە پێش بەرژەوەندیی خۆی و پارتەکەیەوە و شۆڕشی نوێ بگەیەنێتە کەناری ئارام و سەرکەوتن، لە ئامادەنەبوونیدا دەدرەوشایەوە. ئەمەش هۆکارێکی گرنگە لەو هۆکارە سەرەکیانەی کە تا ئێستا پرسی کوردی، لە سنووری شاخەکانی کوردستان تێنەپەراندوە و ئەم پرسەی نەک هەر نەکردۆتە پرسێکی نێونەتەوەیی، بەڵکو نەشیتوانیوە پرسی ئەم گەلە بکاتە پرسێکی نەتەوەیش. لێرەدا گەلی ئیسرائیل م بەیاددێتەوە، یەکێک لە گرنگترین هۆکار بۆ دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل هەبوونی رێبەر بوو.  لە دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرایل رێبەرەکانیان پرسی جینۆسایدی شەش ملیۆن لە خەڵکی جولەکەیان لە لایەن ئەڵمانیای نازیەوە، بە شێوەیەکی وا ژیرانە، لەگەڵ هێزە براوەکانی شەری جیهانی دووەمدا بەکارهێنا کە هیچ چارەسەرێکی تر بۆ ئەم پرسە جگە لە دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل، نەهێڵنەوە. جێگای داخێکی گرانە کە کۆمەڵکوژی و جینۆسایدو ئەنفال و کیمیابارانیش نەبۆوە هۆی لەدایکبوونی رێبەرێک، کە چیتر نەوەکانی داهاتوو لە ژیان نەتۆرێنێت.  لە کاتی شەری نێوان ئێراق و ئێراندا، لەکاتێکا کە دوو رژێمی داگیرکەری کوردستان خەریکی بێهزکردنی یەکتریبوون و شەری تۆپ و تەیارەیان لە سەرخاکی یەکتر ئەنجامدەدا، سیاسەتمەدارانی نێو بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد لە باشوور و رۆژهەڵات تێکۆشانی سەرەکیان لە پێناوی بێهزکردن و سرینەوەی یەکتریدابوو. لەبری سوودوەرگرتن لەم دەرفەتە و تێکۆشان بۆ یەک ئامانج و یەکخستن و پێکەوەگرێدانی خەبات و تێکۆشانی باشوور و رۆژهەڵات و بەکارهێنانی تەواوی هێزی خۆیان لەبەهێزکردنی یەکتریدا، بە پێچەوانەوە، زۆربەداخەوە هەریەکەیان پەنادەباتە بەر دوژمن و داگیرکەری بەشەکەی تری وڵات و ئازایانە لە بێ هێزکردن و سرینەوەی یەکتردا تێدەکۆشن.  ئەم ناتەباییە و نەبوونی یەک پەیامی کوردستانی هاوبەش، پرسی کوردی وەک نەتەوەیەکی چەوساوەی بێدەوڵەت لەسەر مێزی گفتوگۆی نێودەوڵەتی بەچەندین دەیە دوورخستۆتەوە. لەو بروایەدانیم سیاسەتمەدارانی هیچ نەتەوەیەک وەک سیاسەتمەدارانی گەلی کورد توانیبێتیان نەوە لە دوای نەوە بکەنە قوربانی خۆشبەختی خۆیان و بنەماڵەکانیان. ئەو رۆژانەی نیشتمان هی هەمووان بوو، راستگۆیانە ئەم ناکۆکیە دەروونیانەی سیاسەتمەداران ئاشکرادەکات. ماڵێکی پەرتەوازە رووخانی زۆر ئاسانە. لەکاتی بۆردومانکردنی هەڵەبجە و دێهات و شارۆچکەکانی کوردستان بە گازی کیمیاوی، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، ویستیان بەیانێکی نارەزایی بەرانبەر دەوڵەتی ئێراق دەربکەن و هەڵوێست وەربگرن، بەڵام هەندێ لە دەوڵەتانی عەرەب دژی ئەو هەڵوێستەی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتوەکان بوون و رێگایان نەدا کە بەیانێک لەو شێوەیە ببێتە راستی. (لە بەرنامەیەکی رادیۆی P1 لە شاری ستۆکهٶلم لەسەروبەندی لێدانی رژێمی سەدام دا، بە بەشداری جێگری سکرتێری ئەو کاتەت UN، رەخنەم ئاراستەی UN کرد لە بێهەڵوێستیان بەرانبەر ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە، لە وەڵامدا جێگری سکرتێری UN  ئەو روونکردنەوەیەی دا).  هاوکات هەمیشە سیاسەتمەدارانی کورد، لە شۆرشی ئەیلول و لە شۆڕشی نوێشدا پاڵپشتی وڵاتانی عەرەبی بوون لەو کاتانەی شەریان دژی دەوڵەتی ئیسرائیل بەرپاکردوە. هەروەک لە لاپەرەی ٣٥٣ دا نوسەر هاوسۆزی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٨ دا و پشتگیری مەلا مستەفا لە ساڵی ١٩٦٧ دا بەرانبەر بە رۆڵی وڵاتانی عەرەبی لە دژی ئیسرائیل نیشاندەدا.   ئەو رۆژانەی نیشتمان هی هەموان بوو راستگۆیانە باس لە مێژووی سەردەمێک دەکات وەک خۆی. سەرکەوتوانە خوێنەر بەرەو رووداوەکان رادەکیشێت، هاوکاتیش واز لە خوێنەر دێنیێت کە خۆی بریار بدات ئەو رووداوانە چۆن ئاوێتەی یەکتری دەبن و کاریگەری لەسەر یەکدی دروست دەکەن. هونەری هێزی هەڵوێست و ئازایەتی لەوەدایە، کاتێک مرۆڤ بە پێچەوانەی ئاراستەی شەپۆلەکانی زەریا مەلەدەکات. لەوکاتانەی کە هوشیارە ئەو شەپۆلانە نایانگەیەنێتە کەناری ئارام، بەردەوام نابێت. ئەو کاتەی کە نرخی مرۆڤ هیچ رێزێکی بۆ دانانرێت و سنووری ئازادی بیروباوەر هەروەک سنوورە دەسکردەکانی پارچەکانی کوردستان، بە بەردەوامی لە ژێرچاودێریدایە، نوسەر ئازایانە هەڵوێستی خۆی ئاشکرادەکات و بەردەوام نابێت.  مێژوو هەمیشە لەلایەن هێزە سەرکەوتووەکانی شەڕەوە نوسراوە و دەنوسرێتەوە، هەر بۆیە کتێبخانەی کوردی، بەداخەوە زۆر هەژارە لە مێژووی نەتەوەکەی خۆی. کتێبی ئەو رۆژانەی نیشتمان هی هەموان بوو دەکرێت ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگی مێژووی نەتەوەی کورد لە زانکۆ و کۆلیژەکاندا، بۆ ئەو ساڵانەی کە ئەستووری زۆرداری رژێمی بەعس هەموو سنوورێکی بەزاندبوو. لەبەرانبەریشدا نیشاندانی مێژووی پر لە ناکۆکی و دووبەرەکی سیاسەتمەدارانی کورد و پارت و رێکخراوەکان.  ئەم کتێبە دەتوانرێت بکرێتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ لێکۆڵینەوە لە زۆر بابەتی مێژوویی و کۆمەڵایەتی لەلایەن مێژوونوسان و لێکۆلەرەوانەوە.   ئەو رۆژانەی نیشتمان هی هەموان بوو کانیەکی سازگارە لێوانلێوە لە گەوهەر.  بەڵێ ئەو رۆژانە نیشتمان هی منیش بوو.   


عارف قوربانی   یه‌كێك له‌و كاره‌كته‌ره‌ سیاسییانه‌ی كورد كه‌ لەدوای كه‌وتنی سه‌دام له‌ به‌غدا بوو، بۆی گێڕامه‌وه‌ گوتی رۆژێك له‌گه‌ڵ پۆڵ برێمه‌ر حاكمی مه‌ده‌نی عێراق له‌ ژووره‌كه‌ی دانیشتبووین باسی ره‌وشی ئه‌منیی عێراقمان ده‌كرد، رۆژی پێشووتر ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ كه‌ربه‌لا روویدابوو و ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی كوژرابوون. من گوتم ئه‌مڕۆ مه‌راسیمی گه‌وره‌ هه‌یه‌ له‌ كه‌ربه‌لا به‌هیوام باش كۆنترۆڵ كرابێ‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ كرده‌ی تیرۆریستی رووبدات، قوربانیی زۆر زۆری لێده‌كه‌وێته‌وه‌. كۆنترۆڵی ته‌له‌ڤزیۆنه‌كه‌شم به‌ده‌سته‌وه‌ بوو به‌نێو كه‌ناڵه‌كاندا ده‌گه‌ڕام، له‌و كاته‌دا چووه‌ سه‌ر دیمه‌نی راسته‌وخۆی مه‌راسیمی شیعه‌كان كه‌ به‌ سه‌تان هه‌زار كه‌س به‌شدارییان كردبوو، له‌سه‌ر ئه‌و كه‌ناڵه‌ رامگرت و گوتم ئه‌وه‌ كه‌ربه‌لایه‌. پۆڵ برێمەر وایزانیبوو ئیمامی حوسێن لە تەقینەوەیەکی 2003 لە کەربەلا کوژراوە    له‌ناو دیمه‌نه‌كاندا جارجار زوومی كامێرا ده‌چووه‌ سه‌ر كاره‌كته‌ره‌ سیاسی و سه‌ركرده‌كانی شیعه‌‌ كه‌ له‌ مه‌راسیمه‌كەدا‌ به‌شداربوون و ئه‌وانیش وه‌ك به‌شداربووانی دیکە شینیان ده‌گێڕا. پۆڵ برێمه‌ر به ‌ده‌موچاو هه‌ندێك له‌ سه‌ركرده‌كانی ده‌ناسییه‌وه‌، لێی پرسیم ئه‌وه‌ بۆ هه‌موویان ده‌گرین، منیش گوتم بۆ ئیمام حوسێن. برێمه‌ر لێی پرسیم: ئایا له‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی دوێنێ‌ كوژراوه‌؟ پێم گوت نه‌خێر، 1400 ساڵ پێشتر كوژراوه‌، به‌ڵام شیعه‌كان ساڵانه‌ وه‌ك نه‌ریت چه‌ندین بۆنه‌یان هه‌یه‌ بۆ ئه‌م رووداوه‌، ئیتر كه‌وتمه‌ گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی كوشتنی حوسێن و گوتم ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ش سه‌دام حوكمی كردووه‌ رێگه‌ی نه‌داوه‌ به‌ ئازادی ئه‌م مه‌راسیمانه‌ بگێڕن، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌مساڵ بۆ یه‌كه‌مجاره‌ به‌ ئازادی ئه‌و یاده‌ ده‌كه‌نه‌وه،‌ بۆیه‌ ده‌بینی هه‌ست و سۆزێكی تێكه‌ڵ به‌ ئازادییان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ماته‌مینییه‌كه‌یاندا، كه‌ من ئه‌م قسانه‌م ده‌كرد، پۆڵ بریمه‌ر چووبووه‌ ناو خه‌یاڵێكی قووڵه‌وه ‌و چاوی له‌سه‌ر شاشه‌كه‌ نه‌ده‌جووڵاند، واهه‌ستم كرد ره‌نگه‌ گوێی نه‌دابێته‌ قسه‌كانم، كه‌ من راوه‌ستام برێمه‌ر گوتی ئه‌وانه‌ی تۆ ده‌یڵێیت هه‌مووی باسی رابردووه‌، به‌ڵام من بیر له‌ داهاتوو ده‌كه‌مه‌وه‌، ده‌بێت ئه‌مانه‌ ئاینده‌ی عێراق به‌ره‌و كوێ‌ ببەن؟   ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ مێژووی ئه‌م نزیك به‌ هه‌ژده‌ ساڵه‌ی عێراق، پێویستی به‌هیچ توێژینه‌وه ‌و خۆماندووكردنێك نییه‌ تاوەکو ئه‌و ئه‌نجامه‌ به‌ چاوێكی روون ببینیت، کە ئه‌و عه‌قڵه‌یه‌ته‌ عێراقی به‌كوێ‌ گه‌یاندووه‌. دیمه‌نه‌كانی كوشتنی هه‌زاران كه‌س له‌ مامۆستای زانكۆ و پزیشك و ئه‌ندازیار و ئه‌فسه‌ر و فڕۆكه‌وان و ئه‌كادیمسته‌كانی سووننه‌ ته‌نیا له‌سه‌ر (ناوه‌كانیان)، به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی تێبگه‌یت عێراق چ خه‌راباتێكه‌. وێناكردنی داهاتووش هێنده‌ ئه‌ركێكی قورس نییه‌ تاوەکو پێویستی به‌ لێكۆڵینه‌وه‌و شه‌نوكه‌وكردن و تێگه‌یشتن له‌ ئامانج و ستراتیجی شیعه‌كان بێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌وه‌ تێبگه‌یت پاش ده‌ ساڵی دیکە عێراق چی به‌سه‌ر دێت. هیچ ده‌سه‌ڵاتدارێك هێنده‌ی شیعه‌كان له‌وه‌دا شه‌فاف نه‌بوون،‌ كه‌ به ‌ئاشكرا ده‌یانه‌وێ‌ پێكهاته‌ مه‌زهه‌بی و ئیتنیكییه‌كانی دیکە له‌ناو مه‌زهه‌بی شیعه‌دا بتوێننه‌وه‌. ئه‌وه‌ی سه‌دام ده‌یویست به‌ پرۆسه‌ی ته‌عریب بیكات و نه‌یتوانی هه‌موو ئامانجه‌كانی بپێكێت، ئێستا ئه‌مان به‌ سیاسه‌تی ته‌شه‌یوع به‌ره‌و لووتكه‌ سه‌رده‌كه‌ون.   شیع له‌وه‌دا شه‌فافن،‌ كه‌ به ‌ئاشكرا ده‌یانه‌وێ‌ پێكهاته‌ مه‌زهه‌بی و ئیتنیكییه‌كانی دیکە له‌ناو مه‌زهه‌بی شیعه‌دا بتوێننه‌وه‌     ته‌نیا له‌ دوو كرده‌ی پرۆسه‌ی (هێنان و راوه‌دوونانی داعش) كۆتاییان به‌ هه‌ژموون و له‌مپه‌ری سه‌ت ساڵه‌ی سوننه‌كان هێنا. به‌ ده‌ركردنی یاسا بۆ پارێزگاریی له‌ شوێنه‌ پیرۆزه‌كانی شیعه‌ و به‌یاساییكردنی حه‌شدی شه‌عبی كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و پێویستییه‌ دروستكرا ئه‌ركی پاراستنی شوێنه‌ پیرۆزه‌كانه‌، كه‌وتنه‌ سه‌ر راسته‌ڕێی ئه‌و قۆناخه‌ش كه‌ كوردیش به‌ ده‌ردی سوننه‌كان ببه‌ن و زۆر زووتر له‌وه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌كرا، به‌هۆی بیرنه‌كردنه‌وه‌و بێئاگایی كورد له‌وه‌ی چی له چوار‌ده‌وری ده‌گوزه‌رێت، خه‌ریكه‌ له‌ گه‌یشتن به‌م ئامانجه‌ش نزیكده‌بنه‌وه‌.   له‌م رۆژانه‌ی رابردوو له‌ كه‌ناڵی ئاسمانیی كه‌ربه‌لا راپۆرتێكم بینی كه‌ له‌ تیمێكی پسپۆڕی مێژوویی و جوگرافی و ئاسه‌وارناس پێكهاتبوون ده‌ستیان به‌ گه‌شتێكی كنه‌وپشكنین كردبوو بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و رێگەیه‌ی مه‌وكیبی سه‌ری حوسێن و سه‌بایه‌كانیان له‌ كووفه‌وه‌ پێدا بردووه‌ بۆ شام. چیرۆكه‌كه‌ به‌و جۆره‌ ده‌گێڕنه‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی حوسێن له‌ کووفه‌ ده‌كوژرێت سه‌ری له‌لاشه‌كه‌ی ده‌كه‌نه‌وه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌و كچ و ژنانه‌ی ده‌ستگیرده‌كرێن به‌ كاروانێك به‌ڕێده‌كرێن بۆ شام تا وه‌كو دیاری پێشكه‌ش به‌ ركابه‌ره‌كه‌ی بكرێت. تیمه‌كه‌ موژده‌ی ئه‌وه‌یان ده‌دایه‌ شیعه‌كان كه‌ رێگەكه‌یان دۆزیوه‌ته‌وه‌ و به‌ ئاسکی موسڵ و نزیك ته‌لەعفه‌ر و به‌ناو شنگالدا تێده‌په‌ڕێت.    شاراوه‌ نییه‌ شیعە‌ چاویان بڕیوه‌ته‌ سه‌ر كورد و كوردستان و نه‌یان شاردووەته‌وه‌ كورد وه‌ك مه‌ترسی به‌رده‌م خۆیان وێنا ده‌كه‌ن   هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م چیرۆكه‌ كۆنه‌ و شیعه‌كان زۆر له‌ مێژه‌ سێ‌ وێنایان وه‌ك ئه‌گه‌ری رێگەی گه‌یشتن له‌ كووفه‌ شوێنی كوشتنی ئیمام حوسێنه‌وه‌ بۆ دیمه‌شق شوێنی نیشته‌جێی یه‌زدی كوڕی مه‌عاوییه‌ كێشاوه‌و زۆر توێژنه‌وه‌و لێكدانه‌وه‌یان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڕه‌چاوكردنی هۆكاره‌كانی گواستنه‌وه‌ی ئه‌وكات رێگەكه‌ بدۆزنه‌وه‌. ئه‌مه‌ پرسێكه‌ هێشتا به‌ شاراوه‌یی ماوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی شاراوه‌ نییه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شیعه‌ زۆر به‌ باشی توانیویەتی وه‌به‌رهێنان له‌ ئایین و مه‌زهه‌ب و ئه‌و چیرۆكانه‌ بكه‌ن كه‌ له‌ مێژووی ئیسلامدا روویانداوه‌. ئێستاش شاراوه‌ نییه‌ كه‌ چاویان بڕیوه‌ته‌ سه‌ر كورد و كوردستان و نه‌یانشاردووەته‌وه‌ كورد وه‌ك مه‌ترسی به‌رده‌م خۆیان وێنا ده‌كه‌ن. بۆیه‌ زۆر به‌ ئاسانی ده‌توانن سه‌رنجی شیعه‌ بگوازنه‌وه‌ بۆ هه‌ر جوگرافیایه‌ك كه‌ پێویستیان پێیه‌تی. دوای كه‌وتنی سه‌دام له‌ ناوچه‌كانی دوزخورماتوو چیرۆكێكیان دروستكرد به‌وه‌ی ئه‌سپه‌كه‌ی ئیمام عه‌لی له‌سه‌ر ئه‌و كێوه‌ راوه‌ستاوه‌ كه‌ ده‌ڕوانێته‌ سه‌ر خورماتوو و ناوچه‌كانی بناری گلدا، ئیدی به‌زۆری زۆرداری كردیانه‌ زیاره‌تگایه‌ك و هێزیان بۆ پاراستنی دروستكرد و ئه‌نجامی رووداوه‌كانیشمان بینی ئه‌و ناوچه‌یه‌ چی به‌سه‌رهات.     كه‌م نه‌بوون ئه‌وانه‌شی له‌ سه‌ره‌تای هاتنی داعش و گۆڕینی ئاراسته‌كه‌یان له‌ ده‌روازه‌كانی به‌غدا و سامه‌ڕاوه‌ بۆ گرتنی شنگال به‌وه‌ لێكده‌دایه‌وه‌ كه‌ شنگال ئه‌گه‌ر له‌ رابردوودا قوربانیی ئایین و نه‌ته‌وه‌ بووبن، ئه‌مجاره‌ بوونه‌ قوربانیی جوگرافیاكه‌یان و گرتنی شنگال بۆ ته‌واوكردنی پرۆسه‌ی پێكه‌وه‌به‌ستنی هیلالی شیعی بوو، رێگەی گه‌یشتنی ئێران به‌ شام. ئه‌گه‌ر ئه‌وكات باوه‌ڕ به‌و راستییه‌ نه‌ده‌كرا، ئیدی ده‌بێت كورد به‌ئاگابێته‌وه‌و ورووژاندنی ئه‌م چیرۆكه‌ تازه‌یه‌ كه‌ سه‌ری حوسێن به‌ خاكی كوردستاندا گوازراوه‌ته‌وه‌ بۆ دیمه‌شق، ئاماژه‌ی روون و ئاشكران بۆ پلانی داهاتووی شیعه‌ كه‌ ده‌ست به‌سه‌ر ته‌واوی ئه‌و ناوچانه‌دا ده‌گرێت.   هه‌موومان ده‌زانین كاریگه‌ریی ئه‌و هه‌ست و سۆزه‌ دروستكراوه‌ تاوەکو چ ئه‌ندازه‌یه‌ك بۆ ناو قووڵایی دڵ و ده‌روونی تاك به‌تاك و ناو كۆمه‌ڵگه‌ی شیعی شۆڕبووه‌ته‌وه‌. ئه‌وه‌ش ئاشكرایه‌ كه‌ چه‌ند به‌ند و بڕگه‌ی ده‌ستووری و یاساییان سه‌پاندووه‌ به‌ناو بۆ پارێزگاریی له‌ شوێنه‌ پیرۆزه‌كانی شیعه‌. سبه‌ینێ‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی مه‌رجه‌عێكیان داوایكرد پێویسته‌ پیرۆزیی ئه‌و رێگەیه‌ بپارێزین، به‌دڵنیاییه‌وه‌ جێپێی هه‌ر ژن و كچێكی لایه‌نگری حوسێن كه‌ وه‌ك سه‌بایا گوازراونه‌ته‌وه‌، به‌ سریه‌یه‌كی حه‌شدی شه‌عبی پڕده‌كه‌نه‌وه‌. پێویسته‌ كورد ئه‌مه‌ وه‌ك ئاماژه‌یه‌كی مه‌ترسیدار و راگه‌یاندنی سیناریۆیه‌ك بۆ ئاماده‌كردنی رای گشتی شیعی بۆ په‌لاماردانی كوردستان ببینێت.   دەبێت کورد سیناریۆی شیعەکان وەک ئاماژەیەکی مەترسیدار بۆ په‌لاماردانی كوردستان ببینێت   خێره‌ 1400 ساڵه‌ په‌ییان به‌و نهێنییه‌ نه‌بردووه‌ كه‌ له ‌كام رێگەوه‌ سه‌ری حوسێنیان بردووه‌ بۆ شام، ئێستا لەم کاتەدا موژده‌ی دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌كه‌ ده‌ده‌ن به‌گوێی رای گشتی شیعه‌دا، كه‌ ئه‌و رێگه‌یه‌ كوردستانه‌؟ rudaw


ئەبوبەكر حەسەن 1 بەردەوام ویستومە لەوە تێببگەم بۆچی شیخەکان وەک چین و  وەک پەوەندی نێوان شێخ و موریدیش دەتوانێت زیاتر لە هەر چینێکی دیکەی وەک مەلا، بەگ و ئاغا خۆی ڕابکێشێت و خۆی درێژ بکاتەوە و حۆی بەرهەم بهێنێتەوە ؟ بۆچی شێح/ شێخایەتی لە ناو دام و دەزگای مۆدێرنی ئێمەدا وە بکەرو وەک ستراکتورێکی بیناکەر ئامادەیە؟ بۆچی لە حزبی شیوعی عێراق و کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، کۆمەڵەی مارکسیستی ـ لیننیی کوردستان، پاسۆک، ئیسلامییەکان، سۆسیالیست، برووتنەوەی گۆڕان، عێراقچێتیی و حزبی بەعس، مەلەکییەت و شا پەرستیی....شێخەکان هەم دامەزرێنەر بوون، هەمیش لە سەرەوە بوون. ئەگەر بڕیار بێت حزب و پارتی سیاسیی دیاردەیەکی مۆدێرن و نوێ بێت، بۆچی شێخایەتیی تێنەپەڕاند ؟ بۆچی لە بری ئەوەی شێخ بەکاربهێنێت، ئەوە شێخەکان بوون پارتە سیاسییەکانیان بەکار دەهێناو لەو ڕێگەیەوە خۆیان و ستراتیژی هەیمەنەکردن و خۆ بەرهەمهێنانەوەیان سەر ڕێگا دەخست؟ ئەگەر بڕیارە پارت و ئایدیۆلۆژە چەپ و مارکسیستەکان لە سەر بنەمای داکۆکیکردن لە بەشمەینەت و ڕەنجدەران بیناکرابێت، بۆچی شێخەکان وەک چیای زاڵ و باڵادەست لەوێش ئامادەن و هەیمەنەیان هەیە ؟ ئەگەر بۆ پارتەناسیۆنالیستەکان و ئەو هیرارییەتەی ئەم پارت و بزووتنەوە ناسیۆنالیستییانەی لە سەر بیناکراوە بڕێکی زۆر ئاسایی بێت، ئەوا بۆ پارتێكی مارکسیی شۆڕشگێڕو ڕادیکاڵ شێخەکان خەریکی چین و سەرقاڵی بەرهەمهێنانەوەی چین ؟ ۲ منەورەکانی ئێمە لە دەیەی دووەم و سێیەمی سەدەی بیستدا زۆربەیان شێخەکان بوون. شاعیرانێک، نووسەرو ئەدیب و مێژوونووسەکانمان زۆریان شێخن. واتە هاوڕێ و هاوشان لە گەڵ کایەی سیاسیی و برووتنەوەو پارتە سیاسییەکانماندا، کەم نین ئەو شێخانەی کە منەور، پێشكەوتوخواز وخوێنەوارەکانی دونیای کوردی بوون. لێرەوە ئێمە هاوڕێی دەستگەیشتنێکی دیکەی شێخ و شێخایەتین بۆ سەرمایەو کاپیتاڵی مەعریفی، ڕەمزی. یاخود زۆربەی ئەو قوتابی و حوێندکارانەی لە نیوەی یەکەم و شەست و حەفتاکانیشدا دەچوونە زانکۆ کوڕە شێخەکان بوون. کەواتە ئێمە هاوڕێی ستراتیژی خۆ بەرهەمهێنانەوەو خۆ ڕاکێشان و ستراتیژی ئاوانەبوون و لە دەستنەدانی دەسەڵات و هەیمەنەیەکین کە دەست بۆ هەموو کایەو هەموو سەرمایەیەک دەبات. ۳ شێخایەتیی سەر باری ئامادەیی لە کایەی سیاسییدا، هێشتاكە سەرچاوەیەکی شەرعییەتدانی تیۆلۆژییە. واتە تەکیەو خانەقاکان کە موڵکی شێخەکان بوون، سەرچاوەی ماناو واتا تیۆلۆژییەکانیش بوون.تەریقەتی قادری و نەقشبەندی مۆنۆپۆڵکردنی مانا و تەفسیرکردنی ئاینیی و تێگەیشتن بوون لە دەقی پیرۆز. بەمشێوەیە گردبوونەوەیەکی سۆسیۆلۆژی خێڵەکی وەک دونیاو کۆمەڵگەی ئێمە  سەڕچاوە ئاینیی و سیاسییەکەیشی هەر بە دەست شێخەکانەوە بووە. قاچێکیان لە قیامەت و قاچەکەی دیکەیان لە دونیا. لە گەڵ شێخ و شێخایەتیدا ئێمە سیستەمێکی ئابووریی  تۆکمەمان هەیە ؛ سیستەمی سەرانەو باج (هیچ نامۆش نییە ئابووری ئێستای کوردستان لە هە.باشوردا سەر بە سەرانەیە نەک تاکس و داهاتێک لە دەهاتی مۆدێرن و پەیوەندییە پابوورییە سیاسییەکان. دەسەڵاتی سیاسیی ئێمە لە باشور سەر بە سەرانە کۆکردنەوەیە نەک باج لە حکومڕانییەکی دەوڵەتیی مۆدێرندا، تەنانەت ئابووری نەوتیش سەر بە ئابوورییەکی شوانکارەیە). کەواتە موقەدەس، سیاسەت، تەنویر و ئابووری پێکەوەو بە یەکداچوویی لە لای شێخەکان قۆرغکرابوو. بەڵام خزمایەتی و ژن و ژنخوازی هێشتاکە داخراوە. خاڵێکی زۆر گرنگیش لە ڕووی تێرمەوە ئێمە وشەی شێخ لە شەیخی عەرەبییەوە هاتووە کە بە مانای پیر بێت، بە مانای ئەزموون و حیکمەتێک کە لە بەساڵاچوونەوە دێت؛ هەمیشە کوڕە گەورەی شێخ جێکرەوەو میراتگری باوباپیران بووە. بە واتایەکی دیکە ململانێیەکی نەوەکان بوونی نەووەو، قودرەتی دەرکەوتنی ڕێ پێنەدراو بووە. هیرارکییەتێکی ستوونی و قوچەیی بەر مەبنای تەمەن کە دوواتر دەگوازرێتەوە بۆ ناو دام و دەزگای مۆدێرنی دونیای ئێمە لە پارتە سیاسیەکانیش. ئێستاش گەنجەکان یەکتر بە شێخە گیان بانگ دەکەن ٤ بەمشێوەیە ئێمە لە بەرانبەر بەرهەمهێنانەوەو خۆبەرهەمهێنانەوەیەکداین لە کۆمەڵگەی کوردیدا کە چ سەروکارێکی بە ململانێی چینایەتییەوە نییە بە تێگەیشتەنە مارکسییە ئەرسەدۆکسییەکەی، بەڵکو هاوڕێی بەرهەمهێنانەوەی سەرمایەو کاپیتالگەلێکی ناـ ماتریالین. سەرماگەلێکی ڕەمزی و سیمبۆلی. کۆبوونەوەی زۆرێک لە دەسەڵاتە غەیبانی، مەعریفی، سیاسیی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و شۆڕشگێڕییەکانیشین کە پێکەوە کۆکراونەتەوە لە تەکیەو خانەقادا. لە ناو ستراتیژی بەرهەمهێنانەوەی هەیمەنەو زاڵبوونداین کە بە ئاشکراو بە شاراوەییش خۆی بەرهەم دێنێتەوە. چینێک تا ئێستا توانیویەتی بمێنێتەوە، چینێک کە دەربڕی ستراکتورێکە بۆ پەیوەندی شێخ /مورید لە ناو تەواوی کایەکانی دونیای ئێمەدا. ئەرشیتێکتوری باڵەخانەو خانووی سەرکردەو سیاسییەکانمان دەبێت هەمیشە ژووری میوان، یاخود ژوورێکی تێدابێت لە سەر وێنەی میوانخانەو دیوەخان. ٥ ‎كە شێخەكان دامەزرێنەری شۆڕشە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانی ئێمەن، كە شێخەكان دامەزرێنەرو بكەری سەرەكی پارتە چەپ و كۆمۆنیست و سۆسیالیستەكانی ئێمەن، وشیاریی و خەمێك نییە بەرانبەر بە پرس و پرەنسیپێكی خەباتی نەتەوەیی/ چینایەتی، بەڵكو دابەشبوونێكی بە ئەنقەست  و ئەكتێكی ناو نەستی شێخەكانە لە ناو ستراتیژی خۆ بەرهەمهێنانەوەدا  كە نابێت ون ببن، نابێت ئاوا ببن و خۆریان ئاوق بێت، بەڵكو دەبێت لە هەموو شوێنێك بن، گوتاری باو و زاڵ لە ناو چەپ و ڕاستی دونیای ئێمەدا وەك ستراكتورو وەك ‎بكەریش، لە دەستی شێخەكان دەرنەچێت.


ساری أبوبکر زەڵمی  دەکرێت بڵێین لەکوردستاندا یەکێک لەو پرسیارانەی کە لە مێشکی زۆرێک لە تاکەکانی کوردستاندا گوزەر دەکات ئەوەیە کە (ئایا بۆچی کوردستان گەشتوەتە ئەم قۆناغەی ئێستا؟ بۆچی کوردستان لە پاش 30ساڵ حوکمداری هێشتا یەکێکە لە ووڵاتە دواکەوتوەکانی جیهان و دانیشتوانەکەی دەناڵێنن بە دەست هەژاری ونەبوونی و بەدەست نەهێنانی مافە سەرەتاییەکانیانەوە؟، بۆچی لێکدابڕانێکی فیکری و مەعریفی و ئەخلاقی قوڵ لەناو پڕۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستاندا پەیدا بووە بەجۆرێک کە کاریگەری گەورەی داناوە لەسەر شکستی پڕۆسەی سیاسی و لەدواجاردا بۆتە ھۆی شکستی سیستەمی ئابوری و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و کەلتوری و....ھتد؟، ئایا بۆچی هەڵبژاردنەکان هیچ کاریگەرییەکیان نیەو گوزەرانی خەڵک هەمیشە بەرەو خراپتر دەڕووات وەک ئەم بارودۆخە خراپەی کە ئێستا تێیدا دەژین)،  لەم بابەتەدا بە بەراوردێک بە بارودۆخی سیاسی کۆریای باشوور و هەرێمی کوردستان بەشێک لە وەڵامەکان بەکوورتی دەخەمە ڕوو. کۆریای باشوور لەساڵی 1997 هاوشێوەی ئێستای هەرێمی کوردستان توشی قەیرانێکی دارایی بوو كە هۆکارەکەی قۆرخکردنی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی کردن بە شیوازێکی تاکڕەوانە بوو. ئەم قەیرانە زیانی بە زۆربەی کەرتەکان گەیاند لەم ووڵاتەدا، بەڵام دواتر ئەوقەیرانی داراییە بو بە وانەیەک بۆ لۆمە کردن و بەخۆداچونەوەی دامەزراوە سیاسی و دیموکراسیەکان و هەست کردن بە کەمو کوڕییەکانیان، وە ڕاچڵەکین بوو لەو خەوەی کە فەرمانڕەوایی بە شێوازێکی تاکڕەوی و قۆڕخکاری ئەنجام بدرێت. لە پاش کەمتر لە یەک ساڵ لە سەرهەڵدانی ئەم قەیرانە، هەڵبژاردنەکانی پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجامدرا و لە ساڵی 1998 دا (کیم دائە جونگ) بوو بە سەرۆک کۆمار. کە پێشتر سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنەکان بوو بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ, لەپاش کێبەرکێیەکی بەهێز خەڵکی کۆریای باشور لە ساڵی 1998 دا وەک سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرا، لە پاش 10 ساڵ و لە ساڵی 2008 خەڵکی کۆریای باشوور جارێکی تر سەرۆک کۆماریان گۆڕی و (لی میونگ باک) کرا بە سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی کۆریای باشوور، ئەوەی گرنگە بیڵێم لە هەردوو هەڵبژاردنەکەدا هێزی سوپا و حیزب خۆیان بە دوور گرت لە هەڵبژاردنەکان و بە شێوازێکی دیموکراسی بەڕێوە چوون، حکومەتی (کیم دائە جونگ) بە شێوازێکی خێرا کاری کرد بۆ بەهێز کردنی ئاسایشی ووڵات و چاودێری کردنی ئابوری و دارایی ووڵات و کۆتایی هێنان بە قەیرانەکان، وە گرنگی تەواوی دا بە چاککردنی سیستەمی موچەو باشکردنی مووچەی خانەنیشینی و هاوکاری هەژارەکان کە گەورەترین کێشە لە هەرێمی کوردستاندا ئەم بابەتەیە . حکومەتی کۆریای باشوور دواتر دەستی کرد بە چاکسازی لە ئابووری ووڵاتدا و تا ڕادەیەکی زۆر باش بەرەو پێشی برد، وە چاکسازی کرد لە سەرجەم کەرتەکانی ووڵاتدا، وە هەروەها چاکسازی کرد لە یاساکانی ووڵاتدا بە یاسای هەڵبژاردنیشەوە. لەم سەردەمەدا بە شێوەیەکی ئاشکرا سەرجەم حزب و پارتە سیاسیەکان کێبەرکێیان دەکرد بۆ هەڵبژاردنی کاندیدەکانیان، وە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی هەمیشە لە هەوڵدا بوون بۆ وشیارکردنەوەی لایەنەکان لە دوورکەوتنەوە لە تەزویرات و گەندەڵی لە هەڵبژاردنەکاندا، وە هەموو لایەک هەوڵی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ووڵات بدەن، پێچەوانەی ووڵاتی خۆمان کە زۆربەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە خزمەتی دەسەڵات و حیزبدان و هۆکارن بۆ گەشەکردنی گەندەڵی.  دەسەڵاتی ( لی میونگ باک) بەردەوام بوو تا پێنج ساڵ و دواتر لە ساڵی  2013 لەسەر کار لابراو (پارک جیون هی) کرا بەسەرۆک کۆماری ووڵات و پاش ناڕەزایی دەربڕینێکی چەند مانگەی خەڵکی کۆریای باشور سەرەنجام لە مانگی ئازاری ساڵی 2017 بەتۆمەتی گەندەڵی ئیداری و ئابوری لەلایەن پەرلەمان و دادگای باڵای کۆریای باشورەوە لە کار دوورخرایەوە. و لە پاش ئەو (مون جای ئین ) کرا بە 19یەمین سەرۆک کۆماری مێژووی کۆریای باشور کە بە دەنگی هاوڵاتیانی کوریای باشور هەڵبژێردراو كرایە سەرۆک کۆماری ووڵات، کە کاندیدی حزبی دیموکراتی کوریای باشوربوو بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار.  گرنگە ئەوە بڵێم ئەم سەرۆک کۆمارە لە یەکەم بڕیاری سەرۆک کۆماریدا لە ساڵی 2017 لە ووتارێکیدا ڕایگەیاند: "پێکهێنانی دەوڵەتێکی شەفاف بۆ پەیوەندیگرتن لەگەڵ هەموو جیهان لە سەرەکیترین بەرنامەکانمە". ڕاشیگەیاند: "تەنیا پێوەر بۆ دانانی بەرپرسانی حکومی ئاستی پسپۆڕی و تواناکانیان دەبێت". چونکە دڵنیابوو لەوەی کە غیابی پسپۆڕی و ھوشیاری و ئاستی زانستی ئەم نوخبەیە، دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە ھەست بەو بەرپرسیارێتیە ئەخلاقی و شەرمە گەورەیە نەکەن و لێکدابڕانێکی فیکری و مەعریفی و ئەخلاقی قوڵ لەناو پڕۆسەی سیاسیدا پەیداببێت. بەجۆرێک کە کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر شکستی پڕۆسەی سیاسی و لەدواجاردا دەبێتە ھۆکایی شکستی سیستەمی ئابوری و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و کەلتوری و....ھتد، وەک ئەوەی كە ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا بە جۆرێک بەدی دەکرێت. دەمەوێت ئەوە بڵێم ئەگەر بە ووردی مێژووی ئەم ووڵاتە و سەرجەم ووڵاتانی پێشکەووتوی جیهان بخوێنینەوە دەبینین هۆکاری سەرەکی بەرەوپێش چوونیان بریتیە لەوەی کە دژی قۆڕخکردنی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی تاکلایەنە وەستاونەتەوەو چەسپاندنی دیموکراسی و بەدیهێنانی شەفافیەت و دژایەتی کردنی گەندەڵیان کردۆتە کاری لە پێشینەیان. بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا لە ساڵی 1991تا ئێستا دەسەڵاتی سەرەکی و کاریگەری ناو حکومەت و پەرلەمان هەمان دەسەڵات و هەمان سیاسەتە، وە قۆرخکردنی دەسەڵات گەشتۆتە ئاستێک کە ئامانجی سەرەکی سیاسەت فەرامۆش کراوە و میلەت نوقمی هەژاری و نەبوونی کراوەو هیچ مافێکی نیە بە مافە سەرەتاییەکانیشەوە کە مووچە یەکێک لەو مافانەیە، لە لایەکی تریشەوە هەڵبژاردن کە بە یەکێک لە هێماکانی هەر سیستەمێکی دیموکراسی دادەنرێت و بە یەکێک لەو ئامرازە گرنگانە دادەنرێ کە هاووڵاتیانی هەر ووڵاتێك لە کاتی ناڕەزاییەکاندا و بە مەبەستی وەرگرتنی مافەکانیان ئەنجامی دەدەن، کە تێیدا هاووڵاتیان دەتوانن لە ڕێگەی دەنگدان و هەڵبژاردنی نوێنەرانی خۆیانەوە بەشداری لە دەرکردنی بڕیار و بەڕێوەبردنی وڵاتدا بکەن، چونکە بەپێی کەلتووری سیاسی و سیستەمی دیموکراسی دونیای نوێ، ھەروەھا لەناو فەلسەفەی سیاسیدا مرۆڤ ئامانجی باڵایە، کۆی شتەکانی دیکە "سیاسەت، ئاین، زانست...ھتد" وەسیلەو ئامرازن و دەبێ بچنەوە خزمەتی ئەو ئامانجە باڵایەوە كە مرۆڤە.  وەک چۆن لە ووڵاتانی پیشکەوتووی جیهاندا سیاسەت، بریتیە لە ھونەری باڵا و ئەخلاق و بەرپرسیارێتی، ھەروەھا وەگەرخستنی تواناکانە بۆ بەدیھێنانی پێداویستە گشتیەکان بەباشترین شێواز، کە مرۆڤ تیایدا مومارەسەی ئازادیەکانی خۆی دەکات وەک بکەرێکی سۆسیۆلۆژی و عەقڵانی، لەم نیگایەوە سیاسەت ئامرازێکی گرنگە و دووبارە دەچێتەوە خزمەتی مرۆڤ کە ئامانجە باڵاکەیە، بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا سیاسەت ئەو واتایە ناگەیەنێت و بەڵکو سیاسەت داماڵراوە لەو بەها جوانانە، هەڵبژاردنەکانیش وەک بەشێک لە سیستەمی سیاسی و حوکمڕانی بە سیاسی کراوون و بەکاردەهێنرێن بۆ مانەوەی ئەو دەسەڵاتانەی کە چەندین ساڵە ووڵات بەڕێوە دەبەن. لە زۆربەی ووڵاتانی دونیادا دانانی سیستەمی هەڵبژاردن بە یەکێک لە گرنگترین بڕیارەکان دادەنرێت. وە ئەو ژینگە و زەمینەیەی کە تێیدا سیستەمی هەڵبژاردن دەستنیشان دەکرێت، بەئەندازەی خودی هەڵبژاردن گرنگە، لە هەموو جیهاندا هەڵبژاردن بۆ ئەوەیە خەڵک نوێنەری خۆی بۆ چەند ساڵێک دیاری بکات تاوەکو لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا خزمەتی بکرێت. سەرەڕای ئەمەش ئاماژەیە بۆ گرنگی تاک لەم دەوڵەتەدا کە سەنگ و پێگەی خۆی هەیە لە بڕیاردان، لە چارەنوسی ژیانی خۆی و گەلەکەی کە بیەوێت بە کام ئاڕاستەیدا ببات، کە زیاتر خزمەتکردن و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگایەتی. لەهەمان کاتیشدا هەر زوو ئەو لایەنەی کە براوە بووە دەست دەکات بە دروستکردنی حوکمەت و لەماوەیەکی زۆر کەمدا تەواوی پلانی کارەکەی دەخاتە ڕوو. بەڵام لە کوردستادا کاتێک هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، نە بۆ خزمەتکردنە، نە بۆ خۆشگوزەرانیە و نە تاکیش گرنگی و پێگەی خۆی هەیە وەک ووڵاتانی پێشکەووتو، بەڵکو هەڵبژاردن لە باشوری کوردستان تەنها بۆ ئەوەیە کە بە جیهان بڵێن ئێمە گەلێکی دیموکراس خوازین و گوێ لە ڕای گەل دەگرین، بەڵام لە ڕستیدا گوێگرتن لە ڕای گەل ئەو کاتەیە کە هەڵبژاردن خزمەتی گەلی پێبکرێت وەک پێشتر باسمان کرد لە کۆریای باشوور بە هۆی هەڵبژاردنەکانەوە چ گۆڕانکارییەک ئەنجامدراوە و چەند جار سەرۆکەکان گۆڕان و لەسەر کار لابران و بەهۆی هەڵبژاردنەکانەوە چ پێشکەوتنێک بەدیهێنراوە. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە، ژیانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی دابڕانێکی مۆڕاڵی و فیکری و مەعریفی قوڵ بۆتەوە، نەک ھەرئەمە بەڵکو بەرەو ئاستێکی نزمی کۆمیدی دابەزیوە، لە ئێستادا سیاسەت بەکۆمەڵێک ئامرازی سەیر بەستراوەتەوە بەدونیای مەجازیەیەوە، بەجۆرێک ئایدۆلۆژیای سیاسی بەتەواوی دابەزیوە بۆ ڕووبەرە گشتیەکان و ڕووبەرە کۆمەڵایەتیەکان، لەدواجاردا گاڵتەجاڕی و داڕمانی سیستەم و ئەخلاقی سیاسی شێوازێکی دیکەی ئەم کۆمیدیایەیە کە ئەم ئەزموونە سیاسیەی هەرێم خوڵقاندویانە. بۆیە دەکرێت بڵێین بارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1991تا ئێستا هۆکاری سەرەکیە بۆ دروست بوونی ئەم قەیرانە سەختەی کە دروست بووە، لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان ووڵاتێکی دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی و جوگرافیایەکی گونجاوی هەیە بۆ بازرگانی کردن و بەرەوپێش بردنی ئابووری ووڵات، بەڵام بارودۆخی سیاسی هەرێم وای کردووە کە هەموو کەرتەکانی ووڵات دوابکەون و بگەنە ئەم قۆناغەی ئێستا. بە ووتەیەکی نیکۆلا ماکیاڤیلی ئیتاڵی کۆتایی بە بابەتەکەم دەهێنم کە دەڵێت: جۆرێک لە گروپ و نوخبەی سیاسی هەن کە باوەڕیان بە بەکارھێنانی گشت ڕێبازێکە بۆ مانەوەو درێژەپێدانی دەسەڵاتی شکست خواردووی خۆیان، لەوانە (فەلسەفەی ئەخلاق، ئایین، ھێزو سوپا، پیلان و خەڵاتاندن و فێڵ، درۆ و بەرتیل و جاسوسی، خۆسەپاندن... ھتد).   * ماستەر لە پلاندانان و گەشەپێدانی ئابووریدا


 عەلی مستەفا کەریم پاش ریفراندۆم مەسعود بەرزانی وەکو سەرۆکی هەرێم ڕاستەوخۆ، ئەگەر بە روکەشیش بێت، لە سیاسەت کشاوەتەوە و ئێستە دەسەڵاتی ئەم حیزبە و حکومەتی هەرێمیش لە هەولێر بە دەست کوڕ و برازاکەوەیەتی، کە نەوەی نوێی ئەو حیزبەن. یەکێتی بە هەمان شێوە، پاش مەرگی جەلال تاڵەبانی و ململانێیەکی چەند ساڵە لە فەوزا و باڵباڵێن، ئێستە نەوەی نوێی سکرتێرەکەی، کە قوباد و پاڤێڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگین، جڵەوی حیزب و پارە و ئاسایش و پێشمەرگەیان بە دەستەوەیە. لەسەردەمی نەوەی نوێی هەردو بنەماڵە و حیزبدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە خراپترین و دژوارترین دۆخی ئابوری و سیاسی خۆیدایە، کە نەکو ناتوانێ موچە دابین بکات بۆ کارمەندانی و موچەخۆرانی، بەڵکو قەوارەکەی، پاش سی ساڵ بە هەڵواسراوی، لەبەردەم هەڵوەشانەوەدایە. لەم دۆخە ناهەموارەشدا هەمو ساتێک ئەگەری هەیە خۆپیشاندانی خەڵکی ناڕازی، کە لەشێوازی ئاشتییانە دەرچوە، داروبەرد بەسەریەکدا بدات. بۆیە خۆپیشاندانەکانی ئایندە ترسی ئەوەیان لێدەکرێت کە نەکو تەنها دەزگای حکومی و حیزبی و خزمەتگوزاری پەلامار بدەن، بەڵکو ئەوەیان لێدەخوێنرێتەوە کە ماڵوموڵکی دەوڵەمەند و سیاسییەکان پەلامار بدرێن کە چەندین ساڵە خەڵکی پێیانوایە بە زوڵم و گەندەڵی پێکەوەیانناوە و تەنانەت دەزگا پەروەردەییەکانیش بسوتێنرێن. ئا لەم دۆخەی نەوەی نوێی سیاسیەکانی هەرێمدا، وەکو ڕێکەوتێکی دیاردەی ئاینی و سیاسی، شێخی کەسنەزانی باوک وەفاتی کرد و کوڕەکەی کە شێخ نەهرۆیە وەکو نەوەیەکی نوێ بەیعەتی پێدرا. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە، کە ئایا نەوەی نوێی تەریقەتی قادری- کەسنەزانی کە شێخ نەهرۆیە تەریقەتەکە و شوێنکەوتوانی بە چ ئاراستەیەکدا دەبات، چ پلانێکی هەیە؟ ئایا شێخ نەهرۆ دەتوانێ تەریقەت ئاراستە بکات و نوێبکاتەوە و رۆڵی ئیجابی پێ بگێڕێ، یان ئەویش وەکو نەوەی نوێی حیزبەکان دۆخی تەریقەت لە خراپەوە بەرەو خراپتر دەبات؟!   «مۆدێلی مزگەوت بەرامبەر مۆدێلی تەکێ و خانەقا»  بەدرێژایی مێژوی ئاینی ئیسلام، یان لەو کاتەوەی کە ئاینی ئیسلام لە کوردستاندا فۆرمی گرتوە، دو مۆدێل لە ململانێ و رکابەریدان، ئەوانیش مۆدێلی مزگەوت بەرامبەر مۆدێلی تەکێ و خانەقان. مزگەوت پاڵپشتی لە فیقهو شەریعەت کردوە، لە بەرامبەردا تەکێ و خانەقا پاڵپشتییان لە تەریقەت و شێخایەتی کردوە. تەریقەت و ئاینداری لە کوردستاندا لە شێوازی شێخ و مورید و سۆفیگەری و دەروێشایەتی، کە ناوەندەکەیان تەکیە و خانەقابوە لەو مۆدێلە دێرینەیە کە لە یادەوەری تاک و کۆمەڵی کوردیدا ریشەی پێشینە و قوڵی هەیە. ئەم مۆدێلە چەند سەدساڵێکبوە لە ململانێدا بوە لەگەڵ مۆدێلی دوەمدا کە مەلایەتی و ئاراستەی شەریعەت نوێنەرایەتی کردوە کە ناوەندەکەی لە مزگەوت و حوجرەکاندا بەرجەستەبوە. ململانێی مزگەوت و مەلاکان کە خۆیان بە نوێنەری شەریعەت دەزانن  بەرامبەر بە سۆفیگەری و شێخایەتی کە پێیانوایە راستەوخۆ درێژکراوەی نەسەبی پێغەمبەرن و لە تەریقەتەوە بە راستییەکان دەگەن، چەند سەدساڵێک  بەتوندی لە هەمو ئاستەکاندا درێژەی هەبوە تاکو کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست. لە سەدساڵی ڕابردودا مۆدێلی سۆفیگەری و شێخایەتی لەبەردەم ڕەخنە و هێرشێکی فراوانی فرەلایەندا بوە. مۆدێرنە بە هەمو دیاردە سیاسی و مەعریفییەکانییەوە لە وڵاتە تازەپێگەشتوەکاندا، هێرشێکی توندی کردە سەر دیاردەی ئاینداری، بەتایبەتی سۆفیگەری و شێخایەتی. لە ناو کوردیشدا بە هەمان شێوە، مونەوارانی کلاسیکی کورد، لە شاعیران نالی و حاجی و هتد، ڕەخنەی توندیان لەو مۆدێلە گرت و لە زۆر بواردا بە هۆکاری پاشکەوتنی کۆمەڵیان داناوە. هەروەها لە بازنە ئاینییەکەشدا مونەویرانی وێنەی مەلای گەورە بەشێکی زۆری هەوڵی خۆیان ڕەخنەگرتن بو لەو مۆدێلە. پەیدابونی تەوژمی ئیسلامی سیاسیش، بە هەردو باڵی ئیخوانی و سەلەفیزمەوە، ئەو ڕەخنە ئاینیانەیان لە کتێب و نوسینەوە هێنایە ناو تەوژمی کۆمەڵایەتی و دژایەتیکردنی سۆفیگەری و شێخایەتی بویە یەکێک لە ئامانجی ئیسلامی سیاسی. لە ڕوی سیاسیشەوە دەرکەوتنی حزبی چەپی کوردی، هەروەها رەوتی رۆشنگەری و مونەورانی کورەد، زەبرێکی توندیاندا لەو مۆدێلە. ئەمانە کاریگەری زۆریان هەبو لەسەر ئەوەی کە مۆدێلێ سۆفیگەری و شێخایەتی پاشەکشە بکات. ئەمە جگە لەوەی مۆدێلی سۆفیگەری شێخایەتی لەناو خۆیدا توانای خۆنوێکردنەوە و مقاوەمەی نەمابو. بەمجۆرە لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەوە، چیتر مزگەوت جێگەی بە خانەقا و تەکیە چۆڵکرد. Ali Mustafa sent Today at 13:10 پاش ئەو زەبرانەی لە ناوەوە و لە دەرەوە بەر سۆفیگەری و شێخایەتی و تەکیە و خانەقا کەوتوە بە درێژایی سەدساڵی رابردو، پاش ئەو هەمو هێرش و ڕەخنانەی لەسەر ئەو مۆدێلە هەیە، ئەم چەند ساڵە کەمەی دوایی، خانەقا و تەکییەکان جموجوڵیان تێکەوتوەتەوە و دەیانەوێ ڕۆڵێک ببینن. پرسی گرنگ ئەوەیە کە ئەم جموجوڵ و چالاکیانە هۆکارەکەی ئەوەیە کە سۆفیگەری و شێخایەتی زیندودەبێتەوە و خۆی نوێدەکاتەوە، یاخود ئەوە لایەنە سیاسی و هەواڵگرییەکانی ناوخۆ و دەرەوەن کە دەیانەوێ رۆڵیان بدەنێ؟ ئایا لە توانای خانەقا و تەکیەدا هەیە بەو دۆخە ناهەموارەیەوە کە سەد ساڵە لە ژێر هێرش و پەلاماردایە و بێ نوێبوونەوە و بێ گوتار و ئایدیایەکی ڕۆشن کە لە ئاست قۆناغەکەدابێت، هەستێتەوە و  سود لەو ڕەگوڕیشە کلتوری و کۆمەڵایەتییەی هەیەتی، ببینێت؟ ئەوەندەی لە نمونەی تەریقەتی کەسنەزانیدا تێبینی دەکرێت و دیاردەیەکی نوێیە، یەکەم وەفاتی شێخ عەبدولکەریمە  و ناشتن و بە مەرقەدکردنییەتی لە سلێمانی، دوەم بەیعەتدانە بە شێخی نوێ کە تەمەنێکی زۆری نییە و دەکرێ بە نەوەی نوێ بژمێردرێت. لە ناشتنی و پاش ناشتنی شێخی باوک و هوروژمی دەروێشان بۆ تەواف میدیایەکی زۆر و بە مەبەستەوە کەوتنەگەڕ و زومێکی چڕ خرایە سەر شێخی نوێ و جموجوڵەکانی. لەم رۆژانەی دوایشدا زۆرێک سەرکردەی سیاسی و حیزبی میوانی تەکیە و شێخی نەوەی نوێبون. جگە لەم روداوە بچوکانە ئێمە هەست بە گۆڕانکارییەکی نوێ و ریشەیی ناکەین کە نە لە گوتار نە لە پێکهاتەی تەریقەکەدا هاتبێتە ئارا. هەر گۆڕانکارییەکی جەوهەری لە تەریقەت و پێکهاتەکەیدا پێوستی بە مەرجەعێکی کاریزمایی و بەتوانا هەیە، کە بەلای کەمەوە بە تێپەڕبونی دەساڵێک ئەو مەرجەعە خۆی بناسێنێ، دواتر بتوانێ خۆی و تەریقەتەکەی بسەلمێنێ و پەلدابکوتێت و خۆی نمایشبکات و دواتر هەمو ئەم دەرکەوتانەش کاردانەوە و کاریگەری لەسەر کۆمەڵی سیاسی و پێکهاتەی کۆڵایەتی بەجێبهێڵێت. بەڵام ئەوەی ئێستا دەبینرێت چەند دەروێش و شوێنکەوتەیەکی پرشوبڵاوی تەقلیدین، کە دێن بۆ تەواف و دەگەڕێنەوە. ئەم کۆمەڵە دەروێشە زۆر لەوە سادەترن کاریگەری بەسەر پێکهاتەی ئابوری و سیاسی و رۆشنبیری هەرێمدا جێبهێڵن و شتێکی ریشەیی لە هاوکێشەکەدا بگۆڕن. لەلایەکی تریشەوە سۆفیگەری و شێخایەتی بەگشتی هەستانەوەیەکی زۆر قوڵ، مەعڕیفەکی نوێی پێویستە بەسەردەمی نوێ، هەروەها مەرجەع و ڕێبەری بە ئاگا و ڕاستگۆ و خاکی لە گەڵ پەیامەکەی پێویستە کە شوێنکەوتوانی بە ڕێبەری ڕۆحی بزانن و هەست بکەن بەرەو هەقیقەتیان دەبات. بەڵام ئەوەی تاکو ئێستا دەبینرێت بە تەنها ئەوەیە کە شێخک مردوە و بە ئۆتۆماتیکی کوڕەکەی لە شوێنی دانیشتوە.  ئەوەی لەم سەرەتاوە لێکدەدرێتەوە ئەوەیە کە شێخی کوڕ پێدەچێت پێش ئەوەی بونیە ئاینی و کلتوریەکەی تازە بکاتەوە و قوڵبکاتەوە، پێش ئەوەی تەریقەتمان وەکو تەوژمێکی نوێ و فۆرمێکی نوێ پێ بناسێنێ، پێش ئەوەی ریفۆرم لەو بونییە کۆن و هەڵوەشاوەی کە تەکیە و دەروێشایەتی و شوێنکەوتوانی هەیانە بهێنێتەئاراوە، خۆی بە سیاسەت و گەمەی سیاسی و هەڵپەی موناوەرەکردنەوە خەریککردوە و هەوڵدەدا لەو هاوکێشە هەرێمی و عێراقی و ئەقلیمیەدا گەمەیەک بکات، یاخود لە دەرەوەی خودی تەریقەتەکەوە دەیانەوێ رۆڵێکی ئامادەکراو ببینێ. لە هەردو بارەکەدا رۆڵی لەمجۆرە گەمەیەکی کورتخایەنە و لە ماوەیەکی کەمدا دەرەنجام و پاڵنەرەکانی روندەبنەوە. لە کاتێکدا گەمەی لەمجۆرە ڕەنگە بەرگەی کەمترین گۆڕانکاری و پەلاماری ئیستخباراتی، یان چەکداری بچوک نەگرێت. بۆیە دۆخی ئێستای سۆفیگەری و شێخایەتی و تەکیە و خانەقاکان لە هەرێمی کوردستاندا لە دۆخی سیاسی و ئابوری و حیزبایەتی باشتر نییە و ڕەنگە نەوەی نوێی شێخیش، لە نەوەی نوێی سیاسیەکانی کوردستان بچێت و ئەو دۆخە کە شێخایەتی و تەریقەتەکە تێیدایە لە خراپەوە بەرەو خراپتر بەرێ


ئەبوبەكر عەلی  میلیشیا رێكخستنێكی سه‌ربازیی نانیزامیه‌.   میلیشیاکان زیاتر لەکاتی قەیرانەکان وشەڕی ناوخۆدا سەرھەڵدەدەن. مێژوی سەرھەڵدانیشیان کۆنەو  بۆسەردەی ڕۆمانەکان درێژ دەبێتەوە. زیادلە پێناسێکیش بۆ چەمکی میلشیاو ناساندن بۆ جۆرو ڕۆڵی، لەسۆنگەی جیاوازی دۆخ و پاڵنەرو گۆشەنیگای فکریەوە خراوەتە روو. ھەندێک جار دەوڵەت خۆی بەمەبەستی پاڵپشتیکردن لەسوپاوھێزەچەکدارەکانی لەکەتی جەنگەکاندا سدروستی دەکات، لەوێنەی سوریا. گەرئێمە واز لەوردەکاری ئەم بابەتە بێنین و بچینە سەرئەو خەسڵەتانەی میلیشیاگەری، کەھەر بەبیستنی وشەکە، دەچێتە زەینی مرۆڤی ئاساییەوە، دەڵێین: میلیشاگەری بەشێوەوەیەکی گشتی ئاماژەیە بەدۆخێك، کەتیایدا سەروەری یاساو ئازادیەکان و مافەکانی مرۆڤ لەقەیرانی ڕاستە قینەدان.  چونکە لەزۆربەی کاتدا میلیشا نوێنەرایەتی ناسنامەیەکی گروپیی داخراوی ئاینیی، مەزھەب یی، ئیتنی وسیاسی دەکات. ھێزێکی بەسیاسی کراوە. گەر ڕوپۆشێکی ڕواڵەتیی یاسایشی بۆ دروست بکرێت، ناتوانێت ببێتە نوێنەری پڕۆژەیەکی سیاسی  کۆمەڵگەیی دروست و ھەمەلایەنە.لەڕویەکی ترەوە، مێژوو ئەزموونی چەندین وڵاتی جۆراو جۆر پێمان دەڵێن، میلیشاگەری تێکەڵەیەکە لەدەمارگیری و رق و سەربازی کرێ گرتەو دڵرەقی و وەلائی سیاسی کوێرانەو حساب نەکردن بۆ یاساکانی جەنگ. لەگەڵ ھەموو ئەوەشدا بەگشتی، میلیشیا بۆ ئامانجێکی کاتی پێکدەھێنرێت. بەڵام کاتیەکە لەوڵات ودۆخێکەوە بۆ یەکێکیتر جیاوازە. لەوڵاتانەی دەوڵەت تیایاندا شکست دەخوات، یاخود بەلۆژیکی مافیا بەڕێوە دەبرێن و نوقمی گەندەڵی ونالێپرسراوێتی سیاسین، کاتەکە زۆرتر دەخایەنێت،  بەجۆرێك ھەندێ جار وەك ھێزی ئاسایی دێنە پێش چاو، ھێزی سەربازی بەسیاسی کروو لایەنگریش، بائاوەڵناوی میلیشیاشی پێوەنەبێت، لەجەوھەردا فۆرمێکی ناولێنەنراوی ئەون. لەئێستادا فۆرمێکی جیاوزتری میلیشیامان لەھەموو ئەوانە ش ھەی،ە کەئاماژەیە بەڕق وجیاکاری و ھەست بەپەراوێز کەوتن یاخود خۆبەباڵابینین وناسنامەگەرایی ھەناوی کۆمەڵگەیەك، وەك ئەوەی لەشوێنێکی وەکو وڵاتە یەکگرتووەکاندا دەیبینین؟! ھەرچۆنێك بێت  بوونی میلیشیا ئاماژەیەبە: ناسەقامگیری، سەقامگیری فشەڵ، ترسی شەڕی ناوخۆ، لاوازی گیانی بەیەکەوە ژیان و نەبوونی پرۆژەی نیشتمانی راستەقینە، دەستێوەردانی دەرەکی. میلیشیا بەحوکمی زۆر ھۆکا،ر  ئەگەر بشتوانێت لەھەندێک کاتدا ھەڵگری بوغزو ڕقی نەتەوەیی بێت، ناتوانێت ھەڵگری خەونی نەتەوەیی وپڕۆژەی نیشتمانی گەورە بێت.  ھەرلەم روانگەشەوەیە میکیاڤیللی  وەك بیرمەندو سیاسەتمەدارێك، کەله‌سه‌رده‌می خۆیدا بەکردەوە، سه‌رپه‌رشتی پێكهێنانی میلیشیای كردووه‌، دید و ئه‌زموونی خۆیمان، له‌به‌ر ڕوناكی و به‌ره‌نجامی ئه‌و شه‌ڕانه‌ی  میلیشیاکان به‌شداریان تێدا كردووه‌، بۆ ده‌خاته‌ ڕوو. له‌ دیدی ئه‌و یشەوە لەوە تێده‌گه‌ین، میلیشیا تەنھا ده‌توانێ له‌ هه‌ندێ شه‌ڕی سنوردار وبه‌ هاوكاری هێزه‌كانی تر  سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت.  بەدەرلەمەله‌ شه‌ڕی گه‌وره‌ و له‌به‌رده‌م له‌شكره‌ به‌هێزه‌كاندا، هه‌ر زوو تێكده‌شكی و شپرزه‌یی و لێكهه‌ڵوه‌شاوه‌یی دووچاری ریزه‌كانی ده‌بێت. میكیاڤیلی  لەڕوانگەی بەرەنجامی ھەندێ لەشەڕەکانی وڵاتەکەی لەکاتی خۆیدا، کەمیلیشیاکانیش بەشداریان تێدا کردووەو ئاستی تواناو سروشتی میلیشیامان بۆھەڵدەسەنگێنێ و دەڵێت: (میلیشیاكان به‌ مه‌به‌ستی پاسه‌وانی كردنی ئه‌و رێگایه‌ ده‌چنه‌ فلۆره‌نسا له‌ شاری براتۆكۆم بوون، به‌ڵام هه‌ر له‌ یه‌كه‌م هێرشی سه‌ربازه‌كانی ئیمپراتۆردا هه‌را كه‌وته‌ نێوانیان و كه‌سیان سۆراخی ئه‌وی تریانی نه‌ده‌زانی! هه‌ر زوو شاره‌كه‌یان له‌ده‌ست ده‌رهێنرا و تێكشكان، بێ ئه‌وه‌ی هیچ به‌رگریه‌ك بكەن ) . ڕەنگە  بۆکوردێك، کاتێك ئەم دێڕانە دەخوێنێتەوە، یەکسەر ١٦ ی ئۆکتۆبەرو تێکشکانی ھێزی پێشمەرگەو بەدەستەوەدانی کەرکوکی بەوئاسانیە بەبیردا بێت. ‌  ئەمەش دەیسەلمێنێت،   ھەروەك ئاماژەمان پێدا، بەگشتی، میلیشیاكان به‌رگه‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌وره‌ و چاره‌نووسساز ناگرن و توانای به‌دیهێنانی ئامانجی نیشتمانی باڵایان نیه‌ وگرەویان لەسەر ناکرێت. چونکە (هیچ كاتێك ناتوانی سوپایه‌كی ئازا و هه‌میشه‌ سه‌ركه‌وتووت هه‌بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و سو‌پایه‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی گه‌لی نه‌پاراستبێت و نه‌یخستبێته‌ سه‌روو به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆی و دڵسۆزیی بۆ نیشتمان نه‌بێت. ئه‌و سوپایه‌ی هه‌رده‌مه‌ سه‌ركه‌وتووه‌، كه‌ هی گه‌لێك بێت و هه‌میشه‌ ئاماده‌ی  قوربانیدان و گیان به‌خشین بێت له‌پێناو ئازادی و بڕوا سیاسیه‌كاندا) . میلیشیاش بەحوکمی زۆرشت ئاسان نیە ھەڵگری ئەم خەسڵەت و ناسنامەوسروشتە بێت. ھێزی بەناسیاسی کراو، دەتوانێت لەسەرئاستی نیشتمانیدا پارێزەری باوەڕی سیاسی وبەرژەوەنی نیشتمانی بێت. ھێزێك، کاری سیاسی وحیزبیی لەڕیزەکانیدا قەدەغە کرابێت ووەلائی تەنھاو تەنھا بۆ گەل ونیشتیمان و دەوڵەت بێت. ئەزموونی کوردی باشورو ھەرێمی کوردستانیش، بەتایبەتییش لەدوا ڕاپەڕینەوە، ئەو ڕێساو بەرەنجامگیریەی میکیاڤیللی پشت ڕاست دەکاتەوە. چەکی کوردی لەوساتەوەی بووە بەئامرازی شەڕی ناوخۆ، بالەھەمانکاتدا بەرامبەر دوژمنە نەتەوەییەکان بەکار ھێنرابێت، ھۆکارێکی شێواندن و بچوککردنەوەی پڕۆژەی نیشتیمانیی کوردستانی ولاوازکردنی توانای بەرگری لەخۆکردن بووە! ئێستاشی لەگەڵدا بێت بۆ پاراستنی خاك وکەرامەت گەلەکەمان، بێ  یارمەتی دەرەکی، گرەو لەسەر ئەم ھێزە ناکرێت. ئەمەلەکاتێکدا گەندەڵیەکی بەرفروان  لە ناویداو بەناوی ئەوەوە کراوەو بارگرانیەکی گەورەشی لەروی داراییەوە بۆ حکومەت دروست کردووە!! واتە جگەلەوەی بێ یارمەتی دەرەکی بۆبەرگری کردن لەھەرێم وگەلەکەی گرەوی لەسەر ناکرێت، لەڕێی ئەوبارگرانیە زۆرو ناسروشتیەش کەلەسەر بوجەو حکومەت  ئەم و بەگشی ھێزەچەکدارەکانی تر دروستیان کردووە، پێگەی ھەرێمی لەروی سیاسی وئابوریشەوە لاوازکردووە!! ناکۆکیە سیاسیەکانیش ھێندەی ترئەم دۆسیەیان ئاڵۆز کردووە! بەڵکو بوونی ھێزەکانی ھەفتاو ھەشتا ھاندەرێکی گەورەی قوڵبونەوەی ناکۆکی و بەدابەشمانەوەی ھەرێم و تەشەنەکردنی گەندەڵین، کەسەرجەم ئەم شتانەش زەبری گەورە لەستراتیژیەتی لەسەر پێی خۆوەستان وبەرگری لەخۆکردن وپرۆسەی دواخراوی نیشتیمان و نەتەوە سازی وخەمڵاندنی ناسنامەیەکی نشتمانی دەدەن. ئەم بابەتەش ھی پڕو پاگەندە پەردەپۆش کردن وبەڵگە داتاشین نیە. نابێت بەشەرعیەتپێدانی یاسایی ڕوکەشیش، خۆمان بخڵەتێنین و وابزانین ھەرێم پێکھاتەی میلیشیایی تێپەڕاندووە، چونکە ھەر ھێزێك لەدەدەوەی دەزگای فەرمی وتایبەتمەندی حکومەتەوە توانرا بجوڵێنرێت وفەرمانی بۆ دەربکرێت و ھێزەکەش گوێڕایەڵی نیشاندا، وە بۆ ململانێ و بەرژەوەندی دەرەوەی نیشتیمانی وحیزبیی وگروپی بەکار ھات وشوناسەکەی تێکەڵ بەئینتیمای حیزبیی کرابوو، وەمەترسی بوون بەلایەن لەشەڕی ناوخۆی لێ دەکرا، پێناسەی میلیشیای بەسەردا دە چەسپێت. چونکە عیبرەت بەناوەرۆکە نەك ناو. لێره‌شه‌وه‌ میلیشیا و میلیشیاگه‌ری هێمای دواكه‌وتوویی و خۆپه‌رستی سیاسی و بوونی گه‌نده‌ڵی و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ تایبه‌ت و ناوچه‌یی و گروپی و كه‌رتبوونی ئیراده‌ی نیشتمانه‌. دژ به‌ به‌هاكانی نیشتمان و نه‌ته‌وه‌ و ده‌وڵه‌ت سازییه‌. بناغه‌یه‌ك نیه‌ توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت ئاینده‌ی گه‌لێكی له‌سه‌ر بنیات بنرێت. ئامرازی شه‌ڕی ناوخۆ و پارێزگاریه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی  نوخبه‌ و میره‌كانی جه‌نگ، میلیشیاكان مایه‌ی شێواندنی شه‌ره‌فی سه‌ربازی و ئه‌خلاقی نیشتمانی و پرۆسه‌ی چاكسازی و بنیاتكردنه‌وه‌ن. هه‌ندێ له‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانیش بۆ شاردنه‌وه‌ی سیمای واقیعی میلیشیایی رێكخستنه‌ سه‌ربازیه‌كانیان، په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر ڕووپۆش و ره‌وایه‌تیت پێدانی یاسایی رواڵه‌تی و مێژووی شۆڕشگێڕی و دروشمی نه‌ته‌وه‌یی. له‌ كاتێكدا هه‌تا هێزیكمان هه‌بێت ، پاراستنی گه‌ل و نیشتمان نه‌خاته‌ سه‌روو هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندی و دابه‌شبوونه‌ ناوچه‌یی و حیزبی و گروپی و ئایدۆلۆژیه‌وه‌ ، وه‌ تاكه‌ ئینتمای بۆ نیشتمان و تاكه‌ مه‌رجه‌عی ئاراسته‌ و فه‌رمان لێوه‌رگرتن و جوڵاندن و ئامانج بۆدیاریكردنی، ده‌زگا تایبه‌تمه‌نده‌كانی ده‌سه‌ڵاتێكی نیشتمانی نه‌بێت و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وه‌وه‌ كه‌س و هێز و ناوه‌ندی تر توانای به‌كارهێنان و جوڵاندن و فه‌رمان بۆده‌ركردنی هه‌بێت و ئه‌ویش گوێڕایه‌ڵی بێت، گه‌ر سه‌دجار ناوی نیشتمانی له‌م هێزه‌ بنرێت  و به‌شان و باڵیدا هه‌ڵبدرێت و رووپۆشی یاسایی بۆ ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین له‌ جه‌وهه‌ردا میلیشیایە. ئەمەش کێشەی پێشمەرگەی ئاسایی  نیە کە خزم وکەس وکاری خۆمانن


عەدنان عوسمان  پێش ماوەیەک بابەتێکی کۆنی خۆمم کەوتە بەرچاو و دواتر لە لاپەڕەی خۆم لە فەیس بوک دامنایەوە. لەسەرەوەی وتارەکە مێژوی وتارەکەم نوسیوە کە( ١٤ی ١ی ٢٠٠٨) ە، واتە نزیک بە ساڵ و چەند مانگێک پێش دروست بونی لیستی گۆڕان. لە خواری وتارەکەش تێبینیەکم نوسیوە کە بەکارهێنانی چەمکی " فراکسیۆن" لەم وتارەدا تەنها بەمەبەستی فراکسیۆنی نێو حزبە. کەچی سەرباری ئەوەی لەسەرەوە مێژوەکەی و لەخوارەوەش مەبەستەکەیم نوسیبو، بەداخەوە هێشتا بەدحاڵی بونێک لە بابەتەکە هەبو، بەتایبەت گوایە من لام ئاساییە حزبێک دوو یا چەند فراکسیۆنێکی پەرلەمانی هەبێت! وەک باسم کرد وتارەکە هی سەرەتای ساڵی ٢٠٠٨ە، ئەو کات من سەرنوسەری رۆژنامەی 'رۆژنامەی' کۆمپانیای وشە بوم کە لەلایەن کاک نەوشیروان مستەفاوە دامەزرابو.  کاک نەوشیروان، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی کەم و کۆمەڵێک گەنجی رۆژنامەنوس، سەرقاڵی خستنە سەر قاچی پرۆژەیەکی ئیعلامی گەورە بو، کە دواتر کارنامەو رەخنەکانی بون بەبەشێک لە هەوڵی گەلاڵەکردنی پرۆژەی لیستی گۆڕان لە ٢٠٠٩ دا. ئەو کات بەشی زۆری هاوڕی و هاوبیرانی کاک نەوشیروان، بەتایبەت ئەوانەی پێیان دەوترا باڵی ریفۆرم، لەنێو یەکێتی نیشتمانیدا کاریان ئەکرد و پۆستی گرنگ و باڵایان هەبو. ئێمەی رۆژنامەنوسان و ستافی کۆمپانیای وشە، زۆرجار، هەفتانە یا رۆژانە سەردانی کاک نوشیروانمان ئەکرد و گفتوگۆی بەردەواممان هەبو لەسەر زۆر پرسی هەمەلایەن. یەکێک لەو بابەتانەی کە جارێکیان گفتوگۆمان لەسەری کرد، بونی پلاتفۆرم وەیا مینبەرە لە نێو حزبەکاندا. مەعلومە کاک نەوشیروان لە نەمسا خوێندویەتی و ساڵانێک لە بەریتانیا ژیاوەو ئەیزانی کە حزبی سیاسی مۆدێرن، بەردەوام خاوەنی چەندین گرایش و باڵ و پلاتفۆرمە کە هەریەکەیان لە چوارچێوەی بەرنامە گشتیەکەی حزبەکەدا، نوێنەرایەتی پرس و دیدگای جیاوازتریش ئەکەن و هەڵگری خەسڵەتی تایبەتن. بۆچونی من ئەوەبو کە دەکرێ و دەشێ لە بری ئەو هەمو ئینشقاق و حزب دروست کردنە، کە هەندێ جار زادەی کۆمەڵێک ناکۆکی شەخسی و، هەندێ جاریش فکری و سیاسی لاوەکین وەیا جەوهەرین، بیر لە دروستکردنی مینبەری ئاشکرا بکرێتەوە لە حزبەکاندا. ئەو مینبەر یا فراکسیۆنانە، خاوەنی کەسایەتی و پەیامی رونی خۆیان بن و بتوانن گوزارشت لە بۆچونی جیاوازی خۆیان بکەن، بەڵام لەچوارچێوەی سیاسەتە گشتی  و بەرژەوەندیە باڵاکانی حزبەکەدا. هەر لەوێش لە بری کوتلە یا پلاتفۆرم، وشەی فراکسیۆنم بەکارهێنا بۆ خۆجیاکردنەوە لەو نەخۆشی تەکەتولەی حزبەکانی داغانکردبوو بێ ئەوەی هیچ بەرهەمێکی سیاسی جیاوازی هەبێت. ئەو کات کە ئەو وتارەم نوسی، نەهێشتا هەنگاو بۆ لیستی سەربەخۆ نرابو، نە پلانی حزب دروستکردن هەبو، تێگەیشتنی ئێمەش بۆ ئەوسای گۆڕان ئەوەبو کە بزوتنەوەیەکی چاکسازی بەرفراوان و هەمە رەنگەو جۆرێکە لەبەرەیەکی بەرفراوانی ریفۆرم.( تەنانەت لەسەر ئەوەش چەند بابەتێکمان نوسی کەوا گۆڕان واوەترە لە حزب و بەرەیەکی فراوانترە). ململانێکانی کوردستان و رێگریەکانی بەردەم پلانی کاک نەوشیروان و گۆڕانخوازان، بەڕادەیەک سەخت و دژوار بون کە گۆڕانی ناچار کرد، هەنگاو بەهەنگاو بەرەو جۆرێک لە حزبایەتی بڕوات و ناچاربێت دیواری خۆجیاکردنەوەی جەماوەری لەدەوری خۆی بکێشێت. برادەرانی باڵی ریفۆرمیش ناچاربون یا ناچارکران بێنە ناو قەوارەی ئەوکاتی گۆڕان و ببنە پاڵپشتی لیستەکە. بۆیە هیچ دەرفەتێک نەهاتە پێشەوە وەیا نەڕەخسا بۆ ئەوەی قسەی ورد و حسابی لەسەر ئەم پرسە گرنگە بکرێتەوە. دوای پێکهێنانی لیست و قەوارەو دواتر بزوتنەوەی گۆڕان، بەهەمو ئەو پێکهاتەو کەسایەتیە جیاوازەوە کە هەریەکە لە پێگەو دیدگاو باکگراوندێکەوە هاتبون: چەپ ،راست، موحافیزکار، رادیکاڵ، لیبرالی، پرۆ ئیسلامی، پرۆ چەپ و عەلمانی،،، هتد، زەمینەیەکی باش خوڵقا بۆ ئەوەی هەنگاو بۆ بونی تەیار و مینبەر بکرێتەوەو هەر لەسەرەتاوە بزوتنەوەکەی لەسەر بینا بکرێت. بەڵام پێم وایە وەک باسم کرد رێگری سەرەکی لەم پێناوەدا ئەو دژایەتی و بگرە دوژمنایەتیە رق ئەستورەی دوو حزبی دەسەڵاتدار بو دژ بە گۆڕان و رابەرەکەی، کە وایکرد بەشێک لە دیدگا جیاوازەکان وەلانرێن و جۆرێک لە یەکگرتویی دروست بکرێت و زیاتر لەخەمی سەرکەوتنی هەڵبژاردندا بین نەوەک بناغەدانان بۆ جوڵانەوەیەکی سیاسی نوێخواز لە هەمو شکڵەکانیدا. ئەمە سەرباری ئەوەی کاک نەوشیروان، بەداکۆکیەکی بەهێزەوە، توانی شێوازێکی تازە لە رابەرایەتی و ئۆرگانی رابەری دروست بکات و لانی کەم بۆ ماوەیەک، گۆڕان لەو چوارچێوە ئیداریە تەقلیدیە دوربخاتەوەو بواریش بدات وزەی نوێ و خوێنی تازە بەردەوام رۆچنە نێو ئۆرگانەکانیەوە. رێکەوتنەکانی گۆڕان و یەکێتی، بەتایبەت رێکەوتننامە ٢٥ خاڵیەکە، هیوای جۆرێک لە نزیکبونەوەیەکی حزبی لە نێوان هەردولا ئەبەخشی تا ئاستی پێکهێنانی فدراسیۆنێک، چونکە لەو رێکەوتنەدا، هەماهەنگیەکی هەمەلایەنە پیشنیاز کرابون. دەکرا بەبەشداری لایەنی تریش ولەسەر بنەمای پلاتفۆرم، بەرەیەکی نوێ لە هەرێمدا دروست بکرێت، بەڵام وەک بینیمان رێکەوتنەکەش بەدەردی هەنگاوەکانی تر رۆشتن و دواتر تادەهات ئاستی پەیوەندیەکان خراپتر ئەبون. لەئێستاشدا کە ئەم باسە گەرم ئەکەمەوە، هیچ هیوایەک بەدی ناکرێت هەم بۆ تێگەیشتن لە خودی مەفهومی پلاتفۆرمی جیاواز لە حزبێکدا، و هەمیش زەمینەسازی کوردەواری بۆ ئەو جۆرە هەنگاوە نابینم. کورد زۆرتر حەزی لەپەرتەوازەیی و حزب حزبێنەی بەرتەسکە نەک بەرەی بەرفراوان. ئیتر نازانم هەڵبژاردنەکانی داهاتو، وەیا ریزبەندیەکان ئاوێک بەو ئاشەدا ئەکات یا نا. لە کۆتاییدا تەنها نمونەیەک لە واقعی ئێستای گۆڕان دەهێنمەوە بۆ رۆشنتر کردنی مەبەست: لەئێستادا لە نێو هەڵسوڕاوان و لایەنگرانی گۆڕاندا، دوو بۆچونی تا ئاستێک جیاواز هەیە لەمەڕ بەشداری کردن لەم کابینەیەی هەرێمدا( مەعلومە پێشتریش ئەو جیاوازیانە هەبون). لایەنێک داوای کشانەوەی دەستبەجێ ئەکات لە حکومەت و پێی وایە مانەوەی گۆڕان جۆرێکە لە خودکوژی، لایەنێکیش لەگەڵ مانەوەو بەردەوام بونی هەوڵەکانە لەپێناو چاکسازیدا جا چەندمان پێ ئەکرێت. بۆ مامەڵەی سەردەمیانە لەگەڵ ئەم دوو بۆچونەدا، مەفروز وایە بۆ هێزێکی وەک گۆڕان، کە لەهەمو هەنگاوەکانیدا تایبەتمەند بووە، بیر لە ئامێزگرتنی هەردوو یا هەمو بۆچونە جیاوازەکان بکات نەک هەوڵی پەراوێزخستن و دەرپەڕاندنی ئەو دەنگانەی لەگەڵ سیاسەتی رەسمی بزوتنەوەکە نایەنەوە. بەهەمان شێوەش دەبێ لایەنگرانی کشانەوە، لەبری خۆ دورخستنەوەو دابڕان، بیر لەوە بکەنەوە لە چوارچێوەی ئۆرگانەکان و لەنێو هەڵسوڕاواندا، برەو بە داخوازی و بۆچونی خۆیان بدەن و پلاتفۆرمی کشانەوە رابگەیەنن و کەمپین و زەمینەسازی بۆ بۆچونیان بکەن. دواجار لە کۆنفرانس و کۆبونەوە رەسمیەکاندا دوابڕیار لەو بارانە  بدرێت و هەمو لایەک پابەندی بڕیاری زۆرینە بن. ئەوەش لینکی وتارەکەی ۲٠٠۸: https://archive.sbeiy.com/ku/article_detail.aspx...


عادل باخه‌وان به‌پێیی هه‌موو ئه‌و داتایانه‌ی كه‌ له‌به‌رده‌ستدان، ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق ده‌كات، له‌ 2003 وه‌ تا 2020 دا ڕوینه‌داوه‌. ئه‌و تراژیدیایه‌ی كه‌ چاوه‌ڕوانیی عێراقیه‌كان ده‌كات، به‌ عه‌ره‌ب و كورده‌وه‌، زۆر كاره‌ساتاویتره‌ له‌ چركه‌ساتی كه‌وتنی سه‌دا‌م له‌ 2003 دا، له‌ چركه‌ساتی كه‌وتنی موسڵ له‌ 2014 دا، له‌ چركه‌ساتی كه‌وتنی كه‌ركوك له‌ 2017 دا.  عێراقیه‌كان به‌ كورد و عه‌ره‌به‌وه‌ وشیارن به‌وه‌ی كه‌ له‌ چ كۆڵانێكی داخراوی ئابوری و سیاسی و ئاسایش و سه‌قامگیری و كۆمه‌ڵایه‌تی و دیمۆگرافیدان. تائێره‌ چیرۆكه‌كه‌ زانراوه‌ لای هه‌مووان. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕه‌نگه‌ نه‌زانراوبێت چیرۆكی فریادڕه‌س بێت ! له‌نێوان  2003 تا 2020 دا، هه‌میشه‌ ده‌وڵه‌تانی سیستمی ئه‌نته‌رناسیۆنال له‌ به‌ر چه‌ندین هۆكاری جیاواز ئاماده‌بوون هاوكاریی عێراقی عه‌ره‌ب و كوردبكه‌ن، به‌ڵام له‌ ئێستادا هیچ ده‌وڵه‌تێكی به‌هێزی سیستمی ئه‌نته‌رناسیۆنال ئاماده‌یی هه‌مان هاوكاریی تیادانیه‌. چیتر عێراق چه‌قی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا نیه‌، عێراق و هه‌رێم ته‌نها له‌ په‌راوێزدا ده‌بینرێن و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت. له‌ دۆخێكی واشدا، دوو گریمانه‌ی گرنگ له‌ پێش عێراقیه‌كانه‌وه‌، به‌ عه‌ره‌ب و كورده‌وه‌، ڕێده‌كات : یه‌كه‌میان بریتیه‌ له‌ مانه‌وه‌ی عێراق و هه‌رێم له‌ دۆخی ئێستادا. واته‌ ده‌ستكارینه‌كردنی سنوره‌كانی و هێشتنه‌وه‌ی وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی دانپیادانراو، به‌ڵام وازلێهێنان و ده‌ستلێبه‌ردانی و بایه‌خنه‌دان به‌ تلۆربونه‌وه‌ی بۆ هه‌مان سه‌رده‌می 1991، واته‌ سه‌رده‌می گه‌مارۆ و برسیه‌تی و دارزان و تارمایی و مردن به‌ هێواشی. ژماره‌ی ئه‌و قوربانیانه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌سه‌ر قۆناغی نێوان 1991 و 2003 بڵایانكرده‌وه‌، زۆر ترسناكترن له‌ ژماره‌ی قوربانیه‌كانی تیرۆر له‌ عێراقدا.  گریمانه‌ی دووهه‌میش بریتیه‌ له‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی عێراق له‌ ناوه‌وه‌ كه‌ ده‌كاته‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی هه‌رێمیش، چونكه‌ هه‌رێم به‌پێی یاسای نێوده‌وڵه‌تی له‌ نێو عێراقدایه‌ و به‌شێكه‌ له‌ عێراق. مه‌به‌ستم ته‌قینه‌وه‌ له‌ ناوه‌وه‌ به‌ ڕاده‌یه‌ك كه‌ ئیراده‌ی ده‌وڵه‌تانی سیستمی ئه‌نته‌رناسیۆنالیش نه‌توانن ڕێگای لێبگرن. له‌ دۆخێكی واشادا دیسان عێراقیه‌كان به‌ عه‌ره‌ب و كورده‌وه‌ ده‌ڕۆنه‌ نێو دنیایه‌ك له‌ مه‌جهول و چاوه‌ڕوانه‌كراو. واته‌ ته‌قینه‌وه‌ی عێراق له‌ ناوه‌وه‌ و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ یه‌كسان نیه‌ به‌ دروستبونی ده‌وڵه‌تی كوردی وه‌ك زۆرێك له‌ خه‌ڵك ئومێدی له‌سه‌ر هه‌ڵده‌به‌ستن. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ لكاندنی به‌شێكی به‌ توركیاوه‌ و به‌شێكی به‌ ئوردن و به‌شێكی به‌ ئێرانه‌وه‌ زۆر به‌هێزتره‌ له‌ دروستبونی سێ ده‌وڵه‌تی شیعی و سوننی و كورد.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand